Draw Media

ئایندەى پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا؛ فیدراڵیەتێكی ناجێگیر

 ئایندەى پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا؛ فیدراڵیەتێكی ناجێگیر

2021-01-18 10:15:37


درەو: 

رانانی: سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی 

پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، پڕن لە هەوراز و نشێو، ئەم پەیوەندییانە بە سروشتی خۆیان و بەهۆی دیدگا پەڕگیرەکان و گۆڕاوەکانی نێو پەیوەندییەکانی هەردوولا، لە کارەکتەرە ناوخۆییەکانەوە بگرە تا دەگاتە هەرێمی و نێودەوڵەتی، نەتوانراوە نە چارەسەرێکی ڕیشەیی پیادە بکرێت، نە ئەوەش بووە کە یەخانگیرییەکی سەختدا تێپەڕێت و لە پەشێوییەکی یەکلاکەرەوەدا کۆتایی پێبهێنرێت، لەم دۆخە یەکلانەبووەوەی دەیان ساڵەشدا ئەوەی ڕەنجەکەی زیاتر کێشاوە هاووەڵاتییانی عێراق و کوردستان بوون. 
هەنووکە پەیوەندییەکانی هەرێم و عێراق، بە دۆخێکی نە چارە و نەجیابوونەوەدا گوزەر دەکەن، لەم حاڵەتەشدا نە عیراق دەتوانێت بێمنەت بێت لە هەرێم و نە هەرێمیش دەتوانێت بێباک بێت بەرامبەر دۆخەکە، بۆیە لەهەردوولاوە هەوڵ دەبینرێت بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسێی ئاڵۆزیی پەیوەندییەکان، ئەگەر بە چارەسەری بەشێکی ئەم گرفتەکانی ئەم پەیوەندییانەش بێت.
لەبەرئەوەی لە قۆناغی یەکەمی هەوڵەکانی ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی هەولیر و بەغدادا، تا ڕادەیەک لێکتێگەیشتنی بەرچاو لە وەفدی دانوستاندنکاری هەرێم و بەغدا بینرا و چاوەڕوان دەکرێت پاش پرۆسەی پەسەندکردنی بوودجەی ٢٠٢١ی عێراقیش لە پەرلەمان، دۆخی پەیوەندییەکان بچێتە قۆناغێکی دیکەوە، هەر بۆیە ڕانانی ژمارە هەشت تەرخانکراوە بۆ تاوتوێکردنی پاشخان، دیدگاباوە کاریگەرەکان، چێوەی کێشەکە، لایەنە کاریگەرەکانی نێو پرۆسەکە و لە کۆتاییشدا سیناریۆی چاوەڕوانکراو و پێشنیاری توێژەران خراوەتەڕوو.

تەوەری یەکەم: 
پاشخان و سروشتی پەیوەندی
تەبایی و ناتەبایی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، وەنەبێ تەنها وابەستەی کابینە حکومەتییەکانی هەردوولا هەبێت و بە هاتنی یەکێک و ڕۆشتنی ئەوی دی ئاسۆی چارەسەر بکرێتەوە، ڕاستییەکەی ئاڵۆزی پەیوەندییەکان و کەڵەکەکاری کێشەکان درێژەی کێشاوە و زۆرکاتیش بە چارە و سڕکەری کاتیی هەندێ لەو کێشانە داپۆشراون و دواجار خودی ئەو چارەسەرانەش جارێکی دیکە بوونەتەوە بارتەقای ناسازیی پەیوەندییە ئاڵۆز و پڕ قەیرانەکانی پێشتر. وا پەیوەندی پڕ هەوراز و نشێوی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و عێراق تەمەنی لە ١٠٠ساڵ نزیک دەکاتەوە و هێشتا هەندێک لەو داواکارییانەی کوردستان، لەو عێراقەی کە لە ١٩٢٠ەوە بەشێکی سنوورەکەی بە بێ کوردستان دیاریکرا، نەچەسپیوون و بەغداش سەرەڕای وەرچەرخانی سیاسیی و ئایدۆلۆژیی و کۆتایی ئینتیداب و ئیستیعمار و چوار جار و جۆر لە گۆڕانی ڕژێمی سیاسیی لە عێراقدا (ئینتیداب، پاشایەتی، کۆماریی ناوەندگەرا و کۆماریی فیدراڵی) چاویان لێ دەپۆشێت. هەنووکە هەمان خواستی کوردستان هەر بەردەوامە و هەمان نەیاریی ئەودەمیش هێشتا میراتگرانی لە بەغدادا هەر هەن و سازی سیاسییان لەگەڵ ئاوازی مافی هەرێمدا ناتەبایە. 
 لەمێژووی نزیکیشدا و نزیكه‌ی هه‌ژده‌ساڵ به‌سه‌ر روخانی رژێمی سه‌ددام و شازده‌ ساڵ به‌سه‌ر داڕشتنی ده‌ستوری عێراقدا تێده‌په‌ڕێت، هێشتا شوناسیی سیستمی سیاسی عێراق جێگیر نه‌بووه‌. هه‌رچه‌ند له‌ مادده‌ی یه‌كه‌می ده‌ستوردا به‌ ئاشكرا باس له ده‌وڵه‌ت و سیستمی سیاسی عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی فیدڕاڵی ده‌كات، به‌ڵام ئه‌زمونی شانزه‌ ساڵه‌ی عێراقی پاش ٢٠٠٥ ده‌ریخستوه‌ هیچ كاتێك سێ لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی عێراق كۆك نه‌بون له‌سه‌ر شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی به‌ناو فیدڕاڵی‌‌. كورد وهه‌رێمی كوردستان و شیعه‌ داڕێژه‌ری سه‌ره‌كی عێراقی پاش ٢٠٠٣ بوون، جیاواز له‌ جاران په‌یو‌ه‌ندییه‌كانیان‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه‌ و به‌ره‌و ئاڵۆزی و ساردی و گرژی چووه‌‌، به‌ ڕاده‌یه‌ك كه‌ مه‌ترسی له‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و ده‌وڵه‌تی عێراق وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی فیدڕاڵی یه‌كگرتوو دروستكردوه‌.
بۆیە سەرچاوەی کێشەکان وەک ئەوەی ئێستا دەنوێنێت، تەنها مووچە و بڕێک موستەحەققانی مادی نییە، بەڵكو خودی گەیشتن بەم جۆرە پەیوەندییە لە بنچینەدا نە خواستی بزوتنەوەی سیاسیی کوردستانە و نە دانپێدانانی قەناعەتپێهێنراوی لایەنە عێراقییەکانە، بەڵکو هەردوولا نیگەرانی و ترس و دانپێدانەنانێکی ڕاشکاو بە جۆری هەبوونی هەردوولا، ناچاریی کردوون بگەنە ئەم ئاستەی پەیوەندی، لە بری ئەوەی چارەسەرێکی ڕیشەیی کە جارێکی دیکە نەگەڕێنەوە هەمان چوارچێوەی یەکەم.
مێژووی بەرزی و نزمی جۆری هەوڵەکانی ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی هەرێم و عێراق، درێژ و چەند مۆدێلە: دوولایەنە(کورد و ئینگلیز)، سێ لایەنە(کورد، عێراق و ئینگلیز)، دوولایەنەی عێراقی (کورد و کۆماریی١٩٥٨، کورد و کۆماریی بەعسیزم، ئازاری١٩٧٠)، ئاستێکی نێودەوڵەتییانە (کورد و هاوپەیمانان لە ١٩٩١دا، هەرێمی کوردستانی کردە واقیع)، هەروەها سێ لایەنەی نوێ (عێراق، ئەمریکا و کورد، کە لە ژێر چاودێری ئەمریکادا ئەم پەیوەندییە کاریگەرتر خۆی نواند و پرسی فیدراڵیزم و مافەکانی کوردستانی دەستووری کرد، جۆرێک تێگەیشتنی نوێی عێراقی هێناوەیە کایەوە و لە ساڵی ٢٠٠٣تا ٢٠١٤ ئەم پەیوەندییە سەرەڕای بەرزی و نزمی بەڵام چوارچێوەیەکی گونجاوی بۆ هەرێم و عێراقیش لێ وەبەرهات. بەڵام لە سڵی ٢٠١٧ەوە ئەم پەیوەندییە نەک بەرەوپێشچوونی بە خۆوە نەدیووە بەڵکو ئاستی هەماهەنگی پەیوەندی سیاسیی و ئەمنی و دارایی هەولێر و بەغدای هێنایە خوار و لە بودجە و یاسا کورتمەداکانی وەک قەرزدا کورت کرایەوە. ئێستا ئەوەی لای هەرێم گرنگە، دەستووری عێراقە و دەیەوێت بنەمانی ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان بێت، بەڵام دیدگایەکی عێراقی کاریگەریش (کە لە چەند ڕێچکەیەکی جیاوازیی سیاسیشەوە سەرچاوە دەگرێت) داواکاری پێناسەکردنەوە، ماناکردنەوە و داڕشتنەوەی دەستوورە بە جۆرێک کە هەرێم سنوورداتر بکات. لەهەر حاڵەتێکدا بێت دەبێت سەرچاوەی ئاراستەی بیرکردنەوە و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا بیرکردنەوە بێت لە نەخشەڕێی ڕیشەیی و کۆتاییهێنان و دانپێدانان بە سروشتی کێشەکان نەک هەڵهاتن و سپاردنی کێشە بە کێشە و زەمەن و نەوەی دیکە، کە دوجار لێڕۆیشتنی مرۆیی، دارایی و تێکشکانی زیاتر و ناجێگیری بۆ هەردوولا بە دووی خۆیدا دەهێنێت.


چوارچێوەی کێشەکە پاش ٢٠٠٣
 ده‌ستوری ٢٠٠٥ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی لە ڕوانگەی زاڵی شیعە و كورد نووسرایه‌وه، كورد یه‌كێك له‌ ئامانجه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی خۆی كه‌ فیدراڵییه جێگیرکرد. به‌ڵام سه‌ر‌باری ئه‌م ده‌سكه‌وتە، هه‌رله‌كاتی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستورەوە به‌شێك له‌ كێشه‌كان نه‌تواندرا چاره‌سه‌ر بكرێن،‌ سه‌ره‌كیترینیان كه‌ركوك وناوچه‌ كێشه ‌له‌سه‌ربووه‌كانی تر بوو، هه‌روه‌ها سه‌رباری دانپێنانی ناڕاسته‌و‌خۆ به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ و ته‌مویلكردنی له‌لایه‌ن به‌غداوه‌، كێشه‌ی ته‌مویلی پێشمه‌رگه‌ و ته‌نانه‌ت خودی هه‌رێمی كوردستان له‌ ده‌ستوردا ڕون نه‌كرایه‌وه‌‌. به‌م شێوه‌یه‌ مه‌سه‌له‌ی ناوچه‌جێناكۆكه‌كان و پێشمه‌رگە و بودجه‌ پاش ٢٠٠٥، بوونه‌ تایتڵی سه‌ره‌كی كێشه‌كانی نێوان هه‌ردولا، به‌پێی دۆخی سیاسیش به‌غدا و هه‌ولێر ده‌هاتنه‌ سه‌ر راداری گرژیی په‌یوه‌ندییه‌كانیان.
  له‌لایه‌كی تره‌وه‌ پاش گه‌ڕانی هەرێم به‌دوای نه‌وت وگاز و دۆزینەوەی بڕێكی زۆری نەوت و گاز و ده‌رچوونی یاسای نه‌وت وگاز له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمدا لە ساڵی ٢٠٠٧ و ناڕازیبوونی حكومه‌تی فیدراڵی له‌ ده‌رچوونی ئه‌م یاسایه‌ پێش یاسای فیدڕاڵی، كێشه‌ی نه‌وتیش چیتر بووە سەرباری کێشە سه‌ره‌كییەکانی تری نێوان هه‌ولێر و به‌غدا،‌ پاش بڕینی بودجه‌ی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ له‌ ٢٠١٤ەوە، هه‌رێم بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا، تاكلایه‌نانه‌ نه‌وتی بۆ بازاڕه‌كانی جیهان هه‌ناردەكرد.
 پاش ئه‌نجامدانی ریفراندۆم وداگیر‌كردنه‌وه‌ی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان له‌ لایه‌ن به‌غداوە، پاش ١٦ی ئۆکتۆبەری٢٠١٧، بێمتمانه‌ییه‌كی ته‌واو سروشتی په‌یوه‌ندییه‌ دوقۆڵییه‌كی نێوان هه‌ردولای تەنی. كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی چاره‌نوسی كه‌ركوك وناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی تر و پێشمه‌رگه‌و بودجەش هێنده‌ی تر كێشه‌كانی هه‌ردولای قوڵتر كردەوه‌. به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و دابه‌زینی به‌های نه‌وت كێشه‌ی ئابوری زه‌قترین كێشه‌ی هه‌ردوو لایه کە خۆی دەبینێتەوە لە: پرسی چەندێتی و چۆنێتی ڕادەستکردنی نەوت و سودلێوەرگرتنی دوولایەنە‌، پرسی شایشتەی دارایی هەرێم لە بەشە بوودجە و نەختینە و قەرزەکانی عێراق و هەلە سیاسییەکانی دیکە کە عێراق وەک دەوڵەت سوودیان لێوەر دەگرێت و هەرێم هەنووکە لێیان بێبەشە‌.
 بنه‌مای ناڕەزایی و بڕینی بودجه‌ی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه، سیاسه‌تی نه‌وتی هه‌رێمە، به‌تایبه‌ت هه‌نارده‌كردنی و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی داهاته‌كه‌ی بۆ خه‌زێنه‌ی فیدراڵی. هه‌رچه‌نده‌ له‌ ماده‌ی ١١١ و ١١٢ ده‌ستوردا باس له‌ نه‌وت و گاز و مو‌ڵكدارێتی بۆ هه‌موو عێراق و بەڕێوەبردنی كێڵگه‌كانی ئێستا(٢٠٠٥) له‌ لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵی له‌گه‌ڵ هه‌رێمه‌كان و پارێزگاكان کراوە، به‌ڵام ورده‌كاری به‌ڕێوه‌بردنه‌كه‌ به‌تایبه‌ت له‌ كێڵگه‌كانی پاش ٢٠٠٥ دیارنیه‌، كه‌ پێویست بوو به‌ پێی ماده‌ی ١١٢ ده‌ستور، یاسایه‌كی تایبه‌ت رێكی بخات و تاهەنووکە نەخراوە. 
 به‌ڵام سه‌رباری هێنانی پرۆژه‌ یاسای نه‌وت و گاز بۆ په‌رله‌مانی عێراق له‌ ساڵانی ٢٠٠٧ و ٢٠١١ په‌رله‌مانی عێراق نه‌یتوانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ربكات، رێكنه‌كه‌وتن له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و مافه‌كانی هه‌رێم و پارێزگا‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان، رێگری سه‌ره‌كی بوو له‌سه‌ر دەرنەکردنی‌، سه‌ره‌نجام هه‌رێم به‌ پشتبه‌ستن به‌ یاسای تایبه‌تی خۆی (ساڵی ٢٠٠٧) له‌ غیابی یاسایه‌كی فیدراڵی نه‌وت و گازی خۆی به‌ڕێوه‌برد و كێشه‌كانی دوولایەنیش زیاتر په‌ره‌ی سه‌ند.


تەوەری دووەم: 
دیدگا باوەکان و لایەنە کاریگەرەكانی پەیوەندی
دیدگا باوەکان:
بەر لە دیاریکردنی لایەنە کاریگەرەکانی نێو کێشە دێرینە-نوێکانی هەولیر و بەغدا، باشترە لە ئاستێکی گشتیدا، وەک ئەوەی لە مێژووی پەیوەندییەکاندا دەرکەوتووە، دوو دیدگای باو و کاریگەر لە بەریەککەوتندا کە هەردەم ئامادەییان هەبووە لە بەرزی و نزمی پەیوەندییەکان نێوان هەردوولادا دیاریبکرێن: 
دیدگای یەکەم: 
دیدگای هەرێمی کوردستانە کە بە پلەی یەکەم هەوڵدەدات جارێکی دیکە عێراقێکی ناوەندگەرا بە هەر دیدگایەکی نەتەوەیی، ئایدۆلۆژیی و مەزهەبی دروست نەبێتەوە، بە پلەی دووەمیش جوڵانەوەی سیاسیی کوردستان لە بنەڕەتەوە لە سنووری قەوارەکەیدا لە چوار پارێزگای هەنووکەییدا لە ١٩١٨ەوە کێشەی نەبووە، بەڵکو ئەوەی کێشەی سەرەکی هەر بڕگەیەکی زەمەنی جوڵانەوەکە بووە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان بووە کە هەرکات ئینتیدابی بەریتانی ئەوسا و لایەنەکانی عێراقی دواتر، نکوڵییان لەو مافە کردبێت سەرجەم پەیوەندی و هەماهەنگییەکانی دوولایەنەی سفر کردۆتەوە و گەڕاوەتەوە سەر چوارچێوەی یەکەم، جوڵانەوە سیاسییەکەی هەرێم ئەم دوو هێڵەی وەک سوور نمایش کردووە، چونکە لەگەڵ هەرسێکیاندا تاڕادەیەک یەک ئاکامی چنینوەتەوە کە لە هەر گەشەیەک یان قەیرانێکدا لانیکەمی مافەکانی هەرێم بە ئاسانی پایماڵ کراون و لە هەر هەوڵیکی هەرێمیشدا تەنانەت بە دەستووریش بێت بۆ ئاساییکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، دەستبەجێ دیدگای ئەمنی و ناوەندگەرایی بەغدا و هاوکارە هەرێمییەکانی چەند بەرامبەر نکوڵییان کردووە و بگرە نەک پەیوەندییەکان ئالۆسکێنراوون بگرە تا ئاستی هێرشی سەربازییش سنوور و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان سنووردار کراوە.
دیدگای دووەم:
دیدگای دەوڵەتی عێراقە بە حکومەت و زۆرینە پەرلەمانییەکانیەوە، ئەم دیدگایە هەمیشە کابووسی لەتبوونی عێراق و مەترسی گەورەتربوونی هەرێم لەسەریدا جوڵێنەری هەنگاوەکانییەتی و دیاریکەری ئاستی پەیوەندییەکانی بەغدا و هەرێمی پاش و پێش خستووە. ئەم دیدە گەرچی لە فۆرمی جیاوازیشدا خۆی دەنوێنێت، بەڵام بۆ پێناسەی فیدراڵیزمیش ڕاڤەی خۆی هەیە نەک پێناسە باوەکانی شیرازە فیدراڵییەکان، بە جۆرێک کە فیدراڵیزم لە ماناکەی خاڵی دەکەنەوە و وەک پێدرێژکردنی هەولێر سەیری دەکەن تا نەخشەڕێیەک بۆ هێشتنەوەی عێراق بە یەکگرتوویی. ئەمەش سەرچاوەکەی بۆ ئەو تێڕوانینە دەگەڕێتەوە کە لەسەر بنەمای ترس و نیگەرانی بیناکراوە نەک ڕێکخستنی پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای ئەرک، ماف، پابەندی دوولایەنە، دابەشکاریی سامان و دەسەڵات وەک بنەماکانی فیدراڵییەت.

لایەنە کاریگەرەکان:
یەکەم: ده‌وڵه‌تی فیدراڵی
ئاشكرایه‌ لایه‌نی سه‌ره‌كی كێشه‌ی به‌غدا و هه‌ولێر، داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵییه‌(حكومه‌ت و په‌رله‌مان). ده‌سەڵاتدارانی به‌غدا به‌تایبه‌ت پاش ٢٠١٧،‌ مه‌یلێكی به‌هێزی فراوانكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوەندییان به‌سه‌ر هه‌رێم و پارێزگاكاندا لا گه‌ڵاڵه‌ بووه‌. هه‌رچه‌ند‌ هه‌ڵوه‌شاندنەوه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق وه‌ك هۆكاری روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ڕاگەیەنرا، به‌ڵام لەپەنایدا هه‌وڵێكیش بوو بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ته‌ خۆجێییەکان، ئه‌م مه‌یله‌ به‌ ئاشكرا له‌ نێو په‌رله‌مان و لای سه‌ركرده‌ گه‌نجه‌كان و زۆر له‌ سه‌ركرده‌ حزبییه‌كان دەبینرێت.
تێزی سه‌ره‌كی ئه‌م بۆچونه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ته‌نها به‌ به‌هێزكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوەندی ده‌تواندرێت ئاسایش وگه‌شه‌پێدانی ئابوری فه‌راهه‌م بكرێت، به‌ئاشكراش ره‌خنه‌ له‌ هه‌ندێ بڕگەی ده‌ستور كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتەکانی هه‌رێم و پارێزگاكان ده‌گرن و هه‌وڵی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ده‌ن.
 له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ به‌هۆی لاوازی پێگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستا له‌ نێوپه‌رله‌مانی فیدراڵدا و ئاماده‌یی هێزه‌ هەرێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ عێراق، حكومه‌تی هەنووکە توانای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی لاواز بووه‌، ئه‌م ڕاستییه‌ چه‌ندێک بۆ كێشه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشوری عێراق راسته،‌ ئه‌وه‌نده‌ش بۆ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و هه‌رێمی كوردستانیش ڕاسته‌.
به‌م شێوه‌یه‌ به‌هۆی نزیكبونه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردن و به‌هۆی زاڵبوونی هێزه‌ سیاسییه‌ شیعییه‌ باڵاده‌سته‌كانی نێو په‌رله‌مان به‌سه‌ر ئیراده‌ی سیاسیی حكومه‌تدا، په‌رله‌مانێك كه‌ پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ قازانجیدا نیه‌ حكومه‌تێك وسه‌ره‌ك وه‌زیرانێكی به‌هێز له‌ ئارادا بێت، سه‌ره‌نجام بكه‌ری سه‌ره‌كی كێشه‌كه‌ نه‌ له‌ توانا و نه‌ لە قازانجیدایه‌ ئه‌م كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكات.
ئاراستەی بیرکردنەوەی لایەنی عێراقی و فیدراڵ، سەبارەت بە پرسی بەڕێوەبردنی نەوتیش وەک گرێکوێرەی ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان، لە چوار ڕوانگەوە سەرچاوەى گرتووە، ئەوانیش:
أ- لە ڕوانگەى سەروەرى دەوڵەت و کارایى حوکمڕانییەوە، لاى عێراقییەکان بۆ ئەوەى حکومەتى فیدراڵى بتوانێت کۆنترۆڵى سەرجەم هێزە ڕکابەرەکانى سەروەرىی دەوڵەت بکات، بەتایبەت ئەو هێزانەى کە لە دواى ڕاپەڕینى ١٩٩١ و ڕوونتر لەدواى گۆڕانکارییەکانى ٢٠٠٣ەوە دەرکەوتوون، دەبێت کۆى بریارە داراییەکان لەژێر چنگى خۆیدا بێت، تا بتوانیت بەمە ژێرخانى مانەوە و سەرچاوەى بەردەوامبوونى ئەو هێزە دەرە-ناوەندانە وشک بکات، بۆیە بەڕاى هەندێک لە عێراقییەکان ڕکێفکردنى ئابووریى کورد کە ئامرازى لاوازکردنى هێزەکەشیەتی (پیشمەرگە)، یەکەمین وێستگەیەک بۆ جڵەوکردنى گروپ و هێزە چەکدارە نانیزامییەکانی تریشە. مانەوەى پێشمەرگە لە دەرەوەى کۆنتڕۆڵى ناوەند بیانووە بۆ ملکەچنەبوونى هێزەکانی دیکەش.
ب- لە ڕوانگەى گەشەپێدانەوە، لاى هەندیک لە عێراقییەکان زوو تێپەڕاندنى قۆناغى ڕاگوزەر و دەربازبوون لە سیماکانى دەوڵەتى فشەڵ و شکستخواردوو، دەخوازێت کۆى تواناکان لە چنگى دەسەڵاتى ناوەندیدا گیر بکرێت، مانەوەى دۆسێی نەوتی کوردستانیش لەدەرەوەى دەسەڵاتى ناوەند، گەورەترین کۆسپە لەبەردەم ئەو گەشەپێدانە خوازراوەدا، کە دەرئەنجام کۆى گەلى عێراق و پێکهاتەکانی تریش دەکاتە قوربانىی بەرژەوەندیی کورد. 
ج- لە ڕوانگەى ستراتیژییەوە؛ پەرتکردنى تواناى دارایى عێراق و بەشکردنى ئیرادەى مامەڵەکردن بە مەلەفى نەوت لە نێوان کورد و حکومەتى ناوەنددا، هەر تەنها ڕەهەندێکى ئەو پلانى لاوازکردنەى پێگەى ستراتیژى عێراق نییە کە لە دواى جەنگى دووەمى کەنداوەوە گیراوەتەبەر، بەڵکو داردەستێکى دەرەکیشە بۆ ڕێگرتن لە دووبارە بەدەستهێنانەوەى ئەو پێگە بەهێزە لەدەستچووەى کە عێراق لە ڕابردوودا هەیبوو.
د- لە ڕوانگەى ململانێى ناوخۆییشەوە؛ نەوت و داهاتەکەى، وەک سەرجەم سەرچاوە ئابورییەکانى ترى داهات و دارایى، کەرەستەیەکى سەرەکى مامەڵە پێوەکردنى نادروستى گەندەڵییە، کە لە ململانێ ناوخۆییە حیزبى و دەستەگەرییەکاندا بۆ خۆبەهێزکردن و کۆکردنەوەى پشتیوانى و دەستوپێوەند بەکاردەهێنرێت، بۆیە خواستى هەندێک لە لایەنە عێراقییەکان بۆ سەندنەوەى مەلەفى نەوت لە هەولێر تەوەرێکى ئەو ململانێ نادروستەیە، نەک ئامانجى بەهێزکردنەوەى ئابووریى عێراق.

دووەم: هه‌رێمی كوردستان
  به‌درێژایی پانزه ساڵی رابردوو، هه‌رێم سیاسەتێكی سه‌ربه‌خۆی ئابووریی به‌ڕێوه‌ بردووه‌، هه‌رێمی كوردستان پێی وابووه‌‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ی له‌گه‌ڵ ده‌ستور هه‌ماهه‌نگە و به‌ تایبه‌ت هەماهەنگی ماده‌كانی ١١٢ و ١١٤ و ١١٥ە. له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ بوونی نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆیی ئابووریی بۆ هه‌رێم لای زۆر له‌ سه‌ركرده‌كانی وه‌ك گه‌ره‌نتییه‌ك بۆ نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆیی سیاسی و نه‌چوونه‌ ژێر فشاری به‌غدا لێك ده‌درایه‌وه‌. هه‌رچه‌ند له‌سه‌ره‌تاوە، سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆیی ئابوری لەنێو پارته‌ سیاسییه‌كاندا كۆده‌نگی له‌سه‌ر نه‌بوو، هەندێک‌ پێیان وابوو كه‌ كێشه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدادا دروست ده‌كات، به‌ڵام سه‌ره‌نجام ئه‌م سیاسه‌ته‌ باڵاده‌ست بوو و كرا به‌ سیاسه‌تی فه‌رمیی حكومه‌تی هه‌رێم.
 ئێستا و به‌ تایبه‌تی پاش بڕینی به‌شه‌ بوودجه‌ی هه‌رێم‌، ئه‌م سیاسه‌ته‌ ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنەی ناخۆیی بووەته‌وه‌، خراپبوونی دۆخی دارایی هه‌رێم به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وتیشەوە، هەڵوێستی حكومه‌تی هه‌رێمی لاوازتر كردوه‌.
گەر وردتر لە دیدگای کوردستانی بڕوانرێت بەتایبەت لە دۆسێی نەوتدا دەکرێت، چوار ڕوانگەی سەرەکی بۆ تێگەیشتن لە دۆسێکە لەبەرچاو بگیرێن کە لەسەر سروشتی پەیوەندیەکانی بەغدا و هەولێر کاریگەرن:
أ- لە ڕوانگەى نەتەوەییەوە؛ لاى کورد مامەڵەکردن بە نەوت بنیچینەى گوزارشتکردنە لەو سەربەخۆییە ڕێژەییەى کە لە دواى ڕاپەڕینەوە لەچوارچێوەى عێراق و ناوچەکەدا چنگیان کەوتووە، لەپێناو دەربازبوونیان لەو پەراوێزخستن و گۆشەگیرییەى کە لە دەیان ساڵى پێش ڕاپەڕیندا دووچارى بوون.
ب- لە ڕوانگەى فیدراڵییەوە؛ لاى کورد وەک چۆن بەپێى دەستورى ٢٠٠٥ دەبێت فیدراڵى بنەماى دابەشکردنى دەسەڵات و بریارە سیاسییەکان بێت لەسەرجەم ئاستەکانى یاسادانان و دادەورى و کارگێریدا، هەرواش دەبێت فیدراڵى و ناناوەندێتى داراییى بنەماى دابەشکردنى داهات و بڕیارە داراییەکان بێت.
ج- لە ڕوانگەى دیموکراسییەوە؛ لاى کورد ئەگەر بڕیار وایە بونیادنانەوەى دەوڵەتى عێراق لە دواى گۆڕانکارییەکانى  ٢٠٠٣ەوە، بە پێچەوانەى نەریتى حوکمڕانى ڕژێمى بەعس و ڕژێمەکانی ترى پێشووە و بە شێوازێکى دوور لە چەقگەرایى دەسەڵات و سەرکوتکردنى ناوچەکانى دەرەوەى دەسەڵاتى ناوەند بێت، ئەوا پێدانى دەسەڵاتى دارایی بە ناوچەکانى دەرەوەى ناوەند یەکێک لە ڕەهەندەکانى کۆنترۆڵکردنى دەسەڵاتى ناوەند و ڕێگرتنە لە دووبارە گەڕانەوە بۆ ڕژێمى ستەمگەرایى ناوەند و پەراوێزخستنی ئەوانی دیکە.
د- لە ڕوانگەى ململانێى ناوخۆییەوە؛ لاى هەندێک لە لایەنە کوردییەکان نەوت و داهاتەکەى تەوەرێکى ململانێى حیزبى و باڵانسکردنى هێزە لەنێوان زۆنە سیاسی-جوگرافییەکانی هەرێمى کوردستاندا، بۆیە هەر جۆرە سپاردنەوەیەکى ئەم مەلەفە بە حکومەتى ناوەندى دەشێ جۆرێک لە ئاڵۆزکردنى ئەو ململانێیە و تێکدانى ئەو پارسەنگەش بەدواى خۆیدا بهێنێت، کە ئەمەش ڕەنگە نەک هەرێم بەڵکو کۆى عێراقیش بەرەو نائارامىیەکى نەخوازراو ببات.
بەڵام لەسەر ئاستی کۆمەڵگە و جوڵانەوە ناڕازییەکانی بە جۆری بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان،   ڕایه‌كی گشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌ته‌كه‌ی دروست بووه‌ بۆ سه‌رله‌نوێ پشت به‌ستنی زیاتر به‌ عێراق له‌ ڕووی دارایی و ئابورییه‌وه‌ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان به‌ پێی بڕگه‌كانی ده‌ستور. به‌ڵام لاوازی ئابووریی هه‌رێم و یه‌كنه‌خستنی شێوه‌ی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌لایه‌ن پارته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی كوردستانەوە له‌لایه‌ك و نه‌بوونی حكومه‌تێكی وا له‌ به‌غدا كه‌ توانای جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی هه‌بێت بووە‌ته‌ گرێكوێره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولا.

سێیەم: هێزه‌ هەرێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان
شاراوه‌ نیه‌‌ عێراق، به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌، گۆڕه‌پانی به‌هێزی ململانێی هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تی و هەرێمییەكانه‌، ئه‌م ململانێیه‌ ئه‌مریكا و ئێران تیایدا ئەکتەری سه‌ره‌كیین، جگه‌ له‌ بوونی چه‌ندین ئه‌كته‌ری دیکەی وه‌ك توركیا، ئه‌وروپا، روسیا و سعودیه‌. بوونی ئه‌م ململانێ‌ فراوانه‌ له‌ عێراق به‌ تایبه‌ت به‌ هۆی ئاماده‌یی رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌ جیهانییه‌كان لە ناوچه‌ جیاجیاكانی عێراقدا، وڵاتەکەی‌ خستۆته‌ ژێر ڕكێفی جه‌مسه‌رگیرییه‌ هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌. به‌م شێوه‌یه‌‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا هیچ كاتێك له‌ كاریگه‌ری و ململانێكانی ئه‌م هێزانه‌ دوور نه‌بووه‌ زۆربه‌ی كات ئه‌م هێزه ده‌ره‌كییانه‌ ڕۆڵییان له‌ قوڵكردنه‌وه‌ یان لاوازكردن هه‌ندێ جاریش باشكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌غدا و هه‌ولێردا هه‌بووه‌.‌


تەوەرى سێیەم: 
سیناریۆ و پێشنیارەکان
سیناریۆکان:
بۆ تێگه‌يشتن له‌ ده‌رئه‌نجامى گفتۆگۆكان و خستنه‌ رووى وێنه‌ راسته‌قينه‌كه‌ ، پێويسته‌ سيناريۆكانى په‌يوه‌ندى و ئاينده‌ى په‌يوه‌ندى نێوان هه‌ردوو لايه‌نى دانوستاندن بخرێته‌ روو، راسته‌ له‌و پرۆژه‌ ياسايه‌ى کە ئێستادا له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق گفتوگۆى له‌ باره‌وه‌ ده‌كرێت، لە دەقەکانى تایبەت بە پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى ساڵى ٢٠٢١ دا به‌لانى كه‌مه‌وه‌ له‌ رووى فه‌رميه‌وه‌، حكومه‌تى هه‌ريمى كوردستان به‌ رێكه‌وتن پێى گه‌يشتوه‌، جێگه‌ى ره‌زامه‌ندييه‌. به‌ڵام له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران گفتوگۆى له‌ باره‌وه‌ ده‌كرێت و ئه‌گه‌رى زۆره‌ كه‌ برگه‌و ماده‌كانى په‌يوه‌نديدار به‌ پشكى هه‌رێمى كوردستان و به‌ دياريكراوى بابه‌تى نه‌وت يان داهاتى نه‌وت وه‌كو ئه‌وه‌ تێنه‌په‌ڕێت كه‌ حكومه‌ت پێشنيارى كردوه‌ ، بۆيه‌ ئاينده‌ى ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ستراوه‌ به‌ڕێكه‌وتنى سياسى و ئيراده‌يه‌كى سياسى و تێگه‌يشتنى سياسى هێزە سياسيه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان. له‌به‌رئه‌وه‌ بژارده‌ى دروست و يه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌يه‌ ده‌بێت دانوستان و گفتوگۆ بكرێت، بۆ ئایندەى گفتوگۆ و دانوستان له‌سه‌ر ئه‌م دۆسێيەش‌ دەشێت ئه‌م سيناريۆيانه‌ كار بكه‌ن:

يه‌كه‌م: سيناريۆى ڕێكه‌وتن
هه‌ردوو كاراكته‌رى دانوستاندن، سيناريۆى رێكه‌وتن وه‌كو چاره‌سه‌ر پێشنيار ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ سه‌ر ورده‌كاریى جياوازى هه‌يه‌، پێشنيارى پرۆژه‌ بوودجەی عێراق‌ (بۆ هه‌رێمى كوردستان) جێگه‌ى ره‌زامه‌ندييه، تاڕاده‌يه‌ك پشت ئه‌ستوره‌ به‌ ده‌ستور و مافى به‌رێوه‌بردنى سامانه‌ سروشتيیه‌كانى هاوبەشانە بە هەردوولا داوە، ئه‌م بابه‌ته‌ش له‌ گفتوگۆكاندا حكومه‌تى هه‌رێم زياتر پێداگرى لەسەر دەکات و بە خاڵى به‌هێزى هه‌رێم هەژمار کراوە‌، حكومه‌تى فیدراڵیش داواى پابه‌ندبون و نيازپاكى له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات به‌ ورده‌كارى و ڕاده‌ستكردنى نه‌وت به‌ كۆمپانياى سۆمۆ.
لە ئەگەری بەرجەستەبوونی ئەم سیناریۆیەدا، دەکرێت سیناریۆکە لە دوو سیناریۆدا نمایش بکرێنەوە:
١. چاره‌سه‌ری گشتی یان نیمچه‌یی: وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌ نەوته‌كه‌ ڕاده‌ست بكرێت و به‌شێكی بهێڵێته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ کابینەکانی عه‌بادی و عه‌بدولمه‌هدیدا كرا. لێره‌دا هه‌ردوولا له‌ به‌شێكی داواكارییه‌كان چاوپۆشی دەکرێت لەبه‌رامبه‌ر‌ چاره‌سه‌رێكی مامناوه‌ندیدا. 
٢. چاره‌سه‌ری كۆتایی ڕیشەیی: به‌ دیاریكردنی شێوازێكی جێگیری ته‌مویلكردنی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك زۆربه‌ی فیدراڵییه‌ته‌ جێگیر و پێشكه‌وتوه‌كانی جیهان، ئه‌م چاره‌سه‌ره‌ بۆ هه‌ردوولا به‌ سوود ده‌بێت، به‌ڵام له‌ دۆخی سیاسی ئێستای عێراقدا به‌دو‌ر ده‌زانرێت كه‌ هه‌نگاوێكی وا له‌ مه‌ودایه‌كی نزیكدا ببینرێت.

دووەم: سيناريۆى ڕيكنەكه‌وتن
ئه‌م سيناريۆيه‌ زياتر كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ لايه‌نى عێراقی داواى ڕاده‌ستكردنى هه‌موو داهات و دۆسيه‌ى نه‌وت بكات، كه‌ ئێستا له‌ په‌رله‌مان وه‌كو كارتێكى هه‌ڵبژاردن و فشار كارى له‌سه‌ر ده‌كرێت، ده‌ويسترێت له‌م ڕێگه‌يه‌وه‌ كۆى داهاتى نه‌وت و داهاتى ناوخۆى هەرێم له‌ڕێگه‌ى حكومه‌تى بەغداوە به‌ڕێوه‌ ببرێت، چونكه‌ به‌ پێى بۆچوونى حكومه‌تى عێراقی، نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان جگه‌ له‌وه‌ى له‌ بازاڕ به‌ كه‌متر ده‌فرۆشرێت و بڕى تێچونى به‌رهه‌مهێنانى نزيكه‌ى بيست دۆلاره‌ بۆ هه‌ر به‌رميلێك، ئه‌مه‌ش وا لێكده‌درێته‌وه‌ كه‌ زيان به‌ سامانى گشتى ده‌گەیێنێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ تۆمه‌تباركردنى هه‌رێم به‌ بوونى گه‌نده‌ڵى و ناشه‌فافى له‌ به‌ڕێوه‌بردنى دۆسيه‌ى نه‌وتدا. بەڵام لای حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌م داواكارييه‌ جگه‌له‌وه‌ى پێشێلكاریی ده‌ستورى عێراقه‌، له‌هه‌مان كاتدا بچووكردنه‌وه‌ى قه‌واره‌ى هه‌رێمى كوردستانه‌. ئه‌م ئاراسته‌يه‌ لاى حكومه‌تى هه‌رێم ئاراسته‌ى عه‌قڵيه‌تى ناوه‌ندگەرایى و مامه‌ڵەكردنه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێم وه‌ك پارێزگایەک.
لە ئەگەری بەردەوامی و پەرەگرتنی ئەم سیناریۆیەدا یان ئەوەیە:
- مانه‌وه‌ی دۆخەکە وه‌ك ئێستا؛ واته‌ بێچاره‌سه‌ریی و كه‌ ئه‌گه‌ری به‌هێزتریش ئەوەیە‌ تا كاتی هه‌ڵبژاردن و پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ.
- یاخود تێكچونی زیاتر دێتە ئاراوە، ئەمەش بەهۆی خراپی ئابوو‌ریی هه‌رێم و چاره‌سه‌رنه‌كردنی كێشه‌كه‌ دور نیه‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوی هەڵکشاوانە هەڵبنێت، لەوانەش گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كاركردن به‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانی ڕیفرەندەم و دو‌ركردنه‌وه‌ی زیاتر و كشانه‌وه‌ لە پرۆسەی سیاسیی بەغدا. ئه‌م سیناریۆیه‌ به‌هۆی یه‌كده‌نگنه‌بونی پارته‌كانی هه‌رێمی کوردستان له‌ ئێستادا به‌ دور ده‌زانرێت. 

سێیەم: سیناریۆی نێوه‌ندگيرى
حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان داوا له‌ لايه‌نى سێيه‌م بكات به‌ پله‌ى يه‌كه‌م نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كان و پاشان ئه‌مريكا یان ئێران، تا بتوانرێت پێش په‌سه‌ندكردنى ياساى بودجه‌ تێگه‌يشتنێكى هاوبه‌ش دروست بكه‌ن. ئه‌م سيناريۆيه‌ش ئه‌گه‌ر له‌ نزيكترين كات كارى له‌سه‌ر نه‌كرێتبەسەر دەچێت (گەر بەسەر نەچووبێت).
سيناريۆى به‌هێز وا دێتە بەرچاو، كه‌ سیناریۆی دووەهەمی ڕێکنەکەوتن بێت و په‌رله‌مانى عێراق به‌و پێشنياره‌ى حكومه‌تى عێراق ڕازی نه‌بێت و داواى ڕاده‌ستكردنى هه‌موو دۆسيه‌ى نه‌وت بكرێت، هه‌رێمى كوردستانيش به‌م داوايه‌ رازى نه‌بێت ، چونكه‌ لانیکەمی هۆی ڕازیینەبوونی: پێشێلكردنى ده‌ستوری عێراقییە. 

پێشنیارەکان:
له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و بۆ ئه‌وه‌ی نەبنە هۆکاری ده‌ستوەر‌دانی ده‌ره‌كی و ناجێگیری سیاسی و ئاسایشیی عێراق به‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ئه‌م ڕاسپاردانە بە گرنگ دەبینرێن:
یه‌كه‌م: بۆ لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی
- کارکردن بە هەستی متمانەوە‌ نێوان خۆیان وهه‌رێمی كوردستاندا و خۆپاراستن له‌ هه‌ر شێوازێك تۆڵه‌سه‌ندنه‌وەی‌ دژ به‌ هه‌رێم و به‌كارنه‌هێنانی مه‌سه‌له‌ی هه‌رێم كوردستان وه‌ك ماده‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن و خۆبه‌هێزكردنی چەند لایەنێک لە رێی ئەم پرسەوە. بنه‌مای هه‌ر رێكه‌وتنێكی ئاینده‌یی متمانه‌یه‌، ئه‌م به‌هایه‌ به‌تایبه‌تی پاش ریفراندۆم و دەستبەسەرداگرتنی سەربازی کەرکوک و ناوچەجێناکۆکەکان لەلایەن عێراقەوە لاوازتر بووە و پێویستی به‌ دوباره‌ به‌هێزكردنه‌وه‌ هه‌یه‌.
- جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری ده‌ستوری و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌و داواكارییانه‌ی كه‌ هانی گۆڕینی ده‌ستور و بۆ به‌ژه‌وه‌ندی تاكلایه‌نه دژ به‌ پێكهاته‌كانی تر‌ دەدات. ده‌ركردنی ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ له‌ ده‌ستوردا ئاماژه‌ی پێدراوه‌ و تا هەنووکە فەرامۆشکراوون و هاوکات هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسا ناوەندگەراکان. 
- ده‌ركردنی به‌په‌له‌ی یاسای نه‌وت و گاز له‌سه‌ر بنه‌مای به‌نده‌كانی ١١١ و ١١٢و ١١٤ و ١١٥ ده‌ستور، دانانی میكانیزمێكی جێگیر و به‌رده‌وام بۆ شێوه‌ی دابه‌شكردنی داهاته‌ نه‌وتییه‌كان و ئیداره‌دانی دۆسێی نه‌وت و گاز له‌گه‌ڵ هه‌رێم و پارێزگاكان.
- دروستكردنی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی تایبه‌ت به‌ بەڕێوەبردنی دادگەرانه‌ی داهاته‌ نه‌وتییه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ له‌ ماده‌ی ١٠٦ی ده‌ستوردا هاتووه‌.
- له‌ پێناو قووڵكردنه‌وه‌ی گفتوگۆ و گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ به‌رده‌وامه‌كان، گرنگه‌ كار بكرێت بۆ دروستكردنی ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی (ئه‌نجومه‌نی دووه‌م) كه‌ نوێنه‌ری هه‌رێم پارێزگاكانه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ماده‌ی ٦٥ی ده‌ستوردا هاتوه ‌و كاری له‌سه‌ر نه‌كراوه‌.

 دووه‌م : بۆ لایه‌نی هه‌رێمی كوردستان
- كردنه‌وه‌ی به‌غدا و حكومه‌تی فیدڕاڵی به چه‌قی سه‌ره‌كی كاری سیاسی و زامنی سه‌ره‌كی مافه‌ سیاسی و ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێم، په‌یڕه‌ونه‌كردنی سیاسه‌تی (متاره‌كه‌) كه‌ به‌ زیان بۆ‌ هه‌رێم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
- كرانه‌وه‌ی زیاتر به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بیی عێراقدا (شیعه‌و سوننه‌)، به‌ سه‌رجه‌م كێشه ‌و خواستەكانیه‌وه‌ و خۆپاراستن له‌هه‌ر سیاسه‌تێكی هه‌رێم كه‌ ده‌بێته‌ هۆی گۆشه‌گیربوون و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ڕه‌هه‌ندی فیدراڵی و نیشتمانی عێراقی.
- یه‌كلاكردنه‌وه‌ی دۆسێی نه‌وت به‌ پێی ده‌ستور و مافه‌ حه‌سڕییه‌كانی عێراق و هاوبه‌ش و تایبه‌ت به‌ هه‌رێم‌، دوور‌كه‌وتنه‌وه‌ له‌ هه‌ر هه‌نگاوێكی تاكلایه‌نانه‌ی هەڵکشاوانە كه‌ نیگه‌رانی زیاتر و كه‌مكردنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌گه‌ڵ خۆی پەرەپێبدات.
- سودوه‌رگرتنی زیاتر له‌و گه‌شه‌سه‌ندنه‌ی له‌ بواری ئابوو‌ری و ژێرخانی‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی هه‌رێم و به‌غدا و تێكه‌ڵبوونی زیاتری ئابووری له‌گه‌ڵ پارچه‌كانی تری عێراق، كه‌ دواجار لێکتێگه‌یشتن و نزیكبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و كولتووری لێده‌كه‌وێته‌وه‌.
- هاوکاریکردنی بەشەکانی دیکەی عێراق بۆ دروستبوونی هەرێمی دیکەی فیدراڵی، وەک زەمینەیەک بۆ چەسپاندن و پایەداریی سیستەمی فیدراڵی.

سێیه‌م: بۆ هەردووک لە ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی و حکومەتى هەرێم
لەو ڕوانگەیەوە کە هەردوو لا هاوڕان کەلەسەر ئەوەى کە دەبێت دەستور بنەماى سەرەکى لێکتێگەیشتن و یەکاڵاکردنەوەى کێشەکان بێت، دەشێت بەپێى ئەو ڕاڤە جۆراوجۆرانەى بۆ هەر دوو مادەى (١١١ و ١١٢)ى دەستورى ٢٠٠٥ کراوە، لەژێر ڕۆشنایى ئەزموونى وڵاتانى فیدراڵى لە جیهاندا، کار بۆ چارەسەرکردنى دۆسیەى نەوت و بودجە بکرێت بەپێى یەکێک لەم ئامرازانە:
- دابینکردنى زۆربەى خەرجى هەرێم لەلایەن حکومەتى فیدراڵییەوە (وەک لە وڵاتانى بەرازیل و فەنزویلا کارى پێدەکرێت)، بەرامبەر قایل بوون بە باڵادەستى حکومەتى فیدراڵی بەسەر زۆربەى سەرچاوە سروشتییەکانى کۆکردنەوەى داهاتى وڵات.
- تەرخانکردنى خەرجى هەرێم بەهاوبەشى هەرێم و حکومەتى فیدراڵی (وەک لە وڵاتى نیجیریا کارى پێدەکرێت) لەسایەى زامنکردنى سەرچاوەى پێویست بۆ کۆکردنەوەى داهات بۆ هەردوولا.
- دابینکردنى هەموو یان زۆربەى هەرەزۆرى خەرجییەکانى هەرێم لەلایەن هەرێم خۆیەوە (وەک لە وڵاتى ئیمارات کارى پێدەکرێت) بەرامبەر بە بەجێهێشتنى زۆربەى سەرچاوە سروشتییەکانى کۆکردنەوەى داهات لە دەستى هەرێمدا.

چواروم: بۆ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی
 ده‌كرێت هێزه‌ هه‌رێمی و هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان رۆڵی ئه‌رێنی له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ردولادا ببینن. واقعی ئێستای عێراق و هه‌رێم رۆڵی هێزه‌ هەرێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی پێوه‌ دیاره‌. ده‌كرێت ئه‌م هێزانه‌ به‌ دوورخستنه‌وه‌ی ململانێكانیان له‌ عێراق و هه‌رێم و هاندانی هه‌ردوولا بۆ دانوستاندنی قوڵ و هه‌مه‌لایه‌نانه‌ كه‌شێكی گونجاو بۆ سه‌رخستنی وتووێژه‌كان دروست بكه‌ن، عیراق بکەنە زەمینەیەک بۆ لێکتێگەیشتنییان و ستراتیژی براوە-براوە بگرنەبەر. به‌ پێچه‌وانه‌ بوونی عێراق و كوردستان به‌ گۆڕه‌پانی ململانێ، هه‌ردولا لاواز ده‌كات بوار بۆ ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی هێزی توندڕە‌وی وه‌ك داعش و قاعیده‌ فه‌راهه‌م دەکاتەوە و زیانەکەی تەنها عێراق ناگرێتەوە. لێره‌دا ئێران، ئه‌مریكا و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌توانن رۆڵی سه‌ره‌كی بنوێنن و دەکرێت‌ له‌رێی نه‌ته‌وەیه‌كگرتووه‌كان یان دووقۆڵی ئه‌و رۆڵه‌ بگێڕن له‌ درو‌ستكردنه‌وه‌ی متمانەی نێوان هه‌ردوولا.

 

توێژەرانی رانانی سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئاییندەیی:
د.یوسف گۆران، د.ئومێد رفیق فتاح، د.عابد خالد رسول، د.هەردی مهدی میکە


 

About the: Centre for Future Studies

A Non-Governmental Centre For Academic Research in the Public Interest.

 

Aims and objectives:

  1. To promote expertise and support research activities in politics and international relations with a particular focus on the future of strategy and public and foreign policies.
  2. To contribute to the development and improvement of the philosophy of scientific research in Iraqi Kurdistan.
  3. To offer the governing institutions of the KRG (KRG) professional and expert advice.
  4. To offer professional and expert advice to the private sector and non-governmental organizations operating in Iraqi Kurdistan.
  5. To contribute to the improvement of the learning program in the field of the center’s expertise.
  6. To hold scientific conferences and seminars on current and future domestic and international political and strategic issues.
  7. To coordinate with governmental and non-governmental centers for scientific research in and outside Iraqi Kurdistan with the aim of exchanging ideas and expertise.
  8. To follow up and measure directions of, and trends in, the public opinion in Iraqi Kurdistan, particularly on those issues that are crucial to the stability and prosperity of the region.
  9. To train and prepare researchers in the center’s area of expertise.
  10. To address the region’s strategic issues that have not yet been approached from an academic and scientific standpoint.

 

Activities:

  1. To carry out and publish scientific research.
  2. To hold regular conferences, seminars and talks on current and future domestic, regional, and international political and security issues.
  3. In addition to policy papers, analytical reports, and books, the center publishes a scientific journal that mainly deals with the future of domestic, regional, and international strategic and security issues.
  4. To conduct interviews and interact with public and private media.
  5. To translate and publish books and journal articles from English (and other foreign languages) to Arabic and Kurdish on the topics of the center’s expertise.
  6. To carry out opinion polls on various domestic political issues in Iraqi Kurdistan.
  7. To gather data and publish analysis on various issues connected with public policy in Iraqi Kurdistan.

 

حول: مركز الدراسات المستقبلية

مركز غير حكومي تأسس لإجراء دراسات علمية بغرض تحقيق المصلحة العامة.

 

أهداف المركز:

1. دعم عملية البحث العلمي وتشجيع المختصين والباحثين لأجراء البحوث في المجالات المتعلقة بالدراسات المستقبلية والسياسة العامة والاستراتيجية والشؤون الخارجية.

2. المساهمة في انماء فلسفة البحث العلمي وتطويرها في اقليم كوردستان.

3. تقديم استشارات علمية والخبرة البحثية للمؤسسات الحكومية في اقليم كوردستان.

4. تقديم استشارات علمية والخبرة البحثية للقطاع الخاص والمؤسسات غير الحكومية في اقليم كوردستان.

5. المساهمة في تطوير المناهج الدراسية في المجالات المتعلقة بإختصاصات المركز.

6. تنظيم مؤتمرات وندوات علمية لدعم عملية البحث العلمي وتعزيزها.

7. التنسيق مع المراكز الحكومية وغير الحكومية المعنية بالبحث العلمي داخل اقليم كوردستان وخارجه، بهدف تبادل الخبرات العلمية معها.

8. متابعة إتجاهات الرأي العام وقياسها حول القضايا التي تجذب اهتمام المواطنين وتؤثر في مصالحهم.

9. اعداد الباحثين وتأهيلهم في المجالات التي تختص بها المركز.

10. العمل على دراسة القضايا الاستراتيجية في اقليم كوردستان التي لم تدرس وفق المعايير العلمية.

 

نشاطات المركز:

1. اجراء البحث العلمي و نشره.

2. تنظيم المؤتمرات والندوات العلمية.

3. نشر الكتب و الدراسات العلمية المتعلقة باختصاصات المركز.

4. اصدار مجلة علمية محكمة.

5. التواصل مع قنوات الاعلام المعنية باهتمامات المركز واجراء الاستفتاءات العلمية لقياس اتجاهات الرأي العام.

6. ترجمة الكتب و الدراسات العلمية الاجنبية المتعلقة باختصاص المركز ونشرها.

7. رصد المعلومات والبيانات في جميع مجالات السياسة العامة في اقليم كوردستان وتحليلها ونشرها.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand