سۆشیال میدیا: لەکایەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی

Draw Media

2021-01-18 11:04:24



مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح ( تایبەت بە درەو) 

ئەم دوو دەیەی دوایی تەنھا دەیەی دروستبوون و ھاتنەکایەی سۆشیال میدیا نەبوو، بەڵکو دەیەی بەجێھێشتنی کاریگەرییە گەورەکانی ئەم میدیایەش بوو لەسەر ژمارەیەکی زۆر لە ڕووداوە گرنگەکانی جیھان. کاتێک فەیسبوک لە ساڵی 2004 دا دروستبوو، سەرەتا وەک ڕووداو و داهێنانێکی تەکنیکیی دەرکەوت، بەڵام لەگەشەکردنی خۆیدا ھەم بوو بە یەکێک لە کۆمپانیا ھەرە گەورەکانی جیھان و ھەم بە پلاتفۆرمێک بۆ سەدان ملیۆن مرۆڤ لە جیھاندا. بەدوای فەیسبوکدا ھاتنی تویتەر و ئینستەگرام و سناپچات و تیکتۆک و ئەوانیتر، فەزای پەیوەندییە کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی و سیاسییەکانی سەدەی بیستویەکیان ئاڵۆزتر و ھەمەجۆرتر کرد.

لە ھیچ شوێنێکدا پەیوەندیی نێوان ئەم میدیا کۆمەڵایەتییە تازانە و ڕوداوە سیاسییە گەورەکان بەو ڕاستەوخۆییە دیار نییە وەک لە دۆخی بەھاری عەرەبیی لە ساڵی 2011 و لە سەردەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترامپدا لە ئەمریکا. بەھاری عەرەبیی بەوە ناسراوە کە بەھارێکی بێپارتی سیاسیی تەقلیدیی و بێئامادەگیی ئایدیۆلۆژیا گەورەکانی جیھانی عەرەبیی و بێسەرکردەی سیاسیی بوو. بەڵام بەھارێک بوو ڕێکخەرەکانی، دروشمەکانی، چالاکوانە سەرەکییەکانی، تەعبیرکردن لە توڕەبوونەکانی، وێنە و ڕەمزەکانی، بەشی ھەرە زۆریان، لەناو سۆشیال میدیادا دروستبوون و لەناو سۆشیال میدیاوە بە جیھاندا بڵاوبوونەوە. بە مانایەک لە ماناکان بەھاری عەرەبیی، بەھاری گواستنەوەی دونیای ڤێرتوێل(مجازی) و گریمانکراو بوو بۆ ناو دونیای واقیع و، ئامادەگیی و خۆسەپاندنی فەزای دیجیتاڵیی بوو لە مێژوو.

دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکاش یەکەمین سیاسیی مێژووە کە سۆشیال میدیا جومگەیەکی سەرەکیی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی و دیاردەیەکی گرنگی حوکمڕانیی و سەرۆکایەتییەکەی بوو لە چوار ساڵی ڕابردوودا. ئەم پیاوە بەدرێژایی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی ڕۆژانە لانیکەم 18 تویتی نووسیوە و بە جیھاندا بڵاویکردۆتەوە، کە بەسەریەکەوە زیاد لە 25000 تویتە. لەسەرەتای سەرۆکایەتییەکەیدا ڕۆژانە نزیکەی 9 تویتی ناردوە، بەڵام لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2019دا ئەم ژمارەیە بەرزدەبێتەوە بۆ 271 تویت لەیەک ھەفتەدا.

پێگەی ترامپ لەسەر تویتەر بەشێکی جەوھەریی و سەرەکیی سەرۆکایەتییکردنەکەی ئەو بوو. ترامپ بەشێکی گەورەی ململانێ و جەنگە بازرگانییەکەی لەگەڵ چیندا لەڕێگای تویتەرەوە ئەنجامدا. ھەروەھا لەڕێگای تویتەرەوە ھەڕەشەی ئەوەی کرد ھەموو سنووری ئەمریکا لەگەڵ مەکسیکدا دادەخات. ھەر لە تویتێکیشەوە دانی بە مافی ئیسرائیلدا نا کە بەرزاییەکانی جۆلان، لە خاکی سوریا دابڕێنێت و بیکات بە خاکی خۆی و ئەمریکاش بەمەش ڕازییە. لە پەیوەندیشیدا بە کوردستانەوە دۆناڵد ترامپ ھەر بە تویت بڕیاری کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکای لە کوردستانی ڕۆژئاوا، دا. وەک نیویۆرک تایمز نیشانیداوە نیوەی تویتەکانی ترامپ ھێرش بووە بۆ سەر ئەو کەس و شتانەی حەزی پێیان نەبووە. ترامپ بەیانیان کە لە خەو ھەستاوە، ڕاستەوخۆ سەیری کەناڵی فۆکس نیوزی کردوە و دوای ئەوە تویتی نووسیوە. سیاسەتی ڕۆژانەی سەرۆکی بەھێزترین وڵاتی جیھان بە ناردنی تویتێک دەستیپێکردوە. تویتەکانیشی خاڵی نەبووە لە ھەڵەی ڕێزمانی و ھەڵەی ئیملا و ڕێنوس و درۆ. بەپێی راپۆرتێکی واشینگتن پۆست ترامپ لەماوەی تەمەنی سیاسیی خۆیدا زیاد لە 22000 زانیاری هەڵە و درۆی بڵاوکردۆتەوە.

لەدوای ھێرشەکەی خۆپیشاندەران و ھەوادارانی دۆناڵد ترامپیشەوە بۆسەر کۆنگرێسی ئەمریکی، پێگە گەورەکانی سۆشیال میدیا لەوێنەی تویتەر و فەیسبوک و ئینستەگرام و سنەپچات، بڕیاریاندا پێگەکانی ترامپ دابخەن و ئەم ئامرازە گرنگەی پەیوەندییکردن و سیاسەتکردن لە ترامپ بسێننەوە. ترامپ لەسەر تویتەر 88 ملیۆن فۆڵۆوەری ھەبوو، لەسەر فەیسبوک 35 ملیۆن و لەسەر ئینستەگرامیش 24 ملیۆن. لەسەر یوتیوبیش 2,7 ملیۆن. سەندنەوەی ئەم پێگانە لە ترامپ ئەگەر بۆ کەسانێک مایەی دڵخۆشیی بووبن، چونکە ئیتر ئەو توانایە لە ترامپ دەسێندرێتەوە درۆکان و تیۆرییە پیلانگێڕەکانی بە ناو ھەوادارەکانی و بە جیھاندا بڵاوبکاتەوە، بۆ زۆر کەسی تر نیشانەی نیگەرانیی بوو. چونکە ئەم کارە نیشانیدا چۆن کۆمپانیایەک لەڕێگای پەنجەنان بە دوگمەیەکدا، یان بە کلیککردنێک، دەتوانێت تەنانەت سەرۆکی ئەمریکاش لە توانای پەیوەندییکردن ڕوت و قوت بکاتەوە. ئەمەش یەکێکە لە کێشە ھەرە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی سۆشیال میدیا لە دونیای ئەمڕۆدا. کێشەی دروستبوونی کۆمەڵێک کۆمپانیا بە دەسەڵاتێکی ھێجگار گەورەوە لەدەرەوەی چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردندا. گەرچی کۆنترۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە پروپاگەندەی ڕەگەزپەرستیی کارێکی دروست و پێویستە، بەڵام بەبۆچوونی ئێمە بڕیاری داخستنی پێگەی قسەکردنی کەسێک، بڕیارێکە نابێت ئیدارەی ئەم یان ئەو کۆمپانیا بەتەنها بیدات، بەڵکو پێویستە بیر لە میکانیزمێکی یاسایی و چارەسەرێکی نوێی نێونەتەوەیی بۆ کۆنترۆڵی ئەم دەزگایانەش بکرێتەوە. لە ئێستادا چەند کۆمپانیایەک، کە زۆرینەیان لە ئەمریکان، ئەو ڕۆڵەی داوەر و دەسەڵاتە جیهانییە دەبینن و بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن، کێ بتوانێت قسەبکات و کێش نەتوانێت. واتە یەکێک لە بەھا ھەرە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی سیستەمی دیموکراسیی، کە مافی قسەکردن و ڕادەربڕینی ئازادە، کەوتۆتە ژێر ڕەحمەتی چەند کۆمپانیایەک و، ژمارەیەک بەڕێوەبەر و مانێجەر بڕیاری لەسەر دەدەن.

وەک وتمان مەسەلەی گرنگیی و کاریگەریی میدیای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەنھا لە دۆخی یاخیبوونەکانی بەھاری و عەرەبیی و سەرۆکایەتی دۆناڵد ترامپ لە ئەمریکادا بەرجەستە نییە، بەشێکی زۆر لەو ئەدەبیاتە ئەکادیمییە زۆرەی لەم ساڵانەی دواییدا بەرھەمھاتون، ھەموویان پێ لەسەر ڕۆڵی گرنگی میدیای کۆمەڵایەتیی لە ژیانی کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆدا دادەگرن. گرێدانی شۆڕش و یاخبوونە جیاوازەکانی جیھان، ناڕەزاییدەربڕینەکان، ئیشکردنی دەسەڵات و دژەدەسەڵات، کاری دەوڵەت و پۆلیس، سانسۆر و چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردن، ھەموویان بە توندی بە ئامادەگیی و ئیشکردنی میدیای کۆمەڵایەتییەوە گرێدراون. وەکچۆن فۆرمی نوێی سانسۆرکردن و بێدەنگکردنی تازە و کۆنترۆڵکردنی گەورە دروستبووە، ئاواش فۆرمی تازەی کاری سیاسیی و چالاکوانی کۆمەڵایەتیی و ناڕەزاییدەربڕین ھاتونەتەکایەوە. بەشێکی گرنگی کاری سیاسەت خۆشی بووە بە ”سیاسەتی ئۆنلاین“ و فۆرمێکی نوێی چالاکوانبوونیش دروستبووە کە بە ”ئەکتیڤیسمی ئۆنلاین“ ناسراوە.

میدیای کۆمەڵایەتیی لەسەرێکەوە ھەم  تواناکانی دەوڵەت و دەسەڵاتی لە کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵایەتییدا گەورەکردوە، ھەم ئەگەری خۆڕێکخستن و ئەنجامدانی کاری یاخیبوون و ناڕەزاییدەربڕینیش. ھێز و دژەھێز ھەردووکیان لەناو ئەو میدیایەدا ئامادەن و خودی میدیاکە خۆشی ھەڵگری لۆژیکی ئەم دیالێکتیکی ھێز و دژەھێزەیە. خاڵێک گرنگە جەغتی لێبکەین ئەوەیە کە سۆشیال میدیا نە لە بۆشاییدا کاردەکات، نەخۆشی ئامرازێکی بێلایەنە کە ئەگەر و توانای نووسین و تەعبیرکردن و خۆنمایشکردن و خۆڕێکخستن و ناڕەزاییدەربڕین و دروستکردنی پەیوەندیی بە خەڵک ببەخشێت، بەڵکو ڕوبەرێکی دیجیتاڵییە ھەمیشە چەندان بونیادی دەسەڵات لە پشتییەوە ئامادەیە و کاردەکات. لە دەسەڵاتی کۆمپانیاکانەوە بیگرە بۆ دەسەڵاتی دەوڵەت و دەسەڵاتی ئەو لایەنانەی توانای سانسۆرکردن و داخستن و خاوکردنەوەی ئیشکردنی ئەم میدیایەیان لەبەردەستدایە. بەدیوێکی دیکەدا میدیای کۆمەڵایەتیی وەکچۆن ئەگەری دروستبوونی فۆرمی تازەی ناڕەزاییدەربڕین و چالاکوانبوونی ئۆنلاین مەیسەردەکات و وادەکات بەشێک لە بونیادە تەقلیدییەکانی ڕێکخستن و جۆشدان پێویست نەبێت، ئاوهاش ئەگەری گۆڕانی ژمارەیەکی گەورەی خەڵکیشی بۆ تەماشەکەرێکی پاسیڤی ڕووداوەکان تێدایە.
 
خاڵێکی دیکە کە دەشێت جەغتی لێبکەین ئەوەیە دروستبوونی میدیای کۆمەڵایەتیی دیاردەیەکی دابڕاو و تەکنۆلۆژیی نییە بەتەنھا، بەڵکو بەشێکە لە دروستبوونی فۆرمێکی تازە لە کۆمەڵگا لەسەرتاپای جیھاندا. لەم دوو دەیەی دواییدا فۆرمێکی تازە لە کۆمەڵگا دروستبووە کە پێویستی بە شێوازی تازەی خوێندنەوە و بەرخورد و لێکدانەوە ھەیە. ئەم کۆمەڵگا تازەیە وەکچۆن لە ئەمریکادا دروستبووە ئاواش لە ئێراندا و وەکچۆن لە سوید و ھۆڵەندا و ئەڵمانیادا دروستبووە، ئاواش لە یابان و تورکیا و کوردستاندا. بەدەگمەن نەبێت شوێنێک لە جیھاندا نەماوە میدیای کۆمەڵایەتیی نەیگەیشتبێت و کاریگەریی تیادا بەجێنەھێشتبێت. بێگومان ھەریەکێکیان لەناو بونیاد و پێکھات و ژێرخانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرھەنگیی تایبەت و جیاوازدا، کە وادەکەن ئەم میدیایە فۆرمی جیاوازیی ئیشکردن و ئامادەبوون و کاریگەربوونی ھەبێت. بەڵام ھەموو جیاوازییەکان ئەو ڕاستییە سادەیە ناگۆڕن ئەو دونیایەی کە میدیای کۆمەڵایەتیی دروستیکردوە، دونیایەکی سەرتاپا نوێیە و بیست ساڵ لەمەوبەر بوونی نەبووە. 

میدیای کۆمەڵایەتیی مودێلی نوێی لە پەیوەندیی کۆمەڵایەتییش بەرهەمهێناوە. لەدوای سەهەڵدانی کۆرۆنا و قەدەغەکردنی هاتوچۆ و سنوردارکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیی و نێودەوڵەتییەکان، سوشیال میدیا وەک پلاتفۆرمێک توانی ئەو بۆشاییە مەترسییدارەی کۆرۆنا دروستیکرد بەشێوەیە دیجیتاڵییەکەی پڕبکاتەوە. ئاپی (Zoom) زووم بوو بە یەکێک لە گرنگترین کەرەستەکانی پەیوەندییگرتنی ڕاستەوخۆ بۆ کۆمپانیا و قوتابخانە و دەزگا و تاکەکانیش لەگەڵ یەکتر. بە بێ سۆشیال میدیا ملیاردەها قوتابی قوتابخانەکان و خوێندکاری زانکۆ و پەیمانگاکان نەیاندەتوانیی بەردەوامیی بە خوێندن بدەن. 

ڕاستە سۆشیال میدیا پەیوەندییە گەرمەکانی مرۆڤ لەناو فەزایەکی سارددا پەروەردەدەکات، بەڵام کۆرۆنا هات و بوو بە هۆکارێک بۆ سنووردانان و کوشتنی هەموو پەیوەندییە گەرمەکانی مرۆڤ. تەوقەکردن، باوەشکردن، ماچکردن و کۆبوونەوە و ئاهەنگگێڕان و پرسەگرتن هەر هەمووی کۆتاییان پێهات، یان تەواو سنووردارکران. ئەم پەتایە بوو بە هۆکارێک بۆ مردنی ملیۆنەها کەس و ناشتنیان لە گۆڕی بەکۆمەڵدا. ڕێگەنەدان بە ماڵئاواییکردن لە مردووەکان لەلایەن کەسوکار و هاوڕێیانی قوربانییەکەوە کۆستێکی کۆمەڵایەتیی گەورە بوو. سۆشیال میدیا مۆدێلێکی نوێی لە پرسە و سەرەخۆشییکردن بەرهەمهێنا کە مەرج نییە لەگەڵ هەندێک سروتی ئایینیدا تەبا بێت، بەڵام بەناچاری بوو بە بەشێک لە هەڵسوکەوت و ئاکاری کۆمەڵایەتیی نوێ. بەهەمان شێوە کۆرۆنا لە هەموو چالاکییە رۆشنبیریی و هونەرییەکانی خستین، نە دەتوانین بچین بۆ مۆزەخانەکان و نە بۆمان هەیە سەردانی کتێبخانەکان بکەین، بەو شێوەیە کۆڕ و کۆنسێرت و چالاکیی دیجیتاڵی نوێ سەریانهەڵدا و بوون بە مۆدێلێکی ئەلتەرناتیڤ بۆ چالاکیی هونەریی و فیکرییە تەقلیدییەکان. هەندێ لە مۆزەخانەکان نماییشی کارەکانیان بە دیجیتاڵی لەسەر دیوارەکانی دەرەوەی بیناکانیان دەکرد ،وەک تەحەدایەک بۆ کۆرۆنا کە ڕێگەی چوونەژووەرەی بینەرانی بۆ ناو مۆزەخانەکان گرتبوو. 

سۆشیال میدیا فەزایەکی نوێشی بۆ پەیوەندیی دروستکردوە کە پێشتر بوونی نەبووە، فەزایەک تیایدا کەسەکان و گروپەکان دەردەکەون، قسەدەکەن، ڕادەگۆڕنەوە، توڕەدەبن، جنێودەدەن، گروپ و شوناسی نوێ دروستدەکەن، ھتد. ئەم میدیا نوێیە فۆرمی تازەی دەرکەوتن و قسەکردن و نمایشکردن و کۆبوونەوە و پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتیی و دیجیتاڵی مەیسەردەکات، کە مەرج نییە ھەموومان بەدڵمان بێت. پێگەکانی سۆشیال میدیا چەندە ھەلی لێکتێگەیشتن و گەیشتنی مرۆڤەکانی بەیەکتری زیادکردوە، هێندەش ئەگەری پەروەردەکردنی بوغز و ڕق و توندوتیژیی ڕەمزیی گەورە کردووە. لە سۆشیال میدیادا هەموو تاکێک توانای خۆنماییشکردن و دەرکەوتنی هەیە و دەتوانێت ببێت بە خاوەن دەنگ و ڕا، بە باشیی و خراپیی، بە هەڵە و ڕاستیی ئەو ڕایانەوە کە دەریاندەبڕێت.
یەکێکی تر لە ئاکارەکانی ئەم فەزا تازەیە کە سۆشیال میدیا دروستیدەکات ئەوەیە ئەم فەزایە دەتوانێت لە ساتێکدا ببێت بە فەزایەکی سیاسیی، بە فەزایەکی مەعریفیی و ھونەریی، بە فەزای ڕاگۆڕینەوە و دیالۆگ، وەکچۆن بە فەزایەک بۆ کات بەسەربردن و پێکەنین و پرسەگرتنیش. 

ڕەوشی میدیا و پیشەی رۆژنامەگەریی لە هەرێمی کوردستاندا هیچ کاتێک باش نەبووە، بەڵام ساڵی 2020 یەکێکە لە ساڵە هەرە خراپەکانی ژینگەی میدیایی لە مێژووی هەرێمەکەدا. لە دونیای ئێمەشدا سوشیال میدیا ڕۆڵێکی کاریگەری لە گۆڕان و دەستکاریکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا گێڕاوە. ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانە وەک لە ئەزموونی زۆربەی وڵاتە نادیموکراسییەکاندا دەیبینین، لە هەرێمی کوردستانیش توانیویانە ببن بە هەڕەشەیەک بۆ سیستەمە سیاسییەکە. بەڵام هەر کاتێک سۆشیال میدیا مەترسیی بۆ دەسەڵاتی نوخبە سیاسییەکان گەورە بووبێت، خەتی ئینتەرنێتیان وەک کارەبا لە کۆی شارەکە یان وڵاتەکە بڕیوە و کۆتاییان بەو فۆرم و شێوازی پەیوەندیی و پێکەوەبوونانە ھێناوە کە ئەوان وەک مەترسیی سەیریانکردوە.


 

بابەتی نۆیەم: دیموکراسیی لە قەیراندا
بابەتی هەشتەم: شێخ نەھرۆی کەسنەزانی: لە ئابوریی نەوتەوە بۆ ئابوریی گەشتیاریی دینیی.
بابەتی حەوتەم: كۆتایی سیاسەت‌و نابەرپرسیارێتیی رێكخراو 

بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر
بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون 
بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی
بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا

بابەتی دووەم:  عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل 

بابەتی یەكەم: کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand