Draw Media

قاچاخچێتی.. لە ئەفغانستانەوە بۆ هەرێمی كوردستان

قاچاخچێتی.. لە ئەفغانستانەوە بۆ هەرێمی كوردستان

2021-01-22 15:54:56


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت – محەمەد رەئوف
هونەری قاچاخچێتی لە دەروازە سنورییەكانی ئەفغانستان هاوشێوەی هەرێمی كوردستانە، لە ئەفغانستان بازرگانەكان بە پاڵپشتی بەرپرسان باری كۆمپیوتەر داخڵ دەكەن،  بەڵام پارەی گومرگی ئارد بە حكومەت دەدەن، بزوتنەوەی تالیبان‌و هۆزەكان دەستی باڵایان لە قاچاخچێتیدا هەیە، كارمەندەكانی گومرگ بەناوی "شیرینی"یەوە، بەرتیل وەردەگرن، بەشێكی پارەی شیرینی ددەدەن بە بەرپرسانی سەرو خۆیان، بەراوردكارییەكی نێوان قاچاغچێتی لە هەرێمی كوردستان و ئەفغانستان لەم راپۆرتەدا 

گومرگی نایاسایی !
هاوشێوەی هەرێمی كوردستان، لە ئەفغانستان گەندەڵی لە كاری گومرگەكاندا هەیە، بەرپرسان لە تاڵانكردنی داهاتی وڵاتەكەیان تێوەگلاون. 
عەبدولقادر قەلاتوال ئەندامی پەرلەمانی ئەفغانستانە، ئەم پیاوە مانگی ئایاری رابردوو لە بەدواداچونێكدا بۆی دەركەوتووە، لە ناوەڕاستی شاری قەڵات لەنێوان شاری كابولی پایتەخت‌و هەرێمی قەدەندەهاری باشوری وڵاتدا، خاڵێكی گومرگیی بەشێوەیەكی نایاسایی دانراوە، عەبدولقادر وال لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گومرگی كابول قسەی كردووە‌و پێی وتوون ئایا ئەوان ئاگاداری ئەو خاڵە گومرگییەن، وەڵامیانداوەتەوە‌و وتویانە ئاگاداری ئەو گومرگە نین. 
كاتێك ئەو پەرلەمانتارە بۆی دەركەوتووە، گومرگەكە بەشێوە نایاساییە، ماوەی پێنج مانگ بووە، كۆمەڵێك كەس لەو شوێنەدا بەناوی حكومەتەوە پارەیان لە خەڵك وەرگرتووە. 
لەسەر بنەمای سكاڵای عەبدولقادر قەلاتوال پەرلەمانتار، دواجار داواكاری گشتی ئەفغانستان فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ژمارەیەك كەس دەركرد كە تێوەگلاون لە دانانی ئەو گومرگە نایاساییە، لێكۆڵینەوەكان دەریانخستوە (رەحمەتولڵا یارمل) حاكمی پێشووی ویلایەتی زابل لە باشوری ئەفغانستان، پەیوەندی گوماناوی لەگەڵ ئەو كەسانەدا هەبووە كە گومرگە نایاساییەكەیان بەڕێوەبردووە، گومرگێك كە دەوترێت لەماوەی پێنج مانگدا بڕی (3 ملیۆن‌و 537 هەزار) دۆلاری بەشێوەی نایاسایی لەو بارهەڵگرانە وەرگرتووە كە كەلوپەلیان لە ویلایەتەكانی (فەرا ‌و نیمروز ‌و هرات)ەوە هێناوە.
پەرلەمانتار عەبدولقادر قەڵات قسەی بۆ رۆژنامەی (عەرەبی جەدید)ی قەتەری كردووە، دەڵێ:" ئەوانەی ئەم گومرگە نایاساییەیان داناوە، بۆ هەر بارهەڵگرێك بڕی 129 دۆلاریان وەرگرتووە".
كەرتە زیندوەكانی وڵات لە نمونەی گومرگەكان، كە دەبێت ببن بە بڕبڕەی پشتی داهاتەكانی حكومەت، لە وڵاتێكی وەكو ئەفغانستاندا كە پێداویستییەكانی لەوڵاتانی دراوسێوە هاوردە دەكات، گەندەڵی گەورەی تێیدایە، لە هەرێمی كوردستانیش دۆخەكە هاوشێوەیە. 

لە هەرێمی كوردستانیش بەشێك لە پەرلەمانتاران بەدوای كەیسی قاچاخچێتی دەروازە سنورییەكانەوەن و بە دەیان راپۆرتیان لەسەر شێوازی قاچاغچێتی خاڵە سنورییەكان ئامادەكردووە.

كێن ئەوانەی گەندەڵی دەكەن ؟
هاوشێوەی هەرێمی كوردستان، لە ئەفغانستان بەرپرسان‌و كەسانی دەستڕۆیشتووە لە نمونەی بەرپرسانی بزوتنەوەی تالیبان‌و چەكداری هۆزەكان تێوەگلاون لە گەندەڵی گومرگەكان‌و لەسەر رێگای سەرەكی نێوان ویلایەتەكان، گومرگی نایاسایی دروست دەكەن‌و پارە لە خەڵك وەردەگرن. 
بەگوێرەی قسەی (خان جان كوزای) جێگری سەرۆكی ژورری بازرگانی‌و پیشەسازی، لە ئەفغانستان تەنیا (17) دەروازەی گومرگی فەرمی هەیە كە دەكەونە سەر سنورەكانی ئەفغانستان لەگەڵ پاكستان‌و ئێران، گومرگەكانی تر هەمووی نایاسایین، رەنگە بەم حاڵەشەوە هێشتا دۆخی ئەفغانستان لە كوردستان باشتر بێت، چونكە لە هەرێمی كوردستان نزیكەی (30) دەروازەی نافەرمی هەیە.
گەندەڵی لە گومرگەكانی ئەفغانستان لەڕێگەی دەڵاڵ‌و كارمەندانی گومرگەوە دەكرێت،  لێكۆڵینەوەكان باسلەوە دەكەن، رێگەی جۆراجۆری گەندەڵی هەیە، یەكێك لە رێگەكان ئەوەیە بازرگانەكان كاڵای گرانبەهای وەكو دەرمان‌و كۆمپیوتەر بەو شۆفێرانەی دەگوازنەوە كە پەیوەندییان لەگەڵ دەڵاڵ‌و فەرمانبەرانی گومرگدا هەیە، تۆڕی شۆفێرو دەڵاڵەكان لەبەرامبەر وەرگرتنی بڕێك پارە بۆ خۆیان، وادەكەن بازرگانەكان باجی كاڵاكانیان نەدەن بە گومرگەكان.
محەمەد داود كە پێشتر بازرگانی دەرمان بووە، بە رۆژنامە قەتەرییەكەی وتووە:" بڕێكی كەمی دەرمانی لە پاكستانەوە لەناو بارهەڵگری میوەدا گواستوەتەوە بۆ ئەفغانستان بەبێ ئەوەی باجی گومرگیی بدات، بەگوێرەی قسەی خۆی ئەم پیاوە لەبەرامبەر گواستنەوەی بڕێكی كەم دەرماندا بڕی (6 دۆلار)ی داوە بە دەڵالێك‌و بڕی (12 دۆلار)یشی داوە بە فەرمانبەرێكی گومرگ. 
رەنگە قەبارەی گەندەڵییەكە زۆر لەمە گەورەتر بێت، بەگوێرەی ئەوەی وەحیدوڵڵا قتالی حاكمی ویلایەتی هرات ئاشكرایكردووە، ساڵی رابردوو بە دەروازەی "ئیسلام قەڵا"دا كە دەكەوێتە نێوان ئەفغانستان‌و ئێران، نزیكەی (4 هەزار) بارهەڵگر تێپەڕیون، كە كاڵای جۆراوجۆریان تێدا بووە، لەماوەی كانونی دووەم بۆ تەموزی رابردوو، (هەزارو 500) بارهەڵگر تێپەڕیون بەبێ ئەوەی هیچ باجێكی گومرگیی بدەن.
حاكمی ویلایەتی هرات باسی لەوەكردووە، تەنیا لە یەك شەودا (64) بارهەڵگر كە كەلوپەلی گرانبەهایان لە نمونەی كۆمپیوتەرو پارچەی ئەلیكترۆنی پێبووە تێپەڕیون، بەڵام باجی گومرگی ئاردیان لێوەرگیراوە كە پارەیەكی كەمە، ئەم شێوازی گۆڕینی جۆری كاڵایە لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە هەرێمی كوردستانیش دەكرێت‌و لە دەروازەی باشماخیش شەوان بارەگان بەبێ پێدانی باجی گومرگی تێپەڕدەبن.
شێوازێكی تری قاچاخچێتی لە ئەفغانستان كە بازرگانەكان دەیكەن، بریتییە لە شاردنەوەی كەلوپەلی گرانبەها لەناو ئەو بارهەڵگرانەدا كە كاڵای هەرزان بەها دەگوازنەوە، ئەمە لە هەرێمی كوردستانیش دەكرێت‌و ئامانج لێی خۆدزینەوەیە لە پێدانی باجی گومرگی راستەقینەی كاڵاكان. 
مافیای گومرگەكان لە ئەفغانستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناو حكومەت هەماهەنگی دەكەن، بەگوێرەی قسەی حاكمی ویلایەتی هرات، میرەكانی جەنگ‌و بەرپرسانی حكومی دەستی باڵایان هەیە لە دامەزراندنی كارمەندانی گومرگدا، چونكە ئەو كارمەندانە بەشێك لەو پارانەی كە بەناوی "شیرینی"یەوە لە گومرگەكان پەیدای دەكەن، دەیدەن بەو بەرپرسانە.
لە ئەفغانستان هاوشێوەی كوردستان هەمان وشەی "شیرینی" بەكاردەهێنرێت بۆ ئەو پارەیەی كە كارمەندانی گومرگ بەشێوەی بەرتیل وەریدەگرن.
رۆژی 12ی حوزەیرانی رابردوو، حكومەتی ئەفغانستان بە بڕیارێك گەشتكردنی بۆ دەرەوەی وڵات لە (66) بەرپرسی وەزارەتی دارایی، لەنێویاندا بەرپرسانی گومرگ، قەدەغە كرد، بەڵام لە هەرێمی كوردستان تائێستا حكومەت هیچ فەرمانێكی بۆ ئەوانە دەرنەكردووە كە قاچاخچێتی دەكەن، بەمدواییە حكومەتی هەرێم رێگریكردنی لە قاچاخچێتی دەروازە سنورییەكان داوەتە دەست هێزێكی هاوبەشی وەزارەتی ناوخۆ‌و وەزارەتی پێشمەرگە‌و ئەو هێزەش تائێستا دروست نەكراوە.  
ئەو كەسانەی كە لە ئەفغانستان گومانیان لەسەرە تێوەگلابن لە گەندەڵ‌و دزینی پارە‌و قاچاخچێتی لە گومرگەكاندا، كە گەشتكردنیان لێ قەدەغە كراوە، ئەمانەن: 
•    وەهاب هیمەت بەرپرسی گومرگی كابول
•    حەمدوڵا هەمدەرد بەرپرسی گومرگی هرات
•    نەسروڵڵا ساحیبزادە بەرپرسی گومرگی نەنگرهار
•    جاوید مەنگەل بەرپرسی گومرگی قەندەهار
•    عەبدوڵڵا بەیان بەرپرسی گومرگی بەڵخ
•    مەحجوب خان بەرپرسی گومرگی قەندوز
ئینعاموڵڵا رەحمانی كە توێژەرە لە زانكۆی سەلام لە كابولی پایتەخت دەڵێ:" زۆرینەی ئەوانەی گەشتكردنیان بۆ دەرەوەی لێ قەدەغە كراوە، سەرباری ئەوەی تێوەگلاون لە گەندەڵی، بەڵام هێشتا بەردەوامن لەسەر كاركردنیان لە گومرگەكان". 
بەڵام سدیق سدیقی وتەبێژی سەرۆكایەتی ئەفغانستان بەهانەی هەیە‌و دەڵێ:" نوسینگەی داواكاری گشتی لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكە دەكات، ناكرێت بەر لە ئاشكراكردنی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ئەو كەسانە لە پۆستەكانیان دوربخرێنەوە".
حكومەتی ئەفغانستان سەرقاڵبوونی بە دۆسیەی ئەمنییەوە كردوەتە بەهانەی شكستهێنانی هەوڵەكانی بۆ روبەڕووبونەوەی گەندەڵی لە وڵاتدا، بەڵام لە هەرێمی كوردستان حكومەت بەهانەی ئەوەیە ئەگەر دەست بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی ببات، رەنگە وڵات بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی ناوخۆو دوو ئیدارەیی. 

زیانی ملیۆنان دۆلار
ئەوانەی كاڵا لە پاكستان‌و ئێرانەوە هاوردەی ئەفغانستان دەكەن، یاری بە كاغەزی كاڵاكانیانەوە دەكەن، بۆ نمونە بارێكی كۆمپیوتەر دەهێنن لەگەڵ بڕێكی كەم ئارد، كاتێك دەگەنە گومرگەكە، كاغەزی باجی ئاردەكە دەردەهێنن، ئەمەش بۆ ئەوەی باجێكی كەمتری گومرگیی بدەن.
لە ئەفغانستان باجی گومرگی بارهەڵگرێك كە (25) تەن كاڵای گرانبەهای هەڵگرتبێت، بڕەكەی زیاتر لە (39 هەزار) دۆلارە، ئەمە لەكاتێكدایە هەمان بار ئەگەر گەنم یاخود ئارد بێت، باجی گومرگەكەی تەنیا (650) دۆلارە. 
لایەنە نێودەوڵەتییەكان ئەوانەی لە ئەفغانستان كاردەكەن، دان بە گەندەڵی گومرگەكاندا دەنێن، بەگوێرەی راپۆرتی ساڵی 2017ی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ئەفغانستان كە بە "یۆناما" ناسراوە، دەڵاڵەكان‌و بەرپرسانی حكومەت دەستیان كردووە بە یەكدا‌و یاری بە سیستمی "ئەسیكودا" دەكەن، كە سیستمێكی جیهانی ئەژماركردنی داهاتی گومرگەكانە، ئەمانە لەم رێگەیەوە خۆیان دەدزنەوە لە پێدانی باجی راستەقینەی گومرگی ئەو كاڵایانەی كە هاوردەی دەكەن.
راپۆرتەكە باسی لەوەكردووە، دەڵاڵی گومرگەكان، بە نوێنەرایەتی بازرگانەكان، گەمە بە نرخی بارەكان دەكەن، ئەمە بەهۆی ئەوەی كۆتوبەندی دامەزراوەكان لە ئەفغانستان لاوازە.
بەهۆی گومانكردن لە راست‌و دروستی تۆمارەكانی گومرگ، بەڕوونی داهاتی گومرگەكان لە ئەفغانستان نازانرێت، لەكاتێكدا ئەمە یەكێكە لە داهاتە جێگیرەكانی حكومەت، لە هەرێمی كوردستان دۆخەكە هاوشێوەیە. 
بەگوێرەی راپۆرتێكی ساڵی 2014ی نوسینگەی پشكنەری گشتی، تایبەت بە دووبارە بنیادنانەوەی ئەفغانستان، كە دەستەیەكی چاودێری سەربە كۆنگرێسی ئەمریكایە، تۆڕە تاوانكارییەكان لە ئەفغانستان، تیرۆرو تۆقاندن بەكاردەهێنن بۆ ئاودیوكردنی كاڵا، ئەمەش بە تەنیا لە یەك گومرگدا، لە هاوردەكردنی گەنم‌و برنجدا ساڵانە بڕی (25 ملیۆن) دۆلار زیان لە داهاتەكانی حكومەت دەدات‌و بەتێكڕا لەم پرۆسەی قاچاخچێتییەدا ساڵانە بڕی (60 ملیۆن) دۆلار زیان بە داهاتەكانی ئەفغانستان دەگات، دۆخەكە زۆر جیاواز نییە، لە هەرێمی كوردستانیش كەسانی دەستڕۆیشتووی ئەمنی دەستیان لەناو پرۆسەكەدا هەیە‌و هەڕەشە بەكاردەهێنن بۆ ئەنجامدانی كارەكانیان. 
ئەگەر پێناسی گومرگی بەبێ ساختەكاری وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت، دەتوانرێت داهاتی گومرگێكی وەكو گومرگی كابول بەرێژەی 20%ی زیاد بكرێت، ئەم گومرگە، لەماوەی نێوان شوباتی 2019 بۆ شوباتی 2020 داهاتەكەی (9 ملیۆن‌و 347 هەزار) دۆلار بووە، ئەمە بەگوێرەی قسەی محەمەد نەعیم بەڕێوەبەری فەرمانگەی خەملاندنی گومرگەكان لە ئەفغانستان. 

ئەفغانستان لە لیستی گەندەڵیدا
لە لیستی وڵاتانی گەندەڵدا كە ساڵانە رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی دەریدەكات، ئەفغانستان ساڵانە تادێت پاشەكشێ دەكات، واتا ئاستی گەندەڵی تێیدا بەرزتر دەبێتەوە، ساڵی 2017 لەناو 180 دەوڵەتدا لەسەر ئاستی جیهان، ئەفغانستان لە گەندەڵیدا لە پلەی 169دا بووە، كەچی لە ساڵی 2018دا بەرزبوەتەوە بۆ ریزبەندی 172، لە 2019دا گەیشتوەتە 173. 
لەكاتێكدا حكومەت بەردەوام بەڵێنی روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی دەدات، بەڵام نەبوونی ئیرادەیەكی سیاسی جددی، ئەو هەوڵانەی پەكخستووە، ئەمە لەكاتێكدایە تادێت دۆخەكە خراپتر دەبێت، تا ئەو ئاستەی مانگی ئابی 2015 سەرۆكی ئەفغانستان وتی: لە گومرگەكان بەرێژەی 50 بۆ 60% داشكاندنی بۆ كاڵای ئەو كەسانە دەكرێت كە هێزیان هەیە، ئەمەش یەكێكە لە دیمەنەكانی گەندەڵی لە ئەفغانستاندا. 
 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand