Draw Media

راپۆرتی: نیاز عەبدوڵا  به‌ هۆكاری "ناده‌ستوریبوونی" یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق، ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ دادگای فیدڕاڵی عێراق سكاڵای یاسایی له‌ دژی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق تۆماركرد. سه‌ردار هه‌ركی پارێزه‌ری راسپێردراو له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستان بۆ تانه‌ لێدان له‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پاریزگاكانی عێراق به‌ (دره‌و میدیا)ی راگه‌یاند "ئه‌مڕۆ له‌ به‌غداد به‌ نوێنه‌رایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان داوام له‌ دادگای فیدڕاڵی عێراق له‌ دژی محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق تۆماركرد". له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی لائیحه پێشكه‌شكراوه‌كه‌ به‌ دادگای فیدڕاڵی عێراق، سه‌ردار هه‌ركی وتی "لائیحه‌كه‌ له‌ 7 لاپه‌ڕه‌ له‌گه‌ڵ 9 خاڵی سه‌ره‌كی و 15 خاڵی لاوه‌كی پێكهاتووه‌، كه‌ چه‌ند سه‌رپێچییه‌كی ده‌ستووری تیدایه‌،  دیارترینیان ئه‌ویه‌ یاساكه‌‌ رێڕه‌وه‌ی یاسایی خۆی وه‌رنه‌گرتووه‌ و ئه‌و پێشنیارانه‌ی خراونه‌ته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی مادده‌كانی 128 و 129 و 131ه‌‌ له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ سه‌رپێچییه‌كی زه‌ق له‌ له‌ مادده‌ی 51ی ده‌ستووری عێراق". هه‌ركی پێیوابوو "هۆیه‌كانی هه‌مواری یاساكه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی نوینه‌رانی عێراق به‌مجۆره‌ی ئێستا سیاسییه‌ زیاترله‌وه‌ی هۆیه‌كی یاسایی بێت" و "یاساكه‌ چه‌ندین دژ یه‌كی هه‌یه‌ و ئه‌نجام ئه‌مه‌ زیان به‌ گه‌لی عێراق ده‌گه‌یه‌نێ". مه‌ترسییه‌كانی مادده‌ی 12ی یاساكه‌ی خسته‌روو به‌وه‌ی "داوا ده‌كات به‌راورد بكرێت له‌ نێوان ده‌فته‌ر نفوس و پسوله‌ی خۆراكی ده‌نگده‌ر و ئه‌گه‌ر موتابق نه‌بن ناوه‌كه‌ی لاده‌برێت و ده‌نگده‌ری كه‌ركوك مافی ده‌نگدانی نابێت". بۆیه‌ پێمانوایه‌ هۆیه‌كان سیاسییه‌ زیاترله‌وه‌ی هۆیه‌كی یاسایی بێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی چه‌ندین دژ یه‌كی له‌ یاساكه‌ هه‌یه‌ و ئه‌نجام ئه‌مه‌ زیان به‌ گه‌لی عێراق ده‌گه‌یه‌نێ. پارێزه‌ره‌ راسپێردراوه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان وتیشی "له‌م رۆژانه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ته‌بلیغ ده‌كرێت و پاش ته‌بلیغ كردنی له‌ماوه‌ی 15 رۆژی له‌به‌رده‌سته‌‌ بۆئه‌وه‌ی وه‌ڵامی لائیحه‌ی ئێمه‌ بداته‌وه،‌ كه‌ وه‌ڵامیشی دایه‌وه‌ یه‌كسه‌ر رۆژێك بۆ دادبینی كردن دیاری ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌ له‌و ماوه‌یه‌‌ ئه‌وا دادگا خۆی رۆژێك دیاری ده‌كات و ده‌بێت هه‌ردوولامان بچین بۆ دادبینی". 22ی ته‌مموزی ئه‌مساڵ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی هه‌مواركرده‌وه‌، به‌ڵام 4ی ئه‌یلول لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند سكاڵای یاسایی له‌ دژی یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق تۆمارده‌كه‌ن. 


(درەو میدیا): عومەر سەید عەلی بە رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرایەوە، بۆ پۆستی رێكخەری گشتی دوو كاندید هەبوو، عومەر سەید عەلی (28) دەنگی هێناو ركابەرەكەی كە شۆڕش حاجی بوو (12) دەنگی بەدەستهێنا. لەبارەی رێكخەری گشتییەوە بەپێی ئەوەی لە دەستوری رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، رێكخەری گشتی ئەرك‌و دەسەڵاتەكانی ئەمانەن: •    سەرپەرشتی كۆبونەوەكانی خانەی راپەڕاندن‌و جڤاتی نیشتیمانی دەكات. •    لە بەردەم جڤاتی نیشتیمانیدا بەرپرسیارە. •    لە كاتی ئامادەنەبونیدا، یەكێ لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن رادەسپێرێ بۆ ئەنجامدانی ئەركەكانی. عەدنان عوسمان بە سكرتێری جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرا، بۆ پۆستی سكرتێری جڤاتی نیشتمانی دوو كەس كاندید بوون، عەدنان عوسمان (22) دەنگی بەدەستهێنا، ركابەرەكەی كە زمناكۆ جەلال بوو (21) دەنگی بەدەستهێنا.  بەپێی ئەوەی لە دەستوری رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، سكرتێری كاروباری جڤاتی نیشتیمانی ئەرك‌و دەسەڵاتەكانی ئەمانەن: •    دیاریكردنی كات‌و شوێن‌و كارنامەی كۆبونەوەكانی جڤاتی نیشتیمانی. •    تۆماركردنی كۆنوسی كۆبونەوەكان، تۆماركردنی بڕیارو راسپاردەكانی‌و گەیاندنی بە جێگەی پەیوەندیدار. جەلال جەوهەر بە سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان هەڵبژێردرا، جەلال جەوهەر هیچ ركابەرێكی نەبوو، بە (33) دەنگ هەڵبژێردرا. بەپێی ئەوەی لە دەستوری رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان ئەرك‌و دەسەڵاتەكانی ئەمانەن: •    هەماهەنگی نێوان فراكسیۆنەكان‌و دامەزراوەكانی بزوتنەوەی گۆڕان. بۆ پۆستی سكرتێری كاروباری باژێرەكان ئاسۆ رەحیم‌و شەمال عەبدولوەفا كاندیدبوو، لە گەڕەی یەكەمی هەڵبژاردندا هەردوكیان بە (21) دەنگ یەكسان بوون، دواتر هەڵبژاردن دووبارە كرایەوە‌و شەمال عەبدولوەفا بە (22) دەنگ بە رامبەر بە (20) دەنگ هەڵبژێردرا. بەپێی ئەوەی لە دەستوری رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، سكرتێری كاروباری باژێڕەكان ئەرك‌و دەسەڵاتەكانی ئەمانەن: •    رێكخستنی پەیوەندی رۆژانەی نێوان باژێڕوان‌و باژێڕەكان‌و خانەی راپەڕاندن‌و وەڵامدانەوەی نامەو پەیام و پرسیارەكانیان. دەرباز محەمەد بە سكرتێری كاروباری ژورەكان هەڵبژێردرا، ئەم پۆستە دوو كاندیدی هەبوو، دەرباز محەمەد (24) دەنگی هێنا، ركابەرەكەی كە گەیلان عومەر بوو (19) دەنگی بەدەستهێنا. بەپێی ئەوەی لە دەستوری رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، سكرتێری كاروباری ژورەكان ئەرك‌و دەسەڵاتەكانی ئەمانەن: •    هەماهەنگی نێوان ژورەكان‌و خانەی راپەڕاندن‌و دامەزراوەكانی گۆڕان. برزۆ مەجید بە سكرتێری كاروباری خەڵك هەڵبژێردرا، چوار كەس بۆ ئەم پۆستە كاندید بوون، برزۆ مەجید (23) دەنگ هەڵبژاردنەكەی بردەوە. بەپێی ئەوەی لە دەستوری رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، سكرتێری كاروباری خەڵك ئەرك‌و دەسەڵاتەكانی ئەمانەن: •     پێشوازیكردنی ئەوانەی رۆژانە سەردانی مەكۆی سەرەكی دەكەن. •    گوێگرتن لە پێشنیاز، رەخنە، ئامۆژگاری، سكاڵاكانی خەڵك‌و گەیاندنی بابەتەكانیان بە جێگەی پەیوەندیدار. رۆژی 12ی ئەم مانگە جەمال حاجی محەمەد بە دەنگی (27) كەس لە ئەندامانی جڤاتی گشتی وەكو سەرۆكی جڤاتەكە هەڵبژێردرا، جەمال حاجی محەمەد یەكەمین كەس بوو كە كورسییەكی خانەی راپەڕاندنی نوێی بزوتنەوەی گۆڕانی زامن كرد كە پێكهاتووە لە (7) كورسی. خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لە ناو بزوتنەوەی گۆڕاندا.


درەو میدیا: ئەمڕۆ جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دوو ساڵی تر عومەری سەید عەلی بە رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژاردەوە  لەبارەی رێكخەری گشتییەوە بەپێی ئەوەی لە دەستوری رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، رێكخەری گشتی ئەرك‌و دەسەڵاتەكانی ئەمانەن: • سەرپەرشتی كۆبونەوەكانی خانەی راپەڕاندن‌و جڤاتی نیشتیمانی دەكات. • لە بەردەم جڤاتی نیشتیمانیدا بەرپرسیارە. • لە كاتی ئامادەنەبونیدا، یەكێ لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن رادەسپێرێ بۆ ئەنجامدانی ئەركەكانی.


 (درەو میدیا): پەرلەمانتارێك لە كوەیت لەرێگەی پرۆژەیاسایەكەوە دەیەوێت ئاكاری گشتی خەڵك رێكبخاتەوە‌و لەرێگەی سزای مادییەوە ناچاریان بكات پابەندبن بە دابونەریتی وڵاتەكەیانەوە، لە یەكێك لە بڕگەكانی پرۆژەكەیدا داوا دەكات ئەوانەی بە بیجامەوە دەچنە ناو شوێنە گشتییەكانەوە، سزا بدرێن. یەكێك لە ئەندامانی پەرلەمانی كوەیت بە ناوی (ماجید موتێری) پرۆژەیاسایەكی پێشكەشی پەرلەمان كرد، لە پرۆژەكەیدا داوا دەكات هاوڵاتیان‌و ئەوانەشی وەكو گەشتیاران سەردانی كوەیت دەكەن پابەندبكرێن بە رێزگرتن لە داب‌و نەریتی كوەیتی لە شوێنە گشتییەكان. پرۆژەیاساكە داوا دەكەن ئەوانەی ئەو دابونەریتانە دەشكێنن، سزا بدرێن بە سزایەكی دارایی كە (500) دینار كەمتر نەبێت‌و لە (1000) دینار زیاتر نەبێت، بەڵام سزا داراییەكە زیادبكرێت لە حاڵەتی دوبارەكردنەوەیدا.  پەرلەمانتارەكە لە پرۆژەكەیدا كە لە (11) لاپەڕە پێكهاتووە، پێشنیازی ئەوەی كردووە سزای ئەو كەسانە بدرێت كە: •     لە شوێنە گشتییەكاندا بەجلوبەرگێكەوە دەردەكەون كە وێنە یاخود نوسینێكی پێوەیە‌و دژ بە ئاكاری گشتییە. •    ئەوانەی لە شوێنە گشتییەكاندا قسەی بێ شەرمانە‌و ئەو جۆرە قسانە دەكەن كە شكۆی مرۆڤ دەڕوشێنێت.  •    دەركەوتن لە شوێنە گشتییەكان بە جلوبەرگی ژێرەوە (بیجامەی خەو). •    وێنەكێشان‌و نوسین لەسەر دیوارەكان بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە لایەنی رێگەپێدراو. •    ئەوانەی دەنگی گۆرانی‌و مۆسیقا لە شوێنە گشتییەكاندا بەرزدەكەنەوە. •    ئەوانەی لە شوێنە گشتییەكاندا كەسانی تر بە دەستەواژەی بێشەرمانە‌و رەگەزپەرەستانە بانگهێشت دەكەن. •    قۆستنەوەی منداڵان‌و ژنان‌و بەكارهێنانیان لە كارێكدا كە مەترسی لێبكەوێتەوە. •    دەستدرێژیكردن بۆسەر مافی كەسانی تر لە ریزەكانی چاوەڕوانی‌و سەرەگرتندا یاخود وێنە گرتنی خەڵك لەو ریزانەدا بەمەبەستی گاڵتەپێكردن. •    دانانی پۆستەری ریكلام لەسەر دیواری ماڵ‌و شوێنە گشتی‌و تایبەتییەكان بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی لە خاوەنی ئەو شوێنانە. •    هەڵدانە دەرەوەی خۆراك‌و جگەرە لە جامی ئۆتۆمبیلەوە بۆسەر رێگا گشتییەكان. پەرلەمانتارەكە داوا دەكات پەرلەمان رێگە بە وەزیری ناوخۆ یاخود جێگرەكەی بدات لیستی ئەو ئاكارانە رابگەیەنێت كە دەكرێت زیان بە ئاكارو ئەخلاقی گشتی بگەیەنن. بەپێی ئەوەی رۆژنامەی "القبس"ی كوەیتی بڵاویكردوەتەوە، پەرلەمانتارەكە لەبارەی هۆكاری نوسینی پرۆژەیاساكەوە باسی لەوەكردووە، نوسینی پرۆژەیاسایەكی لەمجۆرە بەهۆی ئەو دەرچونە ئەخلاقییانەوە بووە كە بەمدواییە لە كۆمەڵگەی كوەیتیدا بەدی كراوە، لەوانە قسەكردن بەشێوەی ناشیان لە شوێنە گشتییەكان بە دەنگی بەرز.  


(درەو میدیا): وادەی وەرگرتنی فۆڕمی كاندیدبوون كۆتایی هات، بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە لە ناوو بزوتنەوەی گۆڕان دەست (درەو میدیا) كەوتووە، ئەم كەسانە فۆرمی كاندیدبوونیان بۆ شەش پۆستەكەی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان وەرگرتووە، كە بڕیارە رۆژی شەممە لە دەنگدانێكی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكەدا یەكلابكرێنەوە: كاندیدەكان بۆ پۆستی سكرتێری جڤاتی نیشتمانی: •    عەدنان عوسمان  •    زمناكۆ جەلال كاندیدەكان بۆ سكرتێری كاروباری باژێڕەكان: •    ئاسۆ رەحیم •    شەماڵ عەبدولوەفا كاندیدەكان بۆ پۆستی سكرتێری كاروباری ژورەكان: •    دەرباز محەمەد •    گەیلان شێخ عومەر كاندیدەكان بۆ سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان •    جەلال جەوهەر كاندیدەكان بۆ سكرتێری كاروباری خەڵك: •    عومەر حەمە حسێن (عومەری مریەم) •    قارەمانی كۆیە •    برزۆ مەجید •    كاوەی مامە عەبە  •    مونیرە عوسمان •  ئاوارە سلێمان بەپێی دەستوری رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان، خانەی راپەڕاندن بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، ئەم خانەیە لە (7) كەس پێكدێت، یەكێك لە ئەندامەكانی سەرۆكی جڤاتی گشتییە كە ئەمڕۆ هەڵبژێردراو (جەمال محەمەد) وەكو سەرۆكی نوێی ئەو جڤاتە یەكەمین كەس كاتی ئەندامبوونی لە خانەی نوێی راپەڕاندن بڕی. رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە بەپێی دەستور یەكێكە لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەیەكەمینجار لە مێژووی دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕاندا، لەم هەڵبژاردنەدا دوو كەس كاندیدن بۆ پۆستی رێكخەری گشتی كە ئەوانیش هەریەكە لە: •    عومەر سەید عەلی- رێكخەری ئێستا بزوتنەوەكە •    شۆڕش حاجی- ئەندامی ئێستا خانەی راپەڕاندن  


(درەو میدیا): كاتژمێر چواری ئەمڕۆ دەرگای خۆ كاندیدكردن بۆ پۆستەكانی رێكخەر و خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان داخرا. بەپێی زانیارییەكانی( درەو میدیا) بۆ پۆستی رێكخەری گشتی، بۆ یەكەمجار دوای مەرگی نەوشیروان مستەفا، یەكەمجارە لە مێژووی بزوتنەوەی گۆڕاندا دوو كەس ركابەرایەتی دەكەن لەسەر بردنەوەی پۆستی رێكخەری گشتی، ئەوانیش هەریەك لە : •    عومەر سەید عەلی  رێكخەری گشتی ئێستای بزوتنەوەكە •    شۆڕش حاجی  ئەندامی خانەی راپەڕاندن   عومەر سەید عەلی 1975 بووەتە ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵە  1976 لەلایەن حكومەتی عێراق لە 11ی تەممووز سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا 1979 بەر لێبوردنی گشتی كەوت و ئازادكرا 1980 بەھۆی بۆردوومانی فڕۆكەوە ، لە كێوەڕەش بریندار بووە   1992 بووەتە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان  2002 بوە بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی 2009 لەگەڵ نەوشیروان مستەفا بزوتنەوەی گۆڕانی دامەزراندووە  2017 بوە بە رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان د. شۆڕش حاجی  1958 لەدایك بووە 1976 پەیوەندیكردووە بە كۆمەڵەی رەنجدەرانەوە 1979 پەیوەندیكردووە بە هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە  1990 بە بڕیاری یەكێتی نێردراوەتە دەرەوەی وڵات  2008 لە لەندەن رەوتی گۆڕینی دیموكراسی( رەگ)ی  دامەزراند  2010 بۆتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2017 بۆتە ئەدامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان  1996 – 2009 مامۆستا بووە لە زانكۆی لەندەن  دكتۆرای لە زانستە سیاسیەكان بەدەستهێناوە لە بەریتانیا   


درەو میدیا: ئەمڕۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك و جێگر و سكرتێری جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بەڕیوەچوو، جەمال محەمەد بە سەرۆكی جڤاتی گشتی و عەلی عەبدوڵا بە جێگری سەرۆكی جڤاتی گشتی و پێشڕەو رەئوف بە سكرتێری جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێژردران. بەر لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكە، د. رەئوف عوسمان، سەرۆكی پێشوی جڤاتی گشتی وتارێكی پێشكەشكردوو رایگەیاند: ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان بەشێك لە داخوازیەكانی جڤاتی گشتی جێبەجێبكردایە هەرگیز لە 24 كورسی پارلەمانەوە نەدەبوو بە 12 كورسی و رۆژی بەم رۆژە نەدەگەیشت. بەهەڵبژاردنی وەك سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، جەمال محەمەد راستەوخۆ دەبێتە ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان كە لە (7) ئەندام پێكدێت، بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو (14/9/2019) هەڵبژاردن بۆ رێكخەری گشتی و پێنج ئەندامەكەی دیكەی خانەی راپەڕاندن بكرێت،  لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا 49 ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بەشداربوون لەكاتێكدا ژمارەی ئەندامانی لە هەندێك قۆناغدا گەیشتبووە نزیكەی  (70 )ئەندام، ئەگەرچی بەپێی دەستوری گۆڕان نابێت ئەندامانی جڤاتی گشتی لە ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی زیاتر بن، واتا نزیكەی ( 20 )ئەندامی جڤاتی گشتی دەستیان لەكار كێشاوەتەوەو وازیان هێناوە بەهۆی نیگەرانی لە هەڵوێستەكانی بزوتنەوەی گۆڕان و بەشێكیشیان چونەتە دەرەوە وڵات، رۆژی رابردوو (7) ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەستلەكاركێشانەوەیان خستە بەردەم رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان. سەبارەت بە هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی ئەو (7) ئەندامەی جڤاتی گشتی  ساڵح ژاژڵەیی جێگری سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە " خۆی هۆكاری سەرەی ئەوەی كە ئەم حەوت كەسە دەستمان لەكاركێشایەوە ئەوەبوو كە ڕۆژی 2ی مانگ جڤاتی گشتی كۆبونەوەی كرد داوامان لێكردن لەپێناوی یەكڕیزیدا ئەم هەڵبژاردنە مەكەن و درێژی بكەنەوە بۆ كۆتایی ساڵ بەڵام ڕۆژی دواتر جڤاتی نیشتمانی بڕیارەكەیان خستە بواری جێ بەجێ كردنەوە كە ئەمڕۆ جڤاتی گشتی هەڵبژاردن دەكەن وە 14ی مانگیش جڤاتی نیشتمانی، كەواتە كە بەقسەمان ناكەن و هیچ بۆچونێكمان وەرناگرن واتای وایە ئێمە هیچ نین ئەمە!، جڤاتی گشتی چیە؟ بەشی هەشتەمی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان كە لە كۆنفرانسی ساڵی 2013 پەسەندكراوە، تەرخانكراوە بۆ جڤاتی گشتی، لە مادەی یەكەمی بەشی هەشتەمی دەستورەكەدا هاتووە: جڤاتی گشتی چەتری پشتیوانی سیاسی و مەعنەوی، دامەزراوەی راوێژكاری بوارەكانی كاری، سیاسی، رێكخراوەیی، كارگێڕی، دارایی، و میدیایی بزوتنەوەی گۆڕانە.  ئەركەكانی جڤاتی گشتی ئەركەكانی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بریتیە لە دانانی نەخشەی كارو هاوكاری جڤاتی نیشتیمانی بەراوێژ و راسپارە دەربارەی:. •    هەڵسەنگاندی پلانی گشتی جێبەجێكردنی بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان  •    هەڵسەنگاندی پەیوەندیەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی كوردستان، عێراقی فیدراڵ، ناوچەیی، جیهانی، لەگەڵ حزب و رێكخراوە سیاسیەكان.  •    ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگا، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ، پەرلەمانی كوردستان و هەڵبژاردنی هەر دامەزراوەیەكی تر.  پێكهاتەی جڤاتی گشتی یەكەم: جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەو كەسایەتیە گشتیانەی كە لە ماوەی تەمەنیان لە یەكێ لە بوارەكانی ژیاندا بەرپرسیارێتی دیاریان هەبووە، لەوانە:  •    كەسایەتی سیاسی  •    كەسایەتی زانستی  •    كەسایەتی كۆمەڵایەتی دووە: ژمارەی ئەندامانی جڤاتی گشتی نابێ لە ژمارەی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی زیاتر بێت.  خانەی راپەڕاندن چییە ؟ بەپێی دەستوری ناوخۆیی، خانەی راپەڕاندن لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا بریتییە لە "بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیارو راسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی لەنێوان دوو كۆبونەوەدا". كۆتایی ساڵی 2013 بزوتنەوەی گۆڕان دوای چوار ساڵ لە دروستبوونی، بۆ یەكەمینجار كۆنگرەی كرد، كۆنگرەكە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، لەو كۆنگرەیەدا بزوتنەوەی گۆڕان یەكەمین دەستوری كاركردنی خۆی پەسەندكرد، بەپێی ئەو دەستورە بڕیار لەسەر دروستكردنی خانەی راپەڕاندن درا، بەڵام ئەم خانەیە تاوەكو دوای كۆچی نەوشیروان مستەفا دروستنەكرا. 25ی تەموزی 2017 جڤاتی نیشتمانی كە ئەوكاتیش وادەی یاسایی بەسەرچوو بوو، بەڵام بە بڕیارێكی رێكخەری كۆچكردووە وادەكەی درێژكرایەوە، (7) كەسی وەكو ئەندامی خانەی راپەڕاندن هەڵبژارد كە ئەمانە بوون: •    عومەر سەید عەلی: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە •    عوسمان حاجی مەحمود: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری باژێڕەكان (دوای 10 مانگ كاركردن، بەهۆی ناڕازیبوون لە چۆنیەتی سیاسەت‌و ئیدارەكانی بزوتنەوەكە، پەیوەندی كۆمپانیای وشە‌و بزوتنەوەكە، تاپۆكردنی گردی زەرگەتە لەسەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، خراپی مامەڵەی خانەی راپەڕاندن لەسەر پرسەكان، دەستی لە ئەندامێتی خانە كێشایەوە‌و لەوكاتەوە تائێستا بزوتنەوەی گۆڕان شوێنەكەی پڕنەكردوەتەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە عوسمان حاجی مەحمود بە فەرمی دوركەوتنەوەی لە بزوتنەوەی گۆڕان راگەیانددووە) •    جەمال حاجی محەمەد: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری جڤاتی نیشتمانی •    جەلال جەوهەر: ئەندامی خانەی راپەڕاندن، سكرتێری فراكسیۆنەكان •    محەمەد تۆفیق رەحیم: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری ژورەكان (بەمدواییە خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كاندید كرد، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی كە دەسەڵاتی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكەی لەلایەن جڤاتەوە پێدرابوو، مستەفا سەید قادری كاندید كرد، ئەمە محەمەد تۆفیق رەحیمی نیگەران كرد، بەپێی زانیارییەكانی درەو میدیا، عومەر سەید عەلی بۆ دورخستنەوەی لە پۆستی رێكخەری گشتی مستەفا سەید قادری بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كاندیدكردووە. •    شۆڕش حاجی: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری خەڵك •    رەئوف عوسمان: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سەرۆكی جڤاتی گشتی  


راپۆرت: بی بی سی وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت ئەو وڵاتانە كامانەن كە خەڵكەكانیان زۆرترین كاتەكانیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بەسەر دەبەن ؟ ئەمە ناونیشانی راپۆرتێكی (BBC)یە لەبارەی زیانەكانی مانەوەی زۆر لەبەردەم شاشەی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان، بەپێی راپۆرتەكە گەلی فلیپین یەكەم گەلن لەڕووی زۆری ئەو كاتەی كە لە تەماشاكردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەسەری دەبەن، لەبەرامبەردا گەلی ژاپۆن كەمترین كات تەماشای تۆڕی كۆمەڵایەتییەكان دەكەن. دەقی راپۆرتەكە  توێژینەوەیەكی نوێ بەوە گەیشتووە، ئەو كاتەی كە بەكاربەران لەسەر ئاستی جیهان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەسەری دەبەن، لەماوەی ئەم حەوت ساڵەی دوایدا بەرێژەی 60% زیادی كردووە.  دامەزراوەی "گلۆباڵ وێب ئیندێكس" كە دامەزراوەیەكی بواری توێژینەوەیە لە لەندەن، شیكاری بۆ تۆماری (45) دەوڵەتی گەورە كردووە لە "بازاڕی ئینتەرنێت"دا، بۆی دەركەوتووە ئەو كاتەی كە هەر كەسێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان‌و ئەپلیكەیشنەكانیدا بەسەری دەبات، لە (90 خولەك)ی رۆژانەوە لە ساڵی 2012دا، زیادی كردووە بۆ (143 خولەك) لە سێ مانگی یەكەمی 2019دا. جیاوازییەكی زۆر هەیە لە بەكاربردندا لەسەر ئاستی ناوچەیی‌و نیشتیمانی: لە ئەمریكای لاتین، كە گەورەترین رێژەی بەكاربەری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە لەسەر ئاستی جیهان، ناوەندی ئەو كاتەی كە لە بەكاربردنی ئەو تۆڕانە بەسەردەبرێت رۆژانە (212 خولەك)ە. لەبەرامبەردا، لەسەر ئاستی ناوچەیی كەمترین كات كە لە بەكاربردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەسەردەبرێت، لە ئەمریكای باكورە كە (116 خولەك)ە. فلیپینییەكان لە ریزی پێشەوەی لیستی ئەو میللەتانەدان كە زۆربەی كاتەكانیان لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەسەر دەبن، بە تێكڕای (241 خولەك) لە رۆژێكدا، ئەمە بە بەراورد بە (45 خولەك) لە ژاپۆن. پاشەكشێ بەڵام پێدەچێت جێگەی سەرسوڕمان بێت كە شیكاركردنی تۆمارەكانی نزیكەی (ملیۆنێك‌و 800 هەزار) كەس دەریخستووە، بەسەربردنی كات لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە ئاستی خۆیدا ماوەتەوە یاخود لە نیوەی ئەو (20) وڵاتەدا كەمیكردووە. دامەزراوەی "گلۆباڵ وێب ئیندێكس" دەڵێ تۆمارەكان ئاماژە بەوە دەكەن "زۆرێك لە بەكاربەرانی ئینتەرنێت ئاگاداری ئەو كاتەن كە لە ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەسەری دەبن". چیس باكل بەڕێوەبەری بەشی ئاڕاستە سەرەكییەكان لە "گلۆباڵ وێب ئیندێكس" بە (BBC)ی وت:" بەكاربەرانی ئینتەرنێت رۆژانە زیاتر لە شەش كاتژمێر لەناو تۆڕەكە بەسەردەبەن، یەك لەسەر سێی ئەو كاتە تەرخانكراوە بۆ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان". "تێكڕای تەماشاكردنی رۆژانەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بابەتێكە كە بایەخی خۆی هەیە، ئەو ماوەیەی كە رۆژانە لەو شوێنانە بەسەریدەبەین یەكێكە لە گرنگترین ئامرازەكانی ئەو چالاكییە، ئەو گەشەسەندنەی كە موبایلە زیرەكەكان بەخۆوەی دەبینن، یارمەتیدەر بووە بۆ ئاسانكردنی زانینی ئەو بابەتە". لەناو ئەو وڵاتانەی كە توێژینەوەكە گرتونیەتەوە، (تایلەند) گەورەترین پاشەكشێی لە ئاستی بەكاربردنی رۆژانەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەخۆوە بینیوە؛ بەجورێك لە (194 خولەك)ی ساڵی رابردووەوە بۆ (171 خولەك) لەمساڵدا دابەزیوە. لە (ڤێتنام)یش، بەبەراورد بە ساڵی رابردوو، بەكاربردنی رۆژانە (10 خولەك) كەمیكردووە. هەروەك هەریەكە لە (ئیندۆنیزیا)‌و (بەلجیكا)‌و (غانا)‌و (ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا) پاشەكشێیەكی سنورداریان لە بەكاربردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەخۆوە بینیوە. بەڵام تێكڕای بەكاربردن لە زۆینەی وڵاتاندا كە توێژینەوەكە گرتونیەتەوە، بەرزبونەوەی تۆماركردووە، لە هەندێك لەو وڵاتانەدا بەرزبونەوەكە جێگەی سەرەنجە. "ئەپلیكەیشنە جەماوەرییەكان" ئێستا لە چین بەكاربەری ئاسایی لە رۆژێكدا (139 خولەك) كات لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەسەردەبات، بەبەراورد بە ساڵی رابردوو (19 خولەك) زیادی كردووە.   بەڵام لە سعودیە، تێكڕای كاتی بەكاربردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان (14 خولەك) زیادی كردووە، لە توركیا (13 خولەك) زیادی كردووە. چیس باكل دەڵێ:" لە كیشوەری ئاسیا، دیمەنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان جیاوازن، ئەپلیكەیشنی سەرەنجڕاكێش هەن كە جەماوەری زۆریان هەیە، كە ئەوانەش ئەپلیكەیشن-ن بۆ پەیوەندی كۆمەڵایەتی‌و ئەو رۆڵە تێدەپەڕێنن كە ئەو تۆڕانە بە مانا خۆرئاواییەكەی هەیانە، لەڕێگەی ئەو ئەپلیكەیشنانەوە دەرفەت بە بەكاربەران دەدرێت پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێكانیان بكەن‌و بە چەندین كاری تری بكەن وەكو پێدانی پسوڵەو، گرتنی ژور لە هۆتێلەكان‌و داواكردنی تاكسی‌و پێدانی پارەی كاڵا لە فرۆشگاكاندا".  باسی لەوەكرد:" لە چین، ئەپلیكەیشنی (وی چات) هەژمونی بەسەر كەشوهەوای پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا كردووە، ئەپلیكەیشنەكە بەردەوامە لە راكێشانی چالاكی زیاترو زیاتر، ئەمە وادەكات بەكارهێنەران دەست بە بەكاربردنی ئامرازەكانی پەیوەندی كۆمەڵایەتییەوە بگرن وەكو وەفایەك بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی رۆژانەیان". پێكهاتەی دانیشتوان پێدەچێت بەرزبوونەوەی كاتی بەكاربردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پەیوەست بێت بە پێكهاتەی دانیشتوانەوە، بەتایبەتیش ئەو توێژەی كە تەمەنیان لەنێوان (16 بۆ 24 ساڵ)دایە. ئەو توێژانە لە توێژەكانی تر زیاتر رۆژانە كات لەسەر ئینتەرنێت بەسەردەبەن- بەپێی دامەزراوەی "گلۆباڵ وێب ئیندێكس"، لە ساڵی 2018دا ئەم توێژانە رۆژانە بە تێكڕا لانی كەم (180 خولەك) كاتیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەسەربردووە. هەركاتێك تێكڕای تەمەنی دانیشتوان لە وڵاتێك كەم بوبێت، تێكرا بەسەربردنی كات لە بەكاربردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەو وڵاتەدا زیادی كردووە، بۆیە ئەو وڵاتانی تازە بازاڕەكەیان گەشەی كردووە، لەم بوارەدا لە پێشەوەن. باكل دەڵێ:" هێشتا گەنج بەرزترین توێژە لەناو ئەوانەی كە بەكاربەری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانن بەبەراورد بە توێژەكانی تر. لە راستیدا ئەوان هەر بەو شێوەیەش دەمێننەوە". بەرژەوەندی بەكاربەر پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لەبارەی بەسەربردنی كاتی زۆر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان‌و ئەو شاشانەی كە پەیوەندیدارن بە زنجیرەیەك كێشەی تەندروستی دەرونییەوە. خاتوو ئاشلی ولیامز كە توێژەرە لە كۆلیژی هارڤارد بۆ كار دەڵێ:" بەگوێرەی توێژینەوە، ئەو كەسانەی كە كاتێكی زۆر لە بەكاربردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەسەردەبەن، كەمتر دڵخۆشن، بەكاربردنی زۆری ئەو تەكنەلۆژیایە پێدەچێت كێشەی زۆر بەجێبهێڵێت، كە لە هەندێك حاڵەتدا دەگاتە ئاستی خەمۆكی، خستنەوەی رووداو و، تەنانەت مردنیش". ئەم مەترسیانە ئەگەری ئەوەیان هەیە گۆڕانكاری لە ئاكاردا بكەن، ئەمە سەرباری زیادبوونی ئەو ئەپلیكەیشنە دیجیتاڵییانەی كە تایبەتمەندن بە سەلامەتی بەكاربەرانەوە، وەكو ئەو ئەپلیكەیشنانەی كە كاتی تەماشاكردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سنوردار دەكەن‌و رێگری لێدەكەن. توێژینەوەكەی "گلۆباڵ وێب ئیندێكس" دەریخستووە كە "ئالودە"بووانی بەكاربردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زیاتر ئارەزووی بەكارهێنانی ئەو ئەپلیكەیشنە نوێیانە دەكەن، لەناویشیاندا توێژی لاوان. باكلی وتی:" ئەو تەكنەلۆژیا دیجیتاڵە پێشكەوتووانە یارمەتی بەكاربەران دەدەن كاتەكانیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رێكبخەن. زیاتر لە دوو لەسەر سێی ئەو توێژەی كە تەمەنی لە نێوان 16 بۆ 24 ساڵدایە دان بەوەدا دەنێن كە بەشێوەیەكی بەردەوام لەسەر ئینتەرنێتن، ئەمە لەكاتێكدایە زیاتر لە یەك لەسەر سێی ئەو توێژە دەڵێن تەكنەلۆژیا ژیان ئاڵۆز دەكات. هێشتا هۆشیارییەكی روونیش هەیە لەبارەی كاریگەری پێشكەوتنی تەكنەلۆژیان لەسەر ژیانیان".  كاتی نمونەیی ؟ كاتێكی نمونەیی فەرمی نییە بۆ مانەوە بەشێوەی ئۆنلاین لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان. بۆ جاری یەكەم، رێكخراوی تەندروستی جیهان لە نیسانی رابردوودا یەكەمین پێشنیازی تایبەتی خۆی لەبارەی بەسەربردنی كات لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان‌و تەماشاكردنی شاشە دەركرد، رێكخراوەكە منداڵانی خوارو تەمەن پێنج ساڵی كردوەتە ئامانجی پێشنیازەكەی خۆی. توێژینەوەیەك كە زانكۆی پەنسلڤانیا لە كانونی یەكەمی رابردوودا كردویەتی‌و 143 خوێندكاری گرتوەتەوە، ئاشكرایكردووە، كورتكردنەوەی كاتی بەكاربردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ 30 خولەك لە رۆژێكدا بوەتەهۆی " پاشەكشێكردنێكی دیار لە تێكڕای هەستكردن بە تەنیایی‌و خەمۆكی". بەڵام هەندێك لە پسپۆڕان باوەڕیانوایە پرسەكە پڕ گرێوگۆڵە. ئەندی شیبیلسكی توێژەر لە پەیمانگای ئۆكسفۆرد بۆ ئینتەرنێت دەڵێ:" ئامرازەكانی پەیوەندی كۆمەڵایەتی زۆر جۆراوجۆرە؛ سایتی جیاواز بابەتی جیاواز دەخەنەڕوو، ئەمە وادەكات سەخت بێت بتوانرێت گشتاندن بكرێت لەبارەی ئاسەوارەكانی ئامرازی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانەوە. 


درەو میدیا: ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی رێككەوتنی دابەشكردنی پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجەی راگرت و ئەمڕۆش ئەنجومەنی مەڵبەندی هەڵەبجەی یەكێتی رێككەوتنەكەی رەتكردەوە. بەپێی زانیارییەكانی( درەو میدیا) لە كۆبونەوەی شەممەی رابردووی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا، دابەشكردنی پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجەی بەسترایەوە  بە دابەشكاری پۆستەكانی پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و ناوچەی باڵەكانی.  لە كۆبونەوەكەدا سەركردایەتی یەكێتی نیگەران بوون لەو رێككەوتنەی كە لە رۆژی 2019/9/2 لە نێوان لایەنەكانی هەڵەبجە كراوە بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی ئەو پارێزگایە، بەوەی پارتی لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و ناوچەی باڵەكانی كە یەكێتی دەنگی زۆری هێناوە تیایاندا، هیچ پۆستێك بە یەكێتی نەدراوە، بۆیە پێویست ناكات پۆست بدرێتە پارتی، پێیان وابووە كە یەكێتی لەبەرامبەر پارتی و لایەنە نزیكەكانی پارتی دەبنە كەمینە لە پارێزگای هەڵەبجە .  سەرچاوەیەك لە مەڵبەندی هەڵەبجەی یەكێتی بە ( درەو میدیا)ی راگەیاند ئەمڕۆ ئەنجومەنی مەڵبەندی یەكێتی لە هەڵەبجە كۆبونەتەوەو بەكۆی دەنگ رێككەوتنی دابەشكردنی پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجەیان رەتكردۆتەوە، ئەویش لەبەر رۆشنایی بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبەكەیان . رەتكردنەوەی رێككەوتنی لایەنەكانی هەڵەبجە لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان دوای هۆشدارییەكی پەرلەمانتارێكی یەكێتی (سەركۆ ئازاد گەڵاڵی)هات بۆ مەكتەبی سیاسی سەركردایەتی حزبەكەی كە لە سایتی(درەو میدیا) بڵاوكرایەوە سەبارەت بە  بەدەستەوەدانی پارێزگای هەڵەبجە بە پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندبوو" پارتی لە هەڵەبجە پۆست بارانكراوەو زۆرینەی پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجە لای پارتی و هاوئاوازەكانێتی".   رێككەوتنی لایەنەكانی هەڵەبجە لە 2/9/2019  ئەنجومەنی پارێزگا 25 كورسی •    لیستی خزمەت( یەكگرتوو 4 – كۆمەڵ 3) 7 كورسی ئەنجومەنی پارێزگا •    لیستی یەكێتی 6 كورسی ئەنجومەنی پارێزگا •    لیستی گۆڕان 5 كورسی ئەنجومەنی پارێزگا •    لیستی پارتی 3 كورسی ئەنجومەنی پارێزگا •    لیستی بزوتنەوە 2 كورسی ئەنجومەنی پارێزگا •    لیستی شیوعی و سۆسیالیست 1 كورسی ئەنجومەنی پارێزگا •    كاكەییەكان 1 كورسی ئەنجومەنی پارێزگا بەرێوەبەرە گشتیەكان •    لیستی خزمەت( یەكگرتوو 2 – كۆمەڵ 2) 4 بەڕیوەبەری گشتی •    لیستی یەكێتی 4 بەریوەبەری گشتی •    لیستی گۆڕان 3 بەریوەبەری گشتی •    لیستی پارتی 3 بەریوەبەری گشتی    پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجە * پارێزگاری هەڵەبجە - یەكێتی  * جێگری پارێزگار - گۆڕان  * جێگری پارێزگار - یەكگرتوو  * قایمقامی ناوەند - گۆڕان  * ناحیەی خۆرماڵ بكرێتە قەزا - پارتی  * ناحیەی بیارە - گۆڕان  * ناحیەی بەمۆ - سۆسیالیست  * ناحیەی سیروان - كۆمەڵ     


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت  - محەمەد رەئوف ئەو زەمەنەی ئەو پارێزگار بوو، پارتییەكان هەولێریان بە شاری (دوبەی) ئیمارات بەراورد دەكرد، بەڵام هەر كە بارانێكی بەخوڕ دەباری، لافاو ریسەكەی دەكردەوە بەخوری‌و دیمەنەكانی شاری دەشێواند، ئەو نەوزاد هادییە، پیاوێك كە (15) ساڵە پارێزگارە‌و هەفتەی داهاتوو ماڵئاوایی دەكات. هەولێر لە دەستی براگەورەدا دوای (15) ساڵ، هەفتەی داهاتوو نەوزاد هادی لە پۆستی پارێزگاری هەولێر بەجێدەهێڵێت. میدیاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرایانكرد، فرسەت سۆفی دەكرێت بە پارێزگاری نوێی هەولێر، كە لە خولی پێشوودا ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بوو. گۆڕانكاری لە پۆستی پارێزگاری هەولێر، هاوكاتە لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی كە پارتییەكان پێی دەڵێن "براگەورە". بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، فرسەت سۆفی پارێزگاری نوێی هەولێر یەكێكە لە كارەكتەرە نزیكەكان لە مەسرور بارزانییەوە، ئەمە لەكاتێكدایە نەوزاد هادی نزیكە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم‌و بڕیارە دوای لابردنی لە پۆستی پارێزگار، وەكو راوێژكار لە سەرۆكایەتی هەرێم دەستبەكارببێت. هەولێر لە زەمەنی نەوزاددا ؟ نەوزاد هادی لەدایكبووی ساڵی 1963ی هەولێرە، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە ئەندازیاری كارەبا لە زانكۆی سەلاحەدین وەرگرتووە. ئەوكاتەی ئەم پیاوە پۆستی پارێزگاری هەولێری وەرگرت، ساڵێك بوو رژێمی بەعس لە عێراق روخابوو، پارەیەكی زۆر رژایە هەرێمی كوردستانەوە، سەرباری بەهەدەردانی زۆر، بەڵام چانسی ئەوەی بۆ هەڵكەوت هەندێك كار بكات بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارەكەی. لەسەردەمی نەوزاد هادیدا، ناوەندی پارێزگای هەولێر لەڕووی بیناسازییەوە تاڕادەیەك بوژانەوەی بەخۆوە بینی، دروستكردنی شەقامی پان‌و پۆڕو رازاندنەوەی شار وای لە هەندێك لە پارتییەكان كرد، (هەولێر) بە شاری (دوبەی) ئیماراتی عەرەبی بەراورد بكەن، بەڵام هەر لەم زەمەنەدا چەندجارێك بەهۆی بارانبارینەوە لافاو شەقامەكانی هەولێری داپۆشی‌و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە تەنزەوە وێنەی هەولێرو شاری دوبەی بەراورد دەكرا. بەپێی ئامارێك كە سایتی فەرمی پارتی ئەمڕۆ هاوكات لەگەڵ بڵاوكردنەوەی هەواڵی گۆڕینی نەوزاد هادیدا بڵاویكردەوە" تاوەكو ئێستا نزیكەی 17 هەزار پرۆژە لە هەولێر بە 35 ناحیەو قەزاو گوندەوە جێبەجێ كراوە". رازاندنەوەی شارو ئەو پارە زۆرەی كە لەبەردەستدا بوو لە زەمەنی نەوزاد هادیدا، سەرەنجی زۆرێك لە هونەرمەندانی عەرەبی‌و بیانی بەلای خۆیدا راكێشا‌و وای لێكردن سەردانی هەولێر بكەن، بەڵام لەڕووی ئازادییە گشتییەكانەوە، بەدیاریكراویش ئازادی رادەربڕین هەولێر لە راپۆرتی رێكخراوە جیهانییەكاندا ناو و ناوبانگی باش نەبوو، چەندینجار پەلاماری خۆپیشاندەران درا، رۆژنامەنوسان لێیاندراو دەستبەسەركران‌و رۆژنامەنوس (سەردەشت عوسمان) لە زەمەنی نەوزاد هادیدا لەناو شاری هەولێر رفێندراو دواتر تیرۆركرا، هەر لە زەمەنی ئەم پیاوەدا، پارتییەكان چەندینجار پەلاماری بارەگای حزبەكانیاندا لەناو شاری هەولێر.  دیارترین دەستكەوتی هەولێر لەڕووی خزمەتگوزارییەوە، جگە لە دروستكردنی چەند پاركێكی گەورە، دروستكردنی شەقامی (100) مەتری‌و (120) مەتری‌و دەستپێكردنی بە دروستكردنی (150) مەترییە، بەڵام ئەم دەستكەوتە هەرزوو خرایە گیرفانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی پێشووی حكومەت‌و نەوزاد هادی پارێزگاری لێ بێبەش كرا. لەڕووی ئەمنییەوە زەمەنی نەوزاد هادی هەولێر چەندین رووداوی هەستیاری بەخۆوە بینی، مانگی ئابی ساڵی 2015 فەرەیدون جوانڕۆیی ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و سەرپەرەشتیاری میحوەری خازر لەرووداوێكدا لەسەر رێگای خەبات- هەولێر گیانی لەدەستدا، پارتی دەڵێت رووداوەكە رووداوی "هاتوچۆ" بووە، بەڵام هێشتا ئەو كەیسە گوماناوییە‌و قسەی جۆراوجۆری لەبارەوە دەكرێت. هەر لە رووی ئەمنییەوە، لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، شاری هەولێر كەوتە بەردەم مەترشی هێرشی هێزەكانی حەشدی شەعبی، خەڵكێكی زۆر بەهۆی مەترسی شەڕەوە شارەكەیان بەجێهێشت. ساڵی 2018 فەرمانی دەستگیركردن بۆ ژمارەیەك بەرپرسی ئەمنی پارتی لە هەولێر دەرچوو، ئەو كەسانە تۆمەتباركرا بە كونكردنی بۆرییەكانی نەوت‌و دزینی نەوت، یەكێك لەوانەی ناوی بڵاوكرایەوە (بەرزان قەساب) برای نەوزاد هادی بوو. ئەوكات چەند میدیایەكی نزیك لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەواڵی ئەوەیان بڵاوكردەوە لەسەر هەمان تۆمەت نەوزاد هادی دەستگیركراوە، بەڵام دواتر هەواڵەكە رەتكرایەوە. هەر لە 2018و لە مانگی تەموزدا سێ چەكدار هێرشیانكردەسەر بینای پارێزگای هەولێرو چەند كاتژمێرێك بیناكەیان كۆنترۆڵكرد‌و دواتر لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە كوژران، دەزگای ئاسایشی پارتی وێنە‌و ناوی كوژراوەكانی بڵاەوكردەوە‌و رایگەیاند، كوژراوكان خەڵكی هەولێرو سەربە رەوتە ئیسلامییە توندڕەوەكانن. بەمدواییانە، بەر لەوەی نەوزاد هادی پۆستەكەی بەجێبهێڵێت، هەولێر روداوێكی هەستیاری ئەمنی بەخۆوە بینی، دیپلۆماتكارێكی گەورەی توركیا لە ریستۆرانتێكدا كوژرا، پێشتریش سوتانی بازاڕی لەنگەی هەولێر، بوو بە ئاڵنگاریی لەبەردەم پارێزگاردا. تەمەنی نەوزاد هادی لە پۆستی پارێزگاری هەولێر بە دیمەنێكی كۆمیدی كۆتایی هات، لە رۆژی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانیدا وەكو سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان، نەوزاد هادی بوو بە باسی گەرمی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، وێنەیەكی ئەو بڵاوكرایەوە كە لە كاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمەكەدا لە ریزی پشتەوە تەماشای موبایلەكەی دەرباز كۆسرەت رەسوڵ وەزیری ئاوەدانكردنەوەی پێشووی حكومەتی هەرێم دەكات، ئەو قسەوباسانەی لەسەر ئەو وێنەیە كران، نەوزاد هادی ناچار كرد رونكردنەوەیەك بڵاوبكاتەوە. تەنیا پارێزگار ناگرێتەوە گۆڕانكارییەكانی ئیدارەی پارێزگای هەولێر، تەنیا نەوزاد هادی پارێزگار ناگرێتەوە، بەڵكو ژمارەیەك بەڕێوەبەری گشتیش دەگۆڕدرێن‌و لەشوێنی ئەوان كەسانی تر دادەنرێن. رۆژی 6ی ئابی رابردوو عەلی رەشید سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە لێدوانێكدا بۆ سایتی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، گۆڕانكاری لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتییەكانی هەولێردا دەكرێت، (درەو میدیا) هەواڵەكەی بڵاوكردەوە، دواتر سایتی پارتی لێدوانەكەی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سڕییەوە. كەنعان خەیلانی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێ:" بەپێی یاسای ژمارە 3ی هەمواركراو، حزب ناوی كاندیدی پارێزگا بۆ ئێمە دەنێرێت لە فراكسیۆنی پارتی، ئێمەش بە راپۆرت بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بەرزی دەكەینەوەو لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگادا دەنگ لەسەر پارێزگاری نوێی هەولێر دەدرێت". بەپێی قسەی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، نەك تەنیا پارێزگار، بەڵكو گۆڕانكارییە ئیدارییەكانی تریش لە ئەنجومەنی پارێزگا بڕیاریان لەسەر دەدرێت. لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا)، عەلی رەشید سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر وتی:" دوو جۆرە بەڕێوەبەری گشتی هەن، یەكەمیان ئەوانەن كە سەربە وەزارەتەكان‌و حكومەتن، ئەنجومەنی دەسەڵاتی گۆڕینی ئەم جۆرە بەڕێوەبەرانەی نییە، ئەوانەی ئەنجومەن بڕیاری گۆڕینیان دەدات ئەوانەی كە تایبەتن بە پارێزگا". سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، تائێستا ناوی هیچ كاندیدێكیان بۆ پڕكردنەوەی پۆستی بەڕێوەبەرە گشتییەكان بۆ نەهاتووە. دەرفەتێك بۆ فرسەت ! بەپێی یاسای ژمارەی 3ی ساڵی 2009 پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، ئەو كەسەی كە دەبوو بە پارێزگار، مەرج بوو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا بێت، واتە پارێزگارەكان لەناو ئەنجومەنەكانەوە هەڵدەبژێردران، بەڵام پەرلەمانی نوێی هەرێمی كوردستان مانگی تەموزی رابردوو ئەم یاسایەی هەمواركردەوە، ئێستا حزبەكان دەتوانن لە دەرەوەی ئەندامەكانیان لە ئەنجومەنی پارێزگا كەسانی تر ببەنە ناو ئەنجومەنەكان‌و لەوێ بە دەنگدان بیكەن بە پارێزگار. فرسەت سۆفی بە سود وەرگرتن لەم یاسایە دەفەرتی ئەوەی دەبێت ببێت پارێزگاری هەولێر، هەرچەندە هەڵبژێردراو نییە بۆ ئەنجومەنی پارێزگا، واتە لەلایەن خەڵكەوە بەشێوەی راستەوخۆ دەنگی پێنەدراوە. هەموارە نوێیەكە شەرعیەتی پارێزگارەكانی لەناو خەڵكەوە گواستەوە بۆ شەرعیەتپێدان لەناو ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە ئەنجومەنی پارێزگاكان خۆیان نزیكەی ساڵێكە ماوەی یاساییان بەسەرچووە‌و پەرلەمانی كوردستان بە یاسایەك ماوەی كاركردنی درێژكردونەتەوە تا ئەوكاتەی هەڵبژاردنێكی نوێی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكرێت. ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر پێكهاتووە لە (30) ئەندام، بەپێی هەمواری نوێی یاسای ژمارەی 3ی پارێزگاكانی هەرێم، فرسەت سۆفی بۆ ئەوەی ببێت بە پارێزگار لە شوێنی نەوزاد هادی، دەبێت لە كۆی (30) ئەندام، دەنگی بەڵێی (16) ئەندام ئەنجومەن بەدەستبهێنێت، دەنگ بەدەستبهێنێت، واتە زۆرینەی رەها (50+1). پارێزگاری نوێ كێیە ؟ فرسەت سۆفی یەكێكە لەو كارەكتەرە سیاسییانەی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لەگەڵ دەركەوتنی رەوتی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان دەركەوتووە، ئەو ئۆپۆزسیۆنەی كە لەدوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە لە ساڵی 2009 سەریهەڵدا‌و بەشێوەیەكی توند روبەڕووی هێزە دەسەڵاتدارەكان بووەوە. ئەم پیاوە ساڵی 1978 لە (چۆمان) لەدایكبووە‌و بڕوانامەی دكتۆرای هەیە لە (یاسای نێودەوڵەتی)‌و بەر لە دەستبەكاربوونی وەكو پەرلەمانتار لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، مامۆستا بووە لە زانكۆی سەلاحەدین. بەپێچەوانەی نەوزاد هادییەوە كە ئەندامی سەركردایەتی پارتی بوو، فرسەت سۆفی هیچ پلەیەكی حزبی دیاریكراوی لەناو پارتیدا نییە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا) كەسێكی خۆشەویستە لەلای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی‌و مەسرور بارزانی كوڕیەوە. ئەوكاتانەی كە بارزانی باوك ویلایەتی دەسەڵاتەكەی لە سەرۆكایەتی هەرێم دوچاری گێرمەو كێشە هات، فرسەت سۆفی لەو پەرلەمانتارانەی پارتی بوو، كە سەرسەختانە كاری دەكرد بۆ ئەوەی دەرچەی یاسایی بدۆزێتەوە بۆ رزگاركردنی سەرۆكەكەی، ئەوكات پارتی دیموكراتی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان وەكو دوو چیا لەبەرامبەر یەكتر راوەستا بوون‌و كەسیان ئامادە نەبوون بۆ ئەوەی تر بێنە خوارەوە، دواجار ململانێكە بە داخستنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كۆتایی هات. فرسەت سۆفی كەسێكی باوەڕدارەو پایەكانی ئاینی ئیسلام جێبەجێ دەكات، سەرباری ئەوەی سەر بە باڵی هەڵۆكانە، بەڵام پارتییەكی میانڕەوە بە بەراورد بە هەندێكی لە ئەندامانی تری حزبەكەی، ئەو تاكە پەرلەمانتار بوو كە دوای تەواوبوونی خولەكەی وەرگرتنی موچەی خانەنشینی پەرلەمانی رەتكردەوە.     


راپۆرت: محەمەد رەئوف كاكەییەكانی كەركوك روبەڕووی جینۆسایدی كلتوری‌و گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەكەیان دەبنەوە، ئێستا 60%ی كاكەییەكانی داقوق ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشتووە، لە كۆی 15 گوند 9 گوندیان چۆڵكراون. كاكەییەكان لە شەڕی شیعە‌و سوننەدا بەپێی بەدواداچونێكی (درەو میدیا) ئێستا بە پلان‌و نەخشەی ورد هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچە كاكەییەكانی قەزای داقوقی سەربە پارێزگای كەركوك دەدرێت. رەجەب كاكەیی سەرۆكی ریكخراوی (میسرا بۆ پەرەپێدان‌و رۆشنبیری یارسانی) لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) رایگەیاند:" ئێمە گومانمان هەیە هێزە ئەمنییەكان نامانپارێزن". گومانەكەی رەجەب كاكەیی لەوێوە سەرچاوە دەگرێت كە "بەدوری كیلۆمەترێك لە بارەگای لیوای 19ی فیرقەی 5ی پۆلیسی فیدراڵی لە تۆپزاوا، ماوەی 20 خولەك تەقە لە تۆپزاوا دەكرێت، بەڵام لەبەرامبەردا یەك فیشەك لەلایەن پۆلیسی فیدراڵییەوە ئاڕاستەی تەقەكەرەكان ناكرێت". رەجەب كاكەیی دەڵێ:" ئەمە جێگەی سەرسوڕمانە، ئێمە پێمانوایە پلانە، پلانە بەرامبەر بە كوردو كاكەییەكان.. ئەیانەوێت كوردو كاكەییەكان لەو سنورە نەمێنن، هەژمونی كورد لەو سنورە كەمبكەنەوە، ئەیانەوێت عەرەبی سونە لە سنوری شیعە بگوازنەوە بۆ سنوری كورد، سنوری شیعە فراوان بكەن". شەڕێكی سیاسی لە بەرگی ئایندا  فەرەیدون كاكەیی كە چالاكی مەدەنی سەربە پێكهاتەی كاكەییەكانە لە كەركوك باسلەوەدەكات، بۆ دورخستنەوەی كاكەییەكان لەو ناوچانە، ئێستا تۆمەتی "داعشبوون" دەخەنە پاڵ كاكەییەكان. فەریدون لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) وتی:" كاكەییەكان نوێژناكەن، قورئان ناخوێنن، كەچی لەلایەن پۆلیسی فیدراڵییەوە تۆمەتباری دەكرێن بەوەی "داعش"ن، پۆلیسی فیدراڵی حەشدی شەعبیە (هێزێكی شیعە مەزهەبە)، بەڵام جلوبەرگی پۆلیسی لەبەركردووە، بۆیە فشارەكان پەیوەندی بە بیروباوەڕی كاكەییەكانەوە هەیە" . فەرەیدون كاكەیی خراپی بارودۆخی كاكەییەكان دەبەستێتەوە بە خراپی بارودۆخی كورد بەگشتی لەو ناوچانە‌و دەڵێ" راستە بارودۆخی كاكەییەكان خراپە، بەڵام بەشێوەی گشتی كورد بارودۆخی خراپە لەو ناوچانە، چونكە لە خوار داقوقەوە عەرەبە هەتا مەكەو مەدینە". كاكەییەكانی داقوق كەوتونەتە نێوان ململانێی كوردو عەرەب‌و شیعەو سونە لەو ناوچەیە، بەگوزارشتی فەرەیدون كاكەیی " بونەتە قەڵغان لە ناوچەكەدا".   دوو جینۆساید لە یەك كاتدا ! بەپێی قسەی سەرۆكی ریكخراوی (میسرا بۆ پەرەپێدان‌و رۆشنبیری یارسانی)، ئێستا كاكەییەكانی سنوری كەركوك لە یەككاتدا روبەڕووی دوو جۆر جینۆساید دەبنەوە: جینۆسایدی یەكەم: ئەمە جینۆسایدێكی فەرهەنگییە، كە خۆی دەبینێتەوە لە هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ئاینی كاكەییەكان، بەپێی قسەی رەجەب كاكەیی" ئێستا كۆماری ئیسلامی ئێران زوومی خستوەتە سەر كاكەییەكان لەو ناوچانە، هاوكات جاشی لەناو كاكەییەكان دروستكردووەو دەڵێن ئێمە شیعەین، بەتایبەت لەلایەن حەشدی شەعبی باڵی ئیرانەوە ئەو هەنگاوە دەنرێت". جینۆسایدی دووەم:  گۆڕانكاری دیموگرافییە، حەشدی شەعبی دەیەوێت كاكەییەكان دەربكات لەو ناوچانە  بەبیانوی بوونی چەكدارانی رێكخراوی "داعش"ەوە لەناوچەكە، لەبارەی بوونی "داعش" لە ناوچەكە، رەجەب كاكەیی دەڵێ:" داعش ئێستا بوونی نەماوە لەو ناوچەیە، بەڵام بەشێوەی  گروپ گروپ هەن، ئەوانە بونەتە (بەڵێندەر- مقاول) بە پارە شەڕ دەكەن، بوون‌و مانەوەی داعش تەنها بۆ بیانووە، بۆ ئەوەی بڵێن داعش لە ناوچەكە ماوەو پێویستە ئێمە لێرە بمێنین". 60%ی گوندە كاكەییەكان چۆڵكراون  لەكۆی 15 گوندی كاكەیی لە قەزای داقوق، (9) گوندیان چۆڵكراون، كە دەكاتە رێژەی (60%) گوندە كاكەییەكانی ناوچەكە. رەجەب كاكەیی وردتر قسە لە چۆڵبونی گوندە كاكەییەكانی ناوچەكە دەكات:" لە سنوری قەزای داقوقی سەربە پارێزگای كەركوك، كاكەییەكان لە (15) گوندا نیشتەجێن، كە چەكدارانی داعش لە 2014 هاتن (2) گوندی كاكەیی كەوتە دەستی داعش ئەوانیش گوندەكانی (شوكر جەیران، ئەلبو محەمەد) بوو، ئەو دوو گوندە پێش روداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر لەدەستی چەكدارانی داعش رزگاركران، بەڵام بە خاپوركراوی، لەدوای 16ی ئۆكتۆبەر هێرشكرایە سەر گوندی (سەید عەباس)و دواتر گوندەكانی (عەلوەد پاشا، شەشەكان، سەید حسێن)، هەموو ئەو گوندانە چۆڵكران، واتا (4) گوندی تری كاكەیی چۆڵكران، لەكۆی (15) گوند (6) گوندی كاكەیی چۆڵكران، بەهۆی رفاندن‌و خراپی دۆخی ئەمنی، لە مانگی 12/2017 گوندی (سەید نیعمەت)یش چۆڵی كرد، لە هاوینی 2018 گوندەكانی (شالیار، عەرم كۆیی)  بەهۆی ئەوەی خەڵكی كاكەیی لەو ناوچانە رفێنران، دواتر گوندەكانی (سەنقڕ، عەلی سەرا)ش چۆڵیانكرد، بەڵام ئەم گوندانە نیوە بە نیوە چونەتەوە. بەكۆی گشتی لە(15)گوندی كاكەیی لە ناوچەكە (9) گوند چۆڵی كردووە، (6) گوندی كاكەیی ماوە كە ئەوانیش (تۆپزاوا، مەتیق، رزگاری، عەلی سەرا، مەنقوب) هەیە، بەڵام گوندی (عەلوەت پاشا)مان هەیە بە شەو چۆڵە‌و بەرۆژ خەڵكەكەی  دەچێتەوە بۆ ئیشوكار". بەڵام فەرەیدون كاكەیی گوندە ئاوەدانەكانیش بە چۆڵكراو ئەژمار دەكات، چونكە بەوتەی ئەو" نزیكەی 60%ی كاكەییەكان لە شوێنی خۆیان نەماون، لەو 15 گوندە كاكەییەی داقوق، تەنها 6 گوندی ئاوەدان ماوەو ئەویش خێزانەكانی كەمبونەتەوەو خەریكە هەر بەتەواوی چۆڵ دەبن، گوندی(عەلی سەرا) پێشتر (200) ماڵ بوو، ئێستا تەنها (4) ماڵی تیێدا ماوە، گوندی (سەنقڕ) پێشتر (80 بۆ 90) ماڵ دەبوو ئێستا (4 بۆ 5) ماڵی تیێدا ماوە".  ژمارەیی كاكەییەكان ؟  سەرۆكی رێكخراوی (میسرا بۆ پەرەپێدان‌و رۆشنبیری یارسانی) باس لە ژمارەی گوندو خێزانی كاكەییەكان دەكات و ئاماری نافەرمی دەخاتەروو:  •    لەسنوری قەزای داقوق (15) گوندی كاكەیی هەیە، دانیشتوانی ئەو گوندانە ژمارەیان (هەزار) خێزان دەبێت. بە دانیشتوانی گوندەكان‌و كاكەییەكان ناو شاری داقوقەوە، نزیكەی (4 هەزارو 200) كەس دەبن، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی ئامارێك كە لەبەردەستی كاكەییەكاندایە‌و پێشتر كراوە، ژمارەی توركمانەكان لە سنورەكە (4 هەزار) كەس بوو، واتە كاكەییەكان ژمارەیان لە توركمانەكان زیاترە. •    دابەشبوونی جوگرافیی كاكەیی بەرێژە زۆرەكەی لە كەركوكە، كە (20 هەزار بۆ 25 هەزار) كەس دەبێت، بە ناو شاری كەركوك‌و قەزای داقوقەوە. •    دووەم زۆرترین ژمارەیی كاكەییەكان لە پارێزگای دیالەیە، بەتایبەتیش  لە قەزای خانەقین، بەپێی ئامارێك كە قایمقامیەتی ئەو قەزایە لە 2010 ئەنجامی داوە" ژمارەی دانیشتوانی خانەقین (200 هەزار) كەسە، رێژەی (7.7%)ی كاكەییە كە دەكاتە (15 هەزارو 400) هاوڵاتی كاكەیی لەو قەزایە، لە مەندەلی‌و قەزانیەو شارەبان كاكەیی هەیە. •    لە دەشتی نەینەوا كاكەیی هەیە، (5) گوندی كاكەیی لە ناوچەكەدا هەیە، بە نزیكەی (12 هەزار) كاكەیی  ئەژمار دەكرێت. •    قەزای خەبات كە هاوشانی دەشتی نەینەوایە، نزیكەی (400) ماڵی كاكەیی تێدایە، ئەمە جگە لە (4 هەزار) كاكەیی كە لەناو هەولێردا دەژین.  •    لە كەلار بەپێی ئامێرێك (670) ماڵی كاكەیی هەیە، كە نزیكەی (3 هەزار) كەس دەبن.  •    لە پارێزگای هەڵەبجە نزیكەی (450) ماڵی كاكەیی هەیە، بە نزیكەی (2 هەزار) كەس ئەژماردەكرێن.  پەنا بۆ UN دەبەن نەتەوە یەكگرتووەكان‌و یەكێتی ئەوروپا گرنگی بە پرسی كەمە نەتەوەییەكان دەدەن‌و بەردەوام نوێنەرەكانیان لە عێراق لەگەڵ كەمە نەتەوەییەكان كۆدەبنەوە. بەگوێرەی قسەی سەرۆكی ریكخراوی (میسرا بۆ پەرەپێدان‌و رۆشنبیری یارسانی)، مانگانە لەگەڵ نوێنەرانی یەكێتی ئەوروپا كۆدەبنەوەو راپۆرتی تایبەت بە رەوشی كاكەییەكانیان دەخەنە بەردەست. ئێستا كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی عێراق‌و بەشی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ چالاكوانی كەمینەكان لە بەغداد تیمێكیان دروستكردووە، رەجەب كاكەیی یەكێكە لە ئەندامانی تیمەكە‌و دەڵێ "مانگانە كۆدەبینەوە". كاكەییەكان چاویان لەوەیە نەتەوە یەكگرتووەكان دوو ئەركی لەسەرەكی لەئەستۆ بگرێت: یەكەم: بەهاناوە چونی لێقەوماوان لە حاڵەتی لەناكاودا.  دووەم: پێشكەشكردنی راوێژو رێنمایی سەبارەت بە جێبەجێكردنی ئەو یاساو پەیمان‌و راگەیەندراوانەی كە عێراق ئیمزای لەسەر كردوون. ئێستا پرۆژە یاسایەك هەیە كاری لەسەر دەكرێت، پرۆژەكە ناوی "حمایە التنوع ‌و منع التمیز" واتە پرۆژەیاسای" پاراستنی فرەیی‌و رێگریكردن لە جیاكاری"، بڕیارە ئەم پرۆژەیە بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەمەبەستی پەسەندكردنی. ئەم یاسایە ئەگەر جێبەجێ بكرێت رۆڵی دەبێت لە پاراستنی ناسنامەی كاكەییەكان، رەجەب كاكەیی باسلەوەدەكات" كاكەییەكان لەسەر رەگەزنامەكەیان موسڵمان، لەسەرەتای دروستبوونی عێراقەوە ناسنامەی ئەوان بەمشێوەیە دانراوە، سەرباری ئەمە ئێستا شیعەكان دەیانەوێت كاكەییەكان بكەن بە موسوڵمان"، ئەمە بەبۆچوونی ئەو جینۆسایدی بیروباوەڕە.


(درەو میدیا): ئەوەی لە رۆژانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا نەیكرد، لەدوای پێكهێنانی كابینەكە كردی، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی چووە پیرمام‌و لەگەڵ سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دیداری كرد. عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی دواجارو دوای ماوەیەك دابڕان سەردانی (پیرمام)ی كرد‌و لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەومیدیا)، دیدارەكەی نێوان ئەمیری كۆمەڵ‌و سەرۆكی پارتی دوای دوو هەفتە چاوەڕەوانی هاتووە، فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی‌و عەبدولستار مەجید ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی، ئەندازیاری سازدانی كۆبونەوەكە بوون. سەرچاوەیەكی باڵا  بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا سەرەتا عەلی باپیر موجامەلەیەكی زۆری مەسعود بارزانی كردووە، پێی راگەیاندووە:" ئێستا كوردستان پێویستی بە ئەزمون‌و توانی ئێوەیە، فەرموو براگەورەبە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان".  لەبەرامبەردا مەسعود بارزانی گلەیی لە عەلی باپیر كردووە، كە پێشتر پەیوەندی نێوان پارتی‌و كۆمەڵی ئیسلامی بەهێز بووە، بەڵام بۆچی‌و لەپێناو چی لە دوو ساڵی رابردوودا ئەو پەیوەندییەیان تێكداوە، تەنانەت بارزانی ئاماژەی بە رووداوەكانی (31)ی ئاب كردووە‌و باسی لەوەكردووە، ئەوكات عەلی باپیرو ئیسلامییەكان لەگەڵ پارتی بوون لەبەرامبەر یەكێتیدا. سەرچاوەكە بە (درەو میدیا) راگەیاند، ئەمیری كۆمەڵ بەشێوەی زارەكی بەڵێنی بە بارزانی داوە كە "چیتر ئەو رووداوانە دووبارەنابنەوە". (درەو میدیا) بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پەیوەند بە عەبدولستار مەجید ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كرد كە یەكێك بوو لە بەشداربووانی دیدارەكەی نێوان عەلی باپیرو مەسعود بارزانی، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ قسەیەك لەسەر كۆبونەوەكە بكات‌و رایگەیاند، هەمان ئەو قسانەی هەیە كە لە میدیای كۆمەڵ‌و پارتی لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبونەوەكە بڵاوبوەتەوە. تەلەفزیۆنی (پەیام)ی سەربە كۆمەڵی ئیسلامی لەبارەی كۆبونەوەكەوە بڵاویكردەوە" كۆبونەوەكە بۆ توندوتۆڵكردن‌و پتەوكردنی پەیوەندییە سیاسییەكانی نێوان كۆمەڵی ئیسلامی‌و پارتی دیموكرات بووە، هەردولا بوونی پەیوەندییە سیاسییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان بەوانەی بەشداری حكومەتن‌و ئەوانەش ئۆپۆزسیۆنن، بەگرنگ زانی". سایتی فەرمی مەسعود بارزانی لەبارەی كۆبونەوەكەوە نوسیویەتی:" بارودۆخی سیاسیی‌و دوا پێشهاتەكانی كوردستان‌و عێراق‌و ناوچەكە تاوتوێ كراو جەخت لە پێویستی هەماهەنگیی لایەنە كوردستانییەكان لەسەر بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان‌و خاڵە هاوبەشەكانی نێوانیان‌و بەدیهێنانی یەكڕیزیی نیشتیمانی كرایەوە". لە كۆبونەوەكەی نێوان ئەمیری كۆمەڵ‌و سەرۆكی پارتیدا، چوار كەس ئامادەبوون، لە كۆمەڵی ئیسلامی عەبدولستار مەجید ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و مەلا حەسەن ئەندامی سەركردایەتی، لە پارتیش فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی‌و عەلی حوسێن بەرپرسی مەكتەبی ناوەندیی پەیوەندییەكانی پارتی ئامادەی بوون. لە سێ ساڵی رابردوودا بەهۆی هاوهەڵوێستبوونی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا، بەتایبەتیش لە چەند پرسێكی هەستیاری وەكو یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، پەیوەندییەكانی نێوان كۆمەڵی ئیسلامی‌و پارتی دیموكراتی كوردستان گرژی تێكەوت. ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی ڤیتۆی لەسەر بەشداریكردنی كۆمەڵ لە كابینەی نوێی حكومەت دانا، هەرچەند كۆمەڵ تا دواین ساتەكان بڕیاری خۆی لەبارەی بەشداریكردن یان نەكردن لە حكومەت یەكلانەكردەوە، بەڵام پارتی دواجار كۆمەڵی بەشدار نەكرد لە حكومەت. ئەوكات سەرچاوەكان باسیان لەوەدەكرد، ئەگەر ئەمیری كۆمەڵ سەردانێكی پیرمام بكات‌و لەگەڵ بارزانی دیدار بكات، ڤیتۆكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لەسەر بەشداریكردنی كۆمەڵ لە حكومەت هەڵدەگیرێت، بەڵام ئەوكات ئەمیر سەردانی پیرمامی نەكرد. سەرباری دورخستنەوەی لە حكومەت، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەدوای جەژنی رەمەزانی رابردووەوە چەندجارێك بە تەلەفۆن لەگەڵ مەسعود بارزانی قسەی كردووە.


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف قوباد تاڵەبانی دواجار شەرمی شكاندو نیگەرانییەكانی لەبارەی دەسەڵاتی جێگری سەرۆكی حكومەتەوە گەیاندە مەكتەبی سیاسی حزبەكەی، لە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتییەوە داوا دەكرێت لێكۆڵینەوە لە مەلا بەختیار بكرێت، چەند پێشنیازێك هەیە بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی یەكێتی لە داهاتوودا، كۆنگرە بەتەوافوقی پێشوەختە بەڕێوەدەچێت یاخود بەبێ تەوافوق ؟ (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا دواین زانیارییەكان لەبارەی كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی‌و ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بڵاودەكاتەوە. 44 ساڵ‌و 4 كۆنگرە ! یەكێتی نیشتمانی كوردستان رۆژی 7ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ كۆنگرە دەكات، ئەمە بڕیاری كۆبونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبەكە بوو. پێشتر مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی رۆژی 21ی تشرینی دووەمی بۆ سازدانی كۆنگرە دیاریكرد، واتە رۆژی " شەهیدانی یەكێتی"، بەڵام ئەم پێشنیازە رەتكرایەوە. یەكێتی نیشتمانی كوردستان ساڵی 1975 دامەزراوە، واتە ئەم حزبە ئێستا تەمەنی (44 ساڵ)ە، لەم تەمەنە دورودرێژەدا تەنیا (3) كۆنگرە‌و (2) پلینیۆمی كردووە. یەكێتی لە سازدانی كۆنگرەدا تەمەڵترین حزبی سیاسییە لە هەرێمی كوردستان، رەنگە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ئەم حزبە هەر لەسەرەتاوە لە یەكگرتنی سێ ئاڕاستەو گروپی سیاسی جیاواز (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان، ‏بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان، ‏هێڵی گشتی) دروستبووە‌و هەمیشە مەترسی هەبووە لە كۆنگرەدا پارسەنگ تێكبچێت‌و حزبەكە لەبەریەك هەڵوەشێتەوە. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، كۆنگرە "بەرزترین دەسەڵاتە" لەناو حزبدا، كۆنگرە دەبێت (سێ ساڵ جارێك) سازبدرێت، بەڵام یەكێتی لە ساڵی 2010وە تاوەكو ئێستا كۆنگرەی نەبەستووە، واتە ماوەی (سێ) خولی لەسەریەك كۆنگرەی یەكێتی دواكەوتووە. نەخۆشكەوتن‌و دواتریش مردنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی حزبەكە‌و كارەكتەری بەهێزو كۆكەرەوەی یەكێتی، پاڵنەری سەرەكی دواكەوتنی كۆنگرەكانی یەكێتی بوو، هەندێك لە یەكێتییەكان باس لە هۆكاری تریش دەكەن لە نمونەی قەیرانی دارایی‌و شەڕی "داعش"‌و دواتریش ریفراندۆم‌و تێكچونی بارودۆخی ناوچە جێناكۆكەكان. تەوافوقێكی پێشوەختە ! لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا بڕیاردرا، كۆنگرە بەبێ تەوافوق‌و رێككەوتنی پێشوەختە بەڕێوەبچێت، بەڵام لە بنەڕەتەوە بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا) دیاریكردنی رۆژی سازدانی كۆنگرە لە كۆتا مانگی ئەمساڵدا لەسەر بنەمای رێككەوتنێكی پێشوەختە بووە. (درەو میدیا) زانیویەتی، ئەندامانی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی بریتین لەم كەسانە: •    حاكم قادر حەمەجان  •    ئەرسەلان بایز  •    رزگار عەلی  •    رەفعەت عەبدوڵا •    دلێری سەید مەجید ناوی (ئەرسەلان بایز)و (رزگار عەلی) لە كۆبونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا بۆ لیستی ئامادەكارانی كۆنگرە زیادكراوە. ئەوەی تائێستا كراوە تەنیا تەوافوقە لەسەر رۆژی سازدانی كۆنگرە، چەندین تەوافوقی تر ماوە كە تاوەكو رۆژی سازدانی كۆنگرە لەنێوان سەركردەكانی یەكێتیدا دەكرێت، لەوانە تەوافوق لەسەر ئەندامانی كۆنگرە‌و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی یەكێتی‌و سیاسەتی یەكێتی.. یەكێتی چۆن بەڕێوەدەبرێت ؟ سەرباری ناكۆكییە قوڵەكانیان، سەركردەكانی یەكێتی لەسەر رۆژی سازدانی كۆنگرە رێككەوتن، بەڵام هێشتا رێككەوتنی تەواوەتییان نەكردووە لەبارەی ئەوەی لە كۆنگرەدا دەیانەوێت حزبەكەیان بەرەو چ ئاڕاستەیەك ببەن، چۆنیەتی بەڕێوەبردنی حزبیش هێشتا یەكلانەبووەتەوە‌و پێشنیازی جیاواز هەیە لەبارەیەوە، ئەمە لەكاتێكدایە هەندێك داوا دەكەن بەبێ هیچ رێككەوتنێكی پێشوەختە كۆنگرە بەڕێوەبچێت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، چەند پێشنیازێك هەن لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی یەكێتی لە داهاتوودا، دوان لەوانە پێشنیازی دیارن. پێشنیازی یەكەم: یەكێتی هاوشێوەی رابردوو یەك سكرتێری هەبێت، هەندێك لەوانەی پێشنیازی یەك سكرتێری بۆ یەكێتی دەكەن، داوا دەكەن بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، لە كۆنگرە وەك سكرتێری یەكێتی هەڵبژێردرێت بافڵ تاڵەبانی و شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ بكرێن بە جێگرانی، ئەمە لە ئەگەری دانیشتنی كۆسرەت رەسوڵدا ( هەندێك زانیاری باس لەوە دەكەن كۆسرەت رەسوڵ دەیەوێت لەدوای كۆنگرەی چوارەمەوە بەیەكجاری دابنیشێت، درەو میدیا ناتوانێت راستی ئەم بابەتە پشتڕاست بكاتەوە).  لەبەرامبەردا هەندێكی تر داوا دەكەن كۆسرەت رەسوڵ پۆستی سكرتێری گشتی یەكێتی. پێشنیازی دووەم: یەكێتی بەشێوەی هاوسەرۆكایەتی بەڕێوەببرێت، مۆدێلەكەی پەكەكە‌و حزبەكانی نزیك لە پەكەكە، هەندێك لەوانەی ئەم پێشنیازە دەكەن دەڵێن "با یەكێتی دوو سكرتێری هەبێت، یەكێكیان سكرتێری حزب بێت لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستان، ئەوی تریان سكرتێری بێت لەسەر ئاستی دەرەوە"، بۆ نمونە كۆسرەت رەسوڵ ببێت بە سكرتێری حزب لە ناوخۆ‌و بەرهەم ساڵح سكرتێر بێت لەسەر ئاستی دەرەوە. راپۆرتەكەی قوباد تاڵەبانی ! رۆژێك پێش كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی، مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبووەوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لەچەند سەرچاوەیەكی باڵاوە لەناو یەكێتی دەست (درەو میدیا) كەوتووە، لەو كۆبونەوەیەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان‌و سەرۆكی تیمی یەكێتی لە حكومەت راپۆرتێكی خوێندوەتەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، لە راپۆرتەكەیدا بەناڕاستەوخۆ رەخنەی لە تیمی دانوستانكاری یەكێتی گرتووە كە نەیانتوانیوە رێككەوتنێكی كۆنكرێتی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بكەن سەبارەت بە پشكەكانی یەكێتی لە حكومەت. قوبادد تاڵەبانی باسی لەوەكردووە، رێككەوتنی نێوان پارتی‌و یەكێتی لەبارەی كابینەی نوێی حكومەتەوە بە نیوەناچڵی جێبەجێكراوە‌و یەكێتی هاوبەشی راستەقینە نیە لە حكومەتداو تەواوی بڕیارەكان لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتەوە دەدرێت، هیچ دەسەڵاتێكی بە جێگرەكەی نەداوە. لە كۆبونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی بە نوسراوێك كەموكورتییەكانی رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتی‌و پارتی‌و رێگرییەكانی خستوەتە بەردەم مەكتەبی سیاسی. لەدوای كۆبونەوەكە، مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەیاننامەیەكی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە، تێیدا هاتووە:" جەختكرایەوە لەسەر جێبەجێكردنی تەواوی ناوەڕۆكی رێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتی‌و پارتی‌و كارنامەی حكومەت"، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لە كۆبونەوەكەدا یەكێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی لە وەڵامی راپۆرتەكەی قوباد تاڵەبانیدا وتویەتی:" وەفدی دانوستانكار لەسەر وەرگرتنی پشكی یەكێتی لە حكومەت شەڕی كردووە‌و ئەوە ئەركی ئەوانە داوای ئەو دەسەڵاتانە بكەن كە لە پۆستەكاندا پێیاندراوە". لێكۆڵینەوە لە مەلا بەختیار لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا، لەپاڵ باسی سازدانی كۆنگرەی چوار، مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی كرا بە تەوەرێكی تری كۆبونەوەكە. سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، یەكێك لە ئەندامانی سەركردایەتی (ناوەكەی لای درەو میدیا پارێزراوە) لە كۆبونەوەكەدا داوای كردووە رونكردنەوە بدرێت لەبارەی قسەكانی مەلا بەختیار سەبارەت بە رێككەوتنی یەكێتی‌و پارتی سەبارەت بە باسنەكردنی بابەتی (31)ی ئاب لەلایەن یەكێتییەكانەوە، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی وەڵامی داوەتەوە‌و وتویەتی:" هێندەی ئەو ئاگادار بێت یەكێتی هیچ رێككەوتنێكی لەوجۆرەی لەگەڵ پارتی نەكردووە"، پاشان لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی دەزگای زانیاری پشتیوانی بۆچونی ئەندامەكەی سەركردایەتی كردووە‌و داوای كردووە لێكۆڵینەوە لە مەلا بەختیار بكرێت سەبارەت بە چەند دۆسیەیەك. بڕیاردراوە لێكۆڵینەوە لەگەڵ مەلا بەختیار بكرێت، ئەوانەی ئەركی لێكۆڵینەوەكەیان پێسپێردراوە هەمان ئەو كەسانەن كە لێكۆڵینەوە لە سیروانی كوێخا نەجم بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە چەمچەماڵ دەكەن كە ماوەی دوو هەفتەیە لە قەلاچۆلان لەسەر چەند تۆمەتێك دەستگیركراوە. ئەندامانی لیژنەكەی لێكۆڵینەوەكەی ئەمانەن:   * حاكم قادر- ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی  * فەرید ئەسەسەرد-  ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی *  لەتیف شێخ عومەر- ئەندامی سەركردایەتی و وتەبێژی یەكێتی * ئەندامێكی دەزگای زانیاری ئەوانەی داوای لێكۆڵینەوە لە مەلا بەختیار دەكەن، چەند تۆمەتێك ئاڕاستەی ناوبراو دەكەن كە ئەمانەن:  •    هەوڵدان بۆ دروستكردنی پشێوی‌و تێكدانانی دۆخی ناوخۆی یەكێتی  •    تێكدانی رێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان لە رابردوودا •    كاركردن بۆ بەرژەوەندییەكانی پارتی‌و بوونی پەیوەندی نهێنی لەگەڵ پارتی  •    وەرگرتنی بڕی (2 ملیۆن) دۆلار لە پارتی‌و چەند جارێكی تریش وەرگرتنی پارە لە هەمان سەرچاوە •    پێدانی شوناسی خیانەت بە مام جەلال و بەراوردی بە 31ی ئاب لە وتارێكدا كە بەمدواییە لەیادی رووداوەكانی (31)ی ئابدا بڵاویكردەوە  هەوڵدان بۆ لێكۆڵینەوە لە مەلا بەختیار، دوای كۆبونەوەیەك دێت كە رۆژی هەینی رابردوو، بە دەستپێشخەرییەكی بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی، لە ماڵی "مام جەلال" لە دەباشان مەلا بەختیارو بەرهەم ساڵح كۆبونەوە. كۆبونەوەكە بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو كارەكتەرەی ناو سەركردایەتی یەكێتی بوو، كە لەدوای یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار لە ئەنجومەنی سەركردایەتی لەنێوانیان دروستبوو. بۆیە لە سەركردایەتی یەكێتی هەوڵی لێكۆڵینەوە لە مەلا بەختیار زیاتر وەكو بابەتێكی پەیوەندیدار بە كۆنگرە تەماشا دەكرێت، وەك لە هەوڵێكی جددی بەرهەمدار. 


راپۆرت: محەمەد رەئوف - فازڵ حەمەرەفعەت  زەمەنی "دەوڵەتمەدار" لەناو پارتی بەرەو نەمان دەچێت‌و سەردەمی "براگەورە" دەستیپێكرد، بەپێی بەدواداچونێكی (درەو میدیا) ئێستا نێچیرڤان بارزانی جڵەوی دەسەڵاتی (پارە، نەوت، هێز، ئاسایش، دەرەوە، ناوخۆ)ی لەدەستدا نەماوە، ئەوەی كە بۆی ماوەتەوە تەنیا توانا بەهێزەكەی خۆیەتی لە خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخە سەختەكان‌و گەڕانەوە بۆ ناو گەمەكان دوای كردنەدەرەوەی.  كوژانەوەی زەمەنی دەوڵەتمەدار 10ی تەموزی رابردوو، مەسرور بارزانی كە پارتییەكان پێی دەڵێن "برا گەورە" كۆتایی بەماوەی (17 ساڵ) حوكمڕانی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای هێنا لە سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم كوردستان، حوكمڕانییەك كە دۆستەكانی نێچیرڤان بارزانی بە "دەوڵەتمەدار" ناویان دەبرد. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، لەگەڵ دوركەوتنەوەی لە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت، نێچیرڤان بارزانی وردە وردە خەریكە خۆری دەسەڵاتی لە ناو حزب‌و دەسەڵات بەشێوەیەكی گشتی بەرەو ئاوابوون دەچێت. نێچیرڤان لە كوێوە بۆ كوێ ؟ نێچیرڤان بارزانی كوڕی ئیدریس بارزانی كوڕی مستەفا بارزانییە، ئەو بەهۆی ناكۆكی بنەماڵەییەوە چەندینجار لە مەسعود بارزانی مامی زویر بووە‌و چوەتە دەرەوەى وڵات. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەندازیاری گەڕاندنەوەی نێچیرڤان بارزانی بووە بۆ ناو یەكەی حوكمڕانی بنەماڵەی بارزانی. چەند كەسێك لە نزیكەكانی تاڵەبانی كە (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ كردوون، لەبارەی دۆستایەتی تاڵەبانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی باسلەوە دەكەن، ئەوكات تاڵەبانی باوەڕی وابووە نێچیرڤان بارزانی تاكە كەسە لەناو بنەماڵەی بارزانیدا كە جیاواز بیردەكاتەوە‌و ئەوان (یەكێتی) دەتوانن سودی لێ ببینن بۆ لێدان لە دەسەڵاتی مەسعود بارزانی‌و هێنانەدی هەندێك كرانەوەی سیاسی لەناو بنەماڵەی بارزانیدا. نێچیرڤان بارزانی لە چەندین دیداری رۆژنامەوانیدا باسی لە رۆڵی "مام جەلال" كردووە لەسەر گەشەی كەسایەتی ئەو، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بوبێت كە ئێستا نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت هەمان رۆڵ بۆ (قوباد تاڵەبانی) كوڕی جەلال تاڵەبانی بگێڕێت. (زانیارییەكان باسلەوە دەكەن نێچیرڤان بارزانی رۆڵی بینیووە لە راكێشانی قوباد تاڵەبانی بۆ ناو حكومەت‌و گەڕاندنەوەی لە ئەمریكاوە بۆ هەرێمی كوردستان، ئێستا ئەو دوو كارەكتەرە دۆستایەتییەكی بەهێز لەنێوانیاندا هەیە). ساڵی 1996 بۆ یەكەمینجار نێچیرڤان بارزانی كرا بە جێگری سەرۆكی حكومەت، ئەوە حكومەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو لەدوای رووداوەكانی (31)ی ئاب، رۆژ نوری شاوەیس سەرۆكایەتی حكومەتەكەی دەكرد، واتە نێچیرڤان بارزانی سەرەتای كاركردنی لەناو حكومەت بە سێ ساڵ كاركردن لە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت دەستپێكرد. ساڵی 1999 پارتی جارێكی تر حكومەتی لە زۆنی خۆی دروستكردەوە، ئەمجارە نێچیرڤان بارزانی كرا بە سەرۆكی حكومەتەكە، ساڵی 2005 یەكێتی‌و پارتی رێككەوتن لەسەر كۆتایهێنان بە دوو ئیدارەیی لە هەرێمی كوردستان‌و بڕیاریاندا حكومەتەكانیان یەكبخەن، لێرەوە نێچیرڤان بارزانی لە سەرۆكایەتی حكومەتی پارتییەوە بوو بە سەرۆكی حكومەتی سەرتاسەری هەرێمی كوردستان‌و حوكمدارێتییەكەی بەردەوام بوو تاوەكو مانگی تەموزی ئەمساڵ)، واتە بەشێوەیەكی گشتی لە ساڵی 1999 وە بۆ 2019 سەرۆكی حكومەت بووە، جگە لە دوو ساڵ كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی حكومەتی كردووە لەنێوان (2010 بۆ 2012). نێچیرڤان بارزانی لە لوتكەدا ! لەماوەی 17 ساڵی سەرۆكایەتیكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا نێچیرڤان بارزانی دەسەڵاتی گەورەی ئابوری بەدەستەوە بووە، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە كارەكتەری ژمارە (یەك)ی هەرێمی كوردستان نەبووە، هەمیشە سێبەری مەسعود بارزانی مامی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستانی باڵی بەسەردا كێشاوە، ئەمە جگە لە دامەزراوەی پەرلەمان كە بەمدواییە‌و دوای دروستبوونی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆن بەهێز بە سەرۆكایەتی بزوتنەوەی گۆڕان، لە پاڵ سەرۆكایەتی هەرێمدا سێبەری خستەسەر دەسەڵاتەكانی نێچیرڤان بارزانی لە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەتدا. ئەوەی لەماوەی دورودرێژەی سەرۆكایەتی حكومەت پێی نەگەیشت، لە كۆتایی دەسەڵاتەكەی لە پۆستی سەرۆكی حكومەت پێی گەیشت، نێچیرڤان بارزانی لەدوای ریفراندۆم‌و روداوەكانی (16)ی ئۆكتۆبەر بوو بە كارەكتەری ژمارە (یەك) لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، بەهۆی ریفراندۆمەوە، لە رۆژی (16)ی ئۆكتۆبەری 2017 كورد لە عێراق رێژەی 51%ی خاكەكەی لەدەستدا، ئەمە‌و فشارە هەرێمی‌و نێودەوڵەتییەكان مەسعود بارزانیان ناچاركرد دەست لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم بكێشێتەوە،  بارزانی لە 29ی ئۆكتۆبەری 2017 دەستی لەكاركێشایەوە‌و دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم بەپێی یاسایەك لەنێوان سەرۆكایەتی حكومەت‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و دەسەڵاتی دادوەریدا دابەشكرا (زۆرینەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم درا بە سەرۆكی حكومەت واتە نێچیرڤان بارزانی). لێرە بەدواوە نێچیرڤان بارزانی سەرباری ئەوەی بەپێی یاسا بووە بە خاوەنی زۆرترین دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان، لەڕووی سیاسیشەوە پێگەی بەهێز تر بوو، دیپلۆماتكاران كە بەهۆی ریفراندۆمەوە بە مەسعود بارزانی نیگەران بووبوون، پەیتا پەیتا سەردانی‌و دیداریان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی دەكرد، تا ئەو رادەیەی نێچیرڤان بارزانی خۆشی هەستی بەمەترسی توڕەبوونی مەسعود بارزانی مامی دەكرد‌و هەواڵی ئەو دیدارە سیاسییانەی پشتی پەردەی لە كەناڵەكەیەوە (رووداو) بڵاونەدەكردەوە، بۆ خوبەدورگرتن بە توڕەبوونی مامی. لەو ساڵەدا نێچیرڤان بارزانی گەیشتە لوتكە، تەنانەت  بەرپرسانی مەكتەبی سیاسی پارتیش وەكو "ئەندازیاری هەستانەوەی هەرێم لەدوای ریفراندۆم" وەسفیان دەكرد‌و وەكو "دیپلۆماتكارێكی گەورە" ناویان دەبرد، ئەوكات پارتییەكانیش چاویان لەسەر جموجوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی بوو. سەرەتای كوژراندنەوەی نێچیرڤان لەدوای پاشەكشەی بارزانی باوكەوە، زەمەنی درەوشانەوەی نێچیرڤان بارزانی زۆری نەخایاند، هەرزوو بارزانی كوڕ (مەسرور بارزانی) هاتە ناو گۆڕەپانەكەوە. مەسرور بارزانی لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018ی پەرلەمانی عێراقدا بۆ یەكەمینجار بەهێزەوە هاتەبەردەم جەماوەری حزبەكەی، لەبری باوكی لە زۆربەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا بەشدار دەبوو، لەو كاتەوە پلانی لە قاڵبدانی نێچیرڤان بارزانی دەستیپێكرد، سەرەتاش بە هەوڵی بەمەرجەعكردنی بارزانی باوك (مەسعود بارزانی) دواتریش بە خۆكاندیدكردنی بارزانی كوڕ (مەسرور بارزانی) بۆ سەرۆكی حكومەت. ئێستا كە نێچییرڤان بارزانی ماوەی نزیكەی سێ مانگە لە پۆستی سەرۆكی هەرێم دەستبەكاربووە، مەسعود بارزانی هەمان مومارەسەی كاری پێشتری خۆی دەكات وەكو سەرۆكی هەرێم، لەناو هەمان تەلارو لە هەمان پێگەوە دیداری سیاسی ئەەنجام دەدات، نێچیرڤان بارزانیش هێشتا دیارنییە لە چ بینایەكدا سەرۆكایەتییەكەی دەكات.  مەسرور بارزانیش دەستی نێچیرڤانی لە حكومەتدا بڕیوە، واتا بە باوك‌و كوڕ هیچ دەسەڵاتێكیان بۆ برازا (نێچیرڤان بارزانی) نەهێشتوەتەوە. ریشەكێشكردنی نێچیرڤان لە حكومەت مەسرور بارزانی تەنها كۆتایی بە هەژمونی 17 ساڵەی نێچیرڤان بارزانی نەهێناوە لە حكومەتدا، رەگوریشەی نێچیرییەكانی لە حكومەت هەڵكێشا، مەسرور بارزانی كە هات لەگەڵ خۆیدا كۆمەڵێك دەموچاوی نوێی هێنا‌و لەبەرامبەردا تیمی نێچیرڤان بارزانی لە حكومەت دورخستەوە، كە زۆربەیان تەمەنیان لەگەڵ تەمەنی حكومەتەكەی نێچیرڤان بارزانیدا بوو. مەسرور بارزانی بە ستافێكی تۆكمەی دەوری خۆی كۆنترۆڵی ئەنجومەنی وەزیرانی كرد، بەمشێوەیە: •    رێبەر ئەحمەد- وەزیری ناوخۆ •    شەعبان شەعبان چالی- بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆك وەزیران •    ئومێد سەباح - سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران •    د. محەمەد شوكری محەمەد سەعید- سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان •    د. عەبدولحەكیم خەسرۆ- سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی‌و بەدواداچوون •    د. جوتیار عادل ئاكرەیی - وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان •    نورەدین سەعید وەیسی- بەڕێوەبەری نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران •    ئالان حەمە سەعید- وەزیری پەروەردە •    سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی •    ساسان عەونی- وەزیری شارەوانی •    ئانۆ جەوهەر- وەزیری گواستنەوە •    پشتیوان سادق- وەزیری ئەوقاف •    كەمال محەمەد- وەزیری كارەبا ئەوانەی كە سەربە نێچیرڤان بارزانی بوون‌و لەم كابینە نوێیەدا لەلایەن مەسرور بارزانییەوە دورخراونەتەوە بریتین لە ئەمانەن: •    كەریم سنجاری- وەزیری ناوخۆ •    فەلاح مستەفا- پەیوەندییەكانی دەرەوە •    نێچیرڤان ئەحمەد- سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران •    نوری عوسمان- سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی‌و بەدواداچون لەئەنجومەنی وەزیران •    دورخستنەوەی ئاشتی هەورامی لە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان  نێچیرڤان بارزانی لە حزبدا دوای لەدەستدانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نیچێرڤان بارزانی وردە وردە پێگە حزبییەكەشی بەرەو لاوازبوون دەچێت. دواین كۆنگرەی پارتی لە ساڵی 2010 بەڕێوەچوو، ئەوە كۆنگرەی (13)ی حزب بوو، لەم كۆنگرەیەدا بە تەزكییەی مەسعود بارزانی‌و بەبێ دەنگدان نێچیرڤان بارزانی كرا بە جێگری سەرۆكی پارتی، بەڵام جێگرێك بەبێ پەڕو باڵ، چونكە هەر لەو كۆنگرەیەدا زۆربەی دۆستەكانی نێچیرڤان لە پۆستە حزبییەكان دورخرانەوە لەوانە: (رەشید تاهیر، نوری عوسمان، سەرباز هەورامی و چەندین كارەكتەری سیاسی تر)، بەڵام نێچیرڤان بارزانی بەوە ناسراوە كاتێك بابەتەكە دەگاتە چارەنوسی خۆی، هاوڕێكانی لە نیوەی رێگا بەجێدەهێڵێت. بەهێزی پێگەی مەسرور بارزانی لەناو پارتی كاریگەری لەسەر پێگەو رۆڵی نێچیرڤان بارزانی دەبێت لە داهاتوودا (ئەگەر پارتی كۆنگرەی 14ی گرێبدات كە لەوادەی دیاریكراوی خۆی دواكەوتووە)، لاوازبوونی پێگەی نێچیرڤان لەناو پارتیدا بەشێكی بەهۆی ترسی پارتییەكانە لە هەژمونی ئەمنی مەسرور بارزانی، بەشێكی تری پەیوەندی بەوەوە هەیە متمانەیان بە نێچیرڤان بارزانی لەدەستداوە‌و ترسیان هەیە لەنیوەی رێگاكەدا بەجێیان بهێڵێت. ئێستا نێچیرڤان بارزانی دەستی لە حزب‌و حكومەت بەتەواوی كورتكراوەتەوە، تەنها پۆستێكی پرۆتۆكۆڵی تەشریفاتی بۆ ماوەتەوە، كە بەشی زۆری ئەركەكەی  مامی (مەسعود بارزانی) دەیگێڕێت.  دارایی نێچیرڤان لەبەردەم مەترسیدا پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، چ لەئاستی حزب‌و چ حكومەت، تەنیا مامەڵە لەگەڵ دوو بانك دەكات: •    بانكی كوردستانی نێودەوڵەتی‌ •    ئاڕ تی بانك ئێستا كە مەسرور بارزانی لە پۆستی سەرۆكی حكومەت دەستبەكاربووە، زیاتر (ئاڕ تی بانك) بەلای پارتیەكانەوە جێگەی سەرنجە، بەوتەی پەرلەمانتاران مانگانە لەپارەی داهاتی نەوت كە ئاڵوگۆڕی دراوی تایبەت بە داهاتی نەوت دەكرێت نزیكەی (35 ملیۆن) دۆلار قازانج دەكرێت.  گەشەپێدان‌و گەورەكردنی (ئاڕ تی بانك) بۆ لێدان بوو لە (بانكی كوردستانی نێودەوڵەتی) كە ساڵانێك لەپەنای نێچیرڤان بارزانیدا گەورەبووە‌و بووە بەیەكێك لەبراندە گەورەكانی عێراق لەبواری بانكیدا‌و قازانجێكی خەیاڵی كرد. ئێستا (ئاڕ تی بانك) لە پەنای مەسرور بارزانیدا دەیەوێت رۆڵی ساڵانی رابردووی (بانكی كوردستان) بگێڕێت، بەم هەنگاوە نێچیرڤان خاڵی بەهێزی خۆی لەدەستدەدات كە دارایی‌و گەمەكردنە بە سەرمایە بۆ راگرتنی سیاسەت، خاڵێك كە نێچیرڤان بارزانی پێناسەی تایبەتی خۆی بۆی هەیە‌و پێیوایە "هەر كەسێك كە نەكڕدراوە، نرخی خۆی پێنەدراوە". نێچیرڤان‌و دەسەڵاتی ئەمنیی  بەپێی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2011ی یاسای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانی عێراق، ئەنجومەنی ئاسایش كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد وابەستەیە بە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە. واتە ئێستا كە مەسرور بارزانی بووەتە سەرۆكی حكومەت بەپێی یاسا دەبێت لەژێر كۆنترۆڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمدا بێت. بەڵام ئەو ئەنجومەنە لەدوای رۆشتنی مەسرور بارزانی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت تائێستا نە سەرۆكی دانراوەو نە ئەنجومەنەكەش رادەستی سەرۆكایەتی هەرێمكراوە. مەسرور بارزانی ئەنجومەنی ئاسایشی بەتەواوی كارمەندو دامەزراوەكەوە لەگەڵ خۆیدا بردوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران‌و دەیەوێت بە یاسایەكیش لەداهاتوودا لەژێر دەستی سەرۆكایەتی هەرێم دەریبهێنێت‌و بیخاتە سەر ئەنجومەنی وەزیران.  ئێستا نێچیرڤان بارزانی جڵەوی دەسەڵاتی (پارە، نەوت، هێز، ئاسایش، دەرەوە، ناوخۆ)ی لەدەستدا نەماوە، ئەوەی كە بۆی ماوەتەوە تەنیا توانا بەهێزەكەی خۆیەتی لە خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخە سەختەكان‌و گەڕانەوە بۆ ناو گەمەكان دوای كردنەدەرەوەی. 


درەو میدیا:  لە ماڵی مام جەلال لە دەباشان، بەرهەم ساڵح و مەلا بەخیتار كۆبونەوەیەكی ئاساییان كردووە. سەرچاوەیەك لە یەكێتی نیتشیمانی كوردستان بە( درەو میدیا)ی راگەیاند" لە چوارەچێوەی پرۆسەی ئاشتبونەوەی نێوان سەركردە زویر بوەكانی یەكێتی، ئەمڕۆ لەماڵی مام جەلال و لەسەر داوای بافڵ تاڵەبانی، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی و مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، دانیشتنێكی تایبەتیانكردووە، بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان كە ماوەیەك بوو ساردی كەوتبوە نێوانیانەوە" ناكۆكی نێوان  بەرهەم ساڵح و مەلا بەختیار لەدوای گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆناو یەكێتی و كاندیدبونی بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق درووست بوو، رۆژی 19ی ئەیلولی 2018، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بە زۆرینەی دەنگ د. بەرهەم ساڵحی وەك كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق یەكلاكردەوە و دواتر لە 2ی ئۆكتۆبەری 2018 بە سەرۆككۆماری عێراق هەڵبژێردرا، مەلا بەختیار بڕیاریدابوو خۆی كاندید بكات بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق، بەڵام بەهۆی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆناو یەكێتی و كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق، بەتەواوی چانسی مەلا بەخیتاری بۆ بون بەسەرۆككۆماری نەهێشت و بەهۆیەشەوە مەلا بەختیار نیگەرانی خۆی لە یەكێتی راگەیاندوو، لە ماڵی خۆی دانیشت. 



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand