Draw Media

ئازادیی جلووبەرگ لە ئێراندا .. کاردانەوەکانی سیاسەتی سەپاندنی پۆشاک

ئازادیی جلووبەرگ لە ئێراندا .. کاردانەوەکانی سیاسەتی سەپاندنی پۆشاک

2021-01-24 18:21:17


شرۆڤە: هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو دەینوسێت) 


لەنێو ڕژێمە ئێرانییەکاندا، گەرچی سیاسەتی سەپاندنی و لابردنی پۆشاکییان بەسەر هاووڵاتییاندا وەک یەک نەبووە و ڕژێمێک بۆ ئەوی دیکە جیاواز و بگرە پێچەوانەش بووە، بەڵام هەموویان لە یەک دیاردەدا هاوبەش بوون کە دەستوەردەدەنە نێو ئازادیی کۆمەڵگە و تاکەکانیەوە، لەڕێی سەپاندنەوە هاووڵاتی یان جلی پێداکەنراوە یان پێی لەبەرکراوە!
ڕەنگە کەم وڵات هەبێت هێندەی ئێران، بەهۆی سیاسەتی کولتووری پۆشین و جۆری جلوبەرگەوە، ڕووبەڕووی خەڵکەکەی بووبێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەم سیاسەتی سەپاندنی شێوە و جۆری پۆشاک بەردەوامە و هەم بەرەنگاریی کولتووری نەیارانیشی درێژەی هەیە، ئێرانییەکان بە گشتی و کوردەکان بە تایبەتی لەم بوارەدا ئەزموونی پڕهەوراز و نشێوی زۆریان دیووە.
ئێران لە هەرسێ سەردەمی قاجار، پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیدا هەمیشە لەگەڵ هەندێک لە نەتەوەکان و بەشێک لە توێژەکانی کۆمەڵگەدا بەهۆی هەردوو پرسی نەتەوەیی و مەسەلەی ئایینی و دژە ئایینییەوە لەکێشەدا بووە، سەردەمانێک بەهۆی سیاسەتی یەکنەتەوەکردنی و درووستکردنی زۆرملێیانەی نەتەوەیەک بەناوی ئێرانییەوە، جل وکڵاوێکی تایبەت بەسەریاندا سەپێنراوە، ماوەیەکیش لەگەڵ جلی فەقێ و مەلاکانیدا کەوتە کێشەوە و دەیووت نابێت لەبەرکرێن، سەردەمانێکیش بەناوی مۆدێرنەوە عەبا و ڕووبەند بەزۆر لەسەر و ڕووی ژنان دەهێنرایەخوارەوە، هەنووکەش لەگەڵ جلی ژناندا کێشەی هەیە و بە پێچەوانەی سەردەمی پەهلەوی یەکەمەوە، کە ڕووبەندی پێلادەبردن، ئێستا بەزۆر دەدرێ بە ڕوو و سەری ژناندا و سەرپێچیکاران لە سزای مادییەوە تا زیندان و بە تاوانی "مفسد فی الارض" دەکرێنە کونجی زیندانەوە. هاوکات جۆری جلوبەرگی نەتەوە نافارسەکانیش دیسان جارناجار سەرهەڵدەداتەوە و زۆرجار ئەو نەتەوانە(کورد، بەلوچ و عەرەب) لەلایەک و دەوڵەت و فارسەکان لەلایەکی دی دەخاتە بەرامبەر یەکەوە و دەچێتە لێواری تەقینەوە و تووندووتیژی لێدەکەوێتەوە. بەڵام ئەم سیاسەتەی دوواییان زۆر نەرمتر و ژێربەژێر دەکرێت و زۆرجار لە رێگەی میدیا و میوانەکانی ئیهانەی جلووبەرگ و نەریت و کەلەپووری گەلانی دیکەی ئێران دەکرێت. بۆ نموونە سووکایەتی بە نەریت و جلووبەرگی بەلووچ، عەرەب و کورد، لەم ساڵانەی دوواییدا بە جۆری جیاواز لە میدیا و لە زمانی فیگەرە هونەری و میدیاییەکانەوە کێشەی خوڵقاندووە.
لانیکەم لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا مەسەلەی جلوبەرگ شەش ڕاپەڕین و خۆپیشاندانی تووندووتیژی بە دوای خۆیدا هێناوە( ڕاپەڕینی مەلاخەلیل، ناڕەزایی شێخ نەسرەدینی خالسی، ڕاپەڕینی گەوهەرشاد، خۆپیشاندانەکانی دژایەتی سەپاندنی حیجاب لە ساڵانی سەرەتای شۆڕشی ئیسلامیدا، کەمپینەکانی ٢٠١٤ و ٢٠١٨ی ناڕەزاییەکانی ژنان بۆ ماف لابردنی لەچکسەپێنی)، دووان لەوانە بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی ئەو وڵاتەدا بووە و ڕاپەڕینی چەکداریشی لێکوتووەتەوە. 

جلوبەرگ وەک سیاسەتی مەزهەبیی دەوڵەت
هەردوو دەوڵەتی قاجار و کۆماری ئیسلامی ئێران، بە پێچەوانەی دەوڵەتی پەهلەوییەوە، تاڕادەیەکی زۆر ئاینزای شیعە ڕۆلێ کاریگەریی هەبووە لە سیاسەتی کولتووریاندا:
١. لەسەردەمی دەوڵەتی قاجارەوە، مەسەلەی جۆری جلووبەرگی سەربازان و ژنان بوویە پرسێک، بەڵام لە چوارچێوەیەکی سنوورداردا و لە دۆخی خۆیدا دەنگدانەوەیەکی وا کاریگەریی لێنەکەوتەوە. 
جۆری جلوبەرگی ژنان، بەشێک بووە لە تەگەرەکانی بەردەم سیاسەتی کولتووری حکومەت و کۆمەڵگەی قاجار، لە سەردەمی قاجاردا بەهۆی باڵادەستی مەزهەبی شیعەوە و هەژموونی ئەخبارییەکان(بناژۆخوازە کلاسیکییەن)، ڕووبەند (مقناع) و عەبا وەک ڕووپۆشی ڕووخساری ژنان بەکاردەهێنرا، بەتایبەت لە ناوچە فارسنشین، عەرەب، ئازەرییەکاندا، بە نزیکەیی ڕەها سەرجەمی ژنان بە ڕووبەندەوە دەچوونە دەرەوەی ماڵ و بازاڕ و کایەگشتییەکانەوە (گەر بڕۆشتنایە)، ئەمەش بەشێک بوو لە سیاسەتیی کولتووریی دەوڵەت و سیاسەتی مەزهەبی دەزگایی ئایینی ئەودەم، یەکەمین ژنی یاخی و دژەباو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە کە سەپێنرابوو بەسەر ژناندا، "تاهیرە قورەتولعەین" بوو کە ژنێکی پێرەوی بابیی بوو، لە ساڵی ١٨٤٩ز(1227)، بۆ یەکەمجار بە بێ ڕووبەند لە ناو خەڵکدا خۆی دەرخست و دەسگیرکرا، پاشتریش تۆمەتی دەستهەبوونی لە کوشتنی مامیشی خرایە پاڵ،  لەسەردەمی ناسرەدین شای قاجاردا لە سێدارەدانی بۆ لە ساڵی١٩٥٢دا بۆ دەرکرا، دەوترێت خنکێنراوە و تەرمەکەی فڕێدراوەتە یەکێک لە چاڵەکانی تارانەوە.
٢. لەسەردەمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشدا، پاش ئەوەی شۆڕشی نەتەوەکانی ئێران ساڵی ١٩٧٩ پێکەوە ئەنجامیاندا و سەرجەم هێزە ئازیخوازە نەتەوەیی و مەزهەبی و چەپەکان بەشداربوون، بەڵام پاشتر و زاڵی باڵی شیعە مەزهەبییەکان ئاراستە و ئامانجی شۆڕشیان بە دیووی ئیسلامییدا گۆڕی و دەستوورێکی ئیسلامی/شیعی/دوانزەئیمانی/ویلایەتی فەقیهییان بۆ داڕشت و لەو چوارچێوەیەشدا چەندین ڕێوڕەسمی کولتووریی و پێچەوانەی شیعە یان ئیسلام قەدەغەکران، لەوانەش سیاسەتێکی تووندی جلووبەرگ بەسەر ژناندا سەپێنرا و مەسەلەی بێلەچکی قەدەغەکرا و سیاسەتی سەپاندنی حیجابی ئیجباری سەپێنرا لە ڕێی یاسا و دەزگای گەشتی ئیرشادەوە ئەم بەرتەسککردنەوەی ئازدیی پۆشین سنووردار کرا و تا هەنووکەش بەردەوامە.
هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە چەندین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەم کردەوەیە لەلایەن ئازدیخوازان و گرووپە ناڕازییەکانی کۆمەڵگە گیرایەبەر، بەڵام هیچکات حکومەتی ئێران لەم بابەتە سڵی نەکردەوە و تا هەنووکەش بەردەوامە و ڕۆژانە سەدان کەس لە نێو ئێراندا بە تۆمەتی دەرکەوتنی قژ، مل، قاچ، ڕان و جلی تەسکەوە، ژنان و کچانی ئەو وڵاتە ڕاپێچی زیندان دەکرێن یاخود دەستبەسەردەکرێن و بە بڕە پارەیەک سزادەدرێن و دەدرێنەوە بە سەرپەرشتیارانیان.
دوایەمینیان ناڕەزاییەکانی دژی حجابی ئیجباری و ناڕەزاییەکانی ٢٧ی دیسەمبەری٢٠١8 لە ژێر ناوی "کچانی شەقامی ئینقلاب" و کەمپەینی "نەخێر بۆ حجابی زۆرەملێیانە- #نە_بە_حجاب_اجباری " و بە درووشمی "حجابی ئیختیاری مافی هەر ژنێکی ئێرانییە" دەستی پێکرد و داوای هەموارکردنەوەی یاساکانی سەپاندنی حجابیان دەکرد، کەمپەینەکە گرووپێک کچی چالاکی مەدەنی لە مەیدانی شاری تاران و چەند شاری دیکەدا دەچوونە سەر سەکۆیەکی دیار و لەچکی خۆیان فڕێدەدا، وەک ناڕازییبوونێک دژی سیاسەتیی بەزۆرپۆشینی لەچک و "حجابی ئیسلامی"، کە پاشتر بوویە کەمپینێکی فراوان و خەڵک و ڕێکخراوەکان و میدیاکارانی هاوپشتی خۆی کرد و تا وای لێهات کاربەدەست و دادگا و پۆلیسی دەوڵەتی هێنایە سەرخەت و زۆرینەیان دەسگیر کردن و هەندێکیشیان بە حوکمی یەکساڵ تا ١٨ ساڵ کەوتنە زیندانەوە، هەندێکیشیان بە کەفالەتی ١٠٠ملیۆن تمەنی یان زیاتر ئازادکران. لە کاردانەوە نێودەوڵەتییەکانیشدا چەندین ڕێکخراوی وەک بانێژەی مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوی لێبووردنی نیودەوڵەتی و کەسایەتی و وڵاتانی وەک ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا ئیدانەی سەرکوتکردنی ژنانی ناڕازییان کرد و لە نێویشیاندا ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکیدا، باسی ئەشکەنجەدانی ئەو کچانەکرد لە زیندانەکاندا تا بە زۆر ددانپێدانانیان پێ بکەن و پرۆسەکە "بە دەستی دەرەکی" باس بکەن، بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقای ڕێکخراوەکەش (فلیپ لۆتەر) ڕێگری و سەرکوتکارییەکانی دەوڵەتی ئێرانی بەرامبەر ژنان و ئازادییەکانیان بە تەکتیکێکی ستەمکارانە وەسف کرد.

جلوبەرگ وەک سیاسەتی نەتەوەسازیی زۆرەملێ
لەسەردەمی هاوچەرخدا و بەتایبەت پاش کودەتای ١٩٢١ و دامەزراندنی ئێرانی نوێ، لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی چوونیەک¬سازی(آسمیلاسیون)، مۆدێرنسازی، ناوەندگەرایی دەوڵەتی، ئێرانسازیی و تواندنەوەی نەتەوەکانی تر یان بچووکردنەوەیان بۆ ئیسنیک و گرووپی عەشایەریی، بە هاتنە سەرکاری دەوڵەتی پەهلەوی و ڕەزاشا، ئەڵبەت بە هاندانی ڕۆشنبیرە نەتەوەییەکان و میدیای دەوڵەتی ئێران، لەسەر دوو ئاست دەستیان بۆ جلوبەرگی هاوڵاتییان برد:
١. یەکێکیان جلوبەرگی پیاوانە بوو، کە بەپێی ئەم سیاسەتە دەبوو هەموو "ئێرانییەک" شەبقە و ئەو جلانەش بپۆشێ کە دەوڵەت دیاریی کردوون و سەرجەم جلوبەرگە نەریتییەکانی دیکە و پۆشاکی جیاوازی نەتەوەکانی دیکە قەدەغە بکرێن. 
بۆ جلی پیاوانە لە مانگی دوانزەی ١٩٢٨ەوە دەستی پێکرد، گەرچی پێشتر دەستکرا بوو بە جێگیرکردنی ئەو جلانە، بەڵام لەم بەروارەوە لە ڕێگەی ئەنجومەنی شورای نیشتیمانییەوە(پەرلەمان)، یاسای هاوپۆش(یونیفۆرم)ی پەسەندکرا و حکومەت فشارەکانی لەسەر خەڵک چەند هێندە کرد. لەم یاسایەدا پیاوانی ئاینی (ئاخوندەکانی شیعە و مەلاکانی سوننە)یشی گرتەوە و زۆرێکیان لە ژێر فشاردا یان جلەکانیان پێداکەنرا، یان وازییان لە پیشەکەیان هێنا و بە دەگمەن، جیاکاری بۆ هەندێ لە ئاخوند و مەلا ناودارەکان کرا.
لە ئێراندا ناڕەزایی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتیشدا توندووتیژی و زەبروزەنگی زۆر بۆ جێگیرکردنی ئەم سیاسەتە بەکارهات، کاردانەوەی گشتی و تاکەکەسی لێکەوتەوە، کورد لە یەک کاتدا ئەم یاسایەی وەک ئامرازی سڕینەوەی کورد و کولتوورەکەی وەرگرت و هاوکات لەڕووی ئاینیشەوە بەزۆرسەپاندنی جلی ئەوانی دیکەی وەک سەرپێچی دینی لەقەڵەمدا.
٢. بۆ جلوبەرگی ژنانەش، دەوڵەتی پەهلەوی یەکەم، ڕووبەند و عەبای لە ساڵی ١٩٣٦دا قەدەغەکرد و بۆ ئەمەش چەندین کاردانەوەی ئاینی و کۆمەڵایەتی لێکەوتەوە، ڕەزاشا بە چاولێگەری تورکیا و ئەفغانستان بەمەبەستی "مۆدێرنکردنی سیمای ژنان و ئازادکردنیان" ئەم کارەی کرد، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی کۆمەڵگە و پابەندییان بە مەزهەب و نەریتەوە، ڕەزاشا دوو ساڵی نەبرد لەم سیاسەتە پاشگەزبوویەوە، بە پێچەوانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کە نزیکەی ٣٨ ساڵە بەزۆر لەچک و حیجابی ئیسلامی بەسەر ژنانی ئێراندا سەپاندووە و سەرەڕای فشارەکان لێی پاشگەز نابێتەوە.
ئەڵبەت لە ناوچە کوردییەکاندا کەمتر کاردانەوە دژی لابردنی ڕووبەند و عەبا دەرکەوت، چونکە کچان و ژنانی کورد کەمتر ڕووبەندیان بەکار دەهێنا و لە ئاستی ناوچەکانی دیکەدا ئازادتر بوون و لە کایە گشتییەکاندا دەردەکەوتن.
بەڵام بۆ سیاسەتی یەکپۆشیی جلوبەرگی پیاوانە، لێرەدا تەنها دوو نموونەی ئەو کاردانەوانەی کوردستان بەرامبەر سیاسەتی جلوبەرگ دەخەینەڕوو:


آ. ڕاپەڕینی مەلاخەلیلی گۆڕەمەری: 
مەلاخەلیل گۆڕەمەری، لە ساڵی 1929 بە فەتوایەک، دژی سیاسەتی قەدەغەکردنی پۆشاکی نەریتی و گۆڕینی جلی کوردی لە کوردستان، بەرەنگاری حکومەتی ڕەزاشای پەهلەوی بوویەوە.
کوردەکان دەیانزانی دەوڵەت دەیەوێت لە چوارچێوەی سیاسەتی یەکنەتەوەکردن، مۆدێرنسازی و ئێرانگەراییدا، سەرجەم جلوبەرگی نەتەوەکان وەک یەک لێبکات، بۆیە دژایەتی ئەم سیاسەتە کولتوورییە کرا و مەلاخەلیل کە زانایەکی ئایینی ناوچەی موکریان بوو، بە فەتوایەک دژایەتی ئەو سیاسەتەی ڕاگەیاند، بە حەرام و کوفری لەقەڵەمدا و هەڵگەڕانەوەی چەکداری و بەرەنگاربوونەوەشی (بە هەر جۆرە هۆکارێک) بە واجب ڕاگەیاند. ئەوەبوو لە ساڵی ١٩٢9، ڕاپەڕینێکی لێکەوتەوە و چەندین ناوچەی کوردستان لە موکریان کەوتنە دەست ڕاپەڕیووەکان (بە سەرکردایەتی خودی مەلا خەلیل). بەڵام پاش ماوەیەک بەهۆی پەلاماری نابەرامبەری ئەرتەشی ئێرانی پەهلەوییەوە، ڕاپەڕینەکە سەرکوت کرا و بنکەی ڕاپەڕیووەکان کە دەکەوتە ناوچەی سەردەشتەوە، کەوتە دەست سوپا و  مەلاخەلیل و هەندێک لە هاوڕێکانی ناچار بەرەو دیوی کوردستانی عێراق کشانەوە. مەلاخەلیل لە ساڵی ١٩٥٥ کۆچی دوایی کرد.


ب. ناڕەزایی شێخ نەسرەدینی خالسی:
نموونەیەکی دیکە لە ناڕەزاییەکان دژ بە یاسای سەپاندنی جلوبەرگ و گۆڕێنی جلی کوردی، چالاکی و بایکۆتی جلی سەپێنراو بوو، شێخ نەسرەدینی خالسیی لە ساڵی ١٩٣٠دا بایکۆتی جلی نوێ کرد، ئەو شێخێکی بەهەژموونی ناوچەی پاوە و هەوارامان بوو، بە لێپرسراوانی دەوڵەتی ڕاگەیاند خەڵکی پاوە خەڵکێکی دیندارن و پۆشاکی کوردیی خۆیان بە هیچ جلێکی دیکە ناگۆڕن، پاش فشاری دەوڵەت، شێخ نەسرەدین وەک ناڕەزایەتییەک ئاگرێکی گەورەی لە نزیک مزگەوتەکەیەوە کردەوە و هەموو دەروێشەکانی ئامادە کرد و یەک یەک خۆیان هەڵدایە نیو ئاگرەکەوە و بەمشێوەیە نمایشێکی ئاینی بۆ کردن و ئامادەیی خەڵکی بۆ مردن نەک پۆشینی جلوبەرگی سەپێنراو نیشان دان، داوای کرد تا یاخیبوون ڕووینەداوە واز لەو پۆشاکسەپاندنە بهێنن، کاربەدەستان داواکەی شێخیان گەیاندە سەرووی خۆیان و بەو شێوەیە پاوە و ناوچەکانی دەورووبەری لە جێبەجێکردنی گۆڕێنی جلی کوردی بەخشران.
لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشدا، گەرچی جلی کوردی، قەدەغە نییە، بەڵام لە رێگەی سیاسەتێکی کولتووری نەرمەوە ساڵانێکە لە ڕێی میدیا و کەسایەتییەکانیەوە بەیناوبەین سوکایەتی بە جلی کوردی دەکرێت، وەک ئەوەی لە تەلەفزیۆنی ڕەسمییانەوە بە "جلی شوانی" لەقەڵەم درا، هەروەها لە نێو خەڵکیشدا هەندێ جۆری جلیش کە پێشمەرگەکانی کورد لەبەری دەکرێن، دەستبەجێ لای کاربەدەستانی مەدەنی و ئەمنی دەوڵەتەوە وەک تۆمەتبارێک سەیر دەکرێن.
جۆرێکی دیکە لە سیاسەتی بەکەمگرتنی جلی کوردی لە ناوچەکانی کوردستان، ئەوەیە کە دەوڵەت بۆ لایەنگرە کوردەکانی "پێشمەرگە موسڵمانەکانی کورد" کە نێو خەڵکدا بە "جاش" دەناسرێن، لەسەری سەپاندوون کە جلی کوردی و جامانەی کوردانە بپۆشن، بەمەش هاووڵاتییە کوردەکان بۆ ئەوەی لەگەڵ "جاش"ەکان تێکەڵ نەکرێن ناچار لە جلی کوردی سڵ دەکەنەوە، لە فەرمانگەکانیشدا دیسان وەک وڵاتانی عێراق و سوریا و تورکیا بە هەرێمیشەوە، جلی کوردی بە جلی فەرمی دانانرێت.
کەواتە حاڵی جلی کوردی و مەترسییەکانی سەری لە سەردەمی ئێستای ئیراندا هیچی کەمتر نییە لە سەردەمی ڕەزاشا و گەر بەر بەو سیاسەتە نەرم و هێواشە نەگیرێت، چارەنووسی باش نابێت.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand