Draw Media

چارەنوسی موچەی (7) مانگی 2020 چی لێدێت؟

چارەنوسی موچەی (7) مانگی 2020 چی لێدێت؟

2021-01-20 09:48:46


درەو:
بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان وەزارەتی دارایی موچەی مانگی یەكی ساڵی 2021 دابەش دەكات و چارەنووسی موچە نەدراوەكانی 2020 نادیارە.
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) بڕیارە رۆژی یەكشەمە 24/1/2021 وەزارەتی دارایی موچەی مانگی كانوونی دووەمی 2021 دابەش بكات، بەوەش چارەنووسی موچەی مانگەكانی ( 4، 5، 6، 7، 8 ، 11، 12)ی 2020 بە نادیاری دەمێنێتەوە.
بە پێی زانیارییەكانی (درەو) بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی پاڵپشت بە بڕیاری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی وەزیرانە كە موچەی مانگەكان رێكدەخەنەوەو دەیانەوێت مانگانە بە پێی ئەو داهاتەی دەخرێتە بەردەست وەزارەتی دارایی، 30 رۆژ جارێك موچە بە لێبڕینەوە دابەش بكەن.
بەپێی راگەیەنراوی پێشتری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2020دا (8) موچە دابەشكراوە بە بڕی ( 6 ترلیۆن و 505 ملیار) دینار، كە سێ موچەی هی مانگەكانی (10، 11، 12)ی 2019 بووەو (5) مانگیشی هی ( 1، 2، 3، 9، 10)ی 2020 بووە، واتا حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا (5) موچەی مانگەكانی 2020ی دابەشكردووەو (7) موچەی دابەشنەكردووە بەم شێوەیە:
پرۆسەی دابەشكردنی مووچەی پێنج مانگی مووچەخۆران بۆ مانگەكان  2020

مانگی 1/ كانوونی دووەم
كاتی دابەشكردنی مووچە: 4/5/2020
مووچەی دابەشكراو: 892,000,000,000 ملیار دینار
..................
مانگی 2/ شوبات
كاتی دابەشكردنی مووچە:  26/6/2020
مووچە بەلێبڕینی 21% : 727,000,000,000 ملیار دینار
................
مانگی 3/ ئازار
كاتی دابەشكردنی مووچە:  18/8/2020
مووچە بەلێبڕینی 21%: 727,000,000,000 ملیار دینار
.......................................................................
مانگی 9/ ئەیلول
كاتی دابەشكردنی مووچە:  15/10/2020
مووچە بەلێبڕینی 18%:  737,000,000,000 ملیار دینار
........................................................
مانگی 10/ تشرینی یەكەم
كاتی دابەشكردنی مووچە:  2/12/2020
مووچە بەلێبڕینی 21%: 727,000,000,000 ملیار دینار

ناتوانرێت وێناكە بگۆڕدرێت؟
كابینەی مەسرور بارزانی لەدواین ساتەكانی ساڵی 2020دا جارێكی تر جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ساڵی 2020 بە تێكڕا (8) موچەی دابەشكردووە، حكومەت دەیەوێت ئەم وێنایە لە زەینی موچەخۆراندا بچەسپێنێت، بەڵام لێدانەوەی ژمارەكان پێچەوانەی ئەم قسەیە نیشان دەدات، چۆن ؟
تێكڕای خەرجی موچە بۆ هەرمانگێك لە هەرێمی كوردستان (894 ملیار) دینارە، كۆی خەرجی موچەی (12) مانگ واتە ساڵێك، بڕەكەی (10 ترلیۆن‌و 728 ملیار) دینارە.
ئەو پارەیەی كە حكومەتی هەرێم بە تێكڕا بۆ موچەی مانگەكانی 2020 خەرجی كردووە، بڕەكەی تەنها (3 ترلیۆن‌و 650 ملیار) دینار بووە، واتا حكومەت لە 2020دا تەنها رێژەی (34%)ی كۆی ئەو پارەیەی خەرجكردووە كە بۆ موچە تەرخانكراوە‌و لە ساڵەكەدا بڕەكەی (10 ترلیۆن‌و 728 ملیار) دینارە.
ئەو (8) موچەیەی كە حكومەتی هەرێم لە ساڵی 2020دا دابەشیكردووە، بەمشێوەیە بووە: 
•    لە 13/1/2020 موچەی مانگی (10)ی 2019 دابەشكراوە (ئەم مانگە موچەی تەواو بەفەرمانبەران دراوە بەبێ لێبڕین) 
•    لە 9/ تا 7/3/2020 موچەی مانگی (11)ی 2019 دابەشكراوە (ئەم مانگە موچەی تەواو بەفەرمانبەران دراوە بەبێ لێبڕین)
•    لە 28/3/2020 موچەی مانگی (12)ی 2019 دابەشكراوە (ئەم مانگە موچەی تەواو بەفەرمانبەران دراوە بەبێ لێبڕین)
•    لە 5/5/2020 موچەی مانگی (1)ی 2020 دابەشكراوە (ئەم مانگە موچەی تەواو بەفەرمانبەران دراوە بەبێ لێبڕین)
•    لە 4/7/2020 موچەی مانگی (2)ی 2020 دابەشكراوە (موچە بە لێبڕینی 21% دابەشكراوە)
•    لە 17/8/2020 موچەی مانگی (3)ی 2020 دابەشكراوە (موچە بە لێبڕینی 21% دابەشكراوە)
•    لە 15/10/2020 موچەی مانگی (9)ی 2020 دابەشكراوە (موچە بە لێبڕینی 18% دابەشكراوە)
•    لە 10/12/2020 موچەی مانگی (10)ی 2020 دابەشكراوە (موچە بە لێبڕینی 21% دابەشكراوە)

پاشەكەوتەكانی نێچیرڤان بارزانی
ساڵی 2020 حكومەتی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان) بۆ كەمكردنەوەی گوڕی ئەو قەیرانە داراییەی كە لەسەری بوو، بەبڕیارێك دەستكاری ساڵی دارایی كرد.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بەبڕیارێك، موچەی مانگەكانی (4، 5، 6)ی 2019ی لەسەر شانی خۆی لابردو خستیە ئەستۆی كابینەی نێچیرڤان بارزانی، موچەی ئەم سێ مانگەی فەرمانبەران بوو بە "پاشەكەوت"‌و قەرز لەسەر شانی نێچیرڤان بارزانی، قەرزێك كە دیارنییە ئایا حكومەت رۆژێك لە رۆژان بۆ فەرمانبەرانی دەگەڕێنێتەوە یاخود نا ! 
هەر بەو بڕیارە، مەسرور بارزانی، موچەی مانگەكانی (7، 8)ی 2020ی كابینەكەی خۆی خستەئەستۆی حكومەتی بەغداد بەبەهانەی ئەوەی بەغداد موچەی نەناردووە، تا ئێستا نازانرێت چارەنوسی موچەی مانگەكانی (11، 12) چێ لێدێت ئایا دەكاتە پاشەكەوت یان وەك موچەكانی تر دەیخاتە ئەستۆی بەغداد.
واتا حكومەتی هەرێمی لە 2020 تەنها (8) موچەی دابەشكردووە بە بڕی (6 ترلیۆن و 505 ملیار) دینار، لە (8) موچەیە (3) موچەی مانگەكانی (10، 11، 12)ی 2019 بووە، كە بڕەكەی (2 ترلیۆن‌و 682 ملیار) دینار بووە.
بەڵام بۆ (12) مانگەكەی ساڵی 2020 بەگشتی تەنها (5) مانگی حكومەت موچەی دابەشكردووە بە بڕی (3 ترلیۆن‌و 650 ملیار) دینار، ئەمە لەكۆی (10 ترلیۆن‌و 728 ملیار) دیناری خەرجی موچەی هەموو ساڵەكە.

داهاتی حكومەت لە 2020دا 
ئەو پارەیەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 2020 دا لە بەغدادەوە پێی گەیشتووە بەمشێوەیە بووە:
•    بڕی (453 ملیار) دینار لە 17/1/2020 نێردراوە
•    بڕی (453 ملیار) دینار لە 2/3/2020 نێردراوە
•    بڕی (453 ملیار) دینار لە 26/3/2020 نێردراوە
•    بڕی (453 ملیار) دینار لە 24/4/2020 نێردراوە
•    بڕی (320 ملیار) دینار لە 16/8/2020 نێردراوە
•    بڕی (320 ملیار) دینار لە 12/10/2020 نێردراوە
كۆی گشتی ئەو پارانەی كە لەساڵی 2020دا لە بەغدادەوە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە بڕەكەی (2 ترلیۆن‌و 399 ملیار) دینار بووە.
واتا حكومەتی هەرێمی لەو (6 ترلیۆن‌و 332 ملیار) دینارەی كە لە 2020دا بۆ موچە خەرجیكردووە، تەنیا بڕی (2 ترلیۆن‌و 399 ملیار) دیناری لە بەغدادوە بۆ هاتووەو پاشماوەی خەرجییەكانی تری موچەی بەم داهاتانەی تر دابین كردووە:
•    (160 ملیار) دیناری پارەی هاوپەیمانان لە ساڵەكەدا بەتێكڕا
•    (3 ترلیۆن‌و 773 میار) دیناری داهاتی حكومەت خۆی لە ساڵەكەدا بە تێكڕا واتا داهاتی (نەوت‌و ناوخۆ).
ئەم هاوكێشەیە دەریدەخات ئەو خەرجییەی كە حكومەتی هەرێم لە 2020دا بۆ موچە كردویەتی، داهاتەكانی بەمشێوەیە بووە:
•    رێژەی (60%)ی خەرجی موچەی فەرمانبەران لە 2020دا بە داهاتەكانی حكومەتی هەرێم خۆی دابەشكراوە. 
•    رێژەی (38%)ی خەرجی موچەی 2020 بەو پارەیە پڕكراوەتەوە كە لە بەغدادوە هاتووە.
•    رێژەی (2%)ی خەرجی موچەی 2020 پارەی هاوپەیمانان دابینی كردووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand