فەرمانی دەستگیركردن بۆ ژمارەیەك بەرپرسی گەرمیان دەرچوو
2021-01-19 17:52:44
درەو:
دادگای قورەتوو بە جیا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان و بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان لە پشكی یەكێتی دەركرد و لەسەر دۆسیەی پسوڵە ساختەكانیش فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دوو بەرپرسی ئەمنی گەرمیان دەركرد
دادگای قورەتوو فەرمانی دەستگیركردنی بۆ هەریەك لە عەلی تۆفیق سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان لە پشكی بزوتنەوەی گۆڕان و حسێن ئەحمەد بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان لە پشكی یەكێتی دەركرد، بە تۆمەتی فێلكردن لە گومرگی ئەو بار و شەحنانەی كە دێنە دەروازەی پەروێزخانەوە.
لەلایەكی ترەوە دادگای لێكۆڵینەوەی قورەتوو لەسەر دۆسیەی پسوڵە گومرگیە ساختەكانی گەرمیان فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دوو بەرپرسی ئەمنی دەركرد.
سایتی دەنگ نێتی گەرمیان بڵاویكردووەتەوە كە دادگای لێكۆڵینەوەی گەرمیان لەسەر دۆسیەی پسوڵەی گومرگیە ساختەكانی ساڵی رابردوو كە ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و 15 كەسی لەسەر دەستگیركراوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دوو بەرپرسی ئەمنی گەرمیان دەركردووە ئەوانیش ( حەیدەر عەبدولڕەحمان، رێبین تەها)یە
رێبین تەها، یەكێك لەو پلەدارانەی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركراوە، بە رادیۆی دەنگی راگەیاندووە: ئاگاداری هیچ بڕیارێكی لەو شێوەیە نیم و هیچم پێنەگەیشتوە.
سەرسوڕمانی خۆیشی نیشاندا لەوەی ناوی لەو دۆسیەیەدا هاتوە، وەكخۆی وتی: من كەسێكی سەربازیم و دەوامی فەرمی خۆم دەكەم و دور و نزیك پەیوەندیم بە بازرگانی و مەرزە نیە و هیچ پەیوەندیەكیشم نیە بەو كەسانەی لەسەر ئەو دۆسیەیە ناویان هاتبو و تۆمەتبار بون.
لە مانگی 10ی ساڵی رابردوو، دادوەری لێكۆڵینەوەی قۆرەتو فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ژمارەیەك هاوڵاتی دەركرد بەتۆمەتی ساختەكردنی پسوڵەی گومرك و بردنی بار بەو پسوڵانە، كە وەك باس دەكرا گوژمەی ئەو ساختەكارییانە نزیكەی 4 ملیار دینار بوە، بەوهۆیەشەوە سەروی 15 كەس راگیران و بەشی زۆریان دواتر بە كەفالەت ئازاد كران، لەنێو تۆمەتبارانیش دا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی گۆڕان (محەمەد شێخ وەهاب) هەبو كە لە 25ی هەمان مانگەوە تائێستا راگیراوە.