داهاتی ناوخۆ بەرێژەی 150% زیادی كردووە
2021-01-20 12:56:29
(درەو):
داهاتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئێستا بەڕێژەی (150%) زیادی كردووەو مانگانە لە (150 ملیار) دینارەو بۆ (370 ملیار) دینار بەرزبووەتەوە، واتا ئێستا حكومەتی هەرێم مانگانە دەتوانێت (30) رۆژ جارێك موچە بدات.
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، ئێستا داهاتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە بۆ زیاتر لە (260 ملیۆن) دۆلار بەرزبوتەوە كە بەدراوی عێراقی دەكاتە (370 ملیار) دینار.
پێشترو لەسەرەتای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا، كاتێك حكومەتی هەرێم كەرەنتینەی راگەیاند، داهاتی ناوخۆ بۆ كەمترین ئاست دابەزی كە مانگانە (30 ملیار) بوو، بەمدواییە هەندێك داهاتەكە زیادی كردو گەیشتە (150 ملیار) دینار.
داهاتی ناوخۆ لەچەند سەرچاوەیەكەوە دەستی حكومەت دەكەوێت كە بریتین لە داهاتی (دەروازە سنورییەكان، گومرگ، باج، رسومات، فڕۆكەخانەكان، باجی خانووەبەرە، داهاتی ئۆتۆمبێل..)، حكومەتی هەرێم بە (417) رێگا باجو رسومات وەردەگیرێتو ئەمە دەبێت بە داهات بۆ حكومەت.
زیادبوونی داهاتی ناوخۆ بەهۆی بوژانەوەی خاڵە سنورییەكان و زیادبوونی باج و گرتنەبەری چەند رێوشوێنێكی دیكە لەلایەن حكومەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا زۆرێك لە بەهەدەردانو وەرنەگرتنی باج هەیە، كە دەكرێت داهاتی ناوخۆ بگەیەنرێتە زیاتر لە (500 ملیار ) دینار، كە ئەم بوارانەن:
* هێشتا بەردەوامی قاچاغچێتی لە خاڵە سنورییەكاندا
* (800) كۆمپانیا لە بواری نەوتدا كار دەكەن لەبواری نەوت دا بیانیو ناوخۆ هێشتا چاكسازی تێدا نەكراوە
* (21) كۆمپانیا لە خاڵە سنورییەكاندا كاردەكەنو هێشتا چاكسازی تێیاندا نەكراوە
* هێشتا باجی سەر كۆمپانیا گەورەكان دانەنراوە
بە زیادكردنی داهاتی ناوخۆ كۆی داهاتەكانی بەردەستی حكومەتی هەرێم بەبێ بەغداد بەم شێوەیەی لێدێت:
• داهاتی ناوخۆ (260 ملیۆن) دۆلار واتا (370 ملیار) دینار.
• داهاتی نەوت (240 ملیۆن) دۆلار واتا (345 ملیار) دینار
• پارەی هاوپەیمانان (17 ملیۆن) دۆلار واتا (25 ملیار) دینار
• كۆی گشتی (740 ملیار) دینار.
كۆی موچەی مانگانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە (894 ملیار) دینارە بەهۆی لێبڕینی موچەی چەند توێژێكەوە ئێستا كۆی موچەی مانگێك بەتەواوی نزیكەی (885 ملیار) دینارە، ئەگەر حكومەت بەردەوام بێت لە لێبڕینی موچە بە رێژەی (21%) ئەوا مانگانە پێویستی بە (700 ملیار) دینار دەبێت.
واتا ئەو داهاتەی ئێستای حكومەتی هەرێم كە مانگانە (740 ملیار) دینارە بەشێ موچەی مانگانەی (30) رۆژ جارێكی موچەخۆران دەكات بە لێبڕینی (21%).