Draw Media

دەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆن.. دۆخی كامیان خراپترە ؟

دەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆن.. دۆخی كامیان خراپترە ؟

2021-01-23 16:36:16


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، سێ لایەن پێكیان هێناوە، یەكێكیان هەڕەشەی كشانەوە‌و ئەوی تر تاوتوێی كشانەوە لە حكومەت دەكات، كەس نایەوێت بەرپرسیارێتی قەیرانی دارایی كابینەی نۆیەم هەڵبگرێت، ئێستا ناڕەزایەتی لەناو لایەنە بەشدارەكانی حكومەت زیاترە لە ناڕەزایەتی ئۆپۆزسیۆن لە حكومەت، ئەوەی كابینەی مەسرور بارزانی راگرتووە، تەنیا ئەو زۆرینەیە كە پارتی لەم خولەی پەرلەماندا دەستەبەری كردووە، نەخشەی ئێستای دەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆن لەم راپۆرتەدا:
  
دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان  
حكومەت كە دەسەڵاتی یەكەمی جێبەجێكردنە، لە هەرێمی كوردستان سێ لایەنی سەرەكی پێكهیانهێناوە كە بریتین لە هەریەكە لە:
•    پارتی دیموكراتی كوردستان
•    یەكێتی نیشتمانی كوردستان
•    بزوتنەوەی گۆڕان
لەپاڵ ئەم سێ لایەنە سەرەكییەدا، چەند لایەنێكی تر بەشدارن لە دەسەڵاتدا، كە بریتین لە:
•    پێكهاتەكان
•    حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان
سەرباری زۆری لایەنە بەشداربووەكانی، حكومەتی سێقۆڵی هەرێمی كوردستان دوای ساڵێك‌و شەش مانگ لە دروستبوونی، بەدۆخێكی شپرزەدا گوزەر دەكات‌و لایەنە بەشداربووەكانی نایانەوێت بەرپرسیارێتی شكستەكانی كابینەكە هەڵگرن.
بەرەی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان لاوازە، ئەوەی كابینەی حكومەتی راگرتووە، لەلایەك لاوازی ئۆپۆزسیۆن‌و لە لایەكی تر ئەو زۆرینە پەرلەمانیەیە كە پارتی لەم خولەدا هەیەتی‌و توانیویەتی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی (11 كورسی پێكهاتەكان) كابینەكە رابگرێت‌و لەكەوتن رزگاری بكات. 

پارتی‌و حكومەت
پارتی كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردن‌و خاوەنی راستەقینەی حكومەتە، تەنیا لە میدیاكانی نزیك لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتەوە بەدیاریكراویش تەلەفزیۆنی (كوردستان 24) بەرگری لە كابینەكە‌و سیاسەتەكانی دەكات، میدیای نزیك لە نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی (تەلەفزیۆنی رووداو) زیاتر وەكو لایەنێكی ئۆپۆزسیۆن مامەڵە لەگەڵ حكومەتی مەسرور بارزانیدا دەكات، بەڵام ئۆپۆزسیۆنێكی شەرمنانە. 
دۆخەكە بەجۆرێكە تەنانەت مەسرور بارزانی خۆیشی لە ئاستی میدیای پارتی ناڕازییە‌و بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، بەمدواییە لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ میدیاكانی پارتی، گلەیی كردووە‌و وەكو ئاماژەیەك بۆ كەناڵی (رووداو) وتویەتی: هەندێكتان وەكو ئۆپۆزسیۆن مامەڵە لەگەڵ حكومەت دەكەن.
مەكتەبی سیاسی پارتی، كە لە كابینەی پێشووی نێچیرڤان بارزانیدا بەرگریكارێكی سەرسەختی حكومەت بوون، ئێستا بۆ كابینەكەی مەسرور بارزانی بێدەنگن‌و وەكو پێویست دەرناكەون، رەنگە یەكێك لە هۆكارەكانی ئەم بێدەنگییە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە مەسرور بارزانی دەستی مەكتەبی سیاسییەكانی حزبەكەی لەناو حكومەت كورتكردوەتەوە، بەڵام رەنگە ئەم دۆخە لە كۆنگرەی 14ی پارتیدا گۆڕانكاری بەسەردا بێت كە بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بڕیارە مانگی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت. 
ئەوە لەناو پارتیدا ئێستا بەرگریكاری سەرسەختی حكومەتە، فراكسیۆنی پارتییە لە پەرلەمانی كوردستان، ئەمە لەكاتێكدایە ئەركی پەرلەمانتاران چاودێریكردنی حكومەتە نەك بەرگریكردن لە سیاسەتەكانی.  

یەكێتی.. هەم دەسەڵات‌و هەم ئۆپۆزسیۆن
یەكێتی كە لەدوای پارتییەوە پشكی گەورەی وەزارەت‌و پۆستەكانی حكومەتی بردووە، وەكو لایەنێكی ئۆپۆزسیۆن مامەڵە لەگەڵ كابینەی نۆیەمدا دەكات.
میدیاكانی یەكێتی جگە لە باسكردنی كارو چالاكی وەزیرو بەرپرسانی خۆیان لە حكومەت، پاڵپشتی لە سیاسەتی گشتی كابینەی مەسرور بارزانی ناكەن‌و لە زۆر حاڵەتیشدا وەكو میدیایەكی ئۆپۆزسیۆن مامەڵە دەكەن. 
تیمی یەكێتی لە حكومەت، بەردەوام لەژێر فشاری بەهێزی سەركردایەتی حزبەكەیاندان بۆ كشانەوە، لەدوای پێكهێنانی كابینەی نۆیەمەوە، یەكێتی زیاتر لە جارێك هەڕەشەی كشانەوەی لە حكومەت كردووە، ئەمەش كاریگەری لەسەر ئەدای كاری حكومەت دروستكردووە.
یەكێتی كۆتایی ساڵی 2020ی وەكو دوا مۆڵەت بۆ كشانەوە لە حكومەت دیاریكرد، ئەگەر مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت داواكارییەكانی جێبەجێ نەكات كە دیارترینیان جێبەجێكردنی سیستمی لاكەرمەزیەتی ئیداری‌و داراییە بۆ پارێزگاكان، وادەكە كۆتایی هات، بەڵام یەكێتی لە حكومەت نەكشایەوە، ئێستا جارێكی تر تاوەكو كۆتایی ئەم مانگە مۆڵەتی خستوەتە بەردەم مەسرور بارزانی‌و هەڕەشەی كشانەوە دەكات.
هاوكات فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان، لەزۆربەی پرسەكاندا دەیەوێت رۆڵی فراكسیۆنێكی ئۆپۆزسیۆن بگێڕێت، لەحاڵێكدا حزبەكەی بەشدارە لە كابینەی حكومەت، ئەوەی لەناو یەكێتیدا بەتەنیا بەرپرسیارێتییەكەی بەشداریكردنی لە حكومەت خستوەتە سەر شانی خۆی، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتەو هەوڵی چارەسەركردنی كێشەو ناكۆكییەكان دەدات لەنێوان تیمی یەكێتی‌و پارتی لە حكومەت‌و دەرەوەی حكومەتیش، بۆ ئەمەش بەرگەی رەخنەی شەقام‌و سەركردایەتی حزبەكەی گرتووە.
وا دەردەكەوێت كێشەی یەكێتی لەگەڵ پارتی‌و حكومەت، زیاتر لە بابەتی لامەركەزی ئیداریی‌و دارایی، پەیوەندی بە ناكۆكی نێوان لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی‌و مەسرور بارزانییەوە هەبێت، ناكۆكییەك كە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی دوچاری شپرزەیی‌و ناسەقامیگری سیاسی‌و ئیداریی كردووە لە زەمەنێكدا كە پەتای كۆرۆنا بڵاوبوەتەوە‌و نرخی نەوت وەكو سەرچاوەیەكی سەرەكی داهاتی هەرێم، دابەزیوە. 
هەموو ئەم بارودۆخە لەكاتێكدا روودەدات، عێراق لەبەردەم هەڵبژاردنێكی پێشوەختەدایە، لایەنەكان (بەوانەشەوە كە بەشدارن لە حكومەت)، نایانەوێت دۆخی خراپی دارایی حكومەت لەماوەی یەكساڵی رابردوودا، كاریگەری بكاتە سەر ئاستی دەنگەكانیان لە هەڵبژاردنەكەی عێراقدا، بۆیە هەمویان دەیانەوێت رۆڵی ئۆپۆزسیۆن‌و ناڕازیی لەبارودۆخی هەنوكە بگێڕن. 

گۆڕان لەنێوان خەمی چاكسازی‌و پۆستدا
بزوتنەوەی گۆڕان كە لەدوای پارتی‌و یەكێتی، پشكی گەورەی كێكی حكومەتی بردووە، لەنێوان شەڕی ئەنجامدانی چاكسازی لە حكومەت‌و پڕكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكانیدا گیری خواردووە.
دروشمی ئەنجامدانی چاكسازی گشتگیر لە كاروباری حكومەت كە بزوتنەوەی گۆڕان لەسەرەتای بەشداربوونی لەم كابینەیە بەرزیكردەوە، وردە وردە دەبێت بە سەراب، ئێستا لەناو جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕاندا، كە بەپێی دەستوری ناوخۆیی حزبەكە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە، قسەوباس لەبارەی ئەوەی "حكومەت چاكسازی پێناكرێت"، گەرم بووە.
بەشداریكردن لە كابینەی مەسرور بارزانی، بزوتنەوەی گۆڕانی خستوەتە بەردەم ئینشیقاقێكی نوێ، تیمی بزوتنەكە لە حكومەت سەرقاڵی دانوستانن بۆ پڕكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكانیان‌و درێژەدان بە رێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی، لەناو بزوتنەوەكەشدا گروپێكی تر لە ئۆرگانە جیاوازەكان كار بۆ كۆتایهێنان بە رێككەوتن لەگەڵ پارتی‌و كشانەوە لە حكومەت دەكەن، لەم بارودۆخەكە میدیای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان هەرئەوەی پێدەكرێت بەرگری لە كارو چالاكییەكانی وەزیرو بەرپرسەكانی گۆڕان بكات لە حكومەت‌و فریای بەرگیركردن لە سیاسەتی گشتی كابینەكە ناكەوێت، فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بەهۆی ئەم دوو تێڕوانینە جیاوازەوە ئێستا دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا، یەكێكیان رۆڵی ئۆپۆزسیۆنێك دەگێڕێت‌و ئەوی تریان فراكسیۆنی حزبێكی بەشدار لە دەسەڵات.
لەلایەكی ترەوە بزوتنەوەكە كەوتوەتە بەرداشی ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتی‌و ناتوانێت خۆی لە كاریگەرییەكانی ئەو ناكۆییە بپارێزێت‌و بەرگری لە سیاسەتی سەرەكی خۆی لەناو حكومەت‌و دەرەوەی حكومەت بكات. 

ئۆپزسیۆن.. بەرەیەكی لاواز‌و ناكۆك
ئەوەی لە هەرێمی كوردستان ناوی لێنراوە ئۆپۆزسیۆن، چەند جۆرێكە، هەندێكیان ئەو حزبانەن كە لە پەرلەمانی كوردستان كورسییان هەیە، بەڵام بەشدار نین لە حكومەتدا‌و بەرەی ئۆپۆزسیۆنبوونیان هەڵبژاردووە، لەپاڵ ئەمانەدا چەند حزب‌و گروپێكی تری سیاسی هەن كە كورسی پەرلەمانییان نییە، بەڵام خۆیان وەكو ئۆپۆزسیۆنی سیاسی نیشان دەدەن‌و رەخنە لە ئەدای كاری حكومەت دەگرن.
ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی، بریتییە لە چوار حزبی سیاسی كە ئەمانەن:
•    كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان
•    یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
•    جوڵانەوەی نەوەی نوێ
•    پەرلەمانتارە سەربەخۆكان (ئەوانەی لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ جیابونەتەوە)
•    حزبی شیوعی كوردستان
ئەم لایەنانە لەناو پەرلەمانی كوردستان، خاڵی كۆكەرەوەی سیاسی هاوبەشیان نییە‌و سەرباری ئەمەش ژمارەی كورسییەكانیان بەیەكەوە ناتوانێت زۆرینە دروست بكەن، ئەمە وایكردووە، هەریەكەیان زیاتر هەوڵی نمایشی سیاسی خۆی بدات وەك لەوەی لەڕێگەی دروستكردنی فشارەوە گۆڕانكاری لە سیاسەتی حكومەتدا دروستبكات بە ئاڕاستەیەكی باشتر. 
ئەم حزبانە لە دەرەوەی كاری پەرلەمانی، لە میدیاكانیانەوە بەردەوام رەخنەی توند لە سیاسەتەكانی حكومەت دەگرن، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێشتر زۆربەیان وەكو حزب‌و كارەكتەری سیاسی لە گۆڕەپانەكەدا تاقیكراونەتەوە، گوتارە توندەكانیان دژی حكومەت كاریگەری ئەوتۆی لەسەر شەقامی ناڕازیی نییە‌و هەموان چاویان لە دروستبوونی هێز‌و هاوپەیمانێتی سیاسی نوێیە كە بتوانێت سەركردایەتی شەقامی ناڕازیی بكات. 
هەرچی ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی پەرلەمانە، ئەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنە زیاتر لە سنوری ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیدا پەرەی سەندووە، بەشێكی ئەم ئۆپۆزسیۆنە ئەو لایەنانەن كە لە پەرلەمانی كوردستان كورسییان نییە، لە نمونەی بزوتنەوەی ئیسلامی‌و حزبی زەحمەتكێشان‌و ئەوانەی لە بزوتنەوەی گۆڕان جیابونەتەوە‌و ناڕازین لە سیاسەتی بزوتنەوەكە هەروەها ئەو توێژەی خەڵك كە چەند ساڵێكە لە بەشداری سیاسی نائومێدبوون‌و ناچێنە سەر سندوقەكانی دەنگدان،  ئەم گروپە سیاسییانە زیاتر لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە گوزارشت لە تێڕوانییەكانی خۆیان دەكەن. 
ئەم هێزو گروپانە لە هەوڵی خۆكۆكردنەوەدان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق‌و دەیانەوێت بەسودوەرگرتن لە یاسای نوێی هەڵبژاردن، ژمارەیەك كاندیدی خۆیان لە بازنە جیاوازەكانی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق سەربخەن‌و ئەمە بكەن بە خاڵی دەستپێكی هاتنەناوەوەیان بۆناو كایەی سیاسی، بەڵام خاڵی كۆكەرەوەی هاوبەشی گەورە لەنێوانیاندا نییە‌و هێشتا سەركردەیەكی دیاریان لە گۆڕەپانەكەدا نییە كە بتوانێت لەسەر بەرنامەیەكی سیاسی كۆیان بكاتەوە. 

لەنێوان دەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆندا
خەڵك لەنێوان دەسەڵاتێكدا كە لایەنە بەشدارەكانی نایانەوێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرن هەروەها ئۆپۆزسیۆنێكی پەرش‌و بڵاودا، كە توانای ململانێكردنیان لەگەڵ هێزەكانی دەسەڵاتدا نییە، گیریان خواردووە.
پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن، ئەم نائومێدییەی ئێستا لە دەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆن، هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی پێشوو، لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا رێژەی بایكۆتی دەنگدان زیاتر بكات، بایكۆتێك كە رەنگە دواجار كۆی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بۆ داهاتوو بخاتە ژێر نیشانەی پرسیاری گەورەوە.   
لەبەرامبەردا هەندێكی تر پێشبینی دەكەن، بەهۆی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان، كە رێگە بە خۆكاندیدكردنی كەسانی سەربەخۆ دەدات، لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا، ئاستی بەشداری دەنگدەران لە پرۆسەكەدا بەرزببێتەوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand