درەو: گۆڤاری ئاییندەناسی بازرگانیی دەرەکی لە گرنگترین ڕایەڵەی مامەڵەی ئابووریی وڵات لەگەڵ وڵاتانی تردایە، پێویستی بە بەرنامەداڕێژییەکی زیرەکانە ھەیە. یەکێک لە بیرۆکە تیۆرییە گرنگەکان لە بواری ئابووریدا، سوودوەرگرتنە لە توانای بازرگانیی دەرەکی بۆ دروستکردنی گەشەپێدانی ئابووریی (Balaguer, Florica & Ripolles, 2015). پێویستە وڵاتان کردەی بازرگانیی دەرەکیی خۆیان دابەش بكەن، شیی بکەنەوە و ستراتیجییەکانی ھەناردەکردن بۆ کۆمپانیا سەرکەوتووەکان، لە پانتایی کڕین و فرۆشتنی ڕکابەریدا گەشە پێ بدەن (Demir, Ozmen & Rashid, 2014). ئێران خاوەنی شوێنگەی ستراتیجی و تایبەتمەندیی جیۆپۆلەتیکە، ھەروەھا سنووری وشکانیی لەگەڵ حەوت وڵاتدا ھەیە و لەگەڵ ھەندێک لە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و قەوقاز و وڵاتانی دەوروبەری کەنداوی فارس سنووری ئاوی ھەیە. بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی بازرگانیی نێودەوڵەتی، سەرەڕای ئەوەی كە ئێران خاوەنی سەرچاوە سروشتییەکان و تایبەتمەندیی جیۆپۆلۆتیکی و دیبلۆماسیی ئابوورییە، بەڵام نەیتوانیوە سوود لەم توانایانە وەربگرێت. پێویستییەکان و ژێرخانی ئابووری و بازرگانیی دەرەکیی بەھێز، پێشمەرجی دروستبوونی دیبلۆماسیی ئابووریی سەرکەوتوو و لێھاتووانەیە لە ناوچەکەدا. بۆ گەیشتن بە ئامانجە ستراتیجییەکانی بەڵگەنامەی ڕوانگەی 2025 (سند چشم انداز 1404)، بینینی ئێران لە پلەی یەکەمی ئابووریدا، بە لەبەرچاوگرتنی دەرفەتی بازرگانییە دەرەکییەکان و سوودوەرگرتن لە توانا هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، دوو ھێندە گرنگیی ھەیە. عێراق وەک ھاوبەشی بازرگانیی ئێران، لەم توێژینەوەیەدا ھەڵبژێردراوە. ئەم وڵاتە دراوسێیە بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئێران؛ توانایەکی ئابووریی بەھێزی ھەیە، لەم ڕووەوە دەتوانێت نوێنەرێكی گونجاو بێت لە ڕووی گۆڕانکارییە جیۆپۆلۆتیکییە تازەکان لەنێوان وڵاتانی ڕۆژئاوای ئاسیا بۆ لێکۆڵینەوەی دەرفەتەکانی نێوانیان ھەژمار بکرێت. عێراق دوای نەمانی ئاسایشی درێژخایەن و دامرکانەوەی ڕووداوە تیرۆرستییەکان، کەوتووەتە بارودۆخێکی نوێوە و بەپێی ڕاپۆرتی بانکی جیھانی[1]، لە ساڵی ٢٠١٧دا گەشەی ئابووریی عێراق لە %0,8 دابەزیوە، ھەروەھا تێكڕای بەرهەمهێنانی ناوخۆیی عێراق لە ٢٣٤ ملیار دۆلارەوە لە ساڵی ٢٠١٣ بووە بە ١٩٧ ملیار دۆلار، کە دەرخەری کەمبوونەوەی بەرھەمھێنانی کاڵاکان و خزمەتگوزارییەکانە لە بەشە جیاوازەکانی ئابووریدا، ئەم ڕەوتی دابەزینە بەتوندی لەژێر کاریگەریی شەڕە یەکلەدواییەکەکان و زیانلێکەوتنی ژێرخانەکان و لەکارکەوتنی پیشەسازیی دایک و گەمارۆ نێودەوڵەتییە درێژخایەنەکاندایە، گەشەی بەردەوامی عێراق لە قەبارەی بەرھەمھێنان و بەرژەوەندیی ئەرێنیی گەشەی ھەناردەی نەوتی خاو، زیادبوونی دانیشتووان، زۆربوونی پێویستیی کەرەستەکانی بیناسازی و کاڵا جیاوازەکان و ھەوڵدان بۆ بەپیشەسازیبوون و پشتگیرییەکانی دەوڵەت لە وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەکییەکان لەم وڵاتەدا، ھەموو ئەمانە بارودۆخێکی زۆر باشی بۆ عێراق وەک یەکێک لە جەمسەرە گرنگەکانی خواستنی كاڵا و بەرهەمەكانی لە جیھاندا دروست دەکات. بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی بازرگانیی نێودەوڵەتی[2]، ھەناردەی تورکیا بۆ عێراق لە ماوەی ساڵی ٢٠١٦ بۆ ٢٠١٨، هەڵكشانی بەخۆوە بینیوە. بوونی تورکەکان لە عێراق، زەنگێکی مەترسیدارە بۆ ڕۆڵی ئابووری و بازرگانیی ئێران لە عێراقدا، لە كاتێكدا كە ئێران سنوورێکی ھاوبەشی لەگەڵ عێراقدا ھەیە بە درێژایی ١٤٠٠ کیلۆمەتر، سەرەڕای ئەوەش لە ڕووی کولتووری، کۆمەڵایەتی، مێژوویی و ئایینییەوە خاوەنی كۆمەڵێك خاڵی هاوبەشە لەگەڵ عێراقدا، ئەمە پێویستی بە بەرنامەیەکی ستراتیژی ھەیە بۆ گەشەپێدانی قووڵ لە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان، ھەروەھا بۆ سوودوەرگرتن لە دەرفەتە بازرگانی و ئابوورییەکان و پێشکەوتنی ڕکەبەرەکان لە بازاڕی عێراقدا بەتایبەتی تورکیا. مۆدێلی بازرگانی و وەبەرهێنان بە مەبەستی کەمبوونەوەی فشارە ئابوورییەکانی جیھان و تێپەڕاندنی گەمارۆی دوژمن؛ یاساکانی نێودەوڵەتی گۆڕاوە، ھەر بۆیە لەگەڵ ئەم بارودۆخانەدا، بابەتی لێکۆڵینەوە پێویستی بە پێداچوونەوەی قووڵ و چاوپیاخشاندنە لە سیاسەتە بازرگانییەکانی داھاتوو بەتایبەت لەگەڵ عێراقدا. ھەروەھا دەستنیشانکردنی ئەو بۆشاییانە و ئەو قەیرانانەی کە لە نێوانیاندایە لە کاتی دەرکەوتنیاندا و لە لایەنی ئاڵۆزی بازرگانیی دەرەکی و گۆڕانە لەبەرچاوەکانی تەکنەلۆجیای نوێدا بە پێویست دەزانرێت. لەسەر بنەمای ئەم لێکۆڵینەوەی کە لەبەر دەستدایە، بە سوودوەرگرتن لە میتۆدی شیکاریی ناوەرۆک، بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارانەوەین کە فاكتەرە کاریگەرەکان، ناوەرۆک و ئاڵنگارییەكانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عێراق کامانەن؟ بارودۆخی پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئێران و عێراق ئێران بەپێی کۆتا ژمارەکانی سەرژمێری و ڕاپۆرتی بانکی جیھانی، دانیشتووانی ئێران لە ساڵی ٢٠١٨، بە ١/٨٢ ملیۆن کەس ھەژمار کراوە. بەپێی سایتی دووریی جوگرافی ( GeoDistance)، ئێران دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا و لەگەڵ ١٥ وڵات دراوسێیە. ڕاپۆرتی بازرگانیی نێودەوڵەتی[3] بەم شێوەیە ئێران دەناسێنێت: ئێران لە ڕۆژئاوای ئاسیا لە نزیکی دەریای خەزەر، کەنداوی عەممان و کەنداوی فارسدایە. ئەم وڵاتە لە کاتی تێپەڕیندایە بە ئابووریی بازاڕدا. ئێران بە سێیەمین وڵاتی خاوەن نەوتی پاشەکەوتکراو لە جیھاندا دانراوە. بە شێوەیەکی سروشتی نەوت و گازی سروشتی گرنگترین ھەناردەکانی ئێرانن و ھەناردەی تری وەک ماددەی کیمیایی، پلاستیک و میوەیشی ھەیە. ھاوردەی سەرەکیی ئێران: ئامێرە کارەباییەکان، دانەوێڵە، ئاسن، پۆڵا و ماددەی کیمیاییە. بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ٢٠١٧ی سایتی نەخشەی بازرگانی، ئێران بەرھەمەکانی بە ڕیزبەندیی ٦/٨ لە سەددا بۆ وڵاتی چین، ٣/٦% بۆ ئیماراتی عەرەبی، ١/٦% بۆ عێراق، ١/٤% بۆ کۆریای باشوور، ٨/٣% بۆ تورکیا، ٦/٢% بۆ ئەفغانستان، ٦/٢% بۆ ھیندستان؛ ھەناردە کردووە. بەپێی داتاکانی خشتەی ژمارە (١)، لە ھەناردەکاندا بەرھەمە سووتەمەنییە کانزاییەکان و چەورییە کانزاییەکان پلەی ١٦ی جیھان و پشکی ٩/١ی لە ھەناردە جیھانییەکان بۆ خۆی تەرخان کردووە. سەبارەت بە ساڵی ٢٠١٧، دابەزینی بە نزیکەیی ٢٩٪ی ھەبووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٧، پلەی پێنجەم لەسەر ئاستی جیھان و پشکی ٨/٣ لە ھەناردە جیھانییەکانی بۆ خۆی تەرخان کردووە و ٣٤٪ بەرزبوونەوەی بەرامبەر بە ساڵی ٢٠١٦ ھەبووە و بەھای ھاوردەی جیھانی لەنێوان ساڵانی ٢٠١٤-٢٠١٨، دابەزینی ٣٪ی ھەبووە. ئەم دابەزینە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ ئەو وڵاتانەی بە خاوەن ئابووریی نەوت ھەژمار دەکرێن. لە ڕاستیدا (٦) گرووپ کاڵا، زۆرینەی ھەناردەکانی زیاتر لە ٨٥٪ی ھەناردەی ئێرانیان پێک ھێناوە کە بەرامبەر بە ٨/٥٦ ملیارد دۆلار بەھای ھەناردەی ئێرانیان بۆ خۆیان تەرخان کردووە. لەم نێوانەدا تەنھا یەک گرووپ کاڵای تەرخان کردووە بۆ بەرھەمە کشتوکاڵییەکان و پشکەکەی کەمترە لە ٢٪-ی بەرامبەر بە ٩٢٥ ملیۆن دۆلارە، بە واتایەکی تر: زیاتر لە ٨٣٪ی ھەناردەی ئێران لە ساڵی ٢٠١٨دا پەیوەست بووە بە نەوت و بەرھەمە نەوتییەکان، پلاستیک، ماددەی کیمیایی، ئاسن و پۆڵا و بەردی کانزایی. داتاکان دەرخەری ئەوەن کە لە بابەتی ھەناردەکراوی بێجگە لە نەوت، بە شێوەیەکی سەرەکی بەرھەمە کشتوکاڵی و پیشەسازییەکان؛ ھەنگاوی بونیادی نەنراوە. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی نەخشەی بازرگانی، پشکی وڵاتان لە زۆربەی ھاوردەکانی ئێران لە ساڵی ٢٠١٨دا بە دابەزینی %20 بەرامبەر بە ساڵی ٢٠١٧ گەیشتووەتە ٤٠ ملیار دۆلار. لە ساڵی ٢٠١٧دا زۆرترین پشک لە بەھای ھاوردەکانی ئێران لە چینەوە بە پشکی %25/4 بووە و وڵاتانی ئیماراتی عەرەبی بە %15/8، کۆریای باشوور %7، تورکیا %6، ئەڵمانیا %5 و ھیندستان %4 لە ڕیزەکانی دواییدان. پشکی ئەم ٦ وڵاتە لە بەھای ھەموو ھاوردەکانی ئێران لە ساڵی ٢٠١٧دا بە نزیکەیی %64 بووە. عێراق لەسەر بنەمای کۆتا ژمارەکانی سەرژمێری و ڕاپۆرتی بانكی جیھانی، دانیشتووانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٨، ٨/٣٨ ملیۆن کەس خەمڵێنراوە. بەپێی سایتی “GeoDistance“، عێراق لەگەڵ (٦) وڵاتدا سنووری ھاوبەشی ھەیە. %95ی دانیشتووانی عێراق لە موسوڵمانەکان پێک ھاتووە و کولتوورە نەتەوەییەکان، کە بە شێوەیەکی سەرەکی عەرەبەکان و کوردەکان دەگرێتەوە. موسوڵمانەکانیش %65یان شیعە و %32یان سوننەن (صادقی، مارابی و اکسا، ١٣٩٥). ئابووریی عێراق بە ھۆی ئەو کێشە زۆرانەی کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا تووشی بووە، ڕووبەڕووی لاوازییەکی زۆر بووەتەوە لە بەشە جیاوازەکانی ئابووریدا. ھێرشی سەربازیی ئەمریکا و لەناوچوونی ڕژێمی سەددام، لەگەڵ ئەو کێشە توندانەی کە بوونیان هەیە، ھاوکێشەی جیۆپۆلەتیکیی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و عێراقی لە بنچینەوە گۆڕی. لە لایەکی ترەوە، دروستبوون و فراوانبوونی گرووپە تیرۆریستییە تەکفیرییە-سەلەفییەکان، زۆرترین کاریگەرییان لەسەر ئاسایش و تێکڕای قەبارەی بازرگانیی دەرەکیی عێراق دانا (صادقی و ھاوکاران، ١٣٩٥). تێکڕای قەبارەی بازرگانیی دەرەکیی عێراق لە ساڵی ٢٠١٨، یەکسان بووە بە ١٢٦ ملیار دۆلار. ھاوبەشە بنەڕەتییەکانی ھەناردەی عێراق بریتین لە: ولایەتە یەکگرتووەکان (%25ی کۆی گشتی ھەناردەکان)، ھیندستان %14، چین %12، کۆریای باشوور %9. لەسەر بنچینەی داتاکانی ناوەندی بازرگانیی نێودەوڵەتی، عێراق بە بەھای ٩٦ ملیار دۆلار ھەناردەی ھەبووە و پلەی ٣٦ی ھەیە لە جیھاندا و ڕێژەی %5ی ھەناردەی جیھان پێک دەهێنێت. زانیارییەکانی لێکۆڵینەوەکە زانیارییەکانی شیکاریی ناوەرۆک لە بەشبەشکردن و شیکاریی داتاکانی چاوپێکەوتن بە میتۆدی شیکاریی ناوەرۆک (تحلیل مضمون)، ١٠ قەیرانی گرنگ و ستراتیژی لە گەشەپێدانی پەیوەندییە دوولایەنەکانی ئێران و عێراقدا دەستنیشان کران کە بریتیین لە: بەھای زیادە (ارزش افزودە)، نەبوونی جۆراوجۆریی ھەناردەكان، لاوازیی دیپلۆماسیی ئابووری، پشتیوانیی دەوڵەت، لێنەھاتوویی کۆمپانیاکانی بەڕێوەبردنی ھەناردە، ئاڵۆزیی ئابووری، کوالێتیی بەرھەمەکان، وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی دەرەکی، گەشەپێدان و نوێکردنەوەی پێکھاتەکان و گۆڕینی پێکھاتەی ئابووری لەسەر بنەمای سیاسەتەکانی ئابووریی خۆڕاگرییانە (اقتصاد مقاومتی). بەھای زیادە، کوالێتیی بەرھەمەکان و جۆراجۆریی ھەناردەکان؛ سێ چەمکی سەرەکیی گرنگن کە لە زۆربەی چاوپێکەوتنەکاندا جەختیان لەسەر کراوەتەوە. یەکێک لە مامۆستاکانی زانکۆیەکی عێراق، ئاماژەی بە ھەناردەی بەرھەمەکان کردووە بە بەھای زیادەی کەم و ئەم چەمکەی بەم شێویەی خوارەوە خستووەتە ڕوو: “كاڵا بەرھەمھێنراوەکان وەک کەلوپەلی ناوماڵ، تەلەڤزیۆن و… ھتد؛ تێچوونی زیاتریان ھەیە و زۆر پێشکەوتووترن لە ماددەی خۆراکی. ئەمڕۆ کوالێتیی بەرھەمەکان تەواو بووە و بەرھەمەکانی بەھا زیادەیان پێ دەڵێن.” سەرەڕای ئەمەش گلەیی لە بەرھەمەکانی ئێران ھەبوو: “بەرھەمەکانی تورکیا کوالێتیی باشتر و بەهای زۆرتریان هەیە، بۆ نموونە لە دووکانەکانی سلێمانی ھەموو ئامێرە کارەباییەکان و… ھتد؛ ھیی تورکیایە. ئێران تەنھا لە بەشی ماددەی خواردەمەنیدا بوونی هەیە.” “لە عێراق زۆربەی خەڵک وا دەزانن ئۆتۆمبێلە ئێرانییەکان ترسناکن و تەنھا لەبەر ھەرزانیی نرخ دەکڕدرێن.” “زۆربەی کاڵاکانی ئێران بۆ عێراق، ماددەی خۆراکی و شیرەمەنین. لە بەرامبەردا، تورکیا کاڵاگەلێکی وەک جلوبەرگ زیاتر ھەناردە دەکات.” یەکێکی تر لەو کەسانەی کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کرابوو، بەم شێوەیە وتبووی: “ئەوەندەی کە شووتی، سەوزەوات، ماددەی ئێکسپایەربوو و ماددەی سەرەتایی و لەم بابەتانە بۆ عێراق ھەناردە دەکەین، ئایا دەرمان و پێویستییەکانی ماڵەوە و یان شتی تر دەنێرین؟” “بە ھۆی کوالێتیی خراپی بەرھەمەکان، بەداخەوە ئێمە براندی نەتەوەییمان لە عێراق خراپ کردووە.” سەرمایەگوزاریی ڕاستەوخۆی دەرەکی زۆربەی ئەو کەسانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە، باس لە بایەخپێنەدانی تواناکان و دەرفەتە کردەییەکانی عێراق دەکەن و بەم شێوەیە یەکێکی تر لە قەیرانەکان و بۆشاییەکانی ھەناردە دەستنیشان دەکەن: “عێراق ھەموو شتێک ھاوردە دەکات. ھەموو شت! بەڵام ئەم ڕەوتە بەردەوام نابێت و پێویستە نەبێت. ئێستا عێراق لەژێر داروپەردووی ٤٠ ساڵ شەڕ ھاتووەتە دەرەوە، پێویستی بە سەرلەنوێ بونیادنانەوەیە. عێراق دەتوانێت لەم بوارەدا سەرمایەگوزاری بکات. بێگومان عێراق پێشوازیی لێ دەکات.” “عێراق تینووی وەبەرهێنانی دەرەکییە، بەتایبەت لە بواری کشتوکاڵی و پیشەسازیدا. ئێران دەتوانێت لە بەرامبەردا، دەرگاکانی بازاڕە گەورە ٤٠ ملیۆنییەکەی عێراق بە ڕووی خۆیدا بکاتەوە.” ئاڵۆزیی ئابووری فرۆشتنی ماددەی خاو و ھەناردەکردنی سەرچاوەکان، یەکێکی تر لە قەیرانە گرنگەکانی ئەو کەسانە بوون کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کرابوو و ئەم چەمکەیان بەم شێوەیە باس کرد: “لە ھەناردەکانی نانەوتی بەکردەیی بە ئاڕاستەی فرۆشتنی ماددەی خاو دەڕۆین.” “شتە ھەناردەکراوەکان، بێجگە لە شتی بەستەکراو و لەقوتوونراو کە لە گرووپی ئەو کاڵایانەن لە بەرھەمەکانی بواری کشتوکاڵی وەک دوابەرھەم ھەناردە دەکرێت.” “ئێران لەجیاتیی بەرھەمھێنانی تەماتە و بیبەر، با لە بیری دروستکردنی گسکی کارەبایی و جلشۆردا بێت.” پشتگیریی دەوڵەت، گەشەپێدان و سەرلەنوێ بونیادنانەوەی ژێرخانەکان وا دەردەکەوێت کە ئەو کەسانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە، زۆربەی فاکتەرە ڕێگرەکانی بەردەم پەیوەندییە بازرگانییەکانی عێراق بە لاوازیی پێکھاتەیی دەزانن. ئەم چەمکەیان بەم شێوەیە باس کرد: “لە ڕووی تەکنەلۆجییەوە وڵاتانێکی وەک ئازەربایجان و تورکەمەنستان لەخوار ئێمەوەن، دیسانەوەش لەم پانتاییەدا دۆڕاوین و ئێران نەیتوانیوە سوود لەم دەرفەتانە وەربگرێت، ئەمەش دەریدەخات لە ناوخۆدا زۆر کێشەمان ھەیە.” “ئێران پێویستی بە چاککردنی ژێرخانەکانی خۆی لە پیشەسازیدا ھەیە، ئەمە تەنیا ڕێگایەکە کە دەتوانێت ڕکابەری بکات.” دابینکردنی متمانەی دارایی ھەناردەکان، لە ڕیزی یەکێکی تر لە بەربەستەکانی ھەناردەکارەکاندا خرایە ڕوو، ئەم چەمکە بەم شێوەیە باس کرا: “ئێمە دەتوانین متمانە بدەین بەو کۆمپانیا تایبەتە ھەرەوەزانەی کە لە موزایەدەی نێودەوڵەتیدا براوە بوون.” “بازرگانیی دەرەکی سوار کەژاوەی پەیوەندییەکانی بانك بووە، دەبێت ژێرخانە بانكی و کارگێڕییەکان بەھێز بکرێن بۆ ئەوەی بتوانێت متمانەی دەرەکی بە کڕیاری دەرەکی بدات. لە سندووقی گەشەپێداندا، پێویستە قەرز بەو پیشەسازییانە بدەین کە دەتوانن بەرھەمەکانیان ھەناردە بکەن.” دیبلۆماسیی ئابووری: زۆربەی ئەو کەسانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە، ڕۆڵی دیبلۆماسیی ئابوورییان وەک ناوەندی سەرەکیی ئاسانکاریی ھەناردەی بەرھەمەکانیان لە بازاڕی عێراقدا لەقەڵەم دا و تورکیایان بە خاوەنی دیبلۆماسیی گشتی و تەراتێنی ئابووری لە عێراقدا دەزانی. ئەم چەمکە بەم شێوەیە خرایە ڕوو: “ئێستا تورکەکان بە دیپلۆماسیی گشتی و ئابووریی کاراوە چوونەتە عێراق و دیدار لەگەڵ خەڵکی عەشایەر دەکەن و لەگەڵیان نان دەخۆن و لەناو خەڵکی بازاڕدا ئامادە دەبن.” “پێویستە دەوڵەت بەربەستەکان لا ببات. کەسێک کە بەدوای دروستکردنی گەشەپێدانی بازرگانییەوەیە لەگەڵ وڵاتانی تر، پارێزگاریی لێ دەکرێت؟ پشتیوانیی دەکرێت؟ ڕێزی لێ دەگیرێت؟ تەنیا شتێک کە دیپلۆماسیی ئێران لێی بێئاگایە، ھەر ئەمەیە.” “پەیوەندیی ئێران لەگەڵ عێراق لە ئاستی دەوڵەت، بە تێڕوانینێکی سەربازییە.” “ئەگەر ھاوکاریی زەبەلاحی ئابووری بکرێت، بەدڵنیاییەوە باشبوونی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات خێراییەکی زیاتری دەبێت.” کۆمپانیاکانی بەڕێوەبردنی ھەناردەکان (EMC): ئەم خاڵە بە ڕای ئەو کەسانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە، بە یەکێک لە ھەرە خاڵە لاوازەکان لە بازاڕی عێراقدا دادەنرێت. “کاتێک وردە جووتیارێک بەرھەمەکانی ھەناردە دەکات بۆ دەرەوە، نە بازاڕێک دەناسێت و نە دەزانێت ژێرخانی ئابووری چییە و نە دەزانێت مافەکانی کامانەن و نە گەرەنتییەکانی چین، کاتێک ئەمە بوونی نییە، ھەناردەکردن کەم دەبێتەوە. ناتوانین بەرهەمەكان بفرۆشین، ئەم بۆشاییە لە وڵاتانی تردا بوونی ھەیە.” “EMC”یەکان ئەگەر بەڕاستییش بوونیان هەبێت، یەک کەس یان کۆمەڵێکی بچووکن کە بە ھیچ شێوەیەک ناتوانن ببنە چەترێكی گشتگیر. گۆڕینی پێکھاتەی ئابووری لەسەر بنەمای سیاسەتەکانی “ئابووریی بەرگرییانە” زۆربەی ئەو کەسانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە، ڕۆڵی گۆڕینی پێکھاتەی ئابووری لەسەر بنەمای سیاسەتەکانی ئابووریی بەرگریيانە وەک ژێرخانی گۆڕان و تێڕوانینی نوێ لە سیاسەتەکانی بازرگانیی داھاتووی وڵات بە پێویست زانی. لەدەستدانی دەرفەتە بازرگانییەکان و ھاوکارییە ئابوورییەکان لە ناوچەکە و کەوتنە بارودۆخی ستراتیژیی تایبەت و تایبەتمەندییە جیۆپۆلۆتیکەکانی ئێران لە ناوچەکە و پاڵپشت بە توانا ناوخۆییەکان، لە پێویستییەکانی گۆڕانی پێکھاتەیی لە ئابووریدا ھەژمار دەکرێت. کلیلی چارەسەری دۆخی ئێستا و دەرچوون لەو بارودۆخە نالەبارە و ڕزگاربوون لە گەمارۆ ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان، لە گرەوی جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی ئابووریی بەرگرییدایە. بەراوردكردنی ھەناردەی ئێران و تورکیا لە بازرگانیی عێراق لێکۆڵینەوەی ڕەوتی بازرگانیی گرووپ کاڵاکان لەنێوان ئێران و تورکیا لە ساڵی ٢٠١٧،هەناردەکانی ئێران بۆ تورکیا: بنەمای بەراوردکاری، قەبارەی ئاڵوگۆڕەکانی گرووپی کاڵا بازرگانییەکانی ئێران و تورکیا لە ساڵی (٢٠١٧)یە. لەسەر بنەمای داتاکانی ناوەندی بازرگانیی نێودەوڵەتی، بەھای ھەناردەی ئێران بۆ تورکیا ٩/٣ ملیار دۆلارە کە پشکی %4ی ھەموو ھەناردەکانی ئێران لەخۆ دەگرێت. زۆرترین بەھای ھەناردەکانی پەیوەست بە بەرھەمە کانزاییەکان، واتە سووتەمەنییە کازاییەکان و چەورییە کانزاییەکان و بەرھەمەکانی بە بەھای ٣/٢ ملیار دۆلارە. زیاتر لە %86 ی ھەناردەکانی ئێران بۆ تورکیا، پەیوەست بە بەرھەمە کانزاییەکان و پیشەسازییە کانزاییەکانە. ھەناردەکانی تورکیا بۆ ئێران: بەپێی داتاکانی ناوەندی بازرگانیی نێودەوڵەتی، لە ھەناردەکانی (٥) گرووپ کاڵای زۆرینەی ھەناردەکان بۆ ئێران، بەھای ھەناردەکان بۆ ئێران لە ساڵی ٢٠١٧ بە بەھای ٣ ملیار و ٢٥٩ ملیۆن دۆلارە کە پشکی %2ی ھەناردەکانی کۆی گشتیی تورکیا لەخۆ دەگرێت. بە بەراورد، ھەناردەکانی ئێران بۆ تورکیا بە بڕی ٢/٧ ملیۆن دۆلار زیاترە لە تورکیا، پێشکەوتنی ھەناردەکانی ئێران لە بازرگانیی دوولایەنەی ئێران و تورکیا بە ھۆی زۆربوونی ھاوردەکردنی سووتەمەنییە کانزاییەکان و چەورییە کانزاییەکانە لە ئێرانەوە بۆ تورکیا. بەپێی ئەم داتایە، (٥) گرووپ کاڵا دەست بەسەر زیاد ٤٠٪ی ھەناردەکانی تورکیا بۆ ئێراندا دەگرێت. مەکینەکان و کەلوپەلە میکانییەکان لە پلەی یەکەمدان و بەھای ھەناردەکردنیان ٥٤٢ ملیۆن دۆلارە. زۆرینەی بەرھەمە ھەناردەکراوەکانی تورکیا، لە بەرھەمە پیشەسازییەکانن کە بە بەراورد بە بازرگانیی دوو لایەنەی ئێران و تورکیا، پەیوەست بە بەرھەمە کانزاییەکان واتە سووتەمەنییە کانزاییەکان کە بێجگە لە نەوت و بەرھەمە نەوتییەکان کە دەرخەری فرۆشتنی ماددەی خاوی سەرچاوە سروشتییەکان و ھەناردەکردنی کۆمەڵە کاڵایەکی لاوەکین. سێیەمین گرووپی کاڵاکان، تایبەتە بە ڕیشاڵە دەستکردەکان کە بەھای ھەناردەکردنی بە بڕی ٢٠٠ ملیار دۆلارە. لێکۆڵینەوەی شمەکی ھەناردەی تورکیا بۆ ئێران لە ساڵی ٢٠١٧، دەرخەری ئەوەیە کە بەشێکی ھەناردەی تورکیا پەیوەستە بە بەرھەمە پیشەسازییەکان، بە واتایەکی تر: زۆرترین ھەناردەکانی تورکیا پێک ھاتووە لە ھەناردەکردنی کۆمەڵە کاڵایەک بە بەھای زیادەباڵا واتە بەرھەمە کۆتایی و بەرھەمە بەکارھێنەکان. ڕەوتی بازرگانیی گرووپ کاڵاکانی نێوان ئێران و عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا ھەناردەکانی ئێران بۆ عێراق: بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی بازرگانیی نێودەوڵەتی، لە ساڵی ٢٠١٧دا کۆمەڵە کاڵایەک بە بەھای ٦ ملیار و ٤٢٥ ملیۆن دۆلار بۆ عێراق نێردراوە. کە زۆرترین بڕی گرووپ کاڵا ھەناردەکان تایبەتە بە پلاستیک و بەرھەمەکانی. بڕی ھەناردەکانی ئەم گرووپە ١ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلارە، بە پشکی ٦/١٨ لە سەدی کۆی گشتیی ھەناردەکانی بۆ عێراق لەخۆ دەگرێت. بەرھەمە شیرەمەنییەکان و ئامێرە کارەباییەکان و کەلوپەلە میکانیکییەکان، میوە و سەوزەوات و بەرھەمەکانی کاشی؛ بە بەشێک لە زۆرینەی شمەکە ھەناردەکراوەکانی ئێران دادەنرێت. ٥ گرووپ کاڵا، %53ی ھەناردەکانی بۆ عێراق تایبەت کردووە. وێنەی ژمارە (١)، خشتەی ٢٠ گرووپ کاڵای ھەناردەکراوی ئێران بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا پیشان دەدات کە %81ی ھەناردەکانی ئێران بە بەھای ٢/٥ ملیار دۆلار بۆ خۆی تەرخان کردووە. لەو خاڵانەی کە جێگای سەرنجدانن لە زانیارییەکانی ٢٠ گرووپ کاڵای ھەناردەکراو بۆ عێراق لە خشتەی ژمارە (١)، ئەمەیە کە بەشێکی زۆر لە گرووپ کاڵا ھەناردەکراوەکان بەھای زیادەی کەمیان ھەیە، ئەم کاڵایانە بەرھەمە کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییەکانن کە لە ڕیزبەندیی ھەناردەی بێجگە لە نەوتدان. بەرھەمە ھەناردەکراوەکانی وەک بەرھەمی شیرەمەنی، میوە، سەوزەوات، فەرش، ماسی، قارچک، سابوون و ماددەی پاککەرەوە، شووشەوات و قاپوقاچاخە. ڕەوتی بازرگانیی گرووپ کاڵاکانی نێوان تورکیا و عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا ھەناردەکانی تورکیا بۆ عێراق: بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی بازرگانیی نێودەڵەتی، لێکۆڵینەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی تورکیا و عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا دەریدەخات تورکیا توانیویەتی تەنیا لە ٥ گرووپ کاڵادا %39ی ھەناردە بۆ عێراق بۆ خۆی دابین بکات کە بەرامبەر ٣٥ ملیار دۆلار بەھای ھەناردەکەیەتی. بەردە بەنرخەکان و کانزا گرانبەھاکان زۆرترین بەھای ھەناردەکراویان بۆ عێراق ھەبووە لە ساڵی ٢٠١٧، بە بەھای ١٨٥/١ ملیۆن دۆلار کە پشکی ٤/١٧ لە سەدی لە کۆی گشتیی بەرھەمە ھەناردەکانی ساڵی بۆ خۆی تەرخان کردووە. دوای ئەوە، بەرھەمەکانی بەرھەمە پیشەسازییەکان، جۆ، نیشاستە، گەنم و جلوبەرگ؛ ڕیزبەندیی بە پشکەکانی %7 و %4/9 و لە پلەکانی دواتری گرووپ کاڵاکانی زۆرینەی ھەناردەی تورکیا بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠١٧ دەردەخات. شایەنی باسە کە ئەم ھەناردانە پشکێک بە نزیکەیی ٨١٪ لە بەھای ھەناردەکانی تورکیا بۆ عێراقیان ھەبووە. لە تایبەتمەندییە بایەخدارەکانی وێنەی ژمارە (٢)، لە زانیارییەکانی ٢٠ گرووپ کاڵای ھەناردەکراوی تورکیا بۆ عێراق، ھەناردەی بەرھەمە کۆتاییەکان بە بەھای زیادە باڵا وەک بەردە گرانبەھاکان و جلوبەرگ، مۆبیلیات، بەرھەمە شیرەمەنییەکان، دانەوێڵەی ئامادەکراو، کەرەستە کارەباییەکان، ڕۆنی سروشتی، میوە، سەوزەوات و کاغەزە. کۆی گشتیی بەھای ھەناردەکانی گرووپ کاڵای بەرھەمە پیشەسازییەکان، شیرەمەنی، دانەوێڵە، ڕۆنی گیایی، میوە، سەوزەواتی لەقوتوونراو، سەوزەواتی خۆراکی؛ بە ڕێژەی ٢/٢ ملیار دۆلارە کە ھاوشێوەی بەرھەمە ھەناردەکانی ئێران بۆ عێراق بە بەھای ٦/١ ملیار دۆلارە. تورکیا لە دوو گرووپ کاڵاکەی جلوبەرگی بە بەھای ٦٥٩ ملیۆن دۆلاری بۆ عێراق ناردووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێران لە گرووپ کاڵای جلوبەرگ بە بەھای ٩٨ ملیۆن دۆلاری بۆ عێراق ھەناردە کردووە. بەپێی زانیارییە ھەناردەکان، ئێران لە گرووپ کاڵای بەرد و کانزا گرانبەھاکان ھەناردەی جێگە سەرنجی نییە. بەھای ھەناردەکانی ئەم گرووپ کاڵایە، بە نزیکەیی ٨٤ ملیۆن دۆلارە کە لەگەڵ ھەناردەکانی تورکیا لە بازاڕی جیھان و بازاڕی عێراق بەراورد ناکرێت، بە واتایەکی تر: بەبێئاگایی لە توانای ھەناردەکانی ئێران ھەژمار دەکرێت. بڕی ھەناردەی بەردە بەنرخەکان و کانزا گرانبەھاکانی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٧دا بە بەھای ٨/١٠ ملیار دۆلارە، کە بڕی ١٠٪ی ھەناردەی تورکیا پێک دەھێنێت، ھەڵبەت لە ساڵی ٢٠١٨ ھاوکات بوو بە دابەزینی ٣٤٪. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەھای ھاوردەکانی ئەم گرووپ کاڵایە زیاتر لە ١٧ ملیار و ٨٤٠ ملیۆن دۆلارە و ٦ ملیار و ٣٩٥ ملیۆن دۆلار ڕێکاری بازرگانیی نێگەتیڤی ھەیە. بەراوردی ڕەوتی ھەناردەکانی ئێران و تورکیا لە بازاڕی عێراقدا بەپێی زانیارییەکانی داتای ناوەندی بازرگانیی نێودەوڵەتی، ھەناردەی ئێران و تورکیا بۆ بازاڕی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا بەراورد کرا لەنێوان ١٠ گرووپ کاڵا ھاوشێوەی خشتەی ژمارە (٣). بنەمای بەراوردەکە، ١٠ گرووپ کاڵای زۆرینە ھەناردەکراوی تورکیا بۆ عێراقە. ھەناردەی ئێران بۆ عێراق لەم ١٠ گرووپ کاڵایەدا بە بەھای ٤/٢ ملیار دۆلار و ڕێژەی زیاتر لە ٣٧٪ی کۆی گشتیی ھەناردەکانی ئێران بۆ عێراقە، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە تورکیا لە گرووپ کاڵاکانی خشتەکەی سەرەوە بە بەھای ٣/٥ ملیار دۆلار و بە ڕێژەی زیاتر لە ٥٨٪ی کۆی گشتیی ھەناردەکانی تورکیا بۆ عێراقە. زانیارییەکانی خشتەکە دەریدەخەن کە تورکیا لە گرووپ کاڵای بەرھەمە کانزاییەکان، بەرھەمە کشتوکاڵییەکان و پیشەسازی و خۆراک و بەرھەمەکانی پیشەسازیی دار و جلوبەرگ لەپێشترە. بێجگە لە ھەناردەکانی پلاستیک و بەرھەمە شیرەمەنییەکان، لە ٨ گرووپ کاڵای تردا تورکیا بەھێزتر و سەرکەوتووتر کاری کردووە و پێوانە ناکرێت بە ژمارەی ھەناردەکانی ئێران. لە کۆمەڵە بابەتێکی وەک ھەناردەی بەردە گرانبەھاکان بۆ عێراق، پشکی ئێران ١ ملیۆن دۆلارە. بڕی ھەناردەی بەرھەمە بەرھەمھێنراوەکان؛ ٨٠ ملیۆن دۆلار پشکی ھەناردەکانی ئێرانە، لە کاتێکدا تورکیا ئەم بەرھەمانەی بە بەھای ٦٥١ ملیۆن دۆلار بۆ بازاڕی عێراق ناردووە. بە سەرنجدانی ژمارەکانی خشتەکە، ھەناردەکانی ئێران لە ڕیزی کاڵا نێوەندگیرەکانن. نموونەی بەرجەستەشی، ھەناردەی پلاستیکە کە بە بەشێک لە پیشەسازیی لەخوارتری پترۆکیمیایی دەژمێردرێ، ھەر بۆیە پێویستە ئێران لە توانا پشتگوێخراوەکانی ھەناردەکانی لە بازاڕی عێراقدا بکۆڵێتەوە. لە وێنەی ژمارە (٣)دا ھێڵکاریی ڕەوتی شیکاریی ھەناردەکانی ئێران بۆ عێراق لە ماوەی نێوان (٢٠١٦-٢٠١٨)، ھاوشێوەی ١٠ گرووپ کاڵای ھەناردەکراوی تورکیا بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠١٧ ئاماژەی پێ کراوە. ڕەوتی زانیارییەکان لە سێ ساڵی کۆتاییدا، دەریدەخەن کە ھەناردەکانی ئێران گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی نەبووە لەو ١٠ گرووپ کاڵایەی کە تورکیا بۆ بازاڕی عێراقی دەنێرێت کە شایەنی سەرنج بێت. ئەنجام ئەم لێکۆڵینەوەیە بە مەبەستی ناساندنی فاکتەرە ستراتیژییەکان و ناوەرۆک و قەیرانەکانی ئێستا لە گەشەپێدانی بازرگانیی دەرەکی و ھەروەھا شیکاری بارودۆخی بازرگانیی دەرەکیی ئێران لە بازاڕی عێراقدا، پشتبەستوو بە داتای زانیارییەکانی ناوەندی بازرگانیی نێودەوڵەتی (نەخشەی بازرگانی) ئەنجام درا. بە میتۆدی شیکاریی ناوەرۆک، ١٠ نیشاندەری ستراتیژی لە بواری بازرگانیی دەرەکی دەستنیشان کرا کە بریتین لە دیبلۆماسیی ئابووری، ئاڵۆزیی ئابووری، بەھای زیادە، چڕکردنەوەی ھەناردەکان، کوالێتی، پشتگیریی دەوڵەت و ژێرخانی پتەو و نەرم، لەدەستدانی دەرفەت و سەرمایەگوزارینەکردنی ڕاستەوخۆی دەرەکی لە بونیادنانەوەی عێراق، لێنەھاتوویی کۆمپانیاکانی بەڕێوەبردنی ھەناردەکان و سەرنجنەدان لە جێبەجێکردنی سیاسەتی ئابووریی بەرگری لە پێکھاتەی ئابووریی وڵاتدا. بە پیاچوونەوەیەک بە ئەدەبیاتی فراوانی ناو بواری بازرگانیی دەرەکی، دەبینین کە وڵاتان بە سیاسەتی نوێ و گرێبەستی دوولایەنە و ناوچەیی بەدوای گەشەپێدانی بازرگانیی دەرەکی لەگەڵ وڵاتانی تری دراوسێدان و پشتبەستن بە تایبەتمەندییەکان و توانا ناوخۆییەکانی وڵات؛ خاڵی دەستپێکی دەرکەوتنە لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا و لە لایەکی ترەوە لە ھەلومەرجی گەمارۆکاندا بە باشترین ستراتیژەکانی بازرگانیی دەرەکی ھەژمار دەکرێت. ئێرانیش کە یەکێکە لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیھان، لەم یاسایە بێبەری نییە. لایەنگری تیۆری ڕاکێشانی ناوچەیی بە یەکێک لە باشترین میتۆدەکان لە فراوانبوونی پەیوەندییە بازرگانییە ناوچەییەکان ھەژمار دەکرێت و باڵاتر لە دووریی جوگرافی و ڕادەی ئابووری بە ئاڕاستەی پەیوەندیی قووڵی کولتووری و کۆمەڵایەتی بەرەو پێش دەڕوات. دەرفەتە ستراتیژی و جیۆپۆپۆتیکەکانی ئێران لە ناوچەکە و دراوسێیەتی لەگەڵ ١٥ وڵات، بە تواناگەلێکی بەھێز بۆ ئێران ھەژمار دەکرێت کە بەداخەوە بە ھۆی پێکھاتەی لاوازی ئابووری تا ئێستا نەیتوانیوە لەم دەرفەتە و تایبەتمەندییە سروشتییەکان سوود وەربگرێت. لە لایەکی ترەوە، تێۆری ڕاکێشان و لایەنگری بە ئاڕاستەی گرێبەستی پەیوەندییە بازرگانییە دوولایەنەکان، ستراتیژی نوێ بۆ ھەڵخەڵەتاندنی (تێپەڕاندنی) فشارە جیھانییەکان بەتایبەت گەمارۆی ستەمکارانەی وڵاتە زلھێزەکان. ئاڵۆزیی ئابووری لە چەمکە سەرەکییە گرنگەکانی ئابووریی جیھانی ئەمڕۆیە کە لەسەر بنەمای زانیاری و تەکنەلۆجیا ڕاوەستاوە. کێشەی زۆری وڵاتانی خاوەنی نەوت بەتایبەت ئێران، پشتبەستوو بە ھەناردەکردن و فرۆشتنی ماددەی خاو و ئابووریی تاک بەرھەمی و نائاڵۆزە. لێکۆڵینەوەی زانیاریی داتاکانی نەخشەی بازرگانی و لێکۆڵینەوە مەیدانییەکان، دەریدەخەن کە پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی ئێران و عێراق تا ئێستا لەسەر بنەمای ئابوورییەکی تەواو کۆن بوون. بەپێی زانیاریی داتاکانی نەخشەی بازرگانی لە ساڵی ٢٠١٨، لە کۆی ٦٦ ملیار دۆلار ھەناردە، زیاتر لە ٤٧ ملیار دۆلار و بە واتایەکی تر: زیاتر لە ٧١٪ی تایبەتە بە سووتەمەنییەکان و ماددە کانزاییەکان. لە لێکۆڵینەوەی مەیدانی و بەراوردی ئێران و عێراق لە ساڵی ٢٠١٧ ( ١٠ گرووپ کاڵا )، دەرخەری لەپێشتربوونی تورکیایە لە ھەناردەکردنی بێجگە لە نەوت لە عێراقدا و ھەناردەکانی ئێران بە تورکیا بەراورد ناکرێت. لە پلەی بەراورددا، تورکیا ١٠ گرووپ کاڵای بە بەھای زیاتر لە ٣/٥ ملیار دۆلار بۆ عێراق ناردووە کە پشکی ئێران لەم ١٠ گرووپ کاڵایەدا، ٣/٢ ملیار دۆلار بووە. بۆ بینینی بابهتهكه به PDF كلیك لهم بهستهره بكه:- ژمارە (6)ی ئازاری 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی
(درەو): بافڵ تاڵەبانی داوای هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی كردووەو وتویەتی یەكێتی لەم حكومەتەدا جێگەی نابێتەوە، عومەر سەید عەلی داوای رێككەوتنی پارتیو یەكێتی كردووە، سەركردەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانیش لیستی داواكارییان داوەتە نێچیرڤان بارزانی. كۆبونەوەكەی سەرۆكایەتی هەرێم ئەمڕۆ لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان سەركردەی حزبە سیاسییەكان بەسەرپەرەشتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە. ئەم كۆبونەوەی لەچوارچێوەی هەوڵێكی دوو هەفتەیی سەرۆكایەتی هەرێمدا بەڕێوەچوو، كۆبونەوەكە بۆ زانینی بۆچونی لایەنەكان بوو لەبارەی پێشهاتە نوێیەكانی هەرێمی كوردستانو عێراق. بافڵ تاڵەبانی: من جارێكی تر بەشداری ناكەم بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) كە لەچەند سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو پارتیو بزوتنەوەی گۆڕان دەستیكەوتووە، كۆبونەوەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتی هەرێم سەركەوتوو نەبووەو كێشەی نێوان پارتیو یەكێتی باڵی بەسەر كۆبونەوەكەدا كێشاوەو سەرۆكی لایەنەكانی تر تەنیا تەماشاكەر بوون. (درەو) زانیویەتی، لەكۆبونەوەكەدا، دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی كۆمەڵێك قسەوباسی گشتی كردووە لەبارەی یەكڕیزی كوردەوە، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی قسەی كردووە پەیامێكی توندی بەگوێی نێچیرڤان بارزانیو پارتیدا داوە. بافڵ تاڵەبانی وتویەتی:" ئێمە لە حكومەتدا هاوبەش نین، هەر داواكارییەكمان هەبێت جێ بەجێ ناكرێت، ئێمە جێگەمان لەم حكومەتەدا نابێتەوە". بافڵ تاڵەبانی لەبەردەم كۆبونەوەكەدا جەختی كردووە لەسەر ئەوەی، قسەكانی تەنیا گوزارشت لەخۆی ناكات، بەڵكو ئەم قسانە بۆچوونی هەریەكە لە لاهور شێخ جەنگیو قوباد تاڵەبانیشە. هاوسەرۆكی یەكێتی باسی لەوەكردووە، پارتی نایەوێت لەگەڵ یەكێتی رێكبكەوێت، چونكە ئەوان چەندجارێك هەوڵیانداوە مەسعود بارزانی ببینن بۆ گفتوگۆ لەسەر كێشەكانی نێوان هەردوو حزب، بەڵام بارزانی وەڵامی نەداوەتەوە. بافڵ تاڵەبانی، لەبەرچاوی سەرۆكی حزبەكان، بە ئاشكرا داوای هەڵوەشاندنەوەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی كردووەو وتویەتی:" چەند رۆژی داهاتوودا یەكێتی بڕیاری خۆی دەداتو قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانو وەزیرەكانی خۆی دەنێرێتە لای مەسرور بارزانیو پەیامی كۆتایی خۆیان بە سەرۆك وەزیران دەگەیەنن". ئەنجومەنێك بۆ حزبەكان لە كۆبونەوەكەدا، عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادوەریی كوردستان قسەی كردووەو قسەكانی گشتی بوونو لەچوارچێوەی ئامۆژگاریدا بوون. عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانیش قسەی كردووەو وتویەتی:" پێویستە كۆتایی بە گرژییەكانی نێوان پارتیو یەكێتی بهێنرێت، چونكە ئەگەر پارتیو یەكێتی رێكبكەون، كێشەكان چارەسەر دەبن". محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان پیشنیازی دروستكردنی ئەنجومەنێكی باڵای بۆ حزبە سیاسییەكان كردووە كە رۆڵی ئەنجومەنی پیران بگێڕێت. لەسەر بەیاننامە رێكنەكەوتن بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، بەشداربوانی كۆبونەوەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتی هەرێم تەنانەت لەسەر دەركردنی بەیاننامەی كۆتایی كۆبونەوەكەش هاودەنگ نەبوون، بۆیە دواتر سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان تەنیا بەناوی خۆیەوە بەیاننامەی بڵاوكردوەتەوە، نەك حزبە سیاسییەكان. دوو لیست داواكاریی بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، دوای تەوابوونی كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكان لە سەرۆكایەتی هەرێم، هەریەكە لە سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیو عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان كە نوێنەرایەتی دوو پارتی سیاسی ئۆپۆزسیۆنیان كردووە لە كۆبونەوەكەدا، بەجیا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبونەتەوە. دیداری تایبەتی سەلاحەدین محەمەد بەهادینو عەلی باپیر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا، كۆتایهاتنی كۆبونەوەكەی هەندێك دواخستووە، بەوپێیەی هەریەكەیان لیستێك داواكارییان داوەتە نێچیرڤان بارزانی، كە (درەو) لە ئێستادا نازانێت ناوەڕۆكی داواكارییەكانیان چی بووە.
راپۆرتی: درەو هەرێمی کوردستان لە یەدەگی غازی سروشتیدا لە ڕیزبەندی (10) یەکەمەکانە لەسەر ئاستی جیهان، بۆیە لە توانایدایە گۆڕانکاری لەسیاسەتی ئابوری و بازاڕی وزەی جیهاندا دروست بکات. هەر بۆیە لە ناوخۆشدا هەر هێزێکی سیاسی هەرێمی کوردستان بتوانێت دەست بەسەر کەرتی غازی سروشتی هەرێمدا بگرێت، ڕاستەوخۆ کەرتی ئابوری کۆنترۆڵ دەکات، ئەوەشی کەرتی ئابوری هەرێم کۆنترۆڵ بکات بەشێوەیەکی ڕێژەیش بێت کۆنترۆڵی حکومڕانی لەناوەوەو سیاسەت لە دەرەوە دەکات. سەرەتا هەڵکەوتەی جوگرافی هەرێمی کوردستان لە ڕوی ستراتیجی و سیاسی و دیبلۆماسییەوە بایەخێکی تایبەتی هەیە بۆ وڵاتانی ناوچەکەو جیهان، لەم دواییانەشدا بەدیاریکراویش لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق پاشانیش پەرەدان بە کەرتی وزە و نەوت، بایەخی گەورەی ئابوریشی هاتەسەر، هەر زوو بووە جێی بایەخی کۆمپانیا گەورەکانی بواری نەوت و غاز. پشت بەست بەوەی هەرێمی کوردستان خاوەن سەرچاوەیەکی بێشومارە لە نەوت و غازدا تا ئێستا ئەو یەدەگەی لە نەوت هەیەتی بە 45 ملیار بەرمیل نەوت دەخەملێنرێت. هاوکات گۆڤاری (ئۆیڵ پرایز)ی بەریتانی تایبەت بە وزەو نەوت و غاز ئاماژەی بەوە داوە کە هەرێمی کوردستان بە تەنها، خاوەن (3%)ی یەدەگی غازی جیهانە. ئەویش بە قەبارەی 5.7 ترلیۆن مەتر سێجا، بەمەش ڕیزبەندی دەیەم دەگرێت لەسەر ئاستی جیهان بۆ ساڵی 2020 و لە دوای هەریەک لە (روسیا، ئێران، قەتەر، تورکمانستان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، فەنزویلا، چین، ئیمارات، سعودیە) وە دێت (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) کە سەرچاوەیەکی گرنگ و سەرنج ڕاکێشە بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان و ڕاکێشانی کۆمپانیا بیانییەکان. ئەو سەرچاوە گرنگانە لە نەوت و غازی هەرێم، وایکرد لە ماوەیەکی کورتدا دەیان کۆمپانیای بیانی لە بواری نەوت و غازدا بەقەبارەی دەیان میلیار دۆلار ڕویان لە هەرێمی کوردستان کرد بۆ وەبەرهێنان لە نێویشیاندا گەورە کۆمپانیاکانی وەک (دانا غاز)ی ئیماراتی و (شیفرۆن و ئکسۆن مۆبێل)ی ئەمریکی و (تۆتاڵ)ی فەرەنسی (ڕۆس نەفت)ی ڕوسی و (گەنەڵ ئینێرجی) تورکی ... چەندین کۆمپانیای دیکە. بەڵام هەرێمی کوردستان بەراورد بەو قەبارە گەورەیەی کە لە غازی سروشتیدا هەیەتی نەیتوانیوە وەبەرهێنانی پێویست لەم کەرتەدا بکات وەک سەرچاوەییەکی گەورەی ئابوری. چونکە سەرچاوەکان ئاماژە بەو ڕاستییە دەکەن (بڕوانەی خشتەی ژمارە (2))، سەرەرای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرفەتی زۆری هەبووەو هەیە بۆ وەبەرهێنان لەم کەرتە گرنگەدا. بەڵام لەبەردەم کۆمەڵێک کارلێک و ئاڵنگاری ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتیدایە، کە جێی بایەخی ئەم ڕاپۆرتە دەبێت. خشتەی ژمارە (1) خشتەی ژمارە (2) کارلکێک و ئاڵنگارییەکانی کەرتی غازی سروشتی هەرێمی کوردستان یەکەم: لەسەر ئاستی ناوخۆ 1. ئاڵنگاری ئابوری: هەرێمی کوردستان لە ژێر قەرزێکی کەڵەکەبووی گەورەتر لە (٣٠) ملیار دۆلاردایە، بەجۆرێک لە ئێستادا زیاتر لە (٩) ملیار دۆلاری قەرزی دەرەكی و ناوخۆیی لەلایە و زیاتر لە (8) ملیاری قەرزی موچەخۆران و (8) ملیار دۆلاری پابەندیە داراییەكان قەرزدارە. نزیكەی (4) ملیار دۆلاری هەردوو بانكی بازرگانی عێراقی و بانكی نێودەوڵەتی كوردستان قەرزدارە. ئەمە سەرەڕای وەستانی سەدان پرۆژەی گەورەو بچوک لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانی داراییەوە لە ساڵی ٢٠١٤، نەهاتنی بەشە بودجە لە عێراقەوە. ئەو قەرزانەی حکومەتی هەرێم بەهۆی جۆرێک لە شکستی ئابوری سەربەخۆ وای کردووە نەتوانێت وەک پێویست ئاوڕ لە کەرتی غازی سروشتی بداتەوەو وەبەرهێنانی پێویستی تێدا بکات، بۆ ئەمەش پێویستی بە ڕاکێشانی کۆمپانیای وەبەرهێنی گەورەی بواری کەرتی غاز هەیە. 2. ململانێی یەکێتی و پارتی بۆ کۆنترۆڵکردنی وزەو غازی سروشتی هەرێمی کوردستان وەک ئاڵنگاری سیاسی: ناکۆکی و ململانێی یەکێتی پارتی تەنها ململانێی سیاسی و ئیداری و جوگرافی و کارگێڕی و ئیعلامی نەبووە و نیە لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو کەرتی ئابوری لەناویشدا کەرتی وزە بوارێکی فراوانی نێوانیانی داگیر کردووە، چونکە هەردوو لایەن لەو ڕاستییە تێگەیشتوون "هەر لایەک دەست بەسەر کەرتی وزەی هەرێمدا بگرێت، ڕاستەوخۆ کەرتی ئابوری کۆنترۆڵ دەکات، ئەوەشی کەرتی ئابوری هەرێم کۆنترۆڵ بکات بەشێوەیەکی ڕێژەیش بێت کۆنترۆڵی ناوەوەو دەرەوەی حکومڕانی هەرێم دەکات". لەماوەی ڕابردوودا پارتی دیموکراتی کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر کۆنترۆڵی کەرتی نەوتی هەرێمی کردووە، بەمەش توانیویەتی تا ئاستێکی بەرز کۆنترۆڵی ئابوری هەرێم و پەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماسییەکانی کوردستان بکات لە دەرەوە، لە ناوەوەش پێگەی خۆی بە بەهێزی بهێڵێتەوە بەراورد بە هێزەکانی تر. هەر بۆیە یەکێتی نایەوێت ئەو هەڵەیەی لە بواری کەرتی نەوتدا بەسەریدا تێپەڕی، لە وەبەرهێنانی کەرتی غازی هەرێمدا دووبارە ببێتەوە، پارتی بە هەمان شێوەی دۆسییەی نەوت کۆنترۆڵی بکات، چونکە بەشی زۆری یەدەگی غازی هەرێم، کێڵگە گەورەکانی دەکەوێتە ئەو سنورەی پێی دەگوترێت ناوچەی سەوز. پارتی لە وەبەرهێنانی نەوتدا کەمترین وەبەرهینانی تێدا کردووە و زۆرترین گرێبەستە نەوتییەکانی لە سنوری ناوچەی زەرد ئەنجامداوە. هەربۆیە خوێندنەوەیەک هەیە بۆ ئەو گرێبەستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دانا غاز هەیەتی لە کێڵگەی غازی کۆرمور، بە مەبەست پارتی لە ڕێگەی وەزیری سامانە سروشتییەکانی پێشووەوە (ئاشتی هەورامی) لە کابینەکانی پێشووی حکومەتی هەرێم پابەندی گرێبەستەکە نەبووە و کێشەی بۆ کۆمپانیای ناوبراو دروستکردووە، لەبەرمبەردا کۆمپانیایەکە سکاڵای یاسایی لە دادگای لەندەن لە سەر حکومەتی هەرێم تۆمار کردووەو دۆسیەکەی بردەوەو حکومەتی هەرێم پابەند کرا بە قەرەبوو کردنەوەی کۆمپانیاکە بە بڕی (2) ملیار دۆلار. ئەمەش ئەو گومانە زیاتر دەکات کە هۆکاری پابەند نەبوونی حکومەتی هەرێم سیاسی بووە زیاتر لەوەی تەکنیکی بووبێت، چونکە وەبەرهێنانەکە لە سنوری ناوچەی سەوزدایە. هەموو ئەو ناکۆکییە جدیانەی نێوان یەکێتی و پارتی هەڕەشەی گەورە دەبن لە ئایندەی کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستاندا، ڕەنگە بەشێک لە هۆکاری دواخستنی وەبەرهێنان لەکەرتی غازدا بۆ ئەو ململانێیە بگەڕێتەوە. لەم بارەیەوە لە توێژینەوەیەکی (د. وحید انعام الکاکائی) لە ژێر ناونیشانی (جیوسیاسیە النفگ والغاز فی اقلیم كوردستان العراق والفواعل الاقلیمیە والدولیە)هاتووەو ئەوەمان بیردەخاتەوە؛ پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم و لە کۆتاییەکانی شەڕی داعش لە 2ی 3ی 2017 هێزە چەکدارەکانی یەکێتی کۆنترۆڵی کۆمپانیای نەوتی باکوریان کرد لە پارێزگای کەرکوک و دواتر کەوتنە هەناردەکردنی نەوتی بەشێک لە وێستگەکانی کەرکوک لە رێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی. پاش 7 ڕۆژ لەو روداوە هێزە چەکدارەکانی سەر بە پارتی لە کێڵگە نەوتییەکانی هاڤانا و بای حەسەن لە ڕۆژئاوای کەرکوک بڵاوەیان پێکرا. ئەم جۆرە لە هەوڵی ئەو دوو لایەنە بۆ کەرتی نەوت و غاز بەردەوامەو بەردەوامیش دەبێت. 3. ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ: لەپاڵ ناکۆکییە دورو درێژەیەکانی نێوان هەرێم و ناوەند لە بوارەکانی (ماددەی ١٤٠ و ناوچە جێناکۆکەکان و پرۆسەی نەوت و بوجە و پێشمەرگە و پرسە یاسایی و دەستورییەکان...) کەرتی غازیش یەکێک دەبێت لە ناکۆکییە گەورەکانی نێوان هەردوولا، ڕەنگە لە هەندێ وێستگەشدا قوڵتر ببێتەوە، چونکە عێراق بۆ پڕکردەنەوەی پێداویستی ناوخۆی، غاز لە دەرەوە هاوردە دەکات بە تایبەت بۆ دابینکردنی کارەبا. بۆ نمونە لە ئێستادا عێراق نزیکەی (6) ملیار دۆلار لە پارەی غازی سروشتی و کارەبا قەرزداری ئێرانە و نەیتوانیوە کارەبای پێویستیش دابین بکات. بۆیە بە وەبەرهێنانی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان هەناردکردنی لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی کێشەکان چڕتر و ئاڵوزتر دەبن، بەتایبەت کە ئەوان پێیان وایە هەناردەکردنی نەوت و غازی هەرێم بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی ناوەندی پێچەوانەی ماددەکانی (111) و (١١٢)ی دەستوری عێراقە، کە تێیاندا هاتووە؛ ماددەی (١١١) (نەوت و غاز موڵکی سەرجەم خەڵکی عێراقن لە هەموو هەرێم و پارێزگاکاندا) ماددەی (١١٢) یەکەم: حکومەتی فیدراڵی لە گەڵ هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەکان نەوت و غازی بەرهەمهێنراوی کێڵگەکانی ئێستا بەڕێوە دەبات، بە مەرجێک داهاتەکانیان بەشێوەیەکی دادپەروەری و بە گوێرەی دابەشبوونی دانیشتوان لە سەرجەم پارچەکانی وڵاتدا دابەش بکرێت ... دووەم: حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمەکان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان بەیەکەوە هەڵدەستن بە ڕەنگڕێژکردنی سیاسەتی ستراتیجی پێویست بۆ بەرەوپێشبردنی سامانی نەوت و غاز... بۆیە ڕەنگە بە وەبەرهێنان لە کەرتی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان بە بێ حکومەتی فیدراڵ، عێراق هەنگاوی توندتر و مەترسیدارتر بهاوێژێت. دووەم: لەسەر ئاستی هەرێمی 1. تورکیا ئەگەر نەڵێین هەرێمی کوردستان تەنها یەک سەرچاوەی هەناردکردنی وزەی هەیە بۆ دەرەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە تورکیا تاکە دەروازەی سەرەکی دەبێت بۆ هەناردەکردنی غازە سروشتییەکەی هاوشێوەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆری نەوتی کوردستان – جەیهانی تورکی. چونکە تورکیا بە ٣٥٢ کم هاوسنورە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و زیاتر لەوەش تورکیا پێگەیەکی ستراتیجی هەیە لە ڕووی جوگرافییەوە، وەکو دەوڵەتی ڕێڕەوی گواستنەوەی بەرهەمی غازی وڵاتانی بەرهەمهێنی وەک ئێران و ئازەربایجان و روسیا و هەرێمی کوردستان دەبەستێتەوە بە وڵاتانی بەکاربەری یەکێتی ئەوروپا کە ئەمەش لەڕوی سیاسییەوە بە (دیبلوماسییەتی بۆرییەکان) بۆ تورکیا ناسراوە. بەمەش بژاردەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان تەسکدەبێتەوە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی غازی سروشتی و هەناردەکردنی. سەرباری ئەوەی تورکیا خۆی کڕیارێکی گەورەی غازی سروشتییەو دوور نابێت هەرێمی کوردستان بخاتە ژێر مەرجی قورسەوەو بیکاتە بارمتەی ئابوری خۆی. باشترین بەڵگەش ئەو هەڵوێستە توندانەی تورکیا بوو کە بەرامبەر هەرێمی کوردستان لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧دا. هەر ڕۆژێک دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە لە ٢٦ی ٩ی ٢٠١٧ مانۆڕێکی سەربازی لەسەر سنور ئەنجامدا بە هاوبەشی لە گەڵ سوپای عێراقدا و هاوکات سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە هەر زوو لێدوانی توند و هەڕەشە ئامێزی سیاسی و ئابوری و سەربازی ئاراستەی هەرێمی کوردستان و سەکردە سیاسییەکان کرد. لەگەڵ ئەوانەشدا تورکیا چاوی بڕیوەتە غازی هەرێمی کوردستان، چونکە (٩٩%)ی غازی ئەو وڵاتە هاوردە دەکرێت لە ڕێگەی وڵاتانی ڕوسیاو ئێران و ئازەربایجانەوە، ساڵانە نزیکەی (٦٠) ملیار دۆلار لەسەر تورکیا دەکەوێت. هەر لەم بارەیەوە لە ساڵی ۲۰۱۳ ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا کرا بۆ فرۆشتنی غازی کوردستان. دواتر حکومەتی هەرێم گرێبەستەکەی لە ساڵی ۲۰۱٥ی لەگەڵ کۆمپانیای (گەنەڵ ئینێرجی) کە کۆمپانیایەکی هاوبەشی بەڕیتانی-تورکییە لە ساڵی ۲۰۱۷ هەموار کردەوە، ئەو کۆمپانیایەی ڕاسپارد بە شێوەی گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش کێڵگەکانی غازی (بنەباوی و میران) گەشە پێبدات و غازی تێدا بەرهەم بهێنێت و بینێرێت بۆ تورکیا. ئەمەش دەبوو لە هەموو کێڵگە بەرهەمدارەکانی غازی کوردستانەوە، لە ۲۰۲۰دا حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی بۆڕییەوە بە ڕێژەیەکی زۆر غاز هەناردە بکات وەکو نەوتەکەی. بەڵام بەهۆکاری ناڕون ئەم پلانە هێشتا سەری نەگرتووە، هەروەها کۆمپانیای (گەنەڵ ئینێرجی)ش لە هەردوو کێڵگەکە کارەکانی ڕاگیراوە. 2. ئێران: بەراورد بە تورکیا ئێران کەمتر ڕۆڵی هەیە لە پیشەسازی نەوت و غازی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی بە هۆکاری سزا ئابورییەکانی سەر وڵاتەکەی و تێوەگلانی بە قەیرانەکانی سوریا و یەمەن و ناوچەکە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە ئەکتەرێکی سەرەکی گۆڕەپانەکە نییە، بەڵکو هەموو هەوڵێکی ئێستای بوونی عێراقێکی یەکگرتووی خاوەن حکومڕانییەکی بەهێزی شیعییە لە وڵاتەکەدا، ڕۆڵێکی گەورەی سیاسیشی هەیە لە هەرێمی کوردستان و هەموو هەوڵێکیشی دروستکردنی هاوسەنگی هێزە بۆ کاریگەری تورکیا لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆیە پەرەدان بە کەرتی غازی هەرێم و بازرگانی پێوەکردنی لە گەڵ تورکیا بۆ ئێران تەحەدایەکی گەورە دەبێت و زیان بە کەرتی غازی سروشتی ئێران دەگەیەنێن چونکە؛ أ. هەرێمی کوردستان دەبێتە جێگرەوەی ئێران لە فرۆشتنی غازی سروشتی بە تورکیا، چونکە نرخەکەی بۆ تورکیا کەمتر دەبێت، لە کاتێکدا تورکیا یەکێکە لە کڕیارە گەورەکانی غازی سروشتی لە ئێران تا ساڵی ٢٠٢٦ گرێبەستیان پێکەوە هەیە. ب. گەشەدان بە پیشەسازی غازی سروشتی هەرێمی نەک هەر بۆ تورکیا بەڵکو بۆ ئەورپاش گرنگتر و هەرزانتر بەردەست دەبێت، بەمەش غازی هەرێمی کوردستان دەبێتە ڕکابەرێکی دیاری کەرتی غازی سروشتی ئێران، ئێران ئەمە بە هەڕەشە دەبینێت بۆ سەر ئابورییەکەی کە لە ئێستادا لەژێر فشارێکی توندی ئابوریدایە. ج. بەپێچەوانەی کێڵگە غازییەکانی ئێرانەوە کە دەکەونە باشوری ئەو وڵاتەوە لە ڕووی جوگرافییەوە کێڵگە غازییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و لە داهاتوودا بۆ ئەوروپا نزیکترە، بەمەش تێچونی گواستنەوە کەمدەکاتەوە و خێراییەکەشی زیاد دەکات، ڕەنگە لەڕووی ئەمنیشەوە پاراستنی ئاسانتر بێت بەراورد بەوەی ئێران. د. غازی هەرێمی کوردستان تەنها نابێتە بەدیلی غازی ئێران بۆ تورکیاو ئەوروپا، بەڵکو لە توانایدایە پێداویستی ناوخۆی عێراقیش پڕ بکاتەوە بۆ پشەسازی و بەرهەمهێنانی کارەبا، کە لە ئێستادا عێراق غاز و کارەبا لەو وڵاتە دەکرێت. سێیەم: لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی 1. ڕوسیا: دیبلۆماسییەتی وزە یەکێکە لە گرنگترین و ستراتیجیترین ئامرازەکانی سیاسەتی دەرەوەی روسیا، بەتایبەتی لە ناوچەکەو ڕوژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێویشیاندا سوریا و عێراق، لەو بابەتەدا هەرێمی کوردستانیشی پشتگوێ نەخستووە و گرنگی تایبەتی پێداوە، لە وەبەرهێنانیشدا لە کەرتی وزەی هەرێم دوا نەکەوتووە. لەمانگی ٨ی ساڵی ٢٠١٢ لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی (لوک ئۆیڵ و غاز پرۆم)ەوە هاتە نێو بازاڕی وزەی هەرێمی کوردستانەوە، دوای واژۆ کردنی دوو گرێبەست بۆ هەڵکەندن و بەرهەمهێنانی نەوت، لە کێڵگەکانی گەرمیان و هەڵەبجە لە دوای کۆمپانیا گەورەکانی (ئیکسۆن مۆبێل و شیفرۆن)ی ئەمریکی و تۆتاڵی فەرەنسی وەک چوارەم گەورە کۆمپانیای بواری وزە هاتە نێو گۆڕەپانەکەوە. لە ١ی حوزەیرانی ٢٠١٧ لە (کۆڕبەندی ئابوری جیهانی سان بیترسبۆرگ) حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای رۆزنەفتی ڕوسی گرێبەستێکی (٢٠) ساڵەیان واژۆ کرد بۆ هاریکاری لەبواری گەڕان و پشکنین و وەبەرهێنانی سەرچاوە هایدرۆ کاربۆنییەکان، لە مانگی ١٠ی هەمان ساڵ ڕێککەوتنەکە فراوان کرا بۆ هاریکاری و ڕاکێشانی بۆری غازی سروشتی کە توانای گواستنەوەی (٣٠) ملیار مەتر سێجای ساڵانەی هەبێت و غازی سروشتی هەرێمی کوردستانی لێوە هەناردەی بازاڕەکانی دەرەوە بکرێت. کاتێکیش هەرێمی کوردستان ڕیفراندۆمی ئەنجامدا، ڕوسیا تاڕادەیەک هەڵوێستێکی بێ لایەنانەی نیشاندا، بەپێچەوانەی هێزە نێودەوڵەتییەکانی تر کە دژ بە پرۆسەکە بوون. لە ٨ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ وەزیری وزەی ڕوسیا (ئەلیکساندەر نۆڤاک) ڕەزامەندی نیشاندا هێڵی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان ببەستێت بە دەریای ڕەشەوە، هاوکات لە ١٩ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ و سێ ڕۆژ دوای ڕوداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و (هێرشی حکومەتی عێراق بۆ سەر ناوچە جێناکۆکەکان) ڕوسیا بە بەهای ١.٨ ملیار دۆلار بە پشکی٦٠% خاوەندارێتی بۆری نەوتی کوردستان – جەیهانی کڕییوە، سەرباری ئەوەش کۆمپانیای ڕۆزنەفتی ڕوسی قەرزێکی بە گوژمەی ١.٢ ملیار دۆلار بە هەرێمی کوردستان بەخشی. هەروەها لە ٢٥ی ئایاری ٢٠١٨ لە (کۆڕبەندی ئابوری جیهانی سان بیترسبۆرگ) کۆمپانیای رۆزنەفتی ڕوسی گرێبەستێکی نوێی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ گەشەدان بە ژێرخانی کەرتی غازی سروشتی هەرێمی کوردستان. هەموو ئەو هەوڵ و هاوکاری و گرنگیپێدانەی ڕوسیا بۆ هەرێمی کوردستان چەند تێبینییەکی لێ دەخوێندرێتەوە. أ. ڕوسیا و کوردستان خاوەن پەیوەندییەکی مێژووین و ئەو پەیوەندییەش بۆ چلەکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە. ب. بایەخی ڕوسیا بۆ نەوت و غازی هەرێمی کوردستان وەک سەرچاوەیەکی ستراتیجی لە جیهاندا. ج. زیادکردنی نفوزو هەژمونی ڕوسیا لە ناوچەکەدا بەگشتی و لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەتایبەتی و کێبڕکێ کردن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکی و ئەوروپییەکانی بوارەکە لەم ناوچەیەدا. د. خواستی ڕوسیا بۆ کۆنترۆڵکردنی غازی سروشتی هەرێمی کوردستان، یان لانی کەم پشکی هەبێت لەم سەرچاوە گرنگە، بەتایبەت مەترسی هەیە غازی هەرێمی کوردستان ببێتە جێگرەوەی غازی ڕوسیاو ئێران و ئازەربایجان بۆ تورکیا و ئەوروپا، لێرەشەوە فڕۆشی خۆی بپارێزێت. ه. لە حاڵەتێکدا ئەگەر هەرێمی کوردستان بتوانێت غازی سروشتی خۆی هەناردە بکات، ببێتە کێبڕکێ کاری غازی ڕوسی، روسیا خۆی سودمەندی سەرەکی پرۆسەکە بێت. هەموو ئەمانەش پێمان دەڵێت غازی هەرێمی کوردستان بەبێ ڕوسیا ئاسان نییە هەناردە بکرێت، ئەگەرچی ئەمە دیوێکی ئیجابی هەیە، بەڵام دیوی سلبیشی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی و پاراستنی هاوسەنگیەتی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا. 2. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەرێمی کوردستان یەکێک لە گرنگترین ناوچەکانە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەک تەنها لە ڕووی ئابوری و بازرگانییەوە، بەڵکو لەڕووی سیاسی و سەربازی و ستراتیجیەوە بایەخی تایبەتی هەیە (لێرەدا تەنها پرسی غاز جێی باسی ئێمەیە بۆیە ناچینە ئەو وردەکارییەوە). کۆمپانیا گەورەکانی ئەو وڵاتە ڕۆلێکی گرنگیان هەیە لە کەرتی وزەی عێراق بە گشتی و لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی، لە دیارترین ئەو کۆمپانیایانەش (ئکسۆن مۆبیل و شیفرۆن) هەر زوو دەستیان کرد بە چالاکی لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ناڕەزاییەکانی حکومەتی عێراق لە ڕێککەوتنەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا بیانییەکان، گرژی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ناوەند. لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١١، کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبێل یەکەم گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێم واژو کرد بۆ هەڵکەندن و دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان سەرەڕای هەڕەشەکانی نوری ملیکی، فشاری بۆ سەر ئیدارەکەی ئۆباما بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە، کە گەڕان و پشکنین بوو لە شەش ناوچەی هەرێمی کوردستان لە (ئەلقوش، بەعشیقە، پیرمام، بێتواتە، ڕۆژهەڵاتی عەربەت و قەرەهەنجیر)، لە کاتێکدا بەشێک لەو ناوچانە دەکەونە سنوری ناوچە جێ ناکۆکەکانەوە. ئەمەش دەرگای لەبەردەم کۆمپانیا گەورەکانی دیکەی وەک شیفرۆن و تۆتاڵ و دواجاریش گازپرۆم کردەوە. سەباری ئەوەش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هاوکاری یەکێتی ئەوروپا چاویان لەوەیە پاڵپشتی کەرتی غازی هەرێم بکەن و هەناردەی ئەوروپای بکەن بۆ فشار دروستکردن لەسەر ڕوسیاو کێبڕکێ کردن لەگەڵ غازی ڕوسیدا، لە ڕێگەی هاوبەشی پێکردنی هەرێمی کوردستان بە پرۆژەی هێڵی (تاناپ) کە پڕۆژهی دانانی هێڵی بۆڕی و ههناردهكردنی گازی سروشتییه لهڕێی ئهنادۆڵی توركیاوه، له 17ی تشرینی دووەمی ساڵی 2011، دهست به جێبهجێكردنی ئهم پڕۆژهیه كرا، كه دهریای ڕهش و دهریای ناوهڕاست بهیهكهوه دهبهستێتهوه، له ڕێیهوه گازی سروشتی ههناردهی بازاڕهكانی جیهان دهكرێت و ئاسانكاری بۆ كڕیارانی دهكات. ئەمریکا پشتگیری پرۆسەکە دەکات. ئەمەش ئەو ڕاستییە دەردەخات ولایەتە یەکگرتووەکان خۆشحاڵ نیەو نابێت بە زیادکردنی هەژمونی ڕوسیا بەسەر کەرتی وزەو غازی هەرێمدا. سەرچاوەکان 1. دەستوری هەمیشەیی عێراق. 2. چارەنوسی گازی سروشتی هەرێمی کوردستان بەرەوکوێ دەچێت؟ https://kogc.co.uk/kurdi/5504/ 3. قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێم بوونە 32 ملیار دۆلار، ماڵپەڕی شار پرێس؛ https://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=179002 4. لغاز فی «كردستان العراق»: وقائع السوق والفرص الجیوسیاسیە؛ https://www.washingtoninstitute.org/ar/policy-analysis/alghaz-fy-krdstan-alraq-wqay-alswq-walfrs-aljywsyasyt 5. د. وحید انعام الکاکائی، جیوسیاسیە النفگ والغاز فی اقلیم كوردستان العراق والفواعل الاقلیمیە والدولیە؛ https://portal.arid.my/Publications/6e75af02-7f62-4c6d-8778-3c215ea66565.pdf
درەو: ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كوردستان گفتوگۆ لەسەر پرۆژە یاسای بودجە دەكات، وەزیری دارایی لەدەرەوەی وڵاتە (دوبەی)و بەشداری كۆبوونەوەكە ناكات، لێبڕینی موچە دەمێنێت بەڵام رێژەكە كەمدەكرێتەوە بۆ نزیكەی (10%). بە پێی زانیارییەكانی (درەو) لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستاندا گفتوگۆ لەسەر دوو بڕگە دەكرێت: یەكەم: گفتوگۆكردن لەسەر پرسی یاسای بودجەی عێراق و پشكی هەرێم و پابەندی هەرێم لەو یاسایەدا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران ووردەكارییەكانی رێككەوتنەكە دەخاتە روو، بەڵام لەلایەن وەزیری سامانە سروشتیەكان و وەزیری داراییەوە ووردەكارییەكان سەبارەت بە پابەندیەكانی هەرێمی كوردستان لەبارەی بودجەو نەوتەوە دەخرێتە روو. دووەم: گفتوگۆكردن لەسەر رەشنوسی یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021، گفتوگۆكە لەلایەن وەزیری دارایی و لیژنەی ئامادەكاری رەشنوسی پرۆژە یاسای بودجەی هەرێمەوە دەخرێتە روو. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان بە سەردانێك لە وڵاتی دوبەیەو بەشداری كۆبونەوەكە نابێت. (درەو) لەسەرچاوەیەكی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەستی كەوتووە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لێبڕینی موچە لانابات بە بیانوی ئەوەی هێشتا داهاتەكانی هەرێمی كوردستان نەگەیشتووەتە ئەوەی بەشی موچەی تەواوەتی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بكات كە مانگانە (894 ملیار) دینارە، بۆیە لێبڕین دەمێنیت بەڵام رێژەكەی كەمدەكرێتەوە بۆ نزیكەی (10% بۆ 14%) بەو پێیەی داهاتی بەردەست حكومەتی هەرێمی كوردستان نزیك دەبێتەوە لە (800 ملیار) دینار و (90 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت بۆ موچە، سەرچاوەكەی (درەو) ئەوەشی راگەیاند لەم قۆناغەشدا لێبڕینی موچە دەمێنێت.
درەو: هۆشمهن عهتا - گۆڤاری ئایندەناسی پێشهكی پهیوهندییهكانی عێراق و چین مێژووییهكی دوورودرێژیان ههیه و دهگهڕێتهوه بۆ سهردهمه كۆنهكان، بهتایبهتی له سهدهكانی ناوهڕاست و له سهردهمی عهباسییهكان ئهو پهیوهندییه گهشهی بهرچاوی بهخۆوه بینیوه، به جۆرێك كه پهیوهندییهكانی ئیمپڕاتۆریای ئیسلام و ئیمپڕاتۆریای چینی بردووهته قۆناغێكی نوێوه، بهتایبهت له چوارچێوهی ڕێگای ئاوریشم پهیوهندییه بازرگانی و ئابوورییهكان پهرهیان سهندووه. سهرباری ئهوهش، عێراق كهوتبووه ناوچهیهكی ستراتیژیی گرنگ له گرێدانی پهیوهندییهكانی چین و ئهورووپا، بۆیه ههر لهو قۆناغهوه چینییهكان پێگهی جوگرافیی عێراقیان بهلاوه جێی بایهخ بووه. ههر چهنده له سهدهی بیستهم عێراق ناوچهی ههژموون و كۆڵۆنییهكی بهریتانی بوو، تهنانهت دوای سهربهخۆیی عێراقیش ڕژێمی پادشایهتی لهو وڵاته وابهستهی بهریتانیا بوو، بهڵام دۆخهكه بەتهواوی گۆڕدرا لهدوای شۆڕشی تهممووزی ساڵی 1958 له عێراقدا، كه تیایدا ڕژێمێك هاته سهر تهخت كه به ڕواڵهت دۆستی كۆمۆنیزم و نهیاری ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوایی بوو، ئهوهش دهرفهتێك بوو بۆ چین و عێراق كه پهیوهندیی دیبلۆماسیی دوولایهنه دابمهزرێنن و كونسوڵخانهی ههردوو وڵات لای یهكدی بكرێنهوه. به درێژایی سێ دهیه پهیوهندییه ئابووری و بازرگانییهكانی عێراق و چین بهردهوام بوون، بهڵام به هۆی جهنگی كهنداو له 1991 و لێكهوتهكانی چین، فرۆشتنی كهلوپهلی سهربازی و شتومهكی به عێراق ڕاگرت، ئهویش به هۆی بڕیارهكانی ئهنجوومهنی ئاسایشی سهر به نهتهوه یهكگرتووهكانهوه. ههر چهنده له تهممووزی 2007دا جهلال تاڵهبانی سهرۆکكۆماری عێراق سهردانی چینی كرد، ئهوهش دهرگای به ڕووی كرانهوهی پهیوهندییه دیبلۆماسییهكانی نێوان ههردوو وڵاتدا كردهوه. بهڵام دهتوانین بڵێین پهیوهندییهكانی عێراق و چین دوو جار پێشكهوتنیان بهخۆوه بینیوه، یهكهمیان دوای پاشهكشهی بهریتانییهكان له عێراق له 1958، دووهمیان دوای كشانهوهی سوپای ئهمەریكا لهو وڵاته له 2011. له ئابی 2011دا، نووری مالیكی سهرۆكوهزیرانی عێراق سهردانێكی فهرمیی چینی كرد و دواتریش له كانوونی یهكهمی 2012دا باڵوێزخانهی چین دهستی به كاری ڤیزا و خزمهتگوزارییهكانی كردهوه، بهوهش پەیوهندییهكانی ههردوو وڵات چوونه قۆناغێكی نوێوه[1]. گرنگیی ناوچهی ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست له ستراتیژی جیهانیی چیندا ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست ناوچهیهکی زیندوو و جێ بایهخه له تۆڕی پهیوهندییه نێودهوڵهتییهكانی چیندا. چین یاداشتنامهی لێكتێگهیشتنی لهگهڵ چوارده دهوڵهتی ئهم ناوچهیهدا واژۆ كردووه، ههر له كهنداوی فارسهوه دهست پێ بكه تا دهگاته ڕۆژههڵاتی دهریای ناوهڕاست و ئهوبهری دهریای سوور. لهو چوارچێوهشدا ئهو وڵاتانه بهپێی گرنگییان له ڕوانگهی چینهوه بهسهر چوار پێوهردا پۆلێن كراون، عێراق له پلهی سێیهمه لهگهڵ ههندێك دهوڵهتی دیكهی وهك ئوردن، كوێت، عومان و قهتهر[2]. لێكۆڵهری چینی هو بینگ بینگ بۆ كاروباری ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست، پوختهی سیاسهتی دهرهوهی چینی لهم ناوچهیه بهم شێوهیه داڕشتووه: “ڕەتكرنهوهی ههر هێزێك كه تاكلایهنه دهست بگرێت بهسهر ناوچهكهدا، ڕەتكردنهوهی ههموو جۆرە پشتگیرییهكی فهرمی دهربارهی ئهو هێزانهی كه داوای سهربهخۆیی تایوان دهكهن یان ئهو هێزه جوداخوازهكانی تر بهتایبهت لهلایهن وڵاتانی كهنداوهوه، ڕێگرتن له دهركهوتنی ههر جۆره ڕژێمێكی دژە چینی له ناوچهكهدا، له كۆتاییشدا بهدهستهێنانی پشتگیریی گونجاو بۆ سیاسهتی دهرهكیی چین لهلایهن وڵاتانی كهنداوهوه[3].” له چهند دهیهی ڕابردوودا چین بووهته یاریكهرێكی گرنگ له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستدا. ئهو وڵاته ناچار بووه كاروبارهكانی لهو ناوچهدا زیاتر و بههێزتر بكات، ئهویش به هۆكاری ئهوهی ئابووریی چین گهشهی زۆری كردووه له ناوچهكهدا، ئهوهش هانی حكومهتی چینی داوه كه زیاتر بهبایهخهوه له ناوچهكه بڕوانێت. به بهروارد به وڵاتانی دیكه، چین خاوهن ئامادهیی و ڕابردوویهكی قووڵی مێژوویی نییه له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستدا، بۆیه به هێزێكی تازهی ئهزمووننهكراو دهبینرێت. لهو پێناوهشدا چین زۆر بهوریاییهوه ههنگاوهكانی ههڵدهگرێت، بەتایبهت له پهیوهست به ئاڵنگارییه ناوخۆییهكانی وڵاتان له بواری ئاسایش و سیاسهتدا[4]. لهمڕۆدا پهیوهندییهكانی چین لهگهڵ ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستدا زیاتر له دوو بواردا خۆی دهبینێتهوه، ئهوانیش پرسی وزه و دهستپێشخهریی یهك ڕێگا و یهك پشتێنن (Belt and Road Initiative (BRI))، ههندێك به ڕێگای ئاوریشمی نوێ ناوی دهبهن كه له (2013)ەوه لهلایهن سهرۆكی ئێستای چین (زی جی پینگ) له دوو بۆنهدا ڕاگهیهنرا، یهكێكیان له وتارێك له كازاخستان و ئهوی دی له ههمان ساڵدا له وتارێك له مالیزیا ئاماژەی پێ دا. ڕێگای ئاوریشمی نوێ یهك ڕێگا نییه و بریتییه له تۆڕێک ڕێگای دهریایی و وشكانی كه چین به ناوچه جیاوازهكانی ئاسیا و ئهورووپا و ئهفەریقا دهگهیهنێت. پهیوهست به پرسی وزه، له 2015دا چین بووه گهورهترین و دیارترین هێزی جیهانیی هاوردهكاری نهوتی خاو، نزیكهی نیوهی ئهو بڕەش له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستهوه دێت. لهپاڵ ئهوهشدا، ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست له ناوچهیهكی ستراتیژیی گرنگی جیهاندا ههڵكهوتووه كه قاڕەكانی ئاسیا، ئهورووپا و ئهفەریقا بهیهكهوه دهبهستێت، ئهوه وا دهكات كه ناوچهكه جێ بایهخ بێت بۆ داهاتووی ڕێگای ئاوریشمی نوێ. ههر چهنده له ئێستادا سیاسهتی دهرهكیی چین زیاتر چاوی لهسهر عهرهبستانی سعودی و ئیماراته، ئهویش به هۆی ئهو ڕۆڵه گرنگهی كه له بواری بازاڕی وزهدا ههیانه[5]. بۆ ئهوهی وێنه گهورهكه ببینین و له ڕوئیای چین تێبگهین، باشتر وایه ههندێك لهو بهڵگهنامانه بكۆڵینهوه كه حكومهتی چین بهفهرمی ڕایگهیاندوون. یهكێك لهو بهڵگهنامانه كه له 2015دا دهركراوه، بریتییه له “ڕوئیا و كاروباری دروستكردنی هاوبهشی پشتێنی ئابووریی ڕێگای ئاوریشمی و ڕێگای ئاوریشمی دهریایی سهدهی بیست و یهكهم (Vision and Actions on Jointly Building Silk Road Economic Belt and 21st- Century Maritime Silk Road)”[6]. ههروهك دینگانگ ئاماژەی پێ كردووه، دیدی چین بۆ ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست بریتییه له سیستمێكی فرهجهمسهری كه پشت ببهستێت به: دهستوهرنهدان، ههماههنگیكردن، لهگهڵ دهوڵهتانی تردا وا دهكات سهقامگیری گهشه بكات له ڕێگای “ئاشتیی گهشهكردوو” (developmental peace) نهك دیدی ڕۆژئاوایی “ئاشتیی دیموكراتی” (democratic peace). ئهوهش بهتایبهت كاتێك سهر دهكهوێت ئهگهر وڵاته یهكگرتووهكانی ئهمەریكا كشانهوهی هێزهكانی خۆی له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست خێراتر بكات، ئهوهش وا دهكات كه چین ناچار بێت خۆی بهرژەوهندییهكانی خۆی بپارێزێت. ههر چهنده لهوانهیه ئهوه خواستی چین نهبێت كه ئامادهیی سهربازی و ئهمنیی خۆی له ناوچهكه زیاد بكات، بهڵام دواجار بۆی دهردهكهوێ كه هیچ بژاردهیهكی تری نییه، له ههمان كاتدا وا دهكات كه چین بێته ناو كێشه قووڵ و مێژووییهكانی وڵاتانی ناوچهكهوه[7]. له پهیوهست به عێراق لهناو ئهو هاوكێشهی ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستدا، دهبینین له 2018دا عێراق له پلهی چوارهمی وڵاتانی فرۆشیار و ههناردهكاری نهوته به چین، ئهویش دوای ڕووسیا و ئهنگۆلا و عهرهبستانی سعودیهوه. ڕاگرتن و مانهوهی ئهو مامهڵه بازرگانییه بۆ عێراق زۆر پێویسته، چونكه ئهو وڵاته به چهندین جهنگ و ململانێی ناوخۆییدا تێپهڕێوه، پێویستی به یارمهتیی چین ههیه تاوهكوو پهره به سهرخان و ژێرخانی ئابووریی وڵاتهكهی بدات. یارمهتییهكی لهو جۆرهش، لهوانهیه له دوورمهودادا لێكهوتهی زۆری ههبێـت لهسهر وڵاتهكه. گرنگیی عێراق بۆ چین لهو كاتهوهی كه كۆڕبهندی چین-دهوڵهتانی عهرهبی له (2004)ەوه بهستراوه، چین زیاتر خۆی نزیكتر دهكاتهوه له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست به چهندین شێواز، لهوانه: پێدانی قهرز به سوودێكی كهم به وڵاتانی ناوچهكه، وهبهرهێنان له ژێرخانی ئابووریی وڵاتان، تهنانهت له ههندێك حاڵهتدا له چهندین ملیۆن دۆلاری قهرز خۆش بووه. له 2010دا، بۆ نموونه به ڕێژەی 80% له قهرزهكانی عێراق خۆش بوو له كاتێكدا چین نزیكهی نیوهی ئهو نهوته دهكڕێت كه له عێراق بهههم دههێنرێت. كۆمپانیا نیشتمانییهكانی بواری نهوتی چین (NOCs)؛ یهكێكن لهو كۆمپانیا پێشڕەوانهی كه لهگهڵ كۆمپانیا ناوخۆییهكانی ئهو وڵاتانهدا كار دهكهن، له عێراقدا پشكی بهرچاویان ههیه له كێڵگه نهوتییهكانی ئهلعههد، حهلفایه و ڕومهیله[8]. پهیوهندییهكانی عێراق و چین لهدوای كشانهوهی سوپای ئهمەریكا له 2011، بهرهوپێشچوونی باشی بهخۆوه بینی، له خولی دووهمی سهرۆكایهتیی سهرۆكوهزیران نووری مالیكی (2010-2014)، بهتایبهتی له ڕووی ئابوورییهوه ئاستی ههناردهی كاڵای چین چهند قات زیادی كرد، ئهوه جگه لهوهی كه ههناردهی نهوتی عێراق بۆ چینیش زیادی كرد. بهڵام دوای ئهوهی كه هێزهكانی داعش له حوزهیرانی 2014 بهشێكی زۆری خاكی عێراقیان داگیر كرد و ههڕەشهی جددی لهسهر مانهوهی عێراق وهك دهوڵهت ههبوو، چونكه ئهو هێزانه ڕاستهوخۆ بهڕێوه بوون بهرهو بهغدادی پایتهخت، ئهوهش كاردانهوهی ناخۆیی و نێودهوڵهتیی بهدوادا هات. ئهمەریكا سهرپهرشتیی هاوپهیمانییهكی نێودهوڵهتیی كرد بۆ لهناوبردنی داعش و گهڕاندنهوهی سهروهری بۆ عێراق، ئهگهرچی لهو هاوپهیمانییهدا چین بهشدار نهبوو، چونكه نهیدهویست خۆی تێكهڵ به ململانێ خوێناوییهكانی ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست بكات، كهچی دوای لهناوچوونی داعش و ههڵبژاردنهكانی 2018، سهرۆكوهزیران عادل عهبدولمههدی به شاندێكی گهورهوه به سهردانێكی فهرمی سهردانی چینی كرد و ئهو سهردانه تاوهكوو ئێستاش لێكهوتهكانی به عێراقهوه بهجێ ماوه. ئهو شانده له مانگی ئهیلوولی 2019دا سهردانی چینی كرد، شاندهكه لهلایهن عهبدولمههدییهوه سهرۆكایهتی دهكرا، لهگهڵ شهش وهزیری تایبهتمهند، سكرتێری ئهنجوومهنی وهزیران، چوار ڕاوێژكار، لهگهڵ پانزه پارێزگاری شاره جیاوازهكانی عێراق (به سێ پارێزگاكهی ههرێمی كوردستانیشهوه)، له ئهنجامدا ههشت ڕێكکهوتننامه و یاداشتنامهی لێكتێگهیشتن و ههماههنگی لهنێوان هەر دوو وڵاتدا ئهنجام دران[9]. بهگوێرهی ڕاگهیهنراوێكی ماڵپهڕی فهرمیی ئهنجوومهنی وهزیرانی عێراق، سهرۆكوهزیران عهبدولمههدی له وتارێكدا له چین پهسنی ڕێنیسانس و پێگهی ئابووریی چینی كردووه. ههروهها ئاماژەی بهوه كردووه كه زیادبوونی ساڵانهی قهبارهی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لهنێوان دوو وڵاتدا له بهرژەوهندیی عێراقه، چونكه عێراق به درێژایی چهندین دهیه زۆری چهشتووه بهدهست كارهسات و جهنگ و تیرۆریزمهوه، بۆیه عێراق چاوی له بووژانهوهی ڕۆژههڵاته، لهو ڕێگهیهشدا پهیوهندییهكی تایبهت و لهمێژینهی ههیه لهگهڵ چین و هیندستاندا[10]. نهخشهی ڕێگای ئاوریشمی نوێ (BRI) شاندهكهی عێراق چهندین ڕێكکهوتننامه و یاداشتی لێكتێگهیشتنی ستراتیجی و گرنگی بۆ عێراق واژۆ كردبوو، له گرنگترین ئهوانه “arithmetic credit” بوو كه تیایدا عێراق ڕۆژانه بڕی 100 ههزار بهرمیل نهوتی خاو دهداته چین، له بهرانبهردا كۆمپانیا چینییهكان چهندین پڕۆژەی ستراتیژیی گرنگ له عێراقدا ئهنجام دهدهن له بوارهكانی: ڕێگاوبان، ڕێگای ئاسن، خهخۆشخانهكان، قوتابخانهكان، كۆمهڵگای نیشتەجێبوون، بهندهرهكان، بواری وزه، بهنداوهكان و چهندین پڕۆژەی تری بواری ژێرخان كه تیایدا وای دهكرد له عێراق كه شارهكانی له ماوهیهكی كورتدا بونیاد بنێتهوه و پاشان ههنگاو ههڵبگرێ بهرهو گهشهكردن و بونیادنانهوه. گرنگیی ڕێكکهوتنهكه لهوهدابوو ئهم ڕێكکهوتنه به ئامادهیی دوو فیگهری سهرهكی و گهورهی چین واژۆ كراوه كه بریتین له سهرۆكی كۆماری گهلی چین و سهرۆكی ئهنجوومهنی گهل، ئهوهش مكوڕبوونی چین دهردهخات بۆ هاتنهناوهوه بۆ عێراق و بهستنهوهی ئابوورییهكهی به چینهوه. شاندهكه چهندین یاداشتی لێكتێگهیشتن و ههماههنگیی تری ئهنجام دابوو لهنێوان وهزیرهكانی ههردوو وڵات، لهوانه: وهزیرانی بازرگانی، كاروباری دهرهوه، ناوخۆ، نهوت، دارایی، كارهبا، ڕۆشنبیری و پیشهسازی. ئهو جگه له چالاككردنی بواری دیپلۆماسیی دوولایهنه، هاوكاریی مرۆیی چین بۆ عێراق، ههروهها ڕێكکهوتنێكی تر ئهنجام درا. لهسهر ئاستی ئاسایشی پهرهدانی تهكنهلۆجی بۆ پاراستنی سهروماڵی هاوڵاتیان و ڕووبهڕووبوونهوهی ههڕەشهكان، لهگهڵ یاداشتنامهیهكی تر بۆ ژیاندنهوهی فڕۆكهخانهی ناسڕیه و ڕێكکهوتنێكی تر لهنێوان وهزیری گهیاندن و دامهزراندنی كتێبخانهی چین له زانكۆی بهغداد و ئامادهكردنی بهرنامهیهكی بهپێز بۆ ئاڵوگۆڕی كولتووری و پهیوهندی دروستكردن لهگهڵ ئۆفیسی دهریایی چین له ڕێگای مانگه دهستكردهكانهوه. ههر لهو چوارچێوهیهدا عێراق ڕایگهیاند كه ئامادهیی تێدایه هاوكاریی چین بكات بۆ دامهزراندنی ڕێگای ئاوریشمی نوێ. لهلای خۆیشیهوه سهرۆكی چین؛ شی جین پینگ خواستی گهورهی وڵاتهكهی دهربڕی له بارهی پهیوهندییهكانی وڵاتهكهی لهگهڵ عێراقدا، عێراقی وهك هاوبهشێكی ستراتیژی و گرنگ دانا له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستدا، خواستی وڵاتهكهشی دهربڕی بۆ وهبهرهێنان له عێراقدا بۆ بووژانهوه و گهشهپێدانی وڵاتهكه له بواری پیشهسازیی ناوخۆیی و كێڵگهی نهوتی نوێ و بونیادنانی شاری نوێ، بهندهر و ڕێگاوبان…، ههروهها بونیادنانی تۆڕی پهیوهندییهكانی نهوهی پێنجهم (5G) له عێراق. بهڵام ئهوهی جێگای تێڕامانه ئهو ڕێكکهوتنه تا ئێستا نهچووهته بواری جێبهجێكردنهوه، ماوهیهكی كهم دوای گهڕانهوهی شاندهكه، له ئۆكتۆبهری 2019، خۆپیشاندانی جهماوهریی گهوره له بهغدادی پایتهخت و شارهكانی تری عێراق دهستیان پێ كرد، خۆپیشاندانهكان بۆ ماوهی چهند مانگ بهردهوام بوون، هۆكارهكهش بریتی بوو له خراپیی دۆخی ئابووری و بێكاری و كهمیی خزمهتگوزارییه سهرهتاییهكان، بهڵام به بڕوای ههندێك له چاودێران، وڵاته یهكگرتووهكانی ئهمەریكا لهپشت خۆپیشاندان و هاندان و جووڵاندنی شهقامی عێراقی بووه دژی كابینهكهی عهبدولمههدی، هۆكاری ئهوهش بۆ ئهو ڕێکكهوتنانه دهگهڕێنهوه كه ئهو لهگهڵ چین واژۆی كردوون، به جۆرێك كه عێراق بهتهواوی دهكهوته ژێر كاریگهریی چینهوه. ئهگهرچی تا ئێستا هیچ بهڵگهیهكی تهواو یان لێدوانێكی فهرمی لهو بارهوه ڕانهگهیهنراوه، بهڵام ئهوهی ڕوونه ئهوهیه كه عادل عهبدولمههدی پاشهكشهی پێ كرا و سهرۆكوهزیرێكی دۆستی ئهمەریكا شوێنی گرتهوه. ههر دوای ئهو ئاڵوگۆڕە، سهرۆكی نوێ؛ مستهفا كازمی سهردانی واشنتۆنی كرد و لهلایهن سهرۆك دۆناڵد ترامپهوه پێشوازییهكی بێوێنهی لێ كرا و چهندین ڕێكکهوتننامهی ئابووری و بازرگانی و كولتووریی لهگهڵ كۆمپانیا ئهمەریكییهكان گرێ دا. پرسی كورد له عێراقدا كوردستان بهشێكی دانهبڕاوه له عێراق، جوگرافیاكهی ههڵكهوتووه له باكووری ڕۆژههڵاتی وڵاتهكه، هاوسنووره لهگهڵ ئێران، توركیا و سووریا. بۆ ئهوهی عێراق بگات به توركیا و لهوێشهوه بۆ ئهورووپا، له ڕێگهی وشكانییهوه پێویسته به كوردستاندا تێپهڕێت، ئهوهش وا دهكات كوردستان پێگهی گرنگی ههبێت له بهشداری له پڕۆژەی ڕێگای ئاوریشمی نوێ. له جهنگی یهكهمی جیهانییهوه و لهو كاتهی كه بهریتانیا عێراقی داگیر كرد و دواتر ئهو وڵاتهی دروست كرد، پرسی كورد به یهكێك له ههستیارترین پرس له مێژووی هاوچهرخی عێراقدا ماوهتهوه. ههر چهنده له سهرهتاوه كوردهكان ههوڵی سهربهخۆییان دهدا به ڕابهریی شێخ مهحموود، بهڵام له دواتردا كهوتنه ژێر دیفاكتۆی سنووره دهستكردهكانهوه و گوتاری سیاسییان گۆڕی بۆ ئۆتۆنۆمی له چوارچێوهی عێراقدا و دواتریش بۆ فیدراڵی. ههر چهنده به ڕواڵهت شێوه ئۆتۆنۆمییهك له 1970 درا به كوردستان، دواتریش لهدوای داگیركردنی عێراق لهلایهن ئهمەریكاوه له 2003، دهستووری نوێ نووسرایهوه و ڕژێمێكی دیموكراتی دروست كرا كه تیایدا سیستمی فیدراڵی چهسپێنرا، بهڵام هێشتا چهندین كێشه ههن كه لهنێوان ههرێمی كوردستان و حكومهتی فیدراڵیدا بهههڵواسراوی ماونهتهوه، بۆیه ناكۆكی و تهنگژەكان تا ئێستاش بهردهوامن. بهڵام بهگشتی كورد بووهته بهشێكی گرنگ له پێكهاتهی عێراق و له پڕۆسهی بڕیاری سیاسیی عێراق، ئهوه جگه لهوهی دهسهڵاتی تهواویان له ههرێمی كوردستان ههیه كه زۆر زیاتره لهوهی كه له سیستمه فیدراڵییه هاوشێوهكاندا ههیه. له پهیوهست به سیاسهتی دهرهكیی چین و پرسی كورد له عێراقدا، بۆ ئهوهی له دیدی چین تێبگهین پێویسته بگهڕێینهوه بۆ بهها و ستراتیژەكانی ئهو وڵاته بۆ سیاسهتی دهرهكی، چین پێنج بنهمای سهرهكیی له سیاسهتی دهرهكی داڕشتووه وهك پێوهر كاریان لهسهر دهكات، ئهوانیش پێكهوهژیانی ئاشتییانه، ڕێزگرتنی دوولایهنه، سهروهری، یهكپارچهیی خاك، دوژمنایهتینهكردنی یهكتر، دهستوهرنهدان له كاروباری ناوخۆیی یهكترن[11]. چین پشتگیریی پڕۆسهی ئاشتی دهكات له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستدا و ههروهها پشتگیریی دامهزراندنی دهوڵهتی سهربهخۆی فهڵهستین دهكات به سهروهریی تهواوەوە، به پشتبهستن به سنوورهكانی پێش ساڵی 1967 و ڕۆژههڵاتی قودس پایتهختهكهی بێت[12]. ههر چهنده ماو زیدۆنگ له چهند بۆنهیهكدا پشتگیریی پرسی كوردی كردووه، بهڵام هێشتا ههڵوێستی فهرمیی چین ناڕوونه دهرههق به پرسی كورد و چۆنیهتیی چارهسهركردنی له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستدا. لهوانهیه ئهوه پهیوهندیی به پرسی تایوانهوه ههبێت كه چین له بهرانبهریدا زۆر ههستیاره و وهك ناوكی بهرژەوهندییهكانی خۆی دهبینێت. پڕەنسیپی یهكگرتوویی چین مهرجی یهكهمه لهلایهن چینهوه له دروستكردن و پهرهپێدانی پهیوهندییهكانی لهگهڵ دهوڵهتانی عهرهبی و ڕێكخراوه ههرێمییهكان وهك ئهنجوومهنی هاریكاریی كهنداو. وڵاته عهرهبییهكانیش ههمیشه دهركیان به گرنگیی پرهنسیپی یهكگرتوویی چین كردووه، خۆیان بهدوور گرتووه لهوهی كه پهیوهندیی فهرمییان لهگهڵ تایواندا ههبێت، پشتگیریی چینیان كردووه له پهرهپێدانی ئاشتییانهی پهیوهندییهكانی چین و تایوان و یهكپارچهیی خاكی چین، چین بۆ ئهوهش پێزانینی گهورهی ههیه. بۆچی گرنگه چین هاوسهنگی ڕابگرێت له پهیوهندییهكانی لهگهڵ ههولێر و بهغداد؟ ههروهك ئاماژەی پێ درا، كورد پێكهاتهیهكی سهرهكیی عێراقه، نزیكهی 20%ی خاكی عێراق؛ كوردستانه. ژمارهی دانیشتووانی ههرێمی كوردستان و ناوچه جێناكۆكەکان كهمێك لهو ڕێژەیە كهمتره. ههروهها ههڵكهوتهیهكی جیۆستراتیجیی گرنگی ههیه، وهك كۆریدۆرێك وایه بۆ سهركهوتنی دهستپێشخهریی ڕێگای ئاوریشمی نوێ، به جۆرێك كه ئهگهر ڕێگا له عێراقهوه بێت یان له ئێران، دەبێت به ههرێمدا تێبپهڕێت بۆ ئهوهی بگات به توركیا. له كاتێكدا كه كوردهكان هاوپهیمان و دۆستی ڕۆژئاوان، بهتایبهتی ئهمەریكا، ئهستهمه بهبێ ئیمتیازی گهوره لهگهڵ چینییهكان هاوكاری بكهن و ئهمەریكاش دهتوانێت كوردهكان بهكار بهێنێت به لهمپهر دروستكردن لهبهردهم ئهو پڕۆژەدا. له لایهكی ترهوه ههرێمی كوردستان دهوڵهمهنده به یهدهگی نهوت و گاز و چهندین كانزای نهسهلمێنراوی تر، كه ئهوهش زۆر گرنگه بۆ كۆمپانیا چینییهكان كه وهبهرهێنانی تێدا بكهن، له كاتێكدا له ئێستادا ژمارهیهكی زۆر له كۆمپانیا جیاوازهكانی چین لهوێدا كار دهكهن. پێشبینی كراوه كه قهبارهی یهدهگی نهوتی ههرێم 45 ملیار بهرمیل نهوت بێت، له (2007)ەوه كوردهكان سهرقاڵی دهرهێنانی نهوتن و له (2014)ەوه بەسهربهخۆیی له بازاڕە جیهانییهكان نهوت دهفرۆشن، ئهوهش وا دهكات كه كوردستان ببێته ئهكتهرێك ئهگهرچی بچووكیش بێت له بازاڕی نهوتی جیهانیدا. له لایهكی دیكهوه غاز وهك كانزایهك بایهخی ستراتیجیی لهمڕۆدا له زیادبووندایه، ههرێمی كوردستان یهدهگی غازهكهی پێشبینی كراوه به (200 ترلیۆن پێ سێجا، یان 5.67 تریلۆن مهتر سێجا)، كه دهكاته 1.5-3%ی یهدهگی تهواوی جیهان له غازدا. ههموو ئهوانه وا دهكات كه ههرێم ڕۆڵێكی گرنگ ببینێت له بازاڕی ناوچهی ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستدا[13]. نهخشهی ژێرخانی نهوتی له ههرێمی كوردستان له لایهكی ترهوه كوردستان ههڵكهوتهیهكی جیۆپۆلهتیكیی گرنگی ههیه، له سهدهی نۆزده و بیستهمدا وڵاتانی ئهورووپی، ڕووسیا و ئهمەریكا ههمیشه كوردیان بهكار هێناوه و بهكاری دههێنن بۆ ملكهچپێكردنی وڵاتانی وهك توركیا، ئێران، عێراق و سووریا. دوو نموونهی ههره دیار بریتین له كۆماری كوردستان له 1946 له ئێران، لهو كاتهدا ڕووسهكان پشتگیریی ههمهلایهنهی ئهو قهوارهیان دهكرد، بهڵام لهبهرانبهر پێدانی ئیمتیازی نهوتی به كۆمپانیا ڕووسییهكان له باكووری ئێران پشتیان تێ كرد و بهوهش سوپای ئێران گهڕایهوه ههموو ناوچه كوردنشینهكان و كۆتایی به قهوارهكه هێنا. نموونهیهكی تر بریتییه له پشتگیریی ئهمەریكا-ئێران-ئیسرائیل بۆ كورد له 1961-1975، بۆ فشارخستنه سهر عێراق تا له سۆڤیهت نزیك نهبێتهوه، كاتێك عێراق هاته ژێر بار و ڕێكکهوتننامهی جهزائیری له 1975 لهگهڵ ئێران واژۆ كرد، ههرسێ وڵات كوردیان بهجێ هێشت و بهوهش شۆڕشی كورد ههرهسی هێنا. به دیوێكی تردا، لهدوای جهنگی سارد و جهنگی كهنداو له 1991دا، پرسی كورد لهسهر ئاستی نێودهوڵهتی بایهخی زۆری پهیدا كردووه. كاتێك عێراق لهژێر گوشاری هێزی هاوپهیمانان كوێتی بهجێ هێشت، دهستی كرایهوه بۆ سهركوتكردنی ئهو ڕاپهڕینه جهماوهرییهی كه خهڵكی كوردستان به ڕێبهریی پارته سیاسییهكان سازیان كردبوو، دهستیان گرتبوو بهسهر سهرانسهری كوردستاندا به شاری كهركووكی دهوڵهمهند به نهوتیشهوه. خهڵكی كوردستان له ترسی تۆڵهسهندنهوه و بهكارهێنانی چهكی كیمیایی لهلایهن سوپای عێراقهوه، به سهدان ههزار كهس ماڵ و شار و ناوچهكانیان بهجێ هێشت و ڕوویان له سنوورهكانی ئێران و توركیا كرد. ئهو بابهته خهریك بوو قهیرانێكی مرۆیی گهوره دروست بكات، بۆیه كۆمهڵگهی نێودهوڵهتی به سهرپهرشتیی نهتهوه یهكگرتووهكان و پشتگیریی ئهمەریكا و فهڕەنسا و بهریتانیا و توركیا، بڕیاڕیان دا ناوچهیهكی ئارام دروست بكهن بۆ كوردهكان كه له كۆتایی ئهو ساڵهدا حكومهتی عێراق له بهشێكی زۆری كوردستان كشایهوه و ئیدارهی سێ پارێزگای سهرهكیی ئهو ناوچهی جێ هێشت بۆ كوردهكان خۆیان. لێرهوه دوای سی ساڵ له جهنگ، كورد توانیی دهسهڵاتی بهشێكی زۆری ههرێمهكه وهربگرێت، حكومهتی دروست كرد و ساڵی دواتر ههڵبژاردنی گشتیی پهرلهمانی بهڕێوه چوو. ئهو ناوچهیه بووه مهیدانی كۆبوونهوهی هێزه ئۆپۆسزیۆنهكانی عێراق و دواتر ڕۆڵی گرنگی گێڕا له جهنگی عێراق له 2003. به درێژایی ههشت ساڵ سوپای ئهمەریكا له عێراق تووشی چهندین گرفت و پهلاماری خوێناوی بوویهوه، بهڵام هیچ كات كهسێكیان له كوردستان زیانی پێ نهگهیشت. ههموو ئهوانه هۆكاری ئهوهن كه كوردهكان وهك كۆمهڵگا و وهك سیاسهتمهداران، ئهمەریكا وهك دۆست و پارێزهری خۆیان دهبینن. ئێستا ئهمەریكا گهورهترین كونسوڵخانه لهسهر ئاستی ناوچهكه له ههولێر دهكاتهوه[14]. ههر چهنده چین له سیاسهتی دهرهكیدا ههمیشه جهختی له دهستوهرنهدان له كاروباری ناوخۆی هاوبهشهكانیدا كردووهتهوه، بهڵام مێژوو سهلماندوویهتی ئهگهر چین بەدوای ئهوهدا دهگهڕێت له عێراقدا پێگهیهكی گرنگ و سهقامگیری ههبێت، پێویستییهكی جددیی بهوه ههیه كه تێگهیشتنێكی ڕوون و پلانێكی گونجاوی ههبێت بۆ پرسی كورد له عێراقدا. له ههمان كاتدا مێژوو شایهتیی ئهوه دهدات بهبێ ئاشتی و سهقامگیری له كوردستان، عێراقیش سهقامگیر و سهلامهت نابێت. زیاد لهوهش، ئهمەریكا زۆربهی كات پشتگیریی كوردی كردووه له كاته ههستیارهكاندا، بهتایبهت دوای ساڵی 1991. پرسیارهكه ئهوهیه، ئایا چین چۆن كوردهكان دهبینێت؟ پلانیان چییه بۆ كاركردن له یهكێك له ئاڵۆزترین وڵاتی ناوچهكه؟ گرفتی پرسی كورد له سیاسهتی دهرهكیی چیندا لهو كاتهوهی كه كۆماری گهلی چین له 1949 دامهزراوه، بهیجینگ زۆر بهتوندی بهرانبهر گرووپه جوداخوازهكانی دهرهوهی خۆیشی وهستاوهتهوه، بۆ ئهوهی ڕێگه بگرێت له ههر هێزێك پشتگیریی گرووپه جوداخوازهكانی ناو وڵاتهكهی بكاتهوه. ههر لهبهر ئهوهیه چین ههمیشه جوداخوازی، توندڕەوی و تیرۆریزمی وهك “سێ هێزه شهڕخوازهكه” ناودێر كردووه. چین بۆخۆی وڵاتێكی فره نهتهوه و فره ڕەگهزه، بۆیه زۆر بهگرنگییهوه كار لهسهر بنهمای یهكێتیی خاك و دهستوهرنهدان دهكاتهوه، ههمیشهش پرسی تایوان وهك مۆتهكهیهك له سیاسهتی دهرهكیدا ئامادهگیی گهورهی ههیه. نهك ههر تایوان، بهڵكوو ههرێمی تبت، زینجیانگ و مهنگولیای ناوهوه ئهو پرسانهن كه لهلایهن هێزه دهرهكییهكانهوه دژی چین دهجووڵێنرێن. چین پێی وایه مافی چارهی خۆنووسین نابێت لهسهر حسابی سهربهخۆیی وڵاتان بێت و ههموو نهتهوه بێ دهوڵهتهكان مهرج نییه دهوڵهتی سهربهخۆی خۆیان دروست بكهن[15]. دهكرێت بڵێین سیاسهتی دهرهكیی بهیجینگ لەههمبهر پرسی كورد له عێراقدا، بهشێكه له سیاسهتی گشتگیری ئهو وڵاته بۆ عێراق كه ئهویش بهشێكه له سیاسهتی وڵاتهكه له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست بهگشتی، دیسان ئهویش دهچێته چوارچێوهی سیاسهتی دهرهكیی چین لهسهر ئاستی جیهان. كرۆكی سیاسهتی دهرهكیی چین له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستدا، بریتییه له دروستكردنی ژینگهیهكی سهقامگیر و ئارام به جۆرێك كه كارئاسانی بكات بۆ ههوڵه بهردهوامهكانی چاكسازیی ناوخۆیی و پهرهپێدانی بهردهوام. دهربارهی قهیرانهكانیش لهو ناوچهیه، چین پێی وایه له ڕێگای دیالۆگ و لێكتێگهیشتنهوه دهكرێت زهمینهی چارهسهری دابڕێژرێت، چین جهخت دهكاتهوه له ڕۆڵی نهتهوه یهكگرتووهكان و بهتایبهت ئهنجوومهنی ئاسایش له یهكلاكرنهوهی ئهو پرسانهدا. له سهروبهرندی ئهنجامدانی ڕیفراندۆمی ههرێمی كوردستان بۆ سهربهخۆیی له ئهیلوولی 2017، چین بهفهرمی پشتگیریی حكومهتی فیدراڵیی عێراق كردووهتەوه بۆ پاراستنی سهروهری، سهربهخۆیی و یهكپارچهیی خاكهكهی، ههروهها بۆ دروستكردنی ڕێزگرتنی ههمهلایهن، یهكسانی. ههروهها پشتگیریی پڕۆسهی بونیادنانهوه و وتوێژی نیشتمانی و ههروهها ههوڵهكانی عێراق بۆ دژایهتیكردنی تیرۆر دهكاتهوه. بۆیه بهیجینگ له چهندین بۆنه و كاتی جیاوازدا ڕایگهیاندووه كه پشتگیریی پڕۆسهی دیموكراسی دهكات بۆ فهراههمكردنی ئاشتی و سهقامگیری له عێراقدا. سیناریۆ ئایندهییهكان سهرباری ههموو ئهوانه، چین چهندین بهرژەوهندیی لهگهڵ كورد له پارچهكانی تر و بهتایبهت له عێراقدا ههیه. یهكهم: كوردستانێكی سهربهخۆ بهتایبهت ئهگهر پشتگیریی چینی ههبێت لهو پێناوهدا، لهوانهیه ببێته دۆستێكی گرنگ و متمانهپێكراو له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستدا و بهوهش چین ئامرازێكی هێز و فشاری گرنگی دهست دهكهوێت. دووهم: سهرباری ئهوهی چین بهفهرمی ڕایگهیاندووه كه دژی ههوڵی جودابوونهوهیه، كهچی كۆمپانیا چینیهكان ڕۆژبهڕۆژ ڕۆڵیان فراوانتر دهبێت له كوردستان، چهندین پڕۆژە له سێكتهری جیاواز ئهنجام دهدهن و ههندێك جار له ڕێگهی لایهنی دووهمەوە ئهو كاره دهكهن نهوهك ناڕەزایهتیی ئهمەریكییهكان بورووژێنن، وا دیاره سهركرده كوردهكانیش بهو پلانه ڕازین. ئهوه جگه لهوهی چین له بواری هێزی نهرمیشەوە بهردوام له ههرێمهكه كار دهكات، بۆ نموونه كونسوڵگهریی چین له ههولێر چالاكتر و فراوانتر بووه، ڕۆژانه ههواڵهكانی به زمانی كوردی له سۆشیاڵ میدیا بڵاو دهكاتەوه، زۆر جار پێشبڕكێ و خول دهكاتهوه بۆ گهنجانی كورد بۆ ئهوهی زانیاری دهربارهی زمان و كولتووری چینی بڵاو بكاتهوه. تهنانهت له دوو ساڵی ڕابردوودا، بهشی زمانی چینی بۆ یهكهم جار له زانكۆی سهڵاحهدین كرایهوه، ئهوه جگه لهوهی كه دیپلۆماتكاره چینییهكان به نهێنی و ئاشكرا به كوردستاندا دهگهڕێن و لهگهڵ ئهكتهره جیاوازهكان دۆستایهتی پهیدا دهكهن. سێیهم: بهیجینگ بۆی دهركهوتهوه كه كوردهكان دۆستایهتیی ڕاستهقینه و بێگرێ دهكهن به جیاواز له ناوچهكانی تر، كهمتر ههستیارن به ئایین، بۆیه دهكرێت وهك ئامرازێك بهكاریان بهێنێت له جهنگی تیرۆردا، ههر چهنده جهنگی تیرۆر له سنوورهكانی چینهوه دووره، بهڵام مهترسییه ئاسایشییهكهی لهوهدایه كه به سهدان چهكداری توندڕەوی كهمینهی ئیگۆری چین له شهش ساڵی ڕابردوودا پهیوهندییان به داعشهوه كردووه، چین ترسی ئهوهی ههیه كه ئهو ههڕەشهیه بگاتهوه ناو وڵاتهكهی خۆی. چوارهم: پرسی كورد له توركیا و بهتایبهت له سووریا، ئیمتیازێكی باشه بۆ چین بۆ ئهوهی له دژی توركیا بهكاری بهێنێت، چونكه توركیا پشتگیری و میوانداریی گرووپهكانی مسوڵمانی به ڕەگهز توركی ئیگۆر دهكات كه لهلایهن چینهوه چهوساندنهوهیان بهرانبهر بهكار دێت. ههندێك زانیاری ئاماژە بهوه دهكهن كه حكومهتی چین بهنهێنی چهك و تهقهمهنی و هاریكاریی لۆجیستیی بۆ كوردهكانی سووریا ههنارده كردووه، كه ئهوهش ههڕەشهیهكی جددییه بۆ سهر توركیا، چونكه توركیا ئهو گرووپانه وهك درێژكراوهی پارتی كرێكارانی كوردستان دهبینێت و به ههڕەشهیەك بۆ سهر ئاسایشی نیشتمانیی توركیایان دهزانێت. پێنجهم و له ههمووی گرنگتر: چین زۆر بەبایهخهوه له كهرتی وزهی كوردستان دهڕوانێت، وهك دهرفهتێكی دهبینێت بۆ كاركردن و فرهچهشهنكردنی سهرچاوهكانی خۆی. ههرێمی كوردستان دهبێت بهبایهخهوه له وڵاتێكی گهورهی وهك چین بڕوانێت، وڵاتێك كه یهكهمینه له ڕێژی دانیشتووان، دووهمه له هێزی ئابووری، سێیهمه له قهبارهی جوگرافی، ئهوه جگه لهوهی تاكه هێز كه له ئێستادا وڵاته یهكگرتووهكانی ئهمەریكا به مهترسیی دابنێت؛ ئهو وڵاتهیه. بۆیه گرنگه كه كورد بهههسیتارییهوه مامهڵه لهگهڵ چینییهكان بكات، له لایهكهوه تێبگات لهوهی كه چینییهكان چییان پێیه بۆ پرسی كورد، نهوهك دۆستهكانی له ئهمەریكا و ئهورووپا نیگهران بكات. بهڵام له لایهكی تریشهوه ههرێم دهتوانێت یاریی گرنگ ئهنجام بدات به بهكارهێنانی ههردوو هێزهكه، بۆ ئهوهی به قازانجی كورد بشكێتهوه. واته ههر كات ڕۆژئاواییهكان ساردی لهبهرانبهر پرسی كورد دهنوێنن، باشتره كه كارتی دۆستایهتیی چین بجووڵێنرێت. به دیوێكی تریشدا، چین وهك هێزێكی ڕوو له گهشهی زهبهلاح له دونیادا، ناكرێت كورد نادیدهی بگرێت، ههموو دهوڵهتانی دۆستی ئهمەریكا له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست ئیمتیازیان به چین داوه و كاری لهگهڵ دهكهن. عهرهبستانی سعودی و ئیمارات؛ دووان له دۆستانی مێژوویی ئهمەریكا، له ئێستادا ئاستی پهیوهندییه دیبلۆماسی و سیاسی و تهكنهلۆجی و ئابوورییهكانیان لهگهڵ چین ڕوو له ههڵكشانه. ئهوه جگه له دۆسته ههمیشهییهكهی ئهمەریكا؛ ئیسرائیل، كه گرێبهستی پێدانی بهندهری حهیفای بۆ ماوهی بیست ساڵ لهگهڵ چین واژۆ كردووه، كه ئهوهش نیگهرانیی ڕاشكاو و ڕاستهوخۆی ئهمەریكای لێ كهوتهوه. بۆیه گرنگه كورد بهبایهخهوه لهو هێزه نوێیه تێبگات، ناوهندهكانی توێژینهوه، زانكۆ و میدیاكان بهر له ههر شت بایهخ به توێژینهوە و شیكاری ئاسیایی بدهن له پێناو ئاشنابوون و كارئاسانی بۆ بڕیابهدهستان و سیاسهتمهداران. سهرچاوهكان [1] A. Graceffo, “China Middle East relations,” Academea, p. 57, 2017. [2] B. &. R. News, “China’s partnership Diplomacy & Successful Implementation of the BRI,” https://www.beltandroad.news/2020/03/27/chinas-partnership-diplomacy-successful-implementation-of-the-bri/, Hong Kong, March 2020. [3] E. o. t. P. R. o. C. i. t. R. o. Iraq, “Bilateral Relations between China and Iraq,” http://iq.chineseembassy.org/eng/zygx/zygxgk/t1031275.htm , Baghdad , 2013. [4] Camille Lons , Jonathan Fulton, Degang Sun, Naser Al-Tamimi, “CHINA’S GREAT GAME IN THE MIDDLE EAST,” european council of foreign relations , 2019. [5] T. G. S. o. t. C. o. Ministers, “The agreements concluded with China achieve a historic development and economic leap for Iraq,” http://www.cabinet.iq/ArticleShow.aspx?ID=9562, Baghdad, 2019. [6] m. o. f. a. o. t. p. r. o. china, “China’s Arab Policy Paper,” https://www.fmprc.gov.cn/mfa_eng/zxxx_662805/t1331683.shtml, 2016. [7] M. o. n. r. o. K. R. government, “oil vision,” http://mnr.krg.org/index.php/en/oil/vision, Erbil , 2013. [8] Rudaw, “In Erbil, US Ambassador announces construction of largest consulate complex,” https://www.rudaw.net/english/kurdistan/230420181, Erbil , 2018. [9] D. M. Chaziza, “China and the Independent Kurdish State,” Begin-Sadat Center for Strategic Studies, Bar-Ilan University, Israel, , no. Paper No. 590, 2017. پهراوێزهكان: [1] Chines embassy website, Iraq, “Bilateral Relations between China and Iraq,” http://iq.chineseembassy.org/eng/zygx/zygxgk/t1031275.htm, Baghdad, 2013. [2] B. &. R. News, “China’s partnership Diplomacy & Successful Implementation of the BRI,” https://www.beltandroad.news/2020/03/27/chinas-partnership-diplomacy-successful-implementation-of-the-bri/, Hong Kong, March 2020. [3] A. Graceffo, “China Middle East relations,” Academia, p. 57, 2017. [4] Camille Lons, Jonathan Fulton, Degang Sun, Naser Al-Tamimi, “CHINA’S GREAT GAME IN THE MIDDLE EAST,” European Council of foreign relations, 2019. [5] Irib [6] m. o. f. a. o. t. p. r. o. China, “China’s Arab Policy Paper,” https://www.fmprc.gov.cn/mfa_eng/zxxx_662805/t1331683.shtml, 2016. [7] Arab policy paper, Irib [8] A. Graceffo, Irib [9] Iraqi Council of Ministers, “The agreements concluded with China achieve a historical development and economic leap for Iraq,” http://www.cabinet.iq/ArticleShow.aspx?ID=9562, Baghdad, 2019. [10] Irib [11] Arab policy paper, Irib [12] Arab policy paper, Irib [13] MNR-KRG, “oil vision,” http://mnr.krg.org/index.php/en/oil/vision, Erbil, 2013. [14] Rudaw, “In Erbil, US Ambassador announces construction of largest consulate complex,” https://www.rudaw.net/english/kurdistan/230420181, Erbil, 2018 [15] D. M. Chaziza, “China and the Independent Kurdish State,” Begin-Sadat Center for Strategic Studies, Bar-Ilan University, Israel, no. Paper No. 590, 2017. بۆ بینینی بابهتهكه به PDF كلیك لهم بهستهره بكه:- ژمارە (6)ی ئازاری 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی
(درەو): كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە كابینەیەكی سێ قۆڵیە لە نێوان ( پارتی، یەكێتی، گۆڕان) لە (20) مانگی تەمەنیدا تەنیا موچەی (6) مانگی بەبێ لێبڕین بە موچەخۆرانداوەو موچەی (7) مانگی نەداوەو موچەی (7) مانگیشی بە لێبڕینەوە دابەشكردووە. لەماوەی ئەو (20) مانگەی تەمەنی كابینەی نۆیەمدا دەبوایە (17 ترلیۆن و 880 ملیار) دیناری موچەی دابەشبكردایە، بەڵام ( 7 ترلیۆن و 417 ملیار) دیناری نەداوەو بڕیوییەتی كە دەكاتە (41%) و (10 ترلیۆن و 463 ملیار) دیناری دابەشكردووە بەرێژەی ( 59%). موچە لە كابینەی سێقۆڵی (پارتیو یەكێتیو گۆڕان)دا: • حكومەتی سێقۆڵی لە 10ی تەموزی 2019 سوێندی یاسایی خواردووە. • موچەی مانگی تەموزی 2019 لەلایەن كابینەی هەشتەمەوە بڕیاری لێدراوەو پێش سوێندخواردنی كابینەی نۆیەم دەستبەدابەشكردنی كراوە بۆیە لەسەر كابینەی نۆیەم ئەژمار ناكرێت. • ئەم كابینەیە لەماوەی تەمەنی خۆیدا (20) مانگ موچەی دابەشكردووە، - موچەی (7) مانگی فەرمانبەرانی نەداوە، كابینەی مەسرور بارزانی بەرپرسیارێتی موچەی ئەم (7) مانگەی لەسەر شانی خۆی لابردو خستیە سەرشانی حكومەتی بەغدادو كابینەی پێشووی نێچیرڤان بارزانی. - موچەی (7) مانگی بەلێبڕینەوە دابەشكردووە. - لێبڕینی موچە بۆ ماوەی (6) مانگ بەڕێژەی 21% بووەو تەنیا یەك مانگ بە رێژەی 18% بووە. • لە تەمەنی خۆیدا كابینەی سێقۆڵی تەنیا (6) موچەی بەبێ لێبڕینو پاشەكەوت دابەشكردووە ئەویش مانگەكانی ( 8، 9، 10، 11، 12ی 2019 ەو مانگی یەكی 2020) • لێبڕینی موچە لە كابینەی نۆیەمدا هێشتا وەكو قەرز لەسەر حكومەت ئەژمارنەكراوە، كە لە كابینەی پێشوو وەك پاشەكەوت و قەرز لەسەر شانی حكومەت ئەژماركرا. • كابینەی سێ قۆڵی لێبڕینی موچەی ناوناوە "خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخی دارایی". • كۆی ئەو پارانەی فەرمانبەران كە بەهۆی لێبڕینی موچەوە كەوتوەتە لای حكومەت كە حەوت مانگە لە تەمەنی كابینەی نۆدا، بڕەكەی (ترلیۆنێكو 159 ملیار) دینارە. • خەرجی موچەی فەرمانبەران لە مانگێكدا (894 ملیار) دینارە، خەرجی موچەی مانگێك بە لێبڕینی 21%وە بڕەكەی (727 ملیار) دینارە. • كابینەی نۆیەم لە (20) مانگی تەمەنیدا، تەنیا (6) مانگ موچەی بەبێ لێبڕین دابەشكردووە، كە دەكاتە 30%ی كۆی مانگەكانی تەمەنی كابینەكە. • كۆی موچەی (20) مانگ كە دەبوایە كابینەی نۆیەم دابەشی بكردایە ( 17 ترلیۆن و 880 ملیار) دینارە، بەڵام لەو بڕە (6) مانگ موچەی بەبێ لێبڕین دابەشكردووە دەكاتە (5 ترلیۆن و 364 ملیار) و(7) مانگی بە لێبڕینەوە دابەشكردووە، كە كۆی بڕی لێبڕینەكە ( ترلیۆنێك و 159 ملیار) دینارە، (7) مانگیش موچەی نەداوە كە دەكاتە (6ترلیۆن و 258 ملیار) دینار. • واتا لەكۆی ( 17 ترلیۆن و 880 ملیار) دینار، ( 7 ترلیۆن و 417 ملیار) دیناری نەداوە كە دەكاتە (41%) و بەڵام (10 ترلیۆن و 463 ملیار) دیناری دابەشكردووە بەرێژەی ( 59%). • كابینەی نۆیەم بڕێكی زۆر قەرزی پاشەكەوتی موچەی لە كابینەی پێشخۆیەوە بە میراتی بۆ بەجێماوە. • كابینەی هەشتەم كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد، لە تەمەنی خۆیدا كە چوار ساڵ بوو، موچەی تەواوەتی (12) مانگی بە فەرمانبەران نەداوە، موچەی (34) مانگی بە پاشەكەوتەوە دابەشكردووە. • كابینەی پێشوو، لێبڕینی موچەی فەرمانبەرانی بەیاسا كرد بە قەرز لەسەر شانی حكومەت. • كۆی ئەو پارانەی فەرمانبەران كە لە كابینەی پێشوودا وەكو قەرز لەسەر حكومەت ئەژماركراوە بڕەكەی (8 ملیارو 966 ملیۆن) دۆلارە، كە دەكاتە (13 ترلیۆن) دینار. • حكومەتی هەرێمی كوردستان تا ئێستا بەردەوامە لەسەر لێبڕینی موچە لەگەڵ ئەوەی: - نرخی نەوت بەرێژەیەكی زۆر بەرزبووەتەوە واتا لە 30 دۆلارەوە گەیشتووەتە (63) دۆلار. - بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی لە (120) دینارەوە بۆ (147) دینار بەرزبووەتەوە كە داهاتی نەوت بە دۆلار دێتە دەستی حكومەتی هەرێمەوە. - هەرێم و بەغداد رێككەوتنیان كردووەو پشكی هەرێم لە بودجەی 2021 جێگیركراوە.
راپۆرتی: درەو هەرێمی کوردستان خاوەن یەدەگێکی گازی سروشتی ئەوەندە بێ شومارە، ئەگەر بەشێوەیەکی تەندورست دور لە گەندەڵی پەرەی پێبدرێت و بەدەردی پرسی نەوت نەبرێت، بەتەنها لە توانایدایە سەرجەم پێداویستییە ئابورییەکانی هەرێمی کوردستان بە موچەشەوە پڕ بکاتەوە، بەبێ ئەوەی پێویستی بە بەشە بودجەی حکومەتی فیدراڵ و سەرچاوەکانی دیکەی داهات بێت. سەرەتا لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە پرسی وزەو نەوت و غاز، پانتاییەکی گەورەی لە سیاسەتی ئابوری و بازرگانی سیاسی و دیبلۆماسی هەرێمی کوردستان داگیرکردووە، بەتایبەتیش لە دوای پەسەندکردنی دەستوری هەمیشەیی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ کە دەرفەتی گەورەی بۆ هەرێمی کوردستان ڕەخساند پەرە بە کەرتی وزە بدات و لە ساڵی ٢٠٠٦ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی دامەزراند و لە ساڵی ٢٠٠٧ یاسای نەوت و غازی لە پەرلەمانی کوردستان دەرچواند. بەڵام کەرتی وزە بەردەوام بەشێک بووە لە سەرچاوەی ناکۆکی و ململانێی یاسایی و دەستوری و سیاسی و ئابوری نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ. چونکە نەوت و غاز وەک سەرچاوەیەکی ستراتیجی و گرنگ پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی بایەخی گەورەی هەیە بۆ دەوڵەتان بە گشتی و عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، چونکە عێراق و هەرێمی کوردستان خاوەن ئابورییەکی کرێخۆرن (اقتصاد الریعی) و زیاتر (90%) ئابورییەکەیان پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت. هەرێمی کوردستان سەرەڕای تێبینی و پرسیارە بەردەوامەکان لەسەر پرۆسەی فرۆشتنی نەوتەکەی، بەڵام توانیویەتی لە ماوەکی کەمدا قۆناغێکی گەورە ببرێت لە کەرتی وزەدا و بەتایبەتیش لە بواری نەوتدا، کە توانی لە ڕووی یاساییەوە پێش ناوەند بکەوێت و لە ساڵی 2007 لە پەرلەمەنی کوردستان یاسای نەوت گاز تێپەڕێنێت و بە دوایشیدا کۆمەڵێک گرێبەستی گەورە ئەنجام بدات لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکانی دنیا کە دیارترینیان (شیفرۆن، ئکسۆن مۆبێل، تۆتاڵ، ڕۆس نەفت و گەنەڵ ئینێرجی ...) ئەم هەنگاوانەی هەرێمی کوردستان کوردستان جێ دڵخۆشی نەبوو بۆ حکومەتی ناوەندی، چونکە حکومەتی ناوەند وەک سەپاندنی ئیرادەی هەرێم بەسەر خۆیدا دەیبینی وهەرێمی تۆمەتبار دەکرد بە سەرپێچی دەستوری و یاسایی و چەندین هەنگاوی توندیشی بەرامبەر هەرێم گرتەبەر لەڕووی یاساییەوە تا گەیشت بە بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان تا بە ئێستاش گوشارەکانی حکومەتی فیدراڵ بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامەو باشترین بەڵگەش تێپەڕاندنی یاسای بودجەی ساڵی (٢٠٢١)ی عێراقە کە ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی مەرجدارکردووە بە گەڕانەوەی داهاتی (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە نرخی سۆمۆ لەگەڵ نیوەی داهاتی ناوخۆی هەرێی کوردستان. بۆیە لە ئێستا بەدواوە کاتی وەبەرهێنانی گەورەو جدییە لەم کەرتەدا، چونکە غازی سروشتی بەهۆی ئەو تایبەتمەندییە گرنگانەی هەیەتی بایەخێکی گەورەی هەیە بۆ وڵاتان بەگشتی و دەوڵەتە خاوەن پیشەسازییەکان بەتایبەتی، بەم کارەش هەرێمی کوردستان بازێکی گەورە دەدات لە ڕوی ئابوری و سیاسی و ستراتیجییەوە. بایەخی غازی سروشتی لە جیهاندا غازی سروشتی بایەخێکی تایبەتی هەیە بۆ وڵاتان بەگشتی و وڵاتە خاوەن پیشەسازییەکان بە تایبەتی، چونکە غازی سروشتی خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی گرنگەو بووە بە پێداویستی ڕۆژانەی مرۆڤ. جگە لەوەی لە پیشەسازییە گەورە پترۆ کیمیاییەکاندا ڕۆڵی گەورە دەبینێت، بەپێچەوانەی نەوت و غەڵوز، هیچ پاشەڕۆیەکی لێ بەجێ نامێنێت و ژینگەو سروشت بە پاکی دەهێڵیتەوە، سەرچاوەیەکی گرنگی بەدەستهێنانی وزەی کارەباشە، وڵاتانی خاوەن پیشەسازی ئۆمبێلیش لە هەوڵدان لە داهاتوودا جێگەی بەنزینی پێ بگرنەوە (جا ڕاستەوخۆبێت یان ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ئۆتۆمیبێلی کارەباییەوە)، سەرەڕای ئەوانەش غاز بووە بە پێداویستییەکی سەرەکی ماڵان بۆ گەرمکردنەوە و چێشت لێنان و پڕکردنەوەی زۆر پێداویستی تر. بەڵام لەبەر ئەوەی لە جیهاندا بەشێوەیەکی یەکسان و دادپەرەوەرانە دابەش نەبووە (بڕوانە چارتی ژمارە (١)) لە ڕوی جوگرافییەوە، بەشێک لەو وڵاتانەشی خۆیان خاوەنی غازی سروشتین پێداویستییە ناوخۆییەکانی خۆیان پڕ ناکاتەوەو ناچارن لە دەرەوە هاوردەی بکەن، بۆیە دەبینین خواستێکی گەورە لە سەر ئاستی جیهان لەسەر غازی سروشتییە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئەو خواستە لە زیادبووندایە. (بڕوانە چارتی ژمارە (٢)) چارتی ژمارە (١) چارتی ژمارە (٢) یەدەگی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان حکومەتی هەرێمی کوردستان بەخێراییەکی زۆر توانی گەشە بە کەرتی نەوتی هەرێم بدات و وەبەرهێنانی گەورەی تێدا بکات و قۆناغە یاساییەکە ببڕێت و سەرنجی کومپانیایەکی زۆری بیانی ڕابکێشێت بۆ کاری گەڕان و پشکنین و هەڵکەندن و دەرهێنان و وەبازاڕخستن و فرۆشتنی. بەڵام سەرباری ئەوەی گرنگی غازی هەرێمی کوردستان هیچی کەمتر نییە لە نەوت کەچی وەک پێویست نەیتوانیوە یاخو نەیویستووە پەرە بەو بوارە بدات، لە کاتێکدا بەشێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن هەرێمی کوردستان خاوەنی (3%)ی یەدەگی غازی جیهانە، یەدەگی غازەکەی بە 100-200 ترلیۆن پێ سێجا مەزەندە دەکرێت کە دەکاتە نزیکەی (2.8-5.7) ترلیۆن مەتر سێجا، کە بەشی زۆری لە ناوەڕاست و باشوری هەرێمی کوردستان چڕ بووەتەوە، گەورەترین و دیارترینیان کێڵگەکانی غازی (خورمەڵە و کۆرمۆر)ە. ئاماری جیاواز بەردەستن کە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن هەرێمی کوردستان خاوەنی ئەو غازە زۆرەیە، بۆ نمونە بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی پەیمانگای ئۆکسفۆرد بۆ لێکۆڵینەوەی وزە، لە ژێر ناوی (Under the Mountains :Kurdish Oil and Regional Politics) کە (Robin Mills) نوسیویەتی و لە مانگی 1ی ساڵی 2016 بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بە قەبارەو بەشێک کێڵگەکانی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان داوە (بڕوانە چارتی ژمارە (٣)) چارتی ژمارە (3) تێبینی: 1 مەتر سێجا = 35.3147 پێ سێجا هاوکات بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی دەستەی ڕوپێوی جیۆلۆجی ئەمریکی (United States Geological Survey) هەرێمی کوردستان خاوەنی زیاتر لە (60) ترلیۆن پێ سێجا غازی سروشتییە. هەروەها (تۆنی هیوارد) سەرۆکی کۆمپانیای (Genel energy) تورکی لە ساڵی ٢٠١٥ ڕایگەیاند مەزەندە دەکرێت هەرێمی کوردستان خاوەنی (5) ترلیۆن مەتر سێجا غازی سروشتی بێت کە نزیکەی (١٧٧) ترلیۆن پێ سێجایە. ئەم ڕێژیە لە یەدەگی غازی سروشتی هەرێمی کوردستان زیاترە لەو ڕێژەیەی بەشێک لە وڵاتانی گەورە وەبەرهێن کە غازی یەکێتی ئەوروپا دابین دەکەن زیاتر بێت، بۆ نمونە (نەرویج ٦١، لیبیا ٥١، ئازەربایجان ٤٧، هۆڵندا ٢٣) ترلیۆن پێ سێجا یەدەگی غازیان هەیە بەپێی داتاکانی ساڵی ٢٠١٧. بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیای دانا غازی ئیماراتی لە ساڵی ٢٠١٥، یەدەگی غازی سروشتی تەنها لە کێڵگەکانی (کۆرمۆر و چەمچەماڵ) بە (٧٥) ترلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێنرێت. بە گوێرەی (ڕاپۆرتەکانی وزەی ئەمەریکی) و (Gaffney Cline Associates) یەدەکی سەلمێنراوی غازی هەرێمی کوردستانی عێراق ۲٥ تریلیۆن پێ سێجایە، هەروەها یەدەکی غازی نەسەلمێنراو دەخەمڵێنن بە ۲۰۰ تریلیۆن پێ سێجا. هەروەها بە گوێرەی پێشبینییەکانی ڕێکخراوی وزەی جیهانی (IEA)، هەرێمی کوردستان لە توانایدایە تا ساڵی ٢٠٣٥ بە قەبارەی (٢٩)ملیار مەتر سێجا ساڵانە وەبەرهێنانی خۆی لە کەرتی غاز پەرە پێبدات، توانای خۆی ١٤% بەرزبکاتەوە لە دەکاتە (٤)ملیار مەتر سێجای ساڵانە. هەموو ئەم ئامارانە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن، کەهەرێمی کوردستان قەبارەیەکی گەورەی غازی سروشتی هەیەو شایەنی ئەوەیە پشتی پێ ببەسترێت. کەواتە پشت بەست بەوەی هەرێمی کوردستان خاوەن سەرچاوەیەکی بێشومارە لە غازی سروشتی لە تەک نەوتدا، ئەو یەدەگەی لە نەوت هەیەتی بە 45 ملیار بەرمیل نەوت دەخەملێنرێت، هاوکات خاوەن 5.7 ترلیۆن مەتر سێجا یەدەگە لە گازی سروشتی کە سەرچاوەیەکی گرنگ و سەرنج ڕاکێشە بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان و ڕاکێشانی کۆمپانیا بیانییەکان. بایەخی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان درک کردن بەم سەرمایە سروشتییە گەورەیە، هاندەر بوو بۆ دامەزراندنی (پرۆژەی غازی کوردستان) لە ساڵی ۲۰۰۷، کاتێک حوکمەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیاکانی (دانا غاز و کریسنت پتڕۆڵییەم) بەیەکەوە کرد، بۆ پێدانی مافی نرخ لەسەر دانان، گەشەپێدان، بەرهەم هێنان، بە بازاڕ کردن و فرۆشتنی هایدرۆکاربۆن لە کێڵگەکانی (کۆرمۆر و چەمچەماڵ) ئەمانیش لە چوارچێوەی کۆمپانیای (پێڕڵ پتڕۆڵییەم) کە پێکهاتووە لەو دوو کۆمپانیای سەرەوە و کۆمپانیاکانی (OMVی نەمسایی، MOL هەنگاری و RWE ئەڵمانی) کە هەریەکەیان خاوەنی ۱۰ لەسەدی پشکەکانی هەردوو کێڵگەکەن. دواتر ئەو خاوەندارییەیان پێ بەخشرا. بەپێی ڕاپۆرتەکان یەدەک لە هەردوو کێڵگەکەدا بەم شێوەیە: ٤.٤ تریلیۆن غازی سروشتی، ۱۳٦ ملیۆن بەرمیل کۆنسێندەیت، ۱۳.۳ ملیۆن تەن غازی شل(غازی ماڵان) و ۱٨ ملیۆن بەرمیل نەوتە. هەروەها دانا غاز و کریسنت پتڕۆڵییەم ۱٨۰ کیلۆمەتر بۆڕییان بنیاد نا لە کۆرمۆرەوە بۆ هەولێر. بەرهەمی غازی ئەو کێڵگانەیان دەفرۆشتەوە بە حوکمەتی هەرێمی کوردستان، حوکمەتی هەرێمیش بۆ بەرهەم هێنانی کارەبا بەکاری هێناوەتەوە و ئێستاش بەو شێوەیە بەردەوامە. واتە بەرهەمهێنانی ئەم غازە تەنها بۆ ناوخۆ بووە. لە ئێستادا هێڵێكی بۆری 176 كیلۆمەتری، غاز لە كێڵگەی کۆرمۆرەوە دەبات بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێر و سلێمانی و بۆ خورمەڵە. هێڵێكی بۆری 50 كیلۆمەتری غازیش لە كێڵگەی سیمێڵەوە بۆ وێستگەی كارەبای دهۆك لە ٢٠١٣ ەوە تەواو بووە و لە سەرەتای 2014 ەوە غاز دەگوازێتەوە بۆ وێستگەی كارەبای دهۆك كە پێشتر بە گازوایل كاری دەكرد. دواتر حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیار بوو ساڵی ٢٠٢٠ لە ڕێگەی بۆری غازی سروشتی هەرێمی کوردستانەوە دەست بە هەناردەکردنی غاز بکات بۆ تورکیا بە قەبارەی (١٠) ملیار مەتر سێجا ساڵانە، بەڵام پرۆسەکە تا ئێستا دەستی پێنەکردووە. ئەو زانیارییانەی سەرەوە پشتڕاستی ئەوە دەکەنەوە کە هەرێمی کوردستان نزیکەی ١٥ ساڵە دەستی بە وەبەرهینان کردووە لە کەرتی غازی سروشتیدا، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیەوە پێداویستی ناوخۆ پڕ بکاتەوە بەتایبەت لە دابینکردنی وزەی کارەبادا، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێم هەنگاوی گەورەتربنێت لەم بوارەدا بتوانێت؛ 1. پلانی ئەوەی هەبێت لەماوەیەکی کورتدا پێداویستی ناخۆ پڕ بکاتەوەو ڕێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا بەرز بکاتەوە. 2. پلان دابنێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی عێراق لە غاز و کارەبا، چونکە عێراق خۆی کڕیارێکی گەورەی وزەی کارەبایە لە ئێران، ئێران ئێستا لە ژێر سزاکانی ئەمریکادا لە کێشەی گەورەدایە، ئەمەش وەک دەرچەیەک بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گرفتە دارایی و ئابورییەکانی نێوانیان دەرفەتێکی گەورەیە. 3. لە وە بازاڕخستنی غازی سروشتی هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە چونکە؛ داهاتووی بازاڕی جیهان ڕووی لە پیشەسازی غازەو حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەن ئەزمونێکی نزیک لە ١٠ وەبەرهێنانە لە کەرتی نەوتدا، ئەوەش یارمەتدەرێکی گەورەیە بۆ ئەوەی بتوانێت سەرکەوتوانەتر ئیدارەی غازی سروشتی بدات و هەناردەی بازاڕەکانی جیهانی بکات. ئەگەر هەرێمی کوردستان بتوانێت ئەم ستراتیجە بەجێ بگەیەنێت، هەرێم لانی کەم دەتوانێت ڕۆژانە ٣٠ ملیۆن مەتری سێجا غاز ڕەوانەی توركیا و ئەوروپا بكات، ئەگەر نرخی هەر مەترە سێجایەكیش بە دوو دۆلار بفرۆشێت (کە لە ئیستادا لەو نرخە زیاترە) ئەوا داهاتی ڕۆژێكی ٦٠ ملیۆن دۆلارە دەبێت، داهاتی مانگێكی ۱٫۸ ملیار دۆلار دەبێت. ئەو بڕەی تا ئێستاش دۆزراوەتەوە بەشی ٢٠٠ ساڵی داهاتوو دەکات. ئەگەر وردبینەوە ئەمە ئەبێتە سەرچاوەیەکی زۆر گرنگی ئابوری لە داهاتوودا، هەروەها دەتوانرێت تەنها بە داهاتی گازی سروشتی زیاتر لە دوو جار لە مانگێکدا موچەی تەواوی موچەخۆرانی بەبێ پاشەکەوت پێ دابەش بکرێت (چونکە کۆی موچەی موچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەبێ پاشەکەوت بۆ مانگێک 89٥ ملیار دینارە کە لە ئێستادا دەکاتە ٦٧٠ ملیۆن دۆلار). ماوەتەوە بڵێین هەم هەنگاوانەی کە پێویستە لەبواری کەرتی وزەدا هەبگیرێن لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە بێ گرفت و ئاڵنگاری نابن، بەڵکو لەبەردەم چەندین هەڕەشەی ناوخۆی و هەرێمی و نێودەوڵەتدایە، لە ڕاپۆرتی داهاتودا بەدێژی ئەو ئاڵنگاری و کارلێکانە دەخەینەڕوو. سەرچاوەکان دانا نەقی، غازی سروشتی هەلێکی تر بۆ هەرێمی کوردستانی باشور، ماڵپەڕی درەو میدیا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=6895 هونەر عەلی، غازی سروشتی كوردستان؛ https://www.kurdiu.org/ku/b/12791 کاوە ڕیشێنى، هەرێمی كوردستان لە سایەی گازی سروشتیدا؛ http://chawykurd.com/detailsWtar.aspx?NusarID=49&Jmare=1035 د. وحید انعام الکاکائي، جيوسياسية النفط والغاز في اقليم كوردستان العراق والفواعل الاقليمية والدولية؛ https://portal.arid.my/Publications/6e75af02-7f62-4c6d-8778-3c215ea66565.pdf أكبر 10 دول في احتياطي الغاز في العالم 2020 https://attaqa.net/2020/04/12/%D8%A3%D9%83%D8%A8%D8%B1-%D8%B9%D8%B4%D8%B1-%D8%AF%D9%88%D9%84-%D9%81%D9%8A-%D8%A7%D8%AD%D8%AA%D9%8A%D8%A7%D8%B7%D9%8A%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%BA%D8%A7%D8%B2-%D8%A7%D9%84%D8%B7%D8%A8%D9%8A%D8%B9/ Robin Mills, Under the Mountains :Kurdish Oil and Regional Politics https://www.oxfordenergy.org/wpcms/wp-content/uploads/2016/01/Kurdish-Oil-and-Regional-Politics-WPM-63.pdf List of countries by natural gas consumption https://en.wikipedia.org/wiki/List_of_countries_by_natural_gas_consumption
(درەو): لەسەر نامەیەك كە تێیدا رەخنە لە پرۆژەیەكی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەگرنو بە مەترسی بۆ هاتوچۆی ئازاد لە تەنگەی بۆسفۆر ناوی دەبەن، دەسەڵاتدارانی توركیا (10) فەرماندەی خانەنشینی هێزی دەریایی وڵاتەكەیان دەستگیركرد. نامەیەك ئەردۆغان توڕە دەكات لەنامەیەكی كراوەدا بۆ رایگشتی وڵاتەكەیان، زیاتر لە (100) فەرماندەی خانەنشینی هێزی دەریایی، هۆشدارییان بە حكومەتی توركیادا لەبارەی كشانەوە لە پەیماننامەی نێودەوڵەتی "مۆنترۆ" كە ساڵی 1936 ئیمزاكراوەو كۆنترۆڵی جموجوڵی دەریایی دەكات لە تەنگەی بۆسفۆر. لەم نامەیەدا، ئەو فەرماندە خانەنشینانە "نیگەرانی" خۆیان نیشاندا بوو لە كردنەوەی گفتوگۆ لەلایەن حكومەتی توركیاوە سەبارەت بەو پەیماننامەیە، چونكە بەوتەی ئەوان پەیماننامەكە" بەرژەوەندییەكانی توركیا بە باشترین شێوە دەپارێزێت". پەیماننامەی مۆنترۆ، هاتوچۆی ئازاد لە تەنگەی بۆسفۆرو دەردەنیل بۆ كەشتییە مەدەنییەكان لەكاتی شەڕو ئاشتیدا زامن دەكات، هەروەها هاتنی كەشتییە سەربازییەكان لەو وڵاتانەوە رێكدەخات كە ناكەونە سەر دەریای رەش. كەناڵی (NTV)ی توركیا رایگەیاند، ئەو گەورە فەرماندانەی كە دەستگیركراون، تۆمەتباركراون بە "بەكارهێنانی هێزو توندوتیژی بۆ لەناوبردنی سیستمی دەستوری توركیا". دوێنێ دواكاری گشتی توركیا دەستیكرد بە لێكۆڵینەوە لە بەیاننامەكەی ئەو فەرماندە خانەنشینانەی سوپا، بەمەبەستی زانینی ئەوەی ئایا لەو نامەیەدا تاوانیان دژی ئاسایشی دەوڵەتو سیستمە دەستورییەكەی ئەنجامداوە یاخود نا. ئێستا (10) فەرماندە دەستبەسەرنو چوار ئەفسەری تر فەرمانیان بۆ دەرچووە بچنە بەردەم دادگا، بەڵام بەهۆی تەمەنیانەوە دەستگیرنەكراون، بازنەی ئەوانەی تۆمەتباركراون فراوانترە، چونكە فەخرەدین ئالتون بەڕێوەبەری فەرمانگەی پەیوەندییەكان لە سەرۆكایەتی كۆماری توركیا لە تویتێكدا نوسیویەتی:" نەك هەر ئەوانەی كە ئیمزایان لەسەر نامەكە كردووە، بەڵكو ئەوانەشی كە هانیداون بۆ ئەو كارە، دەبرێنە بەردەم دادگا". كەناڵێكی ئاویی نوێ هۆشداریدانەكەی فەرماندە خانەنشینەكان دوای ئەوەهات، حكومەتی توركیا نیازی خۆی نیشاندا لە دەرەوەی پەیماننامە، كەناڵێكی ئاویی نوێ بۆ تێپەڕبوون لە تەنگەی بوسفۆڕ دروستبكات بەمەبەستی كەمكردنەوەی قەرەباڵغیی. مانگی رابردوو حكومەتی توركیا رەزامەندی نیشاندا لەسەر پلانی پەرەپێدانی كەناڵێكی نوێ لە ئیستانبوڵ هاوشێوەی هەردوو كەناڵی پەنەماو سوێس بەناوی "كەناڵی ئیستانبوڵ"، ئەمەش مشتومڕی لەبارەی چارەنوسی پەیماننامەی مۆنترۆ دروستكرد. "كەناڵی ئیستانبوڵ" یەكێك لەو پرۆژانەی كە رەجەب تەیب ئەردۆغان ناوی لێناون "پرۆژە سەرسامكەرەكان"و لە 18 ساڵی رابردوودا بونەتە ژێرخانی توركیا لەنمونەی فڕۆكەخانەو پردو تونێلو رێگا. دەسەڵاتداران بایەخی دروستكردنی ئەم كەناڵە ئاوییە نوێیە بۆ كەمكردنەوەی فشار لەسەر كەناڵی بۆسفۆر دەگڕێنەوەو دەڵێن رێڕەوی ئاویی نێوان ئەوروپاو ئاسیا لە تەنگەی بۆسفۆرو دەردەنیل بەهۆی هاتوچۆو قەرەباڵغییەوە داخراوەو لەم ساڵانەی دوایدا روداوی زۆری بەخۆوە بینیوە. تەنگەی بۆسفۆر لە ئیستانبوڵ یەكێكە لە رێڕەوە سەرەكییەكانی بازرگانی جیهانیی، ساڵی رابردوو (38 هەزار) كەشتی بەم رێڕەوەدا تێپەڕیون. بەڵام ئەوانەی نەیاری پرۆژەی كەناڵە ئاوییە نوێیەكەن دەڵێن، سەرباری كاریگەرییە ژینگەییەكانی، پرۆژە نوێیەكە رەنگە ببێتە هۆی لەناوبردنی پەیماننامەی مۆنترۆ. ترس لە كودەتا حكومەت دەڵێ نامەكەی ئەو فەرماندانە دەستوەردانێكی روونە لە كاروباری حكومەتدا، وتەبێژی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی وڵات، نامەكەی چواند بە سەردەمی كودەتا سەربازییەكان كە سوپا دەستوەردانی لەكاروباری سیاسیدا دەكرد. كودەتای سەربازی لە توركیا وەكو بابەتێكی هەستیار تەماشا دەكرێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە هێشتا سوپا خۆی بە پارێزەری دەستوری عەلمانیی وڵات بزانێتو لەماوەی 1960وە بۆ 1980 سێ كودەتای سەربازی لە وڵاتدا رویدابێت، لە ساڵی 2016دا هەوڵێك بۆ لادانی ئەردۆغان لە حوكم هەبوو، كە بەرپرسیارێتییەكەی خرایە ئەستۆی لایەنگرانی فەتحوڵلا گوڵەن لەناو سوپادا. بەرپرسانی توركیا بە توندی وەڵامی نامەی فەرماندە خانەنشینەكانیان دایەوە لەبارەی چارەنوسی پەیماننامەی مۆنترۆ، وەكو بانگەوازكردن بۆ "كودەتا" ناویان برد. مستەفا شەنتۆپ سەرۆكی پەرلەمانی توركیا دوێنێ وتی:" رادەربڕین شتێكەو ئامادەكاریی بۆ بانگەوازێك كە سەر بۆ كودەتا بكێشێت، شتێكی ترە". ئیبراهیم كاڵن وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماریش لە تویتێكدا نوسی:" دەبێت فەرماندەكان دەریاوانەكان بزانن نەتەوەكەمان بەڕێزەو نوێنەرەكانی هەرگیز رێگە بەم عەقڵیەتە نادەن".
مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح ( تایبەت بە درەو) بیرکردنەوە لە جیھان دەشێت بەھۆی ھەستکردن بە نیگەرانیی و ترس لە لەناوچوونەوە بێت، دەشێت بەھۆی ھەستکردن بە بەرپرسیارێتیی و ئەنجامدانی ئەرکێکی ئەخلاقیشەوە بێت، ھەروەھا دەشێت بەھۆی خۆشەویستییەوە بێت بۆ جیھان. یاخود دەشێت بەھۆی تێکەڵبوونی ھەرسێ ھۆکارەکە بێت بەیەکتریی. مرۆڤ خۆشی وەک بوونەوەرێکی تایبەت ھەمیشە بەدوای دۆزینەوەی شوێنێک و پێگەیەکدا دەگەڕێت لە جیھاندا، ھەمیشە ئەندامی کۆمەڵەیەکی مرۆڤی تایبەتە، لە بەشێکی دیایکراوی جیھاندا ئامادەیەو، بەو ژینگە و دەوروبەرەشەوە گرێدراوە کە لەناویدا دەژیی. ھەموو ئەمانە وادەکەن مرۆڤ نەتوانێت ھەرگیز بەتەنھا بژیی و ھەمیشە لەگەڵ ئەوانیتردا بێت. دروستکردنی ژیانی پێکەوەیی و ھاوبەش، ژیانێک کە ھی ھەمووان بێت و ھەمووان بەشداربن لە دروستکردنیدا، جەوھەری ئەو چالاکییە سەرەکییەی مرۆڤە کە ناوی ”سیاسەت“ە. سیاسەت وەک ”بەشە چالاک“ و کردەییەکەی ژیان، ئەو بەشەی کە لە یەکتربینین و گفتوگۆ و ڕاگۆڕکێ و دەرکەوتنی مرۆڤەکان بەیەکەوە، دروستبووە. ئەم فۆرمە لە ژیانی چالاک، لەباتی ئەو ژیانێک بێت تیایدا ھەر کەسە و بەسەر بوونی تایبەتیی خۆیدا چەمابێتەوە و خۆی بەڕووی دەرەوەی خۆیدا داخستبێت، کراوەیە بەسەر ئەوانیتر و بەڕووی جیھان خۆشیدا. سیاسەت وەک چالاکیی دروستکردنی ژیانێکی ھاوبەش، ڕێگرە لەوەی کۆمەڵگا ببێت بە یەکەیەکی دژ بە تاکەکەس، یاخود بە یەکەیەک کورتبووبێتەوە بۆ شوێنێک مرۆڤ ناچارانە تەنھا ”کار“ی تێدابکات و ”پێداویستییە سەرەکیی و مادییەکان“ی ژیانی، دەستەبەربکات. سیاسەت ئەو چالاکییە تایبەتەی مرۆڤە کە وادەکات کۆمەڵگا ببێتە شوێنێکی ھێجگار گرنگی ژیان و بیشیگۆڕێت بۆ بەشێک لەو تۆڕی پەیوەندییانەی مرۆڤ لەگەڵ کەسانیتر و دەوروبەرەکەیدا دروستیدەکات. لە سیاسەتدا مرۆڤ زۆر زیاترە لەوەی کەسێک بێت تەنھا ئەرکی ئەوە بێت ”کار”بکات و بەتەنھا لە ژوورەکەی خۆیدا”بخوات“ و ”بخەوێت“. سیاسەت ئەو چالاکییەیە وادەکات مرۆڤ نەبێت بە سندوقێکی داخراو و ھەموو ئەوانیتر بگۆڕێن بۆ کەسانێک لە حیساباتی یەکتردا مردوو بن، سیاسەت چالاکی کۆکردنەوەی مرۆڤەکانە بەیەکەوە بۆ دروستکردنی ژیانێکی ھاوبەش، چالاکییەک مرۆڤ ھەم لە تەنھایی و داخران دەردەھێنێت، ھەم دەیکات بە بوونەوەرێکی خاوەن ڕا و بۆچوون و تێڕوانین بەرامبەر بەوەی چۆن لەگەڵ ئەوانیتردا بژیی، دەشیکات بە کەسێک توانای گەیشتن بە ڕێکەوتنی لە ڕێگای ڕاگۆڕکێ و دیالۆگەوە، ھەبێت. بە کورتییەکەی، سیاسەت بەم مانایە چالاکی ڕێگەگرتنە لە پاشەکشەکردن لە جیھان و خۆشاردنەوە لەناو ”خود“ خۆیدا. ئەگەر سیاسەت ئەم چالاکییە سەرەکیی و بنەڕەتییەی مرۆڤ بێت و ئەو ڕۆڵە بنەڕەتییە لە ژیانی پێکەوەییدا ببینێت، پرسیارێک بکرێت لە خۆمانی بکەیە ئەوەیە: ئایا دەکرێت سیاسەت چ پەیوەندییەک لەگەڵ خۆشەویستییدا دروستبکات؟ دەشێت خۆشەویستیی ژێرخانی سیاسەت بێت وەک چالاکییەکی پێکەوەیی؟ وەڵامی ئێمە بەم پرسیارە بەڵێیە. بەڵێ سیاسەت دەشێت لەو پەیوەندییە تایبەتەدا بێت بە خۆشەویستییەوە، لە ڕاستییدا سیاسەت کاتێکیش ماناداردەبێت کە ژێرخانەکەی خۆشەویستیی بێت بۆ جیھان و بۆ مرۆڤەکانی دەوروبەر و بۆ ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییە ھاوبەشەی مرۆڤەکان لەناویدا دەژین و بۆ ئەو ژینگە سروشتییەیش کە دەبێتە ماڵی گشتی ھەموان. لەم ڕوانگەیەوە ھیچ شتێک ھێندەی سیاسەت پێویستی بە خۆشەویستیی نییە. بەڵام چەمکی خۆشەویستیی لە سیاستەدا ھەمان ئەو مانایانەی نییە کە لە ژیانی تایبەتدا، یان لە نێوان دووکەس و خێزاندا ھەیەتی. چەمکی خۆشەویستیی لە سیاسەتدا، بەر لە ھەموو شتێک، جێگرەوەی چەمکی دوژمنایەتیی و بوغز و ڕقە لەنێوان مرۆڤەکاندا. ئامرازێکی ھێجگار سەرەکیی دروستکردنی متمانەیە لەکۆمەڵگادا. ھاوکات ڕێگرێکی بەھێزیشە لە بەردەم لێکترازان و پارچەپارچەبوونی کۆمەڵایەتییدا. خۆشەویستیی لێرەدا وەک بنەمایەکی سەرەکیی بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکانە ئامادەیە و ئیشدەکات. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە ئەرکی سیاسەت ئەوەیە وابکات ئێمە ھەموومان یەکترمان خۆشبوێت، ھەموومان ببینە ھاوڕێ و دۆستی گیانی بە گیانی یەکتریی، مانای ئەوە نییە کۆتایی بە ململانێ و ناکۆکیی و ڕکابەرایەتی بھێنێت. نەخێر، خۆشەویستیی وەک ژێرخانی سیاسەت مانای ڕێگرتن لەوەی مرۆڤەکان ببن بە دوژمنی یەکتریی، پلانی کوشتن بۆ یەکتر دابنێن و هەوڵی لەناوبردن و سڕینەوەی یەکتری بدەن. سیاسەت ناتوانێت بمانکات بە ھاوڕێی خۆشەویستی یەکتریی، بەڵام دەشێت نەھێڵێت ببین بە دوژمنی یەکتری. سیاسەت بێگومان بە توندیی بە حیساباتی عەقڵانیی و لۆژیکییەوە پابەستە، پەیوەندیی بە ئەرگومێنت و قەناعەتکارییەوە ھەیە، ھەندێکجار حیساباتی عەقڵانیی حیساباتێکی سارد و سڕ و بێڕۆح و بێگیانیشە، بە ھەردوو پێوە لەناو یاسا و بەھا بیرۆکراسییەکاندایە. بەڵام تاقە شتێک بتوانێت ڕێگربێت لەوەی سیاسەت بەتەواوی تەسلیمی ئەو شتانە ببێت، خۆشەویستییە. خۆشەویستییە کە جۆرێک لە بەھای ئەخلاقیی بەرگریکردن لە پێکەوەبوونێکی ھێمن و تەندروست دەپارێزێت. بەڵام کێشەی سیاسەت لەوەدایە لە خۆشەویستییەکەوە کە دروستکردنی ژیانێکی ھاوبەشی لەو بابەتە بنەماکەی بێت، یان لە لە خۆشەویستییەوە بۆ جیھان، بگۆڕێت بۆ خۆشەویستیی بۆ شتی تر، خۆشەویستی بۆ پارە، خۆشەویستیی بۆ دەسەڵات، خۆشەویستی بۆ ھێز، ھتد. لێرەدا خۆشەویستیی لەوەدەکەوێت ھێزێک بێت بۆ دروستکردنی جیھانێکی جوانتر و باشتر، ھێزێک بێت بۆ دروستکردنی سەرەتای نوێ، بۆ ھێزێک بۆ گرێدانی مرۆڤەکان بەیەکەوە، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ ھێزی گەورەکردن و پتەوکردنی نارسیزمی تاکەکەسیی و نارسیزمی دەسەتەیی و کۆمەڵایەتیی. تێکەڵبوونی خۆشەویستییش بۆ پارە و دەسەڵات بە نارسیزمی تاکەکەسیی و کۆمەڵایەتیی، ئەو ڕەچەتە ترسناکەیە کە سیاسەت لە سیاسەتبوون دەخات و دەیگۆڕێت بۆ چالاکیی سەندنەوەی ئینسانییەت لە ئینسان و گۆڕینی کۆمەڵگا بۆ بازاڕ و ڕووبەری گشتی بۆ سەربازگە و زیندان. بازاڕێک بۆ کەڵەکەکردنی ھەرچی زیاتری پارە و دەسکەوتی تایبەت، سەربازگە وەک شوێنی پاراستنی ئەو بازاڕە دروستکراوە و بەندیخانە وەک جیهانێک بۆ دروستکردنی مرۆڤگەلێک کە جگە لە خواستی بەرخۆریی، هیچ ئیرادە و خەمێکی تریان نەبێت. ئەوەی لە ئێستادا دەیبینین ئەو تێکەڵبوونە ترسناکەیە؛ تێکەڵبوونی خۆشەویستیی پارە و دەسەڵات و ھێزە، بە فۆرمە ترسناک و پاسۆلۆژییەکانی نارسیزم. لەم دۆخەدا شتێک بەناوی جیھانێکی ھاوبەش و ژیانێکی پێکەوەیی ھێمنەوە نامێنێتەوە، ئینتیما بۆ جیھان، بۆ کۆمەڵگا، بۆ ئینسان، دەسڕێتەوە و شوێنیان بە فۆرمی تری ئینتیما و شێوازی جیاوازیی دابەشبوون و ترازانی کۆمەڵایەتیی و وەڕسبوونی ئیسنانیی، پڕدەبێتەوە. لێرەدا مرۆڤەکانی تر لەوە دەخرێن بوونەوەرێک بن جیھانیان لەگەڵدا بەشبکەیت، یاخود پێکەوە دونیایەکی ھاوبەش دروستبکەن، بکرێت خۆشەویستیی بۆ جیھان بنەمای پێکەوەبوون بێت؛ لەباتی ئەمانە ڕق و بوغز و دوژمنایەتیی سەروەردەبن و مرڤ خۆشی لە مرۆڤێکی خاوەن کەرامەت و مافەوە دەگۆڕێت بۆ ئامرازی پاراستنی ئەو دونیا شێواوەی دروستکراوە. لەناو سیاسەتدا دەشێت ھەمیشە دوو جۆر لە خۆشەویستیی لەیەکتری جیابکەینەوە. یەکەمیان خۆشەویستییەکی نێگەتیڤە کە لە فۆرمی نارسیزمدا ئامادەیە و کاردەکات. پێکەوەیی و ھاوبەشیی وێراندەکات و کارەسات لەدوای کارەسات دروستدەکات، متمانە دەکوژێت و لێکترازانیی کۆمەڵایەتیی و ئینسایی سەروەردەکات. دووھەمیان خۆشەویستییەکی پۆزەتیڤە کە بنەماکەی کرانەوەیە بەڕووی جیھان و ئەوانیتر و بەھا ئینسانییە گرنگەکاندا. لەھەردوو دۆخەکەدا سیاسەت لە پەیوەندییدایە بە خۆشەویستییەوە؛ لەیەکەمیاندا مرۆڤی داخراو و تەنھا و پاشەکشەکردو بۆ ناو ژیانی شەخسیی دروستدەکات، چالاکیی و ئەکتیڤبوون لە مرۆڤ دەسێنێتەوە. لە دووھەمیاندا مرۆڤێکی کراوە و ھاریکار و خاون ڕا و بەشدار لە ژیانی گشتییدا بەرهەمدەهێنێت. خۆشەویستیی پاک کە دەگاتە ئاستی کەماڵی ئایدیالیی لە دوو فۆرمدا بەرجەستە دەبێت، یەکەمیان خۆشەویستییە بۆ خودا، چونکە لای ئیمانداران ئەم خۆشەویستییە تاکە خۆشەویستییەکی خۆنەویست و بەرژەوەندیی نەویستە کە مرۆڤ خۆی تێدا وندەکات. فۆرمی دووهەمی خۆشەویستیی ئایدیال، خۆشەویستییە بۆ نیشتیمان. خۆشەویستیی بۆ نیشتیمان لای ئایدیۆلۆژیستەکان تاکە پەیوەندییەکی پاک و باڵایە کە مرۆڤ پێی بگات. هەردوو خۆشەویستییەکە بارگاوین بە خواستی خۆبەختکردن و گیانفیدایی. ھەم خۆشەویستیی بۆ خودا و ھەم بۆ نیشتیمان دوو مۆدێڵی خۆشەویستیین کە بەهای مردن بەمانای شەهیدبوون تیایاندا لە بەهای ژیان گەورەترە. هەموو مۆدێلە ئایدیۆلۆژییەکانی خۆشەویستیی دەچنە دۆخێکی ڕەها و ناسەرزەمینییەوە، لەوێشەوە وەزیفەیەکی موقەدەسیان پێدەبەخشرێت کە تاک تیایاندا تەنها لە شێوەی قوربانییدا بوونی هەیە. بۆیە خۆشەویستیی ڕەها لە سیاسەتدا خۆشەویستییەکی درۆزنانەیە و لە هەموو ئایدیۆلۆژیاکانیشدا پەیوەندییەکی ناتەندروستی نێوان سیاسەت و مرۆڤ دروستدەکات. بۆ نموونە لە کۆمۆنیزمدا خۆشەویستی ڕەها بۆ خودی ئایدیاکە خۆی لە خۆشەویستیی بۆ مرۆڤ و ژینگە و کۆمەڵگا گەورەتر بوو. بە پێی ئایدیای کۆمۆنیزم گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی خاڵیی لە چین و چەوساندنەوەی چینایەتی، تەنها لەڕێگای شۆڕشەوە بەدیدێت. بۆئەوەی بتوانین مۆدێلی خۆشەویستیی کۆمۆنیستیی بنیاتبنێین و کۆمەڵگایەک لەپلەی کەماڵی ئاشتی و بێ ململانێ و بێ زەبر بنیاتبنێین، پێویستمان بە مۆدێلێک لە دیکتاتۆرییەت هەیە بۆئەوەی ئەو جیهانە دروستبکات کە ئایدیاکە خوازیارێتی. بەکورتییەکەی هەموو خۆشەویستییەکی ئایدیالیستیی و بارگاویکراو بە ئایدیۆلۆژیا لە سیاسەتدا مانای بەدیهێنانی ئازادیی نییە، بەڵکو دەتوانێت تەواو پێچەوانەکەی بێت و دروستکەری جیهانێکی مەترسییداری دیکتاتۆریی بێت. خۆشەویستیی ئایدیۆلۆژیی بۆ نەتەوە و سەرۆک و حیزب لای نازییەکان و هێزە تۆتالیتێرەکان هەمان دەرئەنجامی کارەساتباری بۆ تاک و کۆمەڵگا هەبوو وەک لای کۆمۆنیزمی روسی و چینی و کوبیی بینیمان. ئەم مۆدێلە لە بونیاتنانی خۆشەویستیی لە ئایینیشدا کە بە خۆشەویستیی ڕەها ناسراوە بۆ خوداوەند هەمان دەرئەنجامی سیاسیی هەبووە، وەک لە ئایدیا تۆتالیتێرەکانی تری ناو مێژوودا بینیمان. ئەزموونی داعش و ئەو کوشتارەی بەناوی خۆشەویستیی بۆ خوادا پیادەکرا، بەرجەستەترین نموونەی تازەی بەموقەدەسکردنی خۆشەویستیی بوو. ھەم لە مێژووی مەسیحییەتدا و هەم لە مێژووی کۆن نوێی ئیسلامدا نموونەکانی بونیادنانی کۆمەڵگایەکی پڕ لە خوێن و دەسەڵاتێکی ستەمگەریی ئایینی بەناوی خۆشەویستی بۆ خوداوە کەم نین. کوشتنی تاک لەناو کۆدا خواستی هەموو ئەو هێزانەیە کە بەناوی دروستکردنی کۆمەڵگایەکی پاکەوە ئازادیی مرۆڤ زەوتدەکەن. گەر لە هەموو پەیوەندییەکی سیاسەت و خۆشەویستییدا بەناوی دروستکردنی کۆمەڵگایەکی ئایدیالەوە، رەهەندی ئازادیی فەردیی کوژرا، دەرەنجامەکەی دروستکردنی جیهانێکی مەترسییدارە. بەبۆچوونی ئێمە خۆشەویستیی بۆ ئازادیی تاکە خۆشەویستییەکە کە پەیوەندیی راستەقینەی نێوان سیاسەت و خۆشەویستیی دیارییدەکات. خۆشەویستیی لە سیاسەتدا خودئەڤینیی نییە، چونکە هەر کاتێک پەیوەندیی نێوان سیاسەت و خۆشەویستیی بوو بە پەیوەندیی نێوان خۆشەویستیی و دەسەڵات، ئەوا مەترسیی دروستبوونی دیکتاتۆری خۆشەویست و بەرهەمهێنانی کولتووری براگەورە لەئارادایە. هیچ دیکتاتۆرێک لە مێژوودا نادۆزینەوە کە خۆشەویست بووبێت، دیکتاتۆرەکان هیچ کاتێک لای خەڵکی خۆشەویست نین، بەڵام لە دەسەڵاتدارێتییە تۆتالیتارەکاندا خۆشەویستیی بۆ سەرۆک دەکرێت بە رێسایەک بۆ دڵسۆزیی و وەلائەت بۆ دەوڵەت و حیزب. دەسەڵاتدارێتی بێ کۆیلە مانای بوونی دەسەڵاتدارێتییەک کە پەیوەندیی نێوان سیاسەت و مرۆڤ لەسەر خۆشەویستیی بۆ سەرۆک بەند نییە، بەڵکو لەسەر بەهای ئازادیی و ئاشتیی و یەکسانیی بونیادنراوە. پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ لە دەستوور یان یاسای پێکەوەژیانی سیاسیی، مۆدێلی پەیوەندییەکی زۆر تایبەتی خۆشەویستیی نێوان مرۆڤ و سیاسەت دیارییدەکات. لەم جۆرە دۆخانەشدا کە کۆمەڵگا لەناو تاریکیی دەسەڵاتدارێتییەکی ستەمگەردا دەژیی، هەمیشە مۆدێلێک لە رۆمانسییەتی دژە سیاسەت دروستدەبێت و سیاسەت وەک کارەسات و لەعنەتێکی ئاسمانیی و زەمنیی نمایشدەکات. بەلەعنەتکردنی سیاسەت هەمان وەزیفەی سەردەمی ئەو رۆمانسییەتەی سەدەی ناوەڕاستی هەیە کە ڕاکردن لە واقیع وەک رەچەتەیەکی ناسیاسیی دەبینی بۆ گەیشتن بە ئازادیی تاکەکەسیی و بۆ دژایەتییکردنی نادادیی و نایەکسانیی. لە دونیای ئێمەشدا ئەو شەپۆلە دروستبووە کە وایدەبینێت سیاسەت لە جەوهەردا کردەیەکی ناشیرینە و هیچ پەیوەندییەک لەنێوان سیاسەت خۆشەویستییدا نییە، بەڵکو سیاسەت تەنها توندوتیژییە و جگە لە تۆوی کوشتن و بڕین هیچی تر لە خاکەکەیدا ناڕوێت. بابەتی بیستەم: هەرێمێک خاڵیی لە ئۆپۆزیسیۆن بابەتی نۆزدەیەم: نەوال سەعداوی: ژنێکی ئازا و شکست نەناس بابەتی هەژدەیەم: پول و دەوڵەتی نەتەوە و ناسیۆنالیزم بابەتی حەڤدەیەم: گوێنەگرتن وەک پیشە بابەتی پانزەیەم: یاسا و بێیاسایی لە ھەرێمەکەی ئێمەدا بابەتی چواردەیەم: جەستەی ژن لە نێوان حیجاب و رووتییدا بابەتی سیانزەیەم: سیاسەت و نوکتە کاتێک سیاسییەکان دەبن بە موهەریج و سیاسەتیش بە نوکتە بابەتی دوانزەیەم: بەرماڵتەکێنەکە و قەیرانی حوکمڕانیی بابەتی یانزەیەم: دوای ترامپ: خۆدروستکردنەوەی ئەمریکا بابەتی دەیەم: سۆشیال میدیا: لەکایەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی بابەتی نۆیەم: دیموکراسیی لە قەیراندا بابەتی هەشتەم: شێخ نەھرۆی کەسنەزانی: لە ئابوریی نەوتەوە بۆ ئابوریی گەشتیاریی دینیی. بابەتی حەوتەم: كۆتایی سیاسەتو نابەرپرسیارێتیی رێكخراو بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا بابەتی دووەم: عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل بابەتی یەكەم: کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی
(درەو): سایتی (زە تایمز ئۆف ئیسرائیل) ئاشكرایكرد، منداڵێكی تازەلەدایكبووی ئێزدی بەمەبەستی چارەسەری تەندروستی گەیەندراوەتە ئیسرائیلو سبەینێ (8) منداڵی تری كورد كە پێویستیان بە نەشتەرگەریی خێرا هەیە، لەڕێگەی ئوردنەوە رەوانەی ئیسرائیل دەكرێن. ئەم منداڵە كە ناوی (هانا)یەو تەمەنی تەنیا دوو مانگەو لە هەرێمی كوردستان لەدایكبووە، بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا رەوانەكردنی بۆ ئیسرائیل دواكەوتووە، بەڵام دواجار رۆژی پێنج شەممەی رابردوو گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی "شیبا" لە نزیك شاری تەلئەبیبی پایتەختو دەست بە چارەسەركردنی كراوە. هەنا كێشەی سییەكانی هەیە، خوێن بەباشی لە دڵییەوە ناچێت بۆ سییەكانی، ئەمە ژیانی خستوەتە مەترسییەوە، لەم گەشتەیدا بۆ ئیسرائیل، مامێكی هاوڕێیەتی هانا دەكات، خێزانی ئەم منداڵە لە كەمپی ئاوارەكان لە دهۆك دەژین، باوكی بە سایتی (زە تایمز ئۆف ئیسرئیل)ی وتووە:" سوپاسی ئیسرائیل دەكەین كە لەم دۆخە سەختەدا یارمەتیداین، كاتێك گەیشتوەتە نەخۆشخانەی تەلئەبیب زۆر دڵخۆش بووین". بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپارێزییەوە لە كۆرۆنا، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل سەردانكردنی خەڵكانی بیانییان بۆ وڵاتەكەیان قەدەغەكردووە، بەڵام مانگی رابردوو، دەسەڵاتدارانی رێكخراوی "شیفت ئەحیم"یان لەم بڕیارە بوارد، ئەم رێكخراوە منداڵان لە وڵاتانی عەرەبییو ناوچەكەوە بەمەبەستی چارەسەركردن بۆ ئیسرائیل دەگوازێتەوە. جگە لە هانا، (8) منداڵی تری كورد چاوەڕوانی ئەوەن بگەنە ئیسرئیل بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری تەندروستیو نەشتەرگەریی دڵ، رێكخراوی "شیفت ئەحیم" پێشبینی دەكات سبەینێ كاروباری ئەم منداڵانەش تەواو ببێتو بگەیەندرێنە ئیسرائیل. رێكخراوەكە مافی ئەوەی پێنەدراوە، بە منداڵەكانەوە بچێتە ناو ئیسرائیل، بۆیە ئەو خێزانە كوردانەی كە منداڵی نەخۆشیان هەیە، دەبێت خۆیان لە سنوری ئوردنەوە بپەڕنەوە، كاتێك دەگەنە ئیسرائیل، خۆبەخشەكانی رێكخراوی "شیف ئەحیم" پێشوازییان لێدەكەنو دەیانگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە.
(درەو): زڕبرای پادشای وڵات لەماڵەكەی خۆیدا بەند كراوە، ژمارەیەك بەرپرس دەستگیركراون، باسی هەوڵی كودەتاو دورخستنەوەی پادشا هەیە لە تەختی شاهانە، مەسرور بارزانی لایەنگری پادشای ئوردنە لەدژی زڕبراكەی. "تەنیا رەخنەم گرتووە" ئێوارەی دوێنێ، ئوردن بە بارودۆخێكی ئەمنیی نائاسایدا تێپەڕی، سوپا چوەسەر ماڵی شازادە حەمزەی زڕبرای شا عەبدوڵای پادشای وڵات، داوای لێكرا لەماڵەكەی نەیەتە دەرەوەو ئەو جموجوڵانەی رابكرێت كە "سەقامگیری ئوردن دەكاتە ئامانج". شازادە حەمزە ئێستا ماڵبەند كراوە، ژمارەیەك لە هاوڕێو ناسیاوەكانیشی دەستگیركراون، پاسەوانەكانی لێسەندراوەتەوەو هێڵی پەیوەندیكردنو ئینتەرنێتیشی پچڕێندرا. شازادە حەمزە ماڵەكەی لەناوچەی "دابوق"ە لە خۆرئاوای شاری عەممانی پایتەخت لە نزیك كۆشكی شاهانە، ئێوارەی دوێنێ شازادە تۆمارێكی ڤیدیۆیی لەرێگەی پارێزەرەكەیەوە رەوانەی میدیاكانی كرد، تێیدا دەڵێ:" من بەشێك نیم لە هیچ پلانگێڕی یان رێكخراوێك كە لەلایەن وڵاتانی دەرەوە یارمەتی دارایی بدرێت، بەڵام رەخنەم لە داڕمانی سیستمی حكومەتو گەندەڵیو ناتوانایی لە بەڕێوەبردنی وڵات گرتووە". ئاژانسی فەرمی هەواڵی ئوردن دوێنێ ئێوارە لەزاری سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە رایگەیاند" دوای چاودێرییەكی ئەمنی چڕوپڕ، چەند هاوڵاتییەكی ئوردنی لەوانە شەریف حەسەن بن زەیدو باسم ئیبراهیم عەوەزوڵڵاو چەند كەسێكی تر بەهۆكاری ئەمنیی دەستگیركراون". سەرچاوەكە باسی لەوەكردبوو، لێكۆڵینەوە لە بابەتەكە بەردەوامە، بەڵام وردەكاری زیاتری ئاشكرانەكرد. باسم ئیبراهیم كە یەكێكە لە دەستگیركراوەكان، ئەم پیاوە لە رابردوودا چەندین پۆستی لە ئوردن وەرگرتووە، لەماوەی لە 2007 بۆ 2008 سەرۆكی دیوانی شاهانەو بەڕێوەبەری ئۆفێسی شا عەبدوڵا بووە، ساڵی 2006 وەزیری پلاندانانو هاوكات وەزیری دارایی بووە، ماوەیەكیش بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئابوری بووە لە دیوانی شاهانەی هاشمیی، ئەم پیاوە كەسێكی جێگە مشتومڕ بوو، یەكێك لە كەسە نزیكەكان بووە لە شا عەبدوڵاو جێپەنجەی لەسەر دۆخی ئابوری ئوردن هەبووە. شازادە حەمزە كێیە ؟ شازادە حەمزە كە تۆمەتباركراوە بە هەوڵدان بۆ كودەتاكردن بەسەر شا عەبدوڵای زڕبرایدا، كوڕە گەورەی شا حسێن پادشای كۆچكردووی ئوردنە لە ژنە ئەمریكییەكەی كە ناوی شاژنە (نور) بوو، ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە دەوترێت شازادە حەمزە پەیوەندییەكانی لەگەڵ شا عەبدوڵای برایدا باش بووە، بەڵام ئەوەی سەرچاوەی كێشەكەیە ئەوەیە، وەكو باسدەكرێت شازادە حەمزە كەسێكی نزیكە لە خەڵكو پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ هۆزەكانی ئوردندا هەیە. لەسەر وەسێتی شا حسێنی باوكی، شا عەبدوڵا كە تەختی پادشایەتی ئوردنی وەرگرت، ساڵی 1999 شازادە حەمزەی كرد بە شازادەی جێنشین، بەڵا ساڵی 2004 شازادە حەمزەی لە شازادەی جێنشینی لابردو شازادە حسێنی كوڕی خۆی كرد بە شازادەی جێنشین. شازادە حەمزە لەدایكبووی 29ی مارسی 1980یە، پێشتر ئەفسەر بووە لە سوپای ئوردن، لە بۆنە فەرمییەكاندا لەناوخۆو دەرەوەی وڵات نوێنەرایەتی شا عەبدوڵای برای دەكرد، سەرباری ئەمە سەرۆكایەتی لیژنەی راوێژكاری شاهانە دەكات بۆ كەرتی وزە، هاوكات سەرۆكی فەخری یەكێتی باسكەی ئوردنە. "هەوڵی لادانی پادشا" رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمریكی دوێنێ لەزاری بەرپرسێكی ئەمریكییەوە ئاشكرایكرد، دەسەڵاتدارانی ئوردن شازادە حەمزە بن حوسێنیان لە ماڵەكەی خۆیدا بەند كردووەو نزیكەی 20 بەرپرسی ئوردنی تریان دەستگیركردووە، ئەمە لەچوارچێوەی لێكۆڵینەوەیەكدا سەبارەت بە پیلانێك بۆ لادانی شا عەبدوڵا لە تەختی پادشایەتی. رۆژنامە ئەمریكییەكە دەڵێ:" دەستگیركردنی ئەو بەرپرسانە دوای ئەوە هاتووە دیوانی شاهانەی ئوردن پلانگێڕییەكی پڕگرێو گۆڵی درێژمەودای ئاشكراكردووەو پلانگێڕییەكە لانی كەم كەسێك لە خێزانی شاهانەو سەرۆك هۆزەكانیو ژمارەیەك كەسایەتی لە دامەزراوەی ئەمنیی ئوردن لەخۆدەگرێت". ئەمریكا پشتیوانی شا عەبدوڵا دەكات هاوكات لەگەڵ جموجوڵە ئەمنییەكان لە ئوردن، ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو وڵاتانی عەرەبی پاڵپشتی خۆیان بۆ شا عەبدوڵای پادشای ئوردن راگەیاند، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەستوەردانی لە كێشەی ناوخۆیی بنەماڵەی شاهانەی ئوردن كردو پاڵپشتی خۆی بۆ شا عەبدوڵا نیشاندا. كودەتاو یادی 100 ساڵە ئەم دۆخە ئەمنییە نوێیە لەكاتێكدایە، ئوردن ئامادەكاری دەكات بۆ ئاهەنگی یادی 100 ساڵەی دامەزراندنی ئەمارەتی خۆرهەڵاتی ئوردن لە ساڵی 1021دا، كە ئەم ئەمارەتە دواتر شانشینی ئوردنی هاشمی ئێستای لێ دروستبوو. ئوردن ساڵی 1946 سەربەخۆیی وەرگرتووەو لەژێر ئینتیدابی بەریتانیا رزگاری بووە، سەرباری ئەوەی وڵاتێكە سامانی سروشتی كەمی هەیە، بەتایبەتیش نەوتو ئاو، بەڵام توانیویەتی لەناوچەیەكدا خۆی رابگرێت كە چەندین دەیەیە لەناو ململانێیو جەنگی یەك لەدوای یەكدایە.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت كەمتر لە دوو مانگ ماوە بۆ بەڕێوەچوونی كۆنگرەی چواردەی پارتی، كۆنگرەیەك كە نەخشەی دابەشبوونی دەسەڵات لەنێوان ئامۆزاكان دوای دوركەوتنەوەی مەسعود بارزانی لە گۆڕەپانی سیاسی یەكلادەكاتەوە، ئایا بارزانی خۆی كاندید دەكاتەوە یاخود دەكێشێتەوەو وەكو "مەرجەعی" حزب دەمێنێتەوە ؟ ئەگەر بكێشتەوە كێ شوێنی دەگرێتەوە ؟ دەسەڵات لە باوكەوە بۆ كوڕ دەگوازرێتەوە یان لەمامەوە بۆ برازا؟ پارتی دەیەوێت شێوازەكەی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی كۆپی بكاتەوەو هاوسەرۆكایەتی جێگیر بكات؟ زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. كۆنگرەی چواردە رۆژی 26ی ئایاری ئەمساڵ، واتە كەمتر لە دوو مانگی تر، پارتی دیموكراتی كوردستان كۆنگرەی چواردەیەمی خۆی دەبەستێت، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، ئەگەری بەهێز هەیە جارێكی تر وادەی كۆنگرە دوابخرێت، بۆ دواخستنی كۆنگرە پارتی دەیەوێت بەهانەی كۆرۆنا بهێنێتەوە، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەكان باس لە رێكنەكەوتنی بنەماڵەی بارزانی دەكەن لەبارەی نەخشەی نوێی دابەشبوونی دەسەڵات لەناو حزبدا. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزب دەبوو ئەم كۆنگرەیە لە رۆژی 11ی كانونی یەكەمی 2014 بەڕێوەبچێت، واتە نزیكەی (7 ساڵ) كۆنگرە لەوادەی خۆی دواكەوتووە، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی دواین پەیڕەوی ناوخۆی كۆنگرەی سیانزەیەمی حزبەكە، نابێت بەستنی كۆنگرە ساڵێك زیاتر لەوادەی خۆی دوابخرێت، بەگشتی ماوەی (11) ساڵە پارتی كۆنگرەی نەكردووە، سەركردەكانی پارتی پێشتر شەڕی داعشو قەیرانە سیاسیو ئابورییەكانی ساڵانی رابردوویان، وەكو بەهانە بۆ دواكەوتنی كۆنگرە دەهێنایەوە، ئێستاش بەهانەی "كۆرۆنا" ئامادەیە. بڕیارە كۆنگرەی چواردەی پارتی لە شاری (دهۆك) بەڕێوەبچێت، یەكەمجارە پارتی كۆنگرەی خۆی دەباتە دهۆك، ئەمە ئەو بابەتەیە كە پێشبینی دەكرێت كۆنگرەی چواردە لە كۆنگرەكانی پێش خۆی جیابكاتەوە. بارزانی دەسەڵات بۆ كوڕەكانی دەگوازێتەوە یان برازاكانی ؟ كۆنگرەی چواردەو گۆڕانكارییەكانی مەسعود بارزانی سەرۆكو مەرجەعی پارتی ئێستا تەمەنی (75 ساڵ)ە، بۆیە ئامادەكاری بۆ قۆناغی دوای خۆی دەكات، دەیەوێت بەر لە دوركەوتنەوەی لە گۆڕەپانی سیاسی بە هەر هۆكارێك، دابەشبوونی دەسەڵات لەناو بنەماڵەكەی، بە دیاریكراوی لەنێوان كوڕو برازاكانی رێكبخاتەوە. بەگشتی چەند سیناریۆیەك هەن لەبەردەم چۆنیەتی دابەشبونەوەی دەسەڵات لە هەرەمی سەرەوەی پارتیدا كە ئەمانەن: سیناریۆی یەكەم: هاوشێوەی كۆنگرەی سیانزەیەم، مەسعود بارزانی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی پارتی كاندید بكاتەوەو نێچیرڤان بارزانی ببێتەوە بە جێگری سەرۆك، لەم حاڵەتەدا لە ئەگەری دوركەوتنەوەی مەسعود بارزانی لە گۆڕەپانی سیاسی بە هەر هۆكارێك، راستەخۆ نێچیرڤان بارزانی دەبێت بە سەرۆكی حزب، بەوپێیەی جێگری سەرۆكە، ئەمە رەنگە دڵخوازی كوڕانی مەسعود بارزانیو بەدیاریكراویش مەسرور بارزانی نەبێت، لەلایەكی تر ئەمە شێوازی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەناو بنەماڵەی بارزانی بۆ داهاتوو دیاری دەكات، بەوەی ئایا دەسەڵات بەشێوەی ستونی لە باوكەوە دەگوازرێتەوە بۆ كوڕ یاخود بەشێوەی ئاسۆیی دەبێتو لە مامەوە دەگوازرێتەوە بۆ برازا، چارەنوسی كوڕەكانی ئیدریس بارزانی لەناو پارتیدا یەكلابونەوەی ئەم هاوكێشەیە دیاری دەكات، بۆیە دووبارەبونەوەی سیناریۆی كۆنگرەی سیانزە لە كۆنگرەی چواردەدا لەلایەن پارتییەكانەوە، بەدوور دەزانرێت. پارتی ئەزمونی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی كۆپی دەكات، هاوسەرۆكایەتی دەچەسپێنێت ؟ سیناریۆی دووەم: هاوشێوەی كۆنگرەی سیانزەیەم، مەسعود بارزانی جارێكی تر خۆی بۆ سەرۆكایەتی حزب كاندید بكاتەوە، بەڵام جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی حزب زیاد بكرێت، واتە بكرێت بە دوو جێگر، یەكێكیان نێچیرڤان بارزانیو ئەوی تر مەسرور بارزانی یاخود یەكێك لە كوڕەكانی تری مەسعود بارزانی، لەم نێوەندەشدا باس لە ناوی (مەلا مستەفا بارزانی) كوڕە بچوكی مەسعود بارزانی دەكرێت كە بە "بابۆ" ناسراوەو كاروباری كۆمەڵایەتی باوكی لەناوچەی بادینان بەڕێوەدەبات، ئەگەر ئەم سیناریۆیە جێگیربكرێت، دوای دوركەوتنەوەی مەسعود بارزانی لە گۆڕەپانی سیاسی، پارتی بەرەو شێوازەكەی یەكێتی دەڕوات كە بەڕێوەبردنی حزبە بەشێوەی هاوسەرۆكایەتی لەنێوان ئامۆزاكاندا، بەوپێیەی سەرۆك دوو جێگری هەیەو راستەوخۆ جێگرەكان دەسەڵاتەكان وەردەگرن. سیناریۆی سێیەم: وەكو هەندێك لە پارتییەكان باسی دەكەن، مەسعود بارزانی دەست لە پۆستی سەرۆكایەتی پارتی هەڵگرێتو وەكو "مەرجەع" بمێنێتەوە، لەم حاڵەتەدا بارزانی دەبێت سەرۆكایەتی حزب لەنێوان كوڕو برازاكانیدا یەكلابكاتەوە، ئەمە پەیوەندییەكان لەناو بنەماڵەكەیدا توشی شڵەژان دەكات، لەم حاڵەتەدا رەنگە پێویست بكات، بارزانی بەجۆرێك كۆپی شێوازەكەی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی بكاتەوەو دەسەڵاتی لەنێوان كوڕو برازاكانیدا دابەش بكاتو حزب رادەستی ئامۆزاكان بكاتو خۆی چاودێرییان بكاتو رێگری لەدروستبوونی گرژی بكات، بەڵام بە نەرمی لە كۆتایدا دەسەڵات لە بەرژەوەندی كوڕەكانی یەكلابكاتەوە. سیناریۆی چوارەم: ئەمە سیناریۆی دورخستنەوەی نێچیرڤان بارزانییە لە كوردستان، هەندێك لە پارتییەكان باسلەوە دەكەن، رێككەوتنی پارتی لەگەڵ رەوتی سەدر بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، بەمەبەستی زامنكردنی پۆستی سەرۆك كۆمارە بۆ نێچیرڤان بارزانی، چونكە بەمە نێچیرڤان وەكو كۆسپێك لەبەردەم گۆڕانكارییەكانی ناو حزبدا لادەبرێت، ئەوانەی باسی ئەم سیناریۆیە دەكەن دەڵێن لە كۆنگرەی چوارەمدیەمدا مەسعود بارزانی دەبێت بە مەرجەعو مەسرور بارزانی دەبێت بە سەرۆكی پارتی، بەڵام كێشەكە لەوەدایە ئایا نێچیرڤان بارزانی ئامادەیە بچێتە بەغداد، بەتایبەتیش لەكاتێكدا باسلەوە دەكرێت، جارێك مەسعود بارزانی وتیویەتی:" ئەندامانی بنەماڵەی بارزانی نابێت هیچ كەسێكیان پۆست لە بەغداد وەربگرن، چونكە مستەفا بازرانی باوكم ئەم داوایەی لە نەوەكانی كردووە"، هەرچەندە ئەمە سونەتێكی چەسپاو نییە لەناو بنەماڵەی بارزانیداو لە شەستو حەفتاكانی سەدەی رابردوودا كە مستەفا بارزانی خۆی لە ژیاندا بووە، هەریەكە لە (عوبەیدوڵڵا، لوقمان، سابیر) كوڕانی مستەفا بارزانی پۆستی وزاریو پەرلەمانیان لە بەغداد وەرگرتووە (دەوترێت مستەفا بارزانی حاشای لەم كوڕانەی كردووە). كارتی ناڕەزایەتی نێچیرڤان بارزانی چیتر فشار نییە لەسەر مەسعود بارزانی سیناریۆی پێنجەم: راستەوخۆو بێ هیچ پێچو پەنایەك، پارتی سیناریۆی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی دووبارە بكاتەوەو مەسعود بارزانی دەست لە پۆستی سەرۆكی حزب هەڵگرێتو پارتی بەشێوەی هاوسەرۆكایەتی لەنێوان نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانییەوە بەڕێوەببرێت، ئەمە سیناریۆیەكی دوور نییە، هەندێك لەو پارتییانەی كە لەناو كاری رێكخراویدا قاڵبونەتەوە پێشبینی ئەمە دەكەن، فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی، لەدوای كۆنگرەی چوارەمی یەكێتییەوە، لە كۆبونەوەیەكدا بە بەرپرسێكی یەكێتی وتبوو" یەكێتی دەیەوێت خوی پارتیش خراپ بكات، چونكە هەر كارێك كە یەكێتی دەیكات، دواتر پارتیش كۆپی دەكاتەوە، یەكێتی چەندین میدیای جیاوازی دروستكرد، ئێستا پارتیش هەمان كاردەكات، یەكێتی كردی بە هاوسەرۆكایەتی، دەتانەوێت ئێمەش وای لێ بكەین". مێژووی بەڕێوەبردنی حزب بە دوو سەرەوە لەناو پارتیدا بە فۆرمێكی جیاواز ئەزمون كراوە، لەدوای وەفاتی مستەفا بارزانی هەریەك لە ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی بۆ ماوەی هەشت ساڵ پێكەوە حزبیان بەڕێوەبرد. چارەنوسی مەكتەب سیاسیو سەركردایەتییەكان زۆربەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی لە كۆنگرەی چوارەمدا چانسی مانەوەیان لاوازە، رەنگە ئەوانەی دوردەخرێنەوە لە ئۆرگانێكی بارەگای بارزانیدا كاریان بۆ بدۆزرێتەوە، ئەمە هاوشێوەی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتییە. لەناو مەكتەبی سیاسیدا ئەوانەی چانسی مانەوەیان هەیە لە كۆنگرەی چواردەدا بریتین لە هەریەكە لە فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی، بەوپێیەی تونای راگرتنی باڵانسی لەنێوان نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانیدا هەیە، هەروەها (رێبوار یەڵدا، ئازاد بەرواری، هۆشیار زێباری، مەحمود محەمەد). بەگشتی پێشبینییەكان بۆ ئەوەدەچن، نێچیرڤان بارزانی زەرەرمەندی یەكەمی كۆنگرەی چواردەی پارتی بێت، ساڵی 2019 لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی ناوخۆی بنەماڵەدا، دوای (17 ساڵ) نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی حكومەتی بۆ مەسرور بارزانی ئامۆزای چۆڵكرد، مەسرور بارزانی دوای دەستبەكاربوونی، لایەنگرانی نێچیرڤان بارزانی لە حكومەت ریشەكێش كردو هەمویانی دورخستەوە، ئەگەر لە كۆنگرەی چواردەشدا لە پێگەی بدرێت، ئیتر نێچیرڤان بارزانی هەم حكومەتو هەم حزبیش لەدەستدەدات. لە دواین كۆنگرەدا، نێچیرڤان بارزانی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی حزب كاندید نەكرد، مەسعود بارزانی پێشنیازی كرد بۆ پۆستی جێگری سەرۆكو دەنگی كۆنگرەی هێنا، كەسە نزیكەكانی نێچیرڤان بارزانی دەڵێن ئەگەر خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی حزب كاندید بكردایە لە مەسعود بارزانی دەبردەوە، چونكە ئەوكات لایەنگری زۆری لەناو حزبدا هەبووە، بەڵام ئێستا دۆخەكە گۆڕاوە، نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی حكومەتی لەدەستدا نەماوە، سەرباری ئەمە لە كۆنگرەی سیانزەدا دۆستەكانی زۆربەی دورخرانەوەو ئەو بێدەنگ بوو، سەركردەكانی پارتی نایانەوێت چیتر گرەو لەسەر نێچیرڤان بارزانی بكەن، چونكە پێیانوایە دواجارو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی بنەماڵەیدا، پێگەی خۆی زەمان دەكاتەوەو پشت لەوان دەكات. خاڵێكی تری لاوازی نێچیرڤان بارزانی لە كۆنگرەی چواردەدا ئەوەیە ئێستا نەیارە مێژوویەكانی مەسعود بارزانی مامی لە ژیاندا نەماون، چیتر كارتی ناڕەزایەتی نێچیرڤان بارزانی لەناو ماڵباتی بارزانیدا بەهای نەماوە، پێشتر كاتێ نێچیرڤان بارزانی نیگەران دەبوو دەڕۆیشتە دەرەوەی وڵات، جەلال تاڵەبانی مامەڵەی بۆ دەكرد و دەیگەڕاندەوە، ئەمە مەسعود بارزانی نیگەران كردبوو، ترسی هەبوو تاڵەبانی یاری بەناكۆیەكانی ناو بنەماڵەكەی بكات بۆ مەبەستی سیاسی بۆیە بارزانی هەمیشە پێگەی نێچیرڤان بارزانی لەبەرچاو دەگرت، بەڵام ئێستا ئێتر كارتی ناڕەزایەتی نێچیرڤان بارزانی هیچ ترسێكی بۆ بارزانی نیە. كۆنگرەی پارتی نزیكەی حەوت ساڵ لەوادەی خۆی دواكەوتووەو ئەگەری دواخستنی زیاتر لەئارادایە پارتیو كۆنگرە یەكەمین كۆنگرەی پارتی لە رۆژی 16ی ئابی 1946 بەنهێنی لەماڵی (سەعید فەهیم) لە ناوچەی (ئەعزەمیە)ی بەغداد بەستراوە، لەم كۆنگرەیەدا (70) ئەندام بەشداربوون، بەفەرمی ناوی حزبەكە بوو بە (پارتی دیموكراتی كورد)، ئەم كۆنگرەیە (مەلا مستەفا) بارزانی بەبێ ئامادەبوونی خۆی بە سەرۆكی حزب هەڵبژێردراو هەریەكە لە (شێخ لەتیف)و (كاكە زیاد) بوون بە جێگرانی سەرۆكی حزب. زنجیرەی كۆنگرەكانی پارتی: • كۆنگرەی دووەم: لە ئازاری 1951 لە بەغداد بەڕێوەچوو، (30) ئەندام بەشدارییان تێداكرد، ئەوكات مستەفا بارزانی لە سۆڤیەت بوو، ئەم كۆنگرەیە سەرۆكی هەڵنەبژاردو لەبری ئەوە سەركردایەتییەكی كاتیی بۆ حزب دانرا. • كۆنگرەی سێیەم: لە 26ی كانونی دووەمی 1953 لە كەركوك بەڕێوەچوو، (35 بۆ 40) ئەندام بەشدارییان تێدا كرد، ناوی حزب لە (پارتی دیموكراتی كورد)ەوە گۆڕدرا بۆ (پارتی دیموكراتی كوردستان). • كۆنگرەی چوارەم: تشرینی یەكەمی 1959 لە بەغداد بەسترا، ئەمە یەكەمین كۆنگرە بوو كە مستەفا بارزانی خۆی بەشداری تێدا بكاتو جارێكی تر وەكو سكرتێر هەڵبژێردرایەوە، ساڵێك دواتر حكومەتی عەبدولكەریم قاسم بڕیارێكی دەركرد بەوەی دەبێت هەموو حزبێك كۆنگرە سازبدات بۆ ئەوەی مۆڵەتی كاركردنی پێبدرێت. • كۆنگرەی پێنجەم: ئایاری 1960 لەبەر رۆشنایی فەرمانی حكومەتی ئەوكاتی عێراق بەڕێوەچوو، كۆنگرەكە لە بەغداد بەسترا، (148) ئەندام بەشداربوون تێیدا، سەرلەنوێ مستەفا بارزانی وەكو سەرۆكی حزب هەڵبژێردرایەوە. • كۆنگرەی شەشەم: 1ی تەموزی 1964 لە قەڵادزێ بەڕێوەچوو، كۆنگرەكە مستەفا بارزانی وەكو سەرۆكی حزب هەڵبژاردەوە، بەڵام لەم كۆنگرەیەدا باڵی مەكتەبی سیاسی لە مەلا مستەفا جیابونەوەو لە (ماوت) كۆنگرەی خۆیان كرد، ئەمە سەرەتای قۆناغی جەلالیو مەلایی بوو. • كۆنگرەی حەوت: لە 15ی تشرینی دووەمی 1966 لە گەڵاڵە بەڕێوەچوو، (370) كەس بەشدارییان تێدا كرد، مستەفا بارزانی جارێكی تر بە سەرۆكی حزب هەڵبژێردرایەوە. • كۆنگرەی هەشتەم: لە 1ی تەموزی 1970 لە (ناوپردان) بە بەشداری (488) كەس بەڕێوەچوو، مستەفا بارزانی دیسان وەكو سەرۆكی حزب هەڵبژێردرایەوە، هەندێك لە پارتییەكان ئەم كۆنگرە بە "كۆنگرەیەكی نمونەیی" ناودەبەن، بەوپێیەی بۆ یەكەمینجار ژنان بەشدارییان تێیدا كردووەو نوێنەری چەندین حزبی عێراقیو فەلەستینی ئامادەبوونو پیرۆزباییان كردووە، لەسەرو هەموشیانەوە ئەندامانی كۆنگرە زۆربەیان بە هەڵبژاردن سەركەوتوون بۆ ناو كۆنگرەكە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرەنجە هەر لەم كۆنگرەیەدا پارتی بەتەواوەتیو بەشێوەیەكی فەرمی بەرەو ئاڕاستەی بنەماڵەیبوون دەڕواتو كۆنگرە هەریەكە لە (ئیدریس بارزانی)و (مەسعود بارزانی) كوڕانی مستەفا بارزانی وەكو ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێرێت، رۆژی 28ی شوباتی 1979 مستەفا بارزانی لە ئەمریكا بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد، پۆستی سەرۆكی پارتی چۆڵ بوو. • كۆنگرەی نۆیەم: رۆژی 4ی تشرینی یەكەم، پارتی لەناوچەی (زێوە)ی دەڤەری (مەرگەوەڕ)ی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان، كۆنگرەی نۆیەمی خۆی بەست بۆ پڕكردنەوەی شوێنی مستەفا بارزانی، كۆنگرە مەسعود بارزانی وەكو سەرۆك هەڵبژارد، ئیدریس بارزانی باوكی نێچیرڤان بارزانی ئەوكات كوڕە گەورەی مستەفا بارزانی بوو، بۆ خۆبەدورگرتن لە دروستبوونی ناكۆكی لەگەڵ براكەی، مەسعود بارزانی سەرباری ئەوەی وەكو سەرۆك هەڵبژێردرا، بەڵام مومارەسەی سەرۆكایەتی نەكردو لەگەڵ براكەیدا دەسەڵاتیان لەنێوان خۆیاندا دابەشكردو هەریەكەیان كاروبارێكی بەڕێوەدەبرد، تا ئەوكاتەی ئیدریس بارزانی رۆژی 31ی كانونی دووەمی 1987 كۆچی دوایی، لەم كۆنگرەیەدا (عەلی عەبدوڵا) وەكو سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی هەڵبژێردرا. • كۆنگرەی دەیەم: ئەم كۆنگرەیە دوو ساڵ دوای كۆچی دوایی ئیدریس بارزانیو لە رۆژی 12ی كانونی یەكەمی 1989 لە (مەرگەوەڕ) بەبەشداری (332) كەس بەڕێوەچوو، لەم كۆنگرەیەدا بۆ جاری دووەم مەسعود بارزانی وەكو سەرۆكی حزب هەڵبژێردرایەوە. • كۆنگرەی یانزەیەم: ئەم كۆنگرەیە 16ی ئابی 1993 لە هەولێر بەسترا، مەسعود بارزانی سەرلەنوێ وەكو سەرۆك هەڵبژێردرا، بەڵام یەك جێگری بۆ دانرا كە (عەلی عەبدوڵا) بوو. • كۆنگرەی دوانزەیەم: ئەم كۆنگرەیە 14ی تشرینی یەكەمی 1999 لە هەولێر بەڕێوەچوو، (هەزارو 473) كەس بەشدارییان تێدا كرد، مەسعود بارزانی وەكو سەرۆك هەڵبژێردرایەوە. • كۆنگرەی سیانزەیەم: ئەمە دواین كۆنگرەی پارتییە، 11ی كانونی دووەمی 2010 لە هەولێر بەڕێوەچوو، كۆنگرە بۆ جاری (پێنجەم) مەسعود بارزانی وەكو سەرۆكی حزب هەڵبژاردوە، بەهۆی كۆچی دوایی (عەلی عەبدوڵا)وە، نێچیرڤان بارزانی كرا بە جێگری سەرۆكی حزب.
شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو) ٢٧ی ئازاری٢٠٢١، هەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی چین و ئێران (زەریف و وانگ ئی)، بەڵگەنامەی بەرنامەی هاوکاریی فرەلایەنەی ئێران و چین-یان ئیمزا کرد. کە لەنێو میدیاکاندا بە ڕێککەوتنی ٢٥ساڵەی ئێران-چین ناسراوە و گەرچی هێشتا دەقی پشتڕاستکراوەی تەواوەتی ڕێککەوتنەکە لە هیچ لایەنێکی ڕەسمییانەوە نەوەشێنراوە، بەڵام نزیک بە ساڵیك لەمەوبەر ڕەشنووسێکی بڵاوکرایەوە و ئەو ڕەشنووسەش لە هیچ لایەنێکیانەوە ڕەتنەکراوەتەوە، بەو چوارچێوە گشتییەش کە وەزارەتی دەرەوە لەبارەی ڕێککەوتنەکەوە بڵاوی کردووەتەوە، پێدەچێت هەمان دەق بێت، چونکە لەخۆگری ئەو خاڵانەیە کە لە بەیانی کۆتایی مەراسیمی ئیمزاکردنەکەدا وەزارەتی دەرەوەی ئێران بلاوی کردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەش چەندین میدیای نزیک بە ڕێبەر و دەوڵەتی ئێران هەمان ڕەشنووسیان وەک دەقنامەی ڕێککەوتنەکە وەشاندووە. لێرەدا لەسەر بنەمای ئەو دەقە بڵاوە، کۆی گشتیی بابەتەکە و پێگەی هەرێم و عێراق شیتەڵ کراوە. ڕێککەوتنەکە هاوکاری دوولایەنەی سیاسیی، سەربازی، ئابووریی، پیشەسازی، تەکنۆلۆژیای پەیوەندییەکان و زانیاریی لە خۆ دەگرێت، لە نێویشیدا درووستکردنی شاڕێی نێوان دوو وڵات و بەستنەوەی بە وڵاتانی ناوچەکەوە دەگرێتەوە. ئەم ڕەشنووسی ڕێککەوتنە ئەگەر بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە پەرلەمانی هەردوولاوە پەسەندبکرێت، لە چەندین خاڵی هەستیاری ئاسایشیی، هەواڵگری، سیاسی و ئابووریی پەیوەندیداری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆدا بە عیراق و هەرێمی کوردستانەوە پەیوەستە، هەرێم و عیراق لە شاڕێی پێشنیارکراوی ناو ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکەدا پێگەی تایبەتیان پێدراوە. پێشینەی مێژوویی و ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە ناوی ڕێککەوتنەکە، "بەرنامەی هاوکاریی فرەلایەنەی ٢٥ساڵەی ئێران و چین"ە، لەلایەن "ئەمیندارێتی باڵای میکانیزمی هاوبەشی گشتگیری ستراتیژیی ئێران و چین" لە ساڵی ٢٠٢٠دا، دوا درافتی پێشکەشکراوە. دەقی ڕێککەوتنەکە ١٨ لاپەڕەیە: لە بەراییەک، نۆ(٩) بەند و سێ(٣) پاشکۆ پێکدێت، بوارەکانی ئامانجی سیاسیی دوو وڵات، ڕێگای بازرگانی، کردنەوەی ڕێڕەوی هەرێمی و نێودەوڵەتیی، پێشخستنی بواری بازرگانی، ڕاکێشانی هێڵی ئاسن لە وڵاتانی ناوچەکەدا، پێشخستن و پەرەپێدان و گواستنەوەی وزەی وڵاتانی ناوچەکە، پەرەپێدانی سەربازی و ئەمنی هاوبەشی دوولایەنە لە ناوچەکە و وەبەرهێنانی چین لە پێنج بەندەر و دورگەی ئێرانیدا لە خۆ دەگرێت. مێژووی ڕێککەوتنەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردانی پێنج ساڵ لەمەوبەری سەرکۆماری چین بۆ ئێران(٢٠١٦)، وەک لە پێشەکی ڕێککەوتنەکدا دیارە، هەر لەو ساڵەدا تۆوی ڕێکەوتنەکە چێنراوە و ڕێککەوتنەکەش بۆ دیاریکردنی ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی پرەنسیپە هاوبەشە بڕیارلێدراوەکانە کە لە بەندی شەشەمی بەیاننامەی "بەدیهێنانی هاوبەشیی ستراتیژی نێوان چین و ئێران" لە پاش سەردانەکەی سەرۆکی چین لە مانگی حوزەیرانی٢٠١٦ لە تاران بڵاوکرایەوە، ئاماژەی پێدراوە. لە بەرایی ڕێککەوتنەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە سەرجەم بوارەکانی بازرگانی، ئابووریی، سیاسیی، کولتووری و ئاسایشیی و سەربازی دەگرێتەوە، هەر لەم ڕوانگەیەشەوە لە ناواخنی ڕێککەوتنەکەدا ئالیەتی گشتی و ناوەندی و بەشەکی بۆ ئەو بوارانە خراوەتەڕوو. گەرچی زۆر لایەنی ڕێککەوتنەکە و کاتی پەسەندکردنی یان ڕەتکردنەوەی ڕوون نییە و ئەگەری جێبەجێکردنیشی دیسان ڕوون نییە، تا ئێستاش دەوڵەت بەگشتی و چەند بەرپرسێکی حکومی وەک وەزارەتی دەرەوە (زەریف) و یاریدەدەری سەرکۆمار(جەهانگیری) بە جۆرێک پشتیوان و عەڕابی و عەلی لاریجانی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانیش وەک هەماهەنگکەری سەرەتایی ڕێککەوتنەکە ناویان دەهێنرێت، بەڵام لەنێو ئێران و کەسانی وەک ئەحمەدی نەژاد و دەیانی دیکە لە بەرپرسان و هەندێک لە ئیسڵاحییەکانیش لە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە نیگەران. لە ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی حکومەتی ئێرانیش وەک موجاهدین و شاهەنشاهیەکان و ڕۆشنبیران ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە بە "ئێرانفرۆشی" لەقەڵەم دەدەن و لە یەکەم باسکردنییەوە کە لەلایەن ئەحمەدی نەژادەوە دزەی کردە نێو میدیاکان، چەندین کەمپەینی دژایەتی و ناڕەزایەتی بۆ سازکراوە، پێیانووایە "ڕێککەوتنێکی نابەرامبەرە و ناتوانرێت وڵاتی چین پابەند بکرێت، بەڵام تەنها سودێکی ئەوەیە تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێران و نوخبەی سیاسیی حوکمڕان درێژدەکاتەوە". بەڵام دواجار ئایندەی ڕێککەوتنەکە بە دوو لایەنەوە پەیوەستە: ١. چین: کە واپێناچێت سەرجەم بەرژەوەندییەکانی خۆی لە کەنداو و عێراق و پەیوەندییەکانی لەگەڵ نەیارانی ئێراندا بکاتە قوربانی ڕێککەوتنێکی ئێرانی-چینی، کە قەبارەی بازرگانییەکەی تەنها ٤٠٠ملیار دۆلارە. بۆ ئەم مەبەستەش خراپ نییە ئەوە بیربهێنرێتەوە کە ئەگەرچی چین بە هاوپەیمانی ئێران دەزانرێت لانیکەم لە لایەنی ئێرانییەوە، بەڵام تا ئێستا لە زۆرینەی بڕگەکانی سزاکانی سەر ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایش تەبا لەگەڵ ئەمریکا و دژبە ئێران دەنگی داوە. جیا لەوەش لە ساڵانی جەنگی هەشتساڵەی عێراق-ئێراندا، ئەگەرچی دابینکاری بڕێکی چەکی ئێران وڵاتی چین بوو، بەڵام گرێبەستەکانی ئەو سەردەمە دەریدەخەن هەر لەو ئانەدا چەند هێندەی بە عێراقی نەیاری فرۆشتووە. زیاتر لەوەش چین چەندین ئەزموونی هەیە، لە جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، هەر بۆ نموونە لە سالانی ١٩٩٧ و ٢٠٠٧ و ٢٠١٥ و ٢٠١٨،ڕێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ عیراقدا ئەنجامداوە، بەڵام دۆخێکی ستراتیژیی کردەیی لە ڕێککەوتنەکانی بۆ هەردوو وڵات بەدینەهێناوە. ٢. ئێران: دواجار بڕیاری سیاسەتی گشتی و سیاسەتی دەرەوەی ئێران بۆ درێژمەودا، بڕیاردەی سەرەکی لای عەلی خامینەیی ڕێبەرە، گەر ئەو ڕەزامەند بێت بە دڵنییایی لە پەرلەمانێکی زۆرینە ئسوڵگەرای ئێراندا زۆر ئاسان تێدەپەڕێت بە بێگوێدانە ناڕەزایەتییە سیاسیی و جەماوەرییەکان. ئێران، لێرەدا هەمان سیناریۆی عێراقی ساڵی ١٩٩٧-١٩٩٨ دوبارە دەکاتەوە، کە عێراق وەک ئێستای ئێران ڕووبەڕووی گوشاری نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمریکا و گەمارۆی ئابووریی بووبوویەوە، بۆ ڕزگاربوون و ناچارکردنی ئەمریکا لە سووککردنی سزا و دانەبڕانی زیاتری لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی(وەک ئێستای ئێران)، پەنای بردە بەر ڕێککەوتن لەگەڵ چیندا، بەڵام نەک فریای سەدام حوسێنی سەرۆکی ئەوکاتە نەکەوت، بەڵکو پرۆسەی کەوتنی پاش پێنج ساڵ(٢٠٠٣) هاتەدی، بە بێئەوەی چین هەنگاوێکی کردەیی بۆ هێشتنەوە و دژایەتی ئەمریکا بهاوێژێت. بۆیە چەندێک ئەگەری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لە ئارادا بێت هێندەش پەیوەستە بە فشارەکان و سازانی نوێی تاران و واشنتۆنەوە هەیە، هەمان هێندەش پەیوەستە بە تێکئاڵاوی بەرژەوەندییەکانی چین و ئەمریکاوە، چونکە ناکرێت نادیدە بگیرێت کە ئەمریکا سێیەم وڵاتە کە چین کاڵای لێدەکڕێت و یەکێکیشە لە فرۆشیارە سەرەکییەکان هەر بەو وڵاتە، زیاتر لەوەش چین زیاتر لە ١٠٠٠ملیار قەرزاری ئەمریکایە و پێناچێت لەبەر بەرژەوەندییەکانی و نەئاڵۆسکاندنی زیاتر ئەمریکا ئامادەبێت وا لە سەرجەم ئەو بەرژەوەندییانە بهێنێت بۆ ئێرانێک کە لەنێوخۆی خۆشیدا ئایندەیەکی ڕوونی لێدیار نییە. - عێراق و هەرێم لەڕێککەوتنەکەدا لێرەدا لەبارەی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە وەک بوارێکی زیندووی سیاسیی، سەربازی و ئابووریی بۆ ئێران، چ پێگەیەکیان دەبێت و یاخود چ کاریگەرییەکیان لە ناو ڕێککەوتنەکەدا دەبێت؟ پەیوەندی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بەندەکانی ڕێککەوتنەکە بە عێراق و هەرێمەوە چییە و لە چ بڕگەیەکدا ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ئامانجەکە جوگرافیا، بازرگانی و پیشەسازی، سیاسەت و بواری سەربازیی عێراق و هەرێم دەخاتە ژێر کاریگەرییەوە؟ گەر ڕێککەوتنی ٢٥ساڵەی ئێران-چین سەرکەوتوو بێت، بێگومان کاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەسەر عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان وەک هاوسێ و وەک بەشێک لە عێراقیش کاریگەری جێدەهێڵێت، چونکە عێراق و ئێران هاوسێیەتییەکی کاریگەر و کارتێکەرییان لەسەر یەک هەیە و بە هەر گۆڕانکاری و وەرچەرخانێکی سیاسی و ئابووریی ڕاستەوخۆ لەسەر یەک کاریگەر دەبن، ئیتر لە سیستمی سیاسییەوە بگرە تا دەگاتە بازرگانی و دۆخە کۆمەڵایەتیی و مەزهەبیەکانیش. هێندە بەسە کە بزانرێت نزیکەی ١٤٥٨کم هێڵی مەرزیی هاوبەش هەیە درێژترین سنووری لەگەڵ عێراقدا هەیە لە چاو دراوسێکانی دیکەیدا، زۆرینەی هێڵی سنووری ڕۆژئاوای ئێران و ڕۆژهەڵاتی عێراق پێکهێنەری ئەم سنوورە ستراتیژیی و سیاسییەیە لەنێو ئەم سنورەدا کە هاوبەشێتی جوگرافی-سیاسی-بازرگانی ئێران-عێراق دەچەسپێنن چوار لە پارێزگا کوردستانییەکانی ئێران و چوار لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەگرێتەخۆ، لەڕووی کولتووری و مەزهەبیشەوە هاوبەشییان زۆرە و لە ڕووی جیۆستراتیژی و جیۆئیکۆنۆمیشەوە قوڵآیی ستراتیژی یەکتر پێکدەهێنن. لە ڕووی سیاسییشەوە لەپاش ٢٠٠٣ەوە ئیدی ئێران و عێراق زەمینەی سیاسەتکردنی یەکترن و ئێران وەک تەواوکارێکی قەڵەمڕەوییەکەی لە ڕۆژهەڵاتدا لە عێراق دەڕوانێت. لێرەدا ئەو بەند و بڕگانە دەخرێنەڕوو و شرۆڤەدەکرێن کە پەیوەندیدارن بە عێراق و هەرێم و کۆی پاکێجی مەسەلەی بزوتنەوەی سیاسیی کوردستانییەوە هەیە. لە کۆی ڕێککەتنەکەدا شەش(٦)جار ناوی عێراق هاتووە و لە نۆ(٩) بڕگەی دیکەشدا ناڕاستەوخۆ باسی “وڵاتی سێیەم” یان وڵاتانی ناوچەیی کراوە، کە بە دڵنیایی عێراق و هەرێمی کوردستان مەبەستێکیانە. ١. لەڕووی سیاسییەوە: هەر لە بەندی یەکەمی ڕێککەتنەکەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هەردوو وڵات "ستراتیژی براوە-براوە" لە وڵاتانی ناوچەکە و نێودەوڵەتیدا پیادە دەکەن، وەک لە بڕگەی دوو-شدا هاوکاری سەربازیی، توانای بەرگری و یەکهەڵوێستی سیاسیی لە ئاستی وڵاتانی ناوچەکەدا ئاماژەی پێدراوە(بەندی١)، لە پاشکۆی ژمارە یەکیشدا(١) هەمان ئامانج دووبارە کراوەتەوە. دیارە هاوهەڵوێستی سیاسیی و سەربازیی لە ناوچەکەدا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کاردەکاتە سەر هاوکێشە سیاسییە ناوخۆییەکان و وڵاتانی هاوپەیمانی عێراق و هەرێم دەبێت. ڕێککەوتنەکە ڕاشکاوانەتر باس لە دژایەتیکردنی تیرۆر ڕێکخراوە دژبەرەکان دەکاتەوە، کە دیارە لە پێناسەی سیاسیی دەوڵەتێکی وەک ئێراندا سەرجەم ڕێکخراوە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕژێمی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە کە هەم ڕێکخراوی ئێرانی لە عێراق و هەم کوردستانی لە هەرێم دەگرێتەوە.(بەندی٤) هەروەها بەندێکی¬تری کاری هاوبەشی دوو وڵاتەکەیە لە وڵاتانی دراوسێی ئێراندا بە جۆرێک بەرنامەی هاوبەش و پرۆژە لەو وڵاتانە بخرێتەگەڕ.(بەندی٧) ٢. لە ڕووی بازرگانی و وزەوە لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتیی کولتووری-مەزهەبیشدا، لە چەند بڕگەدا عێراق و هەرێم، بوونەتە بواری جێبەجێکردنی پرۆژەی ئایندەیی چین و ئێران، لەوانەش: بنیادنانی پرۆژەی گواستنەوەی وزەی عێراق، وەبەرهێنان و دروستکردن و گواستنەوەی کارەبا بۆ عێراق(دیارە ناوی وڵاتانی پاکستان، ئەفغانستان و سوریاش لەو بڕگەیەدا بۆ هەمان مەبەست هاتووە).(پاشکۆی٢/بڕگەی ب/١و٢) هەروەها پرۆژەی ڕاکێشانی "هێڵی ئاسنی مەزهەبی-زیارەتی" نێوان پاکستان-ئێران-عێراق-سوریا، تەبەنیکراوە، هەروەک چۆن باس لە کردنەوەی ڕێڕەوی بازرگانی پاکستان-ئەفغانستان-عێراق-سوریاش کراوە کە ببێتە ڕێڕەوێکی بازرگانیی ناوچەیی.(پاشکۆی٢/بڕگەی ب/١)، دروستکردنی پرۆژەی گەشەپێدان لە وڵاتانی ناوچەکەدا(پاشکۆی٢/ها/٦)، بەهێزکردنی ڕێکخراو و دەزگاکانی وڵاتانی ناوچەکە(پاشکۆی٢/ز/٢). گرنگە بووترێت کوردستان جیا لەوەی لە سیاسەتیی کولتووری ئێراندا نیشانەکراوە، بەشێکی شارەکانی کوردستان وەک کرماشان و شارەکانی هەرێمی کوردستان وەک سلێمانی، کەرکوک، خانەقین و ناوچە کوردستانییەکانی دیالە بەشێکن لە ڕێگە و نەخشەی ڕێڕەوی بازرگانی، زیارەتکارانی مەزهەبی شیعە. لە هەبوون و گواستنەوەی وزەشدا دیسان هەرێم لە قوڵایی ستراتیژیی ئێراندا جێگەی تایبەتی بۆ کراوەتەوە. سەبارەت بە پەیوەندی ڕاکێشانی ڕێگای ئاسنیش بە کوردستان بە گشتی و هەرێمی کوردستانەوە، ئەوا چەندین پرۆژەپێشنیار لە بەرنامەی ڕێسازیی ئێران و عێراقدا لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە، لەم ساڵانەی دواییدا لە ئارادان کە هەندێکیان شارەکانی سلێمانی، خانەقین، کرماشان، مەهاباد و ورمێ لە خۆدەگرن و لە نموونەی ڕێگای پێشنیارکراوی ئاسنی: هێڵێ کرماشان-خوسرەوی-خانەقین-بەغدا. هەروەها ڕێگەیەکی پێشنیارکراوی ئێرانی دیکەش هەیە و کە خودی سەرکۆماری ئێران جەختی لەسەر کردۆتەوە بریتییە لە ڕێگای ئاسنی سنە-باشماخ-سلێمانی تا بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ هەمان مەبەستیش پارێزگاری سنە داوای جێبەجێکردنی پرۆژەکەی لە ژووری بازرگانی پارێزگای هەڵەبجە و کۆمپانیای قەیوان وەک جێبەجێکاری دیووی هەرێم، کردووە. سەبارەت بە ناوچەکانی باشووری عێراقیش هێڵی خوڕەمشەهر-بەسرە لە ئارادایە. کە دیسانەوە لە ڕێککەوتنی چین و ئێراندا ئاماژە بەو ڕێگا ئاسنی و بازرگانیانە دراوە. کە نەک ئێران و عێراق بەڵکو وڵاتانی ئەفغانستان و پاکستان و سوریاش دەگرێتەخۆ. لە کۆتا پاشکۆشدا ڕێککەوتنەکە باس لە دروستکردنی ناوچەی ئازادی بازرگانی و پرۆژەی هاوبەشی دوولایەنە دەکات لە وڵاتانی سێیەمی وەک عێراق(پاشکۆی٣/بڕگەی آ/٦)، هەروەها جەخت لە سوودوەرگرتن لە بواری جیۆئیکۆنۆمی وڵاتانی دراوسێ کراوەتەوە کە دیارە عێراق لە نێو ئەو ئامانج و نیشانەدایە.( پاشکۆی٣/بڕگەی ب) بە کورتی بونیاتنانی ڕێگای بازرگانی و هێڵەکانی ئاسن و ڕێڕەوەکان بۆ وڵاتی چین بەشێکە لە ستراتیژی "یەک پشتوێن، یەک ڕێگا One Belt, One Road"، بۆ وڵاتی ئێرانیش هەم کارتی فشارە بەرامبەر ئەمریکا و هەم جێبەجێکردنی سیاسەتە مەزهەبی و کولتوورییەکانە و ڕێگای گەیشتنیشە بە ئامانجە سیاسییەکانی، ئەڵبەت لە ئەگەری جێبەجێکردندا. بابەتی پێشوو: تێگەیشتنەوە لە کۆڕەو کۆژان وەک کاریزما
(درەو): داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان، مانگانە بڕی (638 ملیۆن) دۆلاری لە سنوری پارتیدایەو بڕی (64 ملیۆن) دۆلاری لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدایە. مانگی رابردوو كۆی داهاتی نەوتی هەرێم بڕی (702 ملیۆن) دۆلار بووە، لەم رێژەیە، بڕی (638 ملیۆن) دۆلاری داهاتی نەوتی كێڵگەكانی سنوری دەسەڵاتی پارتی بووە بەڕێژەی (91%)، لەبەرامبەردا بڕی (64 ملیۆن) دۆلاری داهاتی كێڵگەكانی سنوری دەسەڵاتی یەكێتی بووە كە رێژەی (9%)ی تێكڕای داهاتی نەوتی هەرێم لە مانگێكدا پێكدەهێنێت. دابەشبوونی نەوت لەنێوان پارتیو یەكێتیدا بەپێی لێكدانەوەكان، ئێستا بڕی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی كوردستان رۆژانە (450 هەزار) بەرمیلە، كە بەمشێوەیە بەسەر ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیو یەكێتیدا دابەشبووە: • رۆژانە (409 هەزار) بەرمیل نەوت لە كێڵگەكانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی بەرهەمدەهێنرێت. • رۆژانە (41 هەزار) بەرمیل نەوت لە كێڵگەكانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی بەرهەمدەهێنرێت. نەوت لە ناوچەی پارتیدا لە سنوری دەسەڵاتی پارتیدا، رۆژانە زیاتر لە (409 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرێت، كێڵگەكانی ناوچەی پارتی ئەمانەن: • كێلگەی خۆرمەڵە: ئێستا بەرهەمی رۆژانەی ئەم كێڵگەیە زیاتر لە (170 هەزار) بەرمیلە. • كێڵگەی تاوكێ: كۆمپانیاكانی (دی ئێن ئۆ)و (گەنەڵ ئێنێرژی) كار لەم كێڵگەیەدا دەكەن، بەرهەمی رۆژانەی ئەم كێڵگەیە زیاتر لە (113 هەزار) بەرمیل نەوتە. • كێڵگەی ئەتروش: كۆمپانیاكانی (تاقە)و (شەمران) كار لەم كێَڵگەیەدا دەكەن، بەرهەمی رۆژانەی ئەم كێڵگەیە زیاتر لە (45 هەزار) بەرمیلە. • كێڵگەی شێخان: كۆمپانیاكانی (ئێم ئۆ ئێڵ)و (گۆڵف كیسیۆن) كار لەم كێڵگەیەدا دەكەن، بەرهەمی رۆژانەی ئەم كێڵگەیە زیاتر لە (40 هەزار) بەرمیلە. • كێڵگەی سەرسەنگ: كۆمپانیاكانی (ئێچ كەی ئێن)و (تۆتاڵ) كار لەم كێڵگەیەدا دەكەن، بەرهەمی رۆژانەی كێڵگەكە زیاتر لە (25 هەزار) بەرمیلە. • كێڵگەی هەولێر: كۆمپانیا (ئۆرێكس) كار لەم كێڵگەیەدا دەكاتو بەرهەمی رۆژانەی زیاتر لە (11 هەزار) بەرمیلە. • كێڵگەی سەرتە: كۆمپانیاكانی (شیفرۆن)و (گەنەڵ ئینێرژی) كار لەم كێلگەیەدا دەكەنو بەرهەمی رۆژانەی زیاتر لە (5 هەزار) بەرمیلە. نەوت لەناوچەی یەكێتیدا لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا، نەوت لە دوو كێڵگەوە دەچێتە بۆری نەوتی كوردستانو تێكەڵ بە نەوتەكەی ناوچەی پارتی دەكرێتو هەردووكیان پێكەوە لە بەندەری جەیهانی توركیا دەفرۆشرێن.\ كێڵگە نەوتییەكانی ناوچەی ژێر دەسەڵایەتی یەكێتی ئەمانەن: • كێڵگەی حەسیرە: ئەم كێڵگەیە دەكەوێتە سنوری ئیدارەی گەرمیان، لە (5) بیری نەوت پێكدێت، رۆژانە نزیكەی (33 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، نەوتی كێڵگەكە لەڕێگەی تەنكەرەوە دەگوازرێتەوە بۆ بۆری نەوتی كوردستان لە خۆرمەڵەی نزیك هەولێر، ئەم كێڵگەیە لەلایەن كۆمپانیای (گازپرۆمی)ی روسیەوە بەڕێوەدەبرێت. • كێڵگەی تەقتەق: بەرهەمی رۆژانەی ئەم كێڵگەیە (8 هەزار) بەرمیلە، كۆمپانیاكانی (گەنەڵ ئینێرژی)و (ئاداكس) نەوتی ئەم كێڵگەیە بەرهەم دەهێنن. داهاتی نەوت لەنێوان ناوچەكانی پارتیو یەكێتیدا مانگی رابردوو نەوتی هەرێمی كوردستان بە (52) دۆلار فرۆشراوە، داهاتی مانگی رابردووی نەوت بەمشێوەیە بووە: • 450000 بەرمیل * 52 دۆلار * 30رۆژ = 702 ملیۆن دۆلار • داهاتی نەوتی سنوری دەسەڵاتی یەكێتی: (41000 بەرمیل * 52 دۆلار * 30 رۆژ = 63 ملیۆنو 960 هەزار دۆلار)، بەڕێژەی (9%) • داهاتی نەوتی سنوری دەسەڵاتی پارتی: (409000 بەرمیل * 52 دۆلار * 30 رۆژ = 638 ملیۆنو 40 هەزار دۆلار)، بەرێژەی (91%) ئەم هاوكێشانە تەنیا لێكدانەوەیە بۆ داهاتی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی كوردستان نەك نەوتو غازی یەدەگ، رێژەی (100%)ی غازی سروشتی بەرهەمهێنراوی هەرێم دەكەوێتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیو زۆرینەی نەوتی یەدەگیش هەر لە سنوری یەكێتیدایە، بەڵام ناوچەی یەكێتی لەڕووی وەبەرهێنانەوە لەدوای ناوچەكانی پارتییەوەیە. كۆی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە مانگی رابردوو كە بەرمیلێك بە (52) دۆلار فرۆشراوە، (702ملیۆن) دۆلار بووە، لەم داهاتە بڕی (638 ملیۆنو 40 هەزار) دۆلاری داهاتی كێڵگە نەوتییەكانی سنوری دەسەڵاتی پارتی بووە كە دەكاتە رێژەی (91%)ی كۆی داهاتی نەوتی هەرێم، بڕی (63 ملیۆنو 960 هەزار) دۆلاریشی داهاتی نەوتی كێڵگەكانی ناوچەی یەكێتی بووە كە دەكاتە رێژەی (9%)ی كۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە مانگێكدا. ئەم خشتەیە كێڵگە نەوتییەكانی سنوری دەسەڵاتی پارتی و یەكێتیە بەڵام ژمارەی بەرمیلە نەوتییەكان هەندێك گۆڕانكارییان تێدا هاتووە چونكە خشتەكە هی ساڵی رابردووە
راپۆرتی: درەو حزبەكان سەرقاڵی تەتەڵەكردنی كاندیدەكانیانن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كە بڕیارە لە 10ی مانگی 10ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، دەنگی حزبەكان لەبری (3) بازنە لە هەرێمی كوردستان بۆ (12) بازنە دابەشدەبێت، بردنەوەی كورسی بۆ حزبە بچوكەكانو كاندیدە سەربەخۆكان ئەستەم دەبێت، سیستمی هەڵبژاردن بەشێوەیەكە حیزبە سیاسییەكان مەحكوم بە بەستی هاوپەیمانی دەكات، بەڵام تائێستا حزبەكان لە بەستنی هاوپەیمانێتی سەركەوتوو نەبوون، لە ئەگەری بەتەنیا دابەزینی حزبە بچوكەكان، ئەگەری بردنەوەی زۆربەی كورسییەكان لەلایەن حزبە گەورەكانەوە زیاتر دەبێـت، (درەو) لەم راپۆرتەدا ناوی بەشێك لە كاندیدی حزبەكانو كاندیدە سەربەخۆكان ئاشكرا دەكات. هەڵبژاردنێك بە فۆرمێكی نوێوە پەرلەمانی عێراق دوای چەندان مانگ مشتومڕ، كۆتایی ساڵی رابردوو یاسایەكی نوێی بۆ هەڵبژاردن پەسەندكرد، یاساكە شێوازی هەڵبژاردنی لە فرەبازنەیی لەسەر بنەمای پارێزگاكانەوە گۆڕی بۆ فرەبازنەیی لەچوارچێوەی پارێزگاكاندا، واتا یاسا نوێیەكە بازنەكانی هەڵبژاردنی لە (18) بازنەی (18) پارێزگاییەوە گۆڕی بۆ (83) بازنە، لە یاسای پێشتردا هەر پارێزگایەك بازنەیەكی هەڵبژاردن بوو، ئێستا هەر پارێزگایەك بەپێی ژمارەی "كۆتا"ی ژنان بازنەكانی هەڵبژاردنی بەسەردا دابەشكراوە. بەپێی یاسا كۆنەكە، (320) كورسی پەرلەمان لەگەڵ (9) كورسی كۆتاكان لە (18) بازنەی هەڵبژاردندا پڕدەكرانەوە، بەڵام ئێستا كورسییەكانی پەرلەمان دابەشكراوە بەسەر (83) بازنەدا، لە هەر بازنەیەك ژنێك سەردەكەوێت، واتا یاسا نوێكە جارێكی تر پارێزگاری لە "كۆتا"ی ژنان لە پەرلەمان كردووە كە رێژەكەی 25%ە. شێوازی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق "تاكیی نەگوازراوە"یەو دەنگەكان لە كاندیدێكەوە بۆ كاندیدێكی ترو لە بازنەیەكەوە بۆ بازنەیەكی تر ناگوازرێتەوە، لە حاڵەتی سەرنەكەوتنی كاندیددا بۆ پەرلەمان، دەنگەكانی دەفەوتێتو ناچێت بۆسەر دەنگی كاندیدێكی تر لە حزبەكەی یان بۆسەر دەنگی كاندیدی ركابەری. كاندیدی لایەنەكان هێشتا بۆ حزبە سیاسییەكان رون نەبووەتەوە كە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە كاتی خۆیدا دەكرێت كە 10ی تشرینی یەكەمی 2021, بەڵام ئێستا حزبە سیاسییەكان جموجوڵەكانیان گەرم بووە بە ئاراستەی دیاریكردنی كاندیدەكانیان و وەرگرتنی سیڤی كاندیدو چەند میكانیزمێكیان بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانیان گرتوەتەبەر. لە سەر ئاستی هەرێمی كوردستان ناوی چەند كاندیدێك بۆ حزبە سیاسییەكان و سەربەخۆكان دەهێنرێت حزبەكان سەرقاڵی تەتەڵەكردنی كاندیدەكانن، چونكە ئەم هەڵبژاردنە جیاواز لە هەڵبژاردنەكانن رابردوو حزبەكان پێویستیان بە كاندیدێكی جەماوەرییە، بۆ ئەوەی زۆرترین زۆرترین كورسی بازنەكانی هەڵبژاردن بۆخۆیان مسۆگەر بكەن. یەكەم: پارتی دیموكراتی كوردستان ئێستا زۆرترین كورسی لە پەرلەمانی عێراقدا هەیە، سەرقاڵی دیاریكردنی كاندیدەكانیەتی بۆ 12 بازنەكەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، ئەوەی تا ئێستا بە ناڕەسمی ناوی دەهێنرێت، ئەم ناوانەن: لە پارێزگای هەولێر كە دابەشكراوە بۆ (4) بازنەی هەڵبژاردن, پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا ( 321 هەزارو 920) دەنگی بەدەستهێناوەو (8) كورسی لە كۆی (14) كورسی ئەو پارێزگایە بردووە: بەشێك لە كانیدەكانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی لە پارێزگای هەولێر: - رێبوار هادی -محەمەد شاكر - مەیادە نەجار - نەهرۆ مەحمود - هەدار بارزانی - ناسر هەركی لە پارێزگای دهۆك كە دابەشكراوە بۆ (3) بازنەی هەڵبژاردن، پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی رابردوودا لە 2018 دا (354 هەزارو 101) دەنگی بەدەستهێناوەو (10) كورسی لەكۆی (11) كورسی ئەو پارێزگایەی بردووە: بەشێك لە كانیدەكانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی لە پارێزگای دهۆك: - ڤیان سەبری - عومەر رێكانی - هەندرێن دۆسكی لە پارێزگای سلێمانی كە دابەشكراوە بۆ (5) بازنەی هەڵبژاردن، پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (48 هەزارو 706) دەنگی بەدەستهێناوەو (1) كورسی لەكۆی (18) كورسی ئەو پارێزگایەی بردووە: بە گوێرەی زانیارییەكانی (درەو) پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیارە كاندیدەكانی بۆ پارێزگای سلێمانی ژن بێت، بەڵام تا ئێستا لەسەر ناوی كاندیدەكان یەكلا نەبووەتەوە. لە پارێزگای كەركوك پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیارە یەك كاندیدی هەبێت و ئەویش ( شاخەوان عەبدوڵا) بێت. بۆ پارێزگای موسڵیش ناوی چەند كاندیدێك دەهێنرێت لەوانە: - ئیخلاس دلێمی - شیروان دوبەردانی دووەم: یەكێتی نیشتمانی كوردستان: یەكێتی لەم خولەدا دووەم زۆرترین كورسی لە پەرلەمانی عێراقدا هەیە لەناو فراكسیۆنە كوردیەكاندا، ئێستا سەرقاڵی دیاریكردنی كاندیدەكانیەتی بۆ 12 بازنەكەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، ئەوەی تا ئێستا بە ناڕەسمی ناوی دەهێنرێت، ئەم ناوانەن: لە پارێزگای هەولێر كە دابەشكراوە بۆ (4) بازنەی هەڵبژاردنی یەكێتی لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (79 هەزارو 745) دەنگی بەدەستهێناوەو (2) كورسی لەكۆی (14) كورسی ئەو پارێزگایە بردووە: بەشێك لە كاندیدە نارەسمییەكانی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی لە پارێزگای هەولێر: - شیرین یونس لە كۆیە - هەرێم كەمال ئاغا لە پارێزگای سلێمانی كە دابەشكراوە بۆ (5) بازنەی هەڵبژاردن، یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (259 هەزارو 378) دەنگی بەدەستهێناوەو (8) كورسی لەكۆی (18) كورسی ئەو پارێزگایەی بردووە: ئەو ناوانەی كە وەك كاندیدی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پارێزگای سلێمانی ناویان دێت: - د. وەرزێر شاڵی - جەبار محەمەد ساڵح - ئەكرەمی میهرداد - د. نەرمین مەعروف - رێكەوت زەكی - د. نیكۆلا ئەشرەف - بەناز رەمەزان - شادیە ئەبوبەكر - پەیمان عوسمان سەعید -تانیا كەمال دەرویش - ئەحمەد محەمەد بەرزنجی - ئاسۆ فەرەیدون - زانا عەبدولڕەحمان - كاژین عومەر سوارە - شەماڵ جەبار یاوەر - د. تەها حەمە ئەمین لە رانیە - بەختیار شاوەیس لە هەڵەبجە - شیروان میرزا لە رانیە - بڵێسە جەبار فەرمان لە گەرمیان - كاروان شامار لە گەرمیان - رزگار حەمە چەمچەماڵ لە پارێزگای دهۆك كە دابەشكراوە بۆ (3) بازنەی هەڵبژاردن، یەكێتی لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (25 هەزارو 515) دەنگی بەدەستهێناوەو هیچ كورسییەكی بەدەستنەهێنا: تا ئێستا دیار نیە یەكێتی كێ كاندید دەكات بۆ پارێزگای دهۆك. لە پارێزگای كەركوك یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەڵبژاردنی رابردوو 2018 دا لەو پارێزگای ( 183 هەزار و 283) دەنگی بەدەستهێناوە لەو پارێزگایە (6) كورسی بەدەستهێناوە. لە ئێستادا ناوی چەند كاندیدێك دێت كە بەنیازن خۆیان كاندید بكەنەوە بۆ یەكێتی لە پارێزگای كەركوك: - ئاڵا تاڵەبانی - ئەڵماس فازڵ - دیلان غەفور - بێستون عادل - مەریوان نادر - جەمال شكور - رێبوار تەها سێیەم: بزوتنەوەی گۆڕان: بزوتنەوەی گۆڕان 5 پەرلەمانتاری لە عێراقدا هەیەو ئێستا سەرقاڵی دیاریكردنی كاندیدەكانیەتی بۆ 12 بازنەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، لە پارێزگای سلێمانی كە دابەشكراوە بۆ (5) بازنەی هەڵبژاردن، بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (154 هەزارو 947) دەنگی بەدەستهێناوەو (4) كورسی لەكۆی (18) كورسی ئەو پارێزگایەی بردووە, ئێستا چەند كەسێك بە نافەرمی ناویان دێت كە كاندید دەكرێن لەوانە: - بەرزان شێخ محەمەد لە سلێمانی - رەسوڵ بچكۆل لە رانیە - هێرش عەبدولڕەحمان لە رانیە - بەكر بایز لە پشدەر - مامۆستا عەلی قادر لە رانیە - دكتۆرە سنور لە هەڵەبجە - ئەنوەر شەهید حەمەلاو لە هەڵەبجە - هۆشیار عومەر عەلی لە گەرمیان لە پارێزگای هەولێر كە دابەشكراوە بۆ (4) بازنەی هەڵبژاردن, بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (40 هەزارو 863) دەنگی بەدەستهێناوەو (1) كورسی لە كۆی (14) كورسی ئەو پارێزگایە بردووەو تا ئێستا كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پارێزگای هەولێر دیارنین. لە پارێزگای دهۆك كە دابەشكراوە بۆ (3) بازنەی هەڵبژاردن، بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (3 هەزارو 801) دەنگی بەدەستهێناوەو هیچ كورسیەكی مسۆگەر نەكردووە، كاندیدەكانی لەو پارێزگایە دیارنین. چوارەم: جوڵانەوەی نەوەی نوێ: جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەم كاتەدا سەرقاڵی دیاریكردنی كاندیدەكانیەتی بۆ 12 بازنەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان, لە پارێزگای سلێمانی كە دابەشكراوە بۆ (5) بازنەی هەڵبژاردن، نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (63 هەزارو 760)دەنگی بەدەستهێناوەو (2) كورسی لەكۆی (18) كورسی ئەو پارێزگایەی بردووە. لە پارێزگای هەولێر كە دابەشكراوە بۆ (4) بازنەی هەڵبژاردن نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (70 هەزارو 833)دەنگی بەدەستهێناوەو (2) كورسی لەكۆی (14) كورسی ئەو پارێزگایە بردووە. لە پارێزگای دهۆك كە دابەشكراوە بۆ (3) بازنەی هەڵبژاردن، جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (18 هەزارو 52) دەنگی بەدەستهێناوەو هیچ كورسیەكی مسۆگەر نەكردووە. تا ئێستا ناوی كاندیدەكانی نەوەی نوێ بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دیار نین، ئەگەرچی باس لەوە دەكرێن كە نەوەی نوێ تەركیزی لەسەر كاندیدی ژنە، بەڵام نایەوێت پەرلەمانتارانی پەرلەمانی كوردستان كاندید بكاتەوە، بەڵام ئەو ناوانەی كە وەك بیرۆكە لەناو نەوەی نوێ باس دەكرێن ئەمانەن: - رێبوار چەلەبی لە سلێمانی - هیمداد شاهین لە سلێمانی - عومەر مامە كوردە لە هەولێر - ئومێد محەمەد لە كەركوك پێنجەم: هاپەیمانی هیوا هاوپەیمانی هیوای كوردستانی لە پەرلەمانی عێراق كە لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكانی ( گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو، ئایندە، سەربەخۆكان) پێكهاتووە، بەنیازە لەگەڵ كۆمەڵێك گروپو كەسایەتی بەشداری هەڵبژاردنی داهاتوو بكات, ئەو كەسانەی تا ئێستا ناویان دێت كە خۆیان كاندید دەكەن ئەم ناوانەن: - غالب محەمەد لە گەرمیان - رێبوار كەریم لە سلێمانی - سەركەوت شەمسەدین لە سلێمانی - بەهار مەحمود لە سلێمانی - كاوە محەمەد لە سۆران - رابون مەعروف هەولێر شەشەم: كۆمەڵی دادگەری كوردستان كۆمەڵی دادگەری كە یەكەمجارە بە ناوە نوێیەكەیەوە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەكات ئێستا سەرقاڵی دیاریكردنی كاندیدەكانیەتی بۆ 12 بازنەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان. لە پارێزگای سلێمانی كە دابەشكراوە بۆ (5) بازنەی هەڵبژاردن، كۆمەڵی دادگەری كە پێشتر (كۆمەڵی ئیسلامی) بوو لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (51 هەزارو 563) دەنگی بەدەستهێناوەو (1) كورسی لەكۆی (18) كورسی ئەو پارێزگایەی بردووە. لە پارێزگای هەولێر كە دابەشكراوە بۆ (4) بازنەی هەڵبژاردن كۆمەڵی دادگەری لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا ( 36 هەزارو 784)دەنگی بەدەستهێناوەو (1) كورسی لەكۆی (14) كورسی ئەو پارێزگایە بردووە. لە پارێزگای دهۆك كە دابەشكراوە بۆ (3) بازنەی هەڵبژاردن، كۆمەڵی دادگەری لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (3 هەزارو 621) دەنگی بەدەستهێناوەو هیچ كورسیەكی مسۆگەر نەكردووە. تا ئێستا ئەم كاندیدانەی كۆمەڵی دادگەری بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ناویان دەهێنرێت: - ئەحمەد حاجی رەشید لە هەلەبجە - سۆران عومەر لە رانیە - عەبدولستار مەجید لە هەولێر حەوتەم: یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان یەكگرتوی ئیسلامیی لە پارێزگای سلێمانی كە دابەشكراوە بۆ (5) بازنەی هەڵبژاردن، لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (30 هەزارو 19)دەنگی بەدەستهێناوەو (1) كورسی لەكۆی (18) كورسی ئەو پارێزگایەی بردووە. لە پارێزگای هەولێر كە دابەشكراوە بۆ (4) بازنەی هەڵبژاردن یەكگرتووی ئیسلامیی لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا ( 24 هەزارو 475)دەنگی بەدەستهێناوەو هیچ كورسیەكی بەدەستنەهێنا. لە پارێزگای دهۆك كە دابەشكراوە بۆ (3) بازنەی هەڵبژاردن، یەكگرتووی لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (43 هەزارو 525) دەنگی بەدەستهێناوەو (1) كورسی لەكۆی (11) كورسی ئەو پارێزگایە مسۆگەركرد. تا ئێستا ناوی ئەو كەسانەی یەكگرتوو بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو كاندید دەكرێتو ناویان دەهێنرێت ئەمانەن: - جەمال كۆچەر لە دهۆك - موسەننا ئەمین لە هەڵەبجە هەشتەم: كاندیدە سەربەخۆكان ئەوەی تا ئێستا زانراوە چەند كەسێك بە سەربەخۆ ناوی خۆیان تۆماركردووە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بەڵام ناو تۆماركردنەكەیان هێشتا بەراییەو لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە پەسەند نەكراوە لەوانە: - پارێزەر كاروان مەحمود حاجی لە دەستەی بەهەرێمكردنی پارێزگای سلێمانی - رێبوار عەباس - سەناریا عەبدوڵا سەعید - ئیبراهیم ئەحمەد - نەورۆز مانگر كورد لە هەڵبژاردنی عێراق لە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان، ژمارەی كورسی پارێزگاكان لە پەرلەمانی عێراق وەكو خۆی ماوەتەوەو دەستكاری نەكراوە، كورسی كورد لە هەرسێ پارێزگای هەولێرو سلێمانیو دهۆك لە پەرلەمانی عێراق (44) كورسییە، پارێزگای هەڵەبجە لە یاسای نوێی هەڵبژاردندا وەكو پارێزگایەكی سەربەخۆ نەناسێندراوەو بازنەكەی لكێندراوە بە پارێزگای سلێمانییەوە. بەشێوەیەكی گشتی هەرێمی كوردستان دابەشكراوە بەسەر (12) بازنەی هەڵبژاردندا، بازنەكانەكانی هەڵبژاردن بەمشێوەیە دابەشكراوە بەسەر پارێزگاكاندا: پارێزگای هەولێر ژمارەی كورسییەكانی لە پەرلەمانی عێراق (15) كورسییە، هەولێر دابەشكراوە بەسەر (4) بازنەی هەڵبژاردندا، لەكۆی (15) كورسییەكە، (4) كورسییان بۆ ژنان دەبێت بەپێی سیستمی كۆتا. بازنەكانی هەڵبژاردن لەپارێزگای هەولێر بەمشێوەیە دابەشكراون بەسەر ناوچەكاندا: • بازنەی یەك: سۆران + مێرگەسوور + رواندز + چۆمان + شەقلاوە، ئەم بازنەیە (4) كورسی پەرلەمان لەخۆدەگرێت، واتا چوار كەس لەم بازنەیە سەردەكەون بۆ پەرلەمانی عێراق • بازنەی دوو: دەشتی هەولێر + كۆیە + خەبات، ئەم بازنەیە بەهەمان شێوە (4) كورسی لەخۆدەگرێت. • بازنەی سێ: بەشی رۆژئاوای قەزای ناوەندی هەولێر، ئەم بازنەیە (3) كورسی لەخۆدەگرێت. • بازنەی چوار: بەشی رۆژهەڵاتی قەزای ناوەندی هەولێر، ئەم بازنەیە (4) كورسی لەخۆدەگرێت. بۆ زانینی دەنگو پێگەی لایەنەكان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا لە سنوری پارێزگای هەولێر، پەنا بۆ ئەنجامی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەبەین كە ساڵە 2018 بەڕێوەچوو، واتا بەر لە دوو ساڵ. لە هەڵبژاردنی 2018دا، دەنگی لایەنەكان لە هەولێر بەمشێوەیە بوو: • پارتی (321 هەزارو 920) دەنگ • یەكێتی (79 هەزارو 745) دەنگ • نەوەی نوێ (70 هەزارو 833) دەنگ • گۆڕان (40 هەزارو 863) دەنگ • هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری (50 هەزارو 537) دەنگ • كۆمەڵ ( 36 هەزارو 784) دەنگ • یەكگرتوو ( 24 هەزارو 475) دەنگ پارێزگای سلێمانی ئەم پارێزگایە لە پەرلەمانی عێراق (18) كورسی هەیە، لەم ژمارەیە (5) كورسییان بۆ "كۆتا"ی ژنانە، پارێزگای سلێمانی دابەشكراوە بەسەر (5) بازنەی هەڵبژاردندا بەمشێوەیە: • بازنەی یەك: باكوری قەزای ناوەندی سلێمانی + چوارتا + ماوەت، ئەم بازنەیە (4) كورسی لەخۆدەگرێت. • بازنەی دوو: باشوری قەزای ناوەندی سلێمانی + قەرەداغ، ئەم بازنەیە (3) كورسی لەخۆدەگرێت. • بازنەی سێ: هەڵەبجە + سەیدسادق + شارەزوور + پێنجوێن، ئەم بازنەیە (3) كورسی لەخۆدەگرێت. • بازنەی چوار: پشدەر + رانیە + دوكان، ئەم بازنەیە (4) كورسی لەخۆدەگرێت. • بازنەی پێنج: كەلار + دەربەندیخان + كفری + چەمچەماڵ + بەشێك لە خانەقین، ئەم بازنەیە (4) كورسی لەخۆدەگرێت. لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراقدا دەنگی لایەنەكان لە پارێزگای سلێمانی بەمشێوەیە بووە: • یەكێتی (259 هەزارو 378) دەنگ • گۆڕان (154 هەزارو 947) دەنگ • نەوەی نوێ (63 هەزارو 760) دەنگ • پارتی (48 هەزارو 706) دەنگ • هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری (46 هەزارو 552) دەنگ • كۆمەڵ (51 هەزارو 563) دەنگ • یەكگرتوو (30 هەزارو 19) دەنگ پارێزگای دهۆك ئەم پارێزگایە (11) كورسی لە پەرلەمانی عێراق بۆ دانراوە، سیان لە كورسییەكان بەپێی سیستمی "كۆتا" بۆ ژنان دەبێت، پارێزگاكە دابەشكراوە بەسەر (3) بازنەدا بەمشێوەیە: • بازنەی یەك: دهۆك + ئامێدی، ئەم بازنەیە (4) كورسی بۆ تەرخانكراوە. • بازنەی دوو: زاخۆ + سیمێل، ئەم بازنەیە (3) كورسی بۆ تەرخانكراوە. • بازنەی سێ: ئاكرێ + شێخان + بەردەڕەش، ئەم بازنەیە (4) كورسی بۆ تەرخانكراوە. هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەنگی لایەنەكان لە پاریزگای دهۆك بەمشێوەیە بووە: • پارتی (354 هەزارو 101) دەنگ • یەكگرتوو (43 هەزارو 525) دەنگ • یەكێتی (25 هەزارو 515) دەنگ • گۆڕان (3 هەزارو 801) دەنگ • نەوەی نوێ (18 هەزارو 52) دەنگ • هاوپەیمانی (25 هەزارو 664) دەنگ • كۆمەڵ (3 هەزارو 621) دەنگ راپۆرتی پەیوەندیدار: هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق: سیناریۆی پێگەی پارتەكانی هەرێم بژاردەكانی هاوپەیمانی بەردەم لایەنەكان لە پارێزگای سلێمانی بژادەكانی هاوپەیمانی بەردەم لایەنەكان لە پارێزگاكانی هەولێرو دهۆك كورد لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا