Draw Media

(درەو):  حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا لەسەر دابینكردنی پاڵپشتییەكی دارایی نوێ بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا كە مانگانە بڕەكەی (7 ملیارو 250 ملیۆن) دینارەو بەشی زۆری بۆ دەرماڵەی خوێندكاران بەناوی ( پاڵپپشتی دارای)یەوە خەرجدەكرێت . خەرجكردنی ئەم بڕە پارە نوێیە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا، لە سەرەتای ساڵی نوێیوە تاوەكو كۆتایی وەرزی خوێندن بەردەوام دەبێت.  بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، وەزارەتی خوێندنی باڵا بەنیازە ئەم بڕە پارەیە بەكاربهێنێت بۆ خەرجكردنی دەرماڵەی خوێندكاران كە ماوەیەكە ناڕەزایەتییەكی گەورەی خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكان روبەڕووی حكومەتی هەرێم كردوەتەوە.  ئەو بڕە پارەیەی كە لە شوێنی دەرماڵە، بەم بودجەیە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەیەوێت بۆ خوێندكارانی دابین بكات، ناوی لێنراوە "پاڵپشتی دارایی خوێندكاران".  


راپۆرت: درەو هێشتا 25 رۆژ ماوە بۆ وادەی فەرمی كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لە عێراق، حەشد هەڕەشە لە ئەمریكا دەكات‌و داعش هێرشەكانی بەئاڕاستەی هێزی پێشمەرگە چڕكردوەتەوە، هێزی پێشمەرگە لەدوای چەندین ساڵ یارمەتی و راهێنان هێشتا بەفەرمانی بەرپرسانی حزب جموجوڵ دەكات. یارو نەیارەكانی ئەمریكا لە عێراق گرەو لەسەر كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكان دەكەن، گەڕانەوەی داعش سیناریۆیە یان  راستی؟ سیناریۆی ئەفغانستان دووبارە دەبێتەوە ؟ لەكاتێكدا هەموان چاوەڕێی ئەوە دەكەن بەر لە كۆتا رۆژی ئەمساڵ، حكومەتی عێراق بەفەرمی چونەدەرەوەی سەرجەم هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لەسەر خاكی عێراق رابگەیەنێت، چەند رۆژێكە چەكدارانی "داعش" هێرشەكانیان بۆسەر هێزەكانی پێشمەرگە چڕكردوەتەوە، ئەمە گومانی دووبارەبوونەوەی سیناریۆكەی ئەفغانسانی زیاتر كردەوە، كە هێشتا هێزەكانی ئەمریكا بەتەواوەتی نەكشابووەوە، هێزەكانی بزوتنەوەی تالیبان بارودۆخی وڵاتیان كۆنترۆڵ كرد. بەڵام كشانەوەی ئەمریكا لە ئەفغانستان هەندێك لە كشانەوەكەی لە عێراق جیاوازە، چونكە بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەنێوان بەغداد‌و واشنتۆن كراوە،  دوای كشانەوە، رۆڵی سەربازی ئەمریكا لە عێراقدا هەر دەمێنێت، بەڵام رۆڵەكە دەگۆڕدرێت بۆ راوێژكاریی‌و راهێنانی هێزە ئەمنییەكانی عێراق، لەپاڵ ئەمەشدا هەوڵی عەسكەری ئەمریكا بەشێوەی ئاسمانیی لەچوارچێوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی "داعش"دا هەر بەردەوام دەبێت. ئامادەكاری بۆ كشانەوە بەگوێرەی زانیارییەكان، چەند رۆژی رابردوو هەندێك وەفدی هونەری سەربازی عێراق سەردانی هەردوو بنكەی (عەین ئەسەد) لە پارێزگای ئەنبارو بنكەی (هەریر)یان لە پارێزگای هەولێر كردووە بۆ ئاگاداربوون لە پرۆسەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا. ئێستا لایەنی عێراقی لەگەڵ ئەمریكییەكان لە گفتوگۆ‌و كۆبونەوەدان بۆ دیاریكردنی ژمارەی ئەو سەربازانەی ئەمریكا لە عێراق كە رۆڵی جەنگییان نابێت، بەگوێرەی ئەو رێككەوتنەی كە كۆتایی تەموزی رابردوو لەنێوان بەغداد‌و واشنتۆندا ئیمزا كرا، ئەركی پاراستنی ئەم هێزانە‌و بنكەكانیان دەكەوێتە ئەستۆی لایەنی عێراقی.  ئێستا نزیكەی (2 هەزارو 500) سەربازی ئەمریكی لەسەر خاكی عێراقن، ئەمانە تا ئەم ساتە پاڵپشتی هێزە ئەمنییەكانی عێراق دەكەن لەشەڕی دژ بە داعشدا، پاڵپشتییەكەیان بەشێوەیەكی زیاتر خۆی دەبینێتەوە لە پێدانی زانیاری هەواڵگری، وێنەی ئاسمانیی، جێبەجێكردنی گورزی ئاسمانی لەرێگەی فڕۆكە جەنگییەكانەوە بۆسەر حەشارگەكانی داعش. ئەمە جاری دووەمە ئەمریكا هێزی شەڕكەری خۆی لە عێراق دەكێشێتەوە، ساڵی 2011 ئەمریكا هێزەكانی كشاندەوە، بەڵام دوای سێ ساڵ لەم كشانەوەیە، رێكخراوی داعش لەماوەی چەند مانگێكدا یەك لەسەر سێی خاكی عێراقی كۆنترۆڵكرد. هەڕەشەی حەشد ئێستا كە ئیتر بڕیارە رۆڵی هێزی شەڕكەری ئەمریكا لە عێراق كۆتایی بێت، لایەنگرانی ئێران‌و بەدیاریكراوی ئەوانەی خۆیان ناوناوە بەرەی "مقاوەمەت"، هەڕەشە دەكەن‌و دەڵێن شەوی سەری ساڵ دواین وادەیە بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، دەڵێن لەدوای كاتژمێر (12)ی شەوی 31ی ئەم مانگە دەستدەكەن بە لێدانی ئەو ناوچانەی كە هێزی ئەمریكی تێدا بێت، بەدیاریكراویش سەربازگەی "ڤیكتۆریا" لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد هەروەها هەردوو بنكەی (عەین ئەسەد)‌و (هەریر). هێزە شیعەكانی نزیك لە ئێران گومانیان لە كشانەوەی ئەمریكا هەیە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران تۆمەتبار دەكەن بەوەی "چەواشەكاری‌و فێڵ" دەكات لە دۆسیەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكادا، بەوپێیەی بە وتەی ئەمان "هیچ رێگایەك نییە بۆ پشكنینی ئەو هێزانەی ئەمریكا كە دەمێننەوە، ژمارەی راستەقینەی هێزەكانی ئەمریكا نازانرێت، بۆیە ناتوانرێت ژمارەی هێزی شەڕكەرو ئەو هێزانەی كە كاریان راوێژكارییە، دیاری بكرێت".  وادەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا هاوكاتە لەگەڵ دووەمین ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران‌و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە هێرشێكی هێزەكانی ئەمریكادا لەنزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد.  ئەم هاوكاتبوونە، ترسی لای بەرپرسانی عێراقی دروستكردووە، هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لە عێراق، هاوشێوەی ساڵی رابردوو هەندێك هێرش بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراق رووبدات، بەڵام هەندێك دەڵێن هێزە دۆڕاوەكانی شیعە لە هەڵبژاردن، ئەم مەلەفە وەكو كارتی فشار لەسەر حكومەتی كازمی بەكاردەهێنن.  داعش زیندوو دەبێتەوە ؟ بەگوێرەی راپۆرتێكی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كە مانگی شوباتی رابردوو بڵاوبووەوە، رێكخراوی داعش بەشێوەیەكی زۆر نهێنی پارێزگاری لە بوونی خۆی دەكات لە عێراق‌و سوریا‌و لە یاخیبونێكی بەردەوامدایە‌و بەو ناوچە سنورییانەی نێوان عێراق‌و سوریا بڵاودەبێتەوە كە پێشتر كۆنترۆڵی كردبوون.  راپۆرتەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێ" رێكخراوی داعش هێشتا خاوەنی 10 هەزار چەكداری چالاكە لەناو عێراق‌و سوریادا". جموجوڵەكانی ئەمدواییەی داعش، هاوكاتە لەگەڵ ئەو ناكۆكییانەی لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە لە عێراق دروستبووە، باڵی سیاسی حەشدی شەعبی هەڵبژاردنی دۆڕاندووە، ئەمە گومانی لەسەر رەوایەتی مانەوەی هێزەكانی حەشد دروستكردووە، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە هەندێك لە چاودێران دەڵێن دەركەوتنەوەی داعش لەم كاتەدا، بەمەبەستی رەوایەتیدانە بە مانەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی، بەوپێیەی ئەم هێزە ساڵی 2014 دوای داڕمانی سوپای عێراق، شەڕی داعشیان كرد.  لە هەرێمی كوردستانیش لایەنە دەسەڵاتدارەكان خۆشحاڵ نین بە كشانەوەی هێزی شەڕكەری ئەمریكا لە عێراق، ساڵی 2019 كە قاسم سولەیمانی كوژرا، لەكاردانەوەی ئەمەدا لایەنە شیعەكان لە پەرلەمانی عێراق بەزۆرینە بڕیارێكیان بۆ كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق پەسەندكرد، ئەوكاتیش كورد دەنگی بەم بڕیارە نەدا.  هەركاتێك باسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق كرابێت، دەنگۆ گواستنەوەی ئەو هێزانە بۆ هەرێمی كوردستان هاتوەتە كایەوە، ئێرانییەكان ساڵی 2019 بەفەرمی پەیامێكیان بە حكومەتی هەرێمی كوردستان دا، كە لە حاڵی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكادا بە هیچ شێوەیەك قایل نابن بەوەی ئەو هێزانە لە هەرێمی كوردستان جێگیر بكرێن، بەوپێیەی هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق.  هەموو ئەم پێدراوانە نیشانی دەدەن جموجوڵەكانی ئەمدواییەی داعش، زیاتر لەوەی ستراتیژ بێت، تەكتیكێكی كاتی لایەنە عێراقی‌و كوردییەكانە بە ئاڕاستەی نیشاندانی دۆخەكە بەر لە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا. پێشمەرگەو داعش محەمەد حاجی مەحمود كە خۆی فەرماندەیەكی مەیدانی پێشمەرگەیەو مێژوویەكی لە رووبەرونەوەی داعشدا هەیە، پێی وایە زیندووبونەوەی داعش لەم كاتەدا كارتی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیە، تا ئەو شوێنەی كاتێك هێزی پێشمەرگە دەیەوێت ئۆپەراسیۆن بكات، چەند هیلی كۆپتەرێك دەگەنە شوێنی داعشەكان و دەیان گوازنەوە بۆ شوێنێكی تر. داعش سود لە بۆشایی ئەمنی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە دەبینێت، لە خانەقین و جەلەولاوە تا كەركوك و مەخمورو نەینەوا، داعش لە جوڵەدایە رووەو هێزی پێشمەرگە، وەفدی هێزی پێشمەرگە چەندینجار چونەتە بەغدادو نەگەیشتونەتە رێككەوتن. تەنیا بۆشایی ئەمنی نیە كە داعش سودی لێدەبینێت، نەبونی هەماهەنگی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە لەلایەك و فرە جەمسەری و نارێكخراوی هێزی پێشمەرگە لەلایەكی تر، شەوی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هێزی پێشمەرگەی لە هەولێرەوە بەرەو گوندی لهێبان جوڵاند لە سلێمانیشەوە بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ فەرماندە سەربازیەكاندا كۆبوەوەو هێزی بەرەو قەرەسالمی نزیك كەركوك جوڵاند. ئەوەی لێرەدا ونە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمە، ئەمڕۆ دوای 12 كاتژمێر لە بڕیارەكانی مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هێزی پێشمەرگە كۆبوەوە. كشانەوەی هێزی شەڕكەری ئەمریكا لە عێراق لە كاتێكدا روودەدات هێشتا لە ئاستی عێراقدا حەشدی شەعبی هەرەشەیە بۆسەر سوپاو لە هەرێمی كوردستانیش دوای چەندین ساڵ خەرجی و راهێنانی هێزەكانی هاوپەیمانان، پێشمەرگە نەبووە بە هێزێكی نیزامی و رێكخراو دابەشبوون بەسەر حزب و كارەكتەرە سیاسیەكانداو لە حاڵی بەهێزبونەوەی داعشدا توانای پێویستیان بۆ روبەروبونەوە لاواز دەبێت.     


 شیكاری: درەو بەپێی داتاکانی کۆمسیۆن ئەو (٣٢٩) کاندیدەی سەردەکەون بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە سەرجەمیان (٤ ملیۆن) دەنگیان بەدەستهێناوە لەكۆی (22 ملیۆن) كەس كە مافی دەنگدانیان هەبووە، كە (18 ملیۆن) كەس دەنگیان پێنەداون، بەم جۆرەش ئەندامانی خولی داهاتووی عێراق بە ڕێژەی (١٨%)ی دەنگی دەنگدەرانی عێراق گەیشتوون بە پەرلەمان! بەهۆی سیستمی هەڵبژاردنەوە، کاندیدی سەرنەکەوتوو هەیە ژمارەی دەنگەکەی زۆرترە لە دەنگی (٣١٥) لەو کانیدانەی سەرکەوتوون بۆ ئەنجومەنی نوێنەران. زیاتر لەوەش ئەو دەنگەی بەدەستی هێناوە زیاترە لە دەنگی (٨) کاندیدی سەرکەوتوو پێکەوە! ئەنجامی هەڵبژاردن رۆژی 30/11/2021 دەستەی دادوەریی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، دوای پێداچوونەوە بە تانەکاندا، ئەنجامی کۆتایی و پەسەند کردو ناوی کاندیدە سەرکەتووەکانی بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە. هەر بەپێی ئەنجامەکان، ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە (٢٢ ملیۆن و ١١٦ هەزار و ٣٦٨) هاوڵاتی عێراقی بوونە، بەڵام کۆی ژمارەی دەنگدەران گەیشتووەتە (٩ ملیۆن و ٦٢٩ هەزار و ٦٠١) دەنگ، ئەوەش دەکاتە ٤٤٪ی کۆی ژمارەی دەنگدەرانی عێراق. هاوکات ٨٪ی دەنگەکانیش پووچەڵبوون، کە دەکاتە (٧٢١ هەزار و ٩٧٩) دەنگ، بەو پێیەش (٨ ملیۆن و ٨٧١ هەزار و ٦١٢) دەنگیان بە ڕاستەقینە هەژمار کراوەن. بەپێی دوا زانیارییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن (٢١) هاوپەیمانی و (١٠٨) حیزبی سیاسی (٧٨٩) کاندیدی سەربەخۆ لە ڕێگەی (٣ هەزار و ٢٢٥) کاندیدەوە بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کردووە. کاندیدە سەرکەوتووەکان (١٣٨) یان لە هاوپەیمانێتییەکان و (١٤٨) کاندیدی حیزبە سیاسییەکان (٤٣) یان سەربەخۆ بوونە، دیارتیرین لایەنە سەرکەوتووەکانیش بریتین لە رەوتی سەدر (٧٣) كورسی و هاوپەیمانی تقدم (محەمەد حەلبوسی): (٣٧) كورسی و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا (نوری مالیكی) (٣٣) كورسی و پارتی دیموكراتی كوردستان: (٣١) كورسی  (بۆ وردەکاری ئەنجامەکان بڕوانە پاشکۆی ڕاپۆرتەکە) کاندیدی ئافرەت لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت (٢٥%)ی پێکهاتەی ئەنجومەنی نوێنەران لە ئافرەتان پێکبێت، واتە لە (٣٢٩) کورسی پەرلەمان دەبێت بە لانی کەمەوە (٨٣) نوێنەریان ئافرت بن، بەو هۆکارەش عێراق دابەشی (٨٣) بازنەی هەڵبژاردن کرا. بەڵام بەپێی ئەنجامەکانی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمسیۆن (٩٥) کاندیدی ئافرەت و بە ڕێژەی (٢٨.٨٧%) سەرکەوتوون بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، جێی ئاماژەیە لەو (٩٥) کاندیدە ئافرەتە تەنها (٣٨) کاندیدیان بە کۆتا سەرکەوتوون (٥٧) کاندیدیان ڕێژەی دەنگی پێویستیان بەدەستهێناوە.  ڕیزبەندی 10 کاندیدی سەرکەوتووی خاوەن زۆرترین دەنگ بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ئەو (١٠) کاندیدە سەرکەوتووەی زۆرترین دەنگیان بەدەست هێناوە، سەرجەمیان لە ڕەگەزی نێرن و کانیدیدی یەکەمیان (یەکگرتوو)ەوە و لە پارێزگای دهۆک (٥٦ هەزار و ٧٠٢) دەنگی بەدەستهێناوەو (٦) کاندیدیان لە (پارتی دیموکراتی کوردستان)ن (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) ڕیزبەندی 10 کاندیدی سەرکەوتووی خاوەن کەمترین دەنگ بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەو (١٠) کاندیدەی بە کەمترین دەنگ سەرکەتوون سەرجەمیان لە ڕەگەزی (مێ)ن و (٨) کاندیدی یەکەمیان بە کۆتا سەرکەوتوون، دوو کاندیدی کۆتاییان (واتە نۆیەم و دەیەمیان) دەنگی پێویستیان لە بازنەکانی خۆیا بەدەست هێناوەو بەبێ سیستمی کۆتا سەرکەوتوون، ئەو کاندیدە سەرکەوتووەشی کەمترین دەنگی بەدەستهێناوە لە بازنەی (٣) پارێزگای کەربەلایەو تەنها (هەزار و ٧٣٠) دەنگی بەدەستهێناوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (٢)) نادادپەروەری لە ئەنجامی هەڵبژاردن  یەکەم: بەپێی داتاکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن، ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە (٢٢ ملیۆن و ١١٦ هەزار و ٣٦٨) هاوڵاتی عێراقی بوونە، بەڵام کۆی ژمارەی دەنگدەران گەیشتووەتە (٩ ملیۆن و ٦٢٩ هەزار و ٦٠١) دەنگ، ئەوەش دەکاتە نزیکەی ٤٤٪ی کۆی ژمارەی دەنگدەرانی عێراق. هاوکات ٨٪ی دەنگەکانیش پووچەڵبوون، کە دەکاتە (٧٢١ هەزار و ٩٧٩) دەنگ، بەو پێیەش (٨ ملیۆن و ٨٧١ هەزار و ٦١٢) دەنگیان بە ڕاستەقینە هەژمار کراوە. بەڵام بەپێی داتاکانی کۆمسیۆن ئەو (٣٢٩) کاندیدەی سەردەکەون بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە سەرجەمیان (٤ ملیۆن و ٦٨ هەزار و ٦٢٧) دەنگیان بەدەستهێناوە (بڕوانە پاشکۆی ڕاپۆرتەکە)، بەم جۆرەش بێت ئەندامانی خولی داهاتووی عێراق بە ڕێژەی (١٨.٤%)ی دەنگی دەنگدەرانی عێراق گەیشتوون بە پەرلەمان! دووم: بەهۆی سیستمی هەڵبژاردنەکەوە، سەرەڕای ئەوەی بەشێک لەو کاندیدانەی سەرکەوتوون لە بازنەکانی خۆیان، دەنگیان کەمترە لە کاندیدێکی سەرنەکەتووی بازنەیەکی تر، بە پێچەوانەوە ڕوویداوە. بۆ نمونە لە بازنەی (١)ی پارێزگای هەولێر کاندیدی ژمارە (٢٤) کە (فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی)یەو لە نێو کاندیدە دەرنەچووەکان لەسەر ئاستی سەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردنی عێراق زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوەو کە (٢٧هەزار و٦٠٤) دەنگە، ئەو ژمارە دەنگەش زۆرترە لە دەنگی (٣١٥) لەو کانیدانەی سەرکەوتوون بۆ ئەنجومەنی نوێنەران. زیاتر لەوە، ئەو ژمارە دەنگەی ناوبراو بەدەستی هێناوە زیاترە لە دەنگی (٨) کاندیدی سەرکەوتوو پێکەوە کە بە کۆتا و کەمترین دەنگەیان هەیە لە نێو کاندیدە سەرکەوەتووەکان و هەر هەشتیان (٢٣ هەزار و ٩٦٨) دەنگیان بەدەست هێناوە (بگەڕێوە خشەتی ژمارە (2))      پاشکۆی ڕاپۆرت وردەکاری ئەنجامەکانی هەڵبژاردن  


(درەو): زیادبوونی دوو كورسی بۆ یەكێتی لەسەر حسابی پارتی، كارتی سوری بارزانی بەرووی بەرهەم ساڵحدا بەرزكردەوە، بافڵ تاڵەبانی نایەوێت ئەزمونی 2018 دوبارە بكاتەوە، د. خەسرەو گوڵ محەمەد وەك كاندیدی یەكێتی و بەرازیبونی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندید دەكات.  پارتی بەفەرمی بەرهەم ساڵحی تۆمەتبار كرد بەوەی، دەستوەردانی لە كاروباری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقدا كردووە‌و دوو كورسی پارتی بردووە بۆ یەكێتی، كورسییەكی هەولێر (هەرێم كەمال ئاغا)‌و كورسییەكی موسڵ (رۆنزی زیاد). زیادبوونی ئەو دوو كورسیەی بۆ یەكێتی، مەسعود بارزانی تا ئەو رادەیە توڕە كرد، بە كەسێكی نزیكدا پەیامێكی بۆ بەرهەم ساڵح ناردو پێی وت" كورسی سەرۆك كۆماری داهاتوو یەكسانە بە كورسییەكەی هەرێم كەمال ئاغا، ئەم هەڵوێستەش تەنیا بەرامبەر بە بەرهەم ساڵحە نەك هیچ كەسێكی تری یەكێتی"، هەرێم كەمال ئاغا كاندیدی یەكێتی بوو لە هەولێر، بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن سەرنەكەوت بۆ پەرلەمانی عێراق، بەڵام دوای تەماشاكردنەوەی تانەكان، وەكو كاندیدی براوە لەلایەن كۆمسیۆنەوە ناوەكەی راگەیەندرا.   بەم گۆڕانكارییە لە ئەنجامی كورسییەكان، بەرهەم ساڵح هەم لە پارتی‌و هەم لە یەكێتیش بوو، چونكە بافڵ تاڵەبانی نایەوێت جارێكی تر‌و هاوشێوەی 2018 لەسەر بەرهەم ساڵح بچێتە ململانێوە لەگەڵ بارزانی، بەتایبەتی لەكاتێكدا ناوخۆی حزبەكەی ئێستا دەكوڵێت.  بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بافڵ تاڵەبانی بڕیاریداوە (خەسرەو گوڵ محەمەد) بەرپرسی دەزگای ئاسایشی گشتی هەرێم بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری نوێی عێراق كاندید بكات. (خەسرەو گوڵ محەمەد) یەكێكە لەوانەی لەساڵانی رابردوودا كە ناوخۆی یەكێتی بەكێشمەكێشی زۆردا تێپەڕیوە، ئەو تەنیا لەسەر یەك خەت بووە كە خەتی ماڵی مام جەلال بووە. بەڵام ئایا یەكێتی لەبەرامبەر زیادبوونی دوو كورسییەكەدا چۆن‌و بە چ پۆستێك قەرەبووی بەرهەم ساڵح دەكاتەوە، ئایا پێگەی بەرهەم ساڵح دوای نەمانی لە پۆستی سەرۆك كۆمار لەناو یەكێتیدا چی دەبێت ؟ رازی دەبێت بە كارتە سورەكەی بارزانی و گڵۆپە سەوزەكەی بافڵ تاڵەبانی بۆ خەسرەو گوڵ محەمەد، یاخود كارتی پشتیوانی ئەمریكا و ئێران و ناوخۆی یەكێتی بۆ وەرگرتنەوەی خولێكی دیكەی سەرۆكایەتی بەرامبەر بارزانی و تاڵەبانی بەكار دەهێنێت؟  


درەو: نەوشیروان مستەفا لە كتێبی (خولانەوە لەناو بازنەدا) بەم شێوەیە گفتوگۆی یەكێتی‌و بەعس (1983) دەیگێڕێتەوە : مانگی تشرینی دووەمی 1983 بڕیار درا گفتوگۆ دەست پێ بكرێت، لەبەرئەوەی یەكێتی خۆی هیچ كەناڵێكی راستەوخۆی پەیوەندی لەگەڵ عێراق نەبوو، بۆیە لەرێگەی (حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران) بە عێراق راگەیەندراو داوا لە د. قاسملو كرا رێوشوێنی چونی نوێنەرایەتی یەكێتی بۆ بەغدا دابین بكا.  پێش ئەوەی شەڕ لەنێوان هێزەكانی یەكێتی‌و بەعسدا رابگیرێ‌و گفتوگۆ دەست پێ بكا، فەرەیدون عەبدولقادر بۆ وەرگرتنی بیروڕای كاربەدەستانی بەعس چوو بۆ بەغدا، لەوێ بەرزان تكریتی و تاریق عەزیزی دیبو، لەمیانی قسەكانیدا تاریق عەزیز وتبوی" ئێمە ناڕوخێین، چونكە دنیا لەبەرامبەر ئێراندا پشتیوانیمان لێ ئەكا، رۆژێكیش دێ ئەم شەڕە تەواو ببێ، ئەگەر ئێستا بێن‌و لەگەڵمان رێك بن، چاكەیەكی گەورەمان لەگەڵ ئەكەن هەرگیز لەبیرمان ناچێتەوە، خۆ ئەگەر شەڕ درێژە پێبدەن، دوای تەوابونی شەڕی ئێران ئەو جەیشە زەبەلاحەی بۆ شەڕی ئەوانمان دروستكردوە، ئەیهێنینە سەر ئێوە، ساڵێك وەخت‌و 100 هەزار كوژراوتان بۆ تەرخان ئەكەین، بەڵام خاكتان بە تورەكە ئەبێژین‌و تەفروتوناتان ئەكەین".. سەرەتای كانونی یەكەمی 1983 هەمو مەڵبەندەكان، تیپەكانی پێشمەرگە لەراگرتنی شەڕ ئاگاداركران.. سەدامیش فەرمانی بە هێزە چەكدارەكانی كرد شەڕ رابگرن.  سەرەتای كانونی یەكەمی 1983 دو هالیكۆپتەر لە زیخان نیشتنەوە، جگە لە دكتۆر قاسملو، نوێنەرێكی حكومەتیشیان لەگەڵ هاتبو بەناوی (ئەبو سەرحان) كە یەكێك لە گەورە كاربەدەستانی موخابەرات بو.. ئەو رۆژە دیمەنێكی سەیر هەبو، هەمو ئەو پێشمەرگانەی لەبەرزایی شاخەكان داماننابون، دابەزی بون بە قەمسەڵەی بەڵەك كە لە عەسكەرو جاش گیرابون، وەكو نەدی‌و بدی بەدەوری كۆپتەرەكاندا وروكابون، نمونەیەكی خراپی بێ دیسپلینی‌و نیشانەیەكی ئاشكرای ماندوێتی پێشمەرگە بو.  دەستەی نوێنەرایەتی یەكێتی لەگەڵ قاسملو و ئەبو سەرحان سواری كۆپتەر بون، لەمەشدا چەند كەسێ خۆیان فڕێدایە ناو كۆپتەرەكان، كە نە ئەندامی وەفدەكە‌و نە راوێژكارو نە پێشمەرگەی پارێزگاری بون، ئەمەش دیسان نیشانەیەكی تری بێ دیسپیلینی بو.. وەفدەكەی حكومەت بۆ گفتوگۆ ئەمانە بون (عیزەت دوری، تاریق عەزیز، هیشام  فەخری، سەعدی مەهدی ساڵح، د. فازل بەڕاك)، وەفدی یەكێتی ئەمانە بون (مام جەلال، فەرەیدون عەبدولقادر، ملازم عومەر، مەلا بەختیار، د.خدر مەعسوم، عومەر عەزیز).. باسەكانی گفتوگۆی یەكێتی لەگەڵ بەعس •    دەسەڵاتی داودەزگای حوكمی زاتی •    سنوری جوگرافی حوكمی زاتی •    ئاسایكردنەوەی هەلومەرجی ناوچە تەعریبكراوەكانی كەركوك‌و خانەقین‌و سنجار •    بەشی كورد لە دەزگا ناوەندییەكانی بڕیارداندا    


Draw نوسینی: مەحمووی حاجی عومەر و خالید ڕەزا دەوڵەتی تیرۆریستی ئیسلامی لە عێراق وشام، لەدوای تیکشکاندیان لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزی پێشمەرگە و سپای عیراقەوە، بۆ ماوەیەکی درێژ چونە قۆناغی سڕ بوون و خۆ ڕیکخستنەوەوە. ماوەیەکە و لەدوای خۆرێکخستنەوەیان و دەستوەشاندنیان لە هێزەکانی پێشمەرگە، لێرەولەوێ بەتایبەت سەر سنوری تەماسی ناوچە دابرێنراوە کوردستانیەکان و خاڵی هاوبەشی سوپای عیراق و پێشمەرگە. تیرۆریستانی داعش چالاکی خۆیان بەشێوەی گروپی بچووک و مەفرەزەی پارتیزانی چڕکردوەتەوە. لە ئیستادا جگە لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە گوندنشینانی ناوچە دابڕێنراوەکانی قوڵایی گەرمیان و دەشتی قەراج وبناری چیای موخموریش کەوتوونەتە بەر مەترسی جددی . وەک دەبینن بەداخەوە کەمتر لە یەک حەفتە زیاتر لە٢٠ بیست پێشمەرگەو هاونیشیمانی سڤیل شەهیدو بریندار بوون. بەبێ ئەوەی فەرماندە باڵاکانی وەزارەتی پێشمەرگەو بەرپرسانی حکومەت هیچ بەرنامە وپلانێکی پەرچەکردارییان هەبێت بۆ چارەسەری دۆخەکە. لە هەمووشی کارەساتبار تر هێنانەوەی بڕوبیانو و پاساوی نامنگقی یە کە گوایە (داعش کامیرای شەو- حەراری  هەیە!!).  ئەمە جگە لەوەی عەیبە و شورەییەکی گەورەیە هەموومان ئەزانین کە: یەکەم: هەموو تفاق و کەلوپەلێکی سەربازی بە چەک و ئۆتۆمۆبیلی سەربازی و هەموو جۆرەکانی دوربینی شەو و رۆژەوە، بە موچەی لێوا هاوبەشەکانی پێشمەرگەوە هەر هەمووی لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانانەوە، دابینکراوە. دووەم: سەری زمان و بنی زمانی بەرپرسانی حکومەت و وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەیە گوایە تیرۆریستانی داعش سود لە بۆشایی ئەمنی وسەربازی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق وەردەگرن، کە بەڕاستی ئەمە پاساوهێنانەوەیە بۆ دەستەپاچەیی و نەبونی نەخشەوپلانی وردی سەبازی بۆ پاراستنی ئەمنی نیشتیمانی. ئەگینا کورد دەمێکە وتوویەتی ( ماڵی خۆت قایم بکەو سەگی دراوسێ بەدز مەکە..!) جێکای پرسیارو گومانێکی گەورەیە کە حکومەتی هەرێم بۆچی ناتوانێت، یان نایەوێ سەنگەرکانی پێشەوەی پێشمەرگە قایم وتۆکمە بکات؟  # لێرەدا بە پێویستی دەزانین کە  بەپێی شارەزایی وئەزموونی متوازعانەی  چەند ساڵەی خۆمان  ئەم سەرنجانە  لەبواری سەربازی وپێشمەرگانەدا بخەینە ڕوو بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە، لەپێناوی وەستاندنی خوێنی بەناحەق ڕژاوی ڕۆڵەکانمان بۆچوون وپێشنیارەکانمان بە هەند لێ وەربگرن. ١ – لەبەر ئەوەی هێزی  وڵات پارێزی پێشمەرگە (هێزەکانی پاراستنی هەرێم) زیاتر خۆبەخشە و بە شێوەی تەجنیدی و سیستماتیکی ڕێک نەخراون، پێویستە بە پەلە دوور لە سۆزو وەلائی حیزبی وشەخسی کەسی لێوەشاوەو شیاو بۆ شوێنی شیاو دەستنیشان بکرێت. نەک بە تەسکیەی حیزبی وففتی بە ففتی. ئاخر کارەسەتە لە چواردە لیوا(هاوبەش !!) کەی وەزارەتی پێشمەرگە لە وەزیری پێشمەرگەوە تا دەگاتە ئامر فصیلێک پەنجا بە پەنجا لە نێوان دوو حیزبدا بەش کراون! لە دوای ٣٠ سی سال لە حوکمڕانی خۆماڵی هێشتا جل وبەرگ و روتبەو ڕاتب و نەجمەی سەرشانیشیان یەکنەخراوە! لە بری تێکەڵاوبوون ویەکگرتنەوە تەنیا بە یەک ئاماژەی حیزبی سەنگەر لەیەکتر دەگرن و ئامادەن لە پێناوی حیزب دا!! خوێنی یەکتر بڕێژن. لەکاتێک دا گولەی تیرۆریستان و دوژمنان کوا یەکێتیی و پارتی ئەناسێ! هێزی وا ناتوانی بەبێ زیانی زۆر ڕووبەڕوی دوژمنێکی (عەقائیدی) تیرۆریستی وەکو داعش بوەستێتەوە. ٢ - نابێ وناکرێ مۆبایل جێگای بەشی مخابرەو لاسلکی بگرێتەوەو پێشمەرگە لە نیوەشەدا لەسەنگەری پێشەوەی مەرگ دا سەرگەرمی یاری مۆبایل بێت. لەکاتێکدا ئەگەر هێزی مەشق پێدراوی سەربازی و خاوەن دسپلینی سەربازی بێ، دەبێ لە ڕێی یەک سیستمی پەیوەندی مەرکەزییەوە فەرمان لە فەرماندەکەیانەوە وەربگرن وجێ بەجێێ بکەن.!  ٣ - نابێت پێشمەرگە لە ڕیزی پێشەوە بە چەکێکی سادە لە ڕەبیە و سەنگەرێکی دیاردا بێت و هەرچی چەکی پێشکەوتوی M4 وقەناس و ئۆتۆمبێلی گولە نەبڕ هەیە بەدەستی پاسەوانانی فەرماندەکانەوە بێت لە سەنگەرەکانی پشتەوە، لە ناوشارەکاندا! کاتێکیش کارەساتێک ڕووئەدات، فەرماندەکان خۆیان دەکەن بە پاڵەوانی سەر شاشەکان، بەبێ ئەوەی بەرپرسیاڕێتی شکست و کارەساتەکان بگرنە ئەستۆ، دەڵێن پێویستە ئەمە و ئەوە بکرێ! لەجیاتی ئەوەی بەرپرسیارێتی کەموکوڕی و شکست و قوربانیەکان لەڕوی سەربازی و ئەخلاقیەوە لە ئەستۆ بگرن! # ئەی لە ئێستەدا دەبێ چی بکرێ  بۆ پاراستنی گیانی هێزەکانی پێشمەرگە، کە زۆرینەیان رەنگە لەبەر بێ ئیشوکاری و بۆ ژیانی خۆیان و ماڵ و مناڵیان بوبن بە پێشمەرگە، گرتنەبەری ئەم ڕێوشوێنانە بە گرنگ دەزانین.  نابێ بە بەهانەی دواکەوتنی ڕێکەوتن لەگەڵ عێراق و هاوپەیماندا، پێشمەرگە لەبەردەم گەلەگورگەکانی داعش دا، بەجێ بهێڵن بۆیە گرنگە ئەم ڕێوشوێنە هەنوکەییانە جێ بەجێبکرێن: یەکەم: کاتی خۆی بەعس لە ئەکادیمیای سەربازی، هونەری شەڕی پارتیزانی بە ئەفسەرەکانی دەخوێند بەلام لەزۆربەی شەڕەکاندا، پێشمەرگە لێێ دەبردنەوە چونکە بە عەمەلی فێری شەڕەکان بوبون، جا لەبەر ئەوەی لە ئێستەدا لە کوردستان ئەکادیمایی سەربازی خوێندنی ئەو هونەر و زانستەمان نیە بۆیە گرنگە  ئەو پێشمەرگە دێرینانەی کە تەجروبەی دورودرێژی پێشمەرگانە و خەباتی پارتیزانی و شەڕی پارتیزانیان هەیە، ژورێکی عەمەلیاتیان بەپەلە بۆ دروستبکەن لەژێر سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی وەزیری پێشمەرگە.  دووەم: ژمارەی ئەوانەی تەجروبەی شەڕی پارتیزانیان هەیە، نابێ بکرێ بە فیفتی فیفتی، گرنگ نیە پێشمەرگەی کام حیزب و کام لایەنە، گرنگ ئەوەیە تەجروبەی شەڕی پارتیزانی و ژیانی پارتیزانی هەبێ. سێیەم: وەکو کاری هەنوکەیی، لە ئێستەوە ڕێنمایی بدرێت بە هێزەکان کەلەگەل داعش ڕوبەڕوون، بەرۆژ بەمەفرەزی بچوک بچوک دەوروبەری خۆیان  کێوماڵ بکەن.  چوارەم: وەزارەت سەگی ڕاهێنراویان بۆ دابین بکات، یان ئەگەر لە ئێستەدا سەگی ڕاهێنراویان لەبەردەست دا نیە، با رەبایەکانی پێشمەرگە بۆ خۆیان سەگ، بۆ پاسەوانی شەو ڕابگرن، سەگ لەشەودا وریا و چاوی تیژە و لە مەسافەی دورەوە هەست بە جموجوڵ دەکات، لانیکەم بە وەرینێک دەتوانی پێشمەرگەکان بە ئاگا بهێنێتەوە. پێنجەم: رەبایە و سەنگەرەکانی ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ داعش، تۆکمە بکات چ لە ڕوی ژمارەی پێشمەرگە و چەک و تەقەمەنی چ لە ڕوی خواردنەوە. وەزارەت بە پەلە لەڕیی دابین کردنی درۆن بۆ هێزەکان و خەڵکانی شارەزای بەکارهێنانیان ئامادە بکا و بەسەر سنورەکان دا دابەشی بکات. ئەم درۆنانە دەکرێ بەرۆژ دا لەگەڵ مەفرەزی بچوک بچوکی پارتیزانی دەربچن بۆ کێوماڵکردن و دۆزینەوەی تیرۆریستەکان لەناودۆڵ و شیوو دارودەوەنەکاندا، هێزی فریاکەوتنیش بە چەک و تەقەمەنی پێویستەوە، ئامادە کرابێ، لەکاتی دۆزینەوەیاندا پەلامار بدرێن و لەناو ببرێن. شەشەم: دەبێ حسابی ورد بۆ عەرەبی هاوردە و تەعریب چیەکان بکرێ، کە رەنگە ئەوانە چاوساغیان بکەن، یان دەشێ، بەشێک بن لە گروپی تیرۆریستی داعش. حەوتەم: یەکێ لەو هەڵە کوشندانەی لەکات و دوای پاشەکشەی تیرۆریستەکاندا بە تایبەت لەشەودا، دەکرێ. ئەوەیە هێزەکانی پێشمەرگە لەشەودا دوای تیرۆریستەکان دەکەون، ئەمە هەڵەیەکی ستراتیژی و  تاکتیکی یە و نابێ شتی وا بکرێ چونکە تیرۆریستەکان، دەیان خەنە کەمینی خۆیانەوە. بۆیە نابێ لەکاتی وادا جگە لە بەرگریکردن، نابێ لە تاریکی دا دوایان بکەون. مەگەر پێشتر بە پلانێکی سەربازی (داو) بۆ دوژمن نرابێتەوە. دەبێ پەند لەو هەڵانەی ڕابردوو وەربگیرێن. هەشتەم: ئەم ڕێوشوێنانە دەکرێ وەکو فریاگوزاری سەرەتایی سەیربکرێن، هەتا ئەو کاتەی  هەماهەنگی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سپای عێراق و هاوپەیمانان دەچێتە بواری جێ بەجێکردنەوە. نۆیەم: ئەرکی وەزارەتی پیشمەرگەیە کە خەلکی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە لەوە دڵنیا بکاتەوە، کە ئاخۆ هێزەکانی هاوپەیمانان دوربینی حەراری شەویان داوە بە وەزارەت یان نا؟ چونکە دەنگوباسی ئەوە بڵاوە کە لە عەمبارەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا هەن، یان لای بەرپرسەباڵاکانی هێزە چەکدارەکانە. #  مسکی خیتامی: ئەگەر بمانەوێ هیزە چەکدارەکانی هەریمی کوردستان کە بەپێێ دەستوری عیراق ناویان (هێزی پاسەوانی سنورە) بکەین بە بەشێک لە سیستمی وەزارەتی بەگری عێراقی فیدراڵ هەموو ماف و ئیمتیازێکی سپای عێراق یان لە ڕووی چەک و ڕاهێنان و موچە و ئیمتیازەکانی ترەوە، هەبێ. ئەوە دەبێ پارتی و یەکێتی هەوڵێ دروستکردنی ئەو هێزە بدەن و واز لە میلیشیاکانی حیزب بهێنن و واز لە چاوبەستکردن بهێنن و ئەو لیوا یەکگرتوانە ی لەژێر ناوی (لیوا هاوبەشەکان !!) دا، کە هاوبەشەکان مەبەست هاوبەشی نێوان پارتی و یەکێتیی و (تیراوێێ) پەنجا بە پەنجاکەیە چی تر دەستی دەستی نەکەن و یەک لەشکری یەکگرتووی کوردستانی دابمەزرێ، کە تەنهاو تەنها وەلای بۆ خاک و خەڵکی کوردستان هەبێ.    


مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)   کارل شمیت، تێوریسی ئەزموونی نازیزم لە ئەڵمانیادا، کە ھابرماز بە نووسەرێکی فاشیستی-دینیی ناویدەبات، “clerico-fascist”،  جەوھەری سیاسەت لە توانای جیاکردنەوەی دۆست لە دوژمندا، دیاریدەکات. سیاسەت لای ئەم پیاوە نازییە ئەو کردەیەیە بە ھۆیەوە دۆست لە دوژمن جیادەکرێتەوە، ھاریکایی دۆست دەکرێت و بەگژ دوژمنیشدا دەچێتەوە. ئەم دیدە نازیانەیە بۆ سیاسەت، ئەو دیدە نییە من ساڵانێکی درێژە بەرگریی لێدەکەم، بەڵکو بە پێچەوانەوە من بەرگریی لە دیدی ژنە فەیلەسوفی ئەڵمانی ھانا ئارێنت سیاسەت دەکەم، کە بەدرێژایی خەت دژ بە دیدگای کارل شمیتە. ھانا ئارێنت پێ لەسەر ئەوە دادەگێت سیاسەت کردەی ھاوبەش و پێکەوەیی تاکەکەسەکانە بۆ دروستکردنی ژیانێکی گشتیی ھاوبەش و قبوڵکراو لەلایەن ھەمووانەوە. لەم ڕوانینەدا بیرۆکەکانی ”ھاوڵاتیبوون“ و ”جیاوازیی“ و ”یەکسانیی“ و ”دیموکراسیەت“ و ”پلورالیزم“ بیرۆکەی سەرەکیی و سێنتراڵن. پەیوەندیەکی تایبەتیش ئەم چەمکانە بە چەمکەکانی ”ھاوڕێیەتیی“ و ”ھاریکاریی“ و ”خۆشویستنی جیھان“ەوە گرێئەدات. لە دیدی ھانا ئارێنتدا بۆ سیاسەت مرۆڤ تاکەکەسێکی ئازادە و لەڕێگای گفتوگۆ و بەشداریی عەقڵانییەوە، لەگەڵ کەسانیتردا دونیایەکی ھاوبەش دروستدەکەن و بەڕێوەیدەبەن. شتێک بەناوی جیاکردنەوەی دۆست لە دوژمنەوە لە ئارادا نییە.  ئاشکرایە دیدی باڵادەست بۆ سیاسەت لە دونیای ئێمەدا دیدە ئارێنتییەکە نییە، ئەوەی ئامادەیە ئەو دیدە شمیتیەیە کە لەسەر دابەشکردنێکی شاقوڵیانەی جیھانی دەوروبەر بۆ دۆست و دوژمن کاردەکات.  سیاسەتی کوردیی لە ھەرێمدا، کە سیاسەتێکی سوڵتانیی عەیار ٢٤ ەو بە دەوری پیادەکردنی ڕوانین و وەدیھێنانی خواستەکانی، کۆمەڵێک بنەماڵەی سیاسییدا دەسوڕێتەوە، سیاسەتی جیاکردنەوەی  دۆست لە دوژمن کردەی سەرەکیی ناو ئەو ڕوانینەیە کە بۆ سیاسەت لە ھەرێمدا ئامادەیە. بەڵام ئەم کردەی جیاکردنەوەی دۆست لە دوژمنە لە ھەرێمدا لۆژیکێکی تەواو شێواو و  ترسناک ئاراستەیدەکات، کە چاوەڕوانی ھیچ شتێکی باشی لێناکرێت.  بە بۆچونی من لەمڕۆکەی سیاسەتی ھێزە سوڵتانییەکانی ھەرێمدا ڕوانین بۆ دوژمن و دەستنیشانکردنی ئەوەی کێ دوژمنە، دوو گۆڕانی سەرەکیی بەسەرداھاتوە.  یەکەمیان بەدۆستکردنی ئەو ھێزە ئیقلیمییە نادۆستانە و درێژکراوە ناوەکییەکانین، کە بکەری ژمارە یەکی دروستکردنی بڕێکی زۆری ئەو کارەساتە گەورانەن لە سەدەی بیست و ئەم سەدەیەشدا بەسەر میلەتی ئێمەدا ھاتوە.  لە پێش ھەمووانیشەوە کارەساتی ”بە کەمینەکردن“ لەناو چوارچێوە فەرمیەکانی چوار دەوڵەتی نەتەوەیی دەسەڵاتگەر و ستەمگەری تازەدروستکراوی ناوچەکەدا. دوای ئەوەش کارەساتی بە ”بە ئەمنییکردن“ی داخوازییە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کولتورییە سادەکانی ئەم میلەتە، لە ھەر یەکێک لەو بەشانەدا و وەڵامدانەوەی سەربازیی و ئەمنیانەی بەو داخوازیانە. (بێگومان بە پلە و ڕادەی جیاواز لە ھەریەکێک لەو وڵاتانەداا. دۆخی عێراق لە دوای ٢٠٠٣ گۆڕانی گەورەی بەسەرداھاتوە و تەواو جیاوازە لە دۆخی وڵاتەکانی دیکە). بە مانا شمیتیەکەی دەبوایە تورکیا و ئێران و سوریا سەر بەو چەمکی ”دوژمن“ە بن، کە مافە ھەرە سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستان و گروپە ئەتنییەکانی تریش، لەووڵاتانەدا، ناسەلمێنن. دەبوایە سیاسەتەکانیان لەناو وڵاتەکانی خۆیان و لە ناوچەکەشدا وەک سیاسەتی نادۆست ببینرایە و وەک سایسەتی نادۆستیش، مامەڵەبکرایە. بێگومان ئەمە مانای پەلاماردان و بەگژاچوونەوەی ئەو وڵاتانە ناگەیەنێت، بەڵکو مانای بونیادنانی ئەو لۆژیکە سیاسییەی کە تیایدا بکرێت دۆست و نادۆستی مەسەلە سەرەکییەکانی میلەتی ئێمە لەیەکدی جیابکرێتەوە و وەک ژێرخانێکی ئەخلاقیی و عەقڵانی ئاراستەی کردەی سیاسیی بکات. ئەوەی لە ھەرێمدا ئامادەیە ڕێک پێچەوانەی ئەم دۆخەیە.  دۆستی ھەرە گەورەی بنەماڵە سوڵتانییەکان، ئەو ھێزە ئیقلیمییە نادۆستانەن کە ئامادەنین سادەترین مافی دانیشتوانە کوردەکانی خۆیان، مافی زۆرێک لە کەمینەکانی تریش، بسەلمێنن. نەک ھەر ئەمە بەڵکو سەرجەمی شێوە ئازاد و سەربەخۆکانی کوردبوونیش، لە ھەر شوێنێکی جیھاندابێت، وەک ھەڕەشەی گەورە بۆسەر خۆیان وێنادەکەن و سەرجەمیان وەک ”دوژمن مامەڵەدەکەن. تورکیا بۆ پارتی و ئێران بۆیەکێتی ”دۆست“ی ستراتیژین و لە زۆر ساتیشدا ئەوەی ئەم دوو ھێزە دەجوڵێنێت خواستی ئەو دوو دەوڵەتە ئیقلیمیەن.  دووھەمیان، بەدوژمنکردنی سەرجەمی ئەوکەس و لایەن و گروپ و ھێز و بەشە ناوکییانەی کۆمەڵگای کوردستانی خۆی، کە ناڕازین بەرامبەر بەوەی لە ھەرێمەکەدا ڕووئەدات، چونکە ئەوەی ڕووئەدات، گرفتی گەورە و ھەمەلایەنیان بۆ دروستدەکات، لە پێش ھەمووانیشەوە نەتوانینی دابینکردنی ژیانێکی سادەی مافپەروەر و کەرامەتپارێزاراو. ئینجا مۆنۆپۆڵکردنی ھەموو شتێکی مانادار لە ھەرێمەکەدا بۆ ئەندامان و منداڵان و دۆستانی بنەماڵە سوڵتانییەکان. کاتێکش بەرامبەر بەم واقیعە مێژووییە تاریکە لە چەندان ناوچەی ھەرێمەکەدا ناڕەزایی دەردبڕدرێت،  ناڕەزایی خوێنداکاران، فەرمانبەران، کەس و کاری ڕۆژنامەنووس و چالاکەوانە زیندانیکراوەکان، یاخود کاتێک بەشێکی دانیشتوان بەشێوەیەکی دەستەجەمعی سەرھەڵدەگرن و دەچنە سەر سنووری وڵاتانی تر بۆ دەربازبوون لەم ھەرێمە سوڵتانییە، ماشێنە میدییایە ئاراستەکراوەکەی ئەم ھێزانە، سیاسیی و ناسیاسییە گەورە و بچووکەکانیان، دێنەقسە و سەرجەمی ئەو کاردانەوانە وەک ”پیلان“ و ”ڕق“ و ”گێچەڵ“ دەبینن و ”دەستی دەرەکیی“ بە جوڵاندن و ڕوودانیان، تۆماردەکەن. کەسێکیان بوێریی ئەوەی تێدانییە بۆ ساتێکیش بێت، لۆژیکی حوکمڕانییە خێزانییەکە و سیاسەتە کارەساتاوییەکانی تاوانباربکات و بە ھۆکاری دروستبوونی ئەو دۆخەی بزانێت. لێرەدا، لە ھەرێمدا، ئەوەی کە بە لۆژیکە شمیتیەکەی دەبێت ”دۆست“بێت، لای ئەم حوکمڕانانە گۆڕاوە و دەگۆڕێت بۆ دوژمن. بە کورتییەکەی ئەوەی لە ھەرێمدا ڕووئەدات پێچەوانەکردنەوەیەکی تەواوی دوو جەمسەرە سەرەکییەکەی جیاکردنەوەی دۆست لە دوژمنە. ئەوەی دوژمن و نادۆستە گۆڕاوە بۆ دۆست و ئەوەشی پێویستە و دەبێت دۆست بێت، کراوە بە دوژمن. ئەم لۆژیکە لەیەککاتدا ھەم لۆژیکی ڕقبوونەوەیە لە خود، واتە لۆژیکی خودنەفرەتییە، ھەم لۆژیکی تەماھیکردنێکی تەواویشە لەگەڵ دوژمن و نادۆستدا.  ئەو ھەواڵانەی لەم چەند ڕۆژی دواییدا لەسەر شەھیدکردنی چەندان پێشمەرگە لەلایەن داعشەوە و بریندارکردنی چەندان خوێندکاریش لە خۆپیشاندانەکاندا، بیستمان، سەر بەم لۆژیکە پێچەوانەیەی جیاکردنەوەی دۆستە لە دوژمن. بەرامبەر بە داعش ھێزەکان ئەمری تەقەکردنیان پێنییە، بەڵام بەرامبەر بە خوێندکاران ئەمری تەقەکردن و لێدان و گرتنیان پێیە. داعش بەبەردەمیاندا تێدەپەڕێت و ئەوان ھیچ  کاردانەوەیەک نیشاننادەن، بەڵام دەیان بۆمبای دووکەڵھێن فڕێئەدەن ناو زانکۆکانەوە و قوتابیانی کچ و کوڕ بریندار و بێھۆشدەکەن. ئەم لۆژیکی بە دوژمنکردنی دۆست و بە دۆستکردنی دوژمنە، یەکێک لە ڕووکارە ھەرە ھەرە خراپ و ترسناکەکانی سیاسەتمەداران و حوکمڕانانی ھەرێمە.


درەو: ئامادەکردنی: ئەنوەر کەریم داهاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی  تشرینی دووەمی ساڵی 2021 (922 ملیار و 323 ملیۆن) دینارە، بە جۆرێك (538 ملیار) دیناری داهاتی نەوت (164 ملیار) دینار داهاتی ناوخۆ، (200 ملیار دینار) پارەی بەغداد (20 ملیار) دینار پارەی هاوپەیمانان •      پوختە داهاتی نانەوتی •    داهاتە نانەوتیەکانی هەرێم  بۆ مانگی تشرینی دووەم = (164 ملیار) دینارە •    یارمەتی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە = (20 ملیار) دینارە •    پشکی هەرێم لە بەشە بودجەی عێراق = (200 ملیار) دینارە  داهاتی نەوت •    هەرێمی کوردستان  لە مانگی تشرینی دووەمی (2021)دا  بڕی (12 ملیۆن و 711 هەزار 350) بەرمیل نەوتی هەناردەکردوە لە ڕێگای  بەندەری جیهانی تورکیاوە. •    تێکڕایی نرخی نەوتی برێنت  بۆ مانگی  تشرینی دووەم (81.54) دۆلارە.  •     لەبەرئەوەی هەرێم نەوتەکەی بە (12) دۆلار کەمتر دەفرۆشیت، واتە تێکڕا نەوتی بە (69.54) دۆلار فرۆشتووە. کەواتە: (12 ملیۆن و 711 هەزار 350) بەرمیل  X (69.54) دۆلار = (883 ملیۆن و 947 هەزار  و 279) دۆلار. واتە بە دینار دەکاتە: (883 ملیۆن و 947 هەزار  و 279) دۆلار X (1450) دینار = (1 ترلیۆن 281 ملیار و 723 ملیۆن و 554 هەزار 550) دینار. •    بەپێی ڕاپۆرتی دیلۆیت (58%)ی داهاتی نەوت خەرجی تێچوونەکەتی و (42%) دەمێنتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان. -    کەواتە: (883 ملیۆن و 947 هەزار  و 279) دۆلار  X (58%) = (512 ملیۆن و 689 هەزارو 422) دۆلار دەڕوات بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت. واتە بەدینار دەکاتە: (512 ملیۆن و 689 هەزارو 422) دۆلار X ((1450 دینار = (743 ملیار و 399 ملیۆن و 661 هەزار و 639) دینار خەرجی نەوتە. -    (883 ملیۆن و 947 هەزار  و 279) دۆلار  X (42%) = (371 ملیۆن و 257 هەزارو 857 ) دۆلار داهات دەمێنێتەوە. داهاتی نەوت بە دینار دەکاتە: (371 ملیۆن و 257 هەزارو 857) دۆلار X (1450) دینار= (538 ملیار و 323 ملیۆن و 892 هەزار و 911) دینار. کۆی داهات لە مانگی تشرینی دووەم 2021 (دینار) •    (538 ملیار و 323 ملیۆن و 892 هەزار و 911) داهاتی نەوت + (164 ملیار) داهاتی ناوخۆ + (20 ملیار) هاوپەیمانان + (200 ملیار) پارەی بەغدا = (922 ملیار و 323 ملیۆن و 892 هەزار و 911) دینار


درەو: وەزارەتی خوێندنی باڵا سەرۆكی زانكۆكانی دەڤەری سلێمانی دەگۆڕێت كە بەشێكیان ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە لەو پۆستەدان و لە قۆناغی داهاتووشدا سەرجەم راگرەكان و ئەوانەی ماوەی یاساییان تەواوبووە دەگۆڕێت. وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی پۆستی سەرۆكی زانكۆكانی ( سلێمانی، پۆلیتەكنیك، چەرمۆ، راپەڕین) دەگۆڕێت و داوای سڤی دەكات بۆ پڕكردنەوەی شوێنەكانیان. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) وەزارەتی خوێندنی باڵا لەدوای گۆڕینی سەرۆكی زانكۆكانی دەڤەری سلێمانی سەرجەم راگر و ئەو كەسانەش دەگۆڕێت كە زیاتر لە چوار ساڵ لە پۆستەكانیاندا ماونەتەوەو ماوەی یاساییان تەواو بووە.   وەزارەتی خوێندنی باڵا پۆستی ژمارەیەك سەرۆك زانكۆ ڕادەگەیەنێت وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە چوارچێوەی ڕێنماییەكاندا پۆستی (٤) سەرۆك زانكۆ و (سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ خوێندنی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی) ڕادەگەیەنێت، كە پۆستەكان بریتین لە: 1) سەرۆكی زانكۆی سلێمانی 2) سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی 3) سەرۆكی زانكۆی ڕاپەڕین 4) سەرۆكی زانكۆی چەرمو 5) سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ خوێندنی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاشیدەگەیەنێـت: هەر كەسێك ئارەزوی هەیەو مەرجەكانی تێدایە، دەتوانێت لە ماوەی دیاریكراودا (C.V) و داواكارییەكەی پێشكەش بكات، تا ناوی لە لیستی پێشكەشكاراندا تۆمار بكرێت. مەرجەكان بۆ پۆستی سەرۆكی زانكۆ: - هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا بێت . - نازناوی زانستی لە پرۆفیسۆری یاریدەدەر كەمتر نەبێت. - خزمەتی لە (10) ساڵ كەمتر نەبێت. مەرجەكان بۆ سەرۆكی دەستی كوردستانی بۆ خوێندنی ستراتیژی و توێژینەوەی زنستی: - هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا بێت لەیەكێك لەبوارەكانی زانستی. - نازناوی زانستی لە پرۆفیسۆر كەمتر نەبێت. تێبینیەكان: • ئەو بەڕێزەی داواكاری پێشكەشدەكات باشترە دیدو بۆچون و بەرنامەی كاری خۆی پێشكەش بكات بەمەبەستی بەرەو پێش بردنی زانكۆكەی بۆ ئەو چوار ساڵەی كە لە پۆستەكەی بەردەوام دەبێت، هەروەها زانینی زمانی ئینگلیزی و شارەزایی لە بەكارهێنانی تەكنۆلۆجیای بواری خوێندن و فێركردن و كارایی بڵاوكردنەوەی توێژینەوەی زانستی هەلی زیاتر بۆ پێشكەشكار دەڕەخسێنیت. • دواین كات بۆ پێشكەشكردنی (C.V) و پوختەی ڕاژە، تاكو كۆتایی دەوامی فەرمی ڕێكەوتی (2021/12/12) ڕۆژی (یەكشەمە) دەبێت. • هەر بەڕێزێك ئارەزوی هەیەو مەرجەكانی پێشكەشكردنی هەیە، دەتوانی (C.V) و پوختەی ڕاژەو لیستی هەمو توێژینەوە بڵاوكراوەكان لە گۆڤاری زانستی مەحكەم ڕاستەوخۆ بۆ بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچونی پۆستەكان لە دیوانی وەزارەت لە ڕێگەی ئەم ئیمێڵە ([email protected]) بنێرێت.  


(درەو):  رۆژی هەینی ئەم هەفتەیە لەسەر سنوری روسیا‌و ئۆكرانیا رۆژێكی ئارام نەبوو، بەپێی قسەی بەرپرسانی ئۆكرانیا" هێزە داگیركەرەكانی روسیا" رێككەوتنی ئاگربەستیان لەو رۆژەدا (6 جار) شكاندووە.  ئەم بەریەككەوتن‌و پێشێلكارییان نوێ نین، ماوە لەدوای ماوە روودەدات، بەڵام شتە مەترسیدارەكە كە هەموان هۆشداری لەبارەوە دەدەن ئەوەیە، جەنگێكی گشتگیر لەنێوان روسیا‌و ئۆكرانیا رووبدات، بەتایبەتیش كە چەند ساڵێكە ناكۆكییەكی توند لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە.  ئێستا وڵاتانی خۆرئاواو ئۆكرانیا دەڵێن، روسیا هێزی سەربازی گەورەی لەسەر سنور كۆكردوەتەوە‌و ئامادەكاری بۆ جەنگ دەكات، بەڵام روسیا ئەم قسەوباسانە رەتدەكاتەوە.  رۆژی هەینی ئۆلێكسی ریزنیكۆڤ وەزیری بەرگری ئۆكرانیا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەیدا رایگەیاند، روسیا زیاتر لە (94 هەزار) سەربازی لە سنوری ئۆكرانیا كۆكردوەتەوە.. هەواڵگری ئێمە شیكاری بۆ هەموو سیناریۆكان، لەنێویشیاندا خراپترین سیناریۆ دەكات، رەنگە لە كۆتایی مانگی داهاتوودا روسیا هێرش بكات".  رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمریكی لەزاری دەزگای هەواڵگری ئەمریكاوە بڵاویكردەوە، كرملن ئامادەكاریی بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو لەچەند بەرەیەكەوە هێرش بكات.  بەپێچەوانەی خەمڵاندنی ئۆكرانیا، هەواڵگریی ئەمریكا پێیوایە روسیا تەنیا نزیكەی (70 هەزار) سەربازی لەسەر سنور كۆكردوەتەوە، بەڵام پێشبینی ئەوە دەكات ئەم ژمارەیە بۆ (175 هەزار) سەرباز زیاد بكات.  لەبەرامبەردا روسیاش دەڵێ ئۆكرانیا هێزێكی سەربازی زۆری لەناوچەی (دونباس) لەسەر سنور كۆكردوەتەوە. چاودێران بۆچونی جیاوازیان هەیە لەبارەی نیازی راستەقینەی روسیا لەم جموجوڵە سەربازییانە، هەندێك دەڵێن سەرۆك ڤلادیمیر پۆتن بڕیاری خۆی لەبارەی شەڕەوە یەكلاكردوەتەوە، هەندێكی تر پێیانوایە بابەتەكە پەیوەندی بە هەندێك هۆكاری ناوخۆی روسیاوە هەیە لەوانە پەردەپۆشكردنی دۆسییەی ئەلێكسی ناڤالنی رێبەری ئۆپۆزسیۆن، لەسەر ئاستی دەرەوەش روسیا دەیەوێت بڕیاری ڤلادیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا‌و وڵاتانی خۆرئاوا تاقی بكاتەوە. هەندێكی تر پێیان وایە روسیا تەنیا ئۆپراسیۆنێكی سەربازی سنوردار لەناوچەی (دونباس) ئەنجام دەدات، بەوپێیەی روسیا پێیوایە ئۆكرانیا لەم ناوچەیە پرۆسەی پاكتاوی رەگەزیی ئەنجام دەدات.  تۆڕی (سی ئێن ئێن) دەڵێ، ئەمریكا‌و پەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) پێیانوایە جێگیربوونی هێزەكانی روسیا لەسەر سنوری ئۆكرانیا، لەم چەند هەفتەی دوایدا "ناسروشتییە".  مانگی (نۆڤێمبەر)ی رابردوو، مانگە دەستكردەكان جموجوڵی ئامێری سەربازی گەوریان لە بنكەیەكی راهێنان بەدی كردووە، كە نزیكەی (300 كیلۆمەتر) لە سنوری ئۆكرانیاوە دورە، ئەو كەلوپەلانەی كە روسیا رەوانەی سنوری كردوون بریتی بوون لە زرێپۆش‌و تۆپهاوێژ‌و تانكی جەنگی.  سەرباری ئەم قسەوباسانە، هێشتا زانیاری پێویست لەبەردەستدا نییە كە بانگەشەی وڵاتانی خۆرئاوا لەبارەی ئەگەری هێرشی روسیا بۆسەر ئۆكرانیا بسەلمێنێت.  زۆرینەی بنكە سەربازییەكانی روسیا دەكەونە خۆرئاوای وڵاتەوە، ناوچەیەك كە روسەكان لەڕووی مێژووییەوە پێیانوایە مەترسی بۆسەر وڵاتەكەیان لەم ناوچەیەوە دێت.  رۆژی 1ی ئەم مانگە، روسیا مانۆڕێكی سەربازی زستانەی لە نزیك سنوری ئۆكرانیا راگەیاند، نزیكەی (10 هەزار) سەرباز بەشدارییان تێدا كرد، ناوەڕاستی مانگی مارسی رابردووش روسیا سێ مانۆڕی سەربازی گەورەی لەسەر سنوری ئۆكرانیا ئەنجامدا.  لەسەرەتای ئەمساڵەوە لەناوچەی (دونباس) شەڕ لەنێوان ئەو هێزە ئۆكرانیانەی كە روسیا پاڵپشتییان دەكات لەگەڵ هێزەكانی سوپای ئۆكرانیا بەردەوامە‌و تادێت توندتر دەبێتەوە.  ئاژانسی فەرمی هەواڵەكانی ئۆكرانیا باسی لەوەكرد، روسیا رۆژی هەینی چەكی پێشكەوتووی بەكارهێناوە، جۆرە چەكێك كە بەكارهێنانی لەناوچەی (دونباس)ی خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا بەگوێرەی رێككەوتنی ئاگربەست كە شەش ساڵ لەمەوبەر لە مینسك ئیمزاكراوە، قەدەغە كراوە. ئەم قسانە لەكاتێكدا دەكرێن كە رێككەوتنی ئاگربەست لەناوچەكە چەندینجار لەلایەن هەردوولاوە پێشێلكراوە.  لەسەرەتای ئەمساڵەوە، ئاستی پێكدادانی نێوان جوداخوازەكان كە روسیا پشتیوانیان دەكات لەگەڵ هێزەكانی ئۆكرانیا لەناوچەی (دونباس) زیادی كردووە، بەجۆرێك هەندێكجار بەهۆی تەقەی هێزەكانی روسیاوە سەربازانی ئۆكرانیا كوژراون.  شەڕی نێوان روسیا‌و ئۆكرانیا لە ساڵی 2014وە دەستی پێكردووە، ئەم شەڕە بوو بەهۆی كوژرانی زیاتر لە (13 هەزار) كەس، ئەمەش دوای راپەڕینێكی جەماوەریی كە لە كیێڤ رویدا‌و بوو بەهۆی لادانی سەرۆكی وڵات، بەدوای ئەمەشدا روسیا نیمەدورگەی (كریمیا)ی خستە سەر خاكی وڵاتەكەی كە بەشێك بوو لە خاكی ئۆكرانیا.  لە ئەگەری روودانی شەڕو هێرش بۆ سەر ئۆكرانیا، ئەمریكا هەڕەشەی زیادكردنی سزائابورییەكانی دەكات لەسەر روسیا.  


گفتوگۆی: درەو "چەكدارانی داعش بە ئاشكرا لە چیای قەرەچوغن، نە سوپای عێراق و نە لیوای 14ی سەربە سیروان بارزانی تەقە لە داعش ناكەن، چەكدارانی داعش بە رێككەوتن لەوێن و پارتی بە ئاشكرا هاوكاریان دەكات و بەریداونەتە خەڵكی، چەكدارانی داعش بەناو رەبیەكانی پێشمەرگەدا هاتوون بۆ گوندی خدرجیجە" ئەمە وتەی غازی فەیسەڵ فەرماندەی پێشمەرگەی خۆبەخش و كارگێڕی مەڵبەندی قەرەچوغی یەكێتیە. غازی فەیسەڵ كە بەوتەی خۆی ناوچەكە بەتەواوی شارەزایەو چەندین ساڵە شەڕی داعش دەكات لەوێ‌، لە گفتوگۆیەكی (درەو)دا وردەكاری روداوەكەی خدر جیجەو پەلامارەكانی داعش لەو سنورە دەخاتەڕوو: دەقی گفتوگۆكەی (غازی فەیسەڵ) فەرماندەی پێشمەرگەی خۆبەخش و كارگێڕی مەڵبەندی (20 )ی قەرەچوغی یەكێتی: ماوەی چەند ساڵێكە لەوناوچانە شەڕی داعش دەكەم شارەزای تەواوی ناوچەكەم و ئاگاداری تەواوی جموجوڵەكانی داعشم لەو ناوچانە. دەیان بەڵگەم لەبەردەستە كە برادەرانی پارتی لە چیای قەرەچوغ هاوكاری و یارمەتی چەكدارانی داعش دەكەن، بەئاشكرا لە خەڵكیان بەرداون و نان و ئاویان دەدەنێ، دەیان بەڵگەم داوەتە دەزگا ئەمنییەكان و تەنانەت هاوپەیمانانیش. شاخی قەرەچوغ درێژیەكەی (25 بۆ 30 ) كیلۆمەترە بەرزیەكەی بەژنی كورتە (800) مەترە، شاخێكی ئاسان و سەهلەو سەخت نیە تا نەتوانرێت بەسەر چەكدارانی داعشدا زاڵ بین. شاخی قەرەچوغ دیوی لای مەخمور ناحیەی قەراجە دیوی لای خدر جیجە بەلای هەولێرەوە ناحیەی دیبەگەیەو ناوچەی كەندێناوەیە، ئەم ناوچەیە لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدایە، شاخی قەرەچوغ دیوی لای قەراج تەختانیەكەی نەك چیایەكەی لەژێر كۆنترۆڵی سوپای عێراقە، سەر شاخی قەرەچوغیش هێزی پێشمەرگەو لیوای 14ی لێیە كە سەربە سیروان بارزانیە، لێناگەڕێن هیچ هێزێكی دیكە تێكەڵیان بێت. گوندی خدر جیجە ئەو گوندەی كە شەوی رابردوو چەكدارانی داعش چەندین هاوڵاتی و پێشمەرگەیان تێدا شەهید كرد، سەربە ناحیەی دیبەگەیە لە دیوی هەولێری چیای قەرەچوغ، واتا لە سنوری ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەیە، بەپێی زانیارییەكانی من، چەكدارانی داعش بەناو رەبیەكانی پێشمەرگەدا هاتوون بۆ گوندەكان، رەبایەكانیش هەموویان لێك نزیكن، گوندی خدر جیجە دەكەوێتە دامێنی چیای قەرەچوغ كە زیاتر لە (35 ) رەبیەی لیوای 14ی سیروان بارزانی لێیە، ناوقەدی شاخەكەش چەكدارانی داعشی لێیە، بە ئاشكرا‌و بە ئیسراحەت دەسورێنەوەو دەردەكەون و چالاكی خۆیان دەكەن و شەوانە دەچنە گوندەكان. لە نێوان گوندی خدر جیجەو سەر شاخەكە داعشی لێیە، بەتەنیش رەبیەكانی پێشمەرگەدا هاتوچۆ دەكەن و مەرحەبای یەكدیش دەكەن، خۆم قسەم لەگەڵ پێشمەرگەكان كردووە، ئەوان دەڵێن پێیان وتووین نابێت یەك تەقە لە چەكدارانی داعش بكەن، چەندین جار هاوپەیمانانم ئاگاداركردووەتەوە بەتایبەت فەرەنسی و ئەمریكیەكان، فەرەنسییەكان توندن بەرامبەر بە داعش بەڵام ئەمریكیەكان لوعبەی دەكەن. چەكدارانی داعش شەو درەنگ دەچنە سەر گوندی خدر جیجە، پێدەچێت بۆ بارمتە گرتن و پارە سەندن چوبێتن، بەڵام كاتێك خەڵكی گوندەكە لێیان دێنە دەست، ئیتر شەڕ دروست دەبێت، هەشت بۆ نۆ پێشمەرگە لە مزگەوتی گوندەكەبوون (ئەوان سەر بە لیوای 14 نین، لە هەر گوندەو گروپێك پێشمەرگەیان دروستكردوە بۆ پارێزگاری لە گوندەكان) ئەوان بە ئۆتۆمبێل دەچن بە هاواری تەقەكانەوە، بەرلەوەی داببەزن داعش تەقەیان لێدەكەن یەك پێشمەرگە شەهید دەكەن و سیانیشیان بریندار دەكەن، لە كاتی گواستنەوەی بریندارەكان بۆ هەولێر، ئۆتۆمبێلە مێك زەمینیەكەیان وەرگەڕاو دوو پێشمەرگەی برینداریش شەهید دەبن، دواتر هێزێكی تایبەتی سەربە لیوای هەولێر دەچن بۆ گەڕانی ناوچەكە، دەكەونە كەمینی داعشەكانەوەو لێیان دەدەن و هەموویان شەهید دەكەن، لەم هەموو شەڕەدا لیواكەی سیروان بارزانی كە (35) رەبیەیان لەسەر چیای قەرەچووغەو لەناوچەی شەڕەكەن، یەك تەقە ناكەن و نایەن بەدەم خەڵك و پێشمەرگەكانەوە.  ئەو لیوایەی (14) سەر شاخی قەرەچوغ بۆخۆیان نایەنە خوارەوە، گوندەكانیان بە هەندێك خەڵكی ناوچەكە سپاردووەو فەوجێكیان بۆ كردوونەتەوە، هەربۆیە لە كاتی شەڕەكەدا تەنیا ئەو پێشمەرگانە شەڕیان كرد كە سەربەو فەوجانەن كە دروستیان كردوون.  من چەندین ساڵە لە ناوچەكەم شەڕی داعش دەكەم، دەزانم ئەوان لە كوێن و چی چەكێكیشیان پێیە، كڵاشینكۆف و ئاربیجی و ئێم فۆریان پێیە، ئەو چەكە حەراریانەش كە بەكاریان دێنن، ئەو ئێم فۆرانەیە كە لە هەولێر و سلێمانی دەیكڕن و دووربینی حەراری دەخەنە سەری كە هەردانەیەكی بە (80) وەرەقەیە.. چیای قەرەچووغ بە دیوی دیبەگەو كەندیناوە پێشمەرگەی لێیەو لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم و پێشمەرگەدایە، بەدیوی مەخمورو قەراجدا لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقدایە و سوپای عێراقی لێیە، لە دیوی سوپای عێراقەوە پێشتر فیرقەی سێ لەوێ بوون، سوپای عێراق كە زۆربەیان سونەیە وەزیری بەرگری كە جبوریەو خەڵكی قەراجە ماڵی لە هەولێرە زۆربەی كەسە نزیكەكانی داعشن، برایەكیشی لەسەر ئەوەی داعش بووە ئێستا لە زیندانە، ئەو فیرقەیەی سوپای عێراق كە لە مەخمورە، ئەوانیش هەموو سونەن و ماڵی فەرماندەی فیرقەكەش لە هەولێرە بە رێككەوتن ئەو داعشانە لەوێن كەسیان تەقە لە داعش ناكەن نە سوپای عێراق و نە لیواكەی سیروان بارزانی.   یەكێتی لەوناوچەیە هێزی نیە، بەڵام من بۆخۆم چەند كەسێكم لەگەڵەو ناوماناوە هێزی خۆبەخش و چەندین جار لەگەڵ هاوپەیمانان و سوپای عێراقی دانیشتنم كردووەو پەیوەندیم باشەو كۆبونەوەم هەیە. هەموو كەسێكی ئەو ناوچەیە دەزانێت كە چۆن هاوكاری داعش دەكرێت، چەند بە ئاشكراو بە بێ ترس لەناوچەكەدا دەسوڕێنەوەو بە بەردەم رەبیەكانی پێشمەرگەدا هاتووچۆ دەكەن، لە هەندێك ناوچەی چیای قەرەچوغ بارەگای پێشمەرگەو بارەگاو شوێنی مانەوەی داعش چەند سەد مەترێك لەیەكەوە دوورە، تا ئێستا چەكدارانی داعش یەك تەقەیان لەو رەبیەیانە نەكردووەو بەبەردەمی رەبیەكاندا هاتوچۆ دەكەن و لە رەبیەكانیشەوە یەك تەقە لە چەكدارانی داعش نەكراوە، ئەو پێشمەرگانەشی شەهید بوون هیچیان سەربەو لیوایەی سیروان بارزانی نین كە لیوای (14) یەو لەسەر شاخی قەرەچوغ (35) رەبیەیان هەیە. بۆچی كەس ناپرسێت ئەو چەكدارانەی داعش دوای پەلامارەكە بۆ كوێ چون؟ كە چەندین كیلۆمەتر لەولای گوندی خدرجیجەوە هەر پێشمەرگەی لێیە، ئەی لەكوێوە هاتن و بۆ كوێ چون؟       


درەو: راپۆرتی كەركوك ناو  كوڕەكانی ئیسماعیل خەلیل، لەسەربانی خانووەكەیاندا لە گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچوغ سەنگەریان گرت، كاتێك هەواڵی هێرشی ژمارەیەك چەكداری داعش گەیشتە گوندەكەیان. كوڕە گەورەكان دەستیان بە وەڵامدانەوەی تەقەی چەكدارانی داعش كرد و بەرزانی 11 ساڵیش فیشەكی بۆ دەبردن. نزیك كاتژمێر 10ی شەوی پێنجشەممە 2ی كانونی یەكەم، چەكدارانی داعش هێرشیانكردە سەر گوندی خدر جیجەی سەر بە قەزای مەخمور، خەڵكی گوندەكە و ئەو پێشمەرگانەشی كە لە خاڵێكی سەربازیدا لەناو گوندەكە جێگیركرابون پێكەوە وەڵامی هێرشەكانی داعشیان دایەوە. یەكێك لە كوڕەكانی ئیسماعیل خەلیل، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەركە دەست بە تەقەكردن كرا، چەكمان هەڵگرت و چوینە سەر بانی ماڵەكە و سەنگەرمان لێگرتن، بە هەموو جۆرە چەكێك تەقەمان لێدەكرا، كڵایشنكۆف، قەناس تەنانەت ئاڕپی چی-یش، تا توانامان هەبوو بەرگریمان كرد، دوو برام لە تەنیشت خۆمەوە كەوتن، بە چەكی قەناس پێكران، فیشەكم پێنەما... هاوارمكرد بەرزان فیشەك بێنە". بەرزان (11 ساڵ)، بەدەم هاواری براكەیەوە دەچێت و فیشەكەكان لە ژورەوە هەڵدەگرێت و بەرەو سەربان رادەكات. "گەیشتە سەر پەیژەكە و بەرلەوەی بگاتە سەربان كەوت"، بەرزان پارچەیەك فیشەكی ئاڕ پی چی بەركەتوو بەهۆیەوە گیانلەدەستدا. ئەوە سێیەم كوڕی ئیسماعیل خەلیل بوو كە لەو روداوەدا گیانلەدەستبدات. بەرزان ئیسماعیل خەلیل (11ساڵ) لە هێرشەكەی داعش بۆ سەر گوندی خدر جیجە لە سنوری مەخور گیانیلەدەستدا لەگەڵ سەنگەرگرتنی كوڕەكانی ئیسماعیل خەلیل، پێشمەرگەكانی ناو گوندەكەش - لەناو مزگەوتی  گوندەكە جێگیربون - لەو شەڕەدا پێشمەرگەیەكیان بەچەكی قەناس پێكراو دەستبەجێ گیانیلەدەستدا. هەروەها سیانی تریش برینداربون. سەرچاوەیەک لە هێزەكانی پێشمەرگە لە سنوری چیای قەرەچوغ، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەکاتی گواستنەوەی سێ بریندارەکە بۆ نەخۆشخانە، لە رێگا ئۆتۆمبێلەكە توشی روداوی هاتوچۆ دەبێت و بەهۆیەوە پێشمەرگەیەك گیانلەدەستدەدات... بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی-ش یەكێكی تر لە بریندارەكانی ئەو شەڕە كۆچیی دوایكرد". بەوەش كۆی قوربانییەكانی گوندی خدر جیجە دەبێتە شەش كەس. دوای روداوەكە، هێزەكانی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی لە بناری چیای قەرەچوغ ئەنجامدەدەن، بە ئامانجی راوەدونانی چەكدارانی داعش. عەقید نەجات خولە، فەرماندەیەكی هێزەكانی پێشمەرگە لەو ناوچەیە بە (كەركوك ناو)ی وت "ئۆتۆمبێلێكی هێزەكانی پێشمەرگە لەكاتی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا دەكەوێتە بۆسەی چەكدارانی داعش و بە داخەوە حەوت كەس شەهید دەبن". كۆی ژمارەی كوژراوەكانی شەوی رابردوی مەخمور، دەبێتە 13 كەس، بەڵام وەزارەتی پێشمەرگە بەیانی ئەمڕۆ هەینی لە دواین راگەیەنراویدا تەنیا ئاماژەی بە كوژرانی حەوت پێشمەرگە و سێ مەدەنی كردووە. عەقید نەجات خولە جەختیكردەوە "ئەو مەفرەزەیەی پێشمەرگە كە كەوتنە بۆسەی چەكدارانی داعشەوە، ویستبویان رێگریی بكەن لە دەربازبونی ئەو چەكدارانەی داعش كە هێرشیان كردبووە سەر گوندی خدر جیجە". "خۆم لە نزیك شوێنی روداوەکە بوم لە گوندی نازی کاند، بۆسەکە لەڕێی بۆمبێکی چێنراوەوە بوو". زنجیره‌ چیای قه‌ره‌چوغ، له‌ رۆژهه‌ڵاتی قه‌زای مه‌خمور و باشوری خۆرهه‌ڵاتی پارێزگای نه‌ینه‌وا، ناوچەیەكی تاڕادەیەك سەخت و زنجیرە چیای بەرزی لێیە و گونجاوە بۆ خۆحەشاردانی چەكدارانی داعش. هەروەها سنوری نێوان هێزه‌ عیراقییه‌كان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یە. بەڵام شوێنی شەڕەكەی شەوی رابردوو لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە. مەخمور/ ئازاری 2020/ ئۆپەراسیۆنی چیای قەرەچوغ، فۆتۆ: دژە تیرۆری عیراق لە دوای راگەیاندنی كۆتاییهێنانی دەسەڵاتی داعش، لەلایەن حكومەتی عیراقەوە لە كۆتایی 2017، بەردەوام چەكدارانی داعش لەو زنجیرە چیایانە چالاكییان هەبووە دژ بە هێزە ئەمنییەكان و هاوڵاتیانی مەدەنی. بەپێی فەرماندەكانی پێشمەرگە لەو ناوچەیە، لە هێرشەكەی شەوی رابردوو "لانیكەم 40 چەكداری داعش بەشداربون و دابەشبون بەسەر دوو مەفرەزەدا". قەزای مه‌خمور، كە ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكە و له‌ دوای 2003ه‌وه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ئیداره‌ ده‌درا، به‌ڵام له‌ روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ه‌وه‌ كاتێك هێزه‌ عیراقییه‌كان بۆ ناوچه‌كانی جێناكۆك گه‌ڕانه‌وه،‌ دۆسیه‌ی ئه‌منیی و ئیداری له‌ژێر ده‌ستی حكومه‌تی عیراقدایە. وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە راگەیەنراوەكەیدا كە بەیانی ئەمڕۆ هەینی سێی كانونی یەكەم بڵاویكردەوە، "خوێنی شەهیدانمان بەفیڕۆ ناچێت و تیرۆریستان و ئەوانەی پاڵپشتیشیان دەکەن، دەبێ باجێکی گەورە بدەن". هەروەها رایدەگەیەنێت، کە هەماهەنگی و هاوکاری نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری و هاوپەیمانان، "پێویستە لە قۆناغی چەق بەستویی بێتە دەر، زۆر بەخێرایی و  بەبێ چاوەڕوانیکردن دەبێت ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دەستپێبکەین... نابێت تیرۆرستانناوچەی پارێزراوی خۆیان هەبێت". دیمەنێك لە هێرشی داعش بۆ سەر گوندی خدر جیجە ئەو شەڕە دوای دوو كاتژمێر هات، لە هێرشی ژمارەیەك چەكداری داعش بۆ سەر گوندی لیهبان لە سنوری ناحیەی سەرگەڕان لە باكوری كەركوك كە تاڕادەیەك هاوسنورە لەگەڵ بناری چیای قەرەچوغ. غازی فەیسەڵ، فەرماندی ھێزە خوبەخشەکانی قەرەچوغ – هێزێكی خۆبەخشە دژی بە چەكدارانی داعش لەو ناوچەیە شەڕدەكەن-، وتی "لە شەڕەكەی گوندی لیهبان، داعش تێكشكێنراوە و زیانی گیانی نەبووە". هاوڵاتییەكی گوندی خدر جیجە بەیانی ئەمڕۆ هەینی بە (كەركوك ناو)ی وت "سێ كەسمان لەدەستدا، ژیانی كەسمان پارێزراو نییە، ئەم ناوچەیە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمدایە و كاری ئەوانە ژیانمان بپارێزن". هاوكات سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان، داوای كاردانەوەی توند و خێرایان كرد لە دژی چەكدارانی داعش لە عیراق، بۆ ئەوەش جەختیان لە هەماهەنگی زیاتری پێشمەرگە و هێزە عیراقییەكان كردەوە، ئەوەش بە پشتیوانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی. كاردانەوە و هەنگاوەكانی داهاتوو هەرچییەكبن، ئیسماعیل خەلیل ئەمڕۆ سێ كوڕی بەخاكسپارد، لەكۆی شەش كوڕ، دڵنیاش نییە لەوەی ئایندەی سیانەكەی تری چی دەبێت!


  درەو: مەسعورد بارزانی پەیامێكی توند و یەكلاكەرەوە ئاراستەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق دەكات و دەڵێت " كورسیەكەی هەرێم كەمال ئاغا بەرامبەر بە كورسیەكەی سەرۆك كۆماری عێراقە" دوای زیادبوونی دوو كورسی بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان و كەمكردنەوەی دوو كورسی لە پارتی دیموكراتی كوردستان، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی زۆر نیگەران دەبێت و پێی وایە زیادبونی كورسیەكانی یەكێتی بە هەوڵی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كراوە لە رێگەی كەریم تەمیمی راوێژكاری سەرۆك كۆمار بۆ كاروباری هەڵبژاردن و حاكم عومەر ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە . سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند: مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە رێگەی كەسێكی نزیكیەوە پەیامێكی توندی ئاراستەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كردووە لەسەر زیادكردنی ئەو دوو كورسیە بۆ یەكێتی. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بە پەیامەكەی مەسعود بارزانی كردو رایگەیاند: پەیامەكەی بارزانی زۆر توندووبووەو بە كەسێكی نزیكی خۆی بۆ بەرهەم ساڵحی ناردووە و بە روونی پێی راگەیاندووە: -    بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمارو فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری كورسیەكانی پارتیان دزیوە.. -    دەبێت بەرهەم ساڵح ئەوە بزانێت ئەو كورسیەی زیادی كردووە لە هەولێر بۆ هەرێم كەمال ئاغا لەبری كورسی سەرۆك كۆمارە. -    ئەم پەیامە تایبەتە بە خودی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، وەك ئاماژەیەك بەوەی رازیە بەوەی كەسێكی تر لەناو یەكێتی پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێت بەڵام بەرهەم ساڵح نەبێت.  لەدوای پەیامەكەی مەسعود بارزانی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوەتەوەو بە هەمان نەفەسی پەیامەكەی مەسعود بارزانی بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەوبەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقی تۆمەتباركرد بە دەستكاری كردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و  رایگەیاند: بە دەستوەردانی سەرۆك كۆمار، ماوەی تانە لێدان بە نایاسایی درێژكرایەوە بەمەبەستی دەستكاریكردنی ئەنجامەكان مەسعود بارزانی بەروونی رای خۆی دەربڕیوە كە رێگە نادات بەرهەم ساڵح ببێتەوە بەسەرۆك كۆماری عێراق، ئایا یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بەرپرسانی ئەو حزبە دەچنە ژێر بڕیارەكەی مەسعود بارزانیەوە، یاخود هاوشێوەی 2018 خۆیان بڕیار دەدەن و بە بێ بارزانی كورسی سەرۆك كۆمار بۆ بەرهەم ساڵح مسۆگەر دەكەنەوە.   


 راپۆرتی: درەو هەرێمی کوردستان خاوەنی (39) زانکۆی حکومی و ناحکومییە بە جۆرێک وەزارەتی خوێندنی باڵا خاوەنی (18) زانکۆ و کۆلێژە زانکۆییە، لەگەڵ (21) زانکۆی ناحکومی، سەرەڕای بوونی (14) پەیمانگای ناحکومی. زیاتر لە (150) هەزار خوێندکار لە زانکۆو پەیمانگا حکومییەکان دەخوێنن مانگانە پێویستان بە (7 ملیار) دینارە بۆ خەرجکردنی دەرماڵەکانیان، لە کاتێکدا وەزارەتی خوێندنی باڵا دەیان سەرچاوەی داهاتی هەیە و داهاتەکەی ساڵانە بە (100 ملیار) دینار دەخەمڵێندرێت. زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمیەکانی کوردستان هەرێمی کوردستان خاوەنی (39) زانکۆی حکومی و ناحکومییە بە جۆرێک وەزارەتی خوێندنی باڵا خاوەنی (18) زانکۆ و کۆلێژە زانکۆییە، لەگەڵ (21) زانکۆی ناحکومی، سەرەڕای بوونی (14) پەیمانگای ناحکومی. بەپێی داتاکانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی تا ساڵی خوێندنی (2020 - 2021)، (147 هەزار و 731) خوێندکار لە زانکۆ حکومییەکان دەیانخوێند، بەڵام ئێستا ڕێژەکە بەرزبووەتەوە. چونکە لە ساڵی نوێی خوێندنی (2021 - 2022)  (47 هەزار و 746) خوێندکاری نوێ لە زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان وەرگیراون ، بێگومان ژمارەیەک خوێندکاریش لە ساڵی ڕابردوودا خوێندنیان تەواو کردووە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ڕێژەکەیان ناگات بەو ژمارەیەی کە لە ئەمساڵی خوێندن وەرگیراون، بۆیە ژمارەکە لە ئێستادا بەرزتربووەتەوە. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە گەیشتووە بە ( 150 هەزارو 560) خوێندكار. پێویستە ئاماژە بەوەش بکەی کە بە پێی زانیارییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا (30 هەزار و 308) میلاکی مامۆستاو فەرمانبەری هەیە، بەشێوەیەک بە شێوەیەک نزیەکەی (11 هەزار) کەسیان مامۆستان و ئەوانیتر فەرمانبەرن. هەر بەپێی زانیارییەکان کە پێشتر ئاماژەمان پێدا زانکۆ پەیمانگا حکومی ناحکومییەکان بریتین لە؛   یەکەم/ زانکۆ حکومیەکان لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا (18) زانکۆ و دامەزراوەیی حکومی هەیە، کە دابەش بون بەسەر شارەکانی کوردستان، ئەوانیش؛ (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) خشتەی ژمارە (1) لیستی ناوی زانکۆ و دامەزراوە حکومیەکانی هەرێمی کوردستان دووەم/ زانکۆ تایبەتەکان تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان (21) زانکۆ و لقی زانکۆیی لە شارەکانی کوردستان کراونەتەوە، كه‌ ئه‌مانه‌ن: (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) خشتەی ژمارە (2) لیستی ناوی زانکۆ تایبه‌ته‌كانی هەرێمی کوردستان سێیەم/ پەیمانگە تایبەت و ناحکومییەکان بەهەمان شێوە بەسود وەرگرتن لە یاسای زانکۆ تایبەتەکان و، لەبەر ڕۆشنایی ڕێنمای کردنەوەی پەیمانگەی تایبەت تا ئێستا (١٤) پەیمانگە لە شار و شارۆچکە جیاکانی هەرێمی کوردستان بەپسپۆڕی جیا و بەپێی پێداویستەکانی بازاری کار کراونەتەوە، كه‌ ئه‌مانه‌ن: (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)) (خشتەی ژمارە (3)) لیستی ناوی په‌یمانگه‌ تایبه‌ته‌كانی هەرێمی کوردستان وەرگرتنی خوێندکار لە زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان (2018 -2021) بەپێی داتاکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە چوار ساڵی ڕابردوودا (167 هەزار و 683) خوێندکار لە زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان وەگیراون، بەڵام پێویستە تێبینی ئەوە بکرێت بەشێک لە ژمارەیە لە ئێستاد خوێندنیان تەواو کردووە، بەتایبەت ئەوانەی پەیمانگاکانیان خوێندووە، بۆیە کۆی ئەو ژمارەیەی سەرەوە لە ئێستادا کەمترە، وەرگرنی خوێندکارانیش بەم جۆرە بووە؛ (بڕوانە خشتەی ژمارە (4)) -     ساڵی خوێندنی (2018-2019): (28 هەزار و 608) خوێندکاروەرگیراون  لە کۆی (47 هەزار و 681) پێشکەشکار. -    ساڵی خوێندنی (2019-2020): (41 هەزار و 698) خوێندکاروەرگیراون  لە کۆی (56 هەزار و 531) پێشکەشکار. -    ساڵی خوێندنی (2020-2021): (49 هەزار و 496) خوێندکاروەرگیراون  لە کۆی (59 هەزار و 698) پێشکەشکار. -    ساڵی خوێندنی (2021-2022): (47 هەزار و 746) خوێندکاروەرگیراون  لە کۆی (52 هەزار و 532) پێشکەشکار. (خشتەی ژمارە (4)) ژمارەی خوێندکاری وەرگیراو لە زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان ساڵانی (2018 -2021) جۆرەکانی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان بەگشتی جۆرەکانی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان بەشێوازی (گشتی، پارالێڵ، ئێواران)ن، بەپێی داتاکانی بەردەست بۆ ساڵی خوێندنی (2019-2020) لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان بەراورد بە ساڵێک پێشتر بە ڕێژەی (30%) کورسی پلانی خوێندنی بەرایی زیاد کرا، کە لەو ساڵەدا  (41 هەزار و 833) خوێندكار بە سیستمەکانی (زانکۆلاین، پارالێل و ئێواران( وەرگیران، بەشێوەیەک: 1.    لە خوێندنی گشتی و (خۆڕایی) (28 هەزار و 185) خوێندکار و بە ڕێژەی (74%)ی لەکۆی گشتی وەرگیران. 2.    لە خوێندنی پارالێڵ (پارە) (3 هەزار و 136) خوێندکار و بە ڕێژەی (8%)ی لەکۆی گشتی وەرگیران. 3.    لە خوێندنی ئێواران (5 هەزار و 544) خوێندکار و بە ڕێژەی (14%)ی لەکۆی گشتی وەرگیران. 4.    لە قۆناغی دووەمی وەرگرتندا (1 هەزار و 481) خوێندکار و بە ڕێژەی (4%)ی لەکۆی گشتی وەرگیران. بۆ ساڵی خوێندنی (2020-2021) لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان لەو ساڵەدا  (49 هەزار و 496) خوێندكار بە سیستمەکانی (زانکۆلاین، پارالێل و ئێواران( وەرگیران، بەشێوەیەک: 1.    لە خوێندنی گشتی و (خۆڕایی) (32 هەزار و172) خوێندکار و بە ڕێژەی (65%)ی لەکۆی گشتی وەرگیران. 2.    لە خوێندنی پارالێڵ (پارە) (8 هەزار و 909) خوێندکار و بە ڕێژەی (18%)ی لەکۆی گشتی وەرگیران. 3.    لە خوێندنی ئێواران (8 هەزار و 414) خوێندکار و بە ڕێژەی (17%)ی لەکۆی گشتی وەرگیران. بۆ ساڵی خوێندنی (2021-2022) لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان لەو ساڵەدا  (49 هەزار و 496) خوێندكار بە سیستمەکانی (زانکۆلاین، پارالێل و ئێواران( وەرگیران، بەشێوەیەک: 1.    لە خوێندنی گشتی و (خۆڕایی) (31 هەزار و28) خوێندکار و بە ڕێژەی (65.5%)ی لەکۆی گشتی وەرگیران. 2.    لە خوێندنی پارالێڵ (پارە) (9 هەزار و 370) خوێندکار و بە ڕێژەی (19.8%)ی لەکۆی گشتی وەرگیران. 3.    لە خوێندنی ئێواران (6 هەزار و 960) خوێندکار و بە ڕێژەی (14.7%)ی لەکۆی گشتی وەرگیران. داهات و خەرجییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا تا ئێستا داهات و خەرجی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە ناڕوونی ماوەتەوە، پەرلەمانتارانیش نەیانتوایوە بگەن بە زانیاری دروست لەو بارەیەوە، بەڵام ئەوەی ڕوونە وەزارەتەکە بەچەندین شێوازی جیاواز پارەی دەستدەکەوێت، ئەوانیش (خوێندنی پارالێڵ، خوێندنی ئێواران، بەکرێدانی کافتریاکان، رسوماتی زانکۆ تایبتەکان، رسوماتی پەسەند کردنی بڕوانامەکان، سەنتەرە جیاوازەکانی زمان و کۆمپیوتەر،  بەکرێدانی موڵکەکانی وەزارەت و چەندین ڕێگەو شێوازی تر). جێی ئاماژەیە بەپێی لێدوانێکی عومەر گوڵپی، ئەندامی لێژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی کوردستان کە بە ماڵپەڕی بوار نیوزی راگەیاندووە: "داهاتی وەزارەتی خوێندنی باڵا رون نییە چەندە؟ بۆیە ئێمە پێشتر پرسیارمان لەبارەی داهاتی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ وەزیری خوێندنی باڵا ناردووەو لە وەڵامدا وەزیری خوێندنی باڵا دەڵێت: بۆ زانینی داهاتی وەزارەتەکەی، پرسیار لە وەزارەتی دارایی بکەن، بۆیە ئێمە جارێکی دیکە پرسیاری زانینی داهاتمان بۆ وەزیر ناردۆتەوەو ئەگەر وەڵام نەداتەوە ئەوا پرساندنی لە پەرلەمانەوە بۆ دەکەین". گوتوشیەتی: "بەپێی خەملاندنەکانمان داهاتی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە درێژایی ساڵ 100 ملیار دینار دەبێت". دەربارەی خەرجکردنی داهاتەکەشی بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران 70%ی داهاتی زانکۆکان بۆ خۆیان و 30%ی بۆ حکومەت دەبێت. بەم پێیەش ئەگە داهاتی وەزارەتی خوێندنی باڵا ساڵانە (100 ملیار) دیناربێت، (70 ملیار) دیناری خۆیان خەرجی دەکەن و (30) ملیار دیناریشی دەگێڕنەوە بۆ گەنجینەکانی وەزارەتی دارایی. ئەمە سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی دارایی بەشێکی تر لە خەرجییەکانی وەزارەتی دارایی دابین دەکات، بە پێی نوێترین زانیاری لە ڕۆژی 30/11/2021 وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری ڕونكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ خه‌رجی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "خه‌رجییه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ‎له‌ 1/1/2021 تاوه‌كو 24/11/2021 ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ٣٦٩ نوسراوی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی دراوه‌ كه‌ بڕه‌كه‌ی (14 ملیار و 262 ملێون و 911 هه‌زار و 240) دیناره‌. ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ تاوه‌كو 15/12/2021 زیاتر ده‌بێت". بەم پێیەش ئەو خەرجییانەی لە ساڵێکدا (15ملیار) دینار تێدەپەڕێنێت. ‎ دەرماڵەی خوێندکاران لە نێوان وەزارەتی دارایی و خوێندنی باڵا  دوای ئەوەی لە کۆتاییەکانی ساڵی 2014 خەرجکردنی دەرماڵەی قوتابیان و زانکۆ حکومییەکان ڕاگیرا، ساڵانە خوێنکاران بۆ ئەو مافەی خۆیان بە شێوازی جیاجیا فشار لە حکومەت دەکەن بۆ خەرجکردنی دەرماڵەکانیان، لە ئەمساڵدا لە نیوەی دووەمی مانگی 11ی ئەمساڵ فشاری خوێندکاران توندبووەو خۆپیشاندانی گەورەی لێکەوەتەوە، تا ئێستاش حکومەتی هەرێم بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی نەداوە بۆ چارەسەرکردنی ئەوە پرسە. بەپێی لێکدانەوەکان حکومەتی هەرێم و بەتایبەت وەزارەتی دارایی نایەوێت بچێتە ژێر ئەو خەرجییەوەو خواستی ئەوەی هەیە کە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەو پرسە چارەسەر بکات، وەزارەتی خوێندنی باڵای لە توانایدا نییە دەرماڵەی خوێندکاران خەرج بکات. خەرجی دەرماڵەی خوێندکارێکی دەرەوەی پارێزگاکان مانگانە (100 هەزار) دینار و بۆ ناوەوەی پارێزگانیش (40 هەزار) دینار و ئەوانەشی کە لە بەشەناوخۆییەکان دەمانەوە مانگانە (60 هەزار دینار)یان بۆخەرجکراوە لە ساڵانی ڕابردوو. بەو پێیەش کۆی دەرماڵەی خوێندکاران مانگانە پێویستی بە (7 ملیارو 343 ملیۆن) دینار هەیە، چونکە ژمارەی خوێندكارانی زانكۆ حكومیەكان ( 150 هەزارو 560) خوێندكارن و (84 هەزار505) خوێندكاری لە ناوخۆی پارێزگاكانن و (64 هەزار593) خوێندكاری دەرەوەی پارێزگاكانن و (هەزار و 462) خوێندكاری پارێزگاكانی دەرەوەی هەرێمن و پێویستیان بە (7 ملیارو 343 ملیۆن و 500 هەزار) دینار مانگانە هەیە بۆ تەواوی خوێندكاران.  


  ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت)   لە پەراوێزی دیالۆگی مەنامەدا کە پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی لە بەحرێن سازیکردبوو، هەردوو ڕۆژنامەی ئەڵمانی، (فرانکفۆرتەر ئەلگەماینە تسایتونگ) و (دی ڤێلت) چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ مەسرور بارزانی سەبارەت بە پرسی کۆچی کوردان، سازکرد. بەپێی ئەو داتایانەی لەبەردەستی ئەو رۆژنامەنووسانەدایە، لەنێوان 10.000 بۆ 15.000 کەس لەسەر سنوری بێلاڕوس و پۆلۆنیادا گیریان خواردووە. نزیکەی سەدا حەفتایان لە عێراقەوە هاتوون و لەو ژمارەیەش سێ لەسەر چواری هاوڵاتی هەرێمی کوردستانن. سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە چاوپێکەوتنەکەیدا بەچەشنێک باس لە دیاردەی کۆچی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات، وەک ئەوەی دیاردەیەکی نامۆ بێت بە دۆخی سیاسیی و ئابووریی وڵاتەکەی، چونکە بە بیستنی ئەو هەواڵە لە میدیاکانەوە توشی سەرسامییەکی گەورە بووە. مەسرور بارزانی وەک سەرکردەیەکی بێئاگا لە دۆخی وڵاتەکەی خۆی قسەدەکات و دەڵێت، „ئێمە ئاگامان لێ نەبوو چی ڕوودەدات، توشی موفاجەئە بووین دوای ئەوەی بۆمان ڕوونبووەوە چەند کەس لە کوردستانی عێراقەوە بەرەو بێلاڕوس بەڕێکەوتوون“. لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە کاتێک باپیری مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی نسکۆی شۆڕشی حەفتاوچواری کرد، پاشان لە جەنگی عێراق و ئێرانی ساڵانی هەشتاکانەوە، تاوەکو کۆتایی جەنگی عێراق و هاوپەیمانان لە سەرەتای نەوەدەکان و تادەگات بە کۆڕەوەکە، هاوڵاتیانی کوردستان بە شێوەیەکی سیستەماتیک ناچار بە کۆچ دەکرێن. هاونیشتیمانیانی کوردستان یان لە وڵاتی خۆیان پەناهەندەی ناوخۆیی بوون، یان لەدەرەوەی وڵاتەکەی خۆیان داوای پەناهەندەییان کردووە. شەڕی خوێناوی نێوان باوکی سەرۆکوەزیران و باوکی جێگرەکەی هەزاران پەناهەندەی ناوخۆیی بەرهەمهێنا و دەیان هەزار کەسیش وڵاتی خۆیان بەجێهێشت و ڕویان لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەدا و ئوسترالیا کرد. کۆی ئەو شەپۆلی کۆچانەی سەدەی ڕابردوو و ئەم سەدەیە دەرئەنجامی جەنگ و تیرۆری دەوڵەتیی و وێرانکردنی ژینگەی کۆمەڵایەتیی و نادادیی و هەژاریی و نەبوونی خزمەتگوزاریی و داوەشانی سیستەمی پەروەردەیی و تەندروستیی بوون. کاتێک لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا دەیان هەزار دۆلار بۆ خوێندنی سەرۆکوەزیران لە دەزگا و زانکۆ تایبەتەکانی بریتانیا و ئەمریکا سەرفدەکرا، بە دەیان هەزار هاوڵاتیی مەدەنیی کوردستان لە جەنگی ناوخۆیی هەڵدەهاتن، بۆئەوەی ژیانی خۆیان و منداڵیان لەو جەهەنمە بپارێزن کە دوو حیزبە باڵادەستەکەی هەرێم بۆیانیان بەرهەمهێنابوو. سەرۆکوەزیران لە درێژەی قسەکانیدا دەیەوێت ئەو وەهمە وەک حەقیقەت بۆ میدیای ئەڵمانیی نماییشبکات کە هەموو ئەوانەی هەرێمەکەی ئەویان بەجێهێشتووە لەبەر برسێتیی و نەداریی نەبووە، بەڵکو زیاتر وەک موغامەرەیەکی فەردیی و بڕیارێکی نامەفهوم نماییشی دەکات، ئەو دەڵێت، „خەڵکانێکی تێدابوو کە دۆخی ئابوورییان باش بووە، هەموویان ڤیزایان هەبوو و بە ڕەسمیی لە ڕێگای هێلە ئاسمانییەکانەوە سەفەریان کردووە.“ کاتێک مرۆڤ ئەم ڕستانە دەخوێنێتەوە، بەقووڵی توشی سەرسامیی دەبێت لە توانای شیکاریی سەرۆکوەزیرانی میللەتێک کە چەند بێئاگایە لە دۆخی ژیان و گوزەرانی میللەتەکەی خۆی و ژیانی خەڵکانی میللەتانی تری دونیاش. جیاوازیی نێوان هەڵهاتنی خەڵک لە دەوڵەتە ستەمگەرەکان و دەوڵەتە هەژارەکان لەگەڵ هەڵهاتنی خەڵک لە هەرێمی کوردستاندا ئەوەیە کە یەکێکیان بە نهێنی هەڵدێت و ئەوی تریان بە ئاشکرا، بەڵام هۆکارەکانی یەک سەرچاوەیان هەیە. بەپێی ئەو داتا نێودەوڵەتییانەی لەبەردەستتان هەموو کەسێک ئەوسا لە کوردستانی دەوڵەمەندەوە بێت یان لە ئەفریقای هەژارەوە لە ئەفغانستانەوە بێت یان لە سوریاوە، لەنێوان 7.000 بۆ 10.000 دۆلار سەرفدەکات تاوەکو دەگات بە ئەوروپا. گروپە قاچاچییەکانیش ساڵانە ملیاردەها دۆلار لەو پیشەسازیی بازرگانییکردنە بە ژیانی مرۆڤەکانەوە قازانجدەکەن. قاچاخچییەکان فرۆشیاری خەونی ئەوروپیین بۆ ئەوانەی ژیانیان لە وڵاتی خۆیاندا جەهەنمە. ئەوەی لەو چاوپێکەوتنەدا تووشی سەرسامیی زیاترمان دەکات پێشنیارەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمە بۆ چارەسەری کێشەی پەنابەرانی کورد و عێراقیی. ئەو داوا لە ئەوروپییەکان دەکات یارمەتییان بدەن دژ بە باندە قاچاخچییەکان هەنگاوبنێن، تاوەکو خەڵکی وڵاتەکەمان هەڵنەخەڵەتێنن و لەپێناو گەیشتن بە ئەوروپاش ئەو رێگا پڕ لە مەترسییە نەگرنە بەر! ئەم باندانە بە بۆچوونی مەسرور بارزانیی „تەنها بۆ ئاساییشی ئێمە مەترسییدار نین، بەڵکو بۆ ئاساییشی ئەوروپاش“. ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە ئەوەیە مێژووی کۆچ پێمان دەڵێت زۆرینەی ڕەهای کورد بە سەرکردە و خەڵکی ئاساییەوە بەشێوەی ڕەسمیی سەفەری نەکردووە، بەڵکو بەڕێگای قاچاخەوە بووە. مەسرور بارزانیی دەبایە بیزانیبایە کە لە پەڕینەوەى باپیری لە ڕوباری ئاراسەوە بۆ یەکێتیی سوڤێتی ئەوسا تا دەگاتە ڕەوەکە و جەنگی ناوخۆیی پارتی و یەکێتی، خەڵکی کوردستان بە قاچاخ سنورەکانیان بڕیوە. بێگومان چ قاچاخییکردن بە مرۆڤ و چ قاچاخییکردن بە سامانی وڵات مەترسییە بۆ سەر ژیانی ئینسانەکان و ئابووریی دەوڵەت. یەکێتی ئەوروپا ساڵانە ملیۆنەها یۆرۆ دەبەخشێت بە تورکیا بۆئەوەی سنوورەکانی ئەوروپای بۆ بپارێزێت و ئێستاش سەرۆکی هەرێم داوای یارمەتیی لە ئەوروپا دەکات بۆئەوەی کۆمەکیان بکات دیاردەی بەقاچاخبردنی خەڵک بنەبڕ بکەن وەک ئەوەی تاوانی قاچاخچییەکان بێت کە خەڵکی وڵاتی ئێمە هەڵدەخەڵەتێنن، بۆئەوەی بەرەو هەندەران هەڵبێن! ئەو بڕوای وایە وڵاتەکە پارەی زۆرە و پێویستی بە کۆمەکی دارایی نییە، بۆیە داوا لە ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا دەکات هەوڵی زیاتر بدەن بۆ رێگریی لە دیاردەی قاچاخ و کۆمەکی عێراق بکەن بۆ ریفۆرم و دژایەتیکردنی گەندەڵیی. دوباره مرۆڤ توشی سەرسامیی دەبێت کاتێک سەرۆکوەزیران قاچاخچییەکان بە مەترسیی بۆ سەر ئاساییشی کوردستان و ئەوروپا وێنادەکات، لەکاتێکدا ئەو هەرێمۆکەی کە خۆی سەرۆکایەتیی حکومەتەکەی دەکات پڕاوپڕە لە قاچاخچیی نەوت و گاز و بەنزین و ئەلکهول و دەرمان و ئۆرگانی جەستە و جگەرە و جگەر و هتد کە مەترسیی جیدین بۆ سەر ئابووریی و ئاساییشی کوردستان.   ئەمە یەکەمینجار نییە سەرۆکی حکومەتی هەرێم توشی سەرسوڕمانمان دەکات. مەسرور بارزانی وەک زۆرێکی تر لە سەرکردە سەرمەستەکانی تر بە سیاسەتی نیولیبراڵیزمی ئەمریکیی وادەزانێت هەموو دونیا ئەمریکایە و وەک خوێندنەکەی خۆی نرخی زانکۆ بە هەزاران دۆلارە، بۆیە لە سەروبەندی خۆپیشاندانەکاندا سەرسامیی خۆی دەربڕی و گوتی: لە کوێی دونیادا خوێندن بە خۆڕاییە؟! بارزانی هاوشێوەی نائاگاییەکەی لە دۆخی وڵاتەکەی کە بۆچی هەزاران کەس کۆچدەکەن، لەوەش بێئاگایە چ لە ئەوروپا و چ لە عێراقیش دەستوورێک بوونی هەیە کە خوێندن وەک مافێکی گشتیی پێناسدەکات و دەوڵەت دەبێت بە خۆڕایی پێشکەشی هاوڵاتیانی بکات. ئەوەی لە سیاسەتی پەروەردەیی وڵاتاندا جیاوازە بڕی کۆمەکەکان و مۆدێلی کۆمەکەکانە لە قۆناغە جیاوازەکانی خوێندن و ژیانی شەخسیی و خێزانییدا. دەبێت ئەو زانیارییە هەڵەیە بۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێم ڕاستبکەینەوە کە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی بۆ سەیران و گەشت ناچن بۆ ئەوروپا، بەڵکو بۆ دۆزینەوەی ژیانێکی پارێزراو و کەرامەتدار و دادپەروەر موجازەفە بەژیانی خۆیانەوە دەکەن، بۆئەوەی بگەن بە دەوڵەتانێک کە یاسا تیایاندا سەرەوەرە و قاچاخچیی سیاسیی بەڕێوەی نابات. کەس بەدوای میللەتێکی تردا ناگەڕێت بۆئەوەی تیایدا بتوێتەوە، بەڵکو بەدوای وڵاتێک و حکومەتێکی یاساییدا دەگەڕێت کە تیایدا مافی تاکەکان و شوناسە کۆمەڵایەتیی و ئایینی و ئەتنیی و جێندەرییەکانی گروپە کۆمەڵایەتییەکان پارێزراو بن. ئەو کەسەی سەری خۆی هەڵدەگرێت و تاراوگە هەڵدەبژێرێت، خیانەت لە نیشتیمانەکەی ناکات، بەڵکو ئەو کوالیتی ژیانە بەنەفرەتدەکات کە حکومەت و خێزانە سیاسییەکانی وڵاتەکەی بۆیان بەرهەمهێناوە.  کوردیش وەک عەرەب خەریکە ببێت بە گەلێکی بێ قەزییە. ئەم میللەتە ساڵانێکی زۆر خاوەن قەزیە بوو، خاوەن چیرۆکی سیاسیی و تراژیدیای ئینسانیی گەورە بوو، خاوەن خەون و ئیرادەی مانەوە بوو. لەسایەی دەسەڵاتی سوڵتانیی کوردییدا هەڵهاتوەکانمان پێویستیان بە چیرۆکی دروستکراوی نوێ و قەزیەیە، بۆئەوەی بەپێی یاساکانی ئەو وڵاتانە بتوانن مافی پەناهەندەیی وەربگرن.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand