پشوی ھەتاھەتایی پەرلەمان
2022-06-26 10:14:44
مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
یەکێک لە پرۆسە ھەرە ناشیرینەکانی دونیای دوای ڕاپەڕین پرۆسەی بەدیکۆر و بەبێنرخ و بێبەھاکردنی پەرلەمانە، گۆڕینیەتی بۆ دەزگایەکی پەراوێزیی ئیفلیج و بێقورسایی. نیشاندانیەتی وەک تیپی چوارھەم و پێنجەمی سیاسەتکردن لە ھەرێمدا. لە ڕاستیدا پەرلەمان لە ھەرێمدا، ھەر لە سەرەتاوە وەک دەزگایەکی پلە دوو یان پلە سێ لەدایکبوو. پیاوە بەھێزەکانی حیزب، کەسانی دەسەڵاتداری ڕیزی پیشەوە، تیپی یەکەمی سیاسەتکردن، سیاسیە فیوداڵە نارسیستەکان، نەچوونە ناو ئەم دەزگایەوە. بەڵکو بە سەرجەمی دەسەڵاتە زۆرەکانیانەوە لە دەرەوەی پەرلەماندا مانەوە. ئەمانە نەک پێیان شەرمبوو لەناو پەرلەماندا ئامادەبن و بەشداربن لە گفتوگۆ و ڕاگۆڕکێ و کێبەرکێ سیاسییەکانی ناویدا، بەڵکو پێیان شەرم بوو لەگەڵ ئەندامانی تری پەرلەماندا دەربکەون و ببینرێن، چونکە ئەوان خۆیان بە جنسێکی گەورەتر و بەرزتر لە ھەموو ھاوڕەگەزەکانی خۆیان، دەزانیی. لەمەشدا درێژەیان بەو لۆژیکە سیاسییە سونەتییە دەدا کە کەسەکانی بۆ ئاغا و ڕەعیەت دابەشدەکرد، خۆین ئاغا و دەوروبەرکەیان ڕەعیەت. یاخود درێژەیان بەو کەلەپورە ئەدا. کە لە باشترین حاڵەتدا کۆمەڵێک کەسانی گوێڕایەڵی ناو دەرباری دەوێت وەک نەسیحەتکەر و ڕاوێژکار، نەک بوونی دەزگایەکی سەربەخۆ کە تیایدا ھەمووان ھەمان مافی بەکارھێنانی زمان و ھەمان مافی قسەکردن و ھەمان مافی لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردنیان ھەبێت.
ئەم دۆخی ئاغا و ڕەعیەتە وایکردن چەندان بازنەی دەسەڵاتی گەورە و زەبەلاح لە دەرەوەی پەرلەماندا دروستببێت، لەوانەش بازنەی خێزانی،بازنەی حیزبی، بازنەی ئابوریی، بازنەی سەربازیی، بارەگای تایبەت، ھتد... کە پەرلەمان نەک توانای لێپرسینەوە و چاودێریکردنیانی نەبێت، بەڵکو دەزگایەکی بچووک و گرگنیش بێت لە بەرامبەر و لە بەردەمیاندا. ئەم دۆخە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی پەرلەمانی ھەرێمی گۆڕی بۆ دەزگایەکی پەراوێزیی بێڕۆح و پەرلەمانتاریش بۆ داشێکی کۆنترۆڵکراوی دامە، کە دەستە دەرەکییە بەھێزەکان دەیانجوڵاند.
لە ئێستادا دۆخێک دروستبووە پەرلەمانی کوردستان بووە بە شوێنی گاڵتەپێکردنی زۆرینەی دانیشتوانی ھەرێمەکە. بێنرخکردنی ئەم دەزگایە لە ئاستی سیاسییە دەسەڵاتدارەکانەوە دابەزیوە بۆ ئاستی شەقام. ئەم بەھیچ نەزانین و گاڵتەکردنە بە پەرلەمان، لە دواھەمین ھەڵبژاردندا، لەو ڕێژە زۆرەی بایکۆت و بەشدارینەکردن لە ھەڵبژاردندا بەرجەستەبوو، کە نزیکەی ٧٠ لە سەدی خەڵکی ھەرێمەکەی گرتەوە. لەوکاتەشەوە تا ئێستا تادێت ڕوانینی خەڵک بەرامبەر بەم دەزگایە خراپتر و نێگەتیڤتر بووە و دەبێت. با بۆ نموونە سەرنج لە ھەندێک لەو قسانەبدەین کە لە یەک دوو ڕۆژی ڕابردودا و لە پەیوەندیدا بە پشوی ھاوینەی پەرلەمانەوە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کران. یەکێک دەنووسێت: ”واژۆ کۆدەکەمەوە بۆئەوەی پەرلەمان بکرێت بە شوێنی بەخێوکردنی مانگای ئەلبان“. یەکێکی تر دەڵێت: ”ئەو پارەیەی دراوە بە پەرلەمانتاران و وەزیرەکان چەندین ساڵە بدرایە بە مانگای هۆڵەندی ئێستا هەمو ماڵێک پێنج تا دە مانگای دەبو پێویستمان بە فرۆشتنی نەوت نەدەبو.“ سێھەم دەنووسێت: ”خۆزگە پەرلەمان ھی من با، دەمانکرد بە مۆڵێک و ٣٠ گەنجێکمان تیایدا ئەخستە سەر کاری خۆیان.“ چوارھەمیپ دەنووسێت بمتوانیانە ”ئەمن ئەمکردە جێگای عەلەشیش بەخێوکردنێ“.
ئەمانە تەنھا کۆمەڵێک نموونەی ڕۆژانەی ئەو زمان و ھەست و وێناکردنانەیە کە بۆ باسکردنی پەرلەمان لە ھەرێمدا بەکاردێت. دەشێت ئەم بە قەشمەرکردنەی پەرلەمان لەلایەن کۆمەڵگاوە، وەک میکانیزمێک بۆ تۆڵەکردنەوە وێنابکەین، تۆڵەی کۆمەڵگا لە پەرلەمان وەک دەزگایەک کە لەوەکەوتوە نوێنەری کۆمەڵگابێت و بووە بە شوێنی ئیملای سیاسیی، کۆمەڵێک دەسەڵاتدار.
بێگومان بێنرخکردنی پەرلەمان لەم ئاستە ڕۆژانەییەدا لەسەر بونیادێکی قوڵتری بێنرخکردن و گاڵتەجاڕیکردن ڕاوەستاوە، کە بریتییە لە بێنرخکردنی خودی کۆمەڵگا خۆی و مامەڵەکردنی ئەویش وەک ڕەعیەتێکی بێماف. پەرلەمان لە بنەڕەتدا دەزگای ژمارە یەکی کۆمەڵگایە بۆ ڕێکخستنی ژیانی پێکەوەیی بەشە جیاوازەکانی، دەزگای ئەو کەسە ھەڵبژاردراوەنەیە کە نوێنەرایەتی کۆمەڵگا دەکەن و بەناوی کۆمەڵگاوە کۆمەڵێک دەسەڵاتی گرنگ و گەورەیان پێبەخشراوە: لەوانەش دەسەڵاتی یاسا دەرکردن، دەسەڵاتی چاودێری کارەکانی حوکمڕانان، دەسەڵاتی تەحەداکردنی بڕیارەکانیان، دەسەڵاتی ڕەخنەکردنی سیاسەتەکانی حوکمڕانان و پلان و بەرنامەکانیان، دەسەڵاتی ھێنانەپێشەوەی بابەتە سەرەکیی و بنەڕەتەییەکانی ناو کۆمەڵگا بۆ گفتوگۆکردن لەسەریان و دۆزینەوەی ڕێگاچارە بۆ وەڵامدانەوەی تەحەداکانیان. بەڵام وەک وتم پەرلەمان لە دونیای ئێمەدا نەک ئەم کارانەی بۆناکرێت و ئەندامەکانی وەک موچەرخۆری دەسەڵاتداران کاردەکەن، بەڵکو سێنتەر و بازنە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە ھەرێم خۆیشیدا، لە دەرەوەی دەزگا رەسمیەکانی حوکمڕانیی و لەدەرەوەی ھەر چاودێریی و لێپرسینەوەیەکی پەرلەمانیدان. لە ھەرێمدا دەسەڵاتێکی تەریب بە دەسەڵاتی دەزگا ڕەسمییەکان ھەیە و لەئارادایە، کە بەھێزتر و بڕیاردەرترە. ئەم دەسەڵاتە دەشێت ناوی ”دەوڵەتی تەریب“ یان ”دەوڵەتی قووڵ“ی لێبنێن. بۆیە ھەمان ئەو میکانیزمەی وایکردوە کەسانێک بەھۆی دەسەڵات و نفوزی خۆیانەوە بچنە دەرەوەی ھەر لێپرسینەوەیەکی فەرمی یاسایی و پەرلەمانییەوە، بەھەمان شێوە کۆمەڵگا خۆیشی، بەھۆی بێدەسەڵاتییەوە،، کراوەتە دەرەوەی بەشداریکردن لە ھەر بڕیاردانێکی سیاسییدا. بێنرخکردنی پەرلەمان مانای بێنرخکردنی خودی کۆمەڵگا و ئیفلیجکردنی پەرلەمانیش بەشێکە لە ستراتیژیەتی ئیفلیجکردنی خودی کۆمەڵگا خۆی. لە سی ساڵی ڕابردوودا ئەوەی غائیبی ژمارە یەکی ناو بڕیارە سیاسییە چارەنووسسازەکانە خودی کۆمەڵگا خۆیەتی، لە ڕێگای غائیبکردن و بە دیکۆرکردنی پەرلەمانەوە.
لاوازبوون و پەراوێزخستنی پەرلەمان بەشێکە لە میکانیزمێکی تری ترسناک، کە میکانیزمی چۆنیەتی کەڵەکەکردنی دەسەڵاتە لە ھەرێمدا. گەشەی دەسەڵات لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا گەشەیەکی پێچەوانەییە و ڕووی لە بچوککردنەوەی بازنە سەرەکییەکانی دەسەڵاتە. کەڵەکەکردنی دەسەڵات بەپێچەوانەی دابەشبوون و بڵاوبوونەوەی زیاتر و زیارتری دەسەڵات بەناو جەستەی کۆمەڵگادا کاریکردوە، پێچەوانەی ئەوەبووە چەندان ھێز و گروپ و توێژی کۆمەڵایەتیی تازە بازنەی نوێی دەسەڵات دروستبکەن و ڕێ لەوەبگرن ھەمووی لە دەستی چەند خێزان و بنەماڵەیەکدا کۆببێتەوە. ئەمەش لە ئاستە دەزگاییەکەیدا مانای ئەوەیە لەباتی بە دەزگایکردن و بەیاساییکردنی دەسەڵات، پێچەوانەکەی ڕووبدات. دەسەڵات ببێت بە دەسەڵاتێکی خێزانیی و بە لۆژیکێکی سوڵتانیانەش بخرێتەگەڕ. لەباتی بڵاوبوونەوە و دابەشکردن و چاودێریکردنی، کۆبکرێتەوە و بە پێگەی کۆمەڵێک کەس و خێزانی دیاریکراوەوە ببەسترێتەوە. ئەم بەشەخسیی و بەخێزانیکردنەی دەسەڵات وایکردوە ئیشکردنی دەسەڵات ھەم بکەوێتە دەرەوەی یاساکان و ھەم دەرەوەی دەزگاکان، بە دەزگای پەرلەمان خۆیشیەوە.
پەرلەمان دەزگای سەرەکیی ناو سیستمێکی سیاسییە تیایدا دەوڵەت ”دەوڵەتی یاسا“ بێت، ”ھاوڵاتیی“ یەکەی ژمارە یەک و سەرەکیی ناو کۆمەڵگابێت، ”کۆمەڵگا“ بە مانای ”گرێبەستی کۆمەڵایەتیی“ خاوەنی سەروەریی بێت، ”یاسا“ ھێزێکبێت لە سەروی ھەمووانەوە و کەس نەتوناێت لە دەرەوەیدا دەستبەکاربێت. بێرخ و بێبایەخکردنی پەرلەمان مانای بێنرخ و بێبایەخکردنی ئەم گشتە گەورەیە. پەڕینەوەی ئەم بێنرخکردنە لە دەسەڵاتدارانەوە بۆ ھاوڵاتیان ئەو ستراتیژیە ترسناکەیە کە دەسەڵات لە ڕۆژی یەکەمەوە کاری لەسەرکردوە. گاڵتەکردنی ھاوڵاتیان بە پەرلەمان، لە قووڵاییدا، گاڵتەکردنیانە بە پێگە و دەسەڵاتی خۆیان. ئەمەش گەشەدانە بەو ستراتیژییەی لە ئەدەبیاتی ساڵانی شەس و ھەفتاکاندا ناوی ”گەشەدان و بەردەوامیدان بە دواکەوتن“ی لێدەنرا، ئەوەی بە عەربی پێیدەگوترا:”تنمیة التخلف“.