Draw Media

بە فیشەکێک دوو گورگی کوشت..لە ژینگەی گەرمیاندا چی ڕووئەدات؟

بە فیشەکێک دوو گورگی کوشت..لە ژینگەی گەرمیاندا چی ڕووئەدات؟

2022-06-26 14:52:16



خالد سلێمان
بەیانیانێکی زوو، هێشتا تاریکیی شەو بەسەر هەموو شتێکەوە دیارە، خەڵکی لادێ لە خەودان. شەوەکە هەمووی نەخەوتووم و چاوەڕوانی چرکەساتی دەرچوونم بۆ هەردەیەک کە لە مناڵیمدا بە کانیاو و گیانەوەرە کێوییەکان بەناوبانگ بوو. دووانیوەڕوانی ڕۆژی پێشووتر لە شاری کەلارەوە بەڕێدەکەوین و بەدرێژایی ڕێگا لە سروشتی گەرمەسێر ورد ئەبمەوە، وەک ئەوەی لێرە لە دایک نەبووبێتم و بۆ یەکەمجار پێم دەکەوێتە ئەم خاکە. بەبێ چوونە ناو خەیاڵێکی شاعیرانەوە، هەستی سەردانی یەکەمجار بەسەر بیرەوەری و بینینی شتەکانەوە زاڵە. گەرمیان وەک چۆڵەوانیی دێتە بەرچاو، <ئاوایی>ەکان ئاوەدانییەکی کەم دەبەخشن و خامۆش دیارن. کێڵگەی گەنم و جۆکان وەک خۆیان ماون و دروێنە نەکراون، چونکە لەبەر بێبارانیی لە بستێک زیاتر بەرز نەبوونەتەوەو کۆکردنەوەتان مەحاڵە. پێم وابوو ئەوە هەژموونی گەرمای دووای نیوەڕوانە، بۆیە هیوایەکم هێشتەوە بۆ بەرەبەیانی ڕۆژی دوواتر. هیواکەم ئەوەبوو وەک جارانی مناڵیم گیانەوەرە کێوییەکان ببینم، ڕێوییەک، گورگێک، ئاسکێک یان ڕەوێلە سوێسکەکان. 
پێشووتر زانیاری ئەوەم هەبوو کە دەشتاییەکانی گەرمیان وەک جاران نەماون و بەدەگمەن گیانەوەری کێوییان تیا بەدی دەکرێت. لە ڕێگادا، حەسەنی برام بەهاژووتنی ئۆتۆمبێلەوەو بەزمانێکی خامۆش و لەسەرخۆ، دەیوت: <وێرانیان کرد، هیچیان نەهێشت>. هیوا کە گەنجێکی خێزانەکەمانەو دیەەوێت لەم سەردانەدا هاوەڵم بێت و ئەو چەند ساتەی گەڕان کە ناوی لێدەنێم (ڕەنگدانەوەی ژینگەیی)، تۆمار بکات؛ بێدەنگەو هیچ ناڵێت. ئەویش وەک من ئومێدێکی هەیە وێنەی گیانەوەرەکان بگرێت.
ئاوایی قەڵاچەرمەڵە، شوێنی مناڵیمەو لەوێ لەدایکبووم، وەک ئەندامێکی کۆمەڵگەی زەوی لەوێوە گیانەوەرەکانم ناسیوەو ئاشناییم لەگەڵدا پەیداکردوون. لەوێ لە ماڵی حەسەن دەمێنمەوە. کە شەو داهات و لەگەڵ خەڵکی ئاواییدا کەوتینە چاو خواردنەوەو قسەکردن، تارمایی کانیاو و سەرچاوە ئاوییەکان و گیانەوەرە کێوییەکان، بەسەر هەموو بابەتێکەوە بوو. کە پێم وتن بەرەبەیان دەچم بۆ دەشت، یەکسەر هەردەیان بۆ دەستنیشان کردم، چونکە هێشتا کانیاوێکی بچووکی تیا ماوەو گیانەوەرەکان ئاوی لێدەخۆنەوە. لەوە زیاتر ئاوێک دەمی گیانەوەری پێی بگات، لەهیچ شوێنێک بەدی ناکرێت؛ ئاوەهایان پێ وتم.
کە نیوەشەو خەڵکی ئاوایی گەڕانەوە ماڵەکانی خۆیان، ژماردنی ئەستێرەکانی تاکە شتێک بوو بمباتەوە ناو فەنتازیای خەیاڵی مناڵییەوە، چونکە خەو نەچووە چاوم. لە بنەڕەتیشدا پەیوەندی مرۆڤ بە ئەستێرەکانەوە بەشێکە لەوەی کە مرۆڤ وەک ئەندامێکی کۆمەڵگەی زەوی، پێش هەموو ئەفسانەو فەلسەفەو ئاینێک، بوونەوەرێکی ژینگەییەو بەگوێرەی مەرج و دۆخە ژینگەییەکان لە ڕووی فیزیکی و هۆشیارییەوە پەرەدەسێنێت. من کە مناڵ بووم لە دایکمەوە فێر بووم چۆن ئەستێرە وەک پێوەری کات بەکار بهێنم، فیکرەی ژماردنیشیان هەر پەیوەستە بەکات و ماتماتیکەوە. مەسەلەکە تەنها فەنتازیای مناڵیی نیەو پەیوەستە بە دنیابینیی ژینگەییەوە.
دەمەو بەیانی کە بەرەو کانیاوەکە بەڕێ کەوتین، ڕێگاکە بە تەنها بەشێک نەبوو لە یادەوەری، بەڵکو ئاماژەیەکیش بوو بۆ گۆڕانێکی بنەڕەتیی لە سروشتی ناوچەکەدا، ژمارەی ئەو باڵندانەی بەدی دەکران زۆر کەمبوون، تاکە ڕێوییەکیش نەبینرا، لە کاتێکدا هەردەکە لە ڕابوردوودا بەڕێوی دەناسرایەوە. پێش هەڵهاتنی هەتاو گەیشتینە سەر کانییەک بە(کانی شاواز) ناسراوە، مەزەندەم دەکرد بەو بەیانییە لەوێدا باڵندەو گیانەوەرە کێوییەکانی تر ببینم، بەڵام چی گیانەوەرێک ڕوو لە کانی شاوازێکی بێئاو دەکات! تەنها بیرێک ماوە لە گیانەڵاندایەو مەگەر دەمی باڵندەیەکی بچووکی پێ بگات؛ هیچ گیانەوەرێکی تر ناتوانێت ئاوی لێ بخواتەوە. 
لەگەڵ هەڵهاتنی هەتاوداو دووای گەڕانێکی باش، گەیشتینە سەر ئەو کانییەی کەمێک ئاوی تیا مابوو. چۆڵ بوو!! ئیتر لەوێدا پرسیاری ئەوەم لە خۆم کرد، ئەگەر لە دەشتێکی بێ ئاوداو لەگەڵ خۆرکەوتندا، کانییەک چۆڵ بێت؛ کەواتە ئەم سروشتەی گەرمیان ڕووحی تیا نەماوە یان لە گیانەڵاندایە. سروشت بەبێ گیانەوەرەکان وەک جەستەی بێ ڕووح وایە. 
خەڵکی ناوچەکە بەم چاوگە ئاوە ناڵێن کانی، بەڵکو ناویان لێناوە <زیچکاو>، لەوانەیە لەهەر ڕۆژێکدا وشک بکات و ئەوەش نەمێنێت. لەم دۆخەشدا هەر گیانەوەرێک مابێت یان ڕەو دەکات یان لە تینوێتی و برسێتیدا دەمرێت. ئەمە واقعێکی ژینگەیی تاڵەو بەرگە گرتنی ئاسان نیە، بەڵام باسکردنی گرنگیی خۆی هەیە، تا بتوانرێت ئەوەی ماوە بپارێزرێت. لەگەڵ هیوادا بڕیار دەدەین شۆڕ  بینەوە بۆ کەڵۆزێک، ناوی (کەڵۆز سوخن)ەو لە ناهەموارترین دۆخی بێئاویدا وشکی نەکردوەو ئاوی هەبووە؛ بەڵام ئێستا لە چەند تنۆکێک زیاتر چۆڕەی لێبڕابوو. لەوێدا کەمێک بەدیار مناڵیمەوە ڕادەوەستم و بیری ژینگەی 40 ساڵ پێش ئێستا دەکەم. تا ئەو چرکەیە جگە لە ژمارەیەکی کەمی باڵندە کێویەکان ئاسەواری هیچ گیانەوەرێکمان نەبینی. 
جارێکی تر لە کەڵۆزەکەوە بەرەو خوارتر شۆڕ دەبینەوە، دەمانەێت بگەینە کۆتایی چەمێک بە ناوی (کانی کاگەل)، کە دەکەوێتە نێوان ئاوایی قەڵاچەرمەڵەو پیرەمۆنی. ئەم چەمە لە هەموو وەرزێکی بێئاویدا سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی هەردوولا بووە، پایزی ساڵی 2019 لەکاتی نووسینی کتێبی (پاسەوانانی ئاو)دا، سەردانم کردو تا ئەو دەمە چەمێکی شێدارو تەڕ بوو، بەڵام ئەمڕۆ چۆڕەی لەبەربڕاوەو تەنها لە کۆتاییدا چۆڕێک ئاوی تیاماوەو لە شوێنێکدایە، جگە لە باڵندە دەمی هیچ گیانەوەرێکی تری پێناگات، چونکە کەسێک لە دانیشتوانی ئاوایی پیرەمۆنی بەتەل چواردەوری گرتووە. پێش گەیشتنە سەر چەمەکە تاکە ڕێوییەکمان بینی بەبێ ئەوەی ئێمەی بینیبێت بەشێوەیەک ڕایدەکرد، هەستم کرد هێزێکی گەورە لە دوواوە ڕاوی دەنێت، بەمەرجێک چەم و شیوەکان هەموو چۆڵ بوون، مەزەندە دەکەم هاتبێت بۆ ئاوخواردنەوەو نەیتوانیبێت بگاتە ئەو چۆڕە ئاوەی کە کانی کاگەل ماوە. دەبێ چی گیانەوەرێکی کێوی هەبێت لەم چۆڵەوانییەدا هەست بەترس نەکات. گرفتەکە لێرەدایە، تەرازووی دانیشتوانی کۆمەڵگەی زەوی، بەجیا لە مرۆڤەکان، تێکچووەو زنجیرەی خۆراکیان نەماوە. ئەوەشی ماوە بەرەو نەمان دەچێت.
گەرما دەست پێدەکات، لە چەمە وشکەی کانی کاگەلەوە دەگەڕێینەوە ئاوایی و جارێکی دەکەوینە ڕێ بەرەو چەمی کانی بامێ کە لە شوێنێکی تردا باسمکردوەو چۆن لەناوچوونی شەشەمی گیانەوەرەکان لەسەر زەوی لەوێوە دەست پێدەکات. جارێکی تریش ناچارم بگەڕێمەوە سەر مرۆڤی (ئەنترۆپۆژینیک) واتە مرۆڤی ژینگەیی و ڕۆڵی ئایکۆلۆژیا لە دروستبوونی کارەکتەری ئێمەدا. کانی بامێ ناوێکی گرێدراو بوو بە سیستمێکی ژینگەیی سروشتیی داهێنەرەوە، هەروەها بە هۆشیارییەکی خۆڕسکەوە دەربارەی گرنگیی پاراستنی هەمە-چەشنی کە باوکم پێی بەخشیم. کانی بامێ کە ئێستا بووەتە چەمێکی وشک دەکەوێتە باشووری ڕووباری ئاوەسپییەوە، هەمە-چەشنییەکی دەگمەنی تیا بوو: ئاوی سازگار، باڵندەی کۆچەریی ڕووی تێدەکردو هی تر بەجێی دەهێشت، بۆقی زۆرو جۆراجۆر، پونگەو نەعنا بەسەوزایی و بۆنی خۆشیانەوە، زۆر جۆری تریش لە ڕووەکی کێوی؛ گۆلە مەرەزەکانی مەنسووری خاڵیشم لەبیر ناچێت، کە سەرچاوەی دەرامەتی خێزانەکەی بوو. لە کانی بامێ، هەر جۆرێک سەرچاوەی خۆراکی جۆرێکی تر بوو. بۆقێک لەسەر بوونەوەرەکانی ناو ئاوەکەدا دەژیا، باڵندەیەکی لەق لەقیش لەسەر بۆقەکە دەژیا. برنج لەسەر ئاوە دەژیا، ئێمەش لەسەر برنجەکە. سیستمی ژینگەیی فێرمان دەکات کە برنجیش جۆرە، وەک گیانلەبەرێکیش جۆرە.
زەوییەکانی چواردەوری چەمی کانی بامێ بۆ باپیرەم دەگەڕایەوە لەلای دایکمەوە. لە وەرزێکی زیاتری دروێنەی گەنمدا، باوکم لە لەو زەویانەدا جوتیاریی دەکردو گەنم و جۆی دەچاند. من و خوشکی لەخۆم گەورەترم، نەزیرە، هەموو چێشتەنگاوێکی هاوین خواردنمان بۆ باوکم دەبرد، دایکم چەند نانێکی گەرم و دۆو کەرەی تازە دەرچووی لە مەشکەی دەخستە ناو چاورۆکەیەکەوە؛ من و نەزیرەش هەڵمان دەگرت بەرەو کێڵگەکانی گەنمی لای کانی بامێ دەکەوتینە ڕێ. ساڵێکیان گەنمەکانی باوکم کەوتبوونە دیوی باکووری چەمەکەوە، ملەیەک هەبوو بەچاوی مناڵیمان بەرزو سەخت بوو، هەر لەو چەمەوە بۆ سەردەکەوتین و دەمانبڕی تا دەگەیشتینە لای باوکم . زۆرجار لە چەمەکدا دوادەکەوتین و باوکیشم لەگەڵ ئەوەی برسی و ماندووی ناو کێڵگەی گەنم بوو، لێی نەدەپرسین بۆ چی دواکەوتوین. دەیزانی مناڵین و شتێک لەسەر ڕێگە هەر دەبێت تا سەرنجمان ڕابکێشێت. لە راستیدا من و نەزیرە خواردنەکەمان دەخستە لاوەو لە چەمی کانی بامێدا بەدووای بەچکە لەق لەقدا ڕامان دەکرد، ڕۆژێکیان ڕاکردنەکەمان بە زایە نەچوو، بەچکەیەکمان گرت و  جارێکی تر، کەوتینەڕێ بۆ کێڵگەکەی باوکم. 
لەق لەقی دایک وازی لێ نەهێناین و بەسەرسەرمانەوە لەشەقەی باڵی دەدا، ئێمەی دڵخۆش  بە بەچکەیەکەوە لە ناو دەستماندا هەنگاوەکانمان خێراتر دەکردو ئەویش زیاتر باڵەکانی بەیەکدا دەدا. پێش گەیشتنمان بەچەند هەنگاوێک، باوکم درکی بەوەکرد چی لە ئارادایەو لەق لەق بەدووای بەچکەدا نەبێت ئەوەندە لە کەس نزیک نابێتەوە. کە گەیشتین پێی وتین بەچکەکە بەرەڵا بکەین و وازی لێ بهێنین. بەزمانە سادەکەی خۆی باسی پەیوەندی نێوان ئێمەو گیانلەبەرانی بۆ کردین، زمانەکەی باوکم بەدەریش نەبوو لە جۆرێک لە ترساندن؛ باسی گرنگیی لەقلەقی بۆ کردین و مارەکان دەخوات و ژمارەیان کەم دەکاتەوە. ئەو دەیەویست پێمان بڵێت کە دەگەرێینەوە بۆ ماڵەوە، مار لەسەر ڕێگا پێمانەوە نادات، چونکە لەقلەقەکان دەیانخۆن، ئەمە وانەیەکی خۆڕسکیی بوو لەسەر هەمە-چەشنی کە باوکم بە ئێمەی پێدەناساند. ئێستا کانی بامێ وەک هەموو چەمەکانی تر وشک و برینگە. 
هۆکارە مرۆییەکان
ئەوەی تا ئێستا خرایەڕوو، ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەکاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشەهەوا کە خۆی لە کەمیی دابارین و بەرزبوونەوەی پلەی گەرماو لەدەستدانی پۆشاکیی ڕووەکیدا دەبینێتەوە. لەپاڵ ئەمەدا کاریگەرییەکانی چالاکیی مرۆیی کەمتر نین و لەزۆر ڕووەوە پێش هۆکارەکانی سیستمی سروشتیی دەکەون لەتێکدانی سیستمی ژینگەییدا؛ بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە لە دەستدانی ژیانی کێویانەو هەمە-چەشنییەوە. یەکەم چالاکیش لەم بوارەدا، ڕاوی بەردەوامی ئاسکەکانی گەرمیانە، نەک تەنها لەلایەن داینشتوانە لۆکاڵیەکانەوە، بەڵکو لە لایەن خەڵکی شارو دەسڕۆیشتووی ناو حزبەکانەوە. 
ئەوەی گرنگە لەم میانەیەدا بووترێت ئەوەیە کە لەدەستدانی ژیانی کێویانەو هەمە-چەشنی لە گەرمیاندا پێش کاریگەرییەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا دەست پێدەکات. ئامانجیش لێی پێداویستی دانیشتوانە لۆکالییەکان نیە لە ڕووی خۆراکەوە، بەڵکو بازرگانیکردنە بە گیانەوەرەکانەوەو فرۆشتنیانە لە بازاڕی ڕەشدا لە پێناو بەخێوکردنیان لە باخی تایبەتدا. لە ئاستێکی تریشدا ئارەزووی ڕاوکردن و کوشتنی گیانەوەرەکانە. ڕاوچییەک باسی ئەوە دەکات کە چۆن بە تاکە گولەیەک دوو گورگی کوشتووە، ئەگەر ئەمە دەربڕی شتێک بێت، ئەوا لە ئارەزووی کوشتن زیاتر تێپەڕ ناکات. ڕاوچییەکە بە شانازییەکی زۆرەوە باسی پاڵەوانێتی خۆی دەکات. هەڵبەتە بەبێ کوشتنی گیانەوەرە گۆشتخۆرەکانی وەک گورگ و کەمتیار و چەقەڵ و ڕێوی، لەناوچونیان بووەتە فاکتێک، چونکە سەرچاوەی خۆراکیان، کە ئاسک و کەروێشک گیانەوەرە ڕووکخۆرەکانی ترن، لەناو براوە. ڕاوی بێ پەروا، بووەتە هۆی تێکدانی خەسڵەتێکی گرنگی سیستمی سروشتیی، ئەویش زنجیرەی خۆراکە. ژیانی گورگ کە ڕۆڵێکی گەورەی لە ڕاگرتنی سیستمی ژینگەییدا هەیە، بەبێ بوونی ئاسک و بەرازو گیانەوەرە ڕووەکخۆرەکانی تر، دەکەوێتە ژێر مەترسی و هەڕەشەی لەناوچوونەوە. 
دووای ئەنفال و وێرانکردنی لادێکانی گەرمیان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، ناوچەکە لە ڕووی ژیانی کێویانەو هەمە-چەشنییەوە بووژایەوە، بەڵام جێگەی داخێکی گەورەیە باسی ئەوە بکەین کە لە دووای ساڵی (1991) و کرانەوەی ڕێگاکان بۆ ناوچەکەو بوونی ئۆتۆمبێلی وەک پاترۆل بەدەست ڕاوچییانەوە، کارەساتێکی ژینگەیی لەگەرمیاندا لەسەر دەستی مرۆڤ ڕوودەدات و ئێکۆ-ساید دەکرێت. لەلایەکی ترەوە، دەکرێ ئاوڕێک لە گۆڕانێکی سروشتی بدەینەوە کە بەسەر کانی و سەرچاوەکانی ئاودا هاتووە. هەر لەو ساڵانەی دووای ئەنفالدا کە ناوچەکە چۆڵکراو و کرایە خاکێکی سەربازی و (موحەڕەمە)، هەموو کانیاوەکان بەهۆی لافاوو داڕمانەوە، پڕبوونەوەو  خەسڵەتی سروشتیی خۆیان لەدەستدا. کاتێکیش بەشێک لە دانیشتوان دەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، جگە لە پاککردنەوەی بیرە کۆنەکانی خۆیان، زیاتر پشت بەبیری ئیرتیوازی دەبەستن و ناپەرژێنە سەر پاککردنەوەی کانیاوەکان. 
ئێستا لە شوێنی هەموو ئەو کانی و سەرچاوە ئاویانەی کە پێش ساڵی 1988 هەبوون و خەڵک پشتی پێ دەبەستن، زەل و قامیش سەوز بوونە، لە کاتێکدا پاککردنەوەو گەڕاندنەوەی ژیان بۆیان، دەکرێ و شیاوە. هۆکارێکی تری تێکدانی ژیانی کێویانەو هەمە-چەشنی گەرمیان، وەک هەموو ناوچەکانی تری کوردستان نەبوونی ناوچەی سروشتیی پارێزراوە. بەمەرجێک بوونی ناوچەی پارێزراوی سروشتیی، هۆکارێکە بۆ بەگەڕخستنی تواناو کولتووری خۆڕسکی دانیشتوانە لۆکالییەکان و بەشداری پێکردنیان لە پاراستنی سیستمی ژینگەیی و ژیانی کێویانەدا. 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand