بەچەكەكەی خۆی لە مالیكی دەدرێت
2022-07-01 12:55:30
راپۆرت: درەو
"یەك لەسەر سێی پەكخەر".. ئەو چەكەی مالیكی دژی سەدر بەكاریهێناو بەهۆیەوە لە گۆڕەپانەكە دوریخستەوە، ئێستا روبەڕووی مالیكی خۆشی بوەتەوە، مشتومڕ هەیە لەبارەی ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە "یەك لەسەر سێی پەكخەر"، دادگا لەبەردەم بەرپرسیارێتییەكی مێژویدایە، سەدر بە (تویت)ێك هێندەی تر بەرهەم ساڵحی لەبەرچاوی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی رەش كرد، مالیكی داوای لە بافڵ تاڵەبانی كردووە بەرهەم ساڵح بكێشێتەوە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
دادگاو یەك لەسەر سێی پەكخەر !
دوای نزیكەی (9) مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق دروست نەكراوە، ئەمە ناوی لێنراوە "بنبەستی سیاسی"، بنبەستێك كە بەهۆی بڕیارێكی دادگای باڵای فیدراڵییەوە دروستبوو، رەنگە تەنیا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەش بنبەستەكە بكرێتەوە.
رۆژی 3ی شوباتی ئەمساڵ، دادگای باڵای فیدراڵی كە تاكە دادگایە دەسەڵاتی لێكدانەوەی ماددەكانی دەستوری پێدراوە، رایگەیاند، نیسابی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، بە ئامادەبوونی (دوو لەسەر سێ)ی پەرلەمانتاران پێكدێت، واتە لە كۆی (329) پەرلەمانتار دەبێت (220) كەسیان ئامادەی دانیشتنەكە بن.
ئەم حوكمەی دادگای فیدراڵی بۆ یەكەمجار لە مێژووی عێراقی دوای روخانی سەددامەوە، (الپلپ المعگل- واتا یەك لەسەر سێی پەكخەر)ی لەناو پەرلەماندا دروستكرد، یەك لەسەر سێی پەكخەر واتا كۆكردنەوەی (110) پەرلەمانتار بۆ رێگریكردن لە بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار.
چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ عەبادی+ حەكیم) لەماوەی رابردوودا بە پاڵپشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانو هاوپەیمانی (عەزم)ی سوننەكانو چەند لایەنێكی تر توانیان (110) كورسی لە پەرلەمان مسۆگەر بكەنو یەك لەسەر سێی پەكخەر دژی هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) كارا بكەن، مالیكیو هاوپەیمانەكانی بۆ قۆناغی یەكەمی ململانێ سیاسییەكە سودمەندی گەورەی بڕیارەی دادگای فیدراڵی بوونو موقتەدا سەدری براوەی یەكەمی هەڵبژاردنیان ناچاركرد لە پەرلەمان بكشێتەوەو هاوپەیمانی سێقۆڵییان هەڵوەشاندەوە، بەڵام ئێستا كە جڵەوی پێكهێنانی حكومەت كەوتوەتە دەست خۆیان، روبەڕووی هەمان ئەو چەكەی دادگای فیدراڵی بونەتەوە كە دژی سەدری نەیاریان بەكاریانهێنا.
كارتەكە هەڵگەڕاوەتەوە لەدژی خۆیان !
دوای پڕكردنەوەی كورسییە بەتاڵەكانی سەدر، بەرەی چوارچێوەی هەماهەنگیی لەگەڵ یەكێتیو عەزمی سوننەكان بەتێكڕا نزیكەی (170) كورسی پەرلەمانیان هەیە، ئەم بەرەیە ئێستا كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمانەو دەیەوێت دوای پشووی جەژی قوربان دەست بە هەنگاوەكانی بكات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكك كۆمارو پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.
بەپێی دەستوری عێراق، بەر لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، دەبێت سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، چونكە سەرۆك كۆمار كوتلەی گەورەی پەرلەمان رادەسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێ.
سیناریۆی (یەك لەسەر سێی پەكخەر) كە دژی سەدرو هاوپەیمانەكانی (بارزانی+ حەلبوسی) بەكارهێنرا، ئێستا لەدژی چوارچێوەی هەماهەنگییو هاوپەیمانەكانی (یەكێتی+ عەزم) خۆی نوێ دەكاتەوە، چونكە چوارچێوەی هەماهەنگیی دەبێت (50) پەرلەمانتار لە دەرەوەی خۆی قایل بكات بەشداری دانیشتنی پەرلەمان بكەنو بایكۆت نەكەن، ئەمە بۆ ئەوەی بتوانێت نیسابی (220) پەرلەمانتار بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنەكە تەواو بكاتو هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تێپەڕێنێتو دواتر دەست بە هەنگاوەكانی بكات بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.
شیعەكان زۆر كاریان بە پۆستی سەرۆك كۆمار نییە، بەڵام لەڕووی دەستورییەوە بۆ ئەوەی بتوانن بگەن بە كێكی حكومەت دەبێت سەرەتا قوفڵی سەرۆك كۆمار بكەنەوە، یەك لەسەر سێی پەكخەر قوفڵی لە پۆستی سەرۆك كۆمار داوە، بەبێ چارەسەركردنی ئەمە ناتوانرێت دەست بۆ پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت ببرێت.
چوارچێوەی هەماهەنگیی كە دوای كشانەوەی سەدر، بوون بە كوتلەی گەورەی پەرلەمان، هێشتا بەفەرمی دانوستانیان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دەستپێنەكردووە، ئەمە لەحاڵێكدایە دەبێت بۆ تێپەڕاندنی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، هاوپەیمانەكانی سەدر واتا (بارزانی+ حەلبوسی) قایل بكەن بەشداری دانیشتنی پەرلەمان بكەن، كە بەتێكڕا نزیكەی (100) كورسییان هەیە، ئەمە جگە لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆو ئەو كوتلەی سیاسییانەی تر كە تازە دروستبوونو ژمارەی كورسییەكانیان لە پەرلەمان زیاتر لە 40 كورسییە.
چوارچێوەی هەماهەنگیی لەناو خۆیاندا بۆچونی جیاوازیان هەیە، هەندێك لەگەڵ ئەوەدان بەبێ سەدر كابینەی نوێی حكومەت دروست نەكرێت، چونكە حكومەتەكە دەكەوێتە بەردەم هەڕەشەی دژایەتی سەدرو سەركەوتوو نابێت، ئاڕاستەیەكی تر كە مالیكی رێبەرایەتی دەكات خواستی ئەوەی هەیە بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەڕەشەكانی سەدر، پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت تەواو بكرێت، لەم نێوەندەدا بۆچونێكی تر لەناو لایەنە شیعەكاندا هەیە دەڵێ حكومەتێكی "كاتیی" بۆ ماوەی ساڵێك یان دوو ساڵ پێكبهیێنرێتو لەو ماوەیەدا بانگەوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی نوێ بكرێت، ئەمە بۆ ئەوەیە ماڵی شیعە زیاتر لەبەریەك هەڵنەوەشێت.
قایلكردنی هاوپەیمانەكانی سەدر واتا (بارزانی+ حەلبوسی) لەلایەن مالیكیو هاوپەیمانەكانییەوە بۆ بەشداریكردن لە حكومەتو تێپەڕاندنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، پێویستی بە دانوستانی سەخت هەیە، بەتایبەتیش كە ئێستا مەرجی بارزانی بۆ بەشداریكردن لە حكومەت بووە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی نەوتو غازی هەرێمو پەسەندكردنی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ بەپێی ئەوەی لە دەستوردا هاتووە، پێناچێت مالیكیو هاوپەیمانەكانی بچنە ژێر باری مەرجی لەمشێوەیە، بۆیە تەواوكردنی نیسابی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار رەنگە سەرلەنوێ كێشەی بۆ دروست ببێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر سوننە لەم قۆناغەشدا بارزانی بەجێنەهێڵنو پێكەوە دانوستان لەگەڵ شیعەدا بكەن.
دادگای فیدراڵی بڕیاری خۆی دەگۆڕێت ؟
ئێستا كە سەرلەنوێ (یەك لەسەر سێی پەكخەر) خۆی لەبەردەم هەوڵی پێكهێنانی حكومەت قوتكردوەتەوە، قسەوباس لەبارەی ئەوە هاتوەتە ئاراوە دادگای فیدراڵی بڕیاری خۆی لەبارەی نیسابی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بگۆڕێت، واتا (یەك لەسەر سێی پەكخەر) هەڵوەشێنێتەوە بۆ ئەوەی بنبەستی سیاسی لەمە زیاتر درێژە نەكێشێتو سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێتو دوای ئەویش كابینەی نوێی حكومەت دروست بكرێت.
ئەوانەی پێشبینی گۆڕینی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەكەن بۆ كۆتایهێنان بە بنبەستی سیاسی، دوو رووداو دەكەنە بەڵگە كە بەمدواییانە رویانداوە:
رووداوی یەكەم: ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق بەمدواییە كۆمێنتێكی لەبارەی پرسی پاشگەزبوونەوەی دادگای باڵای ئەمریكا لەبارەی (مافی لەباربردنی كۆرپەلە) نوسیوەو دەڵێ" گەڕانەوە لە بڕیارەكاندا چوارچێوەیەكە كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پشتی پێدەبەسترێت"، ئەم كۆمێنتەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی وا لێكدەدرێتەوە رێگەخۆشكردن بێت بۆ پاشگەزبوونەوەی دادگای باڵای فیدراڵی لە هەندێك لە بڕیارەكانی خۆی، بەتایبەتی بڕیاری نیسابی دوو لەسەر سێ بۆ دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار.
رووداوی دووەم: بەمدواییە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەشێوەیەكی كتوپڕ پەیڕەوێكی نوێی ناوخۆی لە رۆژنامەی وەقایعی عێراقدا بڵاوكردەوە، لەم پەیڕەوە نوێیەدا بەدیاریكراوی لە ماددەی (45)دا ئاماژە بەوەدراوە" لەكاتی پێویستدا، ئەگەر بەرژەوەندی دەستوریو بەرژەوەندی گشتیی ئەوەی خواست، دەكرێت دادگا لە بنەمایەكی خۆی پاشگەزببێتەوە كە پێشتر لە یەكێك لە بڕیارەكانی خۆیدا بڕیاری لەسەردابێت، بەمەرجێك ئەم گۆڕانكارییە دەست بۆ سەقامگیری ناوەندە یاساییو مافە بەدەستهاتووەكان نەبات"، دانانی بەرژەوەندی (گشتیی) لەپاڵ بەرژەوەندی (دەستوری) دا ئاماژەیە بۆ ئەوەی تانەنەت ئەگەر نادەستوریش بێت، دەكرێت دادگا لە بڕیارەكانی پێشتری خۆی بگەڕێتە دواوە.
ئەگەر دادگای فیدراڵی لەبەر رۆشنایی ئەم دوو ئاماژەیەدا، دەستكاری بڕیاری خۆی بكات سەبارەت بە نیسابی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، پرۆسەكە لەبەرژەوەندی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی دەشكێتەوەو بەبێ كێشە دەتوانن هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تێپەڕێنن، بەڵام بڕیارێكی لەمجۆرە دادگای باڵای فیدراڵی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەكەی مێژوویی، چونكە دەركردنی بڕیاری دەستكاریكردنی نیسابی دانیشتنی پەرلەمان دوای كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان، وادەكات تۆمەتەكان لەبارەی بە سیاسیكردنی بڕیارەكانی دادگا لە گومانەوە ببن بە راستیی.
سەرباری ئەمە، دەستكاریكردنی حوكمی نیسابی دانیشتنی پەرلەمان لەلایەن دادگاوە، رەنگە كارتێكی باش بێت بەدەست دانوستانكاری كوردەوە بۆ ئەوەی ئەوانیش لەسەر هەمان بنەمای (بەرژەوەندی گشتیی) داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دادگا بكەن سەبارەت بە دۆسیەی نەوتو غازی هەرێمی كوردستان یاخود سەدرییەكان كە زەرەرمەندی بڕیاری نیسابی پەرلەمان بوون، داوای تێهەڵچوونەوەو گەڕانەوە بۆ ناو پەرلەمان بكەن.
تویتەكەی سەدرو چارەنوسی بەرهەم ساڵح
سێ شەممەی رابردوو (28ی حوزەیران) موقتەدا سەدر تیرێكی ئاڕاستەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كرد، بە بەهانەی ئەوەی وەكو سەرۆك كۆمار ئیمزای نەكردووە لەسەر یاسای (بەتاوانناساندنی ئاسایكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل)، سەدر لە تویتێكدا نوسی" داوای لێبوردن دەكەم لەبارەی كاندیدكردنی بەرهەم بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لە پێشترو لەداهاتوشدا.. جێگای شورەییە بۆ میللەت سەرۆكەكەی كەسێك بێت كە پشتیوانی ئاسایكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بكاتو كەسێكی نیشتمانی نەبێت".
ئەمە تیرێكی دوو سەرەبوو لە سەدرەوە بۆ بەرهەم ساڵح، لەسەرێكەوە بەم قسەیە هێندەی تر بەرهەم ساڵحی لەبەرچاوی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی خست، بۆ ئەوەی جارێكی تر پشتیوانی نەكەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمارو قەیرانی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار هەر بەكراوەیی بمێنێتەوە، لەسەرەكەی ترەوە خزمەتێكشی بەبەرهەم ساڵح كرد، بەوەی چیتر بەرهەم ساڵح سەرۆكە گوێڕایەڵەكەی سەدر نییەو دەكرێت ئیتر لەمەودوا لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی گومانەكانیان لە پەیوەندی نێوان سەدرو بەرهەم ساڵح بڕەوێننەوە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بەمدواییە لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی، نوری مالیكی وەكو یەكێك لە كاریگەرترین سەركردەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی داوای كردووە یەكێتی كاندیدبوونی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكشێنێتەوە، چونكە لایەنەكانی چوارچێوەی متمانەیان پێی نییەو پاڵپشتی ناكەن، ئەگەر چوارچێوەی هاوشێوەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە ساڵی 2018دا بكەوێتە بەردەم دوو بژاردە، بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتی یاخود كاندیدێكی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەوا ئامادەن دەنگ بۆ كاندیدی پارتی بدەن، نەك بەرهەم ساڵح.
لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بەرهەم ساڵح بەیەكێك لەوانە ناودەبەن كە بەرپرسیارێتی دۆخی خراپی ئێستای ناو ماڵی شیعەیان دەكەوێتە ئەستۆ، چونكە بەوتەی ئەوان بەرهەم ساڵح لەوانە بووە كە وەكو سەرۆك كۆمار دەستی هەبووە لە هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان، یاسایەك كە دەرەنجامەكەی ماڵی شیعەی دابەشكردووەو بنبەستی سیاسی بەدوای خۆیدا هێناوە، لەپاڵ ئەمەدا مالیكی بەشێوەیەكی شەخسی لە بەرهەم ساڵح توڕەیە، چونكە پێی وایە بەرهەم ساڵح رێگری بووە لەوەی، ئەو پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار پڕبكاتەوە.
(درەو) زانیویەتی، بافڵ تاڵەبانی پەیامی ناڕەزایەتی مالیكی سەبارەت بە كاندیدكردنەوەی گەیاندووە بە بەرهەم ساڵح، ئێستا كە ئەم بەرەوپێشچونانە لە پرۆسەی سیاسیدا رویداوە، هەندێك باس لە ئەگەری سەرلەنوێ كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردنەوە دەكەن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی دەرفەت لەبەردەم ئەوەدا نەماوەی جارێكی تر دەرگای خۆكاندیدكردنەوەی بكرێتەوە، ئەگەر بڕیارێكی لەمجۆرە بدرێت، دەبێت هاوشێوەی دەستكاریكردنی بڕیاری نیسابی دانیشتنی پەرلەمان، دادگا دەستكاری بڕیاری خۆی بكاتو سەرلەنوێ دەرگای خۆكاندیدكردنەوە بكاتەوە.