شیكاری: درەو هاووڵاتیانی عێراق متمانەیان بە دام و دەزگاکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری نییە، لەم ڕووەوە عێراق لە ریزبەندی هەرە دواوەی وڵاتانی عەرەبییە، بەشی زۆری ئەو بێ متمانەییە کاریگەری دوو سەرەی هەیە لە سەر هەڵبژاردنەکان و جارێک لە مومارەسەی دامەزراوە هەڵبژێردراوەکانەوە سەرچاوەی گرتووە کە بووە بە هۆی نائومێدی، جارێکیش ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر بەشداری سیاسی و هەڵبژاردن، کە بەشی زۆری لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە هەڵبژاردن لە ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیر و ئامندا بەڕێوەناچیت. لەم ڕاپۆرتەی (درەو)دا ئەو ڕاستییە بە ئامارو داتا دەسەلمێنین. ڕێ و شوێنە تەکنیکییەکانی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی گشتی هەڵبژاردن کۆمەڵێک بنەماو شێوازی خۆی هەیە، لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێک و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە و لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر و بەپێی یاساکانی هەڵبژادن گۆڕانکاری دروست دەبێت. بەڵام کۆمەڵێک ڕێوشوێنی پێوست هەیە، تا ڕادەیەکی زۆر هاوبەشەو دەکەونە چوارچێوەی هەنگاوو ڕێوشێنە تەکنیکییەکانەوە، بەڵام کاریگەری تەواویان بەسەر ئەنجامی هەرڵبژاردنەکانەوە دەبێت. ڕێوشێنە تەکنیکییەکانی هەڵبژاردن، هەموو ئەو هەوڵ کارو بڕیارو یاسا و کارە ئیدارییانە دەگرێتەوە کە دەبێتە هۆی کارئاسانی بۆ کاندیدان و دەنگدەران و پرۆسەی هەڵبژاردن بە گشتی، گرنگترین ئەو ڕێوشێنانەش؛ یەکەم: دیاریکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن؛ بریتییە لە دابەشکردنی جوگرافیای دەوڵەت بۆ چەند بازنەیەک کە تێیدا پاڵێوراوێک یان چەند پاڵێوراوێک تێیدا سەردەکەون، لە چەند وڵاتێکی کەمیشدا دەوڵەت تەنها لە یەک بازنەی هەڵبژاردن پێکدێت پاڵێورایش دەتوانێت لەسەر ئاستی دەوڵەت دەنگ کۆبکاتەوە، بەڵام ئەم جۆرە لە پەیڕەوکردنی یەک بازنەیی لە پاشەکشەدایەو کەمتر دیموکراتی ترەو زیاتر بۆ دەوڵەتە بچوکەکان گونجاوە، لە مێژوودا زۆرێک لە وڵاتانی دنیا پێشتر پەیڕەوییان لە یەک بازنەیی کردووە. ئەوانەشی کار بە فرە بازنەیی دەکەن دوو پێوەریان کردووە بە بنەما کە بە پێی دەستور یان یاسای هەڵبژاردن دیاری دەکەن، ئەوانیش؛ 1. لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوون. 2. لەسەر بنەمای سنوری جوگرافی. سەبارەت بە عێراقی نوێ (دوای ٢٠٠٣) پەیڕەوی لە هەردوو دابەشکارییەکە کردووە، واتە یەک بازنەیی و فرە بازنەیش کاری پێ کراوە، پشت بەست بە دەستور و یاسای هەڵبژاردن هەردوو بنەمای ژمارەی دانیشوان و دابەشکاری جوگرافی بازنەکانی هەڵبژاردنی دابەشکردووە (بڕوانە خشەی ١) دووەم: ئامادەکردنی تۆماری دەنگدەران؛ کاتێک باس لە هەڵبژاردنی گشتی دەکەین بەو مانایە نییە سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا بەشداری لە پرۆسەکەدا دەکەن، بەڵکو ئەو کەسانە بەشداری دەکەن کە بەپێی یاسای ئەو مافە بەدەست دەهێنن، لەسەر ئاستی جیهانیش کۆمەڵێک پێوەر دانراوە، وڵاتان بەپێی یاسای تایبەت خۆیانی لەگەڵ دەگونجێنن، کە پێوەرو مەرجەکانیش بریتین لە؛ 1. مەرجی ڕەگەزنامە؛ یەکێک لە مەرجەکانی بەدەستهێنانی مافی دەنگدان، پێویستە دەنگدەر هەڵگری رەگەزنامەی ئەو وڵاتەبێت کە هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام دەدرێت. 2. مەرجی ڕەگەز؛ ئەگەر چی لە ئێستادا کەمتر پەیڕەوی لەم مەرجە دەکرێت بەڵام تا ئەم دواییانەش لە هەندێک وڵاتدا مافی بەشداری لە دەنگدان تەنها بۆ ڕەگەزی نێر بوو. 3. مەرجی تەمەن؛ گەیشتن بە ئاستێکی دیاریکراوی تەمەن مەرجە بۆ ئەوانەی مافی بەشداریان هەیە لە دەنگداندا و زۆربەی وڵاتان تەمەنی نێوان (١٨) بۆ (٢٥)یان ساڵ دەستنیشان کردووە. 4. مەرجی شیاوی عەقڵی؛ عاقڵی بەو مانایە دێت کە دەنگدەر کەم ئەندامی عەقڵی نەبێت و توانای لێکجیاکردنەوەی شتەکانی هەبێت، خاوەن وشیاری بێت. 5. مەرجی شیاوی ئەدەبی؛ یەکێکی دیکەیە لەو مەرجانەی کە پێویستە لە دەنگدەردا هەبێت لە ڕووی یاساییەوە دادگا ئەو مافەی لێ وەرنەگرتبێتەوە کە زۆرجار لە کەیسەکانی (سزادراوان و مەحکوم بەتاوان، دەستپاکی، مەرجی شیاوی سیاسی) دادگاکان ئەو مافە لە هاووڵاتی وەردەگرنەوە. سەرباری ئەو مەرجە گشتییانە، دەبینین لە عێراقدا بەشێکی زۆری هاوڵاتی عێراقی لە ژمارەیان بە زیاتر لە (٥) ملیۆن کەسە و سەرجەم مەرجە گشتییەکانیان تێدایە، بەڵام کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ڕۆژی ٢٢ی ٣ی ٢٠٢١ بڕیاری بێبەش کردن، لە مافی دەنگدانی هاوڵاتیانی عێراق لە دەرەوەی وڵاتی دەرکرد، بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە وا بڕیارە لە ١٠ی ١٠ی ٢٠٢١ بەڕێوەبچێت. بۆیە لەسەر لایەنی پەیوەندیدار (لە عێراقدا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنە)، پێویستە ڕۆژی پێش دەستپێکردنی دەنگدان تۆمارێکی وردو ئاشکرا و ڕوون ئامادە بکەن، دوربێت لە (ناوی دووەبار، مردوو، هەڵە، ئەوانەی مافی بەشدارییان نیە) و تۆمارکردنی ناوی سەرجەم ئەوانەی ئەو مافەیان هەیە یان بەدەستیانهێناوە بەپێی دەستور و یاساو ڕێنماییەکانی تایبەت بە بەشداری لە هەڵبژاردن. سێیەم: گرنتی ئاسایش و سەلامەتی هەڵبژاردن؛ یەکێک لە گرنگترین پڕ بایەخترین ڕێو شوێنە تەکنیکییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی پرۆسەی هەڵبژاردنە لە دەستپێکردنی پرۆسەکەوە دەستپێدەکات کە بە قۆناغەکانی (تۆمارکردنی ناوی دەنگدەران، پاڵێوراوان، بانگەشەی هەڵبژاردن، ڕۆژی دەنگدان، جیاکردنەوەی دەنگەکان، ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان، تانەو سکاڵاکان، ئەنجامی کۆتایی) دەڕوات، چونکە پاراستنی ئەو ڕێوشوێنانە مەرجە بۆ ڕادەی سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی پرۆسەکە بەشێوەیەکی تەندروست و ڕاستەقینە، بەشێکی گەورەی پرۆسەکەش لە ڕووی پاراستنەوە لەم مەرجانەی خوارەوە بەرجەستە دەبن؛ 1. نهێنی دەنگدان؛ نهێنی بوون یەکێکە لە گرنتییە گەورەکانی پاراستنی ئازادی دەنگدەر لە هەڵبژاردنی پاڵیورادا، نابێت لە ژێر هیچ فشارێکدا دەنگدەر دەنگەکەی پێ ئاشکرا بکرێت، یان ناچاربکرێت لە دەرەوەی خواستی خۆی دەنگ بە پاڵێوراو یان لایەنێکی سیاسی بدات، چونکە دەنگدانی ئاشکرا کاریگەری لەسەر گۆڕینی ئاراستەی دەنگدەر دروست دەکات جا بە هەر بیانویەک بێت، ئەمە ڕێگەپێدراو نیە، چونکە کاریگەری لەسەر کۆی پرۆسەکە دەبێت و لە چواچێوەی دیموکراتی و ئازدی مافە بنەڕەتییەکان دەچێتە دەرەوە. 2. یەکسانی نێوان دەنگدەران و پاڵێوراوان؛ هەڵبژاردن لەخۆیدا ئامرازێکە بۆ ململانێی شەریفانە و ڕەوایە بۆ هەڵبژاردنی باشترین کەسانێک کە نوێنەرایەتی گەل بکات، بۆیە مەرجە یەکسانی لەنێوان دەنگدەران بکرێت و بەپێی یاساو ڕێسا هەل و دەرفەتی یەکسانیان بۆ بڕەخسێنرێت لە بەشداریکردن لە پرۆسەکەدا. هەمان شت بۆ پاڵێوراوانیش ڕاستە، پاراستنی یەکسانی نێوان پاڵێوراوانیش ڕەخساندنی دەرکەوتنی گونجاو لە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و بانگەشەی هەڵبژاردن بە هەمان قەبارە گرنگە، پێویستە بەهیچ شێوەیەک جیاکاری نەکرێت بە بیانوی سیاسی یان پێگەی ئابوری و کۆمەڵایەتی و جیاکاری ڕەگەزی و نەتەوەیی یان هەر هۆکارێکی دیکە کە ببێتە هۆی جیاوازیکردن لە نێوان پاڵێوراواندا. پاراستنی یەکسانی و دادپەروەری لە دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردنیش یەکێکە دیکەیە لەو ڕێوشێنە پڕبایەخانەی پێویستە ڕەچاو بکرێت، جا سنوری جوگرافی بێت یان ژمارەی دانیشتوان. ئەمە جگە لەوەی پێویستە ڕێگری بکرێت لەوەی کە هێزێکی سیاسی یان لایەنێک یان کەسێک بە قازانجی خۆی هێڵەکانی جیاکردنەوەی بازنەکان بکێشت و ڕێگری لە پەرتبوونی دەنگەکانی خۆی بکات. ئەمەی دواییان لە عێراقدا قسەی لەسەرەو هەندێک لە چاودێران پێیان وایە چەند حیزبێکی سیاسی بە قازانجی خۆیان کاریگەرییان لەسەر چۆنییەتی دابەشکردنی بازنەکان داناوە. 3. ڕێگریکردن لە فشارهێنان بۆ سەر دەنگدەر و پاڵێوراو؛ بەشێک لە هێزە سیاسییەکان هەندێ ڕێوشوێنی نایاسایی و دوور لە ئادابی گشتی، جا بەشێوەی فشاربێت یان ترساندن و خەڵتاندن و زۆرلێکردن وا لە دەنگدەران دەکەن ئاراستەی هەڵوێستیان بگۆڕن بە قازانجی خۆیان یان پاڵێوراوێکیان، ئەم هەوڵانە لە دەرەوەی چوارچێوەوەی دیموکراتی و بنەما گشتییەکانی هەڵبژاردنن و بە شێوەیەکی گشتی ئەمن و سەلامەتی هەڵبژاردن دەخەنە ژێر پرسیارەو کاریگەری گەورەی نەرێنی بە جێ دەهێڵن لە سەر پاکێتی و نەزاهەتی کۆی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە. 4. دورخستنەوەی سوپا لە دەستێوەردان؛ جگە لەوەی لە پێویستە سوپا دەستوەرنەداتە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە و ئەرکی پارێزگاری کردن بێت لە پاراستن و سەلامەتی گشتی، هەندێ وڵات لە سەردەمانێکدا زیاتر لەوە ڕۆشتوون و هێزە چەکدارەکان و سوپایان بێ بەش کردووە لە بەشداری سیاسی و پرۆسەی دەنگدان، لەسەر ئەو بنەمایەی سوپا ئەرکی پاراستنی گشتی و دەرەکییەو پێویستە بێ لایەن بێت لە پرۆسەی هەڵبژاردنیدا. بەڵام لە عێراقدا میلیشیاو هێزە چەکدارەکان ڕۆڵی گەورە دەگێڕن لە بەلاداخستنی بەشێکی پرۆسەی دەنگدان و پاڵپشتی کردنی هێز و حیزب و بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان. 5. ڕێگری لە تەزویر و ساختەکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان؛ پرسی ساختەکاری لە هەڵبژاردندا دیاردەیەکی بەربڵاوەوە، بە دەیان شێوە و ئامرازی جۆراوجۆر بەکاردەهێنرێت، وەکو، دەنگدانی زیاتر لە جارێک و یاخود دەنگدان لە بری کەسانی دیکەو بەکارهێنانی ناوی وەهمی و دەستکاری سندوق و کەل و پەلەکانی هەڵبژاردن و بەکارهێنانی کارت و ناسنامەی ساختەو یاریکردن بە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن ... چەندین کاری دیکەی ناڕەوا کاریگەری تەواوی دەبێت لەسەر ئاسایش و ڕادەی شەفافییەتی پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان، دواجاریش ڕوخاندنی پردی پەیوەندی نێوان هاوڵاتیان و دامەزراوە گشتی و هەڵبژێردراوەکان و دامودەزگا فەرمییەکان و لاوازبوون و لەدەستدانی متمانە بە هەڵبژاردن و بەشداری سیاسی. ئەم دیاردەیەش لە عێراقدا، هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن ڕوی لە هەڵکشانە، متمانەی هاوڵاتیانیش ڕووی لە لێژبوونەوە کردووە. ئامارو ڕاپرسییەکان وەک بڕیارە ڕۆژی 10ی10ی2021 هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام مەرجەکانی ئاسایش و سەلامەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە عێراقدا لە بەرژەوەندی پرۆسەی دیموکراسی ڕاستەقینە نییەو هاووڵاتیانی عێراقی تادێت متمانەیان لاواز دەبێت بە دام و دەزگاکانی دەوڵەت، بەپێی ڕاپۆرتێکی سایتی بارۆمەتری عەرەبی (البارومیتر العربی) عێراق لە هەرە دواوەی وڵاتە عەرەبییەکانە، لە ڕووی متمانەی هاوڵاتییان بە دامەزراوەو دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری (بڕوانە چارتی 1-2-3) چارتی ژمارە (1) چارتی ژمارە (2) چارتی ژمارە (3) سەرەڕای ئەوەی بەردەوام بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان لە عێراقدا ڕووی لە پاشەکشەیە، جگە لەوەی بەشێک لە هاوڵاتیانی عێراقی پێیان وایە هەڵبژاردن لە کەشێکی سەلامەت و سەقامگیردا بەڕێوە ناچێت، بەشێکیشیان گەیشتوون بەو بڕوایەی سەرەڕای ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەشێک لە دەموچاوەکان بەردەوام دووبارە دەبنەوە (بڕوانە چارتی ژمارە (٤))، ئەمەش وایکردووە پێیان وابێت، پێشوەخت ئەنجامەکان لە بەرژەوەندی هێزە سیاسییە گەورەکان یەکلا دەکرێتەوەو بەشداری کردن لە هەڵبژاردن شتێکی ئەوتۆ ناگۆڕێت. چارتی ژمارە (4) بەپێی ڕاپرسییەکی ناوەندی بەیان بۆ لێکۆڵینەوەو پلاندانان، کە لەسەر ئاستی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و بەشداری (١٧٧٠) کەس لە سەرجەم چین و توێژ و ئاستە جیاوازەکانی تەمەن و ڕەگەز و نەتەوەو شێوازی گوزەران و پلەی خوێندەواری ئەنجامی داوە، دەیان پرسیاری جۆراو جۆریان لە بارەی هەڵبژاردنەوە ئارستە کراوە، گرنگترینی ئەوانە؛ 1. ئایا باوەڕت وایە هەڵبژاردنی داهاتوو گرنگە بۆ باشتر بوون و گەشەسەندنی وڵات؛ (بڕوانە چارتی ژمارە (٥)) چارتی ژمارە (٥) 2. ئایا بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەکەیت؟(بڕوانە چارتی ژمارە (٦)) چارتی ژمارە (٦) 3. لە پرسیاری ئەوەی؛ بۆچی بەشداری هەڵبژاردن ناکەیت؟ (٦٨٥) کەس وەڵامی جیاوازیان هەیە (بڕوانە چارتی ژمارە (٧)) چارتی ژمارە (٧) سەرچاوەکان د. نعمان احمد الخطیب، الوجیز في النظم السیاسیة، دار الثقافة للنشر والتوزیع، الطبعة الثاني، ٢٠١١. د. عبد الوهاب الكيالي، الثقة في الحكومات في العالم العربي ومخاطر التعميم، البارومیتر العربي، علی الموقع؛ https://www.arabbarometer.org/ar/2020/06/%d8%a7%d9%84%d8%ab%d9%82%d8%a9-%d9%81%d9%8a-%d8%a7%d9%84%d8%ad%d9%83%d9%88%d9%85%d8%a7%d8%aa-%d9%81%d9%8a-%d8%a7%d9%84%d8%b9%d8%a7%d9%84%d9%85-%d8%a7%d9%84%d8%b9%d8%b1%d8%a8%d9%8a-%d9%88%d9%85%d8%ae/ تطلعات الناخبين العراقيين في الانتخابات النيابية 2021)استطلاع رأي(، مركز البيان للدراسات والتخطيط، علی الموقع؛ https://www.bayancenter.org/2021/04/6757/ زهراء كاظم الصدر، الأمن الانتخابي، مركز البيان للدراسات والتخطيط، علی الموقع؛ https://www.bayancenter.org/2021/04/6901/ علي عدنان، هل تنجح الانتخابات العراقية المقبلة في ترميم ثقة المواطن بالنظام السياسي؟ علی الموقع؛ https://www.bayancenter.org/wp-content/uploads/2021/04/048uyg42.pdf شيماء الكيالي، معالجة العزوف عن المشاركة في الانتخابات العراقية، مركز البيان للدراسات والتخطيط، علی الموقع؛ https://www.bayancenter.org/2021/04/6912/
درەو: بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لە پارێزگای كەركوك توركمان بەیەك هاوپەیمانێتیو عەرەبەكان بەدوو هاوپەیمانێتی بەشداری دەكەنو محەمەد حەلبوسی و راكان جبوری سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتیەكان دەكەن، كوردیش بە پەرتەوازەیی و لیستی جیا بەشداری دەكات. پارێزگای كەركوك لە پەرلەمانی عێراق (12 )كورسی هەیەو بۆ ئەم هەڵبژاردنە كورسیەكانی بەسەر (3) بازنەدا دابەشكراون، كورد تەركیزی تەواوەتی لەسەر بازنەی (1) كە (5) كورسی هەیەو بازنەی (2) كە ( 4) كورسی هەیە توركمان چاوی لەسەریەتی و عەرەبیش چاوی لەسەر باونەی (3) یە كە (3) كورسی هەیە پێكهاتەی عەرەب عەرەبە سوننەكان لە كەركوك لە خولەكانی رابردوودا (2) كورسیی پەرلەمانی عێراقیان لە كەركوك بەدەستهێناوە بۆ ئەمجارە زۆرینەن هاوپەیمانێتییەكان بۆ پەرلەمانی عێراق بە سەرۆكایەتی راكان جبوری پارێزگاری ئێستای كەركوك بە وەكالەت پێكهێناوە بە ناوی "هاوپەیمانێتی عەرەبی لە كەركوك" و پێكدێت لەم لایەنانە: * پرۆژەی عەرەبی لە كەركوك: بەسەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر * حزبی حەل: بەسەرۆكایەتی جەمال كەربولی *بەرەی عێراقی بۆ دیالۆگی نیشتمانی: بەسەرۆكایەتی ساڵح موتڵەگ * للعراق متحدون: بەسەرۆكایەتی ئوسامە نوجەیفی * حزبی حەقی نیشتمانی: بەسەرۆكایەتی ئەحمەد عەبد حەمادی * گردبوونەوەی كۆماری عێراقی: بەسەرۆكایەتی محەمەد هادی عەبدولڕەحیم * گردبوونەوەی مەدەنی بۆ چاكسازی: بەسەرۆكایەتی سەلیم جبوری * حزبی حیوارو تەغیر: بەسەرۆكایەتی حامد موتڵەگ كەركوكو پێكهاتەی توركمان لە خولی ئێستای پەرلەمانی عێراقدا توركمانەكانی كەركوك دوو كورسییان لە پەرلەمانی عێراق هەیە كە سەربە بەرەی توركمانین, بۆ هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەر بەرەی توركمانی چوەتە ناو هاوپەیمانێتییەكی عەرەبە سوننەكانەوە كە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئێستای پەرلەمانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات بەناوی " هاوپەیمانێتی پێشكەوتنی نیشتمانی"و لەم لایانانەی خوارەوە پێكدێن: * حزبی پێشكەوتن: بەسەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی * تجمع التعاون : بەسەرۆكایەتی عەلی فەرحان حەمید * الخیار العربی: بەسەرۆكایەتی عەبدولكەریم عەلی عەبتان جبوری * حزبی حەقی نیشتمانی: بەسەرۆكایەتی ئەحمەد مەساری * بەرەی توركمانی: بەسەرۆكایەتی حەسەن تۆران * گردبونەوەی " نهچە جبل" بەسەرۆكایەتی ئەكرەم عەساف پێكهاتەی كورد لایەنە كوردیەكان لە پارێزگای كەركوك بەجیا دەچنە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوەو لەسەر هاوپەیمانێتی رێكنەكەوتن. یەكێتی نیشتمانی كوردستان: لە هەڵبژاردنی رابردودا (6) كورسی لە پارێزگای كەركوك هەبوو بۆ هەڵبژاردنی داهانوو چەند كاندیدێكی بە ناڕەسمی دیاری كردووە لەوانە : ئاڵا تاڵەبانی، د. شیلان، د. بورهان پارتی دیموكرانی كوردستان: لە هەڵبژاردنی رابردوو بەشداری نەكرد بۆ هەڵبژاردنی رابردوو ناوی كاندیدەكانی بەرەسمی راگەیاندووە لە بازنەی (1) شاخەوان عەبدوڵا لە بازنەی (2) نەجوا كاكەیی. نەوەی نوێ: مەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی رابردوو لە كەركوك (13 هەزارو 665) دەنگی بەدەستهێناوە، تا ئێستا بەرەسمی ناوی هیچ كاندیدێكی رانەگەیاندووە، بەڵام لەناو جولانەوەی نەوەی نوێوە ناوی ( ئومێد محەمەد) دێت وەك كاندیدی نەوەی نوێ بزوتنەوەی گۆڕان: بزوتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای كەركوك یەك كاندیدی دەبێت هێشتا بەرەسمی ناوی ئەو كاندیدەی رانەگەیاندووە بەڵام سەرچاوەیەك لەناو بزوتنەوەی گۆڕانەوە بە (درەو)ی راگەیاند تا ئێستا دوو كەس ناویان هاتووە ( وریا ناوێك + د. محەمەد شوانی) هەریەك لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و كۆمەڵی دادگەری كاندیدیان لە پارێزگای كەركوك نابێت. بزوتنەوەی ئیسلامی لە بازنەی دوو ( حسێن شێخانی) كاندید كردووە حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان: ( رێباز محەمەد) بۆ بازنەی (1) هەژار كاكەیی بۆ بازنەی (2) كاندید كردووە، لە هەڵبژاردنی رابردودا حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان: (7 هەزارو 509) دەنگی بەدەستهێناوە حزبی زەحمەتكێشان لە پارێزگای كەركوك ( شوان محەمەد ) ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان هاوپەیمانی نیشتمانی: مامۆستا سەلامی كاندید كردووە.
درەو: كۆمەڵی دادگەری كوردستان ناوی پێنج كاندیدی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی رادەستی كۆمسیۆن كرد، دوو كاندید لە هەولێر و سێ كاندید لە سلێمانی و راپەرێن و هەڵەبجە. میدیای فەرمی كۆمەڵی دادگەری بڵاوی كردەوە، كە كۆمەڵی دادگەری بە سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق دەكات و ناوی كاندیدەكانی رادەستی كۆمسیۆن كردووە. كاندیدەكانی كۆمەڵی دادگەری لە پارێزگای سلێمانی: • مرواری محەمەد عەلی لەباشوری سلێمانی و قەرەداغ، كۆمەڵی دادگەری لە هەڵبژاردنی رابردوو ( 13 هەزارو 509) دەنگی لەم بازنەیە بەدەستهێناوە • ئەحمەدی حاجی ڕەشید لە بازنەی هەڵەبجە (هەڵەبجەو شارەزوور و سەیدسادق و پێنجوێن) كۆمەڵی دادگەری لە هەڵبژاردنی رابردوو ( 15 هەزارو 946) دەنگی بەدەستهێناوە • سۆران عومەر لە بازنەی راپەڕین (ڕانیە و پشدەر و دوكان) كۆمەڵی دادگەری لە هەڵبژاردنی رابردوو ( 20 هەزارو 893) دەنگی لەم بازنەیە بەدەستهێناوە لە پارێزگای هەولێر كە ( 14) كورسی هەیەو لە (4) بازنەدا: • عەبدولستار مەجید لە بازنەی ڕۆژهەڵاتی هەولێر ، كۆمەڵی دادگەری لە هەڵبژاردنی رابردوو ( 18 هەزارو 17) دەنگی لەم بازنەیە بەدەستهێناوە • قومریە شێخ محەمەد لە بازنەی ڕۆژئاوای هەولێر، لە بازنەی رۆژئاوا هەولێر كۆمەڵی دادگەری لە هەڵبژاردنی رابردوو ( 8 هەزارو 134) دەنگی لەم بازنەیە بەدەستهێناوە. لە پارێزگای دهۆك و كەركوك كۆمەڵی دادگەری هیچ كاندیدێكی نابێت. كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە پارێزگای هەڵەبجەو كەركوك جۆرو رێككەوتن و هەماهەنگیەكی هەیە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو.
(درەو): كۆمەڵی دادگەریی و یەكگرتووی ئیسلامی بە رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی دەچنە هەڵبژاردنەوە. کرۆکی رێککەوتنەکەی کۆمەڵ و یەکگرتوو لەگەڵ یەکێتی هەماهەنگیکردنە لەسەر ئاستی بازنەکانی هەڵبژاردن و بەمشێوەیە: 🔹(2) كورسی بۆ كۆمەڵ لە سلێمانی 🔹(2) كورسی بۆ یەكگرتوو لە سلێمانی و دهۆك. لە چەند رۆژی رابردوودا یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بەمەبەستی رێککەوتن لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق چوونە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی. رێککەوتنی کۆمەڵ و یەکێتی بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە کراوەو کرۆکەکەی دەست (درەو) کەوتووە، کۆمەڵ و یەکێتی بەمشێوەیە لەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن رێککەوتوون: پارێزگای سلێمانی پارێزگای سلێمانی (18) كورسی بۆ دیاریكراوە كە بەسەر (5) بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بووە. • كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لە هەڵبژاردنی 2018ی عێراقدا لە پارێزگای سلێمانی (51 هەزارو 563) دەنگی بەدەستهێناوە. • كۆمەڵ دوو كاندیدی لە دوو بازنەی پارێزگای سلێمانی دەبێت و بازنەكانی تر جێ دەهێڵێت بۆ یەكێتی. • لە بازنەی هەڵەبجە: (ئەحمەد حاجی رەشید) كاندیدی کۆمەڵە، لەم بازنەیەدا كۆمەڵ لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراقدا (15 هەزارو 946) دەنگی هەبووە. • لە بازنەی راپەڕین: (سۆران عومەر) كاندیدی کۆمەڵە، لەم بازنەیە لە هەڵبپاردن رابردوودا كۆمەڵ (20 هەزارو 893) دەنگی هەبووە. پارێزگای هەولێر: لە هەولێر (عەبدولستار مەجید) كاندیدی کۆمەڵە، لە هەڵبژاردنی رابردوودا كۆمەڵ لەم پاێزگایەدا (36 هەزارو 784) دەنگی بەدەستهێناوە. رێککەوتنی یەکگرتوو لەگەڵ یەکێتی بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی لەسەر ئاستی بازنەکان لەنێوان یەکگرتوو و یەکێتیدا کراوە: • یەكگرتوو لە پارێزگای سلێمانی (30 هەزارو 19) دەنگی هەیە. • یەكگرتوو لە بازنەی هەڵەبجە: (موسەننا ئەمین)ی كاندید كردووە، لەم بازنەیە یەكگرتوو ( 14 هەزارو 541) دەنگی بەدەستهێناوە. • یەكگرتوو تەواوی بازنەكانی تر بە رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی، بۆ یەکێتی بجێدەهێڵیت. • لە پارێزگای دهۆك یەكگرتوو: (جەمال كۆچەر) كاندید دەكات. • لە پارێزگای دهۆك لە هەڵبژاردنی رابردوودا یەكگرتوو (43 هەزارو 525) دەنگی هەبووە. • یەكگرتوو كۆمەڵ لە پارێزگای كەركوك كاندیدیان نابێت و لەچوار چێوەی ئەو رێككەوتنە بازنەی دەنگدانیان بۆ یەكێتی جێدەهێڵن. • لە پارێزگای هەولێریش یەكگرتوو كاندیدی نابێت و كۆمەڵیش تەنیا لە یەك بازنە كاندیدی دەبێـت.
(درەو): لەكۆی (15) پەرلەمانتاری هاوپەیمانی هیوای كوردستانی، (6) كەسیان بەنیازن جارێكی تر خۆیان كاندید بكەنەوە، سیانیان بەناوی سەربەخۆو سیانی تریان بەناوی حزبەكانیان دەچنە ناو هەڵبژاردنەوە. مانگی یەكی ئەمساڵ، (15) پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق هاوپەیمانێتییەكی نوێیان بەناوی هاوپەیمانێتی (هیوای كوردستانی)ی راگەیاند. ئەندامانی ئەم هاوپەیمانێتییە بریتی بوون لە: ٭ پێنج پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان (یوسف محەمەد- هۆشیار عەبدوڵا- كاوە محەمەد- غالب محەمەد- بەهار مەحمود). ٭ دوو پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی (ئەحمەد حاجی رەشید، سەلیم شوشكەیی). ٭ دوو پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی (موسەننا ئەمین، جەمال كۆچەر). ٭ چوار پەرلەمانتاری جیابووەوە لە نەوەی نوێ (سەركەوت شەمس، رابون مەعروف، سروە ونس، یوسرا رەجەب) ٭ دوو پەرلەمانتاری سەربەخۆ (رێبوار كەریم، عەبدولباری مەجید) ئەم هاوپەیمانێتییە لەكاتی پەسەندكردنی یاسای بودجەی 2021ی عێراقدا هەندێك سەرئێشەی بۆ پارتیو وەفدی حكومەتی هەرێم لە بەغداد دروستكرد، بڕیاربوو ئەندامانی ئەم هاوپەیمانێتییە پێكەوە بمێننەوەو بەناوی هەمان هاوپەیمانێتییەوە بچنە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقەوە، بەڵام ئەمە روینەداو ئێستا هاوپەیمانێتییەكە لەبەریەك هەڵوەشاوە. پێنج پەرلەمانتارەكەی گۆڕان، تەنیا یەك كەسیان كە (غالب محەمەد)ە دەیەوێت بەشێوەی سەربەخۆو لە دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەناوچەی گەرمیان خۆی كاندید بكات،كە بزوتنەوەی گۆڕان كاندیدی تایبەتی خۆی هەیە بەناوی ( هۆشیار عومەر)، چوار پەرلەمانتارەكەی تر، سەرباری ناكۆكییەكانیان لەگەڵ بزوتنەوەكەیان، هەندێكیان ئێستا جارێكی تر چونەتەوە ناو گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی حزبەكەیانو بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، بەرپرسانی گۆڕان داوایان لێكردون جارێكی تر خۆیان كاندید بكەنەوە، بەڵام ئەوان رەتیان كردەوەتەوە، هەندێك لەمانە چاویان لەوەیە، لە پەیكەری نوێی رێكخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕاندا پێگەی گرنگ لەناو بزوتنەوەكەدا بگرن، هەندێكی تریان بیر لە دروستكردنەوەی میدیایەكی تایبەت بەخۆیان دەكەنەوە. لەناو ئەو پەرلەمانتارانەی كە لە نەوەی نوێ جیابونەوە، تەنیا (سەركەوت شەمس) بەنیازی خۆكاندیكردنەوەیەو دەیەوێت لەسەر یەكێك لە بازنەكانی ناو شاری سلێمانی خۆی كاندید بكاتەوە. دوو پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵی ئیسلامی (كۆمەڵی دادگەریی)، یەكێكیان جارێكی تر خۆی كاندید دەكاتەوە، بەڵام لەسەر لیستی كۆمەڵی دادگەریی نەك هاوپەیمانی هیوا، ئەویش (ئەحمەد حاجی رەشید)ە كە لەسەر بازنەی هەڵەبجە كاندید دەبێت. دوو پەرلەمانتارە سەربەخۆكە (ئەوانەی لەسەر لیستی هاوپەیمانی دیموكراسیو دادپەروەری بەرهەم ساڵح سەركەوتن بۆ پەرلەمان) تەنیا یەك كەسیان بەنیازە بەشێوەی سەربەخۆ خۆی كاندید بكاتەوە كە ئەویش (رێبوار كەریم مەحمود)ەو بەنیازە لەسەر یەكێك لە بازنەكانی ناو شاری سلێمانی خۆی كاندید بكاتەوە. دوو پەرلەمانتاری یەكگرتوو (موسەننا ئەمینو جەمال كۆچەر) خۆیان كاندید دەكەنەوە، موسەننا ئەمین لەسەر بازنەی هەڵەبجەو جەمال كۆچەریش لە بازنەی دهۆك. ئەوانەی كە خۆیان كاندید دەكەنەوە، سیانیان هیچ چوارچێوەیەكی حزبییان نییەو بەناوی هاوپەیمانی هیواوە بانگەشە دەكەن كە بریتین لە هەریەكە لە (غالب محەمەد، سەركەوت شەمس، رێبوار كەریم)، سیانی تریان بەناوی حزبەكانی خۆیانەوە بانگەشە دەكات كە بریتین لە (ئەحمەد حاجی رەشید، موسەننا ئەمین، جەمال كۆچەر).
(درەو): بزوتنەوەی گۆڕان لە سێ پارێزگاكەی هەرێمو كەركوك، شەش كاندیدی دەبێت، ئەمە لە چوارچێوەی رێككەوتنێكدایە كە لەگەڵ یەكێتی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كردویەتیو ئێستا رێككەوتنەكە چاوەڕێی ئیمزاكردنە. چاوەڕوانی ئیمزاكردنە رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختە لە عێراق بەڕێوەدەچێت، دوای چەند مانگێك گفتوگۆ دور لە چاوی میدیاكان، دواجار بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتی نیشتمانی گەیشتنە رێككەوتن لەسەرئەوەی پێكەوە بچنە ناو هەڵبژاردنەكەوە. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، رێككەوتنی نێوان یەكێتیو گۆڕان كۆتایی هاتووەو ئێستا تەنیا ئیمزاكردنی ماوە. (درەو) زانیویەتی، تەنیا دوێنێ، چەند جارێك بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكەكانی یەكێتی چوونەتە گردی زەرگەتە، مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانیو لەگەڵ رێكخەری گشتیو ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان كۆبونەتەوە. ئەمە دواین گەڕی كۆبونەوەكانی نێوان یەكێتیو گۆڕان بوو، چونكە رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوو دواین وادەیە بۆ رادەستكردنی ناوی كاندیدو هاوپەیمانێتییە سیاسییەكان بە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق. كاندیدەكانی گۆڕان بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی ئامادەكردنی ناوی كاندیدەكانیەتیو لیستی كۆتایی تائێستا پەسەند نەكراوە، بەڵام بەگوێرەی ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ یەكێتیدا كردویەتی، گۆڕان (6) كاندیدی دەبێت، تا ساتی نوسینی ئەم هەواڵە، كاندیدەكانی گۆڕان بۆ بازنەكانی هەڵبژاردن ئەمانەن: * لە بازنەكانی ناو شاری سلێمانی گۆڕان ئەمانەی كاندیدكردووە: - شوناس شێركۆ جدی - د. رێزان ئەحمەد هەردی - بەرزان شێخ محەمەد * لە بازنەی ناوچەی گەرمیان، گۆڕان (هۆشیار عومەر عەلی) كاندیدكردووە، لە بازنەی گەرمیان غالب محەمەد بە سەربەخۆ كاندیدە. * لە بازنەی دەڤەری راپەڕین، چەند كەسێك لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان خۆیان كاندیدكردووە، كە ئەمانەن: - عەلی قادر - رەسوڵ بچكۆل - هێرش عەبدلڕەحمان (لە ئەمریكا نیشتەجێیە) - بەكر بایز لەم بازنەیە، (بەكر بایز) چانسی ئەوەی هەیە ببێت بەكاندیدی بزوتنەوەكەی. لە هەولێر ( برزۆ مەجید ) ئەندامی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان كاندیدە • بزوتنەوەی گۆڕان لە بازنەی پارێزگای هەڵەبجە هیچ كاندیدێكی نابێت، چونكە یەكێتیو كۆمەڵو یەكگرتوو لەسەر كورسییەكانی ئەو ناوچەیە رێككەوتنیان كردووە. • بۆ پارێزگای كەركوك بزوتنەوەی گۆڕان تەنها بە یەك كاندید بەشداری دەكات كە ئەویش (وریا )ناوێكە. هەڵوێستی پارتی ! پارتی دیموكراتی كوردستان لە هاوپەیمانێتیكردنی یەكێتیو گۆڕان توڕەو نیگەرانە، هەڕەشەی كۆتاییهێنانی بە پەیوەندییەكانی كردووە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی گۆڕان بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی كردووەو لە ناوەڕۆكی رێككەوتنەكەی گۆڕانو یەكێتی ئاگاداریكردوەتەوەو رایگەیاندووە:" رێككەوتنەكەیان بۆ دژایەتیكردنی پارتی نیە". پاش ماوەیەك فازل میرانی وەڵامو هەڵوێستی پارتی بە رێكخەری گشتی گۆڕان راگەیاندووەو جەختیكردوەتەوە:" پارتی توڕەو نیگەرانە لەو رێككەوتنە"و هەڕەشەی ئەوەشی كردووە، پارتی كۆتایی بە هەموو پەیوەندییەكانی دەهێنێت لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا. پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتنێكی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا هەیە بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمو دەیەوێت ئەم رێككەوتنەی لەگەڵ گۆڕاندا گشتگیر بكات، بەڵام گۆڕان جەختدەكاتەوە كە ئەو رێككەوتنە تەنها تایبەت بە پێكهێنانی حكومەتو پەیوەندی نیە بە پرسی هەڵبژاردنەكانەوە.
(درەو): زاگرۆس هیوا بەرپرسی راگەیاندنی كۆما جڤاكین كوردستان (كەجەكە)، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی (Morning Star) رایگەیاند، لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا توركیا سێجار چەكی كیمیاویی لەناوچەی ئامێدی دژی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان بەكارهێناوە. زاگرۆس هیوا دەڵێ:" توركیا كیمیاوی دژی ئەو تونێلانە بەكارهێناوە كە گەریلا بەكاریان دەهێنێت لە گردی مامریشۆ لەسەر رووباری باسیان و گردی مارفانۆس لە سەر روباری ئافشین". بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە دژی پارتی كرێكارانی كوردستان، كارەبای نزیكەی 76 گوندی ناوچەی ئامێدی بچڕاوەو زیان لە داستانو سەوزایی ناوچەكە گەیشتووە. بەگوێرەی قسەی وتەبێژی كەجەكە، لەدوای ئەو هێرشانەی كە لە 24ی ئەم مانگەوە توركیا دەستیپێكردووە، لانی كەم 38 سەربازی سوپای توركیا كوژراون. وتەبێژی كەجەكە باس لەوەدەكات، هێرشە نوێیەكانی توركیا هاوكاتە لەگەڵ یادی 106 ساڵەی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان لەسەر دەستی عوسمانییەكانو ئەم كاتەش لەلایەن توركیاوە بەشێوەیەكی ئەنقەست دیاریكراوە، تاوەكو ئەو پەیامە بەكورد بگەیەننو پێمان بڵێن:" دەتانكوژین هەروەكو چۆن لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا ئەرمەنەكانمان كوشت، ئێستا ئیتر نۆرەی ئێوەیە". بەكارهێنانی چەكی كیمیاویی لەلایەن توركیاوە دژی كورد نوێ نییە، لە سییەكانی سەدەی رابردوودا، سەبیحە كۆكجن كچە تەبەنیكراوەكەی مستەفا كەمال ئەتاتورك سەرۆكی پێشووی توركیا، لە دێرسیم كیمیاوی دژی كورد بەكارهێنا، شوباتی 2018 لەكاتی هێرشەكانیدا بۆسەر عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان، توركیا غازی كلۆری بەكارهێنا، لە ئۆكتۆبەری 2019دا جارێكی تر توركیا تۆمەتبار كرا بە بەكارهێنانی غازی فسفۆڕ دژی كورد لە ناوچەی سەرێ كانێ لە رۆژئاوای كوردستان.
درەو: كورد بەجیا دەچێتە پرۆسەی هەڵبژاردنی كەركوكەوە، یەكێتی و پارتی و نەوەی نوێ و سۆسیالیست و بزوتنەوەی ئیسلامی و زەحمەتكێشان بە جیا كاندیدی خۆیان یەكلاكردووەتەوەو یەكگرتوو و كۆمەڵ، لە گەڵ یەكێتی رێككەوتوون و كاندیدیان لە كەركوك نابێت، بەشێك لە كاندیدی حزبەكان یەكلاكراونەتەوەو پێش وادەی كۆتایی ناو تۆماركردن كاندیدەكانیان پێشكەش دەكەن كۆبونەوەی رێكنەكەوتن ئەمڕۆ نوێنەری لایەنە كوردیەكان لە مەڵبەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كەركوك كۆبونەوە، پرسی پێكهێنانی هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق گفتوگۆی لەسەر كراوە، بە پێی زانیارییەكانی (درەو) لە كۆبونەوەكەدا هەریەك لە ( یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵی دادگەری) رایانگەیاندووە كە ئەوان كاندیدیان نابێت لە كەركوك بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، كۆمەڵ و یەكگرتوو جۆرێك لە تەنسیق و رێككەوتنیان لەگەڵ یەكێتی هەیە لە پارێزگاكانی هەرێم بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو. بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پارێزگای كەركوك كە خاوەنی (12) كورسی پەرلەمانە، دابەشكراوە بەسەر (3) بازنەی هەڵبژاردندا، بازنەكانی هەڵبژاردن دوو جۆر ململانێی دروستكردووە، ململانێیەك لەنێوان پێكهاتەكانو ململانێیەك لەناو هەر پێكهاتەیەكدا، لایەنە كوردیەكان چاویان لە كۆی كورسیەكانی بازنەی (1)ی كەركوك كە (5) كورسی لەو بازنەیەدا هەیەو بازنەی (2) كە چوار كورسی هەیە، كورد چاوی لە (2) كورسی ئەو بازنەیەشە، بەڵام كورد بە كاندید و لیستی جیا بەشداری دەكات لەو بازنانەدا. كاندیدەكانی یەكێتی لە كەركوك یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەڵبژاردنی پێشوو لە پارێزگای كەركوك (6) كورسی بەدەستهێناو (177 هەزارو 920) دەنگی هەبوو لە ئێستاداد ەیەوێت پارێزگاری لە دەنگو كورسیەكانی بكات زۆرترین تەركیزی لەسەر دوو بازنەیە بازنەی (1 ) كە (5) كورسیەو بازنەی (2) كە (4) كورسیە. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) یەكێتی لە پارێزگای كەركوك بە ڵێنیداوە پەرلەمانتارانی كاندید نەكاتەوە جگە لە ئاڵا تاڵەبانی. تا ئێستا ناوی بە شێك لە كاندیدەكانی یەكێتی لە كەركوك: لە بازنەی (1) • ئاڵا تاڵەبانی • د. شیلان هاوسەری ستران عەبدوڵا • شێخ حەسیب • د. بورهان • هۆشمەند لە بازنەی (2) یەكێتی پشتیوانی لە بەشێك لە كاندیدە سەربەخۆكان و كاندی كاكەییەكان دەكات. پارتی لە كەركوك لە هەڵبژاردنی پێشوودا پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری نەكردوو بڕیاریداوە بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بكات. لە بازنەی (1) • شاخەوان عەبدوڵا ( بەڵام بەهۆی ئەوەی چاوی لەوەیە بكرێتە جێگری وەزیری ناوخۆی عێراق بۆیە پێدەچێت بكشێتەوە) • شێرزاد رەشید بەرێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركوك • لیوا ئەحمەد سابیر لیوای خانەنشین • د. درەخشان نەوەی نوێ: لە پارێزگای كەركوك جولانەوەی نەوەی نوێ بە لیستی جیا بەشداری دەكات و لە بازنەی (1) كاندیدی هەیە. لە هەڵبژاردنی رابردوودا جوڵانەوەی نەوەی نوێ: (13 هەزارو 665) دەنگی بەدەستهێناوە كاكەییەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو كاكەییەكان شەش كاندیدیان هەیە بە تایبەت بۆ بازنەی (2) كە قەزای داقوق و ناوچەكانی دەورەبەرێتی و زۆرترین ژمانرەی دانیشتوانی كاكەیی تێدا نیشتەجێیە. لە بزوتنەوەی گۆڕانیش ناوی دوو كەسێك دەهێنرێت ( وریا ناوێك + د. محەمەد ) كو لە كەركوك گۆڕأن یەك كاندیدی دەبێت بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان لە شاری كەركوك بە كاندیدی سەربەخۆ بەشداری دەكات : - لە بازنەی دوو ( حسێن شێخانی) كاندیدی بزوتنەوەی ئیسلامیە حزبی سۆسیالیست: حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان بە لیستی جیا لە كەركوك بەشداری دەكات بۆ هەر دوو بارزنەی ( 1 + 2) دوو كاندیدی هەیە. لە هەڵبژاردنی رابردودا حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان: (7 هەزارو 509) دەنگی بەدەستهێناوە هاوپەیمانی نیشتمانی لە شاری كەركوك كاندیدێكی بەناوی مامۆستا سەلام هەیە. كەركوك لەدواین هەڵبژاردندا لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا كە 12ی ئایاری 2018 بەڕێوەچوو، لە پارێزگای كەركوك پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری هەڵبژاردنی نەكرد، بەبێ پارتی ئەنجامی هەڵبژاردن بەمشێوەیە بوو: لە كۆی (12) كورسیو ( 487 هەزارو 142 ) دەنگدەر: * یەكێتی نیشتیمانی: (6) كورسیو ( 177 هەزارو 920) دەنگی بەدەستهێنا * هاوپەیمانی عەرەبی: (3) كورسیو (86 هەزارو 452) دەنگی بەدەستهێنا * بەرەی توركمانی: (3) كورسیو (82 هەزارو 33) دەنگی بەدەستهێنا * لیستی نیشتیمانی كە پێكهاتبوو لە (بزوتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەریی، كۆمەڵی ئیسلامی): (14 هەزارو 914) دەنگی بەدەستهێناو هیچ كورسییەكی نەبردەوە * جوڵانەوەی نەوەی نوێ: (13 هەزارو 665) دەنگی بەدەستهێناو هیچ كورسییەكی نەبردەوە * حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان: (7 هەزارو 509) دەنگی بەدەستهێناو هیچ كورسییەكی نەبردەوە * یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: (4 هەزارو 784) دەنگی بەدەستهێناو هیچ كورسییەكی نەبردەوە بازنەكانی هەڵبژاردن لە كەركوك بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، بەگوێرەی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان، كەركوك دابەشكراوە بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردندا بەمشێوەیە: بازنەی یەكەم: رۆژهەڵاتی قەزای ناوەندی كەركوك ئەمە گەورەترین بازنەی هەڵبژاردنە لە پارێزگای كەركوك، لەكۆی (12) كورسی پارێزگاكە، (5) كورسی پەرلەمانی داهاتووی عێراق لەم بازنەیەدا یەكلادەبێتەوە، (4) كورسییان بۆ پیاو و كورسییەكیش بە كۆتا ژن دەیبات. ئەم بازنەیە، دەنگدەرانی خۆرهەڵاتی شاری كەركوك دەگرێتەوە، كە زۆرینەیان كوردنو بریتییە لە ناوچەكانی (رەحیماوە، عەرەفە، شۆریجە، موسەڵا، ئیسكان، بەشێكی قۆرییە، قادسیەی یەك، حورییە، پردێ، دوبز، لەیلان). كورد چاوی لەوەیە هەر پێنج كورسیەكەی ئەم بازنەیە بباتەوە، چونكەی زۆرینەی دەنگدەرانی ئەم بازنەیە ناوچەیە كوردن، بۆ زانینی ئاستی پێگەی جەماوەریی لایەنە كوردییەكان لەم بازنەیەدا، پەنا بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2014دا دەبەینو ئەنجامی دواین هەڵبژاردن وەرناگرین كە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، بەوپێیەی ئەو هەڵبژاردنە بەتێكڕا لەسەر ئاستی عێراق گومانی ساختەكاری گەورەی لەسەر دانرا. بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ساڵی 2014، لەم بازنەیەدا دەنگی پێكهاتەكانی كەركوك بەمشێوەیە بووە: • كورد: 215 هەزار دەنگ • عەرەب: 16 هەزار دەنگ • توركمان: 10 هەزار دەنگ بازنەی دووەم: قەزای ناوەند/ ناوەڕاستی شاری كەركوك ئەم بازنەیە بە دووەم گەورە بازنەی هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك دادەنرێت، (4) كورسی پەرلەمانی عێراق لەم بازنەیەدا یەكلادەبێتەوە، (3) كورسی پیاو دەیباتو كورسییەكەی تریش بەشێوەی "كۆتا" بۆ ژنێك دەبێت. ئەم بازنەیە ناوچەكانی (تسعین یەكو دوو، داقوق، قۆریە - ئەڵماس، رێگای بەغدا، واستی، قادسیەی 2، تازە- رشاد 1، چەند ناوەندێكی موسەڵا، حەی عەسكەری، خاسە، سەورە، ریاز 3و یایچی) دەگرێتەوە، زۆربەی ململانێیەكانی لیستەكان لەسەر ئەم بازنەیەیە، بەوپێیەی توركمان ئەم بازنەیە بە پێگەی بەهێزی خۆی دەزانێتو چاوی لەوەیە زۆرینەی كورسییەكانی بازنەكە ببات، ئەمە لەكاتێكدایە پێكهاتەی عەرەب چاوی لە كورسییەكی ئەم بازنەیەیەو كوردیش دەیەوێت كورسییەك بۆ دوو كورسی بازنەكە ببات. لە هەڵبژاردنی 2014دا، دەنگی پێكهاتەكان لەم بازنە پڕكێشمەكێشە بەمشێوەیە بووە: دەنگی كورد: 71 هەزار دەنگ • عەرەب: 47 هەزار دەنگ • توركمان: 79 هەزار دەنگ بازنەی سێیەم: حەویجەو ریاز ئەم بازنەیە بچوكترین بازنەی هەڵبژاردنە لە پارێزگای كەركوكو (3) كورسی بەردەكەوێتو یەكێكیان بۆ "كۆتا"ی ژنانە. ئەم بازنەیە زیاتر باشورو باشوری خۆرئاوای پارێزگای كەركوك دەگرێتەوەو پێكهاتووە لە (ناوەندی حەویجە، تەواوی هەردوو ناحیەی عەباسیو زاب، لەگەڵ زۆرینەی ناحیەی رەشادو تازە). ئەم بازنەیە زۆرینەی دانیشتوانەكەی لە پێكهاتەی عەرەبەو لایەنە عەرەبییەكان دەیانەوێت هەر سێ كورسییەكەی بازنەكە ببەن. بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ساڵی 2014، دەنگی پێكهاتەكان لەم بازنەیەدا بەمشێوەیە بووە: • كورد: 40 هەزار دەنگ • عەرەب: 90 هەزار دەنگ • توركمان: 3 هەزار دەنگ
راپۆرت: درەو زیاتر لە سێ ساڵە سایلۆی سلێمانی روخێندراوە، بەڵام كۆمپانیای (هیوا رەئوف) بەبیانوی ئاشێكەوە لەناو زەوی سایلۆكەدا، پرۆژەی "داونتاون" جێبەجێ ناكات، وەبەرهێنانی سلێمانی دەڵێ كێشەی ئاشەكە چارەسەركراوە، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەدواداچوون بۆ پرۆژەكە دەكات، پێشنیازێك هەیە ئەگەر كۆمپانیای (هیوا رەئوف) پرۆژەكە جێبەجێ نەكات، زەوی سایلۆكەی لێوەردەگیرێتەوە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. لەبارەی گرێبەستی سایلۆكەوە زیاتر لە سێ ساڵە سایلۆی سلێمانی روخێندراوە، بەڵام شوێنەكەی بە بەتاڵی ماوەتەوەو هیچ پرۆژەیەكی لەسەر جێبەجێ نەكراوە. روبەری ئەم زەوییە (67 هەزارز 500) مەترە، واتە نزیكەی 27 دۆنمە، حكومەت ئەم زەوییەی خستە كێبركێوە لەنێوان (14) كۆمپانیای وەبەرهێناندا، لەكۆتایدا زەوییەكە بۆ كۆمپانیای (هیوا رەئوف) دەرچوو. زەویی سایلۆی سلێمانی كە دەكەوێتە ناوچەیەكی ستراتیژییو گرنگەوە لەڕووی ئابورییەوە، بە سێ مەرج درا بە كۆمپانیای (هیوا رەئوف): مەرجی یەكەم: كۆمپانیای هیوا رەئوف سایلۆیەكی (40 هەزار) تەنیی گەنم، لە قەزای (سەیدسادق- شانەدەری) دروست بكات، كۆمپانیاكە ئەم مەرجەی جێبەجێ كردو لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكو بەدیاریكراوی لە رۆژی 28ی ئایاری 2015دا سایلۆكەی تەواو كردو رادەستی وەزارەتی بازرگانی حكومەتی هەرێمی كرد، تێچووی ئەم سایلۆیە بە بڕی (15 ملیارو 600 ملیۆن) دینار خەمڵێندرا، روبەری ئەم سایلۆیە (40) دۆنم زەوییە، بەڵام سایلۆكە چەندین كەموكورتی تێدایە، رەمەزان نامیق كەریم سەرۆكی لیژنەی پلانو پرۆژەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كە خۆی خەڵكی سەیدسادقەو لە نزیكەوە ئاگاداری پرۆژەكەیە، بەچەندین خاڵ كەموكورتییەكانی ئەم سایلۆیەی خستوەتەڕوو، كە ئەمانەن: • سایلۆكە سیاجێكی تەنكی هەیەو رۆژانە ئاژەڵو پەلەوەرو مەڕوماڵاتی دانیشتوانی ناوچەكە دەچنە ناو سایلۆكەوە. • نەبوونی پاسەوانی تایبەت بە سایلۆكە. • كەمی فەرمانبەر بەتایبەتی لە وەرزی وەرگرتنی گەنمدا. • نەبوونی كارەبای نیشتمانی بەردەوام. • نەبوونی ئامێری ساردكەرەوەی پێویست لە سایلۆكەدا بەتایبەت لە وەرزی هاویندا. • نەبوونی ئامێری یەدەگ لەبەشی تاقیگەو بەشە گرنگەكانی تری سایلۆكە. مەرجی دووەم: مەرجی دووەم بۆ پێدانی زەوی سایلۆی سلێمانی بە كۆمپانیای (هیوا رەئوف) ئەوەبوو، ئەم كۆمپانیایە بینای كۆمەڵگەی فەرمانگەكانی بازرگانیو پیشەسازی لەناو شاری سلێمانی بە تێچوی (3 ملیار) دینار دروست بكات، كۆمپانیاكە ئەم مەرجەشی جێبەجێ كردو بیناكەی لە رۆژی 11ی ئابی 2014دا رادەستی حكومەت كرد. كۆمپانیای (هیوا رەئوف) تێكڕای تێچووی جێبەجێكردنی پرۆژەی سایلۆكەی سەیدساقو بینای فەرمانگە بازرگانییەكان لە سلێمانی بە بڕی (18 ملیار و 600 ملیۆن) دینار دەخەمڵێنێت. مەرجی سێیەم: دوای جێبەجێكردنی مەرجی یەكەمو دووەم، زەوی سایلۆی سلێمانی دەدرێت بە كۆمپانیای (هیوا رەئوف) بەو مەرجەی لەسەر ئەم زەوییە كۆمەڵگەیەكی گەورەی (گەشتیاری، بازرگانی، نیشتەجێبوون) دروست بكات بەناو پرۆژەی "داونتاون". بەپێی ئەو پرۆپۆزەڵەی كە پەسەندكراوە، پرۆژەی "داونتاون" ئەمانە لەخۆدەگرێت: • (8) تاوەری نیشتەجێبوون • مۆڵێك • دوو هۆتێل • دوو باخچەی سەوزایی تێچووی جێبەجێكردنی ئەم پرۆژانە لەسەر زەوی سایلۆی كۆنی سلێمانی بە بڕی (250 ملیۆن) دۆلار خەمڵێندراوە. تەقاندنەوەی سایلۆ كۆنەكە كۆمپانیای (هیوا رەئوف) لەچوارچێوەی ئەم گرێبەستەدا، 2ی شوباتی 2018 بینای سایلۆی كۆنی سلێمانی تەقاندەوە، ئەمە لەكاتی خۆیدا جۆرێك لە ناڕەزایەتی دروست كرد، هەندێك كەس رەخنەیان هەبوو، بینای سایلۆیان بە یەكێك لە معالیمەكانی شار ناودەبرد، دژی تەقاندنەوەی بوون، دیمەنی روخاندنی سایلۆكە سەرەنجڕاكێش بوو، خەڵك بۆ وێنەگرتن لە نزیك سایلۆكە كۆبونەوە، تەلەفزیۆنی "نەشناڵ جیۆگرافیك" دیكۆمێنتارییەكی لەسەر پرۆسەی تەقاندنەوەكە تۆماركرد. هەردوو كۆمپانیای (ASI)ی ئەمریكیو (EGE NITRO)ی توركی سەرپەرەشتی پرۆسەی تەقاندنەوەی سایلۆكەیان كرد. سایلۆی كۆنی سلێمانی لە ساڵی 1978 لەلایەن بەڵێندەرانی روسییەوە دروستكرا بوو، بەڵام بەهۆی جەنگە یەك لەدوای یەكەكانی ناوچەكەوە، پرۆژەكە بەتەواونەكراوی مایەوە. سایلۆی كۆنی سلێمانی لە سێ بەشی سەرەكی پێكهاتبوو، دوو گەنجینە بە بەرزی 40 مەترو تاوەرێك بە بەرزی 60 مەتر. ئاشێك دەبێتە بەهانە ! دوای زیاتر لە سێ ساڵ لە تەقاندنەوەی بینای سایلۆی كۆنی سلێمانی، هێشتا زەوییەكەی بەبەتاڵی ماوەتەوەو هیچ پرۆژەیەكی لەسەر جێبەجێ نەكراوە. كۆمپانیای (هیوا رەئوف) بوونی ئاشتێكی لەناو زەوی سایلۆی كۆن كردووە بەبەهانە بۆ جێبەجێ نەكردنی پرۆژەی "داونتاون"، ئەم ئاشە خاوەندارێتییەكەی بۆ ماڵی (سەعد كۆڵەك) دەگەڕێتەوەو ناوی كۆمپانیای ئاردی (سەفین)ەو كۆمپانیای مستەفا خاوەندارێتی دەكات. هەندێك لەوانەی ئاگاداری كێشەی ئەم پرۆژەیەنو (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون، دەڵێن، كۆمپانیای هیوا رەئوف ئاشەكەی كردووە بەبەهانەی بۆ ئەوەی پرۆژەكە جێبەجێ نەكات، چونكە ئاشەكە دەكەوێتە شوێنێكی دوری ناو زەوییەكەو كۆمپانیاكەی دەیتوانی دەست بەكاركردن بكات تا ئەوكاتەی كێشەی ئاشەكە چارەسەر دەكرێت. شارەوانی سلێمانی پارچە زەوییەكی لەڕێگەی سلێمانی- تاسلوجە بۆ كۆمپانیای مستەفا تەرخانكردووە، بۆئەوەی ئاشەكەی لەناو زەوی سایلۆی كۆنی سلێمانی بگوازێتەوە، سەرەتا ئەم كۆمپانیایە پارچە زەوییەكەی تاسلوجەی بەدڵ نەبوو، داوای دەكرد بۆی بگوڕنەوە بە پارچە زەوییەكی تر، بەڵام بەپێی قسەی بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی، ئێستا كۆمپانیای مستەفا قایل بووە بە پارچە زەوییەكەی تاسلوجە. عەزیز سەعید بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی بە (درەو)ی راگەیاند، ئێستا لقێكی كۆمپانیای ئاردی سەفینمان لەناو زەوی سایلۆی سلێمانی گواستوەتەوەو لقێكی تر ماوەو بەمزوانە ئەمەش لادەبرێتو هیچ كێشەیەك لەبەردەم جێبەجێكردنی پرۆژەی "داونتاون"دا نامێنێت. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، كۆمپانیای ئاردی سەفین بەڵێنیداوە لەسەر ئەم ئەو زەوییەی لەرێگەی سلێمانی- تاسلوجە پێی دراوە، دوو براندی ئەڵمانی پێشكەش بكات، بەڵام بەهۆی شەڕی "داعش"ەوە ئەو براندانەی كە ناوی هێناون پاشگەزبونەتەوەو كۆمپانیای ئاردەكە دوای كردووە رەزامەندی پێبدرێت لەسەر هێنانی دوو براندی تر، بەڵام شارەوانی ئەمەی رەتكردوەتەوە. چارەنوسی داونتاونەكەی سلێمانی بەهۆی قەیرانی داراییەوە، كۆمپانیای هیوا رەئوف بەجۆرێك پاشەكشەی لە جێبەجێكردنی پرۆژەی "داونتاون"ی سلێمانی كرد، رەمەزان نامیق سەرۆكی لیژنەی پلانو پرۆژەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە (درەو)ی راگەیاند، بەهانەكانی كۆمپانیای (هیوا رەئوف) بۆ جێبەجێنەكردنی پرۆژەكە لەسەر زەوی سایلۆی سلێمانی، بەلای پارێزگارو وەبەرهێنانو شارەوانی سلێمانییەوە لە جێگای خۆیدا نەبووە. "ئێستا كۆمپانیای هیوا رەئوف كێشەكە دەخاتە ئەستۆی ئاشەكەی كۆمپانیای سەفین، كۆمپانیای سەفین دەخاتە ئەستۆی شارەوانی، شارەوانی دەیخاتە ئەستۆی ئەو دوو براندە". رەمەزان نامیق وتی:" لەچەند هەفتەی رابردوودا سەردانی پارێزگارمان كردووە، پرۆژەیەكمان خستە بەردەستی زەویەكی تر بدرێتە ئەو ئاشە، ئەگەر هیچ لایەنێكیان پابەند نەبوون، ئەوا حساباتێك لەگەڵ كۆمپانیای هیوا رەئوف بكەنو پرۆژەكەی لێوەربگیرێتەوەو بدرێت بە كۆمپانیایەكی تر".
(درەو): عەبدوڵا كوێخا موبارەك و ئەندامێكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەچنە ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە. عەبدوڵای كوێخا موبارەك لەگەڵ خزم و كەسە نزیكەكانی و مەلا سەربەست ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەچنە ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، رۆژی شەممەی رابردوو عەبدوڵا کوێخا موبارەک لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لە بارەگای بارزانی لە پیرمام كۆبوەتەوە. (درەو) پەیوەندی بە مەلا سەربەست ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕانەوە كرد، راگەیاند:" هەتا خۆمان راینەگەیەنین ئەو هەواڵانەی بڵاودەكرێنەوە، پشتڕاستی ناكەینەوە". (درەو) زانیویەتی، مەسعود بارزانی بەڵێنی دروستكردنی لێوایەك و دەمەزراندنی چەندین پلەداری سەربازی بە عەبدوڵا كوێخا موبارەك داوە. عەبدوڵای كوێخا موبارەك لە خانەوادەیەكی دیاری سنوری شوان و چەمچەماڵە، خۆشی كەسایەتی دیاری ناو دەنگە ناڕەزاییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بوو، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بوو، بەهۆی ناڕەزایەتیی لە سیاسەتەکانی بزوتنەوەکە دەستی لەکارکێشایەوە. بەمدواییە ئامۆزایەکی لە پێکدادانێکدا لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی لە گرتوخانەی فیدڕاڵی چەمچەماڵ کوژرا، کەسە نزیکەکانی، هۆکاری پەیوەندیکردنی عەبدوڵا کوێخا موبارەک بە پارتییەوە، بۆ ئەو کێشانە دەگێڕنەوە کە لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی هەیەتی.
درەو: حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی ئازاری رابردوودا ( 11 ملیۆن و 149هەزار) بەرمیل نەوتی بە (6) وڵاتی جیا فرۆشتووە، زۆرترین رێژەی بە ئیتالیا فرۆشتووە كە ( 4 ملیۆن و 897) بەرمیل بووە بە رێژەی (43%) و دوای ئەویش ئیسرائیلە كە لە مانگی رابردوودا ( 2 ملیۆن و 652 هەزار) بەرمیل نەوتی هەرێمی كڕیوە بەرێژەی (23%). بە پێی ئەو خشتەیەی كە رێكخراوی ( رونیبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەی نەوت) دا بڵاوی كردووەتەوە، نەوتی هەرێمی كوردستان لە مانگی ئازاری رابردوودا بە (6) وڵات فرۆشراوە بەم شێوەیە: • ( 4 ملیۆن و 897 هەزارو 492) بەرمیل نەوتی هەرێم بە ئیتالیا فرۆشراوە بەرێژەی ( 43.9%( • ( 2 ملیۆن و 652 هەزار و 474) بەرمیل نەوتی هەرێم بە ئیسرائیل فرۆشراوە بەرێژەی (23.8%) • ( 1 ملیۆن و 799 هەزارو 991) بەرمیل نەوتی هەرێم بە وێتی یۆنان فرۆشراوە بەرێژەی ( 16.1%) • (599 هەزار و 997 ) بەرمیل نەوتی هەرێم بە وڵاتی رۆمانیا فرۆشراوە برێژەی ( 5.4%) • (599 هەزار و 997 ) بەرمیل نەوتی هەرێم بە وڵاتی ئیسپانیا فرۆشراوە برێژەی ( 5.4%) • (599 هەزار و 997 ) بەرمیل نەوتی هەرێم بە وڵاتی كرزاتیا فرۆشراوە برێژەی ( 5.4%)
درەو: لەكۆی ( 991 ملیار) دیناری داهاتی نەوت، تەنیا (445 ملیار) دیناری دراوەتە وەزارەتی دارایی بۆ موچە، بەو پێیەش كۆی داهاتەكانی ئەم مانگەی بەردەستی حكومەتی هەرێم (820 ملیار) دینار بووە. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كۆی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ ئەم مانگە (670 ملیۆن) دۆلار واتا ( 991 ملیار) دینار بووە، لەو بڕە تەنیا (45%)ی دراوەتە وەزارەتی دارایی كە دەداتە ( 445 ملیار) دینارو زیاتر لە ( 546 ملیار) دیناری دراوە بە خەرجی كۆمپانیاكان و كرێی بۆری و قەرزو خەرجیەكانی دیكە. داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم مانگە: 🔹هەناردەی رۆژانەی نەوت : 430 هەزار بەرمیل نەوت 🔹نرخی بەرمیلێك بۆ نەوتی هەرێم: 52 دۆلار 🔹كۆی داهاتی نەوت: 670 ملیۆن دۆلار ( 991 ملیار) دینار 🔹داهاتی نەوت: 55%ی واتا ( 370 ملیۆن ) دۆلاری بۆ خەرجی ( هەقدەستی كۆمپانیاكان، كرێی بۆری، قەرزی توركیا). 🔹داهاتی نەوت: تەنیا 45%ی واتا (300 ملیۆن) دۆلار (445 ملیار) دیناری داهاتی نەوت بۆ خەزێنەی حكومەت بووە بۆ موچە. 🔹داهاتی ناوخۆی هەرێم: 350 ملیار دینار 🔹پارەی هاوپەیمانان: 25 ملیار دینار 🔹كۆی داهات بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی: 820 ملیار دینار 🔹كۆی موچە بە لێبڕینەوە: 706 ملیار دینار 🔹پارەی خەرجی بۆ وەزارەتەكان: 114 ملیار دینار 🔹جگە لەو داهاتەی نەوت كە بۆ ناوخۆیە رۆژانە نزیكەی (25 هەزار) بەرمیل نەوتە كە مانگانە داهاتەكەی دەكاتە نزیكەی (30 ملیۆن) دۆلار
درەو: - سەرجەمی قەرزی حكومەت لای بازرگانان سەمایەداران ( 902 ملیار) دینارەو تەنیا ( 2 ملیار) دیناری گەراوەتەوە - ( 2 هەزارو 438 ) شەهیدی سەنگەر ووردبینی بۆكراوە ( 805) كەس تێبینیان لەسەرەو ( 110) كەس نایان گرێتەوە. - لە ووردبینی موچەی خانەنشینی ( 109) بەرێوەبەری گشتی (77 ملیۆن و 120 هەزار دینار) گەڕاوەتەوە. - لە كۆی (361) دۆسیەی تاقانەكانی جینۆساید(3) تاقانەیان تێبینیان لەسەرەو (133) كەسیان نایانگرێتەوە. حكومەتی هەرێمی كوردستان راپۆرتی دووەمی لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە موچەو دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان ژمارە (2)ی ساڵی 2020 ی ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كردوە. پوختەكەی: ئەم رێنماییانە پێویستە دەربچن. هەڵوەشانەوەی مینحەی ( 13 هەزارو 282) بەخێوكەر بە فەرمانی ژمارە (48) لە 24/2/2020 كە مانگانە ( 996 ملیۆن و 150 هەزار) دینار دەكات پێداچونەوە بە دۆسیەی شەهیدان و ئەنفالكراوان. شەهیدی سەنگەر: لە (37 هەزارو 575) كەس ( 2 هەزارو 438 ) كەس وردبینیان بۆ كراوە، ( هەزارو 523 ) كەس پەسەند كراون و ( 805) كەس تێبینیان لەسەرەو ( 110) كەس نایان گرێتەوە. لە كۆی گشتی ( شەهیدانی سەنگەر، شەهیدی هاوڵاتی، شەهیدی جینۆساید) كە وربینیان بۆ كراوە لە ( 70 هەزارو 331) دۆسیە، ( 7 هەزارو 278) كەس وردبینی كراوە ( 4 هەزارو 299) كەسیان پەسەنكراون، ( هەزارو 776) كەسیان تێبینی لەسەرە، ( 411) كەسیان نایانگرێتەوە. وردبینی كردن لە تاقانەكانی جینۆسایدا لە ( 361) دۆسیە، (361) كەسیان ووردبینیان بۆ كراوە، ( 225) تاقانەیان پەسەندكراون، (3) یان تێبینیان لەسەرە، (133) كەسیان نایانگرێتەوە. ( 9 هەزار و 202) دۆسیەی بەركەوتوانی چەكی كیمیاوی ووردبینیان بۆ كراوە. زیندانیانی سیاسی: لە (23 هەزارو 769) دۆسیەی زیندانیانی سیاسی، ( 984) كەسیان وردبینیان بۆ كراوە ( 611) دۆسیەیان پەسەندكراوەو، ( 373) كەسیان تێبینیان لەسەرە. وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی. دووبارە بوونەوە ژمارەی كەمئەندامانی فەرمانبەر : ( 13 هەزارو 249) كەمئەندام. ژمارەی كۆدی بایۆمەتری دووجار دوبارە: ( 648) كەمئەندام ژمارەی كۆدی بایۆمەتری سێجار دوبارە: ( 17) كەمئەندام ژمارەی كۆدی بایۆمەتری چوارجار دوبارە: ( 1) كەمئەندام پێكهێنانی لیژنە لاوەكیەكان بۆ ووردبینی و پێداچوونەوە بە كەم و كوڕی لیستەكانی كەمئەندامان كە كۆی گشتیان ( 88 هەزارو 867) كەمئەندامە. لەكۆی (5 هەزارو 663) ناوی دووبارە (75%)ی ناوەكان دووبارە نین، بەڵكو ناوی سەرپەرشتیان زیاتر لە دەرماڵەیەكی هەیە. لە كۆی ( 5 هەزارو 663) ناوی دووبارە رێژەی (25%)ی ناوەكان دووبارەن. لە ئیدارەی گەرمیان لەكۆی ( 181) ناوی دووبارە تەنیا ( 74) ناو شایستەی بڕینەو (64) ناو بڕاوە. لە ئیدارەی راپەڕین لەكۆی ( 210) ناو تەنیا ( 35) ناو دووبارەن. وەزارەتی دارایی: ئەم هەنگاوانە گیراوەتە بەر سەبارەت بە وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانیەكان. كۆی گشتی قەرزەكان ( 511 ملیارو 413 ملیۆن و 706 هەزار) دینار سەرجەمی گشتی سود: ( 394 ملیارو 159 ملیۆن و 980 هەزار) دینار سەرجەمی قەرزی گەڕاوە: ( 2 ملیارو 911 ملیۆن و 705 هەزار) دینار. سەرجەمی قەرزی ماوە ( 902 ملیارو 661 ملیۆن و 980 هەزار) دینار هەمواری موچەی خانەنشینی بەناونیشانی شارەزا كە ژمارەیان ( 494 ) خانەنشینە برێ ( 410 ملیۆن و 367 هەزار) دینار گەراوەتەوە لە دۆسیەی خانەنشینی دادوەرەكاندا بڕی ( 87 ملیۆن و 483 هەزار) دینار گەراوەتەوە لە موچەی خانەنشینی ( 109) بەرێوەبەری گشتی ( 77 ملیۆن و 120 هەزار دینار) گەراوەتەوە. خانەنشینی وەزیر و بریكاری وەزیر و راوێژكارو بەریوەبەری گشتی، لیستێك كە پێكهاتووە لە ( 1 هەزارو 169) كەس رەوانەی لیژنەی باڵای چاكسازی كراوە دەستنیشانكردنی لیستی ناوی دوو موچەیی: وەرگرتنی دوو موچەیی ( فەرمانبەر و فەرمانبەر ) كۆی ( هەزارو 639) كەس وەرگرتنی دوو موچەیی ( فەرملنبەر و خانەنشین) كۆی ( 8 هەزارو 147) كەس. وەرگرتنی دوو موچەیی ( خانەنشین و خانەنشین) كۆی ( 11 هەزارو 802 )كەس.
مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح ( تایبەت بە درەو) سیاسەتی کوردیی سیاسەتێکە بێ یۆتۆپیا و بێ ئایدیۆلۆژیا، سیاسەتێکە ڕووت و قوت، پڕ لە ھەراوھۆریای ڕۆژانە و درۆ و جنێو و بەخشینەوەی تۆمەتی ھەمەجۆر. ئەوەی ھەیە و بەرقەرارە چەندان شێوازی جیاوازیی شەرەقسەی سەرۆکە سیاسییەکان و کادرەکان و میدیاکانیانە. خاڵی ھاوبەشی ناو ئەم چەلەحانێ و چەنەبازییە سیاسییە درێژخایەنە بریتییە لە بەخۆنیشتیمانپەروەرکردن و بەخائینکردن و ناپاککردنی ئەوانیتر، ئەستۆپاکیی خود و ئەستۆپیسیی ئەوانیتر. سێ دەیەیە ئەم دەسەڵاتدارانە، بە نەوەی کۆن و نوێیانەوە، نە گوتارێکی فیکریی، نە ئایدیۆلۆژیایەکی عەقڵانیی، نە یۆتۆپیایەکی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییان پێنەبووە، کە بەشتێکبن لە خەون و ستراتیژ و ھەوڵدانێکی حیساببۆکراوی عەقڵانیی و بەرپرس بۆ تێپەڕاندنی ئەو کێشە قووڵ و ھەمەلایەنانەی ڕووبەڕووی کۆمەڵگای ئێمە بۆتەوە. ئەوەی ڕوویداوە و ڕوودەدات پێچەوانەی ئەم دۆخەبووە، ئەوان یان بێدەنگبوون و بێقسە و گوتار قڕوقەپیان کردوە، یان کە قسەیان کردوە دونیایەک شتیان شکاندوە و چەندان کێشەی نوێیان خستۆتە سەر کێشە کۆنەکان. لە پەیوەندییدا بەم دۆخەوە ئەو پرسیارەی لەم وتارەدا دەمانەوێت وەڵامی بدەینەوە ئەمەیە: ئایا ئەم غیابە ھەمەلایەنەی یۆتۆپیا و ئایدیۆلۆژیا لەناو کایەی سیاسیی کوردییدا لە کوێوە ھاتوە؟ ئایا بەرھەمی نەزانیی و نەخوێندەواریی و گەمژەیی سیاسییە، یاخود ستراتیژێکی دووجەسمەرەی تایبەتە، لەسەرێکەوە بەڕەھاکردنی دەسەڵات و لە سەرێکی دیکەوە وێرانکردنی ھەر ئامرازێک بۆ بەرپرسیارکردن و لێپرسینەوە، تەنانەت لە ئاستێکی ئەبستراکتی وەک ئاستی ئامادەگی یۆتۆپیا و ئایدیۆلۆژیاشدا؟ یۆتۆپیا جیهانێكی دروستکراوی خەیاڵییە کە بڕێکی زۆر لە خەون و خواست و ئارەزوەکانی مرۆڤی تیادا دێتەدی، پەیوەندییەکی پتەویشی بە ناڕازیبوون و گیرخواردنی مرۆڤەوە ھەیە بەدەستی ئەو واقیعەوە کە لە ئێستادا دروستکراوە و باڵادەستە. ئەگەرچی یۆتۆپیا ھێما بۆ جیھانێکی خەیاڵکرد دەکات، بەڵام لە قوڵاییدا بەشێکە لە ڕەخنەکردنی واقیعی ئێستا. مرۆڤ بۆ دەرچوون لە قەیران و کێشەکانی جیھانە ئامادە و دروستکراوەکە پەنا بۆ دروستکردنی واقیعێکی خەیاڵکردی ئەلتەرناتیڤ دەبات، کە نەک تەنھا کێشەکانی ئەو ساتەوەختەی تێدا نییە، بەڵکو ئاکارێکی بەھەشتییانەشی ھەیە و خاڵییە لە ھەموو جۆرەکانی چەوساندنەوە: چهوساندنهوهی چینایهتیی و نهتهوهیی و ئایینیی و جێندهریی و فەرھەنگیی، ھتد. دونیا یۆتۆپییەکان تەنها نامۆ نین بە کولتووری ئەشکەنجە و گرتن و کوشتن، بە کردەی ناھەقیکرن بەرامبەر بە مرۆڤەکان، بەدرۆ و دزیکردن و فریودان، بەڵکو جیهانێکە تیایدا پێکەوەژیانی کەسەکان، بە ھەموو جیاوازییەکانیانەوە، لە دۆخی کەماڵدایە. لە یۆتۆپیادا هەم یهكسانیی و دادپهروهریی کۆمەڵایەتیی و هەم بهختهوهریی و خۆشگوزهرانیی فەراهەمکراوە، نه دهوڵهمهندیی هەیە، نە ههژاریی و نە گهندهڵیی و نه بێدادیی و نە نهخۆشیی و نە مردن و نە ململانێ، ئەوەی هەیە ژیانێکی ئەبەدییە کە کۆڵەکە سەرەکییەکانی لە بەختەوەریی دروستکراوە. بەشێوەیەکی گشتیی یۆتۆپیاکان لە مێژوودا ھەوڵدانێکی ڕادیکاڵ بوون بۆ دروستکردن و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی تەواو تازە، کە دەزگاکان و بەھاکان و باوەڕەکانی بەشێوەیەکی ڕیشەیی گۆڕابن و لەو واقیعە جیابونەتەوە کە لەئارادایە. ھەر ھێزێکی سیاسیی توانای بەرھەمھێنانی یۆتۆپیای ھەبێت، واتە توانای بەرھەمھێنانی وێنەی واقیعێکی ئەلتەرناتیڤی ھەبێت دابڕاو لە کێشەکانی ئەمڕۆکە، ئەو ھێزە بڕێکی زۆر لە بەرپرسیارێتیی بەرامبەر بە مرۆڤ و بەرامبەر بە کێشەکانی ئەو واقیعەی لەناویدایە، ھەڵگرتوە. بوونی یۆتۆپیا دەشێت ھێماش بێت بۆ بوونی ئیرادەیەکی بەرپرس خوازیاری ئەوەبێت کۆتایی بەو جیھانە بھێنێت لە ئێستادا ھەیە و لە شوێنی ئەودا جیھانێکی نوێ و باشتر دروستبکات. بەمەش یۆتۆپیا دەشێت وەک ئامرازێک بۆ لێپرسینەوەی سیاسیی و ئەخلاقیی و مێژوویی لەو ھێزانە کاربکات کە لە ئێستادا ھەن و باڵادەستن. ھەڵاتن لەم بەرپرسیارێتییە بنەما و بناغەی ئەو دۆخەیە کە تیایدا ڕێ لە دروستبوونی یۆتۆپیایەکی سیاسیی دەگیرێت. ھێزێک کە ھەڵگری ھیچ یۆتۆپیایەک نەبوو، ھیچ خەونێکی بۆ ئایندەیەکی باشتر پێنەبوو، نەیویست واقیعێک وێنابکات باشتر لەوەی لە ئێستادا ھەیە، ھێزێکە نایەوێت بەرامبەر بە ھیچ شتێک بەرپرسیاربێت و ھیچ ئامرازێک بوونی ھەبێت بتوانێت لێیبپرسێتەوە و بەرپرسیاری بکات. یۆتۆپیا جیهانێک نییە کە لە ئێستادا تیایدا بژین، بەڵکو دونیایەکە لە داهاتوودا پێیدەگەین، خەونێکە بۆ سبەینێکی باشتر. نەبوونی ئەو خەونە خۆدزینەوەیەکی ھەمەلایەنە لە بەرپرسیارێتیی بەرامبەر بە ئێستا و بەو سبەینێیەش کە ڕوومان لێیەتی. بە پێچەوانەی یۆتۆپیاوە، کە پەیوەندیی بە خەونێکی ئایندەییەوە ھەیە، ئایدیۆلۆژیا ھێزێکە پەیوەندیی بە ئێستاوە ھەیە، پەیوەندیی بە گۆڕینی ئێستاوە بۆ گشتێکی ھاوشێوە و قبووڵکراوەوە، ھەیە. ئایدیۆلۆژیا ھێزێکە پێماندەڵێت لەم ساتەدا لە چ دونیایەکدا دەژین و ڕوومان لە چ دونیایەکە لە سبەینێدا. نەخشەڕێگایەکە نیشانیئەدات لە ئێستادا بە چییەوە سەرقاڵین و ئەم سەرقاڵییە لە سبەینێدا بەچی و بە کوێمان دەگەینێت. ھەر ھێزێک خاوەنی ئایدیۆلۆژیا بێت، خاوەنی بەرنامە و دیدێکە بۆ ئێستا و سبەینێ، پێماندەڵێت بە کام ڕێگادا دەڕوات و دەیەوێت بە چی و کوێ بگات. کام بەرنامەی بۆ ئێستا و بۆ سبەی ھەیە، کێشەکانی ئێستا چۆن دەبینێت و دەیەوێت چۆن چارەسەریان بکات. ھەموو ئایدیۆلۆژیایەک ئەو ھێزەی ھەڵیگرتوە بەرپرسیاردەکات بەرامبەر بەو پلان و بڕیار و ھەڵبژاردنەی ئەو ئایدیۆلۆژیایە پێشنیاریدەکات. لادان لەم پلان و ھەڵبژاردنانە و جێبەجێنەکردنیان، دیسانەوە دەکرێت ببێتە ئامرازێک بۆ لێپرسینەوە لە ھەڵگرانی ئەو ئایدیۆلۆژیایە. ئەمەش وادەکات زۆرجار غیابی ئایدیۆلۆژیا ھێما بۆ ئامادەگیی ویستێکی سیاسی بکات کە بیەوێت لە ھەموو بەرپرسیاریەتێک ھەڵبێت. بە کورتییەکەی ھەم ئایدیۆلۆژیا و ھەم یۆتۆپیا دەتوانن وەک دوو ئامراز و میکانیزمی سەرەکیی لێپرسینەوەی سیاسیی و دروستکردنی بەرپرسیارێتیی کاربکەن و ئامادەبن. لە پەیوەندییدا بە سیاسەتی کوردییەوە کاتێک دەڵێین سیاسەتێکە بێ یۆتۆپیا و بێ ئایدیۆلۆژیا، مانا سەرەکیی و بنەڕەتییەکەی ئەوەیە سیاسەتێکە نایەوێت بەرامبەر بە ھیچ شتێک و ھیچ مەسەلەیەک بەرپرسیار بێت. ھێما بۆ حوکمڕانییەک دەکات خەریکی کوشتنی ھەر ئەگەرێکە بتوانێت بەرپرسیاری بکات و تووشی لێپرسینەوەی بکات. لە دونیای ئێمەدا لەباتی یۆتۆپیا و ئایدیۆلۆژیا دوو ئەلتەرناتیڤی تر ئامادەیە: یەکەمیان ئامادەگییەکی گەورەی توندوتیژیی و ترساندن و ھەڕەشەی بەردەوام. دووھەمیان ستراتیژیەتی دروستکردنی دەنگەدەنگ و ھەراوھۆریا و چەنەبازیی و درۆکردنی بەردەوام، بەڵام تێکەڵ بە بازرگانیکردن بە تۆمەتکاریی و جنێو و تاوانبارکردنی ھەرزان و ڕۆژانەوە. لەم دۆخەدا حوکمڕانان دەتوان شتێک و پێچەوانەکەشی بڵێن و کارێک و دژەکەشی ئەنجامبدەن، ئەمڕۆ کەسێک بە دوژمن و بەخائین بکەن و سبەی باوەشی پێدابکەن و ڕوومەتەکانی ماچبکەن. ئەمڕۆ ھێزێک بە ناپاک و خائین دابنێن و سبەینێ بیکەن بە دۆست و ھاوپەیمانی ستراتیژیی. لە سەرێکەوە قسە لە مافی نەتەوەیی و نیشتیمانی بکەن و تا ئەو شوێنە بڕۆن، بۆ نموونە، باس لە دروستکردن و دامەزراندنی دەوڵەت بکەن، کەچی دووڕۆژ دواتر پێچەوانەی ئەو شتانە بڵێن و بڵاوبکەنەوە لە سەدان سەرەوە ناکۆک بەوەی دوێنێ گوتویانە. کێشەکە لەوەدا نییە سیاسەتی کوردی و سیاسەتمەدارانی کورد توانای بەرهەمهێنانی یۆتۆپیا و هێزی بەرهەمهێنانی ئایدۆلۆژیایان نییە، واتە کێشەکە لە بنەڕەتەوە پەیوەندیی بە بێتوانایی لە بیرکردنەوە و بەرھەمھێنانی فیکرییەوە نییە، ئەمەیان کێشەیەکە دەشێت لەڕێگای کۆمەڵێک شارەزاوە چارەسەربکرێت، کێشەکە لە بنەڕەتدا پەیوەندیی بە ستراتیژێکی تایبەتی حوکمڕانییکردنەوە ھەیە، کە نایەوێت ھیچ ئامارازێکی گەورە و بچووک لەئارادابێت کە بکرێت وەک میکانیزمێک بۆ لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن کاربکات. ئەم ستراتیژە وادەکات لە ئەزموونی لەم بابەتەدا شوێنی یۆتۆپیا و ئایدیۆلۆژیا بە دەنگەدەنگی ناو دیوەخانە سیاسییەکان و شەڕەقسە ڕۆژانەییەکان پڕبکرێنەوە، بە جۆرێک هەر کەسە و بە ئارەزووی خۆی شت بڵێت و بە ئارەزووی خۆشی قسە فڕێبدات. ئەم غیابە ترسناکەی یۆتۆپیا و ئایدیۆلۆژیایە وادەکات سیاسییە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان دروشمەکانی سیاسەتکردن و وێناکانیان لەسەر خۆیان و لەسەر دەوروبەرکەیان، بە ئارەزوووی خۆیان بگۆڕن و چۆنیان بوێت بەو جۆرە دەستکاریبکەن. ھەموو ئەمانەش لەناو دۆخی چەنەبازییەکی سیاسیی بەردەوام و دۆخی شەڕەقسەیەکی ھەمیشەییدا کە بۆ ھەر تایپێک لەو قسەکردن و چەنەبازییە، میدیا و کەناڵی تایبەتی پەخش و بڵاوکردنەوە دروستکراوە. ھەندێکجاریش شەرەقسە و ھەراوھۆریاکانیان وەک گوتار و وەک یۆتۆپیا و وەک ئایدیۆلۆژیا بە خەڵک و ڕای گشتیی دەفرۆشنەوە و ئەو وەھمە دروستدەکەن کە گوایە یۆتۆپیاساز و گوتارسازن. لە ساڵانی ڕابردوودا ھیچ شتێک ھێندەی گوتارە میدیاییەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەربارەی دروستکردنی دەوڵەتی کوردیی وردەکارییەکانی ئەم دۆخەمان نیشاننادات. ئەم گوتارە، بە پلەی یەکەم، گوتاری دروستکردنی خائین و نیشتیمانپەروەر و گوتاری دروستکردنی تۆڕێکی گەورە لە بەڵێنی درۆزنانە و لە ھەراوھۆریای ناسیۆنالیستیی بێبنەما، بوو. بەڵام چونکە نە بەشێکبوو لە ئایدیۆلۆژیایەکی حیساببۆکراو و عەقڵانیی، نە بەشێکیش بوو لە یۆتۆپیایەکی ئایندەیی، بۆیە پاڵەوانەکانی ئەو ڕیفراندۆمە، لە سپێدەی دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەدا، کەوتنە ناو ھەراوھۆریەکی تەواو نوێوە کە پێچەوانە و ناکۆک بوو، بەوەی چەند ڕۆژێک پێشتر دەیانگوت. ئەم گوتاری دروستکردنی دەوڵەتە، کەو وەک یۆتۆپیایەکی سیاسیی و بەشێک لە ئایدۆلۆژیایەکی ناسیۆنالیستی دەفرۆشرا، گوتارێکی تەواو بەتاڵ و بێناوەرۆک بوو لە ھەر ئەگەرێکی یۆتۆپی و ئایدیۆلۆژیی، لەسەرەتا و کۆتاییەکەیەدا پەیوەست بوو بە زەوق و حەز و سایکۆلۆژیای بارزانییەوە. ئەوەی لە ڕۆژانی بەر لە ڕیفراندۆمدا لەسەر دەوڵەت دەگوترا جگە دەنگەدەنگ و ھەراوھۆریایەک لە دەرەوەی لانی ھەرە کەمی ھەر فۆرمێک لە بەرپرسیارێتیدا، شتێکی دیکە نەبوو. ئەوەی دەگوترا نە بەشێک بوو لە پرۆژەیەکی ئایدیۆلۆژیی و نە بەشێک لە پرۆژەیەکی یۆتۆپی. لە ئێستاشدا پارتی بە گشتیی و نێچیروان بارزانی بە تایبەتیی، بەرجەستەکەری دەنگەدەنگ و ھاتوھاوارێکی تەواو تازە و پێچەوانەی دەنگەدەنگە باڵادەستەکەی سەردەمی ڕیفراندۆمن. لە ھەردوو دۆخەکەشدا لەناو ئەو ھەراوھۆریایەدا کە دروستدەکرێت شتێک بەناوی لێپرسینەوە و ھەستکردن بەبەرپرسیارێتییەوە بوونی نییە. لە ئێستادا پارتی و نێچیروان بارزانی ھەڵگری گوتارێکی بەعێراقیبوونن، تەواو ناکۆک بەوەی چەند ساڵێک لەمەوبەر پڕوپاگەندەیان بۆدەکرد. مادامەکی قسەکردنەکان لە بنەڕەتەوە ھیچ ڕەھەندێکی ئایدیۆلۆژیی و یۆتۆپیان لە پشتەوە نییە، بۆیە دەشێت سبەینێ قسەیەکی تری تەواو ناکۆک بەوانەی ئەمڕۆکە بکەن. لەناو ھەراوھۆریا و دەنگەدەنگدا ئەوەی دەکوژرێت ئێتیکی بەرپرسیارێتییە. بابەتی پێشتر بابەتی بیست و سێ: عێراق بەرەو کوێ؟ بابەتی بسیت و دوو: ئێمە کێین؟ بابەتی بیستویەك: سیاسەت و خۆشەویستیی بابەتی بیستەم: هەرێمێک خاڵیی لە ئۆپۆزیسیۆن بابەتی نۆزدەیەم: نەوال سەعداوی: ژنێکی ئازا و شکست نەناس بابەتی هەژدەیەم: پول و دەوڵەتی نەتەوە و ناسیۆنالیزم بابەتی حەڤدەیەم: گوێنەگرتن وەک پیشە بابەتی پانزەیەم: یاسا و بێیاسایی لە ھەرێمەکەی ئێمەدا بابەتی چواردەیەم: جەستەی ژن لە نێوان حیجاب و رووتییدا بابەتی سیانزەیەم: سیاسەت و نوکتە کاتێک سیاسییەکان دەبن بە موهەریج و سیاسەتیش بە نوکتە بابەتی دوانزەیەم: بەرماڵتەکێنەکە و قەیرانی حوکمڕانیی بابەتی یانزەیەم: دوای ترامپ: خۆدروستکردنەوەی ئەمریکا بابەتی دەیەم: سۆشیال میدیا: لەکایەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی بابەتی نۆیەم: دیموکراسیی لە قەیراندا بابەتی هەشتەم: شێخ نەھرۆی کەسنەزانی: لە ئابوریی نەوتەوە بۆ ئابوریی گەشتیاریی دینیی. بابەتی حەوتەم: كۆتایی سیاسەتو نابەرپرسیارێتیی رێكخراو بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا بابەتی دووەم: عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل بابەتی یەكەم: کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت كۆنگرەی 14ی پارتی و هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، نێچیرڤان بارزانیان خستووەتە بەردەم دوو بژاردە، مانەوە لە هەولێر یاخود رۆیشتن بۆ كۆشكی سەلام لە بەغداد، ئەگەر نێچیرڤان پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەربگرێت، چی روو دەدات؟ یەكێتی و پارتی پۆستەكانی هەرێم و بەغداد چۆن دابەش دەكەنەوە؟ لە هەولێرەوە بۆ بەغداد ماوەیەكە سەرقاڵی ئەوەیە خۆی فێری زمانی عەرەبی بكات، زوو زوو دەچێتە بەغداد، كار گەیشتە ئەوەی چەند رۆژی رابردوو لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "شەرقییە"، رەحمەتی بۆ رۆحی سەددام حسێن نارد، ئەمە دۆخی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە بەر لە بەڕێوەچوونی كۆنگرەی چواردەی پارتی دیموكراتی كوردستانو هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق. سەرۆك ئەم رۆژانە نەك تەنیا لەڕووی سیاسییەوە، تەنانەت لە روخساریشدا جێگیرو سەقامگیر دەرناكەوێت، رۆژێك بە ریشو رۆژی دواتر بێ ریش دەردەكەوێت. 10ی تەموزی 2019، لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی ناوخۆیی بنەماڵەی بارزانیدا، كۆتایی بە ماوەی 17 ساڵ حوكمڕانی نێچیرڤان بارزانی لە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت هێنرا، سەردەمێك كە دۆستەكانی نێچیرڤان بارزانی ناویان لێنابوو سەردەمی "دەوڵەتمەدار"، ئیتر لەوكاتەوە سەردەمی مەسرور بارزانی دەستیپێكردووە كە دۆستەكانی ناویان لێناوە "براگەورە". ئەمە ئاڵوگۆڕێكی ناوخۆیی بنەماڵە بوو، كە تێیدا مەسعود بارزانی دەستی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم هەڵگرت بۆ نێچیرڤان بارزانی برازایو نێچیرڤان بارزانیش دەستی لە پۆستی سەرۆكی حكومەت بۆ مەسرور بارزانی ئامۆزای هەڵگرت. نزیكەی دوو ساڵە نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی بەدەستەوەیە، بەڵام هێشتا بە هەستیارییەوە مامەڵە دەكاتو نایەوێت مەسعود بارزانی مامی زویر بكات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا ئێستا پارتییەكان هێندەی دەستەواژەی "سەرۆك" بۆ مەسعود بارزانی بەكاردەهێنن، هێندە نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆك ناناسێنن. پۆستی سەرۆك لەسەردەمی نێچیرڤان بارزانیدا بەپێچەوانەی مەسعود بارزانی مامییەوە، بەتەواوەتی بووە بە پۆستێكی تەشریفاتی، ئەمە لەكاتێكدا بەپێی یاسا سەرۆك دەسەڵاتی باڵای جێبەجێكردن و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانەو ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان سەربە سەرۆكایەتی هەرێمە، پەیوەندییەكانی دەرەوەش هەر لای سەرۆكایەتییە. بەم دۆخەوە، ماوەیەكە كەسە نزیكەكانی قسەوباس لەبارەی ئەوە دەكەن، نێچیرڤان بارزانی دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی هەرێم ببێتو لەبری ئەوە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەربگرێت، ئەگەر پۆستەكان هەر تەشریفاتی بن، رەنگە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق باشتر بێت لە پۆستی سەرۆكی هەرێم. نێچیرڤان دەچێتە بەغدا ؟ رۆژی 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بەڕێوەدەچێت، سەدرییەكان چاویان لەوەیە ئەمجارە پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرن، پارتیش دەیەوێت پۆستی سەرۆك كۆمار لە یەكێتی وەرگرێتەوەو گۆڕانكاری لە هاوكێشەی دابەشكردنی پۆستەكانی عێراقدا بكات لەگەڵ یەكێتی. دانانی بەرهەم ساڵح لە دەرەوەی رێككەوتنی پارتیو یەكێتی لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، سەرچاوەی سەرەكی نیگەرانییەكانی پارتییە، بەرهەم ساڵح چاوی لەوەیە بۆ خولی دووەمیش پۆستەكە وەربگرێتەوە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، بەمدواییە لە كۆبونەوەیەكدا لە "مێرگەپان" هاوسەرۆكەكانی یەكێتی پێیانوتووە "بەدیلی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، هەر بەرهەم ساڵح خۆیەتی"، بەڵام لەڕاستیدا ئەوەی هەیە لەناو یەكێتییە كۆنو نوێیەكاندا تەنیا لاهور شێخ جەنگی پاڵپشتی مانەوەی بەرهەم ساڵح دەكات، لەم كێشمەكێشەدا بەرهەم ساڵح هێندەی چاوی لە پاڵپشتی ئەمریكییەكانو رەزامەندی ئێرانە، هێندە چاوی لە گۆڕانكارییە سیاسییەكانی ناوخۆی هەرێم نییە. پارتی لەگەڵ رەوتی سەدردا چووەتە ناو هەندێك دانوستانەوە بۆ ئەوەی دوای هەڵبژاردن هاوپەیمانێتی پێكبهێنن، ئامانجی سەرەكی ئەم هاوپەیمانێتییە، یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراقە. لەم كاتەدایە كە لەناو پارتییەوە قسەوباس دروستبووە سەبارەت بەوەی نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەربگرێت، نێچیرڤان بەفەرمی رەتیدەكاتەوە ئێستا بیری لەوەرگرتنی ئەو پۆستە كردبێتەوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) دەیەوێت ئەم بابەتە بكەوێتە بەر دیدی رایگشتیو كاردانەوەكان ببینێت. چەند رۆژی رابردوو لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "شەرقیە"، نێچیرڤان بارزانی لە بارەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە وتی:" سەرۆك كۆماری عێراق شتێكی كەم نییە، شەرەفێكی گەورەیە، لە هەر پێگەیەك بتوانم خزمەتێك بۆ هەموو ئەم وڵاتە بكەم، ئامادەم". دۆستەكانی دەڵێن ئەمە یەكەمجار نییە كە ناوی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەهێنرێت، ساڵی 2018 كاتێك كە ململانێی لەنێوان فوئاد حسێنو بەرهەم ساڵح هەبووە، ئەمریكییەكان پێشنیازیان كردووە لەنێوان هەردووكیاندا، نێچیرڤان پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەربگرێت. رۆشتن بۆ بەغداد، ئەو سودەی دەبێت كە نێچیرڤان بارزانی زیاتر بە دنیای دەرەوە بناسێنێت، نێچیرڤان بارزانی خۆشی حەزی لەم جۆرە پرۆتۆكۆڵانەیە، بەڵام دوركەوتنەوەی لە هەولێر، پێگەی لەناو پارتیدا بەتەواوەتی لاواز دەكات، بەغداد تەنانەت جەلال تاڵەبانیشی لەناو حزبەكەیدا لاواز كرد، ئەمە هۆكارەكەیە كە هەندێك لە پارتییەكان ناردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغداد، وەكو بەشێك لە ستراتیژیەكی كۆنگرەی چواردە بۆ لاوازكردنی پێگەی نێچیرڤان لەناو حزب لێكدەدەنەوە. لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە لە 2003، هیچ یەكێك لە نەوەكانی مستەفا بارزانی پۆستی حكومییان لە بەغداد وەرنەگرتووە، باسلەوە دەكرێت، جارێك مەسعود بارزانی وتیویەتی:" ئەندامانی بنەماڵە نابێت هیچ كەسێكیان پۆست لە بەغداد وەربگرن، چونكە مستەفا بازرانی باوكم ئەم داوایەی لە نەوەكانی كردووە"، بەم دۆخەوە ئایا نێچیرڤان بارزانی دەچێت بۆ بەغداد ؟ هەرچەندە ئەمە سونەتێكی چەسپاو نییەو لە شەستو حەفتاكانی سەدەی رابردوودا كە مستەفا بارزانی خۆی لە ژیاندا بووە، هەریەكە لە (عوبەیدوڵڵا، لوقمان، سابیر) كوڕانی مستەفا بارزانی پۆستی وزاریو پەرلەمانیان لە بەغداد وەرگرتووە (دەوترێت مستەفا بارزانی حاشای لەم كوڕانەی كردووە). ئەگەر نێچیرڤان بارزانی بڕیاری خۆی لەنێوان هەولێرو بەغداد بەئاڕاستەی بەغداد یەكلابكاتەوە، پاڵپشتی ئێرانو ئەمریكاش بۆ وەرگرتنی پۆستەكە مسۆگەر دەكات، لەناو لایەنە عێراقییەكانیش مەقبوڵە، چونكە ئەو نەخراوەتە خانەی ریفراندۆمچییەكانەوە، ئەو رۆژەی خەڵك دەنگی بۆ سەربەخۆیدا، نێچیرڤان بارزانی وتی:" ریفراندۆم بەواتای جیابونەوە لە عێراق نایەت". لەدوای دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی بەتەواوەتی ستافی 17 ساڵەی نێچیرڤان بارزانی لە حكومەت ریشەكێش كرد، ئەمانە ئێستا بەشێكیان لە سەرۆكایەتی هەرێم دەوام دەكەن، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بووە بە شوێنی دۆستە ناڕازییەكانی نێچیرڤان بارزانی، لەحاڵی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماردا، دەبێت نێچیرڤان بارزانی ئەم لەشكرە لەگەڵ خۆیدا بگوازێتەوە بۆ كۆشكی سەلامو كاریان بۆ بدۆزێتەوە. بە رۆشتنی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغداد، رێككەوتنی پارتیو یەكێتی لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان جارێكی تر گۆڕانكاری بەسەردادێت، لەبەرامبەر دەستبەرداربوون لە پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ پارتی، دەبێت پۆستی سەرۆكی هەرێمو پۆستێكی باڵای وزاری لە عێراق (وەزارەتی دەرەوە)و پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بدرێت بە یەكێتی. نێچیرڤان بارزانی لە كۆنگرەی چوارەدا ؟ رۆژی 26ی ئایاری ئەمساڵ پارتی كۆنگرەی چواردەیەمی خۆی لە دهۆك گرێدەدات، ئەگەر بەبەهانەی كۆرۆناوە ئەمجارەش كۆنگرەكە دوانەخرێت، دەبێت دوای 30 رۆژی تر پارتی بچێتە ناو كۆنگرەوە، كۆنگرەیەك كە چاوەڕوان دەكرێت گۆڕانكاری گەورە لە پەیكەری دەسەڵاتی پارتیدا دروست بكات. مەسعود بارزانی تەمەنی گەیشتوەتە 75 ساڵ، دەیەوێت بەر لە دوركەوتنەوەی لە شانۆی سیاسی بە هەر هۆكارێك، شێوازی دابەشبوونی دەسەڵات لەناو بنەماڵەكەیدا بۆ دوای خۆی رێكبخاتەوە، رێكخستنەكەش بەپلەی یەكەم لەنێوان نێچیرڤان بارزانی برازایو مەسرور بارزانی كوڕیدا دەبێت. مەسعود بارزانی بە مانەوەی لە پۆستی سەرۆكی پارتی یاخود وازهێنانی، دەبێت پێگەی كوڕو برازاكەی لەناو حزب یەكلابكاتەوە، ئەمە بابەتێكی هەستیارە لەناو هەموو بنەماڵەیەكی فەرمانڕەوادا، سیناریۆی بەهێز ئەوەیە بارزانی لەم كۆنگرەیەشدا لە پۆستی سەرۆكایەتی پارتی دەمێنێتەوە، بەڵام دوو جێگری بۆ پۆستی سەرۆك زیاد دەكاتو هەریەكە لە نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانی دەبن، بەجێگیركردنی ئەم سیناریۆیە، لەحاڵەتی دوركەوتنەوەی مەسعود بارزانیدا، پارتی لەلایەن دوو جێگرەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، ئەمە جۆرێكە لە كۆپیكردنەوەی شێوازی هاوسەرۆكایەتییەكەی یەكێتی، بەڵام بە هەندێك دەستكارییەوە. نێچیرڤان لە كوێوە بۆ كوێ ؟ نێچیرڤان بارزانی كوڕی ئیدریس بارزانی كوڕی مستەفا بارزانییە، ئەو بەهۆی ناكۆكی بنەماڵەییەوە چەندینجار لە مەسعود بارزانی مامی زویر بووەو چوەتە دەرەوەی وڵات. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی ئەندازیاری گەڕاندنەوەی نێچیرڤان بارزانی بووە بۆ ناو یەكەی حوكمڕانی بنەماڵەی بارزانی. چەند كەسێك لە نزیكەكانی تاڵەبانی كە (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون، لەبارەی دۆستایەتی تاڵەبانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی باسلەوە دەكەن، ئەوكات تاڵەبانی باوەڕی وابووە نێچیرڤان بارزانی تاكە كەسە لەناو بنەماڵەی بارزانیدا كە جیاواز بیردەكاتەوەو ئەوان (یەكێتی) دەتوانن سودی لێ ببینن بۆ لێدان لە دەسەڵاتی مەسعود بارزانیو هێنانەدی هەندێك كرانەوەی سیاسی لەناو بنەماڵەی بارزانیدا. نێچیرڤان بارزانی لە چەندین دیداری رۆژنامەوانیدا باسی لە رۆڵی "مام جەلال" كردووە لەسەر گەشەی كەسایەتی ئەو، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە ئێستا پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ كوڕانی تاڵەبانیدا هەیە، ئەم دۆستایەتییە دەكرێت لەكاتی رۆشتنی نێچیرڤان بارزانیدا بۆ بەغداد، كاری خۆی لە دژی بەرهەم ساڵح بكات. ساڵی 1996 بۆ یەكەمینجار نێچیرڤان بارزانی كرا بە جێگری سەرۆكی حكومەت، ئەوە حكومەتی پارتی بوو لەدوای رووداوەكانی (31)ی ئاب، رۆژ نوری شاوەیس سەرۆكایەتی حكومەتەكەی دەكرد، واتە نێچیرڤان بارزانی سەرەتای كاركردنی لەناو حكومەت بە سێ ساڵ كاركردن لە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت دەستپێكرد. ساڵی 1999 پارتی جارێكی تر حكومەتی لە زۆنی خۆی دروستكردەوە، ئەمجارە نێچیرڤان بارزانی كرا بە سەرۆكی حكومەتەكە، ساڵی 2005 یەكێتیو پارتی رێككەوتن لەسەر كۆتایهێنان بە دوو ئیدارەییو بڕیاریاندا حكومەتەكانیان یەكبخەن، لێرەوە نێچیرڤان بارزانی لە سەرۆكی حكومەتی پارتییەوە بوو بە سەرۆكی حكومەتی سەرتاسەری هەرێمی كوردستانو حوكمدارێتییەكەی بەردەوام بوو تاوەكو مانگی تەموزی 2019، واتە بەشێوەیەكی گشتی لە ساڵی 1999 وە بۆ 2019 سەرۆكی حكومەت بووە، جگە لە دوو ساڵ كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی حكومەتی كردووە لەنێوان (2010 بۆ 2012). لەماوەی 17 ساڵی سەرۆكایەتیكردنی حكومەتدا، نێچیرڤان بارزانی دەسەڵاتی گەورەی ئابوری بەدەستەوە بووە، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە كارەكتەری ژمارە (یەك)ی هەرێمی كوردستان نەبووە، هەمیشە سێبەری مەسعود بارزانی مامی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستانی باڵی بەسەردا كێشاوە، ئەمە جگە لە دامەزراوەی پەرلەمان كە لە ساڵی 2009و دوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان وەكو ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز، كاریگەری لەسەر پێگەی نێچیرڤان بارزانی جێهێشت. ئەوەی لەماوەی دورودرێژەی سەرۆكایەتی حكومەتدا پێی نەگەیشت، لە كۆتایی دەسەڵاتەكەی لە پۆستی سەرۆكی حكومەت پێی گەیشت، نێچیرڤان بارزانی لەدوای ریفراندۆمو روداوەكانی (16)ی ئۆكتۆبەر، بوو بە كارەكتەری ژمارە (یەك) لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، بەهۆی ریفراندۆمەوە، لە رۆژی (16)ی ئۆكتۆبەری 2017 كورد لە عێراق رێژەی 51%ی خاكەكەی لەدەستدا، ئەمەو فشارە هەرێمیو نێودەوڵەتییەكان مەسعود بارزانیان ناچاركرد دەست لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم بكێشێتەوە، بارزانی لە 29ی ئۆكتۆبەری 2017 دەستی لەكاركێشایەوەو دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم بەپێی یاسایەك لەنێوان سەرۆكایەتی حكومەتو سەرۆكایەتی پەرلەمانو دەسەڵاتی دادوەریدا دابەشكرا (زۆرینەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم درا بە سەرۆكی حكومەت واتە نێچیرڤان بارزانی). لێرە بەدواوە نێچیرڤان بارزانی سەرباری ئەوەی بەپێی یاسا بووە بە خاوەنی زۆرترین دەسەڵات، لەڕووی سیاسیشەوە پێگەی بەهێز تر بوو، دیپلۆماتكاران كە بەهۆی ریفراندۆمەوە لە مەسعود بارزانی نیگەران بوون، پەیتا پەیتا سەردانیو دیداریان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی دەكرد، تا ئەو رادەیەی نێچیرڤان بارزانی خۆشی هەستی بەمەترسی توڕەبوونی مەسعود بارزانی مامی دەكردو هەواڵی ئەو دیدارە سیاسییانەی ئەوكاتەی لە كەناڵەكەیەوە (رووداو) بڵاونەدەكردەوە. لەو ساڵەدا نێچیرڤان بارزانی گەیشتە لوتكە، تەنانەت بەرپرسانی مەكتەبی سیاسی پارتیش وەكو "ئەندازیاری هەستانەوەی هەرێم لەدوای ریفراندۆم" وەسفیان دەكردو وەكو "دیپلۆماتكارێكی گەورە" ناویان دەبرد. بەڵام ئەم سەركەوتنە زۆری نەخایاند، مەسعود بارزانی جارێكی تر گەڕایەوە بۆ ناو گۆڕەپانەكە، ئەمجارە لەگەڵ خۆیدا مەسرور بارزانی كوڕی هێنایە ناو كایەی سیاسیو لە پۆستی سەرۆكی حكومەتدا داینا.