شازدەی ئۆكتۆبەرو چۆڵكردنی كەركووكو هەقیقەتێك بۆ مێژوو
2022-06-30 18:08:11
درەو: شۆڕشنامە
مامە غەفە لە كتێبی (لەوەتەی هەم پێشمەرگەم) بەم شێوەیە باس لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر دەكات
ڕێكەوتی 16ی 10ی (2017) بارەگامان لە (پەلكانە) بوو، بەرەبەیان بوو تەلەفۆنیان بۆ كردینو ئاگاداریان كردمەوە لەوەی حكوومەتی عێراق هێزو هێرشی هێنا بەرەو كەركووك، ئێمەش دەستبەجێ شەڕگەی (گڕاو)مان توندوتۆڵ كردو هێزمان دابەشكرد.
كەمێكی پێچوو شەڕەكە كەوتە ناو كەركووك، بەڵام ئێمە لە شەڕی ناو كەركووك بەشداریمان نەكرد، لەبەرئەوەی شەڕگەی خۆمان هەبوو، هێزم لە شەڕگەكەی خۆمان دابەش كردبوو. برادەرانی پارتی هێزێكی زۆر باشو حەوت دەبابەیان لە بای حەسەن دانابوو، كە شەڕەكە كەوتە ناو كەركووكو وا بڵاوبووەوە، كە وا هێزەكەی حكوومەت بەرەو بای حەسەن هێرش دەكەن، هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە برادەرانی پارتی دەبابەكانیان گواستەوە بەرەو (دیبەگە)و ئەوێیان چۆڵكرد. لەو كاتەدا تەلەفۆنێكم بۆ كراو ئاگاداركرامەوە لەوەی: هێزەكەی پارتی بەبێ هیچ بەرگریو ڕووبەڕووبوونەوەیەك دەبابەكانیان لە بای حەسەنەوە بەرەو دیبەگە گواستەوە. شەڕەكە گەرمتر دەبوو، هێزەكانی حكوومەت زیاتر لە كەركووك دەهاتنە پێش، منیش هێزێكم بردو چووم هێزەكەی گڕاوم بەسەركردەوە، بۆ ئەوەی دڵنیابم لە دروستیی دابەشبوونی هێزەكانی ئەوێ. لەو كاتەدا تەلەفۆنێكم بۆ دكنۆر كەمال كەركووكی كردو پێم گووت: بەرنامەتان چییە؟
"دكتۆر كەمال كەركووكی، بەرپرسی ئەو میحوەرە بوو"
دكتۆر كەمال كەركووكی، لە وەڵامی تەلەفۆنەكەی مندا گوتی: دوایی ئاگادارت دەكەمەوە!
كەمێكی تری پێچوو، تەلەفۆنم بۆ كاك كۆسرەت كرد، هەمان پرسیارم لە كاك كۆسرەت كردو كاك كۆسرەت گوتی: تەلەفۆن بۆ شێخ جەعفەر بكە، قسەی لەگەڵدا بكەو زانیاری لەو وەربگرە. تەلۆفۆنم بۆی كرد، شێخ جەعفەر گوتی: تەلەفۆن لەگەڵ دكتۆر كەمال كەركووكی بكە، چونكە دكتۆر كەمال كەركووكی بەرپرسی میحوەرەكەتانە!
منیش بۆ دووەم جار تەلەفۆنم بۆ دكتۆر كەمال كەركووكی كردو وەڵامی تەلەفۆنەكەی نەدامەوە. جیهانگیری كوڕمو هێزەكەی لەناو (گڕاو) بوون، جێگری لیوای 10 بوو، لیوای 10ش لیوایەكی تێكەڵ بوو لە یەكێتیو پارتی. تەلەفۆنی بۆ كردمو گوتی: بابە ئەوە برادەرانی پارتی (تی. ئێن. تیی)یان هێناوەو لە پردەكەی (چەڵت)ی دەخەنو دەیانەوێت پردەكە بتەقێننەوە، دەستەی لیوای دەش لە (غەڕڕە) بوون، مامۆستا خالید بەرپرسیان بوو، منیش گوتم: ئەگەر پردەكە بتەقێننەوە، كەواتە هێزەكەی مامۆستا خالید لەوبەر گیردەبن! بە جیهانگیرم گوت: بەپەلە پێوەندییان پێوە بكەو پێیان بڵێ زوو بە زوو بێنەوە ئەمدیوی پردەكە. مامۆستا خالید دەستبەجێ دوای پێوەندییەكەی جیهانگیر، هێزەكەی هێناو هاتە ئەمبەری پردەكە.
بۆ مێژوو دەیڵێم: لەو ماوەیەدا بە بەردوامی تەلەفۆنم بۆ دكتۆر كەمال كەركووكی دەكردو دكتۆر كەمال هیچ وەڵامێكی نەبوو، ئاخر دكتۆر كەمال كەركووكی، دەبوو زانیاریمان پێ بدات بەوەی چی بكەینو بەرنامەكانمان پێ بڵێت. دیسان قسەم لەگەڵ كاك كۆسرەتو شێخ جەعفەر كرد، ئاگاداریان كردمەوە لەوەی لەناو كەركوك پاشەكشێیان كردووە!
قسەم لەگەڵ ئەیووب یوسف كرد، هێزەكەی ئەیووب لەناو سەربازگەكە بوون، ئەیووبیش گوتی: پاشەكشێم بە هێزەكەم كردووە. تەلەفۆنم بۆ مام سیامەند كرد لە (مەلا عەبدوڵا) بوو، گوتی: پاشەكشێم بە هێزەكەم كردووە. هێزەكانی ئەوبەرمان هەموویان پاشەكشێیان كردبوو، ئێمەش لەم بەر مابووینەوە. جیهانگیر تەلەفۆنی كردو گوتی: بابە! پارتییەكان جوێن دەدەنو نیگەرانی ئەوەم ببێتە شەڕمان. منیش گوتم: مەهێڵە هێزەكەت تووشی شەڕ ببن لەگەڵ پارتییەكان، هێزەكەی خۆمان بهێنەو وەرە (پەلكانە) من لە پەلكانە دەبم. شەو داهاتو جیهانگیر هێزەكەی هێنا پەلكانەو هاتە لامان. هەر لە پەلكانە ماینەوە، هەتاكوو كات درەنگی كرد، ئێمە وەك هێزەكەی خۆمان لەو شەڕگەی بۆمان دانرابوو ماینەوە بەبێ ئەوەی هیچ بەرپرسێك تەوجیهاتمان بداتێو ئاگادارمان بكاتەوە لەوەی چی بكەینو چی نەكەین، هەر لەبەر ئەو هۆكارەش بوو، بەناچاری لەدوای ئەوەی هیچ شوێنێك لە ناوچەكەدا جگە لە هێزەكەی ئێمە هیچ هێزێكی تری پێشمەرگەی لێ نەما، پاشەكشێمان كردو چووینە گۆپتەپەو لە گۆپتەپە بارەگامان داناو دوای ماوەیەك هێزەكەمان لەگەڵ پارتی، تێكەڵ كردەوە.
بەڕاستی ڕۆژێكی ڕەشو ناخۆش بوو، هەر بابا بوو ئەوەی دیكەی تۆمەتبار دەكردو خۆی بە فریشتە نیشان دەدا.
سەرچاوە: بیرەوەرییەكانی مامەغەفە (غەفوور ئەحمەد ئەحمەد مەحموود): لەوەتەی هەم پێشمەرگەم، چاپی دووەم، 2021، لاپەڕەكانی (387 - 389).