Draw Media

لیژنەی لێكۆڵینەوە: موشەكەكان لە قۆڵایی هەرێمەوە ئاڕاستە كراون

لیژنەی لێكۆڵینەوە: موشەكەكان لە قۆڵایی هەرێمەوە ئاڕاستە كراون

2022-06-30 08:48:16


(درەو): 
ئەنجامی لێكۆڵینەوەی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە‌و سوپای عێراق دەریدەخات ئەو هێرشە موشەكییانەی كە كراونەتەسەر كێڵگەی غازی (كۆرمۆر)، لەناو قوڵایی خاكی هەرێمی كوردستانەوەو لەپشت لیوای (16)ی هێزی پێشمەرگەوە ئاڕاستە كراون. 
لیژنەی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە‌و سوپای عێراق ئەنجامی لێكۆڵینەوەی خۆی سەبارەت بەو سێ هێرشە موشەكییە راگەیاند كە بەمدواییە كرایەسەر كێڵگەی (كۆرمۆر) لەنزیك ناحیەی (قادر كەرەم). 
بەپێی ئەوەی لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكەدا هاتووە‌و كۆپییەكی  دەست (درەو) كەوتووە، هێرشەكە لەناو قوڵایی خاكی هەرێمی كوردستاندا ئەنجامدراوە.
(درەو) لەچوارچێوەی بەرپرسیارێتی میدیایی خۆیدا، وردەكاری ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە بڵاوناكاتەوە، بەڵام پۆختەی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە دەڵێ: 
•    بەپێی شیكاری ئەو چاڵانەی بەهۆی هێرشەكەكانەوە دروستبوون، دەركەوت هەموو ئەو موشەكانەی ئاڕاستەی (كۆرمۆر) كراون، لە یەك ئاڕاستەوە هاتوون واتە لە خۆرهەڵاتەوە بە ئاڕاستەی خۆڕئاوا، هێرشەكان لەناو قوڵایی هەرێمی كوردستان‌و لە پشت كەرتی لیوای 16ی پێشمەرگەوە روویداوە.  
•    نزیكترین خاڵی شوێنی كەوتنەخوارەوەی موشەكەكان نزیكەی (29 بۆ 30) كیلۆمەتر لە هێزەكانی حكومەتی فیدراڵەوە دوورە، ناوچەی بۆشایی ئەمنیی لەنێوان هێزە فیدراڵییەكان‌و پێشمەرگە نزیكەی (9 بۆ 10 كیلۆمەترە) لە شوێنی كێڵگەكەوە.
•    كێڵگەی كۆرمۆر بە سێ بازنەی ئەمنیی دەورە دراوە، بازنەی یەكەم‌و دووەم كۆمپانیایەكی ئەمنیی تایبەتە، بازنەی سێیەم پێشمەرگەیە.
كۆرمۆر گەورەترین كێڵگەی غازی ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە پێداویستی وێستگەكانی كارەباو غازی ماڵان دابین دەكات، سەرباری ئەمە (كۆندێنسەیت)ی بەرهەمهێنراوی ئەم كێڵگەیە دەكرێتە ناو بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی بەرزكردنەوەی كوالیتییەكەی. 
بەمدواییە كۆمپانیای نەوتی باكور كە سەربە وەزارەتی نەوتی عێراقە سكاڵای تۆماركردووە‌و دەڵێ ئەم كێڵگەیە سەربە كۆمپانیای باكورە.
لەدوای هێرشە موشەكییەكانی ئەمدواییەوە بۆسەر كێڵگەكە، پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی گروپەكانی حەشدی شەعبی كرا، بەڵام تائێستا هیچ گروپێك بەرپرسیارێتی هێرشەكانی نەگرتوەتە ئەستۆ، هەندێكیش گومانی گەورەتریان هەبوو لەبارەی ئەوەی ئێران لە هێرشەكەدا تێوەگلابێت، ئەمەش بەبەهانەی دۆسیەیەكی یاسایی دادگای پاریس لەنێوان كۆمپانیای (دانەغاز)‌و (كۆمپانیای نەوتی ئێران). 
كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتی كاری بەرهەمهێنانی لە كێڵگەی (كۆرمۆر) پێدراوە، ئەمە گەورەترین كاری كۆمپانیایەكە لەسەر ئاستی جیهان.
ئەم رۆژانە لە هەموو كاتێك زیاتر كەرتی نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان لەژێر فشاری حكومەتی ناوەندی عێراقدایە، شوباتی ئەمساڵ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوە، حكومەتی هەرێم بڕیارەكەی دادگا‌و داددگاكە خۆشی بەنادەستوری ناودەبات‌و پابەندنییە بە بڕیارەكەوە، وەزارەتی نەوتی عێراقیش بەبێ هەماهەنگیی لەگەڵ حكومەتی هەرێم بەشێوەیەكی تاكلایەنە كەوتوەتە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگا‌و نامە بۆ كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم دەنێرێت‌و هەڕەشەیان لێدەكات. 
ئەم بارودۆخە نوێیە، كێشەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد بردوەتە قۆناغێكی نوێوە كە زۆر ئاڵۆزترە لە پەیوەندییەكانیان بەر لە دەرچوونی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی.  
  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand