دڕۆن، یارییە خوێناوییەکەی جەنگی داهاتوو
2022-06-30 07:45:52
ئاراس فەتاح تایبەت بە (درەو) دەینوسێت
دەوڵەتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بوونەتە نێوەندێکی زۆر گرنگی بەرهەمهێنان و کڕین و فرۆشتن و بەکارهێنانی دڕۆن. هەم بەرهەمهێنەرە بەناوبانگەکانی دڕۆن لە جیهاندا لەم ناوچەیەی ئێمەدان و هەم فرۆشیار و کڕیارەکان و هەم بەکارهێنەرەکان و هەم زیانە گیانیی و مادییەکانیش. جگە لە ئەمریکا و چین و ڕوسیا، هەرسێ دەوڵەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئیسرائیل و تورکیا و ئێران بە بەرهەمهێنی چەکی درۆن دەژمێردێن. چ تورکیا و چ ئیسرائیل دوو بەناوبانگترین دەوڵەتانی بەرهەمهێن و فرۆشیاری درۆنن. ئەم دوو دەوڵەتە جگە لەوەی درۆن بەرهەمدەهێنن و بە دەوڵەتانێکی زۆری دونیا دەیفرۆشن، خۆشیان یەکێکن لە بەکارهێنەرانی دڕۆن لە جەنگەکانیان؛ ئیسرائیل لە فەڵەستین و لوبنان و سوریا، تورکیاش لە ناخۆی خۆی و هەرێمی کوردستان و ڕۆژاڤا.
درۆنە بەناوبانگەکەی تورکیا لە ئاستی جیهاندا نازناوی بەیرەقداری Bayraktar TB2 هەڵگرتووە کە بەمانای ئاڵاهەڵگر دێت. ناوی ئەم فرۆکەبێڕۆکەوانە دەگەڕێتەوە بۆ بنەماڵەی سەلجوق بەیرەقدار کە لە ساڵی 2016وە زاوای ڕەجەب تەیب ئەردۆغانە. ئەم دڕۆنە لە سوریا و لیبیا و بێرگ کاراباخ و هەرێمی کوردستاندا بەکارهێنراوە و کاریگەرییەکانی ئەزموونکراوە. لەم دواییەشدا میدیای ئەوروپی بەکارهێنانی بەیرەقداری لە جەنگی ئۆکرانیا دژ بە لەشکری ڕوس وەک سەرکەوتنێکی گەورە نماییشکرد. لەپاش ئەم ئەزموونکردنەی بەیرەقدار لە جەنگی ڕوسیا - ئۆکرانیا، وەک باشترین چەکی مۆدێرنی تورکیی، بازاڕێکی گەورەی لە دونیادا بۆ دروست بوو. یەکێک لە هۆکارەکانی خواست لەسەر دڕۆنی تورکیی بریتییە لە هەرزانییەکەی بە بەراورد بە دڕۆنی ئەمریکی یان ئیسرائیلی. لە کاتێکدا نرخی دڕۆنی تورکیی تاوەکو 2 ملیۆن دۆلارە، دڕۆنی ئەمریکی دەگات بە 20 ملیۆن دۆلار.
بەکارهێنانی دڕۆن گۆڕانی قووڵ لە ماناکانی شەڕی پارتیزانیی دژ بە دەوڵەتە مەرکەزییەکان دروستدەکات. چەکی دڕۆن خەباتی چەکداریی لە قۆناغی هێرشکردنەوە دەگوازێتەوە بۆ قۆناغی پاشەکشێ و بەرگرییکردن. ئەزموونی بەرەی ڕزگاریی نیشتیمانیی تیگرای (TPLF) لەگەڵ دەوڵەتی ئەسیوپیا ئەوەی سەلماند کە درۆن چۆن دەتوانێت ڕێڕەو و دەرئەنجامی جەنگ لە بەرژەوەندی دەوڵەتاندا بگۆڕێت. دەوڵەتی تورکیا لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا، جگە لە هێرشی بەردەوامی بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە، چەندین سەرکردەی گەورەیان لە شار و ناوچەکانی هەرێم و رۆژاڤا تیرۆر کرد. بەپێی سەرچاوەکان تەنها لە ساڵی 2021دا لەشکری تورکیی بەچەکی جۆراو جۆر نزیکەی 1200 هێرشی کردووەتە سەر پێگەکانی پەکەکە و هەزاران گەریلا و خەڵکی مەدەنیی بوونەتە قوربانیی. ئەم رەهەندە نوێیەی جەنگی دڕۆن دژ بە گەریلا پێویستی بە پێداچوونەوەی قووڵ هەیە لە چەمکی خەباتی چەکداریی.
بەکارهێنانی دڕۆنی تورکیی لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا بۆ لەناوبردنی تیرۆر نییە، بەڵکو بە پێی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان گێڕانی جەنگێکی ناتەبا و ناهاوتایە، پێشێلکردنی ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و فۆرمێکە لە تیرۆری دەوڵەتیی. لە کاتێکدا هەموو دونیای خۆرئاوا و ئەمریکا هەرایانە و سەرقاڵی دۆزینەوەی بەڵگەن بۆ تاوانبارکردنی پوتین و جەنەڕاڵەکانی وەک تاوانباری جەنگ لە ئۆکرانیا، تورکیای ئەندامی یانەی جەنگیی ناتۆش چ لە ڕۆژئاوا و چ لە هەرێمی کوردستان، بەهێمنی و بەبێ هەرای میدیا و گازندەی سیاسەتمەدارانی ئەوروپیی، سەرقاڵی چاودێرییکردنی ڕۆژانە و شەوانەی شار و گوند و ئینسانی ئێمەیە لە ئاسمانەوە و کوشتنیان و تیرۆرکردنیانە لەسەر زەوی. بەپێی ڕاپۆرتەکانی هەندێ رێکخراوی ئەوروپیی ئەوەی تورکیا دژ بە کوردان پیادەیدەکات، دەچێتە خانەی تاوانی جەنگەوە.
زۆرینەی ئەو دەوڵەتانەی لە جیهاندا خاوەن درۆنن دەکەونە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و زۆرینەی ژمارەی ئەو لەشکرانەشی دڕۆن لە کاری جەنگاوەرانەدا بەکاردەهێنن، هەر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدان. تورکیا و ئێران و ئیسرائیل سێ بەرهەمهێن و بەکارهێنی درۆنی خۆیانن. لە کاتێکدا جگە لە بریتانیا و فەرەنسا زۆرینەی دەوڵەتە ئەوروپییەکانی تر دەستیانکردووە بە کڕینی درۆنی ئەمریکی یان ئیسرائیلی، ژمارەیەکی زۆری دەوڵەتە عەرەبییەکان، لەنموونەی جەزائیر و مەغریب و میسر و ئەردەن و قەتەر و سەعودی عەرەبیی و ئیماراتی عەرەبیی و عێراق خاوەن دڕۆنی خۆیانن و هەندێکیشیان لە جەنگە ناوخۆیی و ناوچەییەکانیاندا بەکاریانهێناون. هاوشانی ئەم دەوڵەتە عەرەبییانە ئازەربایجان و کازاغستان و کیرغیسیستان و تورکمەنستان لە باشوری ڕوسیا و پاکستان و هیندستان و ئەندەنوسیا لە ئاسیا و ئەتیوپیا و نێجیریا لە ئەفریقیا خاوەنی درۆنی خۆیانن. عێراق لە ساڵی ٢٠١٥وە دڕۆنی چینی کڕیوە و دژ بە چەکدارانی داعش بەکاریدەهێنا. لە ساڵی ٢٠١٧شدا بە ئۆپەراسیۆنێکی هەڵە ژمارەیەکی زۆری حەشدی شەعبی کوشت. بە پێی راپۆرتی سەربازیی لەشکری ئەمریکی بێت لە ساڵی ٢٠١٩ لەشکری عێراقیی تەنها یەک دڕۆنی چینیی CH-4 ماوە کە شایستەی بەکارهێنان بێت، زۆرینەی ئەوانی تر یان کەوتوونەتە خوارەوە و یان لەکارکەوتون و پێویستیان بە سیانەیە. وەزیری بەرگریی عێراق لە نوێترین لێدوانییدا باس لە ڕێکەوتنێک دەکات لەگەڵ تورکیا بۆ کڕینی ژمارەیەکی نادیار لە دڕۆنی بەیرەقدار و گەیشتنیشی بەدەست لەشکری عێراقیی لە کاتێکی نادیاردا. لەسەردەمی دڕۆندا گەر هەر پێکدادانێکی سەربازیی لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستاندا ڕووبدات، ئەوا وەک شانزەی ئۆکتۆبەر لە جەنگێکی تەقلیدییدا نادۆڕێین، چونکە ئەمجارە عێراق پێویستی بە ناردنی لەشکر و سەرباز نابێت، دڕۆنە تورکییەکانی بەسە، بۆئەوەی بەهەندێ لە ئامانجە سەربازیی و سیاسییەکانی خۆی بگات.
دەوڵەتە سوڵتانییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بوونە بە مۆدێلێکی زۆر تایبەتی بەرخۆریی ئابووریی مەدەنیی و سەربازیی. یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئاساییشی سیاسیی بۆ ئەم سیستەمانە بریتییە لە پتەوکردنی دەزگای ئەمنیی و پۆلیسیی و سەربازیی کە لە کڕینی چەک و تەکنەلۆژیای نوێی جەنگدا بەرجەستەدەبێت. هاوشانی لەشکر لەم وڵاتانە چەکی کوژەر و تەنانەت دڕۆنیش دەتوانێت بکەوێتە دەست هێزە نادەوڵەتییەکان لە وێنەی ناردنی دڕۆنی ئێرانیی بۆ حیزبواڵلە و حەماس و حوسییەکان، یان میلیشیا چەکدارەکانی شیعە لە عێراق. لەم ڕوانگەیەوە دۆخی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەک گشتێک بەرەو نادیارییەکی تەواو و نائارامییەکی مەترسییدار هەنگاودەنێت.