Draw Media

درەو: بزوتنەوەی گۆڕان كۆنفرانس و یەكێتی دیدارو پارتی و سۆسیالیست و بزوتنەوەی ئیسلامی كۆنگرە دەبەستن لە ساڵی نوێی 2022 دا، بەشێكیان بۆ چارەسەری كێشەناوخۆییەكانیان و بەشێكیان وادەی كۆنگرەیان بەسەرچووە. یەكەم/ بزوتنەوەی گۆڕان: بڕیارە رۆژی 26ی كانونی دووەم 2022 بزوتنەوەی گۆڕان كۆنفرانس ببەستێت، پرسی شكستیان لە هەڵبژاردنەكەی 10ی ئۆكتۆبەری رابردوی عێراق و رێكخستنەوەی گۆڕان و كشانەوەی تیمەكەیان لە حكومەت گفتوگۆی لەسەر بكرێت، سەرەرای شكستەكەیان بزوتنەوەی گۆڕان وادەی كۆنفرانسیشیان بەسەرچووە. بزوتنەوەی گۆڕان تا ئێستا یەك كۆنفرانسی بەستووە كە لە ساڵی 2013 و لەسەردەمی نەوشیراون مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بووە. دووەم/ یەكێتی نیشتمانی كوردستان: یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڕیاریداوە لە شوباتی 2022 لە بری كۆنفرانس و كۆنگرە "دیدار" سازبكات، قوباد تاڵەبانی سەرۆكایەتی لیژنەیەك دەكات كە ئامادەكاری بۆ سازدانی "دیدار"ەكە دەكەن لە شوباتی داهاتوودا، دیدارێك كە گۆڕانكارییە سیاسییەكانی ئەم دواییەی یەكێتی كە لەدوای 8ی تەموزەوە لەناو یەكێتی روویان داوە لە دیدارەكەدا پەسەند دەكرێت.  یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە حوزەیرانی 1976 لەلایەن جەلال تاڵەبانیەوە دامەزراوە تا ئێستا چوار كۆنگرەی بەستووە.  سێیەم/حزبی سۆسیالیست ‎حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بڕٍیاریداوە لە مانگی ئازاری داهاتوودا كۆنگرەی حەوتەمی خۆی سازبكات. بە پێی راگەیەندراوی كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان كە لە رۆژی 28/12/2021 لە گوڵەخانە بەڕێوەچوو ئاماژە بەوە كراوە كە ڕێوشوێنی پێویست و میكانیزمی پێویست گیراوەتە بەر بۆ بەستنی كۆنگرەی (7)ی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و دانانی بەرنامەیەكی داڕێژراو بەڕێوەجوونی كارەكانی كۆنگرە تا گۆڕانكاریەك و نوێ بوونەوەیەك لەناو پلان و پرۆگرامی حزبدا بكرێت". حزبی سۆسیالیست دیموركاتی كوردستان لە ساڵی 1976 دامەزراوەو تا ئێستا (6) كۆنگرەی بەستووە. چوارەم/  پارتی دیموكراتی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان چەند جارێك كۆنگرەی دواخستووە، چاوەڕوانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقە، ئەگەر بەزویی پێكبێت ئەوا لە مانگی شوباتی داهاتوودا كۆنگرەی (14) ساز دەكات. پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1946ەوە لەلایەن مستەفا بارزانیەوە دامەزراوە تا ئێستا (13) كۆنگرەی بەستووە.  پێنجەم/ بزوتنەوەی ئیسلامی بزوتنەوەی ئیسلامی بڕیاریداوە لە سەرەتای ساڵی 2022 كۆنگرەی (12) ئەنجامبدات. ئەنجومەنی شورای بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان لە كۆبونەوەی رۆژی 25/12/2021 دا بڕیاریداوە بەتێكڕای دەنگ بڕیاریدا لەنزیكترین كاتدا كۆنگرەی (12) ئەنجام بدات و بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەی ئامادەكاری ڕاسپارد بۆ بەئەنجام گەیاندنی كارە هونەری و كارگێڕیەكان و وەرگرتنی ڕاپۆرت و بیرو ڕای سەرجەم ئۆرگانەكان و ئەندامان بەئامانجی ئەنجامدانی كۆنگرەیەكی نەوعی و سەركەوتوو. بزوتنەوەیەكی ئیسلامی كوردستان ساڵی ١٩٨٧ لە لایەن مەلا عوسمان عەبدولعەزیز لە ئێران دامەزراو تا ئێستا (11) كۆنگرەی بەستووە


  درەو: بڕیارە رۆژی 26ی كانونی دووەم 2022 بزوتنەوەی گۆڕان كۆنفرانس ببەستێت، پرسی شكستیان لە هەڵبژاردنەكەی عێراق و رێكخستنەوەی گۆڕان و كشانەوەی تیمەكەی لە حكومەت گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی چیا نەوشیروان مستەفا بكرێتە رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان. چەند رۆژێكە گفتوگۆی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ رێكخستنەوەو چارەسەركردنی كێشەكانی چڕبوونەتەوە، دەیانەوێت لە رۆژی 26ی كانونی دووەم 2022 تیماری شكستەكەیان بكەن كە لە هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری رابردوو رووبەروویان بووەوە، پرسەكانی هەمواری دەستوری گۆڕان، هەڵبژاردنی رێكخەر و خانەیەكی نوێی، پرسی دارایی بزوتنەوەی گۆڕان، پرسی كشانەوە لە حكومەت گفتوگۆی لەسەر دەكرێت. دەستەكە قارسكرا رۆژی 13ی ئۆكتۆبەری رابردوو جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دوای (3) رۆژ لە راگەیاندنی شكستەكەی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی عێراق كە بە هاوپەیمانێتیەك لەگەڵ یەكێتی بەشداریكردوو ژمارەی كورسیەكانی لە (5) كورسیەوە بۆ (سفر) كورسی كەمكردەوە، دەستلەكاركێشانەوەی رێكخەر و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی پەسەندكردوو بڕیاردرا دەستەیەكی (9) كەسی پێكبهێندرێت بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەی گۆڕان. لیژنەیەكی (5) كەسی پێكهێندرا بۆ پێكهێنانی ئەندامانی دەستە كاتیەكە، بەڵام ئەندامانی لیژنەكە نەیانتوانی لە ماوەی دیاریكراودا ئەندامانی دەستەكە دیاری بكەن، بەتایبەتیش لیژنەكە شكستیانهێنا لە گەڕاندنەوەی ئەو هەڵسوڕاو بەرپرسانەی كە لەماوەی رابردوودا لە بزوتنەوەكە دوركەوتبونەوە، لە ئێستادا بڕیارە ئەرك و كارەكانی ئەو دەستەیە بگۆڕدرێت بۆ ئامادەكاری بۆ كۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان كە لە (7) ئەندام پێكدێت.   چوارشەمەی هەفتەی رابردوو جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوەوە و یەكشەمەی رابردووش جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبونەوەوە تیایدا رۆژی 26ی كانوونی دووەمی 2022یان جێگیركردووە بۆ ئەنجامدانی كۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان و دیاریكردنی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی بزوتنەوەی گۆڕان تا بەستنی كۆنفرانس. ئەندامانی دەستەكە بریتین لە:  هاورێ كاوە ئەندامی جڤاتی گشتی  دڵشاد مەجید ئەندامی جڤاتی گشتی  هۆشیار عومەر ئەندامی جڤاتی نیشتمانی نزار مەحمود ئەندامی جڤاتی نیشتمانی  هەریەك لە : شوان قلیاسانی  د. تەها حەمە عەزیز شێخ گەیلان  كە ئەم سێ ئەندامەیان رۆژی یەكشەمەی داهاتوو لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕاندا دەنگی لەسەر دەدرێت. بەڵام لە ئێستادا داوادەكرێت ئەندامانی دەستەكە لە (7) ئەندامەوە بۆ (9) ئەندام زیادبكرێت.  كۆنفرانسی گۆڕان بەر لەوەی گۆڕان توشی شكست ببێت لە هەڵبژاردن، رێكخەری گشتی‌و خانەی راپەڕاندن وادەی سازدانی دووەمین كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەكەیان بۆ كۆتایی ئەمساڵ دواخست، بڕیاربوو لەم كۆنگرەیەدا گۆڕانكاری لە پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەكەدا بكەن كە لەسەردەمی نەوشیروان مستەفادا نوسراوەتەوە، بەجۆرێك دەسەڵاتی مەركەزیی لەناو بزوتنەوەكە بەهێز بكرێت‌و رۆڵی خانەی راپەڕاندن بەهێزترو رۆڵی جڤاتی نیشتمانی لاواز بكرێت، بەڵام هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق‌و ئەنجامەكانی، ریسەكەی لە عومەر سەید عەلی‌و هاوباوەڕەكانی لەناو خانەی راپەڕاندن كرد بە خوری. لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی و گشتی بزوتنەوەی گۆڕاندا بڕیاردراوە رۆژی 26ی كانونی دووەمی 2022 كۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان بكرێت، لەو كۆنفرانسەدا چەند پرسێك گفتوگۆی لەسەر دەكرێت. یەكەم: رێكخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان  لە كۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕاندا بڕیارە هەمواری دەستوری بزوتنەوەی گۆڕان بكرێت كە لەسەردەمی نەوشیروان مستەفادا و لە كۆنفرانسی یەكەمدا پەسەندكرا. لە كۆنفرانسەكەدا ئەگەری دەستكاریكردنی پەیكەری بزوتنەوەی گۆڕان دەكرێت لەرووی كەمكردنەوەی ئەندامانی جڤات و مەكۆكان و دەستكاریكردنی ئەرك و كارەكانی خانەی راپەڕاندن و بەرنامەو روئیای بزوتنەوەی گۆڕان بۆ داهاتوو. دووەم: دارایی بزوتنەوەی گۆڕان پرسی داهاتەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئێستادا گفتوگۆی درووستكردووەو گومان لەسەر خەرجكردن و دیارنەمانی بەشێك لە داهاتەكانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكرێت. بزوتنەوەی گۆڕان لە ئێستادا مانگانە بڕی (250 هەزار ) دۆلار لە حكومەتی هەرێم وەردەگرێت، كە لە داهاتی پارتی دیموكراتی كوردستانەو بەناوی حكومەتەوە دەدرێتە بزوتنەوەی گۆڕان. لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا بزوتنەوەی گۆڕان (3 ملیۆن) دۆلاریان لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەرگرتووە لە چوارچێوەی بەشداریان لە هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، گۆمان لەسەر خەرجكردن و دیارنەمانی بەشێك لەو پارەیە هەیە چونكە یەكێتی نیشتمانی كوردستان تەواوی خەرجیەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی گرتووەتە ئەستۆ ئەی ئەو (3 ملیۆن) دۆلارە چۆن خەرجكراوە. هەر لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا نزیكەی (3 ملیۆن) دۆلاری دیكە لە سەرمایەداران و كەسانی نزیكی بزوتنەوەی گۆڕان كۆكراونەتەوە، سەرەرای ئابونەی مانگانەی پەرلەمانتاران و بەرپرسانی دیكەی گۆڕان لە حكومەتدا. خەرجی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان بریتیە لە : •    میدیای بزوتنەوەی گۆڕان KNN •    خەرجی مەكۆكانی بزوتنەوەی گۆڕان •    خەرجی ژوورو ئەندامانی ژوورەكانی بزوتنەوەی گۆڕان. كۆی گشتی خەرجی مانگانەی بزوتنەوەی گۆڕان نزیكەی لە (150 ملیۆن) دینارە سێیەم: بەشداری لە حكومەت بڕیارە لە كۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕاندا گفتوگۆ بكرێت لەسەر پرسی كشانەوە لە حكومەتی هەرێم و حكومەتە خۆجییەكان، كە بەشێك لە هەڵًسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان پێیان وایە هۆكاری سەرەكی شكستی بزوتنەوەی گۆڕان خراپی ئەدای وەزیر و بەرپرسانی گۆڕانە لە حكومەتی هەرێم و حكومەتە خۆجێییەكان.  لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا چەند گروپێك درووست بوون فشار دەكەن بۆ گۆڕانكاری لەناو گۆڕاندا (گروپی لۆبی گۆڕان) وەك یەكێك لە گروپەكانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان داوا دەكەن: •    رێكخستنەوەی گۆڕان •    كشانەوە لە حكومەتی هەرێم و حكومەتەخۆجێییەكان •    بەستنی كۆنفرانس لە 26ی كانوونی دووەمی 2022 •    بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووو نەكەن •    لەگەڵ یەكێتی و پارتی نەچنە حكومەتەوە ئەمە لە كاتێكدایە بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) سەرۆكی تیمی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت دڵنیایی بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و جێگری سەرۆكی پارتی داوە كە بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت ناكشێنەوەو بەردەوام دەبن بزوتنەوەی گۆڕان دەیەوێت لەدوای كۆنفرانسی جڤاتی نیشتمانی نوێ بكاتەوەو رێكخەر و ئەندامانی نوێی خانەی راپەڕاندن هەڵبژێرێت. لە ئێستادا هەوڵێكی ناوخۆیی هەیە بۆ ئەوەی چیا نەوشیروان مستەفا بكرێتە رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، لەدوای ئەو ناوی مستەفا سەید قادر دێت بۆ رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام عومەر سەید عەلی و ئەو ئەندامانەی خانەی راپەڕاندن كە دەستیان لەكاركێشاوەتەوەو رۆژانە لە مەكۆی سەرەكی دەوام دەكەن جگە لە ( دەرباز محەمەد و برزۆ مەجید) لەگەڵ ئەوەن كۆنفرانس دوابخرێت و ئەم دۆخە وەك خۆی بمێنێتەوە.   راپۆرتی پەیوەندیدار راپۆرتی پەیوەندیدار


  (درەو):  ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق: •    لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا واتە لەنێوان (2011 بۆ 2021) قەبارەی خێزان لە عێراق دابەزینی نوێی بەخۆوە بینیوە.  •    لە هەرێمی كوردستان تێكڕای قەبارەی خێزان لە رێژەی 5.2%ەوە بۆ 5.0% دابەزیوە.  •    لە بەغداد قەبارەی خێزان لە رێژەی 5.6% بۆ 5.5% دابەزیوە، لە پارێزگاكانی تریش رێژەكە 6.3 بووە بۆ 6.0% دابەزیوە.  •      هێشتا قەبارەی خێزان لەناوچە گوندنشینەكان بەرزترە لە ناوچە شارنشینەكان، لە ناوچە گوندنشینەكان رێژەكە لە 7.15%ەوە بۆ 6.3% دابەزیوە، لە ناوچە شارنشینەكاندا رێژەكە لە 5.8%ەوە بۆ 5.5% دابەزیوە.  •    رێژەی كاریگەری ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر خێزان 29% بووە، ئاستی تێگەیشتنی تاكەكان بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا 67% بووە.  •    رێژەی ئەو ژنانەی كە ئێستا كاردەكەن هێشتا زۆر كەمەوە‌و گەیشتوەتە 9.2%، بەڵام لە هەرێمی كوردستان رێژەكە بۆ 14% بەرزبوەتەوە.  •    پرسیار لە ژنان كراوە لەبارەی ئەوەی ئایا ئامادەن كار بكەن، رێژەی 21%یان ئاماژەیان بەوە كردووە ئامادەن كار بكەن، رێژەی 7%یان باسیان لەوەكردووە ئامادەن كار بكەن، بەڵام بەمەرج.  •    رێژەی ئەو ژنانەی كە ئینتەرنێت بەكاردەهێنن هێشتا سنوردارە‌و 40% تێناپەڕێنێت، واتە رێژەی 60%ی ژنان لە عێراق ئینتەرنێت بەكارناهێنن. •    تەواوكردنی خوێندن لەلایەن ژنانەوە لە عێراق بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، رێژەی 69%ی ژنان بڕوانامەی زانكۆ‌و سەروتریان بەدەستهێناوە، لەبەرامبەردا رێژەی 18%ی ژنان بڕوانامەیان بەدەست نەهێناوە.  •    جۆرەكانی توندوتیژی كە پیاوان لە عێراق دژی ژنان بەكاریدەهێنن بریتین لە: -    توندوتیژی سێكسی: رێژەكەی 1.8%ە -    توندوتیژی جەستەیی: رێژەكەی 3.6%ە -    توندوتیژی ئابوری: رێژەكەی 22%ە -    توندوتیژی زارەكی: رێژەكەی 11.7%ە -    روبەرووبونەوەی توندوتیژی بەشێوەیەكی گشتی: 28.7%ە •    توندوتیژی ئابوری بەربڵاوترین جۆری توندوتیژییە كە پیاوان لە عێراق دژی هاوسەرەكانیان بەكاریدەهێنن، دوای ئەویش توندوتیژی زارەكی، بەڵام جۆرەكانی تری توندوتژی (توندوتیژی جەستەیی، سێكسی) زۆر لە جۆرەكانی تر كەمترن.  •    رێژەی 29%ی ژنان لە عێراق روبەرووی هەموو جۆرەكانی توندوتیژی دەبنەوە.  •    لە یەك دەیەی رابردوودا رێژەی ئەو خێزانانەی عێراق كە سەرۆك خێزان تێیاندا ژنە 10.7%ە‌و بەمشێوەیە دابەشبووە: -    لەناوچە گوندنشینەكاندا رێژەی 5.9%ی سەرۆك خێزانەكان ژنن -    لەناوچە شارنشینەكاندا رێژەی 12.4%ی سەرۆك خێزانەكان ژنن -    لە هەرێمی كوردستان رێژەی 14.9%ی سەرۆك خێزانەكان ژنن -    لە پارێزگاكانی تر رێژەكە 9.8%ە •    رێژەی 25.5%ی كچان لە عێراق بەر لەوەی تەمەنیان بگاتە 18 ساڵ، هاوسەرگیری دەكەن.  •    رێژەی 10.5%ی كچان لە عێراق بەر لەوەی تەمەنیان گەشتبێتە 15 ساڵ، هاوسەرگیرییان كردووە. •    رێژەی 1.5%ی ژنان لە عێراق لە هاوسەرەكانیان جیابونەتەوە، دابەشبوونی رێژەیی جیابونەوەی ژنان لە هاوسەرەكانیان لە تەمەنی 15 ساڵ بەرەو سەر، بەپێی ئەوەی كامیان بڕیاری جیابونەوەیان داوە بەمشێوەیە:  -    رێژەی 46%ی ژنان داوای جیابونەوەیان لە هاوسەرەكانیان كردووە -    رێژەی 21%ی پیاوان داوای جیابونەوەیان لە هاوسەرەكانیان كردووە -    رێژەی 31%ی پیاوان‌و ژنان بەیەكەوە داوای جیابونەوە‌و كۆتایهێنانی هاوسەرگیرییان كردووە •    رێژەی وەچەخستنەوە لە ناوچە شارنشینەكان كەمترە لەناوچە گوندنشینەكان، رێژەكە لە ناوچە شارنشینەكان 3.1%‌و لە گوندنشینەكان 3.6%ە.  •    رێژەی وەچەخستنەوە لە هەرێمی كوردستان 3.2%ە، لە بەغداد 2.9%ە، لە پارێزگاكانی تر 3.4%ە. •    رێژەی ئەو ژنانەی لە عێراق بڕوانامەی زانستیان نییە 3.8%، ئەوانەی بڕوانامەی ناوەندی‌و كەمتریان هەیە 3.2%، ئەوانەی بڕوانامەی ئامادەییان هەیە 2.5%‌و ئەوانەی بڕوانامەی زانكۆیان هەیە 2.4%ە.  •    رێژەی 92%ی ئەو ژنانەی لە عێراق دووگیان دەبن، لەلایەی پزیشك‌و پەرەستیاری گونجاوەوە پشكنینی دووگیانبوون دەكەن. 


ئەنوەر كەریم  بەرپرسیاری یەکەم لە   دابەزینی بەهای لیرەی تورکی  (  رەجەب  ئەردۆگان) سەرۆکی تورکیایە  بە هۆی دەست تێوەردانە بەردەوامەکانی لە کارەکانی بانکی ناوەندی کە  پێویستە دەزگایەکی سەربەخۆ بێت دوور بێت لە دەستی سیاسیەکانەوە   ، بەڵام بیرکردنەوەی  ئەردۆگان پێدەوترێت(  view  Unorthodox ) پێچەوانەی یاساکانی ئابوریە.  بانکی ناوەندی    لە 4 مانگی رابردوودا( 500)  basic point    دابەزاندوە  لە ئێستادا  ڕێژەی سوودی بانکی 14%   یە،   کێشەکە ئەوەیە   لە بەر ئەوەی هەڵئاوسان لە تورکیادا لە 21%.   بانکی ناوەندی دەبوو  رێژەی سوودی بانکی   دانەبەزاندایە  .  چونکە  بەیاسا ی ئابوری کاتیک  هەلئاوسان بەرزە  ئەبێت  ڕیژەی سوودی بانکی بەرزبکەیتەوە  تاکو بازاڕ خاوبێتەوە ، لە ئیستادا لەسەرتاسەری  جیهاندا بانکەکان خەریکی بەرزکردنەوەی  ڕێژەی سوودی بانکین   .  بۆ نموونە (پوتین) سەرۆکی ڕووسیا  سوپاسی بانکی ناوەندی ووڵاتەکەی کرد  کە ڕیژەی سوودی بانکی بەرزکردۆتەوە بۆ کۆنتڕۆڵی هەلئاوسان  . وە گاڵتەی بەسیاسەتی بانکی ناوەندی تورکیا کرد   لە ڕۆژی  (22-12) ،  وە ڕێژەی هەڵئاوسان لە ئەمریکادا گەیشتۆتە6.2 % بانکی ناوەندی ئەمریکی بڕیاری داوە 3  جار ڕیژەیی سوودی بانکی بەرزبکاتەوە بۆ ساڵی داهاتوو.  ئەردۆگان  پێچەوانەی  ئەم یاسایە  کاردەکات  بۆ یە بازاڕیش لیرەی تورکی   دەفرۆشێت  ئەبیتە هۆی دابەزینی ، کەبەهای  1 دۆلاری ئەمریکی   گەیشتە  18.4 لیرە ،واتە بەڕێژەی 60% دابەزی بۆ ساڵی 2021  ئەم دابەزینە کاریگەری زۆر خراپی دەبێت لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە  1-    توانای هێزی کڕین کەمدەکاتەوە . 2-      دەبێتە هۆی  بەرزبونەوەی هەڵئاوسان  .  3-     خەڵک زیاتر هەژارتر دەبێت  4-     دەبیتە هۆی   بیزنسەکان زیاتر سەرمایەکانیان ببنە دەرەوە.   5-     سەرمایەی  بیانی نەیەتە ناو ووڵاتەکەوە  لە بەر ئەوەی بانکی ناوەندی سەربەخۆ نیە.   6-     قەرزە دەرەکیەکانی  سەر تورکیا زۆر قورس دەبیت  بۆ دانەوەی ئەو قەرزانە .     چۆن بە های لیرەی بەرزبوەوە.   دوای ئەوەی  کە بەهای لیرە بەتەواوی دابەزی   بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی ،  حکومەت  هات پلانی  دانا، بۆ ئەوەی  خەڵکی تورکیا واز لە   دۆلار بهێنن،   پارەکانیان بە لیرە دابنێن لە بانکەکاندا ، هەرچەندە بەپێێ راپۆرتەکان نیوەی خەڵکی تورکیا  پارە پاشەکەوتکراوەکانیان یان ( ئالتون  یان دۆلار ) .  ئەمەش پلانەکە یە .  1-     خەڵكی تورکیا پارەکانیان  لە بانکدا دابنێن بە لیرەی تورکی ئەگەر  بێتو بەهای لیرەی تورکی زیاتر لە  سوودی بانکی دابەزێت ئەوا وەزارەتی خەزینەی تورکیا  ئەو جیاوازیەی  دەبژێرێت بۆ پاشەکەوتکەرەکە  بۆ  ساڵەکە ،  ئەمەش دیسانەوە   ئەبێت باجدەری تورکی بیدەن . بۆ نمونە ئەگەر  پاشەکەوتکەرێک بە رێژەی سوودی بانکی 15% پارەکە پاشەکەوتبکات  . ئەگەر  بەهای لیرەی تورکی بە ڕێژەی 20% دابەزی لە ماوەی ئەو ساڵەدا  ئەوا  وەزارەتی خەزینەی تورکی رێژەی 5%  بۆ دەبژێڕیت 2-     حکومەت هات  لە ڕیگای 3 بانکی   تورکیەوە دەستیان کرد بە  دۆلار فرۆشتن لە ناو بازاڕدا  کە لە ڕۆژی    2 شەممەو  3 شەمەدا 6 ملیار دۆلار فرۆشراوە  بۆ بەرزکردنەوەی بەهای لیرە . ئەمەش زیان  بەیەدەکی  بانکی تورکی ئەگەیەنێت کە بەرەو کەمبونەوە دەبات. کە داتاکانی بانکی ناوەندی تورکیا  پیشانی داوە یەدەک دابەزیوە بۆ 12 ملیار دۆلار کە هەفتەی پێشووتر 21 ملیار دۆلار بوە .  وە  خستنە ناوەوەی ئەو پارەیە دەبێتە هۆی زیادکردنی هەڵئاوسان .  3-     ئەم دابەزینەی  بەهای لیرە نرخی ( Insuring against a sovereign default) واتە  بۆ  دڵنییای دانەوەی قەرزاکان کە دوانەکەویت  لە کاتی دیاریکراودا زۆر بەرزبۆتەوە، هوندێ ڕاپۆرت ئاماژە بەوەدەکەن کەوەک عێراق وایە.   چارەسەر .   حکومەتی تورکیا  ساڵی داهاتوو بگەڕێتەوە سەر یاسا  کلاسیکیەکەی ئابوری  ڕێژەی سوودی بانکی بەرزبکاتەوە بۆ ئەوەی  هەڵاوسان کۆنتڕۆڵ  بکرێت و بەهای لیرەش  بەرزئەبێتەوە ،  ئەگەر  ئەمە نەکات  زیاتر بەهای لیرە دادەبەزێت،    ئامادەکردنی ؛ ئەنوەر کەریم        https://www.newsbreak.com/news/2468758967370/turkey-s-state-banks-boosted-lira-rally-after-erdogan-rescue-plan-four-sources       


مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) ئەمە دواھەمین دێڕەکانی ساڵی ٢٠٢١ ی منن، دواھەمین شتێک بکرێت لەسەر ئەم ساڵەی دەکەوێتە دوامانەوە بیڵێم.  لە دیدی مندا ساڵی ٢٠٢١ درێژەدانێکی سەرەتانیانەبوو بە زنجیرە ساڵە ناشیرینەکانی پێشخۆی و دەستپێکێکیشە بۆ درێژەدان بە ڕۆژگارێکی ناشیرینی تر، گەر گۆڕانکارییەکی ھەمەلایەن لە زیاد لە بوارێکی ژیانی سیاسیی و ئابوریی و کۆمەڵایەتیی و دینیی و فەرھەنگیی ئێمەدا ڕوونەدات. ساڵی ٢٠٢١ ساڵی گرتن و زیندانیکردنی بەناھەقی ڕۆژنامەوان و چالاکەوانان بوو، ساڵی ھەڵاتن و سەرھەڵگرتنی خەڵکانێکی زۆربوو لە کوردستان، ساڵی مردن و تیاچوونبوو بە چەندان شێوازی جیاواز: خنکان بە خەڵوز، خنکان بە لافاو، خنکاکان لە دەریای ئیجە و کەناڵە نێودەوڵتەییەکاندا، کوشتن لە شەڕی منداڵە چەکدارو خاوەن میلیشیایاکانی، بەرپرسەکاندا. ساڵی ئاشکرابونی دزیی و جەردەیی زیاتر و زیاتربوو، ساڵی درۆی گەورە و بێمتامەنیی گەورەتربوو. ساڵی درێژەدانبوو بە ھەمان تاس و حەمامی سیاسیی، بە ھەمان ئەو دەموچاوانەی زیاد لە ٧٠ لەسەدی خەڵکی ھەرێمەکە نایانەوێت بیانبینن. نە خۆیان و نە منداڵ و نەوەکانیان، نە ئەوانەشی لە دەوری خۆیان کۆیانکردونەتەوە.   کێشەی سەرەکیی لەوەدایە بەشی ھەرزۆری ئەم ناشیرینیی و تاوانانە لەگەڵ مندا دەچنە ساڵی تازەو ساڵەکانی تریشەوە. بەجۆرێک یەکێک لە ئاکارە سەرەکییەکانی مێژووی ئێمە بووە بە کەڵەکەکردنی بەردەوامی ناشیرینیی. ناشیرینیی لە دونیای ئێمەدا چیتر ڕێکەوت و ڕوداوی تاکانە نییە، بەڵکو بووە بە یەکێک لە میکانیزمە ناوەکییەکانی ئیشکردنی ئەو مێژووە. بە ڕادەیەکیش کۆگیرو فرەلایەنیشه‌ بووە بە یەکێک لەو خاڵە سەرەکییانەی مێژووی ئەمڕۆکەی کۆمەڵگای ئێمەی پێدەناسرێتەوە.  لە دونیای ئێمەدا تەنھا کەڵەکەبوونی ناشەرعیی و مافیاییانەی سەرمایە لەئارادا نییە، تەنھا گۆڕانی کەسانی بێئیش و بێھونەر نییە بۆ ملیۆنێرو ملیاردلێرانی وڵاتەکە، بەڵکو تەریب بەوانە جۆرێکی تر لە کەڵەکەبوون لەئارادایە کە ”کەڵەکەبوونی ناشیرینیی“ە. ناشیرینیی لە زۆربەی ھەرەزۆری بوارەکاندا، لە بواری ئابوریی و ئیشکردنی سەرمایەدا، لە بواری بەڕێوەبردن و ئیدارەداندا، لە پەروەردەو تەندروستیدا، لە بواری سەربازیی و سوپادا، لە ناو میدیاو شێوازی باڵای قسەکردن و دەرکەوتندا، لە دەرکەوتن و بینینی نەوەی دووھەم و سێھەمی بنەماڵە سوشتانییەکاندا.  یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ئەم دۆخە لەوەدایە عەقڵیەتێک تیایدا مامەڵە لەگەڵ واقیعدا دەکات کە توانای جیاکردنەوەی جوانیی لە ناشیرینیی، ئەشێ لە ناشێ، ماڵی شەخسیی لە ماڵی نەتەوەیی و نیشتیمانی، مرۆڤ و کۆیلە، تاوان لە کردەوەی ئاسایی، دزین لە ڕاستگۆیی، خیانەت لە لانی ھەرەکەمی دڵسۆزیی و ڕاستگۆیی، نییە. ئەم عەقڵیەتە تەنانەت توانای بینینی کارەساتەکانیشی نییە، چ جای ھۆکارەکانی پشتی ئەو کارەساتانە. لەھەمانکاتدا عەقڵیەتێکە دابڕاو لە کەمترین توانای ھەستکردن بەو ڕووداوانەی تیایدا ڕووئەدەن، بۆ نموونە مردنی خەڵک نایجوڵێنێت، بەڵام بۆ ڕیکلام و بازرگانیکردن بە ئیحساسەتەوە، بۆ دروستکردنی ھەواڵ، بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە کەسوکاری قوربانییەکانەوە دەکەن، بۆئەوەی بەناوی ئەو قوربانیانەوە جارێکیتر مەدح و سەنایەکی درۆزنانەی تری خۆیان دروستبکەن و ببیستن.ئەوان ئەوە نابینن کە ٧٠ لە سەدەی خەڵک بایکۆتی ھەڵبژاردنەکان دەکات، بەڵام دایک و باوکی خەمباریی خاوەن قوربانییەکان، ناچاردەکەن پشتبکەنە ئیحساسە ھەرەسادەکانی دایکایەتیی و باوکایەتی خۆیان و مەرگیی منداڵەکانیان وەک دیاریی بە باڵانی دڵسۆزیی سەرۆک و بنەماڵەکەیدا ھەڵبواسن. بەمەش کارەساتی مردنەکان بگۆڕن بۆ ئاھەنگی تازەکردنەوەی وەلائی دۆرزنانە بۆ ئەو سیاسیە سەدبارە و بێھونەرانە.  ئەوەی ئەم جۆرە لە حوکمڕانیی بەرھەمیدەھێنێت تەنھا خنکان و مردن و زیندانیکردن و سەرھەڵگرتن نییە. ئەوەی ئەوان دەیکوژن ”ئیرادەی ژیان“و ”لانی ھەرە کەمی ماف“ و ئەو مشتە بچووکە لە کەرامەتە کە ھەموو ژیانێکی مانادار پێویستیی پێیەتی. ئەوەی غائیبە یارمەتیدانی کۆمەڵگایە بۆئەوەی بتوانێت خۆی خۆی دروست و بەھێزبکات. دابڕانی ئەو شتانەیە لە یەکتریی کە ناکرێت لەیەکتری داببڕێن، بۆ نموونە  دەوڵەمەندبوون لە ئیشکردن، پێشکەوتن لە توانا، بەدەستھێنانی بژێو لە ھێزی بیرکردنەوە، بڕیاردان لە بەرپرسیارێتی، حوکمڕانیی لە یاسا، مرۆڤ لە ماف، ژیان لە ڕێز، ھتد... ئەوەی دەیانەوێت بەردەوامیی پێبدەن و لەگەڵ خۆیاندا بۆ ساڵەکانی تری ببەن، دروستکردنی کۆمەڵگایەکە توانای دۆستایەتیی و ھاریکاریکردنی تێدا نەمابێت، ئەم بەشی بەدەم ئەو بەشییەوە نەچێت، خاڵیبێت لە خەمێکی گشتیی کە بکرێت خەڵکانی جیاوازی ئەو کۆمەڵگایە لە دەوری یەکتری کۆبکاتەوە، کۆمەڵگایەک تابێت زیاتر و زیاتر پارچەپارچە و بەش بەش، ببێت. ئەوەی بەردەوامی پێئەدرێت باڵادەستکردنی کۆمەڵگیەکە تاکەکانی وەکو یەک نەبینێت، بەشێوەیەکی یەکسان مامەڵەیان نەکات، ئەو ھەستە لە ئینسانەکانیدا لەناوببات کە خەڵکی یەک وڵات و نیشتیمانن، شەریکن لە ھاوڵاتیبوون و ھاوشاریبوون و ھاوچارەنوسیدا.   ئەوەی لە کۆتاییەکانی ئەم ساڵەدا دەخوازرێت ببرێت بەرەو ئایندە، بەرەو ساڵەکانی تر، نیشتیمانە وەک کۆمەڵێک سەنگەری دژبەیەک: سەنگەری کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و دینیی و حیزبیی دژبەیەک، سەنگەری سەربازیی و ئەمنیی و بنەماڵەیی. سەنگەری بەرپرسان و منداڵەکانیان بەرامبەر بە ھەمووان، بە جۆرێک پێناسکردنی ھەر گروپ و حیزب و ھێزێک لەسەر ئیھانەکردنی ھێزەکانی تر کاربکات و بێمافکردنی ئەوانەی لەخۆیان ناچن، بەڕێوەیببات.  بە کورتییەکەی ئەوەی ئەم ھێزانە لە کۆتایی ئەم ساڵەدا دەیانەوێت بۆ ئایندەی ببەن، ئەو ھەموو ناشیرینییە کە ساڵانێکی درێژە بەرھەمدەھێنرێت، ئەو کەڵەکەبوونەی ناشیرینەیە کە ھاوشێوەی کەڵەکەبوونی مافییایانەی سەرمایە لە وڵاتەکەدا ئیشدەکات.


(درەو):  لەبری "كۆنفرانسی گشتی"، یەكێتی بڕیاریداوە "دیدار" سازبكات، قوباد تاڵەبانی سەرۆكایەتی لیژنەیەك دەكات كە ئامادەكاری بۆ سازدانی "دیدار"ەكە دەكەن لە شوباتی داهاتوودا، دیدارێك كە گۆڕانكارییە سیاسییەكانی یەكێتی تێدا پەسەند دەكرێت.  یەكێتی نیشتمانی كوردستان ناوەڕاستی مانگی شوباتی 2022 دیدارێكی ناوخۆیی سازدەدات بە ناوی "دیداری یەكێتی". بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەم دیدارەدا ستراتیژیەتێكی سیاسی نوێ بۆ یەكێتی دادەڕێژرێت لەسەرجەم ئەو بوارانەی یەكێتیدا كە پەیوەندییان بە ژیانی گشتییەوە هەیە، هەموو گۆڕانكارییە ناوخۆییەكانی ئەمدواییەی یەكێتی‌و پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ پارتە سیاسییەكان‌و وڵاتانی ناوچەكە‌و جیهان پەسەند دەكرێت. (درەو) زانیویەتی، ئێستا ئامادەكارییەكان بۆ سازدانی ئەم دیدارە لەناو یەكێتی دەستی پێكردووە‌و لیژنەیەكی تایبەت بەسەرپەرەشتی قوباد تاڵەبانی دروستكراوە بۆ جێبەجێكردنی كارەكانی ئەم دیدارە.  "دیداری یەكێتی" لەبری كۆنفرانسی گشتی دانراوە، كە لەدواین پەیڕەوی ناوخۆی پەسەندكراوی یەكێتی لە كۆنگرەی چوارەمدا باسی لێوەكراوە.  ماددەی 21ی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی دەڵێ: •    هەردوو ساڵ جارێك بەمەبەستی هەڵسەنگاندن، یەكێتی كۆنفرانسێكی گشتی ئەنجام دەدات، كە ئەنجومەنی سەركردایەتی رێكی دەخات. •    ئامانجی كۆنفرانس بریتییە لە داڕشتن‌و هەڵسەنگاندنی هێڵە گشتییەكانی ستراتیژ‌و بەرنامەی كاری سیاسی یەكێتی‌و خستنەڕووی پرۆژە‌و پێشنیارەكان بەمەبەستی بەرجەستەكردنیان بەشێوەیەكی كردەیی، كارو چالاكی سەرجەم ئۆرگان لەم كۆنفرانسە بە راپۆرتێك پێشكەش دەكرێت. •    لیژنەیەك لە ئەنجومەنی سەركردایەتی كات‌و شوێن‌و بەشداربووانی ئەم كۆنفرانسە گشتییە دیاری دەكات.  بەهۆی ئەو رووداوەكانی 8ی تەموزەوە، پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی لەكاركەوتووە، سەركردایەتی یەكێتی هیچ كۆبونەوەیەكی گشتگیری نەكردووە، سیستمی هاوسەرۆكیی لەكاركەوتووە، بافڵ تاڵەبانی كە لەدوای 8ی تەموزەوە پێگەی بەهێز بووە، ئێستا ناونیشانی هیچ پۆستێك بۆخۆی نانوسێت، بەڵام چاوی لەوەیە یەكێتی بگەڕێنێتەوە بۆسەردەمی یەك سەرۆكیی.  لەڕووی ئەمنیشەوە، لەدوای 8ی تەموزەوە زۆربەی هێزە چەكدارەكانی سنوری سلێمانی كەوتونەتە ژێر كۆنترۆڵی بافَل تاڵەبانییەوە.  


 (درەو):  بڕیاری بوو ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی بڕیاری خۆی لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردن یەكلابكاتەوە، بەڵام بەبەهانەی ئەوەی ئەمڕۆ پشووە، بڕیارەكە بۆ سبەینێ دواخرا، پێشبینی دەكرێت دادگا ئەنجامی هەڵبژاردن بەگشتی پەسەندبكات، بەڵام یەكلاكردنەوەی ئەنجامی هەندێك سندوقی دەنگدان كە تانەیان لەسەرە بۆ كاتێكی تر دوابخات، لە هەموو حاڵەكاندا دەرگا لەسەر دەستبەكاربوونی خولی نوێی پەرلەمان دەكرێتەوە، لایەنە شیعە ناڕازییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن، لەلایەك هەڕەشەی بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی دەكەن، لەلایەكی تر سەرقاڵی دانوستانن لەگەڵ موقتەدا سەدرو كوردو سوننەدا بۆ پێكهێنانی حكومەت. دادگا لەنێوان دوو بژاردەدا دادگای فیدراڵی عێراق سبەینێ بڕیاری خۆی لەنێوان دوو بژاردەدا یەكلادەكاتەوە،  پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق یاخود پەسەندكردنی ئەو تانانەی كە هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، بەنوێنەرایەتی لایەنە شیعە ناڕازییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن، پێشكەشی كردوە.  دادگای باڵای فیدراڵی عێراق كە بەگوێرەی دەستور ئەركەكەی تەنیا پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنە‌و بڕیارەكانی لەم بارەیەوە جێگای مشتومڕو تانە لێدان نییە، بەهۆی ئەو تانانەی كە هادی عامری پێشكەشی ئەم دادگایەی كردووە، دادگاكە كەوتوەتە ناو كێشمەكێشی سیاسییەوە. دادگای فیدراڵی ئەركەكەی بریتییە لە شیكردنەوەی ماناو لێكدانەوە بۆ ماددەكانی دەستوری عێراق لەكاتێكدا ناڕوونی لەبارەی یەكێك لە ماددە یان بڕگەكانی دەستورەوە دروست ببێت، لایەنە شیعە دۆڕاوەكانی هەڵبژاردن بۆ ئەوەی دادگاكە تانەكانیان لێ وەربگرێت، بانگەشەی ئەوە دەكەن لە سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا دەستور پێشێل كراوە، لەم روانگەوە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجانی هەڵبژاردنەكەی 10ی ئۆكتۆبەر دەكەن.  دادگای فیدراڵی دووجار تەماشاكردنی ئەو تانانەی دواخست كە لەلایەن عامرییەوە پێشكەش كراوە، ئەمە بۆ ئەوە بوو لایەنە شیعەكان لەناو خۆیاندا لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت رێككەوتن بكەن، كاتێك لایەنەكان نەگەیشتنە رێككەوتن، رۆژی چوارشەممەی رابردوو دادگاكە رایگەیاند، رۆژی یەكشەممە واتە ئەمڕۆ، حوكمی خۆی لەبارەی تانەكانی عامرییەوە رادەگەیەنێت، ئەمڕۆش بڕیاری خۆی بەهۆی سبەینێ دواخست.  "بایكۆتی پرۆسەی سیاسی دەكەین" عەبدولئەمیر تعێبان یەكێك لە سەركردەكانی هاوپەیمانی (فەتح) كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات‌و ئەم هاوپەیمانێتییە نوێنەرایەتی دەنگی هێزەكانی حەشدی شەعبی دەكات، لەبارەی بڕیاری ئەمڕۆی دادگای فیدراڵییەوە دەڵێ" ئومێدی گەورەمان بە بڕیاری دادگا هەیە‌و خوازیارین بڕیارێكی دادپەروەرانە بێت بۆ ستەملێكراوان.. لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەموو بەڵگەیەكیان پێشكەش كردووە بۆ سەلماندنی ئەوەی هەڵبژاردن ساختەكراوە‌و یاری بە ئەنجامەكانییەوە كراوە". تعێبان باسلەوە دەكات، ئەگەر بڕیاری ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی دادپەروەرانە نەبێت،  لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (لایەنە شیعە ناڕازییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن) بژاردەی زۆریان لەبەردەستدا دەبێت، یەكێك لە بژاردەكان بایكۆتكردنی گشتگیری پرۆسەی سیاسییە".  ناڕازییەكان بایكۆت دەكەن؟ قسەكردن لەبارەی بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق لەلایەن ئەو لایەنە شیعانەی كە هێزی چەكداریان هەبێت، رەنگە تەنیا كارتێكی فشار بێت لەسەر دادگای فیدراڵی، ئەگەرنا ئەم لایەنەكان لەئێستادا سەرقاڵی دانوستانن بۆ دروستكردنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی‌و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.  سەرباری ئەمە، لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، بۆچونیان لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردن جیاوازە، نوری مالیكی سەرباری ئەوەی خۆی وەكو ناڕازی لە ئەنجامی هەڵبژاردن نیشان دەدات، بەڵام بەهۆی زیادبوونی كورسییەكانی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لەم هەڵبژاردنەدا، خۆی وەكو براوە نیشان دەدات، عەممار حەكیم‌و حەیدەر عەبادیش بەبێدەنگی دانیان بەوەدا ناوە كە شكستیان هێناوە‌و چاوەڕێی ئەوەن لەرێگەی نێوەندگیرییەوە لەنێوان سەدر‌و عامریدا، رۆڵی لەدەستچووی خۆیان بگەڕێننەوە.  پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن، بڕیاری ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی عێراق، درز بخاتە ناو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە‌و هەریەكەیان بەجیا بچنە ناو دانوستانەوە لەگەڵ موقتەدا سەدری براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەوە‌و لەكۆتایدا هادی عامری بەتەنیا خۆی بمێنێتەوە.  سەرچاوە سیاسییەكان لە بەغدادەوە باسلەوە دەكەن، بڕیارە چەند رۆژی داهاتوو موقتەدا سەدر‌و هادی عامری چاویان بەیەك بكەوێت. لایەنە شیعە ناڕازییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن كە ناویان لەخۆیان ناوە "لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی)، لەناو خۆیاندا رۆڵەكانیان دابەشكردووە، نوری مالیكی دانراوە بۆ ئەوەی بەناوی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە دانوستان لەگەڵ لایەنە كوردییەكان بكات، حەیدەر عەبادی دانراوە بۆ ئەوەی دانوستان لەگەڵ لایەنە سوننەكان بكات، هادی عامریش بۆ گفتوگۆو دانوستان لەگەڵ موقتەدا سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن.  دادگا چی دەكات ؟ پێشبینییەكان بۆ ئەو دەچن دادگای فیدراڵی سبه‌ینێ ئەنجامی هەڵبژاردن پەسەند بكات، بەڵام ئەنجامی هەندێك لە سندوقەكانی دەنگدان كە سكاڵایان لەسەرە دوابخات بۆ كاتێكی تر، بۆ ئەوەی وردبینییان تێدا بكرێت. ئەگەر سبه‌ینێ دادگای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەسەندبكات، دەرگا لەسەر دەستبەكاربوونی خولی نوێی پەرلەمان دەكاتەوە.   


شكاری: درەو  کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی (7) ساڵی تەمەنی خۆیدا سەرپەرشتی ڕاسییەکی گشتی بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە 25/9/2017، و یەک هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کردووە لە 30/9/2018 دا. لە ئێستاشدا (2) ساڵ بەسەر ماوەی یاسایی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا تێپەڕیوە و بەشێک لە ئەندامەکانی لە پۆستەکانیان نەماون. لایەنە سیاسییەکان بۆچونی جیاوازیان لەبارەوە هەیە. لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخەینە سەر شێوازی پێکهێنانی کۆمسیۆن و ڕای لایەنە سیاسییەکان لە بارەی یاساکەی و داهاتووی پێکهاتەکەی ئەنجومەنەکە. کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە 23/7/2014 پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2014 بەناوی (یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان - عێراق)ی پەسەند کرد. لەماددەی دووەمی یاساکەدا هاتووە: "بە گوێرەی ئەم یاسایە دەستەیەک دادەمەزرێ لە ژێر ناوی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی بۆ ئەوەی ببێتە تاکە دەسەڵات کە ڕێکاری هەموو هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسییە گشتییەکان ئەنجام دەدا لەسەر ئاستی سەرتاسەری کوردستان – عێراق". بەپێی ماددەی پێنجەمی یاساکە کۆمسیۆن پێکدێت لە؛ یەکەم: ئەنجومەنی کۆمسیاران: لە خاڵی (1)ی ماددەکە هاتووە: ئەنجومەنی کۆمسیاران لە (9) ئەندام پێک دێ کە لەلایەن پەرلەمانەوە بە زۆرینری ڕەهای ئەندامانی هەڵدەبژێردرێن و دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە کە پەرلەمان  پێکیدەهێنێ و پێشنیاز دەکرێنك بە مەرجێک دوو ئەندامی ئەنجوومەن بەلانی کەمەوە یاساناس بن هەروەها دەبێ نوێنەرایەتی ئافرەتان و پێکهاتەکان مسۆگەر بکرێ و ماوەی کارکردنی ئەنجومەنەکەش (5) ساڵی رۆژ ژمێرییە.   لە چوارچێوەیەدا پارتە سیاسییە سەرەکییەکان کاریان بۆ ئەوە کرد ئەو (9) ئەندامەی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە نێوان خۆیان بەش بەش بکەن و سێ ئەندامی درا بە پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتیش لەپشکی خۆی ئەندامێکی دا بە تروکمان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕانیش یەکی دوو ئەندام و هەر یەک لە کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی ئەندامێکییان پێدرا. ئەندامەکانیش لە ڕۆژی 3/12/2014 لە پەرلەمانی کوردستان و 23/12/2014 له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان متمانه‌ی پێدرا، بەم شێوەیە؛ ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان بڕوانە پەیکەری کارگێڕی ئەنجومەنی کۆمسیاران دووەم: کارگێریی هەڵبژاردن بەپێی ماددەی پێنجەمی یاسای کۆمسیۆن بڕگەی دووەم خاڵی (1) کارگێڕی هەڵبژاردن پێکدێ لە نوسینگەی گشتی هەڵبژاردنەکان لە پارێزگاکان و یەکە کارگێڕییەکان بەگوێرەی ئەو هەیکەلەی لەلایەن کارگێڕی هەڵبژاردنەوە پێشنیاز کراوەو لەلایەن ئەنجومەنەوە پەسەند کراوە.  لەم بارەیەوە بڕوانە هەکەلی هەریەک لە (پەیکەری کارگێڕی هەڵبژاردن، پەیکەری کارگێڕی هەریەک لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و کەرکوک)             بۆچونی لایەنە سیاسییەکان بۆ داهاتووی کۆمسیۆن لە ئێستادا بەپێی یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی وەک لە ماددەی پێنجەم بڕگەی (1)دا ئاماژەی پێکراوە، (2) ساڵی تەواو بەسەر ماوەی یاسایی ئەنجومەنەکەدا تێپەڕیوەو لایەنە سیاسییەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەروو هەموویانەوە فشاری ئەوە دەکەن ئەنجومەنێکی نوێ دروستبکرێت و هەوڵێکیش هەیە بۆ هەموار کردنەوەی یاساکە. لەو بارەیەوە "مونا قەهوەچی - سكرتێری پەرلەمانی كوردستان" بۆ سایتی پارتی ڕایگەیاندووە هەموو رێكارێكمان گرتووەتە بەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی و دروستكردنی كۆمسیۆنێكی نوێ.  وتوشیەتی رای فراكسیۆنەكانمان وەرگرتووەو ئێستا چاوەڕێی بۆچوونی لایەنە سیاسییەكانین، بۆ ئەوەی ئەوانیش رای خۆیان پێشكەش بكەن لەسەر چۆنیەتی دانانی ئالیەتی هەڵبژاردنەكان.  ئەوەشی وتووە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ‌و راپرسی لەڕووی یاساییەوە بەسەرچووەو كۆمسیۆنی ئێستا شەرعیەتی نەماوە، چونكە لە خولی پێشووی پەرلەماندا دروستكراوە و ئێستا بۆشایی یاسایی هەیە‌و بەشێكیان پۆستی دیكەیان وەرگرتووەو بەشێكیان كۆچی دواییان كردووە. ئێستا ناچارین یاساكە هەموار بكرێتەوە و كۆمسیۆنێكی نوێ دروست بكرێت، ئەمەش بەپێی تەوافوقی نێوان لایەنەكان دەبێت‌و بۆ پێكهاتەكانیش لە ماددەی (8)ی یاساكەدا هاتووە، كە مافی خۆمانە زەمانەتی پێكهاتەكان لە ئەنجومەنی كۆمسیاران بكرێت. لە نوێترین هەوڵیشدا لە ڕۆژی (22/12/2021) (56) پەرلەمانتار یاداشتێکیان ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان  کردووە، لە یاداشتەکەدا هاتووە "ئێمە ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان کە لە خوارەوە واژۆمان کردووە، داوا لە بەێزتان دەکەین بەپێی خاڵی (1) لە بڕگەی یەکەم لە ماددەی پێنجەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2014 ی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان – عێراق لیژنەیەک دروست بکەن بۆ دەستنیشانکردنی پاڵێوراوان بۆ ئەنجومەنی کۆمسیارانی هەرێم کە بەپێی خاڵی (1) لە بڕگەی یەکەم لە ماددەی حەوتەمی هەمان یاسای ئاماژە پێکراوی سەرەوە بەهۆی تەواوبوونی ماوەی یاساییان ماوەی ئەندامێتیان کۆتایی هاتووە". بەپێی زانیارییەکان پارتی خوازیارە ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە (9) ئەندامەوە بکات بە (15) و شێوازی دابەشکردنیشی بەو شێوەیە بێت کە پارتی لەگەڵ کۆتاکان لەئەنجومەنی کۆمسیۆن ببێتە زۆرینە، هاوشێوەی پەرلەمانی کوردستان. هەر یەک لەیەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو لەبەر ئەوەی پشکی خۆیان لە ئەنجومەنەکەدا بەم شێوەیەی ئێستا مسۆگەرە پێیان باشە ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران وەک خۆی بمێنێتەوەو پشکەکانیان دەستکاری نەکرێت، شوێنە بەتاڵەکانی ئەندامانی ئەنجومەن پڕ بکرێنەوە. جوڵانەوەی‌ نەوەی‌ نوێ  ئەوەی لە بەیاننامەی فەرمیدا بڵاوکردووەتەوە کە "کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان دور لەپشک پشکێنەی حزبی دروستبکرێتەوە ... ژمارەی‌ ئەندامانی کۆمسیۆن (9) ئەندام بن.... دەستەیەکی دادوەری تایبەت بە هەڵبژاردنەکان درووست بکرێت لە پێنج دادوەری‌ بێ لایەن کە هیچ کاری‌ حزبیان نەکردبێت و ئەنجامی‌ کۆتایی‌ لەلایەن ئەو دەستە دادوەرییەوە  پەسەند دەکرێت".  


درەو: ئەو چەكدارانەی لە قوتابخانەیەكی سلێمانیدا هێرشیانكردە سەر باوكی خوێندكارێك كە بەرەگەز عەرەبە، دوای راگرتنیان بۆ چەند كاتژمێرێك، بە كەفالەت ئازادكران، هۆكاری پەلاماردانەكە پەیوه‌ندی بە شەڕی نێوان دوو خوێندكارەوە بووە، دواتر شەڕی نێوان باوك و دایكی خوێندكارەكانی لێدەكەوێتەوەو بەرپرسێكی سەربازیش كە هاوسەری خوشكی دایكی خوێندكارەكەی ترە، بە خۆی پاسەوانەكانیەوە  دەچێتە قوتابخانەكەو پەلاماری باوكی خوێندكارەكەی تر دەدەن.  ووردەكاری روداوەكە لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا بەرپرسێكی سەربازی و كۆمەڵێك چەكدار لەناو ئیدارەی قوتابخانەیەكداو لەبەردەم بەڕێوەبەرو مامۆستایانی ئەو قوتابخانەیەدا پەلاماری باوكی خوێندكارێك دەدەن، كە لە پێكهاتەی عەرەبە. لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا بەرپرسێكی سەربازی دەردەكەوێت بەناوی (توانا حەمە ساڵح) سەگرمەیە، كە برای سەرمایەدار (تاهیر سەگرمە)، سەرەتای هەفتەی رابردوو دوو خوێندكار لە قوتابخانەی  (المدارس العالمی المتحیدە) مۆڵەتی لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ناوەند وەرگرتووەو سەربە وەزارەتی پەروەردەی هەرێم نیە  لە گەڕەكی عەقاری شاری سلێمانی لە گۆڕەپانی قوتابخانەكەدا شەڕیان دەبێت شەڕێكی ئاسایی نێوان دوو قوتابی، وەك رۆتینیاتی ئیداری، بەڕێوەبەری قوتابخانەیەكە، دایك و باوكی ئەو دوو خوێندكارە بانگ دەكات بۆ قوتابخانە، لەناو ئیدارەی قوتابخانەكەدا دەمەقاڵێ لە نێوان باوكی خوێندكارێكیان كە خەڵكی رومادیە و دایكی خوێندارەكەی تر كە خەڵكی بەغدایە درووست دەبێت، بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، باوكی خوێندكارەكە كە خۆی پێشتر ئەفسەری سوپای عێراق بووە قسە بە دایكی خوێندكارەكەی تر دەڵێت دایكی خوێندكارەكە لەبەر ئەوەی هاوسەرەكەی لە بەغداد بووە تەلەفۆن بۆ توانا حەمە ساڵح سەگرمە دەكات كە هاوسەری خوشكەكەیەتی، و ئەفسەرە لە فەرماندەیی پێشمەرگە، داوا لە توانا حەمە ساڵح دەكات بێت بۆ قوتابخانە، توانا بە پاسەوانەكانیەوە لە فەرماندەییەوە دەچێت بۆ قوتابخانە لەوێ شەڕە قسە لە نێوان ئەو هاوڵاتیە عەرەبە و توانا حەمە ساڵح درووست دەبێت، لە ئەنجامدا دەبێت بەشەڕیان و پەلاماری یەكدی دەدەن، دواتر پاسەوانەكانی توانا حەمە ساڵح دێنە ژوورەوەو ئەوانیش پەلاماری خوێندكارەكەو باوكی دەدەن زۆریان لێدەدەن. لەدوای رووداوەكە هەردوولا سكاڵا تۆماردەكەن، دواتر بە فەرمانی دادگا توانا حەمە ساڵح سەگرمەو پاسەوانەكانی بۆ ماوەیەك لە دادگا بە پێی مادەی (413) لە یاسای سزادانی عێراق رادەگیرێن و دوای چەند سەعاتێك ئازاد دەكرێن. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، ئەو دوو خانەوادەیە هەردووكیان سكاڵاكانیان كشاندووەتەوە.   رێبوار عەبدولڕەحمان كاندیدی سەركەوتووی نەوەی نوێ لە پەیجی تایبەتی خۆی زاویەیەكی تری ڤیدۆكەی بڵاوكردووەتەوەو رایگەیاندووە كە ئەو پەلامارە بە پارە كراوە. رێبوار عەبدولڕەحمان لە پەیجی تایبەتی خۆی نوسیویەتی:  کێشەکە ئەوە نییە کە ئەو کەسانە بە جلی سەربازیەوە پەلاماری ئەو باوکە دەدەن لەناو قوتابخانەکەی شاری سلێمانیدا، کێشەکە ئەوەیە ئەو کارە بە پارە دەکەن، سەیری ئەم ڤیدیۆیە بکەن و ببینن چۆن دایکی یەکێک لەو منداڵانە پارە دەداتە ئەو کەسانە، کەواتە: پارە بدە، هێزی سەربازی بێنە لەخەڵک بدات، ئەمەش حوکمڕانیەکەی پارتی و یەکێتی. ئاساییش چی دەڵێت؟ ئەمڕۆ لە رونكردنەوەیەكدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند: ھێزەكانی ئاسایشی سلێمانی ئەو چەكدارانەی ھێرشیان كردە سەر خوێندكارێك و باوكی دەستگیر كرد دەستبەجێ دەستمان كرد بە لێكۆڵینەوە و بە دواداچوون پاش دەستنیشان كردنی تۆمەتبارەكان لەلایەن ھێزەكانی ئاسایشی سلێمانیەوە دەستگیركران بە ناوەكانی ( ت ح ح - ئ ف ع - ر ا  م - ب ا ج - ئ ش ع )  و لەسەر فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە بە پێی ماددەی ٤١٣ لە یاسای سزادان ڕاگیران و بە پێی تایبەتمەندی ڕەوانەی دادگای لێكۆڵینەوەی ٣ كران.   


  راپۆرت: درەو "گۆڕینی كۆمسیۆن بە مەرجی فرەبازنەكردنی هەڵبژاردن" ئەمە چەقی ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكانە لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانەوە، یەكێتی‌و گۆڕان حەزیان بە هەڵبژاردن نییە‌و سەرقاڵی دۆخی ناوخۆیی خۆیانن، بۆیە كردویانە بە مەرج هەڵبژاردن بەشێوەی "فرەبازنەیی" بەڕێوەبچێت، پارتیش گۆڕینی پێكهاتەی كۆمسیۆن وەكو كارتی فشار لەسەر لایەنەكان بەكاردەهێنێت، وردەكاری بۆچوونی لایەنەكان لەبارەی هەڵبژاردنەوە لەم راپۆرتەدا.  كوردستان لەبەردەم هەڵبژاردنێكی نوێدا رۆژی 30ی ئەیلولی 2022 وادەی فەرمی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانە، ئەگەر لایەنەكان رێكبكەون لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا، دەبێت بەر لە شەش مانگ لەوادەی خۆی، بڕیار لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە بدرێت بۆ ئەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئامادەكارییەكانی بكات.  سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان رۆژی 4ی تشرینی دووەمی رابردوو لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆبووەوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی هەڵبژاردن، لەم كۆبونەوەكەدا داوا لە سەرۆكی فراكسیۆنەكان كرا لەماوەی دوو هەفتەدا بۆچونی حزبەكانیان لەبارەی هەڵبژاردن بگەیەننە سەرۆكایەتی پەرلەمان. بۆچونی حزبەكان لەبارەی هەڵبژاردنەوە هەفتەی رابردوو، جارێكی تر سەرۆكی فراكسیۆنەكان لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوە‌و بۆچونی حزبەكانیان بە سەرۆكایەتی گەیاند.  بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە‌و چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی كوردستان، پارتە سیاسییە سەرەكییەكانی هەرێم بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون، پارتی‌و هاوپەیمانەكانی لەبەرەیەك‌و (یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵی دادگەریی، نەوەی نوێ) بە هەندێك جیاوازییەوە لەبەرەیەكی ترن‌و بۆچونەكانیان لەیەكترەوە نزیكە.  ئەم دابەشبوونە پارتە سیاسییەكان دەباتە ناو دانوستانێكی چڕەوە، دانوستانێك كە رەنگە ئاكامەكەی سەربكێشێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بۆ ماوەی ساڵێك.  بەگشتی یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان كە ئەم رۆژانە دۆخی ناوخۆییان بە قۆناغێكی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، خوازیاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن نین لەوادەی خۆیدا، پارتیش سەرباری ئەوەی داوا دەكات هەڵبژاردن لەوادەی خۆی بەڕێوەبچێت، بابەتەكەی بەتوندی نەگرتووە‌و وەكو كاری فشار لەسەر لایەنەكان تاقیدەكاتەوە.  ئەمڕۆ یەكێكی دەستی بەگفتوگۆ كرد لەگەڵ لایەنەكان سەبارەت بە چارەنوسی هەڵبژاردن، وەفدی یەكێتی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكگرتووی ئیسلامی كرد، سەرباری ئەمە بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، پارتی‌و یەكێتی لەلایەك‌و پارتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەكی تر لیژنەی هاوبەشیان دروستكردووە بۆ تاوتوێكردنی پرسی هەڵبژاردن.  لەسەر چی ناكۆكن ؟ پارتی‌و یەكێتی‌و لایەنەكانی تر بەگشتی لەسەر چەند بابەتێك بۆچونی جیاوازیان هەیە، بابەتە جێناكۆكەكان بریتین لە (بازنەكانی هەڵبژاردن، چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، كورسی كۆتای پێكهاتەكان، شێوازی لیستی هەڵبژاردن). ناكۆكی لەبارەی بازنەكانی هەڵبژاردنەوە یەكێتی‌و گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو و نەوەی نوێ داوا دەكەن هاوشێوەی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەی فرەبازنە بەڕێوەبچێت‌و هەرێمی كوردستان دابەش بكرێت لەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا، واتە هەر پارێزگایەك بكرێت بە بازنەیەكی هەڵبژاردن، ئەمە پێویستی بە هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنەكانی كوردستان هەیە، یاسایەك كە سیستمی هەڵبژاردنی لە كوردستان بەشێوەی (یەك) بازنە دیاریكردووە، پارتی بەتوندی دژی ئەم بۆچونەیە، بەوپێیەی ئەگەر ئەم شێوازە پەیڕەو بكرێت، ئەو زۆرینە رەهایەی ئێستا لە پەرلەمان هەیەتی، لەدەستی دەدات، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، پارتی هەرگیز سازش لەسەر گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردنی كوردستان بۆ (4) بازنە ناكات، بەتایبەتی لەكاتێكدا دەیەوێت لە خولی شەشەمدا ژمارەی كورسییەكانی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ نزیكەی (50) كورسی زیاد بكات، نەك بەهۆی سیستمە نوێیەكەوە زۆرینەكەشی لەدەستبدات. بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی (1992)، هەرێمی كوردستان بە یەك ناوچەی دەنگدان دادەنرێت و دابەشدەكرێت بەسەر چەند مەركەزێكی دەنگیداندا، لە ماوەی پێنج خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كورستان لە ساڵانی (1992، 2005، 2009، 2013، 2018) كار بەم دەقە كراوە، ئەگەر داواكارییەكەی یەكێتی‌و لایەنەكانی تر جێبەجێ بكرێت‌و كوردستان بكرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن، بەپێوەری ژمارەی دانیشتوان كورسییەكانی پەرلەمان (100 كورسی پەرلەمان بەبێ 11 كورسی كۆتاكان) بەمشێوەیە دابەش دەبن بەسەر پارێزگاندا: •    پارێزگای هەولێر: 36 كورسی •    پارێزگای سلێمانی: 35 كورسی •    پارێزگای دهۆك: 27 كورسی •    پارێزگای هەڵەبجە: 2 كوسی شێوازی فرەبازنەیی دەنگی حزبەكان دابەش دەكات بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، واتە دەنگی كەسێك لە پارێزگای هەڵەبجە ناتوانێت كاندیدێك لە دهۆك سەربخات، ئەمە سەرچاوەی مەترسی پارتییە لە شێوازی فرەبازنەیی. ئەگەر لایەنەكان بەدیاریكراوی (یەكێتی) لەسەر پرسی دابەشكردنی كوردستان بۆ (4) بازنەی هەڵبژاردن پێداگری بكات، گفتوگۆكان بە بنبەست دەگات‌و رەنگە هەڵبژاردن لەدوادەی دیاریكراوی خۆی دوابخرێت، چونكە ئەم بابەتە بەلای پارتییەوە ستراتیژەو سازشی لەسەر ناكات، دەكرێت لە بابەتە جێناكۆكەكانی تردا سازش بۆ لایەنەكانی تر بكات، لەبەرامبەر تێپەڕاندنی پرسی هەڵبژاردن بەشێوەی (یەك بازنەیی)، رەنگە سوربوونی پارتی لەسەر گۆڕینی پێكهاتەی كۆمسیۆن وەكو كارتی فشار بێت لەناو دانوستانەكان بۆ ئەوەی لایەنەكان ناچار بكات دەست لە بیرۆكەی دابەشكردنی كوردستان بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن هەڵبگرن، ئەگەرنا بە پێكهاتەی ئێستاشەوە هێشتا پارتی لەناو كۆمسیۆنی هەڵبژاردندا زۆرینەیە.  ناكۆكی لەبارەی چارەنوسی كۆمسیۆنەوە  رۆژی 23ی كانونی یەكەمی 2019 تەمەنی یاسایی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی كوردستان كۆتایی هات كە (5) ساڵ بوو، لەوكاتەوە تا ئێستا پەرلەمانی كوردستان تەمەنی یاسایی بۆ درێژنەكردونەتەوە، واتە ماوەی نزیكەی دوو ساڵە لە بۆشایی یاسایدان.  ئەوانەی ئاگاداری كاروبارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستانن‌و (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون، دەڵێن، چەند مانگێك بەر لەوەی وادەی یاساییان كۆتایی بێت، ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن سێ نوسراویان ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان كردووە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر چارەنوسیان بدات، بەڵام پەرلەمان وەڵامی نەداوەتەوە، رەنگە ئەوكاتیش لایەنە سیاسییەكانی ناو پەرلەمان بڕیاریاندابێت مەسەلەی چارەنوسی كۆمسیۆن وەكو كارتێكی سیاسی بخەنە ناو مشتومڕو دانوستانەكانی هەڵبژاردنەوە.  ئێستا كە كۆمسیۆن وادەی یاسایی بەسەرچووە، لایەنەكان بۆچوونی جیاوازیان هەیە، پارتی لەگەڵ ئەوەدایە كۆمسیۆنێكی نوێ لەسەر بنەمای كورسی ئێستای لایەنەكان لە پەرلەمانی كوردستان دروست بكرێت، پارتی زۆرینەیە لە پەرلەمان‌و (45) كورسی هەیە، دروستكردنەوەی كۆمسیۆن لە بەرژەوەندی پارتییە، لەبەرامبەردا یەكێتی‌و گۆڕان‌و كۆمەڵی دادگەریی‌و یەكگرتوو لەگەڵ ئەم داواكارییەدا نین‌و دەیانەوێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەپێكهاتەی ئێستای خۆیەوە بمێنێتەوە‌و ئەوانەی لە ئەنجومەنی كۆمسیاران شوێنیان بەتاڵ بووە، لایەنەكان شوێنەكانیان بە كەسانی تری خۆیان پڕ بكەنەوە، یەكێتی پێیوایە كۆمسیۆن بە پێكهاتەی ئێستایەوە تاكە دامەزراوەیە كە پارتی هەژموونی بەسەردا نەكردووە، بۆیە دەبێت وەكو خۆی بمێنێتەوە، گۆڕان‌و یەكگرتوو و كۆمەڵی دادگەریش لەمەدا هاوڕای یەكێتین، چونكە دۆخیان لە كۆمسیۆنەكەی ئێستادا خراپ نییە.  لەم نێوەندەدا جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە لە كۆی (8) ئەندام لە پەرلەمانی كوردستان (4) ئەندامیان جیابونەتەوە، لەگەڵ دروستكردنەوەی كۆمسیۆن لەسەر بنەمای ژمارەی كورسییەكانی پەرلەماندا نییە‌و تەنیا داوا دەكات كۆمسیۆنەكە لەسەر بنەمای پشكێنەی حزبی دروست نەكرێت، ئەگەر كۆمسیۆن لە دەرەوەی پشكێنەی حزبی دروست بكرێت، دەبێت لە شوێنی نوێنەرەكانی حزب، هاوشێوەی بەغداد دادوەرەكانی ئەنجومەنی دادوەری بكرێن بە كۆمسیاری هەڵبژاردن، پارتی لەم بۆچونەدا زۆر كێشەی نییە، چونكە زۆرینەی دادوەرەكانی ئەنجومەنی دادوەریی سەربە پارتین.  لەم نێوەندەندا، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، نوێنەری پێكهاتەكانی توركمان‌و مەسیحی كە هاوپەیمانی پارتین، ئەوانیش داوا دەكەن ئەگەر كۆمسیۆن وەكو خۆی بمێنێتەوە، نوێنەرەكانی خۆیان لە كۆمسیۆن بگۆڕن‌و كەسانی نوێ دابنێن، ئەمە زیان بە یەكێتی دەگەیەنێت، چونكە یەكێك لە نوێنەری پێكهاتەكان لەناو كۆمسیۆنی ئێستادا (نەهرۆ سەلیم حەننا) لەلایەن یەكێتییەوە دانراوە، ئەمە كارتێكی فشاری پێكهاتەكانە لەسەر یەكێتی ئەگەر سوربێت لەسەر مانەوەی پێكهاتەی كۆمسیۆن وەكو خۆی.   بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) بۆ رەوتی دانوستانەكانی ئێستا، یەكێتی بەبێ جێگیركردنی پرسی دابەشكردنی كوردستان بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن ئامادە نییە گفتوگۆ لەبارەی گۆڕینی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە بكات.  ناكۆكی لەبارەی كورسی "كۆتا"كان لە كۆی (111) كورسی پەرلەمانی كوردستان (11) كورسی بەشێوازی "كۆتا" تەرخانكراوە بۆ پێكهاتەكانی (توركمان، مەسیحی، ئەرمەنی)، پارتی كورسی كۆتاكانی كۆنترۆڵكردووە، ئەمە هەم لەناو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمدا ناڕەزایەتی دروستكردووە، هەم لەناو ئەو پێكهاتانەشدا، چونكە پارتی كەسانی نزیك لەخۆی بۆ ئەم كورسییانە لەناو پێكهاتەكان كاندید دەكات‌و هەر خۆشی دەنگیان بۆ كۆدەكاتەوە.  هەوڵی چەند ساڵەی لایەنە سیاسییەكان بۆ گۆڕینی هاوكێشەی (11) كورسی پێكهاتەكان تائێستا بێئاكام بووە، لە دانوستانی ئەمجارەی لایەنەكاندا لەبارەی پرسی هەڵبژاردن، جارێكی تر ئەم بابەتە هێنراوەتە پێشەوە.  یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان‌و نەوەی نوێ‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و كۆمەڵی دادگەریی داوا دەكەن (11) كورسییەكەی كۆتاكان لە هەمواری یاسای هەڵبژاردندا دابەش بكرێن بەسەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستاندا، ئەگەر ئەمە بكرێت، دوو كورسی كۆتاكان دەكەونە سنوری ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی، كورسییەكی مەسیحی بۆ سلێمانی‌و كورسییەكی توركمانەكان بۆ قەزای كفری.  لەپاڵ ئەمەدا، هەندێك لەلایەنەكان بەدیاریكراویش (جوڵانەوەی نەوەی نوێ) داوا دەكەن كورسی كۆتاكان لە (11) كورسییەوە بۆ (7) كورسی كەمبكرێتەوە، هەندێكی تر داوا دەكەن كورسییەكان زیادبكرێت‌و پشكی كەمینەكانی تری كوردستانی بۆ زیادبكرێت، یەكێتی داوا دەكات كورسییەكی كۆتا بۆ (كاكەییەكان)ی سنوری پارێزگای هەڵەبجە زیادبكرێت، پارتی وتویەتی ئەگەر ئەمە بكرێت، ئێمەش داوا دەكەین كورسییەكی كۆتا بۆ (ئێزدییەكان) زیاد بكرێت. بۆ پارتی، هەمیشە لە پرسە هەستیارەكانی ناو پەرلەمانی كوردستاندا، (11) كورسی كۆتاكان زامنكەر بووە، بۆیە پێناچێت پارتی لەم بابەتەشدا سازشی گەورە بۆ لایەنەكانی تر بكات.  ناكۆكی لەبارەی شێوازی لیستی هەڵبژاردن لەسەر چۆنیەتی لیستی هەڵبژاردن (داخراو، كراوە، تێكەڵاو) هەندێك جیاوازی بۆچوون لەنێوان لایەنەكاندا هەیە، پارتی‌و گۆڕان لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن بە لیستی داخراو بەڕێوەبچێت، لیستی داخراو واتە دەنگدەر راستەوخۆ دەنگ بە حزبەكان بدات‌و كەمتر سەرەنجی لەسەر كاندیدەكانی حزب بێت، پارتی لەمەدا دەیەوێت خەڵكانی تایبەتی خۆی كاندید بكات‌و پێگەی جەماوەری كاندیدەكان لەبەرچاونەگرێت، بزوتنەوەی گۆڕانیش كە ماوەی چەند ساڵێكە لەناو ئینشیقاقی بەردەوامدایە، دەیەوێت كەسانێك لەناو لیستەكەیدا دابنێت كە دڵنیابێت دوای رۆشتینان بۆ پەرلەمان پابەندی سیاسەتەكانی حزب دەبن‌و جیانابنەوە، جوڵانەوەی نەوەی نوێش هەمان كێشەی گۆڕانی هەیە، لیستی داخراوی پێخۆشترە، بەتایبەت كە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا سودی لەم شێوازە بینی‌و لەبری بانگەشە بۆ كاندیدەكان تەنیا بانگەشەی بۆ لیستەكە كرد.  لەبەرامبەردا یەكێتی‌و یەكگرتوو لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردنەكە بە لیستی "نیمچە داخراو" واتە تێكەڵ بەڕێوەبچێت، لەم شێوازەدا هەم كاندیدەكان دەردەكەون‌و هەم حزبیش دەتوانێت كاندیدی دیاریكراوی خۆی سەربخات.  بەگشتی بەبەراورد بە بابەتەكانی تر، ناكۆكییەكان لەبارەی شێوازی لیستی هەڵبژاردنەوە زۆر گەورە نین‌و دەكرێت لایەنەكان لەسەر ئەم بابەتە بگەنە رێككەوتن.   


ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت) جەنگ لە دونیای نوێدا بەرەو ئەوە دەڕوات ببێت بە سێکتەرێکی گەورە و گرنگیی ئابووریی بازرگانیی کە کۆمپانیا ئەهلییەکان لەبری لەشکر پیادەیدەکەن. ئەم مۆدێلە نوێیە لە جەنگگێڕان بە عەقد لەگەڵ گروپ و دەزگا ئەهلییەکانی سێکیوریتی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. بلاک ۆتەر لە عێراق بەرجەستەترین نموونەی ئەو دەزگا ئەهلییانەیە کە بەشداریی ئەکتیڤیان لەو جەنگەدا هەبوو. لەدونیا ئێستاماندا چوار هێزمان هەیە کە جەنگ و توندوتیژیی نادەوڵەتیی پیادەدەکەن، یەکەمیان لۆرد یان میرانی جەنگە، دووهەمیان گروپە پارتیزانەکانن، سێهەمیان هێزە تیرۆریستییەکانن، چوارەمیان گروپە تاوانکارییە رێکخراوەکانن. هەرچی گروپی لۆردانی جەنگ و گروپە مافیایی و تاوانکارییەکان هەیە ئامانجیان بەپلەی یەکەم ئابووریی و کەڵەکەکردنی سامانە، بەرامبەر بەوان گروپە تیرۆریستییەکان و پارتیزانەکان ئامانجی سیاسییان هەیە. سنووری چالاکیی لۆردەکانی جەنگ و گروپە پارتیزانەکان لۆکاڵییە و لەناو جوگرافیایەکی دیاریکراودایە، بەپێچەوانەوە چالاکی گروپە تیرۆریستییەکان و گروپە مافیی و تاوانکارییەکان لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی چالاکن. هەندێ لە بیریاران ئەم مۆدێلە نوێیەی رێکخستنی جیهان لە دوای جەنگی سارد و دوای یانزەی سێپتێمبەر بە فەوزا یان ناڕێکخستنی نوێی جیهان ناودەبەن، هەندێکی تریش ئەم مۆدێلە لە جەنگ بە شەڕی ناوخۆیی جیهانیی ناودێردەکەن. ئەم رێکخستنە جیهانییە نوێیە لای ساموێل هانتینگتن جەنگی کولتوور و یەکێکی تر دابەشکردنەکە دەباتەوە سەر سەردەمی رۆمەکان، واتە جەنگی نێوان ئیمپراتۆرییەت و بەربەرییە نوێیەکان، ژان کریستۆف روفان باس لە کێشانی سنووری نوێ لەنێوان جیهانی رۆژئاوا و دەرەوەی خۆی دەکات. نموونەی دروستکردنی دیواری گەورە لەنێوان دەوڵەتەکان و چ لە ئەمریکا و چ لەسەر سنوورەکانی ئەوروپا و دەرەوەی خۆی، هەمان ئەو مۆدێلەمان لە سنوورکشانی رۆمەکان بیردەخاتەوە کە دژ بە گروپە جەنگاوەرەکانی تر کێشایان کە ئەوان بە بەربەرییەکان ناودێریان دەکرد و ئاسەوارەکانی تاوەکو ئەمڕۆ هەر ماون. لە هەرێمی کوردستاندا لەپاڵ دوو هێزی چەکداری حیزبیی کە بە شکڵیی لە وەزارەتی پێشمەرگە تۆمارکراون و لەژێر فەرماندەی سەرۆکی هەرێمن، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ وەلائەتیان لە سنووری دواپرسگەی دەسەڵاتدارێتی حیزبیی، بۆ یەکتر کۆتایی پێدێت. سەرەڕای ئەم دوو هێزە چەندین هێزی چەکداری جیاواز و چەندین دەزگای سیکیوریتیی بوونیان هەیە کە هەر هەموویان سەر بە کەسان و خزمی دەسەڵاتداری ناو هەردوو هێزە سیاسییە گەورەکەی هەرێمن. لە هەرێمی کوردستاندا هەر چوار مۆدێلەکە لە گروپی چەکداری نادەوڵەتیی بۆ پیادەکردنی توندوتیژیی بوونیان هەیە. یەکەمیان لۆردەکانی جەنگە کە یەکێکە لەو دیاردانەی لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و هەرێمیشدا بوونیان هەیە. لۆردەکانی جەنگ ئەو گروپانەن کە بە پێجەوانەی چەمکی چەتەگەریی کۆچەریی پتر وەک چەتەی نیشتەجێ چالاکن. مەبەست لە چەتەی نیشتەجێ ئەو لۆرد و میری جەنگانەیە کە لە ناوچەیەکی دیاریکراودا غەزوی سامان و سەرمایە نیشتیمانییەکان دەکەن. ئۆپەراسیۆنی ئەم چەتە جێگیرانە یان نیشتەجێیانە بەپێچەوانەی چەتەکانی سەردەمی پێش مۆدێرنە هێرشبردن نییە بۆسەر کاروانەکان، بەڵکو ئۆپەراسیۆنی ئابوورییە. میرەکانی جەنگ بەپێچەوانەی گروپە چەتەگەرییە کۆچەرییەکان کە کات و شوێنی چالاکییەکانیان دیاریکراو نەبوون، چەتەی جێگیرن و کۆنترۆڵی سەربازیی ناوچەیەکی دیارییکراو دەکەن و  هەرچی سامان و گومرک و داهاتی ئەو ناوچەیە هەیە بە خواستی شەخسیی ئەوان بڕیاری لەسەر دەدرێت. گروپی دووهەم کە لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە، پارتیزانەکانن. چ هێزە پارتیزانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بە شێوەی رەسمیی بوونیان هەیە، چ پەکەکە کە بەنارەسمی ئامادە و چالاکە، چ هێزێکی چەکداری رۆژئاوایی کە لە ژێر کۆماندۆی پارتی و بە کۆمەکی دارایی ئەو بەڕێوەدەبرێت. گروپی چوارەمیش کە گروپی مافیایی و تاوانکارییە ڕێکخراوەکانن، لەهەرێمدا ڕوو لە هەڵکشان دەکەن. هەر لە مافیای بارزگانییکردن بە مرۆڤ و بە قاچاخبردنیان بۆ دەرەوەی وڵاتەوە تا دەگات بە گروپە قاچاخچییەکانی هەموو سێکتەرە ئابوورییەکان وەک بەنزین نەوت و غاز و جگەرە و دەرمان و خواردنەوە ئەلکهولییەکان، لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە. لەکۆتاییدا گروپی تیرۆریستییش لە هەرێمدا بوونی هەیە، بەتایبەت لەدوای تێکشکانی سەربازیی داعشەوە جارێکی تر سەرقاڵی خۆرێکخستەوەن بۆ قۆناغی دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان.  هەرێمی کوردستان ساڵانێکە بەسەر دوو هێزی سەربازیی لۆکاڵیی دابەشبووە کە هەر یەکەیان لەژێر کۆماندۆی هێزێکی حیزبیی و خێزانێکی سیاسییدایە. لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتییدا جگە لە ئاساییش، پۆلیس، پۆلیسی فریاكەوتن و پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان، دوانزە هێزی چەکداری جیاوازی تر بوونیان هەیە. کێشەی ئەم هەموو هێزانەی ناو یەکێتی تەنها ئەوە نییە کە پێویستی بە پارە و شوێن و چەک و خزمەتگوزاریی گەورە هەیە، بەڵکو کێشەی سەرەکیی ئەم هێزانە بریتییە لە پەرتەوازەیی لە وەلائەت و دروستبوونی چەندین لۆردی بچوک و گەورەی جەنگ. یەکێک لە دەرئەنجامە ترسناکەکانی ئەم دۆخە ئانارشییەی دەسەڵات لەدوای مردنی مام جەلال بریتییە لە دروستبوونی ئینفیلاتی ئەمنیی و دابەشبوونی وەلائەتەکان بۆ شەخس و ناوچە و خێزانی سیاسیی کە خاوەن هێزی چەکدار و بەرژەوەندیی ئابووریی گەورەی خۆیانن و ململانێکانیان لەڕێگای توندتوتیژیی شەخسییەوە یەکلادەکەنەوە.  هێزەکانی پارتی و یەکێتیی لەلایەن ئەمریکا و ئەڵمانیا و بریتانیا و فەرەنسا و هەندێ دەوڵەتی هاوپەیمانی ترەوە ڕاهێنانیان پێدەکرێت و موچەی لیوا هاوبەشەکانیش لەلایەن ئەمریکاوە تەرخاندەکرێت. دوای ئەوەی کێشەی دابەشکردنی موچە بۆ لیوا هاوبەشەکان سەری هەڵدا ئەمریکییەکان راستەوخۆ موچەی ئەو لیوایانە دەدەن بە وەزارەتی پێشمەرگە، بۆئەوەی لەلایەن ئەوانە دابەشبکرێت، نەک وەزارەتی دارایی. بوونی دوو هێزی چەکدار و دوو دەسەڵاتدارێتیی لۆکاڵیی کە پتر سێ دەیەیە بەسەر ئەو دوو حیزبەدا دابەشبوون، مانای شکستی پڕۆژەی دروستکردنی نەتەوە و ناسیۆنالیزمی هەرێمیی کوردییە.   


درەو: حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا (400 ملیار) دیناری لەبەردەستدایەو دەستبەدابەشكردنی موچەی مانگی (12) دەكات لە وادەی خۆیدا(25/12) و پێش سەری ساڵ موچەی چوار وەزارەت دابەش دەكات كە بڕەكەی زیاتر لە (350 ملیار) دینارە سەرچاوەیەك لە حكومەتی بە (درەو)ی راگەیاند: حكومەتی هەرێمی كوردستان (360 ملیار) دیناری داهاتی نەوت و بڕێكی باش داهاتی ناوخۆی هاتووەتە بەردەست بۆیە لە 25/12 موچەی مانگی (12)ی وەزارەتەكانی ( ناوخۆ، پێشمەرگە، تەندروستی، دارایی)  دابەشدەكات، بڕی موچەی ئەو وەزارەتانەی حكومەت دیاری كردووە پێش سەری ساڵ موچەیان بەسەردا دابەشبكات:  وەزارەتی ناوخۆ: 178 ملیار دینار  وەزارەتی پێشمەرگە: 133 ملیار دینار ( بە لیوا هاوبەشەكانیشەوە) وەزارەتی تەندروستی: 11 ملیار دینار  وەزارەتی دارایی: 50 ملیار دینار كۆی گشتی: 372 ملیار دینار حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕێك پارەی نەوتی بۆ گەڕاوەتەوە كە (360 ملیار) دینارەو لەگەڵ داهاتی ناوخۆ لە ئێستادا پارەی بەردەستی وەزارەتی دارایی بۆ موچە زیاتر لە (400 ملیار) دینارە. مانگانە لە داهاتی نەوت (510 ملیار) دینار دەخرێتە بەردەستی وەزارەتی دارایی بۆ موچە، لە ئێستادا (360 ملیار) دینار خراوەتە بەردەستی و (150 ملیار) دینار ماوە لە پارەی نەوت بۆ موچە. لە ئێستادا داهاتی ناوخۆ مانگانە نزیكەی (380 ملیار) دینارە، بەشێكی بۆ خەرجی و بەشێكی دەخرێتە بەردەستی وەزارەتی دارایی بۆ موچە. لە سلێمانی پێویستە مانگانە (70 ملیار) دینار بۆ موچە بخرێتە بەردەستی وەزارەتی دارایی، لە هەولێر و دهۆكیش (120 ملیار) دینار بۆ موچە. لە ئێستادا تیمێكی چاودێری دارایی عێراق هاتونەتە هەرێمی كوردستان بۆ راپۆرتی كۆتایی سەبارەت بە خەرجی و داهاتی هەرێمی كوردستان، لە مادەی (11)ی یاسای بودجەی عێراقدا ئاماژە بەوە كراوە كە دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ بەهەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی حكومەتی هەرێم هەڵدەسێت بەوردبینیكردنی ئەو زانیارییانەو ئاشكراكردنی ژمێریاری كۆتایی پەسەندكراو لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵەوە.  


گفتوگۆی رۆژنامەوانی: درەو "تەنانەت قاوەو چایەكیش بخۆینەوە لە پەرلەمان دەبێت پارە بدەین، نە شوقە نە پاسەوان نە ئۆتۆمبیلمان نیەو شتی وا هەرنابێت، لە شوقەیەكدام خۆم كرێكەی دەدەم تەنیا (54) مەترە، ئەگەر كرێكە دوابخەم دێنە سەرم و دەرم دەكەن" ئەمە قسەی ئامینە كاكەباوە پەرلەمانتاری سویدە لە میانی چاوپێكەوتنێكی تایبەتی (درەو)دا.  ئامینە كاكەباوە لە ساڵی 2008ەوە ئەندامی پەرلەمانی سویدەو خەڵكی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستانە. لەم چاوپێكەوتنەی (درەو)دا قسە لەسەر موچەو ئیمتیازی پەرلەمانتارانی سوید دەكات. دەقی قسەكانی ئامینە كاكەباوە:   پەرلەمان لەژێر چاودێری میدیادا لە وڵاتی سوید پەرلەمانتاری هیچ ئیمتیازێكی نیە، ئێمە لێرە هەر كارێك بكەین لەژێر چاودێری رۆژنامەنوسان‌و كۆمەڵگەداین، لەبەرامبەر یەك كرۆندا بەرپرس دەبین، بەتایبەتی لە گرتنی هۆتێل‌و تەنانەت گرتنی تەكسیشدا، چاودێری دەكرێین‌و لێپرسینەوەمان لێدەكرێت، هەروەك چۆن ئێمەش چاودێرو لێپرسینەوە لە حكومەت دەكەین. پاسەوانی پەرلەمانتار   هیچ پەرلەمانتارێك لە سوید پاسەوانی نیە، ئەو پرسە هەر قابیلی قسە لەسەركردن نیە، پاسەوانی چی؟ بەهیچ شێوەیەك پەرلەمانتاری سوید پاسەوانی نیە، ئەگەر پەرلەمانتارێك ترس‌و هەڕەشەی لەسەر بێت، ئەوا حكومەتی سوید خۆی ئاسایشی بۆ دابین دەكات‌و چاودێری دەكات. من خۆم هیچ پاسەوانێكم نیەو لێرە پەرلەمانتار هەروەك خەڵكی ئاساییەو ماف و ئیمتیازیشی هەروەكو خەڵكی ترە، هیچ جیاوازیەكی نیە. شوقەو ڤێلا.. لێرە پەرلەمانتار شوقەو ڤێلاو خانووی نادرێتێ، تەنیا ئەو پەرلەمانتارانەی لە شارەكانی ترن‌و (50) كیلۆمەتر دوورن لە پایتەختەوە (ئەو شوێنەی تەلاری پەرلەمانی لێیە) ئەگەر هەر خۆی بێت، یەك ژووری پێدەدەن هەتا ئەو كاتەی خولەكەی تەواو دەبێت‌و ئیتر هیچ مافێكی نامێنێت بەسەر ئەو شوقەیەوە كە تەنیا (45) مەترەو شوێنی نوستن‌و تەوالێتی تیایەو تەواو.. من لە شوقەیەكدا دەژیم لە ناوچەیەكدا كە زۆر هەژارە‌و (45%)ی پەنابەرانن، شوقەكەم تەنیا (54) مەترە، چێشتخانەم نیە، تەختەی خەوێكم هەیە لەگەڵ تاقمی دانیشتنێك، وەك هەر هاوڵاتیەكی ئەو ناوچەیە، خۆم كرێی خانووەكە دەدەم، خۆ پەرلەمان بۆمان نادات، ئەگەر كرێكەم نەدەم سەری مانگ خاوەنی شوقەكە دەرم دەكات ئەگەر دوو هەفتە كرێكەم دوابكەوێت دێنە سەرم‌و ئاگادارم دەكەنەوە.. كرێی شوقەكەم كە خۆم دەیدەم نزیكەی (600 هەزار) كرۆنە كە دەكاتە (648) دۆلار، كرێكەی زۆر نیە، چونكە لە ناوچەیەكی زۆر هەژارنشینە، ئەگەر لەناو شاربومایە دەبوایە زۆرتر بدەم.. من هەموو مانگێك (550) كرۆن نزیكەی (50) دۆلار دەدەم بە كرێی ئینتەرنێت، ئەو ئینتەرنێتە كاری پەرلەمانی پێدەكەم، بەڵام بۆم نیە داوای پارە لە پەرلەمان بكەم، بۆیە خۆم پارەكە دەدەم، پەرلەمان هیچ شتێكم بۆ دابین ناكات، من جیاوازیەكم نیە لە خەڵكی ئاسایی دەبێت، وەكو كارمەند چۆنە ئاوا دەوام بكەم‌و كار بكەم.. من زۆر لەكاتی خۆم زیاتر كار دەكەم، بەڵام من هەرچەند كار بكەم‌و لە كاتی زیاتریش كاربكەم هەقی ئەوەم نیە داوای پارەی زیاتر بكەم. ئۆتۆمبێلی پەرلەمانتار.. هیچ پەرلەمانتارێك ئۆتۆمبێلی تایبەتی بۆ دابین ناكرێت‌و شتی وا نیەو نابێت، ئێمە بە پارەی خۆمان بە شەمەندەفەر یان تەكسی یاخود بایسكل هاتوچۆی پەرلەمان دەكەین، زۆر جار بە بایسكیل دەچین بۆ پەرلەمان، بەڵام ئەگەر بە كاری پەرلەمانتاری بڕۆین بۆ شوێنێك، ئەوا پەرلەمان پارەی هاتوچۆت بۆ خەرج دەكات، ئەگەرنا من زۆربەی كات بە شەمەندەفەرو پاس هاتوچۆ دەكەم بەشێكی زۆر لە پەرلەمانتاران بایسكیلیان هەیە كە هاتوچۆ دەكەن، منیش ئەگەر ماڵەكەم نزیك بوایە لە پەرلەمانەوە بە بایسكیل هاتوچۆم دەكرد .. پەرلەمانی سوید لەگەڵ كۆمپانیایەكی تەكسی رێككەوتنێكی هەیە، هەر پەرلەمانتارێك تەكسی پێویست بوو كاری خێرای هەبوو، دەبێت بەو تەكسیانە هاتوچۆ بكات.. زۆر زۆر خۆشە ئەوكاتانەی بە بایسكیل هاتوچۆ دەكەین بۆ پەرلەمان ... لێرە ئاوایە. پەرلەمانتار دیاری وەردەگرێت ؟ هیچ پەرلەمانتارێك ناتوانێت پارە وەربگرێت یان دیاری گرانبەها، چەند دیاریەك ئاساییە (شیرینی، گوڵ، ویسكی)یەك كە بەهایان كەمتر بێت لە (42) دۆلار، ئەگەر هەر دیاریەك گرانتر بوو دەبێت ببرێتەوە بۆ پەرلەمان، ئەگەرنا لێپرسینەوەت لەگەڵ دەكەن.. پەرلەمانتارێكی كریستیان دیموكراتەكان (2500) كرۆن كە دەكاتە تەنیا (270) دۆلار، ئەژماركردبوو كە بۆ هاوڕێكەی خەرجكردبوو بۆ كرێی هۆتێلێك لەكاتی چونیەوە بۆ ئیتالیا، لە پەرلەمانتاری‌و لیستەكەشی لایانبرد، ئەگەر منیش ئەوە بكەم هەقیانە لامبدەن. موچەی پەرلەمانتاری  بەگشتی موچەی پەرلەمانتارێكی سوید مانگانە (69 هەزار) كرۆن واتا (7 هەزارو 452) دۆلار، لەو بڕە (31%)ی موچەكەمان  وەك باج دەدەین بە حكومەت واتا لە (69 هەزار) كرۆنەكەی موچەی مانگانە (21 هەزارو 390) كرۆنی بۆ باج دەڕوات و (47 هەزارو 610) كرۆنمان بۆ دەمێنێتەوە واتا (5 هەزارو 76) دۆلارم بۆ دەمێنێتەوە، من هەتا ساڵی رابردوو (45%) باجی موچەكەم دەدا، بەڵام زۆر بوو لەبەرئەوەی هاوكاری پەنابەران‌و كۆچبەران دەكەم موچەكەم بەشی نەدەكردم، بۆیە باجەكەم كەمكردەوە .. لێرە پزیشك‌و شێف‌و بەشێك لەوانەی كاری باشیان هەیە موچەكەیان زۆر لە ئێمە زیاترە، من خۆم وتومە نابێت موچەی ئێمە لە فەرمانبەری تر زیاتر بێت. "رۆژنامەنوسان دەسەڵاتی یەكەمن" هەرچەندە دەڵێن حكومەت دەسەڵاتی یەكەمەو دووەم پەرلەمان‌و سێیەم رۆژنامەنوسانە، بەڵام لێرە رۆژنامەنوسان چاودێرو دەسەڵاتێكی زۆر بەهێزن، ئەگەر چاودێری رۆژنامەنوسان نەبێت لەسەر دەوڵەت، ئەسڵەن هیچ كارێكی وا ناكرێت، لەبەرامبەر هیچ رۆژنامەنوسێكدا تۆ ناتوانیت نەدرۆ بكەیت‌و نە زانیارییەكانت بشاریتەوە، دەبێت هەموو شتێكت روون‌و شەفاف بێت، ئێستا من هەر كارێك بكەم لێرە رۆژنامەنوسان هەموو شتێكی من دەزانن. رۆژنامەنوس دەستگیر دەكرێت ؟ شتی وا هەر نابێت رۆژنامەنوس دەستگیر بكرێت، خۆ ئێرە كوردستان نیە، ئەگەر حكومەت یان پۆلیس رۆژنامەنوسێك دەستگیر بكات, ئەوا  ئەو وڵاتە دەڕوخێ، شتی وا هەرگیز روونادات‌و نیەو نەبووە، لێرە لە وڵاتی دیموكراتیدا رۆژنامەنووس هەقی هەیە مافی خۆی هەیە، ئێرە وڵاتی دیموكراتیە ئەگەر رەخنەو ئۆپۆزسیۆن‌و رۆژنامەنووسان نەبێت حكومەتیش بونی نیە.. هەرگیز ناتوانرێت بەراوردی هەرێمی كوردستان بكرێت بە سوید، لە كوردستان دیموكراسی نیە، لێرە لە سوید (ئازادی بڵاوكراوەو ئازادی نوسین‌و دەربڕین) كۆڵەكەی سەرەكی وڵاتن. پرۆفایلی ئامینە كاكەباوە •    ساڵی 1970 لە گوندی تورجانی شاری سەقز لە خۆرهەڵاتی كوردستان لە دایكبووە. •    لە تەمەنی 14 ساڵیدا بوەتە پێشمەرگەی كۆمەڵە. •    ساڵی 1992 وەك پەنابەر چووەتە سوید. •    لە سوید دەستی بە خوێندن كردووە، ساڵی 2005 بڕوانامەی ماستەری لە توێژینەوەی كۆمەڵایەتیدا بەدەستهێناوە. •    ساڵی 2008 وەك كاندیدی پارتی چەپی سوید لە ستۆكهۆڵمی پایتەخت بووەتە پەرلەمانتار، لەو كاتەوە تائێستا ئەندامی پەرلەمانی سویدە. •    ئێستا لە پارتی چەپ جیابوەتەوەو وەك پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ كاردەكات.  


درەو: داهاتی ناوخۆ پێکدێت لە: 1.گومرک 2. باج 3. رسومات و کرێ خزمەتگۆزارییەوەکان تێبینی: 85٪ی داهاتی ناوخۆ بە کاش دێتە بەردەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکاتە 268.6 ملیار دینار 15٪ی بە چەکی حکومی خەرج دەکرێت و چەکەکەش هەر هی حکومەت خۆیەتی، دەکاتە 47.4 ملیار دینار. داهاتی ناوخۆ بەم شێوەیە ووردەکرێتەوە   تێبینی: فەرمانگەکانی دیکەی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری مانگانە 9 ملیار و 700 ملیۆن دینار داهاتی هەیە. بو 10 مانگ دەکاتە (97 ملیار). 3. رسومات و کرێ خزمەتگۆزاری (75.5*10مانگ)=755 ملیار دینار داهاتی وەزارەتەکانی دیکەیە (ئاو، کارەبا، ناوخۆ، داد .. هتد). کۆی گشتی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان لەمانگی (10) وەک نموونە: 350 ملیۆن دولار داهاتی نەوت (350$*1450 دینار=507.5 ملیار دینار) 200 ملیار داهاتی عێراق (تەنیا بۆ چوار مانگ کە دەکاتە 800 ملیار دینار) 268.5 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ 26.6 ملیار دینار داهاتی هاوپەیمانان کۆی گشتی تێکڕای داهاتی هەرێمی کوردستان لەمانگێکدا نزیک تڕلیۆنێک دینارە.  زۆرترین خەرجی حکومەت؟ بەم شێوەیە دابەشدەکرێت: بۆ پێدانی مووچە مانگانە (902 ملیار دینار) کە دەکاتە 90٪ی کۆی گشتی داهاتی مانگانەی هەرێمی کوردستان. نزیکەی 137 ملیار دینار بەسەر دوو کەرتدا دابەشدەکرێت: یەکەم: تەشغیلی و نەسرییەی فەرمانگەکان و خەرجی خزمەتگۆزاری  دووەم: وەبەرهێنان (پڕۆژکان)  بۆ تەشغیلی و نەسرییەی و خەرجی خزمەتگۆزاری 98 ملیار دینار 39 ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانە لێرەدا  نزیکەی 40 ملیار دینار کۆرتهێنانی مانگانە هەیە. کۆرتهێنان چۆن پڕدەکرێتەوە؟ کۆرتهێنان لە کۆی خەرجی مانگانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان 4٪ی دەبێت. کۆرتهێنانەکە لە رێگەی ئەو 15٪ەی لە کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ لە رێگەی چەکی بانکی (حکومی) کۆدەکرێت و لە رێگەی بودجەکانی تەشغیلی و پڕۆژەکان پڕدەکرێتەوە.  


درەو: تیمی دیوانی چاودێری عێراق سەردانی سەرجەم وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم دەكات بۆ ئامادەكردنی راپۆرتی كۆتایی لەسەر خەرجی و داهاتەكانی هەرێمی كوردستان، لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتە حكومەتی عێراق بڕیار لەسەر پارەكەی هەرێمی كوردستان دەدات، چونكە وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاندووە كە هەرێمی كوردستان پابەند نەبووە بە رێككەوتنی یاسای بودجەوە. سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم بە (درەو)ی راگەیاند: ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەرجەم وەزارەتەكانی ئاگاداركردووەتەوە كە ئامادەبن تیمی چاودێری دارایی عێراق لەگەڵ چاودێری دارایی هەرێم سەردانی سەرجەم وەزارەتەكان دەكات، بۆ ئامادەكردنی راپۆرتی كۆتایی لەسەر خەرجی و داهاتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان. لە مادەی (11)ی یاسای بودجەی عێراقدا ئاماژە بەوە كراوە كە دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ بەهەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی حكومەتی هەرێم هەڵدەسێت بەوردبینیكردنی ئەو زانیارییانەو ئاشكراكردنی ژمێریاری كۆتایی پەسەندكراو لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵەوە. دواتر حكومەتی عێراق لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتەی دیوانی چاودێری بڕیار دەدات كە پارە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت یاخود نا . دەقی مادەی (11):  یەكەم:دەستبكرێت بەڕێككردنەوەی شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستان لە2004ەوە تاوەكو 2020، پاشان دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ بەهەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی حكومەتی هەرێم هەڵدەسێت بەوردبینیكردنی ئەو زانیارییانەو ئاشكراكردنی ژمێریاری كۆتایی پەسەندكراو لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵەوە، لەڕێگەیەوە بڕی داهاتی بەدەستهاتوو و خەرجییەكان دەخرێنەڕوو، دوای ئەوەی خەرجییە سیادییەكانی لێ دەردەكرێت، ئەو بڕەش دەستنیشان دەكرێت كە لەچوارچێوەی خەرجییە حاكمەكاندا بەر هەرێم دەكەوێت. دووەم: أ- دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بێت كە رۆژانە بڕێك نەوت بەرهەم بهێنێت كە رێژەكەی نابێت لە 460 هەزار بەرمیل كەمتر بێت و بڕێكی پێویستی لێ دەردەكرێت بەمەبەستی دابینكردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەو پاش ئەوەی زانیاری پێویست لەبارەوە پێشكەش دەكرێت، هەروەها بڕێكی بۆ بەكاربردنی نێوخۆ دەبێت و بڕێكیشی وەك پشكی هەرێم لەپترۆ دۆلار دەبێت، دەبێت داهاتی فرۆشی رۆژانەی 250 هەزار بەرمیل بەنرخی كۆمپانیای سۆمۆ بداتە حكومەتی فیدڕاڵ. ب- بڕگەی (أ) بەهەماهەنگی لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەحكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت. ج-دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بێت بەڕادەستكردنی داهاتی نانەوتی بەخەزێنەی وڵات، پاڵپشت بەیاسای كارگێڕی دارایی فیدڕاڵ، دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ بەهەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان وردبینی لەو زانیارییانەدا دەكەن كە پەیوەستە بەو داهاتانەوە. د- دەبێت پرسی سەرجەم ئەو پارانە چارەسەر بكرێت كە بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كە لە بنەڕەتدا پارەی بانكی بازرگانی عیراقەو لەلای بانكەكانی تری حكومەت و تایبەت هەڵگیراوە، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵیش لەساڵی دارایی 2021ەوە و بۆ ماوەی 7 ساڵ و مانگانە ئەو قەرزانە لەبڕینی پشكی هەرێم وەردەگرێتەوە. د- دوای ئەوەی هەرێم بڕگەكانی (ا،ب،ج،د) ئەم مادەیە جێبەجێ دەكات، ئەوا حكومەتی فیدڕاڵی پابەند دەبێت بەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان وەك لەم یاسایەو خشتە هاوپێچەكانیدا هاتووە. سێیەم: هەرێمی كوردستان پابەندكراوە كە تاوەكو 30-6-2021، زانیاری لەبارەی ژمارەی فەرمانبەران، جا چ فەرمانبەری شارستانی بێت یاخود سەربازی بدات بە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، دوای ئەوەی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و بەهەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینییان بۆ دەكرێت، زانیارییەكانیش بەپێی پلەو ناونیشانی پیشەیی و رەگەز دابەشكراون، ژمارەی فەرمانبەرانیش بەگوێرەی خشتەی هێزی كار دەستنیشان دەكرێت. چوارەم: دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بێت بەخەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران لەو پارەیەی لەناو بودجەی هەرێمدا وەك (قەرەبووی فەرمانبەران) بڕیاری لەسەر دراوە، دەبێت لەناو بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021 مووچەی فەرمانبەران لە پێش هەرچی خەرجییەكی ترەوە دابنرێت.    



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand