سەرەی بەنزین لە (دوبەی)
2022-07-01 16:44:38
(درەو):
قەیرانی بەنزین تەنانەت شاری (دوبەی)ی ئیماراتی عەرەبیشی گرتەوە، ئەوانەی خەونی بە ئیماراتیبوونیان هەیە، دەبێت تێبگەن لەوەی تەنیا پەرەپێدان بە كەرتی رێگاوبانو بیناسازی چارەسەری كێشە ئابورییەكان ناكات، هەڵاوسانو بێكاریو گرانی لە ئیماراتی عەرەبی چۆنە ؟ وردەكاری لەم راپۆرتەدا.
خەونی دوبەی !
دوای ئەو گەشەكردنەی كە لەڕووی ئاوەدانیو بیناسازیو رێگاوبانەوە بەخۆیەوە بینی، ئیماراتی عەرەبی بەتایبەتی شاری (دوبەی) بووە بە خەون بۆ خەڵكو وڵاتانی ناوچەكە.
هەر دەسەڵاتدارێكی ناوچەكە بیەوێت بانگەشە بۆ ئاوەدانی شارەكانی بكات، خۆی بە (دوبەی) بەراورد دەكات.
ئایا ئیماراتی عەرەبی تەنیا بە پەرەپێدانی رێگاوبانو بیناسازیی لە قەیرانی ئابوری رزگاری بووە ؟
هەڵاوسان لە ئیمارات
ئەم ساڵانەی دوایی بەهۆی قەیرانی پەتای كۆرۆناوە ئابوری وڵاتانی جیهان گۆڕانكاری گەورەی بەخۆوە بینی، ئیماراتی عەرەبی لە ساڵی 2020ەوە هەندێك بڕیاری دەركرد بۆ رزگاربوون لەو قەیرانە ئابورییە جیهانییە، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتەكانی حكومەتی ئەو وڵاتە سەرباری ئەم هەنگاوانە، هەڵاوسانی ئابوری لە ئیمارات لەمساڵدا بەرزبوەتەوە بۆ 3.7%، ئەمە لەكاتێكدایە رێژەكە ساڵی رابردوو 2.5% بووە.
زیادبوونی ئەم هەڵاوسانە وەكو ماڵپەڕی (ئیمارات 71) باسی دەكات، بووە بە مەترسی لەسەر هاوڵاتیانو ئەوانەی لە ئیمارات نیشتەجێن، بەتایبەتیش لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنیو جەنگی ئۆكرایناو ئەو ئاڵۆزییە سیاسییەی لەنێوان ئابورییە گەورەكانی جیهاندا دروستبووە، كە ئەوەش دۆخێكی جیازازی لەنێوان چینی دەوڵەمەندو هەژاراندا قوڵتر دەكاتەوەو زۆرێك لە دانیشتوانی وڵاتێكی وەكو ئیمارات بەرەو كەناری هەژایی دەبات.
نرخی سوتەمەنی لە ئیمارات
وا زانراوە نرخی سوتەمەنی لەو وڵاتانەی كە نەوت بەرهەمدەهێنن زۆر هەرزانترە لەو وڵاتانەی كە نەوت دەكڕن، سەرباری ئەوەی ئیمارات بە یەكێك لەو وڵاتانە دادەنرێت كە نەوت بەرهەمدەهێنێتو هەناردەی دەكاتو دەستی بە هەموو بازارەكانی نەوت لە جیهاندا دەگات، بەڵام لەسەر ئاستی ناوخۆی وڵاتەكە سوتەمەنی بە نرخێكی زۆر گرانتر لەو وڵاتانە دەفرۆشێت كە بەرهەمە نەوتییەكان هاوردە دەكەن لەنمونەی میسرو تونسو ئەفغانستانو وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاستو زۆرینەی وڵاتانی ئەمریكای لاتینو وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستو باكوری ئەفریقا.
ئێستا بەبەراورد بە وڵاتانی تری ئەندامی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو، ئیمارات بە نیو هێندە زیاتر سوتەمەنی بە هاوڵاتیانی دەفرۆشێت، لەم مانگەوە لیژنەی چاودێری نرخی سوتەمەنی لە ئیمارات بڕیاریداوە بۆ هەر لیترێك بەنزین بڕی (نیو درهەم) واتە (0.13 دۆلار) نرخ بەرزبكرێتەوە، ئەمە وایكردووە بە تێكڕا نرخی یەك لیتر بەنزین لە ئیمارات بۆ (دۆلارێكو 26 سەنت) بەرزببێتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە نرخی یەك لیتر لە 2017دا تەنیا (نیو دۆلار) بووە.
لەماوەی حەوت مانگی ئەمساڵدا ئەمە پێنجەم جارە ئیمارات نرخی بەنزین بەرزدەكاتەوە.
بێكاری لە ئیمارات
سەرباری ئەوەی ئیمارات بە یەكێك لەو وڵاتانە دادەنرێت كە بواری ئابوریدا زیاتر خۆی رێكخستووە، بەڵام هاوكات لەگەڵ بەرزبونەوەی نرخی كاڵاو ماددە خۆراكییەكانو سوتەمەنی، رێژەی بێكاریش لەناو هاوڵاتیانی رەسەنی ئیماراتیدا زیاتر دەبێت.
بەمدواییە لەرێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەرچوانی زانكۆ لە ئیمارات رەخنە ئاڕاستەی حكومەتی وڵاتەكەیان دەكەن، ئەمەش شتێكە كە زۆر بەدەگمەن لە ئیمارات روودەدات.
بەگوێرەی خەمڵاندنی بانكی نێودەوڵەتی، تێكڕای بێكارانی لەناو دانیشتوانی ئیماراتی عەرەبیدا لە ساڵی 2020دا گەیشتوەتە (5%)، بەڵام ئامارە نافەرمییەكان باسلەوە دەكەن رێژەكە 20%ی تێپەڕاندووە، لە ئیمارات دوو جۆر هاوڵاتی هەیە (هاوڵاتی رەسەن)و (ئەوانەی كە هاتونەتە ناو ئیماراتەوە كە خۆیان پێیان دەڵێن وافدین)، هاوڵاتیانی رەسەنی ئیمارات رێژەی 9%ی تێكڕای دانیشتوانی وڵاتەكەی خۆیان پێكدەهێنن.
ریشەی كێشەی بێكاریی لە ئیمارات بۆ كێشە لە پێكهاتەی دانیشوان دەگەڕێندرێتەوە، ئەمە پاڵ نەبوونی دەرفەتی كار بۆ ئەو كەسانەی كە پەنا بۆ وەرگرتنی قەرز دەبەن.
ئاماری 2018ی حكومەتی ئیمارات لەبارەی بێكارییەوە ئاماژە بەوەدەكات، رێژەی بێكاری لەناو هاوڵاتیانی رەسەنی ئیماراتدا گەیشتوەتە (9.6%)و لەناو وافدین-دا گەیشتوەتە (2.1%).
بێكاری كێشەی لەناو پێكهاتەی دانیشتوان لە ئیمارات دروستكردووە، مانگی ئازاری رابردوو بە هاشتاگێك لە تویتەرەوە ناڕەزایەتی خۆیان نیشاندا، هاشتاگەكەیان بەمشێوەیە بوو" # لە_ دامەزراندندا_ ئەولەویەت_ بۆ هاوڵاتی_ ئیماراتییە".
حوزەیرانی ئەمساڵ چەند گرتەیەكی ڤیدیۆی بڵاوبووەوە كە ئاماژە بە گردبونەوەی سەدان كەس لە هاوڵاتیانی ئیماراتی دەكات بۆ دەربڕینی سكاڵای خۆیان لەبارەی هەلی كارەوە لە وڵاتەكەیاندا، ئەمە دۆسیەی خۆیان رادەستی شێخ محەمەد بن زایدی سەرۆكی وڵات كرد، ئایاری رابردوو بەرپرسێكی باڵا لە دوبەی باسی لەوەكرد قەیرانێكی گەورەی بێكاریی لە ئارادایە.
لەدوای بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆناوە، لە ئیمارات موچەو هاندان لە سەرجەم دامەزراوە حكومیو ئەهلییەكانی ئیماراتدا كەمیكردووە، ژمارەیەكی زۆر كرێكاریش لە كەرتی تایبەت لە كارەكانیان دەركراون.
ئەمە دۆخە وایكردووە، هەندێك لە هاوڵاتیانی ئیماراتی وەكو ئاماژەیەك بۆ رێككەوتنی ئیمارات لەگەڵ ئیسرائیل بەگاڵتەجاڕییەوە دەڵێن" زیاتر لە 10 ملیار دۆلار بۆ وەبەرهێنان لە ئیسرائیل دانراوە، دەكرا بەم پارەیە وەبەرهێنان لە ئیماراتدا بكرێت بۆ رزگاركردنی گەنجان لە بێكاریی".
خواستی چاكسازیی
مانگی ئایاری رابردوو میدیا فەرمییەكانی ئیمارات راپۆرتێكیان بڵاوكردەوە كە باسی رەنجو تێكۆشانی هاوڵاتیانی ئیماراتی دەكەن لە بواری ماسی فرۆشتنو شۆفێری تاكسیدا لەكاتێكدا بڕوانامەی (بەكالۆریۆس)یان هەیە، ئەمە جۆرێك ناڕەزایەتی لەناو هاوڵاتیانی رەسەنی ئیماراتیدا دروستكرد، رەخنەیان لە حكومەتی وڵاتەكەیان گرت بەوەی فەزڵی خەڵكی بیانی داوە بەسەر ئەواندا، لەمەدا مەبەستیان لەوانە بوو كە پێیان دەوترێت (وافیدین)و خەڵكی رەسەنی ئیمارات نین.
ئامارە فەرمییەكان لە ئیمارات ئاماژە بەوە دەكەن، رێژەی (دوو لەسەر سێ)ی تێكڕای هەلی كار لە ئیمارات لەناو كەرتی تایبەتدایە، دامەزراندنی خەڵكە رەسەنەكە لەم كەرتەدا زۆر كەمە.
ئاماری ساڵی 2018 دەریدەخات رێژەی ئەو هاوڵاتییە رەسەنانەی ئیمارات كە خاوەن كارن دەگاتە (1.8%)، ئەوانەیان كە كاری ئازاد دەكەن رێژەیان (0.5%)ە، ئەوانەشیان كە لەبەرامبەر كرێدا كاردەكەن رێژەیان (97.6%)ە، لەبەرامبەردا خەڵكی بیانی نیشتەجێی ئیمارات ئەوانەیان كە خاوەن كارن رێژەیان (3.1%)ە، ئەوانەیان كاری ئازاد دەكەن رێژەیان (0.5%)ە، ئەوانەیان لەبەرامبەر كرێدا كاردەكەن رێژەیان (96%)ە، ئەم ئامارە نیشانی دەدات دۆخی (وافدین) لە خەڵكە رەسەنەكەی باشترە، ئەمە سەرچاوەی نیگەرانی ئیماراتییەكانە.
ماڵپەڕی (ئیمارات 71) باسلەوە دەكات، بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی كاڵاو خزمەتگوزارییە حكومییەكانەوە، بێكاری بڵاوبوەتەوە، زۆرێك لە هاوڵاتیانی ئیماراتی بەو یارمەتییانە دەژین كە رێكخراوە خێرخوازییەكان دابینی دەكەن، لەكاتێكدا دەسەڵاتدارانی وڵاتەكەیان ساڵانە هەزاران تەن كۆمەكو بڕە پارەی زۆر وەكو یارمەتی بۆ وڵاتانی تر لەسەرتاسەری جیهان رەوانە دەكەن.
ئیماراتییەكان ترسیان هەیە پرۆسەی "چاكسازی" حكومەت كە بەمدواییە دەرچووەو بوەتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی بەرهەمە نەوتییەكانو كارەبا، زیانەكەی تەنیا لەسەر هاوڵاتیان رانەوەستێت، بەڵكو ببێتە هۆكاری ئەوەش سەرمایەدارانی بیانی سەرمایەكانیان بەرەو وڵاتانی تر بكێشنەوە، بەتایبەتیش سعودیە كە دیارترین ركابەری ئیماراتەو دەیەوێت وەبەرهێنانی زیاتر راكێشێتە ناو وڵاتەكەیەوە، بەمدواییە سعودیە هۆشداری بە كۆمپانیاكان داوە تاوەكو بەر لە ساڵی 2024، بارەگا سەرەكییەكانیان بگوازنەوە بۆ ریاز، ئەمەش كاریگەریی لەسەر ئابوری ئیمارات دەبێت.