كورد لە هاوكێشەی ناتۆدا
2022-06-29 07:46:16
(درەو):
دواجار توركیا وەكو ئەندامێكی پەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ)، رەزامەندی نیشاندا لەسەر وەرگرتنی (سوید)و(فینلەندا) لە پەیمانەكەدا.
توركیا پێشتر دژایەتی هەوڵی وڵاتانی باكوری ئەوروپای دەكرد بۆ ئەندامبوون لە (ناتۆ)، ئەمە بەبەهانەی ئەوەی سویدو فینلەندا پێشوازی لە "چەكدارانی كورد"ی نەیاری توركیا دەكەن، لەمەشدا بەدیاریكراوی مەبەستی لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بوو.
بەبێ پاڵپشتی توركیا، سویدو فینلەندا نەیاندەتوانی ببن بە ئەندام لە (ناتۆ)دا، روسیاش بەتوندی دژی ئەندامبوونی ئەم دوو وڵاتە بوو، ئەمەی وەكو فراوانكردنی هاوپەیمانی سەربازی خۆرئاوا وەسفكرد بەهۆی جەنگەكەیەوە لە ئۆكراینا. جەنگی روسیا لە ئۆكراینا كاریگەریی پێچەوانەی دروستكرد، دەرگای (ناتۆ)ی لەبەردەم وڵاتاندا واڵا كرد.
وەزیرانی دەرەوەی سویدو فینلەنداو توركیا رێككەوتنێكی ئەمنی هاوبەشیان ئیمزاكرد، ئەم رێككەوتنە مەترسییە ئەمنییەكانی توركیای سەربارەت بە دۆزی كورد رەواندەوە.
ینس ستۆلتنبێرگ سكرتێری گشتی ناتۆ رایگەیاند، سوید رەزامەندی نیشانداوە لەبارەی چڕكردنەوەی هەوڵەكانی لەبارەی داواكارییەكانی توركیا بۆ رادەستكردنەوەی "چەكدارە تاوانكارە گومانلێكراوەكانەوە"، كە مەبەست لێی بەپلەی یەكەم چالاكوانانی كوردی باكوری كوردستانو گەریلاكانی پەكەكەیە لەناو خاكی سویددا.
لەپاڵ فشارخستنە سەر كورد، دوو دەوڵەتەكەی ئیسكەندەناڤیا (سویدو فینلەندا) بڕیاریانداوە كۆتوبەند لەسەر فرۆشتنی چەك بە توركیا هەڵگرن.
نینیستۆ سەرۆكی فینلەندا وتی: هەرسێ دەوڵەت یاداشتێكی هاوبەشیان ئیمزاكردووە بۆ پێشكەشكردنی پاڵپشتی تەواوەتی خۆیان دژی هەڕەشەی ئەمنی لەسەر هەریەكەیان.
خاتوو (ماگدالینا ئەندەرسۆن) سەرۆك وەزیرانی سوید دەڵێ" ئەمە هەنگاوێكی زۆر گرنگە بۆ ناتۆ". نوسینگەی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیاش رایگەیاند" ئەوەی لە سویدو فنلەندامان دەیوست رویدا".
وەكو كاردانەوەیەك بۆ هێرشی روسیا بۆسەر ئۆكراینا، مانگی ئایاری رابردوو سویدو فینلەندا نیازی خۆیان بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ نیشاندا. ستۆڵتنبێرگ ئەوكات پێشنیازی كرد "پەلە" بكرێت لە كارەكە، چونكە ئەو دوو وڵاتە پەیوەندییەكی توندوتۆڵیان هەیە لەگەڵ ناتۆدا، بەڵام كارەكە بەو خێراییەی ئەو دەیویست تێنەپەڕی، توركیا كە وەكو ئەندامێكی ناتۆ مافی تانەدانی هەبوو، سویدو فینلەندای تۆمەتبار كرد بەوەی پاڵپشتی لە "چەكدارانی كورد" دەكەن، بۆیە پاڵپشتی ئەندامبوونیان لە (ناتۆ) ناكات.
بەپێی پەیماننامەی پێكهێنانی ناتۆ، بۆ زیادكردنی هەر ئەندامێك بۆ هاوپەیمانێتییەكە، دەبێت هەر (30) دەوڵەتە ئەندامەكە رەزامەندی لەسەر نیشان بدەن. توركیا ماوەیەكی زۆرە سوید تۆمەتبار دەكات بەوەی پەنای چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان دەدات، ئەمە تۆمەتێكە كە ستۆكهۆڵم بەردەوام رەتیدەكاتەوە.
ئێستا كە سویدو فینلەندا ملكەچبوون بۆ داواكارییەكانی توركیا، دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بكرێت ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان لەو دوو وڵاتە بەهۆی هەمواركردنەوەی یاساكانیانەوە روبەڕووی سەركوتكاری ببنەوە.
ئەگەر فینلەنداو سوید ببن بە ئەندامی ناتۆ، كۆتایی بەماوەی زیاتر لە (200 ساڵ) سیاسەتی بێلایەنی سود دێت، بەڵام فینلەندا دوای شكستی سەختی یەكێتی سۆڤیەت لە جەنگی دووەمی جیهاندا سیاسەتی بێلایەنی پەیڕەو كرد.
پاڵپشتی شەقامی فینلەندا بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ لەماوەی ساڵانی رابردوودا لەنێوان 20-25% بوو، بەڵام دوای هێرشی روسیا بۆسەر ئۆكراینا ئاستی پاڵپشتییە میللییەكە بۆ 79% بەرزبووەوە، لە سوید رێژەی 60%ی دانیشتوانی وڵات لەگەڵ ئەوەدابوون جارێكی تر داوای ئەندامبوون لە ناتۆ بكرێت، ئەمەش رێژەیەكی زۆر زیاتر لەوەی بەر لە جەنگ هەبوو.
"دەریاچەی ناتۆ"
فرانك گاردنەر پەیامنێری (بی بی سی) بۆ كاروباری ئەمنی دەڵێ" فینلەنداو سوید دوو دەوڵەتی هاوچەرخی دیموكراتین، ئاڕاستەی خۆرئاواییو سوپای باش راهێنراو و پڕچەكیان هەیە، كە زۆرجار لە بارودۆخە سەختەكاندا لەوپەڕی باكوری ئەوروپا بەكاردەهێنرێن.
"تەنیا بە تەوابوونی ئەندامبونیان، ژمارەی ئەندامانی ناتۆ لەسەر دەریای بەلتیك بۆ هەشت وڵات بەرزدەبێتەوە، ئەمەش بەشێوەیەكی كردەیی وادەكان ئەم ناوچەیە ببێت بە دەریاچەی ناتۆ" ئەمە بەپێی ئەوەی گارنەر دەڵێ.
باسلەوە دەكات" هەردوو دەروازەكەی روسیا لە سان پتریبۆرگو كالینینگراد بەشێوەیەكی زیاتر دادەبڕێن".
سەرچاوە: BBC