لە بزوتنەوەی گۆڕان تەنیا (جەلال محەمەد) دەنگیدا
2022-06-29 14:28:00
(درەو):
فراكسیۆنی گۆڕان تەنیا یەك ئەندامی (جەلال محەمەد) دەنگیدا بۆ هەمواری یاسای نەوتو غاز، ئەمە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی لە تیمی گۆڕان لەناو حكومەت توڕە كردووە.
وەكو تەحەدایەك بۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ بەدەنگی (79) ئەندام، هەمواری یاسای نەوتو غازی پەسەندكرد.
ئەو یاسایەی ئەمڕۆ پەرلەمان هەموارەكەی پەسەندكرد، لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق هەڵوەشاوەتەوەو ئێستا ئەمە بابەتی سەرەكی ناكۆكی نێوان هەولێرو بەغدادە.
فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان كە یەكێكە لە لایەنەكانی پێكهێنەری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تەنیا ئەندامێكی (جەلال محەمەد) دەنگی بە هەموارەكەدا.
گوڵستان محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ سایتی فەرمی حزبەكەی دەڵێ" دەنگمان نەدا بە هەمواری یاسای نەوت و گاز، چونكە ئەو مادەیەی هەموار دەكرا پێویستی بە هەموار نەدەكرد، پێمانوابو كۆمەڵێك بڕگەو مادەی دیكەی نێو یاساكە هەیە كە پێویستی بە هەمواركردنەوە بوو كە بەداخەوە تائێستا بیری لێنەكراوەتەوە".
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان باسلەوە دەكات، ئەوان هەمیشە پێداگر بوون لەسەر یەكێك لە بڕگەو مادەكانی یاساكە كە دروستكردنی سندوقی داهاتە نەوتییەكانە، بەڵام تائێستا حكومەت ئەو سندوقەی دروست نەكردوە، لەكاتێكدا لە هێڵەگشتیەكانی كارنامەی كابینەی نۆی حكومەتدا ئاماژە بەو كراوە لەم كابینەیەدا ئەو سندوقە دروست بكرێت، بۆیە پێمانوابوو زیادكردنی ئەندامێك بۆ ئەو ئەنجومەنە زیادەیەو بابەتی پێویست تر هەیە، بۆیە دەنگمان بە هەموار كردنەكە نەدا".
بزوتنەوەی گۆڕان كە لە پەرلەمان دەنگی بە هەمواری یاسای نەوتو غاز نەدا، لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان پۆستی جێگری سەرۆكی هەیەو لەوێ بەفەرمی هەڵوێستی خۆی دژی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق راگەیاندووە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، هەڵوێستی ئەمڕۆی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمان، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی توڕە كردووەو بە تیمی گۆڕانی لە حكومەت راگەیاندووە" چۆن دەبێت ئێوە لەناو حكومەت پشتیوانی لە هەمواری یاساكە بكەن، بەڵام لەپەرلەمانی دژی بن، هەر نیگەرانییەكتان هەبوو لەبارەی هەموارەكە دەبوو لەناو حكومەت باسی بكەن".