Draw Media

ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت) تورکمانستان وەک کوردستان وڵاتێکە پڕ لە نەوت و گاز، یەکێکە لە دەوڵەمەندترین دەوڵەتەکانی جیهان بە سامانی سروشتیی. دیکتاتۆرە هەزەلییە کۆچکردووەکەی ئەم وڵاتە، سەفەر موراد نیازۆف، بە پێچەوانەی سەرۆکەکانی ئێمەوە لاسایی دوبەی نەدەکردەوە، بەڵکو ویستی خودی خۆی ببێت بە نموونەی لاساییکردنەوە لای دیکتاتۆرەکانی تر. بۆیە لە بیاباندا شارێکی تەواو نوێی لە ئاڵتون و مەرمەر دروستکرد و ناوێکی رۆمانسیشی بەناوی (عیشق ئاباد)ەوە لێنا و کردی بە پایتەختی وڵاتەکەی. ئەم دیکتاتۆرە لەماوەی حوکمڕانییە ڕەهاکەیدا دەستکاریی ژیان و مێژوو و بیرکردنەوە و تام و چێژی خەڵکەکەی کرد. نیازۆف دەستی گەیشتە مانگەکانی ساڵ و ناوی مانگی ئاپریلی لە ساڵنامە لابرد ناوی دایکی لەجێگەی دانا. جگەرەی قەدەغەکرد بۆئەوەی میللەتەکەی تەندروست بژێت. بڕیاری دابوو دەبێت وڵاتەکەی هێندە پاکوتەمیز بێت کە تیایدا هەموو شتێک بریسکە بداتە، بۆ نموونە شەقامەکان و وێستگەی پاسەکان و تەکسی و تەنانەت ئۆتۆمبیلە شەخسییەکانیش بەر ئەم هەڵمەتی پاکوتەمیزییە ڕەهایە کەوتن. ئەم دیکتاتۆرە کتێبێکی بەناوی (ڕوحنامە)وە نووسی کە دەبایە تاک بەتاکی هاوڵاتیانی دەوڵەتەکەی وەک قورئان دەرخی بکەن. گرنگیی و مەترسیی ئەم کتێبە گەیشتە ئەوەی کە هیچ کەسێک مافی وەرگرتنی مۆڵەتی ئۆتۆمبیلی پێنەدەدرا گەر لە تاقیکردنەوەی کتێبەکەی سەرۆک دەرنەچووایە. سەرۆک لە کتێبەکەیدا باس لە داهێنانێکی گەورەی مرۆڤایەتیی دەکات کە لە وڵاتەکەی ئەودا دۆزراوەتەوە ئەویش داهێنانی چەرخە یان دووچەرخەیە و بڕواشی وایە کە تەنها مرۆڤ خاوەن زمان نییە، بەڵکو ئاژەڵان و دارەکانیش زمانی خۆیان هەیە و قسەدەکەن. ئەم دیکتاتۆرە بڕوای وابوو کە خەڵکی وڵاتەکەی هەمووی ئەوەندە تەندروستن پێویستیان بە دکتۆر نییە، بۆیە هەرچی نەخۆشخانە و نۆرینگە و عیادەی دکتۆرەکان هەیە دایخست. ساڵانێکی زۆر ددانی ئاڵتون یەکێک بوو لە دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی تورکمانستان، بەڵام ئەم دیکتاتۆرە زۆر ڕقی لە ددانی ئاڵتونی بوو و ڕای وابوو کە شایستەی تورکمانستەکان نییە، بۆیە ئەویشی قەدەغەکرد. هەر دوای ئەو بڕیارەی سەرۆک ریزگرتن بۆ دەرکردنی دانی ئاڵتوونی لای دکتۆرەکانی دان، بە دەیان مەتر درێژ بوو. ڕوحنامە کتێبێکی ئینسکلۆپیدیایی گشتگیرە و وەڵامی هەموو پرسیارەکانی بەشەرییەتی تێدایە، بۆیە نیازۆف وایدەبینی کە خەڵکی وڵاتەکەی پێویستی بە هیچ کتێبێکی تر نییە بۆئەوەی زانیاری زیاتری دەستبکەوێت. بۆئەم مەبەستەش بە بڕیارێک هەموو کتێبخانە گشتییەکانی داخست و قفڵی لە هەموو دوکانەکانی کتێبفرۆشیی دا. گەورەترین مۆزەخانەی وڵاتەکە مۆزەخانە شەخسییەکەیەتی سەرۆک خۆیەتی کە هەرچی دیاری و شتانە هەیە سەرۆکەکانی دونیا بۆیان هێناوە، لەوێدا نماییشکراون. پەیوەندی ئەم دیکتاتۆرە بە ئایینەوە ناکۆک نییە، نەک لەبەرئەوەی گەورەترین و گرانبەهاترین مزگەوتی لە ئاسیای ناوەڕاستدا لە مەرمەر و ئاڵتون دروستکرد، بەڵکو خۆشی وەک پێغەمبەری نەتەوە و خوداش نماییشدەکات، بۆیە لەبری قورئان دیوارەکانی مزگەوتەکە بە ڕستە بەناوبانگەکانی ناو کتێبەکەی خۆی نەخشێنراون. سەفەر موراد نیازۆف دوای مردنیشی هەر لەو مزگەوتەدا نێژراو ئێستا گۆڕەکەی لە ماڵی خودایە.  دوای مردنی ئەم دیکتاتۆرە هەزەلییە دکتۆرە شەخسییەکەی ددانی، (قوربان قولی بێردی محەمەدۆف) لە هەڵبژاردنێکی نماییشگەرانە بە دەنگی زۆرینە بوو بە سەرۆکی نوێی وڵاتەکە. ئەوەی ئەمیش کردی تەنها گەڕانەوەی ناوی ئەپریل و سێپتێمبەر و کردنەوەی نەخۆشخانە و زانکۆکان بوو. محەمەدۆفیش کەمتر لە نیازۆف هەزەلیی نەبوو، بۆنموونە محەمەدۆف مۆڵەتی شۆڤێری لە ژنان وەرگرتەوە و چیتر بۆیان نەبوو ئۆتۆمبیل لێبخوڕن، چونکە بۆی دەرکەوتبوو کە نیوەی ئەو رووداوانەی هاتوچۆ لە وڵاتەکەیدا هەیە ژنان لێى بەرپرسیارن، یان تەنها رێگەی بە ئۆتۆمبیلی ڕەنگکراوە (فاتح) دەدا و خواردان و بەنزین و دەرمان و خوێی بۆ ماوەیەک بە خۆڕایی بەسەر دانیشتوانەکەی دابەشدەکرد.  ئەم دەوڵەتە گەرچی چوارەم دەوڵەمەندترین دەوڵەتی جیهانە لەرووی گازەوە و نەوتێکی زۆریش بەرهەمدەهێنێت، بەڵام خەڵکی وڵاتەکەی لە هەژارییدا دەژین و شتێک نییە ناوی ئۆپۆزیسیۆن بێت. هەرکەسێک پێچەوانەی سەرۆک و دەوڵەت و نەتەوەکەی قسەبکات و چالاکبێت، یان لە زیندان گیری دەکەن یان دەبێت بەنهێنیی هەڵبێت و وڵاتەکەی بەجێبهێڵێت. کوردستانیش وەک تورکمانستان وڵاتێکە پڕ لە نەوت و گاز و هەژاریی، چەند زۆنێکی جوگرافییە پڕ لە دیکتاتۆری بچوک و گەورە و چەند خێزانێکی سیاسییشە پڕ لە خەونی دروستکردنی کولتووری براگەورە. ئەوەی وای لێکردم ئەم دیکتاتۆرە هەزەلییەم بیربکەێتەوە قسەکانی دوێنێی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بوو. مەسرو بارزانی لەسەروبەندی کۆچی بەکۆمەڵی هاونیشتیمانیانی وڵاتەکەیدا کە بووە بە هەواڵی ژمارە یەکی هەموو میدیاکانی جیهان، گوتی: „ئێوە خاوەنی ئەو وڵاتەن خەڵکی تر خاوەنی نییە، وڵات هی کەس نییە هی ئێوەیە، بۆ کوێ دەچن؟ داهاتووی ئەو وڵاتە ئێوەن، سەرکردەی ئایندەی ئەم وڵاتە ئێوەن، هیچ وڵاتێک ناگاتە وڵاتی خۆت، دەبێت وەکو دایک وڵاتەکەمان خۆشبوێت“. ئەم داوایەی مەسرور بارزانی چەند قەناعەتی بە زۆرینەی دەنگدەرانی ناڕازیی لە سیستەمە سیاسییەکە هێنا کە بایکۆتی دەنگدان نەکەن، زۆر کەمتر لای کۆچکردوانی ناڕازیی لە ژیان و گوزەرانی هەرێمەکەی سەرۆک، گوێگر دەدۆزێتەوە. سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی هەموو حیزبەکان دەبێت ئەو ڕاستییە باش بزانن کە ئەم کۆڕەوە ریفراندۆمێکی نوێی خەڵکی مەدەنیی هەرێمی کوردستانە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییان لە مۆدێڵی سوڵتانییانەی حوکمڕانیی و نادادی کۆمەڵایەتیی و خنکاندنی ئازادیی و مافی ڕادەربڕین. ئەم کۆچە بەکۆمەڵە ریفراندۆمی دەنگە ناڕازییەکانە بە گوتنی نەخێرێکی گەورە بۆ شەخسی سەرۆکەکان و حیزب و سیستەمە سوڵتانییەکەیان کە بە شێوەیەکی ویراسیی تەنها خۆیان و خێزانە سیاسییەکەیان و خزم و کەسوکار و رۆبۆتە عەسکەریی و فیکریی و میدیاییەکانی حیزبەکانیان لە داهات و سامانی وڵاتەکە سودمەندن. سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیران کە لای ئەندامانی حیزبەکەی بە براگەورە ناسراوە و سەرۆکی هەموو خێزانە سیاسییەکانی تریش، چیتر ناتوانن ئەو ڕاستییە بشارنەوە کە چ سیستەمە سیاسییەکەی و چ حکومەتەکەی هەرێمی کوردستان هەم لە ناوەوە و هەم لە دەرەوە وێنەیەکی زۆر بەد و ناشیرینی بۆ دروستبووە و چیدی واقیعی هەرێمی کوردستان و لێدوانی بێسەروبەری سیاسەتمەدارەکانی وەک دەوڵەتی تورکمانستان و قسە و کردە هەزەلییەکانی سەرۆکە دیکتاتۆرەکانی دەبینرێت و هەڵدەسەنگێنرێت.  


(درەو):  بەناوی خوێی پیشەسازییەوە خوێ لە دەروازەكانەوە هاوردەی ناو هەرێم دەكرێت‌و دواتر وەكو خوێی خواردن دەخرێتە بازاڕەكانەوە. لە مەرزەكانی (پشتە‌و تەوێڵە)وە رۆژانە نزیكەی (15 بۆ 20) بارهەڵگر (خوێ) بەبێ وەرگرتنی هیچ جۆرە باجێك هاوردەی ناو هەرێمی كوردستان دەكرێت، ئەم خوێیە لە پێناسی گومرگیدا ناوی لێنراوە "خوێی پیشەسازی" واتە بۆ خواردن نەشیاوە. بەڵام بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، ئەم خوێیە كە بەناوی خوێی پیشەسازییەوە داخڵ دەكرێت، دواتر لە ژمارەیەك كارگە لە هەولێرو سلێمانی لە كیس‌و قتوو دەكرێن‌و بەناوی خوێی شیاو بۆ خواردن لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا ساغ دەكرێنەوە.  بۆ داخڵكردنی ئەم خوێیە بۆ ناو هەرێمی كوردستان، دەستكاری پێناسی گومرگری كراوە لە بەرژەوەندی ئەو بازرگانانەی خوێیەكە داخڵ دەكەن، پێشتر لە پێناسی گومرگیدا سێ جۆر خوێ هەبووە كە بریتی بوون لە (خوێی شیاو بۆ خواردن، خوێن نەشیاو بۆ خواردن، خوێی پیشەسازی)، بەڵام دواتر لە پێناسی گومرگیدا ئەم سێ جۆرە كراوە بە دوو جۆرەو (خوێی پیشەسازی و خوێی نەشیاو بۆ خواردن) كراوە بە یەك جۆر بۆ ئەوەی داشكانی گومرگیی بۆ بكرێت.  ئێستا لە پێناسی گومرگی هەرێمدا جۆری ئەو خوێیانەی كە داخڵ دەكرێن دابەشكراون بۆ (2) جۆر خوێ كە بریتین لە (خوێی پیشەسازی)‌و (خوێی شیاو بۆ خواردن)، جۆری یەكەم كە خوێی پیشەسازییە بەخشینی گومرگری بۆ كراوە، چونكە ئەو بابەتانەی بۆ خواردنن بەخشینی گومرگی نایانگرێتەوە، واتە ئەم خوێیە بەناوی خواردنەوە داخڵی هەرێم ناكرێت، بەڵام دواتر بۆ خواردن دەخرێتە بازاڕەوە. خوێی پیشەسازی كە بەخشینی گومرگی بۆ كراوە، بۆ بوارەكانی پیشەسازی نەوت‌و خۆشكردنی پێستە بەكاردەهێنرێت، بەڵام كاتێك خوێنە دێتە ناو هەرێمی كوردستان، دابەشدەكرێت بەسەر چەند كارگەیەكدا لەناو سلێمانی‌و قەزای سەیدسادق‌و لە هەولێریش چەند كارگەیەك هەیە، ئەم كارگانە (یۆد) دەكەنە ناو خوێ پیشەسازییەكە‌و لە كیسی دەكەن‌و رەوانەی ناو بازاڕەكانی دەكەن.  (درەو) زانیویەتی، تیمی چاودێری گومرگی لە سلێمانی لە نەخۆشخانە پشكنینیان بۆ ئەو خوێیە كردووە كە لەم كارگانەوە رەوانەی بازاڕەكان دەكرێن، هیچیان لە پشكنین دەرنەچوون‌و بۆ خواردن شیاو نەبوون، بەڵام بەرپرسانی گومرگ هێشتا نایانەوێت رێگری لەم كارە بكەن كە مەترسی لەسەر تەندروستی گشتی دروست دەكات.  سەرچاوە تەندروستییەكان دەڵێن ئەم جۆرە خوێیە كە ناشیاوە بۆ خواردن كێشە بۆ (غودە) دروست دەكات، سەرباری ئەمە داخڵكردنی ئەم خوێیە بەمشێوەیە، بەگوێرەی خەمڵانی ئەوانەی نزیكن لە كارەكەوە، مانگانە نزیكەی (360 ملیۆن) دینار زیان لەم بوارەدا بە داهاتەكانی حكومەتی هەرێم دەگات.    


درەو: لەدوای بونیادنانەوەی عێراقی نوێوە, پێکهێنانی حکومەتە یەک لەداوای یەکانی عێراق لە دەرەوەی خواستی دەنگدەران و دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان پێکهێنراوە، گەورەترین قۆسپ و لەمپەرەکانیش بریتبوونە لە بەشبەشێنەی تائیفی و دەستێوەردانی دەرەکی و ڕازیکردنی لایەنە سیاسییەکان بە پێکێنانی حکومەتی بنکە فراوان و بەشدارپێکردنیان لە کێکێکی دەسەڵات و بەکارهێنانی هێزی چەک و پارە... ئەنجامی هەڵبژاردن 1.    کوتلەی سەدر کە موقتەدا صەدر سەركردایەتی دەكات پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە بە بردنەوەی (73) كورسی. 2.    لە پلەی دووەمدا هاوپەیمانی (تەقەدوم) بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی دێت بە بەدەستھێنانی (37) كورسی.  3.    (دەوڵەتی قانون) بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی بە پلەی سێیەم دێت كە (34) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 4.    پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی (32) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 5.    کوتلەی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر (20) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 6.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەگەرچی لە هاوپەیمانیدا بوو لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بەڵام بەتەنها (17) کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 7.    هاوپەیمانی فەتح کە ڕابەرایەتی باڵی ساسی حەشدی شەعبی دەکات لە عێراقدا بە سەرۆکایەتی هادی عامری، وەک لایەنێکی دۆڕای هەڵبژاردن دێتە هەژمار  تەنها (16) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 8.    حەرەکەی ئیمتیداد بە سەرۆکایەتی عەلا رەکابی (10) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 9.    جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە سەرۆکایەتی شاسوار عەبدولواحید (9) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 10.    ئەشراقی کانون (6) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 11.    یەکگرتووی ئیسلامی بە ڕابەرایەتی سەلاحەدین بەهادین (4) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 12.    هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەت بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم و هاوپەیمانی حەیدەر عەبادی (4) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 13.    کوتلەی بابلیون (4) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 14.    کوتلەی تەسمیم (3) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 15.    سەرجەم لایەنەکانی دیکە بە کاندیدە سەربەخۆکانیشەوە (51) كورسی گشتی  پەرلەمانیان بەدەستهێناوە. 16.    پێکهاتەکانیش (9) كورسی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە. ئەوەی تێبینی دەكرێت لەم هەڵبژاردنەدا پێکهاتەکانی شیعە و سونەو کورد دابەشبوونی قوڵ لە نێوانیاندایە و شیعەکان بە زیاتر لە چوار هاوپەیمانی و سونەکانی بە دوو هاوپەیمانی کورد بە پەرتەوازەیی بەشداری هەڵبژاردنەكانیان كردووە. ئەم دابەشكاریە لە نێوان لایەنەكان بەگشتی بووە بەهۆی ئەوەی هیچ لایەن و هاوپەیمانێتییەک نەتوانێت بەتەنها  دەنگی پێویست بهێنت بۆ پێكهێنانی حكومەت.  ڕێ و شوێنە دەستوری و یاسایەكانی پێكهێنانی حكومەت لە عێراق بەپێی دەستوری هەمیشەیی عێراق 2005، لە مادەی (76)دا کە ڕێوشوێنە دەستوریەكانی پێكهێنانی حكومەتی عێراق دەستنیشان کردووەو تێیدا هاتووە: یەکەم: سەرۆک کۆمار کاندیدی ئەو فراکسیۆنە پەرلەمانیەی زۆرترین ئەندامی هەیە ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی وەزیران لەماوەی پازدە ڕۆژ لە بەرواری هەڵبژاردنی بە سەرۆک کۆمار. دووەم: سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو ناوی وەزیرەکان دیاریدەکات لەماوەیەکی دیاریکراودا بەمەرجێک لە سی ڕۆژ تێپەڕ نەکات لەبەرواری ڕاسپاردنیەوە.  سێیەم: ئەگەر سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو نەیتوانی لەو ماوە دیاریکراوەی لە بەندی دووەمی ئەم مادەیەدا ئاماژەی پێکراوە حکومەت پێک بهێنێت، ئەوا سەرۆک کۆمار کەسێکی تر ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی وەزیران لەماوەی پازدە ڕۆژدا. چوارەم: سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپێردراو ناوی وەزیرەکان و بەرنامەی حکومەت دەخاتە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران. پاش ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەی ڕەها ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر یەکە بە یەکەی وەزیرەکان و بەرنامەی حکومەت، ئەوە مانای ئەوەیە متمانە دراوەتە ئەنجومەنی وەزیران. پێنجەم: ئەگەر متمانە نەدرا بە حکومەت، ئەوا لەماوەی پازدە ڕۆژدا سەرۆک کۆمار کەسێکی تر ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت. بەپێی ئەم ڕێ و شوێنە دەستوریانە بێت دەبێت (کوتلەی سەدر) بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر كە زۆرترین كورسی پەرلەمانی بردووەتەوە ڕابسپێرێت لە لایەن سەرۆك كۆمارەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، بەڵام لە بواری كرداریدا کوتلەی سەدر ئەگەرچی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە وەك گەورەترین هاوپەیمانی دانانرێت، چونکە بەپێی تەفسیری دادگای باڵای عێراق لە ساڵی 2010 بۆ بڕگەی یەكەمی مادەی (76) هاتبوو.  دادگای باڵای عێراقی لەسەر بنەمای داوایەکی لیستەکەی نوری مالیکی چەند ڕۆژێک پێش ڕاگەیاندنی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی 2010، ڕاگەیاند "گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی ئەرکی پێکهێنانی حکومەتی پێدەسپێرێت دەکرێت هاوپەیمانی ئینتیخابی بێت یان هاوپەیمانیەک بێت کە دوای هەڵبژاردن دروست دەکرێت". ئەم تەفسیرە ڕێگەی خۆشکرد بۆ مالیکی کە براوەی دووەمی هەڵبژاردنەکان بوو بە (89) کورسی لە دوای لیستی عێراقیە دەهات کە (92) کورسی پەرلەمانی هەبوو بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی، هەربۆیە مالیكی بە بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتیمانی شیعە لە دوای هەڵبژاردنەكان نەیهێشت لیستەكەی عەلاوی حكومەتی عێراق پێكبهێنێت. لەبەرئەوە مالیكی لەسەر بنەمای تەفسیرەكەی دادگای باڵای عێراق بۆ بڕگەی یەكی مادەی (76) توانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی دروست بكات لە دوای هەڵبژاردنەكان لەكاتێكدا براوەی دووەم بوو بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكانی 2010.   ئەم لێكدانەوەی دادگای فیدراڵی بۆ ئێستاش ڕاستەو ئەگەر چی بەپێی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە 10/10/2021 کوتلەی سەدر بە بردنەوەی (72) کوردسی لە پێشەوەی هەموو لایەنەکانە بەڵام بەم دەرەنجامە ناتوانێت گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی دروست بکات کە پێویستی بە (165) دەنگی نێو پەرلەمانی عێراق هەیە هەر بۆیە دەکرێت جگە لە (کوتلەی سەدر) هەرهێزێکی دیکە ئەو ژمارە دەنگە کۆبکاتەوە لە پەرلەمان ڕادەستپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت. بەڵام پێشهاتێکی نوێی یاسایی هاتووەتە پێشوو بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە (9)ی 2020 لە ماددەی (45)دا هاتووە "هیچ ئەندامێکی پەرلەمان یان حیزب یان قەوارەیەکی تۆمارکراو بە لیستی کراوەو براوەی هەڵبژاردنەکان مافی ئەوەی نییە پێش پێکهێنانی حکومەت و دوای هەڵبژاردنەکان ڕاستەوخۆ بچێتە پاڵ هاوپەیمانێتییەک یان حیزب یان قەوارەیەک یان لیستێکی دیکەوە، ئەمە ڕێگر نیە لەبەردەم قەوارەی کراوەو قەوارەی تاکەکەسی، کە لەپێش هەڵبژاردن تۆمار کراون، لەدوای هەڵبژاردن هاوپەیمانێتی لەگەڵ لیستەکانی دیکەدا پێکبهێنن". لەگەڵ ئەوەی ئەم دەقە گفتوگۆیەکی لای یاساناسان دروستکردووە بەڵام بەشێک لە شارەزایان پێیان وایە ئەمە بۆ کەموکورتی یاسای هەڵبژاردن دەگەڕێتەوەو ئەم دەقە پێچەوانەی دەستوورە، بۆیە ئەولەوییەت بۆ جێبەجێکردنی دەستوورە. هەڵبژاردن لە دۆڵێک و پێکهێنانی حکومەت لە دۆڵێکی تر بەشێوەیەکی گشتی یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی هەڵبژاردن لە پرۆسەی دیموکراسیدا گۆڕانکاری و هێنانە پێشەوەی خوێن و بیر و تواناو لێهاتوویی نوێیە، بۆ نێو پرۆسەی سیاسی و حکومڕانی کە دەرەنجامەکەی لە پەرلەمان و پێکهێنانی کابیەنەی نوێ حکومەتدا ڕەنگدەداتەوە، بەڵام لە عێراقدا بەردەوام دەنگی خەڵک و هەڵبژاردن لە دۆڵیک و پروسەی پێکهێنانی حکومەت و کابینەکان حکومەت لە دۆڵێکی تربوون، زۆرینەی جار براوەکانی هەڵبژادن حکومەتیان پێکنەهێناوەو کەمینەکانیش نەیانتووانیەوە ببن بە ئۆپۆزسیۆن، نەک تەنها ئۆپۆزسیۆن لەدەرەوەی حکومەت بەڵکو ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانیش دروست نەبووە، کە ئەمەش لە بەهای پەرلەمان کەمدەکاتەوە بەتایبەت لە ڕووی چاودێری و ئەدائی حکومەتی عێراق. بۆیە بەشێک لە چاودێران پێیان وایە کابینە وزارییەکانی عێراق نوێنەرایەتی هاوڵاتیانی وڵات ناکات و نەیکردووە، هۆکارەکەی دەگێڕنەوە بۆ لاوازی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەشێکی دیکەشیان ئاماژە بۆ قۆرت و لەمپەری گەورەتر دەدەن، کە سەرەتاکەی دەگێڕنەوە بۆ سەردەمی بونیادناوەی عێراقی پاش 2003، گرنگترین ئەو ئاستەنگانەش بریتین لە؛ یەکەم: بەش بەشێنەی تائیفی و پێکهاتەیی: بەش بەشێنەی سیاسی جیاوازە لە بەش بەشێنەی تائیفی، چونکە ئەوەی یەکەمیان گوزارشتە لە ئەنجامی هەڵبژاردن و خواستی دەنگدەران و ئەوی دووەمیان پەیوەندیدارە بە پێکهاتەکانەوە، بۆیە ئەگەر گریمان یەکێک لە پێکهاتەکان بایکۆتی پرۆسەی سیاسی دەکەن یان نوێنەریان بەشدار نەبێت لە حکومەتی عێراقدا، ئەوا هیچ کات نوێنەری پێکهاتەکانی دیکە لە حکومەتدا گوزارشت لەو پێکهاتەیە ناکات و نابنە نوێنەری عێراقییەکان (باشترین نمونەش ئەو بایکۆتە بوو کە سونەکان لە ساڵی 2005 کردیان و جارێکی دیکە ئەو ژەهرە ناخۆنەوە)، بەمانایەکی دیکە پێکهاتەی شیعە لەگەڵ ئەوەی گەورەترین پێهاتەی عێراقە بەڵام نوێنەریان نانێرنە حکومەت و دامەزراوە سیادییەکان ئەگەر لەسەربنەمای گوێرایەڵی و دڵسۆزی بۆ خزمەتی پرۆژەی تائیفی و پێکهاتەی شیعە نەبێت لە عێراقدا.  دووەم: دەستتێوەردانی دەرەکی: لەگەڵ ئەوەی هەڵبژادنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەکاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت و لیست و کوتکە و پارت و قەوارە سیاسییەکان بەشداری دەکەن و بەشێکیان دەیبەنەوەو بەشێکیشیان دەدۆڕێن یان پاشەکشە دەکەن لە کورسییەکانیان، بەڵام پێکهێنانی کابینە حکومییەکان هەرگیز لەلایەن براوەکانی هەڵبژاردنەوە پێکنەهێنراوە، ئەگەر هەردوو لایەنی ئێرانی و ئەمریکی ڕەزامەند نەبووبن، یان کەسانێک سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردووە کەمەترین کورسی پەرلەمانیان هەبووە. بۆ نیشاندانی ئەم ڕاستییەش دەرەنجامی هەڵبژاردنی 2010 بردنەوەی لیستی عێراقییە بوو بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەلاوی، بەڵام نوری مالیکی حکومەتی پێکهێنا. هەروەها لە ساڵی 2014 دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی براوەی هەڵبژاردن بوو کەچی حەیدەر عەبادی حکومەتی دروستکرد. بەهەمان شێوە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 هاوپەیمانی سائیرون بەسەرۆکایەتی موقتەدا سەدر براوەی یەکەم بوو، بە دەستێوەردانی دەرەکی عادل عەبدولمەهدی کرا بە سەرۆک وەزیران و دوای لابردنی ئەویش مستەفا کازمیان هێنا کە خاوەنی هیچ کوتلەیەکی پەرلەمانی ئەوتۆ نەبوون لە ئەنجومەنی نوێنەران.   سێیەم: دروستکردنی حکومەتی بنکەفراوان: لەپاش پرۆسەی ئازدای عێراقەوە بە بیانووی سازان تەوافوقەوە حکومەتیان لەسەر کۆمەڵێک بنەماو هۆکار دامەزراندووە، بۆ نمونە لە ساڵی 2005 ەوە پۆستی سەرۆک وەزیران لای پێکهاتەی شیعەو سەرۆکی پەرلەمان لای پێکهاتی سونەو سەرۆک کۆمار لای پێکهاتەی کورد بووە.  سەرەڕای ئەودابەشکرییە پێش وەختەی پۆستە سیادییەکان، سەرباری ئەوەش لایەنە سیاسییەکانی عێراق، حکومەت وەک کێکێکی گەورە دەبینن و هەوڵەکانیان بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین کورسی پەرلەمانیە لەپێناو دەستڕاگەیشتن بەو کێکی حکومەتە، جا باجەکەی هەرچییەک بێت و بەبێ لەبەچاوگرتنی ئەوەی کێ سەرۆک وەزیرانەو بەرنامەی حکومەت چییە و چی تێدایە بۆ خەڵک و هاوڵاتیان و دەنگدەرانی عێراقی. (بۆ نمونە ئیسلامییەک ڕازییە لە حکومەتێکدا بێت سەرۆکەی شیوعی بێت بەرنامەی حکومەت لەسەر بنەمای تیۆرە مارکسییەکان بێت یان هەر بەرنامەیەکی شیوعیانەبێت. هەر وەک چۆ شیوعییەک بەشداری لە حکومەتێک دەکات کە سەرۆکەکەی تائیفییەکی ئیسلامی بێت و بەرنامەکەی بەرنامەیەکی تائیفی بێت) هەر بەم بۆنەیەشەوە هەر لەسەرەتاوە حکومەتێک دروست دەبێت لەناوخۆیدا پڕە لە دژیەکی لەڕووی فیکر و سلوکی سیاسییەوە. تەنها خاڵێک کۆیان بکاتەوە کێکی حکومەت و هاوبەشییە لە گەندەڵیدا. نوێترین پێشهات و زیندووترین نمونەش لەم بارەیەوە بە ئامانج گرتن و موشک بارانکردنی ماڵی (سەرۆک وەزیرانی عێراق – مستەفا کازمی) یە لە 7/11/2021، کە تا ئێستا پەنجەی تۆمەت ڕووی لە دۆڕاوەکانی هەڵبژاردنی 10/10/2021 ەوە، هێزە دۆڕاوەکان ئەوەیان پێ قبوڵ ناکرێت لەو کێکی حکومەتە بێبەش بن و ملی ئۆپۆزسیۆنی بگرن. چوارەم: مەرجەعەیەتی ئاینی: لەگەڵ ئەوەی سیستمی سیاسی لە عێراقدا سیستمێکی پەرلەمانییە، بەڵام سیستمی تائیفی و دینی تێدا سیستمێکی زاڵە، ئەم سیستمە ئاینی و مەرجەعییە لە عێراقدا بووە بە هێڵی  سورو ڕێگە بەهیچ کەس نادرێت پۆستی حکومی بەتایبەت پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وەربگرێت تەنانەت زۆرترین دەنگی خەڵک و زۆرترین دەنگی پەرلەمانتارانی ئەنجومەنی نوێنەرانیش بەدەست بهێنێت ئەگەر پاڵپشتی مەرجەعییەت بەدەست نەهێنێت. بۆیە هۆکاری ئاینی یەکێکە لە هۆکارەکانی سەرەکییەکان لە پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کێ دۆڕاوو کێ براوەی هەڵبژاردنە. ئەمەش ڕاستییەکی ئاشکراو ڕوونە بۆ ئەوانەی چاودێری دۆخی عێراق دەکەن و بەهیچ شێوەیەک نکۆڵی لەم هۆکارە ناکرێت. پێجەم: هێز: لەپاڵ ئەو هۆکارانەی سەرەوە چەند هۆکارێکی دیکەش پەیوەندیدارن بە شێوازی پێکهێنانی حکومەتەوە لە عێراق، یەکێک لەو هۆکارانەش بوونی هێزی چەک و پارەیە لای بەشێک لە حیزبە سیاسییەکان، جا بەشداریپێکردنیان بێت بە زەبری هێزی یان کڕین و فرۆشتن بێت بە پۆست و پلە باڵاکانی دەوڵەتەوە.   سەرچاوەکان -    دەستوری هەمیشەیی عێراق. -    کومسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئەنجامی بەرایی هەلبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. -    یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە (9)ی ساڵی 2020. -    حسین صالح السبعاوی، تداعیات تشكیل الحكومە العراقیە؛ https://rasammerkezi.com/estimate-position/9289/ -    الكتلە اڵاكبر فی البرلمان العراقی.. جدل قانونی وصراع سیاسی؛ https://www.skynewsarabia.com/middle-east/1471173-%D8%A7%D9%84%D9%83%D8%AA%D9%84%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D9%94%D9%83%D8%A8%D8%B1--%D8%A7%D9%84%D8%A8%D8%B1%D9%84%D9%85%D8%A7%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82%D9%8A-%D8%AC%D8%AF%D9%84-%D9%82%D8%A7%D9%86%D9%88%D9%86%D9%8A-%D9%88%D8%B5%D8%B1%D8%A7%D8%B9-%D8%B3%D9%8A%D8%A7%D8%B3%D9%8A  


مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکانی ناو فیکری ژنە فەیەلەسوفی ئەڵمانی ھانا ئارێنت چەمکی لەدایکبوونە، Natality، لەدایکبوون وەک ھاتنەناو جیھانەوە. لای ئەم ژنە فەیلەسوفە، لەدایکبوون ھەڵگەری ئەگەری دروستکردنی ”سەرەتای تازە“یە. چەمکی ”لەدایکبوون“ پێچەوانەی چەمکی مردنە کە ھێما بۆ بەجێھیشتنی جیھان دەکات. لەدایکبوون ھاتن و دەرکەوتنە لە جیھاندا، مردن نەمان و بزربوونە لە جیھان. چەمکی ”لەدایکبوون“، ھاوشێوەی ھەندێک لە چەمکە سەرەکییەکانی ناو فیکری ئەم فەیلەسوفە، چەمکێکی سەرەکیی و بنەڕەتییە، ھیچی لە چەمکە سەرەکییەکانی تری ناو فیکری ھانا ئارێنت کەمتر نییە، لەوانەش بۆ نموونە چەمکەکانی ”پلورالبوون و فرەیی مرۆڤەکان“، ”ناڕادیکاڵبوونی خراپەکاریی“، ”کردەی کۆنکریت“ و ”خۆشویستنی جیھان“. لە ڕاستیدا ھەندێک لە ئارێنتناسەکان پێیان وایە گرنگترین چەمکێک بیرکردنەوەی ئەم ژنە فەیلەسوفەی سەدەی بیستەمی پێنباسرێتەوە، چەمکی ”لەدایکبوون“ و ھاتنە ناو جیھانە.  لەدایکبوون و ھاتنە ناو جیھان لای ئارێنت سەرچاوەی تواناکانی مرۆڤ بۆئەوەی شتێکی تازە ڕووبدات، سەرلەنوێ دەستپێبکرێتەوە و سەرەتایەکی تازە دروستبکرێت، دەست بەشتێک بکرێت جیاواز لەوەی کە ھەیە و دروستکراوە. ئەمەش مانای توانای دەرچوون لە دۆخی ئێستا و دروستکردنی ژینگەیەکی تازە، مانای توانای دەستپێشخەریکردن و بەگژاچوونەوەی دۆخی باڵادەست لە ئێستادا، گۆڕینی ئەوەی خو بە دروستکردنییەوە گیراوە بەوشێوەیەی کە ھەیە و لە ئاردایە. مانای تێپەڕاندنی عورف و عادەت و دروستکردنی دۆخێکی ئینسانیی و مێژوویی نوێ. لەم ڕووەوە ئارێنت دووجۆر ھەڵسوکەوتی ئینسانی لەیەکتری جیادەکاتەوە: یەکەمیان ناودەنێت ”کردە“، دووھەمیشیان ”ڕەفتار“. کردە توانای دەستپێشخەریی و دروستکردنی شتێکی تازەیە. ڕەفتاریش بەردەوامیدانە بەو جۆرە ژیانەی کە ھەیە و دروستکراوە. ئەو خاڵەی ئارنێت جەغتی لێدەکات ئەوەیە تەنھا مرۆڤ توانای ئەنجامدانی کردەی ھەیە، واتە توانای دەستپێشخەریکردن و دروستکردنی  شتێکی تازەیەی ھەیە، نە ئاژەڵ و نە خوداکان ئەم توانایەیان نییە. بنیادنانی ”سەرەتای تازە“ توانای ھەرە سەرەکیی و بنەڕەتیی مرۆڤیشە وەک مرۆڤ. لە ھەموو فیکری ئارێنتدا تەنھا باس لە بوونی یەک ”جەوھەر“ دەکرێت، ئەویش ئەم توانا ئینسانییەی تازەکردنەوە و گۆڕینی ئەو جیھانەیە کە  لە ئێستادا ھەیە و لەئارادایە. ئەگەر بشێت بە ئینسان جەوھەرێک ببەخشرێت، ئەوا ئەو جەوھەرە لای ئارێنت بریتییە لە توانای دەستکردن بە بونیادنانی شتێکی تەواو تازە و ناکۆک بەوەی ھەیە و باڵادەستە. کردەی ئینسانیش دەشێت کردەیەکی جیھانی بێت، دەشێت لە ئاستی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا پیادەبکرێت، دەشێت لە ژیانی شەخسیی و ئەو ژینگە بچووکەشدا ڕووبدات، کە کەسێک لەناویدا دەژیی. ھەموو ئەم شتانە قابیلی دەسکاریکردن و گۆڕانکارین.   ئەم توانای دەسکاریکردنەش وەک ئەگەرێک لەگەڵ لەدایکبوونی ھەر مرۆڤێکدا لەدایکدەبێت. ئارێنت لەڕێگای ئەم توانا ئینسانییە تایبەتەوە، کە گرێدراوە بە لەدایکبوون و ھاتنی مرۆڤەوە بۆناو جیھان، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان کردەی لەدایکبوون و توانا سیاسییەکانی مرۆڤدا پێشنیاردەکات. سیاسەت وەک کردەی ھاوبەش و پێکەوەیی مرۆڤەکان بۆ دروستکردنی ژیانێکی ھاوبەشی ھێمن و قابیلی قبووڵکردن. بەم مانایە ئارێنت  پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان دیاردەی سروشتیی لەدایکبوونی مرۆڤ و ئەگەری ھاتنەکایەی کردەی سیاسیی گۆڕانکاردا، پێشنیاردەکات. بەڵام ئەگەرچی توانای دەسکاریکردن و دروستکردنی ”سەرەتای تازە“ لای ئارێنت ”جەوھەر“ی مرۆڤ دەستنیشاندەکات، بەڵام مەرج نییە مرۆڤەکان ئەم توانایە بخەنەکار و جیھانی دەوروبەریان بگۆڕن. ئەوان دەشێت لە باتی ”کردە“یەک کە جیھانێکی نوێ دروستدەکات، لەناو ئەو ”ڕەفتار“انەدا بمێننەوە کە جیھان بەوجۆرەی ھەیە و دروستکراوە قبووڵبکات و نەیگۆڕێت. ئەوەی لەم ڕوانینانەی ھانا ئارێنتدا بۆ کۆمەڵگایەکی وەک کۆمەڵگای ئێمە گرنگە، بەگژاچوونەوەی ئەو نائومێدییە گەورە و سیستماتیکییە و ئەو شکستباوەڕییە ھەمەلایەن و خنکێنەرەیە کە ھێزە باڵادەستەکان لە کوردستاندا، دروستیانکردوە. گەڕانەوەی جۆرێکە لە ئومێدا بۆ ئەو ژینگە نائومێد و ھەناسەبڕەی لەئارادایە. وەبیرھێناوەی ئەو ڕاستییە سەرەتایی و سادەیەشە کە مرۆڤەکان دەشێت و دەتوانن دەسکاریی ئەو جیھانەبکەن کە تیایدا دەژین. پێداگرتنیشە لەسەر ئەو ڕاستییەی کە بەشێکی گرنگیی مرۆڤبوونی مرۆڤ پابەستی وەگەڕخستنی ئەو توانا تایبەتەی دەسکاریکردنی جیھانە، کە مرۆڤ لە ئاژەڵ جیادەکاتەوە. وەکچۆن تێگەیشتنیشە لەو ڕاستییە سادەیەی نیشانمانئەدات ئەو دۆخەی ھێزە باڵادەستەکانی کوردستان دروستیانکردوە و سەپاندویانە، دۆخی لە ئینسانخستنی ئینسانە، دۆخی ھەوڵدانێکی بەرنامەبۆدانراو و بەردەوامە بۆ کوشتن و سڕینەوەی توانای دەستپێشخەریکردن لە مرۆڤەکاندا. نمایشکردنی ئەو دۆخەیە کە دروستکراوە وەک قەدەرێکی حەتمیی و تاڵ، کە دەرچوون لێی ناشێ و ناکرێ و مەحاڵە.  بەمەش ناچارکردنی ئینسانی ئێمە بە قبووڵکردنی تاریکبینیی و نائومێدیی وەک دۆخی ئەبەدی کۆمەڵگاکەی.  گەڕانەوە بۆ ئەو دیدانەی ھانا ئارێنت کە باسمکردن، گەڕانەوەیە بۆ سەرەتای سەرەتاکان، بۆ وێنانکردنی مرۆڤ وەک بوونەوەرێک کە دەتوانێت ھەم جیھان و ژینگەکەی بگۆڕێت، ھەم خودی خۆیشی.


راپۆرت: درەو وەفدی پارتی بەر لەوەی بگاتە بەغداد بۆ دانوستان لەبارەی پێکھێنانی حکومەت، سەردانی تارانی کردووەو لەوێ ئیسماعیل قائانی بینیوە، ئێرانییەکان تائێستا بەدیلی باشتر لە بەرھەم ساڵحیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار نەدۆزیوەتەوە، لە کێشەکانی ناو یەکێتی بێئومێدبوون، زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. دانوستانی پێش ئەنجام ھێشتا دادگای فیدراڵی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی پەسەند نەکردووە، لایەنە سیاسییەکان دەستیان بە گفتوگۆی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت کردووە. سەدر ئێوارەی رۆژی پێنج شەممەی رابردوو گەیشتە بەغدادو لەگەڵ محەمەد حەلبوسی سەرۆکی یەکەمین ھێزی براوەی سوننەکان و دووەم گەورە براوەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق کۆبووەوە. دواترو بە جیاجیا لەگەڵ عەممار حەکیم و حەیدەر عەبادی و وەفدی پارتی دیموکراتی کوردستان دیداری کرد، بەڵام ھیچ یەکێک لە ھێزە شیعە ناڕازییەکانی ناو "چوارچێوەی ھەماھەنگی"ی نەبینی، ئەمە لە حاڵێکدایە کوردو سوننە چاوەڕێن سەدر سەرەتا پرسی پێکھێنانی حکومەت و کاندیدی سەرۆک وەزیران لەناو ماڵی شیعەو لەگەڵ ئێرانییەکان یەکلا بکاتەوەو دواتر لەگەڵ ئەماندا دەست بە دانوستان بکات. ئێران ھۆشداری بە پارتی و یەکێتی دەدات ! بەپێی ئەو زانیارییانە کە لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە لەناو پارتی و یەکێتی دەست (درەو) کەوتووە، بەمدواییە وەفدێکی ئێران سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردووەو لەگەڵ پارتی و یەکێتیدا کۆبووەتەوەو داوای لێکردوون پەلە نەکەن لە بڕیاردن بۆ گرێدانی ھاوپەیمانی لەگەڵ ھیچ لایەنێکی شیعەی عێراق، لەمەشدا بە دیاریکراوی مەبەستیان لە موقتەدا سەدر بووە کە وەکو براوەی یەکەمی ھەڵبژاردن دەیەوێت لە دەرەوەی ئیتیفاقی ناو ماڵی شیعە کوتلەی گەورەی ناو پەرلەمانی نوێی عێراق لەگەڵ حەلبوسی و پارتی دیموکراتی کوردستان دروست بکات و بە فەرمی مافی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت وەربگرێت. وەفدی پارتی لە تاران بووە چەند رۆژێکە وەفدێکی پارتی بە سەرۆکایەتی ھۆشیار زێباری بەسەردانێک لە بەغدادەو دەستی بە گفتوگۆکردن کردووە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان. سەرچاوەیەکی باڵا لەناو پارتی بە (درەو)ی راگەیاند، وەفدی پارتی بەر لەوەی سەردانی بەغداد بکات، رۆژی سێ شەممەی رابردوو سەردانی تارانی کردووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، وەفدەکەی پارتی کە سەردانی تارانی کردووە پێکھاتووە لە ھەریەکە لە (ھۆشیار زێباری، فازل میرانی، رێبەر ئەحمەد، پشتیوان سادق)، لەوێ چاویان بە (عەلی شەمخانی) سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و (ئیسماعیل قائانی) فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و وەزیری (ئیتڵاعات) کەوتووە. کابینەی نوێی حکومەت لە عێراق یەکەمین کابینەیە کە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی دروست دەکرێت، یەکڕیزی ماڵی شیعە گەورەترین گرەوە لەبەردەم ئەو تیمە نوێیەی ئێران کە لەدوای کوژرانی قاسم سولەیمانییەوە لە عێراق دەستبەکاربوون، ئەمە لەکاتێکدا روودەدات ئەنجامی ھەڵبژاردن ئەمجارە لە بەرژەوەندی ئەمریکییەکانەو ھێزەکانی نزیک لە ئێران ژمارەی کورسییەکانیان پاشەکشێی گەورەی کردووە، بۆیە رەنگە ئەمجارە ئێرانییەکان لە پێناو دڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ناو ماڵی شیعەی عێراق، فشاری زیاتر لە کوردو سوننە بکەن. ئێران پشتیوانی بەرھەم ساڵح دەکات ! ئێرانییەکان لەکاتێکدا ھێشتا نەیانتوانیوە سەدر لەگەڵ مالیکی و ھادی عامری بگەیەننە رێککەوتن لەسەر یەکلاکردنەوەی کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران، سەرقاڵی یەکلاکردنەوەی کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمارن. بەپێی زانیارییەک کە لە چەند سەرچاوەیەکی باڵاوە لەناو یەکێتی دەست (درەو) کەوتوون، ئێرانییەکان نیگەرانن لە بارودۆخی ئێستای ناو یەکێتی، سەرباری ئەوەی لە کێشەی نێوان ھاوسەرۆکەکاندا پاڵپشتی بافڵ تاڵەبانی دەکەن، بەڵام ناڕازین لە بڕیاری دەرکردنی لاھور شێخ جەنگی لە ریزەکانی یەکێتی. یەکێک لەو بەرپرسانەی بەمدواییە ئێرانییەکانی بینیوە بە (درەو)ی وت، ئێرانییەکان بە ئاشکراو بە ئاگادری پارتی پاڵپشتی لە دانانەوەی بەرھەم ساڵح دەکەن لە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، لەمەش زیاتر ھەوڵیانداوە بەرھەم ساڵح لە کێشەی نێوان لاھور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانیدا بکەن بە سکرتێری یەکێتی، رەنگە ئەمە ھۆکارە سەرەکییەکە بوبێت کە بافڵ تاڵەبانی بۆ رێگریکردن لە سەرکەوتنی بەرھەم ساڵح، بە پەلە بڕیاری دەرکردنی لاھور شێخ جەنگی لە ریزەکانی یەکێتی ئیمزا کردووە. ئەوانەی ئێرانییەکانیان بینیوەو گفتوگۆیان لەگەڵ کردوون دەڵێن ھەردوو خەتی (سوپا)و (ئیتڵاعات) بۆچونیان لەسەر دانانەوەی بەرھەم ساڵح لە پۆستی سەرۆک کۆمار باشە، ھۆکاری ئەمەش بە پلەی یەکەم بۆ خراپی ئەو کەسانە دەگەڕێتەوە لای ئێرانییەکان کە وەکو کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار ناویان دەھێنرێت. بەمدواییە بەرھەم ساڵح دەیەوێت بارودخەکە بەتەواوەتی بۆ خۆی خۆش بکات، نەک ھەر ئێرانییەکان کە ماوەیەکی زۆرە پەیوەندی ژێربەژێری لەگەڵیاندا ھەیە، پارتیش وەکو ھێزی یەکەمی ھەرێمی کوردستان قایل بە دانانەوەی لە پۆستی سەرۆک کۆمار بکات. بەپێچەوانەی ئەوەی چاوەڕوان دەکرا مەسعود بارزانی ئەمجارە تۆڵەی گەمەی ٢٠١٨ی لێ بکاتەوە کە لە دەرەوی رێککەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی پۆستی سەرۆک کۆماری وەرگرت، وا دەردەکەوێت بەم سەردانانەی ئەمدواییە بۆ ھەولێر کردویەتی، بەرھەم ساڵح تاڕادەیەک بارزانی قایل کردبێت. ئەمڕۆ وەفدی پارتی کە ھۆشیار زێباری سەرۆکایەتی دەکات، بەپێچەوانەی سەردانەکەی پێشتر بۆ بەغداد، سەردانی بەرھەم ساڵحی کرد، پارتی چاوی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار بوو لە یەکێتی، بەڵام (درەو) زانیویەتی ئێرانییەکان پەیامیان بە پارتی داوە کە پۆستی سەرۆک کۆمار ھێشتا ھەر پشکی یەکێتی و لای یەکێتی دەمێنێتەوە، بەڵام پارتی دەتوانێت قسەی لەسەر کاندیدەکە ھەبێت. لەناو یەکێتیش رەنگە کوڕانی تاڵەبانی بۆ دورخستنەوەی لە کاروباری حزبی و خۆلادان لە فشارەکانی ئێران، قایل ببنەوە بە دانانەوەی بەرھەم ساڵح لە پۆستی سەرۆک کۆمار، بەتایبەتی ئەگەر ئێرانییەکان لە چەند رۆژی داھاتوودا بەدیلی باشتر لە بەرھەم ساڵحیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەست نەکەوێت.


راپۆرت: درەو نزیكەی چوار دەیە لەمەوبەر خڕی ناوزەنگ پێی دەوترا "دۆڵی ئەحزاب"، هەر حزبێك خێمەیەكی لە دۆڵەكەدا هەڵدابوو، ئەم رۆژانە سلێمانی خەریكە دەبێتەوە بۆ دۆڵی ئەحزاب، بەڵام لەبری خێمە  ئەمجارە بارەگای نوێ دروست دەكرێت، لەناو یەكێتی‌و گۆڕان‌و شەقامی ناڕەزاییەوە هەوڵی دامەزراندنی چەند حزبێكی سیاسی نوێ دەستیپێكردووە، لەكاتێكدا لەدواین هەڵبژاردندا تەنیا 27%ی دەنگدەرانی سلێمانی دەنگیان بە حزبەكان داوە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدایە. دۆڵی ئەحزاب كۆتایی حەفتاكان‌و سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردوو، كە خومەینی لە ئێران جیهادی دژی كورد راگەیاند، ناوچە سنورییەكانی نێوان باشوور‌و رۆژهەڵاتی كوردستان بوو بە شوێنی كۆبونەوەی بارەگای حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی رۆژهەڵات‌و باشوورو تەنانەت باكوری كوردستانیش. ئەم ناوچەیە ئەو سەردەمە ناوی لێنرابوو "دۆڵی ئەحزاب"، ئەم دۆڵە لە "توژەڵە"و درێژ دەبووەوە بۆ ناوزەنگ‌و زەڵێ‌و شێنێ، حزبەكان لەم دۆڵەدا‌و لە نزیك یەكتر هەریەكەیان خێمەیەكیان هەڵدابوو، ئەم دۆڵە ناوچەی رزگاركراوی باشوری كوردستان بوو، یەكێتی نیشتمانی کوردستان تێیدا باڵادەست بوو. مام جەلال هەموو دۆستەكانی خۆی لە عێراق‌و رۆژهەڵاتی كوردستان بانگهێشتی ئەم دۆڵە كرد، ئەوانەی ئەو سەردەمە لەم دۆڵەدا خێوەتیان هەڵدا بوو بریتی بوون لە حزبی شیوعی عێراق، حزبی سۆسیالیست دوای جیابونەوەی لە یەكێتی، حزبەكەی مامۆستا شێخ عیزەدین "دەفتەری شێخ عیزەدین"، كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، حزبی دیموكراتی كوردستان، چریكی فیدایی، رەنجبەران، چەند حزبێكی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لەگەڵ پارتی (ئاڵای رزگاری)ی باكوری كوردستان.   دوای دانوستانی یەكێتی لەگەڵ بەعس لە 1984 كە ناولا لێنرا "مفاوەزات"، یەكێتی بارەگای سەركردایەتی خۆی گواستەوە بۆ دۆڵی جافایەتی، جارێكی تر ئەم دۆڵەش بووەوە بە "دۆڵی ئەحزاب"، موجاهیدنی خەڵق‌و چریكی فیدایی‌و دیموكرات‌و كۆمەڵە وەكو ئەحزابی ئێران‌و رۆژهەڵاتی كوردستان لەم ناوچەیە لەگەڵ هێزەكانی باشووری كوردستان كۆبونەوە.  دۆڵی جافایەتی كە ببوە بە "دۆڵی ئەحزاب" لە كارێزەو گاپیڵۆنەوە دەستپێدەكات بۆ مالومە‌و یاخسەمەرو سەرگەڵو و بەرگەڵو و گەڕەدێ، مام جەلال نەك هەر بارەگای حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران، تەنانەت بارەگای بۆ كۆماری ئیسلامیش لەناوچەكە بونیادنابوو. رزگار رانگور یەكێك لە پێشمەرگەكانی ئەو سەردەمە، لە یادەوەرییەكانی خۆیدا بەمشێوەیە باسی بارودۆخ ساڵی 1985ی دۆڵی ئەحزاب لە ناوچەی جافایەتی دەكات:" دەیان بارەگای  حیزب و پارتەكانی ئێران لەم دۆڵەدابوون. چەند  جۆر لە (چریكی فیدای، كۆمەڵە، دیمكرات، سازمانی خەبات، ڕاهی كارگەر... هتد بونی هەبوو.. لەم دۆڵەدا خەڵكانێكی زۆر هەواریان هەڵدابوو زۆركەس سەربازی هەڵاتووی جەنگ بوو یان لەچونیان بۆ ئەوروپاو مانەوەیان لە هۆردوگاكانی ئێران‌و بێهیوابوون لە گەشتكردن بۆ ئەوروپا، ئیتر بەهەر هۆیەك بێت  گەڕابونەوە گوندەكان‌و ناوچە ئازادكراوەكان كە جاران وامان ناونابوو، لە چاوەڕوانیدا ژیانیان دەكرد.. هەر لەنزیك گاپیڵۆن، جارێك لە بارەگایەك چریكەكان لەگەڵ یەكدا لێیان بوە شەڕ، لەچاوتروكانێكدا چەند كەسیان لەیەك كوشت، منیش چوم بۆ ئەو بارەگایە تا جیایان كەینەوەو شەڕەكە درێژە نەكێشێت، یەكێك لە چریكەكان مەغزەنەكەی فیشەكی گڕداری تێدابوو  بەلەشیا تەقیبۆوە ناوسكی هاتبۆ دەرەوە. شەڕەكەیان لەسەر ئەوەبوو داخۆ یەكێتی سۆڤیەت سۆسیالیستە یان نا ؟"  سلێمانی دەبێت بە دۆڵی ئەحزاب ؟ لەدوای جیابونەوەی نەوشیروان مستەفا لە یەكێتی‌و دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2009دا، سلێمانی بەرەو ئەوە دەڕوات ببێت بە دۆڵی ئەحزاب، هێزە سیاسییەكانی ئەم ناوچەیە رۆژ لەدوای رۆژ پەرتتر دەبن‌و هێزی سیاسی نوێ دادەمەزرێت:  لەدوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، چەند هێزێكی سیاسی تر لە سنوری سلێمانی دامەزرێندراون، لەوانە: •    تەڤگەری ئازادی كە هێزێكی سەربە پارتی كرێكارانی كوردستانە‌و لە ساڵی 2014 لە سنوری سلێمانی دامەزرێندراوە. •    جوڵانەوەی نەوەی: ساڵی 2018 شاسوار عەبدولواحید دایمەزراند.  •    هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەریی: ئەم حزبە ساڵی 2018 بەرهەم ساڵح دوای جیابونەوەی لە یەكێتی دروستیكرد، بەرهەم ساڵح هەمان ساڵ وازی لە حزبەكەی هێنا‌و گەڕایەوە بۆ ناو یەكێتی. •    هاوپەیمانی نیشتمانی: ئەم حزبە لەسەر داروپەردوی حزبەكەی بەرهەم ساڵح لەلایەن (ئارام قادر)ەوە لە كۆتاییەكانی ساڵی 2018دا دروستكرا. •     بزوتنەوەی چاكسازی نیشتمانی: ئەم حزبە لە ساڵی 2019 لەلایەن كۆمەڵێك بەرپرسەوە دروستكرا كە لە حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان جیابونەوە.  ئێستا سلێمانی ژانی لەدایكبوونی ژمارەیەك پارتی سیاسی نوێ گرتویەتی، رەنگە هێشتا هیچ یەكێك لەو پارتە سیاسییانەی دروستكراون، تینیوێتی خەڵكی سنورەكەی بۆ حزب‌و كاری سیاسی نەشكاندبێت، لە دیوێكیدا ئەگەر ئەمە گەشەكردنی فرەحزبی بێت لەم سنورە، بەدیوەكەی تریدا لاوازبوونی پێگەی یەكێتی نیشتمانییە وەكو حزبی دەسەڵاتداری ئەم سنورە، هەندێك زیادبوونی گروپ‌و حزبە سیاسییەكان لەم سنورە وەكو ئاماژەكانی كۆتاییهاتنی هەژمونی یەكێتی وێنا دەكەن.   یەكێتی نیشتمانی وەكو هێزی دەسەڵاتداری ئەم ناوچەیە ماوەی نزیكەی چوار مانگە بە قەیرانێكی ناوخۆیی قوڵدا تێدەپەڕێت، لەدواین هەنگاودا، مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڕیارێكی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی پەسەندكرد بۆ دەركردنی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكەكەی تری یەكێتی لەناو حزبەكە، ئەم بڕیارە ئەگەر وەكو خۆی تێپەڕێت‌و لە سەركردایەتی یەكێتیش پەسەند بكرێت، جگە لە دروستكردنی ئاڕاستەیەك لەناو یەكێتی یان لە دەرەوەی یەكێتی، لاهور شێخ جەنگی هیچ رێگەچارەیەكی لەبەردەمدا نامێنێتەوە. ئەمە لەكاتێكدایە هاوسەرۆكەكانی یەكێتی لەدوای كۆنگرەی چوارەمی حزبەكەیانەوە كە لە دوا رۆژەكانی 2019 بەڕێوەچوو، بانگەشەی بەهێزكردنەوەی دەڤەرەكەیان‌و كۆكردنەوە‌و گێڕانەوەی حزبە سیاسییەكانی ئەم سنورەیان دەكرد بۆ ناو یەكێتی، لەمبارەیەوە بافڵ تاڵەبانی قسەیەكی هەبوو كە دەیوت " هەمویان دێنەوە ناو خۆمان !".  بزوتنەوەی گۆڕانیش كە مەڵبەندە سەرەكییەكەی شاری سلێمانییە، لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كە 10ی ئۆكتۆبەری رابردوو بەڕێوەچوو، روبەڕووی شكستێكی گەورە بووەوە‌و هیچ كورسییەكی پەرلەمانی بەدەست نەهێنا، ئەمە بزوتنەوەكەی روبەڕووی دابەشبونێكی نوێ كردوەتەوە، لە دوو ئاڕاستەوە ناڕەزییەكانی ناو گۆڕان سەرقاڵی تاوتوێكردنی دروستكردنی حزب یان گروپ و لیستی هەڵبژاردنی نوێن، ئاڕاستەیەك بریتین لەو بەرپرسانەی حزب كە لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاوە لە بزوتنەوەكە جیابونەتەوە (عوسمان حاجی مەحمود)، ئاڕاستەكەی تر ئەوانەن كە بەمدواییە ناڕازیبوون لە سیاسەتەكانی بزوتنەوەكە (پەرلەمانتارانی بەغدادو پەرلەمانی كوردستانی و بەشێك لە ناڕازیەكانی بزوتنەوەكە).  لەنێوان ئەم ئاڕاستە جیاوازانەدا گفتوگۆ هەیە بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتی، بەڵام گفتوگۆكان بە ئەنجام نەگەیشتوون، ئەگەر ناڕازییەكانی ناو یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان نەگەنە ئەنجام‌و هەریەكەیان پارتێكی سیاسی بۆ خۆی دروست بكات، سلێمانی دەبێت بە "دۆڵی ئەحزاب". ئەم جموجوڵانە لەكاتێكدا روودەدەن، كە پەرلەمانی كوردستان دەستی بە گفتوگۆكردن كردووە لەبارەی ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان‌و بڕیارە رۆژی 18ی ئەم مانگە فراكسیۆنەكان راوبۆچونی حزبەكانیان لەبارەی هەڵبژاردنەكەوە بخەنەڕوو.  ئەگەر لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا بكرێت، دەبێت هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان رۆژی 30ی ئەیلولی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبێت، قسەوباسەكان ئێستا بەو ئاڕاستەیەك كە بۆ یەكەمینجار لە هەرێمی كوردستانیش هاوشێوەی عێراق گۆڕانكاری لە سیستمی هەڵبژارادندا بكرێت‌و كۆتایی بە شێوازی "یەك بازنەیی" بهێنرێت‌و هەڵبژاردن بەشێوەی فرە بازنە لەسەر ئاستی چوار پارێزگاكەی هەرێم بەڕێوەبچێت، ئەگەر شێوازی فرەبازنەیی جێگیر بكرێت، ئەو حزبە سیاسییە نوێیانەی لە سلێمانی دروست دەبن، هەر لەچوارچێوەی سنوری سلێمانیدا دەمێننەوە‌و ناتوانن بپەڕنەوە بۆ پارێزگاكانی هەولێرو دهۆك.  بۆچی سلێمانی ؟ ئەوەی سەرەنجی ئەم ئاڕاستانەی راكێشاوە بۆ دروستكردنی حزبی سیاسی نوێ لە سلێمانی، ئەو دەنگە ناڕەزایەتییە فراوانەیە كە لەم ناوچەیە هەیە‌و تائێستا هیچ هێزێكی سیاسی نەیتوانیوە كۆیان بكاتەوە.  لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كە بەر لە مانگێك بەڕێوەچوو، ئاستی بەشداری دەنگدەران لە سلێمانی 42% بوو، واتە لە كۆی (ملیۆنێك‌و 425 هەزار) دەنگدەری ئەم سنورە، نزیكەی (600 هەزار) كەس چونەتە سەر سندوقەكانی دەنگدان‌و لەم ژمارەیەش تەنیا (390 هەزار) كەسیان دەنگیان بە كاندیدی حزبە سیاسییەكان داوە‌و ئەوانەی تر دەنگەكانیان سوتاندووە، واتە بە گشتی لە سنوری سلێمانی رێژەی 27%ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە، دەنگیان بۆ حزبە سیاسییەكان داوە‌و رێژەی 73% دەنگیان بە حزبەكان نەداوە، ئەم ئامارانە بۆ هەر كەسێك كە خەونی سیاسی هەبێت، لەبارە بۆ دروستكردنی حزبی نوێ.  وردبوونەوەی حزبەكانی سنوری سلێمانی بۆ چەندین حزب‌و گروپی تر، دەنگ‌و كورسییەكانی ئەو حزبانە دابەشدەكات، ئەگەر چوارچێوەیەك بۆ كۆكردنەوەی كورسیی ئەم حزبانە لەدوای هەڵبژاردن دانەنرێت، دەنگی سلێمانی بەشێوەی پەرت پەرت دەچێتە ناو پەرلەمانەكانی كوردستان‌و عێراقەوە‌و هەژمونی سیاسی سلێمانی لەبەرامبەر ناوچەكانی تردا لاواز دەكات.    


 (درەو):  بەهۆی كەمبونەوەی داهاتەكانی سلێمانییەوە، كاركردن لە پرۆژەی شەقامی (100 مەتریی) سلێمانی لەبەردەم هەڕەشەی راوەستاندایە‌و حكومەت پارەی پێویست بۆ كۆمپانیای جێبەجێكار خەرج ناكات.  بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، كاركردن لە پرۆژەی شەقامی (100) مەتریی سلێمانی لەبەردەم هەڕەشەی راوەستاندایە. ئەم پرۆژەیە كە ئێستا گەورەترین پرۆژەی خزمەتگوزارییە لە سنوری پارێزگای سلێمانی‌و ئیدارەی ژێردەسەڵاتی یەكێتی، بەپێی قسەی سەرپەرەشتیارەكانی، لەماوەی (13) مانگ كاركردن تێیدا، رێژەی (50%)ی كارەكانی تەواو كراوە.  حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی (400 ملیار) دیناری بۆ جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە تەرخانكردووە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، كۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەكە لەم پارەیە ساڵی 2020 بڕی (16 ملیار) دیناری لەلایەن حكومەتەوە بۆ خەرجكراوە‌و لەم پارەیەش 10%ی بۆ خەرجی دڵنیایی رۆشتووە‌و كۆمپانیاكە تەنیا بڕی (14 ملیارو 400 ملیۆن) دیناری وەرگرتووە، لە ساڵی 2021دا حكومەت بڕی (20 ملیار) دیناری دابین كردووە، بەڵام لەم پارەیە كۆمپانیاكە تەنیا بڕی (6 ملیارو 300 ملیۆن) دیناری وەرگرتووە. ئەوانەی ئاگاداری كارەكانی ئەم پرۆژەیەن، دەڵێن لەسەرەتای دەستپێكردنی كارەكانەوە تائێستا، بەگشتی كۆمپانیای (قەیوان) بڕی (160 ملیار) دیناری لە پرۆژەكەدا خەرج كردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی خەرجی پرۆژەكە لەسەر داهاتەكانی سنوری سلێمانی دابین دەكرێت‌و ئێستاش داهاتەكان كەمی كردووە، حكومەت پارە بۆ كۆمپانیاكە دابین ناكات. ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان بەمدواییە گلەیی لە ئاستی داهاتەكانی سلێمانی هەیە‌و دەڵێ بەهۆی ئەوەی باج بەشێوەیەكی باش كۆناكرێتەوە داهاتی سلێمانی كەمیكردووە، حكومەتی هەرێمی خەرجی موچە‌و پرۆژەكانی سنوری سلێمانی هەر لەو داهاتە دابین دەكات كە مانگانە لە سنوری سلێمانی كۆدەكرێتەوە. بۆ بەردەوامیدان بە كارەكانی لە پرۆژەی (100 مەتریی) سلێمانی، كۆمپانیای جێبەجێكار چاوی لەوەیە حكومەت پێشینەیەكی (80 ملیار) دیناری بۆ خەرج بكات، بەپێچەوانەوە رەنگە لەماوەی هەفتەیەكدا كارەكانی پرۆژەكە بەتەواوەتی رابوەستێت.  پرۆژەی شەقامی (100 مەتریی) سلێمانی لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتەوە دانراوە، ئەم پرۆژەیە لەلایەن یەكێتییەوە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق وەكو یەكێك لە دەستكەوتە گەورەكانی سلێمانی بەكارهێنرا. 


(درەو):  لاهور شێخ جەنگی بە نوسراوێك بۆ سەركردایەتی یەكێتی، دەسەڵاتەكانی خۆی وەكو هاوسەرۆك بەكار دەهێنێتەوەو سەرجەم بڕیارەكانی بافڵ تاڵەبانیش رەتدەكاتەوە.  بەپێی زانیارییەك كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو یەكێتی دەست (درەو) كەوتووە، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی بە نوسراوێك كە ئاڕاستەی سەركردایەتی یەكێتی كردووە، هەموو دەسەڵاتەكانی خۆی وەكو هاوسەرۆك لە بافڵ تاڵەبانی وەرگرتووەتەوەو دەڵێت ئیتر دەسەڵاتەكانی هاوسەرۆك بەكاردەهێنێتەوە.  لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزەوە كە بافڵ تاڵەبانی تۆمەتباری كرد بەوەی ژەهرخواردووی كردووە، لاهور شێخ جەنگی بە دیاریكراوی لە رۆژی 15ی تەموزدا لە رێگەی نوسراوێكەوە بۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بە مەرجی ئەوەی سەركردایەتی كۆببێتەوە‌و لێكۆڵینەوە لەو تۆمەتانە بكرێت كە ئاڕاستەی كراوە، دەسەڵاتەكانی خۆی وەكو هاوسەرۆك بەشێوەیەكی "كاتیی" رادەستی هاوسەرۆكەكەی تر واتا بافڵ تاڵەبانی كرد.  لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزەوە، سەركردایەتی یەكێتی كۆبونەوەی گشتگیری نەكردووە، بەڵام هەفتەی رابردوو سەركردایەتی ناوچەكان (كەركوك- هەولێر- سلێمانی) بەشێوەی جیاجیا كۆبونەوە، ئەم كۆبونەوانە دەرەنجامەكەی بەوشێوەیە شكایەوە، بافڵ تاڵەبانی بە نوسراوێك لاهور شێخ جەنگی‌و ژمارەیەك ئەندامی سەركردایەتی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی لە یەكێتی دەركرد.  (درەو) زانیویەتی لە نوسراوەكەیدا بۆ سەركردایەتی یەكێتی، لاهور شێخ جەنگی رایگەیاندووە: هەموو ئەو بڕیارانەی سەبارەت بە خۆم و چەند هەڤاڵێكی تری سەركردایەتی دراون رەت ئەكەمەوە، بەهۆی ئەوەی كە ناپەیڕەوین و لە دەرەوەی كۆبونەوەی فەرمی ئەنجومەنی سەركردایەتی دراون. لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەكردووە كە یەكێتی لەبەردەم "لێكترازاندایە"و بۆیە لە نوسراوەكەیدا بۆ سەركردایەتی ئاماژەی بۆ كردووە" چەندین جار بافڵ تاڵەبانی پەیڕەوی ناوخۆی پێشێلكردووەو رێگری لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی كردووە"، كە ئەمە مەرجی ئەو بووە بۆ رادەستكردنی دەسەڵاتەكانی بە بافڵ تاڵەبانی.


راپۆرت: درەو پەرلەمانی كوردستان تاوتوێی هەڵبژاردن دەكات، تاوەكو 18ی ئەم مانگە دەبێت فراكسیۆنەكان بۆچونی حزبەكانیان بگەڕێننەوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ماوەی دوو ساڵە تەمەنی یاسایی بەسەرچووە، پارتی داوای گۆڕینی كۆمسیۆن دەكات، یەكێتی‌و گۆڕان‌و یەكگرتوو و كۆمەڵ دژن، تۆماری دەنگدەران نوێ نەكراوەتەوە، داوای گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردن دەكرێت بۆ "فرە بازنەیی"‌و یاسای هەڵبژاردن پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە، زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. پەرلەمان داوای بۆچوونی لایەنەكان دەكات رۆژی 30ی ئەیلولی 2022 وادەی فەرمی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانە، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دوێنێ لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆبووەوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی هەڵبژاردن، چونكە دەبێت شەش مانگ بەر لە وادەی دیاریكراو بڕیار لەسەر هەڵبژاردنەكە بدرێت. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەكەی دوێنێدا سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان داوای لە سەرۆكی فراكسیۆنەكان كردووە تاوەكو رۆژی (18)ی ئەم مانگە بۆچونی حزبەكانیان لەبارەی هەڵبژاردن بگەیەننە سەرۆكایەتی پەرلەمان.  پێشنیازی لایەنەكان بۆ هەڵبژاردن بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، هەرچەندە تائێستا بۆچونی كۆتایی خۆیان لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتوو رانەگەیاندووە، بەڵام لایەنەكان هەندێك راوبۆچوونی بەرایی خۆیان خستوەتەڕوو كە بەمشێوەیە: •    پارتی دیموكراتی كوردستان پارتی لەگەڵ ئەوەدایە هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت، بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی ئیستای ناوخۆیی یەكێتی‌و ئەو پاشەكشێیەی بزوتنەوەی گۆڕان كردویەتی، پارتی چاوی لەوەیە لە پەرلەمانی داهاتووی كوردستاندا نزیكەی (50) كورسی مسۆگەر بكات، پارتی لەگەڵ ئەوەدایە لەسەر بنەمای كورسی ئێستای لایەنەكان لە پەرلەمان، سەرلەنوێ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی دروست بكرێتەوە، ئەگەر ئەم داواكارییە جێبەجێ بكرێت، پارتی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی لەبەرژەوەندی خۆی كۆنترۆڵ دەكات، ئەگەر ئەم بیرۆكەی جێبەجێ بكرێت، پارتی لە كۆی (9) كورسی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پارتی (4) كۆمسیاری بەردەكەوێت‌و لەگەڵ كورسییەكی پێكهاتەكاندا دەبێت بە زۆرینەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و بڕیاری یەكلاكەرەوەی لای خۆی دەبێت.  پارتی پرۆژەی بەدیلی ئامادەیە، ئەگەر لایەنەكانی تر قایل نەبن بە گۆڕانكاری لە كۆمسیۆن لەسەر بنەمای كورسی ئێستا لایەنەكان لە پەرلەمان، پارتی داوا دەكات "كەسانی سەربەخۆ" لە شوێنی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن دابنرێن، بۆ ئەمەش پێشنیازی دانانی (9) دادوەر دەكات، كە ئەم دادوەرانەش لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە دیاری دەكرێن، ئەم دامەزراوەیەش زۆرینەی دادوەرەكانی سەربە پارتین.  •    یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكێتی بەهۆی بارودۆخی ناوخۆییەوە خوازیارە هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراوی خۆی دوابخرێت، بەڵام ئەمەی بە فەرمی رانەگەیاندووە، بەشێوەیەكی بەرایی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان داوا دەكات هەڵبژاردن بەشێوەی "فرە بازنە" بەڕێوەبچێت، واتە هەر پارێزگایەك بكرێت بە یەك بازنەی هەڵبژاردن، سەبارەت بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسیش، یەكێتی دژی بیرۆكەكەی پارتییە بۆ نوێكردنەوەی كۆمسیۆن لەسەر بنەمای كورسی ئێستای لایەنەكان لە پەرلەمان‌و داوا دەكات ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن وەكو خۆیان بمێننەوە، واتە دابەشكارییەكە گۆڕانكاری تێدا نەكرێت.  لە كۆی (9) ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆن، یەكێتی (2) كۆمسیاری هەیە. •    بزوتنەوەی گۆڕان بزوتنەوەی گۆڕان بۆچونی خۆی پێشكەشی پەرلەمان كردووە‌و داوا دەكات هەڵبژاردن بە "لیستی داخراو"‌و بێت‌و بەشێوەی "فرە بازنە" بەڕێوەبچێت، واتە بەگوێرەی ژمارەی پارێزگاكان، هەرێمی كوردستان دابەش بكرێت بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا، لەبارەی چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسییەوە، بزوتنەوەی گۆڕان هاوڕایە لەگەڵ یەكێتی‌و داوا دەكات كۆمسیۆنەكە وەكو خۆی بمێنێتەوە، چونكە لە حاڵەتی داڕشتنەوەی كۆمسیۆن لەسەر بنەمای كورسی ئێستا لایەنەكان لە پەرلەمان وەكو ئەوەی پارتی داوای دەكات، بزوتنەوەی گۆڕان ئەندامێك لە ئەنجومەنی كۆمسیۆن لەدەستدەدات.  لەكۆی (9) ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆن، بزوتنەوەی گۆڕان (2) كۆمسیاری هەیە.  •    یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان یەكگرتوو پێشنیازی پێشكەشكردووە‌و داوا دەكات هەڵبژاردن بەشێوەی "نیمچەكراوە"‌و فرە بازنەیی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، نیمچە كراوە واتا ئەو كاندیدەی قاسمی ئینتخابی هینا سەردەكەوێت، ئەوانەی تر بە ریزبەندی دەردەچن، یەكگرتوو داواشی كردووە  تۆماری دەنگدان پاكبكرێتەوە‌و لە هەڵبژاردنەكەدا پێكهاتەكان كە (11) كورسییان لە پەرلەمان بۆ تەرخان كراوە،  خۆیان دەنگ بەخۆیان بدەن، سەبارەت بە چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، یەكگرتوو لەگەڵ یەكێتی‌و گۆڕان هاوڕایە‌و داوا دەكات پێكهاتەی كۆمسیۆن وەكو خۆی بمێنێتەوە‌و گۆڕانكاری تێدا نەكرێت. لەكۆی (9) ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆن، یەكگرتوو (1) كۆمسیاری هەیە.   •    جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەم جوڵانەوەیە هەڵوێستی خۆی لەبارەی هەڵبژاردن بۆ رایگشتی راگەیاند‌و داوا دەكات هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا واتا 30ی ئەیلولی داهاتوو بەڕێوەبچێت، بەهۆی ئەوەی هیچ نوێنەرێكی لەناو كۆمسیۆندا نییە، نەوەی نوێ داوا دەكات كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان دور بێت لە پشكێنەی حزبی‌و لەژێر سەرپەرەشتی نەتەوە یەكگرتووەكاندا كارەكانی بكات.  •    كۆمەڵی دادوەریی كوردستان كۆمەڵی دادگەریی كە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، دەنگ‌و كورسییەكانی كەمیكرد، دوێنێ بەشداری كۆبونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكاندا نەكرد.  لەبارەی هەڵوێستی كۆمەڵی دادگەریی سەبارەت بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، عومەر گوڵپی ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند، كۆمەڵ لەگەڵ ئەوەدایە هەڵبژاردنەكە لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا بكرێت، بەڵام یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە‌و لە یەك بازنەییەوە بكرێت بە فرەبازنەیی‌و هەر پارێزگایەكی هەرێم بكرێت بە بازنەیەكی هەڵبژاردن.  عومەر گوڵپی وتی:" كۆمەڵ داوا دەكات یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە‌و پشكی پێكهاتەكان هاوشێوەی ئەوە دابنرێت كە لە پەرلەمانی عێراق بۆیان دانراوە، دەبێت كۆتای پێكهاتەكان بە دەنگی خۆیان بچنە ناو پەرلەمانی كوردستانەوە نەك پارتی كاندیدەكانیان سەربخات".  لەبارەی چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە، پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵ دەڵێ" ئێمە لەگەڵ دەستكاریكردنی پێكهاتەی ئێستا كۆمسیۆندا نین، بەڵام داوا دەكەین تۆماری دەنگدەران پاكبكرێتەوە".  كۆمەڵی دادگەریی لەكۆی (9) ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، (1) كۆمسیاری هەیە.  لەبارەی كۆمسیۆنەكەی كوردستانەوە  كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم یەكێكە لەو دەستانەی كە سەربە پەرلەمانی كوردستانە، دەستەكە بەپێی یاسایەك دروستكراوە كە پێی دەوترێت یاسای ژمارەی (4)ی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی‌و لە رۆژی 23ی تەموزی 2014 پەسەندكراوە، بەڵام پێدانی متمانە بە ئەندامانی دەستەكە لە پەرلەمان‌و دەستبەكاربوونی فەرمی كۆمسیۆنەكە سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی 23ی كانونی یەكەمی 2014. ئەم كۆمسیۆنە ماوەی نزیكەی (7) ساڵە دەستبەكاربووە، لەم ماوەیەدا تەنیا دوو ئەركی تایبەت بە خۆی ئەنجامداوە كە ئەوانیش بریتین لە: یەكەم: بەڕێوەبردنی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 25ی ئەیلولی 2017دا، ئەم پرۆسەیە لەبەر ئەوەی پرۆسەیەكی نیشتمانی بوو، كێشمەكێشی زۆر لەسەر دەرەنجامەكانی دروست نەبوو. دووەم: بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلولی 2018دا، ئەم پرۆسەیە كە یەكەمین ئەزمونی كۆمسیۆنە دروستكراوەكە بوو، مشتومڕی زۆری لەسەر دروستبوو، هەندێك لەلایەنەكان بەدیاریكراویش یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكگرتوو باسی ئەوەیان دەكرد ساختەكاری گەورە لە هەڵبژاردنەكەدا كراوە.  تا كاتی دروستكردنی ئەم كۆمسیۆنە، هەرێم كوردستان خاوەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی تایبەت بەخۆی نەبوو، ئۆفێسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە شارەكانی هەرێم سەرپەرشتی ئەو هەڵبژاردانانەیان دەكرد كە تایبەت بوون بە هەرێمی كوردستان، واتە هەڵبژاردنی سەرتاسەری نەبوون لە عێراقدا. ئەم كۆمسیۆنە لە یاساكەیدا وەكو دەستەیەكی "سەربەخۆ" ناوی هێنراوە، واتە سەربە حكومەت نییە‌و راستەوخۆ لەژێر چاودێری پەرلەماندایە، ئەندامەكانی لەسەر بنەمای پشكێنەی حزبی دانراون‌و لە پەرلەمانی كوردستان متمانەیان پێدراوە‌و پێكهاتوون لە (9) ئەندام، بەمشێوەیە: •    هەندرێن محەمەد- سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە‌و ماوەیەكی زۆر چووە دەرەوەی وڵات •    رێزان حەمەڕەشید- سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی هەڵبژاردن، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە •    سلێمان مستەفا- جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە •    شیروان زرار- وتەبێژی كۆمسیۆن، سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە •    ئیسماعیل حەمەعەلی- كۆمسیار، سەربە یەكگرتووی ئیسلامییە، لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستاندا ئەم پیاوە رەخنەی زۆری لە ئەدای كۆمسیۆن گرت •    عەبدولسەمەد خدر- كۆمسیار، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە •    جوتیار عادل- كۆمسیار، سەربە پارتییە (ئێستا وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمە‌و شوێنەكەی بەتاڵە، ئەگەر كۆمسیۆن بە پێكهاتەكەی ئێستایەوە بمێنێتەوە، دەبێت پارتی كەسێكی تر بخاتە شوێنەكەی) •    نەهرۆ سەلیم حەننا- كۆمسیار، پشكی پێكهاتەكانە‌و سەربە یەكێتییە (لەكاتی دروستكردنی كۆمسیۆندا یەكێتی داوای سێ كورسی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی دەكرد، پارتی قایل بوو، بەڵام بەو مەرجەی یەكێتی یەكێك لە كۆمسیارەكانی بە كەسێكی سەربە پێكهاتەكان پڕ بكاتەوە) •    سەیاح عەبدوڵا- كۆمسیار لەسەر پشكی پێكهاتەی توركمان دانرا، بەڵام سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، ئەم پیاوە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گیانی لەدەستداوە‌و ئێستا شوێنەكەی بەتاڵە، ئەگەر دەستكاری پێكهاتەی كۆمسیۆن نەكرێت، دەبێت پارتی بە كەسێكی تر شوێنی ئەم پیاوە پڕبكاتەوە. بەگوێرەی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی كە دەست (درەو) كەوتووە، تاوەكو ساڵی 2018، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی (654) فەرمانبەری هەبووە. كۆمسیۆنێكی ماوەبەسەرچوو ! رۆژی 23ی كانونی یەكەمی 2019 تەمەنی یاسایی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كۆتایی هات كە (5) ساڵ بوو، لەوكاتەوە تا ئێستا پەرلەمانی كوردستان تەمەنی یاسایی بۆ درێژنەكردونەتەوە، واتە ماوەی نزیكەی دوو ساڵە لە بۆشایی یاسایدان.  ئەوانەی ئاگاداری كاروبارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستانن‌و (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون، دەڵێن، چەند مانگێك بەر لەوەی وادەی یاساییان كۆتایی بێت، ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن سێ نوسراویان ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان كردووە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر چارەنوسیان بدات، بەڵام پەرلەمان وەڵامی نەداوەتەوە.  ئێستا كە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نزیكبوەتەوە، دەبێت پەرلەمان چارەسەری كێشەی كۆمسیۆن بكات، بۆ ئەمەش چەند سینایۆیەك هەیە:  یەكەم: ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن وەكو خۆیان بمێننەوە‌و پەرلەمان بە بڕیارێك تەمەنی یاساییان بۆ یەك خولی پێنج ساڵی تر درێژ بكاتەوە، بەپێی ئەو یاسایەی كە كۆمسیۆنی لەسەر دروستكراوە، رێگە بەوە دراوە بۆ یەك خولی پێنج ساڵی ماوەی كاركردنی ئەندامانی كۆمسیۆن درێژ بكرێتەوە، ئەمە سیناریۆیەكی پێشبینی كراوە، چونكە هەڵوەشاندنەوەی كۆمسیۆن‌و سەرلەنوێ دروستكردنەوەی ناكۆكی لەنێوان لایەنەكان دروست دەكات‌و رەنگە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دوابخات، بەتایبەتیش كە یەكێتی‌و گۆڕان‌و یەكگرتوو و كۆمەڵ دژی گۆڕینی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنن.  •    هاوشێوەی ئەوەی لە عێراق رویدا، پەرلەمان لەبری ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی كۆمسیۆن كە وادەی یاساییان تەواو بووە، دادوەر دابنێت، پارتی ئەم پێشنیازەی كردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەنجومەنی دادوەریی زۆرینەی دادوەرەكانی سەربە پارتییە، رەنگە لایەنەكانی تر ئەم پێشنیازە قایل نەبن.  •    ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن لە (9) كۆمسیارەوە زیاد بكرێت، ئەگەر سیناریۆیەكە كە ئەگەری جێبەجێبوونی هەیە ئەگەر لایەنەكان لەسەر رێكبكەون.  تۆماری دەنگدەران دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە كوردستان كە رۆژی 30ی ئەیلولی 2018 بەڕێوەچوو، ژمارەی ئەوانەی لە هەرێمی كوردستان مافی دەنگدانیان هەبوو (3 ملیۆن‌و 88 هەزارو 642) كەس بوو، پێشبینی دەكرێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ژمارەی دەنگدەران بۆ نزیكەی (3 ملیۆن‌و 500 هەزار) كەس بەرزببێتەوە، بەتایبەتیش كە چوار تەمەنی نوێ مافی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو وەردەگرن.   پرسی تۆماری دەنگدەران یەكێكە لەو بابەتانەی كە لایەنەكان جەختی لەسەر دەكەنەوە، تۆمار نوێ نەكراوەتەوە، پرۆژەی بە "بایۆمەتری"یكردنی تۆمارەكە شكستی هێنا بەهۆی ئەوەی كۆمسیۆن تەمەنی یاسایی تەواو بوو، هەندێك دەڵێن پارتی‌و یەكێتی بەئەنقەست رێگرییان لە درێژكردنەوەی تەمەنی كۆمسیۆن كردووە، بۆ ئەوەی ئەم كۆمسیۆنە فریای پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران نەكەوێت.  یاسای هەڵبژاردن یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان یەكێكی ترە لەو بابەتانەی كە لایەنەكان باس لە هەمواركردنەوەی دەكەن، بەتایبەتیش كە بەپێی یاساكە هەڵبژاردن لە كوردستان بەشێوەی (یەك بازنە) بەڕێوەدەچێت‌و ئێستا لایەنەكان داوا دەكەن بكرێت بە "فرە بازنە" لەسەر ئاستی پارێزگاكان. 


درەو: پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی پێنج خولی خۆیدا (385) یاسای دەرچواندووە، بەڵام خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان كەمترین یاسای دەركردووە، بەشێویەک؛ خولی یەکەم بە تێکڕای ساڵانە (13) یاساو خولی دووەم (17) یاسا و خولی سێیەم (18) یاسا و خولی چوارەم (6) یاسا و خولی پێنجەم بە تێکڕای ساڵانە (5) یاسای دەرچواندووە.  بەشێوەیەکی گشتی ئەرکی سەرەکی دامەزراوەی پەرلەمان لە پاڵ ئەرکی چاودێری کردنی دامەزراوەکانی حکومەت ئەرکی یاسادانانە، هەر بۆیە زۆرجار پەرلەمان بە دامەزراوەی یاسادانان ناو دەبرێت، لەم ڕاپۆتەدا بەراوردی ژمارەیی ئەو یاساییانە دەکەین کە پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی پێنج خولی خۆیدا لە ساڵی (1992 - 2021) دەریچواندون. خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان (19/5/1992 – 30/1/2005) ئەگەرچی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان درێژترین خولی پەرلەمان بووە، بەهۆی ناسەقامگیری و  ململانێی سیاسی و شەڕی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان و ئەنجام نەدانی هەڵبژدن گشتی، نزیکەی (13)ساڵ بەردەوام بوو، بەڵام لەڕووی دانانی یاساوە زۆرترین یاسای دەرچوواندووە، سەرەڕای شەڕی ناوخۆ هیچ ساڵێک لەم خولەدا تێنەپەڕیوە یاسای تێدا دەرنەچوێندرابێت، بۆ نمونە لە سالێ 1992 (16) یاسا، 1993 (21) یاسا، 1994 (4) یاسا، 1995 (1) یاسا، 1996 (4) یاسا، 1997 (14) یاسا، 1998 (9) یاسا، 1999 (18) یاسا، 2000 (19) یاسا، 2001 (19) یاسا، 2002 (16) یاسا، 2003 (7) یاسا و 2004 (25) یاسای دەرچوواندووە. واتە بە کۆی گشتی (173) یاسای دەرچواندووەو بە تێکڕا دەکاتە (13.3) یاسا بۆ هەر ساڵێک (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)). خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان (30/1/2005 25/7/2009) ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان تەمەنی نزیکەی چوار ساڵ و نیو بووەو لە ماوەی تەمەنی خۆیدا (89) یاسای دەرچوواندووە بە جۆرێک؛ ساڵی 2005 (2) یاسا، 2006 (20) یاسا، 2007 (39) یاسا، 2008 (18) یاسا و 2009 (10) یاسای دەرچواندووە، واتە بە تێکڕا ساڵانە (17.8) یاسای دەچواندووە (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)). خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان (25/7/2009 – 21/9/2013) خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان لەماوەی چوار ساڵی تەمەنی خۆیدا بە چالاکترین خولی پەرلەمان دادەنرێت لە ڕووی ژمارەی دەرکردنی یاساوە، بە جۆرێک؛ ساڵی 2010 (17) یاسا، 2011 (22) یاسا، 2012 (17) یاسا و 2013 (19) یاسای دەرچوواندووە. واتە بەکۆی گشتی (75) یاسای دەرچواندووە و بە تێکڕا ساڵانە دەکاتە (18.8) یاسا. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)). خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان (21/9/2013 – 30/9/2019) ئەگەرچی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان بەهۆی کێشەی سەرۆکایەتی هەرێمەوە بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵ دەرگای دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بە داخراوی مایەوە و بە شێوەیەک لە ساڵی (2016) و بۆ یەکەم جار لە مێژووی پەرلەمانی کوردستان هیچ یاسایەک دەر نەکرا، بەڵام ئەم خولەی پەرلەمان؛ ساڵی 2014 (9) یاسا، 2015 (9) یاسا، 2016 (0) یاسا، 2017 (4) یاسا و 2018 (11) یاسای دەرچوواندووە. واتە بەکۆی گشتی (33) یاسای دەرچواندووە و بە تێکڕای ساڵانە دەکاتە (6.6) یاسا. (بڕوانە خشتەی ژمارە (4)). خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان (30/9/2019 – تا ئێستا) خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا ساڵێک تەمەنی یاسایی ماوە بەڵام کەمترین ژمارەی یاسای دەرچوواندووە بەشێوەیەک؛ ساڵی 2019 (4) یاسا، 2020 (5) یاسا و 2021 (6) یاسای دەرچوواندووە. واتە بەکۆی گشتی (15) یاسای دەرچواندووە و بە تێکڕای ساڵانە (5) یاسای دەرکردووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (5)).


به‌هرۆز جه‌عفه‌ر به‌ پێی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، کە له‌ میانەی كۆنفڕانسی (COP26) ی نۆڤه‌مبه‌ری (2021) ەوە ئاماژەیان پێکردوە، زیاتر له‌ (800) ملیۆن كه‌س به‌هۆی گۆڕانی كه‌شوهه‌واوه‌ له‌ جیهاندا تووشی برسێتی بون، هه‌روه‌ها به‌ پێی پرۆگرامی ژینگه‌یی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان عێراق له‌ ڕیزی (5) مین ئه‌و ووڵاته‌ هه‌ستیارانه‌دایه‌ كه‌ گۆڕانی كه‌شوهه‌وا كاری تێ ئه‌كات. به‌ پێی وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانی عێراق، چاوەڕوان ئەکرێت تاوه‌كو ساڵی (2035) به‌بڕی (10) دە ملیار و هەشت سەت ملیۆن م3 عێراق تووشی كه‌مئاویی بیێته‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ ژماره‌ی دانیشتوانی عێراق ئێستا (40) ملیۆن كه‌سه‌ به‌ڵام له‌ساڵی (2050) رێژه‌ی دانیشتوان بگاته‌ دوو هێنده‌ زیاد بكات و ببێته‌ (80) ملیۆن كه‌س. ئالۆک شارما، سەرۆکی لووتکەی گۆڕانی کەشوهەوا، لە پێش چاوی نوێنەرانی زیاتر لە (190) وڵاتی جیهان لە گڵاسگۆی سکۆتلەندا لە لووتکەی گۆڕانی کەشوهەوا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گۆڕانی کوشوهەوا کۆبوونەتەوە، ئەڵێت "هەرەشەیەکی ڕێستەقینە لەسەر هەسارەکەمان دروستبووە، ڕێژەی گازەکانی دوانۆکسیدی کاربۆن، میسان و نایترۆجین هێندە زیادیان کردووە، کە 800 هەزار ساڵە شتی وا رووینەداوە. له‌ ساڵی (1992) ه‌وه‌ ئه‌وه‌ (29) ساڵه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان كۆئه‌بێـته‌وه‌، چاره‌سه‌رێكیان بۆ ئه‌م گرفته‌ پێ نییه‌!. ساڵانه‌ نزیكه‌ی (196) ده‌وڵه‌ت واژۆی ئه‌كه‌ن كه‌ ڕێگه‌ له‌ به‌رزبونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی و ووشكه‌ ساڵی و به‌ بیابانبون و كه‌مبونه‌وه‌ی ئاو بگرن، كه‌ ئه‌مانه‌ هه‌موو یه‌ك گرفتن و به‌هۆی یه‌كه‌وه‌و به‌دوای یه‌كدا دروست ئه‌بن، كه‌چی وه‌كو بوریس جونسون له‌ میانه‌ی كۆنفرانسی (COP26) له‌ (2ی نۆڤه‌مبه‌ری 2021) وتی " ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ فریا نه‌كه‌وین، زەوی بەکەڵک نایات و جرج و مشك ئه‌مانخوات". كوردیش، به‌شێكه‌ له‌م گۆی زه‌وییه‌، له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه‌ش به‌شێكه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كی ترسناكی سیاسیی و جیۆپۆڵه‌تیكی سه‌خت، كه‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و عێراقه‌، بۆخۆی به‌ سروشت ناوچه‌یه‌كی كه‌م باران و گه‌رمه‌و به‌ هه‌ڵمبونی زۆرتره‌. ئەم ڕەوشە نالەبارەی پیسبون و گەرما بەڕێژەی (93%) کاری لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی عێراق کردوە. هەرچۆنێک بێت ئەم پرسە ئێستا بۆتە تۆپیکی نەمبەر وەن لە ناو بابەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. بۆیه‌ گرنگه‌ هەرێمی کوردستانیش کە خاوەنی یەدەگی سروشتی و سەرچاوەکانی ئاوە ئه‌رك و ئامانجی گه‌ردونی خۆی دیاری بكات، سه‌لماندنی زانستی و گه‌ردوونی –Universal بۆ نمونه‌: له‌بواری پرسه‌كانی گۆڕانی كه‌شو هه‌وا-Climate Change و گه‌رمبونی گۆی زه‌وی –Global warming و پیسبون-Pollution و هه‌نگاوه‌كانی ڕێگریكردن له‌ گه‌وره‌تربونی گرفته‌كه‌. كه‌ له‌ به‌رئه‌نجامی كاركردنی نا-ستاندارانه‌ی كۆمپانیاكانی بواری نه‌وت و گاز یان كارگه‌كاندا، یاخود ڕه‌چاونه‌كردنی مامه‌ڵه‌ی ته‌ندروستانه‌و ژینگه‌ییانه‌ له‌گه‌ڵ ڕووبارو ده‌ریاچه‌و به‌نداوه‌كاندا ئه‌م گرفتانه‌ دروست ئه‌بن. لێره‌دا، ئێمه‌ له‌مه‌ولا ئه‌پرسین: كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان و كارخانه‌كان چه‌ندیان بۆ خۆیان ده‌ست كه‌وتوه‌، چه‌ند پێویسته‌ وه‌ك به‌رنامه‌ی هاریكاریی كۆمه‌ڵایه‌تی (Corporate Social Responsibility) به‌ پێی گرێبه‌سته‌كان بده‌ن به‌ پاك ڕاگرتنی ژینگه‌و بیناكردنی ڕێگه‌وبانه‌كان و هاریكارییه‌كانی تر!. تا چه‌ند به‌ ئه‌ركه‌ ژینگه‌ییه‌كان هه‌ستاون؟. ئه‌م هۆشیارییه‌ چۆن شۆڕ بكه‌ینه‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌و هه‌ناوی كۆمه‌ڵگه‌؟. یه‌كێك له‌ هه‌ره‌ گرفته‌ داخهێنه‌ره‌كانی كه‌رتی نه‌وتی له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ دوای ساڵی (2006) كرا، دروست نه‌ كردنی كۆمپانیایه‌كی نه‌وتی- خۆماڵی – نیشتیمانی- كوردیی بو. ئه‌گه‌ر تێبینی بكه‌ین به‌شێك له‌و كۆمپانیا نه‌وتییانه‌ی كه‌ كاركردنیان له‌ كێڵگه‌كانی هه‌رێم دا كه‌وته‌ ئه‌ستۆ ئه‌زمونێكی ئه‌وتۆیان نه‌بو، ته‌نانه‌ت چه‌ندین كۆمپانیای (بیانی) له‌وانه‌ ته‌مه‌نی دامه‌زراندنیان هه‌مان ته‌مه‌نی دامه‌زراندنی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌!. ئه‌مه‌ش وا ئه‌كات هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌مان بكه‌وێته‌ به‌رمه‌ترسیی ئابوریی (چونكه‌ ئاستی خه‌رجی ئه‌و جۆره‌ كۆمپانیایانه‌ زۆر زۆره‌) هه‌روه‌ها ڕه‌وشی ژینگه‌ تێك بچێت و پاشانیش سروشتی كێڵگه‌كان و توانا هایدرۆكاربۆنییه‌كان تێك و پێك بشكێنن، كه‌ به‌ ملیۆنه‌ها ساڵ له‌ ته‌مه‌نی زینده‌وه‌رو مادده‌ ئۆرگانییه‌كان بونه‌ته‌ هۆی دروستبونی ئه‌و نه‌وت و گازه‌ له‌ ژێر زه‌ویدا. من، ئه‌گه‌رچی به‌ڵێنم دابو، له‌خزمه‌ت ئه‌م پرسه‌دا به‌ په‌په‌رێكی ئه‌كادیمی ته‌واو به‌شداربم و، له‌ په‌یمانگه‌ی مێدیتریانه‌ بۆ توێژینه‌وه‌ی هه‌رێمایه‌تی بڵاوبێته‌وه‌. به‌ڵام هه‌ستمان به‌دواچون و ته‌ماشاكردنی داتا مه‌ترسیداره‌كان، بڕیارماندا له‌بری هه‌موو حیزب و میدیاو داموده‌ستگه‌ فه‌رمییه‌كان (كه‌ بایه‌خێكیان بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ نییه‌) له‌ سیاساتی گشتییان دا، كۆنفڕانسێكی جیهانی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ مانگه‌كانی داهاتودا ببه‌ستین.


ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت)   دوو شت دوژمنی سەرەکی سیاسەتن و وەکی ژەهری سیاسیی وێنادەکرێن، یەکەمیان نامەوزوعییەتە و دووهەمیشیان نابەرپرسیارێتییە. نامەوزوعییەت و نابەرپرسیارێتیی دوو هەڵەی گەورەن کە دەرئەنجامی خراپەکارییەکانیان بەقەد کردەیەکی نایاسایی قورسە. واتە لەو چرکەساتەی سیاسەتمەدار بڕيارێكی نابەرپرسیارانە دەردەكات کە هیچ بناغەیەکی مەوزوعیی نییە، راستەوخۆ وابەستەی خواستە شەخسیی و گرێ سایکۆلۆژییەکانی کەسەکەیە. ئەم جۆرە لە سیاسەتکردن تەنها لە وڵاتە دیکتاتۆر و سوڵتانییەکاندا بوونی هەیە، چونکە قسە و بڕیارەکانی کەسی حاکم یان سوڵتان، با نامەوزوعیی و نابەرپرسیاریش بن، بەها و حوکمی یاسایان هەیە. کۆمەڵگا دیموکراسییەکان بۆ ناوەوەی خۆیان دیموکراسیین و هاوڵاتیانیشی بەردەوام لە خەباتدان بۆ پاراستنی بەهاکانی و گەورەکردنەوەی رووبەرەکانی. هەر ئەم واقیعەشە وادەکات کە ئەم کۆمەڵگایانە خۆیان بە „کۆمەڵگای بەها“ لەقەڵەمبدەن و شانازییش بەو بەهایانەوە بکەن. بۆنموونە یەکێتی ئەوروپا خۆی بە کۆمەڵگایەکی بەهادار نماییشدەکات و ئەو بەهایانەشی شانازییان پێوەدەکات بریتین لە رێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ و پاراستنی مافەکانی، ئازادیی، دیموکراسیی، یەکسانیی، دەوڵەتی قانون. لە دونیای ئێمەشدا ئەو بەهایانەی سیاسەت کاریان پێدەکات بەهای فیکریی و سیاسیی و یاسایی نین، بەڵکو بەهای شەخسیین، بۆنموونە لای یەکێتییەکان گەورەترین بەها، رێبازی مام جەلالە و لای پارتییەکان رێبازی مەلا مستەفای بارزانییە و لای گۆڕانخوازەکانی ئێستاش رێبازی نەوشیروان مستەفایە. بەم شێوەیە لە دونیای ئێمەدا شتێک نییە بەناوی بەهای فیکریی و سیاسیی و یاسایی وەک دەق لەسەری ڕێککەوتبین و لەکاتی ململانێدا بۆی بگەڕێینەوە، بۆئەوەی مافەکان و سزاکان لەوێوە سەرچاوەبگرن، بەڵکو بەدەیان تولەرێگا دەمانگەڕێننەوە بۆ بەها کاریزمییەکانی باو و باپیرە سیاسییەکان، بۆئەوەی شەرعییەت بە هەموو هەڵەیەکی ستراتیژی و بڕیارێکی نایاسایی و شەخسیی بدرێت.  ماکس ڤێبەر لە کتێبە بەناوبانگەکەی (سیاسەت وەک پیشە) سێ خەسڵەتی سەرەکیی بۆ سیاسەت دیاریکردووە، یەکەمیان خەسڵەتی شەغەفە، واتە سیاسەت پێشئەوەی پیشە بێت، خۆشەویستیی و حەزێکە بێ دەستکەوتی شەخسیی بۆ ئەو کارەی کە دەیکەیت. بە مانایەکی تر دوو جۆر سیاسەتمەدارمان هەیە، جۆرێکیان بۆ سیاسەت دەژی و تایپەکەی تریش پێی دەژی. دووهەم خەسڵەتی سیاسەت بریتییە لە هەستی بەرپرسیارێتیی، واتە کەسی سیاسەتمەدار دەبێت بەرپرسیارێتیی هەموو بڕیارەکانی هەڵبگرێت و نابێت هیچ بڕیارێکی ببێتە هۆکاری هەڕەشە بۆ سەر کۆمەڵگاکەی و مەترسیی بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتیی. سێهەمیشیان وردبینییە، واتە مەوزوعییەت لە سیاسەتکردن و بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتدا. ئەوەی جێگای سەرنجە لە دونیای ئێمەدا هیچ یەکێک لەم خاڵانە بوونی نییە و جیهانی سیاسەتی کوردیی بە هەموو ئەو خەسڵەتانە نامۆیە، گەر هەشبێت بەپێچەوانەوەیە. واتە گەر شتێک  لای سیاسیەتمەدارانی ئێمە هەبێت ناوی شەغەف بێت، ئەوا شەغەفە بۆ دەسەڵات و پارە و سێکس و خواردن و خواردنەوە و ڕاوکردن و کەمالییات (لوکسز). مەترسییدارترین ژەهر بۆ سیاسەت بریتییە لە لەخۆباییبوون یان غرور. کێشەی لەخۆباییبوون تەنها ئەوە نییە کە پەیوەندی مەوزوعیی نێوان سیاسەتمەدار و دەوروبەری دەشێوێنێت، بەڵکو پەیوەندی سیاسەتمەدار بەخۆشیە وێراندەکات. لای ماکس ڤێبەر سیاسەت کردەیەکی عەقلانییە و بە کەللەسەر دەکرێت نەک پارچەکانی تری جەستە یان بە روح. بۆیە هەموو کردەیەکی سیاسیی کە سەرچاوەکەی غرور بێت مانای ونکردنی هەموو مەسافەیەکە لەنێوان سیاسەت و سایکۆلۆژیای شەخسیی. ئەوەی سیاسەتمەداری مۆدێرن پێویستی پێیەتی تەنها شەغەف و بەرپرستارێتی و وردبینیی نییە، بەڵکو دروستکردنی دیستانس یان مەسافەیە هەم لەگەڵ شتەکان و هەم لەگەڵ خۆیدا. بەمانایەکی تر سیاسەتمەدار نابێت دوای حەماسەت و حەز و سایکۆلۆژیای خۆی بکەوێت لەوەش خراپتر بڕیارەکانی نابێت لە غرور یان خودئەڤینییەوە سەرچاوە بگرن. ماکس ڤێبەر ڕای وایە کە هەڵپەی دەسەڵات یەکێکە لە نەخۆشییە مەترسیدارەکانی سیاسەت. هەڵپەی دەسەڵات وادەکات زۆرینەی ئەو بڕیارانەی لەلایەن سیاسەتمەدارەکانی ئێمەوە دەدرێن، ئەوەندەی هەڕەشە بۆ سەر گۆمەڵگا دروستدەکات، هێندە گواستنەوەی کۆمەڵگا نییە لە دۆخێکی نائارامەوە بۆ دۆخێکی سەقامگیر، چەندە بەناوی دروستکردنی یەکڕیزیی و یەکانگیریی حیزب و نەتەوەوە پیادەبکرێت، ئەوەندەش پشێویی و دڵەڕاوکێ لە وڵاتدا دروستدەکات. لە بڕیاری ریفراندۆمەکەی بارزانییەوە تادەگات بە بڕیارەکانی پاڤڵ تاڵەبانیی بۆ پاکسازیی لەناو حیزبە بۆماوەکەی باوکی، زنجیرەیەکن لە ناوردبینیی و هەڵپەی دەسەڵاتی تاکخوازانە و هاوکات بەرجەستەکەری دوو مۆدێلن لە غرور و ناعەقلانییەتی سوڵتانیزمی نەوەی کۆن و نوێ کە راستەوخۆ بە سایکۆلۆژیای سەرۆکەکانیانەوە بەستراوەتەوە. سیاسەتمەدار دەبێت توانای قسەکردن و نووسینی هەبێت بۆئەوەی پەیام و ئایدیاکانی بگەیەنێت بە هاوڵاتیانی یان لانی کەم ئەندامانی حیزبەکەی. سیاسەتمەدارەکانی ئێمە نە قسەکەری باشن و نە تاقەتی خوێندنەوەیان هەیە و نە توانای نووسینیشیان هەیە، ئەو پێگە ئابووری وسیاسییە گەورەیەی هەیانە لەلایەکەوە دەرئەنجامی رێکەوتێکی بایەلۆژییە کە لەناو خێزانێكی سیاسییدا لەدایکبوون، لەلایەکی ترەوە وابەستەی ئەو تەوریسە سیاسییەیە کە لە حیزبەکەی باوانیانەوە بۆیان ماوەتەوە. زۆرینەی ئەو سیاسەتمەدارانەی ئێمە کە چارەنووسی سیاسیی ئەم هەرێمەیان بەدەستەوەیە نەک نووسەر و ڕۆشنبیرەکانی وڵاتانی دراوسێ و دونیا ناناسن، بەڵکو نووسەر و رۆژنامەنووسەکانی خۆشیان ناناسن.  لە وڵاتی ئێمەدا شتێک نییە بەناوی دیموکراسیی تاوەکو قسە و کردار و بڕیاری سیاسەتمەدارەکانمان بەهاکانی دیموکراسییەت بخەنە مەترسییەوە. ساڵانێکە هەرێمی کوردستان بەدەست ئەم نەخۆشیی و ژەهرە سیاسییانەی ناو دەسەڵاتدارێتیی کوردییەوە دەناڵێنێت کە ماکس ڤێبەر بۆ سیاسەتی دەستنیشانکردووە. لە ئێستاشدا بڵاوبوونەوەی دەنگۆی کولتووری ژەهردەرخواردکردنی یەکتر لەناو نوخبەی سیاسیی و خێزانە سیاسییەکاندا دەرئەنجامی ئەو فەزا ژەهراوییەیە کە حەزی دەسەڵات و کێشەی تەوریسی سیاسیی لەم ساڵانەی دواییدا بەرهەمیهێناوە. هەم حکومەتی هەرێم و هەم پەرلەمانەکەشی وەک دوو „یانەی ڕاوکەرانی پۆست“، جگە لە „داهۆڵێکی سیاسیی“ هیچ ڕۆڵێکی تریان لەم دیاردە مەترسییدارەی ناو یەکێتی نییە، چونکە وەک کێشەیەکی تایبەتی ناو ماڵێکی سیاسیی تەماشایدەکەن، نەک وەک مەترسییەک بۆ ژەهراوییکردنی کۆی فەزای سیاسیی لە هەرێمدا کە هەموویان بە بڕ و قوڵایی جیاواز لە دروستکردنیدا لێی بەرپرسیارن.  


(درەو): بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، یەکێتی كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە پۆستە حزبییەکانیدا دەكات، گۆڕانکارییەکان (5) مەكتەب و ژمارەیەک مەڵبەند دەگرێتەوە. ئەو مەکتەبانەی کە یەکێتی دەیەوێت گۆڕانكارییان تێدا بكات بەپێی زانیارییەکانی (درەو) ئەمانەن: - مەكتەبی بیرو هۆشیاری (رزگار حاجی حەمە) لێپرسراوێتی - مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەکان (د. میران محەمەد) لێپرسراوی بوو لە دوای 8ی تەمووزەوە (فەهمی بورهان) كراوە بە سەرپەرشتیاری ئەم مەکتەبە - مەكتەبی ئیعلامی یەكێتی لە ئێستادا (ستران عەبدوڵا) سەرپەرشتیارێتی - مەكتەبی شەهیدان (بورهان سەعید سۆفی) لێپرسراوێتیە - مەكتەبی هەڵبژاردن  (ئاسۆ مامەند) لێپرسراوێتی بەڵام ئێستا ئاسۆ مامەند كراوە بە سەرپەرشتیاری مەڵبەندەکانی كەركوك (درەو) زانیویەتی، یەکێتی گۆڕانکاری لە ژمارەیەک لێپرسراوی مەڵبەندەكانیدا دەکات، ئەوانەی گۆڕانکارییەکە دەیانگرێتەوە بە پێی زانیاریەكانی (درەو) ئەمانەن: - مەڵبەندی شارەزوو - مەڵبەندی چەمچەماڵ - مەڵبەندی حەمرین  مەلاكەریم بەرپرسی ئەم مەڵبەندە بوو کاندیدبوو، سەرکەوت بۆ پەرلەمانی عێراق - مەڵبەندی راپەڕین سەرباری ئەمانە، یەكێتی بەنیازە تەشكیلەی مەڵبەندەكانی كەركوك و هەولێر بگۆڕێت، بۆ دەڤەری كەركوك ئاسۆ ئەڵمانی كراوە بەسەرپەرشتیارهەروەك چۆن شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کراوە بە سەرپەرەشتیاری دەڤەری سلێمانی، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ-یش بۆ دەڤەری هەولێر. یەکێتی دەیەوێت ژمارەی مەڵبەندەکانی لە دەڤەری کەرکوک بۆ سێ مەڵبەند زیاد بکات بەمشێوەیە: - مەڵبەندی كەركوك: رەوەند مەلا مەحمود لێپرسراوی بێت  - مەڵبەندی شوان:  مامۆستا حەسیبە  لێپرسراوی بێت  - مەڵبەندی رۆژهەڵاتی كەركوك  چەند مەڵبەندێكیش دەكەونە چوارچێوەی دەڤەری هەولێری ھەولێرەوە کە بریتین لە مەڵبەمدەکانی (هەولێر- مەڵبەندی سۆران- كۆیە).


(درەو): ھاوسەرۆکێک بە ئیمزایەک ھاوسەرۆکەکەی تری لە حزب دەرکردووە، ئەمە چۆن رویدا ؟ لیژنەکە کێن ؟ پەیڕوییە یان نا ؟ دوێنی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی بڕیاری دەركردنی بۆ لاهور شێخ جەنگی و سێ ئەندامی سەركردایەتی دەركرد و بڕیاری هەڵپەساردنی بۆ ئاراس شێخ جەنگی دەركرد. بەپێی بەدواداچونەکانی (درەو)، بافڵ تاڵەبانی پاڵپشت بە دەسەڵاتێک کە ئەنجومەنی سەرکردایەتی پێی داوە بڕیاری دەکردنی ھاوسەرۆکەکەی تری لە یەکێتی دەرکردووە. لەدوای رووداوەکانی ٨ی تەموزو تەقێنەوەی ناکۆکی نێوان ھاوسەرۆکەکان، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کە ژمارەی ئەندامەکانی (١٢٤) کەسە کۆنەبوەتەوە، بەڵام بەمدواییە بافڵ تاڵەبانی بە جیا جیاو لەسەر ئاستی ناوچەکان کۆبونەوەی لەگەڵ سەرکردایەتییەکانی یەکێتیدا کرد (سەركردایەتی كەركوك، سەركردایەتی هەولێر، سەركردایەتی سلێمانی)، ئەنجامی ئەم کۆبونەوانە بووەھۆی ئەوەی رۆژی ٢٥ ی ئۆکتۆبەر، ئەنجومەنی سەرکردایەتی بڕیارێک دەربکات بە ژمارەی (٣١١). بڕیاری ٣١١ چییە ؟ لە سێ کۆبونەوەی جیاجیای بافڵ تاڵەبانیدا لەگەڵ سەرکردایەتی (کەرکوک- ھەولێر- سلێمانی)دا، بڕیاردراوە لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی پێکبھێنرێت. لەسەر بنەمای ئەم بڕیارە، لیژنەکە بەمشێوەیە دروستکراوە: -     بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی -     رەفعەت عەبدوڵا بەرپرسی دەستەی كارگێری یەكێتی -     شاڵاو عەلی عەسكەری بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی -     ئەمین بابەشێخ ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژی یەكێتی -     شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی. پەیامەکەو بڕیارەکە کاتژمێر حەوتی ئێوارەی دوێنێ لاھور شێخ جەنگی پەیامێکی ڤیدیۆیی لەبارەی کێشەکانی یەکێتی بڵاوکردەوە، تێیدا داوای کرد ئەنجومەنی سەرکردایەتی بڕیار لەسەر کێشەکان بدات. ھەندێک لە سەرجاوەکان لەناو یەکێتییەوە دەڵێن دوای ئەو وتارەی لاھور شێخ جەنگی، بافڵ تاڵەبانی کۆبونەوەی بە لیژنەکە کردووەو فەرمانی دەرکردنی لاھور شێخ جەنگی لە حزب دەرکردووە، ھەندێکی تر دەڵێن پێشتر لاهور شێخ جەنگی زانیویەتی لیژنەكە ئەو بڕیارەیان دەركردووە،  بۆیە ئەو پەیامەی راگەیاند تا رێگری بكات لە جێبەجێكردنی، بەڵام لە دوای پەیامەكەوە ئیتر بڕیارەكان چووە بواری جێبەجێكردووە. شەرعییە یان ناشەرعی ؟ بڕیاری دەرکردنی ھاوسەرۆکێک لە حیزب لەلایەن ھاوسەرۆکێکی ترەوە، یەکێتی دابەشکردووە بەسەر دوو بۆچونی جیاوازدا، هەندێكیان پێیان وایە بڕیارەكانی بافڵ تاڵەبانی پەیڕەوی، ھەندێکی تر دەڵێن نا پەیڕەویە: یەكەم: پەیڕەویە ئەوانەی پێیانوایە بڕیارەکە پەیڕەوییە، دەلێن بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانی پاڵپشتە بە بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی و لە كۆبونەوە ناوچەییەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا تەواوی دەسەڵات بە بافڵ تاڵەبانی دراوەو لیژنەیەک دراوە بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكانی یەكێتی، بڕیارەكە لەو سۆنگەیەوە هاتووە ناوخۆی یەكێتی روبەرووی مەترسی بووەتەوە بۆیە دەبێت هاوسەرۆك بڕیار بدات، ئەو كەسانە نەك پاڵپشتی یەكێتیان نەكردووە لە هەڵبژاردندا بەڵكو داوایانكردووە یەكێتیەكان دەنگ بە لایەنەكانی تر بدەن.  دووەم: نا پەیڕەویە ئەوانەی پێیانوایە نا پەیڕەوییە دەڵێن هاوسەرۆك و ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی هەڵبژێردراوی كۆنگرەی یەكێتین و تەنیا كۆنگرە دەتوانێت ئەو مافەیان لێبسەنێتەوە، سەبارەت بە هاوسەرۆكیش بڕیاری لێسەندنەوەی متمانە لە هاوسەرۆك   لە مادەی (15)ی ئەركو دەسەڵاتەكاندا هاتووە: لەسەر داوای (51) ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی لێسەندنەوەی متمانەی هاوسەرۆك دەخرێتە بەرنامەی كاری ئەنجومەنەوە. واتا تەنیا دەخرێتە بەرنامەی كاری ئەنجومەنەوە نەك لێسەندنەوەی متمانە یان دوورخستنەوەی. بە پێی مادەی (16) لێسەندنەوەی متمانە و دەست لەكاركێشانەوەی هاوسەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و گۆڕنینیان لە رێژەی (2/3)ی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەبێت واتا لە كۆی (124) ئەندام پێویستی بە دەنگی (83) ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەبێت.  هەر بەپێی بڕگەی (ب) لە خاڵی دووەمی مادەی (36)ی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی ئەگەر هەردوو هاوسەرۆك یان یەكێكیان پابەند نەبوون بە ئەرك و دەسەڵاتەكانەوە ئەوا بەدەنگی (2/3)ی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن متمانەی لێوەردەگیرێتەوە  


(درەو): بافڵ تاڵەبانی سورە لەسەر چونەدەرەوەی لاهور شێخ جەنگی لەناو یەکێتی، لاهور شێخ جەنگی دەڵێ" یان رێككەوتن و مانەوە، یاخود لیست و بەرەی جیا دروست دەكەم لەناو یەكێتیدا". چەند هەوڵێك هەبوو بۆ كۆبونەوەی نێوان هاوسەرۆكانی یەكێتی، هێشتا بافڵ تاڵەبانی رەزامەندی نەداوە بۆ كۆبونەوەی نێوانیان و یەكلاكردنەوەی كێشەكان. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیامی بۆ بافڵ تاڵەبانی ناردووە و پێی راگەیاندووە" یان رێككەوتن و چارەسەركردنی كێشەكان، یاخود  مینبەری جیا لەناو یەكێتی دروست دەكەم و لیستی جیام دەبێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان". بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، تائێستا بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی سوورە لەسەر ئەوەی نابێت لاهور شێخ جەنگی لەناو یەكێتیدا بمێنێتەوە، تەنانەت ئەو پەیامەشی بۆ لاهور شێخ جەنگی ناردووە كە ئەگەر ئەوێت لەدەرەوەی یەكێتی حزب دروست بكات، ئەوا هاوكاری ماددی و مەعنەویشی دەكات، بە مەرجێك لەناو یەكێتیدا نەمێنێت. بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی هاوتەریب لە هەوڵدان بۆ گۆڕانكاری لەناو حزب و حكومەت بۆ دورخستنەوەی كەسانی نزیكی لاهور شێخ جەنگی لە پۆستە حكومی و حزبیەكان، لە فەرمانگە مەدەنی سەربازییەکان، هەفتەی رابردوو لە سلكی سەربازیدا ژمارەیەك ئەفسەری نزیك لە لاهور شێخ جەنگیان دوورخستەوە. بڕیارە لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا پرسی گۆڕانكارییەكان بخەنە بواری جێبەجێكردنەوە، بەتایبەت گۆڕانكارییە حزبیەكان و مەڵبەند و مەكتەبەكانی یەكێتی. رەنگە بە دوورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی دۆخەكە بۆ بافڵ تاڵەبانی ئاسان نەبێت، چونکە ئێستا یەكێتی دابەش بووە بەسەر چەندین گروپدا لەوانە (گروپی كەركوكیەكان، گروپی ماڵی كۆسرەت رەسوڵ، گروپی جافەكان، گروپی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی)، هەریەك لەم گروپانە ئەجێندا و تموح و بەرژەوەندی خۆیان هەیەو چاویان لەوەیە پێگەیان لەدوای لاهور شێخ جەنگی بەهێز بێت. ئەم هەنگاوانە لە كاتێكدایە كە دەنگۆی ژەهرخواردكردنی ژمارەیەك سەركردەی یەكێتی هاتووەتە پێش (كە هەندێك بە سیناریۆ ناوی دەبەن و هەندێكیش بە حەقیقەت)، هەموو هەوڵەكان بەو ئاراستەیەیە كە لاهور شێخ جەنگی لەو پرسەدا تێوە بگلێنن و بیانوویەكی تر بخەنە سەر بیانووەكانی تر بۆ دوورخستنەوەی تەواوەتی لە یەکێتی.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand