مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) لە ساتەوەختی دەرکەوتنییەوە زارا محەمەدی مۆدێلێک لە بەرگریکردن نیشانئەدات کە ھەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندییە و قابیلی لەسەروەستان و ڕاڤەکردەنە. بەر لە ھەمووشتێک ئەم خاانمە دەزانێت ئەو کردەیەی ئەو ئەنجامیئەدات ڕژێمی جمھوری ئیسلامی و دەسەڵاتی ئایەتوڵا و ئاخوندەکان ناڕوخێنێت. کۆتایی بە سیستمە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیەکەی دەسەڵاتدارانی ئێران ناھێنێت. دەشزانێت زیندانکردن و ئازاردان دەرەنجامێکی حەتمی ئەو کردە تایبەتەی بەرگریکردنە. پرسیارەکە ئەوەیە بەرگریکردن لەم دۆخەدا چ مانایەکی ھەیە؟ چۆن لێی بڕوانین و بە چ شێوەیەک لێی تێبگەین؟ بە بۆچوونی من ئەم شێوازە لە بەرگریکردن کورتنابێتەوە تەنھا بۆ بەرەنگاربوونەی سیاسەتێکی دەرەکیی قێزەون، سیاسەتی یاساغکردنی زمانی میلەتێک لە سەدەی بیست و یەکەمدا، تەنھا بەگژاچوونەوەی ڕاسیزمی دەوڵەتیش نییە کە مرۆڤەکان لەسەر بنەمای زمان لەیەکتری جادەکاتەوە و ڕێ لە فێربوونی ئەم یان ئەو زمانیان دەگرێت. ھاوکات ئەم بەرگریکردنە تەنھا کردەی ڕەفزکردن و پێداگرتن لەسەر پێداویستی کۆتاییھاتن بە جیھانێکی نائینسانیی تایبەتیش، نییە. بەرگریکردن لێرەدا بەر لە ھەمووشتێک کردەیەکی پۆزەتیڤە، پێداگرتنە لەسەر فۆرمێکی تایبەت لە مرۆڤبوون، دروستکردن و پاراستننی وێنەیەکی خودە کە بەشێکی زۆری ماناکانی بوون و ژیانی، لە ھێشتنەوە و داڕشتنەوەی بەردەوامی ئەو وێنەیەدا بەرجەستەیە. بەرگریکردن لێرەدا، گەر بە زمانی فەیلەسوی فەرەنسی میشێل فوکۆ بدوێین، جۆرێکە لە مشورخوردنی مرۆڤ لە خود خۆی، پاراستن و ڕزگارکردنی ئەو خودەیە لە بڕێکی زۆر لەو میکانیزمی کۆنترۆڵ و دیسپلینکردنە دەرەکییانەی کە سیستمە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و دینییەکە، بەسەر مرۆڤدا دەیسەپێنرێت. ڕێگرتنە لەوەی مرۆڤ بگۆڕێت بۆ خودێکی ئاراستەکراو و گوێڕایەڵ و تەسلیمبوو بە میکانیزم و گوتارە باڵادەستەکانی ئەو سیستمانە. کردەی بەرگریی لێرەدا تەنھا کردەی ڕەفزکردنی ئەو میکانیزمە دەرەکییە سەپێنراوانە نییە، بەڵکو کردەیەکی ناوەکیی بەرھەمھێنیشە، کە تیایدا مرۆڤێک خۆی خۆی دروستدەکات و پێ لەسەر ئەوەدادەگرێت بە مەرجەکانی خۆیەوە لەو ژینگە کۆنترۆڵکراوەدا درێژە بە ژیانی بدات. بەرگریی لێرەدا کەسایەتییەک دروستدەکات لە دەرەوەی ئاسۆی چاوەڕوانییەکانی دەسەڵاتدا بژیی و کار لەسەر شوناسی تایبەتی خۆی بکات، ئیتر لە چاوەڕوانییەکانی دەسەڵاتی سیاسییەوە بیگرە، بۆ چاوەڕوانییەکانی دەسەڵاتی دینیی و لەوانیشەوە بۆ چاوەڕوانییەکانی دەسەڵاتە ڕەمزییەکانی ئەو دەوڵەتە ڕاسیستییە. لەسەرێکی دیکەوە کردەی بەرگریکردنە چەندە کردەی دروستکردنی خودێکی تەلسیمنەبوو و یاخییە، لە ھەمانکاتدا کردەی ڕێگەگرتنیشە لە ڕوخانی ناوەکیی مرۆڤەکە خۆیشی، ڕێگرتن لە سڕینەوەی ناوەکیی مرۆڤەکە لە ناوەوەی خۆیدا. بەم مانایە ئەم کردەیە بەر لەوەی کەسەکە بکات بە شۆڕشگێڕێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیی و سیاسیی، دەیکات بە مرۆڤێک لە خەمی پاراستنی مرۆڤبوونی خۆی و لە خەمی پاراستنی ئەو مەرجانەدا بێت کە شوناسێکی تایبەتی پێئەبەخشن. شوناسێک پێشئەوەی لەبەردەم جیھانی دەرەوەدا نمایشیبکات، لەبەردەم خۆی و لە پەیوەندیدا بە خۆیەوە، نمایشیدەکات. بە زمانێکی سادەتر بدوێم کردەی بەرگریکردن وا لە زارا محەمەدی دەکات کەسێکبێت بە مەرجەوە بژیی، ڕێزی خۆی و ڕوانینەکانی خۆی بگرێت، مشوری ئینسانبوونی خۆی بخوات، بە تەنگ ئەو وێنە و دید و ڕوانین و زمانەوە بێت کە ئەو دەکەن بەو کەسە تایبەتەی لەو ساتەوەختە مێژووییە تایبەتەدا ڕێیکەوتۆتە ناو ئەو جیھانە تایبەتەوە، کە تیایدا دەژیی. بەم مانایە کردەی بەرگریکردن لێرەدا کردە و دەستپێشخەریی تاکەکەسیی ماناداری ئەم خانمەیە کە لە ڕێگایەوە خۆی دەبێت بە نووسەر و داھێنەری شوناسی خۆی، وەک مرۆڤێک لەناو ژینگەیەکی نائینسانیی و دڕندەدا. وەک ووتم کردەی بەرگریکردنەکە بە پلەی یەکەم ڕزگارکردنی خود خۆیەتی لە بڕێکی زۆر لەو میکانیزمانەی کۆنترۆڵ و دیسپلین و ئاراستەکردنی دەرەکیی. کە جۆرێک لە مرۆڤی ڕامکراو بەرھەمدەھێنن. ئەم گەڕانەوەیە بۆ خود خۆی و ئەم مشورخواردنە لە ئینسانبوونی ئینسان خۆی، کارێکی ھێجگار گرنگە لە ژینگەیەکدا ئەگەری شۆڕش و ئەنجامدانی گۆڕانکارییی خێرا و گەورە و ماناداری تیادا لاوازبووبێت. پرۆژەیەکی کۆیی بەرگریکردن و ھەوڵی ڕێکخراو و سیستماتیکی بۆ دەسکاریکردنی ئەو دونیایە، بوونی نەبێت یان زۆر لاواز و پەراوێزیبێت. لە ڕاستیدا مشورخواردن لە خود خۆی، لەوەی مرۆڤ چ کەس و بوونەوەرێک بیت، لە چ پەیوەندییەکادا بیت لەگەڵ خودی خۆیدا، بەشێکی ھێجگار گرنگ و سەرەکیی ھەر کردەیەکی بەرگریکردنە بیەوێت بەرگرییەکی ڕاستەقینە و ماناداربێت. ئینسان بۆ ئەوەی بتوانێت بەشێکبێت لە پرۆژەی ئازادیی و سەربەخۆبوونێکی دەستەجەمعی، پێویستە سەرەتا ئەو پرۆژەیەی لە ناوەوەی خۆیدا و لە پەیوەندیدا بەخۆیەوە ھەڵگرتبێت. لەم دۆخەدا کردەی بەرگریکردن کردەی داھێنان و دروستکردنی خود خۆیەتی بەپێی خواست و ویست و دید و ھۆشیاریی ناوەکیی ئەو خودە خۆی، نەک تەنھا بەپێی لۆژیکی کاردانەوە بەرامبەر بە فشارە دەرەکییەکان و بەگژاچوونەوەی ئەو فشارانە. کە ئەمە دەڵێم نامەوێت لە قورسایی فشارە دەرەکییەکان کەمبکەمەوە، بە پێچەوانەوە فشارە دەرەکییەکان پاڵنەری ھێجگار گرنگن، زارا محەمەدی کورد نەبوایە و لە ئێرانی ڕژێمی ئایەتوڵاکاندا نەژیایە، بێگومان کەسێکی دیکە و ژنێکی دیکەی لێدەردەچوو. ئەوەی من دەمەوێت بەرگریی لێبکەم ئەو پاڵنەرە ناوەکییانەیە کە کەسێک بەرەو ئەوەدەبەن ھەوڵی ڕزگارکردنی ئینسانبوونی خۆی بدات، لە ژینگەیەکدا یەکێک لە میکانیزمە سەرەکییەکانی لە ئینسانخستنی ئینسانە. مشورخواردنەوە لە خود خۆی و پاراستن و ھێشتنەوەی ئینسانەکەی ناو کەسەکە خۆی، شەپازلەیەکی گەورەیە لە ڕوخساری میکانیزمە باڵادەستەکانی لە ئینسانخستنی ئینسانەکان خۆیان. زارا محەمەدی ئەو شەپازلە ئینسانییە گەورەیەیە لە ڕوخساری سیاسەتی لە ئینسانخستنەی ئینسان، لەمڕۆکەی ئێراندا. گەڕانەوە بۆ ئەو دێڕە شیعرەی قانعیش کە دەڵێت ”قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی ھیوای بە بەندیخانەیە“، دەسکارییەکی تەواوی ماناکانی زیندان و پێچەوانەکردنەوەی ئەرک و واجیبەکانی زیندانە وەک دەزگایەکی سەرەکیی کۆنترۆڵ و دیسپلینکردن. گۆڕینی ماناکانی زیندانە لە شوێنێکەوە بۆ چاندنی بەزاندن و تەسلیمبوون لەناوەوەی مرۆڤدا، بۆ قوتابخانەیەک بۆ فێربوون و دروستبوونو خۆداھێنانی نوێ. ئەمەش دیسانەوە درێژەی ئەم ستراتیژیەتی مشورخواردنەیە لە خود خۆی. ڕێک لەو کاتەدا کە زارا محەمەدی بەرەو زیندان دەچێت و بەرگریکردنەکەی ڕەھەندێکی بەرچاو و بینراو وەردەگرێت، ئێمە دەنگ و سەدا و قسەکانی دەبسیتین، بەمەش ماناکانیکردەی بەرگریکردنەکەی گەورەتر و گشتیتر دەبێت، لە ھەمانکاتدا لە ھەرێمی کوردستاندا یادی قاسم سلێمانی کرایەوە و بەجۆرێک باس لەم کەسایەتییە کرا، ھەموو مانایەکی پۆزەتیڤی لە بەکارھێنانێکی بەرپرسیارانەی زمان و قسەکردن و دەرکەوتن سەندەوە. لەباتی ڕێزگرتنی قسەکەرەکان لە خودی خۆیان و لەباتی بەتەنگەوەھاتن و مشورخوردنیان لە زمان و خود و قسەکانیان، بوون بە داھۆڵێکی بەتاڵی فوتێکراو، یان بە تەسجیلێک چەند بەرپرسێکی ئێرانی ئەو شتانەیان لەسەر تۆمارکردبێت کە لەوانەیە خودی ئەو بەرپرسانە خۆیشیان، باوەڕیان پێینەبێت. ئەوەی لە یادکردنەوەی قاسم سلێمانی لە ھەرێمدا گوترا، ھێندەی نمایشکردنی سوکایەتیکردنی قسەکەرەکان بوو بە خودی خۆیان و بە زمان و بە کردەی قسەکردن خۆیشی، ھێندە نمایشکردنی ھیچ شتێکی دیکە، نەبوو. بەم شێوەیە ئێمە لەیەک کاتدا دوو شتی تەواو ناکۆکمان بینیی: لەسەرێکەوە مۆدێلێکمان لە بەرگرییکردن بینی کە مرۆڤ بەھۆیەوە بەر لە ھەمووشتێک لە خەمی ئینسانبوونی خۆیدایە، لە سەرێکی دیکەوە مۆدێلێکمان لە تەسلیبوون بینی، کە مرۆڤ تیایدا بەر لە ھەمووشتێک سوکایەتی بە خودی خۆی دەکات.
درەو: حكومەتی هەرێم موچەی بەشێكی موچەخۆرانی بە دراوی ( 5 هەزار) دیناری دابەشدەكات، لەو پرۆسەیەدا خێرێكی تر لە موچەی موچەخۆران دەكات. بەشێكی زۆری موچەخۆران موچە بە دراوی (5 هەزار) دیناری وەردەگرن، كە زۆربەیان كۆن و دڕاو وخراپن، لە بەستەیەكی (500 هەزار) دیناریدا بڕی نزیكەی (20 بۆ 30) هەزار (5 ھەزار) دیناری كۆن و خراپ ھەن. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، حكومەت لە گۆڕینەوەی دۆلار بە دراوی (5 هەزار) دیناری قازانج دەكات، بەو پێیەی ئەگەر نرخی (100) دۆلاری ئەمریكی لە بازاڕدا بە (148 هەزار) دینار بێت بە دراوی (25 هەزار)ی و (10هەزار) دیناری، ئەوا بە دراوی (5 هەزار) دیناری نرخی (100) دۆلار بە (148 هەزارو 100) دینارە، واتا لە هەر (100) دۆلارێك حکومەت زیاتر لە (100) دینار قازانج دەكات، بۆیە لە ئێستادا موچەی زۆرێك لە موچەخۆران بە دراوی (5 هەزار) دیناریە. حكومەتی هەرێم مانگانەی پارەی داهاتی نەوت کە بەدۆلار دەگەڕێتەوە، لە رێگەی بانك و نوسینگەكانەوە ئاڵوگۆڕ دەكات. پارەی داهاتی نەوت (350 ملیۆن) دۆلارە، مانگانە دەكاتە (518 ملیار) دینار، واتا لەو ئاڵوگۆڕەدا ئەگەر بە دراوی (5 هەزار)ی بێت، ئەوا بڕێك پارە بۆ حكومەت یاخود نوسینگەو ئەو بانكە دەگەڕێتەوە كە پارەكەی لێ ئاڵوگۆڕ دەكرێت.
(درەو): ئەمڕۆ یەكەمین دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، بەگوێرەی دەستوری عێراق، لەم دانیشتنەكە (سەرۆكی پەرلەمان)و (دوو جێگر) بۆ سەرۆكی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێن. دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەپێی دەستور بەشێوەی "راستەوخۆو نهێنی"ی دەبێت، سەرۆكیو جێگرەكانی سەرۆكی پەرلەمان بە "زۆرینەی رەها"ی دەنگی پەرلەمانتاران هەڵدەبژێردرێن. ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق (329) ئەندامە، زۆرینەی رەها واتە دەبێت (165) پەرلەمانتار بە جیا دەنگ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانو هەردوو جێگرەكەی بدەن. بەپێی ئەو عورفە سیاسییەی لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە ساڵی 2005ەوە لە عێراق پەیڕەو دەكرێت، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پێكهاتەی سوننەیە، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ شیعەیەو جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پێكهاتەی كوردە. سەرباری هەندێك ناكۆكی، سوننەكان لەناوخۆیان لەسەر ئەوە رێككەوتوون جارێكی تر (محەمەد حەلبوسی) بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كاندید بكەنەوە، ئەم رێككەوتنە لە ئیماراتی عەرەبی كراوەو لە بارەگای بارزانی لە پیرمام موبارەكە دەكرێت. حەلبوسی پێشتر لە یەكێتی نزیك بوو، ماڵێكی لە سلێمانی هەبوو، بەڵام بەمدواییە لە پارتیو مەسعود بارزانی نزیك بوەتەوەو پارتی پشتیوانی دانانەوە لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دەكەن. خولی پەرلەمان بەپێی دەستوری عێراق، ماوەی (4 ساڵ) دەخایەنێت، وادەكەی لە یەكەمین دانیشتنی خولی نوێوە دەستپێدەكات. پێشبینی دەكرێت لە دانیشتنی سبەینێدا، حەلبوسی وەكو سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرێتەوە، بەڵام بەپێی ئەوەی باسدەكرێت، ڤیتۆی ئێرانی لەسەرە، ئەگەر ئاستەنگ بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دروست ببێت، كۆبونەوەی سبەینێ پەرلەمان بە كراوەیی دەهێڵدرێتەوە تا ئەوكاتەی لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن. رێژەی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق "نیساب"، بەگوێرەی دەستوری عێراق، زۆرینەی رەهایە، وادە بەڕێوەچوونی هەر كۆبونەوەیەك پێویستی بەوەیە لانی كەم (165) ئەندام ئامادەبن. بڕیارەكان لەناو پەرلەمانی عێراق، دوای تەواوبوونی نیسابی یاسایی، بە دەنگی "زۆرینەی سادە"ی پەرلەمانتاران تێدەپەڕێت. دەسەڵاتەكانی پەرلەمان دەستور، ئەركی پەرلەمانی عێراقی بەمشێوەیە دیاریكردووە: • دەركردنی یاسا فیدراڵییەكان • چاودێریكردنی كاری دەسەڵاتی جێبەجێكردن • هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار • رێكخستنی پرۆسەی پەسەندكردنی پەیماننامەو رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان لەرێگەی یاساوە كە دوو لەسەرسێ پەرلەمانتاران دەنگی پێبدەن • پەرلەمان بە دەنگی "زۆرینەی رەها"ی ئەندامەكانی، لەسەر پێشنیازی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی پڕكردنەوەی ئەم پۆستانە پەسەند دەكات: - دانانی سەرۆكو ئەندامانی دادگای پێداچونەوەی فیدراڵی - دانانی سەرۆكی داواكاری گشتی - دانانی سەرۆكی دەستەی چاودێری دادوەریی • دانانی باڵیۆزو خاوەن پلە تایبەتەكان، لەسەر پێشنیازی ئەنجومەنی وەزیران • دانانی سەرۆكی ئەركانی سوپاو یاریدەدەرەكانیو ئەوانەی لە پلەی فەرماندەی فیرقە بەرەوسەرن، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری، لەسەر پێشنیازی ئەنجومەنی وەزیران سەرۆك كۆمار چۆن لادەبرێت ؟ • پەرلەمان لێپرسینەوە لە سەرۆك كۆمار دەكات لەسەر داوای زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمان • لادانی سەرۆك كۆمار لە پۆستەكەی بە زۆرینەی رەهای دەنگی پەرلەمان، دوای تاوانباركردنی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، لە یەكێك لەم حاڵەتانەدا: - شكاندنی سوێندی دەستوریی - پێشێلكردنی دەستور - ناپاكی گەورە حكومەت چۆن هەڵدەوەشێتەوە ؟ • پەرلەمان دەتوانێت بە "زۆرینەی رەها"ی دەنگی ئەندامەكانی متمانە لە وەزیرەكانی حكومەت وەربگرێتەوە • سەرۆك كۆمار دەتوانێت داوای وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران پێشكەشی پەرلەمان بكات • پەرلەمان لەسەر داوای یەك لەسەر پێنجی ئەندامەكانی، دەتوانێت داوای سەندنەوەی متمانە لە سەرۆك وەزیران بكات.. • پەرلەمان بە "زۆرینەی رەها"ی دەنگی ئەندامەكانی متمانە لە سەرۆك وەزیران وەردەگرێتەوە • لە حاڵی وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆك وەزیران، كابینەی حكومەت بە دەستلەكاركێشاوە ئەژمار دەكرێت • لە حاڵی وەرگرتنەوەی متمانە لە حكومەت بەگشتی، سەرۆك وەزیرانو وەزیرەكان بەردەوام دەبن لە پۆستەكانیان وەكو كاربەڕێكەر بۆ ماوەیەك كە لە (30) رۆژ زیاتر نەبێت، تا ئەوكاتەی ئەنجومەنێكی وەزیرانی نوێ دروست دەكرێت • پەرلەمان مافی بانگهێشتكردنی بەرپرسانی دەستە سەربەخۆكانی هەیەو دەتوانێت بە دەنگی "زۆرینەی رەها"ی ئەندامەكانی لەپۆستەكانیان دوریان بخاتەوە • پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامەكانی، لەسەر داوایەكی هاوبەشی سەرۆكی كۆمارو سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، رەزامەندی دەدات لەسەر راگەیاندنی جەنگ، باری نائاسایی • حاڵەتی باری نائاسایی بۆ ماوەی 30 رۆژ رادەگەیەنێتو دەتوانێت وادەكە درێژتریش بكاتەوە • حكومەت پرۆژەیاسای بودجە دەخاتە بەردەم پەرلەمان بۆ پەسەندكردنی • ئەندامانی پەرلەمانی عێراق حەسانەی یاساییان هەیەو لەو ماوەیەدا كە پەرلەمانتارن، روبەرووی دادگا ناكرێنەوە، مەگەر پەرلەمان بەزۆرینەی رەها حەسانەیان لەسەر هەڵبگرێت پەرلەمان چۆن هەڵدەوەشێتەوە ؟ • لەسەر داوای یەك لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان یاخود داواكاری سەرۆك وەزیران لەسەر رەزامەندی سەرۆك كۆمار، بە "زۆرینەی رەها"ی دەنگی ئەندامەكانی، پەرلەمان دەتوانێت خۆی هەڵوەشێنێتەوە، بەڵام ئەم كارە نابێت لەكاتێكدا بكرێت كە سەرۆك وەزیران بۆ لێپرسینەوە بانگهێشتی پەرلەمان كرابێت. • لە حاڵی هەڵوەشانەوەی پەرلەماندا، سەرۆك كۆمار بانگەواز بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەكات لەماوەیەكدا كە لە (60) رۆژ زیاتر نەبێت لە رۆژی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانەوە، لەم حاڵەتەدا ئەنجومەنی وەزیرانیش بە دەستلەكاركێشاوە ئەژمار دەكرێتو بەشێوەی كاربەڕێكەر كاروبارەكان بەڕێوەدەبات
(درەو): غازی كەركوكی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە شوقەكەی خۆی لە سلێمانی لەلایەن هێزێكی تایبەتی یەكێتییەوە دەستگیركرا، دەستگیركردنەكەی غازی كەركوكی پەیوەندی بە هەوڵی ژەهرخواردكردنی سەرۆكی دەزگای زانیارییەوە هەیە. دوای رەتكردنەوەی هەواڵەكە ! دوێنێ شەو هێزێكی ئەمنی كە دەوترێت سەربە هێزەكانی دژە تیرۆرو دەزگای زانیاری یەكێتی بوون، (غازی كەركوكی) ئەندامی سەركردایەتی یەكێتییان دەستگیركردو رەوانەی زیندانیان كرد. دوو هەفتە لەمەوبەر، (درەو) بۆ یەكەمینجار دەستگیكردنی (غازی كەركوكی) بڵاوكردەوە، بەڵام ئەوكات غازی كەركوكی لەرێگەی پۆستێكی فەیسبوكەوە هەواڵەكەی (درەو)ی رەتكردەوەو دواترو لە هەمان شەودا بەجلوبەرگی خەوتنەوە گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، لەناو ماڵەكەی خۆیدایە لە سلێمانی دەستبەسەر نەكراوە. بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو یەكێتی دەستی كەوتووە، نزیكەی سێ هەفتەیە غازی كەركوكی لە شوقەكەی خۆی لە پرۆژەی (قەیوان ستی) لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی، دەستبەسەركراوە. دانا غازی، كوڕی غازی كەركوكی دوێنێ شەو لە ئاكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ئاشكرایكرد" هێزێكی یەكێتی باوكیان رفاندووە"، دواتر نوسینەكەی ئەبدەیت كردەوەو نوسی:" هێزێكی یەكێتی نیوەی شەو هەڵیانكوتایە سەر ماڵی باوكم غازی كەركوكی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بردیان بۆ شوێنێكی نادیار. ئایا ئەمە پرنسیپی حزبی و یاساییە؟". هۆكاری دەستگیركردنەكەی بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەسەر زانیاری ئەمریكییەكان، (غازی كەركوكی) لەلایەن دەزگای زانیاری یەكێتییەوە لە میوانخانەیەكی تایبەتی یەكێتی دەستبەسەركراوە، دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی دەستگیركردنی لە (درەو)، غازی كەركوكی لەمیوانخانەكەوە گواستراوەتەوە بۆ شوقەكەی خۆی. سەرچاوەكان لەناو یەكێتییەوە باسلەوە دەكەن، غازی كەركوكی تۆمەتبارە بەوەی هەوڵی "ژەهرخواردكردن"ی ئەژی ئەمین سەرۆكی دەزگای زانیاری یەكێتی داوە، یەكێك لە پاسەوانەكانی غازی كەركوكی بەناوی (دلێر) كە لەدەرەوەی وڵات بووە، گەڕێندراوەتەوە سلێمانیو دانی بەوەدا ناوە غازی كەركوكی بە هەوڵی ئێرانییەكان، لە رێگەی حەشدی شەعبیەوە هەوڵی ژەهرخواردكردنی ئەژی ئەمین سەرۆكی دەزگای زانیاری داوە.
درەو: لەماوەی دوو هەفتەدا حكومەتی هەرێم موچەی تەنیا حەوت وەزارەتی دابەشكردووە، بە بڕی (377 ملیار) دینار، لە كاتێكدا حكومەت (520 ملیار) دینار داهاتی لەبەردەستدایە. لە 25ی مانگی رابردووە كابینەی سێ قۆڵی ( پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان) دابەشكردنی موچەی مانگی 12ی ساڵی رابردووی راگەیاندووە، لەماوەی ئەو دوو هەفتەیەدا تەنیا موچەی حەوت وەزارەت و دامودەزگای دابەشكردووە بە بڕی (377 ملیار) دینار. ئەو وەزارەت و دامەزراوانەی تا ئێستا موچەیان وەرگرتووە: وەزارەتی تەندروستی: 50 ملیار دینار وەزارەتی پێشمەرگە: 133 ملیار دینار ( بەبێ 32 ملیار دیناری هاوپەیمانان بۆ لیوا هاوبەشەكان) واتا موچەی پێشمەرگە لای وەزارەتی دارایی (101 ملیار) دینارە وەزارەتی دارایی: 11 ملیار دینار وەزارەتی كاروباری شەهیدان: 855 ملیۆن دینار زیندانیە سیاسیەكان: 2 ملیار دینار كەسوكاری شەهیدان: 35 ملیار دینار وەزارەتی ناوخۆ: 178 ملیار دینار كۆی گشتی: 377 ملیار و 855 ملیۆن دینار واتا تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان (377 ملیار) دینار موچەی دابەشكردووەو نزیكەی (520 ملیار) دیناری ماوە بۆ دابەشكردنی كۆی موچە كە نزیكەی (900 ملیار) دینارە، واتا تا ئێستا (41%)ی موچەی دابەشكردووەو (59%)ی موچەی موچەخۆران دابەشنەكراوە. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) حكومەتی هەرێم بۆ موچەی مانگی (12) زیاتر لە (520 ملیار) دیناری لەبەردەستدا بووە، (360 ملیار) دیناری داهاتی نەوت و (160 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆ. ئێستا كابینەی سێقۆڵی بەم شێوازی دابەشكردنی موچەیە هەموو رۆژەكانی مانگی تەرخانكردووە بۆ دابەشكردنی موچە، موچەی مانگێك تەواو ناكات دەستبەدابەشكردنی موچەی مانگێكی تر دەكات، سەرباری ئەمەش هێشتا فەرمانبەران لەكاتی خۆیدا موچە وەرناگرن . ئەمە لەكاتێكدایە كە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بەرزبونەوەی بەردەوام بەخۆوە دەبینێت و داهاتی ناوخۆ و باج و رسوماتیش زۆر زیادی كردووە، كابینەی مەسرور بارزانی چەند مانگێكە لێبڕینی موچەی هەڵگرتووە بەڵام شێوازی دابەشكردنی موچەی بەجۆرێك رێكخستووەتەوە كە هەمانكاریگەری مانگەكانی لێبڕینی موچەی لەسەر بژێوی موچەخۆران درووست كردووە. دۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت قەیرانی موچە بۆ كابینەی مەسرور بارزانی دەبێت بە قەیرانێكی ئەبەدی و چارەسەرناكرێت، رەنگە دواجار بە كابینەی قەیرانی موچە ناوببرێت.
راپۆرت: درەو جارێكی تر كورد دەچێتەوە ناو دانوستان بۆ پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەت لە عێراق، وا دیارە ئەمجارەش دانوستانی كورد لە بەغداد لەسەر پۆستە حكومییەكان چڕدەبێتەوە، بەوپێیەی تائێستا پارتیو یەكێتی وەكو دوو لایەنی دانوستانكار كارنامەی خۆیان سەبارەت بە گفتوگۆكانیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان لەبارەی چۆنیەتی چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكان بۆ رایگشتی لە هەرێمی كوردستان رانەگەیاندووە. ئەمە لەكاتێكدایە، ئەم ئێوارەیە وەفدی هاوبەشی پارتیو یەكێتی بەفەرمی لە بەغداد دەستیان بەگفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق كردو لەیەكەمین وێستگەی گفتوگۆكاندا سەردانی دەستەی سیاسی رەوتی سەدریان كرد وەكو لایەنی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن. لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە ساڵی 2003، ئەمە هەشتەمین كابینەی حكومییە كە لە عێراق دروست دەكرێت. پشكی كورد لە كێكەكەی بەغداد رۆژی یەكشەممەی داهاتوو، خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق یەكەمین دانیشتنی خۆی سازدەدات، ماوەی دوو رۆژ دەرفەت لەبەردەم لایەنە سیاسییەكاندا ماوە بۆ ئەوەی دانوستانەكانیان ببڕێننەوە، بەپێچەوانەوە دەبێت پەرلەمانی عێراق هاوشێوەی خولی پێشوو، دانیشتنی یەكەمی خۆی بە كراوەیی بهێڵێتەوە تا ئەوكاتەی لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن. سەرەتای دانوستانەكان بە رێككەوتن لەسەر پۆستی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق (سەرۆكی پەرلەمانو جێگرەكانی، سەرۆك كۆمار، سەرۆكی حكومەت) دەستپێدەكات. ئەگەر كابینەی وزاری لەڕووی ژمارەی وەزارەتەكانەوە وەكو خۆی بمێنێتەوە كە ئێستا (22) وەزارەتە، پشكی كورد لە كابینەی هەشتەمدا بەمشێوەیە دەبێت: • پۆستی (سەرۆك كۆمار) بۆ یەكێتی • پۆستی (جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان) بۆ پارتی • (3 بۆ 4) وەزارەت لە كابینەی نوێی حكومەتدا، یەكێك لە پۆستە وزارییەكان پۆستی باڵا دەبێت (وەزارەتی دەرەوە یاخود وەزارەتی دارایی)، پارتی دوو وەزارەت دەبات، یەكێكیان وەزارەتێكی باڵا دەبێت، یەكێتیش وەزارەتێك دەبات • چەندین پۆستی باڵا لە بەڕێوەبەری گشتیو بریكاری وەزیرو باڵیۆزو دەستە سەربەخۆكان، ئەم پۆستانە لەنێوان پارتیو یەكێتی دابەش دەكرێنو هەندێكجار بەشی لایەنە سیاسییەكانی تری كوردستانیشی لێدەدرێت ئەمە هاوكێشەی دابەشكردنی پشكی كوردە لە پۆستەكانی بەغداد لەدوای روخانی سەددامەوە. خواستی كورد لە عێراقدا لەدوای روخانی رژێمی پێشووەوە لە ساڵی 2003، لایەنە كوردییەكان بەشدارن لە پەرلەمان و حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقدا، لە 18 ساڵی رابردوودا كە كورد بەشداری سەرەكی بووە، كێشە و گرفتەكانی كورد لە عێراق لەبری چارەسەركردنی زیاتر بوون، ئەمەش هەندێك بۆ خراپی سیاسەتی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقی دەگێڕنەوە، هەندێكی تر دەیخەنە ئەستۆی خراپی ئاستی نوێنەرانی كورد. ئێستا هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی ژمارەیەك كێشە و پرسی هەڵپەسێردراویان لەگەڵ حكومەتی عێراقدا هەیە، كە هەندێكیان نوێن. دۆسیەی یەكەم: ماددەی 140ی تایبەت بە یەكلاكردنەوەی چارەنوسی كەركوكو ناوچە "كێشەلەسەرەكان"، كە تائێستا بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوەو لە 16ی ئۆكتۆبەریشەوە دۆخەكە خراپتر بووەو كورد بەتەواوەتی كۆنترۆڵی ئەمنیو ئیداری ئەو ناوچانەی لەدەستداوە، گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو، پێویستی بە گفتوگۆی چڕو سەختی لایەنە كوردییەكان دەبێت لە بەغداد، بەڵام پارتیو یەكێتی بەر لە شەڕی جێبەجێكردنی ئەم ماددە دەستورییە لە دانوستانەكانیان لەگەڵا لایەنە عێراقییەكان، لەناو خۆیاندا لەسەر كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك ناكۆكن، بەهۆی ئەم ناكۆكییەوە، لە هەردوو كابینەی عادل عەبدولمەهدیو مستەفا كازمیدا، پۆستی پارێزگاری كەركوك نەگەڕایەوە بۆ كورد، ساڵی 2018 كە كابینەی حەوتەمی حكومەت لە عێراق دروستكرا، ئەوكاتیش هاوشێوەی ئێستا، پارتی لەبری پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی، داوای پۆستی پارێزگاری كەركوكی دەكرد، وەفدی هەردوولا دوای پێكهێنانی حكومەت، چەند دانیشتنێكیان كرد بۆ دیاریكردنی كاندیدێكی هاوبەش، بەڵام نەگەیشتن بە رێككەوتن، لەكاتی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمیشدا، یەكێتی بەشداریكردنی لە حكومەتەكەدا بەستەوە بە پڕكردنەوەی پۆستی پارێزگار لەلایەن كاندیدێكی یەكێتییەوە، بەڵام ئەم مشتومڕەش بەبێ ئاكام كۆتایی هات. دۆسیەی دووەم: نەوتو غاز ئەمەش یەكێكە لە دۆسیە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمو بەغداد، بەهۆی نەبوونی یاسای نەوت و غازەوە لە عێراق، فرۆشتنی نەوتو سامانە سروشتییەكانی تری هەرێم لەسەر ئاستی دەرەوە كێشەی بۆ دروستبووەو ساڵانە لەچوارچێوەی بودجەی گشتی عێراقدا رێككەوتنی لەرزۆكی لەبارەوە دەكرێتو چارەسەری ریشەیی بۆ نەدۆزراوەتەوە. پەسەند نەكردنی یاسای تایبەت بە نەوتو غاز وایكردووە، هەردوولا (هەولێرو بەغداد) لەروانگەی خۆیانەوە لێكدانەوە بۆ دەستور بكەن، ناشەفافبوونی پرۆسەی نەوتیش لە هەرێمی كوردستان هێندەی تر كێشەكەی قورس كردووە، بەوهۆیەوە بەغداد پشكی هەرێمی لە بودجەی گشتی عێراق راگرتووە، ئەمەش یەكێكە لە پرسە قورسەكانو دیار نییە لە كابینەی حكومەت و پەرلەمانی داهاتووی عێراقدا نوێنەرانی كورد دەتوانن لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان یەكلایی بكەنەوە یاخود هاوشێوەی ساڵانی پێشتر لەچوارچێوەی یاسای بودجەدا، پاش لێدەكردنی داهاتی نەوت، بڕەپارەیەك بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین دەكرێت. دۆسیەی سێیەم: كێشەی یارمەتی دارایی و سەربازی پێشمەرگە بەپێی دەستوری عێراق هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەشێكە لە سیستمی بەرگری عێراق، دەبێت لەچوارچێوەی بودجەی سیادی عێراقدا خەرجییەكانی پێشمەرگە دابین بكرێت لەنمونەی چەك و تەقەمەنی و راهێناو موچە، بەڵام تائێستا حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق ئەم پرسەیان بە هەڵپەسێردراوی هێشتوەتەوە، لەمەشدا هەندێكجار رەخنە لە لایەنە كوردییەكان بە تایبەتی (پارتی و یەكێتی) دەگیرێت كە لە چەند ساڵی رابردوودا نەیانتوانیوە ئامارێكی ورد لەبارەی ژمارەی پێشمەرگەوە بە حكومەتی عێراق بدەن. دۆسیەی چوارەم: پلەو پۆستەكانو بەشداری سیاسی كورد لە عێراق بەپێی رێژەی نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق كە نزیكەی 20%ە، دەبوو بە هەمان رێژە كورد ئامادەگی لە هەموو دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراقدا هەبێت، بەڵام ئەم رێژەیە لە هەندێك دامەزراوەی وەكو سوپادا لە خواروو رێژەی 2%وەیە، سەرباری ئەمە چەندین پۆست هەن لە بەغداد كە لە دەستی كورددا بوون و دواتر لابردنی بەرپرسە كوردەكان بە هەر هۆكارێك، خەڵكانی تر لە پێكهاتەی كورد دانەنراون، ئەمەش بەشێكی بەرپرسیارێتییەكەی لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی عێراقدایەو بەشەكەی تری دەكەوێتە ئەستۆی هەموو لایەنە كوردییەكان بەتایبەتیش (پارتی و یەكێتی) وەكو دوو بەشداری سەرەكی.
درەو: راكان جبوری دەچێتە پەرلەمانی عێراق، بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، پارتی و یەكێتی كاندیدی خۆیان هەیەو توركمان و عەرەبیش داوای دەكەن. راكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك، لەسەر لیستی هاوپەیمانی عەرەبی كەركوك سەركەوت بۆ پەرلەمانی عێراق، بە ئەگەری زۆر دەچێتە پەرلەمانی عێراق و سوێندنی یاسایی دەخوات، چونكە ئەگەر نەچێتە پەرلەمان بە پێی یاسای هەڵبژاردن ئەو كاندیدە دەچێتە شوێنەكەی كە زۆرترین دەنگی هەیە، لەدوای راكان جبوری ( وەسفی عاسی عوبەیدی) كاندیدی بەرەی عەرەبی یەكگرتوو لە بازنەی سێی كەركوك دەچێتە شوێنەكەی، واتا هاوپەیمانێتیەكەی راكان جبوری كورسیەك لە دەستدەدات، بۆیە چونی راكان جبوری بۆ پەرلەمانی عێراق یەكلابووەتەوە. لەدوای چوونی راكان جبوری بۆ پەرلەمانی عێراق، ململانێكان بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك لە نێوان یەكێتی و پارتی و لایەنی توركمانی و عەرەبی زیاتر دەبێت. لایەنی كوردی دەڵێن پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ كوردە، بەو پێیەی كورد لە كۆی (12) كورسی ئەو پارێزگایە (6) كورسی بەدەستهێناوەو مافی خۆیەتی پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ خۆی مسۆگەر بكات، لەناو كوردیشدا یەكێتی لە كۆی (6) كورسی (3) كورسی هەیە. لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان باس لەچەند كەسێك دەكرێت بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، دیارترینیان ( خالید شوانی و رێبوار تەها)ن كە هەردووكیان ئەندامی سەركردایەتی یەكێتین. خالید شوانی لەلایەن ماڵی مام جەلالەوە پشتیوانی لێدەكرێت و چانسی زۆرە، رێبوار تەها لەلایەن گروپی كەركوكیەكانەوە پشتیوانی لێدەكرێت و بەتەواوی خۆی بۆ ئەو پۆستە یەكلاكردووەتەوە، چونكە لەكاتی دانانی لێپرسراوی مەڵبەندەكانی كەركوك و سەڵاحەدین، رێبوار تەها رەتی كردووەتەوە لێپرسراوێتی مەڵبەند وەربگرێت، بەو پێیەی خۆی بۆ پارێزگاری كەركوك ئامادەكردووە. هەرچی پارتی دیموكراتی كوردستانە ئەویش پارێزگاریس كەركوك بە مافی خۆی دەزانێت و دەڵێت كاندیدەكەمان لە كەركوك (شاخەوان عەبدوڵا) زۆرترین دەنگی كەركوكی بەدەستهێناوە. لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان باس لە دژوار فایەق دەكرێت بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، دژوار فایەق ئێستا راوێژكاری مەسعود بارزانیە بۆ كاروباری مادەی (140). پێكهاتەی توركمان لە ئێستادا (2) ئەندامیان سەركەوتووە بۆ پەرلەمانی عێراق، ئەوانیش پارێزگاری كەركوك بە مافی خۆیان دەزانن، بۆیە (ئەرشەد سالحی) لە بەرەی توركمانی چاوی لەو پۆستە وەری بگرێت بە پشتیوانی توركیا. لە پێكهاتەی عەرەبیش خالید مەفرەجی چاوی لە پۆستی پارێزگاری كەركوكە، كە پێكهاتەی عەرەبی لە هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری رابردوو (4) كورسیان بەدەستهێنا.
هێمن محهمهد عهبدوڵا هێزی نهرم بریتییه له توانایی بهدهستهێنانی بهرژهوهندییهكان به شێوازی نهرم و نیان و ئاشتییانهی دوور له توندوتیژی و سوپا، ههروهها دوور له گوشاری ئابووری و پێدانی پاداشتی دارایی (بهرتیل)، سهركهوتنی هێزی نهرم پهیوهسته به ڕادهی پێشكهوتوویی و دهوڵهمهندی كلتوری وڵاتهوه و له ههمان كاتیشدا زیرهكیی و لێوهشاوهیی نێردراوه سیاسییهكانهوه، ئهم هێزه زیاتر له ئاستی نێودهوڵهتییدا بهكاردههێنرێت و سهرچاوهكانی جێبهجێكردنیشی جۆراوجۆرن، میدیا یهكێكه له ئامرازه گرنگهكان كه له جێبهجێكردنی ئهم هێزهدا بهكاردههێنرێت، چهمكی هێزی نهرمیش بۆ یهكهمجار لهدوای ڕوخانی یهكێتی سۆڤێتهوه بهكارهێنرا. ئێمه تا ڕادهیهك ئاشناین به ئهوهی هێزی نهرم كه لهلایهن حكومهت و یهكه دهوڵهتییهكانهوه بهكاردههێنرێت بهتایبهتیش له سیاسهتی دهرهكی دا بۆ ئهوهی سهرنجی جهماوهری جیهانیی به لای وڵاتهكانیاندا ڕابكێشن و ڕووه جوانهكهی خۆیان نیشانی جیهانی دهرهوه بدهن، ههروهها بتوانن به شێوهیهكی نهرم و نیان و ئاشتییانه كاریگهریی لهسهر بڕیاری سیاسی حكومهتهكانی تر دروستبكهن، ئهوهی كه سهرنجڕاكێشه ئهوهیه كه ڕێكخراوه توندڕۆكان پهنا ببهنه بهر بهكارهێنانی ئهم جۆره هێزه، چونكه ههمیشه ئهوهمان بینیوه كه ئهم جۆره ڕێكخراوانه به زهبری هێز و ئهنجامدانی توندوتیژیی ویستوویانه خۆیان بسهپێنن، ئهوهی كه ئهم كارهی بۆ تاڵیبان و گرووپ و بزووتنهوهكانی هاوشێوهی ئاسان كردووه تۆڕهكۆمهڵایهتییهكانه, ئهم تۆڕانه مهرجی سهپێنراوی وهكو پێویستیی ههبوونی كیانی فهرمی دانپێدانراو یان دهوڵهتیی نیه ههتا له هێزی نهرمدا بهكارببرێت، ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش له ڕێگهی تۆڕهكۆمهڵایهتییهكانهوه هێزی نهرمی تاقیكردووهتهوه و تهنها له ئهمریكا 250 هاووڵاتی پهیوهندییان به داعشهوه كردووه و قایلی كردوون بڕۆنه سوریا، ههروهها ههزاران كهسی تر كه ههڵگری پاسپۆرتی ئهوروپیین پهیوهندییان به داعشهوه كردووه، بزووتنهوهی تاڵیبانیش سوودی له تۆڕهكۆمهڵایهتییهكان وهرگرتووه و دهیان ههزار ههژماری فهرمی و نافهرمی دامهزراندووه تا بههۆیانهوه هێزی نهرمی خۆی بهگهڕبخات بۆ ئهوهی لهلایهن جهماوهری ئهفغانییهوه قهبوڵ بكرێن و له لایهكی تریشهوه له ئاستی نێودهوڵهتییدا جێپێی خۆیان بكهنهوه، لهم باسهدا ئهوه دهخهینهڕوو كه چۆن تاڵیبان توانیویهتی بههۆی تۆڕهكۆمهڵایهتییهكانهوه هێزی نهرم تاقی بكاتهوه و لێرهشهوه سەرقاڵی گۆڕینی خۆیەتی لە بزووتنەوەیەکی چەکدارەوە بۆ حکومەتێکی شارستانی. تاڵیبان كاتێك له ئهیلولی ساڵی 1996 له ئهفغانستاندا دهسهڵاتیان پهیدا كرد، ئینتهرنێتیان قهدهغه كرد و له ههر ماڵ و شوێنێكدا تهلهڤزیۆن و كامێرا و كاسێتی ڤیدیۆییشیان بهدی بكردایه دهیانشكاند و لهناویان دهبردن، بهڵام ورده ورده لهگهڵ گۆڕانكارییهكاندا ڕۆیشتن، وتیان دوژمنهكانمان كهناڵی میدیاییان ههیه و ئێمهش پێویسته ههمانبێت، له ساڵی 2005 دا ماڵپهری فهرمییان به ناوی (ئهلئهماره) دامهزراند و ههتاوهكو ئێستا بهم ناوهوه له تویتهر و تۆڕهكانی تریش نووسین و ڤیدیۆ و پهیامهكان به زمانهكانی عهرهبی و ئینگلیزی و سێ دیالێكتی ئهفغانی بڵاودهكهنهوه، تۆڕهكۆمهڵایهتییهكانیشیان لهلایهن لیژنهی فهرههنگی بزووتنهوهكهوه سهرپهرشتی دهكرێت, ئێستا ههزاران ههژماریان له تۆڕهكۆمهڵایهتییهكاندا ههیه كه ههندێكیان فهرمی و ههندێكیشیان نافهرمین و لهلایهن كهسانی نادیارهوه بهڕێوهدهبرێن كه هاوسۆزییان بۆ بزووتنهوهكه ههیه، لهم دواییانهدا كه ئهمریكا وڵاتهكهی چۆڵكرد ئهوه بوو میدیاكانی جیهان ههڵهاتنی خهڵكی ئهفغانستانیان بڵاودهكردهوه له كاتێكدا كه چهكدارانی بزووتنهوهكه تهقهیان لێ دهكردن و ترسیان بڵاودهكردهوه، بهڵام تاڵیبان له تۆڕهكۆمهڵایهتییهكانهوه وێنهی ئاشتی و سهقامگیریی وڵاتهكهی بڵاودهكردهوه و ترس و تۆقاندنهكانی به درۆ دهخستنهوه، تۆماس جۆنسۆن مامۆستا له كۆلێجی توێژینهوهی باڵای دهریایی (سهربازیی) له كالیفۆرنیا دهڵێت " تاڵیبان تێگهیشت كه بۆ بردنهوهی جهنگ پێویستی به بڵاوكردنهوهی چیرۆك ههیه چونكه ههموو هاوڵاتییهكی ئهفغانیی مۆبایلی زیرهكی پێیه، بۆیه دركیان بهوه كرد كه لهو ڕێگهیهوه دهتوانن به جهماوهر بڵێن كه پێویسته چ شتێك بكهن"، تاڵیبان ئهوهی ویستوویهتی له فهیسبووك، یوتیوب و تویتهرهوه بڵاویان كردووهتهوه، كاتێكیش كه تۆڕهكانیان لهسهر ئهو سێ سهكۆیه دادهخران لهلایهن كۆمپانیاكانهوه ئهوا دهیان ههژماری تریان دادهمهزراند بهتایبهتیش لهڕێگهی تویتهرهوه كهمتر بهربهستیان بۆ درووستكراوه، بهوپێیهی ئهفغانستانی ئهمڕۆ زۆر جیاوازه لهو ئهفغانستانهی كه تاوهكو 2001 یش ههوڵی قهدهغهكردنی ئینتهرنێتی تێدا دهدرا لهلایهن تاڵیبانهوه، ئێستا بزووتنهوهكه مۆبایلی زیرهكیان خۆشهوێت و ههزاران ههژماریان لهسهر تۆڕهكانی فهیسبووك، تویتهر و یوتیوب ههیه، بهپێی ئامارێكی ساڵی 2020 یش نزیكهی 23 ملیۆن كهس لهو وڵاتهدا مۆبایلی زیرهكیان پێیه كه دهكاته ڕێژهی زیاتر 70% ی دانیشتووانی ئهو وڵاته. له دوو دهیهی ڕابردوودا تاڵیبان ههوڵی داوه له چهند ئاستێكدا كار به هێزی نهرم بكات، له نێوان ساڵانی 2002 ههتا 2009 بهشێوهیهكی چڕ كاری لهسهر ناوبانگی خۆی دهكرد له ناوخۆی ئهفغانستاندا و دهستیكرد به بهكارهێنانی تۆڕهكانی كۆمۆنیكهیشن و بهكاریدههێنان بۆ بڵاوكردنهوهی پهیامهكانی، له لایهكی تریشهوه وتهبێژی بزووتنهوهیان ئاراسته كرد بۆ پهیوهندییگرتن لهگهڵ ئامرازهكانی میدیا و پهخشكردنی ههڵوێستهكانی بزووتنهوهكه له ڕێگهیانهوه، بهمجۆرهش توانی به شێوهیهك له شێوهكان زیندووبوونی خۆی بسهلمێنێت و بڵێت كه ئێمه له ههناوی كۆمهڵگهی ئهفغانستانداین، لهنێوان ساڵانی 2009-2017 شدا تهماحهكانی گهورهتر بوون و پێیان خسته ئاستی نێودهوڵهتییهوه، چیتر لهگهڵ پهرهپێدانی پهیوهندی لهگهڵ میدیاكانی ئهفغانستاندا لهگهڵ میدیاكانی جیهانیشدا ئاشنایهتی و پهیوهندی درووستكرد، به جۆرێك كه میدیاكانی جیهانی كرد به سهكۆیهك بۆ گواستنهوهی پهیام و نیازهكانی، بێجگه لهوهی كه له ڕێگهی چهند ئێستگهیهكی ڕادیۆییهوه پلانی چالاكییهكانیان بڵاودهكردهوه، پهیام و بڵاوكراوهكانی تاڵیبان تهنها له چوارچێوهی سیاسی و سهربازییدا قهتیس نهبوون بهڵكو بهرنامهی تایبهتیان ههبوو به شیعر و ئهدهب و تهنانهت مۆسیقا و چیرۆكی دڵخوازی خۆیان له ڕێگهی ئێستگهكانهوه بڵاودهكردهوه، ئهمهش وای كرد كه سهرنجهكان لهسهر بزووتنهوهكه تاڕادهیهك بگۆڕێن، تاڵیبانێك كه ههمیشه پهنای بردبووه بهر چهك ئێستا دێت چیرۆك و هونهری تر به گوێی گوێگرانییدا دهدات، هاوكات دهرفهتیان بۆ پهیامنێرانی كهناڵهكانی جیهان ڕهخساند تاوهكو بڕۆنه ناوچهكانی ژێر دهسهڵاتی تاڵیبانهوه و وێنه بگرن و چاوپێكهوتن ئهنجامبدهن، ئهوهش به ڕای سهركردهكانی ڕێكخراوهكه لهپێناو ڕوبهڕووبوونهوهی پڕۆپاگهندهی حكوومهتهكانی خۆرئاوایه، لهنێوان ساڵانی 2017 ههتا 2021 یشدا تاڵیبان زیاتر دركی بهوه كرد كه پێویستیی به بهدهستهێنانی ڕهوایهتی لهسهر ئاستی جیهاندا ههیه، بۆیه گرنگییدانهكانی چڕكردهوه لهسهر ڕای گشتی جیهانیی به بهكارهێنانی تۆڕهكۆمهڵایهتییهكان و ئامرازهكانی تری میدیا، ههوڵیاندا لهم ڕێگایهوه خۆیان بگۆڕن بۆ بزووتنهوهیهكی سیاسی، لهم ساڵانهدا بزووتنهوهكه توانی چهندین پێگه لهسهر فهیسبووك و تویتهر و یوتیوب دابمهزرێنێت و ههتاوهكو ئێستاش كاریان لهسهر بكات. تاڵیبان له سێ ئاستدا تۆڕهكۆمهڵایهتییهكانی ئاراسته كردووه تاڵیبان له چهند ئاستێكی جیاوازدا تۆڕهكۆمهڵایهتییهكان و كهناڵهكانی ڕاگهیاندنی بهكارهیناوه بۆ بههێزكردنی هێزی نهرمی خۆی، لهلایهك ڕوبهڕووی جهماوهری ئهفغانی و له لایهك بهرهو ڕووی سوپای ئهفغانی و له لایهكی تریشهوه ڕوبهڕووی كۆمهڵگهی نێودهوڵهتیی و جهماوهری جیهانیی بووهتهوه. له سهرهتاكانی مانگی ئایاری 2021 دا كاتێك ئهمریكییهكان و هێزهكانی ناتۆ دهستیانكرد به جێهێشتنی ئهفغانستان، تاڵیبان لهگهڵ ئامادهكاری سهربازییهكاندا ههڵمهتێكی گهورهی له تۆرهكۆمهڵایهتییهكانهوه دهستپێكرد، سات به ساتی جموجۆڵ و گۆڕانكارییهكانی له دهسهڵاتدا دهدا به چاو و گوێی جهماوهری ئهفغانییدا، ههڵمهتهكان به جۆرێك كاریگهر بوون كه ئهمروڵڵا ساڵحی جێگری سهرۆكی ئهفغانستان له پهیامێكدا داوایكرد هیزهكانی سوپا و جهماوهری ئهفغانی به پڕۆپاگهنده و بڵاوكراوه ناڕاستهكانی تاڵیبان نهخهڵهتین كه لهبارهی سهركهوتنهكانی خۆیان و ههڵهاتنی سوپاوه بڵاویاندهكهنهوه، له ئاستی ڕوبهڕووهستانی كۆمهڵگهی نێودهوڵهتییشدا، سوههیل شاهین نێردراوی تاڵیبان بۆ نهتهوهیهكگرتووهكان له تویتێكدا كه له سهرهتای مانگی تشرینی یهكهمی ئهمساڵدا بڵاویكردهوه ڕایگهیاند: تاڵیبان دهیهوێت لهگهڵ كۆمهڵگهی نێودهوڵهتییدا بكرێتهوه و خوازیاره گفتووگۆیان لهگهڵ بكات و بهركهوتنێكی ئهرێنیانهی لهگهڵیاندا ههبێت، خودی شاهین له سهكۆی تویتهر زیاتر له 530 ههزار فۆڵۆوهرسی ههیه. تاڵیبان زانیویهتی ژمارهی بهكارهێنهرانی تویتهر له وڵاتهكهیدا زۆره، بۆیه زیاتر سهرنجی لهسهر تویتهر بووه، له تویتهردا چهند تهكنیكێكیان بهكارهێناوه له ئاراستهكردنی هێزی نهرمدا، بۆیه بهردهوام جریوهكانیان به عهرهبی و ئینگلیزی بڵاوكردووهتهوه، له ههمان كاتدا تهكنیكی چهندباره بڵاوكردنهوهی بابهته گرنگهكانیان بهكارهێناوه، ههروهها جریوهكان به ئاراستهی كۆمهڵگهی ناوخۆیی (خهڵكی ئهفغانیی) لهلایهن زهبیحوڵڵا موجاهیدهوه كراون و ئهم ههوڵیداوه ئاسایش و ئارامی ناوخۆی وڵات لهسهردهمی تاڵیبان به ههردوو شێوهزاری پشتۆی و دری بڵاوبكاتهوه ئهمهش لهپێناو ئهوهی جهماوهری ئهفغانیی ههڵنهیهن و بهو هۆیهشهوه وێنهیهكی ترسناك بۆ بزووتنهوهكه دروست نهكهن, هاوكات بهكارهێنانی بهردهوامی بهكارهێنانی هاشتاگ له بڵاوكردنهوهی درووشمهكاندا بۆ ئهوهی خێراتر بڵاوببنهوه و زووتر بدۆزرێنهوه یان ببینرین یهكێكی تر بووه له شێوازهكانیان له تۆڕهكۆمهڵایهتییهكاندا, تهكنیكێكی تریان بهكارهێنانی كهناڵی جێگیرهوه بووه بۆ ئهوهی بهردهوام پهیامی خۆیان به گوێی كۆمهڵگهكهیان و جیهاندا بدهن و لێیان دانهبڕێن, ههر بۆیه ئهگهر لهلایهن یوتیوبهوه سانسۆریان خرابێته سهر ئهوا له تۆڕی ستریم یارد سهریان دهرهێناوهتهوه، ئهگهر تویتهر مهودای فراوان نهبووه بۆ ناوهڕۆكه دورودرێژهكانیان ئهوا له تیلیگرامهوه بڵاویان كردووهتهوه، لهگهڵ چهند تۆڕێكی تری جێگیرهوهدا. بهدهر له تۆڕهكۆمهڵایهتییهكان، تهكنیكی تری هێزی نهرم له نامیلكهیهك به ناوی (چۆن تاڵیبان له گونددا سهركهوت) نووسهری ئهمریكی مارك سكستون ئهوه ڕوون دهكاتهوه كه چۆن ئهندامانی بزووتنهوهكه پێش ئهوهی گوندێك كۆنترۆڵ بكهن ههڵمهتی هاوشێوهی ههڵمهتی پهیوهندییه گشتییهكانیان ڕێكدهخست، ڕوبهڕوو گفتوگۆیان لهگهڵ سهرۆك خێڵ و پیاوانی ئایینی دا له گوندهكاندا درووست دهكرد، لهوێشهوه كارلێكیان لهگهڵ گوندنشیناندا دهكرد و ههوڵی قایلكردنیان دهدا، دواتریش لهوانهوه زانیارییان دهستدهكهوت، تهنانهت له ههندێك باردا بهشێك له گوندنشینهكان شانبهشانی چهكدارانی تاڵیبان شهڕیان دهكرد، ئهندامه چالاكهكانی تاڵیبان له پێش گرتنه دهستی دهسهڵاتیش چاویان كهوتووه به پیاوانی ئایینی، سهرۆك هۆزهكان، تهنانهت ئهو كهس و لایهنانهشی كه پێچهوانه و دژی بهرنامهیانن تاوهكو بتوانن لهگهڵیاندا كۆڕاییهك درووستبكهن به ئاراستهی چونهپاڵ ڕهئییهكانی ئهوان و قایل كردنیان. كهناڵی جهزیره یهكێك له گرنگترین سهكۆكانی گواستنهوهی زانیارییهكان بووه لهبارهی تاڵیبانهوه، له كاتی نزیكبوونهوهی تاڵیبان له كابولی پایتهخت تاوهكو ئێستا ئهم كهناڵه له ڕێگهی تهلهڤزیۆن، ماڵپهر، فهیسبووك، ئینستاگرام و یوتیوبهوه سهدان ههواڵ و ڕاپۆرتی لهبارهیانهوه بڵاوكردووهتهوه كه بهشێكی زۆریان له سوودی ئهو گرووپهدا بوون، بهشێك لهوانه بانگهشهن بۆ تاڵیبان و تواناكانی بهڕێوهبردنی و بهشێكی تریشیان گواستنهوهی لێدوانی بهرپرسان و گۆشهنیگای بزووتنهوهكهیه. له نوێترینیاندا، چاوپێكهوتنێكی عهبدولقههار بهلخی وتهبێژی وهزارهتی كاروباری دهرهوهی ئهفغانستانه لهگهڵ جهزیرهدا كه له ڕۆژی (9ی تشرینی یهكهمی 2021) بڵاوبووهتهوه، وتهبێژهكه چهند لایهنێكی گرنگ لهبارهی سیاسهت و گۆشهنیگای گرووپهكه له دنیای ئهمڕۆدا دهخاتهڕوو، له پرسی گروپه توندڕهوهكانی وهكو داعش و قاعیدهدا وتهبێژ وهڵامێك دهداتهوه كه به جیهان دهڵێت ئێمه وهكو ئهوان نین بهڵكو ئهوان توندڕهون و خهڵك ئهوانی ناوێت، به جیهانی ئیسلامییش دهڵێت ئێمه سازش لهسهر بنهماكانی ئایینهكه ناكهین و ڕێگه نادهین سنوورهكانی ئیسلام ببهزێنرێت، وتهبێژ چهند تهوهرێكی تریش باس دهكات، لهوانهش پهیوهندییهكان لهگهڵ وڵاتانی جیهان و دراوسێكاندا، خواستی خۆیان نیشاندهدات بۆ ئهنجامدانی دیالۆگ و بهستنی پهیوهندی لهگهڵ ههموو لایهكدا بهتایبهتیش ئهمریكا و چین و ڕووسیا، باس كردن له مافی مرۆڤ و مافی ئافرهتان، ئازادی ڕادهربڕین، ئازادی ڕۆژنامهوانیی، وهڵامدانهوهی تۆمهتهكانی سهرۆكی تاجیكستان، پهیوهندییهكان لهگهڵ (ئێران، تاجیكستان، ئۆزبهكستان، پاكستان) بهشی تری گفتوگۆكهن كه له گرنگترین ئهو باس و خواسانهن كه تاڵیبان پێویستییهتی جیهان گوێی لێ بێت و له دهمی خۆیانهوه بیبیستن. میدیا، دهكهوێته ناو قوتابخانهی دیپلۆماسییهتی گشتی خۆسهپێنهوه، ئهم قوتابخانهیه پێی وایه كهناڵهكانی ڕاگهیاندنی خێرا (تهلهڤزیۆن، ڕادیۆ، گۆڤار، تۆڕهكۆمهڵایهتییهكان) كهناڵی خێرا و خۆسهپێنن و دهتوانن له ڕێگایانهوه كار لهسهر گۆڕینی ئاراستهی بیركردنهوهی جهماوهر بكرێت, دهتوانین بڵێین هێزی نهرمی بزوتنهوهی تاڵیبان زیاتر له چوارچێوهی میدیا و تۆڕهكۆمهڵایهتییهكاندایه و نهیتوانیوه له پراكتیكدا جێپێی خۆی دیاری بكات. دوای واژۆكردنی ڕێككەوتنی نێوان ئەمریكا و بزوتنەوەی تاڵیبان لە دهوحه، وتەبێژی بزوتنەوەكە ڕایگەیاند " تەواوی هێرشە چەكدارییەكانمان لە ئەفغانستاندا ڕاگرتووە, چاوەڕوانین ئەمریكا بەڵێنەكانی جێبەجێ بكات و ئەفغانستان جارێكی دیكە دەگەڕێتەوە بۆ ژێر پەیڕەوكردنی سیستمی ئیسلامی"، ڕێككەوتنهكه دەنگدانەوەی زۆری لە ناوەندە سیاسی و میدیاییهكاندا ههبو, گرنگترین خاڵهكانی بریتی بوون له كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و ڕێگەنەدانی تاڵیبان بە گەڕانەوەی ڕێكخراوی قاعیدە بۆ ئەفغانستان, ڕێككەوتنەكە لەسەر ئاستی جیهان بەشداری تێدا كرا و زیاتر لە 20 وڵاتی ناوچەكە نوێنەریان لە مهراسیمهكهیدا هەبوو.
راپۆرت: درەو ماوەیەكە مەسرور بارزانی ناچێتە بارەگای ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر، لە نوسینگەكەی خۆیەوە لە (پیرمام) حكومەت بەڕێوەدەبات، وەزیرەكان دەستیان ناگات بە سەرۆكی حكومەت فەرمان لە ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی حكومەت وەردەگرن، ئومێد سەباح ئێستا سێبەری مەسرور بارزانیو سەرۆك وەزیرانی دووەمی هەرێمی كوردستانە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. سەرۆكایەتی لە پیرمامەوە سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بووەتە سێبەری سەرۆك وەزیرانو لەبری مەسرور بارزانی بڕٍیار بۆ وەزیرەكان دەردەكات. لەدوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم نایەوێت راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ وەزیرەكاندا بكات، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، ماوەی نزیكەی ساڵێكە مەسرور بارزانی نەچووەتە بارەگای ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر. مەسرور بارزانی كارەكانی لەرێگەی (ئومێد سەباح) سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بەڕێوەدەبات، هەموو پەیوەندیو كاروباری وەزارەتەكانی بە ئەنجومەنی وەزیرانەوە، لەرێگەی ئومێد سەباحەوە دەكرێت. لەو ماوەیەدا كە نەچوەتە بارەگای ئەنجومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی لە نوسینگەی تایبەتی خۆی لە (پیرمام)ەوە كارەكانی رایی دەكات، جگە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران كە لە هۆڵی (سەعد عەبدوڵا) بەڕێوەدەچێت، نەك لە ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرەكان نابینێت، كاری بەهەر فەرمانبەرو بەرپرسێكی ئەنجومەنی وەزیران هەبێت، بانگهێشتان دەكات بۆ نوسینگەكەی خۆی لە پیرمام. یەكێك لە وەزیرەكانی حكومەتی هەرێم بە (درەو)ی راگەیاند" لە ئێستادا ئێمە دوو سەرۆك وەزیرانمان هەیە، یەكەم مەسرور بارزانی كە كەسمان بە ئاسانی دەستمان پێی ناگات، دووەم ئومێد سەباح كە زۆربەی ئیشوكارەكانمان لە رێگەی ئەوەوەیە". بەپێی قسەی ئەم وەزیرە" تەنانەت لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیراندا مەسرور بارزانی قسە گشتییەكان دەكاتو گفتوگۆكانو وەڵامدانەوەی وەزیرەكان بۆ ئومێد سەباح جێدەهێڵێت". بۆشایی نێوان سەرۆك وەزیرانو وەزیرەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم هێندە گەورە بووە، تەنیا لە بۆنە گشتییەكاندا كە مەسرور بارزانی تێیدا بەشدار دەبێت بەتایبەتی بۆنەی كردنەوەی پرۆژەی وەزارەتەكان، وەزیرەكان، سەرۆك وەزیران دەبینن. وەزارەتو یاسا ئێستا دەسەڵاتێكی بێسنور لای ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانە، لەناو بینای ئەنجومەنی وەزیران تەنیا ئومێد سەباحو قوباد تاڵەبانی و ئامانج رەحیم دەوام دەكەن، هەموو فەرمانێكی ئەنجومەنی وەزیرانو پەیوەندی نێوان وەزارەتەكانو ئەنجومەنی وەزیران لە رێگەی ئومێد سەباحەوە دەبێت. ئەمە لەكاتێكدایە هەموو وەزارەتەكان یاسای تایبەتی خۆیان هەیەو یاساكە دەسەڵاتی بە وەزیرەكان داوە، كاروبارەكانی خۆیان بەڕێوەببەن، بەڵام لەم كابینەیەدا زۆربەی دەسەڵاتەكان لای سەرۆك وەزیران كۆبوەتەوە، زۆربەی وەزیرەكانیش ترسیان لە كاردانەوەی مەسرور بارزانی هەیە لەبارەی بڕیارەكانیانەوە، بۆیە دەگەڕێنەوە بۆلای ئومێد سەباح، كارگەیشتوەتە ئەوەی تەنانەت لە كڕینی ئۆتۆمبێلو خەرجی بچوكیشدا، فەرمان دەردەكرێتو دەنوسرێت (بە فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت) كراوە. ئومێد سەباح لە پڕكردنەوەی پۆستی لایەنەكاندا لە كابینەی نۆیەم، لەگەڵ پشتیوان سادقدا نوێنەرایەتی پارتیو سەرۆكی حكومەتی كردووەو تیمی یەكێتیو گۆڕان گفتوگۆیان لەگەڵدا كردووە. ئێستا تەنانەت گواستنەوەی فەرمانبەرێك لە وەزارەتێكەوە بۆ وەزارەتێكی تر، دەبێت ئومێد سەباح ئیمزای لەسەر بكات، ئومێد سەباح رۆڵی (نێچیرڤان ئەحمەد) سەرۆكی پێشووی دیوانی حكومەت دەگێڕێت بەپێگەیەكی بەهێزترەوە. سێبەرەكەی سەرۆك وەزیران كێیە ؟ سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ناوی تەواوەتی (ئومێد سەباح عوسمان)ە، لە دایكبووی: 1980 كەركوكە، خێزاندارەو باوكی سێ منداڵە. ئومێد سەباح دكتۆرای لە (یاسای تایبەت) لە زانكۆی سلێمانی بەدەستهێناوە، درەوشانەوەی ئەستێرەی بەختی ئەم پیاوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2012 كە مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان كردی بە وتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتی هەرێم. كاركردنی لەگەڵ مەسعود بارزانی، دەرفەتی ئەوەی بۆ ئومێد سەباح خۆشكرد، لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا كە كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)ە، بكرێت بە سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران. لە هەموو پرسە گرنگەكانی كابینەی نۆیەمدا، بەتایبەتی پرسی دانوستانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغداد سەبارەت بە بودجە، ئومێد سەباح بەشداربووەو رۆڵی كارای هەبووە وەكو چاو و گوێی سەرۆك وەزیران لەناو گفتوگۆكاندا. ئەمە لەكاتێكدایە سەرۆكی تیمی پارتی لەناو حكومەت (پشتیوان سادق) وەزیری ئەوقافو كاروباری ئاینییە. پەیوەندی وەزیرو سەرۆك وەزیران تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، (2 ساڵو 6 مانگ)ی تەمەنی خۆی تەواو كردووەو هەرێمی كوردستان لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندایە. پەیوەندی نێوان مەسرور بارزانیو تیمە وزارییەكەی هەر لەسەرەتای كابینەكەوە بە گرژیو ئاڵۆزی دەستی پێكرد، لەسەرەتای كابینەكەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران ناڕازی بوو لە دەسەڵاتەكانیو گلەیی هەبوو لەوەی مەسرور بارزانی بەپێچەوانەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی پێشووەوە، هیچ رۆڵێكی بۆ جێگری سەرۆك وەزیران نەهێشتوەتەوە، تەنانەت واژۆی قوباد تاڵەبانی لەسەر هیچ نوسراوێكی حكومی نابینیت، ئەوكات مەسرور بارزانی باسی لەوە دەكرد، حكومەتی سەرتاسەری دروست دەكاتو ئیتر ئەو سەردەمە بەسەر چووە قوباد تاڵەبانی وەكو سەرۆك وەزیرانی ناوچەی سلێمانی مامەڵە بكات، لە گفتوگۆیەكدا سەرۆك وەزیرانو جێگرەكەی كێشەكەیان چارەسەركردو قوباد تاڵەبانی پەیوەست بووەوە بە ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بەڵام هێشتا بەربەستەكان لەبەردەم قوباد تاڵەبانیدا ماون، بەمدواییەو بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق قوباد تاڵەبانی بڕیاریدا لەناوچەی گەرمیان زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدانو ئەنفالكراواندا دابەش بكات، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی كە سەربە پارتییەو نزیكە لە مەسرور بارزانییەوە، وەڵامی دایەوەو رایگەیاند، كەس دەسەڵاتی دابەشكردنی زەوی نییە، ئەمە جارێكی تر قوباد تاڵەبانی توڕە كردەوەو بە راگەیەندراوێك وەڵامی وەزیرەكەی پارتی دایەوە. مانگی نیسانی 2020 پەیوەندی نێوان تیمی پارتیو یەكێتی وەكو دوو لایەنی سەرەكی پێكهێنەری حكومەت، لەسەر ئاڵۆزییەكانی "زینی وەرتێ" ئاڵۆزی تێكەوت، مەسرور بارزانی ئەوكات وەكو ئاماژەیەك بۆ یەكێتی رایگەیاند" بەهیچ شێوەیەك قبوڵی ناكەین بە رواڵەت حكومەتی یەكگرتوو هەبێت، بەڵام لە بەشێكی دیكەی هەرێم دەسەڵاتداری تر هەبێتو دژایەتی حكومەت بكەن"، تیمی یەكێتی لە حكومەت لەسەر ئەم قسانە، نامەیەكی ناڕازایەتی ئاڕاستەی مەسرور بارزانی كرد. حوزەیرانی 2021، هەریەكە لە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی لەسەر پشكی گۆڕانو خالید شوانی وەزیری كاروباری هەرێم لەگەڵ بەغداد لەسەر پشكی یەكێتی، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی كێشەی موچە، چونە بەردەم پەرلەمانی كوردستان، لەم دانیشتنەدا پەرلەمانتارانی پارتی هێرشیان كردەسەر وەزیرەكانی گۆڕانو یەكێتی، ئەمە وایكرد، ئاوات شێخ جەنابو خالید شوانی بۆ ماوەیەك نیگەرانن ببنو نەگەڕێنەوە بۆ وەزارەتەكانیان، بڕیار بوو دەستلەكاربكێشتەوە، بەڵام وایان نەكردو جارێكی تر گەڕانەوە بۆسەر كارەكانیان. نزیكەی مانگێك لەمەوبەریش وەكو ناڕەزایەتییەك لەبەرامبەر دەستڕۆیشتووی ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ماوەیەك دارا رەشید وەزیری پلاندانان لە پشكی یەكێتی بایكۆتی دەوامی وەزارەتەكەی كرد. بەمدواییانەش كە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستان (هاوپەیمانی یەكێتیو گۆڕان بۆ هەڵبژاردن) بوو، قوباد تاڵەبانی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هێرشی كردەسەر پارتی و بە حزبی "تاكڕەو" ناوی برد، ئەمە مەسرور بارزانی توڕەكرد، داوای كرد لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا لێكۆڵینەوە لە قسەكانی قوباد تاڵەبانی بكرێت، بەڵام قوباد تاڵەبانی خۆی لەم مشتومڕە لاداو چەند كۆبونەوەیەكی حكومەت بەشداری نەكرد، بەڵام دواترو لە كۆبونەوەیەكدا لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ مەسرور بارزانی روبەڕووی یەكتر بونەوەو مەسرور بارزانی بە قوباد تاڵەبانی دەڵێت ئەم هەڵوێستانەت جێگەی قبوڵكردن نیە، قوباد تاڵەبانیش وەڵامی دەداتەوە كە من فەرمانبەری تۆ نیم بۆت نیە خۆت توڕە بكەیت. ناكۆكی تیمی یەكێتیو پارتی لە حكومەت، بەردەوام كاریگەری لەسەر بەڕێوەچوونی حكومەت هەبووە، بۆیە لە كۆبونەوەكانی نێوان مەكتەبی سیاسی هەردوو حزبدا زۆرجار باس لە چارەسەركردنی ئەم ناكۆكیانە دەكەن. بزوتنەوەی گۆڕانیش وەكو لایەنی سێیەمی پێكهێنەری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم ناڕازییە لە بەشدارییەكەیو بەمدواییانە سەرلەنوێ لەناو گۆڕاندا گفتوگۆ لەبارەی ئەگەری كشانەوە لە حكومەت گەرم بووەو ئەمە پارتی لە گۆڕان توڕەو نیگەران كردووە. كەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتیەكان دوای ماوەیەكی كەم لە دەوامكردن لە وەزارەتەكەی ماوەیەكە چووەتە دەرەوەی وڵات، هەندێك دەڵێن نیگەرانەو هەندێكیش دەڵێن بۆ چارەسەری تەندروستی لە دەرەوەی وڵاتە، سەفین دزەیی كە بە كەسێكی نزیكی نێچیرڤان بارزانی دادەنرێت و سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم كەمترین كات دەچێتە دەوامی فەرمانگەكەی، ئاشتی هەورامی یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزەو سامانە سروشتیەكان و محەمەد حاجی یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری تەندروستی دەوام ناكەن.
درەو: دوو كوتلە بەهێزەكەی سوننە لە عێراق هاوپەیمانی تەقەدوم و هاوپەیمانی عەزم پێش كوردو شیعە رێككەوتنو بڕیاریاندا بەیەك هاوپەیمانێتی بچنە ناو یەكەمین دانیشتنی پەرلەمانی نوێی عێراقو محەمەد حەلبوسی سەرۆكی هاوپەیمانی تەقەدوم كاندیدی هاوپەیمانێتیە نوێیەكە دەبێت بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانو خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانی عەزمیش سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییە نوێیەكە دەكات. ئێوارەی پێنجشەممە پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی نوێ لە نێوان هاوپەیمانی تەقەدوم بەسەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسیو هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر راگەیەندراو هەردوولا بڕیاریاندا بە هاوپەیمانێتییەكی یەكگرتوو بەشداری یەكەمین دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بكەن كە بڕیارە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت. هاوپەیمانێتییە نوێكەی نێوان حەلبوسیو خەنجەر لەكۆی 329 كورسی ئەنجومەنی نوێنەران خاوەنی 64 كورسییەو زۆرینەیان نوێنەرایەتی ئەو پارێزگایانە دەكەن كە لەدەستی داعش رزگاركراون. هاوپەیمانی تەقەدوم ئێوارەی چوارشەممە لە بەیاننامەیەكدا داوای لە سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم خەمیس خەنجەر كرد سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییە نوێەكە بكات لە پێناو یەكخستنی هەڵوێستەكان و خزمەتكردن بە پارێزگاكانیان. لایخۆشیەوە خەمیس خەنجەر پێشوازی لەو بەیاننامەیەی تەقەدوم كردو بە هەنگاوێكی مێژووی وەسفكردو رایگەیاند سەرەڕای فەشارێكی زۆر بۆ دوورخستنەوەیان لە یەكتر ئەو هەڵوێستە بەرز دەنرخێننو بەردەوام دەبن لە خزمەتكردنی عێراق و پارێزگاریكردن لە مافەكانی خەڵك. بە گوێرەی زانیارییەكان هاوپەیمانێتییە نوێكەی نێوان تەقەدوم و عەزم, محەمەد حەلبوسی كاندید دەكاتەوە بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانو خەمیس خەنجەریش سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییەكە لە ئەستۆ دەگرێت. رێككەوتنی حەلبوسیو خەنجەر هەروا بێ كاردانەە تێنەپەڕیو ناكۆكی خستە نێو هاوپەیمانی عەزمەوەو نەیارەكانی حەلبوسی لەنێو ئەو هاوپەیمانێتییەدا هەنگاویان لەدژی خەمیس خەنجەر هەڵگرت و بە نوسراوی فەرمی ئیمزایان بۆ لادانی خەنجەر پێشكەشی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كردووە. مشعان جبوری كە وەك كاندیدی سەربەخۆ كورسییەكی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەدەستهێناوەو ئێستا پەیوەندیكردووە بە هاوپەیمانێتی عەزمەوە لە تویتەر رایگەیاند كوتلەی عەزم 14 كاندیدی سەركەوتووە بۆ پەرلەمانو 3 كاندیدی تریش پەیوەندییان پێوەكردووەو لەو ژمارەیەش 12یان هەڵوێستیان لەگەڵ خەنجەردایەو تەنها سێ پەرلەمانتار كە موسەننا سامەڕایی پێشڕەوییان دەكات هەوڵدەدەن خەنجەر لە سەرۆكایەتی عەزم دووربخەنەو زۆرینەی ئەوانەی ئیمزایان كۆكردوەتەوە كاندیدی دەرنەچوون. جبوری ئاشكراشیكردووە كۆتایی بە پشووەكەی لەگەڵ خێزانەكەیدا هێناوەو گەڕاوەتەوە بەغداد بۆ ئەوەی بەرگری لە هاوپەیمانی عەزم بكات و داواش دەكات ئەوانەی لە عەزم جیابونەتەوە لە بڕیارەكەیان پاشگەز ببنەوە. ئەنجومەنی نوێی نوێنەرانی عێراق رۆژی یەكشەممەی داهاتوو یەكەمین كۆبونەوەی بە سەرۆكایەتی مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی تەمەن ئەنجامدەداتو تائێستا دوو كوتلە بەناوبانگەی شیعە رەوتی سەدرو هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیرانو پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمان رێكك نەكەوتونو پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش كە زۆرینەی كورسییەكانی كوردیان لە ئەنجومەنی نوێنەراندا بەدەستهێناوە لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق رێكك نەكەوتون كە لە دوای 2003ەوە وەك نەریتێك ئەو پۆستە بە كورد دراوە.
راپۆرت: درەو رۆژی یەكشەممەی ئەم هەفتەیە حكومەتی كازاخستان پاڵپشتی لەسەر نرخی غازی شل هەڵگرت، ئەمە بووەهۆی بەرزبوونەوەی (دووقات)ی نرخی غازو سەریكێشا بۆ تەقینەوەی ناڕەزایەتییەكی گەورە، چونكە زۆرینەی ئۆتۆمبیلەكان لە كازاخستان بە غازی شل كاردەكەن. گرانبوونی نرخی غاز، سەری حكومەتو (نزار باییڤ)ی سەرۆكی پێشووی وڵاتی خواردو لە پۆستە ئەمنییە باڵاكەی لادرا، حكومەتیش دەستی لەكاركێشایەوە. ئەمە لەكاتێكدا روویدا، ناڕەزایەتیو ئۆپۆزسیۆنن لە كازاخستان دیاردەیەكی بەربڵاو نین. دواین ناڕەزایەتیو خۆپیشاندان لە كازاخستان ساڵی 2011 لە شاری (زانوزین) لە هەرێمی مانگستاو رویدا، ئەوكات ژمارەیەك لە كارمەندانی كەرتی نەوت دژی خراپی موچەكانیان خۆپیشاندانیان كردو هێزە ئەمنییەكان بە توندی روبەڕوویان بونەوەو (14) كەس كوژراو ناڕەزایەتییەكە سەركوتكرا، ئەم شارە ئێستا یەكێكە لە مەڵبەندە سەرەكییەكانی ناڕەزایەتی دژی حكومەت. تۆكاییڤ پەنا بۆ روسیا دەبات روسیا بڕیاریدا هێزەكانی رێكخراوی (پەیمانی ئاسایشی هەموان) رەوانەی كازاخستان بكات، بەمەبەستی یارمەتیدانی حكومەتی ئەو وڵاتە لە كۆنترۆڵكردنی ئەو خۆپیشاندانە گەورەی كە كازاخستانی گرتوەتەوە. ناردنی هێز لەلایەن روسیاوە لەسەر داوای (قاسم تۆكاییڤ)ی سەرۆكی كازاخستانە، رێكخراوی (پەیمانی ئاسایشی هەموان) هاوپەیمانێتییەكی سەربازیی نێوان وڵاتانی پێشووی یەكێتی سۆڤیەتە كە هەریەكە لە (روسیا، ئەرمینیا، كازاخستان، قیرغیزستان، تاجیكستان، ئۆزبەكستان) لەخۆدەگرێت. خۆپیشاندانەكان لە كازاخستان سەرەتا دژی گرانبوونی نرخی (سوتەمەنی)ی دەستی پێكرد، بەڵام كاتێك ناڕەزایەتییەكان فراوانتر بوون، سەریكێشا بۆ داواكاری تری سیاسی. سەرۆك تۆكاییڤ دەڵێ: ئەم ناڕەزایەتییانە كاری گروپە تیرۆرستییەكانن كە لە دەرەوەی وڵات راهێنانیان پێكراوە. سەرۆكی كازاخستان حاڵەتی باری نائاسایی لەسەرتاسەری وڵات راگەیاندووە، هاتوچۆكردنو گردبونەوەی لە شەواندا قەدەغەكردووەو بەڵێنی رێوشوێنی توندتریشی دژی خۆپیشاندەران داوە، بەڵام سەرباری ئەمە ئەمڕۆ سەرلەنوێ خۆپیشاندانەكان دەستیان پێكردەوە. رۆژی چوارشەممە، نیكۆل باشینیان سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا كە سەرۆكی رێكخراوی (پەیمانی ئاسایشی هەموان)ە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، هاوپەیمانێتییەكە بۆ ماوەیەكی دیاریكراو، هێزێكی ئاشتیپارێز رەوانەی كازاخستان دەكات". وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێ بە چڕی چاودێری دۆخی كازاخستان دەكاتو داوا لە خۆپیشاندەرانو دەسەڵاتداران دەكات دان بەخۆیاندا بگرن. كەوتنی فڕۆكەخانە دوای ئەوەی خۆپیشاندەران دژ بە حكومەت چوونە ناو یەكێك لە فڕۆكەخانە سەرەكییەكانی كازاخستان، كارمەندانی فڕۆكەخانەكە هەڵاتن، ئەم رووداوە دوێنێ لە گەورەترین شاری كازاخستان رویدا كە شاری (ئەلما ئاتا) بوو، ئەمە بەرەوپێشچوونێكی نوێ بوو لە رەوتی خۆپیشاندانەكاندا، حكومەت دەڵێ لەم رووداوەدا لانی كەم (8) كەس لە هێزە ئەنییەكان كوژراونو سەدانی تر برینداربوون. سەرۆك تۆكاییڤ لەم رووداوە توڕەیەو هەڕەشەی وەڵامدانەەوەی توند دەكاتو خۆپیشاندانەكانی ئەم رۆژانە بە "سەردەمێكی رەش" لە مێژووی كازاخستان ناو دەبات، لەمە زیاتریش سەرۆك خۆپیشاندەرانی وڵاتەكەی تۆمەتبار دەكات بەوەی "پاڵنەری پارە" دەیانجوڵێنێت. بەهۆی ئەم رووداوانەوە، جموجوڵی فڕۆكەوانی لەكازاخستان راوەستاوە. دۆخی سیاسی كازاخستان لەدوای سەربەخۆیی كازاخستانەوە، تۆكاییڤ دووەمین سەرۆكە كە رێبەرایەتی ئەم دەوڵەتەی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو دەكات، چونكە تاوەكو ساڵی 2019 نورسوڵتان نزارباییڤ سەرۆكایەتی وڵاتی دەكرد، 2019 كاتێك (قاسم تۆكاییڤ) وەكو سەرۆك هەڵبژێردرا، یەكێتی ئەوروپا ئیدانەی هەڵبژاردنەكەی كردو بە هەڵبژاردنێكی "نادیموكراتی" ناویبرد. بەگشتی كازاخستان بە وڵاتێكی سەقامگیری ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست دادەنرێت، سەقامگیرییەك كە دەسەڵاتێكی دیكتاتۆری سەپاندویەتی، ساڵی 2019 نورسوڵتان نزاربایڤ بەهۆی ناڕەزایەتی دژی خۆكاندیدكردنەوەی، دوای 28 ساڵ دەستبەرداری دەسەڵات بوو، بەڵام یەكێك لە دۆستە نزیكەكانی خۆی كرد بە سەرۆك كە (قاسم تۆكاییڤ) بوو، ئەمە بۆ ئەوە بوو كە جڵەوی دەسەڵات هەر بە دەستی خۆیەوە بمێنێتەوە، نزارباییڤ كە دەستبەرداری پۆستی سەرۆكایەتی وڵات بوو، لەبری ئەوە پۆستێكی ئەمنی باڵای وەرگرت، ماوەی حوكمڕانی نزارباییڤ تاوەكو ئێستاش بەردەوامەو لە هەموو شارەكانی وڵاتەكەیدا پەیكەری جۆراوجۆری بۆ دانراوە، پایتەختی وڵاتەكەش هەر بەناوی خۆیەوە ناونراوە. لە كازاخستان حیزبی قائید حوكم دەكات، ئەم حزبە لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا بە نزیكەیی رێژەی 100%ی دەنگەكان دەهێنێت، هیچ جۆرە ئۆپۆزسیۆنێكی كارا لە كازاخستان بوونی نییە. ئەمە وایكردووە هەندێك لە چاودێران دەڵێن تەقینەوەی ناڕەزایەتییەكان تەنیا پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی نرخی غازەوە نییە، بەڵكو كێشەكە قوڵترەو پەیوەندی بە نەبوونی دیموكراتییەوە هەیە، دۆخێك كە حكومەت پێشبینی نەكردووە لە پڕێكدا بەسەریدا بتەقێتەوە. شكاندنی پەیكەری سەرۆك وا دەردەكەوێت لایەنی گەورەی توڕەیی خەڵكی كازاخستان لە (نورسوڵتان نزارباییڤ) سەرۆكی پێشووی وڵات بێت، كە لەوكاتەوە دەستی لە پۆستی سەرۆكایەتی هەڵگرتووە، بەرپرسیارێتی پۆستێكی ئەمنی گەورەی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی كازاخستان وەرگرتووە، دوێنێ وەكو هەوڵێك بۆ هێوركردنەوەی خۆپیشاندانەكان، (نزارباییڤ) لە پۆستەكەی لادرا. خۆپیشاندەران دروشمیان دژی (نزارباییڤ) وتەوە، لەمە زیاتریش پەیكەرێكی سەرۆكی پێشووی وڵاتیان شكاند كە لە شاری لەدایكبوونی (نزارباییڤ) لە برونز دروستكرابوو. چەندین پێكدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەكانو خۆپیشاندەران رویداوە، راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان باس لەوە دەكەن، لە هەندێك ناوچە هێزە ئەمنییەكان چونەتە پاڵ خۆپیشاندەرانەوە. بەهۆی ئەم باروخەوە، لە رۆژی سێ شەممەوە هێڵی ئینتەرنێت لەم وڵاتەی ئاسیای ناوەڕاستدا كێشەی تێكەوتووەو زانیارییەكان باسلەوە دەكەن حكومەت دەیەوێت بە یەكجاری هێڵی ئینتەرنێت لەسەرتاسەری وڵات ببڕێت.
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت) بەرپرسیارێتیی دوو جۆری هەیە، یەکەمیان بەرپرسیارێتیی سیاسییە، دووهەمیان بەرپرسیارێتیی شەخسییە. بەرپرسیارێتیی سیاسیی شتێک نییە حکومەتەکان یان حیزب و سەرۆکەکان و تەنانەت نەتەوە و نەوەکان خۆیانی لێبێبەرییبکەن. هەموو حکومەتێکی نوێ دەبێت بەرپرسیارێتی ئەو کردانە هەڵگرێت کە حکومەتەکەی پێش خۆی پێی هەڵساوە، سەرۆکی نوێی هەموو حیزبێک دەبێت بەرپرسیارێتی سیاسەتی سەرۆکەکەی پێش خۆی هەڵگرێت، هەموو نەتەوەیەک دەبێت بەپرسیارێتی بەرامبەر بە ڕابردووی خۆی هەڵگرێت و هەموو نەوەیەک دەبێت بەرپرسیارێتیی بەرامبەر بە کارەکانی نەوەکەی پێش خۆی هەڵگرێت. لەڕووی سیاسییەوە وتە بەناوبانگەکەی ناپلیۆن جوانترین دەربڕی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە کاتێک دەڵێت: „من بەرپرسیارێتیی بەرامبەر بەهەموو ئەو شتانە هەڵدەگرم کە لویسی نۆیەم تا دەگاتە کارەکانی کۆمیتە یان لیژنەی سەلامەتی گشتیی پێی هەڵساون.“ بەرپرسیارێتیی شەخسییش مانای ئەوەیە کە مرۆڤ نەکەوێتە ناو ئەو هاوکێشەیەوە کە دەڵێت: گەر من نەیکەم یەکێکی تر دەیکات، یان من برغویەکم لە ماشینە بیرۆکراسییەکەی دەسەڵات و ئیدارەی دەوڵەت، بۆیە هەر فەرمانێکم پێبکەن، من ناچارم جێبەجێی بکەم. ئەم پاساوە لە جەوهەردا خۆدەربازکردنە لە بەرپرسیارێتیی و نەبوونی وشیاریی جیاکارییە لەنێوان هەق و ناهەق، زوڵم و ڕێز، هەڵە و ڕاستیی. ئەمەش ئەو مەترسییە دروستدەکات وەک هانا ئارێنت دەڵێت: „لە هەر شوێنێک هەموو تاوانبار بوون، کەس تاوانبار ناکرێت“. دوای ڕووداوەکانی هەشتی تەمموز ڕۆژێک بە تەکسی چووم بۆ بازاڕ، شۆڤێری تەکسییەکە گەنجێکی چوارشانە بوو، بەڵام زۆر بێدەنگ و خەمبار. دوای بێدەنگییەکی کورت، گوتی مامۆستا من تۆ دەناسم متمانەم پێتە، حەزدەکەم شتێکت لا بدرکێنم، منیش گوتم، فەرموو. ئەو لەگەڵ هەڵمژینی بەهەناسەیەکی قووڵەوە گوتی، دەزانی مامۆستا من تاوەکو دوێنێ یەکێک بووم لە پێشمەرگەکانی هێزی ئاڵتوونی، گەر باوەڕیش ناکەیت ئەوە ئایفۆنەکەم پڕێتی لە وێنەی خۆم لە کاتی شەڕی داعش و چالاکیی تر. هەرچەند گوتم من بڕوام بە قسەکانت هەیە، بەڵام سوور بوو لەسەر ئەوەی هەندێ وێنە و ڤیدیۆی چالاکییەکانیم نیشانبدات. ئەو گوتی دوێنێ کە منیان برد بۆ ئەگەری پەلاماردانی هاوڕێ و ئەندامانی هاوحیزبەکەم، ڕەتمکردەوە دژیان بجەنگم، بۆیە چەکم دانا و گوتم من لەم ناحەقیی و ئەگەری تاوانی کوشتنی برا پێشمەرگەکانی خۆم و ئەندامانی حیزبەکەی خۆم، بەشدارنابم. ئەوسا ڕووە خەمبارەکەی تێکردم و گوتی: بەڕای بەڕێزتان من کارێکی باشم کردوە یان خراپ؟ ئەم نموونەیە ئاماژەیەکی گەورەیە هەم بۆ بەرپرسیارێتیی شەخسیی و هەم بۆ بەرپرسیارێتیی سیاسیی. ئەم نموونەیە دەربڕی ڕاستترین و جوانترین هەڵوێستە بۆ سەلماندنی قسە بەناوبانگەکەی سوکرات کە دەڵێت: „باشترە مرۆڤ زۆڵمی لێبکرێت وەک ئەوەی زۆڵم بکات“. هەموومان مرۆڤین، مرۆڤیش خاوەن هەڵەیە و دەشێت ئەو هەڵەیەش لە شوێن و کاتی جیاوازدا ببێت بە زوڵم و لەکاتی تایبەتیشدا ببێت بە تاوان. ڕاستە هەموومان هەڵەدەکەین، بەڵام هەموومان بەقەد یەک و وەک یەک هەڵە و زۆڵم ناکەین، یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی ڕێگرییکردن لە ناحەقیی زوڵم، بوونی ئەخلاق و وشیاریی بەرپرسیارێتییە. بەرپرسیارێتی ئەخلاقییش یەکێکە لە گرنگترین خەسڵەتەکانی مرۆڤ بۆئەوەی نەهێڵێت زۆڵم ببێتە دۆخێکی باو. بە بێ تێگەیشتن لە هیچنەکردن و تەماشاکردن و بێدەنگیی لە سەرەتای دەستپێکردنی زۆڵم و ناحەقییەکانی دەسەڵاتدارێتیی نازیزم و بەعسیزم ئاسان نییە لە تاوانە گەورەکانی ساڵانی دواتریان تێبگەین. بوون بە بینەر و بێدەنگی لە زۆڵم مانای ڕێگەخۆشکردنە بۆ ناحەقیی و پاشان تاوان. نماییشکردنی گەنجانی خۆپیشاندەری پیرەمەگرون وەک تیرۆریست، تاوانێکە هەم رەهەندێکی ئەخلاقیی هەیە و هەم رەهەندێکی یاسایی. ئەم کردەیە هەڵەیەکی تەکنیکی یان شەخسیی نییە، بەڵکو تەعبیر لە تێگەیشتنی ئەو دەزگایە و سەرۆکە سیاسییەکانی ئەم دەڤەرە دەکات کە بە چ مۆدێلێکی ئەمنیی، تیرۆری کەسایەتیی ئنیسانەکانی ئێمە دەکەن. من قسەم لەسەرئەوە نییە کە ئەم نماییشکردنە بێتامە پێش دادگاییکردنیان و حوکمدانیان کارێکی نایاساییە، بەڵکو قسەم لەسەر ئەوەیە کە بڵاوکردنەوەی فەرمیی ڤیدیۆیەکی دانپێنانی پەشیمانیی هەندێ کرێکاری تەمەن بیست ساڵە بە جلی پرتەقاڵییەوە بەرامبەر سوتاندنی کتێبخانەکەی پیرەمەگرون، هەم شکاندنی کەرامەتی ئینسانیی ئێمەیە، هەم دووبارەکردنەوەی ئەزموونی دژەدیموکراسیی هەموو ئەو دەسەڵاتە پۆلیسیی و ئەمنیی و دیکتاتۆرانەیە کە دژ بە نەیارە سیاسییەکانی خۆیان پیادەیدەکەن. گەر یەکێک لە ئارگیومێنتە گرنگەکانی دادگاییکردن و سزادان مانای پاراستنی کۆمەڵگا بێت لە تاوان و تاوانکاران و ترساندنیان بێت لەوەی کاری لەو جۆرە دووبارە نەکەنەوە، ئەوا ئەم شانۆگەرییە دژ بەمافی مرۆڤەی کە هەم لە سلێمانیی و هەم لە بادینان بینیمان، ئەو ڕاستییەمان بیردەخاتەوە کە هەندێ جار هاوکێشەکە بەپێچەوانەوەیە؛ کۆمەڵگا دەبێت لە تەعەسوفییەتی هێزە ئەمنیی و دەزگاکانی جێبەجێکار بپارێزرێت، بۆئەوەی بەردەوام کەرامەتیان نەشکێنرێت. ماوەی چەند ساڵێکە تاوانی گەورە و بچووک بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنیی و پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ و تەنانەت ئاساییش خۆشی ڕوودەدات و خەڵکی مەدەنیی بێتاوان و هەندێجار چەکداری خۆیانی تێدا کوژراوە، کەچی لەبەرئەوەی تاوانکاران کوڕ و کچ و خزمی سوڵتانەکان و لۆردەکانی جەنگن، کەس بۆی نییە دەستی تاوانیان بۆ درێژبکات، چجای ئەوەی دادگاییبکرێن و سزابدرێن. کۆمەڵگای ئێمە لە قۆناغێکی مەترسییداردایە، چونکە هێندەی پێویستە لە تاوانکارانی دەزگا ئەمنیی و سەربازیی و منداڵانی لۆردەکان بپارێزرێت، هێندە پێویستی بە پاراستن نییە لە هەندێک گەنجی بەردوەشێن. گەر ئەو گەنجانە تاوانباربن بە سوتاندنی کتێبخانەیەک کە کردەیەکی نادروستە، دەزگاکانی دەسەڵاتیش تاوانبارن بە سوتاندنی کەرامەتی ئینسانیی تاکەکان و بڵاوکردنەوەی کولتووری بێڕێزییکردن و ترس و تۆقاندن لەناو فەزای گشتییدا. ئەمەی لە هەرێمی ئێمەدا ڕوودەدات پرۆسەی بەداموزەگاییکردنی ناحەقیی و زوڵمە. ئومێدەوارم هاوشێوەی ئەو کوڕە گەنجەی کە چەکی دانا دژ بە هاوڕێ و هاوڵاتیانی خۆی بجەنگێت، لەناو دەزگای ئاساییش و دەزگاکانی تری هەرێم ئەم جۆرە لە ئەخلاقی بەرپرسیارێتیی شەخسیی و سیاسیییش بۆ پاراستنی ماف و کەرامەتی هاوڵاتیانی مەدەنیی دروستبێت.
درەو: وەفدێكی ئێران سەردانی سلێمانی دەكات و بە بافڵ تاڵەبانی رادەگەیەنن، دەبێت لە دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك كۆماردا رەزامەندی مەسعود بارزانی لەسەر بێت. سەرچاوەیەكی باڵا بە (درەو)ی راگەیاند، هەفتەی رابردوو وەفدێكی ئێران دوای سەردانی پارتی لە هەولێرەوە سەردانی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی و شێخ نەهرۆ كەسنەزانیان كردووە لە شاری سلێمانی. وەفدەكەی ئێران پێكهاتبوون لە حەسەن دانایی فەڕ باڵیۆزی پێشوی ئێران لە عێراق و عەبدولڕەزا مزگریان فەرماندەی قەرارگای رەمەزان، دوای سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەردانی سلێمانیانكردووە. وەفدەكەی ئێران دوو پەیامیان بە بافڵ تاڵەبانی راگەیاندووە: یەكەم/ لەگەڵ پارتی بەیەكەوە بچنە بەغداد و نەبنە تەرەف لەگەڵ هیچ لایەنێكی شیعی بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی سەرۆك وەزیرانی عێراق دووەم/ لە یەكلاكردنەوەی پرسی كاندیدی سەرۆك كۆماری عێراقدا، ئەبێت رەزامەندی مەسعود بارزانی وەربگرن، بۆ ئەوەی مەسعود بارزانی نەبێتە لایەنگری سەدر بۆ یەكلاكردنەوەی سەرۆك وەزیران و پشت لە هێزەكانی لایەنگری ئێران نەكات ( مالكی و عامری و فەزیلەو خەسعەلی). سەبارەت بە كێشەكانی ناوخۆی یەكیەتیش وەفدەكەی ئێران بە بافڵ تاڵەبانیان راگەیاندووە، كە لەگەڵ پەرەسەندنی كێشەكان نین و دەیانەوێت دۆخێكی ئارام لە ناوچەكەدا بێت، بە لاهور شێخ جەنگیشیان راگەیاندووە، كە دان بەخۆیدا بگرێت و لە ئێستا درووستكردنی حزب و رێكخراو لەدەرەوەی یەكێتی لە بەرژەوەندی ئەودا نیە.
راپۆرت: درەو رەنگی پرتەقاڵی بۆ ئەوانەیە لە دادگا حوكمی لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، گەنجەكانی پیرەمەگرون بەبێ حوكمی دادگا، جلوبەرگی مردنیان لەبەركراوە، ئەمە لەكاتێكدایە ئەگەر تۆمەتەكەشیان لەسەر ساغ ببێتەوە، حوكمە یاساییەكەیان لە (15) ساڵ تێناپەڕێت، رەنگە زۆربەشیان بەبێ زیندانیكردن ئازاد بكرێن، سزادراوانی بادینان سەرباری ئەوەی حوكمەكانیشیان لەلایەن دادگاوە دەرچوو، بە جلوبەرگی پرتەقاڵییەوە نیشان نەدران، وردەكاری پەیوەندی رەنگو تاوان لەم راپۆرتەدا. تاوانو سزا لە هەرێمی كورستان زیندانەكانی (راگرتن، گرتنو گواستنەوە) سەربە وەزارەتی ناوخۆن، زیندانەكانی (چاكسازی) واتە دوای ئەوەی حوكمی كۆتایی بۆ تاوانباران دەردەچێت، دەكەونە ژێر چاودێری وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتییەوە، لەپاڵ ئەمانەدا هێزەكانی ئاسایشو دەزگاكانی هەواڵگری (زانیاریو پاراستن) زیندانو دادوەرو لێكۆڵەری تایبەت بەخۆیان هەیە. ساڵی 2001 یاسای ژمارەی (4)ی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەرچوو، ئەم یاسایە هەندێك كاروباری ئەمنی دایە دەست دەزگای ئاسایشو هەواڵگری بە هەموو جۆرەكانییەوە، لەوكاتەوە بەشێوەیەكی فەرمی كەیسەكانی تاوانی (تیرۆرو ماددە هۆشبەرەكان) رادەستی هێزەكانی ئاسایش كراوە، لەمە زیاتر هەندێكجار لە دۆسیە سیاسییەكاندا هێزەكانی ئاسایشو دەزگا هەواڵگرییەكان لێكۆڵینەوە دەكەن، ئەم هێزانەش دابەشبوون، لە هەولێر لەژێر كۆنترۆڵی پارتیو لە سلێمانی لەژێر كۆنترۆڵی یەكێتیدان، ئەم دەزگا ئەمنیانە زۆرجار بەر لە دەرچوونی حوكمی یاسایی لەسەر تۆمەتباران، دانپێدانانەكانیان بۆ رایگشتی بڵاودەكەنەوە. گەنجەكانی پیرەمەگرون لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بەتۆمەتی سوتاندنی بینای (كتێبخانەی گشتی پیرەمەگرون) دەستگیركراون، ئەمە رووداوێكە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی 24ی تشرینی دووەمی 2011، لەم رۆژەو رۆژانی دواتریشدا لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان خۆپیشاندان دژی نەبوونی موچەو خزمەتگوزارییە گشتییەكان بەڕێوەچوو، لەناو شاری سلێمانیو چەند شارۆچكەیەك هەندێك بارەگای حزبەكانو بینا حكومییەكان سوتێنران. ئاسایشی سلێمانی ماوەی نزیكەی (20) رۆژە (18) گەنجی دانیشتووی پیرەمەگرونیان دەستگیكردووە بەتۆمەتی تێوەگلانیان لە سوتاندنی بینای كتێبخانەكەدا، ئاسایش بەگوێرەی ماددەی (342)ی یاسای سزادانی عێراقی لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەستگیركراوەكاندا كردووە، ئەم یاسایە ماوەیەك كە لە (15 ساڵ) زیاتر نەبێت، داناوە بۆ هەر كەسێك كە بەئەنقەست ئاگر لە موڵكو ماڵێكی گوازراوە یان نەگوازراوە بەربدات، بەدیاریكراوی لە بڕگەی (2)ی ئەم ماددە یاساییەدا هاتووە" سزای زیندانی هەتا هەتایی یاخود زیندانی كاتیی بەسەر هەركەسێكدا دەسەپێندرێت كە.. بینای فەرمانگەیەكی فەرمی یان نیمچە فەرمی یاخود دامەزراوەیەكی گشتی بسوتێنێت كە سودی گشتی تێدا بێت". بەپێی یاسای رێكخستنی خۆپیشاندانەكانی هەرێمی كوردستان ژمارە (11)ی ساڵی 2010، هەڵگرتنی هەرجۆرە ماددەیەكی تەقەمەنی یان ژەهراوی یان سوتێنەر لە خۆپیشاندانەكاندا لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە قەدەغە كراوە. بەڵام یاسای خۆپیشاندانەكان، مامەڵەكردنی لەگەڵ ئەوانەی لەناو خۆپیشاندانەكاندا سەرپێچی دەكەن، داوەتە دەست هێزەكانی پۆلیس، نەك ئاسایش. ناڕەزایەتی پرتەقاڵی دەركەوتنی ژمارەیەك گەنجی خەڵكی پیرەمەگرون لە ڤیدیۆیەكی ئاسایشی سلێمانیدا كە بەجلوبەرگی پرتەقاڵییەوە دان بەوەدا دەنێت بەشدارییان كردووە لە سوتاندنی بینای كتێبخانەی شارۆچكەكەیان، كاردانەوەی لەناو رایگشتی هەرێمی كوردستاندا دروستكردووە، هەندێك وەكو هەڕەشەی دەزگا ئەمنییەكانو بەرپرسانی یەكێتی بۆسەر ئازادی رادەربڕینو خۆپشاندانەكان لەناوچەیەكدا لێكدانەوەی بۆ دەكەن، كە مەڵبەندی ناڕەزایەتی بەردەوامە، هەندێكی تر دەڵێن بەر لە خۆپیشاندەر دەبێت دەسەڵاتدارانی سلێمانی جلوبەرگی پرتەقاڵی تاوانباران بكەنەبەری ئەوانەی كە گەندەڵی دەكەنو دەستیان بەسەر موڵكو ماڵی گشتیدا گرتووە، بۆچونێكی تر هەیە كە قوڵتر چوەتە ناو بابەتەكەو داوا دەكات بەر لە سزادانی ئەم گەنجانە، ئەوانە سزا بدرێن كە بونەتە هۆی ئەوەی خەڵك خۆپیشاندان بكەنو بینا حكومییەكان بسوتێنن. سزادراوانی بادینان كە دادگا حوكمی كۆتایشی لەسەر دەركردن، هیچ كاتێك بە جلوبەرگی پرتەقاڵییەوە نیشان نەدران، ئەوەی ناڕەزایەتییەكانی لە سلێمانی زیاتر كردووە، رەنگە پرتەقاڵییەكە. لە عێراق هیچ یاساو رێنماییەكی دیاریكراو نییە كە رەنگی جلوبەرگی دەستگیكراوان یاخود حوكمدراوان دیاری بكات، لە هەندێك لە زیندانەكانی عێراقدا جلوبەرگی (زەرد) دەكرێتە بەری زیندانییەكان، بەمدواییە كەسێك كە بەرتیلی وەرگرتبوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی عێراقەوە بە جلوبەرگی زەردەوە نیشان درا، لە زیندانەكانی گواستنەوەدا دەستگیركراوان جلوبەرگی (قاوەی)یان لەبەردەكرێت، رەنگی (شین) بۆ زیندانی نەوجەوانان بەكاردەهێنرێت، بەگوێرەی حوكمی زیندانییەكان لە هەندێك زیندانی تردا رەنگی تر بەكاردەهێنرێت، لەوانە رەنگی (پرتەقاڵی) بۆ ئەوانەی كە تاوانی تیرۆرو ماددە هۆشبەرەكانیان ئەنجامداوە. لە هەرێمی كوردستان رێنماییەك هەیە كە رەنگی جلوبەرگی ئەو كەسانە دیاری دەكات كە لەلایەن دادگاكانەوە حوكمیان بۆ دەرچووەو ماوەی حوكمەكانیان لە زیندانەكانی چاكسازی بەسەر دەبەن. ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری زیندانەكانی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند، بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئەم رێنماییە بۆ دیاریكردنی جلوبەرگی زیندانیان بەتەواوی جێبەجێ نەكراوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەناو زیندنەكانی چاكسازی گەوراندا لە هەرێمی كوردستان گیراوان ئازادكراون چ جلوبەرگێك لەبەردەكەن، بەڵام لەكاتی گواستنەوەیاندا بۆ بەردەم دادگا جلوبەرگێكی رەنگ (قاوەی)یان لەبەردەكرێت. بەڵام لە گرتوخانەكانی ئاسایشدا، جلوبەرگی رەنگ (پرتەقاڵی) دەكرێتە بەری دەستگیركراوان، بەوپێیەی ئەوانەی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیردەكرێن دەبێت ئەو كەسانە بن كە تاوانی تیرۆر یان ماددە هۆشبەرەكانیان ئەنجامداوە، هێزەكانی ئاسایش دەستگیركراوانی داعش بە جلوبەرگی پرتەقاڵییەوە نیشان دەدەن. داعشو رەنگی پرتەقاڵی رێكخراوی داعش، كاتێك دیلەكانی سەردەبڕی، بەتایبەتیش ئەوانەی خۆرئاوایی بوون، جلوبەرگی پرتەقاڵی لەبەردەكردن، بەمدواییەش پێشمەرگە دیلەكانی بەهەمان جلوبەرگەوە سەردەبڕی، شارەزایانی بواری گروپە ئیسلامییە توندڕەوەكان دەڵێن، داعش ئەم كارەی وەكو ئاماژەیەك بۆ تۆڵەكردنەوە لە ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی بەكارهێناوە، چونكە ئەمریكییەكان لە زیندانی "گوانتانامۆ" جلوبەرگی پرتەقاڵییان لەبەری دەستگیركراوان كردووە، كە زۆرینەیان ئەندامانی گروپە توندڕەوە ئیسلامییەكان بوون. بەر لە رێكخراوی داعش، لە ساڵی 2004دا رێكخراوی (قاعیدە) جلوبەرگی پرتەقاڵی دەكردە بەری ئەو كەسانەی كە دەیكوشتن، لەو سەردەمەدا قاعیدە ئەندازیارێكی ئەمریكی بەناوی "پۆڵ جۆنسن" بە جلوبەرگی پرتەقاڵییەوە سەربڕی. قاعیدەش بەهەمان شێوەی داعش، وەكو بەشێك لە جەنگی دەروونی جلوبەرگی پرتەقاڵی لەكاتی كوشتنی دیلەكاندا بەكاردەهێنا، زۆرینەی دەستگیركراوانی زیندانی "گوانتانامۆ" ئەندامانی قاعیدە بوون، كە ئەو سەردەمە لە میدیا جیهانییەكاندا وێنەیان بە جلوبەرگی پرتەقاڵییەوە بڵاودەكرایەوە. رەنگو تاوان لە گرتوخانەكانی ئەمریكا، ئەو كەسانەی كە جلوبەرگی پرتەقاڵییان لەبەر دەكرێت، ئەوانەن كە حوكمی لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە یاخود تاوانی گەورەیان كردووەو روبەڕووی دادگا دەكرێنەوە، لە زۆر وڵاتی تریش ئەم جۆرە رەنگە بۆ كەسانی تاوانباری گەورە بەكاردەهێنرێت، بەتایبەتی ئەوانەی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەكانەوە دەكەن. بەگشتی رەنگەكان لەناو زیندانەكاندا واتای تر وەردەگرن، واتایەكی جیاواز لەوەی لە ژیانی ئاسایی مرۆڤەكاندا هەیە، بۆ نمونە رەنگی سور ئەگەر لە ژیانی ئاسایشدا واتای خۆشەویستی بێت، ئەوا لە زیندانەكاندا ئاماژەیە بۆ كەسانێك كە حوكمی لەسێدارەدانیان لەسەر جێبەجێ دەكرێت. رەنگی جلوبەرگ لەناو گرتوخانەكاندا بۆ جیاكردنەوەی جۆری تاوانی سزادراوەكان یاخود بۆ جیاكردنەوەی سزادراوان لە كارمەندو پاسەوانی گرتوخانەكان، بەكاردەهێنرێت، بەهۆی ئەگەری هەڵاتنی دەستگیركراوان لە زیندانەكان یاخود لەبەردەم دادگاكاندا، رەنگی جلوبەرگ وەكو پێوەرێكی گرنگ دادەنرێت بۆ دەستگیكردنەوەیان لە كاتی هەڵاتندا، بۆ نمونە رەنگی پرتەقاڵی رەنگێكی دیارە، كە لە حاڵی ئاسایدا زۆر كەس ئەم رەنگە ناپۆشن. بەگشتی بۆ ئەوانەی كە حوكمی زیندانیكردنیان بۆ ماوەی ساڵانێكی زۆر بەسەردا سەپێندراوە، زیندانەكان سود لە جلوبەرگی شین وەردەگرن، بەوپێیەی ئەم رەنگە زیاتر بەرگەی پیسبوون دەگرێت، بەتایبەتیش لەو زیندانانەی كە رۆژانە جلوبەرگی سزادراوان ناشۆردرێت. جلوبەرگی سپی ئاماژەیە بۆ ئەوەی كەسی دەستگیركراو لە حاڵەتی لێكۆڵینەوەدایەو هیچ تۆمەتێكی بەسەردا ساغ نەبوەتەوەو وەكو راگیراوێك مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت نەك دەستگیركراو، رەنگە ئەمە لەسەر ئەو بنەمایە دانرابێت كە رەنگی سپی ئاماژەیە بۆ خاوێنیو پاكژی، كەسی گومانلێكراویش تاوەكو گومانەكانی لەسەر ساغ نەبێتەوە، خاوێنەو تاوانبار نییە. رەنگی سور یاخود پرتەقاڵیش ئاماژەیە بۆ ئەوەی دەستگیركراوەكە حوكمی لەسێدارەكانی لەلایەن دادگاوە بۆ دەرچووەو حوكمەكەی لەسەر جێبەجێ دەكرێت. لە بەركارهێنانی رەنگی پرتەقاڵی بۆ دەستگیكراوەكانی پیرەمەگروندا، ئاسایشی سلێمانی واتای رەنگەكانی بەشێوەیەكی نادروست بەكارهێناوە، چونكە ئەم دەستگیركراوانە سەرباری ئەوەی لەلایەن دادگاوەی حوكمی كۆتاییان بۆ دەرنەچووە، ئەگەر تۆمەتەكەشیان لەسەر ساغ ببێتەوە هێشتا رەنگی پرتەقاڵی نایانگرێتەوە، چونكە لە زۆرترین حاڵدا (15) ساڵ زیندانی دەیانگرێتەوە. ئەمە لەكاتێكدایە بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، پێدەچێت بە فەرمی دادوەر ژمارەیەك لەو كەسانەی كە لە گرتە ڤیدیۆییەكەی ئاسایشدا دەركەوتوون، بە بڕێك غەرامەی دارایی، ئازاد بكرێن.
(درەو): پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانو گۆڕینی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنو راپرسی ناكۆكن، پارتی لەگەڵ ئەوەیە سەرەتا كێشەی كۆمسیۆن چارەسەر بكرێت ئینجا هەمواری یاسای هەڵبژاردن بكرێت، یەكێتی بە پێچەوانەوە، پارتی لەگەڵ یەك بازنەیەو یەكێتی داوای چوار بازنەی هەڵبژاردن دەكات. ئەمڕۆ دەزگای هەڵبژاردنی پارتیو مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی لە سلێمانی كۆبوونەوە، كۆبونەوەكەیان تایبەت بوو بە پرسی هەمواری یاسای هەڵبژاردنو پرسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێم. لە راگەیەندراوی كۆبونەوەكەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر ئەوە كردووە هاوڕان لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لەكاتی خۆیدا واتا لە 30ی ئەیلولی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، بەڵام هیچ ئاماژەیەكیان بە رێككەوتن نەكردووە لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنو چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، هێشتا پارتیو یەكێتی لەسەر چەند بابەتێكی تایبەت بە هەڵبژاردن ناكۆكنو ئەگەر نەگەنە رێككەوتن، ئاستەنگ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا دروست دەبێت، دیارترین خاڵە ناكۆكەكان ئەمانەن: • یەكێتی لەگەڵ ئەوەیە، سەرەتا هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان بكرێت پاشان كێشەی كۆمسیۆنو گۆڕانكاری لە ئەنجومەنی كۆمسیۆندا بكرێت. • پارتی بەپێچەوانەوە لەگەڵ ئەوەدایە سەرەتا كێشەی كۆمسیۆن چارەسەر بكرێت ئینجا هەمواری یاسای هەڵبژاردن بكرێت. • پاساوی پارتی ئەوەیە كە كۆمسیۆن وادەكەی بەسەرچووەو ناتوانێت سەرپەرشتی هەڵبژاردن بكاتو دەبێت بگۆڕدرێت، بەوپێیەش خۆیو پێكهاتەكان دەبنە زۆرینە لەناو كۆمسیۆنو ئەوكات هەموو بڕیارێك بە دڵی ئەوان دەبێت، پاساوی یەكێتی ئەوەیە ئەگەر سەرەتا گۆڕانكاری لە كۆمسیۆندا بكرێت، ئەوا پارتی دەبێتە زۆرینەو بەئاسانی ئەتوانی كاتی هەڵبژاردنو ئەنجامدان و دواخستنی یەكلا بكاتەوە. • یەكێتی لەگەڵ ئەوەی هەرێمی كوردستان بكرێتە چوار بازنەی هەڵبژاردن، چونكە پارتی بە دەنگی دهۆك كورسی ناوچەكانی تریش بۆخۆی دەبات. • پارتی سوورە لەسەر ئەوەی هەرێمی كوردستان یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت، چونكە ئەمە جارێكی تر زۆرینە بۆ پارتی لەناو پەرلەمانی كوردستان زامن دەكاتەوە. • یەكێتی لەگەڵ ئەوەیە پێكهاتەی كۆمسیۆن وەك ئێستا بمێنێتەوەو هەر حزبەو گۆڕانكاری لە نوێنەرەكەی خۆیدا بكات. • پارتی لەگەڵ ئەوەیە پێكهاتەی كۆمسیۆن بگۆڕدرێت بەپێی ئەنجامی كورسییەكانی ئێستای لایەنەكان لە پەرلەمانی كوردستان كۆمسیۆن دابڕێژرێتەوە. ئەگەر گۆڕانكاری لە كۆمسیۆندا بكرێت و دابەشكردنی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن بەپێی كورسیەكانی ئێستای پەرلەمانی كوردستان بێت، ئەوا پارتی دیموكراتی كوردستان و پێكهاتەكان دەبنە زۆرینەو هەر بڕیارێك بیانەوێت لە بەرژەوەندی خۆیان دەری دەكەن.