شۆڕش چۆن پارەی لە دەوڵەمەندەكان كۆدەكردەوە؟
2022-07-25 19:51:08
درەو: شۆڕشنامە
لالۆ عەبدولڕەحمان پێنجوێنی لە كتێبی یادەوەریەكەیدا ( نیو سەدە بۆ نیشتمان) سەبارەت بە كۆكردنەوەی پارە بۆ شۆڕش دەنوسێت:
بۆ كۆكردنەوەی یارمەتی مادی، (ی.ن.ك) نامەی ئەنارد بۆ دەوڵەمەندەكان، بەڵام كاتێك هەندێكیان داواكارییەكانی شۆڕشیان جێبەجێ نەئەكردو یارمەتییان نەئەنارد، پێشمەرگە گوشاری ئەخستە سەریان. زۆرجار خۆیان یان كوڕێكیان لەگەڵ خۆیان ئەهێنا بۆ ناوچە ئازادكراوەكانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕش تا چارەسەری كیشەكەیان ئەكرا... هەندێك جاریش داواكارییەكانی شۆڕش لە توانای ئەو دەوڵەمەندانە زیاتر بوو یاخود زانیاریی هەڵە لەسەر كەسایەتیو باری داراییان بە مەڵبەند درابوو.
لە هاوینی (1986) بە فەرمانی سەركردایەتی، مەڵبەندەكان هەریەكەو لە سنوری ناوچەی خۆیەوە داوای هاوكاری مادییان لە دەوڵەمەندی شارەكان كرد. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لەسەر دەوڵەمەندەكان درابوون بە مەڵبەندەكان، بڕی پارەی داواكراو دیاری ئەكرا. بۆ ئەو مەبەستە لە سنوری مەڵبەندی یەك، چەند كەسێكی دەوڵەمەندی سلێمانیو قەزاو ناحیەكان دەستنیشان كران. شەوكەتی حاجی موشیر نامەیەكی مۆركراوی مەڵبەند كە بۆ دەوڵەمەندەكان نوسرابوو، بەسەر تیپەكانی سنووری مەڵبەندی یەكدا دابەشكرد، بۆ ئەوەی هەر تیپێك نامەی چەند دەوڵەمەندێك بگەیەنێت.
لوقمان شاسوار (رابەر سیاسی تیپی 55ی قەرەداغ) لەگەڵ شەهید هەژار چووبوون بۆ ناو شاری سلێمانیو لەگەڵ چەند كەسێكی سەر بە رێكخستن چوو بوون بۆ ماڵی حاجی ئیسماعیل بازیانیو پێیان راگەیاندبوو كە لەلایەن (ی.ن.ك)وە داوای یارمەتی لە خۆیو برایمی حاجی عەلی هاوڕێی كراوە، بۆیە ئەبێت بچن بۆ مەڵبەندی یەك، هەروەها كاغەزی مۆركراوی مەڵبەندیان پێدابوو.
حاجی ئیسماعیل پێی وتبوون "لالۆ زۆر دۆستمەو برادەری خۆشەویستمە، دەبا ئەو وەكیلی من بێت، برایمی حاجی عەلیش برازای خۆیەتی".
پاش چەند رۆژێك غەفوری برام هات بۆ لام، وایان تێگەیاندبوو كە من ناردومەتە سەر حاجی ئیسماعیلو برایمی برازام بۆ پارە. ئەو هەواڵەم زۆر پێ ناخۆش بوو، بۆ غەفوورم روونكردەوە كە ئەوە ئیشی من نییەو لێپرسراوی مەڵبەند لێی بەرپرسیارە. مەڵبەند داوای هەشتا هەزار دیناریان لە حاجی ئیسماعیل كردبوو. دوای چەند رۆژێك حاجی ئیسماعیل خۆی هات بۆ لام بۆ گوندی سێوسینان، بڕێكی زۆر خواردنی هێنابوو. وتی بۆیە هاتووم بۆ لای تۆ كە پێت بڵێمو بروام پێ بكەیت كە ئەو برە پارەیەم نییە كە ئەوان داوام لێ دەكەن.
رۆژی دواتر پێكەوە چووین بۆ مەڵبەند. ئەوكاتە شەهید شێركۆ جدی لێپرسراوی دارایی مەڵبەندی یەك بوو، عومەر غەریب ئەندامی لیژنەی دارایی مەڵبەند بوو. برادەران وتیان حاجی، هەشتا هەزار دینار بۆ خۆتو بۆ خوشكەزاكانت دیاریكراوە، پێنج خوشكەزات هەیەو هەریەكەیان ئەبێت پێنج هەزار بدەن.
وتم: نەخێر ئەو پارەیە زۆرە بۆ ئەو، با هەمووی بیست هەزار دینار بێت.
حاجی ئیسماعیل وتی: من رازیمو سوپاستان ئەكەم.
برادەران وتیان: لەبەر ئەو پارەو جلوبەرگانەی كە لە ساڵی (1983) بۆت ناردبووین، ئەوا كەممان كردەوە بۆ بیست هەزار دینار.
* سەرچاوە: لالۆ عەبدولڕەحمان پێنجوێنی (1933 - 2012): نیو سەدە بۆ نیشتمان (بیرەوەری)، چاپی یەكەم، 2012، لاپەڕەكانی (576 - 578).