Draw Media

 (درەو): هێزێكی  كۆماندۆ لە دەباشان جێگیركراوە، دەوترێت ئەم ھێزە بۆ لابردنی سەرۆكی دەزگای زانیاریی کۆکراوەتەوە، بەڵام سەرچاوەیەك لە دەباشانەوە بە (درەو)ی رایەیاند، جێگیرکردنی ھێزەکە پەیوەندی بە سەرۆکی دەزگای زانیارییەوە نییە. ئێوارەی ئەمڕۆ، هێزێكی پڕچەكی (كۆماندۆ) لە بنكەیەكی بەردەم ماڵی مام جەلال لە "دەباشان"ی سلێمانی جێگیركرا، هێزەكە سەربە لیوای كۆماندۆیە، کە پێشتر فەرماندەكەی سەربە (جەعفەر شێخ مستەفا) بوو، بەڵام ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی بافڵ تاڵەبانیدایە. سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند، ئەو هێزە بۆ لابردنی (ئەژی ئەمین) بەرپرسی دەزگای زانیاری یەكێتی كۆكراوەتەوە، كە ماڵەکەی لە پرۆژەی نیشتەجێبوونی (بەرزاییەكانی سلێمانی)ەو دەکەوێتە بەرامبەر ماڵی مام جەلال. بەپێی قسەی سەرچاوەکە باڵاکەی یەکێتی:"ئەژی ئەمین بەرپرسی دەزگای زانیاری ھێزێکی ھەیە نزیكەی (400) کەسن، ماوەیەكە بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت لە پۆستەكەی دووری بخاتەوە، بەتایبەت لەدوای رووداوی دەستگیركردنی (غازی كەركوكی) ئەندامی سەركردایەتی یەكێتییەوە. كەیسەكەی (غازی کەرکوکی) تایبەتە بە پرسی ژەهرخواردكردنی (ئەژی ئەمین) سەرۆکی دەزگای زانیاری، سەرچاوە ئەمنییەکان لەناو یەکێتی باس لە تێوەگلانی (پارتی) لەم کەیسەدا دەکەن. لەبەرامبەردا، سەرچاوەیەكی نزیك لە دەباشان بە (درەو)ی راگەیاند، دەنگۆی كۆكردنەوەی هێز بۆ لابردنی مامۆستا (ئەژی ئەمین) بەرپرسی دەزگای زانیاری دوورە لە راستییەوە، چونكە لابردنی ئەو پێویستی بە كۆكردنەوەی هێز نیەو بە تەلەفۆنێكی بافڵ تاڵەبانی دەستبەرداری پۆستەكەی دەبێت. سەرچاوەکەی دەباشان وتی:" كۆكردنەوەی ئەو هێزە لەوێ، بەبڕیاری پێشترە، چونکە ئەو هێزەی كۆماندۆ خراوەتە سەر لیواكانی سكرتاریەتی مام جەلال، بۆیە لە دەباشان جێگیرکراون".


درەو: بارام مەجید خان - گۆڤاری ئاییندە ناسی ئێران لە سەرەتای سەدەی بیست بە گایەک و گاسنێک هاتە ناو ڕووداوە قورسەکانی سەدە و بە کارگەی پۆڵا و بەرزترین ڕێژەی مردن بە ڕوداوی هاتووچۆو و دۆسیەی ئەتۆمی لێی هاتە دەر.   یەرەوان ئەبراهامیان[1]   بەرایی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران؛ قورسترین و درێژخایەنترین دۆسیەی دەزگای دبلۆماسیی ئێران، لە سەدەی ڕابردوو تا ئێستاش بەچارەسەرنەکراوی ماوەتەوە. خەونەکانی محەمەد ڕەزا شا و پشتیوانییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دەستپێکی هەوڵێکی نەپچڕاوەی ئێران بوو کە لە سەرەتای ساڵی ١٩٥٧ دەستی پێ کرد و لە ساڵی ١٩٧٩ و سەرهەڵدانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران کۆتایی بە هەوڵەکانی شای ئێران هات. لەپاش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، لەژێر کاریگەریی تێزەکانی ئایەتوڵا خومەینی و شۆڕشی ئیسلامی و بۆ ماوەیەکی کورت چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕاگیرا و شەڕی ئێران-عێراق پچڕانێکی کاتیی لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران دروست کرد. محەمەد ئەلبەرادعی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠٠٣ و سەردانی بۆ ئێران، جارێکی تر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانی خستەوە سەر مێزی گفتوگۆی نێودەوڵەتی. چەندین خولی گفتوگۆی نێوان ئێران و وڵاتانی پەیوەست بەو دۆسیەیە و ئاژانسی وزەی ئەتۆمی، بەچارەسەرنەکراوی مانەوە. لە ساڵی ٢٠١٥، بە ڕێککەوتننامەی بەرجام کۆتایی بە دانوستانەکان هات، لە ناوخۆی ئێران وەک دەستکەوتی سیاسی و دبلۆماسی ناوزەد کرا. لە هەمان کاتیشدا نەیارانی لەسەر ئاستی ناوخۆی ئێران و ناوچەکەش هەبوو. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەپاش سەرهەڵدانی دیاردەی ترامپیسم لە ئەمەریکا لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی کشانەوە. ئەم پاشەکشەی ئەمەریکا و دووبارەکردنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران، کێشەکەی ئاڵوزتر کرد. حکومەتی میانڕەوی ڕۆحانی و لەدەستدانی پێگەی خۆی وەک سەرۆککۆمار و هاتنی باڵی توندڕەوی ئیبراهیم ڕەئیسی، بوو بە گرفتێکی قورس بۆ دووبارە وەگەڕخستنەوەی دانوستانەکان لەنێوان وڵاتانی ٥+١ لە لایەک و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە لایەکی تر.    ١. سەرەتایەک بەبێ کۆتایی دەستپێکی یەکەم هەنگاوی ئێران بۆ بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی، دەگەڕێتەوە بۆ پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو. ئێران لە ساڵی ١٩٥٠، ژمارەیەک خوێندکار ڕەوانەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکات. ئەمەریکا یەکەم وڵات بوو کە لە چوارچێوەی “پڕۆژەی ئەتۆم بەرامبەر بە ئاشتی”، ئایزنهاوەر یەکەم هەنگاوی لە ساڵی ١٩٥٦ بۆ بەگەڕخستنی بەدەستهێنانی زانست و تەکنەلۆژیای ئەتۆمی هاویشت. ئێران لە یەکەمی ئەو وڵاتانە بوو کە لە ساڵی ١٩٦٨ واژۆی لەسەر “NPT” (پەیماننامەی پێشگیری و قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی) کرد و لە ساڵی ١٩٧٤ ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێرانی دامەزراند. ئێران لەپاش جەنگی جیهانیی یەکەم و دوورخستنەوەی ڕەزا شا و جێگرتنەوەی لەلایەن محەمەد ڕەزای کوڕیەوە، لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نزیک بووەوە و وەک هاوپەیمانی ئەمەریکا لە ناوچەکە دەرکەوت. ڕووداوە سیاسییە ناوخۆییەکانی ئێران و هەلومەرجی نێودەوڵەتی و سەرەتاکانی شەڕی سارد توانیی پێگەی شای ئێران بەهێز بکات، بەتایبەت کە دکتۆر محەمەدی موسەدیق لە ئەنجامی هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانە دەسەڵاتی گرتبووە دەست بە کودەتایەک کە بەریتانیا بەشدار بوو تێیدا، توانرا لە دەسەڵات دوور بخرێتەوە. ئەم هەلومەرجە تازەیە، شای ئێرانی بەهێز کرد و توانرا وەک ئەندامێکی کارای پەیمانی سەنتۆ ڕۆڵ ببینێت[2]. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا یەکەم هاندەری ئێران بوو بۆ بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی و هەر ئەمەریکا بوو بە سەرسەختترین دوژمنەکانی ئێران بۆ بەدەستهێنانی وزەی ئەتۆمی. یەکەم هەنگاوی کرداریی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە ساڵی ١٩٥٧ و گرێدانی ڕێککەوتننامەیەک بوو کە پێک هاتبوو لە پێشەکییەک و یانزە مادە. لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتیی ئەمەریکا، لەژێر ناونیشانی “ئەتۆم بەرامبەر ئاشتی” بوو. وڵاتە یەکگرتووەکان زۆر هەستیاریی بەرامبەر ئەو وڵاتانە نیشان نەدا کە ئەم پڕۆژەیە دەیگرتنەوە، بەتایبەتی مەترسیی لادانی ئەو چالاکییانە بۆ ئامانجی شاراوەی سەربازی[3]. شانبەشانی ڕێککەوتننامەی ئێران و ئەمەریکا، ئەنستیوتی زانستە ئەتۆمییەکان کە لەژێر چاودێریی پەیمانی سەنتۆ بوو لە بەغداد، گوازرایەوە بو ئێران. زانکۆی تاران پێشنیاری بونیاتنانی ڕیاکتۆرێکی ٥ مێگاواتی لە ساڵی ١٩٦١ دا و لە ساڵی ١٩٦٧ کەوتە کار و بوو بە دەستکەوتێکی زۆر گەورە بۆ ئێران و دەنگدانەوەی زۆری لێ کەوتەوە، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە پشبەستوو بە هەناردەکردنی نەوت و گاز بوون، ئەمەش وەک دەرچەیەک بۆ دەربازبوون لەو چوارچێوەیە خرایە ڕوو. ئەم هاوکارییانە لەگەڵ هەندێک هەوراز و نشێو و هەندێک جار ساردیی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمەریکا بەردەوام بوو. ئێران بەردەوام بوو لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی خۆی و پەنای بۆ زۆرێک لە وڵاتانی زلهێزی جیهانی برد، لەوانە: وڵاتانی وەک فەڕەنسا و ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئوستورالیا و هیند و ئەفەریقای باکووریش. جیاواز لەو ڕێکەوتننامانەی کە لەتەک وڵاتی فەڕەنسا و ئەڵمانیا گرێی دان، ئێران ١٥ ڕێککەوتننامەی لەگەڵ وڵاتان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان واژۆ کرد کە بونیاتی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بەهێزتر کرد و پاشان بوو بە ژێرخانی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەوانە: بنکەی ئەتۆمیی ١٣٠٠ مێگاواتیی ئاوی سووک لە بوشەهر بنکەی ئەتۆمیی ١٢٩٠ مێگاواتیی ئەسفەهان بنکەی ئەتۆمیی ١٢٩٠ مێگاواتی لە ساوە بنکەی ئەتۆمیی ٩٠٠ مێگاواتیی کارون[4] بە شێوەیەکی گشتی ئەگەر ئاوڕێک لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران تا دەستپێکی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بدەینەوە، بە سەرەتایەکی بەهێز دەستی پێ کرد و پاشان بەئارامی بەڕێوە دەچوو. کاتێک کێشەی نێوان هیند و پاکستان ئاراستەیەکی مەترسیداری بەخۆوە گرت و هەردوو وڵات بەپەلە بوون لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان گۆڕانیان بەسەردا هات. ئەم هەلومەرجە نوێیە ئێرانیشی خستە ژێر کاریگەری کە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە خاو بوونەوە و لە لایەکی ترەوە بازاڕگەرمی بوو بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کە کەرەستە و تەکنەلۆژیای ئەتۆمی لە بازاڕەکاندا ساغ بکەنەوە. شای ئێران هەندێک جار بەوپەڕی نائومێدییەوە لە پشتیوانیی نێودەوڵەتی و خواستی ئێران بۆ بە ژاندارم و زلهێزی ناوچەکە تووشتی نائومێدی دەبووەوە. شێوازی بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانیش وەک کارتێک لەلایەن ئەمەریکاوە بەرامبەر کەسە نزیکەکانی شای ئێران وەک باجخوازی سەیر دەکرا. عەلی ئەکبەری ئیعتماد وەک لێپرسراوی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، ڕۆڵێکی ئێجگار گەورەی بینی لە ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتییش. ئیعتماد پرسیاری سەرکی دەورووژێنێ کە ئایا ئێران ڕێگایەکی ڕاستی هەڵبژارد لە دەستبردن بۆ ئەتۆم؟ ئایا ئێران پێویستی بەوە هەبوو کە بەشوێن جێگرەوەی وزەی ئەتۆمییەوە بێت؟ بیرکردنەوەی باو ئەوە بوو کە ئێران پێویستە خۆی بۆ سەدەی بیست و یەک ئامادە بکات، بەتایبەت ئەو لێکۆڵینەوە باوانەی ئەو ڕۆژگارە باسیان لە سنوورداربوونی سەرچاوەکانی وزە دەکرد و پێویستە ئێران جێگرەوەی هەبیت بۆ وزەی ئەتۆم. شۆڕش و ئەتۆم (کێشمەکێشی نێودەوڵەتی) شۆڕشی ئێران خاڵێکی لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران دانا. پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمەریکا کەوتە ژێر کاریگەریی هەندێک ڕووداوی گرنگی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. دوو ڕووداوی گرنگ کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمەریکا دانا: یەکەم: دەستبەسەراگرتنی سەفارەتی ئەمەریکا لە تاران لە ساڵی ١٩٧٩، بابەتی بەبارمتەگرتنی کارمەندانی باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە تاران بۆ ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ. دووەم: شەڕی ئێران-عێراق لە هەمان ساڵدا. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش لە هەمان کاتدا ئێرانی تاوانبار دەکرد بە تەقاندنەوەی باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە بەیرووت لە ساڵی ١٩٨٣ و تەقینەوەی ئەنجوومەنی کولتووریی ئیسڕائیل لە بۆینس ئایرس لە ١٩٩٤ و هێرش بۆ سەر بورجەکانی “خوبەر” لە سعودیە لە ساڵی  ١٩٩٦[5]. چالاکییە ناوەکییەکانی ئێران لەژێر تێزی ئایەتوڵڵا خۆمەینی کە دژی بەرهەمهێنانی چەکی کۆکوژ بوو، بە ئامانجی بەکارهێنانی ئاشتییانە و تەکنەلۆژیای زانستی جارێکی تر درێژەی بە چالاکییەکانی خۆی دا. هاشمی ڕەفسەنجانی حکومەتی پاش شەڕی ئێران-عێراقی گرتە دەست و هەوڵە دبلۆماسی و نێودەوڵەتییەکانی خستە گەڕ بۆ درێژەدان بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران کە لە سەردەمی ڕژێمی پاشایەتی دەستی پێ کردبوو و لەپاش شۆڕش درێژەی پێ درا. هاشمی ڕێککەوتننامەیەکی دە ساڵەی لەگەڵ چین واژۆ کرد، کە لەو چوارچێوەیەدا چین پابەند دەبوو کە ڕیاکتۆرێکی ٢٧ مێگاواتی لە ئێران دابمەزرێنێ. لەگەڵ ئەوەی کە بنکەی بوشەهر لە کاتی شەڕی ئێران-عێراق هێرشی کرابووە سەر و زیانی زۆری پێ گەیشتبوو، بەڵام جووڵەکانی ئێران چڕتر بوونەوە کە پەلە بکات لە بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی. لەگەڵ ئەوەی کە هاشمی دەستی یارمەتیی بۆ فەڕەنسییەکان درێژ کرد، بەڵام دەوڵەتی فەڕەنسا بە داواکەی ئێران ڕازی نەبوو. هاشمی سیاسەتی دووبارە بونیاتنانەوەی ئابووریی ئێرانی لە پێشەوەی سیاسەتەکانی خۆی دانابوو، بەڵام هەوڵە نێودەوڵەتییەکان و جووڵە دبلۆماسییەکانی چاوی وڵاتانی زلهێزی دنیای لەسەر بوو[6]. پاش ئەوەی کە هاشمی ڕەفسەنجانی چالاکییە ناوەکی و ئەتۆمییەکانی لەپاش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بەگەڕ خستەوە، چەند کەسایەتییەکی سیاسیی گرنگ سەرۆکایەتیی ئەم دۆسیە گرنگەی ئێرانیان گرتە ئەستۆ، لەوانە: دکتۆر حەسەن ڕۆحانی، دکتۆر لاریجانی، دکتۆر سەعید جەلیلی، دکتۆر جەوادی زەریف. ئێستا ئەم دۆسیەیە عەلی باقری کەنی بەڕێوەی دەبات. ڕێککەوتننامەی تاران لەگەڵ تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران و ئەو گومانانەی کە وڵاتە یەکگرتووەکان لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران هەیبوو، سیاسەتی ئێران لەسەر بنەمای سێکوچکەی کات و متمانە و ئەمنی ناوخۆ دریژەی بە پڕۆژە ناوەکییە ناتەواوەکانی خۆی دا[7]. تا سەرەنجام ئێران و وەزیرانی هەرسێ وڵاتی فەڕەنسا و ئەڵمان و بەریتانیا، لە ٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٣ و لە کاخی سەعدئابادی تاران ڕێککەوتننامەیەکیان واژۆ کرد کە ئێرانی پابەند دەکرد بەوەی ڕێگا بە چاودێرەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بدات کە بتوانن سەردانی ئێران بکەن و کامێراکانی چاودێری جێگیر بکەن. ئێران پابەند کرا بەوەی کە پرۆتۆکۆلی پەیوەست واژۆ بکات، کە ڕۆڵی چاودێریکردنی زیاتری بە ئاژانس دەبەخشی کە چاودێریی چالاکییەکانی ئێران بکات. لە بەرامبەردا ئێران مافی بەدەستهێنانی ئاشتییانەی وزەی ناوەکیی پێ بەخشرا، کە ئێران وەک مافێکی یاسایی و لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لە چوارچێوەی “NPT” و پرۆتۆکۆلی پەیوەست دەیتوانی بەدەستی بهێنێ[8].   ڕێککەوتننامەی پاریس سەردانیکردنی محەمەد ئەلبەرادعی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠٠٣ بۆ ئێران، جارێکی تر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانی خستەوە سەر مێزی گفتوگۆی نێودەوڵەتی. چەندین خولی گفتوگۆی نێوان ئێران و وڵاتانی پەیوەست بەو دۆسیەیە و ئاژانسی وزەی ئەتۆمی بەچارەسەرنەکراوی مانەوە. حکومەتی سەید محەمەدی خاتەمی بە درووشمی سیاسەتی سڕینەوەی گرژییەکان، لە هەنگاوێکی دبلۆماسیدا دەرگاکانی جیهانی بەسەر حکومەتی ئێراندا ئاوەڵا کرد. لە ٢٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٤، پاریس میوانداریی خولێکی نوێی وتوێژەکانی نێوان ئێران و سێ وڵاتی ئەورووپایی فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیای کرد، کە بە ترۆیکای ئەورووپی ناوزەد کرا. لە چوارچێوەی ئەم لێکتێگەیشتنە کە بە ئامانجی متمانەسازی بوو [زیاتر لەوەی پابەندی یاسایی بۆ ئێران دروست بکات]، ئێران بۆ ماوەیەکی کورت چالاکییە ناوەکی و ئەتۆمییەکانی خۆی ڕاگرت. لە بەرامبەردا وڵاتانی ئەورووپایی پابەند بوون بەوەی کە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران هەناردەی ئەنجوومەنی حاکمان (Bord of Governore)، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ناکەن[9]. لەپاش ڕێککەتننامەی تاران، کۆماری ئیسلامی هەوڵەکانی چڕ کردەوە کە چین و ڕووسیا بەشداریی کۆبوونەوەکانی وڵاتانی ئەورووپی لەگەڵ ئێران بکەن، بەڵام ئێران نەیتوانی لە سەرەتادا ڕەزامەندیی ئەو دوو وڵاتە وەربگرێت. دبلۆماسیەتی کوشتنی کات لەلایەن ئێرانەوە، گومانەکانی لەسەر ئێران زیاد کرد تا ئەو ڕادەیەی کە کۆدژییەک لەلایەن وڵاتە یەکگرتووەکان کە پێک هاتبوون لە پێنج هێزە سەرەکییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەڵمانیا، توانییان بنچینەی ٥+١ بۆ وتوێژ لەگەڵ ئێران دابمەزرێنن، کە تا ٢٠١٥ی خایاند کە ڕێککەوتننامەی بەرجامی “J. C. P. O. A”ی  لێ کەوتەوە. قۆناغی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش کێشەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهان کاتێک زیاتر تەشەنەی سەند کە لە ئێران دەوڵەتی پەڕگیر و توندڕەوی دکتۆر مەحموودی ئەحمەدی نەژاد لە ساڵی ٢٠٠٥ دەسەڵاتی گرتە دەست. نۆ مانگ پاش دەستبەکاربوونی ئەحمەدی نەژاد، دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران لە ئەنجوومەنی حاکمانی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی ڕادەستی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرا. شەش بڕیار لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە دژی ئێران دەرچوو، یەکەمیان ئێرانی پابەند نەدەکرد بە جێبەجێکردنیان، بەڵام پێنج بڕیارەکەی تر گەمارۆی قورسیان بەسەر ئێراندا سەپاند، بەتایبەت بڕیاری ١٩٢٩ کە سێبەرێکی ڕەشی بەسەر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێراندا سەپاند. سەعیدی جەلیلی وەک کارەکتەرێکی پەڕگیر کە سەرپەرشتیی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانی لە ئەستۆ بوو، هەموو ئەو دەرفەتانەی کە بۆ ئێران هاتبوونە پێشەوە؛ لەدەست دا. “سەرۆکی ئێران ئەو بڕیارانەی بە کاغەزی دڕاو پێناسە کرد و هیچ بایەخێکی بەو بڕیارانە نەدا.” ئەم قۆناغە لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، خەسارەتێکی گەورەی لە ئابڕووی نێودەوڵەتیی ئێران دا، بەو ڕادەیەی کە بڕیاربەدەستانی وەک دکتۆر محەمەد جەوادی زەریف کە پاشان ئەم دۆسیەیەی سەرپەرشتیی دەکرد بە کەسایەتیی سیاسیی ناکارامە و کەمئەزموون ناوی هێنان، کە هێچ شارەزاییەکیان لە هەلومەرجی دنیا و سیاسەتی نێودەوڵەتی نەبوو[10]. گرنگترین ئەو بڕیارانەی کە بەسەر ئێراندا سەپا، بریتی بوون لە: – بڕیاری (١٩٦٩، ساڵی ٢٠٠٦): داوا لە ئێران دەکات کە کۆتایی بە پیتاندنی یۆرانێۆم بهێنێت، ئەگەرنا ڕووبەڕووی سزای سیاسی و ئابووری دەبێتەوە. ئەم بڕیارە لەژێر بەندی ٤٠ – بڕگەی هەشتی  نەتەوە یەکگرتووەکان دەرکراوە و وڵاتان پابەند ناکات بە جێبەجێکردنی.  – بڕیاری (١٧٣٧، ساڵی ٢٠٠٦): لەو بڕیارەدا داوا لە ئێران کرا کە کۆتایی بە پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت. لە بە فشارەکانی ڕووسیا و چین، هەندێ دەستکاریی بڕگەکانی کرا کە دواجار بە ڕەزامەندیی هەر ١٥ ئەندامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش پەسەند کرا.  – بڕیاری (١٧٤٧، ساڵی ٢٠٠٧): ئەم بڕیارە داوا لە هەموو وڵاتانی جیهان دەکات هاوکارییەکانیان لەگەڵ ئەو کۆمپانیا ئێرانییانەی کە لە بواری وزەی ناوەکی کار دەکەن؛ سنووردار بکەن و هەروەها قەدەغەکردنی هاوردەکردن و هەناردەکردنی چەکی قورس لە ئێران. هەروەها پێداگری لە بڕیاری پێشووتری ١٧٣٧ دەکاتەوە، کە کۆتایی بە چالاکییە ئەتۆمییەکان و پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت. – بڕیاری (١٨٠٣، ساڵی ٢٠٠٨): ئەم بڕیارە بە پێشنیاری فەڕەنسا و بەریتانیا و لەژێر بەندی (٧) دەرچووە، کە باس لە ڕێکارەکانی ئەمن و ئاسایشی نێودەوڵەتی پەیوەست بە  ئێران دەکات.  – بڕیاری (١٨٣٥، ساڵی ٢٠٠٨): ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتێکی محەمەد ئەلبەرادعی؛ سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەرچووە کە داوا لە ئێران دەکات هەموو چالاکییە ئەتۆمییەکانی وەک پیتاندن و پڕۆژەی ئاوی قورس کۆتایی پێ بهێنێ. – بڕیاری (١٩٢٩، ساڵی ٢٠١٠): لەم بڕیارەدا ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیاری سزاکانی بۆ سەر کۆمپانیاکان و کەسایەتییەکان سەپاند. ئەمە قورسترین بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش بوو دژی ئێران، کە خەسارەتێکی گەورەی لە ئابووریی ئێران و جووڵەی کەسایەتییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سنوردار و هەندێک جار قەدەغە کرد. قۆناغەکانی دانوستانەکانی ئێران لەپاش ئەم گەمارۆ قورسانە، هەر درێژەیان کێشا. سێ خولی دانوستانەکانی ژنێڤ بە ناوەکانی ژنێڤی ١، ٢، ٣، لە ساڵەکانی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٠، بەبێ ئاکامێکی دیار و بێئەنجام مانەوە. لە ساڵی ٢٠١١، بە ناوبژیوانیی حکومەتی تورکیا لە ئەستەنبوڵ، خولێکی تری دانوستان لەگەڵ وڵاتانی ٥+١ ئەنجام درا و پاشانیش لە ساڵی ٢٠١٣ لە بەغداد و مۆسکۆش بە هەمان شێوە وتوێژەکان بەبێ ئەنجام کۆتاییان پێ هات[11]. ٣. دبلۆماسیی ئەتۆمی و بەرجام (Joint Comperehensive Plan of Action (J. C. O. P. A))   ئەمیر کەبیر سەرۆکوەزیرانی سەردەمی قاجار، وتبووی: “ئەوەندەی مەملەکەت پێویستی بە پیاوی دانا هەیە، هێندە پێویستی بە وەزیر و ئەمیر نییە[12]“. ئێران لە (٢٠١٣)وە قورسترین و چارەنووسسازترین وتوێژەکانی لەگەڵ وڵاتانی ٥+١ دەست پێ کرد. دۆسیەیەک کە لەناوەڕاستی سەدەی ڕابردووەوە درێژەی کێشابوو. ئەمیر کەبیر ڕاستی وتبوو… ئەم دۆسیەیە لە دەستی کارزانترین و شارەزاترین دبلۆماتەکانی ئێراندا بوو. محەمەد جەوادی زەریف جیاواز لەوەی سیاسەتمەدارێکی لیبراڵ و کراوە بوو کە لەتەک ڕیالیستە کارامەکانی ئەمەریکا گەیشتبووە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر و لە هەمان کاتیشدا شارەزاییەکی تەواوی لە داڕشتن و ڕێکخستنی ڕێککەوتننامە نێدەوڵەتییەکاندا هەبوو. پاش زیاتر لە بیست مانگ کۆبوونەوە، سەرنجام ڕێککەوتننامەی بەرجام لە١٤ی جولای ٢٠٠٥ واژۆ کرا. ئەم ڕێککەوتننامەیە لەسەر ئاستی نێودەڵەتی؛ پشتیوانی و پێشوازییەکی زۆری لێ کرا. لەسەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆی ئێرانیش پێشوازیی لێ کرا، بەڵام بە شێوەیەکی نیوەشاراوە و و هەندێک جار بەئاشکرا لەلایەن باڵی توندڕەوی ئێران دژایەتی دەکرا. ئێران دوو ئامانجی سەرەکیی هەبوو لەم وتوێژانەدا: یەکەم: سیاسەتی بەدەستخستنی ئەمن و ئاسایشی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. دووەم: جێگیرکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەکەدا. میکانیزم و کەرەستەی ئێران؛ بڕین و دەوردانەوەی گەمارۆ قورسەکان بوو کە لە ئەنجامی بڕیارە کەمەرشکێنەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش بەسەریدا سەپابوو. زەریف ئامۆژگاریی تیمی دانوستانکاری کردبوو کە نەکەونە ناو داوی وردەکارییەکانەوە. وردەکارییەکانی کاریگەریی گەمارۆکان لەسەر ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی، هەمان کاریگەرییش لەسەر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بەجێ دەهێڵێ[13]. بەرجام کە پێک هاتبوو لە ١٥٨ لاپەڕە و پێنج پەیوەستنامە، لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و بە بڕیاری ٢٢٣١ پەسەند کرا و هەموو لایەنەکانی پابەند کرد بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی کە لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا کاری لەسەر دەکرێت[14].  ئەم ڕێککەوتننامەیە توانیی گەمارۆکان لەسەر ئێران لا بدات و ئێران مافی بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای ناوەکیی بۆ خۆی پاراست و دەیتوانی لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەکەدا و بە شێوەیەکی سنووردار مافی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ خۆی مسۆگەر بکات. لە ماوەیەکی کەم پاش ڕێککەوتننامەی بەرجام، ئێران توانیی دەستکراوە بێت لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و جووڵەی بانکی. ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی هەرێمایەتی، توانیی پێگەی بەهێز بۆ وڵاتەکەی بەدەست بهێنێتەوە و هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا جێگیر بکات. خاڵی لاوازی ئەم ڕێککەوتننامەیە ئەوە بوو کە ڕێککەوتننامە بوو نەوەک پەیماننامە. نەیارانی ڕێککەوتننامەکە لە ناوخۆی ئێران و هەروەها لە ئەمەریکاش ڕووی لە زیادبوون کرد. ئەمەریکا لەگەڵ ئەوەی کە ئێران پابەند بوو بە ڕێککەوتننامەکە، لە ٨ی مایسی ٢٠١٨ لە ڕێککەوتننامەکە کشایەوە. ٤. پاش بەرجام جاک ستراو وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کە یەکێک بوو لە کەسایەتییە دیارەکانی ڕێککەوتننامەی تاران، لە کتێبەکەی سەبارەت بە ئێران دەڵێت: “نە سیاسەتمەدارانی دنیا و نە زۆرینەی خەڵکی دنیا ناتوانن لە ئێران تێبگەن[15]“. ئەم لێکنەگەیشتنە هەم لە جیهانەوە بۆ ئێرانە و هەم لە ئێرانەوە بۆ جیهان. بەتایبەت کرۆکی بەرجام لە ناوەرۆکدا ڕێککەوتنێکی سیاسیی نێوان ئێران و ئەمەریکا لە لایەک و ئەورووپا و جیهان لە لایەکی تر بوو. پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، لە چوارچێوەی بەرجام بە سەختترین قۆناغدا تێپەڕی. سیاسەتی حکومەتی ئۆباما “سیاسەتی مامەڵە کردن” بوو لەگەڵ ئێراندا، بەڵام سیاسەتی حکومەتی بایدن سیاسەتی “زۆرترین فشار” بۆ سەر ئێران لە پێناو بەدەستهێنان و سەپاندنی زۆرترین مەرج لەسەر ئیران، کە هەمان سیاسەتی حکومەتی ترامپە سەبارەت بەو دۆسیەیە و پەیوەندیی لەگەڵ ئێران. هەم بایدن و هەم ترەمپ، خواستیان ڕێککەوتننامەیەکی بەهێز و نوێیە لەگەڵ ئێران. بایدن وەک تاکتیکی وتوێژ لەگەڵ ئێران، لە سیاسەتی حکومەتی ترەمپ نزیکترە تا ئۆباما، کە دوورنماکەی ڕێککەوتننامەیەکە زیاتر لە بەرجام کە ڕەهەندی سیاسەتی هەرێمایەتی و هەڕەشە سەربازییەکانی ئێرانیش بگرێتەوە. بەڵام ئیران تەسلیمی دبلۆماسیەتی فشار نابێتەوە. لەگەڵ هەڕەشەکانی ئەمەریکا و ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران، ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز کرایەوە لە ٥٪ بۆ ٢٠٪ و پاشان ٦٠٪. لە فشارەکاندا، ئێران هەڕەشەی ئەوە دەکات کە ڕێژەکە تا ٩٠٪ بەرز دەکاتەوە. لە ڕاستیدا کام لایەن لە ئێران و ئەمەریکا، پێڕەویی دبلۆماسیەتی کوشتنی کات و شەڕی ئارام و کوشندە دەکەن؟ لەبەر ڕۆشنایی هەلومەرجی ناوخۆ و دەرەکی و ئابووریی ئێران، سیاسەتی گشتیی وڵات گەیشتنە بە زیندووکردنەوەی بەرجام. ئانتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لەبەردەم کۆنگرێسی وڵاتەکەی ئاماژەی بە ڕێککەوتنێکی بەهێز دەکات لەگەڵ ئێران و ئاماژە بەوە دەکات کە ڕێگایەکی درێژمان لەبەردەمدایە. سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل باس لە ستراتیژی “کوشتن بە هەزار چەقۆ” دەکات بەرامبەر ئێران[16]. ئێران و ئەمەریکا لە سەرەتای شۆڕشی ئێرانەوە ئاڵۆزترین شێوازی پەیوەندیی نێوان دوو حکومەتیان لە مێژوودا ئەزموون کردووە. گشت سەرۆکەکانی ئێران و ئەمەریکا، خوازیاری ئەوە بوون کە ئەم دیوارە لە بێمتمانەیی بشکێنن، بەڵام هەموویان شکستیان خواردووە. پەیوەست بە دۆسیەی ناوەکیی ئیرانیش، هەردوو باڵی ڕیفۆرمخواز و پەڕگیر لە ئێران و هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتیش، ئەزموونی زۆریان لەسەر ئەم دۆسیەیە هەیە. لە هەمان کاتدا، مێژووی ئەم پەیوەندییانە پێمان دەڵێن کە هیچ پەیوەندییەک بە ئەندازەی پەیوەندیی نێوان ئێران و ئەمەریکا دوژمنی دەرەکی و ناوخۆی نەبووە[17]. گەڕی حەوتەمی وتوێژەکانی ڤیەننا کشانەوەی یەکلایەنەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام، شۆکێکی گەورە بوو بۆ ئێران و جیهان و ناوچەکەش. “دۆناڵد ترەمپ ئێرانی بەوە تاوانبار کرد کە خوازیاری بەدەستهێنانی چەکی کۆکوژ و بۆمبی ئەتۆمییە. هاوکات ئێرانی بەوە تاوانبار کرد کە لە ڕیزی پێشەوەی وڵاتانی پشتیوانی تیرۆریزمی نێودەوڵەتییە. ترەمپ باسی لە خراپیی ڕێککەوتننامەکە کرد و پێی وا بوو کە ئەگەر ئێران هەموو بەندەکانی ڕێککەوتننامەکەش جێبەجێ بکات، لە نزیکرتین دەرفەتدا دەتوانێت دەستی بە بۆمبی ئەتۆم بگات[18].” دۆسیەی ئێران لە دیدی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە سێ بەشی هەستیار دابەش دەبێت: یەکەم: ئێرانی ئەتۆمی و هەر بابەتێکی کە پەیوەندیدار بێت بەم دۆسیەیە وەک ڕێککەوتننامەکان و سیاسەتی جیهانی لەهەمبەر ئەم دۆسیەیە و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی. دووەم: سیاسەتی هەرێمایەتیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی کەنداو کە ئەمەریکا لە ڕێگەی هاوپەیمانەکانیەوە لە ناوچەکە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەدات. سێیەم: بابەتی ئەمنی و سەربازی و مووشەکە دوورهاوێژەکانی ئێران، کە ئەمەریکا وەک مەترسییەک بۆ سەر خۆی و هاوپەیمانەکانی لەی قەڵەمی دەدات. لە کاتێکدا وتوێژەکانی ڤییەنا دووبارە دەستیان پێ کردەوە، کە گۆڕانکاریی گەورە لە سیاسەتی ناوخۆی ئێران و ئەمەریکا ڕووی داوە. لە ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی وەک سەۆکی وڵات دیاری کراوە، کە سەر بە ناوەندی دەسەڵاتی ئێران و باڵی توندڕەوە. لە ئەمەریکاش پارتی دیموکراتەکان بە سەرۆکایەتیی جۆ بایدن دەسەڵاتیان گرتەوە دەست، کە ئەزموونی حوکمڕانیی ئۆباما دێنێتەوە یاد. بەڵام نە باڵی توندڕەوی ئێرانی هێندە توند بوون کە پشت لە ڕێککەوتننامەی بەرجام بکەن و نە دیموکراتەکانی ئەمەریکاش لە ڕووی میکانیزمەوە هەمان ڕێچکەی ئۆبامایان گرتە بەر. “ڕۆبێرت ماڵی نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران، پێی وایە کە ئێران کاتی زۆری لەبەردەم نییە. دەبینن کە بەرجام لە ئایندەیەکی نە زۆر دوور کۆتایی پێ دێت و دەبێت بە ڕێککەوتننامەیەکی نوێ چارەسەری کێشەکان بکەین[19].” ئەمە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ورووژاندنی دۆسیەی مووشەکە دوورهاوێژەکان و هەڵسوکەوتی ئێران لە ناوچەکەش، دەبێتە بابەتی کێشەی ئێران و سیستمی جیهانی و وڵاتە یەکگرتووەکان. هەست بە پاشەکشەیەکی ئارامی حکومەتی بایدن لە درووشمەکانی هەڵبژاردن دەکەین. ئیران لەژێر فشاری ئابووری و هەلومەرجی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، خوازیاری گەڕانەوەی ئەمەریکا و وڵاتانی ٥+١ دەکات. بەڵام ئێران لەم خولە لە گفتوگۆکان، داوای گەرەنتی قورس دەکات کە ئەمەریکا پابەند بکات بە ڕێککەوتننامەکە و هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران بەکرداری، بەتایبەت فرۆشتنی نەوتی ئێران و گەڕانەوەی داهاتەکەی بە دراوی بیانی بۆ وڵاتەکەی. ئەنجام دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران وەک کرۆک و جەوهەری ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی جیهان، هەر ڕەهەندی تەکنیکی و تەکنۆلۆجی نییە، بەڵکوو ڕەهەندی سیاسی و ئابووری و ئیداری و یاساییشی هەیە. لە سەردەمی شای ئێران و تا دەگات بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەم دۆسیەیە تا ئێستا بەچارەسەرنەکراوی ماوەتەوە. ئەمەش کاریگەریی قورسی هەم لەسەر ئێران داناوە و هەم کاریگەرییە نێودەوڵەتییەکانیشی تا ڕادەیەک سیاسەتی جیهانی بەسەر دووجەمسەرییەکی دیاردا دابەش کردووە. لە حاڵەتی چارەسەرکردنی کێشەکەدا، ئێران دەگەڕێتەوە سەر ڕێچکەی ڕاستی نێودەوڵەتیی خۆی و جێگری سیاسی و ئابووری بۆ وڵاتەکەی دەگەڕێتەوە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەباتە دۆخێکی ئارام و جێگیر و پێگر بۆ ئێران و ناوچەکەش، بەڵام ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەبوو، ئەوا دەبێت چاوەڕوانی سزای توندتر و کەمەرشکێنتر بین لەلایەن ئەمەریکا و وڵاتانی ئەورووپاوە. میکانیزمی ماشە (Trigger Mechanism)، یاخود گەڕانەوەی ئۆتۆماتیکیی گەمارۆکان (Snapback) بۆ سەر ئێران لەلایەن وڵاتانی ئەورووپاوە. هەڕەشەی هێرشی سەربازی لەلایەن ئەمەریکا و ئیسڕائیل، دۆخی ناوچەکە دەخاتە حاڵەتێکی زۆر مەترسیدار، ناوچەکەش دەبێتە گۆڕەپانی ململانێی سەربازی و گەرمکردنی بازاڕی چەک.   سه‌رچاوه‌كان: [1]  یراوان ابراهامیان، ١٣٩٨، تاریخ مدرن ایران، تهران، انتشارات نشر نی چاپ نوزدەهم. [2]  سید حسن موسویان، ١٣٩٤، روایت بحران هستەای ایران، ناگفتەهای یک دیپلمات، تهران، انتشارای تیسا. [3]  کاظم غریب ابادی، ١٣٧٨، برنامە هستەای ایران، واقعیت های اساسی، تهران، مرکز چاپ و انتشارات وزارت امور خارجە. [4] کاظم غریب ابادی، ١٣٧٨، برنامە هستەای ایران، واقعیت های اساسی، تهران، مرکز چاپ و انتشارات وزارت امور خارجە. [5] هەمان سەرچاوە. [6] سید حسن موسویان، ١٣٩٤، روایت بحران هستەای ایران، ناگفتەهای یک دیپلمات، تهران، انتشارای تیسا. [7]  دکتر حسن روحانی، ١٣٩٠، امنیت ملی و دپلوماسی هستەای، تهران، مرکز تحقیقات استراتژیک. [8] کوسرت خدر ابوبکر، ٢٠١٨، المفارضات الدولیە حول البرنامج النووی الایرانی وآفاقها المستقبلیە، مرکز کردستان للدراسات الاستراتیجیە، سلیمانیە. [9] محمد جواد زریف، علی اکبر صالحی، عباس عراقچی، مجید تخت روانچی، ١٤٠٠ راز سر بە مهر، کتاب اول: موافقت ژنو، تنظیم و گردآوری: سید علی موجانی، انتشارات اطلاعات. [10] هەمان سەرچاوەی پێشوو. [11] http://www.irdiplomacy.ir/fa/news/1940867/%D9%86%DA%AF%D8%A7%D9%87%DB%8C-%D8%A8%D9%87-%D9%82%D8%B7%D8%B9%D9%86%D8%A7%D9%85%D9%87-%D9%87%D8%A7%DB%8C-%D8%B4%D9%88%D8%B1%D8%A7%DB%8C-%D8%A7%D9%85%D9%86%DB%8C%D8%AA-%D8%B9%D9%84%DB%8C%D9%87-%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86 [12] محمد جواد زریف، علی اکبر صالحی، عباس عراقچی، مجید تخت روانچی، ١٤٠٠ راز سر بە مهر، کتاب  دوم: از توافق مشترک تا اطاق نگارش موافقت ژنو، تنظیم و گردآوری: سید علی موجانی، انتشارات اطلاعات. [13] هەمان سەرچاوەی پێشوو. [14] https://www.armscontrol.org/factsheets/JCPOA-at-a-glance [15] jack,straw. 2019. The English job, understanding iran and why it distrust Britian . [16] علیرضا نامور حقیقی. تلفزیون ایران انترناشنال،22 dec 2021 / https://youtu.be/sjVOWZyE50s [17][17] سید حسین موسویان، ١٣٩٤، ایران و امریکا (گذشتە شکست خوردە و مسیر آشتی)، تهران، انتشارات تیسا.   [18] https://www.bbc.com/persian/44046173 [19] https://www.mehrnews.com/news/5381469/%D8%B1%D8%A7%D8%A8%D8%B1%D8%AA-%D9%85%D8%A7%D9%84%DB%8C-%D9%81%D9%82%D8%B7-%DA%86%D9%86%D8%AF-%D9%87%D9%81%D8%AA%D9%87-%D9%81%D8%B1%D8%B5%D8%AA-%D8%AF%D8%A7%D8%B1%DB%8C%D9%85


شیكاری: درەو لەماوەی (8) ساڵی ڕابردوودا نزیکەی (40) هەزار فەرمانبەر لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون بەتێکڕا یەکی (1) ملیۆن دینار لە موچەکەیان گەڕاوەتەوە بۆ سەر داهاتی گشتی کە دەکاتە (40) ملیار دیناری مانگانەو (480) ملیار دیناری ساڵانە، بۆ هەشت ساڵی ڕابردوو دەکاتە (3 ترلیۆن و 840 ملیار) دینار. مامۆستایەک کە (43) ساڵ خزمەتی کردووەو خانەنشین بووە کۆی موچەکەی بریتی بووە لە (1 ملیۆن و 970 هەزار) دینار بووە بە (80%) موچە بنەڕەتیەكەی خانەنشین دەكرێت  موچەی بنەڕەتییەکەی (1 ملیۆن و 148 هەزار) دینارە بە (918) هەزار دینار خانەنشین کراوە، واتە بڕی (1 ملیۆن و 52 هەزار) دینار گەڕاوەتەوە بۆ حکومەت. خانەنشین کێیە؟ بەشێوەیەکی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەرکەسێک پەیمانی پێدرابێت بە وەزیفەیرکی ناو میلاکی شارستانی یان سەربازی و ‌هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە موچەیەک وەبگرێت لە حکومەت (دەوڵەت) ڕاگیراوەکانی خانەنشنی لە موچەکەی ببڕدرێت، یان تەنانەت لە کەرتی گشتیش کار نەکات بەڵام ڕاگیراوەکانی خانەنشین بدات وەک (پارێزەران، ڕۆژنامەنوسان، یان هەر چینێکی تر لە دەرەوەی کەرتی گشتی کە یاسا ڕێکیخستبێت) بەپێی یاسا ئیحالەی خانەنشینی دەکرێن.   بە کورتیش بە کەسێک دەگوترێت خانەنشین کە سودمەندە لە مووچە یان پاداشتێکی خانەنشینی کە بە یاسا ڕێکخراوە. بۆ ئیحالە کردنی خانەنشین کردنیش لە هەرێمی کوردستان یاسا چەند ڕێوشوێنێکی دەستنیشان کردووە. ڕێگاکانی ئیحالەکردن بۆ خانەنشینی چین؟ بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە (27)ی ساڵی (2006) هەموار کراوی عێراق کە لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکرێت و لە عێڕاق یاسایەکی نوێ جێگەی گرتووەتەوە کە یاسای ژمارە (9)ی ساڵی (2014) تایبەت بە یاسای یەکگرتووی خانەنشینی لە عێراقە، بەڵام ئەوی دووەمیان تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان کاری پێنەکراوە، بەپێی یاسا ژمارە (27)ی ساڵی (2006)ی بەرکار لە هەرێمی کوردستان، فەرمانبەران ئیحالەی خانشینی دەکرێن بە یەکێک لەم ڕێگایانەی لای خوارەوە، ئەوانیش؛ یەکەم: خانەنشینکردنی فەرمانبەر بەشێوەی ناچاری لە هەردووە حاڵەتی؛ -    تەواوکردنی تەمەنی (63) ساڵی، جگە لەو پلەو پۆستە تایبەتانەی یاسا تەمەنی خزمەتی بۆ درێژکردوونەتەوەو خانەنشینکردنیانی دواخستووە. -    ئەگەر لیژنەیەکی پزیشکی فەرمی پسپۆڕ بڕیاریدا بە دەستنەدانی بۆ خزمەت. دووەم: خانەنشینکردن لەسەر داوای فەرمانبەر بەپێی یاسای ژمارە (27)ی ساڵی (2006)ی خانەنشینی یەکگرتوو ماددەی (1) بڕگەی چوارەم: بۆ فەرمانبەر هەبوو داوای ئیحالەکردن بکات بۆ خانەنشینی ئەگەر هاتوو تەمەنی (50) ساڵ یان زیاتر تەواو بکات و ماوەی خزمەتی لە (25) ساڵ کەمتر نەبێت. بەڵام بەپێی یاسای ژمارە (2) ساڵی (2020) یاسای چاکسازی لە مووچەو دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان- عێراق، بەشی حەوتەم، مماددەی حەوتەم، بڕگەی سێیەم دەکرێت فەرمانبەر دوای ئیحالە کردنی خانەنشینی بکات کاتێک تەمەنی لە (45) ساڵەوە بەرەو سەرو بێت و خزمەتی کەمتر نەبێت لە (15) ساڵ. سێیەم: لەکاتی دوورخستنەوەی فەرمانبەر یان دەرکردنی یان جێهێشتن، ئەم ڕێوشوێنەش یاسا مەرجەکانی بۆ ڕێکخستووە. واتە فەرمانبەرێك لەسەر كار لابرا بێتیان دەركرابێت یان وەزیفەكەی جێهێشتبێت یان دەستی لەكاركێشابێتەوە لە مافی خانەنشینی  بێبەش ناكرێت بەلام خانەنشینی بۆ خەرج ناكرێت تاكو تەمەنی ٥٠ ساڵی تەواو نەكات و بەلایەنی كەمەوە خزمەتی لە ٢٠ ساڵ كەمتر نەبێت. چوارەم: ئەگەر فەرمانبەر کۆچی دوایی بکات. ڕێکخستنی موچەی خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان و عێراق یەکەم: ڕێکخستنی موچەی خانەنشینان لەعێراق بەپێی یاسای خانەنشینی یەكخراوی ژمارە (9)ی ساڵی (2014)ی عێراق، کە لە بە ناوەكەیدا دیارە و هەموو یاسا خانەنشینییەكانی پێشووی عێراق كە لە 10 یاسا زیاتر بوو، لە خۆگرتووە بۆ ئەوەی مووچەی خانەنشینی پلە بالاكان كەمبكرێتەوە و ئەوەی پلە نزمەكانیش زیاد بكرێت و دادپەروەری تێدا دروست بێت، بەپێی ئەم یاسایە. مووچەی خانەنشینی  بەم جۆرەی لای خوارەوە ئەژمار دەكرێت؛  -    تێکڕای موچە لێکدانی ژمارەی ساڵانی خزمەت لێکدانی (2.5) بەم شێوەیەی کە لە هاوکێشەکەدا دیارە؛                                                تێکڕای موچەکەی X (ساڵانی خزمەت /12)            موچەی خانەنشینی =                                                                        100 -    كەمترین رادەی مووچەی خانەنشینی (400) هەزار دینار دەبێت بە دەرماڵەی  مەعیشەتیشەوە. -     نابێت مووچەی خانەنشینی هەر خانەنشینێك لە (%100)ی مووچەكەی  بنەڕەتییەكەی كە لە وەزیفەكەدا بووە زیاتر بێت. -    خانەنشینكراو دەرماڵەی بڕوانامە و دەرماڵەی مەعیشەتی بۆ دەخرێتە سەر مووچەی خانەنشینییەكەی كە بەپێی هاوكێشەكەی سەرەوە بۆی بڕاوەتەوە بەم شێوەیەی خوارەوە : ‌أ.    بۆ هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم دەرماڵەی (5%) ی  مووچەی خانەنشینی دەدرێتێ. ‌ب.    بۆ هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆس (10%) ی مووچەی خانەنشینی دەدرێتێ. ‌ج.    بۆ هەڵگری بڕوانامەی ماجستێر (15%)ی مووچەی خانەنشینی دەدرێتێ. ‌د.    بۆ هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا (20%)ی مووچەی خانەنشینی دەدرێتێ. ‌ه.    بۆ هەر ساڵێك خزمەتی فەرمانبەری دەرماڵەی ( معیشە )ی بەرێژەی  (%1)  دەدرێت بە خانەنشین. -    بڕگەی شەشەمی ماددەی (35)ی ئەم یاسایە كە تایبەتە بە خانشینكردنی باڵوێزەكان و ماددەی (37) كە تایبەتە بە خانەنشینی پلە تایبەتەكان (سەرۆك كۆمار، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، وەزیر، جێگری وەزیر، راوێژكاران، بەرێوەبەری گشتی . . . هتد  ) و بڕگەی سێهەمی ماددەی (38)  كە تایبەتە بە (خانەشینكردنی بەرێوەبەری شارەدێ و قەزا و ئەنجومەنی شارەوانییەكان) لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە راگیراون و كاریان پێناكرێت لەسەر ئەو بنەمایەی كە ئەو ماددە و بڕگانە نادەستورین. دووەم: ڕێکخستنی موچەی خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان لە هەرێمی کوردستان کار بە زیاتر لە یاسایەک دەکرێت بۆ مەبەستی خانەنشینی بەشێكی زۆری ئەو جیاكاری و نادادیانەی لەنێوان خانەنشیناندا دروستبووە پێشتر بەم یاسایانەی لای خوارەوە كراون دەیان یاسای جیاواز لە هەرێمی كوردستاندا كاری پێكراوە و بەپێی یاسای چاكسازی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 تایبەت بە (یاسای چاكسازی لە مووچەو دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان - عێراق) بەشێكیان هەڵدەوەشێنەوە. ئەو یاساینەش کە لە هەرێم کاری پێکراوە بریتین لە: •    یاسای خزمەتی شارستانی (ژمارە 24 ساڵی 1960)ی هەمواركراو. •    یاسای خانەنشینی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان (ژمارە 12 ساڵی 1999). (هەڵوەشاوە). •    یاسای خانەنشینی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان (ژمارە 13 ساڵی 1999). (هەڵوەشاوە). •    یاسای خانەنشینی خاوەن وەزیفە باڵاكانی هەرێمی كوردستان ژمارە (36 ساڵی 2004). (هەڵوەشاوە). •    یاسای خانەنشینی یەكگرتوو ( ژمارە 27 ساڵی 2006 ) عێراقی فیدراڵ هەمواركراو. (بەرکارە) •    یاسای ڕێزلێنانی پێشمەرگە ( ژمارەی 33 ساڵی 2007). (بەرکارە) •    یاسای كەم ئەندامانی پێشمەرگەی سەنگەر ( ژمارە 34 ساڵی 2007) (بەرکارە). •    یاسای ڕاژە و خانەنشینی پێشمەرگە ( ژمارە 38 ساڵی 2007 ). (بەرکارە). •    یاسای ڕاژەی زانكۆیی ( ژمارە 23 ساڵی 2008 )ی فیدراڵ. (بەرکارە). •    یاسای مووچەی دادوەران و ئەندامانی داواكاری گشتی ( ژمارە 27 ساڵی 2008) فیدراڵ. (بەرکارە). •    خانەنشینی پارێزگار و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە بەپێی یاسای پارێزگاكان (ژمارە 3 ساڵی 2009). (بەرکارە). •    یاسای مووچە و دەرماڵەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگرەكەی (ژمارە 13 ساڵی 2010). (هەڵوەشاوە). •    یاسای ڕاژە و خانەنشینی كارمەندانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ ( ژمارە 18 ساڵی 2011) (بەرکارە). لێرەدا تیشک دەخەینە سەر؛ یاسای خانەنشینی یەكگرتوو (ژمارە 27 ساڵی 2006 ) عێراقی فیدراڵ هەمواركراو. کە لە عێراق هەڵوەشاوەتەوە و لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا بەرکارە. بەپێی ڕێنمایی دارایی ژمارە (37)ی ساڵی (2008)ی وەزارەتی دارایی تایبەت بە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو و هەروەها ماددەی (7)ی یاساکە هاتووە. یەکەم: موچەی خانەنشینی فەرمانبەر لەسەر بنەمای ڕێژەیەکی کەڵەکەبوو ئەژمار دەکرێت بە بڕی (2.5%) لە تێکڕای موچەی وەزیفی لە خزمەتی خانەنشینی کۆتایی بۆ هەر ساڵێکی خزمەت کردنی خانەنشینی بەم جۆرە (موچەی خانەنشینی = تێکڕای موچەکەی x ژمارەی ساڵانی خزمەت x 2.5%) لەم حاڵەتانەی خوارەوە. 1. ئەگەر تەمەنی فەرمانبەر لەکاتی خانەنشینکردندا لە (60) ساڵ کەمتر نەبووخزمەتی لە (25) ساڵ کەمتر نەبێت. 2. ئەگەر تەمەنی فەرمانبەر لەکاتی خانەنشینکردندا لە (55) ساڵ کەمتر نەبێت و خزمەتی کە (30) ساڵ کەمتر نەبێت. 3.ئەگەر فەرمانبەر بە ڕپۆرتی لیژنەی پزیشکی تایبەت خاننشنین بکرێت. 4. ئەگەر فەرمانبەر لەکاتی خزمەت کۆچی دوایی کرد. 5. ئەگەر تەمەنی کارمەندانی هێزەکانی سەربازی هێزەکانی ئاسایش لە بەرواری خانەنشینکردنیاندا لە (50) ساڵی کەمتر نەبێت. دووەم: ئەژمارکردنی موچەی خانەنشینی لەسەر بنەمای ڕێژەیەکی کەڵەکەبوو دەبێت بە ڕێژەی (2%) لە تێکڕای موچەی وەزیفی بۆ هەر ساڵێکی خزمەت بۆ ئەو حاڵەتانەی لەسەرەوە ئاماژەی بۆ نەکراوە. بەم جۆرە (موچەی خانەنشینی = تێکڕای موچەکەی x ژمارەی ساڵانی خزمەت x 2.5%) (بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە دەقی یاساکە). گروپێکی تر لە خانەنشینان ئەوانەن کە (32) ساڵ یان زیاتی خزمەتیان هەیە بە 80% موچەی بنەرەتی خانەنیشین دەکرێت. گروپی چوارەمیش بریتین لە مامۆستایانی زانکۆ، ئەوانەی خزمەتیان 25 ساڵە و تەمەنی یاسایی خۆیان تەواو کردووە، موچەی بنەڕەتیان جارانی دوو دەکرێت، ئێنجا خانەنیشین دەکرین هەر بە پێی دەقە یاساییەکان (نابێت مووچەی خانەنشینی لە ڕێژەی (80%)ی دواین موچەی وەزیفی فەرمانبەر وەریگرتووە زیاتر بێت). -    بەپێی یاسا بەرکارەکان، كەمترین رادەی مووچەی خانەنشینی (220) هەزار دینارە، کە بەشی زۆری هێزە ئەمنییەکان بەو ڕێژەیە خانەنیشین دەکرێن، بەڵام ئەوانەی خاوەن بڕوانامە و خزمەت و تەمەنی تەواون، بەشی زۆریان بە موچەی 80% بنەڕەتی خانەنیشین دەبن. ژمارەی خانەنشینیان لە هەرێمی کوردستان  بەپێی ئامارەكان و سیستەمی بایۆمەتری (251 هەزارو 575) كەس بە ڕێژەی (22.4%) موچە خۆران بەناوی خانەنشینی مووچە وەردەگرن‌ كە پێكهاتوون لە خانەنشینانی (فەرمانبەرانی شارستانی، پۆلیس و هێزەكانی ناوخۆ، كارمەندانی دەزگای گشتی ئاسایش و ئەنجومەنی ئاسایش، خانەنشیانی پێشمەرگە، كەم ئەندامی سەنگەر، پلە باڵاكان)، بڕی مووچەی یەك مانگیان زیاتر لە( ١٠٠ ملیار) دینارە. ساڵانە لەهەرێمی کوردستان زیاتر لە (4 - 5) هەزار فەرمانبەر و مامۆستا و کارمەندی هێزە ئەمنییەکان لەهەرێمی کوردستان خانەنشین دەبن ‌و بەپێی ئامارێکیش، لە ماوەی نێوان ساڵی (2014 - 2021)دا نزیکەی (40) هەزار کەس خانەنیشین بوون. ساڵانە لە یەكی تەموزدا دەست بە خانەنشینبوون دەكرێت، بۆ ساڵی (2021) فەرمانبەرانی لەدایكبووی ساڵی 1958 خانەنشین دەكران بۆ ئەمساڵیش لەدایک بوانی ساڵی (1959) خانەنشین دەکرێن. گەڕانەوەی داهات بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان درەو بۆ دەرخستنی ئەو داهاتەی لە بەهۆی خانەنشینی فەرمانبەرانەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەر داهاتی گشتی حکومەت دوو نمونەی وەرگرتووە بەم شێوەیە. "وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا ئەوانەی کە (32) ساڵ یان زیاتی خزمەتیان هەیە بە 80% موچەی بنەرەتی خانەنیشین دەکرێت" بەم پێیەش؛  مامۆستایەک کە (43) ساڵ خزمەتی کردووەو خانەنشین بووە کۆی موچەکەی بریتی بووە لە (1 ملیۆن و 970 هەزار) دینار بووە بە (80%) موچە بنەڕەتیەكەی خانەنشین دەكرێت  موچەی بنەڕەتییەکەی (1 ملیۆن و 148 هەزار) دینارە بە (918) هەزار دینار خانەنشین کراوە، واتە بڕی (1 ملیۆن و 52 هەزار) دینار گەڕاوەتەوە بۆ حکومەت. بە هەمان شێوە نمونەی کارمەندێکی وەزارەتی ناوخۆ کە (16) ساڵ خزمەتی هەیەو بڕی (1 ملیۆن و 240) هەزار دینار کۆی موچەکەی بووە لە ئێستادا بە (220) هەزار دینار خانەنشین کراوە، واتە بڕی (1 ملیۆن و 20 هەزار) دینار گەڕاوەتەوە بۆ حکومەت. بەم پێیەش ئەگەر لەو (40) هەزار فەرمانبەرەی لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون بەتێکڕا یەکی (1) ملیۆن دینار لە موچەکەیان گەڕابێتەوە بۆ سەر داهاتی گشتی دەکاتە (40) ملیار دیناری مانگانەو (480) ملیار دیناری  ساڵانە، بۆ هەشت ساڵی ڕابردوو دەکاتە (3 ترلیۆن و 840 ملیار) دینار.


مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) ھەموو کۆمەڵە ئینسانێک کە بڕیارئەدەن لەپاڵ یەکەدا و بەیەکەوە  بژین، کە چەندەھا پەیوەندیی جیاواز و ھەمەجۆر لەگەڵ یەکتریدا دروستدەکەن، کە ژیانیان بە پلە و ڕادەی جیاواز بەیەکتری تێکەڵدەبێت، ئیتر سیاسەت وەک چالاکییکی ئینسانیی بنەڕەتیی، دەبێت بە بەشێکی گرنگی ژیانی ئەو کۆمەڵەیە. بەر لە ھەمووشتێک ئەو کەسانە پێویستیان بە ڕێکخستنی ئەو ژیانە پێکەوەییە ھەیە کە بەیەکەوە دروستیدەکەن. ئەم ڕێکخستنەش پێویستی بە کۆمەڵێک پرنسیپ و بەھا و ڕوانین ھەیە ئاراستەی بکات بۆئەوەی ژیانێکی پێکەوەیی دروستبکات کە بەشداربووان لەسەری ڕێکەوتبن و  پێیڕازیبن. لە مانا ھەرە بنەڕەتیەکەیدا سیاسەت بریتییە لە چالاکیی دروستکردن و بەگەڕخستنی سەرجەمی ئەو پرنسیپ و بەھا و ڕوانینانەی ئەو کۆمەڵە کەسە دروستیاندەکەن بۆ ئاراستەکردن و ڕێکخستنی ژیانی پێکەوەییان..   لەڕووی مێژووییەوە گرنگترینی ئەو پرنسیپانەش بریتین لە: دادپەروەریی، یەکسانیی، ڕێز، متمانەکردن بە یەکتریی. ئەم کۆمەڵە پرنسیپەش پرنسیپی گشتیی و گەردونین، تایبەت نین بەم یان بەو میلەت و بەم یان بەو بەشی جیھان. ھەموو کۆمەڵەیەک بۆئەوەی بتوانێت ژیانێکی باشی پێکەوەیی دروستبکات و ئەندامەکانی بەبێ کێشەی گەورە بەیەکەوە بژین، پێویستی بە ڕێکخستنی ئەو ژیانە پێکەوەییە ھەیە، لەپاڵ ئەو پرنسیپانەدا. سیاسەت ئەو چالاکییە ئینسانییە گرنگەیە کە ئەو کاری ڕێکخستنە، لەپاڵ ئەو پرنسیپە سەرەکییانەدا، ئەنجامئەدات.  بە مانایەکی دیکە ھەموو کۆمەڵەیەکی ئینسانی پێویستی بە سیستمێکی تایبەتی دەسەڵات ھەیە لەڕێگەیەوە پەیوەندییەکانی ناو ھەناوی خۆی ڕێکبخات، ئەو سیستمەی دەسەڵاتەیش پێویستی بە شەرعیەت و ڕەوایەتیی ھەیە. ئەوەی ئەم ڕەوایەتییە بە دەسەڵات دەبەخشێت، پیادەکردن و ڕێزگرتنی ئەو پرنسیپانەن کە باسمانکردن: پرنسیپەکانی دادپەروەریی و یەکسانیی و ڕێز و متمانەکردن بەیەکتریی. بە کورتییەکەی، لەم ڕوانینەدا سیاسەت ئەو چالاکییە ئامانجادارەیە کە ژیانی گشتیی بەڕێوەدەبات، کەرەستە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان دابەشدەکات، یاسا بۆ ململانێکان دادەنێت، ئۆرگانە بیۆکراسیەکان ڕێکدەخات، سیستمی پاداشت و سزای یاسایی دادەڕێژێت، پەیڕەوی یاساکان دەکات و بڕێکی زۆریش لەبەرپرسیارێتی لە ئەستۆ دەگرێت. سیاسەت بەم مانایە ئەو چالاکیەیە کە ژیانمان، بە تایبەتی ژیانی پێکەوەییمان، وەک مرۆڤ دروست و ئاراستەدەکات.  بیرکردنەوەی عەقڵانیی، توانای قەناعەت ھێنان بەیەکتریی، دیالۆگ و متمانە و کاری پێکەوەیی، ڕەگەزە ھەرەسەرەکییەکانی سیاسیەتن وەک چالاکیی. لەناو سیاسەتدا مرۆڤەکان سیستمێک لە بەھا دروستدەکەن، کە وادەکات، لانیکەم، نەھێڵێت ئەو مرۆڤانە ببین بە دوژمن و ناحەزی یەکتری.  سیاسەت خەمخۆریی و مشورخواردنە لەو جیھانەی مرۆڤ تیایدادەژیی، بەتەنگەوەھاتنی ئەو ژینگە کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییەیە مرۆڤەکان لەناویدا بەیەکەوە دەژین. خۆشویستنی جیھانە بە مانای شوێنی نوکۆیی و  ھاوبەشی ھەمووان. بەبێ ئەمانە سیاسەت بە تەواوی لە خۆشەویستیی دادەبڕێت، مشورخواردن و خەمخۆریی تێدانامێنێت،  کورتدەبێتەوە بۆ گەمەی بەدەستھێنانی دەسکەوتی تایبەت و خێرا و بەرتەسک. دەگۆڕێت بۆ چالاکیی دروستکردنی ناحەز و دوژمنی بەردەوام.  ئەوەی لە ھەرێمەکەی ئێمەدا، بەر لە ھەمووشتێکی تر، نەخۆشە تێگەیشتنی ھێزە سیاسییەکان و تێگەیشتنی قەبە سیاسییەکانە بۆ خودی سیاسەت خۆی، تێگەیشتنی پارتە باڵادەستەکان و تێگەیشتنی ئەو سیاسییانەیە کە وەک سەرۆک و سەرکردە و ڕابەر و باوکی میلەت دەناسرێن. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دوای ڕێکەوتنی نھێنیی و ژێربەژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ گروپەکەی موقتەدای سەدر و سونەکاندا،  بە ئاشکرا بینیمان چ دیدێکی وێران بۆ سیاسەتکردن لە ھەرێمدا ئامادەیە.  گوێمان لە دەیان سیاسیی و خوێندەوار و ڕۆژنامەنووس بوو، بێ ھیچ شەرمکردنێک، ئەو ڕستە سواو و ترسناکەیان سەدبارە کردەوە کە دەڵێت: ”سیاسەت مانای مەسڵحەت، نەک دۆستایەتی“. ”لە سیاسەتدا دۆستایەتی بەردەوام نییە، بەڵکو مەسڵەحەتی بەردەوام ھەیە.“ ئەمەشیان بە مەبەستی بەخشینی ڕەوایەتی بەو ڕێکەوتنە ژێربەژێرەی پارتی بەکاردەھێنا، لە کاتێکدا پارتی و ھێزە کوردییەکانی تر لیژنەیەکی ھاوبەشیان بۆ دانوسان لەگەڵ ھێزەکانی بەغدادا دروستکردبوو.  بەکارھێنانی ئەم ڕستە ترسناکانە وەک ڕەچەتەیەکە بۆ بەرگریکردن لە درۆکردنی بەردەوام، بۆ بەرگریکردن لە فێڵ و تەڵەکە و خەڵەتاندنی ھەمیشەیی، بۆ شکاندنی متمانە، بۆ شاردنەوەی ڕوخساری ساختە و درۆزنانە، بۆ شەرمنەکردنی بێسنوور، بۆ بەزاندنی ھەموو حەرامێکی سیاسیی و ئەخلاقیی. لەم تێگەیشتنە گەمژانە، بەڵام ترسناکەدا بۆ سیاسەت، ئەخلاقیاتی درۆکردن و شەرمنەکردن و ساختەکاریی و تەڵەکەبازیی وەک شارەزایی و لێزانیی سیاسیی مامەڵەدکرێت و بێحورمەتی سیاسیش وەکو حیکمەت نیشانئەدرێت. لە ھەرێمدا بەھێزکردنی پێگەی تایبەتیی چەند گروپ و خێزان و بنەماڵەیەک وەک جەوھەری سیاسەت و ناوەرۆکی کاری سیاسیی، نیشانەئدرێت. گرنگ نییە پاراستن و بەھێزکردنی ئەو پێگانە بە چ شێوەیەک و چۆن دەکرێن. بە تایبەتی لە ڕێگای درۆکردن و دزیکردن و فێڵکردن و شەرمنەکردن و دەرھێنانی ھەموو حەڵاڵ و حەرامێک لە سیاسەتدا. کێشەکە لەوەدایە ئەو دەرەنجامانەی دەشێت لەم یەکسانکردنەوە بەدەستبھێرێن باسناکرێن و بە دەنگی بەرز ناگوترێنەوە. ئاخر ئەگەر سیاسەت مانای درۆ و فێڵ و ساختەکاریی بەردەوام بێت، مانای شەرمنەکردنێکی حەیابەرانە بێت، ڕوبەرێک بێت بۆ بێمتمانەیی و سەدڕوویی، ئەودەم یەکەمین دەرەنجامێک بکرێت لەم تێگەیشتنەوە بۆ سیاسەت بەدەستبھێنرێت ئەمەیە: ئێمە ھێزی سیاسیی و کەسایەتی سیاسیمان نییە، بەڵکو ھێز و کەسایەتی درۆزن و بێشەرم و بێحەیامان ھەیە، کۆمەڵێک دووڕو و ساختەچیی و بێدەربەستی نابەرپرسیارمان، ھەیە.


(درەو): دوای (20) رۆژ لە دەستپێكردنی دابەشكردنی موچەی مانگی 12ی ساڵی (2021)، هێشتا بەشێكی زۆری وەزارەت‌و دەستەكان موچەیان وەرنەگرتووە، حكومەت دەیەوێت نیشانی بەرپرسانی عێراقی بدات بەبێ پارەكەی بەغداد، موچەی بۆ دابەش ناكرێت. تائێستا حكومەتی هەرێم لەكۆی (900 ملیار) دیناری كۆی خەرجی مانگانەی موچە بڕی (636 ملیار) دیناری وەكو موچەی مانگی (12)ی ساڵی 2021ی دابەشكردووە. لە 25ی مانگی رابردووەوە، كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان) دەستی بە دابەشكردنی موچەی مانگی (12) كردووە بەڵام هێشتا دابەشكردنی موچە تەواو نەبووە، ئەمە لەكاتێكدایە دەبێت ئێستا ئامادەكاری بۆ موچەی مانگی 1ی ساڵی 2022 بكات.  فارس عیسا نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەغداد بەردەوام لێدوان دەدات‌و دڵنیایی دەدات لەبارەی ئەوەی بەغداد (200 ملیار) دینارەكە دەنێرێت، بەڵام بەغداد تائێستا نەیناردووە، حكومەتی هەرێم دابەشكردنی موچەی بەتەواوەتی خاو كردوەتەوە، دەیەوێت نیشانی بەغدادی بدات بەبێ ناردنی (200 ملیار) دینارەكە ناتوانێت موچە دابەش بكات.  ئەو وەزارەت‌و دامەزراوانەی موچەی مانگی 12یان وەرگرتووە •    وەزارەتی تەندروستی: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (50 ملیار) دینارە •    وەزارەتی پێشمەرگە: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (133 ملیار) دینارە •    وەزارەتی دارایی: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (11 ملیار) دینارە •    وەزارەتی كاروباری شەهیدان: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (855 ملیۆن) دینارە •    زیندانییە سیاسییەكان: كۆی گشتی خەرجی موچەی مانگانەی (2 ملیار) دینارە •    كەسوكاری شەهیدان: كۆی گشتی خەرجی موچەی مانگانە (35 ملیار) دینارە •    وەزارەتی ناوخۆ: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (178 ملیار) دینارە •    وەزارەتی پەروەردە: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (149 ملیار) دینارە  •    ئەنجومەنی ئاسایش‌و دەزگای ئاسایش: كۆی گشتی خەرجی موچەی مانگانە (62 ملیار) دینارە •    كارو كاروباری كۆمەڵایەتی: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (4 ملیار) دینارە •    كەمئەندامان: كۆی گشتی خەرجی موچەی مانگانە (12 ملیار) دینار واتە بۆ مانگی 12ی ساڵی 2021، تائێستا لەكۆی خەرجی موچەی هەموو موچەخۆران كە مانگانە بڕەكەی (894 ملیار) دینارە، حكومەتی هەرێم بڕی (636 ملیار) دیناری بۆ موچەی ئەو مانگە خەرجكردووە.  ئەو وەزارەت‌و دەستانەی كە هێشتا موچەی مانگی 12یان وەرنەگرتووە •    ئەنجومەنی دادوەری: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم ئەنجومەنە مانگانە (4 ملیار) دینارە •    وەزارەتی داد: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (5 ملیار) دینارە •    وەزارەتی سامانە سروشتییەكان: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (2 ملیار) دینارە •    وەزارەتی ئەوقاف: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (8 ملیار) دینارە •    وەزارەتی خوێندنی باڵا: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (41 ملیار) دینارە  •    وەزارەتی شارەوانی: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (23 ملیار) دینارە •    وەزارەتی گواستنەوە: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (4 ملیار) دینارە •    وەزارەتی كارەبا: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (18 ملیار) دینارە •    وەزارەتی پلاندانان: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (808 ملیۆن) دینارە •    وەزارەتی كشتوكاڵ: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (9 ملیار) دینارە •    مافی مرۆڤ: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم دەستەیە مانگانە (237 ملیۆن) دینارە  •    دەستەی دەستپاكی: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم دەستەیە مانگانە (267 ملیۆن) دینارە •    دەستەی وەبەرهێنان: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم دەستەیە مانگانە (392 ملیۆن) دینارە •    دەستەی ژینگە: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم دەستەیە مانگانە (390 ملیۆن) دینارە •    دەزگای مین: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم دەزگایە مانگانە (946 ملیۆن) دینارە •    ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم دەستەیە مانگانە (111 ملیۆن) دینارە •    دیوانی چاودێری: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (749 ملیۆن) دینارە •    كۆمسیۆنی هەڵبژاردن: كۆی گشتی خەرجی موچەی مانگانە (568 ملیۆن) دینارە •    وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (4 ملیار) دینارە •    وەزارەتی رۆشنبیری: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (5 ملیار) دینارە •    وەزارەتی بازرگانی: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (2 ملیار) دینارە •    سەرۆكایەتی هەرێم: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم سەرۆكایەتییە مانگانە (ملیارێك‌و 155 ملیۆن) دینار •    سەرۆكایەتی حكومەت: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم سەرۆكایەییە مانگانە (ملیارو 630 ملیۆن) دینارە •    سەرۆكایەتی پەرلەمان: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم سەرۆكایەتییە مانگانە (ملیارێك‌و 820 ملیۆن) دینارە •    خانەنشینی سەربازی و مەدەنی: كۆی گشتی خەرجی موچەی مانگانە (116 ملیار) دینارە ئەو وەزارەت‌و دەستانەی كە هێشتا موچەی مانگی (12)یان وەرنەگرتووە، تێكڕای خەرجی موچەكەیان بڕی (254 ملیار) دینارە.    داهاتی مانگانەی حكومەتی هەرێم ئەو داهاتانەی كە ئێستا مانگانە دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم بەمشێوەیە:  •    داهاتی نەوت: 350 ملیۆن دۆلار واتا (520 ملیار) دینار •    داهاتی ناوخۆ: (350 ملیار) دینار (ئەم داهاتە گومانی لەسەرەو هەمووی ناگەڕێتەوە) •    پارەی هاوپەیمانان: (20 ملیار) دینار •    پارەی بەغداد: (200 ملیار) دینار (ئەم پارەیە بۆ مانگی 12 هێشتا نەگەیشتووە) بەم شێوازە لە دابەشكردنی موچە، ئێستا كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)، هەموو رۆژەكانی مانگی تەرخانكردووە بۆ دابەشكردنی موچە‌و موچەی مانگێك تەواو ناكات، دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگێكی تر دەكات، بەم دۆخەشەوە هێشتا فەرمانبەران ناتوانن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا موچەكانیان وەربگرن.  ئەمە لەكاتێكدایە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بەرزبونەوەی بەردەوام بەخۆوە دەبینێت‌و ئێستادا (86) دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێك تێپەڕاندووە، داهاتی ناوخۆو باج‌و رسوماتیش زۆر زیادی كردووە. كابینەی مەسرور بارزانی چەند مانگێكە لێبڕینی موچەی هەڵگرتووە، بەڵام شێوازی دابەشكردنی موچەی بەجۆرێك رێكخستووەتەوە كە هەمان كاریگەری مانگەكانی لێبڕینی موچەی لەسەر بژێوی موچەخۆران دروستكردووە. دۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت قەیرانی موچە بۆ كابینەی مەسرور بارزانی دەبێت بە قەیرانێكی ئەبەدی‌و چارەسەر ناكرێت، رەنگە دواجار بە كابینەی قەیرانی موچە ناوببرێت.   


 (درەو):  بەرهەم ساڵح تائێستا تاكە كاندیدی فەرمی یەكێتییە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، لەپاڵ بەرهەم ساڵحدا، لەتیف رەشید ئاوەڵزاوای جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی‌و هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی دەستەی كارگێڕی یەكێتی، خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندیدكردووە، ئەمڕۆ لەتیف رەشید بە (درەو)ی راگەیاند، ئەو لەسەر هیچ حزبێك خۆی بە پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید نەكردووە.  تائێستا هیچ یەكێك لە میدیا فەرمییەكانی یەكێتی بەرهەم ساڵحیان وەكو كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار نەناساندووە بەشێك لە میدیا فەرمیەكانیشیان وەك هەواڵیش بڵاویان نەكردووەتەوە كە بەرهەم ساڵح خۆی كاندیدكردووە، بەڵام تەلەفزیۆنی كوردسات كە كوڕەكەی لەتیف رەشید بەڕێوەی دەبات، ژیاننامەی لەتیف رەشیدی وەكو كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بڵاوكردوەتەوە، وەك جۆرێك لە ریكلام بۆ لەتیف رەشید هەواڵەكەی داڕشتووە.  بەرهەم ساڵح لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتییەوی "ڤیتۆ"ی لەسەر دانراوە، ئەمە یەكێتی توشی كێشە كردووە، بەهۆی سوربونی بافڵ تاڵەبانی لەسەر كاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵح، پارتی بەفەرمی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردووە. بارودۆخەكە بەشێوەیەكە، پێشبینی دووبارەبوونەوەی سیناریۆكەی ساڵی 2018 دەكرێت، كاتێك پارتی‌و یەكێتی لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار نەگەیشتنە رێككەتن‌و هەردوولا بە دوو كاندیدەوە چونە بەردەم پەرلەمانی عێراق‌و بەرهەم ساڵح لە فوئاد حسێنی بردەوە.  ئەگەر سیناریۆی 2018 دووبارە ببێتەوە، مەرج نییە ئەمجارەش بەرهەم ساڵح بەسەر كاندیدی مەسعود بارزانیدا بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار سەركەوێت، بەتایبەتی لەكاتێكدا كە پارتی رێككەوتنی لەگەڵ رەوتی سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن‌و لایەنە سوننەكاندا هەیە. 


(درەو):  ئەگەر یەكێتی لە كاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار نەكشێتەوە، سبەینێ بەر لە تەواوبوونی وادەی خۆكاندیدكردن، پارتی (هۆشیار زێباری) یاخود (ئازاد بەرواری) یەكێكان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید دەكات و ئەمشەو یەكێكیان یەكلا دەكرێتەوە.  بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەك لەناو پارتی‌و یەكێتی دەست (درەو) كەوتوون، پارتی‌و یەكێتی هێشتا لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار ناكۆكن. یەكێتی سورە لە سەر كاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار‌و پارتیش بەدیاریكراوی (مەسعود بارزانی) سەرۆكی پارتی "ڤیتۆ"ی لەسەر بەرهەم ساڵح هەیە.  ئەم ناكۆكییە لەكاتێكدایە، كاتژمێر (3)ی پاشنێوەڕۆی سبەینێ، دواین وادەیە بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكانی پۆستی سەرۆك كۆمار، پارتی دواین كارتی فشاری خۆی سبه‌ینێ له‌سه‌ر یه‌كێتی تاقی ده‌كاته‌وه‌.  (درەو) زانیویەتی، پارتی پەیامێكی بە یەكێتی گەیاندووە، ئەگەر لە كاندیكردنی بەرهەم ساڵح نەكشێنەوە، ئەوا سبەینێ، بەر لەتەواوبوونی وادەی تۆماركردنی كاندیدەكان، پارتیش كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لە پەرلەمانی عێراق تۆمار دەكات.  بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، پارتی دوو كەسی هەیە بۆ ئەوەی یەكێكیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید بكات، ئەو دوو كەسەش بریتین لە هەریەكە لە (هۆشیار زێباری)‌و (ئازاد بەرواری) ئەندامانی مەكتەبی سیاسی.  ئەگەر پارتی‌و یەكێتی بە دوو كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران بچینە بەردەم پەرلەمانی عێراق، سیناریۆی ساڵی 2018 دووبارە دەبێتەوە، بەڵام مەرج نییە ئەمجارەیان بەرهەم ساڵح یارییەكە ببیاتەوە، بەتایبەتی لەكاتێكدا پارتی رێككەوتنی لەگەڵ رەوتی سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن‌و لایەنە سوننەكانیشدا هەیە.   


 (درەو): سبەینێ وادەی یاسایی خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كۆتایی دێت، رۆژی 8ی شوبات دواین وادەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارێكی نوێ لە عێراق.  بەپێی ئەو عورفەی لە دوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە عێراق پەیڕەو دەكرێت، پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردە، لەناو كورددا بەپێی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی‌و یەكێتی، پۆستی سەرۆك كۆمار دراوە بە یەكێتی‌و پارتی لەبەرامبەردا پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بردووە.  رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی‌و یەكێتی ئێستا سڕكراوە‌و كاری پێناكرێت، بەڵام هێشتا لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ یەكێتی‌و سەرۆكی هەرێمیش لای پارتییە.  تا سایتی نوسینی ئەم راپۆرتە، كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق هەر (بەرهەم ساڵح)ە، بەڵام لە هەرێمی كوردستانەوە چەند كەسێكی تر باسلەوە دەكەن خۆیان بۆ پۆستەكە كاندید دەكەن.  خۆپاڵاوتن چۆن دەبێت ؟ بەگوێرەی ماددەی (3)ی یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2012ی تایبەت بە خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەو كەسانەی خۆیان كاندید دەكەن، پێویستە لەماوەی ئەو (3) رۆژەدا داواكاریی خۆیان‌و بەڵگەنامەی پێویست‌و سیڤی خۆیان رادەستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بكەن. پاش ئەو (3) رۆژە، سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق بە گوێرەی ماددەی (4)ی یاساكە، ناوی ئەو كاندیدانە رادەگەیەنێت كە مەرجە یاساییەكانیان تێدایە بۆئەوەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید بكەن. بەگوێرەی ماددەی (5)ی ئەو یاسایە، هەر كاندیدێك كە ناوی خۆی تۆماركردووە‌و ناوەكەی لە لیستی كاندیدەكاندا نییە، دەتوانێت لە ماوەی سێ‌ رۆژدا لە دادگای باڵای فیدراڵی پەڵپ بگرێت بەشێوەی نوسراو و پاشان دادگای فیدراڵی لە ماوەی (3) رۆژدا دوای تۆماركردنی پەڵپەكان، بڕیار لەبارەی یەكلاكەوەرەوەیان دەدات‌و بە فەرمی لە ماوەی (3) رۆژدا سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران لە بڕیارەكەی ئاگاداردەكاتەوە، پاشان سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران ناوی ئەو كاندیدانە رادەگەیەنێت كە دادگای فیدراڵی كاندیدبوونیان پەسەند دەكات، دوای پەڵپ گرتنیان. كەی سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێردرێت ؟ ماددەی (شەشەم)ی یاسای خۆپاڵاتن بۆ سەرۆكی كۆمار ئاماژەی بەوە داوە، دوای كۆتاییهاتنی ئەو پرۆسانەی سەرەوە، بە گوێرەی ماددەی (72)ی دەستوری عێراق، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران داوای كۆبوونەوە دەكات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لەنێو ئەو كاندیدانەی مەرجە یاساییەكانیان تێدایە. لە كۆبوونەوەكەی پەرلەماندا هەر كاندیدێك توانی دەنگی (دوو لەسەر سێ)ی پەرلەمانتاران كە دەكاتە (220 دەنگ) بەدەستبهێنێت، دەبێت بە سەرۆك كۆمار، ئەگەر هیچ كاندیدێك نەیتوانی ئەو دەنگە بەدەستبهێَنێت، ئەوا گەڕی دووەمی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت لەنێوان ئەو دوو كاندیدەی كە زۆرترین دەنگیان لە گەڕی یەكەمدا بەدەستهێناوە، ئەو كەسەی لە گەڕی دووەمدا زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت، دەبێتە سەرۆك كۆماری نوێی عێراق. بەپێی ماددەی (9)ی یاسای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەگەر تەنها یەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەبوو، ئەوا پێویستە لە گەڕی یەكەمدا دەنگی (دوو لەسەر سێ)ی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت، ئەگەر نەیتوانی، ئەوا لە گەڕی دووەمدا پێویستە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت. سەرۆك كەی سوێندی یاسایی دەخوات ؟ پاش ئەو پرۆسەیە، سەرۆك كۆماری هەڵبژێدراو لەبەردەم ئەنجومەنی نوێنەران‌و بەئامادەبوونی سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی، سوێندی دەستوریی دەخوات بەوشێوەیەی كە لە ماددەی 50ی دەستوریدا هاتووەو ماوەی سەرۆكایەتی سەرۆك كۆمار (4) ساڵە، لە رۆژی سوێندخواردنەوە دەستپێدەكات تا كۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی ئەو ئەنجومەنی نوێنەرانەی كە سەرۆكی هەڵبژاردووە، تەنها مافی ئەوەی هەیە یەك خولی تر بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار خۆی كاندید بكاتەوە، واتە ئەو سەرۆك كۆمارەی دوو خول لە پۆستەكەدا بوبێت، مافی نییە بۆ خولی سێیەم خۆی كاندید بكاتەوە.   


نوسینی: ئاسۆ حاجی  ئەوەی لە ناو پەڕلەمانی عێڕاق روویدا خاڵی وەچەرخانە لە مێژووی عێڕاق لە دووای روخانی رژێمی سەدام حسێن،  دەکرێ ئەوە لە دوو خاڵ کورت بکەیەنەوە:  یەکەم، هێزێکی نوێی شیعی لە دەرەوەی هێزە تەقلیدیەکانی شیعە کە بەر لە ساڵی ٢٠٠٣ هەبوون و خەباتی سیاسی و چەکداریان لە دژی رژێمی سەدام دەکرد، هەروەها ئەو هێزە بە باگراوندێکی قەومی عەرەبی زیاتر لە مەزهەبی شیعی زۆرینەی پەڕلەمان بباتەوە. دووەم، سەردەمی رۆمانسیەتی سیاسی هێزە سیاسیە کوردستانیەکان و هێزە سیاسیە شیعەکان کۆتاییهات، بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان براوەی یەکەمە و زۆرترین کورسی هەیە، پارتی وەک هێزێکی بە سەنگ و خاوەن مەرکەزیەتێکی توند لە بڕیاردان،  باوەڕی وابوو کە دەبێ هەر لەگەڵ ئەو هێزە شیعیانەی کە مێژووی خەبات و تێکۆشان لە دژی دیکتاتۆریەتی سەدام بە یەکیان دەبەستێتەوە دەبێ هاوکار و هەماهەنگ بن لە بەڕێوەبەدنی عێڕاق، بەڵام رووداوەکانی ٢٠١٤ بە بڕینی بودجە و موچەی خەڵکی کوردستان، پاشان رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ لە هێرشکەرن و داگیرکردنەوەی کەرکوک، دواتریش لە هێرشی موشەکی و دڕۆن بۆ سەر شاری هەولێر، هۆکار بوون کە پارتی بڕیار بدا کە بچێتە هاوپەیمانەتیەک لەگەڵ رەوتی سەدر و سوونەکان. بۆ سەدڕ؟ کورد لە دوای روخانی سەدام حسێن تا دواین کابینەی حکومەتی عێڕاق کە ئێستاش لە سەر کارە، بە دەیان رێکەوتنی سیاسی لەگەڵ لایەنەکانی شیعەی پێکهێنەری کابینەکانی حکومەتەکانی عێڕاق کردووە، بەڵام یەک لەو رێکەوتنانەش وەک خۆی لەلایەن هێزەشیعیەکانەوە جێنەجێ نەکراوە، ئەوەش زیاتر لە هۆکارێکی لە پشتەوەیە کە دەکرێ لەو دوو خاڵە ئاماژەیان پێبدەین: ١- ئەو هێزە شیعیانەی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانیان بە دەستەوە بووە، خاوەنی ئیرادەی سەربەخۆیی بڕیاردان نەبووینە، بەڵکو ئیرادەیان بە هێزی دەرەکیەوە گرێدراوە و هەموو بڕیار و کردارەکانیان لە چوارچێوەی بەرژەوەندی وڵاتێکی ئیقلیمی بووە، ئەوان بەو کارەیان گوایە خزمەت بە بیروباوەڕە مەزهەبیەکەی خۆیان دەکەن. ٢- هەر لە دوای روخانی سەدام ماڵی شیعە بەسەر چەند ناوەندێکی بڕیار دابەش ببوون، لە سەرتادا لە نێوان حیزبی دەعوە و ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێڕاق دا، دواتر مەرجەعیەی نەجەفیش بووە ناوەندێکی کاریگەر لە سەر بڕیاری سیاسی شیعە، ئێستاش ئەو هێزانە زیاتر پەرت و بڵاون و خاڵی کۆکەرەوە و هاوبەشیان وڵاتی ئێرانە کە هەموویان لە چوارچێوەی هەماهەنگی کۆکردۆتەوە. دوو خاڵی دیکەی گرنگ هەیە کە پەیوەندیان بە رەوتی سەدڕ و کەسایەتی موقتەدا سەدڕەوە هەیە، کە هۆکاری سەرەکەی راکێشانی پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنە سوونیەکانە بۆ لای خۆیان: یەکەم، رەوتی سەدر وەک لە مێژووی چەند ساڵەی دیارە، رەوتێکی یەکگرتووی خاوەند ناوەندێکی بڕیاردانی بەهێزە، موقتەدا سەدڕ خاوەنی بڕیاری یەکلاکەرەوەیە و هیچ سەرکردە و کەسێک لە چوارچێوەی ئەو رەوتە ناتوانن بڕیارەکانی جێبەجێ نەکەن، کورد و سوونە لەو قۆناغەدا پێویستیان بە لایەنێکی شیعە هەیە کە حکومەت پێکبهێنێ خاوەن بڕیار بێ و جێبەجێی بکات. - کورد بۆ جێنەجێکردنی رێکەوتنەکانیان لەگەڵ حکومەتی عێڕاقی دەربارەی شایستە داراییەکان( بودجە و موچە) هەروەها بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ناوچە کێشە لەسەرەکان پێویستیان بەلایەنێکی لەو شێوەیەیە. - سوونە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکانیان کە لەسەر دەستی داعش و حەشدی شەعبی وێران کران، هەروەها گەڕانەوەی خەڵکی ئاوارەبوویان بۆ سەر زێدی خۆیان، لەوانەش گرنگتر بۆ سوونە ئازادکردنەوەی ناوچەکانیان لە داگیرکاری میلیشیاکانی حەشدی شەعبی. دووەم، رەوتی سەدڕ خاوەنی ٧٣ کورسی پەڕلەمانیە و وەک خۆیان دەڵێن دەتوانن ئەو ژمارەیە بۆ ٩٠ کورسی بەرز بکەنەوە، واتا رێکەوتن لەگەڵ یەک حیزب و یەک کەس باشترە لەوەی ناچار ببی لەگەڵ شەش حەفت لایەن رێکەوتن بکەی و هیچ گرێنتیەکیش نەبێت لەوەی ئەو لایەنانە رێکەوتنەکە جێبەجێ دەکەن، لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا زۆرینەی حیزب و هێزە سیاسیەکان لەلایەن کەسانی توندڕەو سەرۆکایەتی دەکرێن کە بەردەوام هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان دەکەن نەک دەستی ئاشتبوونەوەی بۆ درێژ بکەن، ئەوەیان بۆ سوونەش راستە، کە رۆژانە لەلایەن میلیشیا شیعیەکانەوە رووبەڕووی دەرکردن و زولم دەبنەوە. ناو ماڵی کوردستانی بەرەو کوێ؟ یەکەمین دانیشتنی خولی نوێی پەڕلەمانی عێڕاق ئەو راستیەی دووبارە کردەوە کە هێزە کوردیەکان بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ناتوانن بە یەکگرتووی و یەکدەنگی بمێنەوە، چوونکە دوو ئاراستەی سیاسی جیاوازیان هەیە، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەوە نیشاندایەوە کە بەشێکە لە ئەجێندای ئێرانی و ناتوانێ لەو بەرەیە بێتە دەروە، هۆکاری هەرە سەرەکی کێشە ناوخۆیەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانن، ئێران لە دوای نەخۆشکەوتنی جەلال تالەبانی بە شێوەیەک وەبەرهێنانی لەسەر ئەو کێشانە کردووە کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە ئاسانی ناتوانێ لە ژێر هەیمەنەی ئێران دەربچێ، لە دواین سەردانی شاندی ئێران لە هەفتەی رابردوو بۆ سلێمانی لە دوای دیداریان لەگەڵ بافێل تالەبانی یەکسەر سەردانی لاهور جەنگیان کردووە، ئێران هەمیشە وابووە و ئیدارەی ململانێ و رەوتە دژ بەیەکەکانی داوە لە کوردستان، هەروەها ئەو داهاتەی کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە دەروازە سنووریەکان بە دەستی دەکەوێ و زیاتر لە ٨٠٪؜ ی بۆخۆی دەگێڕێتەوە و تەنها لە نێوان ١٠٪ بۆ ١٥٪ دەگەڕێنێتەوە خەزێنەی حکومەت ئەوە بە هاوکاری ئێرانە، زۆر بابەت و خاڵی دیکە هەیە کە ئاماژەیان بۆ بکرێت بەڵام دەکرێ هەمووی لەو دێڕە کورت بکەیەنەوە ‘ ئەگەر ئێران نەبوایە ئێستا هێزێکی سیاسی کاریگەر بەناوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان نەدەما‌. ئایا سەرۆک کۆمار کێشەیە؟ لە رووکەشدا وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری وەک کێشەی سەرەکی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دادەندرێت، بەڵام لە ناوەڕۆکدا کێشەکە لە ناوزەدکردنی کەسێک نیە بۆ ئەق پۆستە بە قەدەر ئەوەی کێشە لە سەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەو پۆستەیە، پارتی دیموکراتی کوردستان نە ساڵی ٢٠١٨ و نە ئێستاش کێشەی لەگەڵ کەس نەبووە، بەڵکو کێشە لە میکانیزیمی دانانی کەسەکە بووە، پارتی پێی وابووە و پێی وایە دەبێ ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆک کۆماری عێڕاق نوێنەری راستەقینەی خەڵکی کوردستان بێت و بەرگریکار و پارێزەری دەستوور بێت، نەک پارێزەری لایەنێکی سیاسی یان ئەجێندایەکی سیاسی دیاری کراو بێت. بۆ ئەو خولەی پەڕلەمان و سەرۆکایەتی کۆمار و کابینەی نوێ، پارتی دیموکراتی کوردستان وای دەبینێ کە پێویستە پارتی و یەکێتی و لایەنە سیاسیەکانی دیکەی کوردستان میکانیزمێک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی بتوانن لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە بکەن کە لە بەغدا بە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان پۆست وەردەگرن، لە هەر پلە پۆستێک بن، هەروەها دەیەوێ بەر لە کاندید کردن و دانای هەر کەسێک لە پۆستی سەرۆک کۆماری ئەو کەسە پێگیر بکرێ بە کارنامەیەکی رێکەوتن لە سەر کراو کە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بێت لە چوارچێوەی دەستووری عێڕاقدا. یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەو بڕوایەی وەک جاری پێشوو دەتوانێ بە پاڵپشتی شیعە سەرۆک کۆمار بۆ خۆی یەکلایی بکاتەوە بەبێ رێکەوتن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، تا ئێستا مکوڕە لەسەر ئەوەی تەنها بەرهەم سالح کاندید دەکەنەوە بۆ سەرۆکایەتی کۆمار، کە ئەو عینادی و بێمنەتیەی یەکێتی لای پارتی جێگای قبوڵکردن نیە نەک بەرهەم سالح، وێڕای هەبوونی سەرنج و تێبینی زۆر لەلایەن پارتیەوە لە سەر ئەدای بەرهەم سالح لە ساڵانی رابردوویدا، بەڵام هەرگیز ناوی کەسیان رەت نەکردۆتەوە و هێلی سووریان لەسەر کەس نەبووە، تەنها ئەوەیە وەک بەرکەوتەی هەڵبژاردن و وەک گەورەترین هێز دەبێ هاوبەش بێ لە بڕیاری بەربژێرکردنی هەر کەسێک بۆ ئەو پۆستە. یەکێتی و پارتی دەتوانن چی بکەن؟ پارتی کە زۆرینەی کورسیەکانی هەرێمی کوردستانی بردۆتەوە وهاوپەیمانی لەگەڵ رەوتی سەدڕ و دوو گەورەترین هێزی سوونەکان کردووە، وەک لە دەنگدان بە سەرۆکی پەڕلەمان و جێگرەکانی دەرکەوت، دەتوانێ بە ئاسانی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی بکاتەوە، بەڵام ئەوە کارە ناکات ئەگەر یەکێتی ناچاری نەکات، چونکە دەزانێ ئەو کارە رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر پێکەوە کارکردنی هەردوولا دەبێت لە کوردستاندا. یەکێتی ئەوە دەزانێ بۆیە کارتی ئاڵۆزکردنی زیاتری دۆخی کوردستان بە رووی پارتی بەرزکردۆتەوە، لە درێژەدان بە نەگەڕاندنەوەی داهاتی گشتی بۆ خەزێنەی حکومەت و زیاتر کارکردن بۆ پتەوکردنی حکومەتی حیزب لە ناوچەکانی سلێمانیدا، هەروەها هاندانی هێزە ئیقلیمیەکان بۆ زیاتر فشار کردن لە سەر پارتی بۆ ئەوەی بە داخوازیەکانی رازی بێت، لە بەرامبەردا یەکێتی بەشێکی کاریگەری پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان دەبێت، یەکێتی لەوەش زیاتر دەڕوا و ئێستا ماوە ماوە ئەو قسەیە بە گوێی پارتی دادەدەن کە ئەگەر ئەوەمان بۆ نەچیتە سەرێ ئەوە شەڕی ناوخۆ هەڵدەگیرسێ، وەک ئەوەی قوباد تالەبانی گوتبووی ئەگەر لێژنەی تایبەت بە پێداچوونەوە بە کارەکانی دەروازە سنووریەکان لە دێگەڵە بپەڕێتەوە ئەوە شەڕی ناوخۆ هەڵدەگیرسێ. دەرئەنجام چۆن دەبێت؟ یەکێتی رێگایەکی دیکەی نیە جگە لە دانیشتن لەگەڵ پارتی و رێکەوتن لەسەر کارنامەیەک و کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار، ئەگەر ئەوە روونەدا پارتی دیموکراتی کوردستان بەربژێری خۆی دەبێت و بەو رێکەوتنەی هەیەتی دەتوانێ پۆستەکە وەرگرێ و رەنگە لەوەش زیاتر بڕوا و لە پشکی کورد لە وەزارەت و پۆستە گرنگەکان زۆرینەی لای خۆی بێت و بەشێکیش بداتە ئەو هێزە کوردستانیانەی خوازیارن لەگەڵی بچنە بەرەیەک، لەلایەکی دیکەشەوە پارتی دەتوانێ لە رێگای حکومەتی نوێ کە دەبێتە حکومەتێکی زۆرینەی نیشتیمانی پرسی داهاتی دەروازە و داهاتەکانی ناوخۆ چارەسەر بکات.


 (درەو): بارزانی لە یەکێتی توڕەیە، ئەگەر تاکە کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بەرھەم ساڵح بێت، ئەگەری دووبارە بوونەوەی سیناریۆکەی ٢٠١٨ دەكرێت و بارزانی كاندیدی خۆی پێشكەش دەكات.  ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەبارەی پڕکردنەوەی پۆستە باڵاکانی عێراق پەرەسەندنی نوێ بەخۆوە دەبینێت. بەپێی زانیارییەکان، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان توڕەیە لە یەکێتی لەبارەی پرسی کاندیدی سەرۆک کۆماری عێراقەوە. یەکێتی تائێستا سورە لەسەر ئەوەی (بەرھەم ساڵح) تاکە کاندیدیەتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، ئەمە لەکاتێکدایە بارزانی "ڤیتۆ" لەسەر کاندیدکردنەوەی بەرھەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار داناوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، ئەگەر یەکێتی تا کۆتایی سور بێت لەسەر کاندیدکردنی بەرھەم ساڵح، ھاوشێوەی ساڵی ٢٠١٨ مەسعود بارزانی کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار پێشکەش دەکات. ئەمڕۆ بارزانی لەرێگەی پەیامێکەوە رایگەیاند، جگە لە قسەی وتەبێژی فەرمی پارتی، قسەی ھیچ بەرپرسێکی حزبەکەی گوزارشت لە ھەڵوێستی فەرمی پارتی ناکات. ئەم پەیامەی بارزانی دوای لێدوانێکی ھۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی ھات کە وتی" پارتی کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار نابێت". ھەردوای پەیامەکەی بارزانی، ھۆشیار زێباریش لێدوانەکەی خۆی ھەڵگێڕایەوەو ئەمجارەیان رایگەیاند" پارتی کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەبێت". پرۆسەی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت لە عێراق پارتی و یەکێتی دابەشکردووە بەسەر دوو جەمسەرە ناکۆکەکەی ماڵی شیعەدا، پارتی لەگەڵ سەدر رێککەوتنی کردووەو یەکێتیش ھێشتا لەنێوان سەدرو لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیدا خۆی یەکلا نەکردوەتەوە.


خالد سلێمان کانی بامێ ناوێکی گرێدراوە بە سیستمێکی ژینگەیی سروشتیی داهێنەرەوە، هەروەها بە هۆشیارییەکی خۆڕسکەوە دەربارەی گرنگیی پاراستنی هەمە-چەشنی کە باوکم پێی بەخشیم. کانی بامێ کە دەکەوێتە ناوچەی گەرمیان، باشووری ڕووباری ئاوەسپی، هەمە-چەشنییەکی دەگمەنی تیا بوو: ئاوی سازگار، باڵندەی کۆچەریی ڕووی تێدەکردو هی تر بەجێی دەهێشت، بۆقی زۆرو جۆراجۆر، پونگەو نەعنا بەسەوزایی و بۆنی خۆشیانەوە، زۆر جۆری تریش لە ڕووەکی کێوی؛ گۆلە مەرەزەکانی مەنسووری خاڵیشم لەبیر ناچێت، کە سەرچاوەی دەرامەتی خێزانەکەی بوو. لە کانی بامێ، هەر جۆرێک سەرچاوەی خۆراکی جۆرێکی تر بوو. بۆقێک لەسەر بوونەوەرەکانی ناو ئاوەکەدا دەژیا، باڵندەیەکی لەق لەقیش لەسەر بۆقەکە دەژیا. برنج لەسەر ئاوە دەژیا، ئێمەش لەسەر برنجەکە. سیستمی ژینگەیی فێرمان دەکات کە برنجیش جۆرە، وەک گیانلەبەرێکیش جۆرە. زەوییەکانی چواردەوری چەمی کانی بامێ بۆ باپیرەم دەگەڕایەوە لەلای دایکمەوە. لە وەرزێکی زیاتری دروێنەی گەنمدا، باوکم لە لەو زەویانەدا جوتیاریی دەکردو گەنم و جۆی دەچاند. من و خوشکی لەخۆم گەورەترم، نەزیرە، هەموو چێشتەنگاوێکی هاوین خواردنمان بۆ باوکم دەبرد، دایکم چەند نانێکی گەرم و دۆو کەرەی تازە دەرچووی لە مەشکەی دەخستە ناو چاورۆکەیەکەوە؛ من و نەزیرەش هەڵمان دەگرت بەرەو کێڵگەکانی گەنمی لای کانی بامێ دەکەوتینە ڕێ. ساڵێکیان گەنمەکانی باوکم کەوتبوونە دیوی باکووری چەمەکەوە، ملەیەک هەبوو بەچاوی مناڵیمان بەرزو سەخت بوو، هەر لەو چەمەوە بۆ سەردەکەوتین و دەمانبڕی تا دەگەیشتینە لای باوکم . زۆرجار لە چەمەکدا دوادەکەوتین و باوکیشم لەگەڵ ئەوەی برسی و ماندووی ناو کێڵگەی گەنم بوو، لێی نەدەپرسین بۆ چی دواکەوتوین. دەیزانی مناڵین و شتێک لەسەر ڕێگە هەر دەبێت تا سەرنجمان ڕابکێشێت. لە راستیدا من و نەزیرە خواردنەکەمان دەخستە لاوەو لە چەمی کانی بامێدا بەدووای بەچکە لەق لەقدا ڕامان دەکرد، ڕۆژێکیان ڕاکردنەکەمان بە زایە نەچوو، بەچکەیەکمان گرت و  جارێکی تر، کەوتینەڕێ بۆ کێڵگەکەی باوکم.  لەق لەقی دایک وازی لێ نەهێناین و بەسەرسەرمانەوە لەشەقەی باڵی دەدا، ئێمەی دڵخۆش  بە بەچکەیەکەوە لە ناو دەستماندا هەنگاوەکانمان خێراتر دەکردو ئەویش زیاتر باڵەکانی بەیەکدا دەدا. پێش گەیشتنمان بەچەند هەنگاوێک، باوکم درکی بەوەکرد چی لە ئارادایەو لەق لەق بەدووای بەچکەدا نەبێت ئەوەندە لە کەس نزیک نابێتەوە. کە گەیشتین پێی وتین بەچکەکە بەرەڵا بکەین و وازی لێ بهێنین. بەزمانە سادەکەی خۆی باسی پەیوەندی نێوان ئێمەو گیانلەبەرانی بۆ کردین، زمانەکەی باوکم بەدەریش نەبوو لە جۆرێک لە ترساندن، بۆ نموونە باسی گرنگیی لەق لەقی کرد کە چۆن مار دەخوات. دەیەویست پێمان بڵێت کە دەگەرێینەوە بۆ ماڵەوە، مار لەسەر ڕێگا پێمانەوە نادات، چونکە لەق لەقەکان دەیانخۆن.  ئەم چیرۆکەم لە کاتێکدا بیردەکەوێتەوە، کە لە ڕاپۆرتێکەوە دەچمە سەر ڕاپۆرتێکی تر لەسەر لەناوچوونی شەشەمی گەورەی جۆرەکان لەسەر زەوی، ئەویش بەهۆی تێکدانی جێلانە سروشتییەکانیانەوە لەلایەن مرۆڤایەتیییەوە، لە پێناو کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی خۆراک و زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی داهاتەکانی زەویدا، گۆڕانی کەشیس لەولاوە بگرە. پێش قسەو ڕاپۆرتی زاناکان لەسەر  مەحفبوونی شەشەمی گیانلەبەران، کانی بامێکەی ئێمە، لە چەمێکی پڕ لە هەمە-چەشنی و جۆرەکانەوە: ئاو، پونگەو نەعنا، مار، بۆق، لەق لەق، کڵاوکوڕەو جۆری تر، گۆڕا بۆ خاکێکی دەیم و بۆر، کەس بڕوا ناکات ڕۆژێ لە ڕۆژان ژیانی کێویانەی بەخۆوە بینیبێت. بەکورتیەکەی کە ئاوەکە وشکی کرد، سەوزایی نەماو خۆراکی گیاخۆرەکان لە بنهات و لەناچوون، ئاژەڵە گۆشتخۆرەکانیش کە لەسەر  گیاخۆرەکان دەژیان، یان ڕەویانکرد، یان ئەوانیش مەحفبوون. ئێستا کانی بامێ چەمێکی وشک و برینگە، نە لەق لەق ڕوی تێدەکات و نە ژیانی هەمە-چەشنی تیایە. بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەش کە دەیانخوێنمەوە، هەموو گۆی زەوی لەسەر ڕێگەکەی کانی بامێیە. بەگوێرەی زۆرینەی ڕاپۆرتی سەنتەرو دەستەو زانکۆ جیهانییەکان، کە لەم ساڵانەی دوواییدا بڵاوبوونەتەوە، زۆربەی جۆرەکان لە ناوچە کەمەرییەکاندا، بەتایبەتیش لە چیاو دوورگە زەریاییەکاندا، ڕووبەڕووی لەناوچوون دەبنەوە. ئەوەی ئاشکراشە زۆربەی جۆرەکانی باڵندەو شیردەرو وشکاوییەکان لە ئەمریکای ناوەڕاست و باشوور، ئەفریکای باشووری بیابان و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیای نزیک هێڵی ئیستیوادا دەژین. ئەم ناوچانە دارستانی ئیستیوایی و نیمچە ئیستیوای شێدارو گەڵای پان و بەرینان هەیە، واش مەزەندە دەکرێت کە زۆربەی جۆرە کێویەکان و هەروەها جۆری بوونەوەرەکانی ئاوی شیرین لە خۆدەگرن. لەبەر ئەم هۆکارەش، وا دادەنرێت ئەو جۆرانەی شیردەرو باڵندەو وشکاوییەکان کە ئامەژەیان بۆ کرا، زۆربەی ئەم کۆمەڵە کێوییە دیاریکراوانە بگرنەوە. ئەوەی ئێستا ڕوودەدات جیاوازە، چونکە حاڵەتی لەناوچوون بەشێوەیەکی فراوان لە کێشوەرەکاندا بەربڵاوە، لە کاتێکدا زۆربەی حاڵەتەکانی لەناوچوون لە 1500 ساڵی پێشوودا لە دوورگە زەریاییەکاندا ڕوویانداوە. ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە بەربڵاویی لەناوچوونی جۆرەکان لە بیست ساڵی ڕابووردودا، هەروەک دوورگە زەریاییەکان، لەکێشوەرەکانیشدا بڵاوبوەتەوەو گەیشتووەتە 50%.  ئەمڕۆ، جۆرەکانی شیردەرو باڵندەو وشکاوییەکان بەشێوەیەکی دراماتیکی توشی لەناوچوون دەبنەوە، ئەمەش پاڵی بە توێژەرو زانای زۆرەوە لە بواری هەمە-چەشنیدا ناوە، لەناوچوونێکی پێشوەختەی شەشەم ڕابەگەیەنن. ڕاپۆرتە زانستیەکانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ڕیتمی لەناوچوونی ئێستای جۆرەکان 100 تا 1000 جار زیاترە لەوەی پێش زاڵبوونی مرۆڤ بەسەر زەویدا بەملیۆنان ساڵ ڕوویداوە. پێنجەم لەناوچوونی گشتیی جۆرەکانیش لەسەر زەوی دەگەرێتەوە بۆ 65 ملیۆن ساڵ و  76%ی جۆرەکانی لەسەر زەوی لەناوبرد. لە 500 ساڵی پێشووداو بەپێی یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ژینگە، مرۆڤایەتی بووەتە هۆکاری لەناوچوونی 869 جۆر لە بوونەوەرەکان. ئەگەر دۆخەکەش لەسەر ئەم ڕیتمە بەردەوام بێت، ئێمە لەبەردەم لەناوچوونی شەشەمداین، چونکە هەزاران ساڵە، ڕێگەی باوباپیرانمان لە ڕاوشکاری و کشتوکاڵ و زیادەڕۆیی لەبەکارهێنانی زەوی و بوونەوەرەکانیدا بەرنەداوە. مرۆڤایەتی نیوەی لانەی ئاژەڵانی گۆڕیوە بۆ کشتوکاڵ و نیشتەجێبوون، ئەمە جگە لە ماڵیکردن و ملکەچکردنی جۆرێکی زۆر لە ئاژەڵان یان جیاکاری و بەباشتر زانینی ماڵییەکان لەبەرامبەر کێویەکاندا، ئێمە هەڵۆیەکی ڕاوی ماڵیمان پێ باشترە لە باڵندەیەکی کێوی، سەگێکی ماڵیمان پێ باشترە لە ڕێوییەک، ئەمە جیاکاریی دەستی مرۆڤ، چونکە بونەوەرەکانی تر جیاکاریی نازانن. دروستبوونی کێشوەرو زەریاکان و جێگیربوونیان بەم شێوەیە کە دەرەنجامی گۆڕانکاری جیۆلۆجییە، پێویستی بەملیۆنان ساڵ بووە، جۆری بوونەوەرو بنەچەکانیشیان لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە جیۆلۆجیانەدا گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، بەردەوامیش جۆرو بنەچەی نوێ لەسەر زەوی دەرکەوتووە. لەناوچوونی یەکەمەوە کە وا مەزەندە دەکرێت بگەڕێتەوە بۆ 440 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا، لەناوچوونی جۆرەکان پەیوەست بووە بە گۆڕانکارییە جیۆلۆجیە بەردەوامەکان. لەو ئاژەڵانەش کە پێش دەرکەوتنی مرۆڤ لەسەر زەوی، لە پێنج لەناوچوونی گەورەدا لەناوچوون، تەنها 2 تا 4% یان، ئەمڕۆ لە نێوانماندا دەژین و ئەوانی تر هەموو مەحفبوون.  ئەم لەناوچوونەی ئەمڕۆ ڕوودەدات، دەرەنجامی گۆڕانکاری جیۆلۆجی نیە یان کەوتنی نەیزەکێک بەسەر زەویدا، وەک چۆن مەزەندە دەکرێت لەناوچوونی پێنجەمدا ڕوویدابێت، بەڵکو دەرەنجامی پێشکەوتنی شارستانیەتی مرۆڤایەتییە کە دۆخی زەوی گەیاندووەتە ناهەموارییەکی بێوێنە لە مێژوودا. ئەم دۆخە ناهەموارە بەپێوانەی ژیانی مرۆڤ هەروەها بەپێوانەی ژیانی جۆرەکانی تر لە مێروویەکی بچووکەوە تا ئاژەڵێکی زەبەلاح، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئیتر ئێمە لەبەردەم ترسێکی گەورەداین و تەمەنی زەوی زۆر کورت بووەتەوە. ئەگەر سەرنجێکی ژمارەی مرۆڤەکان لەسەر زەوی بدەین، دەبینین لە 0.01% تێپەڕ ناکات، بەڵام لەسەرەتای سەرهەڵدانی شارستانیەتەوە ئەم ژمارە کەمە بووەتە هۆی لەناوچوونی 80%ی بوونەوەرەکانی تر. لەناوچوونەکەش جۆرێکی دیاریکراو ناگرێتەوە، بەڵکو  هەموو ئاژەڵان، بۆ نموونە ئاژەڵە ناسراوەکانی وەک ورچی جەمسەر، ماسیە گەورەکانی وەک قرش، ئەسپی ئاوی و ماسی ناو ڕووبارە سازگارەکان و ڕووەکی حەوزی سپی ناوەڕاست. بەم شێوەیەش  بەڵگەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە جۆرە ئاویەکان وەک جۆرەکانی تر ڕووبەڕووی لەناوچوون دەبنەوە. واش مەزەندە دەکرێت ژمارەی ئەو ئاژەڵانەی لەژێر مەترسی لەناوچووندان، بگاتە 17000 جۆر، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆشاییەکی گەورە لە سیستمی خۆراک و ئاسایشی ژینگەییدا. هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئەم هەمە-چەشنییەی ئێستا، کە پێویستی بە ملیۆنان ساڵ بووە تا جێگیر ببێت، ڕۆڵێکی بنەڕەتی هەیە لە سیستمی ژینگەیی و ئەو خزمەتگوزاریانەی کە سیستمە ئایکۆلۆژییەکان پێشکەشی دەکەن: وەک خۆراک بەخشین، سوڕی ئاو، پێکهاتەی خاک و پاراستنی، بەرگری لە جۆری داگیرکەرو زیانبەخش (مشەخۆر)، پیتاندنی ڕووەک، رێکخستنی کەش و لەناوبردنی پیسبوون و درم و پەتا، ئەمڕۆ ڕووبەڕووی تێکچوونێکی دەگمەن بووەتەوە. ئەم سیستمە داهێنەرە، ساڵانە بڕی 33 ترلیۆن دۆلار خۆراک پێشکەشی مرۆڤ و بوونەوەرەکانی تری سەر زەوی دەکات، ئەم بڕەش دوو ئەوەندەی ئەو خۆراکەیە کە چالاکی مرۆیی بەرهەمی دەهێنێت. بۆ نموونە 5000 تا 7000 هەزار جۆری ڕووەک بۆ دروستکردنی دەرمانی میللی و نوێ بەکار دەهێنرێن، زیاتر لە 100 ملیۆن تەن لە جۆرە ئاوییەکان، تیایاندا ماسی و نەرمۆڵە و توێکڵدارەکان بەشداری لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراکی جیهانیدا دەکەن، هەروەها ئاژەڵە کێویەکان بەشدارییەکی بەرچاو لە دابینکردنی خۆراک و دەرامەتی ژیانی زۆرێک لەو وڵاتانەدا دەکەن کە گیرۆدەی دەستی هەژاری و نەبوونی ئاسایشی خۆراکن.  کامانەن هەڕەشەی نەمانی جۆرەکان؟  ئەو هۆکارە سەرەکیانەی لە پشت تێکچوونی سیستمی ئایکۆلۆژییەوەن لەسەر زەوی، بە پلەی یەکەم مرۆیین، جیاوازیشن لەهۆکارەکانی لەناوچوونە گەورەکان کە پێش ملیۆنان ساڵ، لەسەر زەوی ڕوویانداوەو بە پێنج ڕووداوە گەورەکە ناسراون. توێژینەوە زانستیەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئێستا بە لەناوچوونی شەشەمدا تێپەڕ دەبین، ئەویش لەدەرەنجامی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەش. لەهەموو بارێکیشدا نابێت هەموو هۆکارەکان لە گۆڕانی کەشدا ببینرێن، چونکە بەشێکی زۆریان پەیوەستن بە چالاکی مرۆییەوە، کە کە ڕاستیدا کەمتر نیە لە هۆکارەکانی تری مەحفبوونی جۆرەکان لەناو سیستمی ژینگەیی و هەمە-چەشنیدا. دەکرێ هۆکارە ڕاستەخۆکان کە لە پشت نەمانی ئاژەڵانەوە دەوەستن، لەم خاڵانەی خوارەوەدا کۆبکرێنەوە: یەکەم: تێکدانی لانەی ئاژەڵان لەدەرەنجانی کشتوکاڵ و لەناوبردنی دەوەن و دارستانە سروشتییەکان. دووەم: زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاژەڵان وەک بازرگانی و ڕاوشکاریی ...هتد. سێیەم: پیسبون لە دەرەنجامی سوتاندنی وزەی ژێرزەوی (نەوت، گاز و خەڵووز)، بەکارهێنانی پلاستیک و کەرەستەی کیمیاوی و هۆکاری تر. چوارەم: بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتا لە ژیانی کێویانەو ئاویدا. پێنجەم: دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی جۆری داگیرکەرو مشەخۆر کە هەڕەشە لە کۆمەڵگەی جۆرە ڕەسەنەکان دەکەن. وەک بڵاوبوونەوەی جۆرێک لە قارچکی ژەهراوی کە لە کۆتایی سەدەی ڕابووردوو، سەرەتای ئەم سەدەیەدا بوە هۆی نەمانی جۆری بۆقی ئاڵتوونیی لە ئەمریکای باشووردا.  شەشەم: گۆڕانی کەش: ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، زریان، کەمبوونەوەی ئاو و خۆراک، توانەوەی ڕووبارە بەستووەکانی جەمسەرەکان کە دەبێتە هۆی تێکدانی لانەی جۆرە جەمسەرییەکان و هەروەها دوورگە زەریاییەکان لە دەرەنجامی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریادا، ئەو زیانانەش لەولاوە بگرە کە دەگاتە باخچە مەرجانییەکان.  بەنسبەت ئاژەڵە شیردەرەکانەوە، تێکدانی لانە سروشتییەکانیان و زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانیاندا، وەک کۆکردنەوەو بازرگانی، بووەتە هۆی ئەوەی 35% لە جۆرەکانیان بکەونە ژێر هەڕەشەی لەناوچوونەوە، هەروەها 30% لە جۆرەکانی باڵندەو ئەوەش پەیوەستە بە بوونەوەرە وشکاوییەکانەوە 29% یان لەژێڕ هەڕەشەی لەناوچوونی ڕاستەوخۆدان. بەگوێرەی یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ژینگە، کارلێکردن لە نێوان دیارە توندو ناهەموارەکانی کەشدا، وەک وشکانی، تیۆری دیارو سەرەکییە لە کەمبوونەوەی زۆرو فراوانی جۆرە وشکاوییەکاندا. هەرچەندە، هەڕەشەکان لەسەر سیستمی ئاوی زەریاو شیرین زۆر ڕوون نین، وادیارە زیادەڕۆیی لە بەکارهێناندا هەڕەشە گەورەکەیە دژی جۆرە ئاوییەکان، دووای ئەوەش هەڕەشەی تێکدانی لانەکانیان دێت.  وادیارە، لەدەستدانی لانەی جۆرەکان، هەڕەشەی یەکەم بێت دژی جۆرەکانی ئاوی سازگار، دووای ئەوەش هەڕەشەی نەخۆشی و پەتا دێت کە جۆرە داگیرکەرو مشەخۆرەکان لەسەر سەر سیستمی ژینگەیی دروستی دەکەن. ئەوەی ناسراوە لەسەر هەمە-چەشنی ئەوەیە کە هەڕەشەکانی لەناوچوون، بەگوێرەی گۆڕانکارییەکانی کات دەگۆڕێن. لە پێشدا جۆری داگیرکەرو مشەخۆر، گەورەترین هەڕەشە بوون بۆ سەر باڵندە، دووای ئەوەش زیادەڕۆیی لە بەکارهێنان و تێکدانی لانەکانیاندا، بەڵام ئەمڕۆ، تێکدانی لانە بووەتە هەڕەشەی یەکەم، دووای ئەوەش جۆری داگیرکەرو مشەخۆر و زیادەڕۆیی لە بەکارهێناندا. دووریش نیە بەهۆی گۆڕانکاری کەشەوە، گۆڕانکاری بەسەر ئەم دۆخەشدا بێت. ئەمەش بەگوێرەی ڕاپۆرتی سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەسەر هەڵکشانی گەرما لە 1.5 ەوە بۆ 2.0 لەنێوان 2030-2052 کە ساڵی 2018 بڵاوکرایەوە.  واش مەزەندە دەکرێت بەرزبوونەوەی گەرمای زەوی بۆ 2.0 پلەی سێلزی، دەیان ملیۆن مرۆڤ و بوونەوەر جیهاندا بخاتە بەردەم هەڕەشەی تەوژمی گەرماو بێئاوی و لافاو و زریانەوە، بەتایبەتی لەشارەکانی ڕۆخی دەریادا. توێژینەوە زانستیەکانیش لەم بوارەدا ترسی ئەوە ناشارنەوە کە دۆخێکی ئاوەها ببێتە هۆی لەناوچوونی نیوەی جۆرەکان لەسەر زەوی، ڕێک وەک ئەوەی پێش دوو دەیە زیاتر، لە لادێکەی ڕوویدا.   


درەو: بۆ هەر پەرلەمانتارێكی عێراق مانگانە (25 ملیۆن) دینار خەرج دەكرێت، بۆ موچەی خۆی و ستاف و كرێی خانووی پەرلەمانتارە.   ئەو پارەیەی كە مانگانە دەخرێتە ژمارە بانكی پەرلەمانتارێكی عێراق بەم شێوەیەیە:  •    كۆی موچەی مانگێكی پەرلەمانتار: (7 ملیۆن و 400 هەزار ) دینارە،  (5 ملیۆن) دینار موچەی بنەڕەتی و (2ملیۆن و 400) هەزار دینار دەرماڵەی میوانداریی. •    مانگانە بڕی ( 3 ملیۆن) دینار بۆ كرێی خانوو یان شوقەی پەرلەمانتار خەرجدەكرێت •    مانگانە بڕی ( 15 ملیۆن و 200هەزار) دینار دەخرێتە سەر ژمارە بانكی پەرلەمانتارێكی عێراق، بۆ ستافێكی (16) كەسی لە ( پاسەوان و سكرتێر و راگەیاندندكار)بۆ پەرلەمانتارێك دابین دەكرێت، موچەی هەریەكێكیان (950 هەزار) دینارەو دەكاتە ( 15 ملیۆن و 200 هەزار) دینار، پەرلەمانتار خۆی ئازادە لە شێوازی دابەشكردنی، بەشێك لە پەرلەمانتاران ئەو بڕە پارەیە نادەنە ئەو ستافەو برێكی كەمیان دەدەنێ و دەوامیان پێناكەن •    كۆی گشتی ئەو پارەیەی بۆ پەرلەمانتارێكی عێراق مانگانە خەرج دەكرێت بریتیە لە ( 25 ملیۆن و 200 هەزار) دینارە لەگەڵ چەند ئیمتیازێكی تر. •    ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق (329) كەسە، كۆی ئەو پارەیەی بۆیان خەرج دەكرێت دەكاتە ( 8 ملیار و 290 ملیۆن) دینار. •    لەدوای تەواو بوونی چوار ساڵی پەرلەمانتاری خانەنشین دەكرێت ئەوانەی تەمەنیان (45) ساڵ و (15) ساڵ خزمەتیان هەیە.    


درەو: ئێرانیەكان لە پارتی دیموكراتی كوردستان توڕەن "بەڵێنەكەتان شكاند" نێچیرڤان بارزانی نیگەران بووە لەو شێوە بەشداریكردنەی پارتی، بافڵ تاڵەبانی وتویەتی" نابمە بەشێك لە تێكدانی ناو ماڵی شیعە". لە دانیشتنی یەكەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراقدا ململانێكان چوونە قۆناغێكی ترەوە، مەسعود بارزانی و محەمەد حەلبوسی چوونە بەرەی سەدرەوە، چوار چێوەی هەماهەنگی كۆبونەوەكەیان بایكۆتكرد، فراكسیۆنی یەكێتیش بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی دانیشتنەكەیان جێهێشت، خەریكە مەشهەدە سیاسیەكان رونتر دەبێتەوە، دابەشبوونی لایەنەكان بەسەر جەمسەرەكاندا دەركەوتوون، لایەنە كوردیەكان دابەشبوون بەسەر سێ ئاراستەدا، پارتی بۆ لای سەدریەكان و یەكێتی بایكۆت و لایەنەكانی تریش ئۆپۆزسیۆن، سونەكان دابەشبوون تەقەدوم و عەزم بۆلای سەدریەكان و مەشهەدانی بۆلای چوارچێوەی هەماهەنگی و بەشێكیشیان خۆیان دوورگرتووە، شیعەكانیش بۆ دوو جەمسەری ناكۆك دابەشبوون.  ئێرانیەكان توڕەن پێشتر ئیرانیەكان چەند جارێك سەردانی هەولێر و سلێمانیانكرد، بەڵێنیان لە پارتی و یەكێتی وەرگرتبوو كە نەبنە بەشێك لە ململانێكانی ناو ماڵی شیعە و تا خۆیان یەكلا نەكەنەوە بەشداری لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا نەكەن، بەڵام پارتی بەرەی سەدری هەڵبژاردو یەكێتیش بایكۆت.  بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) ئێرانیەكان توڕەن لە هەنگاوەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و سونەكان بۆ درووستكردنی زۆرینە لەگەڵ سەدریەكان، ئێرانییەكان بە روونی رایانگەیاندووە ئێمە لە سەدرییەكان نیگەران نین، بە پلەی یەكەم لە پارتی دیموكراتی كوردستان و خودی مەسعود بارزانی نیگەرانین، چونكە ئەوان بەڵێنیان دابوو نەبنە بەشێك لە كێشەكانی ناوماڵی شیعەو تا خۆیان یەكلا نەكەنەوە نەچنە بەشدار نەبن لە هیچ پرۆسەیەكدا بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق، بەڵام پارتی بەرەی سەدریەكانی هەڵبژاردوو، كێشەی ناو ماڵی شیعەی لە قازانجی سەدر یەكلاكردەوە، ئێرانیەكان بەروونی رایانگەیاندووە كە ئەم هەڵوێستە قبوڵناكەن، چونكە ئەو هەنگاوەی حەلبوسی و بارزانی بە پلەی یەكەم دژی ئێران بووە نەك لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی. بە پێی زانیاریەكانی (درەو) نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دوو رۆژ پێش دانیشتنەكەی پەرلەمانی عێراق بەروونی بە سەرۆكی پارتی و مەكتەبی سیاسی حزبەكەی راگەیاندووە، بڕیاری بەشداریكردن و چونە بەرەی سەدر بڕیارێكی درووست نیە، بەروونی وتویەتی، ئێمە چی قازانجێكمان كردووە لە سەدریەكان، ئەوان چییان بۆ كردین لە بودجەی هەرێم و تا ئێستاش سەدر پێی وایە پێشمەرگە میلیشیایە، ئێتر ئەم بڕیارە لە پێناو چی؟ ئەمە سەرەرای ئەوەی ئێمە دەبینە بەشێك لە كێشەكانی ناو ماڵی شیعەو دەبینە بەشێك لە بەرەی دژ بە ئێران لە كاتێكدا ئێمە بەڵێنمان داوە كە نەبینە بەشێك لە كێشەكانی ناو ماڵی شیعەو تا خۆیان یەكلا نەكەنەوە بەشداری لە هیچ پرۆسەیەكدا نەكەین. هەنگاوە سێقۆڵیەكەی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) تەنیا رەهەندی ناوخۆیی نیە بەڵكو بەشێكە لە ئەجێنداو ململانێیەكی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، ئەوەی دوێنێ روویدا بەروونی سەرخستنی ئەجێندای ( ئەمریكا و بەریتانیا و ئیمارات و توركیا) بوو بەسەر بەرەی ئێرانی ( مالكی، عامری، تاڵەبانی).   یەكڕیزییەكەی پارتی و یەكێتی پارتی و یەكێتی بە وەفدێكی هاوبەش لە بەغداد بوون، بەڵام بافڵ تاڵەبانی لە بەغدا و مەسعود بارزانی لە پیرمام بڕیاری یەكلاكەرەوەیان دەدا، ئەمە یەكڕیز و وەفدی هاوبەشی نێوانیانی هەڵوەشاندەوە. بارزانی بڕیاری خۆیدا لەگەڵ سەدر و حەلبوسی رێككەوتنی كردو پرسەكانی تێپەڕاند، بافڵ تاڵەبانیش بڕیاریداو فراكسیۆنەكەی لە هۆڵی پەرلەمان كشاندەوە. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە ئێمە نابینە بەشێك لە كێشەو ململانێكانی ناو ماڵی شیعە، وەك چۆن نامانەوێت ئەوانیش ببنە بەشێك لە كێشەكانی ناو ماڵی كوردی، هەرچەندە باس لەوە دەكرێت كە بافڵ تاڵەبانی لەسەر پێشنیازی ئێرانیەكان لە هۆڵی پەرلەمان كشاوەتەوە، ئێرانیەكان پێیان راگەیاندووە، ئەگەر لەم قۆناغەشدا سودمەند نەبن، ئێمە لە داهاتوودا قەرەبووی ئەو هەڵوێستەتان دەكەینەوە.  بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) سەدرییەكان چەند جارێك پەیوەندییان بە بافڵ تاڵەبانیەوە كردووە و پێیان راگەیاندووە، دەمانەوێت لەگەڵمان بن، پاڵپشتان دەبین لە دانانی سەرۆك كۆمارو ئەو كاندیدەی خۆتان دەتانەوێت و پێدانی پۆستی وزاری پێتان، بەڵام بافڵ تاڵەبانی بەو پێشنیازانە رازی نەبووەو وتویەتی نامانەوێت ببینە بەشێك لە كێشەی ناو ماڵی شیعە.  ململانێی سەرۆك كۆمار زۆرینەی پەرلەمانی ( سەدر، بارزانی ، حەلبوسی) دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان بۆخۆیان برد و سەرۆكە سونیەكەیان بۆ حەلبوسی مسۆگەر كرد بەدەنگی (200) ئەندام واتا (61%)ی ئەندامانی پەرلەمان، ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بن، دەتوانن بە ئاسانی سەرۆك وەزیران بۆ سەدریەكان مسۆگەربكەن و سەرۆك كۆماریش بۆ پارتی، چونكە خۆیان زۆرینەن و ئەتوانن بە ئاسانی هەموو بڕیارێك تێپەڕێنن. تا ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان بە حەزەرەوە باس لە پرسی سەرۆك كۆمار دەكات، نایەوێت لەوە زیاتر یەكێتی نیگەران بكات، ئەوان دەیانەوێت فشار لەسەر یەكێتی درووست بكەن بۆ گۆڕینی كاندیدی سەرۆك كۆمار، چونكە تا ئێستا بەرپرسانی یەكێتی باس لەوە دەكەن تاكە كاندیدیان ( بەرهەم ساڵًح)ە كە لەلایەن مەسعود بارزانیەوە ڤیتۆی لەسەرە. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) پارتی بە یەكێتیان راگەیاندووە كە ئەوان دەبێت لانی كەم دوو كاندید پێشكەشبكەن و رەزامەندی بارزانی لەسەر یەكێكیان بێت، نیازی پارتی ئەوەیە كە یەكێتی كەسێكی تر لە بری بەرهەم ساڵح كاندید بكات و بیكەن بە كاندیدی كورد. ئەمە سەرەرای ئەوەی زۆرینەكەی ( سەدر، بارزانی، حەلبوسی) دەیانەوێت تەواوی پۆست و جومگە سەرەكیەكانی عێراق لە دەستی خۆیاندا بێت و خۆیان بڕیار لەسەر پرسە گرنگەكان بدەن و هیچ پۆست و كەس و لایەنێك رێگر نەبێت لە جێبەجێكردنی ئەجێنداكانیان بۆ چوار ساڵی داهاتوو، ئەم بەرە سێقۆڵیە دەیانەوێت پێكەوە هەرسێ سەرۆكایەتیەكە كۆنترۆڵ بكەن، حەلبوسی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەدر سەرۆكایەتی حكومەت و پارتیش سەرۆكایەتی كۆمار، بۆیە بارزانی نایەوێت كەسێك لە سەرۆكایەتی كۆمار بێت پێچەوانەی ئەچێنداو روانینی ئەو بێت. ئەوەی پەیوەندی بەناوخۆی یەكێتیشەوە هەیە، تا ئێستا بافڵ تاڵەبانی پشتیوانی لە بەرهەم ساڵح دەكات، ناوی د. خەسرەو گوڵ محەمەد و عیماد ئەحمەد بەگەرمی دێت، د. لەتیف رەشید چاوی لە پۆستەكەیەو چەند جارێك بەرپرسانی پارتی بینیوەو پێی راگەیاندوون، ئەگەر ئێوە كاندیدی خۆتان دەبێت من خۆم كاندید ناكەم ئەگەر بەرهەم ساڵح كاندید بێت منیش خۆم كاندید دەكەم. ئێستا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرگای خۆپاڵاوتنی كردووەتەوە بۆ سەرۆك كۆماری عێراق،      


 شیكاری: درەو  ئەو (٣٢٩) پەرلەمانتارەی عێراق كە دوێنێ سوێندی یاساییان خوارد بە سەرجەمیان (٤ ملیۆن) دەنگیان بەدەستهێناوە لەكۆی (22 ملیۆن) كەس كە مافی دەنگدانیان هەبووە، (18 ملیۆن) كەس دەنگیان پێنەداون، بەم جۆرەش ئەندامانی خولی ئێستای پەرلەمانی عێراق بە ڕێژەی (١٨%)ی دەنگی دەنگدەرانی عێراق گەیشتوون بە پەرلەمان! بەهۆی سیستمی هەڵبژاردنەوە، کاندیدی سەرنەکەوتوو هەیە ژمارەی دەنگەکەی زۆرترە لە دەنگی (٣١٥) لەو کانیدانەی سەرکەوتوون بۆ ئەنجومەنی نوێنەران. زیاتر لەوەش ئەو دەنگەی بەدەستی هێناوە زیاترە لە دەنگی (٨) کاندیدی سەرکەوتوو پێکەوە! ئەنجامی هەڵبژاردن رۆژی 30/11/2021 دەستەی دادوەریی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، دوای پێداچوونەوە بە تانەکاندا، ئەنجامی کۆتایی و پەسەند کردو ناوی کاندیدە سەرکەتووەکانی بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە. هەر بەپێی ئەنجامەکان، ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە (٢٢ ملیۆن و ١١٦ هەزار و ٣٦٨) هاوڵاتی عێراقی بوونە، بەڵام کۆی ژمارەی دەنگدەران گەیشتووەتە (٩ ملیۆن و ٦٢٩ هەزار و ٦٠١) دەنگ، ئەوەش دەکاتە ٤٤٪ی کۆی ژمارەی دەنگدەرانی عێراق. هاوکات ٨٪ی دەنگەکانیش پووچەڵبوون، کە دەکاتە (٧٢١ هەزار و ٩٧٩) دەنگ، بەو پێیەش (٨ ملیۆن و ٨٧١ هەزار و ٦١٢) دەنگیان بە ڕاستەقینە هەژمار کراوەن. بەپێی دوا زانیارییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن (٢١) هاوپەیمانی و (١٠٨) حیزبی سیاسی (٧٨٩) کاندیدی سەربەخۆ لە ڕێگەی (٣ هەزار و ٢٢٥) کاندیدەوە بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کردووە. کاندیدە سەرکەوتووەکان (١٣٨) یان لە هاوپەیمانێتییەکان و (١٤٨) کاندیدی حیزبە سیاسییەکان (٤٣) یان سەربەخۆ بوونە، دیارتیرین لایەنە سەرکەوتووەکانیش بریتین لە رەوتی سەدر (٧٣) كورسی و هاوپەیمانی تقدم (محەمەد حەلبوسی): (٣٧) كورسی و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا (نوری مالیكی) (٣٣) كورسی و پارتی دیموكراتی كوردستان: (٣١) كورسی  (بۆ وردەکاری ئەنجامەکان بڕوانە پاشکۆی ڕاپۆرتەکە) کاندیدی ئافرەت لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت (٢٥%)ی پێکهاتەی ئەنجومەنی نوێنەران لە ئافرەتان پێکبێت، واتە لە (٣٢٩) کورسی پەرلەمان دەبێت بە لانی کەمەوە (٨٣) نوێنەریان ئافرت بن، بەو هۆکارەش عێراق دابەشی (٨٣) بازنەی هەڵبژاردن کرا. بەڵام بەپێی ئەنجامەکانی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمسیۆن (٩٥) کاندیدی ئافرەت و بە ڕێژەی (٢٨.٨٧%) سەرکەوتوون بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، جێی ئاماژەیە لەو (٩٥) کاندیدە ئافرەتە تەنها (٣٨) کاندیدیان بە کۆتا سەرکەوتوون (٥٧) کاندیدیان ڕێژەی دەنگی پێویستیان بەدەستهێناوە.  ڕیزبەندی 10 کاندیدی سەرکەوتووی خاوەن زۆرترین دەنگ بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ئەو (١٠) کاندیدە سەرکەوتووەی زۆرترین دەنگیان بەدەست هێناوە، سەرجەمیان لە ڕەگەزی نێرن و کانیدیدی یەکەمیان (یەکگرتوو)ەوە و لە پارێزگای دهۆک (٥٦ هەزار و ٧٠٢) دەنگی بەدەستهێناوەو (٦) کاندیدیان لە (پارتی دیموکراتی کوردستان)ن (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) ڕیزبەندی 10 کاندیدی سەرکەوتووی خاوەن کەمترین دەنگ بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەو (١٠) کاندیدەی بە کەمترین دەنگ سەرکەتوون سەرجەمیان لە ڕەگەزی (مێ)ن و (٨) کاندیدی یەکەمیان بە کۆتا سەرکەوتوون، دوو کاندیدی کۆتاییان (واتە نۆیەم و دەیەمیان) دەنگی پێویستیان لە بازنەکانی خۆیا بەدەست هێناوەو بەبێ سیستمی کۆتا سەرکەوتوون، ئەو کاندیدە سەرکەوتووەشی کەمترین دەنگی بەدەستهێناوە لە بازنەی (٣) پارێزگای کەربەلایەو تەنها (هەزار و ٧٣٠) دەنگی بەدەستهێناوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (٢)) نادادپەروەری لە ئەنجامی هەڵبژاردن  یەکەم: بەپێی داتاکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن، ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە (٢٢ ملیۆن و ١١٦ هەزار و ٣٦٨) هاوڵاتی عێراقی بوونە، بەڵام کۆی ژمارەی دەنگدەران گەیشتووەتە (٩ ملیۆن و ٦٢٩ هەزار و ٦٠١) دەنگ، ئەوەش دەکاتە نزیکەی ٤٤٪ی کۆی ژمارەی دەنگدەرانی عێراق. هاوکات ٨٪ی دەنگەکانیش پووچەڵبوون، کە دەکاتە (٧٢١ هەزار و ٩٧٩) دەنگ، بەو پێیەش (٨ ملیۆن و ٨٧١ هەزار و ٦١٢) دەنگیان بە ڕاستەقینە هەژمار کراوە. بەڵام بەپێی داتاکانی کۆمسیۆن ئەو (٣٢٩) کاندیدەی سەردەکەون بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە سەرجەمیان (٤ ملیۆن و ٦٨ هەزار و ٦٢٧) دەنگیان بەدەستهێناوە (بڕوانە پاشکۆی ڕاپۆرتەکە)، بەم جۆرەش بێت ئەندامانی خولی داهاتووی عێراق بە ڕێژەی (١٨.٤%)ی دەنگی دەنگدەرانی عێراق گەیشتوون بە پەرلەمان! دووم: بەهۆی سیستمی هەڵبژاردنەکەوە، سەرەڕای ئەوەی بەشێک لەو کاندیدانەی سەرکەوتوون لە بازنەکانی خۆیان، دەنگیان کەمترە لە کاندیدێکی سەرنەکەتووی بازنەیەکی تر، بە پێچەوانەوە ڕوویداوە. بۆ نمونە لە بازنەی (١)ی پارێزگای هەولێر کاندیدی ژمارە (٢٤) کە (فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی)یەو لە نێو کاندیدە دەرنەچووەکان لەسەر ئاستی سەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردنی عێراق زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوەو کە (٢٧هەزار و٦٠٤) دەنگە، ئەو ژمارە دەنگەش زۆرترە لە دەنگی (٣١٥) لەو کانیدانەی سەرکەوتوون بۆ ئەنجومەنی نوێنەران. زیاتر لەوە، ئەو ژمارە دەنگەی ناوبراو بەدەستی هێناوە زیاترە لە دەنگی (٨) کاندیدی سەرکەوتوو پێکەوە کە بە کۆتا و کەمترین دەنگەیان هەیە لە نێو کاندیدە سەرکەوەتووەکان و هەر هەشتیان (٢٣ هەزار و ٩٦٨) دەنگیان بەدەست هێناوە (بگەڕێوە خشەتی ژمارە (2))      پاشکۆی ڕاپۆرت وردەکاری ئەنجامەکانی هەڵبژاردن  


 (درەو): وەفدی هاوبەشی پارتی‌و یەكێتی لە بەغداد بەبێ ئەنجام هەڵوەشایەوە، یەكێتی بایكۆتی دەنگدان بە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق دەكات.  وەفدی هاوبەشی پارتی‌و یەكێتی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان سەبارەت بەپێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، هەڵوەشایەوە.  ئەم وەفدە هاوبەشە كە (عیماد ئەحمەد) ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی سەرۆكایەتی دەكرد، ئەركەكەی تەنیا چەند كۆبونەوەیەك بوو لەگەڵ رەوتی سەدرو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی‌و لایەنە سوننەكان.  وەفدەكە لەكاتێكدا سەردانی بەغدادی كرد، پێشوەختە، پارتی رێككەوتنی خۆی لەگەڵ رەوتی سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن كردبوو.  لەكاتێكدا وەفدەكەی عیماد ئەحمەد لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان لە بەغداد گفتوگۆی دەكرد، پارتی لە هەولێرەوە رێككەوتنی خۆی لەگەڵ سەدرو سوننەكان یەكلاكردەوە.  ئێستا یەكێتی لە پارتی نیگەرانە‌و پێیوایە فێڵی لێكراوە، بۆیە پەرلەمانتارانی یەكێتی كە ژمارەی (18) كەسە، ئێستا لە هۆڵی پەرلەمانی عێراق چونەتە دەرەوە‌و دەنگ بە هەڵبژاردننی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی نوێی عێراق نادەن.  پارتی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان وەردەگرێت‌و (شاخەوان عەبدوڵا)ی كاندید كردووە، یەكێتی دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی نادات، ئەمەش وادەكات، پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەنگ بۆ كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار نەدات كە پشكی یەكێتییە.  بەگشتی ناكۆكی ئێستای یەكێتی لەگەڵ پارتی لەسەر دوو خاڵ چڕبوەتەوە، كە ئەمانەن:  یەكەم: یەكێتی پێیوایە پارتی فێڵی لێكردووە‌و بەجیا خۆی رێككەوتنی لەگەڵ رەوتی سەدر كردووە دووەم: پارتی ڤیتۆی لەسەر (بەرهەم ساڵح) هەیە‌و نایەوێت بۆ جاری دووەم بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید بكرێتەوە، یەكێتی هێشتا تاكە كاندیدی (بەرهەم ساڵح)ەو نایەوێت كاندیدی خۆی بگۆڕێت بەمدۆخەوە، پێشبینی دەكرێت سیناریۆی ساڵی 2018 دووبارە ببێتەوە، كاتێك پارتی‌و یەكێتی بە دوو كاندیدی جیاوازەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار چونە بەردەم پەرلەمان (بەرهەم ساڵح‌و فوئاد حسێن)، كاندیدی یەكێتی دەنگی زۆرینەی هێناو پۆستەكەی وەرگرت.   



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand