گوندی (پەرەخ)ێ چۆن تۆپبارانكرا؟
2022-07-21 14:39:10
درەو:
پێشتر سەربازانی توركیا ماڵ بە ماڵی گوندی پەرەخێی سنوری زاخۆیان ئاگاداركردووەتەوە كە دەبێت گوندەكەیان چۆڵبكەن، لە (11) گوندی ناوچەكە (پەرەخێ) تاكە گوندە كە چۆڵنەكرابێت.
لە تۆپبارانەكەی گوندی (پەرەخ)ێی سەربە ناحیەی دەركاری سنوری قەزای زاخۆ كە (10) كوژراو زیاتر لە (20) برینداری گەشتیاری عەرەبی لێكەوتەوە، پێشتریش بە پێی راپۆرتی تیمی كوردستانی عێراقی (CPT) لە 15ی حوزەیرانی 2022 بەهۆی تۆپبارانی توركیاوە (2) جوتیاری گوندەكە برینداربوون، ساڵی رابردوو سەربازانی توركیا چوونەتە گوندەكەو پێیان راگەیاندوون كە دەبێت گوندەكە چۆڵبكەن، لە 2015 تا ئێستا بەهۆی تۆپبارانی توركیاوە (138) هاوڵاتی مەدەنی كوژراون.
لەكۆی (11) گوندی ناوچەكە هەموو گوندەكان چۆڵكراون تەنیا گوندی (پەرەخ)ێ ماوە، چوڵنەكرابێت و چەند جارێك سەربازانی توركیا ئاگاداری هاوڵاتیانی ناوچەكەیان كردووە كە چۆڵی بكەن.
لە نزیك گوندی پەرەخ دوو سەربازگەی توركیا (گرێ كۆخی) و (خامتیر) هەیە كە نزیكەی (2) كیلۆمەتر لەسەرەو گوندی (پەرەخێ)وە دوورن، ئەم سەربازاگانە زیاتر لە (10) كیلۆمەتر لەناو سنوری خاكی هەرێمی كوردستاندان.
ئەو ناوچەیە بەردەوام لەلایەن هێزەكانی توركیاوە تۆپباران كراوە،
بەپێی وتەی بەڕێوەبەری پێشوی ناحیەی دەركار تەنیا لە مانگی تەموزی 2020 دا توركیا (693) گولە تۆپ و (70) رۆكێتی ئاراستەی ناوچەكەیان كردووەو زۆرینەی گوندەكانی ناوچەكە زیانیا بەركەوتووە.