سوێد: لە (2021)دا (34)هەزار حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان تۆماركراوە

Draw Media

2022-07-24 14:46:57



درەو:

لە (العربی الجدید) وەرگیراوە


وڵاتی سوید بەدەست زیادبوونی دووجۆر توندوتیژیەوە دەناڵێنێت، یەکەمیان پەیوەندیدارە بە باندە چەکدارەکان کە تاوانی رێکخراو ئەنجامدەدەن، دووەمیان کوشتنی ژنانە. ئامارەکان ئاماژە بەوە دەدەن لە چوار ژن یەکێکیان رووبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە،تەنها لە ساڵی (2021)دا (34) هەزار حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان تۆمارکراوە. بە پێی راپۆرتێکی ئەنجومەنی رێگریکردن لە تاوان "ویستی نەهیشتنی تاوانی توندوتیژی بکوژ لە دژی ژنان رووبەڕوی ئاستەنگی زۆر دەبێتەوە، لەوانە نەبونی هەماهەنگی و سەرچاوەی پێویستە". وێنەیەکی تاریک لە توندوتیژی و تاوان وڵاتی گرتۆتەوە، پۆلیسی نیشتمانی سوید لە راپۆرتێکی 22 حوزەیرانی ئەمساڵدا رایگەیاند، لە ساڵی (2021) دا (16) ژن بە دەستی هاوبەشەکانی ژیانیان کوژراون، لە ساڵی (2020) دا (14) ژن بە هەمان شێوە کوژراون، لە ساڵی (2021) سێ پیاو لە لایەن ژنانەوە کوژراون. حکومەتی سویدی بەرنامەیەکی خستۆتەڕوو پێک دێت لە (40) خاڵ، ئامانج لێی وەستاندنی توندوتیژی پیاوانە لە دژی ژنان، پاشان بەرنامەکە لە ئەمساڵدا بۆ (99) بەند فروانکرا.
لە حوزەیرانی رابوردوودا، ستۆکهۆڵم هەنگاوێکی دیکەی نا لە رێگای پێشنیار کردنی پاکێجێک بۆ نەهێشتنی توندوتیژی، لە ناو پاکێجەکەدا زیادکردنی سەرچاوە بۆ نەهێشتنی توندوتیژی هەبوو، لە ساڵی (2019)  پۆلیسی نیشتمانی لە ستۆکهۆڵم رایگەیاند، دەستمانکردووە بە رێکاری پێویست بۆ رووبەڕوبوونەوەی توندوتیژی و کوشتنی ژنان لە لایەن هاوسەرەکانیانەوە، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی تاوانی باندەکانی ماددەی هۆشبەر و بازاڕی لەشفرۆشی لە چواردەوری شاردا، کاردانەوەی پۆلیس خێراتر بوو بە ناردنی مەفرەزەکان بۆ ئەو ناونیشانانەی دراوسێکان سکاڵایان دەکرد لە بوونی کێشەی نێوان هاوسەرەکان بەڵام ئەمە بەس نەبوو بۆ وەستاندنی توندوتیژی دژی منداڵان و ژنان تا دەگاتە کوشتن.
پۆلیس رووبەڕوی رەخنەیەکی زۆر بووەوە لەسەر سکاڵاکانی توندوتیژی دژی ژنان،ئەمەش وایکرد هەندێک لە بەرپرسان دان بە بوونی هەستی پیاوسالارانەی بەشێک لە پیاوە پۆلیسەکاندا بنێن، "بەڵام لەم دواییەدا پۆلیس توانای خۆی دەرخست، ئاستی لێکۆڵینەوەکانیان بەرز کردەوە، جددیتر مامەڵە لەگەڵ سکاڵاکان دەکەن".

لە ساڵی (2021) دا (16) ژن بە دەستی هاوبەشەکانی ژیانیان کوژراون


پێشتر پۆلیس گوێی لە ژنە قوربانییەکان دەگرت، ئامۆژگاری دەکردن بە وازهێنان لەو پیاوانەی کە توندوتیژن، بەڵام کەمپەینی (Me To) دژ بە هەراسانی سێکسی ئەم کارەی پۆلیسی بە پیاوسالارانە وەسفکرد، بەڵام یۆهانسۆن، سەرۆکی بەشی تاوان لە پۆلیسی ناوچەی باشوری ستۆکهۆڵم، دووپاتیکردەوە " پۆلیس هەمواری رێکارەکانی کردووە، چیتر هەوڵی رازیکردنی قوربانییەکە نادات بە بەجێهێشتنی ئەو کەسەی توندوتیژی ئەنجامدەدات بەرامبەری، بەڵکو تەرکیزیان لەسەر نێرینە تاوانکارەکە دەبێت کە توندوتیژی لە دژی مناڵان و ژنان لە خێزاندا ئەنجامدەدەن، ئەمەش پێوستی بە گۆڕانکاری لە هەڵوێست و عورف و زیادکردنی پشتیوانی ژناندا دەبێت".
پۆلیسی سوید ئاماژە دەکات بەوەی "زۆرینەی حاڵەتەکانی توندوتیژی کە پیاوان ئەنجامی دەدەن، پێشتر پێشینەی تاوانیان هەبووە بەڵام هەندێک لە تاوانباران کە ژن دەکوژن پێشتر دۆسییەی تاوانیان لای ئێمە نەبووە".
ئەوانەی لە پەیوەندی خۆشەویستیدان لە کاتی بوونی توندوتیژیدا بابەتەکە ئاڵۆزتر دەبێت، حکومەتی سویدی دان بە زیادبوونی لەم جۆرەی تاوانەدا ناوە، بەڵام ئەو پاکێجەی حکومەت دایناوە بۆ رێگری لە توندوتیژی ناو خێزان لە سەر ئاستی بڕیاری دادگاکاندا بەرهەمی هەبووە، بە تایبەت دوای هەمواری یاسای وەرگرتنی شاهێدی لە منداڵان.
هەروەها دەسەڵاتداران لە هەوڵدان بۆ چاککردنی پەیوەندی نێوان ئیدارە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ دادگاو کۆمەڵگەی مەدەنی، چونکە نەبوونی هەماهەنگی توندوتیژی زیاد دەکات، پۆلیس پێی وایە بۆ رێگریکردن لە تاوان، پێویستە بە باشی بۆ سەرنجی کچان و ژنان گوێبگیرێت، تێبینی بەرپرسەکانی پەروەردە لە قوتابخانەکان سەبارەت بە ئاماژەی کچان بۆ هەبوونی توندوتیژی لە چوارچێوەی ماڵەکاندا بە هەند وەربگیرێت.
دادگاکان ئەوانەی لەبەردەم منداڵدا توندوتیژی لە دژی ژنان ئەنجام دەدەن سزادەدەن، بەڵام چالاکوانەکان تاوانی "پێشێلکردنی سەلامەتی منداڵ" بە بینینی توندوتیژی لەسەر ژنان زیاددەکەن.
"تاوانی غیرەکردن"
ماریا بیلینگەر، زانای کۆمەڵناسی لە یەکەی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە ئەنجومەنی شارەوانی ستۆکهۆڵم دەڵێت "ئیستراتیژی نیشتمانی بۆ نەهێشتنی توندوتیژی لە دژی ژنان، پەیوەندیدارە بە تێگەیشتن لە کۆنسێپتی یەکسانی نێوان هەردوو رەگەز، پێویستە هەوڵەکان بۆ بڵاوکردنەوەی چەمکی یەکسانی چڕبکەینەوە تا توندوتیژی نەهێڵین، (26) شارەوانی ستۆکهۆڵم بەدەست کێشەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری گیرۆدەیە".
سوید روبەڕووی کێشەی نۆرمەکانی پیاوسالاری دەبێتەوە، بە تایبەت لە ناو ئەوانەی نوێن لە سوید و پەنابەرن، ئێلینور هالبێرۆ، شارەزا لە بواری توندوتیژی لە پەیوەندییەکان دەڵێت "بەرنامەی نوێ بۆ رووبەڕوبوونەوەی توندوتیژی بریتییە لە راهێنانەوەی پیاوانی تاوانبار بە توندوتیژی لە دژی ژنان کە چۆن زاڵببن بەسەر توڕەبوونیاندا، وابکەن کۆنترۆڵی غیرە کردنیان بکەن کە زۆر جار هۆکاری کوشتنی ژنانە".

لە ساڵی (2021)دا (34) هەزار حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان تۆمارکراوە


ئەو تاوانانەی لە لایەن خزم و هاوسەری ئێستا یان پێشوو ئەنجامدەدرێت لە ناو پەنابەران دا بە "تاوانی شەرەف" ناودەهێنرێت، بەڵام لە ناو سویدییەکاندا کە ئەم تاوانە ئەنجام دەدەن بە  "تاوانی غیرەکردن" ناوی دەبەن، هەستی غیرەکردن پاڵنەرە بۆ کوشتن، جگەلەوە کیشەی دەروونی وادەکات هەر کاتێک خۆشەویستەکەی بڕیاری کۆتایی پێهێنانی پەیوەندییەکەی دا خێرا پەنا بباتە بەرتوندوتیژی.
ئەنجومەنی سویدی بۆ رێگری لە تاوان دەڵێت، لە 80٪ تاوانی توندوتیژی و کوشتن لە ماڵی یەکێک لە لایەنەکاندا یان لە ماڵی هاوبەشیاندا روودەدات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کوشتنی هاوسەر پێشووتر ماوەیەکی درێژی لە هەڕەشە و توندوتیژی هەبووە، نیوەی حاڵەتەکانیش پێشتر سکاڵایان لەسەر توندوتیژی هەبووە.
لە ساڵی (2017)وە لە سوید ساڵانە (15) حاڵەتی کوشتن "تاوانی غیرەکردن" دژی ژنان ئەنجام دەدرێت، تەنها (3) حاڵەتیش لە دژی پیاوان بەڵام توندوتیژی هاوسەرە گەنجەکان زۆرتر دەگرێتەوە، ئەنجومەنی سویدی بۆ رێگری لە تاوان نیگەرانە لە بەرزبوونەوەی توندوتیژی لە ناو ئەوانەی تەمەنیان لە خوار (25) ساڵەوەیە، لە هەمان کاتدا جەخت لە رۆڵی بەرچاوی قوتابخانەکان  لە رێگریکردن لە توندوتیژی نێوان هاوبەشەکان دەکات لە تەمەنی هەرزەکارییاندا.
بە پێی راپۆرتێک کە سەرەتای ئەمساڵ ئەنجومەنی کۆمەڵایەتی سویدی بڵاوی کردەوە، بریتیبوو لە پێداچونەوەی (75) حاڵەتی توندوتیژی کە تیایدا مندالان و ژنان گیانیان لەدەستدابوو، ئاماژە بە بوونی "(30) گرفت لە تۆڕی ئاسایشی کۆمەڵایەتیدا کراوە، وەڵامدانەوەی توندوتیژی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاری، تەندروستی، پۆلیس و قوتابخانەکانیش دەگرێتەوە، قوربانی تاوانەکان لە پەیوەندی چڕدا بوون لەگەڵ دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکاندا بەڵام پشتیوانی پێویست نەکراون".
دەسەلاتدارانی کۆمەڵایەتی سوید ئاماژە بەوە دەکەن کە "تاوانی توندوتیژی ناو ماڵەکان جیاوازە لە تاوانەکانی تر، ئەوان بە تێکڕا تەمەنییان لە قوربانییەکە گەورەترە، ژیانێکی ئارامتریان هەیە، خاوەنی کاری خۆیانن". لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن نیوەی بکوژانی ژن پێشینەی تاوانیان نەبووە، تەنها یەک لەسەر چواری تاوانبارانی توندوتیژی لە دژی ژنان پیشتر دۆسییەی تاوانیان هەبووە یان بە تاوانێکی توندوتیژی پێشتر ئیدانە کراون.
پیش چەند ساڵێک، سوید بە توندی مامەڵەی لەگەڵ بچوکترین ئاماژەی توندوتیژی خێزانی دەکرد، منداڵەکانیان دەگواستەوە بۆ خێزانی تر، لە ساڵی (2020) ئەمە بووە هۆکاری ناڕەزایەتییەکی فراوانی کەمایەتی پەنابەران کە لەو وڵاتەن.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand