موقتەدا سەدر وەک مۆدێل

Draw Media

2022-07-30 14:32:56



مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

موقتەدای سەدر و ھەوادارەکانی دیاردەیەکی سیاسیی ناو عێراقی ئەم دوو دەیەی دوایین. تێگەیشتن لەم دیاردەیە پێویستی بە زمانێکی تیوریی ھەیە کە بتوانێت ئاکارە سەرەکییەکانیمان بۆ شیبکاتەوە و نیشانبدات. لەم نووسینەدا من لەسەر دوو چەمک دەوەستم کە پێموایە توانای ئەنجامدانی بڕێک لەو کارەیان ھەیە. 
یەکەمیان چەمکی ”بکەری نادەوڵەتی“یە، Non-state actors. 
دووھەمیان چەمکی ”دوو دەوڵەتی“یە، یان دەوڵەتی مزدەوەج، ،The Dual State. 
”بکەری نا دەوڵەتیی“ بە کۆی ئەو تاکەکەس و ئۆرگان و دەزگایانە دەگوترێت کە بەشێک نین لە دەوڵەت، بەڵام خاوەنی ھێز و سەرمایە و نفوزی تایبەتن و وەک دەوڵەت لەناو دەوڵەتدا، یان دەوڵەت لەپاڵ دەوڵەتدا، کاردەکەن. ئەگەر دەوڵەت خاوەنی ژێرخانێکی بیرۆکراتی فەرمیی و خاوەنی دەسەڵاتێکی یاسایی و ڕەوایەتی بێت، ھاوکات ڕوویشی لە سەرجەمی کۆمەڵگا وەک گشتێک بێت، واتە ڕووی لە ”گەل“، یان لەو ”نەتەوە“یە بێت کە حوکمڕانیی دەکات و بەڕێوەیدەبات، ئایدیالە سیاسییەکانی ئایدیلێک بن لەگەڵ کۆی خواست و چاوەڕوانیی دانیشتوانەکەیدا بگونجێت، ئەوا ”بکەری نادەوڵەتیی“ ھەڵگری ئەم ئاکارانە نییە، بە تایبەتی ئەگەر ئەو بکەرە نادەوڵەتییە خاوەنی ئاکارێکی تائیفیی بێت و تائیفیەت شوناسە سەرەکییەکەی دەستنیشان و ئاراستە بکات. لەم دۆخانەدا ”بکەری نا دەوڵەتیی“ لە دۆخی تەماھیکردنێکی ڕاستەوخۆدایە لەگەڵ بەشێک لە دانیشتوان و پارچەیەک لە پارچەکانی کۆمەڵگادا. خۆ ئەگەر ئەو بکەرە نادەوڵەتییانە خاوەنی چەک و سوپای ئاشکرا یان نھێنی بن، توانای بەکارھێنانی توندوتیژیان ھەبێت، ئەوا دۆخی ئەو ژینگە سیاسییەی لەناویدا ئامادەن تەواو ئاڵۆز و ترسناک، دەکەن. ئەم جۆرە بکەرانە دەتوانن ھێزە سەربازییەکانیان،  سوپا ئاشکرا یان نھێنییەکانیان، بەکاربھێنن بۆئەوەی بەڕاستی دەزانن، بەسەر خودی دەوڵەت و کۆمەڵگادا، بیسەپێنن. ئەم جۆرە بکەرە نادەوڵەتییانە دەتوانن سیاسەتی تایبەت و سەربەخۆ، ھێزی چەکداری سەربەخۆ، میدیای سەربەخۆ، ژێرخانی خزمەتگوزاریی سەربەخۆشیان ھەبێت. ئەم گشتەش لە پاڵ دەوڵەت و تەریب بە دەوڵەت و زۆرجاریش ناکۆک بە دەوڵەت، ئامادە و دەستبەکاربێت. لە بەشێک لە وڵاتەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەم بکەرە نادەوڵەتییانە، زۆربەی جار بکەری تائیفین. لە لوبنان و سوریا و یەمەن و عێراقدا بە ئاشکرا دەبینرێن و چالاکن. دەکرێت جوڵانەوەکەی موقتەدای سەدر وەک دەرکەوت و فۆرمێک لە فۆرمەکانی ”بکەری نادەوڵەتیی“ تائیفی، ببینین.  


چەمکی دووھەم، وەک وتمان، چەمکی  ”دوو دەوڵەتیی“، یان ”دەوڵەتی مزدەوەج“ە. ئەم چەمکە ھێما بۆ دۆخێکی تایبەت دەکات تیایدا لەباتی ئەوەی لە ژینگەیەکی سیاسیدا تەنھا یەک دەوڵەت ھەبێت و ئەو دەوڵەتە ھی ھەمووان بێت، دۆخی دوودەوڵەتیی یان فرەدەوڵەتیی لە ئارادایە. لە ئەدەبیاتی سیاسیدا دۆخی ”دوو دەوڵەتیی“ بەو دۆخە دەگوترێت کە تیایدا لەپاڵ دەوڵەتی فەرمیدا، ئۆرگان و ڕێکخراوی تر ھەن دەتوانن و توانای ئەوەیان ھەیە وەک دەوڵەتی دووھەم لەناو ھەمان دەوڵەتدا ھەڵسوکەوت بکەن. لە پێش ھەمووشیانەوە توانای بەکارھێنانی توندوتیژییان ھەیە. ئەم دوڵەتی دووھەمە گوێ بە یاسا و دەزگاکانی دەوڵەتە فەرمیەکە خۆی نادات. ئەگەر دەوڵەتی فەرمیی توانای دەرکردنی یاسای ھەبێت، ئەوا ئەم دەوڵەتی دووھەمە توانای پێشێلکردنی ئەو یاسایانەی، ھەیە. ئەو توندوتیژییەش کە دەشێت ئەم دەوڵەتی دووھەمە بەکاریبھێنێت، پێویستی بە مۆڵەتی دەوڵەتە فەرمیەکە نییە. بە مانایەکی تر، دەوڵەتی دووھەم توانای پێشێلکردنی سەرجەمی ئەو یاسایانەی ھەیە کە دەوڵەتی یەکەم بۆ ڕێکخستنی ژیانی سیاسیی و ئابوریی و کۆمەڵایەتیی دەریکردوە ، لە پێش ھەمووانیشەوە پێشێلکردنی یاسای مۆنۆپۆڵکردنی بەکارھێنانی توندوتیژیی لەلایەن دەوڵەتی فەرمی خۆیەوە. لەم جۆرە دۆخەدا باس لە بوونی ڕێکخراو و دەزگا و ھێز و گروپی تایبەت دەکرێت، کە لە دەرەوەی یاسادا و دژ بەیاسا، سەرجەمی ئەو کارانە ئەنجامئەدەن کە دەوڵەت پێیان ھەڵدەستێت، لە پێش ھەمووانیشەوە بەکارھێنانی توندوتیژیی. پێشێلکردنی یاسا لەم دۆخەدا لەوەدەکەوێت پێشلێکردنێکی تاکەکەسیی و بەڕێکەوت بێت، بەڵکو دەبێتە پێشێلکردن و بێیاساییەکی دەزگایی ڕێکخراو. 
ھێزەکەی موقتەدا سەدر ھەردوو پێناسەکەی بەسەردا دەسەپێت و ئاکاری ھەردووکیانی تێدایە. لەمەش بترازێت، ئەم ھێزە بەر لە ھەمووشتێک ھێزێکی شیعییە، پاڵنەری سەرەکیی ھەڵسوکەتە سیاسییەکانی بەھێزکردنی پێگەکەی خۆیەتی لە بەرامبەر و لە پەیوەندیدا بە ھێزە شیعییەکانی ترەوە. ئەوەی، بە پلەی یەکەم دەیجوڵێنێت، ئەوەی بڕیارئەدات ئەم ھێزە چیبکات، ململانێ گەورەکەیەتی لەگەڵ ھێزە شیعەکانی تردا. گوتارە عێراقییەکەشی، کە ھەندێک کەس بە ”ناسیۆنالیزمی عێراقیی“، یان بە ”نیشتیمانپەروەریی عێراقیی“ ناویدەبەن، ئامرازێکە لە ئامرازە سەرەکییەکانی خۆجیاکردنەوەی ئەم ھێزە لە ھێزە شیعیەکانی تر و ئیدارەدانی ململانێکانی لەگەڵ ئەواندا، بە مەبەستی خۆکردن بە گەمەکەری ژمارە یەکی شیعە لە عێراقدا. بە مانەیەکی تر، بۆ ئەوەی لە موقتەدا سەدر و ھێزەکەی تێبگەین، پێویستە، بەر لە ھەمووشتێک، لەناو ململانێکانی ئەو کایە سیاسیی و دینییەدا نیشتەجێیبکەین کە کایەی سیاسیی و دینیی شیعەیە لە عێراقدا. 


خاڵێکی دیکە بینینی ئەو ڕاستییە کە ئەم ھێزە، وەک زۆرێک لە ھێزە شیعیەکانی تر، لە ڕاستیدا وەک زۆرێک لە ھێزە سەرەکیی و بەھێزەکانی تری ناو عێراق بە کورد و سونەشەوە، ئەمیش بکەرێکی نادەوڵەتیی، یان دەوڵەتە لەناو دەوڵەتدا. ھەوڵدان بۆ بوونی بە ھێزی ژمارە یەکی ناو کایەی سیاسیی شیعە و ئیدارەدانی ئەم ململانێیە، ئەم پیاوە و ھەوادارەکانی بەرەو ھەڵگرتنی گوتاری ناسیۆنالیزمی عێراقی بردوە، نەک بوونی دونیابینییەکی سیاسی کە تیایدا عێراق وەک ”نیشتیمانێکی ھاوبەش“ و ”عێراقیبوون“ وەک بنەمای ”ھاوڵاتیبوونێکی یەکسان“ و ”یاسایی“، ئاراستەیبکات. ئەم ھەڵسەنگاندنە بۆ ھێزە سیاسییەکانی تری ناو عێراق، بە کورد و سونەشەوە، ڕاستە. 
لەمانەش بترازێت، ھێزەکەی موقتەدا سەدر، چ وەک دەوڵەتێک لە ناو دەوڵەتدا، یان وەک بکەرێکی نا دەوڵەتی، وەک ھێزە سیاسییە خاوەن نفوزەکانی تری ناو عێراق، خاوەنی پەیوەندیی دیپلۆماسیی و پەیوەندیی ئیقلیمی سەربەخۆیە، لە دەرەوەی پەیوەندییە فەرمییەکانی دەوڵەتی عێراق خۆیدا. ئەمەش وادەکات ئەو سەربەخۆبوونە ناوەکییەی کە وەک بکەری نادەوڵەتیی ھەیەتی، بە کۆمەڵێک پەیوەندیی ئیقلمییەوە گرێبدات و بەمەش ھێزێکی زیاتر و توانایەکی گەورەتر لە مانەوە و بەردەوامبووندا، بەدەستبھێنێت. بەڵام ھاوکات ئەم دۆخە وادەکات، ئەم جۆرە ھێزانە، تەنھا ھەڵگری خواست و تەماحی ناوەکیی خۆیان نەبن، یان ھەڵگری خواست و تەماحی ئەو گروپانەی ئەوان لەناو وڵاتەکەدا نوێنەرایەتیان دەکەن، بەڵکو ھاوکات ھەڵگری خواست و تەماحی ھێزە ئیقلمییەکانی دەوروبەریشیان بن. 
مۆدێلی ھێزەکەی موقتەدا سەدر مۆدێلی باڵادەستی سیاسەت و حوکمڕانییە لە عێراقدا، ھێزە خاوەن نفوزەکانی ئەو وڵاتە ھەریەکەیان بەجۆرێک وەک موقتەدای سەدر و بزوتنەوەکەین. ئەم مۆدێلەش مۆدێلێکە نە دەتوانێت دەوڵەتێکی فەرمی سەربەخۆ و یەکگرتوو دروستبکات، نە دەتوانێت وڵاتەکەش وەک سەرزەمینێکی سیاسیی ھاوبەش لەنێوان کۆمەڵێک ھێز و لایەنی یەکسان بەیەکدا وێنا و مامەڵەبکات، نە دەشتوانێت لەژێر کاریگەریی و فشاری ئەو ژینگە ئیقلیمە پڕ ململانێیەدا بێتەدەر کە دەوری عێراقیان وەک وڵات داوە. ئەمەش ئەو بازنە بۆش و بەتاڵەیە کە مێژووی سیاسیی ئەو وڵاتە لەناویدا دەسوڕێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand