Draw Media

لێكەوتە سیاسییەكانی جەنگی روسیاو ئۆكراین لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان

لێكەوتە سیاسییەكانی جەنگی روسیاو ئۆكراین لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان

2022-07-21 09:59:51


درەو:
نوسینی: د. مەهدی ئەبوبەكر


پێشەكیی
هەرچەندە ئۆكراین و روسیا هەزاران كیلۆمەتر لە عێراق و هەرێمی كوردستانەوە دورن، هیچ هاوبەشییەكی مێژویی، كەلتوریی و زمان بە یەكتریانەوە نابەستێت، بەڵام ئەو جەنگەی فلادیمێر پۆتین سەرۆكی روسیا لە دژی ئۆكراین هەڵیگیرساندوە، ئەگەری ئەوە دێنێتە ئاراوە كە كاریگەریی و لێكەوتەی سیاسیی و ئابوریی بەسەر عێراق و هەرێمی كوردستانەوە جێبهێڵێت. 
بەو پێیەی هێشتا لەسەرەتاكانی جەنگەكەداین، بۆیە ئەنجام و لێكەوتە سیاسییەكانی سەبارەت بە خودی روسیاو ئۆكراین دیار نییە، بۆیە ئەنجام لێكەوتە سیاسییەكانی سەبارەت بە عێراق و هەرێمی كوردستان، زۆر نا رونترو تەمومژاوییە، لەبەر ئەوە هەر بۆچون و لێكدانەوەیەك لەو بارەیەوە؛ دەچێتە چوارچێوەی ئەگەر، گریمانەو پێشبینیی سیاسییەوە، نەك ئەنجامگیریی دڵنیاكەرەوەو كۆنكرێتیی. 
ئەوەی ئاشكرایە، عێراق و هەرێمی كوردستان؛ پەیوەندیی سیاسیی باشیان لە تەك روسیادا هەیە، بەرژەوەندی ئابوریی زۆروزەوەند پێكیانەوە گرێ دەدات. لە هەمانكاتدا عێراق، پەیوەندی سیاسیی دۆستانەی لە تەك ئۆكراینیش هەیە، لە بوارێكی بەرتەسكیشدا هەندێك بەرژوەندی ئابوریی لە نێوان هەردو وڵاتدا هەیە، بەڵام هەمو ئەو پەیوەندیانە، ناتوانن بەرچاوڕونی تەواومان لە بارەی لێكەوتە سیاسییەكانی جەنگی نێوان ئەو دو دەوڵەتە لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ فەراهم بكەن. 
لەم سەروەختەدا؛ دەتوانین لە رێگەی دو سیناریۆی جیاوازەوە، گریمانەو پێشبینی بۆ كاریگەریی و لێكەوتە سیاسییەكانی جەنگی روسیاو ئۆكراین لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان بكەین، هەر یەكێك لەو دو سیناریۆیە پەیوەستە بە ئارستە، كات و بەردەوامبونی جەنگەكەوە، بە جۆرێك ئەگەر ئاراستەی جەنگەكە بۆ جەنگێكی درێژخایەن سەربكێشێت، ئەوا سەرجەم خاكی ئۆكراین دەگرێتەوەو ماوەیەكی درێژ بەردەوام دەبێت، لەو حاڵەیشدا؛ كاریگەریی و لێكەوتە سیاسییەكانی جەنگەكە هەم بۆ لایەنە شەڕكەرەكان، هەم بۆ جیهان لە ناویشیدا عێراق و هەرێمی كوردستان جیاواز دەبێت لەوەی شەڕەكە، كورت مەودا بێت و لە چەند رۆژێكدا كۆتایی پێبێت. 
لێرەوە هەوڵدەدەین؛ لێكەوتەو كاریگەرییە سیاسییەكانی هەردو سیناریۆكە كە خۆی لە جەنگی درێژخایەن و كورتخایەندا دەبینیتەوە، لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان وەكو ئەگەر، پێشبینیی و گریمانە بخەینەڕو.


سیناریۆی یەكەم، جەنگی كورتخایەن:
مەبەستی سەرەكیمان لە شەڕی كورتخایەن ئەوەیە؛ ماوەی ئەو شەڕەی لە نێوان روسیاو ئۆكراین سەرهەڵداوە زۆر نەخایەنێت، لە ماوەی هەفتەیەك یان دو هەفتەدا، بە گشتیی كەمتر لە مانگێك كۆتایی پێبێت. جا ئەوەیش بە هۆی؛ ناچاركردنی روسیا بە وەستاندنی شەڕ لە ژێر گوشاری نێودەوڵەتییدا یان بە هۆی بە دەستهێنانی ئامانجە سیاسیی و سەربازییە راگەیەندراوەكانی شەڕەكەوە بێت كە روسیا ئاشكرای كردوەو بریتییە لە؛ "بەرگریكردن" لە هەردو ناوچەی جودایخوازیی (دۆنیستك و لۆگانسك) و دەركردنی سوپای ئۆكراین لە تەواوی هەرێمی دونباس. واتە؛ ئەو ناوچانەی هەرێمی دونباس كە لە ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی ئۆكرایندا ماون و كەوتونەتە دەرەوەی قەڵمەڕەوی جودایخوازەكانی (دۆنیستك و لۆگانسك) -ەوە. 
لە ئەگەری سیناریۆی شەڕی كورتخایەندا، بە هۆی ئەوەی؛ سیستمی سیاسیی جیهانیی، سیاسەتی نێو دەوڵەتان و پەیوەندییە نێو دەوڵەتییەكان كە خۆی لە هاوپەیمانێتییە سیاسیی و سەربازییەكاندا دەبینێتەوە، گۆڕانكاریی گەورەیان بەسەردا نایات، بۆیە كاریگەرییە سیاسییەكانی جەنگەكە بە شێوەیەكی راستەخۆو ئاشكرا بە عێراق و هەرێمی كوردستان دیار نابێت.
 سەرەڕای ئەوەیش دەتوانین بێژین؛ ئەگەری ئەوە لە ئارادایە؛ ئەو شەڕە بە نا راستەخۆ جۆرێك كاریگەریی لەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراق بە تایبەتیی لەسەر پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی تازە جێبهێڵێت. دەپرسین چۆن؟ 
رەنگە بە هۆی سەرقاڵیی ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، بە شەڕی ئۆكراین و روسیاوە، رۆڵی ئێران لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق فراوانتربێت، هێزە سیاسییەكانی ناو هاپەیمانێتی (چوارچێوەی هەماهەنگیی) بە هۆی پاڵپشتیی ئێرانەوە، لە روی سیاسییەوە بە هێزتربن. بەو هۆیەوە؛ ئەگەری ئەوەیش دێتە ئاراوە، چەند هێزێكی سیاسیی تر لە ژێر گوشاری ئێراندا بەشداریی لە هاوپەیمانیتی چوارچێوەی هەماهەنگییدا بكەن.
بەو جۆرە هاوپەیمانێتیی سێ قۆڵی (سەدر، پارتیی و سەروەریی) روبەڕوی پەراوێزخستن و تەنانەت هەڵوەشاندنەوەیش دەبێتەوە. دواجار هەلی پێكهێنانی حكومەتی تازە دەكەوێتەوە دەستی هێزەكانی هاوپەیمانێتیی چوارچێوەی هەماهەنگیی و گرەوەی سیاسیی لە موقتەدا سەدرو هاوپەیمانەكانی دەبەنەوە. 
بە دڵنیاییەوە؛ لە ئەگەری رودانی ئەو سیناریۆیەدا، كاریگەریی لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی كوردستانیش دەبێت، هاوكێشە سیاسییەكە لە بەرژەوەندیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان یەكلایی دەبێتەوە، چونكە یەكێتیی لە بازنەی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە نزیكەو لەفەلەكی سیاسەتی ئێراندا دەخولێتەوە.
دواجار رەنگە ئەو داخرانە سیاسییەی لە دوای هەڵبژاردنی رۆژی 10/ تشرینی دوەمی 2021 دروست بوە، بە هۆی هەڵگیرساندنی جەنگ لە لایەن سەرۆكی روسیاوە لە دژی ئۆكراین، لە بەرژەوەندیی هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بكرێتەوەو دەرگای وەرگرتنی دەسەڵاتیان بۆ ئاواڵا بكات.   
 
 سیناریۆی دوەم، جەنگی درێژخایەن:
مەبەست لە جەنگی درێژخایەن ئەوەیە؛ ماوەی شەڕی نێوان روسیاو ئۆكراین لە چەند مانگێك زیاتر بخایەنیت. ئامانجی شەڕەكە، لە "پاراستنی هەردو كۆمارەكەی دۆنێستك و لۆگانسك" و "یەكخستنی هەرێمی دۆنباس" -ەوە بگۆڕێت بۆ داگیركردنی تەواوەتی ئۆكراین و روخاندنی رژێمی سیاسیی لەو دەوڵەتەدا. 
ئەو ئاماژانەی لە لێدوانی ژمارەیەك لە بەرپرسانی روسیاوە دێن، ئامانجی رانەگەیەندراوی شەڕەكە داگیركردنی تەواوی ئۆكراین و روخانی رژێمی سیاسیی ئەو دەوڵەتەیە نەك "پاراستنی جودایخوازەكانی دۆنباس". بەو جۆرە، روسیاو ئۆكراین، لە تەك ئەوانیشدا؛ هەمو جیهان بە عێراق و هەرێمی كوردستانیشەوە دەرگیریی سیناریۆی شەڕێكی درێژخایەن دەبین. 
لە ئەگەری رودانی سیناریۆی شەڕی درێژخایەندا؛ پێدەچێت پەیمانی ناتۆ بە سەرۆكایەتی ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بگلێنە شەڕەكەوە، بەو جۆرە سیستمی سیاسیی جیهان دەڕوخێت و سیاسەتی نێو دەوڵەتان و پەیوەندییە نێو دەوڵەتییەكان گۆڕانكاریی ریشەییان بەسەردا دێت، بە جۆرێك سیستمی سیاسیی جیهانی دوچاری فەوزایەكی گەورە دەبێت و هەر دەوڵەتە بە گوێرەی تواناكانی هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆی دەدات. 
لەو فەوزایەشدا؛ بە هۆی ئەوەی عێراق و هەرێمی كوردستان، خاوەنی دەسەڵاتێكی سیاسیی جێگیر، كاراو نیشتیمانیی نیین، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە؛ دوچاری دەیان گیروگرفتی سیاسیی و سەربازیی گەورە ببنەوە كە دەتوانین لە چەند گریمانەیەكدا ئاماژەیان بۆ بكەین.
گریمانەی یەكەم: لەو روانگەیەی توركیا ئەندامی پەیمانی ناتۆیە، هەروەها كێشەی مێژویی لە تەك روسیادا هەیە، بۆیە دەبێت بە لایەنگریی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی. لە بەرانبەردا ئێران، بەو پێیەی كێشەی سیاسیی و ئایدۆلۆژیی قوڵی لە تەك ئەمریكادا هەیە دەبێت بە هاوپەیمانیی روسیا. بەو پێیەی عێراق و هەرێمی كوردستانیش ناوچەیەكی جیۆپۆلۆتیكی گرنگن بۆ هەردو دەوڵەت و قوڵایی ستراتیژیی هەردو دەوڵەتەكە پێكدەهێنن، بۆیە ئەگەری ئەوە دێتە ئاراوە؛ توركیاو ئێران، خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان بكەن بە مەیدانی یەكلاكردنەوەی كێشمەكێشە سیاسیی، ئابوریی و سەربازییەكانیان.
گریمانەی دوەم: رەنگە دەوڵەتی ئێران، لە ژێرناوی پاراستنی شیعەدا هێزی سەربازیی رەوانەی عێراق بكات و ناوچەكانی باشورو خۆرهەڵاتی عێراق بە بەشێكی هەرێمی كوردستانەوە بخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە. لە بەرانبەردا، ئەگەری ئەوە دێتە ئاراوە؛ توركیا لە روی سەربازییەوە پەلكێشیی بۆ باكورو خۆرئاوای عێراق بكات و لە تەكیدا بەشەكەی تری هەرێمی كوردستان بخاتە ژێر قەڵەمڕەوی خۆیەوە.
گریمانەی سێیەم: رەنگە هێزە پەڕگیرە ئیسلامییەكانی هاوشێوەی (داعش) پەرەبستێننەوەو هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی سیاسیی لە عێراق بدەن. ئەو سیناریۆیە بە جۆرێك لە جۆرەكان ئەگەری ئەوەی هەیە لە هەرێمی كوردستانیشدا روبدات. 
گریمانەی چوارەم: رەنگە ئەو فەوزایە؛ دەرفەت لە بەردەم ئێران و توركیادا خۆش بكات، پێكەوە هەوڵی لە ناوبردنی هەرێمی كوردستان بدەن، ئەویش لە رێگەی هاوكاریكردنی یەكتر بۆ بە هێزكردنی هێزە سیاسییە شۆڤینییەكانی دژ بە كورد لە بەغدا، بە جۆرێك بەغدا بە هێز بكرێت تا بتوانێت لە روی سەربازییەوە پەلاماری هەرێمی كوردستان بدات و كوردستان بگێڕنەوە بۆ دۆخی پێش راپەڕینی ساڵی 1991. 
گریمانەی پێنجەم: رەنگە هەردو حزبی فەرمانڕەوا (پارتیی و یەكێتیی) هەر لایەكیان گەرەكی بێت ئەو دەرفەتە بۆ لەناوبردنی ئەوی تر بقۆزێتەوە، بەو جۆرە جەنگێكی ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستاندا بەرپا بێت، بە جۆرێك لە جۆرەكان توركیاو ئێرانیش دەستوردانی تێدا بكەن و دواجار هەرێمی كوردستان ببێت بە مەیدانی ململانێ و سەرەنجام هەرێمی كوردستان كۆتایی پێبێت. 
گریمانەی شەشەم: مامەڵەكردنی عاقڵانەی سیاسەتمەدارانی عێراق و هەرێمی كوردستان لە تەك بارودۆخەكەدا. واتە؛ حزب و هێزە سیاسییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان، لەو فەوزایەدا وڵاتەكەیان بپارێزن، بەشداریی و لایەنگریی سیاسیی و سەربازیی هیچ هێزێكی نێودەوڵەتیی و ئیقلیمیی لە شەڕو كێشمە كێشە سیاسیی و سەربازییەكاندا نەكەن.                     

       

كۆتایی
جەنگی نێوان روسیاو ئۆكراین، دەرگای هەمو گریمانەو ئەگەرەكانی لەبەردەم گۆڕانكاریی سیاسیی و سەربازیی گەورەو ریشەی لە جیهاندا كردۆتەوە. بەو پێیەی عێراق و هەرێمی كوردستانیش كەوتونەتە ناوچەیەكی جیۆپۆلۆتیكی گرنگیی جیهانەوە كە لێوانلێوە لە كێشەی سیاسیی، ئابوریی، نەتەوەیی، ئاینیی و مەزهەبیی، بۆیە پیشبینیی دەكرێت لێكەوتە سیاسیی و سەربازییەكانی ئەو شەڕە بە شێوەی راستەخۆو نا راستەوخۆ لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا دەربكەویت و ئەو وڵاتەی ناوی عێراقە ببێت بە جێگەی یەكلاییكردنەوەی بەرژەوەندییەكانی دەوڵەتانی دراوسێ كە ئەگەری ئەوە هەیە، هەر یەكەیان خۆیان بەسەر یەكێك لە لایەنەكانی جەنگەكەدا ساغبكەنەوە. 
ئەوەی لەم راپۆرتەدا ئاماژەمان پێداوە؛ سەرلەبەری گریمانەی سیاسیین، پێدەچێت هەندێكیان بەدیبێن، ئەگەری ئەوەیش هەیە هەمویان بەدیبێن. لە هەمانكاتدا؛ ئەگەری ئەوەیش هەیە هیچیان بەدینەیەن و سیاسەتمەدارانی عێراق و كوردستان، بە شێوەیەكی عەقڵمەندانە مامەڵە لە تەك رەوشەكەدا بكەن و وڵاتەكەیان لە جەنگ و ماڵوێرانی بپاریزن.  


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand