شیعە لە چاوەڕوانی كورددا
2022-07-25 16:21:38
راپۆرت: درەو
بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، پارتیو یەكێتی هێشتا رێككەوتنی كۆتاییان لەبارەی كاندیدی سەرۆك كۆمار نەكردووە، لەتیف رەشید نامەی بۆ بافڵ تاڵەبانیو مەكتەبی سیاسی یەكێتی ناردووەو بەرهەم ساڵح تۆمەتبار دەكات بەوەی بازرگانی ناشەرعی دەكاتو باخیرەی لەناو دەریاكاندا هەیە، ئەگەر سیناریۆی 2018 دووبارە ببێتەوە چانسی كام لە كاندیدەكانی پارتیو یەكێتی بەهێزترە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار ؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
پارتیو یەكێتی رێككەوتوون ؟
رۆژی 18ی ئەم مانگە كاتێك سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان كۆبونەوەی كرد بۆ دیاریكردنی وادەی بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، لە دانیشتنەكەدا زۆرینەی لایەنەكان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی سەرەتای هەفتەی رابردوو سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، بەڵام لە دانیشتنەكەدا شاخەوان عەبدوڵا جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی پارتی ناڕازیی بوو، پارتیو یەكێتی هەردووكیان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی دەرفەتێكیان پێبدرێت بۆ ئەوەی لەنێوان خۆیاندا لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار بگەنە رێككەوتن.
هەر ئەو رۆژەی سەرۆكایەتی پەرلەمانو سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆبونەوە، فوئاد حسێن سەرۆكی تیمی دانوستانكاری پارتی گەیشتە سلێمانیو لە "دەباشان" لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی كۆبووەوە، ئەمە بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار بوو، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو) گفتوگۆكان سەریانكێشاوە بە تێهەڵچوونەوە بەتەواوی پەیوەندیو پۆستو پشكەكانی هەردوو حزبەكە لەناوخۆی هەرێمی كوردستانو عێراقیدا.
دوای كۆبونەوەكەی لەگەڵ فوئاد حسێن، بافڵ تاڵەبانی دووجار سەردانی مەسعود بارزانی كرد لە پیرمام، بەڵام هێشتا ئەنجامی كۆتایی گفتوگۆكانیان بۆ رایگشتی هەرێمی كوردستانو عێراق ئاشكرا نەكردووە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە سەرچاوەكانەوە لەناو پارتیو یەكێتی، سێ بۆچوونی جیاواز هەیە سەبارەت بە گفتوگۆكان:
• بۆچوونی یەكەم: هەندێك سەرچاوە لەناو پارتیو یەكێتی باسلەوە دەكەن، بارزانیو بافڵ تاڵەبانی رێككەوتوون لەسەرئەوەی بە یەك كاندیدی هاوبەشەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بچنە بەردەم پەرلەمانی عێراقو سیناریۆی ساڵی 2018 دووبارە نەكرێتەوە، بۆ ئەمەش بارزانی داوایكردووە كاندیدێكی هاوبەشیان هەبێت لە پشكی یەكێتی، كە ئەویش (لەتیف رەشید) ئاوەڵزاوای جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتییە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لەماوەی رابردوودا لەتیف رەشید چەندجارێك سەردانی بارزانی كردووەو بەڵێنی پێداوە كاندیدی كورد دەبێت لە پۆستی سەرۆك كۆماردا.
• بۆچوونی دووەم: هەندێك سەرچاوە لەناو یەكێتیو پارتی دەڵێن: بافڵ تاڵەبانی لە گفتوگۆكاندا سور بووە لەسەر دانانەوەی (بەرهەم ساڵح) لە پۆستی سەرۆك كۆمار، لەبەرامبەردا بارزانیش سوربووە لەسەر سەرخستنی كاندیدەكەی (رێبەر ئەحمەد)و وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار لە یەكێتیی، بەوهۆیەوە هەردوو حزب هاوشێوەی ساڵی 2018 بە دوو كاندیدەدەوە دەچنە بەردەم پەرلەمانی عێراقو هەریەكێك لە كاندیدەكان دەنگی زۆرینەی هێنا پۆستی سەرۆك كۆمار وەردەگرێت.
• بۆچوونی سێیەم: سەرچاوەكان لەناو یەكێتییەوە باسلەوە دەكەن، دوای ئەوەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەدو بەشێك لە كارگێڕانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە كاندیدبوونی (بەرهەم ساڵح) بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی بڕیاریداوە، كۆتا بڕیاری خۆی لەبارەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار لەنێوان (بەرهەم ساڵحو لەتیف رەشید) بخاتە بەردەم كارگێڕانی مەكتەبی سیاسیو لەوێ هەركامیان دەنگی زۆرینەی هێنا، بكرێت بە كاندیدی فەرمی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.
باخیرەكەی بەرهەم ساڵح لە نامەكەی لەتیف رەشیددا !
(درەو) نامەیەكی لەتیف رەشید هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەستكەوتووە كە بەر لە (دیداری یەكێتی) لە مانگی ئایاری ئەمساڵ بۆ بافڵ تاڵەبانیو دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیو سەركردایەتی یەكێتی ناردووە.
لەم نامەیەدا، لەتیف رەشید دەڵێ" لەدوای مردنی مام جەلالی رابەرمانەوە پۆستی سەرۆك كۆمار هەر لای یەكێتیی مایەوە.. بەڵام مەرج نییە ئەمە بەردەوام بێت.. لەبەر ئەمە نابێت رێگەبدرێت بەهۆی بەشەخسەنەكردنی ئەم پرسەوە ئەو پۆستە لەدەستی یەكێتی دەربچێت".
لە بەشێكی تری نامەكەیدا، لەتیف رەشید ئاماژە بە بەرهەم ساڵح دەكاتو نوسیویەتی" نابێت یەكێتییەكان ئەوە قبوڵ بكەن بەعینادیو خواستی پۆستپەرستی كەسانێكەوە كە بە یەكێتییەوە ماندوو نەبوونەو ئەزمون سەلماندویەتی لەپێناو بەرژەوەندی خۆیاندا هەمیشە یەكێتییان كردووە بەقوربانی، یەكێتی ئەو پۆستەی لەدەستبچێت.. كاك بەرهەم نەك لەلایەن كوتلەكانی بەرانبەرمانەوە، تەنانەت لەلایەن هاوپەیمانەكانی یەكێتیش قبوڵ كراو نییەو چەندجارێك بەڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ ئەم پەیامەیان بە یەكێتی داوە كە دەنگ بە د. بەرهەم ساڵح نادەن".
لەتیف رەشید هێرشەكانی توندتر دەكاتەوەو بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری ئێستای عێراقو تۆمەتباری دەكات بەوەی (باخیرە)ی هەیە لەناو دەریاكانداو بازرگانی "ناشەرعیی" دەكاتو دەڵێ" نابێت ڕێگە بدەین یەكێتی بكرێتە قوربانی هیچ كەسێك، ئەگەر كەسانێك بۆ پارێزگاری لەبەرژەوەندییە زەبەلاحەكانیان لەسەر زەویو باخیرەكانیان لە دەریا، پێویستیان بە ئەو پۆستەیە بۆ بازرگانییە ناشەرعیو ناڕەواكانیان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ خزمەتكردنی گەلانی عیراقو كوردستان پێویستی بە پۆستی سەرۆك كۆمارە وەك پارێزەری دەستور".
"بازرگانی ناشەرعی" هەمان ئەو تۆمەتەیە كە بەرهەم ساڵحیش لە دانیشتنە تایبەتییەكانیدا ئاراستەی لەتیف رەشیدی دەكات و ئەمە بووە بەبەشێك لە ململانێی پۆستی سەرۆك كۆمار لەناوخۆی یەكێتی.
ئەگەر سیناریۆی 2018 دووبارە ببێتەوە ؟
ساڵی 2018 بۆ یەكەمجار دوای مردنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری یەكێتی، پارتیو یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار نەگەیشتنە رێككەوتن، هەردوولا بە دوو كاندیدی جیاوازەوە پارتی بە (فوئاد حسێن)و یەكێتی بە (بەرهەم ساڵح) چونە بەردەم پەرلەمان، پارتی كە تازە لە پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان هاتبووە دەرەوە، گەمە سیاسییەكەی عێراق لە بەرژەوەندی ئەو نەبوو، بۆیە كاندیدی یەكێتی (بەرهەم ساڵح) بەسەر كاندیدی بارزانیو پارتیدا سەركەوتو بوو بە سەرۆك كۆماری عێراق.
ئێستا ئەگەر هەمان سیناریۆ دووبارە ببێتەوە، واتا پارتیو یەكێتی بە دوو كاندیدی جیاوازەوە بچنە بەردەم پەرلەمان، مەرج نییە سیناریۆكەی 2018 وەكو خۆی دووبارە ببێتەوە، بەتایبەتی كە یەكێتی وەكو لایەنێكی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگیی هیچ رێككەوتنێكی نوسراوی نییە ناچاریان بكات دەنگ بۆ بەرهەم ساڵح بدەنو سەرباری ئەمەش لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بەهۆی ترسیان لە كاردانەوەی موقتەدا سەدر خوازیاری بەشداری پارتی دیموكراتی كوردستانن لە حكومەتەكەیاندا، لەلایەكی تریشەوە بەشە سەرەكیەكەی شیعە لە كاندیدكردنەوەی (بەرهەم ساڵح) لەلایەن یەكێتییەوە دوردونگنو داوای گۆڕینی دەكەن، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بەدیاریكراویش نوری مالیكی پشتیوانی بەرهەم ساڵح ناكەن، چونكە پێیانوایە لەماوەی رابردوودا وەكو سەرۆك كۆمار رۆڵی هەبوو لە تێپەڕاندنی یاسایەكی خراپی هەڵبژاردن (بەوتەی ئەوان) كە وایكردووە ناكۆكیی ناو ماڵی شیعە قوڵتر ببێتەوە، سەرباری ئەمە بەرهەم ساڵح بەمدواییە گورزێكیشی لەلایەن موقتەدا سەدرەوە بەركەوت كاتێك تۆمەتباریكرد بەوەی لایەنگری (ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانە لەگەڵ ئیسرائیل).
ترسی پارتی لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی 2018و شكستی كاندیدەكەیو ناڕەزایەتییەكان دژی كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح لەلایەن یەكێتییەوە وایانكردووە، (لەتیف رەشید) هەوڵەكانی چڕبكاتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە، بەڵام هێشتا بافڵ تاڵەبانی لە گۆڕینی بەرهەم ساڵح دوردونگەو نایەوێت دوای دورخستنەوەی لە پۆستی كۆمار بكەوێتە سەر هێڵی ناكۆكییە ناوخۆییەكانی یەكێتیو دۆخەكەی زیاتر لێ ئاڵۆز بكات.
بەهانەیان نەماوە !
دواجار ماڵی شیعە (لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی) ئەمڕۆ لەناو خۆیاندا كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیرانی ئایندەی عێراقیان یەكلاكردەوە.
كاندیدكردنی (محەمەد شیاع سودانی) لەلایەن لایەنە شیعەكانەوە، كۆتایی بە بەهانەی پارتیو یەكێتی هێنا بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار لەنێوان خۆیاندا.
نۆ مانگو 15 رۆژ بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی پێشوەختەی عێراقدا تێپەڕیوەو هێشتا كابینەی نوێی حكومەت پێكنەهێنراوە، شیعەكان كە پێشتر لەناوخۆیاندا ناكۆك بوون، هەندێكجار بەهانەی پێكنەهێنانی حكومەتیان دەبەستەوە بە كوردەوە، بەوپێیەی بەگوێرەی دەستوری عێراق سەرەتا دەبێت سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێتو دواتر سەرۆك وەزیران، لەمەدا پارتیو یەكێتییان تۆمەتبار دەكرد بەوەی لەناو خۆیاندا لەسەر كاندیدێك ناگەنە رێككەوتنو ئەمە پرۆسەی سیاسی عێراقی توشی بنبەست كردووە، بەڵام لەڕاستیدا سەرباری ناكۆكی نێوان پارتیو یەكێتی، ئەوەی لە زیاتر لە نۆ مانگی رابردوودا پرۆسەی سیاسی عێراقی توشی بنبەست كرد، ململانێی نێوان دوو جەمسەرەكەی شیعە (سەدرو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی) بوو.
ئێستا كە سەدر لە پەرلەمان كشاوەتەوەو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ عەبادی+ عەممار حەكیم) بوون بە كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمانو كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیرانیان یەكلاكردوەتەوە، هیچ دەرفەتێك لەبەردەم پارتیو یەكێتیدا نەماوەتەوە جگە لەوەی بە رێككەوتن یان رێكنەكەوتن بچنە بەردەم پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار.
پارتیو یەكێتی لەناو گەمەی شیعەكاندا
لەماوەی نۆ مانگی رابردوودا، كە ئەنجامی هەڵبژاردن ماڵی شیعەی دابەشكرد بەسەر دوو بەرەی نەیاری یەكتردا (سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگیی)، پارتیو یەكێتی بەشێك بوون لەم ململانێیەی ناو ماڵی شیعە.
پارتی هەر لەسەرەتاو بەر لەبەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری 2021 لێكتێگەیشتنی لەگەڵ سەدر كردو دوای هەڵبژاردنیش (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) پێكەوە هاوپەیمانی (رزگاریی نیشتمان)یان دروستكرد، هاوپەیمانێتییەك كە بەتوندی لەلایەن لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بەدیاریكراویش نوری مالیكی روبەڕووی دژایەتی بووەوەو یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش بەشێك بوو لەم بەرەیە.
هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری 2021 كە یەكەمین هەڵبژاردنی عێراق بوو دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، هەرزوو كێشەو ناكۆكییە قوڵەكانی ناو ماڵی شیعەی عێراقی دەرخست، ناكۆكییەك كە پێكهاتەی كوردو سوننەشی بەسەر خۆیدا دابەشكرد.
پارتی بە رێككەوتنێكی (نوسراو) هاوپەیمانێتی لەگەڵ سەدر كرد، بەمەرجی ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ خۆی یەكلا بكاتەوە، سەدرو هاوپەیمانەكانی روبەڕووی (یەك لەسەر سێی پەكخەر)ی پەرلەمانی عێراق بوونەوە، بەوهۆیەوە نەیانتوانی رێژەی (دوو لەسەر سێی) نیسابی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو هەڵبژاردنی كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار تەواو بكەن، ئەم دۆخە وایكرد دواجار موقتەدا سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن لە پەرلەمان بكشێتەوەو كورسییەكان (73 كورسی) لەلایەن لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییو سەربەخۆكانو هەندێك لایەنی ترەوە پڕبكرێتەوە.
كشانەوەی سەدر لە بەرژەوەندی پارتی نەبوو، چونكە دوای چونە دەرەوەی ئەو لە پەرلەمان، چیتر هیچ گرەنتییەكی (نوسراو) نەما بۆ سەرخستنی كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار (رێبەر ئەحمەد)، بەڵام هاوپەیمانێتی یەكێتیش لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بەهۆی ئەوەی رێككەوتنێكی (نوسراو) نەبوو، ئێستا ناتوانێت هیچ زەمانەتێكی ئەوە بكات پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ كاندیدەكەی (بەرهەم ساڵح) یەكلادەبێتەوە.
بۆچوونی فەرمی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە ئەوەیە، كورد لەناو خۆیاندا لەسەر كاندیدێك رێكبكەون.