پارە بۆ موچە ئامادەیەو رەوانەی بانكەكان كراوە
2022-07-30 19:04:55
درەو:
پارە بۆ موچەی مانگی تەمووزی موچەخۆران ئامادەیەو رەوانەی بانكەكان كراوە، بەڵام تا ئێستا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری خەرجكردنی موچەی نەداوە، سەرۆكی حكومەتی هەرێمش لە دەرەوەی وڵاتە.
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە ئەنجومەنی وەزیران " پارەی نەوت بۆ موچەی مانگی تەمووز گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و دابەشكراوە بەسەر بانكەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆكدا بەڵام تا ئێستا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری خەرجكردنی موچەی نەداوە، هەتا ئەنجومەنی وەزیران فەرمان نەكات وەزارەتی دارایی ناتوانێت دەستبەدابەشكردنی موچە بكات، لە ئێستادا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی وڵاتەو خەرجكردنی موچە پێویستە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیاری خەرجكردنی بدرێت.
(درەو) بەدواداچوونی كرد لە وەزارەتی دارایی و پێی راگەیەندرا: پارەی موچە ئامادەیە و تەنیا (29) ملیار دیناری مانگی تەمووز تەرخانكراوە بۆ موچەی مانگی حوزەیرانی موچەخۆرانی سلێمانی، بەڵام نە داهاتی ناوخۆو نە ئەو (29) ملیار دینارە كێشەی بەردەم دابەشنەكردنی موچە نیە بەڵكو پەیوەستە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانەوەو تا ئێستا بڕیاری خەرجكردنی موچەی نەداوە.
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی كۆی خەرجی و داهاتەكانی مانگی ئایاری رابردووی حكومەتی هەرێم بەم شێوەیە بووە :
داهاتی نەوت: 740 ملیار دینار
داهاتی ناوخۆ: 320 ملیار دینار
تەمویلی هاوپەیمانان: 28 ملیار دینار
كۆی خەرجی:
خەرجی موچە: 930 ملیار دینار
خەرجی بەكارخستن: 45 ملیار دینار
خەرجی وەبەرهێنان: 7
خەرجی كارەبا: 100 ملیار دینار