Draw Media

چنگی توركیا لە كەرتی نەوتی هەرێمدا

چنگی توركیا لە كەرتی نەوتی هەرێمدا

2022-07-26 07:16:23


 
شیكاری: درەو

بە سپۆنسەری رێكخراوی ( NED)

لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا، كۆمپانیا توركیەكان (252) ملیۆن دۆلاریان لە نەوتی هەرێم دەستكەوتووە، پاڵپشت بە داتاكانی كۆمپانیای دیلۆیت، بۆ هەر بەرمیلێك نەوت (7) دۆلاری بۆ كۆمپانیا توركیەكانە، لە (8%)ی كۆی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ كۆمپانیا توركیەكانە. 

پاڵپشت بە داتاکانی دیلۆیت ئەو بڕە پارەیەی کە لە بری قەرز و کرێی بۆری بۆ هەردوو کۆمپانیای وزەی تورکی ((TEC و کۆمپانیای پیترۆلی تورکی نێودەوڵەتی ((TPIC لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ خەرج کراوە بەم جۆرە بووە.
# کۆی پارەی خەرجکراو بۆ هەردوو کۆمپانیاکە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بریتی بووە لە (252 ملیۆن و 455 هەزار و 135) دۆلار.
# کۆی پارەی خەرجکراو بۆ هەر سێ مانگەکە بە شێوەی ڕۆژانە بریتی دەبێت لە ( 2ملیۆن و 805 هەزار و 57) دۆلار.
# هەر بەرمیلێک نەوت نزیکەی (7) دۆلاری بۆ ئەو دوو کۆمپانیا تورکییە بووە.
# (8.33%)ی داهاتی نەوتی هەرێم (لە ڕێگەی بۆرییەوە) بۆ ئەو دوو کۆمپانیا تورکییە رۆیشتووە.

سودمەندبوونی تورکیا لە کەرتی نەوتی هەرێم
ڕۆژی (18/7/2022) کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینی پرۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتی خۆی بۆ چارەکی یەکەمی ساڵی (2022) بڵاو کردەوە،  بەپێی ئەو ئامارو وردبینیانەی کۆمپانیای دیلۆت بۆ نەوتی هەرێمی کوردستان لە (1ی کانونی دووەم بۆ 31ی ئازاری 2022) بڵاوی کردووتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تەوای ئەو سێ مانگەدا بڕی (36 ملیۆن و 453 هەزار و 590) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە هەناردەی بەندەری جیهانی تورکی کردووە، لەو بڕەش دوای بەکۆگاکردن و پاکردنەوەی لە پێکهاتەی ئاو تەنها (34 ملیۆن و 923 هەزار و 168) بەرمیلی ڕادەستی کڕیاران کراوە،  بە تێکڕا هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە (86.73) دۆلار فرۆشراوە و کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (3 ملیار و 28 ملیۆن و 903 هەزار و 497) دۆلاری ئەمریکی.
هەر بە پێی ڕاپۆرتەکە حکومەتی هەرێم دوو جۆر پارەی داوە بە دوو کۆمپانیای تورکی، ئەوانیش؛
1.    پارەدان لە بەرامبەر تاریفی کۆمپانیای وزەی تورکی ((TEC واتە لە بری (کرێی بۆری) بۆ گواستنەوەی نەوتی هەرێم.
2.    قەرزدانەوەی کۆمپانیای وزەی تورکی (TEC)  کۆمپانیای پیترۆلی تورکی نێودەوڵەتی ((TPIC.
کۆی ئەو پارەیەشی کە دراوە بەو دوو کۆمپانیایە بریتی بوو لە بڕی (252 ملیۆن و 455 هەزار و 135) دۆلار، بە جۆرێک (125 ملیۆن) دۆلاری لەبری قەرز و (127 ملیۆن و 455 هەزار و 252) دۆلاری لە بری گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە نێو خاکی تورکیا بووە. بەم پێیەش،
# هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم کە بە (86.73) دۆلار فرۆشراوە (6.93) دۆلاری بۆ ئەو دوو کۆمپانیا تورکییە ڕۆیشتووە.
# حکومەتی هەرێم لەو (36 ملیۆن و 453 هەزار و 590) بەرمیل نەوتەی هەناردەی کردووە، بڕی (34 ملیۆن و 923 هەزار و 168) بەرمیلی ڕادەستی کڕیاران کراوە، کۆی بەهاکەی بریتی بووە (3 ملیار و 28 ملیۆن و 903 هەزار و 497) دۆلار و لەو بڕەش (252 ملیۆن و 455 هەزار و 135) دۆلاری بە ڕێژەی (8.33%) دراوە بە دوو کۆمپانیا تورکییە.
بۆ بەرچاوروونی زیاتر بڕوانە خشتەی ژمارە (1)

خشتەی ژمارە (1) 

کۆی پارەی دراو بە کۆمپانیا تورکییەکان بە شێوەی ڕۆژانەو مانگانەو چارەکی یەکەمی 2022
پاڵپشت بەو شیکردنەوانەی سەرەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بڕە پارەیەی کە لە بری قەرز و کرێی بۆری بۆ هەردوو کۆمپانیای وزەی تورکی ((TEC کۆمپانیای پیترۆلی تورکی نێودەوڵەتی ((TPIC لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ خەرجی کردووە بە شێوەی مانگانەو ڕۆژانە بەم جۆرە بووە.
# کۆی پارەی خەرجکراو لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بریتی بووە لە (252 ملیۆن و 455 هەزار و 135) دۆلار.
# کۆی پارەی خەرجکراو بۆ مانگی کانونی دووەم کە (31) رۆژ بووە بریتی دەبێت لە (86 ملیۆن و 956 هەزار و 769) دۆلار.
# کۆی پارەی خەرجکراو بۆ مانگی شوبات کە (28) رۆژ بووە، بریتی دەبێت لە (78 ملیۆن و 541 هەزار و 597) دۆلار.
# کۆی پارەی خەرجکراو بۆ مانگی ئازار کە (31) رۆژبووە بریتی دەبێت لە (86 ملیۆن و 956 هەزار و 769) دۆلار.
# پارەی خەرجکراو لە هەر سێ مانگەکە بە شێوەی ڕۆژانە بریتی دەبێت لە (2 ملیۆن و 805 هەزار و 57) دۆلار.
بۆ بەرچاوروونی زیاتر بڕوانە خشتەی ژمارە (2)
خشتەی ژمارە (2) 


سەرچاوە
-    ڕاپۆرتی دیلۆیت؛ بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ تاکو ٣١ی ئاداری ٢٠٢٢.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand