Draw Media

سەرۆك خۆی حكومەت دادەنێ‌و هەر خۆشی لایدەبات !

سەرۆك خۆی حكومەت دادەنێ‌و هەر خۆشی لایدەبات !

2022-07-25 08:21:49


(درەو): 
لە تونس ریفراندۆم لەسەر دەستورێك دەستی پێكرد كە سیستمی حوكمڕانیی وڵات  لە پەرلەمانییەوە بەرەو سەرۆكایەتی دەبات، بەجۆرێك دەستورە نوێیەكە دەسەڵاتی دانانی حكومەت‌و لەكارخستنی داوە بە سەرۆكی وڵات، بەڵام چۆنیەتی لادانی سەرۆك كۆماری دیاری نەكردووە. 
بەیانی ئەمڕۆ بنكەكانی دەنگدان لە تونس بەڕووی دەنگدەراندا كرایەوە، ئەمە ریفراندۆمە لەسەر پرۆژەی دەستورێكی نوێ كە لەلایەن (قەیس سەعید)ی سەرۆكی وڵاتەوە بڕیاری لەسەر دراوە بۆ ئەوەی جێگەی دەستورەكەی ساڵی 2014 بگرێتەوە.
ئەم هەموارە كە لە دەستوردا كراوە، مشتومڕێكی گەورەی لەناو خەڵك‌و حزبە سیاسییەكانی تونسدا دروستكردووە، هەندێك وای دەبینن پرۆژە نوێیەكەی دەستور گرەنتی ئازادی تاك‌و كۆمەڵی تێدا نییە‌و تەنیا گرەنتی دەسەڵاتێكی بەرفراوانی بۆ سەرۆك كۆمار كردووە.
شارەزایانی دۆخی سیاسی تونس خاڵی ناكۆكی نێوان دەستورەكەی 2014و پرۆژە دەستورەكەی ئێستا لەمانەدا كورت دەكەنەوە: 
•    دەستورەكەی ساڵی 2014 كە بەدەستوری شۆڕشی روخانی رژێمی پێشوو (زەینعابدین بنعەلی) ناودەبرا، گرەنتی چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی كردبوو، بەڵام ئەو دەستورەی كە ئێستا سەرۆك (قەیس سەعید) خستویەتیە ریفراندۆمەوە، دەسەڵاتێكی بەرفراوانی بە سەرۆكی وڵات بەخشوە، ئەمەش جۆرێك لە دابڕانی لەگەڵ دەستورەكەی شۆڕشەكەی سەرەتای "بەهاری عەرەبی" دروستكردووە. 
•    لە دەستوری 2014دا دەسەڵاتی بوارەكانی بەرگری‌و دەرەوە دراوە بە سەرۆك كۆمار، لەم دەستورە نوێیەدا دەسەڵاتی سەرۆك كۆمار لەمەش فراوانتر كراوە تاوەكو رادەی دانانی حكومەت‌و دادوەران، بەجۆرێك هەژموونی پەرلەمان بەسەر سیستمی وڵاتدا لاوازكردووە. 
•     دەستورە نوێیەكە سەرباری ئەوەی دەسەڵاتی دانانی سەرۆكی حكومەت‌و وەزیرەكانی داوە بە سەرۆكی وڵات، دەسەڵاتی ئەوەشی پێداوە حكومەت هەڵوەشێنێتەوە بەبێ ئەوەی پەرلەمان هیچ رۆڵێكی لەم پرۆسەیەدا هەبێت.
•    دەستوری نوێ، دەسەڵاتی كۆنترۆڵكردنی سیاسەتی گشتی دەوڵەت‌و دیاریكردنی بژاردە سەرەكییەكانی بەخشیوە بە سەرۆكی وڵات وەكو فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، تەنیا لە تەماشاكردنی پرۆژە یاساكاندا ئەولەویەتی تەماشاكردن دراوە بە پەرلەمان. 
•     دەستورە نوێیەكە، ئەركی یاسادانانی دابەشكردووە بەسەر (ئەنجومەنی نوێنەرانی گەل) كە ئەندامەكانی بە دەنگدانی راستەوخۆ بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەڵدەبژێردرێن هەروەها (ئەنجومەنی نیشتمانی ناوچەكان) كە نوێنەری هەڵبژێردراوی هەموو ناوچەكان لەخۆدەگرێت، ئەم دوو ئەنجومەنە دەبێت دواتر یاسایەكیان بۆ دەربكرێت كە شێوازی كاركردنیان رێبكخات، سەرۆك قەیس سەعید كە خۆی دەستورەكەی ئامادە كردووە پێیوایە ئەم ئەنجومەنە لامەركەزیەت لە بڕیارداندا پتەو دەكات‌و وا دەكات ناوچە پەراوێزخراوەكانیش لەڕووی پەرەپێدانەوە قسەی خۆیان هەبێت. 
•    بەپێی دەستورە نوێیەكە، سەرۆكی وڵات دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت قبوڵ دەكات دوای ئەوەی بەزۆرینەی دەنگی (دوو لەسەر سێی) ئەندامانی هەردوو ئەنجومەنەكە، نوسراوێكی تۆمەتباركردنی حكومەت ئاڕاستەی سەرۆكی وڵات دەكرێت، ئەمەش بە بۆچوونی هەندێك لە رەخنەگران دۆخێكە  كە سەختە بەدی بێت‌و دەرفەت خۆش دەكات بۆ ئەوەی سەرۆكی وڵات خۆی بڕیاردەری یەكەم‌و كۆتایی بێت لەبارەی چارەنوسی هەر حكومەتێكەوە كە لە تونس دروست بكرێت. 
•      ئەو دەستورەی كە ئەمڕۆ لە تونس خراوەتە ریفراندۆمەوە، بەپێچەوانەی دەستورەكەی 2014وە، هیچ بڕگەیەكی لەبارەی چۆنیەتی لەكارلادانی سەرۆكی وڵات لەخۆنەگرتووە‌و بەپێچەوانەوە دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان‌و ئەنجومەنی نیشتمانی ناوچەكانی داوەتە دەست سەرۆكی وڵات. 
•     دەستورەكە دەسەڵاتی داوە بە سەرۆكی وڵات دادوەران دابمەزرێنێت، ئەمە دوای ئەوەی لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە ناوی دادوەرەكان ئاڕاستەی سەرۆكی وڵات دەكرێت، بەبۆچونی هەندێك لە دادوەران ئەمە دەستوەردانە لە سەربەخۆیی كاری دادگاكاندا. 
•    دوو ماددەی ناو دەستورە نوێیەكە كە زۆر مشتومڕی لەسەر دروستبووە بەتایبەتی لەلایەن رێكخراوەكانی بواری مافی مرۆڤەوە بریتین لە ماددەكانی (50)‌و (55). 
•    ماددەی (5)ی دەستورەكە دەڵێ "تونس بەشێكە لە ئوممەتی ئیسلامی‌و پێویستە لەسەر دەوڵەت لەبەر رۆشنایی سیستمی دیموكراتیدا كاربكات  بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی ئیسلامێكی خاوێن لەپێناو پاراستنی سەرو ماڵ‌و  كەرامەت‌و ئاین‌و ئازادیدا"، رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ پێیانوایە ئەم ماددەی دەستورە نوێیەكە جۆرێك لە هەڵاواردنی تێدایە بەرامبەر بە گروپە ئاینییەكانی تری تونس، ئەمە لەكاتێكدایە دەستورەكە بەگشتی پارێزگاری كردووە لە "ئازادی ئاینیی" كە لە دەستورەكەی 2014 زامنكراوە. 
•    ماددەی (55)ی دەستورە نوێیەكەش دەڵێ" كۆتوبەند دانانرێت لەسەر مافۆ ئازادییە زامنكراوەكان لەم دەستورەدا، مەگەر بەپێی یاسا‌و پێداویستی سیستمی دیموكراتی‌و بەئامانجی پارێزگاری لە مافی كەسانی ترو ئاسایشی گشتی‌و بەرگری نیشتمانی یاخود تەندروستی گشتیی"، حزبە سیاسییەكان دەڵێن ئەم ماددەی دەستورەكە بوارێكی  گەورە بە دەسەڵاتداران دەدات سنور بۆ ئازادییەكان دابنێن بەبێ سانسۆر. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand