Draw Media

درەو: ‎كۆتایی هەفتەی ڕابردوو شاندەكانی بەشدار لە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆكانی ڕێكەتنی ئەتۆمی نێوان ئەمریكا وئێران گەڕانەوە بۆ ووڵاتەكانیان بۆ ڕاوێژكردن، پێش دوبارە گەڕانەوەیان بۆ شاری ڤییەننای پایتەختی ووڵاتی نەمسا، بۆ دەستپێكردنی گەڕی شەشەمی گفتوگۆكان. ‎پاش ڕۆشتنی بەرپرسان، ژمارەیەكیان جەختیان كردەوە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا وئێران لەوانەیە بەم نزیكانە بگەنەزەمینەیەكی هاوبەش وڕەزامەندی دەرببڕن لەسەر دوبارە گەڕانەوەیان بۆ ڕێكەوتنە ئەتۆمیەكەی نێوانیان. ‎بەڵام هێشتا ژمارەیەك خاڵی ناكۆك لە نێوانیاندا ماوە، كە ئەمانەن : ‎چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئامێرە پێشكەوتووەكانی، ئامێرە بەكارهێنراوەكان لە پیتاندنی یۆرانیۆمدا ‎خاڵی یەكەمی ناكۆكیەكان بریتیە لە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئامێرە پێشكەوتووەكانی (سەنتەر فیوج)خولانی ناوەندی، وئامرازە بەكارهێنراوەكان لە پیتاندنی یۆرانیۆمدا، كە بەپێی گۆڤاری (پۆلیتیكۆ)، ئێران خوازیار نیە تێكبشكێندرێن ودەیەوێت ئەم ئامێرانە بمێننەوە، بەڵام لایەنە ئەوروپیەكان وئەمریكاش دوپاتی دەكەنەوە كە ڕاگرتنیان لەكاركردن بەتەنها بەس نیە. ‎سزا ئەمریكیەكانی سەر ئێران  ‎خاڵی دووەم لە ناكۆكیەكان بریتیە لە سزا ئەمریكیەكانی سەر ئێران، كە بەدرێژایی (9) هەفتە لایەنە ئەوروپیەكان لەگەڵ چین وڕوسیا، گەڕانەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا وئێرانیان بۆ ڕێكەوتنە ئەتۆمیەكە تاوتوێ كرد، لەم پرۆسەیەشدا دانوستكاران پلانی (هەنگاو بە هەنگاو)یان داڕشت كە بەووردی ئەو ڕێكارە پێویستانەیان دیاریكرد كە دەكەوێتە ئەستۆی هەریەك لە واشنتن وتاران. ‎لە بنەڕەتدا لەسەر ئێران پێویستە كە پاشەكشە بكات لەو پێشكەوتنانەی لەم دواییانەدا ئەنجامیداون لە بەرنامە ئەتۆمیەكەیدا -پاش كشانەوەی ئەمریكا لە پرۆسەكە- بەرانبەر بە سوك كردنی سزا ئەمریكیەكانی سەر ئێران لە بواریكی فراواندا. ‎هەرچەندە تا ئێستا ئێران داواكارە لە كە ئەمریكا سەرجەم سزا سەپێنراوەكان لەسەر ئێران لاببات، نەك تەنها ئەو سزایانەی كە ترەمپ ڕاستەوخۆ ویەكسەری سەپاندیەوە بەسەر ئێراندا،بەڵكو ئەو سزایانەی دیكەش كە پاشتر سەپێنراون بەسەر ئەم ووڵاتەدا. ‎بەڵام ئەمریكا ئەم داواكاریەی ڕەتكردەوە، ودەیەوێت هەندێك لەم سزایانە بمێننەوە كە ڕاستەوخۆ پەیوەندار نین بە پلانی كاركردنی هاوبەشی نێوان، لە نمونەی ئەو سزایانەی كە پەیوەندارن بە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ یاخود تیرۆرەوە. ‎بەرنامەی موشەكی ‎سێیەمین خاڵی ناكۆك ئەو خاڵەیە كە تایبەتە بە سەردانكردنی شوێن وپێگە ئەتۆمییەكانی ئێران لەلایەن پشكنەرانی نێودەوڵەتی وئازادی ئەو پشكنەرانە لە گەیشتن بەو شوێنانە. ‎لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە ئێران تواناكانی پشكنەرە نێودەوڵەتیەكانی ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی سنوردار دەكات لە بەدواداچونی دامەزراوە ئەتۆمیەكانی. ‎لە ڕاپۆرتێكی نهێنیدا كە گۆڤاری پۆلیتیكۆ لێی ئاگادارە، رافائێل گروسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی دەڵێت  :”چالاكیەكانی لێكۆڵینەوە وچاودێریكردن كە لەلایەن ئاژانسەكەمانەوە ئەنجام دەدرێت كاریگەر بووە بە بڕیارێكی ئێران تایبەت بە راگرتنی پابەندییەكانی ئێران لە بواری ئەتۆمیدا. ‎راپۆرتەكە ئاماژە بەوەش دەدات كەپشكنەران ڕۆژانە توانای گەیشتن بە وێستگە ئەتۆمیە سەرەكیەكانیان لە نەتەنز وفوردو بۆ فەراهام كراوە، بەڵام نەیانتوانیوە بگەن بەو داتا وزانیاری وتۆمارانەی كە هەندێك لە ئامێرەكانیان كۆیكردۆتەوە. ‎هەروەها بەرنامە موشەكییەكەی ئێران وپشتیوانی كردنی بۆ میلیشیاكان وهەڕەشەكانیشی بۆ سەر ئارامی ناوچەكە ئاستەنگێكی دیكەی جیاوازە، كە ئەمریكا ودەوڵەتە ئەوروپیەكان جەخت لەسەر ئاماژەدان دەكەن لە رێكەوتنەكەدا بەگفتوگۆیەكی دیكە كە ئەم مەسەلانە تاوتوێ بكات. بەڵام روون نیە كە ئێران بەم مەرجە ڕەزامەند دەبێت یاخود نا. ‎لەلای خۆشیەوە ئێران گرەنتی پاشەكشەنەكردنی ئەمریكای دەوێت لە پرۆسەكە، بۆ دوبارە نەبونەوەی ئەو هەڵوێستەی كە سەرۆكی پێشووی ئەمریكا (دۆناڵد ترەمپ) نواندی لە ساڵی 2018. ‎گۆڤارە ئەمریكیەكە ئەوەش دوپات دەكاتەوە كە ڕێژەی ئەو ئاستەنگەی لە ئەنجامی ئەم ناكۆكیانەدا دروست دەبێت لەبەردەم رێكەوتنی كۆتاییدا بەندە بەوەی كە كێ لێدوان. دەدات ولەم. بارەیەوە قسە دەكات. ‎گەشبینی ‎ئینریكی مۆرا، نیردەی یەكێتیی ئەوروپا كە رێكخەری گفتوگۆكانی دوبارە زیندووكردنەوەی رێكەوتنی ئەتۆمی ئێرانە، دەڵێت : پێشبینی دەكرێت كە رێكەوتن لەگەڵ ئێراندا بگاتە ئەنجام لە گەڕی داهاتووی ووتوێژەكاندا كە هەفتەی داهاتوو لە شاری ڤییەننا دەستپێدەكاتەوە، بەڵام هەندێك لە دیبلۆماتكارانی باڵا دەڵێن كە ”بڕیارە قورسەكان هێشتا نەدراون”. ‎مۆرا دەشڵێت :”هیوادارم كە ئەم بابەتە كاتێكی زۆر نەخایەنێت بۆ گەیشتن بە رێكەوتن”. ‎بە هەمان شێوە عەباس عێراقچی، بریكاری وەزیری دەرەوەی ئێرانیش گەشبینی خۆی دەربڕی  ولە لێدوانێكیدا بۆ ئێستگەی فەرمی ئێران “IRIB” ووتی :”گەڕی داهاتووی ووتوێژەكان لە ڤییەننا دەكرێت یان پێویستە كە گەڕی كۆتایی بێت”. ‎دۆخی گەشبینی لە نێوان دیبلۆماتكاراندا دیار بوو لە كاتی ئاخاوتنیاندا لەگەڵ یەكتر بە شێوازێكی دۆستانە لەبەردەم ئوتێلی گراند ڤییەننا پێش ماڵئاوایی كردن لە یەكتر.  ‎بەڵام هەندێك لە گەورە دیبلۆماتكارانی بەریتانیا وفەرەنسا وئەڵمانیا كە ئەمانە لە هێزە گەورەكانن كە واژۆیان كردووە لەسەر رێكەوتنە ئەتۆمیەكە لە ساڵی (2015)دا، بە ووریایی زیاترەوە دەڕواننە بابەتەكە. ‎گروپی دیبلۆماتكارانی ئەو سێ دەوڵەتە ئەوروپیەی كە واژۆیان لەسەر رێكەوتنە ئەتۆمیەكە كردووە لە بەیاننامەیەكدا ڕایانگەیاند :” بەردوام بووین لەسەر بەدیهێنانی پێشكەوتنی بەرچاو وئێستا چەند بەشێكی گرنگی رێكەوتنی داهاتوو بەڕوونی دیارە بەڵام. بڕیارە قورسەكان بەڕێوەن بێگومان بەپێی پرنسیپیرازی نەبوون لەسەر هیچ شتێك تا گەیشتن بەرێكەوتن لەسەر هەموو شتێك كارمانكردووە. ‎هەر لە بەیاننامەكەشدا هاتووە ”هەموومان دەزانین كە كات لە بەرژەوەندی كەسدا نیە وكاتی دەركردنی بڕیارە یەكلاكەرەوەكان هاتووە، وهەفتەی داهاتوو درێژە بە كۆبونەوەكان دەدەین”. ‎دووان لە دیبلۆماتكارانیش دەڵێن ئەو گفتوگۆیانەی كە لە مانگی نیساندا دەستیپێكرد، چاوەڕوان دەكرێت كە ڕۆژی پێنجشەممە پێش بەرواری (١٠)ی مانگی حوزەیران دەستیپێبكاتەوە، بەڵام ئەمەش هێشتا بە تەواوەتی یەكلانەبۆتەوە. نید پرایس، ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش بە هەمان شێوە ووتی : ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ”بەڕوونی ئامانجەكانی خۆی خستۆتە روو”.


هۆگر ئیبراهیم حەکیم - گۆڤاری ئاییندە ناسی   بەرایی پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، وابەستەی كۆی ئەو ڕووداو و گۆڕانكارییانەیە كە لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا ڕوویان داوە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە هاوكێشەی هێز و هاوسەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەكان، كە زۆر جار ئەم هاوسەنگی و هاوكێشانە بوونەتە زادەی هێنانەكایەی چەندین یاسا و ڕەنگڕێژكردنی سیستمی سیاسی بە شێوە بەرفراوانەكەی و سیستمی كارگێڕی و دارایی بە شێوە بەرتەسكەكەی. لەدوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق و برەودان بە بیرۆكەی لامەركەزی بە ڕەهەندە دیموكراسییەكەیەوە، بە پلەی یەكەم پڕۆژەی ئەو هێزانە بوو كە ئامانجیان بەدیموكراتیزەكردنی سیستم و كۆمەڵگەی عێراقی بوو، بەڵام كورتبینی لە خوێندنەوەی واقعی سیاسی و كارگێڕی و دارایی و كۆمەڵایەتیی عێراق، ئەم پڕۆژەیە ئامانجەكانی خۆی نەپێكا و دەرەنجامی پێچەوانەی لەسەر ئەرزی واقع دروست كرد. بەڵام هزری لامەركەزیەت و قبووڵنەكردنی ناوەند بووە بەشێك لە زەینی هەموو گرووپ و دامەرزاوە خۆجێییەكان، بۆ لەقاڵبدانی حاڵەتەکەش؛ دەستووری عێراق ئەمەی ڕێك خستووە تا چیتر لامەركەزیەت سەرەڕای سوودە دیموكراسییەكانی، پەرتەوازەیی زیاتر دروست نەكات، هەر لەبەر ئەمەش بوو ئاستەكانی لامەركەزیەت لە دەستووری عێراق بەڕوونی دەستنیشان كران، كە لە ئاستە فراوانەكەی دەست پێ دەكات كە لامەركەزیەتی سیاسییە، بۆ ئاستە نزمەكەی كە لامەركەزیەتی كارگێڕییە (الرحال, كمونة: 1953)، بەڵام بە ڕەچاوكردنی سیستمی ئابووریی عێراق (كە بە دەوڵەتی رانتی هەژمار دەكرێت)، ڕێگری كرا كە ئەم دوو جۆرەی لامەركەزی سەر بكێشێ بۆ لامەركەزیەتی دارایی. لامەركەزیەتی كارگێڕی بەر لەوەی سیستم بێت؛ كولتوورە، بۆیە ئەگەر زەمینەی ئەم كولتوورە لە واقع بوونی نەبوو، ئەو كاتەی دەكرێتە سیستم، سیستمێكی نامۆ بە واقع دروست دەكات، هەر لەسەر ئەم بنەمایەیە بەر لەوەی دەست بۆ لامەركەزیەت ببەی وەك ڕێگەچارەیەكی دیموكراسی، پێویستە سەیری ئەو زەمینە بكەی كە دەتەوێ لامەركەزییەكەی لەسەر بنیات بنرێ (فريدة: 2005). لامەركەزیەت بە سروشتە دیموكراسییەكەوە ئەگەرچی دیموكراسیەتە لەسەر ئەرزی واقع، لەگەڵ ئەوەشدا هەڕەشەیەكیشە بۆ سەر یەكپارچەیی خاكی كیانە سیاسییەكان. لە جیهاندا دەیان وڵاتی فیدراڵیمان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا دەیان وڵاتمان هەیە كار بە لامەركەزیی كارگێڕی و لامەركەزیی دارایی دەكەن (الشمري: 2003)، بەڵام ئەزموون و شێوازی پیادەكردنی هیچ یەكێك لەو وڵاتانە بە یەكتر ناچێت، بەڵكوو ئەوەی كراوەتە بناغە بۆ پەیڕەوكردنی بیرۆكەی لامەركەزی لە حوكمڕانی، خودی واقعی سیاسی و كارگێڕی و كۆمەڵایەتیی ئەو كیانەیە كە ئامانجیەتی لە ڕێگەی لامەركەزیەتەوە بگاتە پایە دیموكراسییەكان لە حوكمڕانی (الفتلاوي: 2013). بەڵام بە خوێندنەوەی كۆی گوتاری لامه‌ركه‌زیه‌ت، له‌ هه‌رێمی كوردستان ئەو تێگەیشتنەت بۆ دروست نابێت كە بەم گوتاره‌ بیر لە لامەركەزیەت كرابێتەوە، به ‌شێوه‌یه‌ك كه‌ ناتوانین پێشبینیی ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ ئه‌مه‌ هه‌وڵێك بێت بۆ گەیشتن بە پایە دیموكراسییەكانی حوكمڕانی لە ڕێگەی پەیڕەوكردنی لامەركەزیەتی كارگێڕییەوە. دەستکاریکردنی هەموو ئەو پرەنسیپانەی کە بە هۆیەوە شێوازی کارکردنی سیستمی سیاسی و کارگێڕیی یەکە سیاسییەکان دەگۆڕێت، بەر لە هەر شتێک پرسێکی دەستوورییە، ئینجا یاسایی و سیاسی و کارگێڕییە (محمود: 2013)، بەڵام لەبەر ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەستوور نییە، بۆیە یاسا بەرکارەکان و دەسەڵاتەکانی تایبەتمەند بە داڕشتنی یاسا؛ بەم کارە هەڵدەستن، هەر کارێک لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە دەچێتە خانەی بازدانی یاساییەوە کە دەکرێ دواتر دەسەڵاتی یاسادانان بە هێنانەکایەی یاسایەکی تازەوە سەرلەبەری ئەم گۆڕانکارییانە بگۆڕێتەوە. ئەوەی لەم پڕۆژانه‌دا شوێنی تێڕامانە، سەیركردنی لامەركەزیەتە لە یەك ڕەهەندەوە، بە شێوەیەك كە واقعی ناوچەیەكی دیاریكراو لە هەرێمی كوردستان كراوەتە نموونە و هەوڵ دراوە گشتاندنیان بۆ بكرێت.   لامەركەزیەت لەنێوان سوود و زیاندا هەموو ئەو سیستمانەی پەیوەستن بە حوكمڕانییەوە، لەبەردەم دوو ئەگەردان: یان ئەوەتا كاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئەرزی واقع دروست دەكات، یانیش دەبنە مایەی زیان بۆ ئەو كۆمەڵگە و كیانەی هەوڵی پەیڕەوكردنی دەدەن (رشيد: 2010) (الفهداوي: 2005). بەرجەستەكردنی لامەركەزیەت وەك شێوازی حوكمكردن و بەڕێوەبردنی كاروباری وڵات، چەند سوودێكی هەیە كە بریتین لە (الشمري: 2013): دابەشکردنی بەرپرسیارێتی بەسەر زیاتر لە یەك ئاست. هەروەها بچووككردنەوەی دەزگا حكومییەكان بۆ یەكەی بچووكتر، بۆ ئەوەی توانای وەڵامدانەوەی باشتری داواكارییەكانی خەڵكی هەبێت (هماوندي: 2001). خێرایی و ڕانەوەستان لە پڕۆسەی بڕیاردان و بڕیارەكان زیاتر لە خەڵك نزیك دەبێت. كەمكردنەوەی كەموكورتییەكانی حكومەت. لامەركەزیەت یەكێك لە پێویستییەكانی دیموكراتییە، بۆیە یەكێك لە سوودەكانی ئەوەیە ڕێگەخۆشكەرە بۆ سەركەوتنی پڕۆسەی دیموكراسی بەوەی ڕێگە بە خەڵك دەدات خۆی بەشدار بێ لە بەڕێوەبردنی كارەكانی. دیموكراتیەتی سیاسی تەواو نابێ، ئەگەر دیموكراتیەتێكی لۆكاڵیی لەگەڵ نەبێ. سەرەڕای لایەنە باشەكانی، لامەركەزیەت دەشێ هەندێ لایەنی خراپیشی تێدا بێت، بەتایبەت لەو بوارانەی خوارەوە (ابراهيم: 2013) (الطعامنة: 2013): بوونی تێهەڵچوون (التداخل) لە پسپۆڕییەكان و ناڕوونی لەنێوان حكومەتی مەركەزی و حكومەتە لۆكاڵییەكان كە دەبێتە هۆی كەمبوونی توانای كاركردنی حكومەت. هەر لەبەر ئەمەیە زۆر جار لامەركەزیەت بە چاودێری سنووردار دەكرێت، بۆ ئەوەی سیستمی كارگێڕی و دارایی دەوڵەت تووشی پەرتەوازەیی نەبێت. دەركەوتنی سەركردەی ناوخۆیی كە ڕۆڵێكی گەورە دەگێڕن لە ئیدارەكردنی ئەو ئیدارە لۆكاڵییانە، ئەوەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی. كاتێك لامەركەزیەت بەم شێوە پەنای بۆ دەبردرێت، سەركردەی لۆكاڵیی خاوەن هەژموون دروست دەبێت كە گوتاری دوای لامەركەزیەتی دەبێتە جیاكردنەوەی یەكجاریی ناوچەی هەژموونی خۆی. نەبوونی یەكسانی لەنێوان هەیئەتە ناوخۆییەكان، ئەمەش وا دەكات هەندێ ناوچە پێشكەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێ لە ناوچەكانی دیكە. یەكگرتن كە بناغەی دەوڵەتە، بە هۆی ئەم شێوازە لە پەیڕەوكردنی لامەركەزیەت لەناو دەچێت، كە ئەمەش دەوڵەت وەك كیانێكی یەكگرتوو دەخاتە مەترسییەوە. سروشتی جوگرافیی كیانە سیاسییەكان وایە كە ناوچەیەك لە ناوچەیەكی تر دەوڵەمەندترە، بەڵام دەوڵەمەندبوونی سروشتە جوگرافییەكەت شەرعیەتی ئەوەت پێ نادات كە بكرێتە سەرچاوەیەك بۆ قۆرخكردنی سەرچاوەی داهاتی دەوڵەت. لامەركەزیەت وەك گرەنتییەكە بۆ مانەوەی ناوچە جیاوازەكان لەگەڵ یەك، هەر كاتێك نەیتوانی ببێتە ئەم گرەنتییە، ئەوا ڕاستەوخۆ دەبێتە پاڵنەری سەرەكیی لێكهەڵوەشانەوەی كیانە سیاسییەكان. بۆ ئەوەی بتوانرێ شێوازی لامەركەزیەتی ئیداری بنیات بنرێ، پێویستمان بە بوونی چوار ڕەگەزی سەرەكی دەبێت كە ئەوانیش بریتین لە (Agrawal: 1990, Arun and Ribot, Jesse C): بوونی بەرژەوەندییەكی خۆجێیی تایبەتتر لە بەرژەوەندیی گشتی. بوونی دەستەیەك كە سەرپەرشتیی ئەو بەرژەوەندییە بكات. دەستە سەربەخۆ بێت و لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرابێت و كەسایەتییەكی مەعنەویی هەبێت. ئەم دەستەیە لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە چاودێری بكرێت.   ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: پڕۆژە‌ی لامه‌ركه‌زیه‌تی كارگێڕی و دارایی پڕۆژە‌ی لامه‌ركه‌زیه‌تی كارگێڕی و دارایی كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م گوتاره‌ به‌ چه‌ندین شێوه‌ هاتووەته‌ پێشه‌وه‌، به‌ ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ خراوه‌ته‌ به‌رده‌م ڕای گشتی و مێزی مشتومڕی سیاسییه‌وه‌، لە چەند بەشێك پێك دێت: پێشەكی، سوودەكانی لامەركەزیی كارگێڕی و دارایی، هۆكارەكانی ئامادەكردنی پڕۆژە، پاڵپشتە یاساییەكان، پاڵنەرە واقعییەكان، پێشنیارەكان، دەسەڵات بۆ پارێزگا و یەكە كارگێڕییەكان، دەسەڵات بۆ پۆلیس، دەسەڵات بۆ فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان، دەسەڵات بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان، هەروەها ئەو سێكتەرانەی كە بەڕێوەبەرایەتیی گشتییان نییە. كۆی ئەو بەشانە جگە لەوەی شایەنی هەڵوەستەلەسەركردنە، لەگەڵ ئەوەشدا شایەنی ئەوەیە خوێندنەوەیەكی جددییان بۆ بكرێت.   بەربەستەکانی لامەرکەزیەت – بەربەستە یاساییەکان لە یەکێک لە پڕۆژەکاندا، پاڵپشتییە یاساییەكان لە چوارچێوەی 12 خاڵدا كە وەك پاڵپشتیی یاسایی نیشان دراوە، دەستووری عێراق، یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكان، یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانی، یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە، بڕیار و ڕێنماییەكانی حكومەتی هەرێم لەو چوارچێوەیەدا خراونەتەڕو. لە کاتێکدا خودی ئەو بڕگانەی ڕیز كراون، بە جۆرێک ڕێگرن لە پڕۆژەی لامەركەزیکردنی كارگێڕی و دارایی سلێمانی، ئەوەندە نابنە پاڵپشت بۆ خودی پڕۆژەكە، بە شێوەیەك كە: دەستووری عێراق لە دەستووری عێراقدا، لە بواری ڕێكخستنی سیاسی و كارگێڕییەوە ئەو دەستوورە جەخت لەسەر ئەو ڕیزبەندییە دەكاتەوە كە لە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە هەبوو تایبەت بە سێ ئاستەكەی سیستمی فیدراڵی كە ئەویش بریتییە لە (دەسەڵاتی ناوەندی، دەسەڵاتی هەرێمەكان، دەسەڵاتی پارێزگاكان) (ده‌ستووری عێراق – 2005). كەواتە سیستمی سیاسی لە عێراق لە ڕێگەی ئەم دەستوورە دامەرزاوە لەسەر بنەمای دابەشکردنی كلاسیكیی دەسەڵاتەكان، بۆ ڕێگەگرتن لە چڕبوونەوەی دەسەڵات و بەرەو ستەمكاری چوون. سەرەڕای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان، سیستمی سیاسی لە ڕووی جێبەجێكارییەوە دابەش كراوەتە سەر چەند ئاستێك: حكومەتی فیدراڵی (ناوەندی)، حكومەتی هەرێمەكان، حكومەتە خۆجێییەكان (پارێزگاكان)، دەسەڵاتی شارەوانییەكان. هەروەها لەناو پارێزگاكانیش، بۆ كەمینە تایبەتەكان لە (توركمان، كلدان، ئاشووری و سریان) (عبد: 2010). بۆ ڕوونكردنەوەی زیاتری ئەمەش، دەستوورەكە دەروازەی پێنجەمی تەرخان كردووە بەو پرسە كە دابەشی كردووەتە سەر چوار بەش (ده‌ستووری عێراق: 2005): بەشی یەكەمی تەرخان كردووە بۆ هەرێمەكان، بەشی دووەم تایبەت كراوە بەو پارێزگایانەی لە هەرێمێكدا ڕێك نەخراون، بەشی سێیەم ئاماژە بە بەغداد دەكات وەك پایتەختی كۆماری عێراق كە نابێ بكەوێتە چوارچێوەی هیچ هەرێمێك، بەشی چوارەمیش تەرخان كراوە بۆ دیاریكردنی كارگێڕییە خۆجێییەكان. ڕوونە كە ئەحكامەكانی لامەركەزیی كارگێڕیی ناو دەستوورەكە، تەنها بۆ ئەو پارێزگایانەیە كە لە چوارچێوەی هەرێمێكدا ڕێك نەخراون، هەر لەسەر ئەو بنەمایەشە كاتێك پەرلەمانی عێراق یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەردەكات، بەڕوونی دەنووسێت یاسای ئەو پارێزگایانەی لە چوارچێوەی هەرێمێكدا ڕێك نەخراون (یاسای ئه‌و پارێزگایانه‌ی له‌ هه‌رێمێك ڕێك نه‌خراون، ژماره‌ 21، ساڵی 2008). بۆیە ئەحكامەكانی لامەركەزیەتی كارگێڕیی دەستووری عێراق؛ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، وەك چۆن پەرلەمانی كوردستان لەبریی ئەوەی یاسا عێراقییەكە لێرە بەركار بكات، یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكانی تایبەت بە خۆی دەركرد (یاسای ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، ژمارە 3ی ساڵی 2009). هەر چی پەیوەندیی بە کەرکووکیشەوە هەیە، ئەوا بە هۆی ئەو كێشانەی لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ هەیە، بەتایبەت مادەی 140 تا یەكلایینەبووەنەوەی كێشەكانی ناكەوێتە ناو هیچ هەرێمێك (ماده‌ی 140: ده‌ستووری 2005)، هەروەها ئەو پارێزگایانەی لە چوارچێوەی یەك هەرێمدا ڕێك خراون. سەبارەت بە ئاستی دەسەڵاتداریی ئەو پارێزگایانەش كە لە هەرێمێكدا ڕێك نەخراون، جگە لەوەی ئەحكامەكانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، لە هەمان كاتیشدا دەسەڵاتە كارگێڕی و داراییەكانیان ئەوەندە فراوان نییە كە لە پڕۆژەی بەلامەركەزیكردنی سلێمانیدا هاتووە. یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەكانی هەرێمی كوردستان، ژمارە (6)ی ساڵی 1993 لە پڕۆژەكەدا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان لە ساڵی 2000، وەك پاڵپشتییەكی یاسایی وێنا كراوە. لە بواری كارگێڕیی خۆجێییدا، پەرلەمان لە ساڵی دووەمی كاركردنیدا یاسایەكی دەركرد بۆ ڕێكخستنی كاروباری شارەوانییەكان لەناو هەرێمی كوردستان بە ناوی یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەكانی هەرێمی كوردستان، ژمارە (6)ی ساڵی 1993. بەپێی ئەم یاسایە، شارەوانییەكان كەسایەتیی مەعنەوییان دەبێت، هەر شارەوانییەك ئەنجوومەنێكی دەبێت كە ژمارەی ئەندامانی لە 5 ئەندام كەمتر نییە و لە 21 ئەندام زیاتر نییە. سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی بە هەڵبژاردنێكی سەربەستی ڕاستەوخۆ و بە دەنگدانی تەواو نهێنییەوە كە بەپێی پەیڕەوێكی تایبەتەوە دەكرێ، لە دانیشتووانی ناوچەی شارەوانییەكە هەڵدەبژێردرێت. ماوەی ئەندامیەتی لەو ئەنجوومەنە، چوار ساڵە لە ڕۆژی دانیشتنی یەكەمەوە. ئەم یاسایەش وەكوو یاسای پارێزگاكان (یاسای پارێزگاكان، ژمارە 159ی ساڵی 1969)، ڕۆڵی دەسەڵاتی ناوەندی تێیدا زۆر فراوانە تا ئەو ئاستەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆی هەیە ئەنجوومەنی شارەوانی هەڵبوەشێنێتەوە، جگە لەو دەسەڵاتە زۆرەی یاساكە بە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری داوە. وەزارەتی شارەوانی بەشێكی زۆری كارەكانی بە یاسایەكی تایبەت و جیاوازەوە ئەنجام دەدات، بۆیە تێهەڵچوونێكی زۆر لە یاسای كاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەكان دروست دەبوو. كەواتە یاسایەك كە خزمەت بە مەركەزیەت بكات، ناتوانێ ببێتە پاڵپشتێك بۆ پڕۆژەیەكی لامەركەزی. یاسای پارێزگاكان، ژمارە 3، ساڵی 2009 ئەم یاسایە دەرچوو بە مەبەستی ڕێكخستنی پسپۆڕێتی و دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و كارگێڕییە خۆجێییەكان لە هەرێمی كوردستان، لە پێناو پەرەپێدان و بەدیهێنانی پرەنسیپی لامەركەزی لە دابەشکردنی دەسەڵاتەكان و ئاسانكاری و چالاككردنی گەیاندنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان بە هاوڵاتیان و پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەكانی كۆمەڵگا. ئەگەر بە شێوەیەكی گشتی سەیری یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بكەین و بەراوردی بكەین بە یاسای پارێزگاكانی كە لە هەرێمێكدا ڕێك نەخراون لەسەر ئاستی عێراق، دەردەكەوێت كە لە ڕووی شێوەوە جیاوازییەكی ئەوتۆی نییە، بەڵام لە ڕووی ناوەرۆكەوە جیاوازییەكانیان دەردەكەوێت، بەتایبەت لە بەراوردكردنی ئەو مادانەی بە ڕەگەزی سەرەكی دادەنرێن لە یاساكەدا لە ڕووی سەربەخۆیی كارگێڕییە خۆجێییەكان، هەروەها لە ڕووی پەیوەندیی دەسەڵاتی ناوەندی و كارگێڕییە خۆجێییەكان كە ئەم پەیوەندییە لە چاودێریکردندا دەردەكەوێت. مادەی شەشی ئەم یاسایە چەندین پسپۆڕی و دەسەڵاتی بە ئەنجوومەنی پارێزگاكان داوە لە چەند بڕگەیەكدا، بەڵام هیچ یەكێك لە بڕگەكان ئەو دەسەڵاتەی پێ نەداوە كە ئەنجوومەنی پارێزگا دەسەڵاتێکی یاسادانانی هەبێت، بەتایبەت لە پرسێك كە پەیوەستە بە سیستمی كارگێڕیی هەرێمی كوردستانەوە. هەروەها لە مادەی (31)دا هەمان یاسا هاتووە كە ئەگەر ئەنجوومەنە خۆجێییەكان لە بەرژەوەندیی گشتی و لە یاسا  كارپێكراوەكانی هەرێم لا بدەن، ئەوە هەڵدەوەشێنرێنەوە. هەروەها مادەی 17 كە تایبەتە بە دەسەڵاتەكانی پارێزگار، دەسەڵاتی نەداوەتە پارێزگار كە داوای گۆڕینی سیستمی كارگێڕیی هەرێمی كوردستان بكات، بەڵكوو كارەكانی لە چوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆ ڕادەپەڕێنێت. كەواتە مادەكانی ئەم یاسایە، بەتایبەت ئەو مادانەی لە پڕۆژەكەدا ئاماژەیان پێ كراوە، ناتوانن پاڵپشتی پڕۆژەكە بن، جگە لەوەی سەرتاپای یاساكە خۆی نابێتە پاڵپشت بۆ هیچ جۆرە فۆرمێكی لامەركەزی، كە ئەمە یەكێكە لەو ئیشكالیەتانەی لە كاتی داڕشتنی یاساكەدا پەرلەمانی كوردستان دركی پێ نەكردووە.   یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێمی كوردستان – عێراق، ژمارە 1ی ساڵی 2015 ئەم یاسایە دەرچوو بە مەبەستی جێبەجێكردن و پێكهێنانی ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە بە تایبەتمەندیی خۆی و لابردنی ڕێگری یاسایی بۆ پێكهێنانی پارێزگاكە بە شێوەیەك كە ببێتە  هاندەر بۆ خزمەتكردنی زیاتری دانیشتووانی پارێزگاكە و كەمكردنەوەی لێكەوتەكانی تاوانەكانی جینۆساید. بەگشتی ئەم یاسایە بەدەرە (استثنا‌ء)ە لە یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (سۆران: 2016)، بەتایبەت كاتێك نووسراوە “مادەكانی دیكەی یاسای پارێزگاكان پیادە دەكرێن و بە بەركاری دەمێننەوە ئەگەر بەشێكی یان هەمووی لەگەڵ حوكمەكانی ئەم یاسایە ناكۆك نەبێت (یاسای ئیدارەی پارێزگا هەڵەبجە لە هەرێمی كوردستان – عێراق، ژمارە 1ی ساڵی 2015). ئەوەی لە یاسای ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجەدا دیارە، ڕێكخستنی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە لە ڕووی شێوەوە وەكوو یاسای پارێزگاكانە، بەڵام لە ڕووی ئەندامێتی و پسپۆڕێتییەوە بنەماكانی لامەركەزیەتی ئیداریی لەدەست داوە، بە شێوەیەك كە هیچ سیمایەكی لامەركەزیەت لە ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەدا لە ڕووی پێكهاتە و ئامرازی بەئەندامبوون و تایبەتمەندییەوە بەدی ناكرێت. بە پشتبەستن بەو خوێندنەوەیەی یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە و ئەو تێبینییانەی لەسەری دروست بوو، دەردەكەوێت كە یاساكە كاتێك “استثناء” دەكات، تەنیا لە سروشتە دیموكراتییەكە ئیستسنائەكە دەكات. واتە تەنها لەلایەن دیموكراتییەوە لای داوە، چ لە شێوازی دانانی ئەنجوومەن و چ لە شێوازی دانانی پارێزگار و چ لەو دەسەڵات و تایبەتەمەندییانەی ئەمانە هەیانە و چ لە شێوازی یەكلاكردنەوەی سنووری پارێزگاكە، بەتایبەت بوونی ئەنجوومەنێكی هەڵبژێردراو لە یەكە خۆجێییەكاندا بۆ نوێنەرایەتیكردنی خەڵك؛ بابەتێكی بنیاتنەری بوونی سیستمی لامەركەزییە كە ئەمە لە شێوازی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە بەدی ناكرێت. كەواتە یاسای پارێزگای هەڵەبجە هەرگیز ناكرێتە پاڵپشتییەك بۆ هیچ پڕۆژەیەكی لامەركەزی، چونكە بنەماكانی خودی یاساكە لادانە لە پرەنسیپی لامەركەزیەتی كارگێڕی، بەتایبەت لە لایەنی دیموكراسییەوە. “پێشنیار”ەكان لەنێوان ئەستەمی و چەسپاندندا لە پڕۆژەكەدا چەندین پێشنیار لەژێر چەندین تەوەرەی جیاوازدا ڕیز كراون، جگە لەوەی پێشنیارەكانی بەشێكی زۆری لە سنووری دەسەڵاتی یەكە كارگێڕییە خۆجێییەكاندا نییە، لە هەمان كاتدا پێشنیارەكان جۆرێك لە ئەستەمیی پێوە دیارە، هەروەها لە حاڵەتی جێبەجێكردنی كۆی پێشنیارەكان، ئەوا لەبریی لامەركەزیەتی كارگێڕی بەدی بێت، پەراوێزخستنی حكومەتی هەرێم لەم ناوچانە بەدی دێت. بە شێوەیەكی گشتی پێشنیارەكان بۆ چەند لایەنێك پۆلێن دەكرێن، بەشێك لە پێشنیارەكان لە بواری كارگێڕییە، بەتایبەت زیادكردنی دەسەڵاتە كارگێڕییەكانە بۆ دەزگای جێبەجێكاری یەكە خۆجێییەكان. بەشێكی تری پەیوەستە بە بواری دارایی، بەتایبەت چۆنیەتیی گلدانەوەی داهاتی ناوخۆیی ناوچەكە و بەكارهێنانی لە شوێنی خۆی، بەشێكییش پەیوەستە بە بواری ئەمنی بەتایبەت بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس، هەروەها بەشە گرنگەكەشی پەیوەستە بە نەوت و چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ نەوت، بەشێكیشی تەرخان كراوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییە خزمەتگوزارییەكان. بەڵام لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا ئەو پێشنیارانە دەرفەتی جێبەجێكردنیان هەیە؟ چ ڕێگرییەكی یاسایی و كارگێڕی و سیاسییان لەپێشە؟ بۆ هەر تەوەرێك لە پێشنیارەكان؛ دۆخێكی تایبەت هەیە، بۆ نموونە: ئەوەی پەیوەستە بە زیادكردنی دەسەڵاتی پارێزگا و یەكە خۆجێییەكان، ئەمەیان لە چوارچێوەی یاسای پارێزگاكان، ژمارە 3، ساڵی 2009 دەكرێت، بەڵام بە شیكردنەوەی یاساكە دەردەكەوێت لایەنی پەیوەندیدار بەو زیادكردنەی دەسەڵات کە وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەنی وەزیرانن، بەڵام یاسای ئەم دوو دامەزراوە ئەو جۆرە تایبەتمەندییەی پێ نەداون، بۆیە دووبارە دەبێت بگەڕێینەوە یاسای پارێزگاكان كە لەوێش هیچ مادەیەكی هاوشێوە نییە بۆ ئەم كارە، كەواتە پێویستە خودی یاساكە هەموار بكرێتەوە كە لەم هاوكێشە پەرلەمانییەی هەنووکەدا هەمواركردنەوەی ئەو جۆرە یاسایانەی ڕەهەندی سیاسی و هەرێمیان هەیە؛ ئاسان نییە. ئەوەندەشی كە پەیوەستە بە بواری داراییەوە، بەتایبەت پرسی داهاتی ناوخۆیی، پێشنیارەكان بۆ ئەوەن كە داهاتی ئەو ناوچەیە ئیداع نەكرێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، هەروەها پێدانی دەسەڵاتی دارایی بە یەكە خۆجێییەكان پێویستی بە ڕەزامەندیی وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت، كە لەم دۆخی قەیرانی ئابوورییەدا كاركردن بەو ئاڕاستەیە ئاسان نییە. سەبارەت بە بواری ئاسایشی، بەشێك لە پێشنیارەكان گرنگ و گونجاون، بەتایبەت ئەوانەی ڕۆتینی كارگێڕی كەم دەكاتەوە، بەڵام فراوانكردنی سنوورەكانی ئەم بوارە كە بە بواری حكومەتی بچووك ناسراوە، شیرازەی وەزارەتی ناوخۆ تێك دەکات تا ئەو ئاستەی بۆ هەندێ لە شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان پێویست بە هەمواركردنەوەی یاسای وەزارەتی ناوخۆ بكات. یەكێك لە خاڵە جەوهەرییەكانی ئەم پڕۆژەیە، پرسی نەوت و پەترۆدۆلارە. ئەگەرچی بیرۆكەی پەترۆدۆلار لەدوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق برەوێكی زۆری پێ درا، بەڵام دوای ئەوە كرایە دەروازەیەك بۆ لێدان لە یەكپارچەیی خاكی عێراق. سەرچاوەی ئەم گوتارە لە ستراتیژیەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر عێراق سەرچاوەی گرتووە، كە لە بەشێك لە پارێزگا شیعەنشینەكان ئەم پرسە ستراتیژییە بە شێوەیەكی تەواو خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاكانی ئێرانی كردووە، بەڵام ئەوەی لێرەدا ڕێگرە ئەوەیە لە هەرێمی كوردستان زەمینەی یاسایی بۆ ئەو پرسە نییە، پێویستی بە ڕەزامەندیی دوولایەنەی پەرلەمان و حكومەت هەیە، ئەم زەمینەسازییەش پێویستی بە ڕێكکەوتنی فرە لایەن هەیە، جگە لەوەی ئەجێندای هەرێمی و نێودەوڵەتی هاوكار نابن بۆ ئەم پرسە. لە لایەكی دیكەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستی بەوەیە وەك كاڵایەكی نیشتمانی مامەڵە لەگەڵ نەوت بكات و ڕێگری بکرێت لەوەی بكرێتە كاڵایەكی لۆكاڵی. بەشێكی دیكەی پێشنیارەكان پەیوەستن بە پێدانی دەسەڵاتی زیاتر بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و بەڕێوەبەرایەتییە خزمەتگوزارییەكان، كە بەشێكیان پێویستن و خزمەت بە خێراكردنی كاروباری هاوڵاتیان دەكات، هەروەها بەشێكیشن لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان. بەڵام ئەم پێدانی دەسەڵاتە پێویستی بە ئیرادەی سیاسییە لەسەر ئاستی وەزارەتەكان، بەتایبەت كە قەیرانی سیاسی جۆرێك لە نامتمانەیی سیاسیی دروست كردووە لەنێوان لایەنە بەشدارەكانی كابینەی حكومەتدا. ته‌وه‌ری دووه‌م: په‌یڕەوی ناناوه‌ندیی كارگێڕی و دارایی له‌ دوا ڤێرژنی گوتاری لامه‌ركه‌زیدا په‌یڕە‌وێك بڵاو كرایه‌وه‌ كه‌ وەک دوا داواكاری و دوا فۆرمی لامه‌ركه‌زی پێشكه‌ش كراوه، ئه‌و په‌یڕە‌وه‌ به ‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی خرایه‌ به‌رده‌ست ڕای گشتی له ‌ڕێگه‌ی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ هه‌مان شێوه‌ شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی لەسەر بکرێت. زه‌مینه‌ی جێبه‌جێكردنی هه‌یه‌ له ‌چوارچێوه‌ی ژینگه‌ی سیاسی و یاسایی هه‌رێمی كوردستاندا؟ لە مادەی یەکەمدا وەها سەیری نامەرکەزیی کارگێڕی کراوە کە بریتییە لە دابەشکردن و دابەزاندنی دەسەڵاتی کارگێڕی و دارایی و تەکنیکی و یاساییەکان. هەر لەم دێڕەدا، دوو هەڵەی مەنهەجی هەیە سەبارەت بە تێڕوانینی نامەرکەزی: نامەرکەزیی کارگێڕی دابەشکردنی دەسەڵاتی تێدا ناکرێت، لە فۆرمە باڵاترەکانی نامەرکەزیدا دەکرێت وەک نامەرکەزیی سیاسی و فیدراڵی. لە لامەرکەزیەتی کارگێڕیدا “تفویض السلطات” هەیە، نەوەک “التوزیع السلطات”. لە هیچ فۆرمێکی نامەرکەزیدا دەسەڵاتی یاسایی نە دابەش دەکرێ و نە شۆڕ دەکرێتەوە، چونکە ناکرێ یەکە سیاسییەکان دوو ناوەندی دەرکردنی یاسایان هەبێت، بەتایبەت لە دۆخی بێ دەستووریدا. یاسازانەکانیش لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەنجوومەنە خۆجێییەکان نابێت دەسەڵاتی یاسادانانیان هەبێت. مادەی دووەم تایبەتە بە ئامانجی پەیڕەوەکە، کە تێکەڵییەک لەنێوان ئامانجەکانی نامەرکەزی و ئامانجەکانی کۆی پەیڕەوەکەدا هەیە. ئامانجەکانی پڕۆژەکە هیچ ڕێگرییەکی یاسایی نییە لە بەردەمیدا، جگە لە ئامانجی چوارەم نەبێت کە پاساوەکانی بەڵگەدار نین. کەواتە پڕۆژەکە لە دیاریکردنی ئامانجەکانیشی نەیتوانیوە خاڵ بخاتە سەر پیتەکان، چونکە لە ئامانجەکەدا باس لە شۆڕکردنەوەی دەسەڵات کراوە، بەڵام ئەوەی كۆی پڕۆژەكە داوای دەكات، ئامانج لێی جیاكردنەوەی دەسەڵاتە نەوەك شۆڕكردنەوەی دەسەڵات بەو فۆرمەی لامەركەزی داوای دەكات، ئەمە جگە لەوەی خۆی لە چاودێریی حكومەتی ناوەندی دوور دەخاتەوە. لە كاتێكدا ئامانجی لامەركەزیەت جیاكردنەوەی دەسەڵات نییە، بەڵكوو ڕیزكردنی دەسەڵاتە بە شێوەیەكی ستوونی، بۆ ئەوەی پڕۆسەی شۆڕكردنەوەی دەسەڵات بۆ ئۆرگانە كارگێڕییە بچووكەكان ئاسانتر بكرێت، نەوەك لامەركەزیەت بكرێتە دەروازەیەك بۆ جیاكردنەوەی دەسەڵات و گۆڕینی ئاڕاستەی سیاسیی ناوچەیەك پێچەوانەی ئاڕاستە سیاسییە گشتییەکە. مادەی سێیەمی پەیڕەوەکە؛ بوون و نەبوونی وەک یەکە، چونکە سنووری دەسەڵاتداریی ئەو دەسەڵاتانەی داوای دابەشکردنی کراوە؛ گواستووەتەوە بۆ پاشکۆ، بەڵام بڕگەی دووەمی ئەم یاسایە جێگەی هەڵوێستەکردنە، کە داوای ئەوە دەکات پارێزگا بەدەوری خۆیدا ئەو دەسەڵاتانەی لە حکومەتی هەرێم وەریدەگرێت، شۆڕی بکاتەوە بۆ یەکە کارگێڕییەکانی خوارتر. بەڵام ئەگەر سەیری دۆخی ئێستای پارێزگاکانی کوردستان بکەین، هیچ ڕێگرییەک نەکراوە لە ئەنجامدانی ئەم کارە، تەنانەت یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش دەرفەتی بۆ ئەم شۆڕکردنەوە دروست کردووە، بەڵام دەبینین کە دەسەڵات شۆڕ نەکراوەتەوە بۆ یەکە کارگێڕییەکانی خوارەوەی پارێزگا. کەواتە گرەنتی چییە لە حاڵەتی وەرگرتنی دەسەڵاتی زیاتر ئەم شۆڕکردنەوەیە گرەنتی بکرێت، یان بوونی دەسەڵاتی زۆر سەر نەکێشی بۆ دروستبوونی قۆرخکاریی زیاتر لەلایەن پارێزگاوە. مادەی چوارەمی پەیڕەوەکە، خۆی لە نەگەڕاندنەوەی داهاتی پارێزگاکان بۆ خەزێنەی هەرێم دەبینێتەوە. لە داڕشتنی ئەم مادەیەدا، هەوڵ دراوە واقعێکی نایاسایی لە ڕێگەی پەیڕەوێکەوە بەیاسایی بکرێت. سەرەڕای هەموو ئەمانەش، سەرلەبەری مادەکە ناکۆکە لەگەڵ یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت ئەو یاسایانەی پرسی سیستمی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕێک دەخەن. بۆیە بۆ جێبەجێکردنی ئەم مادەیە، پێویستە ڕستەیەک یاسای بێ کێشە هەموار بکرێتەوە. لە مادەی شەشەمدا بڕگەیەکی گونجاو دەخاتە ڕوو، بۆ دروستنەبوونی قەیران لە ڕاپەڕاندنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، ئەویش لە ڕێگەی دروستکردنی ئەنجوومەنێکی تایبەت بە پرسی نامەرکەزییەوە، ئەم ئەنجوومەنە دەکرا لە شێوەیەکی فراوانتر کاری لەسەر بکرایە، بۆ ئەوەی گرەنتییەکی زیاتر دروست بکات کە ئامانج لەم پەیڕەوە گەڕاندنەوەی هەرێم نییە بۆ قۆناغی دوو ئیدارەیی بە فۆرمی جیاواز. مادەی حەوتەم گرفتێکی هەیە، لە ئەگەری چوونە بواری جێبەجێکردنەوە ئەم مادەیە دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی سیاسیی قووڵ بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە لە سیناریۆی یەکگرتنی هێزەکانی ئەم ناوچەی لەپشت پەیڕەوەکەیە، دەکرێ تەگەرە بخرێتە بەردەم پەرلەمان، نەتوانێ بودجەی گشتیی هەرێمی کوردستان دەربکات و ئەم مادەیە کارا بکرێت و قۆرخکاری بکرێت بۆ چۆنیەتیی نەخشەڕێژکردنی بودجە، بە پێچەوانەی سیاسەتی گشتیی حکومەتی هەرێمەوە. جگە لەوە، بودجە وەک دەستوور ڕەهەندێکی نیشتمانیی هەیە و ناکرێت بەش بەش بکرێت و هەر پارێزگایەک بەجیا بودجەی خۆی بنووسێت و پەسەندی بکات و بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمە بێبەهاکردنی وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی کوردستانە کە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانیان ئامادەکردنی بودجەی گشتییە. هەریەک لە مادەی هەشتەم و نۆیەم و دەیەم، لەم سێ مادەیە درک بەوە کراوە کە ڕێکارەکانی نووسینەوە و بڕیاردان لەسەر و خستنە بواری جێبەجێکردنی پەیڕەوەکە نایاساییە، بۆیە هەوڵ دراوە پارێزبەندییەک بۆ خۆی دابنێت بەوەی دوای پەسەندکردنی پەیڕەوەکە نەتوانرێ بێ ڕەزامەندیی پارێزگا هیچ یاسا و پەیڕەوێکی پێچەوانەی ئەم پەیڕەوە پەسەند بکرێت. ئەمەش ناکۆکییە لە پرەنسیپدا، بە شێوەیەک بۆ داڕێژەرانی پەیڕەوەکە ئاسایی بێت باز بدەن بەسەر یاساکانی پێش خۆیان، بەڵام دەزگا شەرعییەکانی دیکە بۆیان نەبێت پێچەوانەی پەیڕەوەکە یاسا دەربکەن، ئەمەش واتە هاوتاکردنی پەیڕەوەکە بە دەستوور. ڕێگای چارەساز بەرمەبنای ئەم پڕۆژەیە و كۆی ئەو گوتارانەی پێشووتر داوای لامەركەزییان كردووە، دەكرێت چەند ڕێگەیەك لە بەردەمیاندا بێت، بەڵام ڕێگاكان لە لایەك دەكرێت تەواوكەری یەك بن و لە لایەكی دیكە دەشێت پێویستی بە چەندین ڕێكاری یاسایی و كارگێڕی و سیاسی هەبێت. بەڵام لە دەرەنجامی هەموو ئەمانە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی كە ئەزموونی لامەركەزیەت بە هەموو ئاست و فۆرمەكانیەوە؛ هیی هیچ وڵاتێك لە وڵاتێكی تر ناچێت، بۆیە باشترین بژاردە لەبەردەممان كاركردنە بە ئاڕاستەی دۆزینەوەی فۆرمێكی تایبەت بە خۆمان كە لەگەڵ سروشتی سیاسی و جوگرافی و كۆمەڵایەتی و واقعی سیاسیی هەرێمی كوردستان بگونجێت، بە شێوەیەك كە ئەم فۆرمە جیاوازە كاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەزموونی هەرێمی كوردستان دروست نەكات. لامەركەزیەت هەنووکە بە پرسی دیموكراسییەوە بەستراوەتەوە، بە شێوەیەك كە بابەتەكانی پەیوەستن بە حوكمڕانییەكی دروست، بە جۆرێك لە جۆرەكان دەچنەوە سەر دیموكراسیەت لە ئاستە وردەكەیدا، كە خۆی لە لامەركەزیەت لە نزمترین ئاستدا دەبینێتەوە، بۆیە كاركردن بەو ئاڕاستەیەی كە هەر پێویستمان بە لامەركەزیەت نییە، لەژێر هەر بەهانەیەك بێت هەڵەیە. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە: چ لامەركەزیەتێكمان پێویستە، كە هەم خواستی هەموو ناوچەکان و دیموكراسیەتی كارگێڕییش لە یەك كاتدا بینێتە دی؟ دەكرێ چەند ڕێگەیەكمان لەبەردەم بێت، لەوانە: ١. لە قۆناغی یەكەمدا پێویستە لەسەر ئاستی وەزارەتە خزمەتگوزارییەكان هەندێ دەسەڵاتی كارگێڕیی زیاتر شۆڕ بكرێتەوە بۆ ئاستی خوارتر لەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییانەی کە سەر بە یەكە خۆجێییەكانن، بەتایبەت ئەو بوارانەی پەیوەستن بە شارەوانی، پەروەردە، تەندروستی، هاتوچۆ، كشتوكاڵ و كارەبا. بەڵام ئەم گواستنەوەی دەسەڵاتە بۆ ماوەیەكی كاتی بێت، تاوەكوو دواتر لە چوارچێوەیەكی یاساییدا بەتەواوی ئەم پرسە ڕێك بخرێتەوە. ٢. لیژنەی یاسایی و ناوخۆیی پەرلەمانی كوردستان ڕابسپێردرێن كە بە هاوكاریی پسپۆڕان چوارچێوەیەكی تازە بۆ پرسی كارگێڕیی خۆجێیی و لامەركەزیەتی كارگێڕی دابڕێژنەوە، بە شێوەیەك ئەم كارانە لەئەستۆ بگرن: ا. یاسایەكی نوێ بۆ پرسی لامەركەزی دابڕێژرێت، كە جیاواز بێت لە یاساكانی پێشوو لە ڕووی كارگێڕی و سروشتە سیاسی و دیموكراسییەكەی سیستمی كارگێڕی لە هەرێمی كوردستان. ب. كاركردن بە یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكان، ژمارە (3)ی ساڵی 2009؛ ڕابگێرێت. پ. لەبریی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، كار بە مۆدێلی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان بكرێت، هەروەها لە یاساكەدا دەسەڵات، تایبەتمەندییەكان و شێوازی دروستكردنی ئەم ئەنجوومەنە دابڕێژرێتەوە و جیاواز بێت لەو ئەنجوومەنە شارەوانییەی لە یاسای وەزارەتی شارەوانیدا هاتووە، هەروەها جیاوازیش بێت لەو ئەنجوومەنە شارەوانییەی لە پەیڕەوی ژمارە (5)ی ساڵی 2017ی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە، كە تایبەتە بە پێكهێنانی ئەنجوومەنەكانی شارەوانی لە هەرێمی كوردستان. ت. لە پێكهێنانی ئەم ئەنجوومەنە خۆجێییە، پشت بە ئەزموونی فەڕەنسا ببەسترێت لە چۆنیەتیی ڕێكخستنی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان. گەرچی لە فەڕەنسا ژمارەی شارەوانییەكان زۆرە، بەڵام دەكرێت لێرە پشت بە یەكە كارگێڕییەكان لە ڕووی جوگرافی و ژمارەی دانیشتووانەوە ببەسترێت، بۆ ئەوەی بكرێتە پێوەرێك بۆ دانانی ئەو ئەنجوومەنە. ج. ئەنجوومەنی نوێی خۆجێیی بكرێتە بنەما بۆ دەستنیشانكردنی دەستەی جێبەجێكاری خۆجێیی كە بە هەمان شێوە ئەندام بن لە ئەنجوومەنە خۆجێییەكە (ئەمەش هەر دەكرێت لە یاساكەدا ڕێك بخرێتەوە). د. دەستەی جێببەجێكاری خۆجێیی كە لە یاساكەدا دەسەڵات و تایبەتمەندییەكانی ڕێك دەخرێت، چیتر لە ڕووی كارگێڕییەوە پەیوەست نەبێت بە وەزارەتی ناوخۆوە، بۆ ئەمە دەكرێت بیر لە وەزارەتی شارەوانی یان ئەنجوومەنی وەزیران بكرێتەوە. ح. پێكهێنانی فەرمانگەیەكی تایبەت بە كارگێڕییە خۆجێییەكان لە ئەنجوومەنی وەزیران، كە لە چوارچێوە گشتییەكە دوو ئەركی سەرەكیی هەبێت؛ ڕێكخستن و یەكخستنی كاروباری یەكە خۆجێییەكان لە ڕووی كارگێڕییەوە، هەروەها بەئەندامبوونی لە ئەنجوومەنی وەزیران پاڵپشتێكی تەواوكار دەبێت بۆ لامەركەزیەتی كارگێڕی و گرەنتییش دەبێت بۆ نەپەڕینەوەی ئەم لامەركەزییە بۆ جیاكاری. خ. ئەنجوومەنە خۆجێییەكان لەم یاسا تازەدا دەسەڵاتی كارگێڕیی سنوورداریان هەبێت لەبریی ئەوەی تایبەتمەندیی تەشریعییان هەبێت، بە جۆرێک ناوچەكان بەرەو جیاكاری و دابەشكاری هەنگاو نەنێن، بۆ ڕاگرتنی ئەو هاوسەنگییە پێویستە دەسەڵاتە كارگێڕییەكان لە چوارچێوەی پرەنسیپی “عدم تمركز الاداری” زیاد بكرێت، بەتایبەت لە پرسە خزمەتگوزارییەكاندا. ٣. لە قۆناغی سێیەمدا پێویستە كار لەسەر دەستوور بكرێت، بەو پێیەی پرسی سیستمی كارگێڕی بەشێكی گرنگ و هەستیاری سیستمی سیاسییە، دەزگا حوكمڕانەكانی سیستمی سیاسی بە هۆی ئەم دەزگا كارگێڕییانەوە دەجووڵێن، بۆیە پێویستە ئەم پرسە لە ڕێگەی دەستوورەوە ژێرخانێكی دروستی بۆ دابنرێت و لەوێوە پرەنسیپە بنەڕەتییەكانی ڕێكخستنی كارگێڕی و سروشتە سیاسی و دیموكراسییەكەی ڕێك بخرێت. لە ڕەشنووسی دەستووردا بە یەك مادە ئەمە باس كراوە، بەڵام پێویستە بەشێكی تایبەت بەو پرسە بكرێتەوە بۆ ئەوەی لە ئایندەیەكی دووردا ئەگەرەكانی هەڵوەشانەوە و بێهێزكردنی هەرێم لەم دەروازەیەوە كەم بكرێتەوە. بێگومان كارەكان بەم ئاسانییە نین، جیاوازیی ئیرادە و ئەجێندا و بیركردنەوەی هێز و لایەنە سیاسییەكان زۆر لە یەك جیاوازن، ئەمە جگە لەوەی ئیرادەی هێز هەرێمییەكان بە ئاڕاستەی ناسەقامگیریی هەرێمی كوردستاندا هەمیشە بەگەڕ خراوە، بۆیە بژاردە نزیكەكە بریتییە لە چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ واقعەكەدا بە هەندێ گۆڕانكاریی كارگێڕی و یاساییەوە، بە شێوەیەك كە بتوانرێت پرسی لامەركەزی هەر لە چوارچێوە دیموكراسییەكەیدا بمێنێتەوە و نەپەڕێتەوە بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندای دیكە. بۆ ئەمەش چەند هەنگاوێك وەک پێشنیار دەخەینە ڕوو: ١. یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكان بچێتەوە پەرلەمان و لە ماوەی دوو مانگدا هەموار بكرێتەوە، لە هەمواركردنەوەكەشدا ئەمانە لەبەرچاو بگیرێت: ا. داڕشتنەوەی تایبەتمەندی و دەسەڵاتەكانی ئەنجوومەنی پارێزگا-قەزا-ناحیە، بە شێوەیەك كە دەسەڵاتی تەشریعییان نەبێت و تایبەتمەندییەكەیان لە بواری چاودێری و دەركردنی ڕێنمایی و بەشێك دەسەڵاتی كارگێڕیدا پوخت بكرێتەوە. ب. ڕێكخستنەوەی دەسەڵاتە كارگێڕییەكانی پارێزگار-قایمقام-بەڕێوەبەری ناحیە، بە شێوەیەك كە ڕێگە بگرێت لە دروستبوونی دەسەڵاتێكی كارگێڕیی تاكڕەو لە هەر ناوچەیەك. ت. جیاكردنەوەی پارێزگار لە هاوپێچبوون بە وەزارەتی ناوخۆ، لەبریی ئەوە دەكرێ ببێتە هاوپێچێكی كارگێڕیی سەر ئەنجوومەنی وەزیران یان دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران (فەرمانگەی یەكە خۆجێییەكان – باشترین بژاردەیە)، یانیش وەزارەتی شارەوانی. پ. ڕێكخستنەوەی پەیوەندیی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و یەكە خۆجێییەكان، لەبریی كاركردن بە پرەنسیپی “عدم تمركز”، كار بە پرەنسیپی “لامركزیە” بكرێت لە ڕووی ڕێكخستن و سەربەخۆیی و چاودێرییەوە. ٤. ئەنجوومەنی ناحیە و قەزاكان ئەكتیڤ بكرێنەوە و لە نزیكترین كاتدا ئامادەكاری بكرێت بۆ هەڵبژاردن لەسەر ئەم ئاستە. ئەم هەنگاوە دوو ئامانج دەپێكێ: یەكەمیان ڕێگریكردنە لە دروستبوونی ئیرادەی دروستكردنی هەرێمی سلێمانی و چڕكردنەوەی دەسەڵات لەناو پارێزگا، دووەمیش دەرفەتێكە بۆ بەرجەستەكردنی لامەركەزیەت لە ئاستە نزمەكە لە ڕێگەی ئەوەی خەڵك نوێنەری ڕاستەقینەی خۆی لە بوارێكی تەسكدا هەڵدەبژێرێت. ٥. دووبارە داڕشتنەوەی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان، بەڵام شێوازی پێكهێنانی پێویستە گۆڕانكاریی بەسەردا بكرێت، بە شێوەیەك كە وا ئەندامانی ئەم ئەنجوومەنە بەم شێوەیە دیاری بكرێت: ا. ژمارەی ئەندامانی ئەم ئەنجوومەنە بەپێی ژمارەی دانیشتووانی سنووری جوگرافیی شارەوانییەكە دەبێت. ب. ڕێژەی 35%ی ئەندامانی ئەم ئەنجوومەنە لە ڕێگەی دامەزراندنەوە دەبێت كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دادەمەزرێن. ت. ڕێژەی 35%ی ئەندامانی ئەم ئەنجوومەنە لەلایەن ئەنجوومەنی خۆجێییەوە (پارێزگا-قەزا-ناحیە) دابنرێت، بە شێوەی وەرگرتنی سیڤی و دەنگدان لە ئەنجوومەنی خۆجێیی. پ. ڕێژەی 30%ی ئەندامان لە كەسانی پسپۆڕ دیاری بكرێت، كە ئەم كەسە پسپۆڕانە لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانییەوە دەستنیشان دەكرێن بەهەماهەنگی لەگەڵ یەكە خۆجێییەكان. ج. بەڕێوەبردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان بە شێوەی دەستەی سەرۆكایەتی بێت، كە لە سێ ئەندام پێك بێت (ئەندامێكیان لەوانە بێت كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دیاری كراوە، ئەندامێكیان لەلایەن ئەنجوومەنی خۆجێییەوە، هەروەها ئەندامەكەی تر كە كەسێكی پسپۆڕە و دەبێتە سكرتێری ئەم سەرۆكایەتییە). د. لە ڕووی كارگێڕییەوە ئەم ئەنجوومەنی شارەوانییە وەك هاوپێچێك بە وەزارەتی شارەوانی ببەسترێتەوە. ح. دەسەڵات و تایبەتمەندییەكانی لە ڕێگەی بڕیارێكی تایبەتەوە دەستنیشان بكرێت كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ئامادە بكرێت و دەربكرێت. خ. ئەم ئەنجوومەنە لەلایەن ئەنجوومەنە خۆجێییەكانەوە چاودێری دەكرێت و لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت. ٦. هەماهەنگی لەنێوان ئەنجوومەنە خۆجێیی و ئەنجوومەنە شارەوانییە نوێیەكان دروست بكرێت لە ڕێگەی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكانەوە، بە شێوەیەك كە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت كە ئەنجوومەنی خۆجێیی هەڵبژێردراوی ڕاستەوخۆی هاوڵاتیانن.   سه‌رچاوه‌كان یه‌كه‌م: سه‌رچاوه‌ یاساییه‌كان ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق (2005) پڕۆژە‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان-عێراق (2009) هەمواری چوارەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانی، ژمارە (1)ی ساڵی 1992 هەموار كراوە. یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەكان، ژمارە (6)ی ساڵی 1993 یاسای وەزارەتی ناوخۆ، ژمارە (6)ی ساڵی 2006 یاسای ئه‌و پارێزگایانه‌ی له‌ هه‌رێمێك ڕێك نه‌خراون، ژماره‌ (21)ی ساڵی 2008 یاسای ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، ژمارە (3)ی ساڵی 2009 پەیڕەوی ژمارە (5)ی ساڵی 2017ی ئەنجوومەنی وەزیران   دووه‌م: په‌رتووك و توێژینه‌وه‌ أحمد عبدالزهرە كاظم الفتلاوی، النظام اللامركزی و تطبیقاته، مكتبة زین الحقوقیة الطبعة الاولی، بیروت، 2013. حسین الرحال و عبدالمجید كمونە، الادارە المركزیە و الادارات المحلیە فی العراق، مطبعە عبدالكریم زاهد، بغداد، 1953. حیدر مثنی محمود، دور البرلمان فی تعزیز اللامركزیة فی العراق، برنامج الامم المتحدة الانمائی، برنامج ادارة الحكم فی دول عربیة، بلا مكان نشر. د. أحمد رشید، نظم الحكم و الادارة المحلیة، مفاهیم العلمیة و حالات دراسیة، دار المعارف، الطبعە الاولی، القاهرة، د. عامر ابراهیم أحمد الشمری، الادارە اللامركزیة الاقلیمیة، منشورات زین الحقوقیة، بیروت، 2013. د. عامر ابراهیم، النظم اللامركزی و تطبیقاته، منشورات زین الحقوقیة، الطبعە الاولی، 2013. د. محمد محمود الطعامنة، نظم الادارة المحلیة (المفهوم والفلسفة والاهداف)، الملتقی العربی الاول – نظم الادارة المحلیة فی الوطن العربی، عمان، 2003. محمد طالب عبد، اللامركزیة الاداریة فی التطبیق علی المجالس المحلیة، رسالة ماجستیر، كلیة الحقوق – جامعە النهرین، 2010. هۆگر ئیبراهیم حه‌كیم، سروشتی دیموكراسیی لامه‌ركه‌زیه‌تی كارگێڕی، ماسته‌رنامه‌، زانكۆی سه‌لاحه‌دین، 2016. سۆران عەلی حسێن، پێكهێنان و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ له‌به‌ر ڕۆشنایی بنه‌ماكانی ناناوه‌ندیی كارگێڕی، توێژینه‌وه‌یه‌كی شیكاریی ڕە‌خنه‌گرانه‌یه‌ بۆ یاسای پارێزگای هه‌ڵه‌بجه،‌ ژماره‌ (1)ی ساڵی 2015، گۆڤاری یاسا و ڕامیاری، زانكۆی سه‌لاحه‌دین، 2016. Agrawal, Arun and Ribot, Jesse C, “Accountability in Decentralization; A framework with South Asian and West African Cases”, The Journal of Developing Areas, vol. 33, summer 1990, pp. 473-502.   مامۆستای كۆلێژی زانسته‌ سیاسییه‌كانی زانكۆی سه‌لاحه‌دین ژمارە (7)ی ئایاری 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی


درەو: لەكۆی ( ترلیۆنێك و 114 ملیار) دینار داهاتی نەوتی ئەم مانگە، تەنیا (40%) خراوەتە خەزینەی حكومەتەوە، وەزارەتی دارایی پارەی پێویستی بۆ موچە بۆ تەرخانكراوە، چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو موچەی تەواوی وەزارەتەكان دابەش بكات، داهاتی سلێمانیش لەكۆی (68 ملیۆن) دۆلار تا ئێستا (35 ملیۆن) دۆلاری رادەستی حكومەتكراوە. كۆی داهاتەكانی بەردەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم مانگە كە (درەو) لەسەرچاوەیەكی وەزارەتی داراییەوە وەریگرتووە بە نزیكەی بەم شێوەیە بووە كە: داهاتی ناوخۆ: بۆ ئەم مانگە داهاتی ناوخۆ كە خراوەتە بەردەستی وەزارەتی دارایی بۆ موچە (313 ملیار) دینار بووە، داهاتی سلێمانی لە كۆی (68 ملیۆن) دۆلار واتا (101 ملیار) دینار، تەنیا (35 ملیۆن) دۆلار واتا ( 52 ملیار) دیناری رادەستی حكومەت كراوە،  واتا خراوەتە بانكی هەرێم لە سلێمانی. داهاتی نەوت: داهاتی نەوت : نرخی بەرمیلێك نەوتی هەرێم بە (58) دۆلار فرۆشراوە، لەكاتێكدا نرخی بەرمیلێك نەوتی عێراق كە لەرێگەی سۆمۆوە فرۆشراوە بە (65) دۆلار، لەبازارەكانی جیهانیدا ئێستا نرخی بەرمیلێك نەوت (72) دۆلارە. هەرێمی كورستان رۆژانە بەبێ پێداویستی ناوخۆ (430 هەزار) بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، بە نرخی (58) دۆلار فرۆشراوە، دەكاتە ( 748 ملیۆن و 200 هەزار) دۆلار واتا ( ترلیۆنێك و 114 ملیار) دینار، لەو رێژەیە تەنیا (300 ملیۆن) دۆلاری رادەستی وەزارەتی دارایی كراوە واتا ( 447 ملیار) دینار. پارەی هاوپەیمان: پارەی هاوپەیمانان نزیكەی (25 ملیار) دینارە كۆی گشتی داهاتەكانی بەردەستی وەزارەتی دارایی بۆ ئەم مانگە بەم شێوەیەبووە: •    313 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ •    447 ملیار دیناری داهاتی نەوت  •    25 ملیار دیناری تەمویلی هاوپەیمانان كۆی گشتی داهاتەكان: 785 ملیار دینار كۆی گشتی خەرجی موچەی موچەخۆران: 894 ملیار دینارە كۆی گشتی موچە بەلێبڕینەوە: 706 ملیار دینار   


راپۆرت: درەو "پێڵاوی پیاوە مردووەكان".. ئەمە پەندێكی بەریتانییە كە لە راپۆرتێكی بەریتانییەكاندا بۆ ئەو ئەفسەرانەی وەزارەتی پێشمەرگە بەكارهێنراوە، كە تاوەكو نەمرن لە پۆستەكانیان لاناچن، بەریتانییەكان دەڵێن تاوەكو ئەفسەرە پلەباڵاكان لە وەزارەتی پێشمەرگە خانەنشین نەكرێن‌و ئەفسەرە گەنجەكان لە شوێنیان دانەنرێت، چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا ناكرێت، باسلەوە دەكەن لەوەزارەتی پێشمەرگەدا "بندیوار" هەیە، لە وەزارەتی ناوخۆشدا هێزەكانی زێرەڤانی‌و بەرگری‌و فریاكەوتن هێزی حزبین.  هەوڵی چاكسازی لەماوەی پێنج ساڵدا رۆژی 21ی تەموزی 2020 راپۆرتێكی لەبارەی پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە ئاڕاستەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی‌و هاوسەرۆكەكانی یەكێتی‌و سەرۆكایەتی هەرێم‌و سەرۆكایەتی حكومەت‌و هەردوو وەزارەتی ناوخۆو پێشمەرگە كردووە. (درەو) كۆپییەكی ئەم راپۆرتەی دەستكەوتووە، بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی ئاسایشی نیشتمانی لە هەرێمی كوردستان، هەموو راپۆرتەكە بڵاوناكاتەوە، بەڵام ئەو بەشانەی كە بەپەیوەندی بە ئاڵنگارییەكانی بەردەم چاكسازیكردن لە وەزارەتی پێشمەرگە‌و هێزە ئەمنییەكان هەیە، دەخەینەڕوو.  راپۆرتەكەی بەریتانیا، عەقید (رۆی .ف. ناتراجان) لە هێزەكانی بەریتانیا وەكو راوێژكاری تایبەتی بەرگریی نوسیویەتی، باس لە هەوڵەكانی بەریتانیا دەكات بۆ چاكسازیكردن لە سێكتەرەكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەماوەی ساڵانی (2015وە بۆ 2020). بەگوێرەی راپۆرتەكە، لە ساڵی 2015وە حكومەتی بەریتانیا‌و لایەنە نێودەوڵەتییەكان لەبواری چاكسازیدا لە سێكتەری ئاسایشی هەرێمی كوردستان، جەختیان لە پرۆژەی تەكنیكی سەربازی جیاواز كردوەتەوە، بەڵام كاریگەری هەوڵەكەیان لە ساڵی (2019)وە راوەستاوە، بەریتانیا داوا دەكات بەبڕیارێكی سیاسی ئەم هەوڵە دەستپێبكاتەوە‌و پێشكەوتن بەخۆوە ببینێت.  راپۆرتەكە باسلەوەدەكات، دروستبوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لە هاوینی 2019دا، هەلومەرجی گرنگی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی رەخساندووە، بۆ ئەمەش دەركردنی یاسای چاكسازی لە پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2020 بە نمونە هێناوەتەوە.  "حزبەكان متمانە بەیەكتر بكەن" راپۆرتەكە لەبارەی چاكسازی لەناو هێزەكانی پێشمەرگەدا دەڵێ:" داخوازی هەرە سەرەكی تیمی بەریتانیا‌و هێزەكانی دیكە ئەوەیە حزبە سیاسییەكانی هەرێم متمانە بەیەكتر بكەن، چونكە ئەگەر هەر پارتێك گومانی لە دڵسۆزی ئەوی دیكە هەبێت لە مەنهەج یان شێوازی كار، چاكسازی نایەتە دی، سەركردە سیاسییەكان سەرباری دابەشبوونە سیاسییەكان، لە مەبدەئدا چاكسازییان دەوێت، بەڵام نەبوونی متمانە كەلێنێكی گەورەیە". ئاماژە بەوەدەكات، بەهۆی پەتای (كۆرۆنا)و خراپبوونی بواری ئابورییەوە، هەنگاوەكان بۆ چاكسازی لە هێزە ئەمنییەكاندا خاوبوەتەوە، سەرباری ئەمەش زیادبوونی بەردەوامی ململانێی نێوان پارتە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان، رێگرێكی مەترسیدارە. دایەلۆگ لەنێوان سەركردە باڵاكان لەئێستادا جەوهەرییە بۆ ئەوەی متمانە بینابكەنەوە. پەروەردەكردنی پێشمەرگە هاوینی ساڵی رابردوو، بەریتانییەكان پێشنیازی ئەوەیان كردووە، چاكسازی لە سێكتەری ئاسایشی هەرێمی كوردستاندا بگوازرێتەوە بۆ لایەنی "پەروەردەكردن‌و فێركردنی پێشمەرگە" بەشێوەیەكی پرۆفێشناڵ، هەركاتێك دۆخەكە  باش بوو، ئەوكات تیمی بریتانیا ئامادەیە هەوڵەكان بۆ چاكسازی دەستپێبكاتەوە. "زێرەڤانی‌و بەرگری‌و فریاكەوتن هێزی حزبین" راپۆرتی بەریتانیا، داوا دەكات پرۆسەی چاكسازی لەناو هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان تەنیا لە وەزارەتی پێشمەرگەدا كورت نەكرێتەوە، كە بریتین لەو هێزانەی وەزارەتی پێشمەرگە سەرپەرەشتییان دەكات لەگەڵ هێزەكانی (80)ی پارتی‌و (70)ی یەكێتی.  راپۆرتەكە دەڵێ" ئێستا گرنگە هێزەكانی سەر بە (وەزارەتی ناوخۆ)ش بێنە ناو پرۆسەی چاكسازیەوە وەك (زێرەڤانی‌و بەرگری‌و فریاكەوتن)، هەرچەندە ئەم هێزانە سەربە وەزارەتی ناوخۆن، بەڵام حزبین‌و لەژێر رێنمایی حزبدان". بەریتانییەكان دەخوازن، دوای چاكسازیكردن لە وەزارەتی پێشمەرگە‌و وەزارەتی ناوخۆ، لەمەودایەكی دوردا، چاكسازی لە هێزەكانی (پۆلیس، ئاسایش، پاراستن‌و دەزگای زانیاری كە دژەتیرۆریشیان بە دەستە) بكرێت. ریفراندۆم دەریخست..    راپۆرتی بەریتانیا ئاشكرایكردووە، ساڵی 2015 كە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بووە، داوای لە بەریتانیا كردووە چاكسازی لە هێزەكانی پێشمەرگەدا بكەن.  راپۆرتەكە دەڵێ" راستیەك هەیە زۆربەی سیاسییەكان كۆكن لەسەری، ئەویش ئەوەیە كە مۆدێلی بەرگری هەرێمی كوردستان پشتئەستوورە بەزۆرینەی هێزی پلەداری پێشمەرگە كە لەژێر دەسەڵاتی پارتە گەورەكانی هەرێمدایە. هێزێكی كەم یان بچووك لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بەڕێوەدەبرێت كە لاوازەو بە ئاسانی بەكاردێت". راپۆرتەكە نوسیویەتی" سەرهەڵدانی داعش لە 2014دا لاوازی هێزی سوپای عێراقی دەرخست، ئەنجامدانی ریفراندۆمی لە هەرێمی كوردستانیش دەریخست، هێزی دەرەكی دەتوانێت هێزی پێشمەرگە دابەش بكات".   40 پرۆژە بۆ چاكسازیی ساڵی 2016، بەریتانیا راپۆرتێكی ئامادەكردووە‌و تێدا پێشنیازی كردووە بەڕێوەبەرایەتییەكی چاكسازی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە‌و یەكخستنی هێزەكانی (70)ی یەكێتی‌و (80)ی پارتی دروستبكرێت. لە 2017دا سوپای بەریتانیا (كۆلۆنێل) عەقیدێكی دەستنیشان كردووە وەكو راوێژكاری تایبەتی سەربازی لە كۆنسۆڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر، ئەمریكاو ئەڵمانیاو هۆڵەنداش ئەفسەریان لەسەر ئاستی عەقید دەستنیشانكردووەو گروپی راوێژكاری نێودەوڵەتی دامەزراوە بۆ چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە.  ئەم تیمە نێودەوڵەتییە، لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەدا كاریان كردووە، بۆ ئەوەی هێزێك دروست بكەن كە زیاتر متمانەپێكراو بێت‌و پلەدارەكانی لەژێر فەرمانی حكومەتدا بن‌و لەژێر فشاری پارتە سیاسییەكاندا نەبن، پێشمەرگەكانی ئەم هێزە خاوەن مۆراڵ‌و بڕوا بن، لەڕووی جەستەییەوە بەتوانا بن‌و بەرەنگاری رەفتاری گەندەڵی ببنەوە‌و توانای دابینكردنی پێداویستی ماددی خۆیان هەبێت.  تیمە راوێژكارییە نێودەوڵەتییەكە‌و بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی، پێكەوە دۆسیەیەكیان بۆ پرۆژەكانی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا كردوەتەوە، كۆی پرۆژەكان بۆ چاكسازی گەیشتوەتە (40) پرۆژە، تیمی راوێژكارانی نێودەوڵەتی، هەندێك لە پرۆژەكانیان كردووە بە یەك‌و ئەو پرۆژانەی كە ناواقعی بوون، لایبردوون، تا وای لێكردووە، كۆی پرۆژەكانی بۆ چاكسازی لە (40) پرۆژەوە بۆ (21) پرۆژە كورتكردوەتەوە.  "با یەكێتی‌و پارتی رێكبكەون" بەپێی راپۆرتەكە، سەرەتای 2019، تیمی راوێژكارانی سەربازیی بیانی، لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەدا كاریان لەسەر بواری چاكسازی كردووە، لەم ساڵەدا تەنیا هەوڵیان داوە "پرسیاری دروست" بدۆزنەوە، نەوەكو "وەڵامی دروست"، چونكە وەكو راپۆرتەكەی بەریتانیا باسی كردووە" وەڵامی ئەم پرسیارانە تەنیا بە رێككەوتنی سیاسی نێوان پارتی‌و یەكێتی دەدرێنەوە".  بەهاری 2019، كارەكانی چاكسازی لە هێزی پێشمەرگەدا راوەستاوە، پێشنیازی ئەوە كراوە بۆ دەستپێكردنەوەی چاكسازییەكان " پارتی‌و یەكێتی لەسەر ستراتیژیەتێكی بەرگری‌و فەرمان‌و كۆنترۆل رێكبكەون‌و هێزەكانی 70‌و 80 لەناو وەزارەتی پێشمەرگەدا یەكبخەن".  بندیوار لە وەزارەتی پێشمەرگە راپۆرتی بەریتانییەكان لەبارەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ" یەكێك لە كێشە گەورەو ئاڵۆزەكان، موچەو شایستەكان‌و ڕاژەو خانەنشینیە، گرفتی بوونی سەربازی تارمایی (بندیوار) مەسەلەیەكە لێی تێدەگەین. رەفتاری گەندەڵی هەندێ لە ئەفسەرە باڵاكان كارێكی دیارە، لەگەڵ هەندێ راپۆرت كە ئاماژە بە بوونی موچە‌و مافی ساختەی دیكە دەكەن". "پێڵاوی پیاوە مردووەكان"  راپۆرتی بەریتانیا بە راشكاوی باسلەوەدەكات، هەندێك لە ئەفسەرە باڵاكانی وەزارەتی پێشمەرگە گەندەڵن‌و دەڵێ" ئەنجامدانی چاكسازی كارێكی سەختە، ئەگەر ئەم ئەفسەرە باڵایانە (پاسەوانی كۆن) لە وەزارەتی پێشمەرگە بمێننەوە. قسەو كرداریان بۆ چاكسازی هاوتا نییە. هەندێ ئەفسەری دیكە هەن كە دەیانەوێت چاكسازی جێ بەجێ بێت‌و دەیانەوێت هێزی پێشمەرگە ببێتە دامەزراوەیەكی پیشەیی دوور لە كاریگەری پارتی سیاسی". راپۆرتەكە بە پەندێكی بەریتانی گوزارشت لە ئەفسەرەكانی هێزی پێشمەرگە دەكات كە ماوەیەكی زۆرە لە پۆستەكانیان ماونەتەوە‌و لاناچن، پەندەكە دەڵێ" پێڵاوی پیاوە مردووەكان"، مەبەست لەم پەندە ئەوەیە، كەسێك لە پۆستێكدا بمێنێتەوە‌و لانەچێت، مەگەر بە مردنی كەسێكی تر بچێتە شوێنەكەی.  بەریتانیا بەڕووی پێشنیاز بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات "پێداچوونەوەیەكی فراوان بە پۆستی ئەفسەرە باڵاكان بكات تاوەكو بتوانێت هەندێكیان خانەنشین بكات‌و ئەفسەرە گەنجەكان ئەوانەی كە بەهرەدارن‌و چاكسازیان دەوێت، لە پۆستە سەرەكییەكاندا دامەزرێنرێن". حزبایەتی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا راپۆرتەكە، بەچەند خاڵێكی تر گوزارشتی لە دۆخی وەزارەتی پێشمەرگە كردووە‌و دەڵێ: •    ئەو هێزانەی وەزارەتی پێشمەرگە سەرپەرشتییان دەكات، هێشتا پەتای كاریگەری سیاسی پارتەكانیان لەسەرە. •    لكاندنی هێزەكانی 70و 80 بە وەزارەتی پێشمەرگەوە، ئەوە ناگەیەنێت كە ئەم هێزانە كاریگەری پارتە سیاسییەكانیان لەسەر لا دەچێت. ئەم كاریگەرییە رەوایەتی هێزی پیشمەرگە كەمدەكاتەوەو رێگرە لە هەوڵەكان بۆ چاكسازی‌و یارمەتی تەشەنەسەندنی گەندەڵی‌و مەحسوبیەت دەدات. •    لەناو سەرجەم هێزەكانی پێشمەرگەدا، ئەندامبوون لە یەكێتی یان پارتی ئیلزامییە یاخود پێویستە، ئەگەر كەسێك بیەوێت پلەكەی بەرز بێتەوە، (هەرچەندە وا راپۆرتكراوە كە رێژەیەكی بەرچاو لەوان دەنگیان بۆ هیچ لەم پارتانە نەداوە). •    لە زۆربەی سوپا پیشەییەكاندا، ئەندامبوون لە پارتی سیاسی رێگەپێدراودا، مافی هەموو ئەندامانە، بەمەرجێك ناكۆك نەبێت لەگەڵ ئەنجامدانی ئەركەكانی سوپا. بەشێویەكی ئاشكرا ئەمە لە ناو هێزەی پێشمەرگەی وەزارەتدا نییە بە تایبەتی ئەفسەرە باڵاكان. •    پێشنیار دەكەین یەكێتی‌و پارتی هەوڵی دۆزینەوەی میكانیزمی متمانەپێكراو بدەن بۆ راماڵینی كاریگەری سیاسی لەسەر هێزەكانی وەزارتی ناوخۆو پێشمەرگە. •    نەبوونی متمانە لەنێوان سەرۆكەكانی یەكێتی‌و پارتی گەورەترین بەربەستە بۆ كارەكانی چاكسازی لە هێزی پێشمەرگە. كەسیان متمانە بە مەبەست‌و ئامانجی ئەوەی دیكە ناكات. ئەمەش زۆر بە ئاشكرا لە روداوی (زینی وەرتێ) لە مانگی 4ی 2020دا دەركەوت. •    هەمیشە كە كورد رووبەرووی هەڕەشە بووبێتەوە، یەكیان گرتووە، باشترین نموونە هەڵوێستی یەكگرتوویان بوو بۆ پشتیوانی مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی لە عێراق، دوای كوژرانی (قاسم سولەیمانی) لەلایەن ئەمەریكییەكانەوە. •    ئێستا هەرێمی كوردستان روبەڕووی ئاڵنگاری قووڵ بۆتەوە، كە كاریگەریی لەسەر سەقامگیری كۆمەڵایەتی هەیە. پێشنیار ئەوەیە سەرۆكە سەرەكییەكانی (پارتی‌و یەكێتی) پێكەوە دابنیشن‌و گفتوگۆ لەسەر مەسەلەكان بكەن، لە نێوانیاندا مەسەلەی چاكسازی هێزی پێشمەرگە.  


درەو: راپۆرتی: سەنتەری میترۆ ناوچەكە ئێجگار مەترسیدارە فرۆكە بەئاسمانی ناوچەكەیەو دەستناپارێزن، كە دەچینە ناوچەكە بازگەی رەسمی حكومەت داوای مۆڵەتی رەسمی دەكەن، ئەگەر بچیتە ناوچەكە پەكەكەی لێبێت وێنەگرتن قەدەغەیە، سوپای توركیا بتبینێت، دەتكوژێت، رۆژنامەنوسێك بەم شێوە گوزارشت لەو ناوچانەی پارێزگای دهۆك دەكات كە سوپای توركیا، داگیركردوون. لەگەڵ دەسپێكردنی گیمێكی نوێی لەشكركێشی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان، ناوچەی قەدەغەكراو زیاتر دەبێت و ئاستەنگ و مەترسی بۆ  سەر كارو ژیانی رۆژنامەنوسان، زۆرتر دەبن. سەنتەری میترۆ رۆژانە لە رێی ئەندامە خۆبەخشەكانییەوە زانیاری دەربارەی  تیمی مەیدانی دەزگاكانی راگەیاندن لە پارێزگای دهۆك پێدەگات، لە ناو سنوری پارێزگاكە بەربەست و رێگری هەن و لەسەر سنوریش بە هۆی لەشكركێشی توركیا ، مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە و ناتوانن بگەنە ناوچە زیانلێكەوتوەكانی شەری پارتی كرێكارانی كوردستان و سوپای توركیا.  لەناو سنوری پارێزگاكە چەند پێشێلكارییەكی بەدەست گەیشتووە كە تا ئێستا لایەنی پەیوەندیدار هیچ لێكۆڵینەوەیەك لەو رێگری  دەستدرێژیانە نەكراوە بە دیاریكراویش ئەوانەی بەرامبەر تیمی كەناڵی ئین ئارتی ئەنجام دراون. رۆژی 30ی ئایار لە قەزای بەردەرەش ، هێزێكی  پێشمەرگە لە لیوای 12 هێرشیانكردە سەر پەیامنێری ئێن ئاڕ تی و بە قۆناغە تفەنگ ئازاریان داوە . سەباح سۆفی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە دهۆك بە سەنتەری میترۆی راگەیاند ، لەكاتی گردبوەنەوەی فەوجی سێی لیوای 12  و داخستنی  رێگای سەرەكی بەردەرەش ، سەرقاڵی روماڵ و راگەیاندنی دەنگی نارەزایەتی پێشمەرگەكان بوون، بەڵام "پاسەوانەكانی ئامر لیوای ١٢ی هێزەكانی پێشمەرگە"،  هێرشیان كردووەتەسەریان و لێیان داون، ووتی، "ئەوان ئێمەیان بە جنێو و قسەی ناشیرین دەركرد و لێیانداین و قۆناغە تفەنگیشیان پێداكێشاوین، بەڵام لەلایەن پێشمەرگە نارازییەكانەوە رزگاركراین و لەژێر دەستیان دەریانهێناوین"، جەختیكردەوە، " دەستیان بەسەر كەل و پەلە رۆژنامەوانییەكانیاندا گرتووە، بەڵام پێشمەرگەكان بە زۆر لێیان وەرگرتوونەتەوە." بەیانی رۆژی چوارشەممە  2ی حوزەیران ، لەكاتی روومالی گردبوونەوەی خاوەن یەكەكانی نیشتەجێبوون لە بەردەم بینای پارێزگای دهۆك، لەكاتی پەخشی راستەوخۆدا هێرشكرایە سەر ستافی تیمی كەناڵی ئێن ئارتی. تایف گۆران بە میترۆی ووت" لە پەخشی راستەوخۆدا بووین لەلایەن پۆلیسەوە رێگریمان لێكراو و كەل و پەلە رۆژنامەوانیەكانمان لێ وەرگیرا دواتر بەشێك لە و كەل و پەلانە شكێندران" وتیشی" پەیامنێری ئێن ئار تی ئارام حسێن و وێنەگر محمد سدقی  بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك دەستبەسەر كران" هەر رۆژنامەنوس، یان تیمێكی رۆژنامەنوانی بیەوێت بگاتە ئەو سنورانەی مەیدانی  شەری پارتی كرێكارانی كوردستان و سوپای توركیا، دەبێت بە بازگەكانی هێزی پێشمەرگە، ئاسایش، پاسەوانی سنوری عێراق تێپەرێت و هەر بازگەو هێزێك جۆرێك لە رێوشوێنی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام هەموو بازگەكان یەك خاڵی هاوبەش كۆیاندەكاتەوە، بە تیمەكان دەڵێن: " ناوچەی موحەرەمەیە".  وەحید نیعمەت پەیامنێری كەناڵی ئین ئارتی لە رۆژانی رابردوودا چوبووە گوندی شەرانسێی سەر بە ناحییە دەركار، ئەو كات فرۆكەكانی توركیا دوو شوانیان، بریندار كردبوو.  وەحید بە میترۆی ووت" ناوچەكە ئێجگار مەترسیدارە فرۆكە بەئاسمانی ناوچەكەیەو دەستناپارێزن " جەختیكردەوە " كە دەچینە ناوچەكە بازگەی رەسمی حكومەت داوای مۆڵەتی رەسمی دەكەن، ئەگەر بچیتە ناوچەكە پەكەكەی لێبێت وێنەگرتن قەدەغەیە، سوپای توركیا بتبینێت دەتكوژێت" بەڵام ئەو مەترسیانە كە ئەو هێزانە باسی لێ دەكەن، بۆ كەناڵەكانی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان كراوەیە، وەك هەندێ رۆژنامەنوس باسیدەكەن جیاكاری دەكرێت. ئەمیر گۆران رۆژنامەنوسی فریلانس، باس لەوە دەكات  رێگری لە رۆژنامەنوسانی سەربەخۆ دەكرێت بچنە ناوچەی جەنگ و راستییەكان بۆ رای گشتی روماڵ بكەن، بەڵام رێگەی بە هەندێ میدیای نزیك لە پارتی دەدرێت، ووتی " جیاوازی زۆر دەكرێت و پێم وایە لەم نێوەندەدا زۆر كار بۆ شاردنەوەی هەندێ زانیاری هەستیار دەدەرێت بۆیە رێگە بە میدیای سەربەخۆ یان موعارەزە یان مونافسی پارتین نادەن بگەنە هەندێ ناوچە" جەختیكردەوە" هەموو رێگرییەكان پەیوەندیدار نین بەوەی ناوچەكە مەترسیدارە، خۆ ئەگەر مەترسیدارە ئەوە بۆ هەمووان مەترسیدارە" رۆژنامەنوسان ئەگەر بگەنە ناوچەی سنوری ناهێڵن نزیك ئەو گوندانە بكەونەوە كە بە هۆی تۆپ باران و بۆردوومانی هێزی ئەرزی و ئاسمانی توركیا، چۆڵكراون.  زێرەڤان گولی پەیامنێری دەزگای میدیای بادینان و گەلی كوردستان لە رۆژانی رابردو لەگەڵ تیمەكانی (سپێدە، ژیان) چونەتە ناوچەی كانی ماسی و بەرواری باڵا ، ئەو باس لەوەدەكات كە پاسەوانی سنوری عێراقی رێگەیان نادات نزیك گوندە چۆڵكراوەكان ببنەوە پرسیاری كرد" ئەگەر نزیك نەبین لە گوندە چۆڵكراوەكان چۆن بزانین زەرەرو زیانەكان چین؟" هەندێ دەزگای میدیایی خۆیان زۆر هەستیارانە مامەڵە دەكەن، پێیان باش نییە تیمەكانیان بخەنە مەترسییەوە. حەربی جەلالەدین، بەرپرسی ئۆفیسی سپێدە لە پارێزگای دهۆك، بۆ میترۆ باسی لەوە كرد ئەو ناوچانەی ئۆپراسیۆنی سەربازی تیا بەردەوامە تیمە رۆژنامەوانییەكان مەترسیدارە و ئێمە خۆمان زۆر بە هەستیاری مامەڵەی لەگەڵدا دەكەین چونكە خەڵكی مەدەنی دەكرێنە ئامانج ووتی" رێگرییەكان ئەوە نییە ئیدارەی ناوچەكە رێگە بدەن یان نا، خۆی ناوچەكە موحەرەمەیە شەر تیایدا گەرمە و مەترسی بۆ سەر گیانی تیمەكانمان دروست ئەكات و بە حەزەرەوە مامەڵە دەكەین" بە پێی یاسای نێودەوڵەتی لە كاتی جەنگ و ململانێی چەكداریدا رۆژنامەنوسان وەك كەسی مەدەنی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، پێویستە لە هەموو شێوەیكی هێرش و ئازار بپارێزرێن . لە مادەی 79ی پرۆتۆكۆلی ژنێفی ساڵی 1949، رۆژنامەنوسان وەك هاوڵاتیانی مەدەنی بێ چەك تەماشا دەكرێن دەبێت لەكاتی جەنگ و ململانێی چەكداریدا گیانیان پارێزراو بێت، ئەوانیش نابێت كارێك بكەن كە دژ بە ناوەرۆكی ئەو برگەیە بێت. سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت : 1. هەموو دەستدرێژی و رێگرییەكە بەرامبەر بە میدیاكاران رەتدەكەینەوە، دەبێت هەموو هێزەكان سنوری یاسایی خۆیان نەبەزێنن، رێز لە سەروەری یاسا بگرن. 2. جیاكاری نەكرێت لە گەیشتن بە ناوچە زیانلێكەوتوەكان، ئەگەر ناچەی قەغەكراوە، دەبێت وەزارەتی پێشمەرگەو ئەو شوێنانە بە رەسمی وەك شوێنی قەدەغكراو بناسێنێت، ئینجا بۆ هەمووان قەغەكراو بێت. 3. داوا لە بەرسی كەناڵەكانی راگەیاندن دەكەین، كاتێك تیمەكانیان دەنێرنە ناوچەی جەنگ هەموو پێداویستییەكی خۆپارێزی بۆ تیمەكەیان دابین بكەن.  4. ئاسانكاری بكرێت بۆ كەناڵەكانی میدیای ناوخۆو دەرەوە، تەنانەت رێكخراوە مافی مرۆڤ بۆ گەیشتن بە راستی تاوانەكان بەرامبەر  هاوڵاتیانی سڤیل و ژینگەی ئەو ناوچانەی بوون بە گۆرەپانی جەنگ. 5. پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە زانیاری دەربارەی  جمجۆڵی سوپای توركیا بۆ ناو قوڵایی خاكی هەرێمی كوردستان،  بڵاوبكاتەوە. سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009 بە هەوڵی كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و بەرگریكاری مافی مرۆڤەوە، بە هاوكاری رێكخراوی  پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی IWPR  ی ئەمریكی دامەزاروە، بە ئامانجی چاودێری رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسیی لە هەرێمی كوردستانی عێراق. لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لە رێگەی پرۆژەوە هەریەك لە  رێكخراوەكانی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) و رێكخراوی گەلی نەرویژی (NPA) و پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی (IMS)، پاڵپشتی كردوە. میترۆ بۆ ساڵی 2021 چوار پرۆژە بە هاوكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، رێكخراوەكانی IMSی دەنیماركی و رێكخراوی  Intenews ، جێبەجێدەكات.


درەو:  راپۆرتى بیسته‌مى مانگانه‌ى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان دروستكردنی سایدی یەكەمی رێگای نێوان كەلار -سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پەنجاكانی سەدەی رابردو، كە درێژیەكەی (١٨٣)كیلۆ مەترە، لە ساڵی (٢٠١٢)ەوە بە گوژمەی (١٨٣) ملیار دینار بە دو قۆناغ دەست بە دروستكردنی سایدی دوەمی كراوە بە درێژایی(٦٥)كم. كاركردن لە بەشی یەكەمی رێگاكە كە كەلار -باوەنورە بە ماوەی شەش ساڵ كارەكانی تەواو بو كە درێژیەكەی (٢٤كم) بو بە گوژمەی (٤٤) ملیار دینار، لە (١٩/١٢/٢٠١٧)ەوە بەشی دوەمی كاری تێدا دەكرێت كە لەنێوان كەلار -دەربەندیخانە بەدرێژی ٤١ كم، بڕی تێچوی رێگای كەلار بۆ دەربەندیخان ١٣٧ ملیار دینارە، بەڵام لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠ تاوەكو ئێستا تەنها پارەی ٤ مانگ بۆ ئەم پرۆژەیە خەرجكراوە ئەویش یەكجار بوە بە بڕی ٢٠ ملیار دینار.   یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، بیسته‌م راپۆرتى مانگانه‌ى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به:‌ "گرفته‌كانى رێگاوبان و شه‌قامه‌كانى گه‌رمیان" راپۆرته‌كه‌ى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، به‌ وردیی باسى له‌ گرفته‌كانى رێگاوبان و كوالێتیه‌كه‌ى كردوه‌ هاوكات باس له‌و پرۆژانه‌ى رێگاوبان كراوه‌ كه‌ بۆ گه‌رمیان گرنگن. له‌ كۆتاییشدا وه‌ك سه‌رجه‌م راپۆرته‌كانى دیكه‌، ژماره‌یه‌ك ده‌ره‌نجام و راسپارده‌ خراونه‌ته‌ڕو به‌ ئامانجى چاره‌سه‌ركردنى كه‌موكورتیه‌كان‌. یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، یه‌كه‌یه‌كى به‌دواداچون و لێكۆڵینه‌وه‌ و چاودێریی رۆژنامه‌وانى سه‌ر به‌ رادیۆی ده‌نگه‌، به‌ پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی (NED) ئه‌مریكی، مانگانه‌ راپۆرتێكى ورد و به‌دواداچون له‌باره‌ى بابه‌ت یان پرسێكى په‌یوه‌ندیدار به‌ حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان بڵاوده‌كاته‌وه‌، به‌ ئامانجی تیشكخستنه‌سه‌ر ئه‌و بواره‌ و زیادكردنى گرنگیپێدان پێی. پێشه‌كى: رێگاکانی ناوی ‹مەرگ›یان لێنراوە، ئەوەشی کاری تێدا دەکرێت بەڵێندەری کۆمپانیاکان دەڵێن حکومەت بەم شێوەیە مامەڵەبکات بە دە ساڵی دیکە پرۆژەکانیان تەواو نابێت، هەروەک رێگا کۆنەکانیش بە وتەی پسپۆڕان بەرەو لە ناوچونی یەکجاری دەچن. بەڕێوبەری رێگاوبانی ناوچەکەش دەڵێت «سەرەکیترین رێگای گەرمیان کە کەلار- سلێمانیە چیتر بەکەڵکی هاتوچۆ نەماوە». ئه‌مه‌ به‌ كورتی دۆخی رێگاوبان و شه‌قامه‌كانه‌ له‌ گه‌رمیان، كه‌ یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، له‌م راپۆرته‌دا بە وردیی له‌سه‌رى ده‌وه‌ستێت و به‌دواداچونی لەبارەوە ده‌كات. به‌شى یه‌كه‌م: راپۆرت   یه‌كه‌م: رێگاکانی گەرمیان لە سنوری ئیدارەی گەرمیان چەند رێگایەکەی سەرەکی هەیە، لەوانە: رێگای (کەلار-سلێمانی، کەلار- کفری، کەلار-پەروێزخان، کەلار-خانەقین، کفری – دوزخورماتو، کەلار- گوڵاڵە، سەرقەڵا-سەنگاو.....) کۆی ئەم رێگایانە تەمەنێکی زۆریان هەیە و تاک سایدن، تەنها دو رێگەیان کار لە سایدی دوەمیان دەکرێت، ئەوانیش رێگای (کەلار- سلێمانی و کەلار-کفری)ن. لەگەڵ ئەوەشدا عەدنان خەلیل، بەڕێوبەری رێگاوبانی گەرمیان دەڵێت: ”کۆی درێژی رێگا سەرەکیەکانی گەرمیان ١٧٠ کیلۆ مەترە لەو ژمارەیە ١٠٠کم دوسایدە یان کاری تێدادەکرێت و پلانمان هەیە بۆ دو سایدکردنى هەمو ئەو رێگا سەرەکیانە بە تایبەتى رێگاى کەلار- پەروێزخان“. ئەمە لەکاتێکدایە تەنها پلانە و لە ئەرزی واقیع ئەو رێگایانەشی کە کاری تێدا دەکرێت تەنها بون بە ئومێدێک، چونکە رێگای کەلار- پەروێزخان ماوەی ٧ ساڵە لە پرۆژە پێشنیارکراوەکانی ئەم بەڕێوبەرایەتیەیەو ساڵی (٢٠١٤) پێشنیارکراوە. عەدنان خەلیل، دانی بەوەدانا ”بە هۆى قەیرانى داراییەوە تاوەکو ئێستا نەچوەتە  بوارى جێبەجێ کردنەوە و لە ئێستادا ئەو پرۆژەیە لە ئەنجومەنى وەزیرانە بەمەبەستى جێبەجێ کردنى“.    1. رێگای کەلار -سلێمانی ئەم رێگایە پێی دەوترێت ‹رێگای مەرگ›، بەشێوەیەک سەدان کەسی گەرمیان و ناوچەکانی دیکە لێرەدا گیانیان لە دەستداوە و هەزارانی کەمئەندام کردوە و دەکات، بە وتەی بەڕێوبەری هاتوچۆی گەرمیان مەترسیدارترین رێگەیە لە سنورەکە. بەڕێوبەری کۆمپانیای جێبەجێکردنی پرۆژەی سایدە نوێکەی رێگاکە نایشارێتەوە ”ئەگەر حکومەت بەم شێوەیەی ئێستا مامەڵە لەگەڵ ئەم رێگایە بکات تاوەکو ١٠ بۆ ١٥ ساڵیتر رێگاکە نابێتە دو ساید“. ئەم رێگایە لەگەڵ بەستنەوەی ئیدارەی گەرمیان بە پارێزگای سلێمانیەوە چەندین قەزاو ناحیەی دیکەی ناوچەکە دەکەونە سەری بۆ هاتوچۆکردنیان لەوانە ناحیەکانی: (مەیدان، باوەنور و شێخ تەویل)، هەروەک ناوچە گەشتیاریەکانی سەرتەکی بەمۆ. دروستکردنی سایدی یەکەمی رێگای نێوان کەلار -سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پەنجاکانی سەدەی رابردو، کە درێژیەکەی (١٨٣)کیلۆ مەترە، لە ساڵی (٢٠١٢)ەوە بە گوژمەی (١٨٣) ملیار دینار بە دو قۆناغ دەست بە دروستکردنی سایدی دوەمی کراوە بە درێژایی(٦٥)کم. کارکردن لە بەشی یەکەمی رێگاکە کە کەلار -باوەنورە بە ماوەی شەش ساڵ کارەکانی تەواو بو کە درێژیەکەی (٢٤کم) بو بە گوژمەی (٤٤) ملیار دینار، لە (١٩/١٢/٢٠١٧)ەوە بەشی دوەمی کاری تێدا دەکرێت کە له‌نێوان کەلار -دەربەندیخانە بەدرێژی ٤١ کم، بڕی تێچوی رێگای کەلار بۆ دەربەندیخان ١٣٧ ملیار دینارە، به‌ڵام لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠ تاوەکو ئێستا تەنها پارەی ٤ مانگ بۆ ئەم پرۆژەیە خەرجکراوە ئەویش یەکجار بوە بە بڕی ٢٠ ملیار دینار. محسن مەنسور، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان  دەڵێت: ”مەترسیدارترین رێگای سنوری ئێمە بۆ هاتوچۆکەران، رێگای نێوان ( کەلار ـ سلێمانی )ـە چ بۆ هاونیشتمانیان یاخود بۆ گەشتیاران، ئه‌مه‌ش بەکۆمەڵێک هۆکار لە رێگاکە و  لە سروشتی رێگاکە، چونکە پڕە لە (رەوتی رێگاوبان) و شەقامی لاوەکی زۆری دەکەوێتەسەر، هەروەک پابەندنەبونی شۆفێرانیش“. عوسمان محەمەد سه‌عید، بەڕێوبەری کۆمپانیای بێشکان کە کاری جێبەجێکردنی رێگای کەلار -سلێمانی لە ئەستۆدایە، دەڵیت: رێگای کەلار -دەربەندیخان (٥٣٪)ى کارەکانی تەواوبوە، بەڵام بە گوێرەی رێژەی تەواوبونی کارەکانمان حکومەت پارەی بۆ خەرج نەکردوین، هێشتا ١٥ ملیار دیناری ئەو رێژەیەی تەواومان کردوە قەرزارە، زۆر بە سستی کار لە پرۆژەکەدا دەکەین، وەکو وایە کاری تێدا نەکەین، بەڵام ئەگەر حکومەت پارەمان بۆ خەرجبکات زۆر بە خێرای دەتوانین کار لە پڕۆژەکەدا بکەین.  دەشڵێت: ماوەی تەواو کردنی رێگای (کەلار- دەربەندیخان) ٥٤٠ رۆژی بۆ دیاری کرابو، بەڵام ئەگەر بە ٢ ساڵ پارەی ٤ مانگی پڕۆژەکەت بدەنێ دەبێت بەچەند ساڵ پڕۆژەکە تەواو بکەم؟  وەزیری ئاوەدانکردنەوە بە بەڵێندەرەکەی وتوە کە نوسراوی کردوە بۆ سەرۆکی حکومەت، بەڵام بێ وەڵامە. عوسمان محەمەد، دەڵێت: چەندجارێک وەزیری ئاوەدانکردنه‌وە قسەی لەگەڵ کردوین پێی وتم ”نوسراوم کردوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران چونکە دەسەڵاتی پارە خەرجکردن لەلای من نیە“، کەچی هیچ وەڵامێک نیە.   2. رێگای کەلار - کفری ئەم رێگایە سەرەڕای بەستنەوەی قەزای کفری و کەلار کە رێگای بەستنەوەی ناوەڕاست و خواروی عێراقە بە هەرێمەوە دەبێتە رێگای ناحیەکانی (سەرقەڵا،رزگاری، کۆکز، ئاوەسپی)، کە رێگای سەرقەڵا تەنکەرە نەوتیەکانی بلۆکی نەوتی گەرمیانی پێدا دەگوازرێتەوە، رێگای ناحیەی رزگاریش کە بەشێکە لە پرۆژەی دوسایدی کەلار کفری کارەکانی تەواوبوە کە درێژیەکەی(٨)کیلۆ مەترە و بڕی تێچوەکەی (١٥) دینار بوە. سەرەتای دروستکردنی رێگاکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ٧٠ ی سەدەی رابردو، لە مانگی نیسانی ساڵی (٢٠١٤)ەوە پرۆژەی سایدی دوەمی رێگای کەلار- کفری دەستی پێکردوە. هاتوچۆکەرانی ئەم رێگەیە باسلەوە دەکەن سایدە کۆنەکەی  بەکەڵک نەماوە کەچی سایدە نوێکەی تەواو نەبوە، ئەمە لە کاتێکدایە بەڵێندەرەکەی بەبێ خەرجکردنی شایستەکەی هەر بەردەوامە لەکارکردن لە سایدە نوێکەدا.  هێمن هادی، بەڕێوبەری کۆمپانیای هێکار كه‌ ئەرکی دروستکردنی سایدە نوێکەی رێگای کەلار- کفریان لە ئەستۆدایە، دەڵێت: ئەگه‌رچی سولفەی پڕۆژەکە خەرجناکرێت وەکخۆی، بەڵام ئێمە بەردەوامین لەکارکردن لە رێگاکەدا تەنانەت لەکاتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناشدا تەنها کارەکانمان خاوتر کردوەتەوە بەهۆیەوە تەنانەت لەناو هاوپیشەکانم شکڵێکی ناشرینم وەرگرتبو“. هۆکاری بەردەوامیەکەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە حکومەت لە پێشوتردا هاوکاری بەڵیندەران بوە «ناکرێت ئێمە رێگایەک چاک دەکەین کە بۆ کەمکردنەوەی مەرگی خەڵکی گەرمیانە بوەستین تێیدا، بۆیە قەرزمان بۆ تەواوکردنی کردوە». دڵنیایی ئەوەشیدا ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوامبن بۆ ئەم ساڵ پڕۆژەکە تەواو دەبێت. درێژی کارکردن لەم رێگایە ٢٥ کیلۆمەترە و بڕی تێچوەکەی ٤٤ ملیار دینارە، حکومەت دو جار پارەی بۆ پڕۆژەکە خەرج کردوە مانگی ٢ی ساڵى رابردو لەگەڵ کۆتای مانگی دوانزەی هەمان ساڵ. لەبارەی بەرگەگرتنی ماوەی زەمەنی رێگاکە، هێمن هادی وتی: ”ئەم رێگایە ماوەی زەمەنەکەی بەبێ تێکچون ٢٠ ساڵ زیاتر دەبێت، بەڵام چاکسازی لە قیردا دوای ٥ بۆ ٦ ساڵ لە قیرکردن دەبێت بکرێت“.   دوه‌م: شەقامەکان لە کۆی قەزاو ناحیەکانی گەرمیان تەنها شارەوانی کەلار ئاماری شەقامەکانی بەوردەی تێدا بەردەستە هیچ ئامارێک بۆ شەقامەکان لە شارەوانیەکانی قەزاو ناحیەکانی دیکەی گەرمیان بەردەست نیە. 1. شەقامەکانی کەلار لەم قەزایە (٣٢) شەقام هەیە بەشێکیان بە تەواوی کارکردن تێیاندا تەواوبوە و بەشێکی دیکەیان سایدی دوەمیان بۆ دروستدەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا (١٥) شەقامی دیکە لە پلانەکانی شارەوانی کەلارە بۆ ئەوەی دروستبکرێت، بڕی تێچوی تەواوی شەقام و گەڕەکانی کەلار بۆ ئەوەی  پرۆژەی ئاوەڕۆ و قیرتاوکردنیان بۆ بکرێت سەرۆکی شارەوانی قەزاکە دەڵێت: پێویستمان بە نزیکەی ٨٥ ملیار دینارە. ئەکرەم ساڵح، باسیلەوەکرد لە قەزای کەلار بەشی زۆری شەقامەکانیان دو سایدە بەتایبەت سەرەکیەکان، چەند یەکتربرێکیان ماوە خەریکی کارکردنن تێدایە. لە بارەی پرۆژە نوێیەکانی شەقامەکانیان وتی: لەسەر رێگای کەلار- کفری نزیک بارەگای حزبی شیوعی شەقامێک تێدە پەڕێت لە بەینی گەڕەکی کۆنی جوتیاران تا دەچێتە سەر شەقامی بازنەی کەلار کە ئەمە شەقامێکی ستراتیژی و گرنگە، شەقامێكی دیکەمان هەیە ئەوەی کە شەقامی شقارتەکە بە جادەی مەحکەمەوە گرێدەدات کە ئەمەش شەقامی کەلار کفری جارێکی دیکە دەڕواتەوە سەر رێگای پشتێنەی کەلار ئەمانە هەم لۆد و قەرەباڵەخی کەم دەکەنەوە. هەروەک شارەوانی پلانی دروستکردنی شەقامێکی بازنەی ١٠٠مەتری هەیە لە دەورەوبەری گوندی بەرلوت، لەگەڵ ئەوەشدا کار لە شەقامی تەنیشت روباری سیروان دەکرێت لەگەڵ کۆمەڵێک شەقامی کورت.   2. شەقامەکانی کفری چالاکوانانی قەزای کفری گلەی لەوە دەکەن قیرتاو کردن لە قەزای کەلار بەردەوامە، بەڵام لە کفری ماوەی چەند ساڵێکە کار لە هیچ پڕۆژەیەک نەکراوە. قادر فەتاح، سەرۆکی شارەوانی کفری ئەمە دەبەستێتەوە بەوەی کە لەناو قەزای کفری وەبەرهێنەران پڕۆژەیان نیە بۆیە ناتوانن هاوشێوەی کەلار وەبەرهێنەران پڕۆژەی تێدا ئەنجام بدەن. قیرتاونەکردنی شەقام و گەڕەکەکانی قەزای کفری وایکردوە لە وەرزەکانی زستان و هاوین کێشە بۆ هاوڵاتیان دروست دەکات. هاوکار محەمەد، چالاکوان لە کفری، دەڵێت: لە وەرزی زستان قوڕاو و لە وەرزی هاوینیش تۆز و خۆڵ دانیشتوانی هەراسان کردوە. لە رابردودا وەکپێویست ئاوڕ لە شەقام و گەڕەکەکانی کفری نەدراوەتەوە، بە وتەی سەرۆکی شارەوانی قەزاکە. قادر فەتاح، دەڵێت: ”لەوکاتەی کە قەیران نەبوە حکومەت لە خێرو خۆشی دابوە پلان دانەنراوە بۆئەوەی بنەمای ژێرخانی شارەکە دروست بکرێت بەشێوەیەک تاوەکو ئێستا ئاوەڕۆی نیە“. سەرۆکی شارەوانی قەزای کفری، دوساید کردنی دو شەقامی قەزاکەی به‌ پێویست دەزانێت بۆ ئێستا و دەڵێت: ”دوساید کردنی شەقامەکان کاری لەپێشینەمانە بەتایبەت بۆ کفری دوسایدکردنی شەقامی ناو شارەکە و دوسایدکردنی ئەو شەقامەی لەبەردەم قوتابخانەی کفریەوە دەست پێدەکات تاوەکو شه‌قامی عەریف حەمید“.   3. شەقامی ناحیەکان شه‌قام و رێگاوبانه‌كان له‌ ناحیه‌كاندا كێشه‌دار ترن، ئه‌وه‌ش بۆ چه‌ند هۆكارێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، دیارترینیان نه‌بونى ماسته‌رپلان و بونى ته‌جاوز و ناڕێكیه‌ له‌ نه‌خشه‌كاندا. سه‌رۆكى شاره‌وانى باوه‌نور، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات بەهۆی نەبونی ماستەر پلان و نەخشە ناحیەی باوەنور تەنانەت نازانرێت چۆن شەقامەکانی دروست بکرێت. تارق مەحمود، وتیشی: ”لەگەڵ تاپۆکردنی گەڕەک و زەویەکان دەستمان بە دروستکردنی ماستەر پلانیش کردوە بۆ ناحیەکە، بەمەش دیزاینی تەواو دەکەین بۆ شەقامەکانی باوەنور“. ئه‌م كێشانه‌ له‌ ناحیه‌كانى تریشدا بونى هه‌یه‌ و هۆكارى ئه‌وه‌ن كه‌ شه‌قامه‌كان وه‌كپێویست باش نه‌بن و زوش خراپ ببن.   سێیه‌م: خشتەی پرۆژەکانی بەڕێوبەرایەتی رێگاوبانی گەرمیان       چواره‌م: كێشه‌ى رێگاوبان و شه‌قامه‌كان   1. کێشی زیادەی بارهەڵگرەکان رێگاکانی گەرمیانی تا لێواری لەناوچون بردوە رێگاکانی گەرمیان سه‌رباری ئه‌وه‌ى تاک ساید و کۆنن، ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلیشی لەسەرە، هه‌روه‌ك بارهەڵگرەکان بە کێشە زیادەکانیان رێگاکان بەرەو لەناوچونی کۆتایی بردوە، بەڕیوبەری هاتوچۆی ناوچەکەش دەڵێت: سەدەها شۆفێرمان بەوهۆیەوە سزاداوە.  محەمەد فازڵ، ئەندازیاری رێگاوبان دەڵێت: ”لەبەر ئەوەی رێگاکان تاک سایدن و ئەو پەستانەی دروستی دەکەن لەسەر رێگاکە زیاترە لەو توانایەی رێگاکەی پێ دیزاینکراوە، قیری رێگاکان شیدەبنەوەو لەناو دەچن“. بەڕێوبەری رێگاوبانی گەرمیانیش  جەختی لەمە کردەوە و وتی: ”بە هۆى نەبونى هیچ شێوازێکى دیکەى گواستنەوە وەکو رێگاى ئاسمانى و دەریایی و شەمەندەنەفەر و هێڵەکانى گواستنەوەى سوتەمەنى و لەگەڵ بونی کارگەکانى چەو ولم و بەکارهێنانى کێشی نایاسایی لەلایەن بارهەڵگرەکانەوە فشارێکى زۆر خراوەتەسەر رێگاوبانەکان بۆیە ئەمانە هۆکارێکی سەرەکی خراپ بونی رێگاکانمانن“.  ئەرکی سزادانی ئەم سەرپێچیە دەکەوێتە ئەستۆی بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان، بەڕێوبەری ئەم دەزگایەش دەڵێت: ”نەبونی پردی پێویستی دوئاڕاستەیی و زۆرکۆن بونی پردە کۆنەکان هەڵگرتنی باری قورسی نایاسایی لە لایەن سەرپێچیکارانەوە گاپێکی گەورەی لە ره‌وشی هاتوچۆ دروست کردوە، لێپێچینەوەی یاسایمان لەگەڵیان ئەنجام داوە بە شێوازی توند کە خۆی لە دەستبەسەراگرتنی سەدەها ئۆتۆمبیل و پێبژاردنی ماددی دەبینێتەوە“. لەگەڵ ئەوەشدا ئاماری لە بارەی سەرپێچیەکانەوە نەخستەڕو. 2. بەڕێوبەری هاتوچۆی گەرمیان: تاسە و چاڵی رێگاکان لە گەرمیان لە ژمارە نایەت بە پێی لێکۆڵینەوەکان هەبونی چاڵ و تاسە لەسەر رێگاکان یەکێکە لە هۆکارەکانی روداوی هاتوچۆ، بەڕێوبەری هاتوچۆی گەرمیانیش جەخت لەوەدەکاتەوە لە گەرمیان ئەمە یەکێکە لە هۆکارەکان. لە بەرامبەر ئاگەدار نەکردنەوەی شۆفێران بە هێمای تایبەت لە بونی ئەم تاسەو چاڵانەی کە هەیە دەڵێت: ”لەبەر هەبونی چاڵ و تاسەیەکی بێئەژمار لەسەر شەقامەکان ئێمە ناتوانین لەسەر هەر چاڵێک و هێمایەك دابنێین لە بەر نبونی هێمای پێویست، بەڵکو لەبری ئەوە تا دەتوانین شۆفێران ئاگادارئەکەینەوە بە کەمکردنەوەی خێراییەکانیان وەک ئەلتەرنـاتیڤێک بۆ ئەو بابەتە.   3. حکومەت پرۆپۆزەڵەکانی بەرزکردنەوەی کوالێتی شەقام و رێگاکان رەتدەکاتەوە دو ئەندازیاری رێگاوبان و شەقامەکانی گەرمیان باس لە گۆڕانکاریەکان دەکەن لە کوالێتی رێگاکان لە نێویاندا کەمکردنەوەی چینەکانی قیر، بەرپرسانی حکومیش دەڵیت: ”ئێمە دەرخستە دەکەین، بەڵام لەسەروی ئێمە بڕیاری کۆتایی دەدرێت“.  محەمەد فازڵ، ئەندازیاری رێگاوبان، وتی: لە رێگاو بانەکان دا دەبێت دو چین قیر بکرێت، بەڵام حکومەت یەک چین قیر دەکات ئەمەش وادەکات قیرەکە وردەوردە شیبێتەوە. بەڕێوبەری رێگاوبانی گەرمیانیش ده‌ڵێت: ”بە پێی پێویست پرۆژەکە و ئەو دیزاین و پرۆپۆزەڵ و دەرخستەى بۆى ئامادەکراوە لە یەک چین بۆ سێ چینى قیر بەکاردەهێنریت .“ گۆڕانکاریەکان تەنها لە رێگاکانی دەره‌وەی شارنیە، بەڵکو شەقامەکانی شارەکانیشی گرتوەتەوە، لە ئێستادا چینەکانی شەقامێک پێکدێت لە ٦ سانتیمەتر قیر ٢٠ سانتیمەتر کرشستۆن کە بەردی هاڕاو و بەردی شکاوە. روقیە باجەڵان، ئەندازیاری شارستانی لە شارەوانی کەلار، هێمای بەجیاوازیەکان کرد کە چۆن لە پێشوتردا کە بودجەیەکی باش بۆ پڕۆژەکان تەرخان دەکرا قیری شەقامەکانمان بە دو چین دەکران، بەڵام لە ئێستادا تەنها یەک چین قیری دەکەن. هەروەک لە پێشوتردا بە نوسراوی وەزارەت چیمەنتۆ تێکەڵ بە قیرەکە دەکرا بۆ شەقامی ناوشارەکان، بەڵام بە هۆکاری ئەوەی کە نرخەکەی گرانتره‌، فیلەر وەک جێگرەوەی دیاریکراوە. هەروەک ئەو خانمە ئەندازیارە ئاماژە بەوەدەکات، لە روی کوالێتیەوە چیمەنتۆكه‌ زیاتر کاریگەری هەیە لەسەر درەنگ تێکچونی قیرەکە. بەنمونە لە کەلار هەریەک لە شەقامەکانی (شقارتەکە، بەردەم دادگای کەلار) قیرەکەیان تێکەڵ بە چیمەنتۆ کراوە دەبینرێت کە ماوەیەکی زۆرتر ماونەتەوە. لەبەرامبەردا سەرۆکی شارەوانی کەلار دەڵێت: ”ئەو گۆڕانکاریانەی لە مەوادی دروستکردنی شەقامەکاندا دەکرێت، هەموی بەپێی ستانداردە و هەموشی گونجاوە“.   4. بودجەی چاکسازی بۆ رێگاکانی گەرمیان خەرج ناکرێت لەسەرجەم پارێزگاکان بودجەی تایبەت بە چاکسازی رێگاکان هەیە، بۆ گەرمیان ئەم بودجەیە نیە، لەگەڵ ئەوەشدا بودجەی ساڵانەی به‌ڕێوبه‌رایه‌تى رێگاوبانی گەرمیان ١٠ ملیۆن دینارە ئەمەش هیندەی تر ئومێدی چاکسازی و پرۆژەی رێگاوبانی لە گەرمیان نه‌هێشتوه‌. عەدنان خەلیل، نمونەی رێگای کەلار سلێمانی هێنایەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٧ چاکسازی لەو رێگەیە نەکراوە، دەڵێت: ”ساڵی رابردو داوای ١٤ ملیارمان کرد بۆ چاکسازی لە رێگاکان، کەچی یەک ملیارمان بۆ خەرجکرا!“.  یەکێک لە گرفتە سەرەکیەکانی رێگاوبانەکان چاکسازی نەکردنە تێیاندا، بە نمونە کە چاڵێكی بچوک دروست دەبێت خێرا چاک ناکرێتەوە، ئەمەش وادەکات ئاو بچێتە ناو ئەو چاڵەو هەڵوه‌شانەوە دروست بێت و وردەوردە روبەرەکەشی زیاد بکات. بەڕێوبەری رێگاوبانی گەرمیان دەڵێت: ”لە ساڵى (٢٠١٤)ـەوە بەهۆى قەیرانى داراییەوە حکومەتى هەرێم پرۆژە یاسای بودجەى نەبوە و بودجە بۆ ئەو مەبەستە تەرخان نەکراوە وەکو پێویست، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ گەرمیان ئەو بودجەیە هەر خەرج ناکرێت.   5. کێشەی کەمی ژمارەى ئەندازیار و کارمەند   روبەری کارەکانی بەڕێوبەرایەتی رێگاوبانی گەرمیان نزیکەى (9000 )کم دوجایه‌ بە پێی داتاکانی ئەو بەڕێوبەرایەتیە، بۆ ئەم روبەرە ٦٨ فەرمانبەر لە ئەرکدان. عەدنان خەلیل، ئەمە بە گرفتێکی سەرەکی بۆ كاره‌كانیان دەزانێت و ئاماژە بەوەدەکات ئەوان کار لە سنورى شارەکانى پارێزگای دیالەو سەڵاحەدین و کەرکوک و سلێمانى دەکەن کە رێگاکانی توشی کاولکاری بون. ئەو دەڵێت: کەچی فەرمانبەرمان بۆ تەعین ناکرێت و خانەنیشین بونیش بەشێکی پسپۆڕیەکانی لەدەستداوین، بۆیە گرفتمان هەیە لە هەمو پسپۆڕیەکان دا بەتایبەت شۆفێر، بەڵام بە شێوەیه‌ک  لە شێوەکان توانراوە ئەو بابەتە کۆنترۆل بکەین ئەویش بە ئەرکێکى زۆر لەسەر فەرمانبەران. بەڵام نەبونی پسپۆڕ بە رای محەمەد فازڵ پسپۆڕی ئەندازیاری رێگاوبان، یەکێک لەو گرفتانەی کە لەکاتی ئیشکردن لە رێگاکان هەیە، به‌شێوه‌یه‌ك پرۆژه‌كان ئەندازیاری پسپۆڕی بوارەکە کاری تێدا ناکات و ئەندازیاری پلانسازی و شارستانى یاخود میکانیک دێنە سەر پڕۆژەکانی رێگاوبان کە پسپۆڕی ئەوان نیە، یاخود شارەزای نیە لە وەرگرتنی نمونە بۆ پشكنینى مەوادە بەکارهێنراوەکان. لە بەرامبەردا بەڕێوبەری رێگاوبانی گەرمیان ئەم هۆکارەی گرێدایەوە بە کەمی کارمەندو نەبونی پسپۆڕیە جیاوازیەکان، عەدنان خەلیل وتی: چەندینجار داوامان لە وەزارەت کردوە بۆ ئەوەی ئەگەر بە هەمیشەیش نەبێت بە گرێبەست ئەندازیارمان بۆ دابینکەن، بەڵام نەکراوە.   6. ده‌ستوه‌ردان بۆبەرژەوەندی كه‌سیی و خراپی كوالێتى كاره‌كان بە وتەی بەڵێندەری پرۆژەى رێگاى كه‌لار -كفری دەستوەردراوەتە کارەکەی و لە کوالێتی پرۆژەکەی کەمکراوەتەوە و بۆ بەرژەوەندی چەند کەسێک بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو نەگیراوە. هێمن هادی، باسیلەوەکرد لە ستەیشنی وێستگەی  ٨و ١٠٠ تا ٢٣ و ٤٠٠ سێ قیری رێگاکەیان بە سێ چین کردوە، بەڵام  لەدوای ئەوەوە کراوە بە ٢ چین.   لەبارەی هۆکارەکەیەوە وتی: ”ئەمە یەکێکە لەهەڵەکانی حکومەت هاتوە چینێک لە قیرەکەی بە ئێمە لابردوە لەبەر ئەوەی کە فڵان کەس لە جڤاتی گۆڕانە یان لە مەڵبەندی یەکێتیە خەڵکی فڵان دێی گەرمیانە زەخت دەکات لە وەزیر یان لە ئیدارەی گەرمیان بێن رێگای گوندەکەی چاکبکەن ئەوانیش مەجبور دێن سێ چینەکەی ئێمە دەکەن بە دو چین و پارەی پڕۆژەکە دادەبەزێنن شوێنی دیکەی پێچاک دەکەن ئەمە پێی دەڵێن لاتبازی“. بەڕێوبەری ریگاوبانی گەرمیان، ئەوە روندەکاتەوە بە پێی پێویستی ریگاکە چینەکانی قیر دیاری دەکەن، ئەوەشی دوچین قیردەکرێت لەبری چینی سێیەم کربستۆن واتە بەردی شکاو و هاڕاو بە ٢٠ سم بەکاردەهێنن کە هەمان تۆکمەیی قیری هەیە. کاتی مانه‌وه‌ى قیر ١٠ بۆ ١٥ ساڵە، دواتر دەبێت بە بەردەوامی نۆژەن بکرێتەوە، هۆکارەکانی تێکچونی قیر لە ماوەیەکی کەم دا دەگەڕێتەوە بۆ جۆری قیرەکە و جۆری ئەو مەوادەی کە تێیدا بەکار دەهێنرێت لەگەڵ کۆمپاکشن . ئەندازیار محەمەد فازڵ، دەڵێت: لە کاتی کۆمپاکشنا دەبێت بە شێوەیەک ئاوپرژێن بکرێت کە ٨٪ پێکهاتەکە ببێتەوە ئاو، بەڵام من نمونەی زیندوم لایە لە رێگاکانی گەرمیان بە وشکی کۆمپاکشن کراوە، دواتر لە وەرگرتنی سامپڵی کۆمپاکشن دەبینین هەندێکجار ئەندازیارەکە گرنگی نادات بە وەرگرتنی نمونەکە یان چاوپۆشی دەکات یان بە پێچەوانەوە بە ئەنقەست گرفت بۆ ئیشەکە  دروست دەکات. لەبەرامبەر ئەوەی ئاخۆ بۆچی قیرەکان لە پشکنینى تاقیگەیی دەردەچن و دواتر لە رێگاکان بەکاردێن دەبینرێت کوالێتیەکەی باش نیە، ئەو ئەندازیارەی رێگاوبان وتی: هۆکار ئەوەیە زۆربەی جار قیرەکە دەگۆڕێت و جیاوازە لەو قیرەی کە پێشتر پشکنینی بۆ کراوە، یەکەمجار کە بۆ نمونە قیر ئەهێنن لە کۆمپانیاکان جیاوازە لەو قیرەی کە لە رۆژانی ئیشکردنەکە ئەیهێنن و قیرەکە تایبەتمەندیەکانی خۆی لەدەستداوە، کە بەڕێگاکاندا دەڕۆین هەست بە گۆڕانەکانی ئەو قیرەدەکەین. دەشپرسێت: ئەگەر قیرەکە گرفتی نەبێت و چەو و لمەکەی گرفتی نەبێت، کەواتە چۆن لەماوەی ٢ ساڵ دا قیری رێگاکان خراپ دەبێت؟! سەرۆکی شارەوانی کەلار دەڵێت: ”نەمانهێشتوە یەک شەقامان تێکبچێت، شارەوانی کەلار لیژنەی تایبەتی بە چاککردنی شەقام و گەڕەکەکان هەیە، تەنانەت لەکاتی قەیرانی داراییش نەمانهێشتوە شەقامێک هێندە تێک بچێت ببێتە هۆی بێزاری خەڵک“.   7. ئایا گەندەڵکاران سزا دراون؟ هەموان کۆکن لەسەر ئەوەی کەم تا زۆر لە کارەکان گەندەڵی هەیە جا لە کوالێتی بێت یان کەمتەرخەمی دیکە، بەڵام کێ سزای وەرگرتوە؟ زیاد حەمەڕەزا، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی جەختدەکاتەوە کە گەندەڵی هەیە لە پرۆژه‌كانى دورستكردن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى رێگاوبانەکان و شەقامەکان، دەڵێت: «بەشێکی ئەو رێگاوبانانەی کە دروستکراون کوالێتێکەیان زۆر باش نیە، شەقاممان هەیە بەرگەی یەک ساڵی نەگرتوە چاڵ و چۆڵی زۆری تیا دروستبوە، سەرچاوەکەی گەندەڵیە لە کاتی دروستکردنیدا بە بەکارهێنانی مەوادی هەرزان و خراپ و چاوپۆشیکردن لە کۆمپانیاکان و ئەو بەڵێندەرانەی رێگا و شەقامەکان دروست دەکەن، چونکە ئەگەر مەوادی باش بەکار بهێنرێت کوالێتیەکەی باش بێت چاودێریەکی باش بکرێت، رێگاوبانەکانمان بەمشێوەیە نە دەبو». لەبەرامبەر لێپێچینەوەکانیان دا، ئەندامەکەی لیژنەی شارەوانی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتی:  بەڵام کەسمان بانگهێشت نەکردوە بۆ لێپێچینەوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە لەو کاتەوەی ئێمە ئەم خولەی ئەنجومەنی پارێزگا دەست بەکار بوین حکومەت کەوتە قەیرانەوە و کەمترین پرۆژە جێبەجێکراوە“. ”هەمو ئەو کەرەستانەى کە لە پرۆژەکانى رێگاوباندا بەکار دەهینرێت پشکنینى پێویستى بۆ دەکرێت، هەر کەرەستەیەک بە پێى رەوشتە ئەندازەیەکان نەبێت فڕێ دەدرێت و چاوپۆشى لەو بابەتە ناکرێت بە هیچ شێوەیەک ئەگەر لە لایەن هەرکەس ولایەنێک بێت“. ئەمە قسەکانی عەدنان خەلیلە لە بارەی سزادانەکان لەگەڵ ئاماژەکردن بە چەند بەڵێندەرێک کە سزادراون بە گرتن و وەرگرتنەوەی پرۆژە لێیان، لەوانە: رێگای کوردەمیر و ناوچەی شەمێران. رەتیشی دەکاتەوە کوالێتی رێگاکانی گەرمیان خراپبن، دەڵێت: ”من لەگەڵ ئەو بۆچونە نیم، چونکە رێگاوبانەکانى سنورى ئیدارەى گەرمیان  درەنگتر تێکدەچن بە بەراورد بەو فشارە زۆرەى کە لە سەریەتى، ئەو کەرەستانەى کە لە گەرمیاندا هەیە بۆ بە کارهێنانیان لە رێگاوبان دا زۆر بەهێزن و چەندین ساڵ دەمێننەوە و تێک ناچن، بەڵام رێگاوبانەکان پێویستە لەگەڵ تەواو بونیاندا بە بەردەوامى چاکسازى بۆ بکرێت و بەهۆى قەیرانى داراییەوە نەتوانراوە ئەو بابەتە چارەسەر بکرێت“ . سزاى کۆمپانیاکان بە پێى مەرجەکانى بەڵێندەرایەتى (شروط المقاوله‌ للأعمال الهندسه‌ المدنیه‌) به‌ هه‌ردو به‌شى یه‌كه‌م و دوه‌م دەدرێت. سەرۆکی شارەوانی کەلار، باس لە یەکێک لەو کۆمپانیایانە دەکات کە سزا دراوە. ئەکرەم ساڵەح وتی: ”پڕۆژەی قیرتاوکردنی گەڕەکی سەرکەوتن ئەگەرچی قیرەکەشی کردبو، بەڵام لە پشكنین دەرنەچو، سزا درا بەوەی کە بودجەی بۆ خەرج نەکرا و کۆمپانیاکەش خرایە لیستی رەشەوە“. هەروەک لە ناحیەی سەرقەڵاش کە قادر فەتاح، سەرۆکی شارەوانی ئێستای کفری پێشتر لەوێ سەرۆکی شارەوانی بوە، دەڵێت:  «لەماوەی کارکردنم لە ناحیەی سەرقەڵا چەند جارێک ئەوە رویداوە کە ئەو قیرەی بەکارهێنراوە لەڕوی کوالێتیەوە باش نەبوە، کۆمپانیاکەم ناچار بە گۆڕینی کردوە». لەبارەی قەزای کفریەوە وتی: لە قەزای کفریش ساڵی ٢٠١٩ یەکێک لەو گەڕەکانەی کە قیرتاوی بۆ کراوە بە هۆی ئەوەی لەکاتی خۆیدا بە باشی کاری تێدا نەکرابو ناچار بوین چاکسازی تێدا بکەین.   8. داهاتی هاتوچۆ چی بەسەر دێت؟  بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان ئامادەی ئاشکراکردنی داهاتەکەی نیە کە لە شۆفێران وەردەگیرێت بە ناوی رێگاوبانەوە، پرسیار ئه‌وه‌یه‌: لەو داهاتە چەندی بۆ رێگاو شەقامەکان خەرجکراوە؟ هەریەکە لە بەڕێوبەرایەتی رێگاوبانی گەرمیان و شارەوانیەکانی ئەم ناوچەیە رەتیدەکەنەوە داهاتی هاتوچۆیان بۆ بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پرۆژەی رێگاوبان و شەقامی پێئەنجام بدەن. عەدنان خەلیل، رەتیکردەوە هیچ داهاتێکی هاتوچۆ بگەڕێتەوە بۆیان، وتی: ”وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن داوایکردوە ئەو داهاتە بدرێت بە وەزارەتەکەمان و خزمەتى رێگاوبانەکانى پێ بکرێت نەک بدرێت بە وەزارەتى ناوخۆ“. بۆ شارەوانیەکانیش بەهەمان شێوەیە، ئەکرەم ساڵح، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار، دەڵێت: هیچ پارەیەکمان لە داهاتی هاتوچۆ بۆ ناگەڕێتەوە بۆ نۆژەنکردنەوە، لە داهاتەکەی خۆشمان تەنها لەم چەند ساڵەی کۆتایدا توانیومانە (١٥٪)ی خەرج بکەین بۆ پرۆژه‌كانمان.   9. گەرمیان کارگە قیرە حکومیەکەی دەفرۆشرێت و قیر دەکڕێت بەڕێوبەرایەتی رێگاوبانی گەرمیان خاوەنی کارگەی قیر و کانی چەولمی تایبەت بەخۆی بوە، بەڵام لە موزایەدا دەیفرۆشێت. لە وەڵامدا عەدنان خەلیل، بەڕێوبەری ریگاوبانی گەرمیان دەڵێت:  ئەو کارگەیانەى کە هەبو بە کەڵکى بەرهەمهێنان نەهاتوە و بەهیچ شێوەیه‌ک نەتوانراوە سودی لێوەربگرێت بەهۆى کۆنى و خراپى و کواڵتى نزمى کارگەکانەوە. ئەمە لە کاتێکدایە بۆ پێویستی گەرمیان دەبوایە ٢ کارگەی قیری تێدا بوایە، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی گەرمیان شارەزای زۆر باشیان هەیە لە دروستکردنی قیردا تەنانەت لە کارگەی قیری شارەکانی دیکەی هەرێم خەڵکی گەرمیان کاری تێدادەکات، بەوهۆیەی لە ناوەڕاستی ساڵەکانی سەدەی رابردو لە بەغداو شارەکانی تری عێڕاقدا لە کارگەکانی قیردا کاریان کردوە.  ئەمە لەکاتێکدایە ئەگەر کارگەی قیری حکومی هەبێت بە نرخێکی کەمتر حکومەت دەتوانێت پڕۆژەکان بکات، بەتایبەت رێگای گوندەکان بکاتە قیر.   10. ئایا بۆ پرۆژە خزمەتگوزاریەکان جیاوازی دەکرێت لە نێوان گەرمیان و ناوچەکانی دیکە؟ بەڵێندەری پرۆژەکان گومانیان لەوەهەیە جیاوازی بکرێت لەنێوان گەرمیان و ناوچەکانی دیکە، سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: ”گومانێکی بەهێزم لەسەر ئەو بابەتە هەیە“، ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگاش ئەمە بە موزایدەی سیاسی دەزانێت، حکومەتیش دەڵێت پرۆژەکانمان لە ریزی ستراتیژیەکان داناوە کەچی پارەی بۆ خەرج ناکات. عوسمان محەمەد، بەڕێوبەری کۆمپانیای جێبەجێکاری رێگای نێوان کەلار -دەربەندیخان وتی: گومان دەکەین بەڵێندەرێک رێگاوبانێک تەواو بکات و بە هەدیە بیدات بە حکومەت، چونکە ئێمە لەم کۆمپانیایەدا زیاد لە ١٠٠٠ کارمەند کار لە پرۆژەکەدا دەکەن، بەڵام خەرجنەکردنی پارە بۆ پرۆژەکە وایکردوە دەستبەرداری کارەکانیان بن. ”یەکێک لە گومانە بەهێزەکان ئەوەیە بەڵێندەرەکانی هەولێر و دهۆک لە بەرامبەر بەردەوامی کارەکانیان زەویان پێبدرێت ئەگەر نا هیچ جیاوازیەک لە نێوان دڵسوزی بەڵێندەرێک لێرەو لەوێ نیە“. هاوڕێ مەلا ستار، سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوه‌ و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی کوردستان، ئەمە دەڵێت. وتیشی: لە هەمو دونیا ئەو ناوچەی لە روی ئابوریەوە لە پێشترە  بوجەی زیاتری بۆ خەرج دەکرێت، بەڵام گەرمیان نە لەڕوی داهات و نە لەڕوی قوربانیەوە خزمەت نەکراوە، ئەوەی جێگەی نیگەرانیەوە حکومەت بە شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ گەرمیان دەکات وەک ئەوەی بەشێک نەبێت لە کوردستان. لە بەرامبەردا زیاد حەمە رەزا، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت: ”بۆ موزایدەی سیاسی بەرامبەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان لایەنێک دەڵێت حکومەت جیاوازی دەکات“. دەشڵێت: حکومەت هی هەمو شار و گوندێکە، ناکرێت بۆ پڕۆژەکان جیاوازی لەنێوانیاندا بکرێت، لە زاخۆوە تا خانەقین خەڵکی گلەی هەیە لە کەمی پڕۆژە، بەڵام ئەمه‌ ناکاتە ئەوەی بڵێین جیاوازی دەکات لە شارێک بۆ شارێکی دیکە. وەڵامی بەڕێوبەری رێگاوبانی گەرمیان ئەوەیە حکومەت پرۆژەکانی گەرمیانی لە گرنگەکان پۆلێنکردوە، بەڵام بودجەی بۆ خەرج ناکات ”پرۆژە ستراتیژیەکان کە لە ئێستا لە گەرمیان جێبەجێ دەکرێت لەلایەن حکومەت بە پرۆژەى ستراتیژى و گرنگ پۆلین کراون، بەڵام لەگەڵ ئەوه‌ش دا بەهۆى قەیرانى داراییەوە نەتوانراوە شایستە داراییه‌کانى بەڵێندەر لە کاتى خۆیدا خەرج بکرێت“.   11. بە (٥٠٠) ملیۆن دۆلار کێشەی رێگاوبان لە گەرمیان نامێنێت لە ئێستادا رێگاوبانی گەرمیان کار لە چوار پرۆژه‌دا دەکات کە بڕی تێچوەکەی (١٠٦،١٨٣،٦١٧،٩٩٥) دیناره‌، ئیشکردن لەم پرۆژانەدا زۆر سست و لاوازە، چەندینجار کارکردن تێدا وەستاوە بە هۆی تەمویل نەکردنی پێشینەکانیان (پێنه‌دانى پاره‌)،  بڕی ئەو بودجەیەی کە ماویانە بۆ ئەوەی پرۆژەکان تەواوبکرێن (691, 615, 121, 82) دیناره‌، لەگەڵ ئەوەشدا  چوار پرۆژەی بەتەواوی کارەکانی وەستێنراوە بۆ کاتێکی نادیار. چەند پسپۆرێکی رێگاوبان باسلەوەدەکەن رێگا کۆنەکانی گەرمیان ماوەی چەند ساڵیکی دیکە بەتەواوی توانای هاتوچۆکردنیان پێدا نامێنێت، ئەوەی هەیە ئەو پرۆژانەی بۆ گەرمیان لە قۆناغی جێبەجێکردندان تەنها یەک ساید کاری تێدادەکرێت بەمەش لە کاتی تەواوکردنی ئەو سایدانە بە لەدەستدانی رێگاکانی ئێستا دوبارە رێگاکان دەبنەوە تاک ساید. هەروەک چەندین رێگەی سەرەکی بەتەواوی بەکەڵکی هاتوچۆنەماون بەنمونە رێگای نێوان کفری - دوزخورماتو کە هەرێمی کوردستان و عێڕاق پێکەوە دەبەستێتەوە و هاتوچۆی بازرگانی و گەشتیاری و سەردانیکەری زۆری لەسەرە. هاوکار محەمەد، چالاکوان لە قەزای کفری دەڵێت: سەرەڕای ئەوەی رێگاکە یەک سایدە، بە تەواویش تێک چوە. بەڕێوبەرەکەی رێگاوبانی گەرمیان وەڵامەکەی ئەوەیە زۆربەى رێگاکانى دەڤەرى گەرمیان کاریان تێدا کردوە، بەڵام لە ساڵى (٢٠١٤)ـەوە بە هۆى قەیرانى دارایییەوە نەتوانراوە کار بۆ هەندێك لەو رێگا کۆنانە بکرێت،  لە کاتى بونى بودجەى پێویستدا کاریان بۆ دەکرێت. عەدنان خەلیل، ئاماژەی بەوەدا: بە پێی ئەو دەرخستەو پرۆپۆزەڵەی هەیانە پێویستیان بە (٥٠٠) ملیۆن دۆلارە بۆ تەواوکردنی سەرجەم پرۆژەکانیان و دروستکردنی تۆڕی رێگاوبان بۆ سەرجەم شار و شارۆچکەکان و گوندەکان. بەڕێوبەری هاتوچۆی گەرمیان، چارەسەری ئەم کێشەیە بەوەدەبینێت کە گەرمیان پێویستی بە شەقام و پردی زیاترە. محسن مەنسور، ده‌ڵێت: سەرەتا دەبێت زۆر گرنگی بە گواستنەوەی گشتی بدرێت (شەمەندەفەر، میترۆ، ترام وای و پاسی گەورە) بۆ کەمکردنەوەی لۆد لەسەر شەقام و لە ده‌رئه‌نجامیش دا کەمکردنەوەی روداو، هەروەها تەواوکردنی شەقامە دوئاڕاستەیەکان و بەسیستەماتیک کردن و کۆنترۆڵکردنی شەقامەکان کە هەمویان لەژێر کامیرای چاودێریى بن وەکو ئەوەی کەئێستا لە زۆربەی وڵاتان جێبەجێ دەکرێت، بەم شێوازانە دەتوانین گیانی خۆمان و خێزانمان و ماڵی تایبەت و ماڵی گشتی بپارێزین ئەگەر نا دەبێت لە هەر سات و وەختێک چاوەڕوانی هه‌واڵی پێچەوانەکەی بین بەداخەوە. ئەندامێکی پەرلەمانیش دەڵێت: بە داهاتی ناشەرعی ١٠ رۆژی حزبەکان رێگاکانی گەرمیان کێشەیان نامێنێت. ”ماوەیەک پێش ئێستا ئامارێکم کۆکردەوە لە گەرمیان لە ناویدا چەمچەماڵ و دەربەندیخانیشم دانابو، کۆی پرۆژە گرنگ و هەنوکەیەکان تێچوەکەی ناگاتە ١٨٥ ملیۆن دۆلار، لە کاتێکدا رەنگە بەس داهاتی ناشەرعی کۆمپانیا حزبیەکان لە ١٠ رۆژدا بگاتە ئەو پارەیە نەوەک تەنها داهاتە یاسایەکەیان“. هاوڕێ مەلا ستار، سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوه‌ و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی کوردستان واى وت.   پێنجه‌م: لێكه‌وته‌ى خراپی رێگاكان 1. مەرگی دەیان کەس و برینداربونی سەدان کەس لە رێگاکانی گەرمیان  بەگوێرەی ئامارەکانی سێ ساڵی بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان (١٢١١) روداوی هاتوچۆ لە گەرمیان رویانداوە لەو ژمارەیە (١١٧) کەس گیانیان لەدەستداوە، (٩٣٦)کەسیش برینداربون. سەرەکیترین گرفتەکانی هاتوچۆ لە رێگەکانی دەرەوەی شار و شەقامەکانی ناوشار بە وتەی بەڕێوبەری هاتوچۆی گەرمیان، نەبونی شەقام و رێگای دو ئاڕاستەی کە هەمو خەسڵەت و بنەماکانی شەقامی ستاندەردی جیهانی تێیدا بەدی بکرێت بە (هێڵ، هێما، لاتەنشتی شەقام، گارد رایڵ و روناکی)، ئەمە لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە گرنگی نەدان بە پێشخستنی گواستنەوەی گشتی بە میتۆدێکـی پێشکەوتوانەی سەردەم کە راستەخۆ دەبێتە هۆی کەمبونەوەی قەرەباڵەغی شەقام و لەکۆتایشدا کەمبونەوەی روداوی هاتوچۆ. 2. خراپی ریگاکان و زیانی مادی بۆ شۆفێران  خراپی رێگای کەلار- سلێمانی بە نمونە وایکردوە شۆفێران توشی زیانی مادی زۆر ببنەوە سەرەڕای مەترسی لەسەر ژیانیان. عەبدوڵڵا عەزیز، نوێنەری شۆفێرانی پاسی کەلار- سلێمانی دەڵێت: ناچارین ٤ مانگ جارێک تایەی ئۆتۆمبێلەکانمان بگۆڕین بەهۆی ئەوەی رێگای کەلار سلێمانی پڕه‌ له‌ تاسه‌ و چاڵ و چۆڵی. وتیشی : سایدە کۆنەکەی رێگاکە بەتەواوی خراپ بوە و کەڵکی هاتوچۆکردنی نەماوە بەهۆی تاسەی زۆر و زیخەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هۆکارێکە بۆ ئەوەی بڕی زیاتری بەنزین و گاز خەرج بکەین.   به‌شى دوه‌م: دەرئەنجام و راسپاردەکان یه‌كه‌م: دەرئەنجامەکان 1. لە سنوری ئیدارەی گەرمیان به‌ درێژایی ١٧٠ کم رێگا هه‌یه‌، له‌و ژمارەیە ١٠٠کم دوسایدە یان کاری تێدادەکرێت بۆ دوسایدیی. له‌باره‌ى شه‌قامه‌كانیشه‌وه‌ له‌ نێو شاره‌كان دا، جگە لە کەلار کە ٣٢ شەقامی هەیە، هیچ ژماره‌یه‌كى ورد و دروست نیه‌ له‌سه‌ر ژماره‌ى شه‌قام و درێژیه‌كه‌یان. هه‌رچی ناحیه‌ و گونده‌كانیشه‌، به‌هه‌مانشێوه‌ ئامارى ورد له‌به‌رده‌ستدا نیه‌ و به‌هۆی نه‌بونى نه‌خشه‌ى بنه‌ڕه‌تیشه‌وه‌ زۆرینه‌ى ناحیه‌كان شه‌قامیان سنوردار و نه‌گونجاوه‌. 2. كارى رێگاوبانه‌كان «ئه‌وانه‌ى نێوان شار و ناحیه‌كان» له‌لایه‌ن به‌ڕێوبه‌رایه‌تى رێگاوبانى گه‌رمیانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت، كه‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كى سه‌ر به‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى رێگاوبانه‌ له‌ وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن. هه‌رچی شه‌قامه‌ ناوخۆییه‌كان و ناو سنورى شاره‌وانیه‌كانه‌، له‌لایه‌ن شاره‌وانیه‌كانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت. 3. سه‌رباری بونى پاره‌ و بودجه‌یه‌كى زۆر له‌ هه‌رێم له‌دواى 2003وه‌، به‌ڵام له‌ روى بونیادی رێگاوبانى مۆدێرین و دوسایدییه‌وه‌، هه‌نگاوى زۆر گه‌وره‌ و ستراتیژی نه‌نراوه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ناو شاره‌كاندا كارى به‌رچاو كراوه‌، به‌تایبه‌ت له‌ قه‌زاى كه‌لار كه‌ زۆرینه‌ى شه‌قامه‌ سه‌ره‌كیه‌كانى به‌ دوسایدی كراوه‌. ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات پلانێكى گشتگیریی حكومیی بۆ ئه‌م پرسه‌ بونى نه‌بوه‌، به‌ڵكو هه‌ر ناوچه‌ و هه‌ر شاره‌وانیه‌ و به‌پێی ئه‌وله‌ویه‌تى خۆی، گرنگی به‌م پرسه‌ داوه‌. ئێستاش له‌گه‌ڵ بونى قه‌یرانى دارایی له‌ماوه‌ى 5 ساڵی رابردودا، رێگاوبانه‌كان دیارترینی ئه‌و كه‌رتانه‌ن كه‌ زیانیان به‌ركه‌وتوه‌، چ له‌وه‌ى به‌هۆی نه‌بونى بودجه‌وه‌ پرۆژه‌كانى راگیراوه‌، چ له‌وه‌ى كه‌ هه‌ر به‌هۆی نه‌بونى بودجه‌وه‌ ناتوانرێت چاكسازییان تێدا بكرێت. 4. رێگاوبانه‌كانى گه‌رمیان له‌ حاڵێكدان كه‌ هه‌مو وه‌سفێكى ناشرینییان بۆ ده‌شێت، تاوای لێهاتوه‌ رێگاى كه‌لار سلێمانى به‌ «رێگاى مه‌رگ» ناودێر بكرێت، ئه‌مه‌ش به‌هۆی خراپییان كه‌ وایلێهاتوه‌ هاتوچۆپێداكردنى زۆر ناڕه‌حه‌ت و خراپ بێت. ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌ شه‌قامى ناو شار و ناحیه‌كانیشدا هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ قه‌باره‌ى كه‌متر، به‌وپێیه‌ى شه‌قامه‌كان له‌ روى خێرایی پێداتێپه‌ڕینه‌وه‌ سنوردارترن. 5. ئه‌م خراپیه‌ى رێگا و شه‌قامه‌كان زیانی زۆری گیانى و دارایی لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ ماوه‌ى سێ ساڵ (2018، 2019 و 2020) دا، (١٢١١) روداوی هاتوچۆ لە گەرمیان رویانداوە لەو ژمارەیە (١١٧) کەس گیانیان لەدەستداوە و (٩٣٦)کەسیش برینداربون. ئه‌گه‌رچی ژماره‌ى روداوه‌كانى هاتوچۆ له‌ شه‌قامی ناو شاره‌كان زیاتره‌ وه‌ك له‌ رێگاكانى هێڵه‌كانى ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام گیان له‌ده‌ستدان و برینداربونه‌كانى رێگاكان زیاتره‌ وه‌ك له‌ شه‌قامه‌كان. 6. هه‌وڵه‌كانى حكومه‌ت بۆ دروستكردنى رێگاى نوێ هه‌م دره‌نگ كه‌وت، هه‌میش خاوه‌خاوى تێداده‌كرێت، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ به‌هۆی خه‌رجنه‌كردنى سولفه‌ و پاره‌ى پێویسته‌وه‌، رێگاكان زۆر به‌خاوى كاریان تێداده‌كرێت چ له‌ روى دروستكردن و چ نۆژه‌نكردنه‌وه‌شه‌وه‌. 7. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى رێگاكان خراپن، هاوكات سه‌رپێچی زۆریشی به‌رامبه‌ر ده‌كرێت، به‌تایبه‌تى له‌روى پێداتێپه‌ڕینی ئۆتۆمبیل به‌ كێشى زۆر و زیاده‌وه‌، لێپێچینه‌وه‌كانى حكومه‌تیش له‌مڕوه‌وه‌ زۆر كارا نیه‌ و ته‌نانه‌ت گومانی تێوه‌گلانی به‌رپرسانى حكومیش له‌ چاوپۆشی له‌م حاڵه‌ته‌ له‌ ئارادایه‌. 8. لەسەرجەم پارێزگاکان بودجەی تایبەت بە چاکسازی رێگاکان هەیە، بۆ گەرمیان ئەم بودجەیە نیە، هه‌روه‌ك ئه‌و مانگانه‌یه‌ى «‌نەسریە» بۆ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى رێگاوبانى سنوره‌كه‌ هه‌یه‌، زۆر كه‌مه‌ و جێگه‌ ناگرێت. 9. شاره‌زایان و ئه‌ندازیاران گومانى زۆریان له‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌پێی ستانداردى جیهانى و رێگاى دروست پرۆژه‌كانى رێگاوبان و شه‌قامه‌كان ئه‌نجام نادرێن، یان مه‌وادى هه‌رزان له‌ پرۆژه‌كان دا به‌كارده‌هێنرێن، ئه‌مه‌ش واده‌كات كوالێتیان خراپ بێت و زۆریش به‌رگه‌ نه‌گرن. سه‌رباری ئه‌مه‌ش لێپێچنه‌وه‌ى پێویست له‌مباره‌وه‌ ناكرێت به‌تایبه‌تى له‌ روى سزادانى سه‌رپێچیكاران و «گه‌نده‌ڵكاران». 10. ئه‌گه‌رچی رێگاوبانى سنوره‌كه‌ به‌رفراوانه‌، به‌ڵام ژماره‌ى كادیر و به‌تایبه‌تى كادرى ته‌كنیكی و ئه‌ندازیارى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى رێگاوبانى سنوره‌كه‌ و شاره‌وانیه‌كان، زۆر كه‌من، هه‌روه‌ك ئه‌مانه‌ش پێویستیان به‌ پێگه‌یاندنى زانیاری نوێ هه‌یه‌ له‌باره‌ى پسپۆڕی و بواره‌كه‌یانه‌وه‌ كه‌ بۆیان فه‌راهه‌م ناكرێت. دوەم: راسپارده‌كان 1. پێش هه‌مو هه‌نگاوێك ده‌بێت روپێوییه‌كى ورد له‌لایه‌ن ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ بكرێت بۆ زانینی ئه‌وه‌ى به‌ وردی چه‌ند رێگا و شه‌قام بونى هه‌یه‌ و چه‌ندیان قیرتاو و كۆنكریت كراون و چه‌ندیان هێشتا بونیان نیه‌ و پێویسته‌ له‌ ساڵانى داهاتودا دروست بكرێت. به‌بێ ئه‌م به‌رچاو رونیه‌ كه‌ ئێمه‌ هه‌ستمان نه‌كرد له‌لای ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌بێت، هه‌ر هه‌نگاونانێك له‌م بواره‌دا كه‌موكورت ده‌بێت و به‌ته‌واوى جێگه‌ ناگرێت. 2. پێویسته‌ رێگاوبانه‌كان له‌ ئه‌وله‌ویه‌تى حكومه‌تى هه‌رێم و خۆجێی سنوره‌كه‌ بێت، چونكه‌ هه‌ر هه‌نگاوێكى ئاوه‌دانیی، به‌ بێ بونى رێگاوبان و شه‌قامى شارستانى و مۆدێرن، كه‌موكورتی ده‌بێت و به‌شی پێویست سه‌رناگرێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هانى ئیداره‌ى گه‌رمیان ده‌ده‌ین كه‌ له‌ رێگه‌ى كۆنفرانس و كۆبونه‌وه‌ى فراوانه‌وه‌، هه‌وڵ بۆ داڕشتنى پلان و ستراتیژیه‌تێك له‌بوارى رێگاوبان بدات. 3. پێویسته‌ له‌كاتى باشتربونى دۆخی دارایی به‌ زویی پرۆژه‌ى بواری رێگاوبان ئه‌نجام بدرێت، به‌تایبه‌تى رێگاى نێوان شاره‌كان و ئه‌وانه‌ى رێی بازرگانییان له‌سه‌ره‌. بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت له‌ ئێستاوه‌ پلانی پێویست دابنرێت و ئه‌وله‌ویه‌ت به‌ پرۆژه‌كان بدرێت. ٤. پێویسته‌ ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌دواداچونى جیدی بكه‌ن و چاودێری ورد بن له‌سه‌ر كوالێتى پرۆژه‌كانى رێگاوبان و شه‌قامه‌كان، چاونه‌پۆشن له‌و كه‌موكورتیانه‌ى كه‌ ده‌وترێت بونیان هه‌یه‌. هه‌روه‌ك قوربانی به‌ كوالێتى نه‌ده‌ن له‌پێناو هۆكارى دیكه‌. ٥. پێویسته‌ كارمه‌ند و ئه‌ندازیارى زیاتر بۆ ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان دابین بكرێت، به‌تایبه‌تى شاره‌زایانى بوارى رێگاوبان، بۆ ئه‌وه‌ى پرۆژه‌كان به‌سه‌ركه‌وتویی ئه‌نجام بدرێن. هاوكات خول و راهێنانى به‌رده‌وام بۆ ئه‌و كارمه‌ند و ئه‌ندازیارانه‌ بكرێته‌وه‌ له‌باره‌ى شێوازه‌ پێشكه‌وتوه‌كانى بوارى رێگاوبان و ئه‌ندازه‌ى هاتوچۆ و رێگاوبانه‌كان، به‌مه‌به‌ستى سودبینین و جێبه‌جێكردنیان له‌ پرۆژه‌ ناوخۆییه‌كان دا. ٦ ده‌بێت ئه‌و جیاوازییه‌ى كه‌ هه‌یه‌ له‌نێوان گه‌رمیان و ناوچه‌كانى تر له‌ روى په‌راوێزخستنى گه‌رمیان له‌ بودجه‌ى پرۆژه‌ و چاكسازیی كۆتایی پێبهێنرێت، بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌تى خۆجێی و نوێنه‌ره‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ به‌ده‌نگ بێن و پێكه‌وه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ بكرێت كه‌ به‌گوێره‌ى پێویستی و مافی ناوچه‌كه‌، به‌شه‌ بودجه‌ی بۆ دابنرێت. ٧. گرنگه‌ پارله‌مانتاران و نوێنه‌رانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى خۆجێی، فشار دروستبكه‌ن له‌سه‌ر حكومه‌ت به‌مه‌به‌ستى خه‌رجكردنى سولفه‌ و پاره‌ راگیراوه‌كانى ئه‌و پرۆژانه‌ى رێگاوبان و شه‌قام كه‌ له‌ سنوره‌كه‌دا وه‌ستاون، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت له‌ ماوه‌یه‌كى كه‌متر له‌وه‌ى چاوه‌ڕێ ده‌كرێت، ته‌واو بكرێن. ٨. بره‌ودان به‌ شه‌قامه‌كانى نێو شاره‌كان چ له‌ روى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى شه‌قامه‌كان، چ له‌ روى دروستكردنى شه‌قامی نوێ، به‌تایبه‌تى شه‌قامى بازنه‌یی گرنگ، لةم سةنطةيةوة هانى شاره‌وانیه‌كان ده‌ده‌ین بۆ بره‌ودان به‌و شه‌قامانه‌، چونكه‌ فشار له‌سه‌ر ناو شاره‌كان كه‌مده‌كه‌نه‌وه‌. ٩. بونى به‌رزه‌پرد و یه‌كتربڕى مۆدێرن زۆر گرنگه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى فشاره‌كان له‌سه‌ر رێگاوبانه‌كان و شه‌قامه‌كان، پێویسته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ئه‌مه‌ به‌هه‌ند وه‌ربگرن. ١٠. پێویسته‌ رێگا بازرگانیه‌كان و به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى مه‌رزه‌كانى له‌سه‌ره‌، له‌ پێشینه‌ى گرنگیپێدانه‌كان دا بێت و حكومه‌ت له‌و روه‌وه‌ پلانی هه‌بێت. هه‌روه‌ك له‌ رێگه‌ى به‌خششی كۆمپانیاكان و دانانى باج، هه‌وڵی دروستكردنى رێگاوبانى مۆدێرن بدات. ١١. ده‌بێت شه‌فافیه‌ت په‌یڕه‌و بكرێت له‌ وه‌رگرتنى باجی رێگاوبان و هاتوچۆ، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ به‌شى ناوچه‌كان له‌و باجانه‌ به‌ شێوازێكى دادپه‌روه‌رانه‌ بدرێت و بۆ پرۆژه‌ى رێگاوبان به‌كاربهێنرێن.   كلیك لەم فایلەی خواره‌وه‌ بكه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرته‌کە. فایلی پیدی ئێف


درەو: راپۆرتی: تیمی كوردستانی عێراقی CPT لەماوەی 40 رۆژی ئۆپەراسیۆنی (چنگی - هەورە بروسكە)ی توركیادا بۆسەر ناحیەی كوانی ماسی سەربە پارێزگای دهۆك  (21 ) گوند چۆڵكراون و نزیكەی (300) خانەوادەش ئاوارەبوون، لەماوەی ئەو 40 رۆژەدا ( 7 هەزار) دۆنم زەوی كشتوكاڵی بەهۆی بۆردومانەكانی سوپای توركیاوە سوتاون ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، تیمی کوردستانی عێراقی CPT، ڕاپۆرتێکی ١٤ پەڕەیی سەبارەت بە ئاماری زەرەر و زیانی ھاوڵاتیانی مەدەنی و کاریگەرییە ژینگەییەکانی ئۆپەراسیۆنی چنگی ھەورە- بروسکە لە ھەرێمی کوردستانی عێراقدا بڵاوکردەوە و نەخشەی نوێی فراوانکردنی ھەژموونی سەربازی سوپای تورکیاش لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا خرایە ڕوو. لە ھەفتەی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی چنگی- ھەورە بروسکەدا، چوار بارەگای سەربازی بە پانتایی ناوچە شاخاویەکانی زناری کێستە، کەفرە سۆر، مەلا ردی و دەرارێ جێگیر کراون. لە ماوەی ٤٠ ڕۆژی ڕابردووی ئۆپەراسیۆنی چنگی- ھەورە بروسکەدا ١٦ گوند لە ناوچەی ئاڤاشین و ٥ گوند لە سنوری ناحیەی کانی ماسێ بەھۆی بۆردوومانەکان چۆڵکراون و بەمەش نزیکەی ٣٠٠ خانەوادە لە ھەردوو ناوچەکە ئاوارەبوون. لە ٩ ڕۆژی سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەدا، ١،٣٠٠ پورەی ھەنگی ھەنگەوانانی گوندنشینانی کانی ماسێ و ئاڤاشین لەناوچوون.، و لە ماوەی ٤٠ ڕۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا ٧،٠٠٠ دۆنم زەوی کشتوکاڵی بەھۆی بۆردوومانەکانەوە سوتاون. لە ماوەی یەک ھەفتەی ڕابردوودا و بەھۆی ئۆپەراسیۆنی چنگی ھەورە بروسکە، ٤ ھاوڵاتی مەدەنی لە سنوری ناحیەی کانی ماسێ و قەزای زاخۆ برینداربوون. بەھۆی بۆردوومانەکانەوە پڕۆژەیەکی سەرەکی ئاو لە گوندی ئەدنێ لە ناحیەی کانێ ماسێ کە ئاوی ٩ گوندی تری دابین دەکرد، وێران بوو. خانوو ماڵی ھاوڵاتیان لە ناوچەی ئاڤا شین و سنوری ناحیەی کانی ماسێ زەرەر و زیانی بەرکەوتووە و لە گوندی میسکەی سەر بە ناحیەی کانی ماسێ کەنیسەیەک بە ئامانج گیراوە و بۆردوومان کراوە. بۆ خوێندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە، گرتە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بکە: https://cptik.org/.../civilian-impacts-claw-lightning-kurdi


شیكاری: درەو لە ساڵی 1986 رێككەوتنی نێوان جەلال تاڵەبانی و ئیدریس بارزانی هەوڵێ رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەدرا، دوای (35) ساڵ هێشتا هەوڵەكە بەردەوامەو نەگەیشتووەتە ئەنجام.  لەكۆی گشتی (894) ملیار دیناری موچەخۆران ( 491 ملیار) دیناری بۆ سلكی سەربازی دەچێت بە رێژەی (55%)، سلكی سەربازی تا ئێستا سەرێكی لەدەستی یەكێتیدایەو سەرەكەی تری لای پارتیە، مەسعود بارزانی بە فەرمانێك هێزەكانی پشتیوانی (2)ی سەربە یەكەكانی (8)ی پارتی خستە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، یەكێتیش لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوهەنگاوە، بەڵام هیچ یەك لەم هەنگاوانە توانای قوتاركردنی هێزە چەكدارەكانی نیە لە چنگی حزب و كارەكتەرە سیاسیەكان.     دابەشبوونی هێزە چەکدارەکان دوای دەیان ئەزمونی تاڵی ململانێی چەکداری نێوان هێزە چەکدارەکانی حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، هەڕەشەو فشارە دەرکییەکانی حکومەتی پێشووی عێراق، فشاری بەردەوامی هاوپەیمانان لەدوای کەوتنی ڕژێم و بەعس، یەکگرتنەوەی حکومەتی سلێمانی و هەولێر، شەڕی داعش، فشارە سیاسی و یاسایی و دەستوری و چەکدارییەکانی حکومەتی ناوەندی کە دواترینیان کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبەربوو. نەیتوانی وا لە یەکێتی و پارتی بکات دەستبەداری هێزە ئەمنی چەکدارییەکانیان لە پێناو بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان و حیزبەکانیان، بە جۆرێک ئەم دوو حیزەبە هەریەکەیان خاوەنی؛ -    ‌هێزەکانی (٧٠)ی یەکێتی کە ژمارەیان (٥٦) هەزار پێشمەرگەیە و هێزەکانی (٨٠)ی پارتی (٥٨) هەزار پێشمەرگەن -    هێزەکانی پشتیوانی (1) پارتی و (2)ی یەكێتی کە بەشێکن لە هێزەکانی (8٠) و (7٠)، لە نوێترین هەنگاویشدا پارتی و بە فەمانی مەسعود بارزانی کە سەرۆکی ئەو حیزبەیە میلاکاتی هێزی پشیتوانی (١) گواستەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، (سیهاد بارزانی) برای مەسعود بارزانی فەرماندەیی هێزەکە دەکات. -    ئاسایشی یەکێتی و ئاسایشی پارتی -    دژە تیرۆری یەکێتی و دژە تیرۆری پارتی  -    بەرگری و فریاکەوتنی یەکێتی کە ژمارەیان (22) چەکدار و زێرەڤانی پارتی کە سەربە وەزارەتی ناوخۆیە (44 )هەزار چەكداری هەیە. -    لیوای سکرتارییەت و لیوای سەرۆکایەتی هەرێم -    لیوای نەوت و غازی یەکێتی و لیوای نەوت و غاری پارتی -    هێزەكانی وەزارەتی پێشمەرگە: 14 لیوای هاوبەشی پارتی و یەكێتی: 42 هەزار پێشمەرگە ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەو دوو حیزبە کۆنترۆڵی هێزی چەکداری هەرێمی کوردستانیان کردووە، لە نێو ئەونیشدا چەندین کەسی حیزبی و ناو ئەو دوو هێزە، هێزی تایبەت بە خۆیان هەیەو لەبری ئەوەی فەرمان لە حکومەت و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە وەربگرن، تەنانەت لەژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی حیزبەکانی خۆشیان نین، بەڵکو گوێرایەڵی ئەشخاس و مەکتەب سیاسی و چەند بەپرسێکی نێو ئەو حیزبە دەکەن زۆرجار بۆ ململانێکانی نێو خۆیشیان هەڕەشەی پێدەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا دابەشبوونەکە شۆڕبووتەوە نێو دەزگای ئەمنییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و هەندێ جار پۆلیسشی گرتووەتەوە، بەڵام کاریگەرییەکەی زۆرتر لە بواری عەمەلیدا دەردەکەوێت، بۆ نمونە دەیان و سەدان کەس لەلایەن پۆلیس و دادگاکانی سنوری یەکێتی داواکراون و لە سنوری پارتی داڵدە دراون و بە پێچەوانەشەوە، سەدان کەس لە سنوری پارتی هەڵهاتوون و بە ئازادانە لە سنوری دەزگا ئەمنییەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی دەسوڕێنەوە. جگە لەو هێزانە، چەندین گروپ و هێزی چەکداری دیکەش دروستکراون و موچە لە حکومەتی هەرێم وەردەگرن، کە بریتین لە؛ -    هێزی پاراستنی ئێزدیخان (حەیدەر شەشۆ): 4000 چەكدار -    لیوای جەزیرە (عەرەبەكانی رەبیعە و زوممار): 2000 چەكدار -    فەرماندەیی شنگال (قاسم شەشۆ): 10 هەزار چەكدار جگە لە یەکێتی و پارتی (پەکەکە) یەکێکی دیکەیە لەو هێزە سیاسیانەی لە هەرێمی کوردستاندا چالاکی چەکداری هەیەو زۆرجار لە گەڵ پارتی و یەکێتی توشی ململانێ و بەکارهێنانی هێزبوونەتەوە سەردەمانێک بەشداری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆش بوونە، بەڵام جیاوازی ئەمان ئەوەیە ڕاستەوخۆ سودمەند نین لە بودجەی گشتی هەرێمی کوردستان و سەرچاوەی دارایی خۆیان هەیە، بەشێکی ئەو هێزانەش بریتین لە؛ -    هێزەكانی (هەپەگە) سەر بە پەكەكە -    یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە). -    یەكینەكانی پاراستنی شنگال (یەپەشە). -    یەكینەكانی ژنانی شنگال (یەژەشە). -    هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە). -    هێزی پاراستنی ئاسایشی ئێزیدخان. -    هێزی دژەتیرۆر و لەلایەن پارتی ئازادی دیموكراسی ئێزدی (پادا) سەرپەرشتی دەكرێت. موچەو بودجەی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی پرۆژە بودجەی 2013ی هەرێمی كوردستان ( 118 هەزارو 642 ) پێشمەرگەیە هەیە كۆی بودجەكەیان بۆ موچە لەو ساڵەدا ( یەك ترلیۆن و 333 ملیار و 304 ملیۆن دینار)ە كە كردویەتیە (11.49%)، لە كاتێكدا مانگانە( 120 ملیار) دینار موچەی وەزارەتی پێشمەرگەیەو  لە یاسای بودجەی عێراقدا ساڵی 2019 مانگانە بڕی (68 ملیار) دینار تەرخانكراوە بۆ هێزی پێشمەرگە و پارەی ئەمریكیەكانیش مانگانە ( ٣٠ ملیار دینار)ە. ( وەزارتی پێشمەرگە، ١٣٣ملیار ٦١ ملیۆن دینار و وەزارەتی ناوخۆ، ١٧٨ ملیار و ٤٨٩ ملیۆن دینار و ئەنجومەن و دەزگای ئاسایش، ٦٢ ملیار و ٩٩٧ ملیۆن دینار و  و خانەنیشینی سەربازی و مەدەنی ١١٦ ملیار و ٥٦٠ ملیۆن دینارە جگە لە زیندانیانی سیاسی، و. کاروباری شەهیدان و هتد.. كۆی گشتی موچەی هێزە چەكدارەكان دەكاتە ( 491 ملیار) دینار لەكۆی (894 ملیار) دیناری كۆی موچەی مانگێكی موچەخۆران، دەكاتە ( 55%)ی كۆی موچەخۆرانی هەرێم.  بەپێی دوایین یاسای بودجەی هەرێم لە 2013 ژمارەی هێزە سەربازیەكان بەم شێوەیەیە:  -    وەزارەتی ناوخۆ 121 هەزار841 كەس  -    وەزارەتی پێشمەرگە 118 هەزار642 كەس -    دەزگای ئاساییشی هەرێم 31 هەزار 431كەس -    ئەنجومەنی ئاساییش 6 هەزار 476كەس  -    خانەنشینی سەربازی 133 هەزارو 435 كەس  -    كۆی گشتی 411,825 موچەخۆر لە هێزی ئەمنی و چەكدارین هەوڵەکانی یەکخستەنەوەی هێزی پێشمەرگە لەسەر ئاستی ناوخۆ دەیان هەوڵ و زارەکی و نوسراوو بڕیار و یاسا هەیە بۆ کە بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە خراوەتە ڕوو، بۆ نمونە؛ -    رێکەوتنی ٧/١١/١٩٨٦ لە نێوان مام جەلال و ئیدریس بارزانیدا لە تاران، کە لە بەشێکیدا هاتووە؛ (رێکەوتن لەسەر یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و دام و دەزگاکانی شۆرش) -    لە بەرنامەی بەرەی  کوردستانی لە ٣/٥/١٩٨٨.  -    دوا بە دوای یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1992، یەكەم هەنگاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەدامەزراوەییکردنی هێزەكانی پێشمەرگە، بریتیبوو لە دامەزراندنی وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە، بەپێی یاسای ژمارە (٥) ساڵی 1992  -    دوای ئەوەی لە ساڵی 2006 حكومەتی هەرێمی كوردستان بەیەكگرتویی دامەزرایەوە، یاسای ژمارەی (١)ی ساڵی 1992 هەمواركرایەوە و پەرلەمانی كوردستان یاسایی ژمارە (19)ی ساڵی 2007 دەرکرد. بە پێی ئەم یاسایە وەزارەتی پێشمەرگە بە یەكگرتویی دامەزرایەوە.  -    جارێكیتر لە ساڵی 2010 هەنگاوێکیتر بۆ یەكگرتنی ئەم هێزانەنرا، ئەوەش بە دروستكردنی (14) لیوای هاوبەش، بەڵام لەكاتی دابەشكاریدا لە هەموو لیواكان حیساباتی حیزبی زاڵبوو بەسەر پێوەری توانای سەربازیدا.  -    لە بەرنامەکانی کابینەکانی حکومەتی هەرێم لە هەولێر و سلێمانی و دوایش لە کابینەی هاوبەشدا، باس لە یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە کراوە. -    پەرلەمانی کوردستان چەند جارێک باسی یەکگرتنی هێزی پێشمەرگەی کردوە، بەڵام وەک زۆر بڕیاری تری پەرلەمان، تەنها وەک بڕیار ماوەتەوە و جێبەجێ نەکراوە، دواترینیشیان، بڕیاری ژمارە (19) ی 23 ی تەموزی 2014 بوە. لە بڕگەی چوارەمی بڕیارەكەی پەرلەماندا هاتووە:" پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێم هەموو هێزەكانی پێشمەرگە لەماوەی (6) مانگ لە دەرچوونی ئەم بڕیارەوە لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا وەك هێزێكی نیشتیمانی یەكبخات، بەتایبەتی یەكەكانی (70و 80)ی هێزی پێشمەرگەی كوردستان". -    سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان (مەسعود بارزانی)، لە 14ی كانونی یەكەمی 2014دا (7) بڕیاری دەركرد بەمەبەستی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. لە خاڵی چوارەمدا ئاماژە بەوەكراوە: "پێویستە هەرچی زووترە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە رێكوپێكی یەكبخرێتەوە، بەشێوەیەك كە نابێ حزبایەتی تێدا بێت". لە خاڵی حەوتەمی بڕیارەكەشیدا ئەوە خراوەتەڕو: "هەر هێزێك لە دەرەوەی وەزارەت هەبێت، بەنایاسایی دەژمێردرێت ‌و كەس بۆی نییە هێزی تازە لە دەرەوەی وەزارەت دروست بكات". -    مستەفای سەید قادر وەزیری پێشمەرگە بەنوسراوی ژمارە ( 7954 ) لەبەرواری 10/12/2014 دا  4 بڕیاری دەركردووە بۆ سەرجەم فەرماندە و دەزگاكانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە و داوایان لێ دەكات كە پابەندی بن بۆ یەكخستنی گشت هێزەكانی پێشمەرگە لە ژێر فەرماندەیی وەزارەتی پێشمەرگەدا، بەڵام لەیەكەم كاردانەوەدا بریكاری وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند كە پابەندی ئەو بریارانە نابێت، لە رونكردنەوەیەكدا ( ئەنوەری حاجی عوسمان ) كە لەبەرواری 15/12/2014 دەری كردووە رایگەیاندووە : " ئیلتزام ناكەم بە فەرمانەكانی وەزیری پێشمەرگەوە" ، لەلایەن خۆشیەوە بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە لێدوانەكانیدا ئەوەی خستەروو كە هێزی پێشمەرگەی یەكێتی ناخەنە ژێر فەرمانەكانی وەزارەتی پێشمەرگەوە. -    لە ٣١/٧/٢٠١٨ کەریم سنجاری وەزیری پێشمەرگە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت ڕایگەیاند، لە ئێستادا وەزارەتەکەیان لە رێگەی دروستکردنی بەڕێوەبەرایەتیەکەوە چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن و یەکەمین هەنگاویش یەکگرتنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ دەبێت. -    لە ٦/٨/٢٠٢٠    سەرۆک  وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) دەڵێت: بەرنامەی حکومەتی هەرێم ئەوەیە: هێزەکانی 70 و 80 و هێزەکانی دیکە لە وەزارەتی پێشمەرگە کۆبکرێنەوە، تائێستاش توانیومانە کۆمەڵێک لەو هێزانە کۆبکەینەوە. -     لە ١١/١١/٢٠١٩ به‌پێی‌ ڕاگه‌یاندراوێكی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، نیچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی‌ گشتیی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە و فەرماندە سەربازییەکان کۆبووەوە.جه‌ختی له‌ پرۆسه‌ی‌ چاكسازی‌ له‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ و رێكخستنه‌وه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ کردەوە. -     دواین هەوڵیش پەسەندکردنی یاسای ژمارە (٢)ی ٢٠٢٠ی (یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان-عێراق) لە بەشی چوارەم ماددەی (٤) هاتووە؛ •     یەكخستن و ڕێکخستنی یەكەكانی ژمێریاری لەگشت یەكەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، رێكخراو و رێكنەخراو لە چوارچێوەی هەیكەلیەتی وەزارەتی (كاروباری پێشمەرگە) لە یەك یەكەی ژمێریاری كە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە و بەرنامەكان (ژمێریاری سەربازی) سەر بە وەزارەتی (کاروباری پێشمەرگە)ی هەرێمی كوردستانە. •     پێویستە دەستنیشانکردنی ژمارەی پاسەوانان بۆ بارەگا و دامەزراوە حیزبییەکان و هەروەها پاسەوانی پارێزگاری لە خاوەن وەزیفە باڵاکان و بەرپرسانی سەربازی و ئاسایشی ناوخۆ، بە هەماهەنگی و بەپێی پەیڕەوێک ڕێکبخرێت کە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوەی دەردەچێت، و ئەوانەی زیاد دەبن لە ژمارەی دیاریکراو لەو پەیڕەوە لە چوارچێوەی میلاکی سەربازی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەپێی شایستەبوونی خۆیان راژەیان ڕێکدەخرێتەوە. -    هەوڵەکانی یەکخستەنەوەی هێزی پێشمەرگە لەسەر ئاستی حکومەتی عێراق -    دوای پرۆسەی ئازادكردنی عێراق لەساڵی 2003 و هەڵوەشانەوەی سوپای عێراق هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دەیان ویست پێشمەرگەش لەو چواچێوەیەدا بكەنە ناو سیستەمی بەرگری عێراقەوە، بەڵام ئەم هەنگاوە سەری نەگرت.  -    دوای ئەوەی دەستوری فیدراڵی عێراق لە ساڵی 2005 دانرا، ئەم دەستورە لە بڕگەی (پێنجەم)ی ماددەی (121)یدا هێزەكانی پێشمەرگەی وەكو (پاسەوانی هەرێم) ناساندوە. هەر لەم سۆنگەیەوە چەندین یاداشتی لێك گەیشتن و رێكەوتنی دوو لایەنە لەنێوان حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەكخستنەوەی پێشمەرگە لەچوارچێوەی سوپای عێرقیدا و هەماهەنگی دروستكردن هاتۆتە كایەوە، بەڵام هیچ سەرکەوتنێکی تیا بەدی نەهات -    بەپێی فەرمانێكی دیوانی و بە واژوی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان لەوکاتەدا (نوری مالیكی) بە ژمارەی (1/1 دیوانی/86/146) لە 7/10/2007 بەپێی ئەو دەسەڵاتەی بە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان دراوە، بەپێی ماددەی (78)ی دەستوری عێراق و لەبەر بەرژەوەندی گشتی و گواستنەوەی بەرپرسیارێتی ئاسایش لە هێزە فرە رەگەزەكانەوە بۆ هێزەكانی عێراق بەشێوەیەكی تەندروست و گرەنتیكردنی ئاسایش و ئارامی لە هەموو عێراقدا بڕیار درا بە پێكهێنانی (2) فیرقەی پیادە بە پێی رێكخستنی ئەو فیرقانەی ئێستا لە كوردستان هەیە بە پشت بەستن بەسەرچاوەی مرۆیی بەردەست، كە هەماهەنگی هەیە لەنێوان سەرۆكایەتی هەرێم و وەزارەتی بەرگری و سەركردایەتی گواستنەوەی ئاسایش لە هێزە فرەرەگەزەكان. هەوڵەکانی یەکخستەنەوەی هێزی پێشمەرگە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی -    ساڵی 2003 لە كاتی پرۆسەی ئازادكردنی عێراقدا لەلایەن ئەمریکاو هاوپەیمانکانییەوە، هەوڵ بۆ یەگرتن و بەئاراستەی دروستكردنی تەشكیلەیەكی هاوبەش چڕبوەوە، چونكە هەردوو حیزب هەستیان بە دروست بونی ئەو بۆشاییە ئەمنیە دەكرد كە دوای پرۆسەكە دروست دەبێت و ئەمریكیەكانیش بە ئاشكرا ئەمەیان بە (مەسعود بارزانی و مام جەلال) ووتبوو. -    دوای پەسندکردنی دەستوری هەمیشەیی عێراق لە ساڵی 2005، و وبونیانانەوەی سوپای عێراق، سوپای هێزە فرە ڕەگەزەگان هەمو هەوڵێكیان بۆ دروستكردنەوەی لیژنەی هەماهەنگی هاوبەش بوو، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. -    لەدوای هێرشەکانی داعش لە ٢٠١٤، هەنگاوەکان بەئاراستەی یەكخستنی هێزی پێشمەرگە بەردەوامبوون، لەم چوارچێوەیەدا هێزەكانی هاوپەیمانی دژ بە داعش دوو لیوای هاوبەشی سەربازییان دروست كرد. بەڵام لەبەردەم ئەم هەنگاوەشدا بەربەستەکان زۆرن. -    دوای هاتنی داعش هێزەكانی هاوپەیمانان، بە تایبەتی ئەمریكیەكان، متمانەیان بە هێزەكانی پێشمەرگە دروستكرد و لەم چوارچێوەیەدا دەستیان بە راهێنان و پڕچەككردنی هێزی پێشمەرگە كرد و بڕی (110) ملیون دولاریان بۆ ئامادەكردن و پڕچەككردنی دوو لیوای نوێ لە هێزەكانی پێشمەرگە تەرخانكرد، تا ئێستاش هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە، بەڵام هێشتا پارتی و یەکێتی ئامادە نین هێزە چەکدارەکانیان یەکبخەن. ئاستەنگەكانی بە دامەزراوەیكردنی پێشمەرگە هەنگاوەکانی ئەم پرۆسەیە جۆراوجۆربوون هەرواش ئاستەنگەکانی بەردەمی جۆراوجۆرن، کە هەندێکیان لەسەر ئاستی ناوخۆیی هەرێمن و هەندێکیتریان لەسەر ئاستی عێراقن، گرنگترین ئەو ئاستەنگانەش بەم شێوەیەی خوارەوەن: ئاستەنگەكان لەسەر ئاستی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان لەبەرئەوەی وەزیفەی هێزەكانی پێشمەرگە نەك تەواو نەبووە، بەڵكو پێویستییان بە ڕێكخستنەوە وەك دامەزراوەیەكی پیشەیی بەردەوام لەزیادبووندایە. بۆ بەدیهێنانی ئەم پێویستیەش، ئەم خاڵانە دیارترین ئەو ئاستەنگە ناوخۆییانە دەخاتەڕوو كە رێگرن لە یەكخستنەوە و رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هێزێكی نیشتیمانی یەكگرتووی پیشەییدا: 1.    ڕێگری نەکردن لە كاری سیاسی و حیزبی لەناو ریزەكانی هێزی پێشمەرگە، کە گەورەترین ئاستەنگە لە بەردەم یەگكرتوی هێزی پێشمەرگە. 2.    رۆڵی چاودێری لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان و بەدواداچونی ئەو كەم و كوڕی و كێشانەی كە لە (رێكخستن و مەشق و پڕچەك كردن) دا هەیە زۆر لاوازە، بە واتە هێزی پێشمەرگە لە رێگەی پەرلەمانەوە چاودێری بكرێت و دەست نیشانی كەم و كوڕییەكان بكرێت و، لە گەندەڵی و زیادەڕەوییەكان بكۆڵرێتەوە.  3.    دەستبەردار نەبوون لە سیاسەتی (زەبائینی) كە رێگرە لە بەردەم بە پیشەیبون و یەكگرتوی هێزەكانی پێشمەرگە، هەروەها ئەم سیاسەتە لە جیاتی ئینتیما و پشتیوانی نیشتمانی، ئینتیمای كەسی و حیزبی دروست كردوە، لەمەش زیاتر دەیان لیواو فەوج و سریەی پێشمەرگە بە ناوی كەسی لە كوردستان بونی هەیە. 4.    پێ نەگەیاندنی پێشمەرگە لە سەر بیرو باوەڕێكی نیشتمانی باڵا كە هاوتەریب بێت لەگەڵ ئەو هەڕشانەی لەسەر هەرێمی كوردستان هەن، بە بێ عەقیدەیەكی سەربازی نیشتمانی كە بریتیە لە: "كۆمەڵێك بیرو راو و تێروانین كە كۆمەڵگەیەك لە كۆمەڵگاكان بونیادی دەنێن لە بارەی جەنگ و ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە بەرگری و بەهای جەنگەوە هەیە" 5.    سود وەرنەگرتن لە بوونی هێزەكانی هاوپەیمانان و بە گشتی و هێزەكانی ئەمریكا بە تایبەت لە كوردستان بۆ (مە شق و رێكخستن و پڕچەككردن).  6.    دابەشنەكردنەوە و رێكنەخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر بنەمای ئەركی سەربازی مۆدێرن و جەنگی تازەی تیرۆر، کە تەنها جەنگی روبەروبونەوەی مەیدانی و جەبهەیی نییە، بەڵكو جەنگی تازەیە لەگەڵ زانیاری و شیكردنەوەی زانیاری و تەكنیكی هەواڵگری. 7.    دانەمەزراندنی ئابورییەكی سەربەخۆ بۆ هێزی پێشمەرگە، كە خۆی لە صندوقێكی ئابوریدا دەبینێتەوە، بۆ پڕكردنەوەی ئەو حاڵەتانەی كە كتوپڕن و بودجەی تایبەتییان بۆ تەرخان نەكراوە. 8.    پێدانەچوونەوە بە موچە و دەرماڵە و ئەو مانگانەییانەی كە بۆ لیواو یەكە سەربازییەكان تەرخانكراوە، هەروەها پێدانەچونەوەی تەواو بە پلە سەربازییەكان و پابەندنەبوون بە پێدانی پلە سەربازییەكان لەكاتی خۆیدا، و نەگۆرینی پێوەری بەرزكردنەوەی پلە لە (پێوەری ساڵی خزمەت)ەوە بۆ پێوەرێكی دادپەروەرانەتر كە بەشێوەیەكی شەفاف كار لەسەر بانكێكی زانیاری بكات.  ئاستەنگەكان لەسەر ئاستی حكومەتی ناوەندی عێراق دەکرێت ئاماژە بۆ چەند بەربەستێکیتر بکرێت کە لەسەر ئاستی حکومەتی ناوەندی ڕێگربوون لە بە دامەزراوەییکردنی هێزەکانی پیشمەرگە، لە گرنگترین ئەو بەربەستانەش: 1.    خەرج نەکردنی هیچ بڕە دارییەکی تەرخانکراو لە بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لەساڵی ٢٠٠٧ەوە. 2.    پابەند نەبوونی حکومەتی فیدراڵی بە پڕچەککردنی پێشمەرگە بەشێوەیەکی هاوتا لەگەڵ سوپای فیدراڵی و هێزەچەکدارەکانیتری.  3.    پابەندنەبوونی حکومەتی فیدراڵی بە زیادکردنی ڕێژەی کورد لە پێکهاتەکانی سوپای عێراقدا، کە ئەمەش لەلایەک پێچەوانەی دەقەکانی دەستوری فیدراڵی (٢٠٠٥)ە، لەلایەکیتریش لادانە لەو بەڵێن و ڕێککەوتنانەی لەکاتی سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی سوپای عێراقدا درابوون. 4.    کەمتەرخەمی حکومەتی فیدراڵی لە چەسپاندنی بنەماکانی سیستمی فیدراڵی و دوودڵی لە پابەندبوون پێیانەوە، بەتایبەت لەبوارەکانی (سیاسەتی دەرەکی و سیاسەتی ئەمنی و سیاسەتی دارایی)دا، کە تائێستا حکومەتی ناوەندی هیچ دیسپلینێکی یاسایی ئەوتۆی بۆ چۆنێتی ڕاییکردنی ئەم بوارانە دانەڕێژاوە.  5.    شکستخواردنی پرۆسەی سیاسی و لاوازی دامەزراوە دیموکراتی و فیدراڵییەکانی عێراق خۆی، کە هەمیشە لەژێر فشار و دەستیوەردانی دەرەکی و پەرتەوازەیی تایەفەگەری ناوخۆییدایە. لەم دۆخەدا زەحمەتە دامەزراوە دیموکراسی و مەدەنییەکان و ئامرازەکانی ئاشتەوایی و پێکەوژیان وەک (ئەنجومەنی فیدراڵی) فەراهەم بهێنرێن، بەڵکو زۆر ئاسانە دەستە و هێزی چەکداری تایەفی و نانیزامی بونیاد بنرێ وەک (حەشدی شەعبی).    سەرچاوەکان -    د. ئومێد ڕەفیق فتاح و د.عابد خالد رەسوڵ، پرۆسەی بەدامەزراوەییکردنی هێزەکانی پێشمەرگە: هەنگاو و ئاستەنگەکان، سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی، کانونی یەکەمی ٢٠١٨. -    محەمەد ڕەوف، بڕیارەكەی پەرلەمان جێبەجێنەكرا..!! یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان پەكدەخرێت...!!!، رۆژنامەی ئاوێنە ژمارە ( 463) بەرواری 27/1/2015 دا بڵاوبۆتەوە -    یاسای ژمارە (٢)ی ٢٠٢٠ی (یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان-عێراق). -    سەلاح ڕەشید، خەوبینین بە یەکگرتنی هێزی پێشمەرگەوە، درەو میدیا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=8425  


درەو: دوای (12) ساڵ لە سەرۆكایەتی حكومەت ئەمشەو یائیر لاپید كۆتایی بە سەرۆكایەتی بنیامین نەتەنیاهۆ هێنا، ئەگەر ئەمشەو حكومەت پێكنەهاتایە گەلی ئیسرائیل دەبوایە پێنجەم هەڵبژاردنیان ئەنجامبدایە. یائیر لاپید سەرۆكی حزبی " یش عتید" ( داهاتوو لێرەیە)ی ئیسرائیلیە توانی لە كۆی (120) كورسی پەرلەمان (61) كۆبكاتەوەو حكومەت پێكبهێنێت. یائیر لاپید كێیە؟ 🔹پێشتر لاپید ئەستێرەیەكی تەلەفزیۆنی بوو لە ئیسرائیل. 🔹یائیر لاپید ساڵی 1963 لە تەلئەبیب لەدایكبوە. 🔹باوكی تۆمی لاپید رۆژنامەنوس‌و وەزیری داد بووە. 🔹دایكی شولامیت نوسەرێكی بەناوبانگی رۆمانی پۆلیسییە لە ئیسرائیل. 🔹یائیر لە رۆژنامەی مەعاریف سەرەتا دەستی بەكار كردووە 🔹پاشان چوەتە رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرانۆتی بەناوبانگی ئیسرائیل‌و بەوەش بوەتە ناوێكی ناسراو لە وڵاتەكەی 🔹ماوەیەك وەك ئارەزمەندێك یاری بۆكسێنی كردووە‌و مەشقی لەسەر وەرزشەكانی بەرگری كردووە. 🔹رۆمانی پۆلیسی و زنجیرەی تەلەفزیۆنی‌و گۆرانی نوسیوە‌و لە فیلمیشدا رۆڵی بینیوە. 🔹بەرنامە دیالۆگییەكەی كە لە تەلەفزیۆن پێشكەشی كردووە بۆ چەندین ساڵ جەماوەرێكی زۆری هەبووە 🔹لاپید خۆی وەك نیشتمان پەروەرێكی لیبراڵی و عەلمانی دەناسێنێت. 🔹ساڵی 2012 وازی لە كاری رۆژنامەنوسی هێنا‌و حزبی " یش عتید"ی دامەزراند. 🔹ئازاری 2020 بەشداری هەڵبژاردنی كرد لە چوارشێوەی هاوپەیمانی ( شین سپی) بە سەرۆكایەتی ژەنەراڵ بینی گانتس وەزیری بەرگری ئێستا 🔹دوای رێككەوتنی گانتس لەگەڵ نەتەنیاهۆ لە هاوپەیمانێتییەكە كشایەوە‌و بەوەش جەماوەری گانتس كەمبوەوە‌و لاپید بووە سەرۆكی ئۆپۆزسیۆن. 🔹حزبەكەی لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا لە 23ی ئازار (17 ) كورسی بەدەستهێنا‌و لە پلەی دووەمدا هات. 🔹پاش شكستهێنانی نەتەنیاهۆ لە پێكهێنانی حكومەت لاپید هەوڵەكانی چڕكردەوەو توانی (61) كورسی لەكۆی (120) كورسی كۆبكاتەوەو حكومەت پێكبهێنێت. 


درەو: زانا كەریم - گۆڤاری ئاییندەناسی بەرایی هەرێمی کوردستان لە سنوورێکی بەرتەسکدا خاوەنی پەیوەندیی دیپلۆماسییە، بەڵام ئەم دیپلۆماسییە لەگەڵ چەندین ئاڵنگارییدا ڕووبەڕووە و لەم توێژینەوەیەدا تیشک دەخرێتە سەر ئەو ئاڵنگارییانەی کە ڕەهەندی یاساییان هەیە. گرنگیی هەر هەوڵێکیش لەم بارەیەوە، لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە تێگەیشتنی ئاستەنگ و ئالنگارییەکان هەنگاوی یەکەمی زاڵبوون و تێپەڕاندنیانە و دۆزینەوەی دەروازەکانی چوونەژوورەوە و ئامادەبوونی هەرێمی کوردستانە لەسەر شانۆی پەیوەندیی نێودەوڵەتی.    بەگوێرەی دەستووری ساڵی 2005ی کۆماری عێراق، هەرێمی کوردستان هەرێمێکی نێو دەوڵەتێکی فیدراڵە و دەسەڵاتەکانی و چوارچێوەی کاری بەپێی دەستووری عێراقی فیدراڵ دیاری کراوە، لە دەوڵەتی فیدراڵیشدا داڕشتن و بەڕێوەبردنی کاروباری دەرەکی و دیپلۆماسی لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵیدایە و دەسەڵاتی هەرێمەکان زۆر سنووردارە و لە مەودایەکی زۆر بەرتەسکدایە. لە لایەکی ترەوە و بەگوێرەی ڕێسا و بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتیی گشتی، دەوڵەت (state) نەک “نا-دەوڵەت” (non-state) خاوەنی ستاتۆ (الشخصية)ی یاساییە، بەم پێیەش “نا-دەوڵەتەکان” ناتوانن خاوەنی دامودەزگا و پەیوەندیی دیپلۆماسیی سەربەخۆی تایبەت بە خۆیان بن. لەم سۆنگەیەوە ئەم پەڕەباسە دەچێتە پای باسکردن لە ئاڵنگارییە یاساییەکانی دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان، هەروەها پشکنینی هەنجەتەکانی وەها بانگەشەیەک دەکاتە گیروگاز (problem)ی سەرەکیی خۆی. گریمانەی ئەوەش دەکات کە وا دەکرێت هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئاڵنگارییەکانیش، خاوەنی دامودەزگا و پەیوەندیی دیپلۆماسیی خۆی بێت و وەها پەیوەندییەکیش هەم لە ڕووی یاساییەوە (De jure) پاسادان دەکرێت، هەم لە ڕووی واقیعییەوە (De facto). ئاڵنگاریی نێوخۆیی (دەستووریی)    مەبەست لە ئالنگاریی نێوخۆیی ئەو ئالنگارییانەیە کە بە هۆی دەستووری عێراقەوە دێتە سەر ڕێی دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان. بەپێی دەستووری ساڵی 2005ی کۆماری عێراقی فیدراڵ، عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵە و هەرێمی کوردستان-عێراقیش هەرێمێکی فیدراڵی ناو دەوڵەتێکی فیدراڵە. ئەم ڕاستییە، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەرێم ڕووبەڕووی ئالنگارییەکی سەرەکی دەکاتەوە کە ئێمە بە ئالنگاریی ناوخۆیی یاخود دەستووری ناوزەدمان کردووە و لێرە بەدواوە و لەم باسەدا دەستوپەنجەی لەگەڵدا نەرم دەکەین.    بیرۆکەی دەوڵەتی فیدراڵ پشت بە دوو ڕاستیی سەرەکی دەبەستێت، ئەوانیش: دوو لانەیی (الثنائية) دەسەڵات و دوو لانەیی ئەنجوومەنی یاسادانانە لە دەوڵەتی فیدراڵیدا([1]). مەبەست لە دوو لانەیی دەسەڵات، هەبوونی دوو دەسەڵاتە: دەسەڵاتی ناوەندیی یاخود فیدراڵ و دەسەڵاتی هەرێمەکان، هەریەکە لەم دەسەڵاتانەش لە دەستووری فیدراڵیدا دیاری کراون و فراوانی و بەرتەسکیی دەسەڵاتی هەر لایەکیشیان لە وڵاتێکی فیدراڵی بۆ وڵاتێکی فیدراڵیی تر دەگۆڕێت، بەڵام لەگەڵ ئەم ڕاستییەشدا هەندێک دەسەڵاتی بنەمایی هەن لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتی فیدراڵ بڕیاریان لێ دراوە و کاروباری دەرەکی و دیپلۆماسیی نموونەی یەکێک لەو دەسەڵاتانەیە. واتە لەم جۆرە دەوڵەتانەدا دەسەڵاتێکی ناوەندی هەیە و کاروبارەکانی دەوڵەت لە چەند بوارێکی دیاریکراو بەڵام گرنگدا بەڕێوە دەبات (وەکوو کاروباری دەرەکی و بەرگری و دارایی و فێرکردن)، هەروەها ئەم دەسەڵاتانە کە لە دەستووری فیدراڵیدا ڕوون کراوەتەوە، لە سەرتاسەری وڵاتدا بەبێ جیاوازی پیادە دەکات([2]).    ئەوەی لەم باسەدا سێرەی لەسەر دەگرین؛ پەیوەندیی دەرەکی و دیپلۆماسییە لە دەوڵەتی فیدراڵیدا، واتە ئەو پەیوەندییانەی کە زیاتر سروشتێکی سیاسییان هەیە. ئەم پەیوەندییانە لەلایەن دەوڵەتی فیدراڵەوە بەڕێوە دەبرێن([3]) و تەنها ئەویش سەرجەم ڕواڵەتەکانی سەروەریی دەرەکی پیادە دەکات([4]). دکتۆر عەلی سادق ئەبو هیف لە بارەی دەوڵەتی فیدراڵییەوە دەڵێت: لەم جۆرە دەوڵەتانەدا تەنها دەسەڵاتی فیدراڵی بە نوێنەرایەتیی سەرجەم هەرێمەکان ئەرکی کاروباری دەرەکی دەگرێتە ئەستۆ و نوێنەرە دیپلۆماسییەکان ڕەوانە دەکات و نوێنەرانی دەوڵەتانی تریش وەردەگرێت، پەیوەندیی نێودەوڵەتی لەگەڵ دەوڵەتە بیانییەکاندا دروست دەکات، پەیماننامە دەبەستێت و جاڕی جەنگ دەدات و ڕێککەوتن دەکات([5]). هەروەها لە دەوڵەتی فیدراڵیدا دەسەڵاتی نێودەوڵەتییانەی هەرێمەکان زۆر سنووردار کراوە، ئەمەش بە ئامانجی هێشتنەوەی بەرپرسیارێتیی سەرەکی لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەرەکیدا لەدەستی دەسەڵاتی فیدراڵیدا([6]).    لەژێر ڕۆشنایی ئەو ڕاستییانەی سەرەوەدا، دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە وا بەڕێوەبردنی پەیوەندیی دەرەکی و دیپلۆماسی ئەرکی دەسەڵاتە فیدراڵییەکانە و هەرێمەکان دەسەڵاتێکی زۆر سنوورداریان هەیە لەم بارەیەوە. ئەوەشی کە ئەم دەسەڵاتانە دیاری دەکات دەستووری فیدراڵییە، واتە دەستوور لە لایەکەوە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی پەیوەندیی دەرەکی و دیپلۆماسی دەدات بە دەسەڵاتە فیدراڵییەکان و لە لایەکی تریشەوە دەسەڵاتی هەرێمەکان سنووردار دەکات. هەروەها دەتوانین بڵێین ئەو دەسەڵاتانەش کە دەستوور بەگشتی وەک دەسەڵاتی تایبەتی فیدراڵی لە مەیدانی سیاسەتی دەرەکی و دیپلۆماسیدا دەیناسێنێت، بریتین لە([7]): ئیدارەدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ دەوڵەتە بیانییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا. دامەزراندنی فەرمانبەران لە بواری دیپلۆماسی و كونسڵیدا، هەروەها وەرگرتنی فەرمانبەری دەوڵەتانی بیانی لەو دوو بوارەدا. گرێدان و ڕاستاندن و جێبەجێکردنی پەیماننامە و ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی. دەستەبەری سەروەریی پەیماننامەکان بەسەر یاساکانی دەوڵەتی فیدراڵ و هەرێمەکاندا.    هەر چەندە ئەم دابەشکردنەی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی پەیوەندیی دەرەکی و دیپلۆماسی لە دەوڵەتی فیدراڵیدا لە دەستوورێکەوە بۆ دەستوورێکی تر و لە دەوڵەتێکەوە بۆ دەوڵەتێکی تر دەگۆڕێت و جیاوازە، لە هەندێک دەوڵەتی فیدراڵیدا هەرێمەکان دەسەڵاتێکی تا ڕادەیەک فراوانتریان هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بەڕێوەبردنی پەیوەندیی دەرەکی و دیپلۆماسی بەتەنها هەروەک تایبەتمەندیی دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵ دەمێنێتەوە و دەسەڵاتی هەرێمەکان زۆر سنووردارە، ئەمەش یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی دەوڵەتانی فیدراڵ.    ئەوەی باس کرا ڕەنگە بەس بێت بۆ ئەوەی چەقی باسەکەمان بگوازینەوە بۆ سەر یەکەم ئاڵنگاری کە ڕووبەڕووی دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە، ئەو ئاڵنگارییەش بنەماکانی دەستووری عێراقە وەک دەستووری وڵاتێکی فیدراڵ. بەپێی بنەمای دوو لانەیی دەسەڵات لە دەوڵەتی فیدراڵدا، لە عێراقیشدا دوو دەسەڵات بوونی هەیە: دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵ و دەسەڵاتی هەرێمەکان. وە لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان تاکە هەرێمی فیدراڵی ناو دەوڵەتی عێراقی فیدراڵە، کەواتە دەسەڵاتەکان لەنێوان حکومەتی فیدراڵ لە لایەک و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەکی تر دابەش کراوە.    دەستووری کۆماری عێراق لە بەندی چوارەمیدا و لە مادەکانی 109 بۆ 115، بوارەکانی دەسەڵاتی هەریەکە لە دەسەڵاتی فیدراڵی و دەسەڵاتی هەرێمەکانی دیاری کردووە و ئەم دەسەڵاتانەش سێ جۆرن([8]): ئەو دەسەڵاتانەی کە تەنها هیی حکومەتی فیدراڵییە (لە مادەی 109 بۆ 113). دەسەڵاتە هاوبەشەکان لەنێوان دەسەڵاتی فیدراڵی و دەسەڵاتی هەرێمەکاندا (مادەی 114). دەسەڵاتی هەرێمەکان و ئەو پارێزگایانەی لە چوارچێوەی هەرێمێکدا ڕێک نەخراون (مادەی 115).    مادەی 110ی دەستووری عێراقی فیدراڵ، دەسەڵاتەکانی داڕشتنی سیاسەتی دەرەکی و نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی، وتوێژ لە بارەی پەیماننامە و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، سیاسەتی قەرزکردن و واژۆکردن و بڕاندنەوەی، ڕەنگڕێژکردنی سیاسەتی ئابووری و بازرگانیی دەرەکی و سەروەریی تایبەت کردووە بە حکومەتی فیدراڵ و هەرێمەکان یان هیچ ڕۆڵێکیان نییە، یان ئەگەر هەشیانبێت پەراوێزی و بێبایەخە([9]). بەم پێیە دروستکردنی پەیوەندیی دەرەکی و دامەزراندنی پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتان و بکەرە نێودەوڵەتییەکانی تردا بەتەنها لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدایە و هەر هەوڵێکی هەرێمی کوردستان لەم بارەیەوە پشتیوانیی دەستووری نییە و بەئاسانی لەلایەن دەسەڵاتە فیدراڵەکانەوە ڕێگریی لێ دەکرێت.    لێرەدا پێویستە دوو سەرنج لەم بارەیە دەرببڕین: یەکەم: مەبەست لە پەیوەندیی دەرەکی؛ پەیوەندییە لە بواری سیاسی و دیپلۆماسیدا، چونکە لە چەند بوارێکی تردا، بەتایبەتی بواری فەرهەنگی و ئابووریی هەرێمی کوردستان پەراوێزێکی لڤین و جموجووڵی هەیە و دەتوانێت پەیوەندی دابمەزرێنێت. دووەم: ئەم ڕێگرییانە ڕێگریی یاسایین، بەڵام لە ڕووی واقیعەوە واتە بەپێی باری ئارا (de facto)، کایەی پەیوەندی و سیاسەتی نێودەوڵەتی بایی ئەوەندە دەرفەت دەڕەخسێنێت هەرێمی کوردستان بتوانێت لە سنوورێکدا، با بەرتەسکیش بێت، پەیوەندیی سیاسی و دیپلۆماسی دابمەزرێنێت و پەرە پێ بدات. ئاڵنگاریی دەرەکی (یاسای)    ئالنگاریی دووەم کە ڕووبەڕووی پەیوەندیی دەرەکی و دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە، وەک هەرێمێکی فیدراڵ، ئالنگارییەکی یاساییە. مەبەستمان لە ئاڵنگاریی یاساییش ئەو گرفت و ئاریشانەیە کە لەلایەن بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتیی گشتییەوە ڕووبەڕووی هەرێم دەبێتەوە، چونکە ئێمە باس لە پەیوەندیی نێودەوڵەتی و جوڵەی هەرێمی کوردستان-عێراق دەکەین لە بواری دیپلۆماسی و پەیوەندیی نێودەوڵەتیدا، ئەو کایەیەش کە کەسەکان دەستنیشان دەکات و بنەما یاساییەکانی ئەم پەیوەندییانە دادەڕێژێت، کایەی یاسای نێودەوڵەتیی گشتییە.    بەگوێرەی بنەما و ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتیی گشتی، هەموو بکەرێکی نێودەوڵەتی پێویستە کەسێتیی یاسایی هەبێت، تاکوو بتوانێت پەیوەندیی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای یاسا دروست بکات، واتە هەم مافی هەبێت، هەم ئەرک. بێگومان یەکێک لەو ئەرک و مافانەش دروستکردنی پەیوەندیی دیپلۆماسی و سیاسییە لەگەڵ بکەرە نێودەوڵەتییەکانی تردا. ئەمە پێویست دەکات لەسەرمان کە وا کەسێتیی یاسایی ببێتە تەوەری سەرەکیی ئەم باسە و بپرسین کەسێتیی یاسایی لە بواری نێودەوڵەتیدا چییە و ئەو پێوەرانە چین کە لە ڕێگەیەوە کەس (الشخص)ی نێودەوڵەتی دەناسینەوە؟ دواتریش ئایا هەرێمێکی فیدراڵ تا چەند دەکرێت خاوەنی کەسێتیی یاسایی (الشخصية القانونية) بێت و پەیوەندیی دیپلۆماسیی هەبێت؟ لەم پێناوەدا ئەم باسە بۆ دوو خواست دابەش دەکەین: لە خواستی یەکەمدا کەسێتیی یاسایی و پێوەرەکانی شەنوکەو دەکەین، خواستی دووەمیش تەرخان دەکەین بۆ کەسێتیی یاسایی هەرێمە فیدراڵییەکان. خواستی یەکەم: کەسێتیی یاسایی نێودەوڵەتی و پێوەرەکانی    مەبەست لە زاراوەی کەس لە نەزمێکی یاسایی دیاریکراودا، هەموو ئەوانەیە کە حوکمەکانی ئەو نەزمە یاساییە دەیاندوێنێت، تاکوو ڕاستەوخۆ پابەندییان بەسەردا بسەپێنێت یان مافگەلێکیان پێ ببەخشێت. بە دەربڕێنێکی تر: کەسانی هەر نەزمێکی یاسایی (ناوخۆیی یان نێودەوڵەتی) ئەوانەن کە ماف و ئەرکەکانیان بەپێی حوکمەکانی ئەو نەزمە یاساییە ڕێک خراوە([10]).    چەند یاساناسێک وەک ئەنزیلۆتی (Anzilotti)، گوگنهایم (Guggenheim)، هانز کێلسن (H. Kelsen)، شوارزنبێرگەر (Schwarzenberger) و براونلی (Brownlie)؛ بەم شێوەیە پێناسەی کەسێتیی یاسایی نێودەوڵەتییان کردووە: “توانای هەڵگرتنی ماف و ئەرکەکانە، لەسایەی یاسای نێودەوڵەتیدا([11])“.    یاسای نێودەوڵەتیی گشتییش وەک هەر نەزمێکی تری یاسایی، ئەو کەسانەی دیاری کردووە کە کەسی یاسایی نێودەوڵەتین و خاوەنی کەسێتیی نێودەوڵەتین. خەسڵەتەکانی ئەم کەسێتییەش بە شێوەیەکی گشتی بە دوو ڕێگە دیاری دەکرێن([12]): توانای گوزارشتکردنی لە ویستی تایبەتیی خۆی هەبێت لە مەیدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. توانای پیادەکردنی هەندێک ماف یان دەسەڵات (الاختصاصات)ی نێودەوڵەتیی هەبێت، بەپێی حوکمەکانی یاسای نێودەوڵەتیی گشتی.    سەبارەت بە دەستنیشانکردنی کەسی یاسایی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، چەند پێوەرێک هەن کە بە هۆیانەوە کەسێتیی یاسایی دەستنیشان دەکرێت و دەناسرێتەوە. بیروبۆچوون و ڕای یاساناسە نێودەوڵەتییەکان لە بارەی ئەم پێوەرانەی کەسێتیی یاساییەوە جیاوازە و هەر یەکێکیان پێوەرێک دەکاتە بنەمای دەستنیشانکردنی کەسێتیی یاسایی. لەم ڕووەوە دەکرێت بڵێین سێ بابەت هەن کە وەک پێوەری سەرەکیی دیاریکردنی کەسێتیی یاسایی نێودەوڵەتی ئاماژەیان پێ دەدرێت، ئەوانیش: سەروەری (السيادة) و دانپێدانان (الإعتراف) و دواندن (المخاطبة)ن([13]): سەروەری    هەندێک لە یاساناسان پێیان وایە تەنها ئەو قەوارانە دەتوانن خاوەنی کەسێتیی نێودەوڵەتی بن کە خاوەن سەروەرین، بەم پێیەش لەبەر ئەوەی تەنها دەوڵەتان خاوەنی سەروەرین، کەواتە تەنها دەوڵەتانیش دەتوانن خاوەنی کەسێتیی نێودەوڵەتی بن. لەسەر ئەم بنەمایە، ئەم یاساناسانە پێیان وایە تەنانەت ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش خاوەنی کەسێتیی یاسایی نێودەوڵەتی نین، چونکە پێدانی کەسێتیی یاسایی واتای وایە ئەم ڕێکخراوانە خاوەنی سەروەرین، ئەمەش پێدانی سەروەرییە کە ئەم ڕێکخراوانە لە ڕووی یاسایی و لە واقیعدا نییانە. هەروەها ئەوەش سەربار دەکەن کە وا پێوەری سەروەریی پێویست دەکات بکەرەکە خاوەنی ڕەگەز (العنصر)ی گەل و هەرێمیش بێت، چونکە سەروەری بەبێ بوونی گەل و هەرێم بەدی نایەت.    ئەوەی شایانی ئاماژەپێدانە هەندێک لە یاساناسان ئەم پێوەرە (پێوەری سەرەوەری) دەکەن بە هەنجەتی بێبەشکردنی هەرێمە فیدراڵەکان لە کەسێتیی یاسایی نێودەوڵەتی، بەو بیانووەی کە تەنها دەسەڵاتی فیدراڵ خاوەنی سەرەوەرییە و سەروەریی هەرێمەکان لەناو سەروەریی دەوڵەتی فیدراڵدا دەتوێتەوە. بەم پێیە و بە پشتبەستن بە بۆچوونی ئەم یاساناسانە، هەرێمی کوردستان لەبەر ئەوەی سەربەخۆ نییە و قەوارەیەکی خاوەن سەروەریی نییە، کەواتە کەسێتیی یاسایی نێودەوڵەتییشی نییە و ناتوانێت خاوەنی پەیوەندیی سیاسی و دیپلۆماسیی سەربەخۆی خۆی بێت.    لە بەرانبەردا هەندێک لە یاساناسانی تر، هەر پاڵپشت بە پێوەری سەروەریی، هەرێمەکان دەکەن بە خاوەنی کەسێتیی یاسایی نێودەوڵەتی. ئەمەش بە هەنجەتی شیاویی دابەشبوونی سەروەری لەنێوان هەرێمەکان و دەوڵەتی فیدراڵدا، واتە سەروەرییش وەک هەر دەسەڵاتێکی تر دەکرێت دابەش بکرێت لەنێوان دەوڵەتی فیدراڵ و هەرێمەکاندا و هەرێمەکانیش دەتوانن ببنە خاوەنی بەشێک لە سەروەری. پاڵپشت بەم بۆچوونە، دەکرێت بڵێین هەرێمی کوردستان دەتوانێت ببێتە خاوەنی کەسێتیی یاسایی، بەڵام لە لایەکەوە دەبێت بەگوێرەی دەستوور و ڕێککەوتن بێت لەگەڵ دەسەڵاتی فیدراڵیدا، لە لایەکی تریشەوە کەسێتییەکە سنووردارە، چونکە لەم بارەدا هەرێم دەبێتە خاوەنی بەشێک لە سەروەری، نەک سەروەریی ڕەها. دانپێدانان    هەندێک لە یاساناسان بەرگری لە پێوەری دانپێدانان دەکەن و پێیان وایە تەنها دانپێدانان دەتوانێت کەسێتیی نێودەوڵەتی دروست بکات. دانپێدانان بوونی یاسایی بە قەوارەکان دەبەخشێت و دەیانکات بە کەسی یاسایی نێودەوڵەتی، واتە دانپێدانان ڕۆڵی دروستکەری کەسێتیی نێودەوڵەتی دەبینێت و بەبێ دانپێدانان دەوڵەت تەنها بوونێکی ئاسایی هەیە([14]).    ئەگەر لە ڕوانگەی ئەم بۆچوونەوە لە کەسێتیی یاسایی هەرێمی کوردستان بڕوانین، بۆمان دەردەکەوێت کە وا هەرێم وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ دانی پێدا نەنراوە، کەواتە خاوەنی کەسێتیی یاسایی نییە. بەڵام دەکرێت بڵێین ئەم دانپێدانەنانە ڕەها نییە، چونکە بەپێی دەستووری عێراقی فیدراڵ، هەرێم لە چەند بوارێکدا دەتوانێت چالاکیی دەرەکی و پەیوەندیی هەبێت، بۆیە لە چوارچێوەی ئەم دەسەڵاتە دەستوورییانەدا هەرێم پشتیوانیی یاسایی هەیە و هێندەی ئەم دەسەڵاتانەش خاوەنی دانپێدانانە، بەپێی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی. واتە دەکرێت لە سنووری دەسەڵاتی پێدراو بە هەرێم، بەپێی دەستووری عێراقی فیدراڵ بچێتە ناو پەیوەندییە یاساییەکانەوە و ئەرک و مافی هەبێت، لێرەدا دەستووری عێراق دەبێتە سەرچاوەی دانپێدانانی هەرێم و بەدەستهێنانی کەسێتیی یاسایی نێودەوڵەتی، بەڵام دەبێت ئەوە بڵێین کە وا ئەم کەسێتییە لەلایەن دەستووری عێراقەوە سنووری بۆ دانراوە و چوارچێوەبەند کراوە. دواندن    لایەنگرانی پێوەری دواندن پێیان وایە ئەم پێوەرە زیاتر لەگەڵ واقیعدا دەگونجێت، چونکە ناتوانرێت وێنای نەزمێکی یاسای بکرێت کە ڕێساکانی ڕاستەوخۆ و یەکە یەک بدوێنێت و ئەرکی بەسەردا بسەپێنێت و مافی بۆ دەستەبەر بکات، دواتریش بگوترێت ئەو یەکە خاوەنی کەسێتیی نێودەوڵەتی نییە. واتە دواندنی کەسێک (لێرەدا مەبەستمان لە کەسە لە یاسای نێودەوڵەتیدا) لەلایەن ڕێسا و بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتییەوە بەسە بۆ ئەوەی ئەو کەسە ببێتە خاوەنی کەسێتیی نێودەوڵەتی و ئەرک و مافی هەبێت لە کایەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا.    بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتیی کلاسیک تەنها دەوڵەتان دەدوێنن و تەنها دەوڵەت وەک خاوەنی کەسێتیی یاسای نێودەوڵەتی دەناسێنن، بەڵام لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکاری و پێشهاتانەی کە ڕوویان داوە، لە ئێستادا سنووری ئەو کەسانەی یاسای نێودەوڵەتی دەیاندوێنێت فراوان بووە و بکەرە نادەوڵەتەکانیش (Non State Actors) وەک کەسی یاسایی دەناسێنرێن، بەڵام ئەم ناساندنە سنووردارە و بەروارد بە کەسێتیی یاساییانەی دەوڵەت بەرتەسکترە. کەواتە دەتوانین بڵێین لە سنوورێکدا هەرێمی کوردستانیش لەلایەن ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتییەوە دەدوێنرێت و هێندەی ئەو دواندنە خاوەنی کەسێتیی یاساییە.    لەژێر ڕۆشنایی ئەو ڕاستییانەی سەرەوەدا کە لە بارەی کەسێتیی یاسای و پێوەرەکانیەوە خستمانە ڕوو، دەکرێت بڵێین: قەوارەیەک بۆ ئەوەی لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی بوونی هەبێت و خاوەنی ماف و لە هەمان کاتدا ئەرکیش بێت، پێویستە کەسێتیی یاسایی نێودەوڵەتیی هەبێت. واتە قەوارەیەک ئەگەر کەسێتیی یاسایی نەبێت، ناتوانێت بەپێی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی پەیوەندیی دیپلۆماسی دابمەزرێنێت و ڕووبەڕووی ئالنگاری دەبێتەوە. لێرەدا ڕەوایە بپرسین: ئایا لە دەوڵەتی فیدراڵدا کە کەسایەتیی نێودەوڵەتییانەی هەرێمەکان لەناو کەسێتیی دەوڵەتە فیدراڵەکەدا دەتوێتەوە، تا چەند ئەم هەرێمانە (وەک پێشتر گوتمان هەرێمی کوردستانیش هەرێمێکی ناو دەوڵەتێکی فیدراڵە) دەرفەتی بەستنی پەیوەندیی دیپلۆماسییان لە بەردەمدایە؟ ئەم بابەتە دەبێتە مژاری خواستی دووەمی ئەم باسە. خواستی دووەم: هەرێمە فیدراڵەکان و کەسێتیی یاسایی نێودەوڵەتی    دروستکردنی پەیوەندیی دەرەکی و کاری دیپلۆماسی؛ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە کەسێتیی نێودەوڵەتیی هەریەکە لە دەوڵەتی فیدراڵ و هەرێمە فیدراڵییەکانەوە هەیە، چونکە لە دەوڵەتی فیدراڵیدا کەسێتیی نێودەوڵەتییانەی هەرێمە پێکهێنەرەکانی دەوڵەت لە کەسێتیی دەوڵەتی فیدراڵدا دەتوێتەوە و تەنها دەوڵەتی فیدراڵی خاوەنی کەسێتیی نێودەوڵەتییە. هەر چەندە لە هەندێک دەوڵەتی فیدراڵدا هەرێمەکان تا ڕادەیەک خاوەنی دەسەڵاتن لە بواری کاروباری دەرەکی و بەستنی پەیوەندیدا، بەڵام ئەمە هەرێمەکان ناکاتە خاوەنی کەسێتیی نێودەوڵەتی.    لە لایەکی ترەوە یەکێک لە لێکەوتە گرنگەکانی دروستبوونی دەوڵەتی فیدراڵی، نەمانی کەسێتیی نێودەوڵەتییانەی هەرێمەکانە و دەرکەوتنی دەوڵەتی فیدراڵە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەک یەکەیەکی یەکگرتوو و ناوەندی (المركزي). دەوڵەتی فیدراڵی بەتەنها خۆی خاوەنی کەسایەتیی نێودەوڵەتییە و سەروکاریی هەرێمەکان دەکات لەم ڕووەوە([15])، ئەمەش یەکێکە لە بنەما گرنگەکانی دروستبوونی دەوڵەتی فیدراڵی، چونکە ئەگەر هەرێمە پێکهێنەرەکانی دەوڵەتی فیدراڵییش خاوەنی کەسێتیی یاسایی و سەربەخۆی نێودەوڵەتی بن، ئەوا ئێمە لەبەردەم دەوڵەتێکی فیدراڵیدا نیین، بەڵکوو لەبەردەم چەند دەوڵەتێکی سەربەخۆداین، یاخود لانی کەم لەبەردەم دەوڵەتێکی کۆنفیدراڵیداین. لێرەدا بەو ڕاستییە دەگەین کە وا نەبوونی کەسێتیی نێودەوڵەتی، رێگرییەکی گەورەی بەردەم هەرێمە فیدراڵەکانە لە دروستکردنی پەیوەندیی دیپلۆماسیدا، چونکە دەوڵەت، نەک بەشێک لە دەوڵەت، خاوەنی کەسێتیی یاسایی نێودەوڵەتییە و بەبێ بوونی کەسێتیی یاساییش هەرێمەکان ناتوانن بچنە ناو هیچ پەیوەندییەکی یاساییەوە لەگەڵ بکەرە نێودەوڵەتییەکانی تردا.    ئەوەی لە کۆتایی ئەم خواستەدا پێویستە ئاماژەی پێ بدەین ئەوەیە کە وا نەبوونی کەسێتیی نێودەوڵەتییانەی هەرێمە فیدراڵییەکان بەو واتایە نایەت کە ئەم هەرێمانە ناتوانن بە هیچ جۆرێک پەیوەندیی دەرەکییان هەبێت و لەم ڕووەوە کۆتوبەند کراون، بەڵکوو لە هەندێک بواردا ئەم هەرێمانە دەتوانن پەیوەندییان لەگەڵ دەرەوەدا هەبێت، بەتایبەتی لە بواری ئابووری و فەرهەنگیدا یان لە بواری کردنەوەی نووسینگەی نوێنەرایەتی لە وڵاتانی تردا، بەتایبەتی ئەگەر لە دەستووری وڵاتە فیدراڵەکەدا ڕێگەیان پێ درابێت. هەروەها لە هەندێک باریشدا بارودۆخی نێودەوڵەتی ڕێگە بەم هەرێمانە دەدات پەیوەندیی دەرەکی و دیپلۆماسییان هەبێت بەپێی باری ئارا (de facto)، نەک بەپێی یاسا (de jure). واتە زۆر جار ئەم هەرێمانە وەک دیفاکتۆیەک دەبن بە خاوەنی پەیوەندیی دیپلۆماسی و لەگەڵ وڵاتانی تر و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا مامەڵە دەکەن و پەیوەندی دەگرن. ئەنجام  لە کۆتایی ئەم پەڕەباسەدا سەبارەت بە دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان-عێراق و ئالنگارییە یاساییەکانی، بە چەند دەرەنجامێک دەگەین و لە خوارەوە بەوردی دەیانخەینە ڕوو: یەک: سەرەڕای ئەوەی کە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی فیدراڵە لەناو دەوڵەتی عێراقی فیدراڵدا و دەسەڵاتەکانی بەپێی دەستووری عێراقی فیدراڵ کۆتوبەند کراوە لە بواری پەیوەندیی دەرەکی و دیپلۆماسیدا، بەڵام هەرێم بە حوکمی باری ئارا (de facto) لە سنوورێکدا خاوەنی پەیوەندی و بەرخوردە لەگەڵ وڵاتانی تر و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا. ئەمەش شانی لەسەر دوو هۆکاری سەرەکی داداوە، کە وایان کردووە هەرێمی کوردستان خاوەنی پەیوەندیی دەرەکی بێت، ئەوانیش: بوونی دەسەڵاتێکی دیفاکتۆیە لە هەرێم کە وا پێویست دەکات خاوەنی پەیوەندی بێت و مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، هەروەها مێژووی درێژی پەیوەندییەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان لەگەڵ دەرەوەدا زەمینەیەکی لەباری بۆ پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕەخساندووە. دوو: هەر چەندە هەرێمی کوردستان خاوەنی کەسێتیی یاسایی سەربەخۆ نییە و قەوارەیەکی خاوەن سەرەوەریی نییە و لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە وەک بکەرێکی سەربەخۆی دانپێدانراو ناناسرێت، بەڵام دەکرێت وەک قەوارەیەک یاخود وەک بکەرێکی نادەوڵەت (Non State Actor) باس لە پەیوەندیی دەرەکی و دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان-عێراق بکرێت و ئەو ئەدەبیاتەی لەم بارەیەوە هەیە، خزمەت بەم جۆرە باسانە دەکات و کۆمەککارێکی باش دەبێت. سێ: ئەو پەیوەندی و مامەڵانەی کە وا هەرێمی کوردستان دوور لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵ ئەنجامی دەدات، دەکرێت وەک دیپلۆماسیی تەریب (Para diplomacy) ناوزەد بکرێت و شانبەشانی دیپلۆماسیی فەرمی و دەوڵەتی بڕوات. چوار: هۆکارێک کە وا دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ئالنگاری دەکاتەوە، نەبوونی پشتیوانێکی یاسایی تۆکمەیە بۆ ئەم پەیوەندییانە، چونکە ئەم پەیوەندییانە ناچنە ناو جوغزی بنەما و ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتیی گشتی و پشتیوانییە دەستوورییەکانیشی لاوازە، ئەمەش پەیوەندییەکان دەکات بە پەیوەندیی کاتی و تێپەڕ و هەموو ساتێک ئەگەری کۆتاییپێهێنانی هەیە.   سەرچاوەكان:   ([1]) منذر الشاوي، القانون الدستوري – الجزء الأول (القاهرة: العاتك لصناعة الكتاب، 2007)، ص251. ([2]) شيرزاد أحمد أمين النجار، “مركز اقليم كوردستان-العراق في السياسة العالمية: حالة عدم اليقين؟”، مجلة قضايا سياسية، العدد35-36 (بغداد: جامعة النهرين – كلية العلوم السياسية، 2014)، ص113. ([3]) عصام العطية، القانون الدولي العام (القاهرة: العاتك لصناعة الكتاب، 2010)، ص409. ([4]) سامي جمال الدين، النظم السياسية (الإسكندرية: دار الجامعة الجديدة، 2010)، ص124. ([5]) على صادق أبوهيف، القانون الدولي العام (الأسكندرية، منشأة المعارف، سنة الطبع بلا)، ص111. ([6]) هيلين تورار، تدويل الدساتير الوطنية، ت: باسيل يوسف (بغداد: بيت الحكمة، 2004)، ص157. ([7]) روبرت بوي وكارل فريدريك (محرران)، دراسات في الدولة الإتحادية، ت: وليد الخالدي وبرهان دجاني (بيروت- نيويورك: الدار الشرقية للطباعة والنشر ومؤسسة فرانكلين للطباعة والنشر، 1966)، ص ص413-414. ([8]) شيرزاد أحمد أمين النجار، مصدر سبق ذكره، ص ص114-115. ([9]) لە بەندی چوارەم، مادەی (110/یەکەم)ی دەستووری کۆماری عێراق/ساڵی 2005دا هاتووە: “ئەم دەسەڵاتانەی خوارەوە تایبەتن بە حکومەتی فیدراڵییەوە: یەکەم: ڕەنگڕێژکردنی سیاسەتی دەرەوە و نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی و ئەنجامدانی دانووستان لەسەر پەیماننامە و ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتی قەرزکردن و واژۆکردن لە سەریان و یەکلاکردنەوە و ڕەنگڕێژکردنی سیاسەتە ئابووری و بازرگانییە دەرەکییە سەروەرییەکان.” ([10]) عصام العطية، مصدر سبق ذكره، ص291. ([11]) نقلاً عن: الحاكم عبدالرحمن سليمان الزيباري، الوضع القانوني لأقليم كوردستان العراق: في ظل قواعد القانون الدولي العام (اربيل: مؤسسة موكرياني للطباعة والنشر، 2002)، ص ص537-538. ([12]) عصام العطية، مصدر سبق ذكره، ص291. ([13]) الحاكم عبدالرحمن سليمان الزيباري، مصدر سبق ذكره، ص539. ([14]) عصام العطية، مصدر سبق ذكره، ص453. ([15]) محمد هماوندي، الفيدرالية والحكم الذاتي واللامركزية الإدارية الإقليمية (أربيل: مؤسسة موكرياني للطباعة والنشر، 2001)، ص ص197-198.


 راپۆرت: درەو حكومەت پەیڕەوێكی بۆ رێكخستنەوەی بواری پاسەوانی رەوانەی وەزارەتی ناوخۆ كردووە، بەپێی پەیڕەوەكە بەرپرسانی حكومی‌و پەرلەمانتاران دوای خانەنشینبونیان تەنیا بۆ ماوەی یەك ساڵ پاسەوانیان پێدەدرێت، وەزیر لەكاتی خزمەتدا (10) پاسەوانی دەبێت، پەرلەمانتار (3) پاسەوان، پارێزگار (8) پاسەوان، دادوەر (2) پاسەوان، ئەو كەسانەی پاسەوانی بەرپرسان دەكەن، نابێت چیتر كاری باخداریی‌و ئشوكاری ماڵەوە بۆ بەرپرسەكانیان بكەن، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا بخوێنەرەوە.  چاكسازی لە بواری پاسەوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پەیڕەوێكی بۆ رێكخستنی بواری "پاسەوانی" ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ كردووە، ئەم پەیڕەوە بە پشتبەستن بە یاسای چاكسازی ئامادەكراوە، واتە بۆ رێكخستنەوەی ئەم بوارە، حكومەت دەسەڵاتی لە پەرلەمانەوە وەرگرتووە.  بواری پاسەوانیی، كە پاسەوانی (بەرپرسان، بارەگا فەرمی و حزبییەكان، بارەگای نوێنەرایەتی وڵاتانی دەرەوە) دەگرێتەوە، یەكێكە لەو بوارانەی كە لە هەرێمی كوردستان گومانی گەندەڵی گەورە لەسەرە، بەتایبەتی پاسەوانی بەرپرسان.  پاسەوان لە هەرێمی كوردستان تائێستا ئاماری فەرمی لەبارەی ژمارەی پاسەوان لە هەرێمی كوردستان لەبەردەستدا نییە، بەڵام ئامارە نافەرمییەكان ئاماژە بەوە دەكەن تاوەكو ساڵی 2012 ژمارەی ژمارەی پاسەوان لە هەرێمی كوردستان نزیكەی (63 هەزار) كەس بووە، بەڵام ئێستا باسلەوە دەكرێت ژمارەكە بۆ نزیكەی (100 هەزار) كەس زیادی كردووە.  ئێستا تێكڕای دانیشتوانی هەرێمی كوردستان نزیكەی (6 ملیۆن) كەسە، ئەگەر (100 هەزار) كەس كاری پاسەوانی بكەن، ئەمە بەواتای ئەوەدێت لەكۆی هەر (100) كەسێك، نزیكەی (2) كەسیان پاسەوانی بەرپرس یاخود بارەگا حزبی‌و حكومییەكانن.  بەشێك لە پاسەوانان لە هەرێمی كوردستان، لەلایەن بەرپرسانەوە بۆ كاری تایبەتی بەكاردەهێنرێن، ئەمە وایكرد رۆژی 13ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2019 ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لە نوسراوێكدا فەرمان بە وەزارەتی ناوخۆ بدات بەدواداچوون بكات بۆ دیاردەی "بەكارهێنانی پاسەوانان بۆ كاری باخداریی‌و خزمەتكردنی ماڵ‌و خێزان‌و منداڵی بەرپرسان". لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی ئەو ناڕەزایەتییە زۆرانەی لەبارەی كاری پاسەوانییەوە هەبووە، چەندینجار هەوڵدراوە ئەم بوارە رێكبخرێتەوە، بەڵام هەموو هەوڵەكان بێئاكام بوون. ساڵی 2011 كە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم بوو، لیژنەیەك بۆ چاكسازی پێكهێنرا، یەكێك لە بڕیارەكانی ئەم لیژنەیە كەمكردنەوەی ژمارەی پاسەوانی بەرپرسان بوو، ئەم هەوڵەش بێئاكام بوو لە رێكخستنەوەی تەواوەتی بواری پاسەوانیی.  لەكابینەی پێشووی حكومەتدا كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد،  بەدیاریكراوی لە ساڵی 2015دا لیژنەیەكی هاوبەش لە فەرماندەیی زێرەڤانی‌و وەزارەتی ناوخۆ پێكهێنرا بۆ رێكخستنەوە‌و كەمكردنەوەی ژمارەی پاسەوانی بەرپرسان، بەڵام ئەم هەوڵە نەیتوانی بەتەواوەتی بواری پاسەوانی رێكبخاتەوە.  لەدوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، هەوڵێكی تر درا بۆ رێكخستنەوەی بواری پاسەوانی، بەڵام هەوڵەكە تەنیا وەزارەتی پێشمەرگەی گرتەوە‌و شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە بە فەرمانێك ژمارەی پاسەوانی بەرپرسانی سەربازیی بەمشێوەیە رێكخستنەوە: •    فەرماندەی لیوا: (6) پێشمەرگە وەك پاسەوان‌و شۆفێر •    مقدم لیوا: (4) پێشمەرگە وەك پاسەوان‌و شۆفێر •    فەرماندەی فەوج: (4) پێشمەرگە وەك پاسەوان‌و شۆفێر •    جێگری فەرماندەی فەوج: (2) پێشمەرگە وەك پاسەوان‌و شۆفێر •    هەیئەی لیوا: (2) پێشمەرگە وەك پاسەوان‌و شۆفێر ئەوە پەیڕەوەی ئێستا ئەنجومەنی وەزیران رەوانەی وەزارەتی ناوخۆی كردووە بۆ رێكخستنەوەی بواری پاسەوانیی، دواین هەوڵە‌و لەچوارچێوەی یاسای چاكسازیدایە‌و گشتگیرترە. پاسەوانیی چۆن رێكدەخرێتەوە ؟  بەگوێرەی ئەو پەیڕەوەی كە حكومەت ئامادەی كردووە‌و كۆپییەكی دەست (درەو) كەوتووە، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ دوای وەرگرتنی رەزامەندی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت پاسەوانی "حزب‌و لایەنە سیاسییەكان‌و بەرپرسان" دادەنێت‌و رێكی دەخاتەوە. پەیڕەوەكە، بەشێوەیەكی گشتی بەچەند بڕگەیەك كاری پاسەوانی بەمشێوەیە رێكخستوەتەوە:  •    ئەو بەرپرسانەی كە بەهۆی پلەی حزبی‌و حكومی، دووجار پاسەوانیان بۆ دابینكراوە، دەبێت تەنها پاسەوانەكانی پۆستی حكومییان لا بمێنێت. •    نابێت بەرپرسی دامودەزگا فەرمی‌و حزبییەكان كە پاسەوانیان بۆ دابین كراوە، نابێت لە دەرەوەی ئەو ئەركەی بە پاسەوان سپێردراوە، كاری دیكە بە پاسەوان بكەن تەنانەت ئەگەر بە رەزامەندی خودی پاسەوانەكەش بێت. •    ئەگەر سەلمێندرا پاسەوان لە دەرەوەی ئەو كارەی بۆ دانراوە، كاری دیكەی پێكراوە، رێكاری یاسایی بەرامبەر سەرۆكی ئەو فەرمانگە یان بارەگایە دەگیرێتەبەر. •    بەبێ رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ، نابێت پاسەوان جگە لەو كارەی كە پێی سپێردراوە هیچ كارێكی تر بكات. •    نابێت پاسەوان لەسەر میلاكی كەرتی گشتی بۆ دامەزراوە‌و پرۆژەكانی كەرتی تایبەت دابنرێت، هەر پاسەوانێك كە بۆ ئەم جۆرە پرۆژانە دانراوە، دەبێت لاببرێت‌و ئەركێكی نوێی پێ بسپێردرێت. بەڕێوەبەرایەتییەكی نوێ دروست دەكرێت كرۆكی پەیڕەوەكەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ رێكخستنەوەی بواری پاسەوانی، بریتییە لە دروستكردنی بەڕێوەبەرایەتییەك لە وەزارەتی ناوخۆ بەناوی "بەڕێوەبەرایەتی كاروباری پاسەوانی"، ئەم بەڕێوەبەرایەتییە راستەوخۆ پەیوەست دەكرێت بە وەزیری ناوخۆوە، ئەفسەرێك كە پلەكەی لە (عقید) كەمتر نەبێت ئەم بەڕێوەبەرایەتییە بەڕێوەدەبات‌و ئەفسەرێك كە پلەكەی لە (مقدم) كەمتر نەبێت یاریدەدەری دەبێت. بەگوێرەی پەیڕەوەكە، ئەم بەڕێوەبەرایەتی‌و یەكانە، هەڵدەوەشێنەوە‌و دەخرێنە سەر بەڕێوەبەرایەتییە نوێیەكەی وەزارەتی ناوخۆ: •    سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی پاسەوانی لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس •    یەكەی پاسەوانی كونسوڵگەرییەكان‌و وەزارەتەكان‌و لایەنەكانی نەبەستراو بە وەزارەت لە فەرماندەیی زێرەڤانی •    بەڕێوەبەرایەتی‌و یەكەكانی پاسەوانی لە وەزارەتی پێشمەرگە •    پاسەوانەكانی یەكەكانی (70)‌و (80)ی یەكێتی‌و پارتی •    هەر یەكەیەكی سەربازی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە یان ناوخۆ هەڵدەوەشێتەوە‌و گشت پاسەوانەكانی دەگوازرێتەوە بۆسەر بەڕێوەبەرایەتی كاروباری پاسەوانی •    بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پاسەوانییەكان لە فەرماندەیی بەرگریی‌و فریاكەوتن "بەڕێوەبەرایەتی كاروباری پاسەوانی" دوای دروستكردنی، لەم بەشانە پێكدێت:  •    بەشی پاسەوانی بەرپرسان •    بەشی پاسەوانی دامودەزگا فەرمییەكان •    بەشی پاسەوانی كونسوڵگەرییەكان •    بەشی پاسەوانی بارەگا حزبییەكان •    بەشی كاروباری یاسایی •    بەشی هەماهەنگی‌و بەدواداچوون •    بەشی كارگێڕی •    بەشی ژمێریاری •    بەشی میرەو ئالیات •    بەشی وردبینی •    بەشی بەڕێوەبەری جۆری پێناسەی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە نوێیە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەڕێوەبردنی جۆری لە وەزارەتی ناوخۆ بەپێی ستاندەری نێودەوڵەتی (ISO 9001:2015) دەستنیشان دەكرێت.  پاسەوانی بەرپرسان بەپێی پەیڕەوەكە بەگوێرەی ئەو پەیڕەوەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ وەزارەتی ناوخۆی ناردووە، ژمارەی پاسەوانی بەرپرسانی حكومی لەوكاتەی كە لە خزمەتدان‌و دوای خانەنشینی بەمشێوەیە دەبێت:  پەیڕەوەكە، ژمارەی پاسەوانی بەرپرسە سەربازییەكانی لەكاتی خزمەت‌و دوای خانەنشینبوون، بەمشێوەیە دیاریكراوە. پەیڕەوەكە باسی لە ژمارەی پاسەوانی سێ سەرۆكایەتییەكە (سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی حكومەت) نەكردووە.  


  شێروان  برایم  خواز ئاو بە ڕەگەزێكی پڕبایەخ دادەنرێت بۆ بەردەوامی ژیان، گرنگیەكەی ڕۆژ لەدوای ڕۆژزیاد دەکات  لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و پێشكەوتنی  بوارەکانی شارستانی و ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتی. وە زۆربەی شارەزایان وادەڕوانن کە جیهان  بەگشتی و خۆرهەڵاتی ناوەرەاست بەتایبەتی  ڕووبەروی گەورەترین کێشەی کەمی ئاو دەبێتەوە ویەكێكە لەسەرچاوەكانی ململانێ‌ و هەڵگیرسانی جەنگ بەتایبەت ئەووڵاتانەی دواکەوتون و هیچ پلانێکیان نیە  بۆ چۆنیەتی گلدانەوەی ئاو.      دەبێتە مایەی هەڵكشانی كێبڕكێ‌ و ململانێ لە دۆخی تێکچونی  بەرژەوەندیەكانیان لە نێوان دەوڵاتاندا ،وە بەكارهێنانی ڕووبار لە بەشەكانی سەرەوەی و دەسبەسەراگرتنی ڕێڕەوی ئاوی و كۆنترۆڵكردنی هەمیشەی لەژێردەستی ئەو دەوڵەتانە دایە كەلەبەشی سەرەوەی ڕووبارەكەن بۆیە هەلومەرجی لەم شێوەیە پێویستی ڕێکخستن هەیە  بەپێ ی یاسا نێودەوڵەتیەکان.. سنووری عێراق لەبەشی  خۆرهەڵاتی (1300) كم سنوریەتی لە گەڵ ئێران ئەم ڕێژەیەش بەشێکی هەرە زۆری دەکەوێتە سنوری هەرێمی کوردستان لە بەشی خۆرهەڵاتی سنوری هەرێمی کوردستان ،ئەم سنوورە ش بە درێژترین سنوری  عێراق دادەنرێت لەگەڵ  وڵاتە درواسێکانی  وە ئاڵۆزترین  سنووریشە لە ناوچەکەدا كە وشكانی تێدا %94 وە لە %6 ئاو پێك دەهێنێت.   بە درێژایی سنووری نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان(27 ) رووباری هاوبەش هەیە كە لە ئێرانەوە هەڵدەقوڵێن کەگرینگتینیان ڕووباری زێی بچووك و رووباری سیروانە  کە بەنداوی دوکان و دەربەندیخانیان لەسەر دروستکراوە ، وەرووباری ئەڵوەند یەکێکە لە رووبارە کێشەلەسەرەکان  سەرهەڵدانی ئەم كێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی  1905بەهۆی گەڕانەوەی گۆمی سوماڵ لەسەر سنور بۆ ئێران لەبەرامبەر هەریەكە لەناوچەی (هۆرین)و (قۆرەتوو)بۆ عێراق, تالەسەردەمی شا(محەمەد ڕەزای پەهلەوی) لەساڵی 1960 گەیشتە ڕێژەی وشك بوون بەهۆكاری سیاسی.پاشان دوای شەش مانگ جارێكی تر ئاوەكە بەردرایەوە. سەرەتای ناکۆکیەکان لە نێوان هەردوو ووڵات دەستی  پێكردووە دوای ئەوەی بەربەستی (خەسرەوی)لە دیوی ئێران دروست كرا, كەزۆربەی هەرەزۆری ئاوی ئەڵوەنی گلدایەوە لەخاكی ئێران . رووبارەكانیش بەپێ ی شوێنی جوگرافیان  بەسەر سنووری هەرێمی كوردستان و ئێران دابەشبوون بەم شێوەیە: لە ناوچەی سلێمانی ( چۆمەكانی بەناوە سووتە، بانە، قزلجە،  كەوڵە، زێی بچووك، چەمی بیارە و بەشێکی زۆر لە رووبارەکانی سنوری قەزای پشدەر و ماوەت . وە ناوچەی گەرمیان ( رووباری سیروان، چەمی زەمكان، عەباسان، قۆرە توو، ئەڵوەن، ئابی نەفت، كەنگیر، ترساق، گەنجان چەم، جان كولان. ئێران بە مەبەستی فشاری سیاسی و ئابوری هەستاوە بە درووست كردنی چەندین بەنداو لەسەر ئەم  رووبارانەوە جگە لەوە ئێران  هەوڵدەدات ڕێرەوی ئەم روبارە نە بگۆڕێت ، ئەوەش دەبێتە مایەی گۆڕینی ڕێڕەوی سروشتی ئەو ڕووبارانە هەروەها كاریگەریەكی خراپ دەكاتە سەر هەرێم وعیراق دەبێتە مایەی دابڕانی ئاودێری لە ڕووبارەكان كەمبوونەوەی بڕەكانی كە دەگاتە هەرێمی كوردستان دواتریش دەبێتە هۆی لەناوچوونی پرۆژە كشتوكاڵیەکان و پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسی وکارگە پیشەسازیەکانی دروستکردن بیناکاری ،كەپشت بە ئاوی ڕووبارەكان دەبەستن بەتایبەت ناوچە سنوریەکانی بەشی خۆرهەڵاتی پارێزگای سلێمانی  لە گرینگترین ئەو پرۆژانەی كە ئێران درووستی كردووە لەسەر ئەو ڕێرەوە ئاویانە كە سەرچاوەكەی لە خاكی ئێران هەڵدەقوڵێت دەڕژێتە عێراقەوە ئامانەن  : پرۆژەی گلدانەوەی قشڵاخ  و پرۆژەی بەنداوی كرژال و پرۆژەی بریسۆ .کە بونەتە هۆی کەم بونی ئاو لە ناوچەکە ئێران لەسەر  ئاوی (رووباری گۆڕە توو) هەستاوە بەدروستکردنی بەنداو کە نزیکەی ( 6 م3 /چركە) – (3 م3 /چركە ) کەمی کردوە بەمەش زیانێكی زۆری هەبووە بۆ سەر زەوی كشتووكاڵی.  جگە لەوە ئێران لە ساڵانی  پێشوو دا  کاری کردوە وتائیستاش کاردەکات   بۆ ئەوەی ئاوی سیروان بگوازێتەوە بۆ (كەرخە) (300000) هێكتار زەوی كشتوكاڵی ئاودێری دەکات لە ڕێگای بەنداوی كرمانشاە .  وە لە گرینگترین ئەو  کێشەیان لەسەرە لە نێوان هەرێمی کوردستان – ئێران ئەمانەن: (رووباری گۆڕە توو  و چەمی بناوە سووتە) کە ئێران بە بێ‌ هەماهەنگی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان چەند بەنداوێكی بچووكی لەسەر درووست كردون  كە بووەتە هۆی كەمبوونی داهاتی ئاو لە هەرێمی كوردستان.   لەدواترین پڕۆژەی  حکومەتی ئێران هەستا بە گرتنەوەی ئاوی زێ ی بچوک کە یەکێکە لە پێنج لقە سەرەکیەکانی رووباری دیجلە و پڕبایاخترین رووبارە لە پارێزگای سلێمانی بۆ پڕۆژە کشتوکاڵیەکان ( ماسی – ئاژەڵداری – باخداری )هتر.  کە زێی بچوكە: لە چیاكانی لاهیجانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە هەڵدەقولێ‌ لەنزیك گوندی ماشان دێنە خاكی عێراقەوە، زێی بچوك لە دوو لقی سەرەكی پێكدێت یەكەیان چەمی تیت، كە لە ناوچەی سنوری نێوان عێراق و ئێران درووست دەبێ، دووەمیان چەمی ماوەت، قەلاچۆلان كە لە هەردوو لقی سیوەیل و گوگاسور پێكدێت. كاتێك لەنزیك گوندی بەردە ین بەیەك دەگەن، زێی بچوك دەشتەكانی پشدەر و قەڵادزێی دەبڕێت بە دەربەندی ڕانیەدا كە بەنداوی دوكانی لەسەر درووست كراوە.  حکومەتی ئێران  لسەر زێی بچوک لە خوار گوندی کۆلسە  بەنداوێکی دروست کردوە کەدەکەوێتە بەشی رۆژئاوای شاری سەردەشت بەدوری 20 کم لە سنوری نێو دەوڵەتی عێراق – ئێران بە مەبەستی برەودان بە کشتوکال و بەرهەمهێنانی کارە با بەرزیەکەی 117 م نزیکەی 400 ملیۆن مەتر سێجا ئاودەگرێت و بە کۆتا هاتنی بە نداوەکە 150 میگا وات کارە با بەرهەم دەهێنێت نزیکەی 11 ساڵە کاری تێدا کرێت  وە نزیکەی 10 کەس گیان لە دەست داوە لە دروستکردنی ئەم پرۆژەیە وە لە ماوەی 2 ساڵی تر کۆتای بەکارەکانی دێت و بەتەواوەتی دەکەوێتە کار وە  تاوەکوو بەنداوەکە پڕ دەبێت لەسەدا 75 ئاو کەم دەکات بۆ ناوچەکانی پشدەر  ، و لە کاتی پڕ بوونیشی تەنها لە سەدا 25 کەم دەکات ، وە حکومەتی ئێران بەتەمایە لە چەند ساڵی ئایندەدا پلانی گلدانەوەی ئاو دابڕێژێت بۆ دەریاچەی ئورمیە. بەمەش گەر حکومەتی هەرێم بە ماستەر پلانێکی بەنداوی کار نەکات مەترسیەکانی کەم بوونی ئاو ڕۆژ لەودوای ڕۆژ  زیاد دەکات ، سیاسەتی ئاوی ئێران ئاسەواری خراپی لەسەر پەیوەندی نێوان هەرێم و ئێران  جێ دەهێڵێت ، چونكە ئێران زێدەرەوی لە سوود وەرگرتن لە ئاوی سەرسنورەکان کردوە و ڕێكەوتنەكانی سەبارەت بە چۆنیەتی سوود وەرگرتن لە ڕێرەوە ئاویە سنووریەكانی پێشل كرددووە.  وە ڕەنگە لە چەند ساڵی ئایندەدە گەورەترین گرفتی ئاو توشی هاوڵاتیان ببێت بەتایبەت ئەو ناوچانەی پشت بە ئاوی زێ ی بچوک دەبەستین و وەپەلەکردن لەتەواوکردنی ئەو بەنداوە پێشنیار کراوانەی سنوری قەزای پشدەر کەلەساڵی 2009 حەوت پڕۆژەی دروستکردنی بەنداوی بۆ پێشنیار کراوە وبریاری دروستکردنیان دراوە بەڵام تاوەکوو ئێستا  دەست بەجێ کردنی نەکراوە .. لە گرینگترین ئەو بەنداوانە هەردووک بە نداوی دەڵگەو بەنداوی بەلک , یەکەم:  بەنداوی دەڵگە  بە دووری بەدووری  19.5 كم لە سنووری ئێران( لە سەر زێیی بچوك بوونیاد دەنرێت کەدەکەێتەبەشی   باشووری خۆر هەڵاتی گوندی دەڵگە و باشووری خۆرهەڵاتی شاری قەڵادزێ‌ . دوەم :بەنداوی بەلك دەكەوێتە سەروی ڕووباری ژاراوە, کە لقێكە لە لقەكانی زێی ی بچوك  لەڕوی جوگرافیەوەدەكەوێتە باكوری خۆر هەڵاتی شاری قەڵادزێ‌.


(درەو): حكومەتی هەرێمی كوردستان بە لێبڕینیشەوە ناتوانێت موچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران خەرج بكات، پارتی داهاتی نەوت‌و یەكێتی داهاتی گومرگ رادەستناكەن، پارەكەی بەغداد مەرجدار كراوە بەوەی هەرێمی كوردستان دەبێت بەیانی مالیی خۆی رادەست بكات.  ئەمڕۆ یەكەمین رۆژی مانگی حوزەیرانە، زۆرینەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تا ئێستا موچە مانگی ئایاریان وەرنەگرتووە، تائێستا تەنیا وەزارەتەكانی (تەندروستی‌و پێشمەرگەو ناوخۆ) موچەیان وەرگرتووە، دوو رۆژی داهاتوو تەنیا موچەی شەهیدان‌و زیندانیە سیاسیەكان دابەشدەكرێت.  سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیران بە (درەو)ی راگەیاند، یەكێتی‌و پارتی پارەی نەوت‌و گومرگ رادەستی گەنجینەكانی حكومەت ناكەن، بۆیە حكومەت بەلێبڕینی 21%یشەوە، هێشتا ناتوانێت بەسەر یەكەوە موچەی هەموو وەزارەتەكان بدات.  بە لێبڕینی 21%ی موچەوە، تائێستا كۆی پارەیەی كە حكومەت وەكو موچەی مانگی ئایار دابەشیكردووە، نزیكەی (200 ملیار) دینارە لە كۆی (706 ملیار) دیناری خەرجی موچەی موچەخۆران. ئەمە لەكاتێكدایە، بەشێكی زۆری موچەی وەزارەتی پێشمەرگە، بەدیاریكراوی موچەی نزیكەی (44 هەزار) پێشمەرگە لە لیوا هاوبەشەكان، لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە موچەكانیان دابین دەكرێت.  ئەمڕۆ (1)ی ئایارە، مانگی رابردوو تاوەكو سەری مانگ موچەی هەموو وەزارەتەكان دابەشكرابوو، بەڵام ئەم موچەی مانگی ئایار، بەوتەی سەرچاوەیەكی باڵا لە ئەنجومەنی وەزیران كە بە (درەو)ی راگەیاند:" پارەی پێویست بۆ خەرجی موچە لە بانكەكاندا نییە، چونكە پارتی داهاتی نەوت‌و یەكێتیش داهاتی گومرگەكان رادەستی وەزارەتی دارایی ناكەن، ئەمەش بەهۆی ئەو ململانێ سیاسییەی كە لەنێوان هەردوو حزبدا هەیە". جگە لە داهاتی نەوت‌و داهاتی گومرگەكان، وەزارەتی دارایی هەرێم كوردستان چاوی لەوەیە، بڕە پارەیەك لە وەزارەتی دارایی عێراق وەربگرێت، وەكو یەكەمین پشكی هەرێم لە بودجەی 2021ی عێراق، بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی موچە. ئێستا وەفدێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی لە بەغدایە، سەرچاوەیەك لەناو وەفدەكەی حكومەتەوە بە (درەو)ی وت:" وەزارەتی دارایی عێراق داوای بەیانی مالیی لە وەفدی هەرێم كردووە، ئەمەش كارێكی ئاسان نیەو حكومەتی هەرێم بەمزوانە ناتوانێت ئامادەی بكات".  (درەو) زانیویەتی، جگە لە بەیانی مالیی، بەرپرسانی بەغداد داوای تۆماری فرۆشی نەوتی هەرێم‌و لیستی موچەخۆرانی هەرێم دەكەن. بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە هەرێمی كوردستان‌و بەغداد لە بودجەی 2021دا كردویانە، هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانێت مانگانە پشكی خۆی بودجەی عێراق وەربگرێت، دەبێت رۆژانە داهاتی (250 هەزار) بەرمیل بە نرخی سۆمۆو رێژەی 50%ی داهاتی دامەزراوە فیدراڵییەكان بۆ بەغداد بگەڕێنێتەوە.  مانگی رابردوو سۆمۆ نەوتی بە (65,4) دۆلار فرۆشتووە، واتا كۆی داهاتی ئەو (250 هەزار) بەرمیل نەوتەی كە دەبێت هەرێم مانگانە رادەستی بەغداد بكات، دەكاتە (490 ملیۆن دۆلار) واتا ( 725 ملیار) دینار. ئەگەر هەرێمی كوردستان نەوتەكەی رادەستی بەغداد نەكات‌و بە نرخی خۆی بیفرۆشێت، داهاتی ئەم (250 هەزار) بەرمیلە دەكاتە (412 ملیۆن) دۆلار واتا (610 ملیار) دینار. لەچوارچێوەی ئەو گفتوگۆیانەی كە كراون، بڕیارە هەفتەی داهاتوو چاودێری دارایی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان بكات بۆ وردبینیكردن لە داهاتی نەوتی‌و نانەوتی‌و لیستی موچەخۆران‌و دوای چەند رۆژێكی تر بڕیار لەسەر دیاریكردنی پشكی هەرێم لە یاسای بودجەی عێراق دەدرێت  


درەو: وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی مانگی ئایاری نەوتی عێراقی بڵاوكردەوە:  بڕی (89) مليۆن (881) هەزار و( 268 ) بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە. داهاتی نەوت گەیشتوەتە (5) مليار و(882) مليۆن دۆلار. ڕۆژانە تێکڕا دوو ملیۆن و 899 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە. تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتوەتە ( 65.459 ) دۆلار. بەرهەمی نەوتی كەركوك : ( 3 ملیۆن و 60 هەزارو 913) بەرمیل نەوت بووە 


 راپۆرت: (درەو) رێژەی بارانبارین لە هیچ ناوچەیەكی هەرێم نەگەیشتوەتە (٥٠٠) ملیمەتر، ئەو ناوچانەی كە لە (٢٠٠) ملیمەتر كەمتر بارانیان لێ باریوە، بە ناوچەی وشكەساڵیی ئەژماردەکرێن، بەم پێوەرە دوو ناوچەی هەرێمی کوردستان بە ناوچەی وشکەساڵیی دادەنرێن، کەمی بارانبارین و گرتنەوەی ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، پێکەوە وشکەساڵیی و قەیرانی ئاویان بۆ هەرێم دروستکردووە. وشكەساڵیی و جۆرەکانی وشكەساڵیی دیاردەیەكی كەشوهەوایە، بە كارەساتێكی سروشتی دادەنرێت كە زیانی گەورە بە جیهان دەگەیەنێت‌و ساڵانە كاریگەری لەسەر ژمارەیەكی زۆر خەڵك بەجێدەهێڵت، ئەم دیاردەیە بەهۆی كەمئاوییەوە روودەدات، جا ئیتر ئەمە بەهۆی كەمی رێژەی بارانبارینەوە بێت یان قەتیسبوونی گەرما یاخود خراپ دابەشكردنی ئاو لەماوەیەكی دیاریكراودا، ئەوەی لە هەرێمی كوردستان هەیە لەیەككاتدا كەمی بارانبارین و خراپی دابەشكردنی ئاوو گرتنەوەی ئاوە لەلایەن وڵاتە دراوسێكانەوە.  بەگشتی وشكەساڵیی چەند جۆرێكی هەیە: یەكەم: وشكەساڵی لەڕوانگەی كەشناسییەوە ئەوەیە كە بڕی بارانبارین لە وەرزی باراندا كەمتر بێت لە تێكڕای بارانبارین لە ساڵەكەدا، هۆكارەكەشی دۆخی كەشوهەوایە كە كاریگەری لەسەر ناوچەیەك دروستكردووە‌و بووەتە هۆی كەمی بارانبارین لەو ناوچەیە.  دووەم: وشكەساڵی كشتوكاڵیی ئەمە بریتییە لە كەمی رێژەی بارانبارین، بەجۆرێك كە رێژەكە پێداویستی رووەكیی پڕناكاتەوە‌و رێژەی بەهەڵمبوون لە رێژەی ئەو ئاوەی كە هەیە، زیاترە.  سێیەم: وشكەساڵی هایدرۆلۆژی (ئاویی) ئەمە كەمی رێژەی ئاوە بەهۆی ئەوەی ماوەی بارانبارین كەمبووە‌و ئاستی ئاو لە دەریاچە‌و روبارو بەنداوەكاندا دابەزیوە، لەم حاڵەتەشدا رێژەی بەهەڵمبوون لە رێژەی بارانبارین زیاترە، ئەمە حاڵەتە هەرە مەترسیدارەكەیە كە جگە لە كشتوكاڵ، كاریگەریی لەسەر ژیانی مرۆڤیش دروست دەكات، چونكە ئاو بەشی پێداویستی خواردنەوەی دانیشتوان ناكات.  چوارەم: وشكەساڵی ئابوریی‌و كۆمەڵایەتی ئەمە كاتێك رودەدات كە رێژەی خواست لە بڕی ئەو ئاوەی كە هەیە زیاترە، ئەمەش كورتهێنان لە سەرچاوە خۆراكییەكان دروست دەكات، لەم حاڵەتەدا ئاو بەشی پێداویستی مرۆڤ‌و ژینگەش ناكات. ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، زیاتر مەترسییەکە لەسەر کشتوکاڵ و پەلەوەرە، هەرچەندە حکومەت ترسی هەیە بێ ئاوییەکە خەڵک و دانیشتوانیش بگرێتەوە. هەولێرو گەرمیان لە وشكەساڵیدان رێژەی بارانبارین لەهەرێمی كوردستان لە هیچ ناوچەیەكدا نەگەیشتووەتە (٥٠٠) ملم، بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرێتی كەشناسیی، رێژەی بارانباران بەبەراورد بە ساڵی رابردوو (٥٠٪) كەمیكردووە، زۆرترین رێژەی بارانبارین لەپارێزگای سلێمانییە كە تاوەکو رۆژی ٢٨ی ئازاری ئەمساڵ نەگەیشتووەتە (٤٠٠) ملم و كەمترینی بڕی بارانبارین لە ناوچەی كەركوك- گەرمیانە كە (١٠٣) ملم باریوە، لە هەولێریش رێژەکە نەگەیشتووتە (٢٠٠) ملم. بەپێی هەڵسەنگاندنی وەزارەتی كشتوكاڵ، ئەو ناوچانەی رێژەی بارانبارین تێیاندا نەگەیشتووەتە (٢٠٠) ملم، ئەوە بە ناوچەی وشكەساڵیی دەدرێنە قەڵەم، بۆیە لەلای وەزارەتی كشتوكاڵ هەردوو ناوچەی (هەولێرو گەرمیان) دەچنە چوارچێوەی ناوچەی وشكەساڵییەوە،  بڕوانە خشتەی (١)  حکومەت و پلانی وشکەساڵیی رۆژی ١١ی ئەم مانگە، لە یەکەم هەنگاوی کرداریدا بۆ روبەڕوبوونەوەی وشکەساڵیی، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم، دروستکردنی (٩) بەنداوی ستراتیژی و (٢) پرۆژەی ئاودێری بەشێوەی پرۆژەی پەرەپێدان راگەیاندو کۆمپانیاکانی بانگهێشتکرد بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکان. خشتەی بەنداوەکان حكومەتی هەرێم رۆژی ٢٦ی ئەم مانگە بەئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەكانی كۆبووەو بۆردێكی باڵای  بەمەبەستی روبەڕوبوونەوەی قەیرانی وشكەساڵیی پێکهێنا، بەڵام تائێستا بڕی ئەو بودجەیە دیارنییە کە حکومەت دەیەوێت بۆ روبەڕوبونەوەی قەیرانەکە خەرجی بکات. قەیرانی ئەمجارەی ئاو هۆکارەکەی بەتەنیا کەمی بارانبارین نییە، ئێرانیش ئاستی بەردانەوەی ئاوی بۆ هەردوو بەنداوی (درەبەندیخان)و (دوکان) کەمکردووەتەوە. چەند رۆژی رابردوو لەسەر فەرمانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆ تاوتوێکردنی قەیرانی ئاو، مەهدی حەمدانی وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کردو چووە هەردوو بەنداوی (دەربەندیخان)و (دوکان). وەزیری سەرچاوەكانی عێراق ئاشكرایكرد، بەمزوانە سەردانی ئێران دەكات‌و بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان وەكو نوێنەری هەرێمی كوردستان هاوڕێیەتی دەكات. وەکو خۆی وتی:" ئامانجی سەردانەكەیان بۆ ئێران، گفتوگۆكردنە لەبارەی هۆكاری دابەزینی ئاستی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان بۆ سفرو دابەزینی ئاستی ئاو لە بەنداوی دوكان بەرێژەی ٧٠٪". دانەوێڵە لە زەمەنی وشکەساڵیدا وشكەساڵی كاریگەری راستەوخۆی لەسەر بەرهەمی دانەوێڵە دروستكردووە، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ، ئەمساڵ بەهۆی كەمیی بارانبارینەوە، بەرهەمی گەنم بۆ (٥٠٪) كەمی كردووە، چونکە لە زۆربەی ئەو ناوچانەی بۆ دانەوێڵە گونجاون، كەمتر لە (٢٠٠) ملم بارانباریوە، ئەمە لەکاتێکدایە گەنمی دێمیی پێویستی بەنزیكەی (٤٠٠) ملیمەتر بارانی ساڵانەیە. ساڵی رابردوو نزیكەی (٢ ملیۆن) تۆن گەنم لەهەرێمی كوردستان بەرهەم هاتووە، ئەمساڵ بڕەکە بۆ (ملیۆنێك) تۆن دابەزیوە. روبارو بەنداوەكان لە ھەرێمی كوردستان (١٧) بەنداو و (١٠٠) حەوزی بچووك ھەیە كە سەرجەمیان توانای گلدانەوەی (١٠ ملیار) مەتر سێجا ئاویان ھەیە. لە هەرێم ساڵانە سەروی (٤٠) ملیار مەتر سێجا باران دەبارێت، بەڵام پێداویستی بۆدابینکردنی (ئاوی خواردنەوە، كشتۆكاڵ، پێداویستی زیندەوەر) ناگاتە (١٠) ملیار مەتر سێگۆشە، ئەوەی تر بەفێرۆ دەچێت. بۆیە لە هەرێمی كوردستان كێشەی ئاو نیە، كێشەی پاكی و بڕی ئاو نیە، بەڵكو كێشەی ئیدارەدانی ئاو هەیە. قایمقامی قەزای پشدەر دەڵێ "شتێك نەماوە بەناوی زێی بچوكەوە، دەتوانین بڵێین زێی بچوك كۆتایی هاتووە، چونكە ساڵی رابردوو كە پێواومانە لە وەرزی هاویندا تەنها (یەك مەتر و نیو سێگۆشە) لە سانیەیەكدا ئاو هاتۆتە ناو زێیەکەوە، ئەمساڵ كە بارانبارین كەمبوەتەوە، ئەو پێوانەیەش كەمبوەتەوە، ئەمەش ئاستی ئاوی زێیەك نیە". بڕو توانای گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەكانی هەرێم بەمشێوەیە: - بەنداوی دوكان لەسەر زێی بچووك لە پارێزگای سلێمانی، توانای گلدانەوەی (٦.٨٥) ملیار مەتر سێجایە - بەنداوی دەربەندیخان لەسەر روباری سیروان لە پارێزگای سلێمانی، توانای گلدانەوەی (٣.٣) ملیار مەتر سێجایە  - بەنداوی حەمرین لەسەر روباری سیروان لە پارێزگای دیالە لە قەزای خانەقین، توانای گلدانەوەی (٢.٤٥) ملیار مەتر سێجایە - بەنداوی دهۆك لە پارێزگای دهۆك، توانای گلدانەوەی (٠٫٦) ملیار مەتر سێجایە -    بەنداوی بێخمە كە تەواونەكرا لەسەر  پارێزگای هەولێر و دهۆك، توانای گلدانەوەی (١٥-١٧) ملیار مەتر سێجایە ئاوی سەرزەوی ئاوی سەر زەوی لە هەرێمی كوردستان لە پێنج لقی سەرەكی پێكدێت كە بریتین لە (خاپور، زێی گەورە، زێی بچووك، سیروان، عوزێم)، لەگەڵ بەنداوەكانی دوكان و دەربەندیخان و دهۆك. هەریەك لەم لق و بەنداوانەش بڕی ئاو و خەزنكردنی جیاوازە بەمشێوەیە: - روباری خاپور لە زاخۆ كە (١٦٠) كم درێژییەكەیەتی لەنێو خاكی هەرێمدا، بەرهەمی ئاوەكەی (٦٢.٥) مەتر سێجایە لە چركەیەكدا. - زێی گەورە لە كەڵەک كە (٢٥٠) كم درێژییەكەیەتی لەنێو خاكی هەرێمدا، بەرهەمی ئاوەكەی (٤٢٠) مەتر سێجایە لە چركەیەكدا. - زێی بچوك كە (٤٠٠) كم درێژییەكەیەتی لەنێو خاكی هەرێمدا، بەرهەمی ئاوەكەی (٥٥) مەتر سێجایە لە چركەیەكدا. - روباری عوزێم كە (٢٣٠) كم درێژییەكەیەتی لەنێو خاكی هەرێمدا، بەرهەمی ئاوەكەی (٢٥) مەتر سێجایە لە چركەیەكدا. - روباری سیروان كە (٣٨٦) كم درێژییەكەیەتی لەنێو خاكی هەرێمدا، بەرهەمی ئاوەكەی (١٤٠) مەتر سێجایە لە چركەیەكدا.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand