Draw Media

خوێندنەوەیەک بۆ ڕاپۆرتەکانی ساڵی ٢٠٢٢ ی دیلۆیت

خوێندنەوەیەک بۆ ڕاپۆرتەکانی ساڵی ٢٠٢٢ ی دیلۆیت

2023-02-17 09:27:18


درەو:
راپۆرتی: یادگار سدیق گەڵاڵی - رێكخراوی روونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەكانی نەوت 

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیەوە نەوتەكەی بە نرخی زۆر كەمتر فرۆشتووە لە بازاڕەكانی جیهاندا، بە جۆرێك لە مانگی 12ی 2022 بە (19) دۆلار كەمتر لە بازاڕەكانی جیهان فرۆشتوویەتی.
كۆی داهاتی نەوتی فرۆشراوەی هەرێمی كوردستان (12 ملیارو 422) ملیۆن دۆلار بووە لەو بڕە (5 ملیارو 709 ملیۆن) دۆلاری بۆ ماوەتەوە بەرێژەی (46%).
بە پێی خوێندنەوەی (رێكخراوی روونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەكانی نەوت) سەبارەت بە راپۆرتەكانی دیلۆیت. 

 


خوێندنەوەیەک بۆ ڕاپۆرتەکانی ساڵی ٢٠٢٢ ی دیلۆیت
ڕاپۆرتی
وردبینیی بەرهەمهێنان، هەناردەکردن، بەکاربردن و داهاتی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان

یادگار سدیق گەڵاڵی 
                                                         ١٥/٠٢/٢٠٢٣


دەستپێك
کاتێك نەوت و داهاتەکەی، بەشێوەیەکی دروست و شەفاف مامەڵەی لەگەڵبکرێت، دەبێتە سەچاوەیەکی گرنگ و زیندووی ئابووری هەر وڵاتێك. هەرێمی کوردستان لەماوەی چەند ساڵی ڕابوردوودا بەشێوەیەکی زۆر پشتی بەداهاتی نەوت بەستوە، وەك سەرچاوەیەکی سەرەکی داهات بۆ بەڕیوەبردنی هەرێم. هاوکات لە چەند ساڵی ڕابوردوودا زۆرترین قسە لەسەر سەکتەری نەوت و چۆنییەتی بەڕیوەبردنی کراوە، بەتایبەت لەسەر داهات و چۆنییەتی خەرج کردنی داهاتە نەوتییەکان. لێرەوە گرنگی بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرت و زانیاری و شیکردنەوە و راڤەکردنی ئەو زانیارییانە لەلایەن کەسانی شارەزاوە پێویستە، بەتایبەت کاتێك زانیارییە فەرمییەکان سنوردارن و دەست پێگەشتنیان زەحمەتە، وە لە لایەکی تر بوارێکی پسپۆڕی ووردە، کە دەبێت بەشێوەیەکی زانستی و بابەتی قسەی لەسەر بکرێت، لەهەمان کاتدا بەزمانێك دابڕێژرێت هەموان لێی تێبگەن. 
وەکو لە پێناسەی وردبینی دا هاتووە کە وردبینی بۆ تۆمارەکانی ژمێریاری و داتاکانی هەر دام و دەزگایەك یان سەکتەرێکی دیاری کراو دەکات تاوەکو بزانرێت بە پێی سیستەمی ئەو دەزگایە مامەڵە دکرێت، لێرەدا  لایەنێکی سەربەخۆ کە دیلۆیتە  وردبینی دەرەکی دەکات بۆ گرنگترین سەکتەری هەرێم کە تائێستا شادەماری ئابوری هەرێم پێك دەهێنێت.
بڵاوکردنەوەی هەر ڕاپۆرتێك لەسەر هەربوارێکی دیاری کراو گرنگی خۆی هەیە، بەتایبەت بۆ داموو دەزگا حکومییەکان کە بڵاوکردنەوەی زانیاری دەچێتە خانەی  روونبینییەوە. لەرێی ڕاپۆرتەکانەوەیە چۆنییەتی مامەڵەکردن و بەڕێوەبردنی ئەو سەکتەرەمان  بۆ دەردەکەوێت کە ڕاپۆرتەکەی لەسەر نوسراوە . 
لەم سۆنگەویەوە ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت گرنگی خۆی هەیە بەتایبەت کە ڕاپۆرتی وردبینیە لەداهاتی نەوتی هەرێـم کە جێی مشتومڕ بووە لە چەند ساڵی رابوردوودا. وردبینی ناوخۆیی و دەرەکی پرۆسەیەکی بەردەوامە، لە بڕێوەبردنێکی دروستدا بۆشاییەکان و کەلێنەکانی بواری وردبینی بۆ کراو دەدۆزرێتەوە و پێشنیاری چارەسەری بۆ دادەنرێت تاوەکو لەڕێیەوە بتوانرێت زیادترین سود لەو بوارە وەربگیرێت و ببێتە هۆی بوژاندنەوەی.
رۆژی ١٤/٢/٢٠٢٣ حکومەتی هەرێم  ٢ ڕاپۆرتی  کۆمپانیای دیلۆیتی بڵاوکردەوە کە وردبینیی بۆ بەرهەمهێنان، هەناردەکردن، بەکاربردن و داهاتی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بۆ ماوەی نێوان ١ی تەموزی ٢٠٢٢ تا ٣١ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢. وە پێستریش ٢ ڕاپۆرتی بۆ دوو چارەکی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوکردەوە کە بەم ڕاپۆرتە حکومەت ڕاپۆرتی وردبینی ٦ ساڵی تەواوی بڵاوکردووەتەوە (ساڵەکانی ٢٠١٧-٢٠١٨-٢٠١٩-٢٠٢٠-٢٠٢١-و٢٠٢٢).
 لێرەدا هەوڵ دەدەم خوێندنەوە بۆ ژمارەکانی نێو ڕاپۆرتەکانی هەر چوار چارەکی ساڵی ٢٠٢٢ بکەم و لەسەریان بەپێی پێویست هەڵوێستە بکەم. 
ئاستی بەرهەم:
ئاستی بەرهەم لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا بەشیوەیەکی رێژەیی سەقامگیر بووە، گۆڕانکاری زۆری بەسەردا نەهاتووە. بەرزترین تێکڕای بەرهەمی رۆژانە لە چارەکی دووەمدا بووە کە تێکڕا ٤٤٣ هەزار بەرمیل بووە لە کاتێکدا چارەکی سێهەم نزمترین ئاست بووە تێکرای بەرهەمی رۆژانە نزیك بووە لە ٤٢١ هەزار بەرمیل لەرۆژێکدا. 
 
 بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت لە نیوەی دووەمی ساڵدا ئاستی هەناردە کەمی کردووە بەشێوەیەك لە چارەکی چوارەمدا بەراورد بە چارەکی دووەم ئاستی هەناردەزیاتر لە  ٢٥ هەزار بەرمیلی رۆژانە کەمی کردووە. ئەمەش بەشێکی زۆری بۆ زیادبوونی بەکارهێنانی ناوخۆ دەگەڕێتەوە کە لە چارەکی کۆتایی ساڵدا نزیکە ١٩ هەزار بەرمیل زیادی کردووە.
 

 نەوتی خاو دراوە بە پاڵاوگاکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: 

لەماوەی ئەم ساڵەدا ئەو بڕە نەوتەی کە دراوە بە پاڵاوگەکان لە ٣ چارەکی سەرەتادا تا رادەیەکی زۆر نزیك بووە لە یەکەوە بەتێکڕا لە ٢٥ هەزار بەرمیلی رۆژانەدا بووە بەڵام لە چارەکی سێهەمدا ئەم بڕە زیادی کردووە بۆ ٤٢ هەزار و ٥٠٠ بەرمیل نەوتی رۆژانە کە رێژەی ٤١٪ بەراورد بە ٩ مانگی پێشوو زیادی کردووە.  پێ دەچێت حکومەت بۆ زیادکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بەتایبەت نەوتی سپی( کیریسۆن) و بەنزین ئەم کارەی کردووە، بەتایبەت لە چارەکی چوارەمی ساڵدا نرخی نەوت زۆر بەرزبوو ، ئەمە کارێکی باشە بەڵام پێویستە لەهەموو وەرزەکاندا ئەم کارە بکرێت تاوەکو لە وەرزی زستاندا کەمتر پێویست بەهاوردەکردنی ببین بەتایبەتی کە ژێرخانی پاڵاوتنی نەوت لەهەرێم زۆر باشە  . کاتێک دەڵێین ژێرخانی پاڵاوتنی نەوت باشە مەبەستمان ئەوەیە ٤ پاڵاوگە لە هەرێم هەن  کە تونای پاڵاوتنیان بەم شێوەیە:
•    کار  کە کار گرۆپ خاوەنداری دەکات توانای پاڵاوتنی ١٦٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەیە و چواریەکەی پاڵاوتنی بەنزینی هەیە توانای بەرهەم هێنانی ٥ ملیۆن لیتر بەنزینی هەیە. 
•     بازیان  کۆمپانیای قەیوان خاوەنداری دەکات، توانای پاڵاوتنی ٤٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا  هەیە و بڕی ١.٥ ملیۆن لیتر بەنزین دەپاڵێوێت. و توانای بەرهەم هێنانی ٢٠٠ هەزار لیتر نەوتی سپی هەیە. 
•    لاناز  توانای پاڵاوتنی ٧٥ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە نەوتی خاوی هەیە و دەتوانێت رۆژانە  ١.٥ ملیۆن لیتربەنزین بەرهەم بهێنێت.
•    پاڵاگەوی تاوگی  خاوەندارێتی لە لایەن کۆمپانیای نەوتی دی ئێن ئۆ وە دەکرێت. و توانای پاڵاوتنی ٥ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەیە. 
کەواتە توانای پاڵاوتنی هەرێم لەم ٤ پاڵاوگەیە ٢٨٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاوە لەرۆژێکدا کە توانای پڕکردنەوەی پیویستی ناوخۆی بەزیادەوە هەیە گەر نەوتی خاویان بۆ دابینبکرێت ، ئەگەر وەزارەت نەوتی لەبەردەستدابێت  و پابەندی تری نەبێت ئەوا زۆر باشترە سەرەتا پێداویستی ناوخۆ لە بەرهەمە نەوتییەکان پڕبکاتەوە پاشان دەست بەهەناردە بکات. 


فرۆشی نەوت لە ناوخۆدا: 

بڕێکی کەم لەو نەوتەی هەرێم  بەرهەمی دەهێنێت لەبازاڕی ناوخۆدا دەفرۆشرێت، ئەوەی تێبینی دەکرێت لە ڕاپۆرتەکانی دیلۆیتدا ئەوەیە کە نرخی ئەو نەوتەی لەناوخۆدا دەفرۆشرێت کەمترە لەو نرخەی کە لەڕیی بۆرییەوە و لە بەندەری جەیهانی تورکی دەفرۆشرێت. بەشێوەیەك هەندێ کات جیاوازی نرخەکە  زۆرە و هەندێك جاری تر جیاوازیەکە کەمە. روون نییە ئەم جیاوازییە هۆکارەکەی چییە ئایا پاڵپشتی بازاڕی ناوخۆیە؟ بەڵام حکومەت سیاسەتی بازاڕی ئازاد پەیڕەو دەکات و ئەگەر بەو ئامانجەش بێت پێ ناچێت هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بازاڕ دروستکردبێت. یاخود پەیوەستبێت بە کوالیتی نەوتەکەوە. هەرکام لەم گریمانانە بێت پێویستە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان روونکرنەوە بدات کە ئایا هۆکاری کەمی نرخی نەوتی فرۆشراو لە ناوخۆدا چییە؟


نرخی فرۆشی نەوت لە ڕیی بۆرییەوە

حکومەتی هەرێم لە بەرواری ١ی ئەیلولی ٢٠٢٢ەوە هەستاوە بە  هەموارکردنەوەی  ئەو برگەیە لە گرێبەستە نەوتییەکان کە تایبەتە بە دیاریکردنی نرخی نەوت و ئەو بنەما و پێوەرەی کەنرخی نەوتی لەسەر دیاری دەکرێت. نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای  بێنچمارکی برێنت دیاری دەکرا  کە بنەمایەکی جیهانیە، بەڵام لە دوای ئەم هەموارەوە کە کۆمپانیاکان ئیمزایان کردووە، ئەو پێوەرەی کە نرخی نەوتی پێ دیاری دەکرێت بۆ کوردستان بلێند (KTB)دەگۆڕێت. وەکو کۆمپانیاکانی نەوت دەڵێن: هەموارەکە بە مەبەستی ڕەنگدانەوەی بارودۆخی ئێستای بازاڕ بۆ فرۆشتنی نەوت لە بەندەری جەیهان، لەگەڵ ڕێکخستنی پێویست بۆ کوالیتی نەوتی خاو بەهۆی گۆڕانی پێوەرەکانی دیاری کردنی نرخی نەوتی خاوەوە. کۆمپانیاکان دەڵێن" دەرئەنجامی کۆتایی و کاریگەری لەسەر نرخە بەدیهاتووەکان تا ئێستا نادیارە و نوێکاری زیاتر بەپێی پێویست پێشکەش دەکرێت". 
. پێوەری برێنت وەکو بنەمای نزیکەی ٣/٢ی مامەڵە بازرگانییەکانی نەوتی جیهان بەکار دەهێنرێت. عێراق و هەرێمی کوردستانیش(تا مانگی ئەیلول) نرخی نەوتەکەیان لەسەر هەمان پێوەر دیاری دەکەن.
ئەوەی جێی سەرنجە نرخی بەرمیلێك نەوتی هەرێم لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢ ەوە  واتە لە ئەوبەروارەی کە کە پێوەری KTB  ( بلێندی کوردستان) لەبری برێنت بۆ دیاری کردنی نرخ دەستنیشان دەکرێت لە نێوان ١٧ بۆ ١٩ دۆلار کەمتر لە نرخی برێنت فرۆشراوە. کە پێشتر لە نێوان ١١ بۆ ١٢ دۆلاردا بووە.  
ئەم خشتە یەی خوارەو بەراوردی مانگانەی نرخی نەوتی هەرێم بە نەوتی خاوی برێنت و بڕی جیاوازیان نیشان دەدات.

 

ئایا ئەم داشکاندنە زۆرە بۆ ؟ ئەگەر هەیە هەرێم کێشەی بەبازاڕکردن و فرۆشتنی  بۆ درووست بووبێت ئەم هەنگاوەشی  بۆ راکێشانی سەرنجی کڕیارانی نەوتبێت. پێدەچێت بڕیارەکانی دادگای فیدراڵ و ئەو رێوشووێنانەی حکومەتی فیدراڵ دژی سەکتەری نەوت گرتویەتییەبەر سەرئێشە و کێشەی بۆ هەرێم دروستکردبێت لە فرۆشی نەوتەکەی. لە ڕاگەیاندنی کۆمپانیاکانی نەوتدا هاتووە هەرێم ئەم هەنگاوەی کە ناوێتی لە دیاریکردنی نرخی نەوت لەسەر بنەمای KTB  نەك برێنت بۆ وەڵامدانەوانەی ئەوڕێوشوێنانەیە کە لە بەندەری جەیهان گیراوەتەبەر و پێداویستی بازاڕە. ئەوا دەکرێت تا ئەوکاتەی رونکردنەوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەبێت بە گەڕانەوە بۆ دواوە لێکبدرێتەوە.
لەگەڵ دەرچوونی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس  دژی تورکیا ئەوکات گورزێکی گەورە تر بەر هەرێم دەکەوێت و  سەرئێشەکانی زیاتر دەبێت. 
هەروەها  کشانەوە کۆمپانیا ترافیگورای بازرگانی نەوت کە گرێبەستی لەگەڵ هەرێم هەبوو بۆ بەبازاڕکرنی بەشێك لەنەوتی هەرێم، گورزێکی ترە لە توانای بەبازاڕکردنی نەوتی هەرێم دکەوێت. کشانەوەکەشی بۆ ئەوەدەگەڕێتەوە کە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتی هەرێمەوە  هەرێم ئامادە نەبووە دانوستانی لەگەڵ بکات. 
ڕێڕەوی دارایی
کۆی داهاتی نەوت بەپێی ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت ٢٠٢٢  بەم شێوەیە بووە: 
 
1.    گۆڕانکاری لە ڕەسیدی حیساباتی كڕیارەكان 
بریتییە لە سافی گۆڕانكاریی لە ڕەسیدی حساباتی كڕیار لە ماوەی ئاماژەپێدراودا ، كۆی ڕەسیدی قەرزاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندیی كڕیارەكان لە كۆتایی ماوەكەدا. 
لەسەرەتای  ساڵدا باڵانسی قەرزی کریاران لای حکومەت بریتی بووە لە ٣ ملیار و ٨١٦ ملیۆن و ٣٩ هەزار دۆلار . لەماوەی ئەو ساڵەدا بڕی ٤٦٨ ملیۆن و ٣٤ هەزار دۆلاری لێ دراوەتەوە بۆیە لە کۆتایی ساڵدا باڵانسە کە کەم بووەتەوە بۆ  ٣ ملیار و ٣٤٨ ملیۆن و ٤ هەزار دۆلار.
لە چارەکی چوارەمی ساڵی ٢٠١٩ ەوە لە رەسیدی حکومەتی هەرێمی کوردستان  دا وەکو پێشەکی پارەی نەوت لە لوبنان بریتی بوو لە  ٣١٨ ملیۆن و ٥٤٠ هەزار  دۆلاری هەرێم وە ئەم بڕە لەو وڵاتە گیری خواردبوو کە  تاکو ئێستا لە بانکێکی لوبنان دەستی بەسەردا گیراوە و بەهۆی ئەو کۆتو بەندانەی بانکەکان لە لوبنان  سەپاندویانە بەسەر جموجوڵی دراوی بیانی بۆدەرەوەی وڵات. لە ئازاری ساڵی ٢٠٢٠ دا توانرا ٢٤ ملیۆن و ٢٠٢ هەزار دۆلاری بۆ خەرجی شەحنکردن  و داواکانی کارگۆی شەحنکردن لێ خرج بکرێت  و ئەوەی ماوەتەوە لە لوبنان لەو پارەیە دەکاتە ٢٩٤ ملیۆن و ٣٣٨ هەزار و ٢٣٢ دۆلار ی ئەمەریکی.
ئەوەی جێی سەرنج و سەرسوڕمانە  لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١١٩ وە ئەو بڕە پارەیە لە لوبنان قوفڵ بووە ، بەڵام دوای نزیکەی  ساڵ و نیوێك و لە بەرواری ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا جارێکی تر هەرێم لە ڕێگەی بانکەکانی لوبنانەوە پارەی پێشەکی نەوتی بۆ هاتووە بە  بڕی ٣١٠ ملیۆن یۆرۆ کە تا ئێستا ئەو دوو بڕە پارە هەر لە لوبنانە و نەگەراوەتەوە بۆ هەرێـم.

 
2.    سود و رسومات:
ئەمە چەند خەرجییەکە لەوانە خەرجی گواستنەوەی نەوت لە کێڵگەوە بۆ هێڵی بۆری نەوت، پشکنینی نەوتی خاو، سزای دواکەوتنی شەحنکردن و تێچووی فڕیدانی ئاوی زیادە و خەوش و رسوماتی سوود     .
تێبینی دەکرێت لە چارەکی چوارەم دا ئەو بڕە پارەی وەکو سودو رسومات خەرج کراوە   زۆر کەمی کردووە ،هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە لەم چارەکەدا تەنها خەرجی گواستنەوە لە کێڵگەکانەوە لەگەڵ  تێست و پشکنین دراوە. بەڵام سێ چارەکەکەی کە چەند خەرجییەکی تر زیاتر هەبووە وەکو  سو و ، خەرجی لابردنی خەوش وسزای دواکەوتن. 


3.    پارە دان بۆ شایستەی دارایی بەرهەمهێنەرانی نەوت:
 ئەم بەشە لە خەرجی بەشێکی زۆر و سەرەکی خەرجییەکانی نەوتە کە دەدرێت بە کۆمپانیا بەرهەم هێنەکانی نەوت لەهەرێم .کۆمپانیاکان دوو جۆر پارە وەردەگرن: یەکەمیان بڕێك لەو خەرجیانەی کە بەردەوام و لەماوەکانی ڕابوردوودا خەرجیان کردووە لە کێڵگەکان دا جۆری دووەم بریتییە لە و قازانجەی لە فرۆشی نەوت دەستیان دەکەوێت واتە وەرگرتنەوەی خەرجی و دەسکەوتنی قازانج. لەماوەی رابوردوودا تا مانگی ئاب کۆمپانیاکان بڕێکی تر پارەیان وەرگرتووە کە بریتی بووە لەقەرزێك لە ماوەی دوو مانگی کۆتای ٢٠١٩ و  دوو مانگی سەرەتای ٢٠٢٠ دا لای حکومەت هەیانبووە و ئەو ماوەیە شایستەیەکانیان پێ نەدرابوو لەلایەن حکومەتەوە دواتر بە پێێ بەرنامەیەك لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ەوە حکومەتی هەرێم بەردەوام و مانگانە بڕێك لەو قەرزانەی بەکۆمپانیا بەرهەم هێنەکانی نەوت داوەتەوە و لە مانگی ئابی ٢٠٢٢ کۆتا گوژمەی قەرزەکانیان وەرگرتەوە. 
 تەنها ٩ کۆمپانیی نەوت لەو ماوەیەدا بڕی ٤٦٨.٩ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە کە نزیکە ٦٠ ٪بۆ ٦٣٪ ی بەرهەم پێك دەهێنن. بە نزیککراوەیی رێژەی ٣٧٪ بۆ ٤٠٪ ی کۆمپانیاکانی تر  کە دەمێنێتەوە ( کار ،گازپرۆم و وێستێرن زاگرۆس)  پێشبینی دەکەین  بڕی ٢٧٥ بۆ ٣١٢ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتبێت وەك شایستەی دواخراو  ئەوکات ئەو قەرزانەی لەم ماوەیەدا  هەموو کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوت وەریانگرتووە لە حکومەتی هەرێم گەر لانی کەمیشی وەرگرین   ئەوا دەکاتە نزیکەی ٧٤٣ ملیۆن دۆلار کە وەرگیراوە لە ماوەی ٧ مانگی  سەرەتای ساڵدا. 


کەواتە  بەو پێیە بێت دەبێت لە مانگی ئابەوە کۆمپانیا نەوتییەکان ئەو بڕە پارەیەی وەری دەگرن بەرێژەیەك کەمتر بێت لە مانگەکانی پێشوتر چونکە حکومەت چیتر قەرزاریان نییەو هیچ بڕەقەرزێك لە داهات ناداتەوە بە کۆمپانیاکان.  
بە سەیرکردنی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت  لەم ماوەیەدا بۆمان دەر دەکەوێت کە:
•    لە چارەکی یەکەمدا کۆمپانیا نەوتییەکان لە کۆی ٣ ملیار و ٦٣ ملیۆن و ٣٥٦ هەزار دۆلار بڕی  ١ ملیار و ٢٢ ملیۆن و ٩٣٥ هەزار دۆلاریان وەر گرتووە کە دەکاتە ٣٣.٣٪ ی هەموو داهاتی نەوت. 
•    لە چارەکی دووەمدا لە کۆی ٣ ملیار و ٧٨٩ ملیۆن و ٢٩٠ هەزار دۆلار بڕی ١ ملیار و ٦٣٢ ملیۆن و ٦٩٥ هەزار دۆلاریان وەر گرتووە کە دەکاتە رێژەی ٤٣.١٪ ی هە موو داهات .
•    چارەکی سێهەم کۆی داهات بریتی بووە لە ٣ ملیار و ١١٦ ملیۆن و ٨٩٠ هەزار دۆلار لەم بڕە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوت ٩٧٨ ملیۆن و ٥٥٦ هەزار دۆلاریان پێ دراوە کە دەکاتە رێژەی ٣١.٤٪ ی هەموو داهات. کەواتە چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەی ٥ مانگی کۆتایدا شایستەی کۆمپانیاکان بەرێژەیەك کەم بکاتەوە ئەم کەمکردنە لە چارەکی سێهەمدا هەستی پێدەکرێت رێژەی شایستەی کۆمپانیاکان ١١.٦٪ کەمی کردووە بەراورد بە چارەکی دووەم. چاوەڕێ کراوە لەم چارەکەدا شایستەی کۆمپانیاکان بەرێژەی سەدی کەمتر بێت لەماوەکانی  پێشوو لە بەر ئەو هۆکارەی  لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد حکومەت هیچ برێك قەرز بەکۆمپانیاکان ناداتەوە ( لە راپۆرتی داهاتی کۆمپانیا نەوتییەکان لە ساڵی ٢٠٢٢ دا کە مانگی کانوونی دووەم روونبین بڵاوی کردووەتەوە، هەر کۆمپانیای مانگانە چەندی وەرگرتووە وە کو شایستە و قەرز بەجیا روونکراوەتەوە). 
•    چارەکی چوارەم لە کۆی ٢ ملیار و ٤٥٢ ملیۆن و ٧٢٣ هەزار دۆلار کۆمپانیاکان بڕی ١ ملیار و ١ ملیۆن و ٣٢١ هەزار دۆلاریان وەرگرتووە کە دەکاتە رێژەی نزیکەی ٤١٪ ی هەموو داهات ، بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانەوە کە چاوەڕێمان دەکرد وەکو چارەکی سێهەم خەرجییەکان بەرێژەیەك کەمتر بێت، بەڵام لەم چارەکەدا بە پێچەوانەوە شایستەی کۆمپانیاکان بەرێژەی ٩.٤٪ زیادی کردووە بەراورد بە چارەکی سێهەم. ئەوە جگە لەوەی حکومەتی هەرێم بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکات کە خەرجی کۆمپانیاکان کەم کراوەتەوە ، بەڵام ئەم ڕاپۆرتانەو و ڕاپۆرتەکانی ساڵانی پێشوی دیلۆیت ئەو بانگەشانە پشتڕاست ناکەنەوە و بەڵکو هەندێك جار پێچەوانەکەی دەسەلمێنن. 


لە ڕاپۆرتی روونبین سەبارەت بە داهاتی وەرگیراوی کۆمپانیا نەوتییەکان لە ساڵی ٢٠٢٢ دا  ( لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ بڵاوکرایەوە)بە ووردی و  داهاتی  مانگانەی ١١ کۆمپانیا لە کۆی ١٤ کۆمپانیا کە لە کێڵگە بەرهەمهێنەکانی هەرێم کاردەکەن شیکراوەتەوە و لە ماوەی ساڵەکەدا  بڕی ٣ ملیار و  ١١٥ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆلاریان وەرگرتووە تەنها داهاتی کۆمپانیاکانی ( کار ، گازپرۆم و وێستێرن زاگرۆس)ی تیا بڵاو نەکراوەتەوە. هەروەها لە ڕاپۆرتی دیلۆیتدا کۆی ئەو  شایستە داراییانەی کە دراوە بە کۆمپانیانەوتییەکان برتیبووە لە ٤ ملیار و ٦٣٥ ملیۆن و ٥٠٨ هەزار دۆلار. بە بەراوردی ئەو دوو ژمارەیە  ئەگەین بەو دەرئەنجامەی بەیەکەوە کۆمپانیای کار، گازپرۆم و وێستێرن زاگرۆس بڕی ١ملیار و ٥١٩ و ٧٠٠ هەزار دۆلاریان وەر گرتووە کە دەکاتە  رێژەی نزیکەی ٣٣٪ ی هەموو داهاتی کۆمپانیاکان.


 هەرێمی کوردستان نەوتەکەی لە رێگەی بۆرییەوە دەگوازێتەوە بۆ هەناردەکردن لە بەندەری جەیهانی تورکیا و لەوێوە کڕیارانی نەوتی هەرێم باری دەکەن و دەیگەیەننە بازاڕەکانی جیهان. 
لە راپۆرتەکانی دیلۆیتدا دوو کرێی جیاواز هەیە بۆ گواستنەوەی نەوتی هەرێم ، یەکەمیان گواستنەوەی لەناو خاکی تورکیا تادەگات بە بەندەری جەیهان و دووەمیان لە کیڵگەکانی نەوتی هەرێمەوە تا دەگات بە خاڵی داخڵبوون و لە فیشخاپور و خاکی تورکیا.
4.    پارەدان لە بەرامبەر تاریفی کۆمپانیای وزەی توركی :
وەکو تاریفەی گواستنەوەی نەوت لە ناو خاکی تورکیادا کۆمپانیا وزەی تورکی  TEC،  بە بڕی جیا و رێژەی جیا لە هەرچارەکێکدا کرێی گواستنەوەی نەوتی وەرگرتووە. کاتێك شیکردنەوە بۆ ژمارەکان دەکەین و بەراوردیان دەکەین بەو بڕە نەوتەی کە لەو ماوەیەدا بە بۆری تورکیا- عێراقدا تێپەڕیوە  جیاوازی دەبینین لە نرخەکاندا بەم شێوەیە: 
چارەکی یەکەم: بڕی ٣٦،٤٥٣،٥٩٠ بەرمیل هەناردەکراوە  لەرێی بۆرییەوە و کۆمپانیای وزەی تورکی بڕی ١٢٧ملیۆن و ٤٥٥ هەزار و ٧٥ دۆلاری وەر گرتووە کە دەکاتە ٣.٤٩٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك.
چارەکی دووەم : بڕی ٣٧،٧٨٠،٠٢٥ بەرمیل هەناردەکراوە لە ڕێی بۆرییەوە لە بەرانبەردا بڕی ٢١٤ ملیۆن و ٨٠٣ هەزار و ٢٣ دۆلار وەرگیراوە لە لایەن کۆمپانیا کەوە کە دەکاتە ٥.٦٨٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك. 
چارەکی سێهەم: بڕی ٣٥،٩٧٧،٥٧١ بەرمیل هەناردەکراوە لەرێی بۆرییەوە لە بەرانبەردا بڕی ١٢٦ ملیۆن و ٣٣٥ هەزار و ٦٠٨ دۆلار لە لایەن کۆمپانیاکەوە وەرگیراوە کە دەکاتە ٣.٥١٢  بۆ هەر بەرمیلێك نەوت.
چارەکی چوارەم : بڕیی ٣٥،٨٧٦،٠٩٦ بەرمیل نەت لەڕیی بۆرییەوە هەناردەکراوە و کۆمپانیا بڕی ١٤٩ ملیۆن و ٥٣٦ هەزار و  ٩٦ دۆلاری لە بری گواستنەوە و تاریفەی ناو تورکیا وەرگرتووە کە دەکاتە ٤.١٦٨ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك.


ئەو پرسیارەی لەم بڕگەیەدا لامان دروست بووە ئەوەی، دیاری کردنی گواستنەوە لە ناو تورکیادا لە سەر ج بنەمایەك دیاری دەکرێت؟ ئایا نرخەکە پەیوەستە بە بڕی نەوتی هەناردەوە ( بە بەرمیل) چەند هەناردە دەکرێت و بە بۆرییەکەدا تێ دەپەڕێت؟ یان پەیوەستە بە نرخی نەوتەوە و بە پێی نرخ تاریفەکە دەگۆڕێت؟ یاخود  بۆ هەر بەرمیلێكنرخیکی جێگیر دیاری کراوە؟
 کاتێك شیکردنەوە دەکەین بۆ ژمارەکان ناگەین بە دەرئەنجامێك کە هیچ کام لەم گریمانانە نەبێت کە باسمان کرد. بۆیە پێویستی بە روونکردنەوە هەیە لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە. 

5.    بڕی پارەی دراو بۆ کۆمپانیای بۆریی كوردستان
 بەشی دووەم کرێی گواستنەوە لە ناو هەریمدایە، ئەو بڕە پارەی هەرێم لە بری گواستنەوەی نەوت لە ڕێی بۆری لە ناو هەرێمی کوردستاندا داویەتی بە کۆمپانیای بۆری کوردستان( رۆسنفت و کار گروپ) جیاوازی و گۆڕانی زۆری تێدایە لە چارەکێکەوە بۆ چارەکێکی تر. لە گەڵ ئەوەی بەراورد بە ساڵانی پێشوو لە ٢٠٢٢ دا ئە و بڕە پارەیە بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، کە دەکرێت هۆکارەکەی بگەڕینیینەوە بۆ ئەوەی،  هەرێم پاش ئەوەی رەخنەی زۆری لێ دەگیرا کە بڕێکی زۆر زیاتر  پارە لە وەی کە دەیدات بە گواستنەوە لە ناوتورکیادا دەدات بە گواستنەوەی ناو هەرێم لە کاتێکدا ماوەی دوری کێلگەکان تا سنوری تورکیا زۆر کەمترە لەوەی لە سنوری هەرێم تا دەگات بە بەندەری جەیهانی تورکیا، بۆیە ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن گرێبەستی گواستنەوەکە هەموار کرابێتەوە بۆیە تێجوی گواستنەوە کەمی کردووە لە ناو هەرێمدا. 
لەگەڵ ئەوەشدا بەرزو نزمییەکی زۆر هەیە لە و بڕە پارەیەی کە لە ماوی ساڵی ٢٠٢٢ دا دراوە بە گواستنەوەی ناو هەرێم لە رێی بۆرییەوە. 
لە چارەکی یەکەمدا  ١٢١،١٦٥،٢٩٢ دۆلار وەرگیراوە  لە چارەکی دووەمدا  کەم بووەتەوە بۆ ٣٦،٤٠٦،٩٦٩ دۆلار  بەڵام لە چارەکی سێهەمدا جارێکی تر بەرزبووەتەوە بۆ ١٠٦،١٩٢،٣٨٥ دۆلار  لەکاتێکدا لە چارەکی چوارەمدا تەنها ١٠ ملیۆن دۆلار دراوە بە کرێی گواستنەوە. 
هەمان پرسیاری سەرەوە سەبارەت بە بنەمای دیاری کردنی نرخی گواستنەوە لە ناو تورکیادا بۆ گواستنەوەی ناو هەرێم دروستە. لەسەر چ بنەمایەك و بە چ میکانزمێك نرخی گواستنەوە لەرێی بۆرییەوە دیاری دەکرێت؟ ئەو زیاد و کەمە زۆرە جێی پرسیارە و وەڵامیان پێویستە. 

دانەوەی قەرز:
لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ دا  بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت تەنها لە چارەکی یەکەمدا حکومەتی هەرێم بڕی ١٢٥ ملیۆن دۆلار وەکو قەر داوەتەوە بە دوو کۆمپانیای تورکی کۆمپانیای وزەی تورکی و کۆمپانیای پێترۆلی نێودەوڵەتی تورکی((TEC, TPIC ، ئەمە بەو مانایە نایەت هەرێم قەرزی  تری نەداوەتەوە، بەڵکو وەکو لەسەرەوە باسمان کرد هەرێم زیاد لە ٧٤٣ ملیۆن دۆلار قەرزی شایستە دواخراوەکانی کۆمپانیا نەوتییەکانی  داوەتەوە  هەروەها گۆڕانکاری لە حسابی کڕیارانیشدا بریتی بووەلە ٤٦٨ ملیۆن دۆلار   کەواتە هەرێم توانیویەتی لەماوەی ساڵی ٢٠٢٢ دا نزیکەی بڕی  ١ ملیار و ٤٦٠ ملیۆن دۆلار قەرز بداتەوە،  لەمەشدا بەرزی نرخی نەوت لەماوەی ساڵەکەدا  یارمەتیدەری سەرەکی بووە بۆ ئەوەی هەرێم بتوانێت ئەو قەرزانە بداتەوە.
6.    پوختەی پارەی ماوە بۆ هەرێم:
پوختەی داهاتی نەوت  کە لەدوای هەموو تێجووەکان  بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە لە نیوەی  یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ دا بەراورد بە نیوەی کۆتایی ساڵی ٢٠٢١  کەمی کردووە بەشێوەیەك  لە چارەکی سێهەم و چوارەمی ٢٠٢١ دا رێژەی ٤٦.٦٪ و ٤٢.٦٪ بەدوای یەکدا بۆ حکومەت ماوەتەوە لە کاتێکدا لە چارەکی یەکەم و دووەمی ٢٠٢٢ دا رێژەکە دابەزیوە بۆ ٤٣.٨٪ و ٤١.٤٪ .

بەڵام تێبینی دەکرێت رێژەی داهاتی گەڕاوە لە فرۆشی نەوت لە چارەکی ٣ی ساڵی ٢٠٢٢ دا بەرزبووەتەوە بۆ ٥١.٤٪ی کۆی داهاتی فرۆشی نەوت، ئەمش دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی لەم چارەکەدا شایستەی کۆمپانیاکان بەرێژەیەکی بەرچاو بەراورد بە چارەکی پێشتر کەمی کردووە و هەروەك لە سەرەوە لەبەشی داهاتی کۆمپانیاکان روونمان کردەوە. 
 بەڵام جارێکی تر لە چارەکی کۆتایی ساڵی  ٢٠٢٢ رێژەکە دابەزیوە بۆ ٤٨.٥٪  لە کاتێکدا چاوەڕی دەکرا لە بەر ئەو هۆکارانەی لەسەرەوە رونکراوەتەوە داهاتی هەرێم زیادی بکردایە و رێژەکە زیاتر بووایە ( قەرزی کۆمپانیاکانی بەرهەم هێنی نەوت دراوەتەوە  لەگەڵ ئەوەی تەنها ١٠ ملیۆن دۆلاریش بۆ کرێی گواستنەوەی ناو هەرێم دراوە بە کۆمپانیای گواستنەوە لە کاتێکدا ئەم بڕە ١٠٦ ملیۆن دۆلار زیاتربووە لە چارەکی سێهەمدا.)

خشتەی ڕێڕەوی دارایی داهاتی نەوت لە هەر چوار چارەکی ساڵی ٢٠٢٢دا

 
ئەنجام گیری: 
1-    ئاستی بەرهەمی هەرێم بەجۆرێك لە جۆرەکان سەقامگیرە و بەرهەم راستە زیادی نەکردووە بەڵام بەرێژەیەکی زۆریش کەمی نەکردووە. تێکڕای بەرهەمی رۆژانە بریتی بووە لە ٤٣٣ هەزار و ٧٢٦ بەرمیل. 
2-    نەوتی تەرخانکراو بۆ پاڵاوگەکانی وەزارەتی  سامانە سروشتییەکان لە چارەکی ٤دا بەڕێژەی٤١٪ زیادی کردووە کە ئەمە کارێکی باشە و پوێستە زیاتریش بکرێت تاوەکو پێداویستی ناوخۆ لە سوتەمەنی پربکرێتەوە.
3-    راپۆرتەکە پێمان دەڵێت هەرێمی کوردستان لە ٦ مانگی کۆتایی ساڵدا  نرخی فرۆشی نەوتی هەرێم بەراوردبە ٦ مانگی سەرەتای ساڵ  بەداشکاندنی زۆر فرۆشراوە کە لە نێوان ١٧ بۆ ١٩ دۆلار کەمتر لە نرخی پێوەری  برێنت  بووە لە کاتێکدا پێشتر ئەم داشکاندنە لە ١١ بۆ ١٢ دۆلار بووە، هۆکارەکەشی بۆ  ئەو فشارانەیە کە بەهۆی بڕیارەکەی دادگای ئیتحادی دژی هەرێم سەبارەت بە نادەستوری بوونی یاسای نەوت و گازی هەرێم دەریکرد،کە لەسەر بنەمای ئەو یاسایە گرێبەستەکانی نەوت لەهەرێم ئەنجامدراوە، دوابەدوای ئەوەش فشاری بەردەوامی وەزارەتی نەوتی عێراق  لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان  بەرادەستکردنی هەموو بەرهەمی نەوتی هەرێم و هەڕەشەکردنی بەغدا لە کۆمپانیا نەوتییەکان و ڕاپێچی دادگا کردنیان لەپاڵ هەڕەشەی گرتنەبەری رێکاری یاسایی دژی کڕیارانی نەوتی هەرێم و  بە کارهێنانی دەستەواژەی"نەوتی قاچاخ" بۆ نەوتی هەرێم  لە لایەن بەرپرسانی نەوتی حکومەتی فیدراڵەوە.  ئەمانە هەمووی هۆکارن کە هەرێم ناچار بکات داشکاندنی زۆر بۆ نەوتەکەی بکات تاوەکو سەرنجی کڕیاران رابکێشیت  بەلای خۆیدا، بەم هۆیەشەوە لەگەڵ بەرزی نرخی نەوتی جیهانیدا هەرێم بەهەرزان نەوتەکەی بفرۆشێت و سودی زۆر لە بەرزی نرخ نەبینێت.
4-    هەست ناکرێت خەرجی کۆمپانیاکانی بەرهەم هێنی نەوت کەمی کردبێت بە پێچەوانەی بانگەشەکانی حکومەتەوە بەتایبەت لە ٥ مانگی کۆتایی ساڵدا. 
5-    کرێی بۆری هەرێم بۆ یەکەمجارە لەساڵی ٢٠٢٢ دا کەمترە لە کرێی گواستنەوەی تورکیا و بەڵام بەرز و نزمییەکی زۆر هەیە لە کرێی بۆرییەکەدا کە جێگەی پرسیارە و پێویستی بەڕوونکردنەوەیە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە.
6-    بەرێژەیەکی کەم لە نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ دا پوختەی داهاتی هەرێم  بەرێژەیەکی کەم زیادی کردووە بەڵام چاوەڕیی زیاتر دەکرێت.
 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand