كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەبەرژەوەندی بافڵ تاڵەبانی بڕیاریدا
2023-02-13 20:39:25
درەو:
سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە (درەو)ی راگەیاند: ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە رۆژی سێشەممە 7/2/2023 وەڵامی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كرودستانیان لە بەغداد داوەتەوە ( سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگای ئاسایشی هەولێر و تانەكەی لاهور شێخ جەنگی لە بڕیارەكەی پێشوی كۆمسیۆن) رایانگەیاندووە" گۆڕانكارییەكانی ناو یەكێتی یاساییەو دادگای ئاسایشی هەولێر دەتوانێت موفاتەحەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بكات كە بەڵگەنامە تایبەتەكانی حزبی بۆ بنێرێت"
ئەمە دووەم بڕیاری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقە كە لەبەرژەوەندی بافڵ تاڵەبانی دەردەچێت، لە رۆژی 31/1/2023 بڕیاریدا گۆڕانكارییەكانی ناوخۆی یەكێتی یاسایین و بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیە.
نزیكەكانی لاهور شێخ جەنگی بە (درەو)یان راگەیاند: بافڵ تاڵەبانی فشاری زۆری كردووە كە نابێت كۆمسیۆن لەدژی بڕیار بدات و سەردانی لایەنە عێراقیەكانی كردووە بۆ ئەو مەبەستە.
دادگای ئاسایشی هەولێر لە 1/2/2023 لەبەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی بڕیاریداو لاهور شێخ جەنگی وەك هاوسەرۆكی یەكێتی ناساند" یەكێتی لەلایەن دوو هاوسەرۆكەوە بەڕێوە دەبرێت ئەوانیش هاوسەرۆك(بافڵ جەلال حسامەدین) و هاوسەرۆك ( لاهور جەنگی بورهان)"
لە رێگەی ئەم نوسراوەوە لاهور شێخ جەنگی تانەی دا لە نوسراوەكەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق كە یەكێتی هاوسەرۆكی هەڵوەشاندووەتەوەو ئێستا لەلایەن (بافڵ تاڵەبانی)یەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، بەڵام كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق جارێكی تر تانەكەی لاهور شێخ جەنگی و بڕیارەكەی دادگای ئاسایشی هەولێری رەتكردەوە.