پرۆسەی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2022)دا
2023-02-16 15:10:32
شیكاری: درەو
بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تەواوی ساڵی (2022)دا؛
# زیاتر لە (144 ملیۆن و 404 هەزار) بەرمیل نەوتی خاو بە تێکڕای ڕۆژانەی (395 هەزار و 628) بەرمیل لە بازاڕەکانی جیهان فرۆشراوە.
# تێکڕای بەهای بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان (100.78) دۆلار بووە، بەڵام حکومەتی هەرێم بەتێکڕا نەوتی بە (85) دۆلار فرۆشتووە.
# کۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە زیاتر بووە لە (12 ملیار و 331 ملیۆن و 417 هەزار) دۆلار. بڕی (6 ملیار و 712 ملیۆن و 556 هەزار و 807) دۆلاری بەڕێژەی (54%) چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە. بڕی (5 ملیار و 709 ملیۆن و 704 هەزار و 87) دۆلاری بەڕێژەی (46%) گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حکومەتی هەرێم.
# کرێی بۆری نەوتی هەرێم بە ئاستێکی پێوانەیی دابەزیوە بۆ کەمتر لە (2) دۆلار و بە ڕێژەی (2.2%)ی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی هەناردەکراو.
# بڕی (1 ملیۆن و 466 هەزار و 797) بەرمیل نەوتی خاو بە تێکڕای رۆژانەی (4 هەزار و 18) بەرمیل، بە تێکڕای نرخی نزیکەی (61.4) دۆلار و بە کۆی بەهای (90 ملیۆن و 843 هەزار و 46) دۆلار لەناوخۆدا فرۆشراوە.
# زیاتر لە (10 ملیۆن و 758 هەزار) بەرمیل نەوتی خاو لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە ڕادەستی پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان کراوە، بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لە پێداویستییەکانی ناوخۆ.
داهات و خەرجی پرۆسەی نەوتی هەرێم بۆ ساڵی (2022)
ڕۆژی (14/2/2023) کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینی پرۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتەکانی خۆی بۆ دوو چارەکی کۆتایی ساڵی (2022) بڵاو کردەوە، بەم بڵاوکراوانەش کۆتایی بە سەرجەم وردبینییەکانی دیلۆیت بۆ ساڵی ناوبراو هات.
بەپێی ئەو ئامارو وردبینیانەی کۆمپانیای دیلۆت بۆ نەوتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2022)دا بڵاوی کردووتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تەوای ساڵەکەدا بڕی (144 ملیۆن و 404 هەزار و 412) بەرمیل نەوتی بەتێکڕای رۆژانەی (395 هەزار و 628) بەرمیل لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە هەناردەی بازاڕوکانی جیهان کردووە، بە تێکڕا بەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە (85) دۆلار فرۆشراوە و کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (12 ملیار و 331 ملیۆن و 417 هەزار و 848) دۆلاری ئەمریکی (بڕوانە خشتەی ژمارە (1))
خشتەی ژمارە (1)
ئەوەی جێگەی سەرنجە، بەردەوام پرۆسەی نەوتی هەرێم خەرجی و تێچووەکانی گەورە ترە لەو داهاتەی بۆ حکومەتی هەرێم دەمێنێتەوە، بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت کۆی نەوتی خاوی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2022)دا بە هەردوو شێوەی (بۆری و فرۆشتنی ناوخۆ) بەهاکەی بریتی بووە لە (12 ملیارو 422 ملیۆن و 260 هەزار و 894) دۆلاری ئەمریکی، لەو بڕەش (6 ملیار و 712 ملیۆن و 556 هەزار و 807) دۆلاری بە ڕێژەی (54%) چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە، تەنها بڕی (5 ملیار و 709 ملیۆن و 704 هەزار و 87) دۆلاری بە ڕێژەی (46%) گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بۆ وردەکاری زیاتر (بڕوانە خشتەی ژمارە (2))
خشتەی ژمارە (2)
کرێی بۆری نەوتی هەرێم بۆ ساڵی (2022)
بەپێی وردبینیەکانی کۆمپانیای دیلۆت، کرێی بۆری و گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی تورکی، لە ڕابردوودا یەکێك بوو لەو خەرجییە گەورانەی سەرنجی چاودێرانی بوارەکەی ڕاکێشابوە، بەڵام لە ساڵی (2022) بەڕادەیەکی باش کرێی برێی گواستنەوە دابەزیوە _ئەگەر حکومەتی هەرێم تەواوی ئەو کرێیەی خەرج کردبێت و بە قەرز لەسەری کەڵەکە نەبووبێت؟_ چونکە بە تێکڕا لە تەواوی ساڵی (2022)دا (2.2%)ی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ کرێی گواستنەوە بۆری خەرج کراوە، ئەمەش دابەزینێکی گەورەیە لە خەرجی کرێی بۆری بەراورد بە ساڵی (2021) کە ڕێژەی (10%)ی داهاتی نەوتی هەناردەکراو بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کرابوو. بەم پێیەش گواستنەوەی هەر بەرملێک لە (6) دۆلارەوە دابەزیوە بۆ (1.9) دۆلار لە ساڵی (2022)دا (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)).
بەجۆرێک ئەو (144 ملیۆن و 404 هەزار و 412) بەرمیل نەوتەی لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کردووە، کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (12 ملیار و 331 ملیۆن و 417 هەزار و 848) دۆلاری ئەمریکی بڕی (274 ملیۆن و 818 هەزار و 646) دۆلاری دراوە بە خاوەن پشکەکانی بۆری نەوتی کوردستان (بڕوانە خشتەی ژمارە (4)) کە لە خاکی هەرێمی کوردستاندا هەردوو کۆمپانیای (کار و رۆسنەفت)ن لە خاکی تورکیاشدا خاوەندارێتییەکەی بۆ (کۆمپانیای وزەی تورکی) دەگەڕێتەوە.
خشتەی ژمارە (3)
خشتەی ژمارە (4)
هەراج کردنی نەوتی هەرێم
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت هەرزان فرۆشتن و هەڕاجکردنی نەوتی هەرێم بەردەوامەو لە ساڵی (2022) نەوتی هەرێم بە تێکڕا (15.79) دۆلار لە خوار نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان فرۆشراوە (خشتەی ژمارە (5)) ئەو ڕاستییە زۆرتر ڕووندەکاتەوە.
خشتەی ژمارە (5)
نەوتی هەرێم و پاڵاوگەکانی ناوخۆ
پاڵاوگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان (4) پاڵاوگەی فەرمییە، پێکەوە ڕۆژانە توانای پاڵاوتنی (256 هەزار) بەرمیل نەوتی خاویان هەیە بۆ بەرهەمهێنانی پێداویستییەکانی سوتەمەنی و وزە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی پێویستیان بۆ دابین ناکات.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە بڕێک نەوتی خاو دەدات بە پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان و لە بەرامبەردا حکومەت بڕێک پارە دەدات بە پاڵاوگەکان بۆ مەبەستی پڕکردنەوەی بەشێک لە پێداویستییەکانی ناوخۆ، بەڵام بڕەکە زۆر لەوە کەمترە کە پێداویستییەکانی ناوخۆ پڕ بکاتەوە (بڕوانە خشتەی ژمارە (6)) کە بڕی ئەو نەوتە خاوە نیشان دەدات کە پاڵاوگەکان لە ماوەی ساڵی (2022) پێیان دراوە، کە بۆ تەواوی ساڵەکە (10 ملیۆن و 758 هەزار و 288) بەرمیل نەوتی خاو بووە. واتە بە جۆرێک ئەو ماوەیە کە دەکاتە (365) ڕۆژ و ئەگەر ئەو بڕە نەوتە دابەشی ڕۆژەکان بکەین دەکاتە (29 هەزار و 474) بەرمیل نەوتی خاوی ڕۆژانە.
خشتەی ژمارە (6)
جگە لەوەی پاڵاوگەکان ڕۆژانە بڕێک نەوتی خاو بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەپاڵێون (وەک لە خاڵی پێشتر ئاماژەی پێکراوە)، ڕۆژانە بڕێکیش نەوتیان پێ دەفرۆشێت، بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵی (2022) دا بڕی (1 ملیۆن 466 هەزار و 797) بەرمیل نەوتی بە تێکڕای نرخی (61.36) دۆلار بە پاڵاوگەکان فرۆشتووە، کە بۆ هەر ڕۆژێک (4 هەزار و 18) بەرمیل بووە. کۆی داهاتەکەی دەکاتە (90 ملیۆن و 843 هەزار و 46) دۆلار بووە، بۆ بەرچاو ڕونی زیاتر بڕوانە (خشتەی ژمارە (7))
خشتەی ژمارە (7)
سەرچاوەکان
- سایتی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛
• بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی کانونی دووەمی 2022 تاکو ٣١ی ئاداری 2022.
• بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی نیسانی 2022 تاکو ٣٠ی حوزەیرانی 2022.
• بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی تەمموزی 2022 تاکو٣٠ ئەیلوولی 2022.
• بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی تشرینی یەکەمی 2022 تاکو٣١ کانونی یەکەمی 2022.
- Country economy, Crude Oil Brent US Dollars per Barrel
https://countryeconomy.com/raw-materials/brent?year=2022