Draw Media

شێخ نەهرۆ نێوەندگیریی دەكات

شێخ نەهرۆ نێوەندگیریی دەكات

2023-02-17 12:39:31


 (درەو):
شێخ نەهرۆ كەسنەزانیی نێوەندگیری پارتی و یەكێتی دەكات، مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی بینی، مەسرور بارزانی رایگەیاندووە" یەكێتی كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی هەردولای راگرتووە، دەرگای ئەنجومەنی وەزیرانیش بەبێ مەرج بۆ تیمی یەكێتی واڵایە"
شێخ نەهرۆ كەسنەزانیی رێبەری تەریقەتی قادری، رۆژی 9ی ئەم مانگە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بینی‌و دوای گەڕانەوەی لە هەولێر، لە سلێمانی سەردانی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی كرد. 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، شێخ نەهرۆ هەوڵی نێوەندگیری داوە لەنێوان پارتی‌و یەكێتیی، بەڵام وەڵامێكی ئەوتۆی دەستنەكەوتووە. 
(درەو) زانیویەتی، مەسرور بارزانی لەبارەی كێشەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتییەوە بە شێخ نەهرۆی راگەیاندووە" ئەوەی پەیوەندی بە حكومەتەوە هەیە، با یەكێتیی بەبێ مەرجی پێشوەختە لە ئەنجومەنی وەزیران باسی كێشەكانی بكات، ئەوەی پەیوەندی بە حزبیشەوە هەیە دەتوانن لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی گفتوگۆی لەسەر بكەن‌و ئێستا مەكتەبی سیاسی پارتی چاوەڕوانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی دەكات بۆ كۆبونەوە‌و كۆبونەوەكان لەلایەن یەكێتییەوە راگیراوە". 
شێخ نەهرۆ دواین كەسە هەوڵی نێوەندگیری سیاسیی دەدات،  لەم ساڵانەی دوایدا چەندین كەسایەتی لە كاتی دروستبوونی كێشە سیاسییەكاندا هەوڵی نێوەندگیرییان داوە لەوانە هەریەكە لە (دكتۆر عەلی قەرەداغی، شێخ مەحمودی حەفید، محەمەدی حاجی مەحمود)، لەسەر ئاستی دەرەوەش ئێرانییەكان‌و ئەمریكییەكان هەوڵی نێوەندگیرییان داوە. 
لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا دیارترین ئەو ناوانەی كە هەوڵی نێوەندگیرییان داوە لەنێوان پارتی‌و یەكێتیی لەسەر ئاستی ناوخۆ‌و دەرەوە بریتی بوون لە هەریەكە لە:
•    عەزیز محەمەد- رەشید عەبدولقادر- دكتۆر بارام- دكتۆر مەحمود عوسمان- عەبدوڵا ئاغای پشدەری لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستان
•    ئاغای (شەهلایی)‌و ئاغای (محەمەدی)‌و سەردار (جەعفەری)‌و قەرارگای رەمەزان لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە
•    ئەفسەر (پۆپ) لە دەزگای هەواڵگری ئەمریكا- (پیللترۆ) لە وەزارەی دەرەوەی ئەمریكا- (دۆیچ)- خانم (ئەلیزابێت جۆنز)
•    تورك‌و فەڕەنسییەكان‌و لایەنەكانی موعارەزەی عێراقی بەر لە كەوتنی سەددام بەدیاریكراویش كۆچكردوو (ئەحمەد چەلەبی) 
رۆژی 28ی كانونی دووەمی رابردوو، دوای دوای نزیكەی دوو مانگ ناكۆكی‌و دابڕان، وەفدێكی مەكتەبی سیاسی پارتی هاتە سلێمانی‌و لەگەڵ مەكتەبی سیاسی یەكێتیی كۆبووەوە. 
بەپێی قسەی هەردوولا، لەو كۆبونەوەیەدا پارتی‌و یەكێتیی بە راشكاوییەكی زۆرەوە قسەیان لەگەڵ یەكتر كردووە سەبارەت بە كێشەكانی نێوانیان، بڕیاربوو ئەم كۆبونەوانە درێژەی هەبێت، بەڵام دەرچوونی بڕیارێك لە دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێرەوە كە تێیدا لاهور شێخ جەنگیی وەكو هاوسەرۆكی یەكێتیی دەناسێنێت، كۆبونەوەكانی نێوان مەكتەبی سیاسی هەردوو حزبی راگرت. 


 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand