یەكێتیی بكشێتەوە حكومەت هەڵدەوەشێتەوە ؟
2023-02-14 18:28:04
راپۆرت: درەو
پەیوەندیەكانی یەكێتی و پارتی بەرەو لێكترازانی تەواوەتی دەچێت، یەكێتی نیگەرانە لە دەستوەردانەكانی پارتی، پارتیش بێمنەتە لە هەنگاوەكانی یەكێتی، تیمی یەكێتی بەردەوامن لە بایكۆتی ئەنجومەنی وەزیران، لە حاڵەتی كشانەوەی تەواوەتی تیمی یەكێتیی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەپێی یاسا كابینەكە دەكات بە كابینەیەكی هەڵوەشاوەو كاربەڕێكەر، بەڵام مەسرور بارزانی دەتوانێت بۆ پارێزگاری لە كابینەكەی، دەستلەكاركێشانەوەی تیمی یەكێتی پەسەند نەكات تا ئەوكاتەی بڕیاری سازدانی هەڵبژاردنێكی نوێ دەدرێت، دۆخی ئێستای پەیوەندییەكانی پارتیو یەكێتیی لەم راپۆرتەدا.
لە پارتییەوە بۆ یەكێتیی !
بەپێچەوانەی ئەوەی چاوەڕوان دەكرا لەچارەسەر نزیك ببنەوە، پەیوەندییەكانی نێوان پارتیو یەكێتیی وەكو دوو پێكهێنەری سەرەكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانو دوو هێزی دەسەڵاتداری هەرێم، تادێت بەرەو گرژی زیاتر دەڕوات.
بەمدواییە چەند هەنگاوێك بەئاڕاستەی چارەسەری ناكۆكییەكان هەڵگیرا، مەكتەبی سیاسی پارتی سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی كردو بڕیار بوو كۆبونەوەكان درێژەی هەبێت، وەكو خۆیان باسیان كرد لە یەكەم كۆبونەوەدا زۆر بە "راشكاوی" گفتوگۆیان لەگەڵ یەكتر كردووە، بەڵام پشتیوانی دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر لە كەیسی لاهور شێخ جەنگیی وەكو هاوسەرۆكی یەكێتیی، جارێكی تر هەوڵەكانی ئاشتەوایی لەنێوان پارتیو یەكێتی گەڕاندەوە بۆ خاڵی سفرو كۆبونەوەی دووەم لەنێوان مەكتەبی سیاسی هەردوو حزب تەگەرەی تێكەوت.
یەكێتیی نیگەرانە لە بڕیارەكەی دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر كە تێیدا لاهور شێخ جەنگی وەكو هاوسەرۆكی یەكێتیی دەناسێنێتو دان بە گۆڕانكارییەكانی ناوخۆی یەكێتیدا نانێت، یەكێتییو بە دیاریكراویش بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی ئەو حزبە، ئەم بڕیارەی دادگای هەولێر وەكو دەستوەردانی پارتی لە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتیی لێكدەداتەوەو لەمبارەیەوە یەكێتی بەفەرمی نیگەرانی خۆی بە پارتی گەیاندووە.
لەبەرامبەردا، پارتی نیگەرانە لەو هەنگاوانەی بەمدواییە یەكێتیی لە بەغداد هەڵیگرتووە، بەدیاریكراویش لە پرسی داڕشتنی یاسای نەوتو غازی فیدراڵو یاسای بودجەی 2023ی عێراق، بەتایبەتیش لەوەدا یەكێتی دەیەوێت لەو دوو یاسایەدا لە مەركەزیەتی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم بداتو پەرە بە لامەركەزیەتی پارێزگاكانو مامەڵەی سەربەخۆ بدات لەگەڵ حكومەتی ناوەنددا، . بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، پارتی وەڵامی نیگەرانییەكانی یەكێتیی داوەتەوەو بێباكیشی پێوە دیارە: ئەگەر یەكێتیی بەبێ مەرج دەگەڕێتەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، دەتوانێت بگەڕێتەوە، ئەگەر یەكێتیی ناگەڕێتەوە، هەر هەنگاوێك كە پێی باشە، دەتوانێت بیگرێتەبەر.
لە بایكۆتەوە بۆ كشانەوە !
زیاتر لە چوار مانگە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانو سەرۆكی تیمی یەكێتیی لە حكومەت نەچوەتە ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانو (بایكۆت)ی كردووە، رۆژی 11ی كانونی یەكەمیش، واتە كۆتا مانگی ساڵی رابردوو، هەموو تیمی یەكێتی لە حكومەت لە گروپی "واتساپی" ئەنجومەنی وەزیران كشانەوەو بایكۆتی كۆبونەوەكانی حكومەتیان كرد، بەڵام هێشتا وەزیرەكانی یەكێتیی كە ژمارەیان (6) وەزیرە، لە بینای وەزارەتەكانیان دەوامی فەرمی خۆیان دەكەنو بەتەواوەتی لە حكومەت نەكشاونەتەوە، جگە لە (شۆڕش ئیسماعیل) وەزیری پێشمەرگە كە دەستلەكاركێشاوەتەوە هەروەها (خالید شوانی) كە شوێنەكەی وەكو وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغداد بەتاڵ بووە بەهۆی ئەوەی پۆستی وەزیری دادی عێراقی وەرگرتووەو هێشتا پۆستەكەی پڕنەكراوەتەوە.
چوار مانگە ناكۆكییەكانی پارتیو یەكێتیی تەقیوەتەوەو هێشتا دوو هێزە دەسەڵاتدارەكە نەگەیشتوونەتە چارەسەر، پارتی هۆكاری تەقینەوەی ناكۆكییەكان دەگێڕێتەوە بۆ كەیسی كوژرانی عەقید (هاوكار جاف) لە تەقینەوەكەی هەولێردا، یەكێتیش هۆكارەكەی بۆ "تاكڕەوی لە حوكمڕانی"دا دەگێڕێتەوەو لەمەشدا بەدیاریكراوی مەبەستی لە مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانە.
ئەگەری گەڕانەوەی تیمی یەكێتی بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت تادێت دورتر دەكەوێتەوە، بەتایبەتیش بەمدواییە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی لە كۆبونەوەیەكی لایەنەكانی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتدا، لەبەرچاوی سەركردەی لایەنە عێراقییەكانو فوئاد حسێن ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی وتویەتی" حكومەتی هەرێم حكومەتی پارتییەو یەكێتیی تاوتوێی كشانەوە لە حكومەت دەكات".
یەكێتیی بكشێتەوە حكومەت هەڵدەوەشێتەوە ؟
ئێستا كە پەیوەندییەكان گرژی زیاتری تێكەوتووە، ئەگەر وەكو ئەوەی بافڵ تاڵەبانی لە كۆبونەوەكەی بەغداد وتویەتی، یەكێتیی كۆتایی بە (بایكۆت) بهێنێتو یە یەكجاری لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم (بكشێتەوە)، ئایا بەگوێرەی یاسا كابینەكە بە دەستلەكاركێشاوە ئەژمار دەكرێت یاخود نا؟
ئەو یاسایەی كە وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە، یاسای ژمارەی (3) ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانە كە لە 16ی ئەیلولی ساڵی 1992دا دەرچووەو (10) جار هەموار كراوە، بەڵام ئەو بڕگەیەی ناو ماددە یاساییەكە كە تایبەتە بە كشانەوەی وەزیرەكان، وەكو خۆی ماوەتەوەو هیچ هەموارێكی تێدا نەكراوە.
بڕگەی (1) لە ماددەی (یانزەیەم)ی ئەم یاسایە دەڵێ" لە حاڵەتی لادانی سەرۆكدا یا وازهێنانی، یاخود وازهێنانی زۆربەی ئەندامانی ئەنجومەن، وا دادەنرێ كە وەزارەت وازی لە كار هێناوە، بەڵام ئەگەر وەزارەتەكە (مەبەستی لە كابینەكەیە) هاوپەیمانی بوو لەنێوان دوو دەستە سەرەكییەكەی ناو پەرلەمانی كوردستان، ئەگەر وەزیرانی هەر لایەكیان بە كۆمەڵ لە وەزارەت كشانەوە، وا دادەنرێت كە وەزارەتەكە وازی لە كارهێناوە".
بەگوێرەی ئەم بڕگەیە، لەحاڵی كشانەوەی یەكێتیدا لە حكومەت، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بە دەستلەكاركێشاوە ئەژمار دەكرێت، بەوپێیەی ئێستا یەكێتی یەكێكە لە دەستە سەرەكییەكانی ناو پەرلەمانو لە دوای پارتییەوە لەناو پەرلەمانی كوردستاندا زۆرترین كورسی هەیە.
بەڵام بەگوێرەی بڕگەی (2) لە هەمان یاسا، تەنانەت ئەگەر یەكێتیش لە حكومەت بكشێتەوەو حكومەت بە دەستلەكاركێشاوە ئەژمار بكرێت، كابینەی نۆیەم هەر بەردەوام دەبێت، چونكە بڕگەی (2)ی ماددەكە دەڵێ" ئەندامانی ئەنجومەن تا كاتی پێكهێنانی وەزارەتێكی نوێ (مەبەستی كابینەیەكی نوێیە)، لەسەر بەڕێوەبردنی ئەركە رەسمییەكانیان بەردەوام دەبن".
بەڵام لە ساڵی 1999دا، پەرلەمانی كوردستان هەموارێكی لەم ماددەی (یانزەیەم)ی ئەنجومەنی وەزیراندا كردووەو بڕگەی (3)ی بۆ ماددەكە زیادكردووە.
بڕگەی (3)ی ماددەی (یانزەیەم)ی ئەنجومەنی وەزیران دەڵێ" سەرۆك بۆی هەیە دەستلەكاركێشانەوەی وەزیر قبوڵ بكات".
بەپێی ئەم بڕگەیە، لەحاڵی كشانەوەی بەكۆمەڵی وەزیرەكانی یەكێتیی لە كابینەی نۆیەم، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بۆی هەیە لەژێر هەر بەهانەیەكدا دەستلەكاركێشانەوەكەیان قبوڵ نەكات، ئەمە وادەكات كابینەی نۆیەم بەبێ یەكێتیش وەكو خۆی بەردەوام بێتو بە كابینەی كاربەڕێكەر ئەژمار نەكرێت، سەرۆكی حكومەت دەتوانێت ئەم بڕگەیە بەكاربهێنێت بۆ ناچاركردنی یەكێتیی بە ملدان بۆ سازدانی هەڵبژاردنێكی نوێ.
خۆ ئەگەر مەسرور بارزانی دەستلەكاركێشانەوەكانەوەی بەكۆمەڵی تیمی یەكێتیی لە حكومەت قبوڵ بكات، بەپێی دواین هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، دەبێت پەسەندكردنی دەستلەكاركێشانەوەكان ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بكات، سەرۆكی هەرێم دوای دەركردنی نوسراوی قبوڵكردنی دەستلەكاركێشانەوەكان، بەپێی یاساكە دەبێت داوا لە وەزیرەكانی یەكێتی بكات لە ئەركو فەرمانی خۆیان بەردەوام بن تا ئەوكاتەی كابینەیەكی نوێی حكومەت پێكدەهێنرێت.
واتە لە هەموو حاڵەكاتدا كابینەی نۆیەم بەبێ یەكێتیش دەتوانێت بەردەوام بێت، تەنانەت ئەگەر بەشێوەی كاربەڕێكەریش بێت.
لەبارەی كابینەی نۆیەمەوە
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان)ە، لە رۆژی 10ی تەموزی 2019دا دەستبەكاربوو، كابینەكە هەر لەسەرەتاوە بەهۆی ناكۆكی پارتیو یەكێتیی لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكانو یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوكەوە، پێكهێنانی لەوادەی دیاریكراوی خۆی دواكەوت.
كابینەی نۆیەم كە ئێستا بەهۆی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە، تەمەنی ئەویش لەماوەی درێژكراوەدایە، لەسەروبەندی چەند گۆڕانكارییەكی وزاریدایە، دوو پۆستی یەكێتیی چۆڵ بووە (وەزیری پێشمەرگەو شوێنەكەی خالید شوانی وەزیری هەرێم)و پارتیش بەنیازە وەزیرێكی خۆی (پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف) بگۆڕێت، بەڵام بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو حزبەكەوە پەرلەمان ناتوانێت كۆبونەوە بكات بۆ پەسەندكردنی گۆڕانكارییەكان.
سەرباری ئەمە هەستیارترین وەزارەتی كابینەكە كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەو سەرچاوەی سەرەكی داهاتی هەرێمی كوردستانە، وەزیرەكەی دەستی لەكاركێشاوەتەوەو لەلایەن وەزیری كارەباوە بەشێوەی وەكالەت بەڕێوەدەبرێت.
كابینەی نۆیەم بەم دۆخە خراپەوە دەچێتە گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد لەسەر نوسینەوەی هەستیارترین یاسا لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە، كە ئەویش یاسای نەوتو غازی فیدراڵەو بڕیارە لەم یاسایەدا دەسەڵاتی هەرێمو حكومەتی ناوەند بەسەر سامانی نەوتو غازدا یەكلابكرێتەوە، ئەم یاسایە رەنگە كەڤەرێكی نوێ بە حكومەتی هەرێم ببەخشێت بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە وەبەرهێنانو هەناردەی نەوت، رەنگیشە بەپێچەوانەوە ببێت بە سەرەتایەكی خراپ بۆ حكومەتەكانی داهاتووی هەرێمی كوردستانو دەسەڵاتی مامەڵەی سەربەخۆ بە سامانە سروشتییەكانەوە لە هەرێم بسەنێتەوە.
بەهۆی ناكۆكییەكانیان لەناوخۆی هەرێم، ئێستا پارتیو یەكێتی دوو روانگەی جیاوازیان هەیە لەبارەی چۆنیەتی نوسینەوەی یاساكە، ئەمە دەرفەت بۆ لایەنە شیعەكان خۆش دەكات، بۆچونی خۆیان بسەپێنن، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە حكومەتی هەرێم بەپێچەوانەی ساڵانی رابردووەوە، لە هەموو كات زیاتر پێویستی بە دەرچوونی ئەم یاسایە هەیە، چونكە ئەگەر ئەم یاسایە دەرنەچێت، حكومەتی عێراق بۆ مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان، پەنا بۆ بڕیارەكەی ناوەڕاستی شوباتی ساڵی 2022ی دادگای فیدراڵی دەبات، حوكمێك كە هەرێم ناچار دەكات نەوتو غازی خۆی رادەستی بەغداد بكات، ئەمەش ئەو بابەتەیە كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتو پارتی وەكو پێكهێنەری سەرەكی حكومەتەكە، خوازیاری نین.
سەرباری ئەمە، ناكۆكی پارتیو یەكێتیی وەكو دوو پێكهێنەری سەرەكی حكومەت، ئاستەنگی بۆ سازدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دروستكردووەو دوای ساڵێك دواخستنی هەڵبژاردنەكە لەوادەی خۆی، هێشتا هیچ ئاسۆیەك بۆ بەڕێوەچوونی هەڵیبژاردنێكی نوێ لە هەرێم بەدی ناكرێت، ئەمەش زیاتر سیمای دوو ئیدارەیی تۆخكردوەتەوەو دەسەڵاتی كابینەكەی لاواز كردووە.
كابینەی نۆیەم كە یەكەم ئەزمونی مەسرور بارزانییە لە پۆستی سەرۆك وەزیران تەنیا كابینەی قەیرانە سیاسییەكان نییە، لەڕووی دارایشەوە بە قەیران دەستیپێكرد، دەستبەكاربوونی كابینەكە هاوكات بوو لەگەڵ بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا، كە لەسەر ئاستی جیهان نرخی نەوتی خستو ئەمەش بۆ ناوچەیەكی وەكو هەرێم كە سەرچاوەی سەرەكی داهاتەكانی نەوتە، بەزیانی گەورە بۆ موچەخۆران كۆتایی هاتو ئاستی پرۆژە خزمەتگوزراییەكانیشی لاواز كرد.