مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) ساڵانێکە من بەرگریی لەو بۆچوونە دەکەم کە شتێک بە ناوی ”مەسەلەی کورد“ەوە لە سیاسەتی ھێزە باڵادەستەکانی ھەرێمدا، نەماوەتەوە. سیاسەتی ھەرێم، کە بە پلەی یەکەم سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە دوای ئەویشەوە سیاسەتی یەکێتی نیشتیمانییە، لە دەوری کۆمەڵێک سود و قازانج و دەسکەوت دەسوڕێتەوە، کە سود و قازانج و دەسکەوتیی سوڵتانیی و بنەماڵەیی و خێزانییە. ئەوەی ئاراستە و ناوەرکی ئەم سیاسەتە دەستنیشاندەکات ئەو گرێدانە توند و ھەمەلایەنەی خواستی ئەو بنەمالە سیاسییانەیە بە کردەی سیاسییەوە، لە ھەرێمدا. حیزب خۆیشی، وەک یەکەی سیاسیی سەرەکیی لە ھەرێمدا، ئامرازیی پاراستن و سەپاندنی ئەم ویستە خێزانیی و بنەماڵەییەیە. ئەم دۆخە لە دەیان سات و لەچەندن ساتەوەختی جیاوازدا ئاشکرا و بەرجەستە، بووە. ئەوەی ئێستا و لە پەیوەندیدا بە مەسەلەی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراقەوە لە بەغداد ڕووئەدات، ھەم بەرجەستەبوونێکی تازەی ئەم ستراتیژە تایبەتە و ھەم دەرکەوتێکی نوێی کۆتاییھاتنی ئەو شتەیە کەناوی ”مەسەلەی کورد“ە لە سیاسەتەکانی ھەرێمدا. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ”مەسەلەی کورد“ چییە و چ مانایەکی ھەیە و بە کام مانا کۆتاییھاتوە؟ جەوھەری مەسەلەی کورد لە وڵاتێکی وەک عێراقدا مەسەلەی گۆڕانی ”میلەت“ ێکە بۆ ”کەمینە“یەکی ئەتنی. لە ڕووی مێژووییەوە ئەم گۆڕانە بەھۆی کۆمەڵێک ھاوکێشەی ناھاوسەنگ و پەیوەندیی کۆلۆنیالی و نێودەوڵەتیی و ناوچەییەوە، ڕووئەدات، لەناو دەوڵەتێکی تازەدروستکراویشدا کە ڕەگەزێکی تائیفی بەھێز لە دروستکردن و پێکھاتەکەیدا، بەشدارە. ئەم ”بەکەمینەبوون“ە لەناو دەوڵەتێکی نادیموکرات و دەسەڵاتگەردا، ژیێرخانی سیاسیی سەرەکیی و بنەڕەتیی مەسەلەی کورد دەستنیشاندەکات. ئەو مانایانەش کە چەمکی ”مەسەلەی کورد“ لەم ڕەوتەدا لەخۆی دەگرێت، پابەستە بە بەرگریکردنی ئەو کەمینە ئەتنیەوە لە کۆمەڵێک مافی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی کە دۆخی کەمینەبوونەکە دەیانسەپێنێت. بە کورتییەکەی لەپشتی چەمکی ”مەسەلەی کورد“ەوە شوناسێکی سیاسیی و کولتوریی پەراوێزخراو و چەپێنراو ئامادەیە کە بۆ مانەوەی بەرگریی لە کۆمەڵێک ماف و بەھای ئینسانیی و دیموکراسیی دەکات، خۆی وەکو ھێزێک بۆ دروستردنی ژینگەیەکی سیاسیی و ئینسانیی مافپەروەر و ڕێزگر لە مرۆڤ، نمایشدەکات. بەم مانایە ”مەسەلەی کورد“ چەندە مەسەلەیەکی سیاسییە، بەھەمان ئەندازە و بگرە زیاتریش ”مەسەلەیەکی ئەخلاقیی“شە، ھەڵگری ڕەھەندێکی ویژدانیی و ئەخلاقیی گرنگە کە خۆی لە بەرگریکردنێکی سەرسەخت و بەردەوامدا لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و پاراستنی شکۆ و کەرامەتی ئینسانیدا، بەرجەستەدەکات. بە بۆچونی من ئەوەی لە سیاسەتی ھێزە کوردییەکانی ھەرێمدا بوونی نییە و سڕاوەتەوە، ئەم مانا ئینسانیی و دیموکراسیی و مافپەروەرانەی ”مەسەلەی کورد“ە. ناشتنی ”مەسەلەی کورد“ە وەک مەسەلەی میلەتێکی بە کەمینەکراو، کە لە دۆخی کەمینەبوونییەوە، بەرگریی لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و مافی جیاوازبوون و مافی پاراستنی کەرامەتی ئینسانیی، دەکات. لە ئێستادا مەسەلەی کورد کورتکرواوەتەوە بۆ مەسەلەی ئیدارەدانێکی سوڵتانیی و بنەماڵەیی چەند چاڵە نەوتێک و بەڕێوەبردنی ڕاکێشانی چەند بۆرییەکی غاز بۆ تورکیا و ئێران و کۆکردنەوەی پارەکانی لەناو کۆمەڵێک دەغیلەی کۆنترۆڵنەکراو و نەناسراودا. بەم مانایە ”مەسەلەی کورد“ کورتکراوەتەوە بۆ چەند پرۆژەیەکی ئابوریی و بازرگانیی کە لە دیدگا و بەپێی خواستی کۆمەڵێک خێزانی سیاسیی بەڕێوەدەبرێت. بە دیوێکی تردا ”مەسەلەی کورد“ کورتکراوەتەوە بۆ کۆمەڵێک ”سیاسەتی ڕەمزیی“ بەتاڵیش، کە ھیچ کاریگەرییەک لەسەر دەستەبەرکردنی مانا دیموکراس و ویژدانیی و ئەخلاقییەکەی ئەم مەسەلەیە دانانێت. بە پێچەوانەوە بەڕەمزیکردنی ئەم سیاسەتە دورخستنەوەی ئەم مەسەلەیەیە لە جەوھەرە ئەخلاقیی و ویژدانییەکەی و ئامرازێکیشە بۆ شاردنەوەی پرۆژە ئابورییە سوڵتانییەکانی ناوی. مەبەستم لە ”سیاسەتی ڕەمزیی“ کۆی ئەو سیاسەتانەیە کە بەردەوام لە دەوری باسکردن و دروستکردن و بەرزکردنەوەی ئاڵا و بەرزکردنەوەی دورشمی بێبناغە و بەرھەمھێنانی حەماسی ناسیۆنالیستییانەی ھەرزان و شتی دیکەی لەم بابەتەدا، دەسوڕێتەوە. یاخود لەوەدا کێ و کام ھێز دەتوانێت پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆکی عێراق، کە پۆستێکی تەواو ڕەمزییە، بەسەر ئەوانیتردا بسەپێنێت و بەم سەپاندنەش حەیای ھێزە ڕکابەرە کوردییەکەی دراوسێیی ببات. سادەتر بدوێم مەسەلەی کورد مەسەلەی ئاڵایەک نییە لە بۆنە ڕەسمییەکاندا بەرزبکرێتەوە، ”ئەی ڕەقیب“ێک نییە لەدوای داگیرسانی حەماسەتێکی کاتییەوە بگوترێتەوە، ھەروەھا مەسەلەی باسکردنی مەوسمییانەی ئەم یان ئەو داخوازیی سیاسیی نییە کە خودی باسکردنەکە بەشێکبێت لە یاریکردن بە یاداوەریی برینداریی مرۆڤی ئێمە لەگەڵ دەوڵەتە مەرکەزییەکاندا. وەکچۆن ھەڵگرتن و نووقمبوون لەناو ئەو گوتارە موسمیە درۆزنانەی بەعێراقیبوون و بەرگریکردن لە ”قوڵایی عەرەبیی“ دەوڵەتی عێراقیشدا نییە، کە دوای ماوەیەکی کورت لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردیی بێ تەریقبوونەوە بەرزدەکرێنەوە. ھەروەھا پەیوەندیشی بەو جەنگە بوغزاویی و ڕقاوییەوە لەسەر پۆستی سەرۆکی عێراق نییە. کاتێک باس لە ”مەسەلەی کورد“ دەکەین باس لەم یارییە موسمیانە و باس لەو پرۆژە بازرگانیە قاچاغ و ناقاچاغانە و باس لە خواست و قازانجی ئەم یان ئەو تاکەکەس و بنەماڵەی سیاسیی ناکەین، بەڵکو باس لە ”مەسەلەی دانیپانان“ بە بوونی میلەتێکدا دەکەین کە خاوەنی کۆمەڵێک مافی ئینسانیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگییە. داننان بە مرۆڤی ئەم دەڤەرەدا وەک مرۆڤێکی خاوەن ماف و خاوەن ڕێز و خاوەن کەرامەت، وەک کەسێک نەکرێت و نەتوانرێت بێنرخ و بریندار بکرێت، یان وەک بوونەوەری پلە دوو و پلە سێ و پلە چوار، مامەڵەبکرێت. مەسەلەی کورد وەک مەسەلەی داننان بە کۆمەڵێک مافدا، کورتنابێتەوە تەنھا بۆ دانپیانانی ھێزە دەرەکییەکان بەم مافانەدا، دانپیانانێکیش نییە پێوسیتە تەنھا دەوڵەتە مەرکەزییەکانی وەک عێراق و تورکیا و ئێران و سوریا دەستەبەریبکەن، بەڵکو پێویستە خودی دانپیانانەکە، بەر لەوان، لەناوخۆی کوردستان خۆیدا و لەلایەن سەرجەمی ھێزە کوردییەکان خۆیانەوە، قبووڵ و پیادەبکرێت. ڕەگوڕیشە و ژێرخانە سیاسیی و ئەخلاقیی و ویژدانییەکەی ئەم دانپیانانە پێویستە پێشوەخت لەناو ھەرێم خۆیدا و لەناو ئاکار و بیرکردنەوە و جوڵەی ھێزە سیاسییەکانی کوردستان خۆیاندا، ئامادەبن. بەڵام ئەوەی ئێمە ڕۆژانە دەیبینین و تێبینی دەکەین، داماڵینی ”مەسەلەی کورد“ە لەم ژێرخانە سیاسیی و ئەخلاقیی و ویژدانییە و کورتکردنەوەیەتی بۆ بزنسێکی سیاسیی ئابوریی ڕووت، کورتبونەوەیەتی بۆ ڕکابەرایەتییەک کە ڕق و بوغزی کۆمەڵێک خێزان و کەسایەتی سیاسیی لە یەکتریی و لە خودی میلەتەکە خۆیشی، بەڕێوەیدەبات. ئەوەی بە بەرچاوماندا تێدەپەڕێت سیاسەتی ملشکاندن و یەکتر نەفیکردن و سوکایەتیکردنە بە یەکتریی، دروستکردنی ھەندێک زۆنی جوگرافی و سیاسیی قۆخکراوی دەرەبەگانە و بونیادانی دوو ئیمارەتی سوڵتانییە، کە سوپایەک لە ئەمیر و ئەمیرەی گەنجیان ھەڵھێناوە و ئەو سوپایە چارەنووسی خەڵکی ھەرێمەکە دادەڕێژن و بەڕێوەدەبەن. لەسەروی ئەمانەشەوە دروستکردنی بارەگا و ”مەقاماتی سوڵتانی“یانەی تایبەتە، کە ھەموو ”مەسەلەکان“، بە ”مەسەلەی کورد“ خۆیشیەوە، وەک خزمەتکاری ئەو مەقاماتە سوڵتانییە وێنادەکات.
درەو: ئەگەر ڕۆژی دووشەممە نیسابی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تەواو نەبوو سەرۆك كۆمار هەڵنەبژێردرا، ئەوا وادەیەكی نوێ دیاری دەكرێت و دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ كاندیدی سەرۆك كۆمار دەكرێتەوەو چانسی رێككەوتن لەسەر كاندیدی هاوبەش لە نێوان یەكێتی و پارتی زیاتر دەبێت .سەرۆك كۆماری ئێستاش بەشێوەیەكی كاربەڕێكەر بەردەوام دەبێت لە پۆستەكەیدا. بە گوێرەی وادە دەستورییەكان، پێویستە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو 8/2/2022 كە (30) رۆژ دەكات، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنێك بۆ هەڵبژادنی سەرۆك كۆمار ئەنجامبدات، دانیشتنەكە پێویستی بە ئامادەبونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان هەیە، بەپێی پێشبینیەكان نیسابی یاسایی تەواو نابێت بۆ ئەنجامدانی كۆبونەوەكە، كوتلەی سەدری كە زۆرترین كورسی پەرلەمانی هەیە، ڕایگەیاندووە بایكۆتی ئەو كۆبونەوەیە دەكات، پێدەچێ هەردوو هاوپەیمانەكەشی سیادەو پارتی هەمان هەنگاوبنێن، بەوەش پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بەڕێوەناچێت و جارێكی تر وادەیەكی نوێ دیاری دەكرێت و دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ كاندیدی سەرۆك كۆمار دەكرێتەوە، هەڵنەبژاردنی پۆستی سەرۆك كۆمار لە وادەی دەستوریدا مشتومڕی لێكەوتەوە، هەندێك دەڵێن عێراق دەكەوێتە بۆشایی دەستورییەوەو هەندێكیش جەختدەكەنەوە كە بۆشایی دەستوری دروست نابێت. دادگای فیدراڵی چی دەڵێت؟ دادگای فیدراڵی ساڵی 2010 حوكمێكی دەركردووە كە وەڵامی دۆخێكی وەكو ئەوەی ئێستا دەداتەوە، دادگا دەڵێ ئەو وادەی (30) رۆژەی دوای كۆبونەوەی یەكەمی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دیاریكراوە، وادەیەكە "بۆ رێكخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارە، نەك بۆ خستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار". بەگوێرەی ئەم حوكمەی دادگای فیدڕاڵی، ئەگەر رۆژی دووشەممە سەرۆك كۆماری نوێ هەڵنەبژێردرێت، رێوشوێنەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار گرفتی بۆ دروست نابێتو دەكرێت لەكاتێكی تردا رێككەوتن بكرێتو نیسابی یاسایی تەواو بكرێتو سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، تا ئەوكاتەش بەرهەم ساڵح لە پۆستەكەی وەكو سەرۆك كۆمار بەردەوام دەبێت. كاندیدی نوێ پۆستی سەرۆك كۆمار ڕكابەرییەكی توندی لە نێوان یەكێتی و پارتیدا لێكەوتوەتەوە، هۆشیار زێباری كاندیدی پارتی لە دادگای فیدراڵی سكاڵا لەدژی پەسەندكردنی كاندیدبونی تۆماركراوە، بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتیش نەیتوانیوە ڕەزامەندی زۆرینەی كوتلەكان بەدەستبهێنێت، بۆیە ئەگەر رۆژی دووشەممە ئەنجومەنی نوێنەران لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار شكستیهێنا، ڕەنگە پارتی و یەكێتی كاندیدی نوێ بۆ ئەو پۆستە كاندید بكەن یان لەسەر كاندیدێكی هاوبەش ڕێكبكەون. لەبارەی سەرلەنوێ كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار عزەت شابەندەر سیاسەتمەداری عێراقی لەتۆڕی كومەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، بایكۆتكردنی دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان لەلایەن كوتلەی سەدرییەوە لە 7/2/2022 ماوە دەستورییەكان دەكاتەوەو هەل دەڕەخسێنێت بۆئەوەی كاندیدی نوێ بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دابنرێت.
راپۆرتی: درەو کازاخستان دووەم گەورەترین یەدەگی هەیە لە سەرچاوەی کانزاکانی (یۆرانیۆم، کرۆم، رەساس و زینگ) و سێیەم گەورەترین یەدەگی مەنگەنیز و پێنجەم گەورەترین دەوڵەمەنترینە لە یەدەگی (مس) و لە دە یەکەمەکەی جیهانە لە یەدەگی (غەڵوز و ئاسن و ئاڵتوون) بەپێی ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی، کازاخستان پلەی دەیەمی هەیە لە سەرمایەی سروشتیدا (نەوت و غازو کانزاکان)، بەم پێیەش یەکێکە لە دەوڵەتە دەوڵەمەندەکانی جیهان. بەڵام لە ساڵی (1991)ەوە تا ساڵی (2019) بۆ ماوەی پێنج خول تەنها (نور سوڵتان نزار باییف) سەرۆکایەتی کردووە و لەسەردەمی ئەوو دوای ئەویش دەسەڵات هەر دەنگیێکی ناڕازی کپ و سەکوت کردو وە، جا ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی هێزی دەوڵەتەکەوە بووبێت یان هێنانی هێزی دەرەکییەوە بووبێت. کازاخستان کازاخستان یەکێکە لەو دەوڵەتانەی هەدوو کێشوەری ئاسیاو ئەوروپا پێکەوە دەبەستێت و بەشێکی فراوانی دەکەوێتە کیشوەری ئاسیاو بەشێکیشی دەکەێتە خۆرهەڵاتی ئەوروپا، بە دیاریکراوی دەکەوێتە ئەوە ناوچەیەی کە بە ئاسیای ناوەڕاست ناسراوە کە دەوڵەتانی ((ئۆزپاکستان، تورکمانستان، کازاخستان، تاجاکستان و قیرغیزستان) دەگرێتەوە. دراوسێکانیشی بریتین لە هەریەک لە وڵاتانی (لە باکور و ڕۆژئاواوە روسیا، لە باشور و رۆژهەڵاتی وڵاتەکەوە چین، لە باشوریشەوە هەریەک لەچین و قیرغیزستان، ئۆزپاکستان و تورکمانستان، لە ڕۆژهەڵاتیشەوە بەشێکی فراوانیشی دەڕوانێت بەسەرددەریا داخراوەکەی قەزوین)دا. سەرەڕای ئەوەی بەشێکی سنورەکەی دەکەوێتە سەر دەریای قەزوین، بەڵام بەیەکێک لە دەوڵەتە داخراوەکان (Landlocked country) دادەنرێت، چونکە ئەو دەریایە ناتوانێت بە جیهانی دەرەوەی ببەستێت و دەریاکە بۆخۆی داخراوە. لە ڕووی ڕووبەری جوگرافییەوە نۆیەم گەورەترین دەوڵەتی جیهانە، لە کیشوەری ئاسیاش سێیەم گەورەترین دەوڵەتە و ڕوبەرێکی فراوانی هەیە کە بریتییە لە (2 ملیۆن و 724 هەزار و 900) کیلۆمەتر چوارگۆشە. لە ڕووی کارگێڕییەوە دابەش بووە بەسەر (14) ویلایەت و (160) کەرت و (10) شارەوانییەوە، لە ساڵی (1929) تا ساڵی (1997) شاری (ئەلماتی) پایتەختی وڵاتەکە بووە، بەڵام لە ساڵی (1998)ەوە (نور سوڵتان نزار باییف - سەرۆکی وڵات) پایتەختی دەوڵەتەکەی گواستەوە بۆ شاری (ئاستانا) و لە ساڵی (2019) ناوی شارەکەی گۆڕی بۆ (نور سوڵتان) کە گەورەترین شاری وڵاتەکەیە لە ڕووی ڕووبەرەوە. بەپێی ئامارەکانی ساڵی (2021) ژمارەی دانیشتوانەکەی بریتییە لە (19 ملیۆن و 44 هەزار و 688) کەس، بەم پێیەش (0.24%)ی دانیشتوانی جیهان پێدەهێنێت. دانیشتوانەکەی زۆرینەی کازاخین و سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە نەتەوەو ئاینی دیکە لە وڵاتەکە دەژین لە ڕووی ئانیشەوە نزیکەی (70%) دانیشتوانەکەی موسڵمانن و بەشێکی کریستان و کەمە ئاینییەکانی دیکەن. بەپێی زانیارییەکان لە ڕووی سەرچاوە سروشتییەکان دووەم گەورەترین یەدەگی هەیە لە سەرچاوەی کانزاکانی (یۆرانیۆم، کرۆم، رەساس و زینگ) و سێیەم گەورەترین یەدەگی مەنگەنیز و پێنجەم گەورەترین دەوڵەمەنترینە لە یەدەگی (مس) و لە دە یەکەمەکەی جیهانە لە یەدەگی (غەڵوز و ئاسن و ئاڵتوون) بەپێی ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی، کازاخستان پلەی دەیەمی هەیە لە سەرمایەی سروشتیدا (نەوت و غازو کانزاکان)، بەم پێیەش یەکێکە لە دەوڵەتە دەوڵەمەندەکانی جیهان و گەورەترین ئابوری ناوچەی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و بەڕێژەی (60%) پێداویستییەکانی ئەو ناوچەیە دەبین دەکات. پێگەی سیاسی کازاخستان کازاخستان سەرەڕای ئەوەی خاوەن ئابورییەکای بەهێزە لە ناوچەکەی خۆی، گرنگییهکی گهورهشی بۆ ئهو دهوڵهتانه ههیه که دهیانهوێت ههژموونی سیاسی و ئابوری خۆیان له ناوچهکه زیاد بکهن، لەسەر و هەموانیشەوە "روسیا" که له ڕابردووداوو بهدرێژایی مێژووی روسیا ئهم ناوچه جوگرافییه ناوچهیهکی ههستیار و گرنگ بووه بۆی، ههر له ناوهڕاستی سهدهی (18)هوه تا شۆڕشی ئۆکتۆبهری (2017) و درێژدەبێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی سارد تا دەگات بە دەسەردەمی ئەمڕۆ، چونکه خاوهن کۆمهڵێک تایبهتمهندی سهرچاوهی جوگرافی و جیۆسیاسی و سهرچاوهی درێژبوونهوهی پارێزگاری و ئارامی و سیستمی سیاسی له روسیا. سەردەمێکیش گۆڕەپانەکەی ناوچەیەکی گرنگ بوو لە دەستپێکی بونیادنانی چەکی ناوکی لە سەردەمی یەکێتی سۆڤییەت. ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و سەرۆکایەتی نور سوڵتان نزار باییف کازاخستان پێش (31) ساڵ و لەگەڵ هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤییەت، وەک دواین کۆماری یەکێتییەکە سەربەخۆیی ڕاگەیاند، هەر لە سەرەتاشەوە لەڕووی سیاسی و ئابورییەوە وڵاتەکە تەبەنی سیستمی سەرمایەداری کرد. لە ڕووی سیستمی سیاسییەوە کار بە سیستمی سەرۆکایەتی کراو دەسەڵاتەکان لە وڵاتدا بەم شێوەیە بوون. لە کازاخستان دەسەڵاتی جێبەجێکردن بریتییە لە سیستمێکی دوانەیی (سەرۆکی دەوڵەت و سەرۆکی حکومەت)، بەپێی دەستور سەرۆکی دەوڵەت سیاساتی حکومەت دادەڕێژێت، دەسەڵاتی ئقالەکردنی حکومەت و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی هەیە، هەر خۆیشی سەرۆکی هەرێمەکان و یەکە ئیدارییەکانی وڵاتەکە دیاری دەکات، نوسینگەی سەرۆک سەرپەرشتی سیاسەتی دەرەوەو پرۆسەی وەبەرهێنانی بیانی لە وڵاتەکە دەکات. هەوروەها سەرۆکی دەوڵەت دادوەری ویلایەت و یەکە کارگێڕییەکان دیاریدەکات و ئەنجومەنی شارو ویلایەتەکان بە هەڵبژاردن دێن و دەسەڵاتە خزمەتگوزارییەکان مومارەسە دەکەن. هەرچی پەرلەمانی ئەو وڵاتەشە لە دوو ئەنجومەن (نوێنەران و پیران) پێکدێت. نور سوڵتان نزارباییف کێیە؟ نور سوڵتان نزار باییف لە دایکبووی (6ی حوزەیرانی 1940)ە لە کازاخستان (یەکێتی سۆڤییەت) لە ساڵی 1962ەوە پەیوەندی بە حیزبی شیوعی سۆڤییەتی (CPSU)ەوە کردووە. سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بووە لە ساڵی (1984 – 1989) و لە ساڵی (1990) ئەنجومەنی باڵای سۆڤییەت لە کازاخستان (نزار بایف)ی بە سەرۆکی کۆمار هەڵبژارد. لە کانونی یەکەمی 1991 کازاخستان سەربەخۆیی خۆی لە یەکێتی سۆڤییەت ڕاگەیاند، هەر لەو کاتەوە نور سوڵتان نزار باییف سەرۆکایەتی وڵاتەکەی گرتە دەست و بۆ ماوەی (5) خول تا (20ی ئازاری 2019) لە پۆستەکەی مایەوە. خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی لە ساڵی (1991)ەوە لەگەڵ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی وڵات دەستپێدەکات تا ساڵی (1995) و لە ڕاپرسییەکی گشتیدا بە ڕەزامەندی (95.5%)ی بەشداربووان ماوەکەی تا ساڵی (2000) بۆ درێژکرایەوە، کە بە درێژکراوەی خولی یەکەمی ناوبراوە. خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی پێش تەواو بوونی ماوەکە بە چەند مانگێک و لە ساڵی (1999) دەستپێدەکات کاتێک لە هەڵبژاردنێکی گشتیدا (81%)ی دەنگی دەنگدەران بەدەستبهێنێت، لە هەمان ساڵدا پارتی (نور ئاتان)ی دامەزراندو توانی کۆنتۆڵی زۆربەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەکە بباتەوە. ئەم خولەی تا ساڵی (2006) بەردوام بوو. خولی سێیەمی سەرۆکایەتییەکەی لە ساڵی (2006)ەوە دەستپێدەکات کاتێک لە (4/12/2005)ەوە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵات ئەنجام درا (نور سوڵتان نزار باییف) توانی (91.15%)ی دەنگی دەنگدەرانی وڵاتەکەی کۆ بکاتەوە لە (11/1/2006) سوێندی یاسایی خوارد. لەم خولەدا لە (18/5/2007) پەرلەمانی وڵاتەکە لە ڕێگەی هەمواری دەستورەوە ڕێگەی بۆ (نور سوڵتان نزار باییف) خۆشکرد کە بتوانێت بۆ دوو خولی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی وڵاتەکە بپاڵێوێتەوە. هەر لەم خولەدا بوو ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵات لە (12/5/2010) ناسناوی (زەعیمی نەتەوە)ی پێ بەخشی و تا ساڵی (2011) کۆتایی بەم خولەشی هات. خولی چوارەمی سەرۆکایەتییەکەی (نور سوڵتان نزار باییف) لە (3/4/2011)ەوە دەستپێدەکات کاتێک لە هەڵبژادندا توانی دەنگی (95%) دەنگدەرانی وڵات بەدەست بهێنێتەوە، ئەمە لە کاتێکدا بووە پرۆسەی هەڵبژاردنەکە لەلایەن لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە باکۆت کرابوو سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ناڕەزایی بەرفراوان و دروستکرنی لەمپەر بۆ چاودێرانی هەڵبژاردنەکە، بەپێی ئەو تێبینییانەی چاودێرانی نێودەوڵەتی توماریان کردبوو بە شێوەیەکی بەرفراوان هەڕەشەو ئاستەنگ و بۆ لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسە حیزبییەکان ئەنجام درابوو. تا ئەوەی ناڕەزاییەکی بەرفراوان بەشێک لە شارەکانی گرتەوەو چەندین کوژاروو برینداری لێکەوەتەوە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هێرشیان کرابووە سەر. خولی پێنجەم و کۆتایی لە (26/4/2015) بە کۆکردنەوەی (95%)ی دەنگەکان دەستپێدەکات و لە (19/ئایاری/ 2019) کۆتایی بەم خولەی سەرۆکایەتییەکەشی هات. نور سوڵتان نزار باییف هاتنی قاسم جۆرمات تۆکاییف و سەرهەڵدانی قەیرانە نوستووەکان لهگهڵ گهیشتنی (قاسم جۆرمات تۆکاییف) به کورسی سهرۆکایهتی وڵاتی کازاخستان، لە (19/ئایاری/2019) و دوای دەستلەکارکێشانەوەی (نور سوڵتان نزار باییف) خهڵکی وڵاتهکه بههیوا بوون لانی کهم گۆڕانکاری له ژیانیان ڕووبدات بهرهو ژیانێکی باشتریان بۆ دەستەبەربێت، لهسهرهتاوه شارهزایان باسیان لهوه دهکرد نمونهی قۆناغێکی گواستنهوهی سهرکهوتوو له کازاخستان ڕوودهدات گۆڕانکاری لهسهر ئاستی سهرۆکایهتی وڵات گۆڕانکاری جهوههری لهڕووی سیاسی و ئابورییەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت و دهرگای خێریان بهڕوودا دهکرێتهوه. بۆیە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی وڵاتەکە لە (9/ حوزەیران/2019) (قاسم جۆرمات) توانی (70%)ی دەنگەکان بە دەستبهێنێت ببێت بە یەکەم سەۆکی وڵاتەکە دوای (نور سوڵتان) و دووەم سەرۆک لە دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی وڵاتەکە. هەرچەندە چاودێرانی هەڵبژاردنەکە پێشێلکاری زۆرو نەڕەزایەتی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەیان تۆمارکردبوو لە پێش و کاتی ئەنجامدانی هەرڵبژاردنەکە، هەر بۆیە بەشێک لە چاودێران پرۆسەکەیان بە شانۆ وەسفکرد. بەڵام دوای ئەو هەنگاوە ڕوونە بۆ گرنتی کردنی گواستنەوەیەکی ئاسانی دەسەڵات لە پۆستی سەرۆکایەتی وڵاتدا، لەگەڵ ئەوەی (نور سوڵتان نزار بایف) لە (19ی ئازاری 2019) دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی سەرۆکایەتی کرد، بەڵام لەسەرەتادا پارێزگاری لە پۆستە سەرەکییەکانی دروستکردنی بڕیار لە وڵاتەکە کردبوو، لە نێویشیاندا سەرۆکایەتی کردنی پارتی فەرمان ڕەواو ئەنجومەنی ئاسایش و لەسەروو هەموویەوە وەک "زەعیمی نەتەوە"، لە کۆتایی ڕێگەکە حیزبی تەسلیم کردەوەو (قاسم جۆرمات تۆکاییف) هەڵبژێردرا. لهگهڵ گهیشتن به ساڵی نوێی (2022) ئاستی ناڕهزاییهکانی خهڵکی کازاخستان ڕووی له بەرزبوونەوە کرد، به ئاستێک گهیشت سهرنجی زۆربهی کهناڵ و ئامرازهکانی ڕاگهیاندن و تۆڕه کۆمهڵایهتییهکان و چاودێران و شیکهرهوه سیاسییهکانی بۆخۆی ڕاکێشا، باس له ڕهنگدانهوهی داهاتووی ململانێ نێودهوڵهتی و ههرێمییهکان له ئاسیای ناوهڕست دەکرا، ئەگەر چی تیشک خرایە سەر بەزبوونەوەی نرخی غاز شل وەک هۆکارێک بۆ سەرهەڵدانی ناڕەزاییەکان، بەڵام لە قوڵاییدا هۆکاری گەورەتر هەبوون. شارەزایانی بوارەکە (کازاخستان) پێیان وایە سیستمەکە کۆمەڵێک یاسای داڕشتووەکە ڕێگربووە لە هەر شەپۆل و تێڕوانین و ئاراستەیەکی پێچەوانەی کارەکانی حکومەت، چونکە لە ڕابردوودا حکومەت بەرهەڵستی هەر کیان و ڕەوت و هێزێک دەبوویەوە کە هەوڵی دەرچوونی لەو چوارچێوەیە بدایە کە دیاری کربوو سەرکوت دەکرا، لەو ماوەیەدا سیستمەکە سەرکوتکاری ئازادی و مومارەسە سیاسییە پێچەوانەکانی دەکرد تا ساڵی (2019) قەیرانی کازاخستان سەریهەڵدا. قاسم جۆرمات تۆکاییف ڕەگ و ڕێشەی قەیرانەکە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانی کازاخستان لە شوباتی 2019 بەدیارکەوت کاتێک خێزانێک لە ڕوداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا لە پایتەختی وڵات (نور سوڵتان) پێنج ئەندامیان سوتان و کوچی دواییان کرد، ئەوە لە کاتێکدابوو باوکیان چووبووە سەر کاری شەوانە بۆ پەیداکردنی بژێوی خێزانەکە، ئەمەش بووە سەرەتای بزیسک و پرشنگی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایتییەکان لە ژێر کاریگەری ئەو ڕووداوەدا، لەدوای دوو هەفتە لە ناڕەزایەتییەکان و بەرفراوانبوونی لە دەرەنجامی کەڵەکە بوونی قەیرانە کۆمەڵایەتی و ئابوری سیاسییەکانی کازاخستان بوو، ناڕەزایەتییەکان هەموو شاری (نور سوڵتان)ی گرتەوە لە کاتی بۆنەی ساڵانەی سەرداری شار کە ناسراوە بە "بەختی سوڵتانۆڤ" سەرۆک (نور سوڵتان نزار باییف) ژمارەیەک بڕیاری زۆری دەکرد بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکەو ڕاگرتن و تەشەنەسەندنی داواکارییەکان، لە نێویشیاندا ئیقالە کردنی سەرۆکی حکومەت (بەخیتشان ساجینتاییف) لەو کاتەدا سەرۆکی ئەنجومەنی پیران (قاسم خۆرمات تۆکاییف) شوێنی گرتەوە، لەگەڵ ئەو هەوڵانە بۆ چاکسازی لە ئاستی خواستی ناڕەزاییەکان نەبوو، بۆیە سەرۆکی کۆمار لە (19 ی ئازاری 2019) دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە (قاسم جۆرمات تۆکاییف) شوێنی گرتەوە، بەڵام هێشتا بەشێکی کۆمەڵگا پێیان وابوو کە ئەمە دووبارە بوونەوەی (نزار بایف)ە بە هاوشێوە یان جێگرەکەی . بەڵام ئەم دەست لەکار هەڵگرتنەی (نزار باییف) لە ڕۆژنامەو گۆڤارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بووە جێی سەرنج و بە بازدانێکی نەوعی درا لە قەڵەم بووە سەرەتای بەرقەرابوون ئاشتی لە مێژووی سیاسی وڵاتەکە. بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نەهات کە (نور سوڵتان نزار باییف) لە گۆڕەپانەکە چووبێتە دەرەوە، بەڵکو کارکردن لە پۆستە حکومی و سیاسییە هەستیارەکان لە نێویشیاندا سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش، سەرەڕای سەرکردایەتی کردنی حیزب (نور ئاتان) و بەدەستهێنانی مافی ڤیتۆ لە دامەزراندنی وەزیرەکان و دادوەرانی کەرتەکان ژمارەیەکی دیکەی گەورە بەرپرسانی ئیسغلال کردبوو. ئەمە سەرەڕای ئەوەی لهماوهی ئهو سێ دهیهی (نزار باییف) له دهسهڵات بوو، دامهزراوه گشتی به پێچهوانهوه قۆسترابوویهوه بۆ کۆکردنهوهی دهسهڵات له دهستی سهرۆک و چهسپاندنی سیستمێکی سهرکوتکهر و کۆنترۆڵکردنی دامەزارەو یەکە ئابورییەکانی وڵاتەکە بۆ نزیک و هاوڕێ و دۆستەکانی خۆی. تا لە کۆتایەییەکانی ساڵی (2021) (نور سوڵتان نزار بایف) لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایش دوورخرایەوە. لەگەڵ دەستپێکی ساڵی (2022) دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکی زۆر، داواکارییەکان دەستی پێکرد. بەهۆی زیادبوونی ئاستنهگه ئابورییهکان و تهشهنهسهندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە سهریکێشا بۆ سهرهتایهکی نوێی ناڕهزایهتی کۆمهڵایهتی پاشان زیابوونی نرخی غاز و سوتهمهنی بووه هۆی توڕهییهکی بهرفراوانی هاوڵاتیانی وڵاتهکه و سهرههڵدانی ناڕهزاییهتیهکی بهرفراوان له شارهکانی ناوهڕاستی دەوڵەت و تهشهسهندنی. دوای کوژرانی لە (164) هاوڵاتی و گرتنی زیاتر لە (6000) خۆپیشاندەرو بینداربوونی هەزاران کەس لە هاوڵاتی هێزە ئەمنییەکان. بە دەستێوەردانی ڕاستەخۆی هێزی سەربازی ڕووسی و وڵاتانی هاوپەیمانی لە (ڕێکخراوی ئاسایشی بەکۆمەڵ) ناڕەزیەتییەکان کۆتایی پێهێنرا. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە: کارینا فایزولینا، احتجاجات كازاخستان: بحث في الخلفيات والتداعيات والسيناريوهات المحتملة، مرکز الجزیرة للدراسات، علی الموقع؛ https://studies.aljazeera.net/sites/default/files/articles/documents/2022-02/%D9%86%D9%85%D8%A7%D8%B0%D8%AC%20%D8%AA%D9%86%D9%85%D9%88%D9%8A%D8%A9%20%D9%88%D8%A7%D8%B9%D8%AF%D8%A9%20%20%D8%AD%D8%A7%D9%84%D8%A9%20%D8%A3%D8%B1%D8%A8%D8%B9%20%D8%AF%D9%88%D9%84%20%D8%A5%D9%81%D8%B1%D9%8A%D9%82%D9%8A%D8%A9.pdf أحمد خليل أرتيمتي - عماد الشيخ داود، الأزمة الكازاخستانية ما بين الحراك الداخلي والتدخل الروسي، مركز البيان للدراسات والتخطيط، علی الموقع؛ https://www.bayancenter.org/wp-content/uploads/2022/01/9ytfdd2.pdf محمد مروان، أين تقع كازاخستان، علی الموقع؛ https://mawdoo3.com/%D8%A3%D9%8A%D9%86_%D8%AA%D9%82%D8%B9_%D9%83%D8%A7%D8%B2%D8%A7%D8%AE%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86#.D8.A7.D9.84.D8.AF.D9.8A.D8.A7.D9.86.D8.A9_.D9.81.D9.8A_.D9.83.D8.A7.D8.B2.D8.A7.D8.AE.D8.B3.D8.AA.D8.A7.D9.86 كازاخستان.. انفصلت عن الاتحاد السوفياتي قبل 31 عاما وحكمها رئيسان فقط، علی الموقع؛ https://www.aljazeera.net/encyclopedia/2022/1/9/%D9%83%D8%A7%D8%B2%D8%A7%D8%AE%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D8%A7%D9%86%D9%81%D8%B5%D9%84%D8%AA-%D8%B9%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D8%AA%D8%AD%D8%A7%D8%AF روسيا تعلن اكتمال نشر قوات "حفظ السلام" في كازاخستان والسلطات تؤكد استقرار المناطق المضطربة، علی الموقع؛ https://www.aljazeera.net/news/politics/2022/1/9/%D9%83%D8%A7%D8%B2%D8%A7%D8%AE%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D8%B1%D9%88%D8%B3%D9%8A%D8%A7-%D8%AA%D8%B9%D9%84%D9%86-%D8%A7%D9%83%D8%AA%D9%85%D8%A7%D9%84-%D9%86%D8%B4%D8%B1-%D9%82%D9%88%D8%A7%D8%AA کازاخستان، علی الموقع؛ https://ar.wikipedia.org/wiki/%D9%83%D8%A7%D8%B2%D8%A7%D8%AE%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86 كم عدد سكان كازاخستان 2021؟ ..الترتيب العالمي لكازاخستان من حيث الكثافة السكانية، علی الموقع؛ https://gloig.ru/%D9%83%D9%85-%D8%B9%D8%AF%D8%AF-%D8%B3%D9%83%D8%A7%D9%86-%D9%83%D8%A7%D8%B2%D8%A7%D8%AE%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-2021%D8%9F/
(درەو): رابەری گشتی مافی ئەوەی نییە خۆی كاندید بكاتەوە، تەنیا كەسێك خۆی بۆ پۆستی رابەر كاندید كردووە، ئەگەر دەنگی 50+1ی كۆنگرە نەهێنێت، رابەری ماوە تەواوبوو لە پۆستەكەیدا دەمێنێتەوە، ئەمە پوختەی چیرۆكی كۆنگرەی 12ی بزوتنەوەی ئیسلامییە. بزوتنەوەی ئیسلامی كۆنگرەی كۆنگرەی 12ی خۆی لە هەولێر دەستپێكرد، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری بزوتنەوە دوو خولی خۆی تەواو كردووەو مافی ئەوەی نییە خۆی بۆ پۆستی رابەر كاندید بكاتەوە، بەڵام بزوتنەوە مەرجی داناوە ئەو كەسەی دەبێت بە رابەر دەبێت دەنگی (50+1)ی كۆنگرە بەدەستبهێنێت، كامیل حاجی عەلی تاكە كەسێكە كە خۆی بۆ پۆستی رابەر كاندید كردووە، ئەگەر دەنگی (50+1) بەدەست نەهێنێت، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز لە پۆستی رابەر دەمێنێتەوە، ئەمە مشتومڕی دروستكردووە لەبارەی ئەوەی بنەماڵەی عەلی عەبدولعەزیز نایانەوێت رابەرایەتی بزوتنەوە تەسلیمی كەسی تر بكەن، بەڵام رابەری ماوەتەواوبوو دەڵێ" ئەمە بۆ ئەوەیە پلانگێڕییەكەی مامۆستا مەلا عوسمان دووبارە نەبێتەوە". عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی رابەری بزوتنەوە لەوتارێكدا لە كۆنگرەی 12ی حزبەكەی لە هەولێر وتی: • بڕیار بوو ئەم كۆنگرەیە لە هەڵەبجە بكەین، بەڵام هەڵەبجە بەناو پارێزگایە، بینایەكی تێدا نییە ئەم خەڵكە تێیدا كۆببنەوە. • ئێمە نەهاتوین خەڵك فریو بدەینو بڵێین بڕۆن موزاهەرە بكەن، بەڵام دوای كە گەیشتە قایمایی، دوو تەقە بكرا بێین بەیان لەسەر موزاهەرەچییەكان دەربكەینو بڵیین ئەوانە ئاژاوەگێڕن، ئێمە ئەم سیاسەتە بێ ئەخلاقییەمان نەكردووە. • منەتی دەسەڵات بە هیچ ئەگەر چوبین پارچەیەك عەرزمان لێوەرگرتبێت، ئەگەر دەستمان لێ پانكردبێتەوە. • هەیبەتی بزوتنەوەی ئیسلامی تائێستا پارێزراو بووەو نەمانهێشتووە كەس ئەو هەیبەتە بخاتە ژێر پرسیارەوە. • ئێمە كە قسەمان نەكردووە، وتومانە قسەیەك ئەكەین كە پێمان هەڵبگیرێت، ئێمە شۆڕشێكی ئەخلاقین، موزایەدەكردن لە ئێمە ناوەشێتەوە. • بۆ هەشت ساڵ زیاترە بودجەی بزوتنەوەی ئیسلامی بڕاوە، ئەو فەقیرییەی كە بەسەرماندا هاتووە لە پاكێتی خۆمانە. • مامۆستا مەلا عوسمان موئامەرەیەكیان لێكردو بە جیاوازی یەك دەنگ (13 دەنگ بەرامبەر بە 12 دەنگ) لە رابەرییان خست، بۆیە لەوكاتەوە تائێستا دەبێت رابەر بە دەنگی (50+1) هەڵبژێردرێت.
(درەو): یەکێتی گومانی ھەیە "تویت"ەکەی سەدر تەکتیک بێ بۆ کۆبونەوەکەی دوو شەممەی پەرلەمان، پارتی بێدەنگەو ئاگاداری تەكتیكەكەی سەدرە، مالیکیش داوای لە یەكێتی كردووە كاندیدەكەیان بگۆڕن بۆ ئەوەی دەنگی پێبدەن. تەکتیک لە تویتدا ! سەدر براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لەڕێگەی تویتەرەوە خەریکی گفتوگۆیە لەگەڵ ھاوپەیمان و نەیارەکانیدا. ئێوارەی ئەمڕۆ لە تویتێکدا داوای لە پەرلەمانتارەکانی کرد، ئەگەر ھۆشیار زێباری کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار مەرجەکانی تێدا نەبوو، دەنگی بۆ نەدەن. سەرباری قسەوباسەکان لەباری تێوەگلانی زێباری لە گەندەڵی، پەرلەمانی عێراق کاندیدبوونی زێباری پەسەندکردووە، واتە مەرجی کاندیدبوونی تێدایە، ئەمە یەکێتی لە تویتەکەی سەدر خستوەتە گومانەوە. بەپێی زانیارییەکانی (درەو)، یەکێتی زۆر ئومێدی لەسەر تویتەکەی ئەم ئێوارەی سەدر ھەڵنەچنیوە، گومانیان ھەیە تەکتیکی سەدر بێ بۆ ئەوەی رۆژی دوو شەممە نیسابی کۆبونەوەی پەرلەمان تەواو ببێ و دوای ئەمە لە گەڕی دووەمی ھەڵبژاردندا، بەزۆرینەی سادە ھۆشیار زێباری بە سەرۆک کۆمار ھەڵبژێردرێت. سەرباری ئەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە، بەڵام ئەم پۆستە بەلای لایەنە شیعەکانیشەوە گرنگە، چونکە سەرۆک کۆمار کاندیدی لایەنی براوە شیعە رادەسپێرێت بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ حکومەت. ئەگەر رێککەوتنی (سەدر+ حەلبوسی+ بارزانی) بەردەوام بێ، زێباری سەرۆک کۆمار بێ باشترە، چونکە لە پرسی راسپاردنی کاندیدی کوتلەی گەورەدا بۆ پێکھێنانی حکومەت، پابەند دەبێ بە رێککەوتنەکەوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) پارتی هیچ گومانێكی بۆ ردووست نەبووە لەسەر تویتەكەی (سەدر) و بێدەنگی هەڵبژاردووە، ئەمەش ئاماژەیە بەوەی رەنگە تەكتیكێكی نێوان خۆیان بێت بۆ سەرخستنی كاندیدەكەی پارتی. ئەگەرێکی تر ! سەدر لە سەروبەندی راگەیاندنی دەستپێشخەرییەکدایە بۆ یەکخستنی ناو ماڵی شیعەو بانگھێشتکردنی لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆناو حکومەت. ئەم بیرۆکەیە دوای ئەوە ھات مەسعود بارزانی وەفدێکی ھاوبەشی پارتی و سوننەکانی ناردە نەجەف، بۆ ئەوەی سەدر قایل بکەن ئەو لایەنانەی تری شیعەش بەشداربن لە حکومەتدا، بەتایبەتی نوری مالیکی. ئێستا کە ئیتر دۆخەکە گەیشتوەتە بنبەست و بەبێ رێککەوتنێکی نوێ پەرلەمان ناتوانێ رۆژی دووشەممە کۆببێتەوەو سەرۆک کۆمار ھەڵبژێرێت، سەدر تێگەیشتووە دەبێ بە رێککەوتنەکەیدا بچێتەوە، ھەر رێککەوتنێک لەگەڵ لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیدا بکات، لەسەر دەستپێشخەری خۆی دەیکات نەک بارزانی. ئێستا کە شیعەکان خەریکە لەناو خۆیان پێکدێن، ئیتر پارتی و یەکێتی لە ھەردوو جەمسەرەکەی ناو شیعەوە گورزیان بەردەکەوێت. ئەمەش ئەگەرێکەو دەکرێت رووبدات، بەتایبەتی لەگەڵ موقتەدا سەدردا کە بەخێرایی بڕیارەکانی دەگۆڕێت. مالیکی یەکێتی بێ ئومێد دەکات لەبەرامبەردا یەکێتی نیشتمانیش کە بەرھەم ساڵحی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید کردووە، چاوی لەوە بوو بە پشتی نەیارە شیعەکانی سەدر واتە (مالیکی، عامری، خەزعەلی، فەیاز، حەکیم و عەبادی) کاندیدەکەی خۆی سەربخات، بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو) نوری مالیکی ھەڵوێستی لەبارەی بەرھەم ساڵحەوە نەرێنییە و داوای کردووە یەکێتی کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بگۆڕێت. لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بەدیاریکراویش نوری مالیکی کە خاوەنی زۆرترین کورسی ھاوپەیمانێتییەکەیە (37) كورسی، پاڵپشتی کاندیدکردنەوەی بەرھەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ناکات. بەپێی زانیارییەکانی (درەو)، سەرچاوەی ئەم نیگەرانییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، بەرھەم ساڵح لەماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا رێگر بووە لەوەی جێگرانی سەرۆک کۆمار دابنێرێن، مالیکی یەکێک لەوانە بووە چاوی لە وەرگرتنی ئەم پۆستە بووە. سەرباری ئەمە، بەگشتی لایەنە شیعە دۆڕاوەکانی ھەڵبژاردن دژی کاندیدکردنەوەی بەرھەم ساڵح بوون بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، چونکە بە بەرپرسی دەزانن لە تێپەڕاندنی یاسا نوێیەکەی ھەڵبژاردن، کە بە زیانی ئەوان شکایەوە.
راپۆرت: درەو لەدوای نەوت ئەردۆغان داوای غازی هەرێمی كوردستان دەكات، نێچیرڤان بارزانی بەنەوتی هەرێم پێگەی خۆی قایمكرد، دوای ماوەیەك پەراوێزخستن، لەرێگەی غازی سروشتی هەرێمی كوردستانەوە گەڕایەوە ناو گۆڕەپانەكەو لەگەڵ ئەردۆغاندا سەرەتای مامەڵەیەكی نوێی دەستپێكردووە، لەكاتێكدا ئێستا نەوت بووە بە بابەتێكی سەرەكی كێشەكانی نێوان هەرێمو بەغداد، دیار نییە مامەڵەی غازەكە لەداهاتوودا لێكەوتەكانی لەسەر هەرێم بۆ داهاتوو چۆن دەشكێتەوە. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. توركیا غازی دەوێت ! بەشێوەیەكی كتوپڕ، گەیشتە ئەنكەرەو لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا كۆبوەوە. سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی هێندە كتوپڕ بوو، تەنانەت میدیاكانی خۆشی نەیانزانی بوو، هەواڵی سەردانەكەیان لە سایتی سەرۆكایەتی كۆماری توركیاوە گواستەوە. سایتی سەرۆكایەتی هەرێم هیچ زانیارییەكی لەبارەی كرۆكی دیداری نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەردۆغان ئاشكرا نەكرد، بەڵام ئەردۆغان لە پەراوێزی سەردانەكەیدا بۆ ئۆكرانیا، بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا لەبارەی ناردنی غازی سروشتی لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیا گفتوگۆیان كردووە. نێچیرڤان بارزانی بە ئەردۆغانی وتووە" هەرشتێك لە توانامدا بێت دەیكەمو بابەتی غازەكە لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عێراقدا تاوتوێ دەكەم". غاز لە دوای نەوتەوە نێچیرڤان بارزانی ئەندازیاری رێككەوتنی (50 ساڵە)ی هەرێمی كوردستانە لە بواری وزەدا لەگەڵ توركیا، لەچوارچێوەی ئەم رێككەوتنەدایە كە هەرێمی كوردستان بەبۆری نەوتی خۆی بەناو خاكی توركیادا دەگەیەنێتە بەندەری (جیهان)ی توركیاو لەوێشەوە رەوانە وڵاتی (ئیتالیا، ئیسپانیا، یۆنان، ئیسرائیل، بولگاریا، كراواتیا). لەدوای نەوتەوە، نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت غازی سروشتی هەرێمی كوردستانیش رەوانەی توركیا بكات، ئەمە لەكاتێكدا روودەدات، بەهۆی ئەگەری پەلاماردانی ئۆكرانیا لەلایەن روسیاوە، وڵاتانی ئەوروپا ترسیان لێ نیشتووە توشی قەیرانی غازی سروشتی ببنو روسیا وەكو هەناردەكاری گەورەی غاز لە جیهاندا، غازی ئەوروپا راگرێت. مامەڵەكردن بە غازی سروشتی هەرێمەوە لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە لەكاتێكدایە هێشتا هەرێمی كوردستان كێشەی نەوتەكەی لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عێراق چارەسەر نەكردووەو بەغداد سورە لەسەر ئەوەی هەرێمی كوردستان مافی ئەوەی نییە بەشێوەی سەربەخۆ سامانی سروشتی خۆی بفرۆشێت، دۆسیەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەشێوەیەكی سەربەخۆ، ئێستا دوو سكاڵای گەورەی لەسەرە، سكاڵایەكیان لە دادگای فیدراڵی عێراقە، سكاڵایەكی تریش هەیە كە حكومەتی عێراق لە دادگای پاریس لەسەر توركیا تۆماریكردووە بەهۆی ئەوەی بەبێ رەزامەندی حكومەتی بەغداد نەوتی هەرێمی كوردستان رەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكات. رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە نێچیرڤان بارزانی بە ئەردۆغانی وتووە، لەبارەی ناردنی غاز بۆ توركیا دەبێت لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عێراقدا قسە بكەم. غازی سروشتی لە هەرێمی كوردستان بەگوێرەی سایتی فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، هەرێمی كوردستان بڕی 200 تریلیۆن پێ سێجا (5.7 ترلیۆن مەتر سێجا) یەدەگی غازی سروشتی هەیە، كە رێژەی 3%ی تێكڕای یەدەگی غازە لەسەر ئاستی جیهان. بەڵام ئەمە ئەو یەدەگەیە كە نەسەلمێندراوە، چونكە رێژەی سەلمێندراوی یەدەگی غازی سروشتی هەرێم بەگوێرەی راپۆرتەكانی وزەی ئەمریكا، بڕەكەی تەنیا (25 ترلیۆن) پێ سێجایە. گۆڤاری (ئۆیڵ پرایز) كە بڵاوكراوەیەكی تایبەتمەندی بواری وزەیە، ساڵی 2020 لە راپۆرتێكدا باسی لەوەكرد، لەكۆی رێژەی سەلمێندراو و نەسەلمێندراوی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان، تەنیا بڕی (10 ترلیۆن) پێ سێجای دۆزراوەتەوەو كاری تێدا دەكرێت، ئەمەش ئەو بڕەیە كە ئێستا لە سنوری ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیو لە كێڵگەی (كۆرمۆر) بەرهەم دەهێنرێت. غازی سروشتی كیڵگەی (كۆرمۆر) لە چەمچەماڵ كە كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتی بەرهەمی دەهێنێت، ئێستا بەرهەمی رۆژانەی گەیشتوەتە (430 ملیۆن) پێ سێجا كە دەكاتە (هەزارو 50) تەن، ئەم بەشەی غاز كە بەرهەمدەهێندرێت پێداویستی ناوخۆی پێپڕدەكرێتەوە كە بڕەكەی (750) تەنی رۆژانەیەو (300) تەنیشی رەوانەی دەرەوە دەكرێت و بە پێی زانیارییەكان بەشێكی بۆ ئەفغانستان دەڕوات. یەدەگی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان زۆربەی دەكەوێتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی، لەسەروبەندی پەسەندكردنی بودجەی 2021ی عێراقدا، لەناو یەكێتییەوە هەوڵێك هەبوو بۆ ئەوەی غازەكەی كۆرمۆر رادەستی حكومەتی عێراق بكرێت، ئەمە بەمەرجی ئەوە بوو، حكومەتی بەغداد بەشێوەیەكی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ سلێمانی بكاتو موچەی فەرمانبەرانی دابین بكات، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەوكات یەكێتی تائاستی ئیمزاكردنی لێكتێگەیشتنێك لەگەڵ مستەفا كازمی رۆیشتووەو بڕیاربووە حكومەتی عێراقو سلێمانی پێكەوە كۆمپانیایەكی بەرهەمهێنانی غاز دروست بكەن، بەڵام ئەم رێككەوتنە نەگەیشتنە ئەنجامو ناكۆكییەكان لەناوخۆی یەكێتیدا تەقینەوە. دابەشبوونی غاز لەنێوان پارتیو یەكێتیدا یەدەگی غازی سروشتی، دابەشبووە بەسەر ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیو یەكێتیدا، دابەشبونەكە بەمشێوەیە: یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی • كێڵگەی كۆرمۆ: 8 ترلیۆنو 200 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی چەمچەماڵ: 4 ترلیۆنو 400 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی میران: 3 ترلیۆنو 46 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی پەڵكانە: ترلیۆنێكو 600 ملیار پێ سێجا یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی • كیڵگەی بنەباوێ: 7 ترلیۆنو 100 ملیار پێ سێجا • كێڵگەی خۆرمەڵە: 2 ترلیۆنو 260 ملیار مەتر سێجا • كیڵگەی شێخان: 900 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی پیرمام: 880 ملیار پێ سێجا نێچیرڤان دەگەڕێتەوە ناو گۆڕەپانەكە دوای 17 ساڵ سەرۆكایەتیكردنی حكومەت، ناوەڕاستی 2019، لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی بنەماڵەیدا، نێچیرڤان بارزانی دەستی لە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت هەڵگرت بۆ مەسرور بارزانی ئامۆزاییو لەبری ئەمە، مەسعود بارزانی مامی پۆستی سەرۆكی هەرێمی چۆڵكرد بۆ نێچیرڤان بارزانی. مەسعود بارزانی هەر بەناو پۆستی سەرۆكی هەرێمی چۆڵكرد، ئەگەرنا بەشێوەیەكی واقعی هێشتا ئەو سەرۆكە، تا ئەو رادەیەی لە میدیای فەرمییەكانی پارتیدا، هێشتا دەستەواژەی سەرۆك بۆ مەسعود بارزانی بەكاردەهێنرێت. لەوكاتەوە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی وەرگرتووە، نێچیرڤان بارزانی پەراوێز خراوە، وەفدە بیانییەكان هەروەكو پێشتر سەردانی مەسعود بارزانی دەكەن، نێچیرڤان كە خۆی بە ئەندازیاری كۆكردنەوەی لایەنە سیاسییەكان دەزانی، نەیتوانی لەسەر پرسی سەرۆكایەتی كۆمار، پارتیو یەكێتی لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێمەوە بگەیەنێتە رێككەوتن، بەڵام كاتێك ئێران فشارەكانی لەسەر پارتی توندكردەوە، رۆڵی نێچیرڤان بارزانی دەركەوتەوەو مەسعود بارزانی بە نوێنەرایەتی خۆی رەوانەی نەجەفی كرد بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ موقتەدا سەدردا بكات. دوای ئێران، توركیاش چانسێكی تری دایەوە بە نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە ناو گۆڕەپانەكە، سەردانی دوێنێ نێچیرڤان بارزانی بۆ لای ئەردۆغان، جارێكی تر كەیسی وزەی هەرێمی كوردستانی دایەوە دەست نێچیرڤان بارزانی. لەوكاتەوە لە پۆستی سەرۆكی حكومەتدا نەماوە، پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا لاواز بووە، سەردانەكەی دوێنێی بۆلای ئەردۆغان پەیوەندییەكانی لەگەڵ دۆستە كۆنەكەیدا بوژاندەوە.
راپۆرت: درەو نیسابی یاسایی تەواو نابێت، دوو شەممە سەرۆك كۆمار هەڵنابژێردرێت، بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆك كۆمار بەردەوام دەبێت، پێشبینییەكان بەمشێوەیە، ئەگەر یەكێتیو لایەنە شیعەكان بتوانن (110) كورسی كۆبكەنەوە، دەتوانن بۆ هەمیشە نیسابی كۆبونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار پەكبخەن، ئەمە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتیش پەكدەخات، جگە لە رێككەوتن هیچ چارەسەرێك لە ئارادا نییە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتە. دوو شەممەی گەورە ! رۆژی دوو شەممەی هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارێكی نوێ، ئەمە دوو شەممەی گەورەی یەكلابونەوەی ململانێكانی پارتیو یەكێتییە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، لەگەڵ خۆشیدا ناكۆكی ناو ماڵی شیعە بەلادا دەخات، چارەسەر یان گەیشتن بە بنەستێكی چەند مانگە. دادگای فیدراڵی عێراق كە بەرزترین دەسەڵاتی یاساییە لە عێراقداو تەنیا ئەو بۆی هەیە لێكدانەوە بۆ ماددەكانی دەستور بكات، ئەمڕۆ وەڵامی داوایەكی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقی دایەوە. بەرهەم ساڵح لە نوسراوێكدا داوای لە دادگای فیدراڵی كرد، ئەوە یەكلابكاتەوە ئایا دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، نیسابە یاساییەكەی چەندە، واتە چەند كەس لە پەرلەمانتاران ئامادە بن، دەتوانرێت دانیشتنەكە ساز بدرێت ؟ هەفتەی رابردوو مشتومڕ لەبارەی نیسابی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دروستبوو، هەندێك لە یاساناسان دەیانوت بەهۆی ئەوەی سەرۆك كۆمار لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردندا بە دەنگی (دوو لەسەر سێ) هەڵدەبژێردرێت، نیسابی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان (دوو لەسەر سێ)یە، دوو لەسەر سێ واتە لە كۆی (329) ئەندامی پەرلەمانی عێراق (220) ئەندامیان لە هۆڵی كۆبونەوەكەدا ئامادەبن، ئەوكاتە دانیشتنەكە دەستپێدەكات، یوسف محەمەد سەرۆكی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان یەكێك لەوانە بوو كە بەرگری لەم بۆچونە دەكردو بەڵگەی یاسایی بۆ دەهێنایەوە. لەبەرامبەردا رایەكی تر هەبوو، دەیوت، دوو لەسەر سێ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارە نەك نیسابی یاسایی بەڕێوەچوونی دانیشتنەكە، یەكێك لەوانەی كە پشتیوانی ئەم بۆچونەی دەكرد یاساناسی بەناوبانگ (تاریق حەرب) بوو، حەرب دوێنێ كۆچی دوایی كردو فریای ئەوە نەكەوت بیبینێت كە بۆچونەكەی لەمبارەیەوە لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە رەتدەكرێتەوە. دادگا یەكلای كردەوە دادگای فیدڕاڵی ئەمڕۆ حوكمی خۆی لەبارەی ئەم ناكۆكییە یاساییەوە یەكلاكردەوەو لەوەڵامی نوسراوەكەی بەرهەم ساڵحدا رایگەیاند: • بەگوێرەی ماددەی (70)ی دەستور سەرۆك كۆمار بە دەنگی (دوو لەسەر سێ)ی ئەندامانی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێتو نیسابی یاسای دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریش (دوو لەسەر سێ)یە. ئایا نیساب پێكدێت ؟ ئێستا كە ئیتر دادگای فیدراڵی قسەی خۆی كرد، بۆ هەموو لایەنەكان روونبوەتەوە دانیشتنی رۆژی دوو شەممەی هەفتەی داهاتوو تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، پێویستی بەوەیە (220) ئەندامی پەرلەمان ئامادە بن تێیدا، بەپێچەوانەوە نیسابی یاسایی پێكنایەتو هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دوادەكەوێت. ئەگەر هاوپەیمانێتییە سیاسییەكانی ئێستا تاوەكو رۆژی دوو شەممە وەكو خۆی بمێنێتەوەو هیچ رێككەوتنێكی سیاسی نوێ لەنێوان لایەنە ركابەرەكاندا نەكرێت، رۆژی دوو شەممە نیسابی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان كێشەی تێدەكەوێت، چۆن ؟ • هاوپەیمانێتی (سەدر+ حەلبوسی+ بارزانی) كۆی ژمارەی كورسییەكانیان نزیكەی (175) كورسییە، بۆ تەواوكردنی نیسابی (220) كورسییەكە، پێویستیان بە (45) كورسی ترە، لەم حاڵەدا ئەگەر هێزەكانی تری وەكو (جوڵانەوەی نەوەی نوێو ئیمتیداد)یش لەم بەرەیەدا رابوەستن وەكو ئەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەماندا دەنگیان بۆ حەلبوسی دا، هێشتا ژمارەی كورسییەكانی ئەم بەرەیە (200) كورسییەو پێویستی بە (20) كورسی تر هەیە بۆ ئەوەی نیساب تەواو بكەن. • بەرەی نەیارانی سەدرو هاوپەیمانێتییەكەی، كە بریتین لە (لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی+ یەكێتی نیشتمانی) ئەمانەش لە باشترین حاڵدا بە تێكڕا ژمارەی كورسییەكانیان نزیكەی (100) كورسییەو بەتەنیا ناتوانن نیسابی (220) كورسی بۆ دانیشتنەكە ئامادە بكەن، بەڵام ئەمانە كە ترسیان لە زۆرینەی سەدر+ حەلبوسی+ بارزانی هەیە، ئەگەر بتوانن ژمارەی كورسییەكانیان بۆ (110) كورسی زیاد بكەن، بۆ هەمیشە دەتوانن (نیسابی یاسایی) تێكبدەنو دۆخێكی چەقبەستووی هاوشێوەی ئەوەی لوبنان دروست بكەن، سەرباری ئەمەش دەتوانن پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو تەنانەت پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتیش پەكبخەن، چونكە بەپێی دەستوری عێراق، دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، كوتلەی گەورە دیاری دەكرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت. لەحاڵێكدا كە نیسابی یاسایی (دوو لەسەر سێ) بێت، (110) كورسی لە پەرلەمانی عێراقدا دەبێت بە (یەك لەسەر سێی پەكخەر- الثلث المعتل)، چونكە 210 لەگەڵ 220 بەتێكڕا دەكات (230) كورسی، ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق (329) كورسییە. چارەسەر چییە ؟ دابەشبوونی سیاسی ئێستای عێراق ئەگەر تاوەكو رۆژی دوو شەممە كە وادەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارە، وەكو خۆی بمێنێتەوە، نیسابی یاسایی كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دروست نابێت. تاكە چارەسەری ئەم دۆخە ئەوەیە، سەدر قایل ببێت بە بەشداربوونی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (مالیكی، عامری، قەیس خەزعەلی، فالح فەیاز، عەبادی، حەكیم) لە كابینەی نوێی حكومەتدا، ئەمە وادەكات لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا ئەم لایەنانە بەشداری لە كۆبونەوەی پەرلەمان بكەنو نیساب تەواو بكەن، ئەمە ئەو دۆخەیە كە ئێرانییەكان كاریان لەسەر كردووە، مەسعود بارزانی كە كاندیدی هەیە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار (هۆشیار زێباری) پێشوەختە دركی ئەم چەقبەستنە سیاسییە كرد، بۆیە وەفدی ناردە لای سەدرو داوای لێكرد لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەشداری بكەن لە حكومەتەكەیدا. سەدر تائێستا سورە لەسەر ئەوەی نابێ نوری مالیكی بەشداری لە حكومەتدا بكات، بەڵام دەرگای بۆ بەشداربوونی لایەنەكانی تر كردوەتەوە، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیش دەڵێن بەبێ مالیكی بەشداری ناكەین، لەم نێوەندەدا باس لە چارەسەرێكی مامناوەندی دەكرێت، بەڵام هێشتا نەگەیشتوەتە ئاستی رێككەوتن. ئەگەر سەرۆك كۆمار هەڵنەبژێردرا ؟ دەستوری عێراق ماوەی (30) رۆژی دیاریكردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە دوای كۆبونەوەی یەكەمی خولی نوێی پەرلەمانەوە. خولی نوێی پەرلەمانی عێراق (خولی پێنجەم)، كۆبونەوەی یەكەمی خۆی لە رۆژی 9ی مانگی رابردوو (كانونی یەكەمی 2022) سازكرد، رۆژی 8ی ئەم مانگە ماوەی دەستوریی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كۆتایی دێت. پەرلەمانی عێراق رۆژی دوو شەممەی هەفتەی داهاتووی دیاریكردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كە دەكاتە (7)ی ئەم مانگە، رۆژی 8ی ئەم مانگە وادەی دەستوری هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كۆتایی دێت. ئەگەر رۆژی دوو شەممە نیسابی یاسایی بۆ دانیشتنی پەرلەمان پێكنەهاتو سەرۆك كۆمار هەڵنەبژێردرا، ئەوا بەرهەم ساڵح وەكو سەرۆك كۆمار لە پۆستەكەی خۆی بەردەوام دەبێت تا ئەوكاتەی لایەنەكان دەگەنە رێككەوتنو سەرۆك كۆماری نوێ هەڵدەبژێردرێت. دادگای فیدراڵی ساڵی 2010 حوكمێكی دەركردووە كە وەڵامی دۆخێكی وەكو ئەوەی ئێستا دەداتەوە، دادگا دەڵێ ئەو وادەی (30) رۆژەی دوای كۆبونەوەی یەكەمی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دیاریكراوە، وادەیەكە "بۆ رێكخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارە، نەك بۆ خستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار". واتە بەگوێرەی ئەم حوكمەی دادگای فیدڕاڵی، ئەگەر رۆژی دوو شەممە سەرۆك كۆماری نوێ هەڵنەبژێردرێت، رێوشوێنەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار گرفتی بۆ دروست نابێتو دەكرێت لەكاتێكی تردا رێككەوتن بكرێتو نیسابی یاسایی تەواو بكرێتو سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، تا ئەوكاتەش بەرهەم ساڵح لە پۆستەكەی وەكو سەرۆك كۆمار بەردەوام دەبێت.
(درەو): هێزێكی تایبەت بە هێلیكۆپتەر گواستراونەتەوە بۆ پارێزگا ئیدلب، لەوێ نزیكەی سێ كاتژمێر شەڕ بووە، هێلیكۆپتەرێكی ئەمریكا كێشەی تێكەوتووەو سەربازانی ئەمریكی خۆیان تەقاندویانەتەوە، بەرپرسانی ئەمریكا دەڵێن نێچیرێكی گەورە راوكراوە، بەڵام هێشتا ناوی نێچیرەكە ئاشكرا نەكراوەو بایدن ئەمڕۆ رایدەگەیەنێت. "سەركەوتوو بوو" جۆن كێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا "پەنتاگۆن" رایگەیاند، ئەركەكە تایبەت بوو لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆرو سەركەوتوو بوو. "هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت كە لەژێر فەرمانی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریكادان تایبەت بە روبەڕووبونەوەی تیرۆر، ئەركەكەیان ئەنجامدا.. ئەركێكی سەركەوتوو بوو، هیچ زیانێك لە ریزی هێزەكانی ئەمریكا نەبوو.. هەركاتێك زانیاریمان بەردەست كەوت، قسەی زیاتر دەكەین" وتەبێژەكەی پەنتاگۆن وای وت. سەرچاوەكان لە سوریاوە باسلەوە دەكەن، هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هێزێكیان لەرێگەی هێلیكۆیتەرەوە دابەزاندووە، ئەم هێزە ماڵێكیان لەنێوان هەردوو شارۆچكەی (ئەتمە)و (دێر بلوت) لە پارێزگای ئیدلبی سوریا كردوەتە ئامانج. ئەو ناوچەیەی كە شەڕەكە تێیدا رویداوە، كەمپی پەنابەرانی تێدایەو هەندێك لە راپۆرتەكان باسلەوە دەكەن، سەركردەی گروپە توندڕەكان ئەم كەمپانەیان كردوەتە پەناگە. سەركردەیەكی قاعیدە ! دوای دابەزینیان، هێزەكە لەرێگەی بڵندگۆوە قسەیان كردووەو داوایان لە داواكراوەكان كردووە خۆیان رادەست بكەن، شایەتحاڵەكان دەڵێن ئەم ئۆپراسیۆنە هاوشێوەی ئۆپراسیۆنی كوشتنی ئەبو بەكر بەغدادی بووە. هەندێك لە سەرچاوەكان دەڵێن لەم ئۆپراسیۆنەدا (9) كەس كوژراون، هەندێك تر دەڵێن (12) كەس كوژراون. رۆژنامەی "وۆڵ ستریت ژۆرناڵ" لەزاری چەند بەرپرسێكی ئەمریكییەوە دەڵێ" ئەم ئۆپراسیۆنەكە لە چەند رۆژی رابردوودا پلانی بۆ دانراوەو تیرۆرستێكی گەورەی كردوەتە ئامانج". بەپێی قسەی رۆژنامەكە، لەم ئۆپراسیۆنەدا فڕۆكەی جەنگی لە جۆری (ئاباچی) بەكارهاتووەو فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانیش گورزی ئاسمانییان وەشاندووە.. هێزە تایبەتەكەی ئەمریكا لەگەڵ هەندێك هێزی تردا، هەڵیانكوتاوەتەسەر شوێنێك لە ناوچەی (ئەتمە) لە پارێزگای ئیدلبو ئۆپراسیۆنەكە زیاتر لە دوو كاتژمێری خایاندووە، ژمارەیەك كەس كوژراونو هەندێك لە خانوەكانی ناوچەكە وێران بوون. ئەو شایەتحاڵانەی نزیك بوون لە شوێنی رووداوەكەوە باسلەوە دەكەن، هێزەكانی ئەمریكا توشی روبەڕووبونەوە بوون لەگەڵ ئەو كەسانەی كە هەوڵی دەستگیركردنیان داون، ئەو شوێنەی كە ئەم رووداوە تێیدا رویداوە دەكەوێتە دووری نزیكەی 15 كیلۆمەتر لە گوندی (باریشا)، ئەو گوندەی كە ئۆكتۆبەری 2019 هێزەكانی ئەمریكا ئەبوبەكر بەغدادی رێبەری رێكخراوی "داعش"یان تێدا كوشت. ئۆپراسیۆنەكە بەلای ئەمریكییەكانەوە زۆر گەورەیە، وا بڕیارە جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ژەنەراڵ فرانك ماكنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا كە بەرپرسە لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لەبارەی ئەم ئۆپراسیۆنەوە وتارێك بخوێنێتەوە. رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز) دەڵێ" ئەو ئۆپراسیۆنەی كە هێزە تایبەتەكانی ئەمریكا لە باكوری خۆرئاوای سوریا ئەنجامیانداوە، سەركردەیەكی رێكخراوی قاعیدە كردوەتە ئامانج. تەقاندنەوەی هێلیكۆپتەرێك رۆژنامەكە لەزاری چەند چاودێرێكی ئەمریكییەوە نوسیویەتی" كەمێك پاش ناوەڕاستی دوێنێ شەو، هێلیكۆپتەرە ئەمریكییەكان هێزەكانی كۆماندۆیان گواستوەتەوە، گەمارۆی ماڵێكیان داوە لە ناوچەی (ئەتمە) كە دەمەوێتە سنوری نێوان سوریاو توركیاو ئەم ناوچەیە لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریادایە. شایەتحاڵەكان دەڵێن، هێزە ئەمریكییەكە لەكاتی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەكەدا، بە بڵندگۆو بە زمانی عەرەبی هاواریان كردووەو داوایان لە ژنو منداڵ كردوو لەناو ماڵەكانیان بێنە دەرەوە، پاش نزیكەی دوو كاتژمێر لەم بانگەوازە، شەڕێكی گەورە دەستی پێكردووە، موشەكی تێدا بەكارهێنراوە. بەگوێرەی راپۆرتی (نیویۆرك تایمز)، لەم ئۆپراسیۆنەدا هێلیكۆپتەرێكی ئەمریكا توشی كێشەی میكانیكی بووە، بەناچاری نیشتوەتەوە، هێزەكانی ئەمریكا خۆیان فڕۆكەكەیان تەقاندوەتەوە".
درەو: ئامادەکردنی: ئەنوەر کەریم حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی رابردوودا ( 12 ملیۆن و 863) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە بە (12) دۆلار كەمتر لە بازاڕی جیهان تێكڕای بەرمیلێك بە (74) دۆلار فرۆشتووە كۆی داهاتی نەوت (954 ملیۆن) دۆلار بووە (58%)ی چووە بۆ خەرجی كۆمپانیاكان (400 ملیۆن) دۆلاری داهاتی نەوت بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان ماوەتەوە، لەگەڵ (164 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆ (بۆ تەمویلی موچە) چونكە مانگانە داهاتی ناوخۆ سەرو (350 ملیار) دینارە ، (31 ملیار) دیناری هاوپەیمانان، (200 ملیار) دیناری پارەی بەغداد، كۆی گشتی داهاتی مانگی رابردووی حكومەتی هەرێم ( 976 ملیار) دینار بووە. پوختە داهاتی نانەوتی • داهاتە نانەوتیەکانی هەرێم بۆ مانگی کانونی دووەم = (164 ملیار) دینارە • یارمەتی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە = (31 ملیار 500 ملیۆن) دینارە • پشکی هەرێم لە بەشە بودجەی عێراق = (200 ملیار) دینارە داهاتی نەوت • هەرێمی کوردستان لە مانگی کانونی دووەمی (2022)دا بڕی (12 ملیۆن و 863 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردەکردوە لە ڕێگای بەندەری جیهانی تورکیاوە. • تێکڕایی نرخی نەوتی برێنت بۆ مانگی کانونی دووەم (86.21) دۆلارە. • لەبەرئەوەی هەرێم نەوتەکەی بە (12) دۆلار کەمتر دەفرۆشیت، واتە تێکڕا نەوتی بە (74.21) دۆلار فرۆشتووە. کەواتە: (12 ملیۆن و 863 هەزار) بەرمیل X (74.21) دۆلار = (954 ملیۆن و 563 هەزار و 230) دۆلار. واتە بە دینار دەکاتە: (954 ملیۆن و 563 هەزار و 230) دۆلار X (1450) دینار = (1 ترلیۆن 384 ملیار و 116 ملیۆن و 6834 هەزار 500) دینار. • بەپێی ڕاپۆرتی دیلۆیت (58%)ی داهاتی نەوت خەرجی تێچوونەکەتی و (42%) دەمێنتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان. - کەواتە: (954 ملیۆن و 563 هەزار و 230) دۆلار X (58%) = (553 ملیۆن و 646 هەزارو 673) دۆلار دەڕوات بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت. واتە بەدینار دەکاتە: (553 ملیۆن و 646 هەزارو 673) دۆلار X ((1450 دینار = (802 ملیار و 787 ملیۆن و 676 هەزار و 430) دینار خەرجی نەوتە. - (954 ملیۆن و 563 هەزار و 230) دۆلار X (42%) = (400 ملیۆن و 916 هەزارو 557 ) دۆلار داهات دەمێنێتەوە. داهاتی نەوت بە دینار دەکاتە: (400 ملیۆن و 916 هەزارو 557) دۆلار X (1450) دینار= (581 ملیار و 329 ملیۆن و 7 هەزار و 70) دینار. کۆی داهات لە مانگی کانونی دووەم 2022 (دینار) • (581 ملیار و 329 ملیۆن و 7 هەزار و 70) داهاتی نەوت + (164 ملیار) داهاتی ناوخۆ + (31 ملیار 500 میلۆن) هاوپەیمانان + (200 ملیار) پارەی بەغدا = (976 ملیار و 829 ملیۆن و 7 هەزار و 70) دینار
ئا: بارام سوبحی رۆژی (5/5/2012) د.نەجمەدین كەریم دەچێتە لای مام جەلال لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی لە هەولێر، لەو كاتەدا نێچیرڤان بارزانیش لای مام جەلال میوان دەبێت. نەجمەدین لە بەرچاوی نێچیرڤان بارزانی بە مام جەلال دەڵێت یان هەر ئەمڕۆ بلیت دەبڕمو دەچمەوە بۆ ئەمریكاو ناگەڕێمەوە، یا دەبێت عارف قوربانی لە یەكێتیی دەربكەیت. لەسەر داواو پێداگریی پارتیش، مام جەلال لە كەركوك دەریكردم. نوسەرو رۆژنامەنووس عارف قوربانی لەنوێترین كتێبیدا بەم جۆرە سەرگوزشتەی دورخستنەوەی لە كەركوكو دەركردنی لە یەكێتی دەگێڕێتەوە. قوربانی لە كتێبەكەیدا (سەركوتكردنی ئازادیی: چیرۆكی دورخستنەوەم لە كەركوك)، دەڵێت: د. نەجمەدین وەك مافیا كەركوكی دادۆشی، هەروەها دەڵێت: هەموو ئەو دەستەبژێرەی لەپشتی رەفتارو كارە مافیاییەكانی كەركوكەوە بوون، مام جەلالو كاك مەسعود كردبویانن بە ئاغاو كوێخا بەسەر كەركوكەوە. ئەو كتێبە جگەلە پێشەكیو سەرەتایەكی پێویست، دوو بابەتی دیكە لەخۆدەگرێت یەكەمیان پرۆژەیەكە بۆ چۆنێتی مامەڵەكردنی سەركردایەتی سیاسی كوردستان لەگەڵ كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، كە لە رۆژی (11/6/2007) لە كۆبونەوەیەكدا رادەستی مەسعود بارزانیو لە رۆژی دواتردا رادەستی مام جەلالو نەوشیروان مستەفاو د.بەرهەم ساڵح كراوە، بابەتی دووهەمیش دەقی دوو ئەڵقەی یەك لەدوای یەكی بەرنامەی (بەیانی نەوا)ی رادیۆی نەوایە، كە لە رۆژانی (1و2ی ئەیلولی 2007) تایبەت بە رەوشی كەركوك بە میوانداری قوربانی پێشكەشكراوە. تاڵەبانیو بارزانی بەرپرسن لەپێشەكی كتێبەكەیدا، قوربانی باس لە دۆخی ئێستای كەركوك دەكاتو بەرپرسیارێتی ئەو دۆخە راستەوخۆ دەخاتە ئەستۆی تاڵەبانیو بارزانی، لەوباریەوە دەڵێت "دەسەڵاتی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار لە دەستی ئەم دوو كارەكتەرە بوو، هەموو ئەوانەش كە وێنایەكی ناشرینیان بۆ كورد دروستكرد، نوێنەرەكانی ئەمان بوون لە دەزگا ئەمنیو حیزبیو سەربازییو ئیدارییەكان. هەموو ئەو دەستەبژێرەی لەپشتی رەفتارو كارە مافیاییەكانی كەركوكەوە بوون، ئەو دوو بەڕێزە كردبویانن بە ئاغاو كوێخا بەسەر كەركوكەوە". نووسەر لەبارەی ئەو پرسەوە زیاتر دەدوێتو دەڵێت: تاڵەبانیو بارزانی بەرپرسیارن، چونكە هەردوكیان چەندینجار ئاگادار كراونەتەوە لە خراپی رەفتاری بەرپرسەكانی كەركوكو رەنگدانەوەی ئەو خراپەكارییانە بەسەر پێكهاتەكانی شارەكەو لێكەوتەكانی بەسەر ئایندەی كەركوكەوە. بەڵام هیچ جۆرە لێپرسینەوەو سزایەكیان نەبووە بۆ خراپەكارەكان، بگرە سزای ئەوانەیان دەدا كە باس لە خراپەكارییەكانیان دەكەن". بەبۆچونی نووسەر پێكهاتەكانی دیكەی كەركوك بۆ سەد ساڵی دیكەش رازی نابن كورد ببێتە دەسەڵاتداری شارەكە، چونكە "كورد بە رەفتاری مافیا ئاسا، بە دزیو تاڵانكردن، بە زوڵمو ستەم لە دانیشتوانی كەركوك، ژینگەیەكیان خوڵقاند كە توركمانو كرستیانو عەرەبی شارەكە، بۆ سەت ساڵی تریش رازی نەبن كورد حوكمیان بكاتەوە. دەسەڵاتدارانی كورد، كەركوكیان تاڵانكرد، یەكەمین گروپی دزیكردنو دەستخستنە ناو گەندەڵی نەوت لە كەركوكەوە دەستیپێكردو تەشەنەیكرد بۆ هەرێمی كوردستان". دوورخستنەوەم لە كەركوك نووسەر رایدەگەیەنێت دوای میوانداریكردنی لە دوو ئەڵقەی یەك لەدوای یەكی بەرنامەی (بەیانی نەوا)ی رادیۆی نەوا تایبەت بە دۆخی كەركوك، لە رۆژانی (1و2ی ئەیلولی 2007)، بە بڕیاری مام جەلال سكرتێری گشتی یەكێتیو سەرۆك كۆماری ئەوكاتی عیراق، لە كەركوك دورخراوەتەوەو ناچاریان كردوە ماڵەكەی لە كەركوك بگوێزێتەوەو وەكو ئەندامی مەكتەبی راگەیاندن لە سلێمانی دەستبەكاربێت. هۆكاری ئەو بڕیارەی تاڵەبانیش بۆ پێداگیری پارتیو راپۆرتی ژمارەیەك لە بەرپرسانی یەكێتی لە كەركوك دەگێڕێتەوە. لەبارەی بەرپرسەكانی یەكێتیەوە دەڵێت: دەمزانی بەردەوام بەرپرسو دەسەڵاتدارەكانی كەركوك، ئەوانەیان كە خەریكی راوڕووتو تاڵانی نەوتو داگیركردنی موڵكو ماڵی خەڵك بوون، بەردەوام سكاڵایان دەبردە لای مام جەلالو راپۆرتی بێبنەمایان لەسەر دەنوسیم تا لە كەركوك دورم بخەنەوە. چونكە ئێمەیان وەك كۆسپێك لەبەردەم خۆیان دەبینی، منیش بەردەوام سكاڵام لەوان لە رەفتاری مافیائاساو لە دزیو گەندەڵییەكانیان دەكرد، لە رۆژنامەو لە بەرنامەی تەلەفزیۆنی بەڵگەم لەسەر بڵاودەكردنەوە". قوربانی ئاشكرای دەكات دوای پێشكەشكردنی بەرنامەیەكی راستەوخۆ لە تەلەفزیۆنی كەركوكەوە كە تیایدا هەندێك گەندەڵی خراوەتەڕوو، بەرپرسێك هێزێكی چەكداری ناردۆتە سەر تەلەفزیۆنی كەركوك، بە هەوڵی هەریەكە لە كۆسرەت رەسوڵو جەلال جەوهەرو هەڵكەوت عەبدوڵای بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركوك "نەیانهێشت لەنێوان هێزی پاسەوانی ئێمەو هێزی گەندەڵكاران، خوێن بڕژێت". هەوڵەكان هەر بە پەلاماردانی تەلەفزیۆنەوە نەوەستاوە، وەكو قوربانی رونیدەكاتەوە دوای بڵاوكردنەوەی دۆسێیەكی دزینی هەفتانەی چەند ملیۆن لیترێك نەوتو بەنزینو گاز كە بە وەهمی بەناوی بردن بۆ چەمچەماڵەوە وەردەگیراو "بەرپرسێكی حیزبی لە پشتی دزینی بوو، پلانی تیرۆركردنیان بۆ دانام، خۆشبەختانە باندەكە لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركرانو رووی رەشیان بۆ هەموو لایەك ئاشكرابوو". پێداگیرییەكانی پارتی سەبارەت بە پێداگیری پارتی بۆ دورخستنەوەی لە كەركوك، قوربانی راشكاوانە دەڵێت "مام جەلال لەسەر داواو پێداگریی پارتی دیموكراتی كوردستان و بۆ موراعاتكردنی ئەوان منی لە كەركوك دەركردووە". بەشێك لە هۆكارەكەشی دەگێڕێتەوە بۆ رێككەوتنی ستراتیژیی لەنێوان یەكێتییو پارتی كە لە (27/7/2007) ئیمزا كرابوو، چونكە "لە یەكێك لە بڕگەكانی رێككەوتنەكەدا هاتبوو دەبێت رێگە لەوە بگرن لە میدیاكانەوە رەخنەو ناڕەزایەتی بڵاوبكرێتەوە". بۆ بەڵگاندنی وتەكانی، قوربانی نمونەی چاوپێكەوتنێكی محەمەدی مەلا قادر ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی لەگەڵ گۆڤارێكدا دەهێنێتەوە كە لە رۆژی (6/10/2007) لە پیرمام سازكراوەو تیایدا دەڵێت: (من گوێم لەو بەرنامەیە بوو، هیچ دوژمنێكی كورد ئاوا قسە بە پارتیو یەكێتیی ناكات. ئێمە بە برادەرانی یەكێتیمان گووت چۆن دەبێت كادری ئێوە لە راگەیاندنەوە ئاوا قسە بكات، ئەوە پارتی قەینا، بابە كاك مەسعود قەینا، بەڵام چۆن وا بەیەكێتیی دەڵێت، چۆن قبوڵی دەكەن وا بە مام جەلال بڵێت؟). بەڵگەیەكی دیكەی قوربانی ئەوەیە، كاتێك ئەندامی لیژنەی ئامادەكاریی كۆنگرەی گۆڕەبەكۆمەڵەكان بووە لە هەولێر، لە كۆبونەوەیەكیاندا فوئاد حسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمو سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەكە، پێیوتوە "كاك كۆسرەتو ئەرسەلان بایز كە برادەری خۆتن هاتنە لای جەنابی كاك مەسعود، وتیان عارف قوربانی وتویەتی دەبێت مام جەلالو كاك مەسعود بهێندرێن لە كەركوك ئیعدام بكرێن. ئەویش قسەكەی پێناخۆش بوو، تەلەفونی بۆ مام جەلال كرد". رۆژێك دوای ئەو قسەیە، قوربانی دەچێتە لای كۆسرەت رەسوڵو لێی دەپرسێت: لەم كێشەیەدا تۆ خۆت وانیشانئەدا كە نیگەرانی لەو بڕیارەی مام جەلالو دیفاعت لە من دەكرد، بەڵام بیستم تۆ چویتە لای كاك مەسعود، وات وتووە. لەوەڵامدا كۆسرەت رەسوڵ سوێند دەخوات كە قسەی وای نەكردوەو پاشان دەڵێت: منو كاك ئەرسەلان ئەچوین بۆ كۆبونەوە بۆ لای كاك مەسعود، لەناو سەیارەكە گوێمان لە بەرنامەكە بوو، كە چوینە لای بارزانی وتم كاك مەسعود عارف هەر ئەوەی مابوو بڵێت دەبێت كاك مەسعودو مام جەلال بهێندرێن لە كەركوك ئیعدام بكرێن". كۆبونەوە لەگەڵ بارزانی رۆژی (6/6/2007) عارف قوربانی كە ئەوكاتە بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنی كەركوك بووە، لەگەڵ وەفدی لقی پارتیو مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی بەشداری كۆبونەوەیەك لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان دەكات. هەرچەندە لە سەرەتاوە رێگەی پێنادەن قسە بكات، بەڵام لە دوا دوو خولەكی كۆبونەوەكەدا بەبێ مۆڵەت وەرگرتن مایكەكەی بەردەمی هەڵدەكاتو روودەكاتە بارزانیو دەڵێت: (بەڕێز كاك مەسعود ئێمە لێرەین ئەو برادەرەتان بەرپرسی لقی سێ، وەك ئەوەی باسی سوید بكات باسی كەركوكت بۆ دەكات، ئەی ئەگەر ئێمەی لێنەبین دەبێت چی بڵێن دەربارەی كەركوك. دەبێت تۆ بزانیت مێژوو ئەو ناناسێت، مێژوو دوو پیاو دەناسێت لە بەرانبەر كەركوك ئەوانیش جەنابتو جەنابی مام جەلالە. بەڵام ئەوانەی نوێنەرایەتی ئێوە دەكەن لە كەركوك، ئەمانەن كە لێرە دانیشتوون). دوای دوو خولەكەكە، بارزانی بە قوربانی دەڵێت ئەوە نیو سەعات بۆ تۆ چیت هەیە بیڵێ، پاش ئەوەی بۆچونەكانی خۆی دەخاتەڕوو، بارزانی داوای لێدەكات پێشنیارەكانی بۆ چارەسەری گرفتەكان بە نوسراو رادەستی بكات. بەڵام قوربانی لە بەشداربوانی كۆبونەوەكە نائومێد دەبێتو لەبارەیانەوە دەڵێت: لەو كۆبونەوەیەو لە قسەكانی ئەو بەڕێزانەوە بۆم دەركەوت چی داهاتوویەكی مەترسیدار چاوەڕوانی كەركوك دەكات... لەدوای ئەم كۆبونەوەیەوە ئایندەی كەركوك زۆر روون لە منەوە دیاربوو كە دەبێت فاتیحای بۆ بخوێنین. رۆژی (10/6/2007) بۆ جاری دووەم وەفدە هاوبەشەكەی كەركوك دەچنەوە لای بارزانیو قوربانی پڕۆژەكەی خۆی رادەستی بارزانیو كۆسرەت رەسوڵ دەكات. بۆ رۆژی دواتریش كۆپی پڕۆژەكەی ئاراستەی هەریەكە لە تاڵەبانیو نەوشیروان مستەفاو بەرهەم ساڵح دەكات. قوربانی دەقی پڕۆژەكەی لەم كتێبەدا بڵاوكردۆتەوە. لەبارەی كاركردن بە پڕۆژەكەشی دەڵێت: شەوی (14/2/2019) دوای تێپەڕبونی دوانزە ساڵ، لە بەرنامەیەكی كەناڵی كەی ئێن ئێن، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی وتی (پێش دوانزە ساڵ لە ئێستا وابزانم ساڵی 2007 بوو كاك عارف قوربانی پرۆژەیەكی دورودرێژی دایە لایەنەكان بۆ چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەل كەركوكو پێكهاتەكانی، لەبری ئەوەی بەقسەی بكەین چوون محاسەبەیشیانكرد، بەڵام ئێستا ئێمەو پارتی گەیشتوینەتە ئەو قەناعەتەی دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سەر ئەو پرۆژەیەو ئەوە جێبەجێ بكەین). قوربانی لەبارەی وتەكەی پیرە دەڵێت: قسەكانی پیرە ئەوەی دەسەلماند كە هەندێك لە برادەرانی یەكێتیی ئەو كارەی منیان پێ خراپ بووە، هەرچەندە مام جەلالو كاك كۆسرەتیش پێشوەختە ئاگاداری بوونو وێنەشم پێدابوون... ئەو ئیعترافەی كاك سەعدی ئەوەی بۆ سەلماندم كە نیگەرانییەكە تەنها بەهۆی ئەو بەرنامەیەی رادیۆی نەواوە نەبووە. بەڵكوو هەندێكیان ئەوەیان پێناخۆش بووە كە ئەو پرۆژەیەم دابوو بە كاك مەسعود بارزانی. بەڵام بەپێچەوانەوە كاك مەسعود لەو كاتەوە تا ئەو رۆژەی لە كوردستان بووم لەو (13) ساڵەدا بێئەندازە رێزی گرتووم". تاڵەبانی لەنێوان قوربانیو نەجمەدین كەریمدا ساڵی (2012) لە گەرمەی هەڵكشانی ململانێكانی نێوان بارزانیو مالیكی دا، سكرتێرەكەی نەوشیروان مستەفا تەلەفۆن بۆ قوربانی دەكاتو پێی دەڵێت كاك نەوشیروان دەڵێت با سەردانێكم بكات. لەبارەی ناوەڕۆكی قسەكانیان قوربانی دەڵێت: كاك نەوشیروان پێیگوتم ئەم بەیانییە ئەیاد عەلاوی هاتە لام، وتی نەجمەدین كەریم هاتۆتە بەغداو بە نهێنی لەگەڵ مالیكی دانیشتووە، بۆ دژایەتی مەسعود بارزانی دەعوەتی مالیكی كردووە كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیران بهێنێتە كەركوك. خۆت دەزانی من ئێستا لەگەڵ یەكێتیو پارتی كێشەم هەیەو تەرەفگیری هیچ كامیان ناكەم لەم كێشانەی لەگەڵ بەغدا هەیانە، بەڵام كارێكی زۆر خراپ دەكەن كەركوك لەم كێشانەوە بگلێنن، مەهێڵن كەركوك تێكەڵ ئەم كێشانەی خۆیان بكەن، بە دكتۆر نەجمەدین بڵێ هەڵەی وانەكاتو كەركوك نەكاتە تەرەف". لەوەڵامدا قوربانی بە نەوشیروان مستەفا دەڵێت "نێوانم لەگەڵ د.نەجمەدین باش نییە، بەڵام پەیامەكەت دەگەیەنمە كاك كۆسرەتو د.بەرهەم". پاشان دەچێتە ماڵی كۆسرەت رەسوڵو بەسەرهاتەكەی بۆ دەگێڕێتەوە. بەڵام ناوبراو دەڵێت "نەجمەدین شتی واناكاتو ئەوە راست نییەو نەچۆتە بەغدا". كاتێك قوربانی دەچێتە لای بەرهەم ساڵح، عەلاویش دەگاتە ئەوێو هەمان قسە دووپات دەكاتەوە. قوربانی، دەنووسێت: یەك دوو رۆژێك هەر چاوەڕێ بووم بزانم هەڵوێستی یەكێتیی چی دەبێت لەو بارەیەوە، بۆیە بە راڕاییەوە لەنێوان ئەوەی ئەو زانیارییە راستە یان نا، رۆژی (5/5/2012) وتارێكم نوسی، دەربارەی ئەوەی كارێكی خراپە كەركوك بكرێتە تەرەف لەو كێشانە. ئەو رۆژەی وتارەكە بڵاودەبێتەوە د.نەجمەدین دەچێتە لای مام جەلال لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی لە هەولێر، ئەوكاتەی ئەو دەچێت، نێچیرڤان بارزانیش لای مام جەلال میوان دەبێت. نەجمەدین لە بەرچاوی نێچیرڤان بارزانی بە مام جەلال دەڵێت یان هەر ئەمڕۆ بلیت دەبڕمو دەچمەوە بۆ ئەمریكاو ناگەڕێمەوە، یا دەبێت عارف قوربانی لە یەكێتیی دەربكەیت. ئەگەر ئەو بڕیارەش نادەن، دڵنیابە بەڕاستی من دەڕۆم. مام جەلالیش لەبەردەم هەردوكیاندا تەلەفون بۆ وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان ئازاد جوندیانی دەكاتو دەڵێت لێدوانێك بدەو بڵێ عارف قوربانیمان لەیەكێتی دەركرد. رژی (8/5/2012) نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دەهێنێتە كەركوك، لەبەردەم ئیدارەی كەركوكدا دەڵێت: كەركوك بۆ ئەبەد شارێكی عێراقیەو هیچ ناسنامەیەكی تر قبوڵ ناكرێت. هەر ئەو رۆژ قوربانی وتارێك لەوبارەیەوە دەنوسێت. ئازاد جوندیانی بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی قوربانی بانگدەكاتو بە فەرمی بڕیاری دەركردنی لە یەكێتی پێ رادەگەیەنێتو پێی دەڵێت لەوبارەیەوە نامەیەك بۆ مام جەلال دەنووسم، تۆ چیت هەیە؟ قوربانی دەڵێت بە جوندیانیم وت لە نامەكەدا بنووسە: بە مام بڵێ زۆر بەداخەوە تەمەنو مەرگ بواری ئەوەت نادەن خیانەتی گەورەی د. نەجمەدین لە خۆتو لە حیزبەكەت ببینیت. هیچ شتێك نەما لەسەر كەركوك بە منی نەكەن هەر قبوڵم كرد، لەسەر داوای د. نەجمەدین كە وەك مافیا كەركوكی دادۆشیووە، دەرمدەكەن دەستان خۆش بێت. سەبارەت بە بڕیاری دەركردنی لە یەكێتی، قوربانی دەڵێت: لەراستیدا ئەوكات بڕیارەكەم زۆر پێناخۆش بوو، دوای تەمەنێك كاركردنو شەونخونی، بەو جۆرە رەنجت بەخەسار بدەن، بەڵام ئێستا سوپاسگوزاری د. نەجمەدینو مام جەلالم، گەردنی هەردوكیان ئازادو رۆحیان شاد بێت". هەروەها دەڵێت: لە (9/5/2012) كە بەڕەسمی هەواڵەكە بە من درا من لە یەكێتیی نەماوم. لەو كاتەوە بە سەربەخۆیی كارمكردووەو سەربەرزم شەڕم لەسەر بیروباوەڕكانی خۆم كردووە، لەگەڵ خۆمو خەڵكیش راستگۆ بووم. تێڕوانینو بۆچوونو هەڵسەنگاندنم بۆ پێشهاتو خوێندنەوەی رووداوەكان چۆن بووبێت بەو جۆرە دەرمبڕیووەو هەوڵمنەداوە خەڵك بەجۆرێك چەواشە بكەم بیركردنەوەو ناخم شتێكی تر بێتو بۆ چەواشەكردنی ئەوان شتێكی تر دەرببڕم... توانیم لەگەڵ بیروباوەڕو قەناعەتەكانی خۆم راستگۆ بم، بەڵام باجی زۆرمدا". لە كۆبەندی ئەم باسەشدا دەڵێت: ئەوكاتەی ئێمە هەوڵمانئەدا نەهێڵین مافیای نەوت گەشە بكات، ئەگەر ئەوكات رێگە لەو پەرەسەندنانەی مافیاكانی نەوت لە كەركوك بگیرایە، دۆخی نەوتی كوردستانیش بەو جۆرەی ئێستا نەدەبوو. هەروەها ئەگەر ئەوكاتانەی ئێمە دەمانویست د. نەجمەدین لە شوێنێكدا رابگرینو بواری ئەوەی نەبێت بە میزاجی خۆیو بۆ بەرژەوەندی خۆی یاری بە كێشەی كەركوك بكات، هیچ كات كەركوك بەم رۆژە نەدەگەیشت".
درەو: نوسینی: خالد سلێمان لە مێژووی زەویدا پێنج لەناوچوونی گشتی گەورە ڕوویداوەو جۆرەکان (ڕووەک و ئاژەڵ) لەناوچوون، هەمووشیان دەرەنجامی دیاردەی سروشتیی بوون، لە کاتێکدا هۆکارەکانی ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات و زۆربەی زاناکان ناوی لێدەنێن لەناوچوونی گشتی شەشەم، بەتەواوەتی دەگەڕێنەوە بۆ مرۆڤ. ژمارەیەک زانای سروشتی و زیندەوەرزانی، پێیان وایە ئێمە نەک تەنها لەسەر ڕێگەی لەناوچوونی گشتی شەشەمین، بەڵکو کاتی ئەوەش بەسەرچووە لەو زیانە گەورانە پاشگەزبینەوە کە لە ماوەی 500 ساڵی ڕابوردوودا بەزەویمان گەیاندووە. بەپێچەوانەی پێنج لەناوچوونەکانی ترەوە، کە مەزەندە دەکرێت بەرواری ئەوەی پێنجەم بگەرێتەوە بۆ 66 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا، کە دەرەنجامی دیاردەی سروشتین بوون، هۆکارەکانی لەناوچوونی ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە بۆ چالاکیی مرۆیی و زیادەڕۆیی لەبەکارهێنانی سروشتدا. ئەمە ناوەڕۆکی لێکۆڵینەوەیەکی نوێیە کە زانکۆی هاوای (ئەمریکا) و مۆزەخانەی نیشتمانیی بۆ مێژووی سروشتی لەپاریس (فەرەنسا) پێی گەیشتوون. توێژەرانی بەشدار لەم توێژینەوە نوێیەدا بەناونیشانی : لەناوچوونی گشتی شەشەم: ڕاستی، خەیاڵ یان خەمڵاندن؟ پێیان وایە ڕێژەی (7.5٪ تا 13٪)ی دوو ملیۆن جۆری ناسراو لەسەر زەوی، لە ساڵی (1500 ز)ەوە تا ئەمڕۆ لەناوچووە. ئەمەش وا دەگەیەنێت کە ڕیتمی لەناوچوونی جۆرەکان لەماوەی 500 ساڵدا لەو ڕێژەیە زۆر زیاترە کە لە سەر لیستی یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت (IUCN) بۆ جۆرە لەناوچووەکان دانراوە. ئەم رێژەیەش بەگوێرەی لیستی ڕێکخراوەکە خۆی لە 869 جۆردا دەبینێتەوە، واتە 0.04%ی جۆرەکان. بەگوێرەی توێژینەوە نوێکەی زانکۆی هاوای و مۆزەخانەی نیشتمانیی بۆ مێژووی سروشتی لەپاریس کە گۆڤاری زانستییBiological Reviews لەسەرەتای مانگی یەک (جەنیوەری) 2022دا بڵاویکردووەتەوە، ژمارەی ئەو جۆرانەی کە لەماوەی دیاریکراودا بەهۆی مرۆڤەوە لەناوچوون خۆی لە نێوان 150000 تا 260000دا جۆردا دەبینێتەوە، لەناویاندا ڕووەک. ڕۆبێرت کوای، سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بەئێمێل بۆم ناردبوو دەڵێت: هەڵبەتە جۆری زیاتر هەن کە نەماندۆزینەتەوەو کەس هیچیان لەبارەوە نازانێت. نووسەرانی توێژینەوەکە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن کە هەندێ ناوەند نایانەوێت باوەڕ بەو ئارگۆمێنتە بەرچاوانە بکەن کە خەسڵەتەکانی قەیرانی گەورەی هەمە-چەشنی لەگەڵ ڕوودانی لەناوچوون و کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتوانی جۆرەکان، دیاری دەکەن. باوەڕیشیان بەوە نیە کە لەناوچوونێکی شەشەمی جۆرەکان لە ئارادا بێت. بۆ بەهێزکردنی هەڵوێستەکانیان، ئەو کەسانەی کە شکیان لە حاڵەتی لەناوچوونی شەشەم جۆرەکان هەیە، بەزۆریی دەگەرێنەوە بۆ سەر ئەو لیستە سورەی کە (IUCN) بۆ جۆرەکان دایناوە. بە پشت بەستنیش بەو رێژە کەمەی لیستەکە دایناوە، پێیان وایە کە ڕێژەی گشتی لەناوچوون جیاواز نیە لە ڕێژەی سروشتیی لەناوچوون. لیستە سورەکەی (IUCN) بۆ جۆرە لەناوچووەکان، لەڕوانگەی نووسەرانی توێژینەوە نوێکەدا، زۆر لایەنگرانەیەو ئاسان نیە پشتی پێ ببەستین، چونکە بەشێوەیەکی بنەڕەتی حاڵەتی لەناوچوونی گروپەکانی باڵندەو شیردەرەکان، وشکاوی و خشۆکەکان و هەروەها ماسیش وەردەگرێت. بەم شێوەیەش لیستەکە ڕێژەیەکی زۆر کەم لە لەناوچوونی مێرووەکان وەردەگرێت، لەکاتێکدا مێرووەکان زۆرینەی زۆری جۆرەکانی ئاژەڵان لەسەر زەوی پێکدەهێنن؛ واتە 95٪ تا 97٪ جۆرەکانی کۆمەڵگەی زەوی مێروون. پشتگوێ خستنی ئەم لایەنەش، بە دڵنیاییەوە دەبێتە هۆی پیشان نەدانی رێژەی تەواوی حاڵەتی لەناوچوون. لەهەمان کاتدا، ژمارەیەک لە زاناکان قەیرانی لەناوچوون ڕەتناکەنەوە، بەڵام وەک ڕەوتێکی نوێی سروشتی لێی دەڕوانن، چونکە مرۆڤیش بەلای ئەوانەوە بەشێکە لە جیهانی سروشتی، بگرە هەندێک بە ئارەزووی یاریکردن بەم تیۆرە لە بەرژەوەندی مرۆڤدا شتەکان ساغ دەکەنەوە. نووسەرانی توێژینەوە زانستییە نوێکە دەڵێن: ئێمە لەگەڵ ئەم هەڵوێستانەدا هاوڕا نین، چونکە مرۆڤ تاکە جۆرە کە لە ئاستێکی فراواندا توانای یاریکردنی بەزەوی هەیە، ئەوە مرۆڤە مۆڵەتیداوە بەڕوودانی ئەم قەیرانەی ئێستای هەمە-چەشنی. چارڵز داروین لەکوێی ئەم قەیرانەدایە؟ ئەوانەی بڕوایان بەو تیۆرە هەیە کە دەڵێت لەناوچوونی جۆرەکان، ڕەوتێکی نوێی گەشەسەندنە، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆش بێت، پشت بەتیۆری نشونماو گەشەسەندن دەبەستن، کە زانای زیندەوەرزانی بەریتانی چارڵز داروین (1809-1882)، تیایدا جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە: پێکهاتنی جۆرەکان، وەک پێکهاتنی جیۆلۆجی چیاو و دۆڵ و دەریاکان، کارێکی سروشتییە، مانەوە و لەناوچوونیان پەیوەستە بەوەی کە سروشت چی بژاردە دەکات. ئەمە بەو مانایە دێت کە جۆرە نوێکان، ئەگەر لەسەر وشکانی بن یان لەناو ئاودا، بەشێوەیەکی زۆر هێواش و لەسەرخۆ دەردەکەوتن، لەسایەی ئەو خەسڵەتانەی هەیانەو باشتر بوونیان لە جۆری ترو چوونە ململانێوە لەگەڵیاندا، دەمێننەوە. بەگوێرەی ئەم تیۆرەش کە داروین لەژێر ناونیشانی بژاردەی سروشتیدا کاتیگۆری دەکات، لەناوچوونی ئەو جۆرانەی پێگەو گرنگییان کەمترە لە جۆری تر، تا ڕادەیەک گومانی لەسەر نیە. تیۆری نشونماو گەشەسەندنیش کە لە کتێبی (بنەڕەتی جۆرەکان)دا بەدوور و درێژی خراوەتەڕوو لەسەر سێ کۆڵەکە ڕادەوەستێت: بژاردەی سروشتیی، توخم لەگەڵ گۆڕانی بۆماوەیی و ململانێ لەپێناو مانەوەدا. بژاردەی سروشتیش وەک داروین باسی دەکات بریتییە لە وردبوونەوە لە بچووکترین جیاوازی لە کە هەموو ڕۆژێکدا، لە هەموو کاتژمێرێکدا و لەهەموو جیهاندا. بنەمای ئەم پرۆسەیەش ڕەتکردنەوەی هەموو شتێکی خراپە لە جۆرێکدا، هەروەها پاراستن و زیادکردنی هەموو شتێک باش و بەسوود لە جۆرێکەی تردا؛ ئەوەی یەکەم لەناودەچێت و ئەوەی دووەم دەمێنتەوە. پرۆسەکەش لە بێدەنگی و بەبێ هۆشیاری کاردەکات، یانی لەهەر کات و دەرفەتێکدا کە بوونەوەرێکی زیندوو دەتوانێت دۆخی ئۆرگانی و نائۆرگانی خۆی چاک بکات. بەکورتییەکەی و پشت بەستن بەو بۆچوونەی کە پێی وایە دروستبوونی هەر توخمێک و هەر جۆرێک، لە کۆتاییدا بەیارمەتی خەسڵەتە وەرگیراوەکان دەبێت، لەناوچوون دەرەنجامێکی بێگومانە. یانی جۆر هەیە لەرێگەی ململانێوە لەپێناو مانەوەدا، لەسەر لاشەی جۆری تر دروست دەبێت. ئەوەی لەناودەچێت سوودو گرنگیی کەمترە لەوانی تر. بەگوێرەی تیۆرەکەی داروین، لەگەڵ ئەوەی گۆڕانی هەر جۆرێکیش سەربەخۆیە لەوەی لە جۆرێکی تردا هەیە، هێزی بژاردەی سروشتیی کارایەو دەسەڵاتی باڵای هەیە کە کۆکردنەوەی سەرجەم گۆڕانەکاندا، ئیتر ئەگەر کاریگەرییەکان ڕێکخراوو خێرا بن یان هێواش و بێ مەبەست. داروین لەهەموو ئەمانەدا پشتی بەستبوو بە توێژینەوەی زاناکانی پێش و سەردەمی خۆی لە زانستەکانی زیندەوەرزانی و زەویدا، وەک زانای جیۆلۆجی بەریتانی چارڵز لایێل، زانای زیندەوەرزانی بەریتانی هێبرت سبنسەر و زانای زیندەوەرزانی فەرەنسی ژان باتیست لامارک. لەو ساڵانەی کە چارڵز داروین خەریکی گەشەپێدانی تیۆری بزاوتی لەناوچوون و بژاردەی سروشتیی بوو، کۆتایی دوو باڵندەی پەنگوینی گەورە بوو، کە بەتەنها لەسەر گۆی زەوی مابوونەوە. ئەو دوو پەنگوینە (Great Auk بەئینگلیزی) ساڵی 1844 لەسەر دەستی ڕاوچییەکانی ئایسلەندا لە دوورگەیەکدا کوژران و بە یەکجاریی ناوی پەنگوینی گەورە لەمێژوودا سڕایەوە. لەگەڵ ئەوەی سڕینەوەی ئاسەواری باڵندەکە، هەر لەسەر دەستی زانایەکی بواری باڵندەناسیی بەریتانی بەشێوەیەکی ورد تۆمارکرا، سەرنجی داورینی ڕانەکێشاو لە ئۆفیسەکەی خۆیدا لە Dawn House خەریکی نووسین و گەشەپێدانی بیرۆکەکانی بوو لەسەر بژرادەی سروشتی و گەشەسەندن. بەپێی نووسەری کتێبی (لەناوچوونی شەشەم)، ئێلیزابێت کۆلبێرت، ژمارەی باڵندەی پەنگوینی گەورە کە فڕین خیانەتی لێکرد، پێش ئەوەی بکەوێتە بەردەم کۆمەڵکوژیی ڕاوچییە ئەوروپییەکان، بەتایبەتی دووای دۆزینەوەی ئەمریکا (1495)، لەسەر هەردوو ڕۆخی باکووری زەریای ئەتڵەسی بە ملیۆنان دەژمێردرا. پەنگوینی گەورە، لاشەیەکی پڕو قەڵەوی هەبوو، بەڵام باڵەکانی کورت بوون و نەیدەتوانی بفڕێت، لەناو دەریادا مەلەوانێکی خێراو لێهاتوو بوو، تەنانەت لە قوڵای 40 مەتریشدا. ساڵی یەک هێلکەی دادەناو بۆ ئەم مەبەستەش لەناو دڵی زەریاوە لە کۆتای بەهارو سەرەتای هاویندا خۆی دەگەیاند رۆخەکان یان دوورگەکان و بەدیار هێلەکەکەوە دەبوو تا لە دایکبوونی بێچووەکەی. مێینەو نێرەکە هەردووکیان ئەم بەرپرسیارێتییەیان دەگرتە ئەستۆ. ئەگەر پشت بە تیۆری بژرادەی سروشتیی داروین ببەستین، ئەوا لەناوچوونی ئەم باڵندە وشکاوییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە توانای بەرگری و ململانێی لەگەڵ جۆرەکانی تر نەبوو، هەروەها بێفەڕیش بوو، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە ڕاوچی و گەریدەکانی ئەوروپا بوون لەناویان برد، چونکە گۆشتێکی زۆر خۆشی هەبوو. جگە لە گۆشتەکەیشی، پەڕە نەرم و دەگمەنەکەی پەنگوینی گەورە، سەرچاوەی دروستکردنی سەرینی نوێی ئەوروپیانە بوو، هەورەها لەشی بەچینێکی ئەستووری ڕۆن داپۆشرابوو کە بۆ هەموو جۆرە سوتەمەنییەک بەکاردەهێنرا. ئەوەش لە باکووری ئەتڵەنتی سارددا، وای لە ڕاوچی و کۆڵۆنیالیستەکان دەکرد هەندێجار بیسوتێن و خۆیانی پێ گەرم بکەنەوە. کۆڵۆنیالیست و دەریاوانی بەریتانی ڕیچارد وێتبۆرن (1561-1635) لە ڕۆژانەکانیدا دەنووسێت، <وەک ئەوەی خوا ئەم بوونەوەرە داماوەی کردبێتە کەرەستەیەکی نایاب بۆ ژیانی مرۆڤ>. گەریدەو دۆزەرەوەی فەرەنسی، ژاک کارتیێ (1491-1557) کە یەکەم ئەوروپی بوو نەخشەی ڕووباری سانت-لۆرانت لە کەنەدا بکێشێت، لەسەر چۆنێتی کوشتنی ئەو ئاژەڵە باسی ئەوە دەکات چۆن هەندێکیان دەخواردو خوێیان بەهەندێکی تریشیانەوە دەکردو دەیانخستنە ناو بەلەمەکانەوە، لە شوێنێکدا دەنووسێت: <لەماوەی نیو کاتژمێردا دوو بەلەممان پڕکرد>. لەناوبردنی پەنگوینی گەورە کە سەدان هەزار ساڵ بوو لە باکووری زەریای ئەتڵەسی دەژیا، هاوکات بوو لەگەڵ دەرکەوتنی نووسینەکانی چارڵز داروین لەسەر تیۆری نشونماو گەشەسەندن. داروین دووای ئەوەی لەگەڵ کەشتیەوانی بەریتانی ڕۆبێرت فیتزۆری، لە ساڵی 1831 تا 1836 بەکەشتی HMS Beagle کە سەر بە هێزی دەریاوانیی شاهانەی بەریتانی بوو، گەشتێکی ڕۆخەکانی ئەمریکای باشوور دەکات و ژیانی هەمە-چەشنی و جۆرەکانی ئاوی و وشکاویەکانی دوورگەکانی گالاپاگۆش دەبینێت، بیرۆکەی نووسینی لەسەر بژرادەی سروشتی لا دروست دەبێت. بەتایبەتی لەماوەی گەشتەکەدا کتێبی (پرانسیپەکانی جیۆلۆجیا) دەخوێنێتەوە لە نووسینی زەویناسیی ئەو کاتە، چارڵز لاێل، بیرۆکەی بەراوردکردن و لێکچوونی پێکهاتن لە نێوان و جیۆلۆجیا و بایۆلۆژیدا (واتە زەویناسی و هەمە-چەشنی) دەگەڕێتەوە بۆ چارڵز لاێل و داروین لەزۆر شوێندا باسی ئەوە دەکات. ساڵانێک پێش ئەو گەشتەو گەڕانەوەی داروین بۆ بەریتانیا کە ئیتر دەستی کرد بەنووسین، کەشتییەکی تری هاوشێوەی سەر بە هێزی دەریاوانی شاهانەی بەریتانی بەناوی HMS Boston و بەسەرکردایەتی کەشتییەوان ئارۆن تۆماس لە بەریتانیاوە بەرەو نیوفاوندلاند دەڕوات لە باکووری ڕۆژهەڵانی کەنەدا. بەشێک لەو شایەتحاڵی و نووسینانەی لەسەر تراژیدیای لەناوبردنی پەنگوینی گەورە لەبەردەستدان، لەو گەشتەی کەشتی HMS Boston دا نووسراون کە سەفەری بۆ نیوفاوندلاند کرد، بازرگان و دۆزەرەوەی بەریتانی George Cartwright لەو کەسانە بوو. لەگەڵ ئەوەی بەریتانیای ئەو کاتە هەندێ ڕێسای لەپێناو پاراستنی پەنگوینی گەورە دەکرد، بەڵام هیچ شتێک ڕێگەی لە کۆڵۆنیالیست و ڕاوچی و گەریدەکان نەدەگرت و بەردەوام بوون لە کۆمەڵکوژیی. ساڵی 1785، بازرگان و دۆزەرەوە بەریتانییەکە باسی ئەوە دەکات کە ئەگەر سنوورێک بۆ کوشتنی ئەو باڵندەیە دانەنرێت ئەوا ژمارەی زۆر کەمدەبێتەوەو دەچێتە ڕیزی نەبوونەوەو دەنووسێت: "ئەم وێرانکارییەی ئەو خەڵکە کردیان، لەدەرەوەی خەیاڵە". ئەم ڕستەیە قەبارەی کۆمەڵکوژییەکە دژی ئەو باڵندەیە دەردەخات. ئەم گێڕانەوە مێژووییانە پێمان دەڵێن کە چارڵز داروین بێئاگا نەبووە لەو کۆمەڵکوژییەی لەلایەن کۆڵۆنیالست و گەریدەو ڕاوچییە ئەوروپییەکانەوە دژی باڵندەکە ئەنجامدرا، بەتایبەتی مامۆستایەکی زانستی ئاژەڵان لە زانکۆی کامبریدج لەو کاتەدا کە ناوی (ئالفرێد نیوتن) بوو، زانیاری وردی لەسەر کوشتنی دواهەمین جووتە پەنگوین هەبوو. لەهەمان کاتدا کەسێکی نزیک بوو لەداروین-ەوەو هەر ئەم هۆکارەشە وا لەنووسەری کتێبی (لەناوچوونی شەشەم)، ئێلیزابێت کۆلبرێت، دەکات بنووسێت: "لەناوچوونی جۆرەکان کە هۆکارەکەی مرۆڤە لەبەر چەند هۆکارێک جێگەی دڵەڕاوکێیە، هەندێکیشیان پەیوەندییان بە خودی تیۆرەکەی داروین-ەوە هەیە، جێگەی سەرسوڕمانە کە زانایەکی لێهاتووی وەک داروین کە توانای ڕەخنە لەخۆگرتنی هەبوو، تێبینی ئەوەی نەکرد". ئێلیزابێت کۆلبرێت دەیەوێت ئەوە بەبیری خوێنەران بهێنێیەوە، کە داروین بەشێوەیەک لە شێوەکان دانی بە ڕۆڵی مرۆڤدا نابوو لە لەهەندێ حاڵەتی لەناوچوون، بەڵام ئەوە تەنها لە ڕستەیەکی کورتدا بوو لە کتێبی (بنەڕەتی جۆرەکان) کە دەڵێت، "هەندێ ئاژەڵ بەهۆی مرۆڤەوە پێش لەناوچوونیان دەگمەن دەبن". ڕووەکەکانیش لەناوبران نووسەرانی ئەو توێژینەوە زانستییەی کە ئەم وتارەی لەسەر بنیادنراوە، مافی خۆیانە شکیان لەو لیستانە بێت کە بۆ لەناوچوونی جۆرەکان دانراون، هەروەها ئەو بۆچوونانەش ڕەتبکەنەوە کە لەناوچوونەکە وەک ڕەوتێکی سروشتی دەبینن و دەیکەنە بەهانەیەک بۆ بێدەنگی بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییەی دژی زۆرینەی کۆمەڵگەی زەوی دەکرێت. نووسەرانی توێژینەوەک بەبێ پەردەپۆشی باسی ئەوەیان کردووە کە مرۆڤ تاکە جۆرە توانای هەیە لە ئاستێکی فراواندا یاری بەزەوی بکات. دەتوانرێت لەوەش زیاتر بووترێت و کۆی بێدەنگی و هێنانەوەی بەهانە بۆ کۆمەڵکوژی دژی جۆرەکان و تەماشاکردنی وەک جوڵەیەکەی سروشتیی، گرێبدرێت بە بۆچوونێکەوە کە مێژوو لەت و پەت دەکات، بەتایبەتی مێژووی مرۆڤ و پەنجەمۆرەکانی لەسەر زەوی. لێرەدا دەمەوێ بگەڕێمەوە لای مەسەلەی دابڕان لەگەڵ ڕابووردودا و پەیوەندی بە کۆمەڵکوژی دژی جۆرەکانەوە، هەروەها فەرامۆشکردنی جۆرێک لەبەرژەوەندی جۆرێکی تردا. مەسەلەکە لێرەدا زیاتر ڕوون دەبێتەوە کاتێک کۆی قەیرانی لەناوچوون یان لەناوبردن، گرێ دەدەین بە مێژووی کۆڵۆنیالیزمەوە، کە کۆمەڵکوژییکە تیایدا بەشێکە لە ڕەوتە مێژووییەکە و تراژیدیای پەنگوینی گەورەش باشترین نموونە بوو. ئەوە کۆمەڵکوژییەی کۆڵۆنیالیزم پیادەی کرد، بەشێکی دانەبڕاوەیە لە کارەساتی لەناوچوونی ئێستا، لەم سۆنگەیەشەوە مێژووی کۆمەڵگەی زەوی لەت لەت ناکرێت؛ دەبێ هەمووی پێکەوە بخوێنینەوە. مێژووناس و بیریاری بەریتانی کریستۆفەر ئالن بێلی لە کتێبی (لەدایکبوونی جیهانی نوێ)دا دەنووسێت: ئەگەر پێش 50 ساڵ پرسیارمان لە مێژوونووسان و خوێندکارە لێهاتووەکان دەربارەی ئەو گۆڕانکارییە ئابوورییە گەورانە بکردایە کە لە بەشی دووەمی سەدەی هەژدە، لەسەر زەوی ڕوویاندا، لەوانەیە هەموویان ئاماژەیان بۆ شۆڕشی پیشەسازی و سەرەتای ماشێنسازی لە بەرهەمهێناندا بکردایە لە بەریتانیای گەورە. کەسیش شکی لە گرنگێتی و ڕۆڵی پرۆسەی پیشەسازی درێژخایەندا نیە لەو شێوازەی کە هەموو جیهان پێی دەژیت، بەڵام بەپێچەوانەی پرۆسەی پیشەسازاندن و بەڕوانگەیەکی گلۆباڵ، دوو گۆڕانی تری کۆمەڵایەتی و ئابووری هەبوون کە پێگەیەکی گرنگتریان لە هەموو ئەو گۆڕانکاریانە هەبوو کە لە مێژووی پەرەسەندی هەسارەی زەویدا ڕوویاندا، بەلایەنی کەمەوە هەتا ساڵی 1830. گۆڕانی یەکەم، ماڵیکردنی سروشت بوو. مرۆڤ بە هەزاران ساڵی گەشەسەندندا تێپەڕبوو، لە گەریدەیی و گەڕان بەدووای خۆراک و جێگۆڕکێ بەبێ ئامانجی نیشتەجێبوون و داگیرکردنی زەوی، تا دەگاتە چالاکی جوتکاریی داریکراو، دووای ئەوەش شێوازی ڕێکخراوی زایتر لە بەکارهێنانی زەوی و کشتوکاڵی چڕوپڕ. ئەم وەرزەی مێژووی مرۆڤایەتی، واتە قۆناغی کشتوکاڵی چڕوپڕ، خێراییەکی فراوانی بەخۆوە بینی لە بەکارهێنانی زەوی و لەناوبردنی جۆرەکانی ڕووەک و ئاژەڵ لەپێناو بازرگانیکردن بە دارو پێست و گۆشت و قاوە...هتد. ئەمە فاکتەری سەرەکی لەنابردنی شێوازی کشتوکاڵی لۆکاڵی و کلاسیکی بوو کە کۆمەڵگە ڕەسەنەکان لە ئەمریکا، ئاسیا و ئەفریقیا لەسایەیدا دەژیان. تا ئەمڕۆ، هەندێ وڵات لە دنیادا باجی ژینگەیی قۆناغی پێش پیشەسازی ئەدەن، کە دەکرێ وەک قۆناغی ملکەچکردنی سروشت یان ماڵیکردنی سروشت بناسرێنێت، چونکە گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەر کولتورو شێوازەکانی خواردندندا هێنایە کایەوە، لەزۆر شوێنی جیهاندا بووە هۆی ڕووتاندنەوەی خاک و کۆتایهێنانی جۆرەکان. لەم میانەدا دەتوانین ئەزموونی هاییتی لە دوورگەکانی دەریای کاریبی وەک نموونە بهێنینەوە. ساڵی 1804 دەرکەوتنی هاییتی وەک یەکەم کۆماری ڕەش پێستەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، بوە هۆی ڕووتاندنەوەی وڵاتەکە کە دەوڵەمەند بوو دارستانی چڕوپڕ. کاتێل کرێۆلیەکان، واتە خەڵکی هاییتی، سەربەخۆییان بەدەستهێنا و بوونە خاوەن وڵاتی خۆیان، کۆڵۆنیالیزمی فەرەنسی مەرجی ئەوەی بەسەردا سەپاندن، کە دەبێ 150 هەزار فرەنکی ئەو کاتە لەبەرامبەر سەربەخۆییدا بدەنە فەرەنسا (15 ملیار یۆرۆ بە حیسابی ئەمڕۆ). کۆمارە تازە لەدایکبووەکەش، هیچ پارەیەکی نەختییی نەبوو، بەڵام خاوەن خاکێکی دەوڵەمەند بوو، داری گوێزی هیندی، ماهۆنگۆ، مانگۆ و هەروەها خۆرمای هیندی لە 80% ڕووبەری وڵاتەکەیان داپۆشیبوو. کۆڵۆنیالیزمی فەرەنسی لەبەرامبەر ئەو پارەیەدا کە بەسەر کۆمارە نوێکەدا سەپاندی، بەڕێککەوتن لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتەکەدا، دەستی کرد بەبڕینەوەی دارەکانی هاییتی و دەیان ساڵ بەردەوام بوو هەتا قەرزی کۆڵۆنیاڵیی لە رێگەی دارەوە وەربگرێتەوە. هەڵبەتە پێش ئەم ڕوداوە بە نزیکەی هەشتا ساڵ، واتە لە نیوەی یەکەمی سەدەی هەژدەدا، فەرەنسا لە ڕێگەی ڕووتاندنەوەی هاییتی-یەوە نیوەی قاوەی جیهانی بەرهەم دەهێنا. لە ڕێگەی سیستمێکی کۆیلایەتییەوە، بازاڕەکانی ئەوروپای پڕکردبوو لە قاوە. لەنێوان ساڵانی (1755-1789) دا ئیمپراتۆریەتی فەرەنسا گەورەترین وەبەرهێنانی قاوەی لەو کۆڵۆنییەدا کردو لەماوەی 34 ساڵدا بەرهەمی قاوەی لە سێ ملیۆن کیلۆگرامەوە گەیاندە 34 ملیۆن کیلۆگرام، یانی نیوەی پێداویستی جیهان لە قاوە. هاییتی، کە ئەمڕۆ یەکێکە لە هەژارترین وڵاتەکانی دنیاو تەنها 2%ی ڕووبەری خاکەکەی بە دارستان و سەوزایی داپۆشراوە، دووای 200 ساڵ لەسەربەخۆیی، باجی تێکدانی سیستمە سروشتییەکەی و لەناوبردنی جۆرەکان دەدات. ئەم کۆمەڵکوژییە سیستێماتیکییەی جۆرەکانی ڕووەک بەرێژەی 98% لە دوورگەکانی کاراییب هاوکات بوو لەگەڵ لەناوبردنی باڵندەی پەنگوینی گەورە لە باکووری زەریای ئەتڵەسیی. گۆڕانکاری دووەم، بەدیاریکراوی لەم خاڵەدا دەردەکەوێت، واتە ماڵیکردنی سروشت لەژێر ڕکێفی سیستمی کۆڵۆنیاڵدا کە بەش بەحاڵی خۆی شێوازی نوێی لە کولتورو خۆراک و بەکاربردندا سەپاند بەسەر بیرکردنەوەی کۆمەڵگە ئەوروپییەکاندا؛ بەتایبەتیش کولتوری بەکاربردنی قاوەدا کە پێش کۆڵۆنیالیزم دەگمەن بوو لە ئەوروپادا. دەستگرتن بەسەر شەکرو قاوەدا، سەرەتای ڕێکخستنەوەو چڕکردنی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنان بوو، نەک تەنها لە شێوازی بەکاربردندا، بەڵکو لە توانای گەیشتنیش بە سەرچاوەو خۆراکی باش لە کوالێتیدا لە ڕووی بەهاو چێژەوە. دەستگرتن بەسەر سەرچاوەکانی خۆراکدا بەبێ سیستمێکی کۆڵۆنیاڵ لەسەر زەوی مەحاڵ بوو، لەناوبردنی جۆرەکانی ڕووەکیش لە هاییتی نموونەیەکی ڕوون بوو ڕەفتاری کۆڵۆنیالیزم لە ملکەچکردنی سروشت، کە تێکدانی سیستمێکی تەواوی ژینگەیی بەدووادا هات. بەم شێوەیەش، گۆڕانکارییە کولتوورییەکان لە کشتوکاڵ و خۆراکدا کە دەرەنجامی ماڵیکردنی سروشت بوون لە ژێر ڕکێفی سیستمێکی کۆڵۆنیاڵدا، بوونە سەکۆی سەردەمی پیشەسازی کە وەک گڕی یەکەمی گەرمبوونی زەوی دەناسرێت. ئەویش لەپای پیشەسازییەکی فراوان کە ڕێژەیەکی زۆری گازە گەرمکەرەوەکانی دەخستە کەشەوە. ئیتر بەم شێوەیە، دووای پڕوکاندنی زەوی لەکاتی ماڵیکردنیدا بەدرێژایی هەردوو سەدەی شانزەو هەڤدە، سەردەمی پیشەسازی کە کۆتایی سەدەی هەژدەو سەرەتای سەدەی نۆزدەی پێ ناسرایەوە، بووە ئاگرێکی نەرم و لەسەرخۆ زەوی گەرم دەکرد، ئەویش لەڕێگەی دەردانی گازەوە بۆ کەش. بەو شێوەیە هەردوو سەدەی (16 و 17) بە ملکەچکردنی زەوی ناسرانەوە لەلایەن کۆڵۆنیالیزمەوە کە خۆراک و دارو پێستی لە کۆڵۆنیەکانیەوە لە هەردوو بەشی ئەمریکا و ئاسیا دەگواستەوە بۆ شارەکانی خۆی، لەهەمان هەمان کاتیشدا کۆیلەی لە دوورگەی (گۆرێ)ەوە لە ڕۆژئاوای ئەفریقیا دەگواستەوە بۆ ئەمریکا. ئەگەر لە ئامارەکانی حاڵی زەوی وردبینەوە، (وێنەی خوارەوەدا)، تێبینی ئەو دەرەنجامە کارەساتبارانە دەکەین کە سیاسەتی ملکەچکردنی زەوی و بەکارهێنانی زۆرەملێی جۆرەکان، بەرهەمی فەلسەفەیەکی ئابووریی ئەوروپی بوون، کە سروشتی وەک سەرچاوەیەکی لەبن نەهاتوو دەبینی. ئەمڕۆ، کە دەبینین زەوی لە 85% ی شوێنە شێدارەکانی لەدەست ئەدات، سێ چارەکی بەزۆرملێ دەگۆڕدرێت و لە 3%ی دەریاکان لە ڕووی هەمە-چەشنییەوە فۆرمی کێویانە وەردەگرێت، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە هەموو جیهان لەبەردەم ئەوەدایە ببێتە کۆپییەکی تر لە هاییتی، چونکە پرۆسەی لەناوبردنی کۆمەڵگەی زەوی زۆر خێراترە لەوە لەسەر دەستی کۆڵۆنیالیزم لە سەدەی (16 و 17) دا ڕوویدا. تەنها لەنێوان ساڵانی (1980-2012) زیاتر لە یەک ملیۆن کیلۆمەتر لە دارستانی کەمەری و نیمچە کەمەریی لەسەر ئاستی جیهان لەناوبراون، کشتوکاڵیش فاکتەری یەکەمی ئەم وێرانکارییەیە. لە داگیرکردنی ئەمریکاو خاکی ماورییەکانەوە لە ئوسترالیاو نیوزلەندا تا دەگایە نیمچە دوورگەی هیندی و ئەفریقیا، بۆ یەک چرکەش ملەکەچکردنی زەوی نەوەستاوە. وەک چۆن جوگرافیاناس و دۆزەرەوەو گەریدەکانی سەدەی شانزە، بەشدارییان لە دەست بەسەراگرتنی سەرچاوەکانی زەوی و تێکدانی شێوازە خۆڕسکەکانی بەرهەمهێنانی خۆراکدا کرد، ئەمڕۆش ناوەندێکی زۆری زانستی و دامەزراوەی ئەکادیمی و سیستمی سیاسی ڕاستڕەو، لەپشتەوەی تێکدانی ئەو بەشەی زەوین لە کۆڵۆنیالیزم ماوەتەوە. جیهانی ئەمڕۆ لەپاڵ بێدەنگییەکی هاوشێوەی بێدەنگییەکەی چارڵز داروین، هیچ شوورەییەک لەوەدا نابینێت، چارەنووسی زەوی وەک ئەوەی هاییتی لێبکات.
راپۆرتی: فەرمانگەی توێژینەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی ئامارەکان ژمارەی سەرجەم کاندیدەکان (پیاو و ئافرەت) بریتی بووە لە (3 هەزار و 225) کاندید و بە سەرجەمیان (8 ملیۆن و 854 هەزار و 25) دەنگیان بەدەستهێناوە، بەڵام (329) کاندیدە سەرکەوتووەکە (4 ملیۆن و 66 هەزار و 927) دەنگەکانیان بەدەستهێناوە بە ڕێژەی (46%). (946) کاندیدی پارتی هەبوو کە دەکاتە (29%)ی کاندیدەکان، و کۆی گشتی دەنگەکانیان (1 ملیۆن و 829 هەزار و 416) دەنگ بووە بە ڕێژەی (21%). کۆی کاندیدە سەرکەوتووەکانی ئافرەتان (95) ئافرەت بوونەو (59)یان کە دەکاتە (62%) کاندیدە سەرکەوتووەکانی نێو ئافرەتان بە دەنگی خۆیان سەرکەوتوون و (36) ئافرەتیش بە سیستمی کۆتا سەرکەوتوون. نوێنەرایەتی لیست وهێزە سیاسییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە پێی بڵاوکراوەیەکی فەرمانگەی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، کۆی بەشداربووانی دەنگدان لە هەڵبژاردنی 10-10-2021 گەیشتە (8 ملیۆن و 858 هەزار و25) دەنگدەر لە (83) بازنەی هەڵبژاردن دەنگیان بە (3 هەزار و 225) کاندید داوە. کۆی ئەو دەنگانەی کوتلە سیاسییەکان بەدەستیان هێناوەو نوێنەرایەتییەکان گەیشتووە بە ئەنجومەنی نوێنەران (7 ملیۆن و 975هەزار و 498) دەنگ بووە، ژمارەی کاندیدەکانیان (2 هەزار و 30)کاندیدبووە. کۆی ئەو دەنگانەی (329) کاندیدە سەرکەوتووەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستیان هێناوە بریتییە لە (4 ملیۆن و 66 هەزار و 838) دەنگ. خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێکهاتووە لە (16) کوتلەو لایەنی سیاسی و (17) لیست و قەوارە کە تەنها (1) کورسییان هەیە، جگە لە سەربەخۆکان کە خاوەنی (43) کورسیین، ئەو هێزانەش بریتین لە؛ (بڕوانە گرافیکی ژمارە (1)) - کوتلەی سەدر (موقتەدا سەدر): کە خاوەنی (73) کورسین و بەکۆی گشتی (885 هەزار و 310) دەنگیان بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا. - سەربەخۆکان: کە خاوەنی (43) کورسین و بەکۆی گشتی (1 ملیۆن و 686 هەزار و 792) دەنگیان بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا. - تەقەدوم (حەلبوسی): کە خاوەنی (37) کورسین و بەکۆی گشتی (637 هەزار و 198) دەنگیان بەدەستهێناوە. - دەوڵەتی یاسا (نوری مالیکی): کە خاوەنی (33) کورسین و بەکۆی گشتی (502 هەزار و 188) دەنگیان بەدەستهێناوە. - پارتی دیموکراتی کوردستان (مەسعود بارزانی): کە خاوەنی (31) کورسین و بەکۆی گشتی (781 هەزار و 670) دەنگیان بەدەستهێناوە. - فەتح (هادی عامری): کە خاوەنی (17) کورسین و بەکۆی گشتی (462 هەزار و 800) دەنگیان بەدەستهێناوە. - یەکێتی نیشتمانی کوردستان (باڤڵ تاڵەبانی): کە خاوەنی (17) کورسین و بەکۆی گشتی (368 هەزار و 226) دەنگیان بەدەستهێناوە. - عەزم (خەمیس خەنجەر): کە خاوەنی (14) کورسین و بەکۆی گشتی (421 هەزار و 579) دەنگیان بەدەستهێناوە. - ئیمتیداد (رەکابی): کە خاوەنی (9) کورسین و بەکۆی گشتی (299 هەزار و 303) دەنگیان بەدەستهێناوە. - نەوەی نوێ (شاسوار عەبدولواحید): کە خاوەنی (9) کورسین و بەکۆی گشتی (233 هەزار و 834) دەنگیان بەدەستهێناوە. - ئەشراق ئەلکانون: کە خاوەنی (6) کورسین و بەکۆی گشتی (100 هەزار و 374) دەنگیان بەدەستهێناوە. - هاوپەیمانی تەسمیم: کە خاوەنی (5) کورسین و بەکۆی گشتی (153 هەزار و 614) دەنگیان بەدەستهێناوە. - هاوپەیمانی هێزی دەوڵەت: کە خاوەنی (4) کورسین و بەکۆی گشتی (359 هەزار و 876) دەنگیان بەدەستهێناوە. - بابلیون: کە خاوەنی (4) کورسین و بەکۆی گشتی (50 هەزار و 378) دەنگیان بەدەستهێناوە. - گەل ناسنامەمانە: کە خاوەنی (3) کورسین و بەکۆی گشتی (58 هەزار و 89) دەنگیان بەدەستهێناوە. - حەسمی چاکسازی: کە خاوەنی (3) کورسین و بەکۆی گشتی (26 هەزار و 973) دەنگیان بەدەستهێناوە. - ئەو لیستانەی تەنها (1) کورسییان بەدەستهێناوە ژمارەیان (17) لیست و هێزی سیاسییە. گرافیکی ژمارە (1) نوێنەرایەتی ئافرەتانی هێزو کوتلە سیاسییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی توێژینەوەو لێکۆڵینەوەی ئەنجومەنی نوێنەران کۆی ژمارەی ئەو ئافرەتانەی سەرکەوتوون بۆ ئەنجومەنی نوێنەرا ژمارەیان (95) ئافرەتەوە (59) یان بە دەنگی خۆیان و (36) یان بە سیستمی کۆتا سەرکەوتوون. ژمارەی ئەو هێز و کوتلە سیاسییانەی کاندیدی ئافرەتیان سەرکەوتووە (18) لایەنن و (5) ئافرەتیش بە لیستی فەردی و سەرکەوتوون، (5) لەیەلانیش ئافرەتەکانیان بەبێ سیستمی کۆتا سەرکەوتوون. بۆ وردەکاری زیاتر (بڕوانە گرافیکی ژمارە (2)). گرافیکی ژمارە (2) ئافرەتان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران (خولی پێنجەم) بەپێی ئامارەکان ژمارەی سەرجەم کاندیدەکان (پیاو و ئافرەت) بریتی بووە لە (3 هەزار و 225) کاندید و بە سەرجەمیان (8 ملیۆن و 854 هەزار و 25) دەنگیان بەدەستهێناوە، بەڵام (329) کاندیدە سەرکەوتووەکە (4 ملیۆن و 66 هەزار و 927) دەنگەکانیان بەدەستهێناوە بە ڕێژەی (46%). سەبارەت بە ئافرەتان ژمارەیان (946) کاندید بووە، کە دەکاتە (29%)ی کاندیدەکان، و کۆی گشتی دەنگەکانیان (1 ملیۆن و 829 هەزار و 416) دەنگ بووە بە ڕێژەی (21%). کۆی کاندیدە سەرکەوتووەکانی ئافرەتان (95) ئافرەت بوونەو (59)یان کە دەکاتە (62%) کاندیدە سەرکەوتووەکانی نێو ئافرەتان بە دەنگی خۆیان سەرکەوتوون و (36) ئافرەتیش بە سیستمی کۆتا سەرکەوتوون. (5) لە ئافرەتە سەرکەوتووەکان بە لیستی سەربەخۆ خۆیان کاندید کردبوو. (27) کاندیدیان زیاتر لە جارێک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بوونە. سەرجەم ئەو (95) کاندیدە سەرکەتووەی ئافرەتان بە هەموویان تانیویانە (917 هەزار و 601) دەنگیان بەدەستهێناوە (بڕوانە گرافیکی ژمارە (3)). گرافیکی ژمارە (3) کورسی و ڕێژەی دەنگی کوتلە براوەکان بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دیارترین هێزو لایەنە سیاسییە براوەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەم شێوەیەیە؛(بڕوانە گرافیکی ژمارە (4)). - کوتلەی سەدر (موقتەدا سەدر): (94) کاندیدی هەبووەو (73) کاندیدیان سەرکەوتوون بە ڕێژەی (78%) و بەکۆی گشتی (885 هەزار و 310) دەنگیان بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا. - پارتی دیموکراتی کوردستان (مەسعود بارزانی): (51) کاندیدی هەبووەو (31) کاندیدیان سەرکەوتوون بە ڕێژەی (61%) و بەکۆی گشتی (781 هەزار و 670) دەنگیان بەدەستهێناوە. - دەوڵەتی یاسا (نوری مالیکی): (71) کاندیدی هەبووەو (33) کاندیدیان سەرکەوتوون بە ڕێژەی (46%) و بەکۆی گشتی (502 هەزار و 188) دەنگیان بەدەستهێناوە. - یەکێتی نیشتمانی کوردستان (باڤڵ تاڵەبانی): (44) کاندیدی هەبووەو (17) کاندیدیان سەرکەوتوون بە ڕێژەی (39%) و بەکۆی گشتی (368 هەزار و 226) دەنگیان بەدەستهێناوە. - نەوەی نوێ (شاسوار عەبدولواحید): (23) کاندیدی هەبووەو (9) کاندیدیان سەرکەوتوون بە ڕێژەی (39%) و بەکۆی گشتی (233 هەزار و 834) دەنگیان بەدەستهێناوە. - تەقەدوم (حەلبوسی): (122) کاندیدی هەبووەو (37) کاندیدیان سەرکەوتوون بە ڕێژەی (30%) و بەکۆی گشتی (637 هەزار و 198) دەنگیان بەدەستهێناوە. - ئەشراق ئەلکانون: (24) کاندیدی هەبووەو (6) کاندیدیان سەرکەوتوون بە ڕێژەی (25%) و بەکۆی گشتی (100 هەزار و 374) دەنگیان بەدەستهێناوە. گرافیکی ژمارە (4)
راپۆرت: درەو حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی (2021)دا، زیاتر لە (151 ملیۆن) بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە كردووە، بەپێی داتاكان تێكڕای نرخی نەوت لە بازارەكانی جیهان زیاتر لە (70) دۆلار بووە، بەم پێیەش حكومەتی هەرێمی كوردستان "پێش لێدەركردنی خەرجییەكانو فرۆشتنی نەوت بە پێی نرخی بازاڕەكانی جیهان" بەبەهای زیاتر لە (10 ملیار 670 ملیۆن) دۆلار نەوتی هەناردە كردووە، كە بەرامبەرە بە زیاتر لە (15ترلیۆن و 553 ملیار) دینارە. بەڵام دوای لێدەركردنی خەرجییەكانیو هەرزانتر فرۆشتنی هەر بەرمیلێك بە (10) دۆلار كەمتر لە بازاڕەكانی جیهان، تەنها بڕی (3 ملیارو 870 ملیۆن) دۆلار داهاتی بۆ ماوەتەوە كە بەرامبەرە بە (5 ترلیۆنو 611 ملیار) دینارە لەماوەی ساڵی (2021)دا. یەكەم: تێكڕای نرخی نەوتی برێنت لە ساڵی 2021 بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەڕی Economy) Country) تێكڕای نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەكانی جیهان بۆ ساڵی (2021) بریتی بووە لە (70.68) دۆلاری ئەمریكی، بە جۆرێك مانگی (تشرینی یەكەمی ساڵی 2021) بەرزترین ئاستی تۆمار كردووەو تێكڕای نرخی نەوت لەم مانگەدا بریتی بووە كە (83.54) دۆلار، لە مانگی (كانونی دووەمی ساڵی 2021) نزمترین نرخی نەوت لە ساڵەكەدا تومار كراوە كە بریتی بووە لە (54.77) دۆلار. (بڕوانە چارتی ژمارە (1) دووەم: فرۆشی نەوتی هەرێم لە ساڵی 2021 حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تەواوی ساڵی (2021)دا بڕی (151 ملیۆنو 211 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركییەوە هەناردەی بازاڕەكانی جیهان كردووە، بەجۆرێك لە مانگی (نیسانی 2021)دا بەرزترین ڕێژەی نەوتی هەناردە كردووە بە قەبارەی (14) ملیۆن بەرمیل لە مانگەكەدا، لە مانگی (ئابی 2021) دا كەمترین بڕی هەناردە كردووە بەراورد بە مانگەكانی دیكەی هەمان ساڵ كە (11 ملیۆن و 50 هەزار) بەرمیل بووە. بۆ وردەكاری زیاتر (بڕوانە چارتی ژمارە (2)). سێیەم: داهاتی نەوتی هەرێم لە ساڵی 2021 1. داهاتی نەوت هەرێم، پێش لێدەركردنی خەرجییەكانو فرۆشتنی بە نرخی بازاڕە جیهانییەكان: بەپێی داتاكان حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی (ئەیلولی 2021)دا زۆرترین داهاتی نەوتی هەبووە، بەو پێیەی (13 ملیۆنو 90 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە، لەم مانگەدا نرخی نەوت بە تێكڕا (74.49) دۆلار بووە، ئەگەر حكومەتی هەرێم نەوتەكەی بە هەرزانتر نەفرۆشتبێتو بەبێ لێدەركردنی خەرجییەكانی نەوت بەها گشتییەكەی بریتی بووە لە (1 ملیارو 35 ملیۆنو 411 هەزار) دۆلار، كە بەهاكەی بەرامبەر بە دینار بریتی بووە لە (1 ترلیۆنو 501 ملیارو 345 ملیۆنو 95 هەزار) دینار. كەمترین داهاتیش لە مانگی (كانونی دووەمی 2021)دا تۆمار كراوە كە (12 ملیۆنو 800 هەزار) بەرمیل هەناردە كراوەو تێكڕای نرخی نەوت لەو مانگەدا بریتی بووە لە (54.77) دۆلار، بەم پێیەش داهاتی نەوت لەو مانگەدا بریتی بووە لە (701 ملیۆنو 56 هەزار) دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە (ترلیۆنێكو 16 ملیارو 531 ملیۆنو 200 هەزار) دیناری عێراقی. بۆ زانیاری زیاتر تایبەت بە سەرجەم مانگەكانی ساڵی (2021) (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)). سەبارەت بە كۆی گشتی فرۆشو داهاتی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2021)دا، حكومەتی هەرێمی كوردستان (151 ملیۆنو 211 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە، تێكڕای نرخی نەوت لە ساڵەكەدا بریتی بووە لە (70.68) دۆلاری ئەمریكی (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)). كۆی ئەو نەوتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵەكەدا هەناردەی كردووە بەبێ هیچ خەرجیو هەرزان فرۆشییەك، دەكاتە (10 ملیارو 670 ملیۆن و 453 هەزار و 860) دۆلاری ئەمریكی، بۆ وردەكاری مانگەكانی ساڵەكە بروانە (چارتی ژمارە (3))، ئەو برە داهاتەی لە فرۆشی نەوت دەستدەكەوێت بە دینار بریتی دەبێت لە (15 ترلیۆنو 553 ملیارو 358 ملیۆنو 97 هەزار) دینار، بۆ وردەكاری مانگەكانی ساڵەكە بروانە (چارتی ژمارە (4)). 2. داهاتی نەوت هەرێم، دوای لێدەركردنی خەرجییەكانو فرۆشتنی بە نرخی كەمتر بازاڕە جیهانییەكان: رۆژی (28ی حوزەیرانی 2021) كۆبونەوەی هاوبەشی پەرلەمانی كوردستان حكومەتی هەرێمی كوردستان (كەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سرووشتییەكان)، ڕایگەیاند، (58%)ی داهاتی نەوت دەدرێت بە كۆمپانیا نەوتییەكانو خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت، بە جۆرێك (20%)ی داهات، تێچووی دەرهێنانی نەوتە، (14%) شایستەی كۆمپانیاكانەو (6%)ی كرێی گواستنەوەیە. ئەوەی دەمێنێتەوە قەرەبووی قەرزەكانە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەردەوام نەوتی هەرێم بە (10) دۆلار كەمتر لە بازاڕەكانی جیهان دەفرۆشرێتەوە، بۆیە دوای لیدەركردنی خەرجییەكانی پرۆسەی نەوتو هەرزانتر فرۆشتنی. ئەو داهاتەی بۆ حكومەتی هەرێم دەمێنێتەوە لە فرۆشتنی (151 ملیۆنو 211 هەزار) بەرمیل نەوت دەكاتە (3 ملیار و 870 ملیۆن 24 هەزار و 521) دۆلار، ئەگەری بەهای (1) دۆلار بەرامبەربێت بە (1450) دیناری عێراقی. ئەوا ئەو بڕە بەرامبەرە بە (5 ترلیۆن و 611 ملیار و 535 ملیۆن و 410 هەزار و 740) دینار لەماوەی ساڵی (2021)دا. هاوكات بڕی (5 ملیاو 344 ملیۆن و 319 هەزار و 439) دۆلار دەڕوات بۆ خەرجی پرۆسەكەو قەرزی كۆمپانیاكان كە بەرامبەرە بە (7 ترلیۆن و 749 ملیار و 263 ملیۆن و 186 هەزار و 260) دیناری عێراقی، بۆ وردەكارت زیاتر بڕوانە (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) چوارەم: كڕیارانی نەوتی هەرێم لە ساڵی 2021 لە ساڵی (2021)دا نەوتی هەرێم لە بەندەری جەیهانی توركی لەلایەن كەشتی (12) وڵاتەوە باركراونو زۆرترین باركردن كەشتییە ئیتالییەكان كردووەیانە كە (56 ملیۆنو 81 هەزار) بەرمیل نەوت بووە، بە ڕێژەی (37.1%)، كەمترین بڕی باركراویش كەشتی پۆڵندیو بولگارییەكان بووە كە بڕەكەی (600 هەزار) بەرمیل بووە بە ڕێژەی (0.4%) بووە. (خشتەی ژمارە (3) و چارتی ژمارە (5)). چارتی ژمارە (5) سەرچاوەكان: - كەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەكان، بەشی سێیەمی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (16)ی ئاساییی خولی بەهارە ڕۆژی 2021/6/28، دەقی وتەكانی لە چەناڵی یوتیوب؛ https://www.youtube.com/watch?v=6fpM-92PuRc - ڕێكخراوی ڕوونبیین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەكانی نەوت، نەوتی باركراوی هەرێم، ماڵپەڕی ڕێكخراوی ڕوونبیین؛ https://www.roonbeen.org/%d9%86%db%95%d9%88%d8%aa%db%8c-%d8%a8%d8%a7%d8%b1%da%a9%d8%b1%d8%a7%d9%88%db%8c-%d9%87%db%95%d8%b1%db%8e%d9%85/ - Crude Oil Brent US Dollars per Barrel, at the saite; https://countryeconomy.com/raw-materials/brent?year=2021 - ئەنوەر كەریم، داتای ورد لەسەر داهاتی هەرێمی كوردستان، داهاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2021، ماڵپەڕی زەمەن؛ https://www.zamenpress.com/Details.aspx?jimare=54202 راپۆرتەكانی دیلۆیت: - Deloitte, Review of the Kurdistan Regional Government of Iraqs oil production, export, consumption and revenue for the period 1 January 2021 to 31 March 2021, at the saite; https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202021/KRG%20Q1%202021%20Report%20on%20OIl%20and%20Gas%20review.pdf - Deloitte, Review of the Kurdistan Regional Government of Iraqs oil production, export, consumption and revenue for the period 1 April 2021 to 30 June 2021, at the saite; https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202021/KRG%20Q2%202021%20Report%20on%20OIl%20and%20Gas%20review.pdf
(درەو): بەیاننامەی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی بڕی ھەناردەو داھاتی نەوت لە مانگی رابردوودا: 🔹 بڕی ھەناردەی نەوتی خاو (٩٩ ملیۆن و ٢٨٦ ھەزارو ٧٨) بەرمیل بووە، بەمشێوەیە: 🔸 (٩٦ ملیۆن و ٤٣٠ ھەزارو ٥٩٦) بەرمیل لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشورەوە بووە. 🔸 ھەناردەی نەوت لە کێڵگکانی کەرکوکەوە بۆ بەندەری جیھان بڕەکەی (٢ ملیۆن و ٥٤٥ ھەزارو ٦٥٦) بەرمیل بووە. 🔹 داھاتی نەوت گەیشتوەتە (٨ ملیارو ٢٧ ملیۆن) دۆلار. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت گەیشتوەتە (٣ ملیۆن و ٢٠٣ ھەزار) بەرمیل. 🔹 تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوت لە مانگی رابردوودا بڕی (٨٣.٢٤٦) دۆلار بووە. داهاتی مانگی تشرینی یدووەم نەوتی عێراق نزیكەی (7 ملیارو 590ملیۆن) دۆلارە وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی مانگی تشرینی دووەمی نەوتی عێراقی بڵاوكردەوە: * بڕی (98) ملیۆن (192) هەزار و( 317) بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە. * داهاتی نەوت گەیشتوەتە (7) ملیار و(590) ملیۆن دۆلار، دەكاتە زیاتر لە (ترلیۆن) دینار * ڕۆژانە تێکڕا (3) ملیۆن و (273)هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە. * تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتوەتە ( 77.33) دۆلار. داهاتی مانگی تشرینی یەكەم نەوتی عێراق نزیكەی (7 ملیارو 680 ملیۆن) دۆلارە وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی مانگی تشرینی یەكەمی نەوتی عێراقی بڵاوكردەوە: * بڕی (96) ملیۆن (708) هەزار و( 660) بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە. * داهاتی نەوت گەیشتوەتە (7) ملیار و(680) ملیۆن دۆلار. * ڕۆژانە تێکڕا (3) ملیۆن و (120)هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە. * تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتوەتە ( 79.37) دۆلار. وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی مانگی ئەیلولی نەوتی عێراقی بڵاوكردەوە: * بڕی (92) ملیۆن (422) هەزار و( 485) بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە. * داهاتی نەوت گەیشتوەتە (6) ملیار و(711) ملیۆن (7) هەزار دۆلار. * ڕۆژانە تێکڕا (3) ملیۆن و (81)هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە. * تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتوەتە ( 72.6) دۆلار. وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی مانگی ئابی نەوتی عێراقی بڵاوكردەوە: * بڕی (94) ملیۆن (660) هەزار و( 239) بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە. * داهاتی نەوت گەیشتوەتە (6) ملیار و(533) ملیۆن (142) هەزار دۆلار. * ڕۆژانە تێکڕا (3) ملیۆن و (054)هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە. * بەرهەمی نەوتی كەركوك : ( 3 ملیۆن و 124هەزارو 309) بەرمیل نەوت بووە * تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتوەتە ( 69) دۆلار. وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی مانگی تەموزی نەوتی عێراقی بڵاوكردەوە: * بڕی (90) ملیۆن (467) هەزار و( 794) بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە. * داهاتی نەوت گەیشتوەتە (6) ملیار و(513) ملیۆن (792) هەزار دۆلار. * ڕۆژانە تێکڕا (2) ملیۆن و (918)هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە. * بەرهەمی نەوتی كەركوك : ( 3 ملیۆن و 12هەزارو 435) بەرمیل نەوت بووە * تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتوەتە ( 72) دۆلار. داهات و فرۆشی مانگی حوزەیرانی نەوتی عێراقی بڵاوكردەوە: * بڕی (86) ملیۆن (765) هەزار و( 589) بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە. * داهاتی نەوت گەیشتوەتە (6) ملیار و(141) ملیۆن (77) هەزار دۆلار. * ڕۆژانە تێکڕا (2) ملیۆن و (892)هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە. * بەرهەمی نەوتی كەركوك : ( 3 ملیۆن و 75هەزارو 237) بەرمیل نەوت بووە * تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتوەتە ( 70.778) دۆلار.
درەو: راپۆرتی: پەرەگراف- غەمگین محەمەد ڕێگەی تانجەرۆ لە خۆرهەڵاتی سلێمانی بەرەو گوندەكان وەك تازە قیرتاو ڕەش دەردەكەون، بەڵام هەر ئەو ڕەشییە دەبێتە بەڵا و خەریكە وردە وردە ژینگەی پاكی لادێ لەناودەبات. پەیامنێری پەرەگراف بۆ بەدواداچونی زیاتر لە تانجەرۆوە بەرەو گوندەكان دەڕوات؛ ئاڕاستەی شەقامە سەرەكییەكە ڕووەو گوندەكانی ئاڵیاوای سەروو و خواروو، گۆپیتە، شێخ وەساڵان و گوندەكانی دیكەی ئەو سنورەیە، هەموو ڕێگاكەش ڕەش دەكاتەوە. بە وردبونەوەی زیاتر لە شەقامەكە و دواتر زانیاری خەڵكی ناوچەكە، دەركەوت ئەو ڕەشییە قیر نییە، بەڵكو پاشماوەی ڕۆنی سووتاوی كارگەكانی ڕۆنی ئۆتۆمبێلە لە تانجەرۆ و لەوێ دەیڕێژن. تەها عەبدوڵا، گوندنیشنێكی ناوچەكەیە و لەو ڕێگایەوە بۆ كاركردن دەچێتە شار، شایەتحاڵی ڕەشكردنی ئەو شەقامەیە و بۆ پەرەگراف وتی "دوو ساڵە ئەم ڕۆنە سوتاوە لەسەر جادەكان ڕۆدەكرێت، نازانم كێ دەیكات، بەڵام هەر زەوی تەڕببێت لەو شوێنانەی زۆریان داكردووە ئۆتۆمبێلەكانمان لەسەری دەخلیسكێت و دەبێت زۆر بە وریاییەوە بڕۆین، ئەگەرنا بە ئاسانی خۆت بۆ ناگیرێتەوە و تووشی ڕووداو دەبیت". بەدواداچونەكەی پەرەگراف بەردەوامە و زیاتر دەڕوات، لەڕێگادا بەرەو گوندی گۆپیتە چەندین خانوی پلاستیكی بۆ بەرهەمهێنانی كشتوكاڵیی هەن وەك سەوزەوات، كە هەندێكیان كەمتر لە پێنج مەتر دورن لەو شەقامەی پاشماوەی ڕۆنی كارگەكانی تیادا ڕۆ دەكرێت و تێكەڵ بە خاكەكەش دەبن. باجی فاتم، خەڵكی گوندەكەیە و دەڵێت، یەكەمجار خەڵكی گوند خۆی ئەو پاشماوە ڕەشەی كارگەكانی هێناوە، گەڵابەیەكیان لە پاشماوەی كارگەكانیان بە 40 هەزار دینار دەكڕی، تا لە شەقامەكاندا ڕۆبكرێن و دواتر بڵاوبكرێنەوە، ئەوەش بۆ ڕێگری لە تەپوتۆزی هاوین و قوڕاوی زستان. "تۆ نازانیت، ئەگەر ئەوە نەبێت تۆز و خۆڵی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل دەمانخوات، ئێستا ئیسراحەتمان كردووە" باجی كاتێك ئەو قسانە بۆ پەرەگراف دەكات، هیچ زانیارییەكی لەبارەی مەترسییەكانی ئەو پاشماوەیە بۆ ژینگە و كەشوهەوای گوندەكەی نەبوو. كڕینی پاشماوە و پیسیی كارگەكان هەر ماوەیەك درێژە دەكێشێت؛ دواتر خودی كارگەكان بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان و بێبەرانبەر ئەو پاشماوە گوند بە گوند دەگەیەنن، لە هەر شوێنێك شەقامەكە ڕەش نەبوو، هەر لەوێ پاشماوەكە ڕۆ دەكەن و دواتر گوندنشینان خۆیان بەسەر شەقامەكەدا وەك قیرتاو بڵاویدەكەنەوە. ئەو پڕۆسەیە بەردەوامە و هەر گوندێك شەقامەكەی ڕەش بكاتەوە ئەوا پاشماوەی كارگە بەرەو گوندی دواتر دەڕوات. "چەندین ساڵە لە گوند دەژیم و ڕێگەوبانەكانمان گڵە، حكومەتیش قیری ناكات، بۆیە پاشماوەی كارگە خۆڵ و تۆزی ڕێگاكەی لە كۆڵ كردوینەتەوە" مام عەلی، دانیشتوی گوندی گۆپیتە بۆ پەرەگراف وای وت. ئەو دەڵێت، هەندێك شوێنی شەقامەكە لە كاتی بارانباریندا دەبێتە كێشە بۆ شۆفێران، چونكە زیاد لە جارێك پاشماوەی تێدا ڕۆكراوە و ئۆتۆمبێل لەسەری دەخلیسكێت. ڕۆكردنی پاشماوەی كارگە لە ڕێگای گوند هۆكارێكی سەرەكییە بۆ پیسبونی ژینگە و نەك هەر ڕێگەپێدراو نییە، بەڵكو بەپێی یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2008ی پاراستن و چاككردنی ژینگە سزای قورسیشی بۆ دانراوە، كە زیندانی و غەرامەی تا 200 ملیۆن دیناری تێدایە، ئەوەش بەپێی جۆر و شێوازی سەرپێچیی دەگۆڕێت. كاتێك پەیامنێری پەرەگراف گوندی گۆپیتە بەرەو ناوچەكانی دیكە تێدەپەڕێنێت، ئۆتۆمبێلێكی كارگەكان دەبینێت ئەوكاتەی سەرقاڵی ڕۆكردنی پاشماوەی كارگەكەیەتی لە قەراغی ڕێگاكەدا، ئەوەش بە دەرفەت دەزانێت لێی بپرسێت پاشماوەكە لە كوێ دەهێنێت و لەسەر ڕاسپاردەی كێ و بۆچی لەو ڕێگایەدا ڕۆی دەكات؟ بەڵام ئەو دەڵێت، تەنیا كارمەندێكە و پێیدەڵێن پاشماوەكە لە ڕێگای گوند هەڵڕێژە. بەوتەی ئەو شۆفێرە، كە نەیویست ناوی بهێنرێت و هیچ زانیارییەكی دیكە ئاشكرا بكات، لەبەرانبەر ڕۆكردنی پاشماوەی كارگەكانیاندا "زۆرجار گوندنشینان دەستخۆشیمان لێدەكەن و دەڵێن لە تەپوتۆز ڕزگاریان بووە". هەر لەو ڕێگایەدا منداڵانیش بەپێ هاتوچۆ دەكەن و هەر لە ناوچەكەشدا ئاژەڵ لەو ژینگەیەدا بەخێو دەكرێت. پسپۆڕانی بواری ژینگە ئەو كارە بە "كارەسات" ناودەبەن، لەبەرئەوەی دەبێتە هۆی پیسبوون و ڕاستەوخۆ كاریگەریی نەرێنی لەسەر كۆی ڕەگەزەكان هەیە و تێكیدەدات، لە وەرزە گەرمەكاندا بەهۆی بەتینیی تیشكی خۆر بەشێكی ئەو پاشماوەیە دەبێتە غاز و هەوا پیس دەكات، پاشماوەكەی تریشی تێكەڵ بە خاك دەبێت و لەكاتی باران بارینیشدا ڕۆدەچێتە ژێر زەوییەوە، تا تێكەڵ بە ئاوی ژێرزەوی دەبێت و پیسی دەكات. هەر ئەوەش كاریگەری لەسەر ڕوەك هەیە، ڕەگەكەی ئەو پاشماوەیە وەردەگرێت، لە ڕوەكەكانیشەوە راستەوخۆ دەگوازرێنەوە بۆ جەستەی مرۆڤ و ڕەنگە ببێتە هۆی ژەهراوی بوون. ساڵح مەجید، پسپۆڕی بواری ژینگە بۆ پەرەگراف وتی "پاشماوەی پاڵاوگەكان و كارگەی ڕۆنەكان مەوادی هایدرۆكاربۆنی و توخمە قورسەكانیان تێدایە، بۆ هەر پێكهاتەیەك سنوور دیاریكراوە كە چەند ڕێگەپێدراوە بوونی هەبێت لە ئاو و هەوا و خاكدا، بەڵام لە هەرێمی كوردستان ئەو بابەتانە بە تەواوی پەراوێزخراون و هیچ حسابێكیان بۆ ناكرێت". لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆر لە پاڵاوگەی نەوتیی نایاسایی هەن، ئەو پاڵاوگانە جگە لە مەترسیداریی بەرهەمەكانیان، خۆشیان بوونەتەهۆی پیسبونی ژینگە، بەوتەی خودی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوونەتە سەرچاوەی "نەخۆشیی مەترسیدار"، سەرباری چەندین بڕیار بۆ داخستنیان هێشتا بەشێكیان هەر لەكاردان. "لە وڵاتان نابێت یەك دڵۆپ لە پاشماوەی كارگەكانی ڕۆن بكەوێتە سەر زەوی، بەڵكو دەبێت بە شێوازێكی دروست و بەپێی تایبەتمەندییان ڕیسایكلین بكرێن و لەناوببرێن" بەوتەی پسپۆڕەكەی بواری ژینگە. چەندین جار ڕێكخراوەكانی ژینگە داوای داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان و پابەندبوونی كارگەكانیان كردووە بە ڕێنماییە ژینگەییەكانەوە، بەڵام دۆخەكە هەر وەك خۆیەتی. ساڵح مەجید دەڵێت "لەبەرئەوەی هێز و دەسەڵات و خاوەن بەرژەوەندییەكان دەسەڵاتیان لە ڕاو بۆچونە زانستییەكان و كەسە ئەكادیمییەكان زیاترە بۆیە باش نابێت". بەپێی بەدواداچونەكانی پێشتری پەرەگراف، كاركردنی ئەو پاڵاوگە و كارگانە و پاشماوەی كارەكانیان، كاریگەریی ڕوونو دیاری هەیە لەسەر ئاو و هەواو خاكی نزیكی ئەو شوێنانەی تێیدا دامەزراون، ئەوەش لای حكومەتو فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی تایبەت بە ژینگە، شاراوە نییەو چەندینجار باسكراوە. بەڵام بەڕێوەبەرایەتی ڕێگەوبانی سلێمانی پاساوی ئەوەیە توانای قیرتاوكردنی ڕێگەوبانی گوندەكانیان نییە، كە خەڵكەكەی "لەبەر نەبونی قیرتاو و بە ناچاری پاشماوەی كارگەكان بەكاردەهێنن". محەمەد جەلیل بەڕێوەبەری رێگەوبانی سلێمانی، بۆ پەرەگراف باسی لەوە كرد، ئاگادارە كە ئەو ڕۆنە ڕەشە لەسەر شەقامی ئەو گوندانە ڕۆكراوە، وتی "لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە ڕێگری لێ بكەین و ئەوە كاری شارەوانی و ئەو بەرپرسە ئیدارییانەیە كە لەو سنوورە باڵا دەستن". بەڕێوەبەری ناحیەی بەكرەجۆ كە ئەو گوندانە سەر بەو ناحیەیەن و بەرزترین دەسەڵاتی ئیداریی سنورەكەیە، بە پەرەگرافی وت "پاش بەدواداچوون لە ئەنجومەنی گوندەكانەوە بۆمان ڕونبووەتەوە ئەو پاشماوەیەی لە شەقامی گوندەكان ڕۆدەكرێت پاشماوەی ڕۆنی سووتاوی كارگەكانەو گوندنشینان لێی ناڕازیی نین". عوسمان ئەنوەر بەڕێوەبەری ناحیەی بەكرەجۆ، ئاماژەی بەوە كرد، زۆربەی جادە و كۆڵانەكانی ئەو ناوچەیە قیرتا و نەكراون و هاووڵاتیان بێزاربوون لە دەست تەپوتۆزی هاوین و قوڕ و لیتەی زستان، وتیشی "بۆیە ئەگەر بزانم پاشماوەی چ كارگەیەكە خۆم داوایان لێ دەكەم لە جادەو كۆڵانی ناوچەكانی تری سنووری ناحیەی بەكرەجۆ بیڕێژن و بڵاوی بكەنەوە". بوونی ژمارەیەك كارگەو پاڵاوگەی نایاسایی لە تانجەرۆ، بەوتەی بەڕێوەبەری ڕیگاوبانی سلێمانی "زۆر زیانی لە ژینگەو ڕێگەوبانی ناوچەكە داوە بە شێوەیەك لە چەند ساڵی ڕابردوو پڕۆژەی چاككردن و قیركردنی ڕێگەوبان بۆ ئەو ناوچەیە دەرچووە، بەڵام بەهۆی ئەو پاڵاوگەو كارگانەوە نەمانتوانیوە جێبەجێی بكەین". محەمەد جەلیل، ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا حكومەت بودجەی نییە، ئەو پلانەی بۆ چاككردن و قیركردنی ڕێگەوبانی گوندەكان پێشكەشی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی دەكەن جێبەجێ ناكرێن و ژمارەیەكی كەمیان بودجەیان بۆ خەرج دەكرێت. گوندنشینان بۆ ڕزگاربوون لە تۆز و خۆڵی ڕێگەوبانەكان، ڕازیی و دڵخۆشن بە هەڵڕشتنی پاشماوەی ئەو كارگانە؛ بێ ئاگا لەوەی ئەو پاشماوەیە زیان بە ئاو و هەوا و خاكی گوندەكانیان دەگەیەنێت، لەكاتێكدا حكومەت هیچ پلانێكی ڕوونی نییە بۆ تێكەڵەڕێژكردن و قیرتاوی ڕێگەی گوندەكان تا بەر بە پیسبونی ژینگە بگرێت.