درەو: سەرچاوەیەكی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی بە (درەو)ی راگەیاند: كەیسەكەی لاهور شێخ جەنگی لە دادگای تەمیزی تایبەت بە كاروباری هەڵبژاردنە لە بەغدادو لای كۆمسیۆن نەماوە، بافڵ تاڵەبانی هەڕەشەی كشانەوەی كردووە لە بەغداد، ئەگەر بڕیارەكەی دادگا لەبەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی بێت. سەبارەت بەو نوسراوەی كە كۆمسیۆن كردویەتی، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەكرد: ئەو نوسراوە لەلایەن بەڕێوەبەری كاروباری حزبو رێكخراوەكانی سیاسیەكانی سەربە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كراوە بۆ دادگای ئاسایشی هەولێر و بڕیاری كۆتایی نیە لەسەر كەیسەكەی لاهور شێخ جەنگی، چونكە لاهور شێخ جەنگی لە رێگەی پارێزەرەكانیەوە تانەی لە بڕیارەكەی پێشتری كۆمسیۆن داوەو لە ئێستادا كەیسەكە لە دادگای تەمیزی بەغدایە. ئەو سەرچاوەیەی نزیك لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەشكرد: بافڵ تاڵەبانی لەبەغداد فشاری زۆری كردووەو زۆربەی سەركردەی لایەنە شیعە عێراقیەكانی بینیوەو هەڕەشەی كشانەوەی كردووە لەبەغداد ئەگەر بڕیارەكەی دادگا لەبەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی دەربچێت. (درەو) بە پشت بەستن بە نوسراوێكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە لە 7/2/2023 ئاراستەی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمیك وردستانی كردووە لەبەغداد بڵاویكردەوە كە كۆمسیۆن لە بەرژەوەندی بافڵ تاڵەبانی بڕیارێكی تری دەركردووە. لە رۆژی 31/1/2023 كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بڕیاریدا گۆڕانكارییەكانی ناوخۆی یەكێتی یاسایین و بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیە، بەڵام لەلایەن پارێزەرەكانی لاهور شێخ جەنگیەوە تانە لە بڕیارەكە دراو چاوەڕوانی بڕیاری كۆتایین لەسەر كەیسەكە. دادگای ئاسایشی هەولێر لە 1/2/2023 لەبەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی بڕیاریداو لاهور شێخ جەنگی وەك هاوسەرۆكی یەكێتی ناساند" یەكێتی لەلایەن دوو هاوسەرۆكەوە بەڕێوە دەبرێت ئەوانیش هاوسەرۆك(بافڵ جەلال حسامەدین) و هاوسەرۆك ( لاهور جەنگی بورهان)" لە رێگەی ئەم نوسراوەوە لاهور شێخ جەنگی تانەی دا لە نوسراوەكەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق كە یەكێتی هاوسەرۆكی هەڵوەشاندووەتەوەو ئێستا لەلایەن (بافڵ تاڵەبانی)یەوە سەرۆكایەتی دەكرێت
درەو: سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە (درەو)ی راگەیاند: ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە رۆژی سێشەممە 7/2/2023 وەڵامی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كرودستانیان لە بەغداد داوەتەوە ( سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگای ئاسایشی هەولێر و تانەكەی لاهور شێخ جەنگی لە بڕیارەكەی پێشوی كۆمسیۆن) رایانگەیاندووە" گۆڕانكارییەكانی ناو یەكێتی یاساییەو دادگای ئاسایشی هەولێر دەتوانێت موفاتەحەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بكات كە بەڵگەنامە تایبەتەكانی حزبی بۆ بنێرێت" ئەمە دووەم بڕیاری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقە كە لەبەرژەوەندی بافڵ تاڵەبانی دەردەچێت، لە رۆژی 31/1/2023 بڕیاریدا گۆڕانكارییەكانی ناوخۆی یەكێتی یاسایین و بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیە. نزیكەكانی لاهور شێخ جەنگی بە (درەو)یان راگەیاند: بافڵ تاڵەبانی فشاری زۆری كردووە كە نابێت كۆمسیۆن لەدژی بڕیار بدات و سەردانی لایەنە عێراقیەكانی كردووە بۆ ئەو مەبەستە. دادگای ئاسایشی هەولێر لە 1/2/2023 لەبەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی بڕیاریداو لاهور شێخ جەنگی وەك هاوسەرۆكی یەكێتی ناساند" یەكێتی لەلایەن دوو هاوسەرۆكەوە بەڕێوە دەبرێت ئەوانیش هاوسەرۆك(بافڵ جەلال حسامەدین) و هاوسەرۆك ( لاهور جەنگی بورهان)" لە رێگەی ئەم نوسراوەوە لاهور شێخ جەنگی تانەی دا لە نوسراوەكەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق كە یەكێتی هاوسەرۆكی هەڵوەشاندووەتەوەو ئێستا لەلایەن (بافڵ تاڵەبانی)یەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، بەڵام كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق جارێكی تر تانەكەی لاهور شێخ جەنگی و بڕیارەكەی دادگای ئاسایشی هەولێری رەتكردەوە.
(درەو): لیژنەی دەستپاكیی پەرلەمانی كوردستان لە مالیزیایە بۆ ئەوەی ئەزمونی ئەو وڵاتە لەڕوبەڕووبونەوەی گەندەڵیدا بگوازێتەوە بۆ كوردستان، مالیزیا لەبواری گەندەڵیدا تۆماری باشی نییە، ملیاران دۆلاری سندوقی وەبەرهێنانی ئەو وڵاتە دزراوە، سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە بەبەڵێنی روبەڕووبونەوەی گەندەڵی دەنگی هێناوەو پۆستەكەی وەرگرتووە. وەفدێكی لیژنەی دەستپاكیی پەرلەمانی كوردستان ئێستا بە سەردانێك لە مالیزیایە، ئەم وەفدە چوون بۆئەوەی سود لە ئەزمونی مالیزیان وەربگرن لە روبەڕووبونەوەی گەندەڵیدا. وەفدەكە بەڵێن ئیسماعیل سەرۆكی لیژنەی دەستپاكیی سەرۆكایەتی دەكات كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە، راوێژكارانی لیژنەی دەستپاكیی پەرلەمانیش لەگەڵ وەفدەكەدا چوون بۆ مالیزیا. وەفدەكەی پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ لە بوتراجایا-ی پایتەختی سیاسیی مالیزیا، سەردانی كۆمیسیۆنی دژە گەندەڵیی ئەو وڵاتەكەی كردووە كە بە (macc) ناسراوە. ئەم دامەزراوەی مالیزیا كە لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی كردووە بۆ ئەوەی ئەزمونی لێوەبگرێت، خۆی لە ئەیلولی ساڵی رابردوودا سەردانی قەتەری كردووە بۆ ئەوەی ئەزمونی قەتەر لەروبەڕووبونەوەی گەندەڵیدا بۆ مالیزیا بگوازێتەوە. بەپێی راپۆرتی ساڵی 2022ی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ئاماژەكانی گەندەڵیی، مالیزیا یەكێك لەو وڵاتانەی جیهانە كە لە ساڵی 2017وە لە بواری روبەڕووبونەوەی گەندەڵیدا پاشەكشێی كردووەو راپۆرتەكە بە یەكێك لە "دۆڕاوە دیارەكان" ناوی مالیزیای هێناوە. بەگوێرەی روپێوییەك كە رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2013دا لە مالیزیا كردویەتی، زۆرینەی خێزانەكانی ئەو وڵاتە باوەڕیان وایە حزبە سیاسییەكانی وڵاتەكەیان زۆر گەندەڵن، ئەمە لەكاتێكدایە مالیزیا بەبەراورد بە وڵاتانی تری ناوچەی باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا لەڕووی گەندەڵییەوە بە ناوچەیەكی خاوێن ئەژماردەكرێت. ئەنوەر ئیبراهیم كە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو پۆستی سەرۆك وەزیرانی مالیزیای وەرگرت، تەوەری سەرەكی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكەی بریتی بوو لە "رزگاركردنی وڵات لە گەندەڵیو مەحسوبیەتو بەهێزكردنی حكومەتو روبەڕووبونەوەی گەندەڵیو سەروەركردنی دادگاكان"، بەڵێنی ئەوەشی دا بوو موچەی خۆی لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا وەرنەگرێت. نەجیب رەزاق سەرۆك وەزیرانی پێشووی مالیزیا، یەكێك لە دیارترین ئەو كەسانەیە كە تۆمەتباركراوە بە "سپیكردنەوەی پارەی سندوقی وەبەرهێنانی مالیزیا"، داواكاری گشتی ئەمریكا جارێك لەبارەی گەندەڵییەوە لە مالیزیا وتویەتی" ملیاران دۆلاری سندوقی وەبەرهێنان لە مالیزیا دزراوە"و دۆخی ئەو وڵاتەی بە "حوكمڕانی دزەكان" ناوبردووە.
مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) (٢-٢) لە بەشی یەکەمی ئەم نووسینەدا باسم لەو وێنەیە کرد کە ژمارەیەکی زۆر لە بانگخواز و چالاکەوانە ئیسلامییەکان بۆ خودا دروستیانکردوە. خودا وەک کەسێک کە مرۆڤ ئەتوانێت بێزار و بێتاقەت و توڕەیبکات. کە توڕەشبوو ئیتر ڕەحم بە هیچ شتێک نەکات و تەڕ و وشک بەیەکەوە بسوتێنێت. مزگەوت و مەلها، منداڵ و زیناکەر، تاوانبار و بێتاوان بەیەکەوە بکوژێت. کوشتنی ئاساییش نا، بەڵکو کوشتنێکی تەواو بەئازار، بۆ نموونە، بومەلەرزە و گڕکان و لافاو بگرێتە مرۆڤەکان. توڕەبوونەکانی خوداش لە ئینسان بەهۆی کۆنترۆڵنەکردنی ئینسانەوەیە بۆ غەریزە سێکسییەکەی و بۆ شەرواڵەکەی. ئەمەش وایکردوە سەرەتاو کۆتایی چەمکی ئەخلاق لای ئەم بانگخواز و چالاکەوانە ئیسلامییانە پەیوەندیی بە سێکس و ژیانی سێکسییەوە هەبێت. هاوکێشەکەش لای ئەم بانگخوازانە تەواو سادەیە: لە کوێدا زیناو فەسادی ئەخلاقی کرا، ئەخلاق بە مانا سێکسیەکەی، لەوێدا خودایەک لەسەر وێنەی عەلی حەسەن مەجید و ژەنەڕالە دڵرەقەکانی سوپا ئامادەیە، کە بێ هیچ جیاکارییەک هەمووشتێک بەسەریەکەوە وێرانبکات. بۆ سەلماندنی ئەم وێنەیەش لەسەر خودا، لە پەیوەندیدا بە ڕووداوی بەمەلەرزەوە، بۆ چەند کتێبێک دەگەڕێنەوە کە هەندێک مەلا و بانگخوازی ئاینی وەک خۆیان، زیاد لە هەزار ساڵ لەمەوبەر و بەر لەدایکبوونی زانستە سروشتیەکان، بە تایبەتی زانستی زەویناسیی، جیۆلۆجیا، نووسیویانە. هەندێک مەلا و بانگخواز و خوێندەواری دونیای کۆن کە فڕیان بەسەر لێکدانەوەی زانستییانەی دیاردە سروشتییەکانەوە نییە. لەوانەش، بۆ نموونە، گەرانەوە بۆ کتێبی «سەحیحی بوخاری»ی و بۆ «گێڕانەوەکانی ئەبو هورەیرە» و بۆ هەندێک قسەکانی ئیمامی ئەنەس و ئیبن حەنبەل و ئیبن تیمییە و ئەوانیتر. ئەگەر شتێک هەبێت مرۆڤ بە مانا دینییەکەی گوناهبار بکات جەهلە. ئاخر بە پێی لۆژیکە دینییەکە خۆی، خودا عەقڵ و هەست و ئیرادەی بە مرۆڤ بەخشیوە، بەکارنەهێنانی ئەو شتانەش بۆ ناسینی خود و بۆ ناسینی سروشت و بۆ ناسینی جیهان، بۆ ناسینی ئەو ژینگەیەی مرۆڤ لەناویدا دەژیی، بەر لەوەی تاوانێک بێت بەرامبەر بە خود و بەرامبەر بە جیهان، تاوانە بەرامبەر بە خودا خۆی. ئەم بانگخوازانە لەباتی بێدەنگبوون، یان کە بێدەنگنابن لەباتی گەڕانەوە بۆ کتێبە زانستییەکانی بواری زەویناسیی، ئەوان وەک پیشەی هەمیشەییان خەریکی دوو شتن. یەکەمیان بەرهەمێنانی ترس و تۆقاندن لە ڕێگای دروستکردنی وێنەیەکی سەدامی و هیتلەرییەوە بۆ خودایەکی بێدڵ و بێڕەحم و بێ بەزەیی. دووهەمیان دروستکردنی وێنەیەک بۆ مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی گوناهبار و زیناکار و فاسد و بەدڕەوشت، کە نوقمبوونی لەناو ئەم شتانەدا پاڵ بەو خودا توڕەیەوە دەنێت بەر لە هاتنی قیامەت و لێپرسینەوە لە قیامەتدا، مرۆڤەکان بداتە بەر غەزەبی بومەلەرزە و کارەساتی سروشتیی. ڕێک لەو ساتەشدا کە باس لە ئەخلاق دەکەن، بەزۆرمانا بەدئەخلاقییەکی کەموێنە بەرامبەر بە قوربانیەکانی کارەساتە سروشتییەکان دەکەن. ئەم بانگخوازانە لە گرێدانی بومەلەرزەکەی ئەمجارەوە بە زیاناکردن و فەسادی ئەخلاقییەوە، سەرجەمی قوربانییەکان دەخەنە خانەی کەسانی زیناکەر و بەدئەخلاقەوە. قوربانییەکان ئەو زیناکار و بەدئەخلاقانەن کە خودایان توڕەکردوە و وایانکردوە خودا بە بومەلەرزە سزایانبدات. ئەمەش جگە لە بەدئەخلاقییەکی گەورە بەرامبەر بەو کەسانەی لەگەڵیاندا دەژین ناوێکی تری نییە لێیبنێین. بەگەرانەوە بۆ مەسەلەی ئەخلاق دەمەوێت لێرەدا چوار سەرچاوەی سەرەکیی بۆ ئەخلاق لەیەکتری جیابکەمەوە، بەو هیوایەی ئەخلاق تەنها بە دین و بە ژیانی سێکسییەوە گرێنەدەین. ئەو سەرچاوانەش ئەمانەن: یەکەم، دین. دووهەم، نادین. سێهەم ویژدانی گشتیی ناو کۆمەڵگا. چوارەهەم، ئەخلاقی مرۆڤایەتیی. یەکەم: دین وەک سەرچاوەی ئەخلاق. ئەخلاق لە دیندا پەیوەندیی بەهێزی بە فەرمایش و بە ئەمر و نەهییە ئاسمانییەکانەوە هەیە و سەرچاوەکەی غەیبیی و دەرەمێژووییە. ئەگەر جەوهەری ئەخلاق بریتیبێت لەو پەیوەندییەی مرۆڤ لەگەڵ خودی خۆی و لەگەڵ ئەوانیتردا دروستیدەکات، ئەوا ئەم پەیوەندییە لە دیدگا دینییەکە و بەبپێی بەها دینییەکان پەیوەندیی درۆنەکردن و فرەڕوویی و دەمامکدارنەبوون و نەخڵەتاندن و دزینەکردن و نەبڕین و نە کوشتنی مرۆڤەکانی ترە. غەدر و زوڵم نەکردنە لە خود و لەوانیتر بەیەکەوە. ئازارنەدانی خود و ئەوانیترە. ڕێزگرتنە لە ژیان و لە جیاوازیی مرۆڤەکان لەگەڵیەکدا. ئینجا ئەخلاق هاوکاریی و هاریکاریکردن و بەدەمەوەچونە، ئەخلاقی گونجاندنی بەرژەوەندیی خودە لەگەڵ بەرژەوەندی ئەوانەدا کە مرۆڤ لەگەڵیاندا دەژیی. بەهای لێبوردن و لێخۆشبوون و گەردن ئازادیی و هاوسۆزیی. رەنگە لوتکەی روانینی ئەخلاقیانەی دین ئەو باوەڕەبێیت کە پێیوایە خودا مرۆڤی لەسەر وێنەی خۆی دروستکردوە و عەقڵ و هۆش و ویژدان و ئیرادەی هەڵبژاردنی سەربەخۆی پێبەخشیوە. هاوکات پێداگرتن لەسەر ئەوەی کە خودا مرۆڤەکانی لە شێوەی میلەت و خەڵکانی جیاوازدا دروستکردوە، بۆئەوەی پێکەوەبژین و یەکتری بناسن. سەرجەمی ئەم بەهایانە دەشێت لە دینەوە وەربگیرێن بکرێن بە بنەمای ئەو سیستمە ئەخلاقییەی لە کۆمەڵگادا ئامادەیە. بەڵام دەشێت کۆمەڵێک بەهای تر هەڵبهێنجرێت کە لەسەر دڵرەقیی و دوژمنایەتیی و جیهادی مرۆڤە دینییەکان دروستبووبێت دژ بە مرۆڤە نادنییەکان و دژە بەوانەش کە دینێکی جیاوازیان هەیە، مامەڵەنەکردنی هەموو ئەمانەش وەک مرۆڤی نووقسان و ناکامڵ و کەمتر. وەک زۆرێک لە بانگخوازەکانی دونیای ئێمە، ئەنجامیئەدەن. دین کاتێک دەبێت بە دینێکی ئەخلاقیی کە ئازادیی هەڵبژاردن بە مرۆڤەکان ببەخشێت، خودا ببێت بە شتێک مرۆڤ بیدۆزێتەوە نەک بەسەریدا بسەپێنرێت، موقەدەس پێدراوێکی پێشین و پێبەخشراو نەبێت، بەڵکو دەرەنجامی گەڕانێکی ئازادانە بێت و مرۆڤ بەر لە هەمووشتێک لەناوەوەی خۆیدا بیدۆزێتەوە و پێیبگات. هەموو ئەو خودایانەی بەزۆر بە سەر مرۆڤدا دەسەپێنرێن، خودایەکن هێزی دروستکردنی کەسێکی ئەخلاقیی لەدەستئەدەن و هەر لە بنەڕەتیشەوە شانسی بوون بە مرۆڤێکی ئەخلاقیی لە مرۆڤدا دەسڕنەوە. سەپاندن هەڵبژاردنی تێدانییە، ئەخلاقیش بەبێ توانای هەڵبژاردن مانایەکی نامێنێت. دووهەم: ئەخلاقی نادینیی. پرسیاری سەرەکیی ئەخلاق لە فیکر و بیرکردنەوەی دەرەوەی دیندا ئەوەیە ئایا مرۆڤ چۆن دەبێت بە کەسێکی چاکەکار بەبێ باوەڕبوون بە دین و بە قیامەت بە سزادان و پاداشتەکانییەوە. ئەخلاق لێردا ڕاستەوخۆ لە عەقڵ و ویژدانی ئینسانییەوە سەرچاوەدەگرێت، لەو ڕاستییەوە کە مرۆڤ بوونەوەرێکە هەم خاوەنی عەقڵ و هەم خاوەنی ویژدان، ئەم دووانەش دەتوانن سەرچاوەی چەندەها بەهای ئەخلاقیی گرنگبن کە پەیوەندیی مرۆڤەکان لەگەڵ خۆیان و لەگەڵ ئەوانیتردا ڕێکبخات. لەم جۆرە ئەخلاقەدا شتێک بەناوی قیامەت و زیندوبوونەوە و لێپرسینەوە و سزا و پاداشی دوای ژیان، بوونی نییە. ئەوەی ئامادەیە خۆدروستکردنی مرۆڤە بۆ خودی خۆی بە هاریکاریی مرۆڤەکانی تر و لە چوارچێوەی ژیانێکی پێکەوەیی عەقڵانیی و ویژدانیدا. دیدگای ئەخلاقی لێردا دیدگایەکە پێ لەسەر بەگژاچونەوەی خۆپەرستیی و ئەنانیەت و حەزە ناماقوڵ و ناعەقڵانییەکانی مرۆڤ، دادەگرێت. لەم دیدگایەدا عەقڵ هێزی ئەوەی تێدایە بە ئینسان بڵێت خراپە و خراپەکاریی کامەیە و چییە، باشە و چاکەکارییش کامانە و چین. لێرەدا مرۆڤ پێویستی بەوە نییە بە فیکرەی زیندوکردنەوە و حیساب لەگەڵداکردن بترسێنرێت، بۆئەوەی خراپەکار نەبێت و خراپە بەرامبەر بە خۆی و بەرامبەر بە ئەوانیتر، ئەنجامنەدات. توانای ناسینەوەی خراپەکاریی وەک خراپەکاریی و ناسینەوەی چاکەکاریی وەک چاکەکاریی، توانایەکە لەناو ئینسان خۆیدا هەیە، بەشێکە لە بوونی ئینسان وەک ئینسان، پەیوەندیی بەو راستییەوە هەیە کە مرۆڤ خاوەنی عەقڵ و بیرکردنەوە و ویژدان و خواستیی بەیەکەوەبوون و بەیەکەوەژیانە. مرۆڤ مادامەکی بوونەوەرێکی کۆمەلایەتیی و گروپخوازە، بۆیە خۆیشی توانای بەرهەمهێنانی ئەو بەها ئەخلاقییانەی هەیە کە ژیانێکی هێمن و ماناداریان بۆ دروستبکات. ئەگەر ئینسانی دینیی ئینسانێکبێت واهەستبکات خودا بە بەردەوامی چاودێریی و ئاراستەی دەکات، ئینسانی نادینیی ئینسانێکە پێیوایە عەقڵ و ویژدان و هەستی پێکەوەبوون لەگەڵ مرۆڤەکانی تردا، چاودێریی و ئاراستەی دەکات. واتە ئەو کۆمەڵە یاسا و ڕێسا و بەهایانە چاودێریی مرۆڤ دەکەن کە لەسەری ڕێکەوتونن و بەیەکەوە بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵیەکتریدا دایانهێناوە. ئەوەی لێردا باڵادەستە وەڵامدانەوەی پرسیارگەلێکی ئەخلاقیی لەم جۆرەیە: مرۆڤەکان چۆن غەدر و زوڵم و خراپەکاریی بەرامبەر بەیەکتری نەکەن و چۆن بتوانن هاریکار و هاوسێ و دۆست و هاوسۆزیی یەکتربن. سێهەم: ویژدانی گشتیی لە پەیوەنیدا بە ئەخلاقەوە شتێکی دیکە هەیە ناوی «ویژدانی گشتییە» کە مێژوویەکی هاوبەش و پێکەوەیی مرۆڤەکان لە کۆمەڵگادا بەیەکەوە دروستیدەکەن. ئەمەش ئەو تۆرە لە بەها و قەناعەت و بیروبۆچونی گشتییە کە خەڵک لە کۆمەڵگادا هەیانە و هاوبەشن تیایدا. ئەمانەش لەناو خێزان و قوتابخانە و ڕووبەر و دەزگا گشتییەکانی کۆمەڵگادا دروسدەبن. «ویژدانی گشتیی» دەشێت هەم دین و هەم نادینی هەمەجۆری تێدابێت و لە پەیوەندیشدا بە یەکترییەوە دروستبووبێت. ویژدانی گشتیی هێما بۆ کۆمەڵێک بەها و نۆرم و شێوازی هەڵسوکەوت و کاردانەوە دەكات، کە بە شێوەیەکی گشتیی لە کۆمەڵگادا دروستدەبێت. ئەم ویژدانە گشتییە ئەو سنوورانە دەستنیشاندەکات کە ناتوانرێت لە کۆمەڵگادا ببەزێنرێن و تێبپەڕێندرێن. بۆ نموونە رەفزکردنی گشتیی سوکایەتیی و جنێودان و خراپەکردن بەرامبەر بەیەکتریی و بەرامبەر بە ئەوانیتر. رەفزکردنی کوشتن و بڕین لەسەر بنەمای نەتەوە و چین و ئەندمانبوون لە گروپێکی تایبەتەدا، رەفزکردنی پاکتاوکردن لەسەر هەر بنەمایەک، رەفزکردنی توندوتیژیی لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژیا و دین و باوەڕ، رەفزکردنی ڕاونان و گواستنەوەی بەزۆری خەڵک، ڕەفزکردنی دەستدرێژی سێکسیی و لاقەکردن و هەراسانکردن، رەفزکردنی جیاکارییکردن لەسەر بنەمای نێربوون و مێبوون و ڕەشبوون و سپیبوون و هتد... ئەم ویژدانە گشتییە بەپێی سەردەمە مێژووییە جیاوازەکان گۆرانی بەسەردادێت و سەرلەنوێ دادەڕەژرێنەوە. چوارهەم، ئەخلاقی مرۆڤایەتیی. شتێک هەیە ناوی «کەلەپوریی ئینسانیی هاوبەش»ە کە بەرهەمی ژیانی هاوبەشی مرۆڤەکانە لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا بە درێژایی هەزاران هەزار ساڵ لەسەر ئەم هەسارەیە بەیەکەوە. ئەوەی لێرەدا مرۆڤەکان بەیەکەوە کۆدەکاتەوە ئینتیمایە بۆ مرۆڤبوون هەستی بەشکردنی ئەم هەسارەیەیە لەگەڵ یەکدا. شتێک هەیە ناوی مرۆڤایەتیی و بەدەمەوەچونی مرۆڤەکانە بۆ یەکتریی وەک مرۆڤ. بەدەمەوەچونی مرۆڤەکان بۆ یەکتری بەبێ گوێدانە دین و باوەڕ و زمان و ڕەنگ و شێوەژیانی جیاوازیی یەکتری. بەبێ گوێدانە ئەوەی ئەو مرۆڤانە لە کوێی زەویدا دەژین. ئەوەی لێرەدا کاردەکات کۆمەڵێک بەهای گەردونییە کە پابەست نییە بەم یان بەو دین و بەم یان بەو ئایدیۆلۆژیاوە. لەوانە بۆ نموونە، مافی هەموو مرۆڤێکە بەختەوەربێت، سەربەخۆ بژیی، دەستنەخرێتە ناو ژیانییەوە، ڕێزی جیاوازبوون و تاکبوونی بگیرێت، جاوساغێکی دەسەڵاتدارای لێ پەیدانەبێت مافی بەکارهێنانی ئازادانەی عەقڵ و تێگەیشتنی لێبسێنێتەوە، هتد... ئەم مرۆڤایەتییەش کۆمەڵێک پێوەر و بەهای هاوبەشی دروستکردوە کە ناکرێت لەژێر هیچ ناوێکدا، لە ژێر هیچ جۆرە پێداگرتنێک لەسەر خسوسیەت و تایبەتمەندیی و ڕەسەنایەتیدا، پشتی تێبکرێت و وەک نەبوو و نامۆ مامەڵەبکرێت. هەموو کۆمەڵگایەک لە دونیای ئەمڕۆدا بەشێکە لەو مرۆڤایەتییە هاوبەشە کە دەیان سەدەیە پێغەمبەران و نووسەران و فەیلەسوفان و شاعیران و عاریفان و زانایان و سیاسییە بە ویژدان و ڕاستگۆکان و مرۆڤە سادە پاکژەکانی سەر ئەم هەسارەیە، لە بەشە جیاوازەکانی جیهاندا، بەیەکەوە دروستیانکردوە و دروستیدەکەن. مرۆڤایەتییەکی هاوبەش کە بەشە جیاوازەکانی جیهان بەیەکەوە گرێئەدات. لە دونیای ئەمڕۆدا هەر چوار سەرچاوەکەی ئەخلاق بە خەستی ئامادەن، هیچ شوێنێک نییە لە دەرەوەی ئەم چوار سەرچاوەیەدا بژیی. بۆیە بۆئەوەی مرۆڤێکی ئەخلاقیی بین پێویسستە هەم بەم سەرچاوانە ئاشنابین و هەم لە مێژووییبوون و توانای گۆرانکاریی و پێشکەوتنی هەریەکێک لەو سەرچاوانە، بەئاگابین. رەنگە دڵی مرۆڤێک نەدۆزینەوە موقەدەسێکی تێدانەبێت، بەڵام مەرج نییە موقەدەس هەمیشە موقەدەسێکی دینیی بێت. ئەخلاقیش ئەو پەیوەندییەیە کە یەکەمجار کەسێک لەگەڵ خۆیدا دروستیدەکات بۆئەوەی کەسێکی تایبەت بێت، ئینجا لەگەڵ ئەو کۆمەڵگا و ژینگە و کۆمەڵگا و مرۆڤایەتیدا کە لەناویاندا دەژیی.
درەو: عێراق لەساڵی (2022)دا, داهاتێكی قەبەی لەهەناردەكردنی نەوت دەستكەوت, سودی لەبەرزبونەوەی نرخی نەوت بینی بەهۆی جەنگی نێوان ڕوسیاو ئۆكرانیا, هاوكات زیادكردنی بڕی نەوتی خاوی هەناردەكراویش بۆ بازاڕەكانی دەرەوە. بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق, داهاتی هەناردەكردنی نەوت لەساڵی ڕابردودا بازیداوە بۆ (115.4) ملیار دۆلار, لەكاتێكدا ساڵی (2021) بڕكەی (75.7) ملیار دۆلار بووە. عێراق لەساڵی (2022)دا, سەركەوتوو بووە لەبەرزكردنەوەی بڕی نەوتی هەناردەكراو بۆ بازاڕە دەرەكییەكان, كە بڕكەی گەیشتووەتە (1.2)ملیار بەرمیل, كە دەكاتە هەناردەكردنی (3.31) ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لەڕۆژێكدا. هەریەك لەچین و هیندستان و كۆریای باشورو توركیاو یۆنان و ویلایەتە یەكگرتووەكان و بەریتانیاو فەرەنساو روسیاو ئیتاڵیاو ئیسپانیاو هۆڵنداو, هەندێك وڵاتی عەرەبی, لەدیارترین ئەو وڵاتانەن كە نەوتی خاوی عێراقیان بۆ هەناردەكراوە. مانگی حوزەیرانی (2022), نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی عێراقی بەرزترین ئاستی تۆماركرد, كە بە (113.7) دۆلار فرۆشرا, لەمانگی كانونی یەكەمی ڕابردوشدا نزمترین نرخی تۆماركردو بەرمیلێك نەوتی خاوی عێراق بە (73.64) دۆلار فرۆشرا. ئەم ئینفۆگرافیكە داهاتی نەوتی عێراق لەساڵی (2022)دا ڕوندەكاتەوە:
راپۆرت: درەو حەمدیە جاف ئەو لە ئیمارات دەستگیركراوەو رادەستی عێراق دەكرێتەوە، لەوكاتەی كە بەڕێوەبەری بانكی بازرگانی عێراق بووە، لە شاری سلێمانی باڵەخانەیەكی بەبڕی (15 ملیۆن) دۆلار لە (حسێنی مەلا ساڵح زڕگوێزی) كڕیوە، ئەمە یەكێكە لەو مامەڵانەی كە دەوترێت گەندەڵی گەورەی تێدا كراوە. حەمدییە خان لە ئیماراتەوە بەرەو بەغداد رۆژی 9ی ئەم مانگە، دەستەی دەستپاكی عێراق دەستگیركردنی ژنێكی كوردی بە ناوی (حەمدیە جاف) راگەیاند، حەمدیە پێشتر بەڕێوەبەری بانكی بازرگانی عێراق (TBI) بووە. ئەم ژنە كە دەوترێت نزیك بووە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، دۆسیەی گەندەڵی زۆری لەسەرە، كانونی دووەمی 2021 دادگای كەرخی بەغداد كە تایبەتە بە دۆسیەكانی گەندەڵی، بەبێ ئامادەبوونی خۆی ماوەی (5 ساڵ) زیندانی بەسەردا سەپاند. پێشترو لە 16ی ئایاری 2020دا، دادگا بەتاوانی "زیانگەیاندن بە دارایی گشتیی" ماوەی (7) ساڵ زیندانی بەسەر حەمدیە جافدا سەپاندبوو، بەڵام بەهەمان شێوە بەبێ ئامادەبوونی خۆی لەبەردەم دادگادا، ئەوكات دەستەی نەزاهەی عێراق حەمدیە جافی بە "هەڵاتوو لە یاسا" ناوبرد، ئێستا ئەم ژنە وەكو یەكێك لە سەرە گەورەكانی گەندەڵی لە عێراق ناودەبرێت، 17 دۆسیەی یاسایی لەسەرەو دەستەی دەستپاكی دەڵێ زیاتر لە ملیارێكو 100 ملیۆن دۆلار زیانی بە دارایی گشتی گەیاندووە. ئەم ژنە بەهۆی ئەو تۆمەتانەی كە ئاڕاستەی دەكران، ساڵی 2015 لە عێراق چووە دەرەوەو لەگەڵ خێزانەكەیدا لە ئیمارات نیشتەجێ بووە، بەپێی زانیارییەكان، دەستگیركردنی حەمدیە جاف لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیماراتەوە، لەسەر داوای محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بووە لە سەردانەكەی چەند رۆژی رابردوویدا بۆ ئەو وڵاتە. محەمەد شیاع سودانی كە تەمەنی كابینەكەی (100) رۆژی تێپەڕاندووە، یەكێك لە بەڵێنە دیارەكانی گەڕاندنەوەی پارە دزراوەكانی عێراقو سزادانی گەندەڵكارانە. موڵكێك بە 15 ملیۆن دۆلار لە سلێمانی یەكێك لەو بەڵگەنامانەی كە لەسەر حەمدیە جاف هەیە، پەیوەندی بە كڕینی موڵكێكەوە هەیە لە سلێمانی بە بەهای (15 ملیۆن) دۆلار. ناوەڕاستی ئایاری 2013، حسێن ساڵح شەریف كە ناسراوە بە "حسێنی مەلا ساڵح زرگوێزی" موڵكی ژمارە (260/136)ی لە گەڕەكی چوارباخ فرۆشتووە بە حەمدیە جاف، بەڕێوەبەری پێشتری بانكی بازرگانی عێراق. روبەری ئەم موڵكە (96/2030) مەتر چوارگۆشەیە، پێكهاتووە لە باڵەخانەیەك كە (127) ژوورو (55) شوقەو رستۆرانتێكو چوار دوكانی بازرگانی لەخۆدەگرێت، حەمدیە جاف بڕی (15 ملیۆن) دۆلاری بە حسێنی مەلا ساڵح داوە بۆ كڕینی ئەم موڵگە، گوایە دەیەوێت بیكات بە بینای لقی بانكی بازرگانی عێراق لە شاری سلێمانی. هەندێك لە میدیاكانی عێراق كاتی خۆیو لەسەردەمی مامەڵەكەدا باسیان لەوە كردووە، سەرەتا كوڕێكی حەمدیە جاف بەناوی (شوان عەبدولكەریم فەرمان) ئەو موڵكەی لە كەسێك بەناوی (عەبدوڵا) بە بڕی (3 ملیۆن) دۆلار كڕیوە، فرۆشیاری موڵكەكە كەسێك بووە كە كڕیاری بانكەكەی حەمدیە جاف بووەو قەرزداری ئەوان بووە، پاش ئەم مامەڵەیە كوڕەكەی حەمدیە جاف موڵكەكەی فرۆشتووە بە "حسێنی مەلا ساڵح"و دوای ئەمە بانكی بازرگانی عێراق موڵكەكەی لە "حسێنی مەلا ساڵح" بە بڕی (15 ملیۆن) دۆلار كڕیوەتەوە. ئەوانەی ئاگاداری كڕینو فرۆشتنەكانی ئەم موڵكە بوون دەڵێن: لەم مامەڵەیەدا حەمدیە جاف وەكو بەڕێوەبەری بانكی بازرگانی وەبەرهێنانی كردووەو یاسای بانكی بازرگانیو بانكی ناوەندیی عێراق رێگە بەم كارە نادات،بەڵام بەپێی بەدوادادچوونەكانی (درەو) لە نزیكەكانی خاوەنی موڵكەكەی سلێمانی دەوترێت: موڵكەكە هیچ كێشەیەكی تێدا نیەو لیژنەی تایبەت لە بەغدادەوە هاتوون و پیداچوونەوەیان بە گرسَبەستەكەدا كردووەو دەركەوتووە مامەڵەكە لەرووی نرخ و شێوازی عەقدەكەوە هیچ كێشەیەكی تێدا نیەو لەكاتی خۆیدا ئەو نرخەی دیاریكراوە گونجاوبووە. حەمدیە جاف كێیە ؟ ئەوەی لەبارەی ئەم ژنە كوردەوە دەزانرێت ئەوەیە ناوی تەواوەتی (حەمدیە مەحمود فەرەج)ە، لە نەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە ناوی ئەم ژنە لە بواری بانكو پارەدا دەركەوتووە، ئەمەش بەهۆی هاوسەرەكەیەوە (كەریم فەرمان) كە پیاوێكی بەناوبانگ بووەو لە بۆرسەی (كیفاح) لە بەغداد كاریكردووە. وەكو ئەوەی باسدەكرێت، حەمدیە جاف لەرێگەی هاوسەرەكەیەوە پێی خستوەتە ناو بواری كاری بانكیو ئاڵوگۆڕی دراوەوەو پۆستی بەڕێوەبەری بانكی رافیدەین- لقی (حارسیە)ی وەرگرتووە، ئیتر لەوكاتەوە لەكاری نایاسایی تێوەگلاوەو دەوترێت بەرتیلی وەرگرتووەو ئاسانكاری كردووە بۆ پاكتاوی چەكی بانكییو لەسەر ئەم كارانە جارێك سزای وەرگرتووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بڕێكی زۆر پارەی بە كڕیارێك داوە بەبێ ئەوەی چەكی ئەو كریارە لە حسابەكەیدا هەبێت، بەڵام بەهۆی ئەو پاڵپشتییەی ئەوكات لەلایەن بەڕێوەبەری بانكەكەوە هەیبووە، سزاكەی هەر ئەوە بووە ماوەیەك دوركەوتوەتەوەو دیار نەماوە. بەڵام ساڵی 2003 دوای كەوتنی رژێمی سەددام جارێكی تر دەركەوتووەتەوەو لەلایەن بەرپرسانەوە راسپێدراوە بەوەی لقە سوتاوەكەی بانكی رافیدەین لە ناوچەی (مەنسور) بكاتەوە، ئەوكات لقی بانكەكە گونجاو بووە بۆ كاركردن، چونكە دوای كەوتنی رژێم، ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی ئەو بینایەی وەكو بارەگای خۆی بەكارهێناوە، حەمدیە جاف لەگەڵ هێزێكی ئەمریكا چوەتە بیناكەو دەستی بەكاركردن كردووە. دەوترێت ئەم لقەی بانكی رافیدەین، بەر لە رووخانی رژێم، لەلایەن دیوانی سەرۆكایەتی كۆماری عێراقو فەرمانگەكانییەوە وەكو هەژماری بانكیو هەژماری تایبەتی خێزانی سەددام حسێن بەكارهێنراوە. كاتێَك حەمدیە جاف ئەم بانكەی وەرگرتووە، بەهۆی ئەو شارەزاییەی لە كاری بانكیدا هەیبووە، دیوارێكی دۆزیوەتەوە لە شوێنێكدا كە دەبوو بچێتە سەر خەزێنەیەك لەژێر زەویدا، ئیتر بۆی دەركەوتووە ئەمە شتێكی ئاسایی نییە، داوای لە هێزەكانی ئەمریكا كردووە دیوارەكە بڕوخێنن، لێرەوە سوپرایزە گەورەكە دەركەوتووە، هەموو زێڕو سەروەتو سامانەكانی خێزانی سەددام دۆزراوەتەوە لەگەڵ ئەو كاتژمێرانەی كە سەددام وەكو دیاری دەیبەخشین هەروەها شمشێرە زێڕەكانو هەموو ئەو كاسێتە ڤیدیۆیانەی كە چالاكییەكانی سەددامی ئەرشیفكردووە لەوكاتەوە بووە بە جێگری سەرۆك كۆمار تا كاتی روخانی، ئەمە لەپاڵ ئەو دیارییانەی كە پێشكەشی سەددام كرابوون، بانكەكە لەدوای روخانی سەددامەوە تاڵانكرابوو، بەڵام تاڵانچییەكان ئەم شوێنە نهێنییەیان نەدۆزیبووەوە. كاتێك حەمیدیە جاف خەزێنەكەی دۆزیوەتەوە توشی سەرسامی بووە بەو بڕە زۆرەی دراوی بیانیو خشتی ئاڵتون، لەم كەیسەدا گومان هەیە حەمدیە بێ دەستكەوت نەبووە. هەر بەپێی ئەو قسەوباسانەی لەناو میدیاكانی عێراقدا هەیە، لەسەردەمی گۆڕینی دراوی عێراقیدا دوای كەوتنی سەددام، بانكەكەی حەمدیە خان یەكێك لەو بانكانە بووە كە ئاڵوگۆڕی دراوە كۆنەكەی بە دراوە نوێیەكە "دیناری بریمەر" تێدا كراوە، باسلەوە دەكرێت لەم سەردەمەدا ئەم خاتوونە كوردە بڕێكی زۆر پارەی ساختەی دیناری عێراقی گۆڕیوەتەوە بە دیناری نوێی واتە ئەو دینارەی ئێستا كاری پێدەكرێت، هاوسەرەكەی ئەم پارانە لە چەند ئەژمارێكی خۆیو هاورێكانیدا لەهەمان بانكدا هەڵگرتووە. زیا خیون كە لەسەردەمی سەددامدا بەڕێوەبەری بانكی رافیدەین بوو، دوای كەوتنی سەددامیش بەهۆی ئەو شارەزاییەی كە هەیبوو، جارێكی تر وەكو بەڕێوەبەری بانكەكە دانرایەوە، خیون لە هاوڕێ دێرینەكانی خاتوو حەمدیە بووە، بۆیە هەر دوای دەستبەكاربوونی پاڵپشتی لێكردووەو حەمیدە خانی كردووە بە بەڕێوەبەری بانكی بازرگانی عێراق بە وەكالەت، بانكی بازرگانی لە تەموزی 2003دا وەكو قەوارەیەكی حكومی سەربەخۆ دروستكرا، ئامانجی دروستكردنی ئەم بانە بریتی بوو لە هاوردەكردنو هەناردەكردنی كاڵاو خزمەتگوزاری، ئەمە وەكو وەكو ئاسایكردنەوەی دۆخی وڵات دوای كۆتایهاتنی كاركردن بە پرۆگرامی نەوتو بەرامبەر بە خۆراكی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان. لە تشرینی یەكەممی 2003دا، بانكی بازرگانی عێراق بەسەرمایەی (100 ملیۆن) دۆلار دەستی بەكاركردن كردو ئێستا خاوەنی 25 لقە لە پارێزگاكاندا، لە ساڵی 2008دا سەرمایەی بانكەكە بۆ (ترلیۆنێك) دینار بەرزبوەتەوە. ئەوانەی لە نزیكەوە حەمدیە جافیان ناسیوە دەڵێن" ژنێك بووە كە كارەكەی خۆشویستووەو دوای دەوامی فەرمیش لە بانك ماوەتەوەو كاریكردووە، بەڵام لەڕووی ئیدارییەوە هەندێك لاواز بووە، كاتێك زانیویەتی بە وەكالەت لە پۆستی بەڕێوەبەری بانكی بازرگانی دانراوە، هەڵمەتێكی دەستپێكردووە بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەكانی بانكەكەو بۆ ئەم مەبەستەش سەردانی پارێزگاكانی كردووە، ئیتر لێرەوە دەرگای گەندەڵی لەسەر كراوەتەوەو خەڵكانی تری ناسیوەو سیان لەو كەسایەتییانەی كە دەوترێت لەو سەردەمەدا كۆنترۆڵی خاتوو حەمدیەیان كردووە بریتی بوون لە هەریەكە لە (ئەنوەر عەبدوللەتیف مەعموری)و (كەریم شەمەری) پسپۆڕ لە بواری گرێبەستەكانی وەزارەتی بازرگانیو ئاودیوكردنی نەوتو ماددە خۆراكییەكانو (سەرتیپ ئاغا)، وەكو باسدەكرێت، ئەم سێ كەسە كاریان كردووەو قەرز زۆریان لە بانكی بازرگانی عێراقو حەمدیە خان وەرگرتووە. سەرباری ئەمانە، رۆژی 18ی تەموزی 2011دا، نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق، لە وەكالەتەوە بە فەرمی حەمدیە جافی كرد بە بەڕێوەبەری بانكی بازرگانی عێراق، حەمدیە خان چووە شوێنەكەی (حسێن ئازەری) بەڕێوەبەری پێشووی بانكەكە كە دەوترێت كەسێكی نزیك بووە لە كۆچكردوو ئەحمەد چەلەبی سەرۆكی كۆنگرەی نیشتمانی عێراق، ئازەری بەهۆی ئەو تۆمەتانەی لەسەری بوو، لەلایەن مالیكییەوە لە پۆستەكەی دورخرایەوە، لە دەستەی نەزاهە دۆسیەی گەندەڵی لەسەر ئازەری كرایەوەو هەڵات بۆ دەرەوەی وڵات. ساڵی 2014 حەمدیە جاف تۆمەتبار كرا بەوەی بڕی (30 ملیۆن) دۆلار قەرزی بە كۆمپانیایەك داوە بەبێ ئەوەی هیچ گرەنتییەك وەربگرێت. ساڵی 2015 بەڵگەنامەیەك دادگا بڵاوكرایەوە، كە تێیدا حەمدیە جاف تۆمەتبار كراوە بەوەی ئاسانكاری نایاسایی بۆ (شوان)ی كوڕی كردووە بۆ ئەوەی گرێبەستێكی بازرگانیی بەبەهای نزیكەی (28 ملیۆن) دۆلار وەربگرێت. خاتوو حەمدیە كوڕەكەی كردووە بە هاوبەش لەگەڵ كۆمپانیای (عەتارد) بۆ بازرگانی گشتیی لە گرێبەستی هاوردەكردنی شەكردا بۆ وەزارەتی بازرگانیی، ئەم كارەی لەبەرامبەر پێدانی قەرزی بانكیدا كردووە بەو كۆمپانیایە. ساڵی 2016 حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق خاتوو حەمدیەی لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتی بانكی بازرگانی لاداو (فەیسەڵ وسام)ی لە شوێنەكەی دانا، فەیسەڵیش لە تۆمەتی گەندەڵی بێبەری نەبوو.
درەو: عێراق بەدەست كەمی و كورتهێنانی بەرهەمە نەوتییە پاڵاوتەكراوەكانەوە دەناڵێنێت, ئەوەش وایكردووە ساڵانە (5) ملیار دۆلار بۆ هاوردەكردنی تەرخانبكات, كە (3.500) ملیار دۆلاری تەنها بۆ هاوردەكردنی بەنزین و دیزل دەڕوات, وەزارەتی نەوتی عێراق بەنیازە تاهاتنی ساڵی (2025) بەسێ قۆناناغ كۆتایی بەهاوردەكردنی سوتەمەنی بهێنێت, وردەكاری هەنگاوەكانی عێراق لەم ڕاپۆرتەدایە: عێراق بەنیازە تاساڵی (2025), پێداویستییەكانی ناوخۆی لەبەرهەمە نەوتییەكان دابین بكات و هاوردەكردنی سوتەمەنی كۆتایی پێبهێنێت, لەڕێی پلانێكەوە كە پشت بە پێشخستن و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی كەرتی پاڵاوتنی نەوت لەوڵات دەبەستێت, كە بەهۆی هێرشە تیرۆرستییەكانەوە لەهەندێك لەپاڵاوتگەكان كاریگەری لەسەر بەرهەمهێنان دروستكردووە. لەگەڵ ئەوەی عێراق لەوڵاتە بەرهەمهێن و هەناردەكارەكانی نەوتی خاوەو, ڕۆلێكی دیار دەگێڕێت لەبازاڕی وزەی جیهان, بەڵام پەنا دەباتە بەر هاوردەكردنی پێكهاتە نەوتییەكان بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی بازاڕی ناوخۆ, ئەوەش وایكردووە بیر لەڕاگرتنی هاوردەكردنی سوتەمەنی بكاتەوە. وەزارەتی نەوتی عێراق (3) كۆمپانیای پاڵاوتنی هەیە, كە ئەوانیش: كۆمپانیانی پاڵاوتنی ناوەڕاست و كۆمپانیای پاڵاوتنی باشورو كۆمپانیای پاڵاوتنی باكورە, وێڕای گەورەترین پاڵاوتگەی نەوت لەعێراق كە پاڵاوتگەی سمودە. بەپێی ئامارەكانی كۆمپاینای نەوتی بی بی بەریتانی, توانای پاڵاوتنی پاڵاوتگەكانی عێراق لەكۆتایی ساڵی (2021)دا, گەیشتوەتە (919) هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە, بەرهەمی پاڵاوتگەكانی پاڵاوتن لەعێراق لەساڵی (2021)دا (616) هەزار میلی ڕۆژانە بووە, لەكاتێكدا لەساڵی (2020)دا, (536) هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بووە, ئەوەش مانای وایە پاڵاوتگەكانی عێراق بەتەواوی توانای خۆیان كارناكەن, بۆیە هەوڵدەدات توانای پاڵاوتنی زیادبكات بۆ ڕاگرتنی هاوردەكردنی سوتەمەنی. پلانی دەستبەرداربون لەهاوردەكردنی سوتەمەنی عێراق پلانی دانابوو هاوردەكردنی سوتەمەنی لەگەڵ هاتنی ساڵی (2023) ڕابگرێت, لەگەڵ كردنەوەی ژمارەیەك لەپرۆژەكانی پاڵاوتن, بەڵام پێدەچێت بارودۆخی جیهانیی, لەگەڵ قەیرانی ئابوری كە وڵات بەدەستییەوە ناڵاندویەتی, وایكردبێت پلانەكەی تازەبكاتەوە بۆ بەدیهێنانی دابینكردنی نیمچەیی پێداویستییەكانی ناوخۆ لە پێكهاتە نەوتییەكان لەساڵی (2025)دا. عێراق بەدەست كورتهێنانی بەرهەمە پاڵاوتەكراوەكانەوە دەناڵێنێت, كە ساڵانە (5) ملیار دۆلار لەسەر عێراق دەكەوێت, لەنێویاندا (3.500) ملیار دۆلار بۆ هاوردەكردنی بەنزین و دیزل تەرخان دەكات. پلانی ڕاگرتنی هاوردەكردنی سوتەمەنی بە (3) قۆناغی بنەڕەتی دەبێت, لەبەشداریپێكردنی پاڵاوتگەی كەربەلا بۆ نەخشەی بەرهەمهێنان دەستپێدەكات, كە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی پێداویستی وڵات بە بەنزین و كیرۆسین بەڕێژەی (50%)و, پێدوایستی ڕۆژانەی عێراق لە (15)ملیۆن لیترەوە بۆ (7) ملیۆن لیتری ڕۆژانە كەمدەكاتەوە. قۆناغی دووەمیش, دوای تەواوكردنی پاڵاوتگەی بەسرە دەستپێدەكات, كە پێداویستی وڵات بەنزیكەی (3) ملیۆن لیتری ڕۆژانە لەبەنزین و كیرۆسین كەمدەكاتەوە, قۆناغی سێیەمیش, دوای تەواوكردنی پرۆژەی پاڵاوتگەی سمود لەبێجی باكوری بەغدادو پاڵاوتگەی دیوانییە لەناوەڕاستی عێراق دەبێت, بۆ قەرەبوكردنەوەی ئەوەی دەمێنێتەوە لەپێداوێستییەكانی ناوخۆ. بڕیارە ئەمساڵ ژمارەیەك دەرفەتی وەبەرهێنان لەبواری كەرتی پاڵاوتن بخرێتەڕوو, ئەوەش وەزارەتی نەوتی عێراق جەختی لێكردووەتەوە كە بەمزوانە لەچوارچێوەی پلانەكانی بۆ زیادكردنی وزەی پاڵاوتن و ڕاگرتنی هاوردەكردنی سوتەمەنی, زیاد لەدەرفەتێك لەو كەرتە دەخاتەڕوو, كە دامەزراندنی پاڵاوتگەی نوێ لەخۆدەگرێت. عێراق پلانی هەیە بۆ دامەزراندنی پاڵاوتگەیەكی نوێ لەپارێزگای زیقار بەتوانای (150) هەزار بەرمیلی ڕۆژانەو, بەمزوانە دەخرێتە بەردەم وەبەرهێنەران. لەناو دەرفەتەكانی وەبەرهێناندا كە بڕیارە بەمزوانە بەردەست بێت, پاڵاوتگەی عەمارە لەپارێزگای میسان بە توانای (150) هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە, هەروەها پاڵاوتگەی موسەننا بە توانای (100) هەزار بەرمیلی ڕۆژانەو, پاڵاوتگەی كەركوك بە توانای (100)هەزار بەرمیلی ڕۆژانەو, پاڵاوتگەی قەیارە بەتوانای بەرهەمهێنانی (70) هەزار بەرمیلی ڕۆژانە. بڕیارە یەكەیەكی نوێ بەتوانای (70) هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بۆ پاڵاوتگەی زیقار زیادبكرێت, بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی بگاتە (100) هەزار بەرمیلی ڕۆژانە, ئەوەش دوای سەركەوتنی عێراق لەزیادكردنی یەكەیەكی بەرهەمهێنان بۆ پاڵاوتگەی دیوانییە بەتوانای (70) هەزار بەرمیلی ڕۆژانە. پاڵاوتگەی كەربەلای سەربە كۆمپانیای پاڵاوتنی ناوەڕاست, بەیەكێك لەدیارترین ئەو پرۆژانە دادەنرێت كە عێراق جێبەجێیان دەكات بۆ زیادكردنی توانای پاڵاوتن بۆ ئەوەی ڕۆلێكی سەرەكی بگێڕێت لەكەمكردنەوەی تەرخانكردنی پارە بۆ هاوردەكردنی سوتەمەنی. پێشبینی دەكرێت بەرهەمی بازرگانی بەشێوەیەكی پلەبەندی لەمانگی ئازاری ئەمساڵ بەتوانای (70) هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دەستپێبكات, پێشئەوەی بگاتە تەواوی توانای خۆی كە (140) هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە, لەكۆتایی مانگی تەموزی داهاتوودا. عێراق ساڵی ڕابردوو سەركەوتووبوو لەكارپێكردنی ئەزمونیی یەكەی یەكەمی سەربە پاڵاوتگەكە بەتوانای (70) هەزار بەرمیلی ڕۆژانە, كەپێكهاتە نەوتییەكان بەرهەم دەهێنێت, لەنمونەی بەنزین و كیرۆسین و دیزل. لەدیارترین خەسڵەتەكانی پاڵاوتگەكە, توانای بەرهەمهێنانی بەنزینی ئۆكتان بەرزی هەیە بەنمرەی (95) بەتوانای (8بۆ9) ملیۆن لیتر لەڕۆژێكدا , لەگەڵ ئەگەری زیادكردنی بۆ (12) ملیۆن لیتری ڕۆژانەو, توانای پڕكردنەوەی بەشێكی زۆری بەكاربردنی ناوخۆیی هەیە بەڕێژەیەك كە دەگاتە (75%)و كەمكردنەوەی هاوردەكردنی سوتەمەنی. وەزارەتی نەوتی عێراق پاڵاوتگەی كەربەلا بە گەورەترین وەبەرهێنانی حكومی وەسفدەكات لەماوەی ئەم چەند دەیەیەداو, كاردەكات بۆ دابینكردنی بەرهەمی كواڵیتی بەرز بەپێی خەسڵەتە ئەوروپییەكان (یۆرۆ5), كە ئەوەش بڕی پارەی تەرخانكراو بۆ هاوردەكردنی وزە كەمدەكاتەوە. پاڵاوتگەی كەربەلا لەلایەن كۆمەڵێك كۆمپانیای كۆریەوە جێبەجێدەكرێت بەسەرۆكایەتی هۆندای, (35)یەكەی كارپێكردن و خزمەتگوزاری لەخۆدەگرێت, (4)یان یەكەی بەرهەمهێنانی بەنزینن, لەگەڵ دروستكردنی (44) عەمبارو چەند یەكەیەكی تر. پاڵاوتگەی باشور ئامانجی عێراق لەپێشخستنی پاڵاوتگەكانی باشور بۆ بەرزكردنەوەی توانای پاڵاوتن بۆ (350)هەزار بەرمیلی ڕۆژانە, بۆ ئەوەی بەشێكی سەرەكی پێكبهێنێت لەپلانی ڕاگرتنی هاوردەكردنی سوتەمەنی. كۆمپانیای پاڵاوتگەكانی باشور بەیەكێك لەگەورەترین پاڵاوتگە بەرهەمهێنەكانی عێراق دادەنرێت, كەپاڵاوتگەی بەسرەی (1) و پاڵاوتگەی بەسرەی (2) و پاڵاوتگەی بەسرەی (3) لەخۆدەگرێت, بەتوانای (70) هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بۆ یەكێكیان, هەروەها پاڵاوتگەی تریشی هەیە لەوانە پاڵاوتگەی زیقار و پاڵاوتگەی میسان. عێراق لەئێستادا كاردەكات بۆ جێبەجێكردنی قۆناغی (4) بۆ پێشخستنی پاڵاوتگەی بەسرەی سەربە كۆمپانیای باشور, بڕیارە وێستگەیەكی پاڵاوتنی نوێ بۆ پاڵاوتگەكە زیادبكرێت, كە بریتییە لە كۆمەڵگەیەكی تێكشاندن بەكارلێكی هاوكار (FCC), پاشماوەكانی نەوتی پاڵاوتە دەگۆڕێت بۆ بەرهەمی نەوتی سپی بەكواڵیتییەكی بەرز. كۆمپانیای نەوتی باشور هەوڵدەدات بۆ زیادكردنی یەكەیەكی نوێی بەرهەمهێنان بەتوانای (70)هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بۆ پاڵاوتگەی بەسرە, هەروەها پێشخستنی پاڵاوتگەی میسان و زیقار, بۆ ئەوەی ئامانجی ڕاگرتنی هاوردەكردنی سوتەمەنی بەهێزتربكات. پاڵاوتگەی میسان سەركەوتووبوو لەبەرزكردنەوەی توانای پاڵاوتنی بۆ (40)هەزار بەرمیلی ڕۆژانە, دوای تەواوبوون لەیەكەی پاڵاوتنی چوارەم, وێڕایی جێبەجێكردنی گەنجینیەك بەڕوبەڕی (5)هەزار مەتر سێجاو, یەكێكی تریش بە ڕوبەری(25000)مەتر سێجا, ئەوەش بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی پاڵاوتگەكە لەمانگی كانونی یەكەمی (2022)دا. پاڵاوتگەی ناوەڕاست عێراق ئامانجیەتی تا ساڵی(2026) توانای پاڵاوتنی كۆمپانیای پاڵاوتگەكانی ناوەڕاست بۆ (500) هەزار بەرمیل لەڕۆژێكدا بەرزبكاتەوە. لەدیارترین ئەو پرۆژانەی وەزارەتی نەوت جێبەجێیان دەكات و بەبەشێك لەپلانی ڕاگرتنی هاوردەكردنی پێكهاتە نەوتییەكان دادەنرێت, كاركردنی كۆمپانیای ناوەڕاستە بەفراوانكردنی پاڵاوتگەی دیوانییە بۆ بەرزكردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی بۆ (90)هەزار بەرمیل لەڕۆژێكدا, لەكاتێكدا لەئێستادا توانای (20) هەزار بەرمیلی ڕۆژانەی هەیە. پرۆژەی فروانكردنی پاڵاوتگەی دیوانییە, زیادكردنی یەكەیەكی بەرهەمهێنانی نوێ لەخۆدەگرێت بەتوانای (70) هەزار بەرمیلی ڕۆژانە, كە تێكڕای توانای بەرهەمهێنانی بۆ (90) هەزار بەرمیل لەڕۆژێكدا بەرزدەكاتەوەو, هۆكارێكی گرنگ دەبێت بۆ ڕاگرتنی هاوردەكردنی سوتەمەنی. پێشبینی دەكرێت پرۆژەی پێشخستنەكە (3بۆ4)ساڵ بخایەنێت, بۆ هاوكاریكردنی زیادكردنی ڕێژەی بەرهەمی پێكهاتە نەوتییەكان لەپاڵاوتگەكە ڕێژەكەی لە 78% كەمتر نەبێت و داهاتەكانی بەنزیكەی 82% بەرزبكاتەوە. بەگوێرەی وەزارەتی نەوتی عێراق, پاڵاوتگەكە بەنزینێك بەرهەمدەهێنێت ئۆكتانی بەرزەو هاوڕێی ژینگەیە, كە نزیك دەبێت لەبەرهەمی پاڵاوتگەی كەربەلا. پاڵاوتگەی سمود پاڵاوتگەی سمود-بێجی جاران, كە سەربە كۆمپانیای پاڵاوتگەی باكورە, ڕوبەڕوی هێرش و گەمارۆ بوەوە لەلایەن ڕێكخراوی تیرۆرستی داعشەوە, كە كاریگەری لەسەر توانای بەرهەمهێنانی دروستكرد, عێراق بڕیاریدا ناوەكەی بگۆڕێت. (3) پاڵاوتگە سەر بە سمودە كە ئەوانیش: سەڵاحەدینی (1) و سەڵاحەدینی (2) و پاڵاوتگەی باكور, عێراق كار لەسەر سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی و زیادكردنی توانای بەرهەمهێنانی دەكات بۆ ئەوەی بگاتە (300) هەزار بەرمیلی ڕۆژانە, بۆ ئەوەی پلانی ڕاگرتنی هاوردەكردنی سوتەمەنی لەساڵی (2025) ڕێكبخات. عێراق سەركەوتوو بووە لەسەرنوێ بنیاتنانەوەی سەڵاحەدینی(1)و سەڵاحەدینی(2)و دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنان و زیادكردنی توانای پاڵاوتن, لەگەڵ كاركردن بۆ بانگهێشتكردنی كۆمپانیا جیهانییەكان بۆ سەرلەنوێ بنیاتانەوەی پاڵاوتگەی باكور بەتوانای (150) هەزار بەرمیل لەڕۆژێكدا. وەزارەتی نەوتی عێراق توانای پاڵاوتنی بۆ (60)هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بەرزكردووەتەوە, بۆ سەرجەم یەكەكانی پاڵاوتگەكانی سەڵاحەدینی (1), لەكاتێكدا پاڵاوتگەی سەڵاحەدینی(2)بەتوانای خۆی كاردەكات كە (60) هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە. سەرچاوە: پێگەی الطاقة
شیكاری: درەو: بەپێی بەدواداچونێکی (درەو) بۆ یەکێک لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان؛ - پێگەیاندنی وەجبەیەک مریشکی زیندوو لە (1/1/2023 – 15/2/2023) لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان، تێچووکەی زیاتر لە (160 ملیۆن) دینارە. - کۆی داهاتی هەمان ئەو وەجەبە مریشکە، (110 ملیۆن) دینارە. - واتە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان لە پێگەیاندن و فرۆشتنی هەر وەجبەیەک مریشکی زیندوودا (50 ملیۆن) دینار و بەڕێژەی (45%) زیانیان پێدەگات. - ئەمە لە کاتێکدایە پێگەیاندنی هەمان ئەو وەجبە مریشکە لە هەمان ماوەی ساڵی (2022)دا پێویستی بە (144 ملیۆن) دینارو لە ساڵی (2021)دا تێچووکەی (89 ملیۆن) دینار بووە. وردەکاری زیاتر لەم ڕاپۆرتە بنکۆڵکارییەدا بەردەستە. سەرەتا لە ئێستا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانی نرخی سەرجەم خواردن و خواردنەوەو شمەک پێداویستییەکانی رۆژانە رووی لە گرانبوون و بەرزبوونەوە کردووە، نرخی مریشکی زیندوو نەبێت! لە بەداواداچونێکی درەودا بۆ یەکێک لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان، کە خاوەن پرۆژەکە هەر خۆی خاوەنی شوێنی پێگەیاندنی پەلەوەرکانیش بوو _واتە هیچ کرێ و تێچونێکی شوێنی پەلەوەرییەکانی لەسەر نەبوو_ بەمانایەکی دیکە خەرجی شوێنی بەخێوکردنی پەلەوەرەکانیشی بۆ دەگەڕێتەوە، کە بۆ خاوەن پرۆژەیەکی لەم جۆرە کرێی شوێنی بەخێوکردن و پێگەیاندنی یەک وەجبە مریشکی زیندوو بە (5 بۆ 7 ملیۆن) دینار دەخەمڵێنرێت. بەپێی ئەو زانیارییانەی خاوەن کێڵگەکە خستوویەتیەڕوو، وەجبەیەک مریشکی زیندوو کە لە بەخێوکردن و پێگەیاندنی (25 هەزار) جوجک خۆی دەبینێتەوە، لە ماوەی (45) رۆژی مانگی کانونی دووەم و نیوەی شوباتی ئەمساڵ و ساڵانی (2022 و 2021)دایە، کە ئەو ماوەیە کەمترین هەلاک (نەخۆشی) لە پەلەوەرەکان دەدات و (5 هەزار) جوجک یاخود کەمتر لە ژمارەیە مردار دەبنەوە. لە هەندێ وەرزدا نیوەی جوجکەکان یاخود زیاتر لەوەش مردار دەبنەوە. بەڵام لە وەجبەی یەکەمی ئەمساڵ، بە تێکڕا خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان، سەرەڕای بەرزبوونەوەی تێچووی پێگەیاندنی جوجک و پەلەوەرەکانیان، بە کەمترین نرخ بەرهەمەکەیان بۆ ساغ بووەتەوە. تێچووی پێگەیاندنی وەجبەیەک مریشکی زیندوو لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان لەمانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ بۆ ناوەڕاستی مانگی شوبات، لە کێڵگەیەکی پەلەوەر، بۆ وەجبەیەکی (25 هەزار) جوجکی (5) هەزار مرداربوونەوەو لە هەمان ماوەی ساڵی پار (3 هەزار و 500) مرداربوونەوەو لە ساڵی (2021)دا (3 هەزار) جوجک مردار بوونەتەوە. سەربارەت بە تێچووی پێگەیاندنی وەجبەیەك مریشكی زیندوو: - هەمان ئەو بڕە جوجکانە لە ساڵی (2021) نرخەکەی زیاتر لە (13 ملیۆن) دینار بوەو لە (2022) بەڕێژەی (73%) بەرزبووەتەوە بۆ (22 ملیۆن) دینار و لە (2023) بەڕێژەی (57%) بەراورد بە ساڵی (2021) بەرزبووتەوە بۆ (20 ملیۆن) دینار، بەڵام بەراورد بە ساڵی (2022) بەڕێژەی (9%) نرخەكەی دابەزیوە. - کڕینی (100) تەن عەلەف بۆ بەخێوکردنی ئەو جوجکانە لە ساڵی (2021) نرخەکەی زیاتر لە (56 ملیۆن) دینار و لە (2022) بەڕێژەی (62%)بەرزبووەتەوە بۆ (91 ملیۆن) دینار و لە (2023) نزیکەی (104 ملیۆن) دینار بووە كە بەراورد بە ساڵی (2021) بەرزبوونەوەكە بەڕێژەی (85%) بووەو بەراورد بە ساڵی (2022) بەڕێژەی (14%) بووە. - کڕینی دەرمانی پێویست لە ساڵی (2021) بەهاكەی زیاتر لە (4 ملیۆن 200 هەزار) دینار و لە (2022) بەڕێژەی (89%)بەرزبووەتەوە بۆ (7 ملیۆن 938 هەزار) دینار و لە (2023) بڕی (9 ملیۆن و 570 هەزار) دینار بووە كە بەراورد بە ساڵی (2021) بەرزبوونەوەكە بەڕێژەی (128%) بووەو بەراورد بە ساڵی (2022) بەڕێژەی (21%) بووە. - کڕینی ڕاخەرو بەنزین و پێداویستی رۆژانە لە ساڵی (2021) كۆی بەهاكەی (4 ملیۆن 983 هەزار) دینار و لە (2022) بەڕێژەی (38%)بەرزبووەتەوە بۆ (6 ملیۆن 857 هەزار) دینار و لە (2023) بڕی (7 ملیۆن و 328 هەزار) دینار بووە كە بەراورد بە ساڵی (2021) بەرزبوونەوەكە بەڕێژەی (47%) بووەو بەراورد بە ساڵی (2022) بەڕێژەی (7%) بووە. - خەرجی ڤێرتەرنەری بۆ پێگەیاندنی وەجبەیەك جوجك لە سەرجەم ساڵەكانی (2021، 2022 و 2023) گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە تێچوونەكەی بریتی بووە لە (ملیۆنێك و 750 هەزار) دینار. - كرێی كارەبای نیشتمانی لە ساڵی (2021) بریتی بووە لە (210 هەزار) دینار و لە (2022) بەڕێژەی (114%) بەرزبووەتەوە بۆ (450 هەزار) دینار و لە (2023) بڕی (380 هەزار) دینار بووە كە بەراورد بە ساڵی (2021) بەرزبوونەوەكە بەڕێژەی (81%) بووەو بەراورد بە ساڵی (2022) بەڕێژەی (16%) كەمی كردووە بووە. - كرێی دەستی كار لە ساڵی (2021) بریتی بووە لە (3 ملیۆن) دینار و لە (2022) بەڕێژەی (8%) بەرزبووەتەوە بۆ (3 ملیۆن و 250 هەزار) دینار و لە (2023) بڕی (3 ملیۆن و 500 هەزار) دینار بووە كە بەراورد بە ساڵی (2021) بەرزبوونەوەكە بەڕێژەی (17%) بووەو بەراورد بە ساڵی (2022) بەڕێژەی (8%) بووە. - خەرجی سوتەمەنی لە ساڵی (2021) بریتی بووە لە (5 ملیۆن 770 هەزار) دینار و لە (2022) بەڕێژەی (76%) بەرزبووەتەوە بۆ (10 ملیۆن و 130 هەزار) دینار و لە (2023) بڕی (13 ملیۆن و 500 هەزار) دینار بووە كە بەراورد بە ساڵی (2021) بەرزبوونەوەكە بەڕێژەی (134%) بووەو بەراورد بە ساڵی (2022) بەڕێژەی (33%) بووە. بە پوختی تێچووی (کڕینی جوجک، عەلەف، دەرمان، خەرجی رۆژانە، ڕاخەر، بەنزین، سەرپەرشتیاری ڤێرتەرنەری، کارەبای نیشتمانی، کرێی دەستی کار، خەرجی سوتەمەنی...) بۆ وەجبەیەک مریشکی زیندوو لە ماوەی (45 رۆژ)دا، لە ساڵی (2021) تێچووەکەی زیاتر لە (89 ملیۆن) و لە (2022) بە زیاتر لە (144 ملیۆن) و لە (2023) زیاتر لە (160 ملیۆن) دینار بووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) خشتەی ژمارە (1) داهات و قازانج و زیانی وەجبەیەک مریشکی زیندوو لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان سەرجەم ئەو جوجکانەی لە کێڵگە پەلەوەرییەکەدا پێگەیەندراون بە تێکڕا کێشیان لە نێوان (2.5 – 2.6) کگم بوونە، لەسەر بنەمای ئەو تێچونەی پێشتر ئاماژەمان پێدا بۆ پێگەیاندنی وەجبەیەک مریشک، هەر کیلۆیەک مریشک لە ساڵی (2021)دا تێچووەکەی لە (هەزار و 788) دینار و لە (2022)دا (2 هەزار و 581) دینار و لە (2023)دا بۆ (2 هەزار و 830) دینار بەرز بووەتەوە. لە بەرامبەردا سەرجەم مریشکەکان لە ساڵی (2021)دا کێشەکەیان کە (50 هەزار)کگم بووەو یەک کیلۆ گرامی بە (2 هەزار و 350) دینار فرۆشراوەو کۆی داهاتەکەیان (177 ملیۆن و 500 هەزار) دینار بووەو زیاتر لە (28 ملیۆن) دینار بە ڕێژەی (24%) لە قازانجدا بووە. سەرجەم مریشکەکان لە ساڵی (2022)دا کێشەکەیان (55 هەزار و 900)کگم بووەو یەک کیلۆ گرامی بە (2 هەزار و 700) دینار فرۆشراوەو کۆی داهاتەکەیان (150 ملیۆن و 930 هەزار) دینار بووەو بڕی (6 ملیۆن و 630 هەزار) دینار بە ڕێژەی (4%) لە قازانجدا بووە. سەرجەم مریشکەکان لە ساڵی (2023)دا کێشەکەیان (56 هەزار و 760)کگم بووەو یەک کیلۆ گرامی بە (هەزار و 950) دینار فرۆشراوەو کۆی و داهاتەکەیان (110 ملیۆن و 682 هەزار) دینار بووەو بڕی (49 ملیۆن و 921 هەزار) دینار بە ڕێژەی (45%) لە زەرەردا بووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)). خشتەی ژمارە (2) خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان باجی بڕیارەکانی حکومەتی هەرێم دەدەن سەرباری ئەو زیانانەی بەر پرۆژە پەلەوەرییەکانی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان کەوتووەو دەکەوێت، لە نوسراوێكدا كە 6/2/2023 بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی كردووە، وەزیری كشتوكاڵ داوا دەكات بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندەوە، توركیا بخرێتە لیستی ئەو وڵاتانەی كە قەدەغەیە بەرهەمی پرۆژە پەلەوەرییەكانی لێوە هاوردە بكرێت لەنمونەی مریشكی بەستوو، هێڵكەی خواردن، هێلكەی تروكاندن، مریشكی زینداو، باڵندەی زیندوو، باڵندەی جوانی. (بڕوانە هاوپێچی یەکەم)، ئەگەر ئەم بڕیارەی وەزیری کشتوکاڵی هەرێم بچوبایەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوە دەکرا بڵێن بەشێک لە بەرهەمی ئەو کێڵگە پەلەوەرییانە نرخەکانیان بەرزدەبوویەوە، رەنگە بڵێن بەشێک لەو زیانەنەی بەر بەرهەمی ئەو کێڵگانە قەرەبوو دەکرایەوە. بەڵام رۆژێک دوای ئەو بڕیارەی وەزیری کشتوکاڵ، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازەكەی وەزیری كشتوكاڵ رەتدەكاتەوە، لەبارەی " قەدەغەكردنی هاوردەی بەرهەمی پەلەوەری لە توركیا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە لەو وڵاتە". ساماڵ عەبدولڕەحمان بەرێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان لە نوسراوێكدا كە ئاراستەی سەرجەم بەرێوەبەرایەتیەكانی گومرگی كردوو،ە كاركردنی بە نوسراوەكەی وەزیری كشتوكاڵ راگرتووەو دەڵێت؛ "بەپێی پەیوەندی تەلەفۆنی سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران كاركردن بە نوسراوەكەی وەزیری كشتوكاڵ رابگرن و كاری پێنەكەن". (بڕوانە هاوپێچی دووەم)
سەلاح خدر ئەمە دوو نەخشەیە، یەکێکیان ئەو شارانەی باکوری کوردستان و تورکیان کە بەر بومەلەرزەکەی سێ ڕۆژ بەرلەئێستا کەوتن. ئەوی تریان نەخشەیەکی گشتیە کە نیشان دەدات کە هێز و کاریگەری بومەلەرزەکە تا کوێ و چەند بووە، بەشێوەیەک لە بەشێکیاندا کاولکاری و بەشێکیان تەنها زیانی ماددەی و لە هەندێکیاندا هیچ زیانێک نەبووە. ناوەندی دواین بومەلەرزەکەی شەشی شوباتی ئەمساڵ شارۆچکەی جەلا بووکە بەتورکی پێی دەڵێن (ئەکینئۆز) سەربە پارێزگاری مەڕەشی باکوری کوردستانە . جەلا ٦٩٢ کیلۆمەتر دووجایە و ٩٤ گوند لە خۆی دەگرێت، بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٨ نفوسی ئەو شارۆچکەیە ١١٨٣٩ کەسە. جەلا دوای بومەلەرزەکە بووەتە وێرانە و تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هەزران ماڵی ڕوخاو هەڵنەدراونەتەوە کە هەزاران کەس لەژێریدا زیندوو یان مردوون ماون. لەهەمان کاتدا چەند گوند و شارۆچکە و شاری دیکەی مەڕەش وەک ئەلبستان، بازاڕجیک، تورکئۆغڵو و هەندێک جێگەی تر کە هەزاران کەس نفوسی هەیە تەواو یاخود نیمچە خاپوور بوون. لە شارەکانی سەربەپارێزگانای عەنتاب، هاتای، دیلۆک (باتمان)، ئامەد، ئیسکەندەروون، عوسمانیە، ماڵاتیا، ئادیامان و ئورفە، چەندین گوند و شارۆچکە و شار زیانی مەزنیان بەکەوتووە، بەشێوەیەک کە هەندێکیان خاپوور بوون و چەندین گوند تەختی زەوی بوون. بۆنمونە شارۆچکەی ئیسلاحیەی سەربەشاری عەنتاب کە بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٨ نفوسی ٦٧ هەزار و ٨٦٢ کەسە دەکرێت بڵێین بەشێوەیەک خاپوور بووە کە چیدی تا چەند ساڵی دیکەش ئیمکانی ژیانی تێدا مەحاڵە، هێشتاش هەزاران ماڵی خاپوور بوو لەو شارۆچکەیە وەک خۆی ماوەتەوە و دەستی لێنەدراوە و ئەو مرۆڤانەشی لەژێربینا ڕووخاوەکاندان کەهەزران کەس دەبن هیوای گەڕانەوەیان بۆ ژیان زۆر کەمە. دەوڵەت لەهەرێمەکانی زەمینلەرزەی باکوری کوردستان و تورکیا هەموو گرانی خۆی بەناوی (ڕزگارکردن) داوەتە ناوەندی شارە گەورەکان، هەربۆیە هەندێک شارۆچکە و گوند هەن کە ڕێگاکانی بەهۆی ڕووداوەکەوە خراپ بوون یاخود لەلایەن دەوڵەتەوە لە چوارچێوەی ڕاگەیاندی بارودۆخی نائاسایی و قەدەغەی هاتن و چوون داخراون تەنها یەک تیم و ستافی ڕزگارکردنیان پێنەگەیشتووە، خەڵکی ناوچەکە بەدەست و بەو ئیمکانە کەمەی خۆیان هەیانە خەریکی هەڵدانەوەی داروپەردوی خانووە ڕووخاوەکان و ڕزگاکردنی کەسەکانیانن کە ئەوەش بەختی گەڕانەوەیان بۆ ژیان زۆر کەمە. بەپێی دواین زانیارییەکان و بەلەبەچاوگرتنی نفوسی ئەو خەڵکەی لە پارێزگاکان دەژین بۆنمونە مەڕەش یەک ملیۆن و ١٥٤ هەزار و ١٠٢ . عەنتاب دوو ملیۆن و ١٠١ هەزار و ١٥٧. هاتای یەک ملیۆن و ٦٧٠ هەزار و ٧١٢ . ئامەد یەک ملیۆن و ٧٩١ هەزار و ٣٧٣. ئورفە دوو ملیۆن و ١١٥ هەزار و ٢٥٦. ئەدەنە یەک ملیۆن و ٧٦٩. مەڵاتیان ٨٠٨ هەزار و ٦٩٢. ئادیەمان ٦٣٢ هەزار ١٤٨. عوسمانیە ٥٥٣ هەزار و ١٢. ئیسکەندەروون ٢٥٠ هەزار و ٩٦٤. کیلیس ١١٦هەزار و ٣٤. لەگەڵ چەندین شار و شارۆچکەی تردا، دەردەکەوێت کە زیاتر لە ١٠ ملیۆن و نیوو مرۆڤ کەم تا زۆر زیانیان بەرکەوتووە. بەبەراورد بەڕێژەی دانیشتوانی هەرێمەکانی بومەلەرەزەکە و ئامارە نافەرمییەکان کە ئاماژە بە ڕووخان و خاپووربوونی تەواوەتی ٤٠ تا ٥٠ هەزار خانوو و باڵەخانە و شوقە دەکەن، پێدەچێت ژمارەی گیانلەدەستداوانی ئەو کارەساتە نزیکەی ١٠٠ هەزار کەس بێت. بۆ نمونە ئەگەر ٤٥ هەزار خانوو حساب بکەین و دابنێنین کە لە هەرخانویەکدا لانی کەم دوو کەس گیانیان لەدەستداوە ئەوا ڕێژەی گیانلەدەستداوان ٩٠ هەزار کەسە، لەکاتێکدا یەکەم بومەلەرزە کاژمێر یەک و ٢٤ خولەکی شەو بەهێزی ٧.٥ بۆ ٧.٦ ڕوویداوە و لەو کاتەدا زۆربەی خەڵک لە خەودا بوون. حکومەتی تورک بەئامانجی سیاسی هەر دوای ڕووداوەکە باری نائاسایی بۆ ماوەی سێ مانگ ڕاگەیاندن و سانسۆری خستە سەر تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەموو ڕوماڵێکی میدیایی لە شوێنی ڕووداوەکان قەدەغە کرد (جگە لە هەندێک میدیای حکومی) تەنانەت سزای گرانی لەسەر میدیا سەرپێچیکارەکان دانا. بەهۆی ئەوەی وڵات بەململانێیەکی سەختی هەڵبژاردندا تێدەپەڕێت کەلە ٢٤ی ئایاری ئەمساڵدا دەبێت هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆک کۆماری بکرێت و لەدواین هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٩ دا کاندیدانی پارتی دەسەڵاتداری ئاکەپە لە زۆربەی ناوچەکانی بومەلەزەکەی ئەمڕۆکەدا سەرکەوتنیان بەدەستهێنابوو، ئەمڕۆ دەیانهەوێت ڕاستی ئەنجامەکانی ڕووداوەکە داپۆشن. لەلایەکی ترەوە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەگەر ژمارەی قوربانیانی ڕووداوە سروشتیەکان لەسەروو ٢٠ هەزار کەسەوە بێت ئەوا دەبێت دەوڵەت تەواوی قەرەبووی ئەو قوربانیانە بگرێتە ئەستۆ، هەربۆیە حکومەتەکەی ئاکەپە و مەهەپەی ئێستای تورکیا هەوڵ دەدەن سەری ڕووداوەکە دابپۆشن و وەک بومەلەرزەکەی سالێ ١٩٩٩ی هەرێمی مەڕمەڕە کە حکومەتی ئەوکاتی تورکیا بە گیان لەدەستدانی ١٧ هەزار و ٤٨٠ کەس دۆسیەکەی داخست، ئەمڕۆش هەمان سیناریۆ دووبارە بکاتەوە. واتا ئەوەی لەم چەند ڕۆژەدا ڕوویدا جیاواز لەلایەنە سروشتیەکەی بەتێگەیشتنی قۆناغی پێش و پاش کارەساتەکە بومەلەرزەیەکی بەهێزی سیاسییە کە دەکرێت نەخشەی سیاسی و ئیداری و دەسەڵاتداری تورکیا سەرتاپا بگۆڕێت وەک ئەوەی ٢٤ ساڵ لەمەوپێش لەو وڵاتە ڕوویدا و گۆڕی. لەگەڵ چەندین هۆکاری تر کە دەکرێت لە دۆسیەیەکی دیکەدا باسی بکەین. لە دۆسیەی داهاتوودا ئەنجام و دەرئەنجامی بومەلەرزەکەی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا دەخەمەڕوو.
(درەو): بومەلەرزە یەكێكە لە وێرانكەرترین كارەساتە سروشتییەكان كە دەكرێت لە هەركاتێكدا لە هەر ناوچەیەكی جیهان بدات. ئەمە لە دەردانی وزەی هەڵگیراوی ناو توێكڵی زەوییەوە دروست دەبێتو دەبێتەهۆی دروستبوونی شەپۆلی بومەلەرزەو دەكرێت وێرانكاریو زیانی گیانی گەورەی لێبكەوێتەوە. مرۆڤ هەزاران ساڵە ئاگاداری لەبارەی بومەلەرزەوە هەبووەو بەڵگەی شوێنەواری بومەلەرزە لە شارستانیە كۆنەكانی وەكو بابلییەكانو میسرییەكانو یۆنانییەكانو رۆمانییەكاندا دۆزراوەتەوە. بۆ نموونە، یەكەمین بومەلەرزەی تۆماركراو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لە ساڵی (1831)ی پێش زایندا لە شاری (ئۆروك)ی وڵاتی كۆنی نێوان دوو رووبارەكە (واتە میزۆپۆتامیا- عێراقی ئێستا) رویداوە، یۆنانییەكان تێگەیشتنێكی دەوڵەمەندیان لەبارەی بومەلەرزەوە هەبووەو خوداوەندی بومەلەرزەیان هەبووە كە ناوی "پۆسیدۆن" بووەو باوەڕیان وابووە ئەو خوداوەندە هۆكاری روودانی بومەلەرزەیەو كاتێك سێ چنگاڵەكەی بەزەویدا دەكێشێت، بومەلەرزە دروست دەبێت. پۆسیدۆن.. خوداوهندی بومهلهرزه لای بۆنانییه كۆنهكان هەندێك لە بەهێزترین بومەلەرزەكانی مێژوو بونەتە هۆی وێرانبوونی گەورەو زیانی گیانیی، ئەمەش كاریگەریی بەردەوامی لەسەر كۆمەڵگە زیانلێكەوتووەكان بەجێهێشتووە. ئەمانە وێرانكەرترین بومەلەرزەكانن لە مێژوودا: بومەلەرزەی (كریت) لە ساڵی 356 ئەم بومەلەرزە لە دورگەی (كریت) لە دەریای ناوەڕاست (سەربە یۆنانی ئێستا) روویداوە، گوڕەكەی بەنزیكەی (8.0) پلە مەزەندە دەكرێت، بوتە هۆی دروستبوونی تسۆنامییەكی گەورەو دورگەكەی وێران كردووەو زۆربەی ژێرخانی دورگەكەی لەناوبردووەو هەزاران كەسی كوشتووە. بومەلەرزەی (ئەنتاكیا) لە ساڵی 526 ئەم بومەلەرزەیە لە شاری ئەنتاكیای توركیای هاوچەرخی داوە، توندترین بومەلەرزەكانی مێژووی دێرینە، بەپێی خەمڵاندنەكان گوڕەكەی گەیشتوەتە نزیكەی (7.0) پلەو پێدەچێت بووبێتە هۆی كوژرانی زیاتر لە (250 هەزار) كەس. بومەلەرزەی دامغان لە ساڵی 856 ئەم بومەلەرزە لە شاری (دامغان)ی ئێرانی هاوچەرخدا روویداوە، بەگوێرەی خەمڵاندنەكان، گوڕی ئەم بومەلەرزە گەیشتوەتە نزیكەی (8.0) پلەو پێشبینی دەكرێت زیاتر لە (200 هەزار) كەسی كوشتبێتو زیانی گەورەی بە شارەكە گەیاندبێت، زۆرێك لە خانووەكانی وێران كردبێتو بەدوایدا ئاگركەوتوەتەوەو بەمەش ژمارەی قوربانییەكان زیادی كردووە. بومەلەرزەی (ئیریان جایا) لە ساڵی 793 ئەم بومەلەرزە لە دورگەی (ئیریان جایا) رویداوە، كە ئێستا بەشێكە لە ئیندۆنیزیا، مەزەندە دەكرێت گوڕەكەی نزیكەی (8.0) پلە بووبێت، بووەتە هۆی دروسبوونی تسۆنامییەكی گەورەو كەناراوەكانی راماڵیوە، پێشبینی دەكرێت هەزاران كەسی كوشتبێت. بومەلەرزەی (دۆڵی ئوردن) لە ساڵی 1033 ئەم بومەلەرزە روبەڕێكی بەرفراوانی وڵاتی شامی وێران كرد، مەزەندە دەكرێت گوڕەكەی لەنێوان (6.7)و (7.1) پلە بووبێت، بوەتە هۆی مردنی لانی كەم (70 هەزار) كەسو شارەكانی (نابلس، ئەریحا، خەلیل، تەبریا، عەسقەلانو عەكا)ی وێران كردووە. بومەلەرزەی حەلەب لە ساڵی 1138 ئەم بومەلەرزە لە شاری حەلەب لە سوریای هاوچەرخدا روویداوە، مەزەندە دەكرێت گوڕەكەی نزیكەی (7.5) پلە بوبێت بە پێوەری رێختەر. زیانێكی زۆری لێكەوتووتەوەو پێشبینی دەكرێت زیاتر لە (230 هەزار) كەسی كوشتبێت، بەیەكێك لە كوشندەترین بومەلەرزەكانی مێژوو دادەنرێت. بومەلەرزەی هۆنشۆ لە ساڵی 1185 ئەم بومەلەرزە لە ناوچەی (هۆنشۆ)ی ژاپۆن رویداوە، یەكێكە لە كوشندەترین بومەلەرزەكان لە مێژووی ژاپۆندا. مەزەندە دەكرێت گوڕەكەی نزیكەی (8.0) پەلە بووبێت، پێشبینی دەكرێت زیاتر لە (30 هەزار) كەسی كوشتبێت، بومەلەرزەكە زیانێكی زۆری بە ناوچەكە گەیاندووەو زۆرێك لە خانوەكانی رووخاندووەو بەدوای خۆیدا تسۆنامی دروستكردووەو ئەمەش ژمارەی قوربانییەكانی زیاتر كردووە. بومەلەرزەی شانشی لە ساڵی 1556 ئەم بومەلەرزە كە لە ناوچەی (شانشی)ی چین لە 23ی كانونی دووەمی 1556دا روویداوە، بە یەكێك لە بومەلەرزە كوشندەكانی تری مێژوو ئەژمار دەكرێت. مەزەندە دەكرێت گوڕەكەی نزیكەی (8.0) پەلە بووبێت، پێشبینی دەكرێت بووبێتە هۆی مردنی زیاتر لە (830 هەزار) كەس، بومەلەرزەكە هێندە بەهێز بووە بووەتە هۆی ئەوەی زەوی درز بباتو لەبەرەنجانی ئەمەشەوە دەریاچەی نوێ دەركەوتووە، هەروەك زیانی زۆری بە خانوو و ژێرخانی ناوچەكە گەیاندووەو داڕمانی زەویو بەربوونەوەی بەردو ئاگركەوتنەوەی بەدوای خۆیدا هێناوەو ئەمەش ژمارەی قوربانییەكانی زیاتر كردووە. بومەلەرزەی قاهیرە لە ساڵی 1754 ئەم بومەلەرزە لە شاری قاهیرەی پایتەختی میسر لە ساڵی 1754دا روویداوە. مەزەندە دەكرێت گوڕەكەی گەیشتبێتە (6.6) پلەو بووەتە هۆی مردنی (40 هەزار) كەسو ژمارەیەكی زۆر لە خانووەكانی شارەكەی وێران كردووە. بومەلەرزەی لشبۆنە لە ساڵی 1755 ئەم بومەلەرزە لە شاری لشبۆنەی پایتەختی پرتوگال رویداوە كە بە بومەلەرزە گەورەكەی لشبۆنە ناسراوەو لە 1ی تشرینی دووەمی 1755دا روویداوە. ئەمە كوشندەترینو وێرانكەرترین بومەلەرزەیە لە مێژوودا كە لەنێوان (60 بۆ 100 هەزار) كەسی كوشتووە (سەرباری ئەوەی ژمارەكە پشتڕاست نەكراوەتەوە)، بەدوای خۆیدا تسۆنامیو ئاگركەوتنەوەی هێناوەو بووەتە هۆی ئەوەی شاری لشبۆنە نیمچە وێران ببێتو وێرانكارییەكەی گەیشتوەتە شاری دار بەیزای مەغریبی عەرەبی. وێنهیهك كه شوێنهواری بومهلهرزهكهی پرتوگال نیشان دهدات بومەلەرزەی شیلۆنگ لە ساڵی 1897 مەزەندە دەكرێت گوڕی ئەم بومەلەرزەیە كە لە هیندستانی داوە گەیشتبێتە نزیكەی (8.7) پەلە، زیانێكی زۆری ماددیو گیانی لێكەوتوەتەوە. ژمارەی دیاریكراوی قوربانییەكانی نەزانراوە، بومەلەرزەكە بووەتە هۆی زیانێكی گەورە بۆ شاری شیلۆنگو ناوچەكانی دەوروبەری، خانوو و ژێرخانی وێران كردووەو زۆرێك لە خەڵك ئاوارە بوون. بومەلەررزەی ئیتالیا لە ساڵی 1908 ئەم بومەلەرزە كە گوڕەكەی (7.1) بووەو بەدوای خۆیدا تسۆنامی لە تەنگەی (مسینا)ی ئیتالیا دروستكردووە، زیانێكی زۆری بە هەردوو شاری (مسینا)و (ریدجیو كالابریا) گەیاندووە، بوەتە هۆی مردنی (70 بۆ 80 هەزار) كەس. بومەلەرزە گەورەكەی كانتۆ لە ساڵی 1923 ئەم بومەلەرزە كە لە تۆكیۆی پایتەختی ژاپۆن رویدا، گوڕەكەی گەیشتوەتە (7.9) پلەو زیانێكی زۆری ماددیو گیانیی لێكەوتوەتەوە، مەزەندە دەكرێت زیاتر لە (140 هەزار) كەسی كوشتبێت، بۆیە بە كوشندەترین بومەلەرزە لە مێژووی ژاپۆن ئەژمار دەكرێت. بومەلەرزەی چیلی لە ساڵی 1960 ئەمە بەهێزترین بومەلەرزەیە كە لە جیهاندا تۆماركرابێت، بووە هۆی وێرانكردنی چیلی، گوڕی بومەلەرزەكە گەیشتوەتە (9.5) پەلە بەپێوەری رێختەرو بەبەرزی 10 مەتر تسۆنامی دروستكردووەو بەوهۆیەوە گوندەكانی ئەو وڵاتە بەتەواوەتی لەناوچوون، لەبارەی ژمارەی قوربانیانی بومەلەرزەكەوە قسەی جیاواز هەیە. بومەلەرزەی پیرۆ لە ساڵی 1970 ئەم بومەلەرزە بەهێزە كە لە چیای ئەندێز لە پیرۆ رویدا، بووەهۆی داڕمانی زەویو شاری یۆنگای بەتەواوەتی وێران كردو 66 هەزار كەسی كوشت. بومەلەرزەی ماناگوا لە ساڵی 1972 نزیكەی (10 هەزار) كەس لە پایتەختی نیكاراگوا، ماناگوا گیانیان لەدەستدا، بەهۆی بومەلەرزەیەكەوە كە گوڕەكەی دەگەیشتە (6.5) پلە بەپێوەری رێختەر. راپۆرتەكان ئاماژە بەو وێرانكارییە دەكەن كە بومەلەرزەكە دروستیكردووەو بەهۆیەوە بینا بەرزەكان زۆر بە ئاسانیی داڕماون. شوێنهواری بومهلهرزهكهی پرتوگال له وێنهیهكدا بومەلەرزەی تانگشان لە ساڵی 1976 بومەلەرزەی تانگشان كە لە رۆژی 18ی تەموزی 1976دا رویداوە، یەكێك لە كوشندەترین بومەلەرزەكانی چاخی بیستەمە، گوڕەكەی گەیشتوەتە (7.8) پەلە، ناوەندەكەی شاری تانگشان بووە لە هەرێمی خبی شین. بومەلەرزەكە زیانێكی زۆری لێكەوتوەتەوەو مەزەندە دەكرێت زیاتر لە (240 هەزار) كەسی كوشتبێت، ژمارەیەكی زۆری خانوو و بیناكانی شاری تانگشانی بەتەواوەتی وێران كردووە، شارێكی وێرانەی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە، هەروەك بومەلەرزەكە بووەتە هۆی ئاگركەوتنەوەو ئەمەش ژمارەی قوربانییەكانی زیاتر كردووە. بومەلەرزەی مەكسیكۆ سیتی لە ساڵی 1985 شاری مەكسیكۆی پایتەختی مەكسیك روبەڕووی بومەلەرزەیەكی بەهێز بووەوە، بووەهۆی داڕمانی بیناكانیو 10 هەزار كەس گیانیان لەدەستدا. بومەلەرزەی نۆرسریدج لە ساڵی 1994 ئەم بومەلەرزەیە كە لە ناوچەی لۆس ئەنجلوس لە كالیفۆرنیا لە 17ی كانونی دووەمی 1994دا روویدا، گوڕەكەی گەیشتە (6.7) پلەو بووە هۆی زیانێكی گەورە لە ناوچەكەدا. مەزەندە دەكرێت بومەلەرزەكە زیاتر لە (60 هەزار) كەسی كوشتبێتو ملیاران دۆلار زیانی ماددی لێكەوتبێتەوە. وێنهری ئاسهواری بومهلهرزهكهی سهدهی نۆزدهههم له ئیتالیا بومەلەرزەی گەیلان لە ساڵی 1990 ئەم بومەلەرزە كە لە پارێزگای گەیلان لە باكوری ئێران رویدا، بووە هۆی مردنی نزیكەی (40 هەزار) كەس. بومەلەرزەی گوجرات لە ساڵی 2001 ئەم بومەلەرزە كە گوڕەكەی دەگەیشتە (7.9) پلە، زۆربەی ویلایەتی گوجرات-ی لە باكوری خۆرئاوای هندستان وێران كرد، بووەهۆی مردنی نزیكەی (20 هەزار) كەسو ئاوارەبوونی زیاتر لە (ملیۆنێك) كەس. (بوج)و (ئەحمەد ئاوا) لەو شارانە بوون كە زۆرترین زیانیان بەركەوت. بومەلەرزەی سۆمەترە لە ساڵی 2004 گوڕی ئەم بومەلەرزە كە لە 26ی كانونی یەكەمدا رویدا گەیشتە (9.1) پلە. لە كەناراوەكانی دورگەی سۆمەترەی ئیندۆنیزیا روویدا. بووەهۆی دروستبوونی شەپۆلی گەورەو بەهێزو كەناراوەكانی هیندستانی راماڵی، كەناراوی زۆرێك لە وڵاتانی گرتەوە، لەوانە ئیندۆنیزیاو سریلانكاو هیندستانو تایلەند. بەپێی خەمڵاندنەكان بومەلەرزەی تسۆنامی بووەتە هۆی مردنی زیاتر لە (230 هەزار) كەس، كارەساتەكە كاریگەری قوڵی لەسەر ناوچەكە بەجێهێشتو بووە هۆی وێرانەییو زیانێكی زۆر. شوێنهواری بومهلهرزهكهی سهدهی نۆزدهههم له توركیا بومەلەرزەی كشمیر لە ساڵی 2005 بومەلەرزەی كشمیر كە لە 8ی ئۆكتۆبەری 2005دا روویدا، گوڕەكەی (7.6) بوو، ناوچەی كشمیری لە پاكستان لەرزاند. بووە هۆی زیانو وێرانەییەكی زۆر، بەتایبەتیش لە بەشی باكوری ئەو وڵاتەدا، زیاتر لە (80 هەزار) كەسی كوشت. زیانی زۆری بە ژێرخانی ناوچەكە گەیاند لەوانە رێگاوبانو پردو خانووەكان، ئەمە وایكرد بەربەست بۆ هەوڵە فریاگوزارییەكانو گەیشتن بە خەڵكە لێقەوماوەكە ئاستەنگی بۆ دروست ببێت. بومەلەرزەی سیشوان لە ساڵی 2008 ئەم بومەلەرزە كە لە 12ی ئایاری 2008دا روویدا، گوڕەكەی (7.9) پەلە بوو، لە كەرتی سیشوان-ی چین روویدا، زیانو وێرانكاری گەورەی لێكەوتەوە، بەتایبەتیش لە شاری (چنگدۆ)و ناوچەكانی دەوروبەری، مەزەندە دەكرێت بەهۆی بومەلەرزەكەوە نزیكەی (90 هەزار) كەس مردبنو زیاتر لە (60 هەزار) كەسی تر بریندار بووبن، ژمارەیەكی زیاتری خەڵكیش ئاوارە بوون. بومەلەرزەكە بووە هۆی داڕمانی گەورەی زەویو ئەمەش زیانەكانی زیاتر كرد. قەبارەی كارەساتەكە هێندە گەورە بوو كە پێویستی بە هەوڵی فریاگوزاری گەورە هەبوو لەلایەن حكومەتی چینو وڵاتانی ترو رێكخراوە نێوەدەڵەتییەكان. شوێنهواری بومهلهرزهكهی 1906یسان فرانسیسكۆ بومەلەرزەی هایتی لە ساڵی 2010 ئەم بومەلەرزە كە لە 12ی كانونی دووەمی 2020 لە هایتی روویدا، گوڕەكەی (7.0) پلە بوون بووە هۆی زیانێكی زۆر لە شاری پۆرت ئو پرینس-ی پایتەخت. بەپێی خەمڵاندنەكان ئەم بومەلەرزە بووەتە هۆی مردنی زیاتر لە (200 هەزار) كەسو ئاوارەبوونی زیاتر لە (ملیۆنێكو 500 هەزار) كەس، زیانێكی زۆری بە ژێرخانی ئەو وڵاتە گەیاند لەوانە رێگاوبانو پردو بیناكان، ئەمە وایكرد هەوڵە فریاگوزراییەكان ئاستەنگیان بۆ دروست ببێت. ئەم بومەلەرزە بە كوشندەترینو وێرانكەرترین بومەلەرزە لە مێژووی هاوچەرخدا ئەژمار دەكرێت، هەروەك لێكەوتی قوڵی لەسەر گەلی هایتی بەجێهێشتووە. سەرچاوە: BBC
درەو: وەزارەتی نەوتی عێراق سەرقاڵی تەواوكردنی ڕێوشوێنەكانی ئەنجامدانی گرێبەستی كۆتاییە لەگرێبەستەكانی گەڕی ڕێپێدانی پێنجەم, دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران لەدانیشتنی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوودا پەسەندیكرد, تێكڕای بەرهەمی چاوەڕوانكراو لەگرێبەستەكانی (6) كێڵگەی سنوریی لەهەردوو پارێزگای دیالەو بەسرە دەگاتە (1) ملیار مەتر سێجا غازی هاوەڵی ڕۆژانە, لەگەڵ بڕی (175)هەزار بەرمیل نەوت. عێراق بەنیازە پرۆگرامی دۆزینەوەی نەوت و غاز فراوانبكات, ئەوەش لەچوارچێوەی پلانەكانیدایە بۆ بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنان بۆ (8) ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و, دابینكردنی پێداویستییەكانی ناوخۆ لەغاز تا ساڵی 2027. وەزارەتی نەوتی عێراق بەینازی بەرهەمهێنانی (175) هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەو, یەك ملیار مەتر سێجا غازە, لە (6) كێڵگەی سنوری لەهەردوو پارێزگای دیالەو بەسرە. حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت كۆمپانیا نیشتمانییەكانی ڕاسپاردووە پەلەبكەن لە ڕێوشوێنەكانی ئەنجامدانی گرێبەستی كۆتایی, لەگرێبەستەكانی گەڕی ڕێپێدانی پێنجەم. وەزارەتی نەوت بەنیازە پرۆگرامی دۆزینەوەی نەوت و غاز فراوان بكات و, درێژەبدات بەپێشخستنی كێڵگەكان لەچوارچێوەی پلانەكانی بۆ بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنان بۆ (8) ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەو, دابینكردنی پێداویستییەكانی ناوخۆ لەغاز تا ساڵی 2027دا. پێشخستنی چوارگۆشە سنورییەكان وەزیری نەوتی عێراق لەبەیاننامەیەكدا, پێداگری لەبایەخی بەردەوامبون لەڕێوشوێنەكانی واژوكردنی كۆتایی گرێبەستەكانی گەڕی ڕێپێدانی پێنجەمی تایبەت بە چوارگۆشە دۆزراوەكان و كێڵگە سنورییەكان كردووە, لەگەڵ پەلەكردن لەچالاككردنی گرێبەستەكان لەپێناو ئەوەی كۆمپانیا براوەكان دەستبكەن بەكارەكانی پێشخستنی چوارگۆشە سنورییەكان. داواكەی وەزیری نەوت دوای ئەوە دێت, ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی پیشاندا لەسەر ڕاسپاردەی ئەنجومەنی وەزارەی وزە, لەدانیشتنی ڕۆژی 7ی شوباتی ڕابردوو, كە دەقەكەی دەڵێت" بەردەوامبون لەسەر واژوكردنی گرێبەستەكانی گەڕی ڕێپێدانی تایبەت بە ناوچەو كێڵگە سنورییەكان". وەزیری نەوت ئاماژەی بەوەشكردووە, فەرمانگەی گرێبەست و ڕێپێدانی نەوتیی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی لەوەزارەت ڕاسپاردووە, بە پەلەكردن لەتەواوكردنی ڕێوشوێنە داواكراوەكان, بەهەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیا براوەكان بەگەڕی ڕێپێدانی پێنجەم. وردەكاری پرۆژەكان بەوتەی وەزیری نەوت, دواكەوتنی واژوكردنی پرۆژەكە بەهۆی دۆخێكەوە بووە لەدەرەوەی توانای وەزارەتی نەوتدا بووە, كە لەساڵی 2017و كۆتاییەكانی نیسانی ساڵی دا2018 ئەنجامدانی گەڕەكە ڕاگەیەندراوەو لەڕێیەوە (6) چوارگۆشەی دۆزراوە, ڕەوانەی پێشخستن كران لەلایەن كۆمپانیا براوەكان بەگەڕەكە. چوارگۆشەكان ئەمانەن: - دۆزینەوەی ناوچەی نەفت خانەو پێشختنی و بەرهەمهێنانی لەپارێزگای دیالە, كە كۆمپانیای جیو جیدی چینی بەدەستیهێنا. - پێشحستنی كێڵگەی ئەلحەویزە نەوتی و بەرهەمهێنانی لەپاێزگای بەسەرە, كە كۆمپانیای جیوجیدی چینی بەدەستیهێنا. - پێشخستنی كێڵكەی سندیبادی نەوتی و بەرهەمهێنانی لەپارێزگای بەسرە, ڕەوانەی كۆمپاینای یو ئەی جی چینی كرا. - پێشخستنی كێڵگەكانی كەلابات-قمر و بەرهەمهێنانی لەپارێزگای دیالە, ڕەوانەی كۆمپانیای هیلالی ئیماراتی كرا. - پێشخستنی كێڵگەكانی خەشم ئەحمەر-انجانەو بەرهەمهێنانی لەپارێزگای دیالە, ڕەوانەی كۆمپانیای هیلالی ئیماراتی كرا. - دۆزینەوەی ناوچەی خزری ئاو و پێشخستن و بەرهەمهێنانی لەپارێزگای بەسرە, كۆمپانیای نەوتی هیلالی ئیماراتی گرێبەستەكەی بردەوە. بەرهەمی نەوت و عازی عێراق عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند: گرێبەستەكان بەپیتی یەكەم لەگەڵ كۆمپانیا براوەكان ئیمزاكراوەو, دواتر ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە لەهەفتەی دووەمی مانگی حوزەیرانی ساڵی 2018دا بۆ پەسەندكردنی. ئاماژەی بەوەشداوە: ئەنجومەنی وەزاری وزە لەساڵی 2020دا بڕیارێكی دەركرد تیادا ڕاسپاردەی ئەوەی كردبوو گەڕی ڕێپێدانی پێنجەم بۆ حكومەت بخرێتەڕوو, دوای تەواوكردنی تێبینییەكانی چاودێری دارایی, ئەنجومەنی وەزیران ڕازیبوو لەسەر گرێبەستی گەڕی كێڵگەكان و ناوچە سنورییەكان. وتوشیەتی: تێكڕای بەرهەمی چاوەڕوانكراو لەگرێبەستەكانی گەڕەكە دەگاتە یەك ملیار مەتر سێجا غازی هاوەڵی ڕۆژانە, لەگەڵ بڕی (175)هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە, بەرهەمهێنانی غازەكەی بەشداردەبێت لەپێدانی وزە بە وێستگەكانی كارەباو, بەڕێژەی 25% پێداویستییەكانی وەزارەتی كارەبا بەغاز دابین دەكات. وتەبێژی وەزاتی نەوت ڕونیشكردووەتەوە: گەڕی ڕێپێدانی پێنجەم ڕوبەڕوی چەندین كاردانەوە بووەوە كە لەسەر هەندێك لایەنی سیاسی و دەزگای ڕاگەیاندن هەژمار دەكران, ئەوەش وایكرد جێبەجێكردنی گەڕەكە بۆ ماوەی (4) ساڵ دوابكەوێت و, زیانی گەورەشی بەپیشەسازی نەوتیی و ئابوری نیشتمانی گەیاند. جەختیشیكردووە, دوای هەوڵێكی بەردەوامی وەزارەتی نەوت لەخستنەڕووی وردەكارییەكانی گەڕی ڕێپێدانی پێنجەم و ئامانجەكانی, لەبەردەم لایەنی دادوەری و دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاكی, دروستی ڕێوشوێنەكانی پەسەندكرا. سەرچاوە: پێگەی الطاقة
درەو: چاوپێكەوتنی ڕۆژنامەوانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ ڕۆژنامەی (الشرق الاوسط): 🔹سودانی: دەستمانكرد بەدانانی نەخشەڕێگایەك بۆ چارسەری كێشەكانی نێوان بەغداو هەولێر, بەڵام دووچاری بەركەوتنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بوین, ڕومانكردووەتە ڕێوشوێنێكی تر لەچوارچێوەی یاساو دەسەڵاتەكانمان. 🔹"لەگەڵ هەرێم گەیشتوینەتە ڕێككەوتن لەبارەی شێوازی ئیدارەی نەوت و دابینكردنی تەرخانكراوە داراییەكان لەپرۆژە یاسای بودجەدا, دوای پەسەندكردنی بودجە, یاسای نەوت و غاز پەسەند دەكەین". 🔹"یاسای نەوت و غاز یەكێكە لەگرنگترین شایستەكان لەساتەوەختی نوسینی دەستورەوە, چونكە نەوت و غاز تەنها هەرێم چاوەڕوانی ناكات, بەڵكو تەواوی پارێزگا بەرهەمهێنەكانی نەوت چاوەڕێی دەكەن, دەیانەوێت بزانن دەسەڵاتەكان چین و چییان بۆ دەگەڕێتەوە". 🔹"یاسای نەوت و غاز داواكارییەكی عێراقییە, بەڵام بەهۆی كێشەی نەوت پرسەكە وادەردەكەوێت كە تەنها كێشەی هەرێم چارەسەر دەكات لەگەڵ ناوەند, ئێمە بەرەو جێبەجێكردنی ئەو سیناریۆیە هەنگاودەنێین". 🔹"بڕوامان وایە بەرپرسیارێتی نیشتمانی هەموو هاوڵاتیان لە ڕوبەڕی جوگرافی عێراق دەگرێتەوە, جا هاوڵاتی هەرێمبێت لەهەولێرو سلێمانی یان لەئەنبار یاخود لەنەخەف, ئەوە دۆخی یاسایی و ئەخلاقییە, ئێمە پەرۆشین بۆ چاودێریكردنی هەموو گەل بەوشێوازەی بنەمای دادپەروەری و یەكسانی دەپارێزێت, ئەو گرێبەستە كۆمەڵایەتییەی كۆماندەكاتەوە دەستورە". 🔹"بەقاچاغبردنی دراو لەتەواوی وڵاتانی جیهان ڕودەدات, عێراقیش دۆخی هاوشێوەی ئەو وڵاتانەیە, كۆمەڵێك وڵاتی ناوچەكە دراوە فەرمییەكەی ڕوبەڕوی داڕمان بووەتەوەو, بەدڵنیایی پێویستیان بەدۆلارە, بانك و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو لەعێراق تێوەگلاون لەوكارەو قازانجێكی زۆریان دەستدەكەوێت". 🔹"بانكەكان دۆلار حەواڵە دەكەن بۆ دەرەوە لەژێر ناونشیانی هاوردەكردن, ڕێی تێناچێت وڵاتێك هەبێت لەڕۆژێكدا بەبەهای 300 ملیۆن دۆلار هاوردەبكات, مەگەر هەوا هاوردەبكات و بەهاوڵاتیانی بفرۆشێتەوە". 🔹"ئەو ڕێگایە بۆ هەموان ئاشكرابوو, بۆ وەزارەتی گەنجینەو بانكی فیدراڵی و غەیری ئەوانیش, كەس جورئەتی ئەوەی نەبووە ڕوبەڕوی ئەو پرۆسەیە ببێتەوە, تا ئەوكاتەی وەزارەتی گەنجینە هات و ڕێوشوێنەكانی توندكرد بۆ ڕێگەگرتن لە بەقاچاغبردن و سپیكردنەوەی پارەو, كۆمەڵێك بڕیاری تری ئەمریكا بەرامبەر هەندێ وڵات". 🔹"كاتێك پەرلەمانتار بووم بەداواچونم بۆ دزی ئەماناتی باجەكان دەكرد, دوای ئەوەی بۆ سەرۆكایەتی وەزیران كاندیدكرام, ماوەی كاندیدییەكەم درێژەی كێشا بەهۆی دۆخی جەنججاڵی سیاسی, تەمەننام دەكرد ئەوە یەكەم دۆسییەبێت كە دەست بەئەنجامدانی ڕێوشوێنەكانی بكەم, بەڵام مانگێگ پێش ئەوەی دەستەبەكاربم دۆسییەكە كرایەوە, زۆرینەی تۆمەتبارە سەرەكییەكان هەڵهاتن, ئەوانەی بەشدارییان كرد لەبردنە دەرەوەی پارەكان بۆ دەرەوەی وڵات". 🔹"ڕەوتی سەدر ڕەوتێكی سیاسی فراوانەو ڕابەڕێكی ناسراوی هەیە, ڕۆلێكی چالاكی هەیە لەپرۆسەی سیاسی, جا لەپەرلەمان بوونی هەبێت یان لەدەرەوەی پەرلەمان و حكومەت بێت, ڕێز لەبڕیاری كشانەوەی دەگرین لەپەرلەمان, بەلامانەوە گرنگە بوونی هەبێت لەپرۆسی سیاسی و, ڕۆڵی هەبێت لەڕەخنەو ئاماژەدان بەهەر حاڵەتێكی نەرێنی لەچوارچێوەی یاساو دەستوردا". 🔹"هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت كە ئەم حكومەتەی پێكهێناوەو (280) پەرلەمانتار لەخۆ دەگرێت لەپێكهاتە جیاوازەكان, بەرپرسە لەم قۆناغە بەهەموو باشی و خراپییەكانیەوە, دۆخەكە شكست هەڵناگرێت و هیچ پاساوێكیان نییە بەلایەنەكانی تری بلێن, جا ڕەوتی سەدربێت یان گەنجەكان, یان زۆرینەی گەلی عێراق كە زیاتر 60% یان بەشداری هەڵبژاردنیان نەكردووە". 🔹"نامانەوێت پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تەنها لەلایەنی ئەمنیدا كورتبكرێتەوە, سەرەڕای گرنگییەكەی, دەمانەوێت ڕێككەوتنی "چوارچێوەی ستراتیجی" چالاكبكرێت, ئەوە سەرۆك بایدنیش باسیكرد, دەمانەوێت پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ ئەمریكا بگوازرێتەوە بۆ بوارەكانی ئابوری و ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتی و فێركاری, ئەمە ڕێككەوتنێكی ڕوونەو پەرلەمانی عێراق پەسەندی كردووە". 🔹"ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هاوبەشێكی ستراتیجی عێراقەو, دەكرێت سود لەهاوبەشییەكەی و شارەزاییەكەی وەربگرین لەپێشخستنی دۆخی ئابوری عێراق و تەواوی بوارەكانی تر". 🔹"نامانەویێت عێراق ببێتە گۆڕەپانێك بۆ پاكتاوكردنی ململانێكان و لایەنگری لایەنێكیش نین دژی لایەنێكی تر, بەقەد ئەوەی دەمانەوێت پەیوەندییەكانمان بەهێز بكەین لەسەر بنەمای بەرژوەندی هاوبەش و دەستوەرنەدان لەكاروباری ناوخۆ". 🔹"ئیدارەدانی دەزگا ئەمنییەكان لەحكومەتی سودانیدا تەنها لەڕێی ئەو كەسانەوە دەبێت كە خۆیان كوڕی دامەزراوە ئەمنییەكان, نوقتە سەری دێڕ, دامەزراوەی دارایش تەنها لەڕێی كەسانی پیشەیی لە كارمەندانی ئەو دامەزراوەیە بەڕێوەدەبرێن, دەمەوێت ئەوەش بلێم كە هیچكام لەهێزە سیاسییەكان داوای پێگەی ئەمنیی نەكردووە". 🔹"ئەمڕۆ بڕیارێكم دەركرد بۆ پێكهێنانی لیژنەیەك بەسەرۆكایەتی خۆم بۆ جێبەجێكردنی چاكسازی ئەمنیی لەدامەزراوە ئەمنییەكان, یەكێك لە گرنگترین كارە لەپێشینەكانمان كۆنتڕۆڵكردنی چەكە لەچوارچێوەی دامەزراوە ئەمنییەكان, ئەمە بەڕێككەوتنە لەگەڵ هێزە سیاسییەكان و نابێت هیچ چەكێك لەدەرەوەی دامەزراوەكان هەبێت". 🔹"لایەن هەیە پێیوایە هێزی بیانی بوونی هەیە, ڕای وایە كە نابێت ڕێگەبدرێت هیچ بوونێكی بیانی لەدەرەوەی یاساو دەستور هەبێت, ئەم بۆچونەش زۆرێك لەخەڵكی عێراق پشتیوانی دەكەن, ئەگەر ئەو بوونەنمان لەچوارچێوەی دەستورو یاسادا ڕێكخست, ئیتر ئەوانە هیچ پاساوێكیان بۆ نامێنێتەوە". 🔹"پێكهێنانی حكومەت 100% بڕیارێكی عێراقی بوو, نە باڵیۆزی ئەمریكاو نە ئێران دەستوەردانیان نەكرد, ملكەچی هیچ كاریگەری و دەستوەردانێكی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ نەبووم". 🔹"هیچ وەزیرێكم بەسەردا نەسەپێنراوەو بەپرسیارێتی دەستنیشانكردنی تەواوی كابینەی حكومەتەكەم لەئەستۆ دەگرم, هەندێ لەكوتلە سیاسییەكان تەنانەت 6 كاندیدیان پێشكەشكردوم, چەندین كاندیدم ڕەتكردووەتەوە تا گەیشتومە دەستنیشانكردنی ئەو كاندیدەی خۆم بڕوای پێیبووە". 🔹"وەزیرەكانمان سەردانی سعودییەیان كردووە, كۆبونەوەكان بەردەوامن بۆ ئامادەكاری بۆ دانیشتنی ئەنجومەنی هەماهەنگی عێراقی-سعودی, لەئەنجومەنی هەماهەنگی خشتەی ئەرك و پرۆژەكان بۆ ماوەی سێ ساڵ دەخەینەڕوو, لەگەڵ دیاریكردنی كاتەكانیان, لەگەڵ شازادەی جێنیشن لەڕیاز لەسەر ئەمە ڕێككەوتوین. 🔹"لەماوەی هەفتەیەك یان زیاتر كۆبونەوەی وەفدی ئێران و سعودییە لەبەغداد دەستپێدەكاتەوە, ئێمە دەمانەوێت ئەم پەیوەندییانە بەردەوامبێت, چونكە تا بۆچونە جیاوازەكان لەناوچەكە لەیەكتر نزیك ببنەوە, ڕەنگدانەوەی لەسەر سەقامگیری دەبێت". 🔹"ئەو دەستدرێژییانەی لەسنورەكانی عێراق- ئێران ڕویاندا, هەروەها عێراق-توركیاش, یەكێك بوو لەو كێشانەی ڕوبەڕوی حكومەت بووەوە لەم ماوەیەدا, گفتوگۆمان لەگەڵ ئێران ئەنجامداوە, كۆنوسێكی هاوبەش لەنێوان لیژنەی ئەمنیی هاوبەش ئیمزاكراوە كە هەرێم و دەزگا فیدراڵییەكان لەگەڵ لایەنی ئێرانی ئەنجامیانداوە, بۆ ئەوەی (3) ئەرك جێبەجێبكەین". یەكەمیان: كۆنتڕۆڵكردنی سنور لەلایەن هێزە فەرمییەكانی حكومەتی فیدراڵ. دووەمیان: ڕادەستكردنی داواكراوان بەپێی فەرمانە یاساییەكان. سێیەم: ڕێگەنەدان بەهیچ لایەنێك بەدانانی سەربازگەو هەڵگرتنی چەك. 🔹"لەگەڵ هەرێم سەرقاڵی ڕێككەوتنین لەوبارەیەوەو, وەفدێكی ئێران بەنیازن سەردانی عێراق بكەن بۆ ئیمزاكردنی ئەو ڕێككەوتنە لەبەغداد".
راپۆرت: درەو دوای 18 ساڵ ناكۆكیو پێشتگوێخستن، جارێكی تر حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی ناوەند دەچێتە ناو گفتوگۆوە لەبارەی دەركردنی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ، یاسایەك كە لەم قۆناغەدا حكومەتی هەرێم پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی كەڤەری یاسایی پرۆسەی نەوتەكەی بكاتو خۆی لە بڕیارەكانی شوباتی ساڵی رابردووی دادگای فیدراڵی دەرباز بكات، حكومەت سەرقاڵی گفتوگۆیەو پارتیو یەكێتی لەسەر رەشنوسەكە ناكۆكن. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. حكومەتی هەرێم تاوتوێی یاسای نەوتو غاز دەكات ؟ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دوێنێ رایگەیاند" رەشنوسێكی یاسای نەوتو غاز هەیە كە لەئێستادا بەغدادو هەولێر پێداچونەوەی بۆ دەكەن بۆ ئامادەكردنیو دواتریش پەسەندكردنی". دیار نییە ئایا ئەمە رەشنوسێكی نوێیە یاخود هەمان رەشنوسی ساڵی 2007و 2011ی یاسای نەوتو غازی فیدراڵە، دوو رەشنوس كە بەهۆی ناكۆكی هەرێمو بەغدادەوە لە پەرلەمانی عێراق پەسەند نەكران. بەڵێنەكەی سودانی بۆ كورد ! ئەمڕۆ حكومەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق (100) رۆژی یەكەمی تەمەنی خۆی تەواو كرد، ئەم حكومەتە یەكێك لە دیارترین بەڵێنەكانی بۆ كورد ئەوەیە، بەشێوەیەكی ریشەیی چارەسەری كێشەی نەوتو بودجە بكات لەنێوان هەولێرو بەغدادا. لە بەرنامەی كاری حكومەتەكەیدا، شیاع سودانی بەڵێنی ئەوەی داوە لەماوەی شەش مانگی یەكەمی تەمەنی خۆیدا یاسای نەوتو غازی فیدراڵ دەربكات، یاسایەك كە بە تاكە رێگای چارەسەری ناكۆكییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵ دادەنرێت لەبارەی پرسی هەناردەو فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە. ناوەڕاستی شوباتی ساڵی رابردوو، دادگای فیدڕاڵی دوای 10 ساڵ چاوەڕوانی، حوكمی خۆی لەبارەی سكاڵایەكی وەزارەتی نەوتی عێراق دژی هەرێمی كوردستان یەكلاكردەوە، بەپێی ئەم حوكمە یاسای نەوتو غازی هەرێمی هەڵوەشاندەوەو كوردستانی پابەندكرد بەوەی نەوتو غازەكەی رادەستی بكات، حوكمێك كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە "سیاسی" ناوی دەباتو ئامادە نییە دانی پێدا بنێت. سودانی بەر لە دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆك وەزیران كوردی لەوە ئاگاداركردەوە ناتوانێت تاسەر جێبەجێكردنی حوكمی دادگای باڵای فیدراڵی دژی هەرێم رابگرێت، بۆیە تاكە چارەسەر ئەوەیە یاسای نەوتو غازی فیدراڵ دەربچێتو لەو یاسایەدا دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندو حكومەتی هەرێم بەسەر سامانە سروشتییەكاندا یەكلابكرێتەوە. بۆچی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ دەرنەچوو؟ دوای دوو دەیە لە كەوتنی رژێمی سەددام حسێنو چەندینجار نێوەندنگیری ئەمریكییەكانو نەتەوە یەكگرتووەكان، حكومەتی هەرێمو حكومەتی ناوەند لەسەر پرسی نەوت ناكۆكن. ساڵی 2005 دەستوری هەمیشەیی عێراق لە راپرسییەكی گشتیدا پەسەندكرا، ماددەی (112)ی ئەم دەستورە دەڵێ" حكومەتی فیدراڵی هەڵدەسێت بە ئیدارەدانی نەوتو غازی دەرهێنراو لە كێڵگەكانی ئێستا لەگەڵ حكومەتی هەرێمو پارێزگا بەرهەمهێنەرەكان... ئەمە بەیاسا رێكدەخرێت". لەدوای پەسەندكردنی ئەم دەستورە دەبوو لە پەرلەمانی عێراقەوە یاسای نەوتو غازی فیدراڵ دەربچێتو لەوێدا بەوردی دەسەڵاتی هەرێمو ناوەند بەسەر سامانی نەوتو غازدا دیاری بكرێت، بەڵام لەوكاتەوە تائێستا بەهۆی ناكۆكی لایەنە سیاسییەكانەوە یاساكە دەرنەچووە. لەماوەی 18 ساڵی رابردوودا (دوو) رەشنوسی یاسای نەوتو غازی فیدراڵی ئامادە كراوە بەبێ ئەوەی هیچ یەكێكیان لە پەرلەمان پەسەندبكرێت: • یەكەم رەشنوسی پرۆژە یاسای نەوتو غاز لە رۆژی 15/2/2007دا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێشكەشی پەرلەمان كرا، بەهۆی نەبوونی كۆدەنگی لەسەر رەشنوسەكە، بە هەڵپەسێردراوی مایەوە، ئەم رەشنوسە بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی كێڵگە نەوتییەكانی وڵاتی داوەتە دەست كۆمپانیای نیشتمانی نەوت، بەجۆرێ ئەنجومەنێكی فیدراڵی تایبەت بەو بابەتە سەرپەرشتی بكاتو نوێنەری هەرێمی كوردستانی تێدا بێتو بە هەماهەنگیو راوێژ بڕیارەكان دەربچن. • دووەم رەسنوشی پێشنیاری یاسای نەوتو غاز لەرۆژی 17/8/2011دا لەلا یەن لیژنەی نەوتو وزەی پەرلەمانەوە خرایە بەردەم پەرلەمان، ئەم پرۆژەیەش پەسەند نەكرا. ئەم پرۆژەیەش هاوشێوەی پرۆژەی یەكەم داوای زامنكردنی هەماهەنگییو هاوبەشی دەكات لەنێوان حكومەتی ناوەندو حكومەتی هەرێم لە بەڕێوەبردنو گەشەپێدانی سەرچاوەكانی نەوتدا، بە هەمان شێوە ئەم پرۆژەیەش داوای پێكهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵی نەوتو غاز دەكات بەجۆرێك نوێنەری هەرێم تێیدا ئەندام بێت. بەرپرسانی عێراقی، هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەكەن بەوەی رێگر بووە لە تێپەڕاندنی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ، چونكە بەوتەی ئەوان هەرێمی بە سودوەرگرتن لە ماددەیەكی دەستور هەوڵیداوە دەسەڵاتی خۆی بەسەر نەوتو غازدا بەسەر دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیدا سەربخات، لەمەشدا بەدیاریكراوی مەبەستیان لە ماددەی (115)ی دەستورە كە دەڵێ" هەر شتێك لە سنوری دەسەڵاتە (حەصری)یەكانی حكومەتی فیدراڵدا ئاماژەی بۆ نەكرابێت، ئەوە دەبێت بە دەسەڵاتی هەرێمو پارێزگا رێكنەخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێمدا، ئەگەر لەسەر دەسەڵاتە هاوبەشەكانی نێوان حكومەتی ناوەندیو حكومەتی هەرێمیشدا ناكۆكی دروستبوو، ئەوا ئەولەویەت بۆ یاسای هەرێمە". لەبەرامبەردا بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، هۆكاری دەرنەكردنی یاسای نەوتو غازی فیدراڵی دەخەنە ئەستۆی حكومەتی ناوەندیو ئەمەش بەهۆكاری دەركردنی یاسای نەوتو غازی هەرێم لە ساڵی 2007 دەدانێن. لەوكاتەوە رەشنوسەكان لەناو رەفەكاندا ماوەتەوەو تۆزی لەسەر نیشتووە، بەغدادو هەولێر لەبری دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی، بەردەوام یەكتر تۆمەتبار دەكەن، بەغداد دەڵێ هەرێم بڕی راستەقینەی هەناردەی نەوت ئاشكراناكاتو داهاتەكەی رادەست ناكات، حكومەتی هەرێمیش دەڵێ هەناردەی كێڵگە نەوتییەكانی دەبێت لەژێر كۆنترۆڵی خۆیدا بێت، چ لەڕووی پێدانی مۆڵەتی كاركردنی كۆمپانیاكانو یاخود بەڕێوەبردنی كێڵگەكانو كۆنترۆڵی بەرهەمهێنانو هەناردەكردنو گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكانی كڕینو پەرەپێدان. یاسای ژمارەی (22)ی ساڵی 2007ی نەوتو غازی هەرێمی كوردستان كە شوباتی ساڵی رابردوو دادگای باڵای فیدراڵی حوكمی هەڵوەشاندنەوەی بۆ دەركرد، دەڵێ" حكومەتی هەرێم بەرپرسیارێتی رێكخستنو سەرپەرەشتی پرۆسە نەوتییەكانو چالاكییە پەیوەندیدارەكانی نەوت لەنێویاندا بەبازاڕكردنی نەوتو دانوستانو ئیمزاكردنو جێبەجێكردنی گرێبەستەكان دەگرێتە ئەستۆ". یاسای نەوتو غازی هەرێم مافی "بەشداریكردن لە بەڕێوەبردن"ی ئەو كێڵگە نەوتییانە داوە بە حكومەتی عێراق كە بەر لە رۆژی 15/8/2005 لە هەرێمدا دۆزراونەتەوەو بەرهەمهێنانیان تێدا كراوە". بەهۆی ناكۆكی لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی سامانی نەوت، لە كۆتاییەكانی ساڵی 2014و لە كۆتایی دەسەڵاتی نوری مالیكیدا، ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی راگرتو ناردنی هەر بڕە پارەیەكی لە بەغدادەوە بەستەوە بە رادەستكردنی داهاتی نەوتی هەرێمەوە، ئیتر لەوكاتەوە ئەمە بوو بە تەوەری سەرەكی ناكۆكی نێوان هەولێرو بەغدادو لە بایەخی كەیسی ناوچە جێناكۆكەكانی كەمكردەوە. هەرێم پشتیوانی یاساكە دەكات ؟ ناوەڕاستی شوباتی ساڵی رابردوو كاتێك دادگای فیدراڵی عێراق یاسای نەوتو غازی هەرێمی هەڵوەشاندەوە، ئیتر حكومەتی هەرێم لەبەردەم كۆمپانیا بیانییەكاندا هیچ كەڤەرێكی یاسایی نەما، هەردوای بڕیارەكەی دادگاش، وەزارەتی نەوتی عێراق چەند هەنگاوێكی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە گرتەبەرو لە یەكەم هەنگاودا فشاری خستە سەر ئەو كۆمپانیا بیانیانەی لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، بۆ ئەوەی گرێبەستی كاركردنی خۆیان لەگەڵ حكومەتی ناوەندیدا نوێ بكەنەوە، فشارەكانی بەغداد كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێمی كوردستانی ترساند، ئەمە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی ناچاركرد لە تەموزی 2022دا نامەیەك بۆ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا بنوسێ (لەوكاتەدا بایدن بە گەشتێك هاتە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست). نامەكەی مەسرور بارزانی كاریگەریی بەجێهێشت، لەسەر داوای ئەمریكییەكان حكومەتی مستەفا كازمی رێوشوێنەكانی دژی كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان راگرت، تا ئەوكاتەی هەولێرو بەغداد لە پرۆژەیاسای بودجەی 2023دا چارەسەر بۆ بڕیارەكەی شوباتی دادگای فیدراڵی دەدۆزنەوە. ئێستا ئیتر دۆخەكە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، رەنگە حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە لایەنە عێراقییەكان پێویستی بە دەرچوونی یاسای نەوتو غاز هەبێت، چونكە بەبێ دەرچوونی ئەم یاسایە، بەردەوام حوكمەكەی شوباتی ساڵی رابردووی دادگای فیدراڵی عێراق وەكو چەقۆیەك لەسەر گەردنی هەرێمی كوردستان دەبێتو گرفت بۆ بەرهەمهێنانو هەناردەی نەوتی هەرێم دروست دەكات. دەرچوونی یاسای نەوتو غاز، جارێكی تر كەڤەری یاسایی بە پرۆسەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەداتەوە، بەڵام رەنگە لەدوای پەسەندكردنی ئەم یاساوە، چیتر جڵەوی تەواوەتی نەوتی هەرێم لە دەستی حكومەتی هەرێمدا نەمێنێتەوە. گرفتی گەورەی ئێستای بەردەم حكومەتی هەرێم، ناكۆكی پارتیو یەكێتییە وەكو دوو هێزی سەرەكی لەبارەی چۆنیەتی نوسینەوەی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ، پارتی لەم یاسا نوێیەدا دەیەوێت پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی كوردستان بكاتو لەبەرامبەردا یەكێتی دەیەوێت لە یاساكەدا پەرە بە بابەتی لامەركەزی بدات، بەجۆرێك جگە لە هەرێمی كوردستانیش، پارێزگاكان بتوانن مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ حكومەتی ناوەندیدا بكەن لە بابەتەكانی نەوتو غازدا، ئێستا پارتیو یەكێتی ناكۆكن، تیمی یەكێتی لە حكومەت كشاوەتەوەو یەكێتی لە بەغدادەوە فشارەكانی خۆی لەسەر حكومەتو پارتی توندكردوەتەوە، بەبێ رێككەوتنی ئەم دوو لایەنە، رەنگە یاسای نەوتو غازی فیدراڵ ئەنجامەكەی بەدڵی پارتی نەبێت. كەیسی نەوت لەنێوان حكومەتو هەرێمو حكومەتی ناوەندی عێراقدا وەكو بابەتێكی ناوخۆیی نەماوەتەوەو ئێستا رەهەندی دەرەكیشی وەرگرتووە، چونكە حكومەتی عێراق لەسەردەمی حەیدەر عەبادیدا لەسەر كەیسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندی بەغداد، لە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس سكاڵای لەسەر توركیا تۆماركردووە، داوای (26 ملیار) دۆلار قەرەبوو لە توركیا دەكات، عادل عەبدولمەهدی كە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرت، بڕیاری دادگای پاریسی راگرتو دەرفەتێكی نوێی دا بە توركیاو هەرێمی كوردستان، بەڵام كەیسەكە دانەخراو بەپێی زانیارییەكان بەمدواییە دادگاكە بڕیاری خۆی لەبارەی سكاڵاكەی عێراق دەركردووە، هێشتا وردەكاری بڕیاری دادگای پاریس دژی توركیا ئاشكرا نەبووە، بەڵام بەمدواییە جارێكی تر نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بە شێوەیەكی كتوپڕ گەیشتە ئەنكەرەو رەجەب تەیب ئەردۆغانی بینی. بەرپرسانی توركیا دەیانەوێت هەر بڕیارێك لەسەر نەوتی هەرێمی كوردستان ببەستنەوە بە چارەسەری ئەو كەیسەوە لەگەڵ عێراق، توركیا دەیەوێت لەبەرامبەر رادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بەغداد، حكومەتی عێراق لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نوێدا سكاڵاكەی لە دادگای نێودەوڵەتی پاریس لەسەر توركیا بكێشێتەوەو رێككەوتنێكی فراوانتر لەنێوان هەردوولا بكرێت كە جگە لە پەیوەندی ئابوری، كەیسی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)و چەندین دۆسیەی تر نێوان هەردوو وڵات لەخۆی بگرێت، لە نمونەی كەیسی بەردانەوەی ئاو لە توركیاوە بۆ عێراق، واتا توركەكان دەیانەوێت رێككەوتنی نەوت بەرامبەر بە ئاو لەگەڵ عێراقدا بكەنو بەمە كۆتایی بە مامەڵەی خۆیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بهێنن. یاسای نەوت و غازی هەرێم رەشنوسی یاسای نەوت و غازی عێراق
بومەلەرزە و ئەخلاق (١-٢) ئەگەرچی بەشی هەرەزۆری هێزەکانی ئیسلامی سیاسیی و ئیسلامی سەلەفیی و ئیسلامی بانگخوازە تازەکانی دونیای ئێمە باس لە ئەخلاق و گرنگی پاراستنی ئەخلاق لە کۆمەڵگادا دەکەن، لە هەمانکاتدا خۆیشیان بە نوێنەری ئەخلاقی ڕاستەقینە و «ئەخلاقی رەسەن» دەزانن. بەڵام بەشی هەرەزۆری ئەو قسانەی رۆژانە لەسەر ئەخلاق دەیکەن جگە لە ئینشایەکی خراپ و دیدێکی شێواو بۆ ئەخلاق شتێکی دیکە نییە. خاڵی هەرە سەرەکیی لە ڕوانینی بەشێکی زۆری ئەم هێزانەدا بۆ ئەخلاق سێکسە، بە تایبەتی سێکس لای ژن، کە بە توندیی بە فەساد و زینا و بە رەڵایی و بێحورمەتیی و زۆر جۆری تری تاوانەوە، گرێدراوە. سەرەتا و کۆتایی ئەم ئەخلاقەش ئەوەیە ژنان پێویستە خۆیان داپۆشن و خۆیان لە چاو و نەزەری حەرام و تەماح و چاو و غەریزەی برسیی و کۆنترۆڵنەکراوی پیاوان، بپارێزرێن. لەهەر شوێنێکدا ئەم مەسەلەیە سەرینەگرت ئەوادەبێتە مەنبەعی فەساد و زینا و هاوڕەگەزبازیی، تا ئەو شوێنەی خودا توڕەدەبێت و بڕیارئەدات تۆڵە لەو خەڵکە بکاتەوە کە لەو دۆخە حەیوانیەدا دەژین. جارێک بومەلەرزە دەنێرێت و چارێک لافاو و جارێک گڕکان و جارێک ڕەشەبا و کارەساتە سروشتییەکانی تر. با واز لەو وێنە سەدامیی و هیتلەرییە ستەمگەرە بهێنین کە لەم `روانینەدا بۆ خودا دروستکراوە، خودایەک ڕەحم بە منداڵ و دیندار و باوەڕدارەکانی خۆیشی ناکات و بە توڕەبوونێک هەم مەلهاکان و مزگەوتەکان و هەم منداڵان و ئیمانداران و هەم بێئیمان و زیناکاران دەکوژێت. دەڵێم با واز لەم وێنە میلیتارییە ستەمگەرەی خودا بهێنین کە لە پشتی روانینی ئەم نەوەیە لە بانگخوازە نویکانەوە و بڕێکی زۆر لە چالاکەوانەکانی هێزەکانی ئیسلامی سیاسییەوە هەیە و با بگەڕێینەوە بۆ ئەو ڕوانینەی ئەم کەس و هێزانە بۆ ئەخلاق هەیانە. وەک ووتم روانینی ئەمانە بۆ ئەخلاق سوڕانەوەیەکی بەردەوامە بە دەوری سێکسدا. لە پشتی توڕەبوونەکانی خوداوە زیناکردن و فەسادی ئەخلاقیی دەبینن. پەیوەندیی سێکسی حەرامکراو و سێکسی ڕێپێنەدراو دەبینن. توڕەییەکانی خودا بە بوونی مەلها و مەیخانە و ئاهەنگ و سەماکردن و جلپۆشینی ناشەرعییەوە گرێئەدەن. تێکەڵبوونی نێر و مێ و پێکەوەبوونی ڕۆژانەیان وەک سەرچاوەی فەسادی ئەخلاقیی وێنادەکەن. هەموو ئەم بابەتانە بەشێکن لە سیمیۆلۆژیای سێکس، واتە بەشێکن لەو ئاماژانەی بەهۆیانەوە دەچینەوە سەر سێکس و سەر دروستکردنی ژیانێکی فاسید و نائەخلاقیی کە بەدەوری سێکسدا ڕێکخراوە و ڕێکدەخرێت. ئەمانە لەو کاتەدا دژ بە بەعەقڵانیکردنی باوەڕ و بیرکردنەوەی مرۆڤن، هاوکات سەرقاڵی بەسێکسیکردنی بەشێکی گەورەی دەرکەوتەکانی ژیانن. بەڵام سێکس لە سایکۆلۆژیای ئەمانەدا دیارییەکی خودایی نییە بۆ مرۆڤ، سەرچاوەی چێژ و دروستکردنی پەیوەندییەکی ئینسانیی تایبەت لە نێوان دوو مرۆڤدا نییە، بەڵکو سەرزەمینێکی ترسناکە بۆ گوناه و تاوان و توڕەکردنی خودا خۆی. سێکس لێرەدا مافی جەستە نییە بەسەر مرۆڤەوە وەک بوونەوەرێکی خاوەن جەستە، بەڵکو پیلانێکە دەشێت مرۆڤ بخاتە بەردەم توڕەبوونەکانی خوداوە و لەسەر زەوی خۆی جەهەنەمێکی بۆ دروستبکات. مرۆڤ پێویست ناکات قوتابی سیگمۆند فرۆید بێت بۆئەوەی باس لە «وەسواس»ی سێکس، یان سێکس وەک وەسواس، لای ئەم هێزانەبکات. وەسواس نەخۆشییەکی دەرونییە هێما بۆ گیرخواردنی دەرونیی ئینسان دەکات بە دەست بابەتێکی ناڕەحەتکەرەوە کە بەردەوامی هەیە و دووبارە و سەدبارەدەبێتەوە، وەسواس کۆمەڵێک هەست و ڕوانین و وێنە و بیرۆکەیە کە خۆیان بەسەر کەسەکاندا دەسەپێنن و ناتوانن لێیان ڕزگارببن. بەهەرلایەکدا دەڕواننن و سەیری هەرشتێک دەکەن ئەو وێنە و هێما ناڕەحەتکەرانە دەبینن. دیارترین دەرکەوتی ئەم وەسواس و گیرخواردنە دەرونییەوە بەدەستی سێکسەوە، قسەکانی ئەو مەلا سەلەفییە بوو کە ڕوودانی کارەساتی بومەلەرزەکانی تورکیا و سوریای بە زیناکردنەوە گرێدا. لۆژیکی ئەم کەسە ئەم لۆژیکە وەسواسییەیە: لە کوێدا زینای زۆر کرا، لەوێدا خودا ژیانی مرۆڤەکان لە ڕەگای بومەلەرزەوە وێراندەکات. باواز لەم لێکدانەوە خورافیی و غەیبدۆزەی دیاردەیەکی سروشتی وەک بومەلەرزە بهێنین، کە سەر بە سەدەکانی بەر لە دایکبوونی زانستیی زەویناسیی و زانستە سروشتییەکانی ترە. یەعنی با واز لەوە بهێنین ئەو هۆشیارییەی ئەم جۆرە لێکدانەوەیەی هەڵگرتوە چ هۆشیارییەکی داڕزاوی پڕ قەیرانی هەمەلایەنە و چەندیش ترسناکە بە کۆمەڵگادا بڵاوببێتەوە. لە پەیوەندییدا بە ئەخلاقەوە، کە بابەتی ئەم نووسینەیە، ئەو مەلا سەلەفییە سێکس بە جەوهەری ئەخلاق و بە جەوهەری هەموو پەیوەندییەکان دەزانێت و لادان لەو وێنە وەسواسییە خۆسەپێنەرەی سێکس لە مێشکی ئەودا ئامادەیە، بە کۆتایی ئەخلاق و بە هۆکاری هەموو کارەساتەکان دەزانێت. لای ئەم مەلایە هاوکێشەکە زۆر ئاسان و سادەیە: ئەخلاق یەکسانە بە چۆنیەتی ڕێکخستنی ژیانی سێکسیی و خوداش کە بێئەخلاقی بینیی بومەلەرزەی تێدەگرێت. کورتکردنەوەی ئەخلاق بۆ سێکس و کردنی سێکسیش بە یەکەی شیکردنەوەی هەموو شتێک، لە شیکردنەوەی دیاردە سروشتییەکانەوە بۆ شیکردنەوەی دیاردە ئینسانیی و کۆمەڵایەتییەکانن، هەروەها کردنی سێکس بە بابەتێک کە خودا بەردەوام خەریکی چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی چۆنیەتی ئەنجامدانیەتی، ئەو دۆخەیە کە ئەمڕۆ لە ئاگایی و نائاگایی بەشێکی زۆر لە بانگخواز و چالاکەوانە ئیسلامییەکاندا ئامادەیە. ئەمانە وێنەیەکیان بۆ خودا هەیە کە بەردەوام خەریکی کۆنترۆڵکردنی شەرواڵ و ژیانی سێکسی مرۆڤەکانە. لەسەر ئەنجامدانی سێکسی ناشەرعیش ئامادەیە تەنانەت هەزارەها منداڵ و کەسانی بێتاوان بکوژێت، شارەکان بە مزگەوتەکان و ناوەندە دینییەکانیشەوە، وێرانبکات، تەنانەت رەحم بەو خواپەرست و دیندارانەش نەکات کە هەڵسوکەوتەکانیان، بە هەڵسوکەوتە سێکسییەکانیانەوە، بەپێی ڕێنماییە دینییەکان، ڕێکدەخەن. مرۆڤ مەگەر تەواو گەمژە و بێمێشک و خورافەتپەرست بێت، بۆئەوەی باوەڕ بەمجۆرە تەفسیر و لێکدانەوە هەرزان و ئەفسانەییانە بۆ دیاردە سروشتییەکان بکات. ئەو پرسیارەی پێویستە لەم بۆنەیەدا لە خۆمانی بکەین ئەوەیە ئایا بەڕاست سێکس جەوهەری ئەخلاقە. وەڵامە سادەکە ئەوەیە کە ئەخلاق کورتناکرێتەوە بۆ چۆنیەتی ڕێکخستنی ژیانی سێکسیی، ڕاستە لە هەندێک کۆمەڵگادا ئەم ڕەکخستنە خاوەنی قورساییەکی تایبەتە، بەڵام بە هیچ مانایەک یەکسان نییە بە هەموو ئەخلاق. بە کورتییەکەی، جەوهەری ئەخلاق بریتیی نییە لە چۆنیەتی ڕێکخستنی ژیانی سێکسیی، بەڵکو پەیوەستە بە چۆنیەتی ڕێکخستنی پەیوەندیی مرۆڤ بە خودی خۆی و بە مرۆڤەکانی دەوروبەریەوەیە، ئەخلاق سەرزەمینی ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکانە لەگەڵیەکدا و لەگەڵ خودی خۆیاندا. ئەمە وادەکات ئەخلاق، بە پلەی یەکەم، ناسینی سنوورەکانی خود خۆیبێت لە پەیوەندیدا بەوانیترەوە، هۆشیاربوونی مرۆڤە بە سنوورە تاکەکەسییەکانی خۆی، ئینجا هۆشیاربوونە بەرامبەر بەوەی کە کەسانیتر هەن لەو ناچن و وەک ئەو بیرناکەنەوە و وەک ئەویش، ناژین. ئەخلاق ئەو شتەیە کە ئەو شتانە بەیەکەوە ڕێکدەخات بە ئاراستەیەک مرۆڤەکان بتوانن بەبێ کێشەی گەورە بەیەکەوە بژین و باوەڕ و متمانەیان بەیەکتری هەبێت، ژیانێکی هاوبەش و چاکەکار و بەختەوەر دروستبکەن. ئەم هۆشیاریەش دەشێت لە زیاد لە سەرچاوەیەکەوە دروستببێت، کە دەکرێت چوار سەرچاوەی سەرەکیی لەیەکتری جیابکەینەوە. لە نووسینی داهاتوودا باس لەو جوار سەرچاوەیە دەکەم.
درەو: ڕۆژنامەی (العالم): وەزیری دەرەوەی ڕوسیا پێشنیازێكی خستووەتە بەردەم بەغداد بۆ چارەسەركردنی شایستە داراییەكانی لەسەر عێراق, سێرگێی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ بەغداد, شایستەی كۆمپانیا ڕوسییە كەڵەكەبووەكانی لەسەر عێراق تاوتوێكردووە, كە بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە نەیتوانیوە ڕادەستی بكات. لاڤرۆڤ جەختیكردووە لەسەر لەسەر پێوێستی دەستبەردابون لەدۆلارو بەكارهێنانی دراوی نیشتمانی لەئاڵوگۆڕە بازرگانییەكانی نێوان هەردوو وڵات, پێدەچێت ئەوە ئاماژەیەكی ناڕاستەوخۆبێت بۆ عێراق تابچێتە پاڵ پەیماننامەی نەختینەی نێوان ڕوسیاو ئێران, كە مامەڵەی بازرگانی لەسەر بنەمای دۆلارو یۆرۆ دەكەن, بەڵام چارەسەری نەختینە بە دراوی نیشتمانی نێوان هەردووڵات دەكەن. كۆمپانیاكانی لۆك ئۆیل و غازبرۆم كار لەكێڵگەكانی خۆرئاوای قوڕنە/2 و بەدرەو بلۆكی-10 و هەندێ كێڵگە لەكوردستان دەكەن, سزاكانی ئەمریكا كاریگەری هەبووە لەسەر زۆرینەی وەبەرهێنانەكانی ڕوسیا لەعێراق, بەتایبەت ئەو كۆمپانیایانەی لە كێڵگەكانی مۆڵەتپێدانی نەوتیی كاردەكەن, كە تێچوو و قازانجەكانیان لەڕێی حەواڵەی داراییەوەیە. وێڕایی ئاستەنگی تر كە بۆ كۆمپانیا ڕوسییەكان دروستبووەو, پەیوەستە بە چۆنییەتی جێبەجێكردنی گرێبەسەتە لاوەكییەكانیان لەگەڵ كۆمپانیاكانی ترو چۆنییەتی دابینكردنی پارە بۆیان, كە ئەوەش وادەكات بەدوای میكانیزمی نوێدا بگەڕێن بۆ چارەسەركردنی حساباتەكانیان لەگەڵ حكومەتی عێراقی. جێبەجێكردنی ئەو میكانیزمە تازەیە بەوە دەبێت عێراق پابەندییە داراییەكانی سەری بەرامبەر بەكۆمپانیا ڕوسییەكان بەدینار بدات لەبری دۆلاری ئەمریكی, بەهۆی نەبونی هەناردەی عێراقیش بۆ ڕوسیا, ئەوە دەبێتە هۆی گێڕانەوەی جارێكی تری دیناری عێراقی بۆ بازاڕەكان و بەقاچاغبردنی دۆلار بەڕێگای جیاواز بۆ ڕوسیا. توركی ئەلعەتبی سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی, وردەكاری لەبارەی گفتوگۆكانی لاڤرۆڤ لەبەغداد ئاشكراكردووە, عەتبی ڕایگەیاندووە: قەبارەی بازرگانی لەگەڵ ڕوسیا لەكۆمەڵێك دۆسییەدا ساڵانە دەگاتە چەند ملیارێك دۆلار, وتوشیەتی: عێراق ڕایەكی بێلایەنی هەبووە لەجەنگی ڕوسیا-ئۆكرانیادا, ئەوەش هەنگاوێكی زۆر گرنگ بووە لەپێناو ئەوەی نەبێتە لایەنێك لەو قەیرانەدا. ئاماژەی بەوەشكردووە: سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی ڕوسیا گرنگە, بەوپێودانگەی بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ بەغداد لە (4) دۆسییەدا تاوتوێكردووە, كە دیارترینیان وزەیە بەتایبەت كە وەبەرهێنانەكانی مۆسكۆ دەگاتە (10) ملیار دۆلار, ئەوەی بەرژوەندی بەغداد و مۆسكۆش پێكەوە گرێدەدات لەو چوار دۆسییە, دیارترینیان وزەو چەك و ئاسایشی خۆراكە, لاڤرۆڤ جەختیشكردووە لەگرنگی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی و تاوتوێكردنی ئەگەری ئەنجامدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و, پێدانی شایستە داراییەكان بەدراوی نیشتمانی.