Draw Media

سوتاندنی بارەگاو هۆشداریدان لە "فیتنە"

سوتاندنی بارەگاو هۆشداریدان لە "فیتنە"

2023-07-18 08:43:25


(درەو): 
دوای چەند مانگێك بێدەنگی، سەرەتای ئەم هەفتەیە ناكۆكییەكی نوێ لەنێوان سەدرو مالیكی سەریهەڵدا، لایەنگرانی سەدر ژمارەیەك بارەگای حزبەكەی مالیكییان سوتاند، تۆمەتباری دەكەن بەوەی لەپشت ئەو كەسانەوەیە كە جنێو بە كۆچكردووی باوكی موقتەدا سەدر دەدەن‌و پێی دەڵێن لە سەردەمی رژێمی پێشوودا پەیوەندی لەگەڵ حزبی بەعس هەبووە، مالیكی رەتیدەكاتەوە ئاگادار بێت، داوای "بەڵگە" دەكات، ئەم ناكۆكییە وایكردووە جوڵەیەك دروست ببێت بۆ دەركردنی یاسایەك بەمەبەستی قەدەغەكردنی جنێودان بە مەرجەعیەتە ئاینییەكان. 

دیسان بارەگا سوتاندن
موقتەدا سەدر ئیدانەی هێرشێكی كرد كە بارەگای گروپێكی چەكداری شیعەی لە نەجەف كردە ئامانج، هۆشداریدا لەوەی وڵات بەرەو "فیتنەی شیعە- شیعە" كێش بكرێت، ئەمە دوای رۆژێك لە هێرشی لایەنگرانی بۆسەر بارەگاكانی حزبی دەعوە هات لە چەند پارێزگایەك. 
لە تویتێكدا، جارێكی تر سەدر داوای دەركردنی یاسایەكی كرد بۆ قەدەغەكردنی "جنێودان بە زانایان"، ئەمە لەسەر بنەمای ئەو تۆمەتانەی كە سەدرییەكان ئاڕاستەی هەندێك لایەنی ناو حزبی دەعوەی دەكەن لەبارەی "جنێودان بە باوكی موقتەدا سەدر"، واتا كۆچكردوو (محەمەد سادق سەدر)ی مەرجەعی شیعەكان. 
موقتەدا سەردانی بارەگای بزوتنەوەی " أنصار الله اڵاوفیا‌و"ی كرد، كە لە نەجەف روبەڕووی هێرش بووەوە. 
پاش چەند مانگێك لە ئارامییەكی رێژەیی، لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە، جارێكی تر ئاڵۆزییەكان بۆ چەند پارێزگایەكی عێراق گەڕایەوە، ئەمەش نیگەرانی دروستكرد سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوەی نائارامی ئەمنیی، كە بەردەوام بەهۆی ململانێ سیاسییەكانەوە سەرهەڵدەداتەوە. 
ژمارەیەك كەس كە دروشمی پشتیوانییان بۆ موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر دەوتەوە، هێرشیانكردە سەر بارەگاكانی حزبی دەعوەی ئیسلامی بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی، لە بەغدادو چەند شارێكی تر، گرتە ڤیدیۆییەكان دەریدەخەن هێرشبەرەكان هەندێك لە بارەگاكانیان سوتاندووە، هەندێك لە هێرشبەرەكانی تر كە زۆرینەیان دەمامكیان كردووە، تەنیا بەوە راوەستان بارەگاكان دابخەن‌و لەسەر دیوارەكان بنوسن "ئەم بارەگایە بە فەرمانی ئال سەدر داخراوە". 
هەندێك كەسی تر لە گرتەكاندا دەردەكەون وێنەی نوری مالیكی دەسوتێنن‌و دروشمی پشتیوانی بۆ سەدر دەڵێنەوە. 
نزار حەیدەر بەڕێوەبەری سەنتەری میدیایی عێراق لە واشنتۆن دەڵێ:" هۆكاری تەقینەوەی تەنگژەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، یەكێك لە كەسە دیارەكانی حزبەكەی مالیكی بە خراپە باسی سەدری دووەم (باوكی موقتەدا سەدر)ی كردووە". 
نزار حەیدەر بە سایتی " الحرە "ی وتووە:" وەك دەزانین ئەم بابەتە هەستیارو مەترسیدارە، نەدەبوو هیچ كەسێك لەم بابەتە تێوەبگلێت چ جای یەكێك لە كەسە دیارەكانی حزبەكەی مالیكی".

چی روویدا ؟
لە 15ی ئەم مانگە، حەسەن عەزاری سەركردەی رەوتی سەدر كە یەكێكە لە كەسە نزیكەكان لە موقتەدا سەدر، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تیلیگرام نوسینێكی بڵاوكردەوە، تێیدا هێرشی كردەسەر ئەوانەی رەخنە لە مەرجەعی كۆچكردووە محەمەد سادق سەدری باوكی موقتەدا سەدر دەگرن. 
عەزاری حزبی دەعوە‌و "هەندێك كەسی ئۆپۆزسیۆنی لە تاراوگە" تۆمەتبار كرد بەوەی، بانگەشەی ئەوە دەكەن مەرجەعی كۆچكردووە تاوەكو بەر لە رووخانی رژێم لە 2003دا پەیوەندی لەگەڵ حزبی بەعسدا هەبووە. 
عەزاری داوایكرد، یاسایەك دەربچێت بۆ بەتاوانناساندنی "تۆمەتباركردنی سەید سەدر‌و سوكایەتیپێكردن‌و جنێودان بەو مەرجەعە". 
نزار حەیدەر باس لەوە دەكات، پێدەچێت نوسینەكەی عەزاری پەیوەندی بەو گفتوگۆیانەوە هەبێت لە كە ئەپلیكەیشنی Club House بڵاوكراونەتەوەو تێیدا هەندێك كەس جنێویان بە سەدری باوك داوە. 
هاوكات لەگەڵ نوسراوەكەی عەزاریدا، لەماوەی دوو رۆژدا هێرشكرایە سەر ژمارەیەك بارەگای حزبی. بەڵام حزبی دەعوە لە بەیاننامەیەكدا رەتیكردەوە هیچ سوكایەتیەك بە سەدر كرابێت، داوایكرد "بەڵگە" بخرێتەڕوو و بزانرێت كێیە جنێو و سوكایەتی كردووە، هێرشكردنی بۆسەر بارەگاكانی بە "بێ بەهانە لەڕووی یاسایی‌و شەرعی‌و سیاسی"یەوە ناوبرد. 
لە بەیاننامەكەیدا حزبی دەعوە هۆشداری دەدات‌و دەڵێ" ئێمە دەتوانین پارێزگاری لە بارەگاكانمان بكەین‌و بەرگری لەخۆمان بكەین، بەڵام داوا لە هێزە ئەمنییەكانی حكومەت دەكەین بە بەرپرسیارێتی خۆیان هەستن". 
هاوكات مالیكی لە بەیاننامەیەكدا كە نوسینگەكەی بڵاویكردەوە، هۆشداری دەدات لە" پیلانگێڕی دوژمنان‌و هەوڵەكان بۆ تێكەڵكردنی كارتەكان". 
یەكێك لە نزیكەكانی سەدر، كە خاوەنی پەیجی "ساڵح عێراقی"یە‌و بەناوی رێبەری رەوتی سەدرەوە قسە دەكات، دانی بەوەدا نا هێرشەكان " شۆڕشێكی عاتفی خۆكرد بووە بۆ بەرگری لە مەرجەعیەتەكان" لەلایەن لایەنگرانی رەوتی سەدرەوە. 
جەخت لەسەر دەركردنی یاسایەك دەكاتەوە بۆ رێگریكردن لە سوكایەتیكردن بە زانایانی ئاینیی، هەروەك هێرش دەكاتە سەر مالیكی‌و رەوتی " بشائر الخیر"ی سەربە مالیكی‌و بە " بشائر الشر" ناویان دەبات. 
رۆژی دوو شەممە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات رایگەیاند، پرۆژەیاسایەك پێشكەش دەكات بۆ بەتاوانناساندنی دەستدرێژیكردن بۆسەر مەزارگە ئاینییەكان‌و پەرەستگاو مەرجەعیەتە ئاینییەكان، ئەمە لەپاڵ پرۆژەیاسایەكی تر بۆ قەدەغەكردنی پەلاماردانی بارەگای حزبەكان‌و چەند پرۆژەیاسایەكی تر لەنێویاندا یاسای قەدەغەكردنی هاوڕەگەزبازیی. 

بنەڕەتی ناكۆكییەكە
ناكۆكی نێوان مالیكی‌و سەدر نوێ نییە، لەماوەی نزیكەی دوو دەیەی رابردوودا، ئەم دوو كەسە هەندێك جار بە نهێنی‌و هەندێكی جاری تر بە ئاشكرا دوژمنایەتی یەكتریان كردووە. 
دوای هەڵبژاردنەكەی ئۆكتۆبەری 2021، ناكۆكییەكان زیاتر بوون، بەتایبەتیش كاتێك رەوتی سەدر هەستی كرد مالیكی رۆڵێكی خراپی گێڕاوە لە گۆڕینی هاوكێشەی براوەو دۆڕاوی هەڵبژاردن‌و ئەمەش بە پەراوێزخستنی رەوتی سەدر وەكو براوەی هەڵبژاردن كۆتایی هات‌و رێگەی پێنەدرا كابینەی حكومەت دروستبكات. 
ئەم دۆخە وایكردووە، كەسێكی وەكو نزار حەیدەر دۆخەكە وەكو ئاگری ژێر خۆڵەمێش پێناسە بكات، كە دەكرێت لە هەر ساتێكدا بە هەر هۆكارێك لە شەقامدا بتەقێتەوە. 
رەوتی سەدر زۆرینەی كورسییەكانی لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا بەدەستهێنا، بەڵام نەیتوانی زۆرینە پێكبهێنێت‌و سەرۆك وەزیران كاندید بكات، ئەمەش دوای ئەوەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە (مالیكی- عامری- عەبادی- خەزعەلی- فالح فەیاز- عەممار حەكیم) توانیان لەگەڵ لایەنە كوردی‌و سوننەكاندا بگەنە رێككەوتن بۆ پێكهێنانی حكومەت. 
لە دەرەنجامی ئەمەدا، زیاتر لە 70 پەرلەمانتاری سەدر لە پەرلەمان كشانەوە، ئەمە وایكردووە هەندێك لە چاودێران پێشبینی ئەوە دەكەن بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش نەكات كە رۆژی 18ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand