وەفدی هەرێم و بەغداد لەسەر چەند خاڵێك ناكۆكن
2023-07-21 19:47:34
درەو:
وەفدی هەرێم و بەغداد لەسەر چەند خاڵێكی یاسای بودجە ناكۆكن و تا ئێستا یەكلا نەكراوەتەوە، بەتایبەتیش بڕگەكانی تایبەت بە (داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت، سوی قەرزی TBI).
دوێنی ئومێد سەباح سەرۆكی تیمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد رایگەیاند: لە پێنج رۆژی رابردوودا لە دانوستانەكانماندا لە بەغداد، ئامادەیمان دەربڕیوە هەر پابەندییەك كە لەیاسای بودجەدا هەبێت سەرباری ئەوەی تێبینیمان هەبێت لەسەریان، جێبەجێ بكەین.
سەرچاوەیەك لە وەفدی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد بە (درەو)ی راگەیاند: وەفدی هەرێم و بەغداد لە كۆبوونەوەكانیاندا كە ماوەی هەشت كاتژمێری خایاندووە لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتوون، بەڵام لەسەر چەند خاڵێكیش ناكۆكبوون ئەو خاڵانەی كە وەفدی هەردوولا لەسەریان ناكۆكبوون بریتی بوون لە:
🔹 ناكۆكی یەكەم (داهاتی نانەوتی):
وەفدی هەرێم و بەغداد لەسەر مادەی 12 بڕگەی دووەم (د)ی یاسای بودجە ناكۆك بوون و نەگەیشتنە رێككەوتن، ئەو بڕگەیە دەڵێت" حكومەتی هەرێم پابەندە بە رادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكان بە خەزێنەی دەوڵەت بەگوێرەی یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵ .....".
لەسەر ئەم بڕگەیە هەردوولا ناكۆكبوون، وەفدی عێراقی جەختیان لەسەر ئەوە دەكردەوە دەبێت هەرێمی كوردستان تەواوی داهاتە نانەوتییەكان بگەڕێنێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق و دواتر بەغداد لە داهاتە فیدراڵیەكان (50%)ی بۆ هەرێم بگەڕێنێتەوە.
لەبارەی ئەو بڕگەیەوە د. ئومێد سەباح لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا رایگەیاند: سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەكان، حكومەتی عێراقمان ئاگاداركردووە لە هەفتەی داهاتووەوە ئامادەین سەرجەم داهاتە فیدراڵییەكان بگەڕێنینەوە بەپێی ئەو بڕو رێژانەی لە بودجەدا دیاریكراون.
🔹 ناكۆكی دووەم، خەرجی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم:
وەفدی هەرێم و بەغداد لەسەر مادەی 12 بڕگەی دووەم (ج)ی یاسای بودجە ناكۆك بوون كە دەڵێت " وەزارەتی دارایی فیدراڵ قەرەبووكردنەوەی خەرجییەكانی وەبەرهێنانو گواستنەوەی بڕی ئەو نەوتە وەبەرهێنراوەی هەرێم دەگرێتە ئەستۆ ......"، هەردوو وەفدەكە لەسەر چۆنیەتی جێبەجێكردنی ئەم بڕگەیە ناكۆك بوون بەتایبەت لەسەر چۆنیەتی ئەو بڕە پارەیەی كە بۆ دەرهێنان و رەوانەكردنی نەوتی هەرێم خەرج دەكرێت، بۆیە هەردوولا یاداشتێكیان نوسی و ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و عێراق كرا بۆ ئەوەی ئەوان بڕیاری لەسەر بدەن و یەكلای بكەنەوە.
🔹 ناكۆكی سێیەم: قەرزی TBI
وەفدی هەرێم و بەغداد لەسەر مادەی 12 بڕگەی دووەم (و)ی یاسای بودجە ناكۆك بوون كە دەڵێت " ئەو پارانەی بانكی بازرگانی عێراق TBI ، كە لەئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە لە بانكە حكومیو تایبەتەكاندا، پاكتاو دەكرێت ......" ئەم بڕگەیە ناكۆكی وەفدی هەرێم و بەغدای لەسەرە، وەفدی بەغداد سەرەڕای داوای گەڕانەوەی قەرزەكانی TBI لە هەرێم، داوای گەڕانەوەی سوی قەرزەكەشیان كردووە، بۆیە وەفدی هەرێم ناڕازی بوون و لەسەر ئەو بڕگەیە هێشتا ناكۆكن و نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.
هەرچەندە د. ئومێد سەباح لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا راگەیاند: سەبارەت بە بڕگەی ( TBI)هەرێمی كوردستان ئامادەیی تەواوەتی نیشان داوە، هەموو ئەو باڵانسانەی لە تی بی ئایدا هاتووە جێبەجێیان بكات، بەڵام ئاماژەی بە بڕی ئەو سووە نەكرد كە وەفدی عێراق داوایان كردووە.
راپۆرتی پەیوەندیدار