كۆمسیۆنی عێراق پێشنیازێكی هەرێمی رەتكردەوە
2023-07-19 09:19:19
درەو:
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق پێشنیازێكی هەرێمی كوردستانی رەتكردووەتەوە كە هەرێمی كوردستان پێشنیازی كردووە"ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات بەڵام كۆمسیۆنی هەرێم بەبێ كۆمسیارەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن بەرێوە بەرێت".
سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بە (درەو)ی راگەیاند: هەرێمی كوردستان پێشنیازی كردووە، بەهۆی ئەوەی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەرێم وادەكەیان بەسەرچووە، بۆیە داوایان لە كۆمسیارانی كۆمسیۆنی عێراق كردووە، سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن، بەكەرەستەو لۆجستی كۆمسیۆنی هەڵبژادن و راپرسی هەرێم، واتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن كۆمسیۆنی هەرێمی كوردستانەوە بەڕێوە ببرێت بە بێ كۆمسیارەكانی، ئەنجومەنی كۆمسیارانی بەغداد سەرپەرشتیبكات، ئەم پێشنیازە لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە رەتكراوەتەوە.
عیماد جەمیل, سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دیاریكردنی كاتی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان لەئێستادا قورسە و ناتوانین هەڵبژاردنی هەرێم لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق ئەنحامبدەین، كاری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم تەواوبووەو ناتوانێت هەڵبژاردن بەڕێوەبەرێت, هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە ئەنجامدەدرێت.
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رۆژی 10ی ئەم مانگە بەنوسراو داوایان لەكۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق كردووە ئایا دەتوانن لە رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەببەن، ئەگەر كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق نەتوانێت لە رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەببات، داوامان كردووە رۆژی 18ی كانونی یەكەم، واتا لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەببات، بەپێی وتەی فەوزی هەریری سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم بۆچونی سەرۆكی هەرێم ئەوەیە پێش كۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردن بكرێت، نەتەوە یەكگرتووەكانیش پێیوایە دەكرێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە هەمان رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش بەڕێوەببات.
ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان بەپێی ئاماری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق:
پارێزگای سلێمانی: ملیۆنێك و 441 هەزار و 855 دەنگدەر
پارێزگای هەولێر: ملیۆنێك 312 هەزار و 601 دەنگدەرە
پارێزگای دهۆك: 887 هەزار و 120 دەنگدەر
كۆی گشتی: 3 ملیۆن و 642 هەزارو 976 دەنگدەر