Draw Media

درەو: راپرسی (كۆمپانیای شیكار بۆ راپرسی و توێژینەوە) •    دەنگدەرانی پارتی (3.3%)یان بەشداریان نەكردووە، (1.9%) دەنگەكانیان سوتاندووە، (1.3%)ی دەنگی پارتی بۆ نەوەی نوێ چووە. •    دەنگدەرانی یەكێتی (8.8%) بەشداریان نەكردووە، (2.2%) دەنگەكانیان سوتاندووە، (1.3%)ی دەنگەكانیان بۆ یەكگرتوو چووە. •    دەنگدەرانی گۆڕان (20.9%)ی بەشداریان نەكردووە، (10.8%) دەنگدەرانیان دەنگیان بەنەوەی نوێ داوە، (8.4%)یان دەنگەكانیان سوتاندووە، (1.2%) دەنگیانداوە بە پارتی. •    دەنگدەرانی نەوەی نوێ (5.6%)یان بەشداریان نەكردووە، (4%)ی دەنگیانداوە بە سەربەخۆكان، (2.4%) دەنگیانداوە بە یەكگرتوو، (1.6%)یان دەنگەكانیان سوتاندووە. •    دەنگدەرانی كۆمەڵی دادگەری (16.7%)یان بەشداریان نەكردووە، (8.3%)یان دەنگەكانیان سوتاندووە، (2.8%)یان دەنگیان داوە بەیەكێتی، (2.8%) دەنگیانداوە بە نەوەی نوێ، (2.4%) دەنگیانداوە بە یەكگرتووە. •    دەنگدەرانی یەكگرتوو (16.7%)یان بەشداریان نەكردووە، (7.1%) دەنگیانداوە بە سەربەخۆكان، (2.4%) دەنگیانداوە بە یەكێتی، (2.4) دەنگەكانیان سوتاندووە.   هەڵکشان و داکشانی دەنگی قەوارە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەنیوان دوو هەڵبژاردندا.  پەرلەمانی کوردستان و عێراق (٢٠١٨-٢٠٢١) پێشەکی:    ئەم راپرسییە راستەوخۆ دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراق لە ئوکتۆبەری ٢٠٢١ ئەنجامدراوە (لە ٢٣\١٠ تا ٢٩\١٠\ ٢٠٢١). ئامانج لەم راپرسییە زانینی کۆمەڵێک پرس بوو لەبارەی بەشداری هاوڵاتییان لەو هەڵبژاردنەدا. لەو پرسانەش چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە لە رووی تەکنیکییەوە، هۆکارەکانی بەشداریکردن و بەشدارینەکردن، بەراوردی دەنگی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ٢٠١٨ و ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراق ٢٠٢١ و چەند پرسێکی دیکە.  لەم راپۆرتەدا بەشێک لەو داتایانە دەخەینە بەردەستی خوێنەران و ئەوانەی بایەخ بە توێژینەوەکانی هەڵبژاردن دەدەن کە پێمان وایە بەڕچاوروونییەکی تێدا دەبێت بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی دابەشبوونی دەنگی هاوڵاتییانی هەرێم بەسەر لایەنە سیاسییەکاندا. واتە ئەم راپۆرتە تایبەتە بە دابەشبوونی دەنگەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراق (٢٠٢١) بەسەر لایەنە سیاسییەکاندا بە بەراورد بە هەڵبژاردنی ٢٠١٨.  ئێمە تەنیا دەنگەکانی هەرێمی کوردستانمان بەلاوە گرنگ بووە و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی ماددەی ١٤٠ وەرنەگیراون بۆ ئەوەی جوگرافیایەکە هەمان جۆگرافیا بێت؛ بەوەش باشتر دەتوانین بەراوردی دەنگەکان بکەین. بۆیە ئەو رێژانەی دەبینرێن بەو مانایە نییە کە هەمان رێژەی دەنگە لە هەڵبژاردندا، بەڵکو ئێمە نموونەیەکمان لە خەڵک وەرگرتووە لە هەموو گروپ و کەتەگورییە کۆمەڵایەتییەکان و دەمانەوێت لە رێی بەراوردی دەنگدانی ئەوان لە هەردوو هەڵبژاردندا تیشک بخەینە سەر هەڵبەز و دابەزی دەنگی لایەنەکان و بەجێگیریی مانەوە و ناجێگیریی دەنگدەری لایەنە سیاسییەکان.  گرنگی ئەم راپۆرتە لەوەدایە کە داتاکان لە کاتێکی هەستیاردا کۆکراونەتەوە و لە کاتێکیشدا دەخرێنە بەر دەستی رای گشتی کە لایەنە سیاسییەکان خۆیان بۆ گەڕێکی دیکەی هەڵبژاردن ئامادەدەکەن و بڕیارە رۆژێک  بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە دیاریبکرێت، بۆیە پێمانوایە لایەنە سیاسییەکان دەتوانن سوود لەو زانیارییانە وەرگرن و بزانن چەندە جەماوەرەکەیان جێگیر و پابەند ماوەتەوە و ئەوانەش کە دەنگی خۆیان گۆڕیوە بۆ چ لایەنێکی دیکە چووە و بە چ رێژەیەکیش جەماوەری هەر حزبێک بایکوتی هەڵبژاردنی کردووە؟  دەبێت ئەوەش بڵێین کە بارودۆخەکە بۆ هەموو لایەنەکان لەم دوو ساڵەدا زۆر گۆڕاوە، یەکێتی توشی لێکترازان هاتووە، پارتی کۆنگرەی کردووە و گۆڕانکاریی زۆر بەسەر سەرکرادایەتی و پەیکەرەکەیدا هاتووە، نەوەی نوێش زیاتر لە نیوەی ئەندام پەرلەمانەکانی لەدەستداوە.  کۆمپانیای شیکار بۆ راپرسی و توێژینەوە؛ لەم راپرسییەدا نموونەیەکی ٢٩٠٠ کەسیی وەرگرتووە لە هەموو قەزاکانی هەرێمی کوردستاندا  وەک لە نەخشەکەدا دیارە. هەروەها نموونەکە لە هەردوو رەگەز و لە تەمەنە جیاوازەکان وەرگیراوە. لەبەر ئەوەش کە قەبارەی نموونەکە گەورەیە، بۆیە لەرووی دیمۆگرافییەوە؛ بە رێژەی بەرز خەڵکی تێدایە لە هەموو پیشەکان، ئاستی خوێندنی جیاواز و باری ئابووری جیا جیا.  دەنگی نموونەکە لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨دا وەک لە وێنەی (١) دا دیارە ٤٠.٦% ی نموونەکەمان لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ دەنگیان بە پارتی دیمۆکراتی کوردستان داوە. یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ١٣.٩% دەنگی نموونەکەی بۆ چووە، نەوەی نوێ ٧.٦% و بزوتنەوەی گۆڕان ٥.١%. ئەوانەی دەنگی خۆیان سووتاندوە رێژەی ٧.٧% . باقی دەنگەکانی دیکەش بە رێژەی کەمتر بەسەر لایەنە سیاسییەکاندا دابەش بوونە.    وێنەی (١) دابەشبوونی دەنگی نموونەکە بەسەر لیستەکاندا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ٢٠١٨ دابەشبوونی نموونەکە لە هەڵبژاردنی ٢٠٢١ دا لە وێنەی ژمارە (٢) دا دەردەکەوێت دەنگی پارتی بەرزبووتەوە بۆ ٤٤.٦% و یەکێتی گۆڕانکارییەکی وەهای بەسەردا نەهاتووە و بەڕێژەی ١٣.٥% دەنگی بۆ چووە. نەوەی نوێ بە شێوەیەکی بەرچاو دەنگەکانی زیادی کردووە (١١.٧%). سەربەخۆیەکان کە لە هەڵبژاردنی ٢٠٢١ بەشدارییان کرد توانییان دەنگێکی بەرچاو بەدەست بهێنن و دەنگی نموونەکەشمان بەرێژەی ٤% چووە بۆیان. بزوتنەوەی گۆڕان دەنگەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کرد و ئەوانەش کە دەنگیان سووتاند بۆ ١٢.٢% هەڵکشاوە. وێنەی (٢) دابەشبوونی دەنگی نموونەکە بەسەر لیستەکاندا لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراق ٢٠٢١ بەراوردی دەنگەکان:  لە خوارەوە هەوڵدەدەین بەراوردێکی دەنگەکان بکەین و هەڵبژاردنی ٢٠١٨ بکەینە بنەما و بزانین دەنگدەرانی هەر لیستێک کە لە ٢٠١٨ دەنگیان بەو لیستە داوە چەندی بە جێگیری ماوەتەوە و چەندیش بۆ چ لیستێک چووە یان دەنگی خۆیان سووتاندووە یاخود بایکوتی هەڵبژاردنیان کردووە؟  پارتی دیمۆکراتی کوردستان  وەک لە وێنەی (٣) دا دیارە، پێدەچێت جەماوەری پارتی جەماوەرێکی جێگیر بیت بە رێژەیەکی بەرز، چونکە نزیکەی ٩٠% دەنگدەری پارتی کە لە ٢٠١٨ دەنگیان بە لیستی پارتی داوە لە ٢٠٢١ هەر دەنگیان بە کاندیدەکانی ئەو حزبە داوە. ئەو ١٠% دیکە بە رێژەی جیاواز دەنگەکانیان دابەش بووە، زۆرترینی کە ٣.٣% دەنگەکانە ئەوانەن کە بەشداری دەنگدانیان نەکردووە و بایکۆتیان هەڵبژاردووە. لە دوای ئەوە ئەوانەی دەنگیان سووتاندووە و ئەوانەی دەنگیان بە کاندیدە سەربەخۆکان داوە رێژەی هەر یەکێک لەو دوو گروپە ١.٩%. نەوەی نوێ ١.٣% دەنگی پارتی بردووە و ئەو بڕە کەمەی دەنگەکانی دیکەش بە شێوەی جیاواز دابەش بووە. ئەوەی شایانی ئاماژەیە هیچ دەنگدەرێکی پارتی دەنگی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی دادگەری نەداوە.  وێنەی (٣) دەنگی ئەوانەی لە ٢٠١٨  دەنگیان بە پارتی داوە لە هەڵبژاردنی٢٠٢١دا بەم شێوەیە دابەش بووە. یەکێتی نیشتیمانی کوردستان    وەک لە وێنەی (٤) دا دیارە دەنگدەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش لە ٢٠١٨ بە رێژەیەکی زۆر بە جێگیری ماونەتەوە لە هەڵبژاردنی ٢٠٢١ ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراق (٨٢%)، بەڵام کەمتر لە دەنگدەری پارتی. دەنگدەرانی یەکێتی کە دەنگیان بە یەکێتی نەداوەتەوە لە ٢٠٢١ رێژەیان ١٨% دەبێت، ئەم رێژەیە بەم شێوەیە دابەش بووە: ٨.٨% واتە نزیکەی نیوەی دەنگدەران بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە، ٢.٢% دەنگدەران دەنگەکانیان سووتاندووە، ٢.٢% دەنگیان بە کاندیدە سەربەخۆیەکان داوە، ١.٣٪ ی دەنگی دەنگدەرانی یەکێتی بۆ پارتی و بەهەمان رێژەش بۆ نەوەی نوێ رۆیشتووە. ئەوەی شایانی ئاماژەیە هیچ دەنگێکی یەکێتی وەکو پارتی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی دادگەری نەچووە لە کاتێکدا لەگەڵ گۆڕان هاوپەیمان بوون و لەگەڵ کۆمەڵی دادگەریش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و بە بێدەنگی لە هەندێک بازنە لێکتێگەیشتنێک لە نێوانیاندا هەبووە. وێنەی (٤) دەنگی ئەوانەی لە ٢٠١٨  دەنگیان بە یەکێتی داوە لە هەڵبژاردنی٢٠٢١دا بەم شێوەیە دابەش بووە. بزووتنەوەی گۆڕان بزووتنەوەی گۆڕان وەک لە وێنەی (٥) دا دیارە دەنگدەرانی ئەو بزوتنەوەیە نزیکەی نیوە ٤٩.٤% بە جێگیری مانەوە و نیوەکەی دیکە ٥٠.٦% دەنگیان بە کاندیدەکانی ئەو بزوتنەوەیە نەدا. ئەو رێژە زۆرەی دەنگدەرانی ئەو بزووتنەوەیە کە دەنگیان پێ نەداوە لە ٢٠٢١ بەم شێوەیەی خوارەوە دابەش بوون: زۆرترینیان نزیکەی ٢٣% بەشداری هەڵبژاردنیان نەکردو بایکۆتیان هەڵبژارد. ٨.٤% ی دنگدەرانیش دەنگەکانیان سووتاند، ئەو دوو رێژەیە پێکەوە کە دەکات نزیکەی ٣١% دەنگەکانی گۆڕان رێژەیەکی زۆر بەرزەو جێگەی هەڵوەستە لەسەر کردنە. نەوەی نوێ توانی بەشێکی بەرچاوی دەنگی دەنگدەرانی گۆڕان لە ٢٠٢١ بۆ خۆی ببات بە رێژەی ١٠.٨% و بەدوای ئەویشدا بە رێژەی زۆر کەمتر کە دەکاتە ٢.٤% هەر یەکە لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی دەنگەکانی گۆڕانیان برد. پارتی دیمۆکرات و سەربەخۆیەکانیش بەڕێژەی ١.٢% دەنگی دەنگدەرانی گۆڕانیان بۆ رۆیشتووە. هەروەها بە هەمان رێژەش (١.٢%) دەنگیان بە سپی داوە.  وێنەی (٥) دەنگی ئەوانەی لە ٢٠١٨  دەنگیان بە گۆڕان داوە لە هەڵبژاردنی٢٠٢١دا بەم شێوەیە دابەش بووە. نەوەی نوێ   نەوەی نوێش یەکێکە لەو قەوارانەی کە وەک پارتی و یەکێتی دەنگدەرەکانی تاڕادەیەکی زۆر بە جێگیریی ماونەتەوە (٨٤%) وەک لە وێنەی (٦) دا دیارە. ئەو دەنگدەرانەی نەوەی نوێ کە لە ٢٠١٨ دەنگیان بەو جۆڵانەوەیە داوە و لە ٢٠٢١ جارێکی دیکە دەنگیان پێ نەداوەتەوە ڕێژەکەیان ١٦% دەبیت لە کۆی دەنگدەرەکانی. ئەو رێژەیە (١٦%) بەم شێوەیە دابەشبووە: زۆرترینی ٥.٦% ی ئەوانە بایکۆتیان هەڵبژاردووە، ١.٦% دەنگیان سووتاندووە و ١.٦% ی دیکەش دەنگیان بە سپی داوە. واتە زیاتر لە نیوەی ئەوانەی دەنگیان بە نەوەی نوێ نەداوەتەوە دەنگیان بە لایەنەکانی دیکەش نەداوە وەکو جەماوەری بزوتنەوەی گۆڕان، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە دەنگدەری ئەو دوو لایەنە دەنگدەرێکی ناڕازی بووە لە بنەڕەتدا و لایەنەکانی دیکەیان قبووڵ نییە، هەر بۆیەشە دەبینین دەنگێکی زۆری دیکەی نەوەی نوێ بە ڕێژەی ٤% بۆ کاندیدە سەربەخۆیەکان چووە کە بەشێکیان لەو کاندیدانە بوون کە مشتومڕێکی زۆریان لەسەر هەبوو و لە بنەڕەتدا لە خەڵکی ناڕازی پێکدەهاتن. یەکگرتووی ئیسلامی لە هەموو لایەنەکان زیاتر توانیویەتی دەنگەکانی نەوەی نوێ بۆ خۆی ببات بەڵام رێژەکە زۆر نییە و تەنیا دەکاتە ٢.٤%. هەرسێ لایەن یەکێتی، گۆڕان و کۆمەڵ هیچ دەنگێک لە دەنگەکانی نەوەی نوێیان بۆ نەچووە.  وێنەی (٦) دەنگی ئەوانەی لە ٢٠١٨  دەنگیان بە نه‌وه‌ی نوێ داوە لە هەڵبژاردنی٢٠٢١دا بەم شێوەیە دابەش بووە. کۆمەڵی دادگەریی    کۆمەڵی دادگەریی کە وا دادەنرا یەکێکە لەو حزبانەی دەنگەکانی جێگیرە، بەو جێگیرییە نەماوەتەوە و لە نێوان ٢٠١٨ و ٢٠٢١ دا گۆڕانکاری بەرچاو بەسەر دەنگەکانیدا هاتووە (وێنەی ٧). تەنیا نزیکەی ٦٤% دەنگدەرانی بە جێگیری ماونەتەوە و ٣٦% دەنگدەرانی یان بایکۆتیان کردووە لە ٢٠٢١ یان دەنگیان بە لایەنەکانی دیکە داوە. دەنگە لە دەستچووەکانی کۆمەڵی دادگەری بەم شێوەیە دابەش بوونە: ١٦.٧% بایکۆتیان هەڵبژاردووە و ٨.٣% دەنگەکانیان سووتاندووە، ئەم دوو رێژەیە پێکەوە کە دەکاتە ٢٥%، رێژەی دوو لەسەر سێی دەنگە لەدەستچووەکانی کۆمەڵ پێکدەهێنن و نیشانەی ئەوەیە کە کۆمەڵ کێشەی ناوخۆیی هەبووە و دەنگدەرەکانی خۆی تۆراندووە، بەڵام لەبەر ئەوەی دەنگدەرەکانی سروشتێکی تایبەتیان هەیە؛ زۆر کەمتر دەنگیان بە لایەنەکانی دیکە داوە. یەکێتی نیشتیمانی، نەوەی نوێ و یەکگرتووی ئیسلامی ئەو لایەنانەن کە بەشێکی دەنگەکانی کۆمەڵیان بۆ رۆیشتووە بە شێوەیەکی یەکسان، بۆ هەر یەکێکیان ٢.٨%. پارتی دیمۆکرات و گۆڕان هیچ دەنگێکی کۆمەڵیان بۆ نەڕۆیشتووە.  وێنەی (٧) دەنگی ئەوانەی لە ٢٠١٨  دەنگیان بە کۆمەڵ داوە لە هەڵبژاردنی٢٠٢١دا بەم شێوەیە دابەش بووە. یەکگرتووی ئیسلامی  کاتێک تەماشای وێنەی (٨) دەکەین هەست دەکەین یەکگرتووی ئیسلامیش وەکو کۆمەڵی دادگەری ٣٦% دەنگەکانی لەدەستداوە، بەڵام کاتێک دەبینین بەشێکی بەرچاوی دەنگەکانی یەکگرتوو بۆ سەربەخۆیەکان چووە لەوە تێدەگەین کە یەکگرتووی ئیسلامی کەمتر دەنگدەری خۆی لەدەست داوە، چونکە بەشێک لە کاندیدەکانی یەکگرتوو وەک کاندیدی سەربەخۆ دابەزیبوون. بۆیە ئەگەر رێژەی ٧.١% و ٦٤.٣% دەنگەکانی یەکگرتوو کۆبکەینەوە دەردەکەوێت یەکگرتوو کەمتر لە ٣% دەنگەکانی لەدەستداوە لە نێوان هەردوو هەڵبژاردنی ٢٠١٨ و ٢٠٢١دا.  ئەوەی جێگەی سەرنجە بەشێکی بەرچاوی دەنگدەرانی یەکگرتووش لە حزبەکەیان تۆڕەبوونە و دەنگیان بەو حزبە نەداوەتەوە، بەڵام دەنگیان بە لایەنەکانی دیکەش نەداوە، لە جیاتی ئەوە بە رێژەی ١٦.٧% بایکۆتیان هەڵبژاردووە و ٢.٤% دەنگەکانیان سووتاندووە. هەروەها ٢.٤% دەنگەکانی یەکگرتوو بۆ یەکێتی و ٢.٤% بۆ کۆمەڵی دادگەری رۆیشتوون و لە وێنەکانی پێشتریشدا بینیمان بەشێکی دەنگی ئەو دوو لایەنەش بۆ یەکگرتوو هاتبوو، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە هاوپەیمانیەتی و لێکتێگەیشتنێکی رانەگەیندراو لە نێوان ئەو لایەنانەدا هەبووە لە هەندێک بازنە. وێنەی (٨) دەنگی ئەوانەی لە ٢٠١٨  دەنگیان بە یەکگرتوو داوە لە هەڵبژاردنی٢٠٢١دا بەم شێوەیە دابەش بووە.   دەنگ سووتاندن  وەک دەزانین بەشێک لە دەنگدەران کە لە ناڕازییەکانن دڵیان بە بایکوت و دەنگی سپی ئاو ناخواتەوە، بەڵکو دەچنە سەر سندۆقەکانی دەنگدان و دەنگەکانیان دەسووتێنن. بەشێکی بەرچاوی نموونەکەمان لە ٢٠١٨ دەنگەکانیان سووتاندووە، ویستمان بزانین ئەوان چەندە لەسەر رای خۆیان جێگیر ماونەتەوە یان لە هەڵبژاردنی ٢٠٢١ دا بڕیارێکی دیکەیان داوە، دەرکەوت (وێنەی ٩) ئەوانیش بە رێژەیەکی بەرز جێگیر ماونەتەوە بەڕێژەی ٦٤%، لە بەرامبەردا ٣٦% لە هەڵبژاردنی ٢٠٢١ مامەڵەیەکی دیکەیان کردووە لەگەڵ دەنگەکانیان. بەشێکی زۆریان کە دەکاتە نزیکەی ٢٣% لە دوا هەڵبژاردندا بایکۆتیان هەڵبژاردووە و نەچۆنەتە سەر سندۆقەکانی دەنگدان. رێژەیەکی بەرچاوی دیکە نزیکەی ٦% دەنگیان بۆ نەوەی نوێ رۆیشتووە. سەربەخۆیەکان ٣% و پارتیش ١.٦% دەنگی ئەوانەیان بۆ خۆیان مسۆگەر کردووە. یەکێتی، گۆڕان و کۆمەڵ هیچ دەنگێکی ئەوانەیان بۆ نەچووە. وێنەی (٩) دەنگی ئەوانەی لە ٢٠١٨  دەنگی خۆیان سووتاندووە لە هەڵبژاردنی٢٠٢١دا بەم شێوەیە دابەش بووە.   تەمەنی ٢٠ ساڵ و خوارتر:  ئەوانەی لە ٢٠١٨ تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵ بووە و مافی دەنگدانیان نەبووە، لە ٢٠٢١ تەمەنیان لە نێوان ١٨-٢٠ ساڵیدا بووە مامەڵەیان لەگەڵ دەنگدان سەرنجڕاکێشترە لە هەموو گروپە تەمەنییەکانی دیکە.  ئەم نەوەیە کە نەوەی ساڵی ٢٠٠٠ بە دواوەن و لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا پێیان دەگوترێت نەوەی Z بە رێژەی نزیکەی ٧٠% بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە لە ٢٠٢١ دا. ئەو بەشەی دیکەی دەمێنێتەوە (٣٠%)، نزیکەی نیوەیان بە رێژەی ١٤.٤% دەنگیان بۆ پارتی دیمۆکراتی کوردستان بووە، دوای پارتی نەوەی نوێ بە نزیکەی ٦% دەنگی ئەوانەی بۆ رۆیشتووە. یەکێتی بەرێژەی ٢.٢% و یەکگرتووی ئیسلامی و کاندیدە سەربەخۆیەکانیش هەر یەکێکیان بە رێژەی ١.٤%.  وێنەی (١٠) دەنگی ئەوانەی لە ٢٠١٨دا بەهۆی بچوکی تەمەنیان  بەشدارییان نەکرد لە هەڵبژاردنی٢٠٢١دا بەم شێوەیە دابەش بووە. بەراوردی دەنگی لایەنەکان لە نێوان هەردوو هەڵبژاردندا:    وێنەی (١١) تایبەتە بە لە دەستدانی دەنگدەری هەڵبژاردنی ٢٠١٨ و بەدەستهێنانی دەنگدەری نوێ لە ٢٠٢١ لەلایەن لیستە جیاوازەکانەوە. دەردەکەوێت نەوەی نوێ لە هەموو حزبەکان زیاتر توانیویەتی قەرەبووی دەنگدەرە لە دەستچووەکانی بکاتەوە، چونکە ١٦% دەنگدەری ٢٠١٨ لەدەستداوە بەڵام ١٦% دەنگدەری نوێی لە لیستەکانی دیکەوە بۆ هاتووە. پارتی کە ١٠% دەنگدەری خۆی لە دەستداوە و توانیویەتی ٣% دەنگدەری نوێ مسۆگەر بکات. یەکێتی نیشتیمانی رێژەیەکی دیاری دەنگدەرانی خۆی لە دەستداوە (١٨%) بەڵام نزیکەی ٨% دەنگدەری نوێی بۆ هاتووە. یەکگرتووی ئیسلامی نزیکەی ٢٩% دەنگدەری خۆی لە دەست داوەو نزیکەی ٧% دەنگدەری نوێی بۆ رۆیشتووە. کۆمەڵی دادگەری یەکێکە لەو حزبانەی کە دەنگدەرێکی زۆری لەدەستداوە (٣٦%) و نزیکەی ٥% دەنگدەری نوێی بۆ هاتووە. دواهەمینیش بزوتنەوەی گۆڕانە کە نزیکەی نیوەی دەنگدەرەکانی خۆی لە دەستداوە. کاندیدە سەربەخۆیەکانیش کە تەنیا لە ٢٠٢١ بەسدارییان کردووە نزیکەی ١٦% دەنگەکانیان مسۆگەرکرد.  وێنەی (١١) هەڵبەز و دابەزی دەنگی لیستەکان لە ٢٠٢١ بە بەراورد لەگەڵ ٢٠١٨ بەپێی دەنگی نموونەکە     ئاماژە و ئەنجامگیریی داتاکان:   ئەم داتایانە لەگەڵ ئەوەی داتایەکی نوێ نییە، بەڵام یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لە رەفتاری دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان. بە گشتی دەتوانین بگەین بە چەند ئەنجامێک:     جەماوەری پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە جەماوەری حزبەکانی دیکە جێگیرتر و نەگۆڕترە .     لە ناو نەوەی دوای ساڵی ٢٠٠٠ دا پارتی چانسی لە هەموو حزبەکانی دیکە زیاترە.      یەکێتی ئەمجارە رێژەیەکی زیاتری دەنگدەرەکانی دەنگی پێ نادەنەوە.     وا چاوەڕواندەکرا کە جەماوەری نەوەی نوێ جەماوەرێکی جێگیر نەبێت و دوای سێ ساڵ دەنگ بەو جوڵانەوەیە نەدەن، بەڵام دەرکەوت جەماوەریان جێگیرترە لەوەی وێنا دەکرا.     گۆڕان زەرەرمەند بوو لە هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی، هیچ دەنگێکی یەکێتی بۆ کاندیدەکانی گۆڕان نەچووە.     بەشێکی زۆری جەماوەری گۆڕان کە دەنگیان بە گۆڕان نەداوە، بەملاو بەولادا نەڕۆیشتوون و رەنگە گۆڕان بتوانێت بەشێکیان ئاشت بکاتەوە.     یەکگرتوو توانی بەشێک لە دەنگەکانی بگێڕێتەوە لە رێگای کاندیدکردنی هەندێک لە ئەندامەکانی وەک کاندیدی سەربەخۆ.     کۆمەڵ بۆ پارێزگاریکردن لە دەنگەکانی پێویست دەکات لەگەڵ جەماوەرە تۆڕەکەی ئاشت ببێتەوە.   


درەو:  لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت, پەسەندكردنی یاسای نەوت و غاز ڕوبەڕوی ئاستەنگ بووەتەوە, ئاشكراشیدەكات, زایناری هەیە لەبارەی فرۆشتنی بەشێك لەنەوتی هەرێم بەتوركیا بەشێوەیەكی پێشوەختە.   سەلام عەنبەكی, ئەندامی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی (بەغداد ئەلیەوم)ی ڕاگەیاندووە: یاسای نەوت و غاز لەیاسا زۆر گرنگەكانەو, پێویستییەكی زۆر هەیە بۆ پەسەندكردنی, لەبەرامبەریشدا ئاستەنگ لەبەردەم پەسەندكردنی هەیە, بەهۆی بونی ناكۆكی لەبارەی ئەو بیرە نەوتانەی كە لەپێش داگیركردنی عێراق و دوای داگیركردنییەوە نەوتی لێدەردەهێنرێت و, بیری كۆن و نوێ‌ هەن كە هەرێمی كوردستان خستونییەتە گەڕو لەگەڵ كۆمپاینا بیانییەكان گرێبەستی كردووە بۆ كاركردن تیایدا.  ئەو پەرلەمانتارە وتوشیەتی: هەرێمی كوردستان هەمیشە جەختدەكات لەوەی ئەو بیرانە پشكی خۆیەتی و حكومەتی فیدراڵ هیچ دەسەڵاتێكی نییە بەسەریاندا, وێڕای بونی كێشە لەبارەی بۆری گواستنەوە. ئاماژەی بەوەشداوە: زانیاری هەیە لەبارەی فرۆشتنی بەشێكی نەوتی دەرهێنراوی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی پێشوەختە بە توركیا, ئەوەش خالێكی ناكۆكییە لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و هەرێم, بۆیە پەسەندكردنی یاسای نەوت و غاز قورس بووە.


 راپۆرت: درەو حكومەتی ناوەند دژی ئەوەیە حكومەتی هەرێم (نەوت بفرۆشێت، هێڵی بۆری نەوت‌و غازی تایبەت بەخۆی هەبێت، ئەنجومەنی نەوت‌و غازی هەبێت، یاسای نەوت‌و غازی هەرێم دوای هەڵوەشاندنەوەی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە جارێكی تر زیندوو بكرێتەوە)، ئەمانە وردەكاری گفتوگۆی ئەم دواییەی نێوان وەفدی حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی ناوەندە لەبارەی چۆنیەتی نوسینەوەی رەشنوسی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ، حكومەتی هەرێم لە (15) خاڵدا پێشنیازی خۆی لەبارەی یاساكە خستوەتەڕوو، حكومەتی ناوەند (10) خاڵی پێشنیازەكانی هەرێمی رەتكردوەتەوە، (درەو) لەم راپۆرتەدا وردەكاری خاڵە كۆك‌و ناكۆكەكانی نێوان هەولێرو بەغداد لەبارەی یاساكەوە بڵاودەكاتەوە.   حكومەت تاوتوێی دەكات  لەسەرەتای شوباتی ئەمساڵەوە، حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، حكومەتی هەرێمی بانگهێشتكرد بۆ دەستپێكردنی دانوستان لەبارەی چۆنیەتی ئامادەكردنی رەشنوسی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ.  دەرچوونی ئەم یاسایە، یەكێكە لە خواستە سەرەكییەكانی پارتی‌و یەكێتیی وەكو دوو لایەنی بەشداری كورد لە كابینەی حكومەتی عێراقدا، لەچوارچێوەی رێككەوتنی لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت كە ناویان لەخۆیانناوە "ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت"، سودانی بەڵێنی ئەوەی داوە لەماوەی شەش مانگدا دوای دەستبەكاربوونی كابینەكەی، یاسای نەوت‌و  غاز دەربكات، كابینەی سودانی (100) رۆژ بەسەر دەستبەكاربوونیدا تێپەڕیوە. لەسەر بنەمای داواكارییەكەی سودانی، بەمدواییە دوجار وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان چوەتە بەغداد بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق سەبارەت بە رەشنوسی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ. وەفدەكە پێشنیازی حكومەتی هەرێمی لەبارەی چۆنیەتی نوسینەوەی رەشنوسی یاساكە خستوەتە بەردەم وەزارەتی نەوتی عێراق، وتەبێژی حكومەتی هەرێم كە خۆی ئەندامی وەفدەكە بووە دەڵێ" بەغداد دەبێت بە هەماهەنگیی لەگەڵ حكومەتی هەرێم یاساكە دەربكات‌و رەچاوی پیشەسازی نەوتی هەرێم بكات، ناكرێت لایەنێك لەخۆیەوە رەشنوسی یاساكە بهێنێت، دەبێت بە یەكەوە ئامادەی بكەین".  وردەكاری گفتوگۆكانی ئەمدواییەی نێوان هەولێرو بەغداد لەبارەی چۆنیەتی نوسینەوەی رەشنوسی یاسای نەوت‌و غاز تائێستا بە فەرمی بڵاونەكراوەتەوە، هەرچەندە پرۆژە یاساكە خرایە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و گفتوگۆی لەسەركرا، بەڵام (درەو) لە سەرچاوەیەكی ناو وەفدی دانوستانكاری هەرێمەوە، بەدواداچوونی كردووە‌و لەم راپۆرتەدا وردەكاری ناكۆكییەكان نێوان لەبارەی چۆنیەتی نوسینەوەی یاساكە، دەخاتەڕوو.  ماددەی 111ی دەستور بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، یەكێك لەو بنەمایانەی كە وەفدی حكومەتی هەرێم لە دانوستانەكانیدا بۆ ئامادەكردنی رەشنوسی یاسای نەوت‌و غاز پێشكەشی وەزارەتی نەوتی عێراقی كردووە، پابەندبوونە  بە ماددەی (111)ی دەستوری عێراقەوە.  ماددەی (111)ی دەستور دەڵێ" نەوت‌و غاز لە هەموو هەرێم‌و پارێزگاكان، موڵكی هەموو گەلی عێراقە".  حكومەتی عێراق لەمەدا هاوڕایە لەگەڵ حكومەتی هەرێم، چونكە پێوایە ئەم ماددەیەی دەستور بنەمایەكی باشی لەسەر موڵكایەتی نەوت‌و غاز دیاریكردووە‌و تایبەتمەندی بە هیچ لایەك نە حكومەتی ناوەندو نە حكومەتی هەرێم، نەداوە.  دەسەڵاتی بەغداد بەسەر نەوتی هەرێمدا بەپێی زانیاریی سەرچاوەكەی (درەو)، حكومەتی هەرێم پێشنیازی كردووە بەڕێوەبردنی نەوت‌و غازی دەرهێنراو لە كێڵگەكانی پێش جێبەجێكردنی دەستوری عێراق لە 2005، واتە ئەو كێڵگانەی ناویان لێنراوە "كێلگەكانی ئێستا"، بەشێوەیەكی هاوبەش بێت لەنێوان حكومەتی ناوەندو حكومەتی هەرێم. (درەو) زانیویەتی، حكومەتی ناوەند لەسەر ئەم پێشنیازەش قایلە، چونكە پێیوایە پێشنیازەكەی هەرێم گونجاوە لەگەڵ بڕگەی یەكەمی ماددەی (112)ی دەستوردا. بڕگەی دووەم لە ماددەی (112)ی دەستور دەڵێ" حكومەتی فیدراڵی هەڵدەسێت بە ئیدارەدانی نەوت‌و غازی دەرهێنراو لە كێڵگەكانی ئێستا لەگەڵ حكومەتی هەرێم‌و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكان... ئەمە بەیاسا رێكدەخرێت". ئەوەی لەم بابەتەدا وەكو سەرچاوەی ناكۆكی دەمێنێتەوە‌و دەبێت هەولێرو بەغداد رێككەوتنی لەسەر بكەن، شێوازی بەڕێوەبردنە "هاوبەش"ەكەیە. گواستنەوەی خاوەندارێتیی ! حكومەتی هەرێم پێشنیازی كردووە لە یاسای نەوت‌و غازدا رێگا بە "گواستنەوەی خاوەندارێتی نەوت‌و غاز بدرێت بۆسەر كەسانی تر لە خاڵی رادەستكردندا". (درەو) زانیویەتی، حكومەتی ناوەند لەم پێشنیازەدا لەگەڵ حكومەتی هەرێم ناكۆكە‌و دەڵێ ناكرێت بڕگەیەكی لەم شێوەیە لەناو یاسای نەوت‌و غازدا جێگیر بكرێت، چونكە پێچەوانەی ماددەی (111)ی دەستورە كە دەڵێ "نەوت‌و غاز موڵكی هەموو گەلی عێراقە".  حكومەتی عێراق پێشنیاز دەكات رێكخستنی بابەتی گواستنەوەی موڵكایەتی نەوت‌و غاز بەجێبهێڵدرێت بۆ ئەو گرێبەستانەی فرۆشتن كە بۆ ئەو مەبەستە ئیمزا دەكرێن.  ئەنجومەنی نەوت‌و غازی فیدراڵ لەبارەی دروستكردنی ئەنجومەنی نەوت‌و غازی فیدراڵ لە یاسای نەوت‌و غازدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشنیازی كردووە دیاریكردنی كاندیدەكان بۆ  ئەندامێتی ئەم ئەنجومەنە بە تەوافوق بێت لەنێوان حكومەتی ناوەندو حكومەتی هەرێم، رێگە بەوە نەدرێت ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە لە لایەنی جێبەجێكاری یاسا بن‌و دەڵێ كۆمپانیا نیشتمانییەكانی نەوت لایەنی جێبەجێكارن‌و تایبەتمەند نین لەبواری دانانی سیاسەت‌و بەڕێوەبردنی مۆڵەتەكان. لەمەدا حكومەتی ناوەند هاوڕایە لەگەڵ پێشنیاری حكومەتی هەرێم‌و پێیوایە هاوتایە لەگەڵ بنەمای شەفافیەت‌و بێلایەنی لە بڕیاردان‌و رێگری لە بەریەككەوتنی بەرژەوەندییەكان دەكات، بەڵام پێشنیاز دەكات دەسەڵاتی ئەوە بە ئەنجومەنی نەوت‌و غاز بدرێت میوانداری سەرۆكی كۆمپانیای نیشتمانی نەوت بكات لە خولەكانی دانیشتنی ئەنجومەنەكەدا، بەوپێیەی كۆمپانیای نیشتمانی نەوت لایەنی بەرپرسە لە جێبەجێكردنی یاسا. سیاسەتی نەوت‌و غاز بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، حكومەتی هەرێم پێشنیازی كردووە (ئەنجومەنی فیدراڵ)‌و (ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت‌و غاز) ئامادەكردنی سیاسەتی ستراتیژی نەوت‌و غاز بگرنە دەست. حكومەتی ناوەند دژی ئەم پێشنیازەی حكومەتی هەرێمە، دەڵێ" ئەم پێشنیازە پێچەوانەی دەستورە‌و دەكرێت دەرگا بەڕووی دروستكردنی ئەنجومەن لە پارێزگا بەرهەمهێنەكانی نەوت بكاتەوە، سەرباری ئەمە دەبێتە هۆی فرەیی لەو لایەنانەی كە بەرپرسن لە دانانی ستراتیژیەتی گشتیی نەوت‌و غاز.  كێ هەماهەنگیی دەكات ؟ حكومەتی هەرێم پێشنیازی كردووە ئەنجومەنی نەوت‌و غازی فیدراڵ ئەركی ئاسانكاری هەماهەنگیی لەنێوان حكومەتی ناوەندو حكومەتی هەرێم‌و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت (ئەوانەی لەچوارچێوەی هەرێمدا رێكنەخراون) بگرێتە ئەستۆ. حكومەتی ناوەند لەگەڵ ئەم پێشنیازەدا هاوڕایە‌و دەڵێ دژی ئەوە نین بابەتی هەماهەنگیی لەناو ئەركەكانی ئەنجومەنی نەوت‌و غازی فیدراڵدا بێت.  دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی هەرێمیی نەوت‌و غاز حكومەتی هەرێم پێشنیازی كردووە، لە یاسای نەوت‌و غازدا ئەم دەسەڵاتانە بدرێت بە ئەنجومەنی نەوت‌و غاز لە هەرێمەكاندا: •    دانانی بنەما گشتییەكانی سیاسەت‌و پلانی نەوت لە هەرێمەكاندا، بەتەنیا خۆی ئەم دەسەڵاتەی هەبێت.  •    پەسەندكردنی گرێبەستەكانی نەوت لە هەرێمدا.  •    دیاریكردنی ئاستی وەبەرهێنان لە هەرێمدا.  حكومەتی ناوەند دژی ئەم پێشنیازەیە، دەڵێ دروستكردنی ئەنجومەنی نەوت‌و غاز لە هەرێمدا بەواتای فرەیی دێت لەسەرچاوەی بڕیاردا، دروستكردنی ئەم ئەنجومەنە دەرگای لەسەر دروستبوونی ئەنجومەنی هاوشێوە لە پارێزگاكاندا (ئەوانەی لەچوارچێوەی هەرێمدا رێكنەخراون) دەكاتەوە‌و پێچەوانەیە لەگەڵ بیرۆكەی دامەزراندنی ئەنجومەنی نەوت‌و غازی فیدراڵ.  پێدانی مۆڵەت حكومەتی هەرێم پێشنیازی كردووە، پێدانی مۆڵەتی (دۆزینەوە‌و دەرهێنان)ی نەوت لە دەسەڵاتی ئەو لایەنانەدا بێت كە لە دەستوردا دیاریكراوە، لەبەرامبەردا گرێبەستەكانی تایبەت بە كێڵگەكانی هەرێم بە تەنیا لە دەسەڵاتی هەرێمدا بێت، ئەمە پاڵپشت بە ماددەی (115)ی دەستور. حكومەتی فیدراڵ ئەم پێشنیازە رەتدەكاتەوە‌و دەڵێ" دەستور دەسەڵاتی پێدانی مۆڵەتی دۆزینەوە‌و دەرهێنانی نەوتی بە هیچ لایەك نەداوە، بەڵكو لە ماددەی 112دا نوسیویەتی حكومەتی فیدراڵ لەگەڵ حكومەتی هەرێم هەڵدەسێت بە ئیدارەدانی نەوت‌و غازی دەرهێنراوی كێڵگەكانی ئێستا. میكانیزمی پەسەندكردنی گرێبەستەكان حكومەتی هەرێم پێشنیازی كردووە، هەرێم ئیمزا لەسەر مۆڵەتی دۆزینەوەكانی نەوت بكات‌و دواتر بیخاتە بەردەم ئەنجومەنی نەوت‌و غازی فیدراڵ‌و ئەنجومەنی نەوت‌و غازی هەرێم، ئەگەر ناكۆكی هەبوو لەبارەی گرێبەستەكەوە، بڕیاری كۆتایی لەو گرێبەستانەدا كە لەچوارچێوەی دەسەڵاتی هەرێمدان، بۆ ئەنجومەنی نەوت‌و غازی هەرێم بێت.  حكومەتی ناوەندیی ئەم پێشنیازەی رەتكردوەتەوە، دەڵێ" دژی ئەمەین، چونكە پێشتر ئێمە پێكهێنانی ئەنجومەنی نەوت‌و غازمان لە هەرێم رەتكردوەتەوە".  چاودێری پرۆسەكانی نەوت‌و غاز  حكومەتی هەرێم پێشنیازی كردووە، خۆی بە هەماهەنگیی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ ئیدارەی پرۆسەكانی تایبەت بەو كێڵگانە بدات كە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی پێش جێبەجێكردنی دەستور‌و حكومەتی هەرێم سەرپەرەشتی هەموو پرۆسە نەوتییەكان لەناو هەرێمدا بكات، ئەمە پاڵپشت بە ماددەی (115)ی دەستور. حكومەتی ناوەند لەوەدا هاوڕایە لەگەڵ حكومەتی هەرێم كە بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی هەرێم ئیدارەی كێڵگەكانی بەر لە جێبەجێكردنی دەستور بدات لە هەرێم، بەڵام دژی ئەوەیە حكومەتی هەرێم سەرپەرەشتی پرۆسەكانی نەوت بكات‌و دەڵێ" بەگوێرەی بڕگەی دووەم لە ماددەی 112ی دەستور، ئیدارەدانی نەوت‌و غاز دەبێت هاوبەش بێت".  سیستەمی دارایی حكومەتی هەرێم پێشنیازی ئەوەی كردووە لەڕووی داراییەوە پشت بە (یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان ژمارە (22)ی ساڵی 2007) ببەستێت. حكومەتی ناوەند ئەم پێشنیازەی رەتكردوەتەوە، دەڵێ" ناكرێت پشت بە یاسایەك ببەسترێت كە دادگای باڵای فیدراڵی هەڵیوەشاندوەتەوە". گواستەوەی نەوت  حكومەتی هەرێم پێشنیازی كردووە، بەگوێرەی دەستور خاوەندارێتی تۆڕەكانی بۆری گواستنەوەی نەوتی خاو رێكبخرێت‌و هەرێم‌و پارێزگا رێكنەخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێمدا، مافی ئەوەیان هەبێت هێڵی بۆری نەوت‌و غاز دروست بكەن‌و خاوەندارێتی لێ بكەن، لەچوارچێوەی بازنەی ئیداری تایبەت بەخۆیاندا.  حكومەتی ناوەند دژی ئەم پێشنیازەیە، دەڵێ" دەستور نوسیویەتی كە خاوەندارێتی نەوت‌و غاز بۆ گەلی عێراقە‌و رەشنوسی یاساكە گەرەنتی ماددەیەكی كردووە كە دەڵێ: خاوەندارێتی هێڵەكانی بۆری نەوت‌و غاز بۆ حكومەتی فیدراڵییە، بەوپێیەی خزمەتگوزاری گشتین‌و دەبێت بۆ خزمەتی گشتیش بن، ئەمە پاڵپشت بە بنەما گشتییەكانی هاتوو لە یاسای مەدەنی عێراقدا. كێ نەوت بفرۆشێت ؟  حكومەتی هەرێم پێشنیازی كردووە، هەرێمی كۆمپانیایەكی بەبازاڕخستنی تایبەت بەخۆی هەبێت‌و داهاتی نەوتی خاو بخاتە حسابێكی نێودەوڵەتییەوە كە لەژێر كۆنترۆڵی هەرێمدا بێت‌و داهاتی فرۆشی نەوتی حكومەتی فیدراڵیش بخرێتە حسابێكی ترەوە. حكومەتی ناوەند ئەم پێشنیازەشی رەتكردوەتەوە‌و دەڵێ" ئەم پێشنیازە پێچەوانەی یاسای رێكخستنی وەزارەتی نەوت‌و پەیڕەوی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتە، كە بەتەنیا ئەو خاوەنی دەسەڵاتە لە فرۆشتنی نەوتی خاودا، هەروەك پێشنیازەكە پێچەوانەی حوكمەكانی یاسای ئیدارەی دارایی‌و یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵە كە دەڵێ دەبێت هەموو داهاتەكانی فرۆشی نەوتی خاو بخرێتە حسابێكەوە كە بۆ ئەو مەبەستە دەكرێتەوە".  هەڵوەشاندنەوەی یاسا دژەكان ! حكومەتی هەرێم پێشنیازی كردووە، چارەسەری بارودۆخی ئێستا بكرێت‌و هەموو ئەو یاسایانە هەڵوەشێندرێنەوە كە دژن لەگەڵ یاسای نوێی نەوت‌و غازدا (لەحاڵی پەسەندكردنیدا)، یاساكە هەندێك حوكمی ئینتقالی لەخۆبگرێت بۆ چارەسەری دۆخی ئێستای هەرێم، لەماوەیەكی زەمەنی گونجاودا، ئەمە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانەی كە پێچەوانەی دەستورن.  حكومەتی ناوەند لەمەدا هاوڕایە لەگەڵ حكومەتی هەرێم‌و دەڵێ لە رەشنوسی یاسای نەوت‌و غازدا بە ماددەیەك زامنی ئەوە كراوە هەموو ئەو یاسایانە هەڵوەشێتەوە كە دژن لەگەڵ ئەم یاسا نوێیەدا.  لەبارەی یاسای نەوت‌و غازەوە  یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ یاسایەكە كە دەبوو ساڵی 2005 دوای پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی عێراق پەسەند بكرێت، بەڵام بەهۆی ناكۆكی حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی ناوەند لەسەر چۆنیەتی نوسینەوەی ئەم یاسایە، یاساكە تائێستا دەرنەچووە.  محەمەد شیاع سودانی كاتێك لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستبەكاربوو، دادگای فیدراڵی بڕیاری خۆی لەبارەی چارەنوسی نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان دەركرد بوو، لایەنەكانی شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بەڵێنیان دا، ئەگەر كورد (پارتی‌و یەكێتیی) بەشداری حكومەتی نوێ بكەن‌و پشتیوانی لێ بكەن، ئەوا كابینەی نۆێی حكومەت لەماوەی شەش مانگدا یاسای نەوت‌و غازیان بۆ دەردەكات‌و چارەسەری ریشەیی بۆ كێشەی نەوت‌و بودجەی هەرێم دەدۆزێتەوە.  ساڵانی دوای روخانی رژێمی سەددام، كورد زۆر بە تەنگ دەرچوونی یاسای نەوت‌و غازەوە نەبوو، ئەمەش بەسودوەرگرتن لە ماددەی (115)ی دەستوری عێراق كە دەڵێ" هەر شتێك لە سنوری دەسەڵاتە (حەصری)یەكانی حكومەتی فیدراڵدا ئاماژەی بۆ نەكرابێت، ئەوە دەبێت بە دەسەڵاتی هەرێم‌و پارێزگا رێكنەخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێمدا، ئەگەر لەسەر دەسەڵاتە هاوبەشەكانی نێوان حكومەتی ناوەندی‌و حكومەتی هەرێمیشدا ناكۆكی دروستبوو، ئەوا ئەولەویەت بۆ یاسای هەرێمە". بەڵام ناوەڕاستی شوباتی 2022 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، دوای 10 ساڵ چاوەڕوانی بڕیاری خۆی لەبارەی سكاڵایەكی وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم یەكلاكردەوەو بەپێی ئەو بڕیارە یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی هەڵوەشاندەوە‌و هەرێمی پابەندكرد بەوەی نەوت‌و غازەكەی رادەستی بەغداد بكات.  لەدوای دەرچوونی ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵییەوە، حكومەتی هەرێمی بەپێچەوانەی ساڵانی دوای روخانی رژێمی سەددامەوە ئێستا لە لایەنە عێراقییەكان زیاتر خوازیاری دەرچوونی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵە، چونكە بەبێ دەرچوونی ئەم یاسایە، پرۆسەی نەوت‌و غازی هەرێم لەبەردەم كۆمپانیا وەبەرهێنەكانی نەوت‌و وڵاتانی كڕیاری نەوتدا هیچ كەڤەرێكی یاسایی نامێنێت.  لەماوەی 18 ساڵی رابردوودا (دوو) رەشنوسی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵی ئامادە كراوە بەبێ ئەوەی هیچ یەكێكیان لە پەرلەمان پەسەندبكرێت: •    یەكەم رەشنوسی پرۆژە یاسای نەوت‌و غاز لە رۆژی 15/2/2007دا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێشكەشی پەرلەمان كرا، بەهۆی نەبوونی كۆدەنگی لەسەر رەشنوسەكە، بە هەڵپەسێردراوی مایەوە، ئەم رەشنوسە بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی كێڵگە نەوتییەكانی وڵاتی داوەتە دەست كۆمپانیای نیشتمانی نەوت، بەجۆرێ ئەنجومەنێكی فیدراڵی تایبەت بەو بابەتە سەرپەرشتی بكات‌و نوێنەری هەرێمی كوردستانی تێدا بێت‌و بە هەماهەنگی‌و راوێژ بڕیارەكان دەربچن.  •    دووەم رەشنوسی پێشنیاری یاسای نەوت‌و غاز لەرۆژی 17/8/2011دا لەلایەن لیژنەی نەوت‌و وزەی پەرلەمانەوە خرایە بەردەم پەرلەمان، ئەم پرۆژەیەش پەسەند نەكرا. ئەم پرۆژەیەش هاوشێوەی پرۆژەی یەكەم داوای زامنكردنی هەماهەنگیی‌و هاوبەشی دەكات لەنێوان حكومەتی ناوەندو  حكومەتی هەرێم لە بەڕێوەبردن‌و گەشەپێدانی سەرچاوەكانی نەوتدا، بە هەمان شێوە ئەم پرۆژەیەش داوای پێكهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵی نەوت‌و غاز دەكات بەجۆرێك نوێنەری هەرێم تێیدا ئەندام بێت.   بەرپرسانی عێراقی، هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەكەن بەوەی رێگر بووە لە تێپەڕاندنی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ، چونكە بەوتەی ئەوان هەرێمی بە سودوەرگرتن لە ماددەیەكی دەستور هەوڵیداوە دەسەڵاتی خۆی بەسەر نەوت‌و غازدا بەسەر دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیدا سەربخات، لەمەشدا بەدیاریكراوی مەبەستیان لە ماددەی (115)ی دەستورە. لەبەرامبەردا بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، هۆكاری دەرنەكردنی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵی دەخەنە ئەستۆی حكومەتی ناوەندی‌و ئەمەش بەهۆكاری دەركردنی یاسای نەوت‌و غازی هەرێم لە ساڵی 2007 دەدانێن.   ئێستا كە دانوستانێكی نوێ لەسەر نوسینەوەی رەشنوسی نەوت‌و غاز هاتوەتە پێشەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوی لەوەیە لایەنێكی خۆرئاوا بێتە ناو گفتوگۆكان، بۆ ئەمەش بەمدواییە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت سەردانی پاریسی كرد‌و سەرۆكی فەڕەنسای بینی.  بەم بارودۆخەوە، ئەگەری رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ لەسەر یاسای نەوت‌و غاز ئەگەرێكی دوورەو رەنگە دەرگا لەسەر قۆناغێكی سەختتری ناكۆكی لەسەر بودجە‌و نەوت لەنێوان هەردوولا واڵا بكات.   


درەو: عێراق گرێبەستی كۆتایی گەڕی مۆڵەتپێدانی پێنجەمی واژوكرد, كە چاوەڕواندەكرێت تێكڕای بەرهەمی ڕۆژانەی نەوتی بۆ (250) هەزار بەرمیل بەرزببێتەوەو, بەرهەمی غازیشی بگاتە زیاتر لە(800) ملیۆن پێ سێجا, سودانی لەئاهەنگی واژوكردنەكەدا وتی: جێگەی داخە, دواكەوتنی گەڕی پێنجەم بۆ ماوەی (5) ساڵ, زیانێكی گەورەی ئابوری و ژینگەیی بەعێراق گەیاند.  ئەمڕۆ عێراق, واژوكردنی كۆتایی گرێبەستی گەڕی پێنجەمی مۆڵەتپێدانەكانی ڕاگەیاند, كە تایبەتە بەناوچەو كێڵگە سنورییەكان و, كاردەكات لەسەر بەرزكردنەوەی تێكڕای بەرهەمی ڕۆژانەی نەوت بۆ (250)هەزار بەرمیل و, (800) ملیۆن پێ سێجا غازی ڕۆژانە.  محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق, لەئاهەنگی واژوكردنەكەدا ڕایگەیاند: "دواكەوتنی گەڕی مۆڵەتپێدانی پێنجەم بۆ ماوەی (5)ساڵ, زیانێكی گەورەی دارایی بەعێراق گەیاندو زیانێكی ژینگەیەی جێی داخی هەبووە", جەختیشكرد لەسەر ئەوەی"ڕووكردنە وەبەرهێنانی غازی هاوەڵ و غازی سروشتی, لەقوڵایی قەناعەتێكی چەسپاوەوە سەرچاوەی گرتووە, بۆ بەدیهێنانی چاكسازی ئابوری كە تەوەرێكی بنەڕەتی پرۆگرامی حكومەت پێكدەهێنێت".   سودانی ڕونیشكردەوە: " هاوردەكردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا, ساڵانە نزیكەی (10) تریلیۆن دینار, نزیكەی(7.6) ملیار دۆلار لەسەر وڵات دەكەوێت, بۆیە وەزارەتی نەوت پێداگرە لەسەر بەدیهێنانی دابینكردنی پێداویستییەكانی ناوخۆ لە بەرهەمهێنانی غاز لەماوەی سێ‌ ساڵدا".  سەرۆك وەزیرانی عێراق وتیشی:"خواستمان چونە ناوەوەی عێراقە بۆ ناو بازاڕی غازی جیهانی, پلانمان بۆ ئەوە هەیەو جێبەجێدەكرێت, ناكرێت ئەو دۆخە نائاسایییە بەردەوامبێت, لەكاتێكدا دەبینین غازەكەمان دەسوتێت, ئەوە پارەو سامان و ئەو غازە گەرمەی بەهەدەر دەچێت بەهەوادا, دەبێتە هۆی زیادبونی قەتیسبونی گەرما".  لای خۆیەوە, حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق, لەمیانی ئاهەنگی واژوكردنی كۆتایی لەسەر گرێبەستی گەڕی مۆڵەتپێدانی پێنجەم ڕایگەیاند:"حكومەت پەرۆش بوو بۆ چالاككردنی گرێبەستەكانی گەڕی مۆڵەتپێدان, دوای ئەوەی بۆ ماوەی ( 5) ساڵ پەكخرا بەهۆكاری ناهونەری و ناپیشەیی, كە بووە هۆی پێشنەخستنی كێڵگە پشكنراوە سنورییەكان", جەختیشكرد" وەزارەت پشتیوانی هەمەجۆری كۆمپانیا براوەكان دەكات لەم گەڕەدا".   عەبدولغەنی ڕونیشیكردەوە:" ئەم گەڕی مۆڵتپێدانە تێكڕای بەرهەمی ڕۆژانەی نەوتی خاو بۆ (250)هەزار بەرمیل بەرزدەكاتەوە, لەگەڵ زیاتر لە (800)ملیۆن مەتر سێجا غاز. عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە: ئەوەی گەڕی مۆڵەتپێدانی پێنجەم جیادەكاتەوە, ئەوەیە كە كێڵگەی سنورین لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی و, دەبن بەكێڵگەی بەرهەمهێن و بڕێكی گەورەی نەوتی خاو و غاز بۆ بەرهەمی ننیشتمانی زیاد دەكەن. وتوشیەتی: وەبەرهێنان لەو كێڵگانە بۆ ماوەی (5)ساڵ دواكەوتووە, لەئاكامی بۆچون و دەستوەردانی سیاسی و ناپیشەیی, ئەوەش كاریگەری لەسەر پلانەكانی وەزارەتی نەوت و ئابوری عێراق و دروستكردووە. جەختیشیكردووە لەوەی, هەر ناوچەیەك لەناو سنوری عێراق بێت و كێڵگەی نەوتی لەخۆ بگرێت, ئەگەر نزیكیش بێت لەسنوری وڵاتانی تر, مافێكی تایبەتی عێراقەو, وەزارەتی نەوت لەئێستادا سەرقاڵی پێشخستنی هەردوو كێڵگەی بەدرەو ئەلبزركانە كە سنورین , لەحالێكدا ئەگەر كێڵگەی هاوبەشیش هەبێت, ئەوا پیادەی ڕێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان دەكات لەدیاریكردنی پشكی هەر دەوڵەتێك.  وتەبێژەكەی وەزارەتی نەوت باسی ئەوەشیكردووە: كێڵگە وەبەرهێنراوەكان لەسنوری پارێزگا هەژارەكانی دیالەو میسان و بەسرەن, ئەوەش ڕەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر هاوڵاتیانەكەی و, ئەو گرێبەستانەشی كردوشیانە كۆمپانیاكان پابەند دەكات بەوەی ڕێژەی 90%ی كرێكاری عێراقی كارپێبكەن.  نەبیل مەرسومی شارەزای بواری ئابوری بە ڕۆژنامەی (العربی الجدید)ی ڕاگەیاندووە:"گەڕی مۆڵەتپێدانی پێنجەم جیاوازە لە چوار گەڕەكەی پێشو, بەوپێیەی لەو ناوچە سنورییانە ئەنجامدەدرێت كە بەشێكی سنوری نێوان عێراق لەگەڵ كوەیت و ئێران تێدەپەڕێنێت. مەرسومی ئاماژەی بەوەشكردووە: بەگوێرەی ئەم گەڕە (6) كێڵگە, كە سیانیان دراوە بە كۆمپانیای هیلالی ئیماراتی كە ئەوانیش كێڵگەكانی (كلابات-قمرو خشم اڵاحمر-انجانە و خضر الما‌‌ء)ن, هاوكات سێ كێڵگەی تریش دراون بە كۆمپانیای جیوجیادی چینی, كە ئەوانیش كێڵگەكانی (نەفتخانەو سندیبادو حویزە)یە.  باسی ئەوەشیكردووە, گرێبەستەكانی گەڕی مۆڵەتپێدانی پێنجەم, (25%) داهاتە گریمانكراوەكانی لێدەبڕێت وەك مافی موڵكداری (كرێ‌), ئەو ڕێژەیە دەچێت بۆ گەنجینەی دەوڵەت, هاوكات تێچوی دەرهێنانی نەوت ( خەرجی بەڵێندەر بۆ پێشخستنی پرۆژەكە) ڕێژەیەكی دیاریكراوی بۆ دادەنرێت لەو داهاتەی كە (70%) دەمێنێتەوە. هاوكات ئاژانسی هەواڵی عێراق لەبارەی گرێبەستەكەوە بڵاویكردووەتەوە: جیاوازی ئەم گرێبەستە لەگەڵ گرێبەستی چوار گەڕی مۆڵەتپێدانی پێشوو, بەهێزی لایەنە یاساییەكانی گرێبەستەكەیە, كە بەپلەی سەرەكی دەچێتە بەرژەوەندی عێراق, وێڕای پشتبەستن بەسیتمێكی دارایی, كە زامنی پاراستنی داهاتەكانی لایەنی عێراقی دەكات لەمەترسییە ئابورییەكان, لەڕێی بنەمای قازانج وەك ڕێژە نەك  وەك ژمارەیەكی جێگیركراو, كە لە چوار گەڕەكەی پێشودا بەوشێوەیە بووە.


 (درەو):  دەستەی دادوەریی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لەبەرژەوەندی بافڵ تاڵەبانی بڕیاریداو گۆڕانكارییەكانی ناو یەكێتیی بە "یاسایی‌و پەیڕەوی" پەسەندكرد، پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی جارێكی تر تانە لە بڕیارەكە دەكەنەوە.  بەپێی زانیارییەكانی (درەو) كە لە سەرچاوەیەكی باڵاوە لە یەكێتیی دەستیكەوتووە، دەستەی دادوەریی بۆ هەڵبژاردنەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە تایبەتە بە پرسی هەڵبژاردن‌و پارتە سیاسییەكان، بڕیاری ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی سەبارەت بە چارەنوسی یەكێتی پەسەندكردووە.  ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق پێشتر بە نوسراوێك گۆڕانكارییەكانی ناوخۆی یەكێتیی پەسەندكرد‌و بافڵ تاڵەبانی وەكو سەرۆكی یەكێتیی ناساند، ئەم بڕیارە روبەڕووی تانەی یاسایی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگیی بووەوە.  ئێستا بەپێی دواین نوسراوی دەستەی دادوەریی كۆمسیۆن، تانەی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگیی رەتكراوەتەوە‌و تەواوی گۆڕانكارییە ناوخۆییەكانی یەكێتیی (هەڵوەشاندنەوەی هاوسەرۆكایەتیی) لەلایەن كۆمسیۆنەوە پەسەندكراوە‌و دادگای كۆمسیۆن گۆڕانكارییەكان بە "یاسایی‌و پەیڕەویی" ناودەبات. ئەم بڕیارە لەكاتێكدا دەرچووە، دوێنێ بۆ جاری دووەم دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر لەبەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگیی بڕیاریداو وەكو هاوسەرۆكی یەكێتیی ناساندی.  سەرباری رەتكردنەوەی تانەكەیان لەلایەن دەستەی دادوەریی كۆمسیۆنەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگیی دەیەوێت جارێكی تر تانە لە بڕیارەكە بداتەوە بەهۆی دەستخستنی بەڵگەی نوێ لە دادگای هەولێرەوە، (درەو) زانیاری زیاتر لەسەر ئەم كێشمەكێشە یاساییە بڵاودەكاتەوە.    


(درەو): دوای بەرهەم ساڵح، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقیش گەیشتە تاران‌و دەیەوێت لەبەردەم دادگایەكی ئەو وڵاتەدا شایەتی خۆی بدات لەبارەی كوژرانی قاسم سولەیمانییەوە.  ئاژانسی (تەسنیم)ی ئێران ئاشكرایكرد، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق سەردانی ئێرانی كردووە‌و لە تاران چاوی بە ژمارەیەك لە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی دەكەوێت. زانیارییە نافەرمییەكان باسلەوە دەكەن، سەردانەكەی بۆ تاران لەسەر داوای مستەفا كازمی خۆی بووە‌و دەیەوێت لەم سەردانەدا لەبەردەم دادگایەكی تایبەتی ئێراندا، شایەتی خۆی بدات لەبارەی كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە هێرشێكی ئەمریكییەكاندا لە فڕۆكەخانەی بەغداد.  هەندێك سەرچاوەی تر دەڵێن، ئێرانییەكان بانگهێشتی كازمییان كردووە بۆ تاران، چونكە هێشتا كازمی رۆڵی نێوەندگیر دەبینێت لەنێوان ئێران‌و هەندێك لە وڵاتانی ناوچەكەدا، بەدیاریكراویش سعودیە.  بەڵام كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی محه‌مه‌د شیاع سودانی، ئێستا رۆڵی نێوەندگیری نێوان ئێران‌و سعودیەی گرتوەتە دەست‌و رۆژی 8ی ئەم مانگە سودانی لە وەڵامی پرسیارێكی رۆژنامەنوساندا رایگەیاند" بەمزوانە گەڕێكی نوێی گفتوگۆی نێوان ئێران‌و سعودیە لە بەغداد دەستپێدەكات‌و لەسەرەتای كابینەكەمانەوە داوامان لە هەردوولا كردووە درێژە بە گفتوگۆكانیان بدەن". بەپێی قسەی هەندێك سەرچاوەی تر، كازمی نیگەرانە لە هەڕەشەی بەردەوامی گروپە چەكدارەكانی سەربە ئێران لە عێراق كە بەشێوەیەكی بەردەوام هەڕەشەی كوشتنی لێدەكەن، بۆیە چوەتە تاران تاوەكو سكاڵای خۆی لەم بابەتە بكات، ئەمە سەرباری نیگەرانییەكانی لە بەدواداچوونی بەردەوامی لایەنە شیعەكان بۆ ماوەی ولایەتەكەی لە پۆستی سەرۆك وەزیران‌و قەبارەی گەندەڵی‌و دزییەكان لەو سەردەمەدا.  كازمی كە بە پیاوی ئەمریكاو خۆرئاوا لە عێراق ناوی دەهێنرا، دوای ئەم سەردانەی بۆ تاران، دەیەوێت پەیوەندییەكانی ئاسایی بكاتەوە‌و جارێكی تر بگەڕێتەوە بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسیی.  كازمی دۆستی نزیكی بەرهەم ساڵح بوو، ئێستا كە هەردووكیان لە پۆستی حكومیدا نەماون، ئاڕاستەیان بەرەو تاران گۆڕیوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، چەند رۆژی رابردوو، بەرهەم ساڵح لە تاران بووە‌و لەبارەی دۆخی ناوخۆی یەكێتی‌و پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ پارتی لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی قسەوباسی كردووە.   


(درەو):  بڕیارە رۆژی 24ی ئەم مانگە، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا وەڵامی نامەیەك بداتەوە كە سێ ئەندامی كۆنگرێسی وڵاتەكەی لەبارەی دۆخی عێراق‌و هەرێمی كوردستانەوە ئاڕاستەیان كردووە، تێیدا داوا دەكەن ژمارەیەك گەورە بەرپرسی عێراق بخرێنە ناو لیستی سزاكانی ئەمریكا‌و پاڵپشتی لە هەرێمی كوردستان بكرێت، نامەكە باس لە سزادانی نوری مالیكی‌و میلیشیا عێراقییەكانی نزیك لە ئێران‌و یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە‌و رێگری لە گەشتی بەرپرسانی عێراقی دەكات بۆ ئەمریكا. لە نامەیەكدا بۆ جۆ بایدنی سەرۆكی وڵاتەكەیان، سێ ئەندانی كۆنگرێسی ئەمریكا داوا دەكەن سزا بەسەر ژمارەیەك لە سەركردە سیاسییەكانی عێراقدا بسەپێنێت‌و رێوشوێن بگرێتە بەر بۆ روبەڕووبونەوەی مەترسی ملكەچی عێراق بۆ ئێران‌و پشتیوانی لە هەرێمی كوردستان بكات.  ئەوانەی نامەكەیان بۆ بایدن نوسیوە، سێ ئەندامی كۆماریی كۆنگرێسن لە هەردوو لیژنەی توێژینەوە‌و كاروباری دەرەوە‌و بە دۆستەكانی كورد ناسراون، پێكهاتوون لە هەریەكە لە: •    مایكڵ واڵتز •    كیڤن هیرن •    جۆ ویڵسۆن ئەو سێ كۆنگرێسمانە رۆژی 10ی ئەم مانگە نامەكەیان ئاڕاستەی جۆ بایدنی سەرۆكی وڵاتەكەیان كردووە، واتە بەر لە سەردانی وەفدی حكومەتی عێراق بۆ واشنتۆن، تێیدا لەبارەی دۆخی عێراق‌و هەرێمی كوردستانەوە (13) پرسیاریان كردووە‌و چاوەڕێ  دەكەن رۆژی 24ی ئەم مانگە سەرۆكی ئەمریكا وەڵامیان بداتەوە.  دەقی نامەكە:  ئازیزمان سەرۆك جۆ بایدن داوا لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەكەین پێداچوونەوە بكات بە سیاسیەتەكانی لەبەرامبەر عێراق، بەتایبەتیش كە حكومەتی عێراق بەردەوامە لەسەر لایەنگیری بۆ رژێمی ئێران، پێویستە هەر سیاسەتێكی گشتگیری ئەمریكا بەرامبەر بە ئێران، لەهەمان كاتدا عێراقیش بگرێتەوە، چونكە بووە بە دەوڵەتێكی بەكرێگیراوی ئێران لەبری ئەوەی بەشێوەیەكی بەردەوام وەكو دەوڵەتێكی دیموكراتی ئاشتیخواز دەربكەوێت، بۆ نموونە لە كانونی دووەمی 2023دا محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق‌و حكومەتەكەی، لەسەرتاسەری عێراق، بەناو پەرلەمانیشەوە، مەراسیمیان سازكرد بۆ یادی كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فیرقەی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران‌و هاوبەشەكەی (ئەبو مەهدی موهەندیس) فەرماندەی هێزەكانی حەشدی شەعبی عێراق. سەرباری دواكەوتنی، جێگەی خۆشحاڵیمانە فشارەكانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا بووە هۆی جێبەجێكردنی چاودێریكردنی حەواڵەی دراوی كاشی ئەمریكا‌و ئەمە هاوكار دەبێت بۆ رێگریكردن لە سپیكردنەوەی پارەی سوپای پاسدارانی ئێران لەلایەن هەندێك لە بانكەكانی عێراقەوە، ئەو هەوڵانە هەنگاوی بەرایی باشن، بەڵام پێویستە كاری زیاتر بكرێت بۆ رێگرتن لە پرۆسەكانی گواستنەوە كە ئێران‌و سوپای پاسدارانی ئێران‌و هەندێك لە میلیشیاكانی عێراق لێی سودمەند دەبن. گەلی ئێران كە لە شۆڕشدایە دژی رژێمی تیرۆریست‌و دڕندەی ئێران هێشتا دەناڵێنێت‌و لە هەمان كاتدا ئێران؛ حكومەتی عێراق‌و سیستەمە داراییەكەی بەكاردەهێنێت بۆ دەربازبوون لە سزا ئابورییە نێودەوڵەتییەكان، سیاسەتی روون بۆ روبەڕووبونەوەی ئێران دەبێت بەشێوەیەكی راستەوخۆ ئاڕاستەی هەژمونی ئێران بكرێت لە عێراقدا.  ئێستا كاتی ئەوەیە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەڕوونی حكومەتی عێراق لە ئاكامی هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ ئێران ئاگاداربكاتەوە. دەبێت ئەم سیاسەتە دان بە واقعی هەژموونی ئێراندا بێنێت‌و بەردەوام نەبێت لە پێدانی دراوی كاش بە سیستەمی بانكیی عێراق‌و بواردنی لە سزاكان، كە ئەمە رێگری لە سەربەخۆیی عێراق دەكات‌و وا دەكات بە پاڵپشتی ئێران گەندەڵی زیاتر بكات.  هەروەها پێویستە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەوڵەكانی لەگەڵ حكومەتی عێراق چڕبكاتەوە تاوەكو هەرێمی كوردستان كە یەكێك لە متمانەپێكراوترین هاوپەیمانەكانمان، بەرگەی تێچووی زیاتری سیستەمی فیدراڵی عێراق بگرێت كە ئەمریكا رۆڵی بنەڕەتی لە دیزاین‌و جێبەجێكردنیدا بینیوە. لە كۆتایشدا، روبەڕووبونەوەی كارای قۆستنەوەی دامەزراوە سیاسی‌و یاسایی‌و سەربازییەكانی عێراق لەلایەن ئێرانەوە، پێویستی بەوە هەیە هەندێك لەو بەرپرسە عێراقییانەی كە لایەنگری ئێرانن، سزای گەورەیان بەسەردا بسەپێندرێت بەهۆی پێشێلكاری جددی مافەكانی مرۆڤ‌و گەندەڵی‌و پاڵپشتیكردنیانەوە لە تیرۆر. هەر شتێك لەمە كەمتر، بەردەوامی دەدات بە تێكدانی ئاسایشی ناوچەكە‌و گەشەكردنی گەلی عێراق.  وەكو ئەندامانی لیژنەی توێژینەوە‌و لیژنەی كاروباری دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەران پابەندین بە روبەڕووبونەوەی رەفتارە خراپەكانی ئێران‌و كاریگەرییەكانی لەسەر ئابوری عێراق‌و دامەزراوەكانی. داوای وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە دەكەین كاتێك ئیدارەكەتان لەم هەفتەیەدا لەگەڵ وەزیری دەرەوە‌و سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆدەبێتەوە، چاوەڕوانی وەڵامی ئەم پرسیارانە دەكەین لە وادەیەكدا كە رۆژی هەینی 24ی شوباتی 2023ی كاتژمێر 5:00ی ئێوارە تێپەڕ نەكات.  •    ئایا وەزارەتی دەرەوە یان وەزارەتی خەزێنە ئەوەیان دیاریكردووە (فایەق زێدان) سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق پێوەری سزا سەپێندراوەكانی مافەكانی مرۆڤی تێدایە وەكو بریكارێكی بیانی‌و گەندەڵ‌و پاڵپشتیكاری ماددی بەپێی ئەوەی لە یاسای ماگنیتسكی جیهانی‌و E.O.13818دا هاتووە.  •    پاكێجی سزاكان بۆ تیرۆرو گەندەڵی دژی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتر لە چ دۆخێكدان؟ •    ئەمریكا چۆن زامنی حكومەتی عێراق دەكات لە پارێزگاریكردن لە مافە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتیش لە روبەڕووبونەوەی دادگای باڵای فیدراڵی كە هاوپەیمانی ئێرانە‌و بەشێوەیەكی نادەستوریی دروستكراوە‌و دەوترێت فەرمان لە سوپای پاسدارانی ئێران- فەیلەقی قودس وەردەگرێت؟! حكومەتی ئەمریكا چۆن داوای بودجەیەكی عێراقی دەكات كە پارێزبەندی دەستوری بۆ هەرێمی كوردستان فەراهەم بكات؟ •    ئەمریكا چۆن پارێزگاری لەو وەبەرهێنانانەی بواری وزە دەكات كە خۆی لە هەرێمی كوردستان پارەیان بۆ دابین دەكات؟ ئێستا گەورەترین سەرمایەگوزاری ئەمریكا لە عێراق، لە هەرێمی كوردستاندایە، كە پێویستە بۆ ئەوەی هەرێم داهاتی پێویست بەدەستبهێنێت، ئەم سەرمایەگوزارییانە لەبەردەم هەڕەشەی ئێران‌و حكومەتی عێراقدان. •    ئەمریكا چۆن گرەنتی ئەوە دەكات حكومەتی عێراق پاڵپشتی لە هەموو هێزە سەربازییەكانی دەكات بەوەی هێزە چەكدارەكانی عێراق، هێزی پێشمەرگەی كوردیش لەخۆبگرێت‌و پێدانی پارە بە گروپە تیرۆرستییەكان رابگرێت؟  •    ئەمریكا بودجەی بۆ فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی هەواڵگری‌و كەلوپەلی سەربازی بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كورد دابین كردووە، بەڵام وەزارەتی بەرگری عێراق رێگری لە رادەستكردنی ئەو كەلوپەلانە دەكات، ئەمریكا چۆن گرەنتی ئەوە دەكات هەرێمی كوردستان دەستی بە كەلوپەل‌و توانا تەرخانكراوەكانی كۆنگرێس بگات ؟ •    سەرۆك وەزیرانی عێراق جارێكی تر پارێزگاری پێشووی بانكی ناوەندیی گەڕاندوەتەوە كە پێشتر سەرپەرەشتی سیستەمی بانكیی عێراقی كردووە‌و سودی لە حەواڵەی نەختینەیی ئەمریكا بینیوە بۆ سپیكردنەوەی پارە بۆ ئێران، ئایا وەزارەتی دەرەوە‌و وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا ئەوەیان دیاریكردووە (عەلی محسین عەلاق) پێوەرەكانی سزای ماگنیتسكی جیهانی تێدایە ؟  •    ئایا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بڕیاریداوە لەبارەی ئەوەی هەریەكێك لە ئەندامانی حكومەتی عێراق‌و ئەندامانی ئەو وەفدەی سەردانی ئەمریكا دەكات، لەناویاندا پارێزگاری بانكی ناوەندی‌و سەرۆكی دادوەران، ئەو پێوەرانەیان تێدایە كە بەپێی یاسای تەرخانكردنی وەزارەتی دەرەوە‌و پرۆسەكانی دەرەوە‌و پرۆگرامی پەیوەندیداری ساڵی 2019دا هاتووە، پێدانی ڤیزا پێیان قەدەغە دەكات‌و وا دەكات بەرپرسانی بیانی‌و ئەندامانی خێزانەكانیان نەتوانن بێنە ناو ئەمریكاوە ئەگەر بەڵگە هەبوو لەسەر ئەوەی تێوەگلاون لە گەندەڵی گەورە، لەناویاندا گەندەڵی تایبەت بە دەرهێنانی سامانە سروشتییەكان یاخود پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ؟  •    بواردنە بەردەوامەكانی بانكی بازرگانی عێراق لە سزاكان سەپێندراوەكان، نەبوەتە هۆی باشبوونی كەرتی كارەباو غاز لە عێراق‌و پشت نەبەستن بە وزەی ئێران. ئەمریكا چۆن بەشێوەیەكی كاراتر هەڵسەنگاندن دەكات بۆ بواردن لە سزاكان بۆ ئەوەی عێراق لە وزەدا كەمتر پشت بە ئێران ببەستێت؟ •    ئەو رێوشوێنانە چین كە ئەمریكا دەیگرێتە بەر بۆ رێگریكردن لە وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ ئەوەی نەچێتە ناو بواری هاوكاریی بازرگانی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی ئێران كە لە لیستی سزاكانی ئەمریكادایە، هەروەها میلیشیاكانی عێراق لەناویاندا عەسائیبی ئەهلی حەق‌و كەتیبەكانی حزبوڵاو ئیمام عەلی ؟   •    ئەو رێوشوێنانە چین كە وەزارەتی خەزێنەو یەدەگی فیدراڵی دەیگرنە بەر بۆ ئەوەی حەواڵەی ئێستای كاشی ئەمریكا بەشێوەیەكی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ سود بە ئێران‌و بریكارەكانی ناگەیەنێت، لەرێگەی فرۆشتنی كاش بە بانكە ناوەندییەكانی عێراق‌و پاڵپشتیكردن لە حەواڵەی بانكیی بە دۆلار، ئایا بڕیارێكی یاسایی هەیە لەبارەی حەواڵەكردنەوە بە دۆلار لەكاتێكدا وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوامە لەسەر پێشكەشكردنی یارمەتی دارایی بە میلیشیا هاوپەیمانەكانی ئێران. بەو رێكخراوانەوە كە ئەمریكا بە رێكخراوی تیرۆرستی ناویان دەبات ؟  •    ئەو رێوشوێنانە چین كە ئەمریكا دەیانگرێتە بەر بۆ رێگریكردن لە دانانی ئەو بەرپرسە باڵایانەی عێراق كە سەربە رێكخراوە تیرۆرستییە دیاریكراوەكانن، لەناویاندا وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق‌و وەزارەتی كارەبا‌و وەزارەتی بەرگری‌و دەزگای هەواڵگری عێراق ؟ •    ئەو رێوشوێنانە چین كە ئەمریكا گرتویەتیە بەر بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕگەی یاسای پێدانی دەسەڵات بە بەرگری نیشتمانی بۆ ساڵی دارایی 2020 كە رێگری لەوە دەكات وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پاڵپشتی پێشكەشی هیچ دامەزراوەیەكی عێراقی بكات كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پاڵپشتی لە فەیلەقی قودس بكات؟ ئەمە چۆنی پاڵپشتی ئەمریكای بۆ وەزیری ناوخۆی عێراق گۆڕی؟ 


مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) ڕۆژنامەی "الصباح"، کە ڕۆژنامەی فەرمی حکومەتی عێراقە، راپرسییەکی بڵاوکردەوە کە (راپرسیەكە لەلایەم كۆمپانیای شیكار بۆ تووێژینەوەو راپرسی لە شارەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوەو لە سایتی درەو بڵاوكراوەتەوە)  و تیایدا زۆرینەی ئەوانەی پرسیاریان لێکراوە دەنگیان بە هەڵوەشاندنەوەی هەرێم داوە و خواستی گەڕاندنەوەی دەسەڵاتەکانیان بۆ بەغدا نیشانداوە. لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەوە حکومەتی هەرێم بە فەرمی وەڵامی رۆژنامەکەی دایەوە و خودی ڕۆژنامەکەی بە «مایەپووچ» ناوبرد. لە هەمانکاتدا بەو زمانە ئینشاییەی ساڵانێکی درێژە قسەی پێدەکەن دروستبوونی هەرێمیان بە خوێنی ڕژاوی «هەزاران شەهید» و بە «خۆڕاگری پێشمەرگە قارەمانەکان»ەوە گرێدا. هەندێک بەرپرسی تر لە ئاستێکی تەواو نزمتردا وەڵامی ڕۆژنامەکەیان دایەوە. وەک هەمیشە کەسیان بەلای ئەو مانا سادانەدا نەگەڕان کە لە پشتی ئەو دەنگدانەi زۆرینەوەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەرێم. هەموو کۆمەڵگایەک کۆمەڵگایەکی قسەکەرە، جا چ لە پەیوەنیدا بە خۆیەوە یاخود لە پەیوەندیدا بە حوکمرانەکانییەوە. لە هەموو جیهاندا کۆمەڵگایەک نادۆزینەوە بە شێوازی جیاواز قسەنەکات و لە ڕێگای ئەو قسەکردنەشەوە خۆی بۆ خۆی و خۆی بۆ حوکمڕانەکانیی و دەوروبەرەکەشی، نمایشنەکات. وەکچۆن تاکەکەس قسەدەکات بۆ ئەوەی بەیانی دۆخی خۆی بکات و بە هەمانشێوە کۆمەڵگاش وەک یەکەیەکی دەستەجەمعیی، قسەدەکات و خۆی بەیاندەکات.  قسەکردنیش هەم  شێوازی جیاوازی هەیە و هەم بە قۆناغی جیاوازیشدا تێدەپەڕێت. لە قۆناغی یەکەمدا، ئەگەر گوێیەک هەبێت بۆ بیستن و جاوێکیش هەبێت بۆ بینین، کۆمەڵگا لە ڕێگای زمانەوە دەدوێت. ئەوەی دەیەوێت و داوایدەکات بە دەنگ و نووسین و هێما دەیڵێت و بەیانیدەکات. ناڕەحەتییەکانی، دڵەراوکێکانی، مەترسیی و دوودڵییەکانی، خەون و خواستەکانی بەیاندەکات. (کۆی ئەو هەموو نووسین و قسەکردنە زۆرەی کۆمەڵگای ئێمە لە سێ دەیەی رابردوودا کردویەتی، دەرکەوتی ئەم ئاستەی قسەکردن و خۆنمایشکردنە). کاتێک دەنگ و قسەکردن و نووسین بێنرخ و بێبایەخدەکرێن و گوێیەک نامێنێتەوە بۆ بیستن، کاتێک بەشەکی زۆری کەنالەکانی قسەکردن و خۆنمایشکردن مۆنۆپۆڵدەکرێن، قۆناغی ئەنجامدانی کردەی بینراو و بەرجەستەکراو دەستپێدەکات. لێرەدا کۆمەڵگا بە زمانی جوڵاندنەوە  و نارەزاییدەربڕین و جوونە سەر شەقام دەدوێت (لە ١٧ شوباتەوە ئەم زمانە بە خەستی ئامادەیە و خۆپیشاندان و ناڕەزاییدەربڕین بەشێکی بەرچاوی ئەو زمانە کردەییە بووە کۆمەڵگای ئێمە قسەی پێکردوە. ساڵێک نادۆزینەوە پەنا بۆ شەقام نەبرابێت بۆ نارەزاییدەربڕین بەرامبەر بە مەسەلەیەک یان جەند مەسەلەیەکی دیاریکراو). کە ئەم زمانە کردەییەش دادی نەدا ئیتر پەنا بۆ زمانی بایکۆت و بەشدارینەکردن دەبرێت، کۆی ئەو پردانە دەڕوخێنرێت کە کۆمەلگا بە حوکمڕانەکانیەوە گرێئەدات. ئەم شێوازە تایبەتە لە قسەکردنی کۆمەڵگا، بۆ نموونە، لە بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکان و لە بایکۆتی ئەو بۆنە و یادکردنەوە فەرمیانەدا بەرجەستەیە کە دەسەلاتداران ڕێکیاندەخەن و بەڕێوەیدەبەن. بایکۆتکردن زمانی جیاکردنەوەی ماڵی کۆمەڵگایە لە ماڵی حیزب و ماڵی خەڵک لە ماڵی حوکمڕانان و بنەماڵە سوڵتانییەکان. ئەگەر حوکمرانان و بازنە داخراوەکانی دەوروبەریان کۆمەڵگاکەیان هەم گۆڕیبێت بۆ کۆمەڵگای چەندان گیتۆی داخراو و هەم دەیان کۆمەڵگای تەریب و بێپەیوەنیدان لەناو یەک کۆمەڵگادا دروستکردبێت، ئەوەی لەبەردەم کۆمەڵگادا بۆ رەفزکردنی ئەو ستراتیژیەتی بەگیتۆکردنەدا ماوەتەوە، رەفزکردنی بنەما مادییەکانی ئەو توانایانەیە کە ئەو کردەی بە گیتۆکردنەی مەیسەرکردوە. ئەم رەفزەش لای ئەو زۆرینەیەی لەو ڕاپرسییەدا بەشداریان کردوە، خۆی لە هەڵوەشاندنەوەی کۆی هەرێمەکەدا دەبینێتەوە، کە لە دیدی ئەواندا بووە بە شوێنێک بۆ ئاوسانی بەردەوامی دەسەڵاتی سیاسیی و ئابوریی و سەربازیی و ئەمنیی ئەو حوکمڕانانە و بنەماڵە سوڵتانییەکان.  ئەم خواستی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمە تۆخکردنەی ئەو سنوورە پتەوەیە کە خەڵک لە نێوان خۆیان و ئەو جیهانەدا کێشاویانە کە بنەماڵە حوکمرانەکان و کەمینە داخراوەکەی دەوروبەریان دروستیانکردوە. گەیاندنی ئەو سنوورەیە بە دوا خاڵی خۆی کە خاڵی سڕینەوەی هەرێمەکە خۆیەتی، هەرێمێک لە خەیاڵگەی کۆمەڵگاکەدا گۆراوە بۆ کۆمەڵێک چاڵە نەوت و بۆ تۆڕێکی گەورە لە بازرگانی قۆرخکراو و جەند دەغیلەیەکی گەورەی پڕ لە پارەی دزراو.   بەشداربووان لە ڕێگای ئەو ڕاپرسییەوە رەفزێکی سەرانسەری کۆی ئەو شتانە نیشانئەدەن کە حوکمرانان  دەیکەن و ئەنجامیئەدەن. لە ڕاستیدا ئەم خواستی هەڵوەشاندنەوەی هەرێم، لەوە کەوتوە قسەبێت، قسەی ئاسایی کۆمەڵگا لەگەڵ خۆی و لەگەڵ حوکمرانەکانیدا، بەڵکو بووە قیژە، قیژەیەکی گەورە، رەنگە دواهەمین قیژە، کە پێویست دەکات هەمووان لە هەرێمەکەدا بەخەبەربهێنێتەوە. لە هەناوی ئەم خواستی هەڵوەشاندنەوەیەی هەرێمدا، جۆرێک لە پرۆژەی ئینتیحارکردنی دەستەجەمعیی ئامادەیە، کە بەرهەمی سەندنەوەیەکی سیستماتیک و توندوتیژانەی ئومێدە لە کۆمەڵگا و دەرەنجامی بێمتمانەیەکی قەترانیی گەورە و هەمەلایەنی خەڵکە بە حوکمڕانەکانی. وەکچۆن بەرهەمی کوشتن و وێرانکردنی هەموو ئەلتەرناتیڤێکی عەقلانیی ئەو دۆخەیە لە هەرێمەکەدا سەروەرکراوە. دەرنجامی سەروەرکردنی سیستمێکی ئابورییە کە ئابوریی  زوڵمە. دەرەنجامی قۆرخکردنی ئێستا و ئایندەی زیاد لە نەوەیەکە لە هەرێمەکەدا و  گۆڕینی زۆرینەی خەڵکی کۆمەڵگاکەیە بۆ ڕەعیەتی بێماف و بێئایندە.  لەزۆر سەرەوە خواستی هەڵوەشاندنەوەی هەرێم درێژەی ئەو دۆخە سایکۆلۆژییە دەستەجەمعیەیە کە پاڵ بە کەسانێکەوە دەنێت کۆچ بکەن و ریسکی خنکان لە دەریاکاندا، یان کوژران و پروکان لە ڕێگاکاندا، تاقیبکەنەوە.  ئەوانەی کۆچدەکەن لەگەڵ ئەگەری مردندا هاوڕێگان، خواستی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمیش هاوڕێگابوونە لەگەڵ ئەگەرێکی مەترسیداریی لەو شێوەیەدا.  


 درەو: عێراق ساڵانە(6) ملیارو (500) ملیۆن دۆلار بەهەدەر دەدات لەسوتاندنی غازدا, لەساڵی (2020)دا, بەدووەم خراپترین وڵات لەسەر ئاستی جیهان ڕیزبەندكراوە لەڕووی سوتاندنی غازی هاوەڵ, كە بڕەكەی گەیشتووەتە نزیكەی (17.4) ملیار مەتر سێجا.  هەوڵەكانی عێراق بۆ سەربەخۆبوون لەغازی ئێرانی, مایەی  نییگەرانی فەرمانگە بازرگانی و سیاسییەكانی تارانە, سەرەڕای ئەوەی بەدوریشی دەزانێت دراوسێ مێژوییەكەی, دوای ساڵانێكی زۆریش بتوانێت دەستبەرداری غازەكەی بێت. عێراق گفتوگۆی نوێی لەگەڵ ئەمریكا ئەنجامداوە, بە ئامانجی سود وەرگرتن لەسامانە سروشتییەكانی و, دەستبەردابوون لەئێران لەمەودای دوردا, كە ئەوەش هەندێك لەخاوەنكارە ئێرانییەكانی توڕەكردووە, بەگوێرەی تەلەفیزیۆنی (پرێس تیڤی) ئێرانی.  عیماد عەلاق, ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت: عێراق گفتوگۆی جدی لەگەڵ پسپۆڕانی ئەمریكا ئەنجامداوە, بە ئامانجی هاوكاریكردنی لە سود وەرگرتن لەغازی هاوەڵ و بەرهەمهێنانی كارەبا, كە ئەوەش وادەكات بەغداد دەستبەرداری غازی ئێران بێت, هەروەها ئەو كارەبایەشی لەئێرانەوە هاوردەی دەكات. (6)ملیارو (500) ملیۆن دۆلار بەهەدەر دەدرێت عێراق چاوی لەوەیە سود لەشارەزایی و هاوكاری ئەمریكا وەربگرێت, بۆ ڕێگەگرتن لە بەهەدەردانی (6)ملیارو (500) ملیۆن دۆلار بەهۆی سوتاندنی غازی هاوەڵ, كە بڕەكەی ساڵانە دەگاتە (18) ملیار مەتر سێجا.   بانكی نێودەوڵەتی لەساڵی (2020)دا, عێراقی بەدووەم خراپترین وڵات لەسەر ئاستی جیهان ڕیزبەندكردووە, لەڕووی سوتاندنی غازی هاوەڵ لەدوای ڕوسیاوە, بەجۆرێك بڕی ئەو غازەی لەو ساڵەدا سوتاندوییەتی, گەیشتووەتە نزیكەی (17.4) ملیار مەتر سێجا.  عێراق لەساڵی (2021)وە, سەرقاڵی دیراسەكردنی وەبەرهێنانی غازی هاوەڵە لەڕێی پلانێكی پێنج ساڵییەوە تا ساڵی (2026), وەزارەتی نەوتی عێراق چاوی لەوەیە لەساڵی (2023)دا, (400)ملیۆن مەتر سێجا لەو وەبەرهێنانە بۆ بەرهەمی كۆمپانیای غازی بەسرە زیادبكات, بەنیازیشە تێكڕایی ئەو زیادەیە بگەیەنێتە (2.6) ملیار پێ سێجای ڕۆژانە لەگەڵ هاتنی ساڵی (2026)دا. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا, بایەخ بەودۆسییە دەدات لەبەر هەردوو هۆكار, هۆكاری سیاسی و ژینگەیی, كە لەو ڕێگەیەوە عێراق دەتوانێت بڕێك سەربەخۆی و دوركەوتنەوە لەئێران بەدەستبهێنێت, لەڕێی وەبەرهێنانی غازەكەی لەبری سوتاندنی, هەروەها دەتوانێت بەهەمان پرۆسە پیسبونی ژینگەو ئەو پاشماوەیەی بەهەوادا بڵاودەبێتەوە لەو كەرتە, كەمبكاتەوە. هاوشانی ئەوەش, گفتوگۆكانی عێراق و ئەمریكا سەریكێشاوە بۆ پەلەكردن لەپرۆژەی گرێدانی كارەبایی هەرێمی لەگەڵ ئوردن و سعودییەو وڵاتانی كەنداو, كە بەشداریدەكات لەكەمكردنەوەی پشتبەستنی عێراق بەكارەبای هاوردەكراو لەئێرانەوە. پێویستی عێراق لەهاوردەكراوی ئێران عیماد عەلاق, ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق, بەئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاندووە: ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا جدییەتێكی زۆری پیشانداوە, بۆ ئەوەی عێراق بتوانێت چارەسەری ستراتیجی چالاك جێبەجێبكات لەبواری وزەو پشتیوانی تۆڕی كارەباو, سود وەرگرتن لەسامانەكانی وڵات لەمەودای مامناوەندو دوردا.  ئەو لێدوانانە بازنەكانی دەسەڵات و بازرگانی لەئێران بێزاركردووە, كە ساڵانێكی دورودرێژە وەك باخچەی پشتەوە تەماشای عێراق دەكەن و, باوەڕ بەوەناكەن كە لەبواری وزەو كارەبادا عێراق دەستبەرداری وڵاتەكەیان ببێت, وێڕای سیاسەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. حەمید حسێنی, ئەندامی پێشوی ژووری بازرگانی ئێرانی-عێراقی هاوبەش ڕایگەیاندووە: عێراق ناتوانێت لەساڵانی ئایندەشدا دەستبەرداری غازی ئێران ببێت, بگرە پێویستی بە بڕێكی زیاتر دەبێت بۆ دابینكردنی بەرزبونەوەی داوارییەكان لەسەر وزە, بەتایبەت لەهەردوو كەرتی نیشتەجێبون و پیشەسازیدا.  حسێنی جەختیشكردووە لەسەر پێویستی زۆری عێراق بەكارەبای هاوردەكراو لەئێرانەوە, پێشیوایە هاوكارییەكانی ئەمریكا ناتوانێت وا لەعێراق بكات بڕی پێویست لەغاز بەرهەمبهێنێت و پێداویستییەكانی ناوخۆ دابین بكات, بەڵام ڕەنگە بتوانێت بەرهەمی غاز زیادبكات, بەجۆرێك بتوانێت بەشێك لەداواكاری وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا كە بەغاز كاردەكەن, دابین بكات.  كێشەی هاتوچۆ حەمید حسێنی, بە ئاژانسی هەواڵی كاری ئێرانی (ئیلنا)ی وتووە: ئەگەر عێراق لەبواری وزەدا سەربەخۆبێت لەئێران, ئەوا بەناچاری خۆی دەبینێتەوە بەتێپەڕبون لەڕێی ڕێگاكانی ئێرانەوە, بەهۆی لاوازی دۆخی بەندەرە عێراقییەكان و لاوازی توانای, بۆ وەڵامدانەوەی زیادبونی داواكاری لەسەر شمەكی هاوردەكراو و بەربومەكان. عێراق ساڵانە نزیكەی (20) بۆ (25) ملیۆن تۆن بەرهەمە نەوتییەكانی ئێران هاوردە دەكات, ئەگەر هەوڵی ئەوە بدات كە دەستبەرداری هاوردەكردنی ببێت لەتارانەوە, ئەوا خۆی لەبەردەم كێشەی تێپەڕبون بەڕێگای ئێراندا دەبینێتەوە. تاران قەیرانەكە قوڵتردەكات عێراق برێكی زۆر لەغازی ئێرانی هاوردە دەكات, كە لەدوو وەرزدا دەگاتە ترۆپك, یەكێكیان لەوەرزی زستان كە دەگاتە (50) ملیۆن مەتر سێجای ڕۆژانە, دووەمیشیان لەوەرزی هاوین, كە دەگاتە تێكڕای (70) ملیۆن مەتر سێجای ڕۆژانە.  عێراق لەهاوینی ڕابردودا, ڕوبەڕوی قەیرانێكی گەورەی كارەبا بوەوە بەهۆی كەمكردنەوەی ناردنی غاز لەلایەن ئێرانەوە بەشێوەیەكی پێوانەیی, كە ڕۆژانە گەیشتە (8.5) ملیۆن مەتر سێجا, بەهۆی دواكەوتنی بەغداد لەپێدانی شایستەكانی غازی ئێران لەساڵی (2020)دا. بڕیارەكەی ئێران بەكەمكردنەوەی هەناردەی غاز,  بووە هۆی كەمبونەوەیەكی گەورەی بەرهەمهێنانی كارەبا لەعێراق, كە گەیشتە (7.5) هەزار میگاوات, ئەوەش وەزارەتی كارەبای عێراقی ناچاركرد پەلەبەكات لەپێدانی شایستەكانی ئێران كە بڕكەی (1.6) ملیار دۆلاربوو, پێش ئەوەی هاوردەكردنی غاز جارێكی دەستپێبكاتەوە.   وەزارەتی كارەبای عێراق لەگەڵ ئێران ڕێككەوت بۆ زیادكردنی هاوردەكردنی غاز لە (10) ملیۆن مەتر سێجاوە لە مانگی شوباتدا, بۆ (25) ملیۆن مەتر سێجا لەمانگی ئازاری (2023)دا.  ئەحمەد عەبادی, وتەبێژی وەزارەتی كارەبا لەلێدوانێكدا بەسەكۆی تاقەی ڕاگەیاندووە: وەزارەتەكەیان هیوای هەیە لەدوای مانگی ئازاری ئەمساڵەوە تێكڕای هاوردەكراوی غازی ئێران بگەڕێتەوە بۆ ئاستی خۆی كە (30) ملیۆن مەتر سێجا غازی ڕۆژانەیە.  دانوستان لەگەڵ قەتەر وتەبێژی وەزارەتی كارەبا لەوەڵامی پرسیارێكی سەرچاوەكەدا, ڕایگەیاندووە: وەزارەتی نەوتی عێراق بەدوای هەمەڕەنگكردنی هاوردەكردنی غازدا دەگەڕێت لەوڵاتانی ترەوە, لەوانە قەتەر, كە لەئێستادا سەرقاڵی دانوستانن لەگەڵیدا. عەبادی جەختیكردووە, ئەنجومەنی وەزیران هەردوو وەزارەتی نەوت و كارەبای دەستكراوە كردووە لەدانوستانكردن لەگەڵ قەتەر, بەپێی بڕیارێك كە لە مانگی شوباتی (2022)دا, دەرچووە.  بەپێی بڕیارەكە, وەزارەتی كارەبا ڕاسپێردراوە بە تاوتوێكردنی پێشنیازی پێشكەشكراو لەلایەن كۆمپانیای ئكسلیریتی ئەمریكی بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ كۆمپانیاكانی غازی قەتەر, بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت. لەمانگی شوباتی ساڵی (2022)دا, سەكۆی تاقە وردەكاری گرێبەستە چاوەڕوانكراوەكەی نێوان قەتەرو عێراقی ئاشكراكرد, بۆ هاوردەكردنی بڕی (1.5) تۆن غازی شلی ساڵانە. هاوشانی ئەوەش, عێراق بیر لەپرۆژەی تەواوكاری دەكاتەوە بۆ دامەزراندنی سەكۆكانی غازی شل بۆ گۆڕینی بەغازی وشك, وێڕای بنیاتنانی تۆڕێك لەشۆستەو بۆری تایبەت بە گواستنەوەی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا.  عەبادی دەڵێت, ئەو پرۆژانە زۆر گرنگن بۆ سەرخستنی هەر هەوڵێك كە وەزارەتی نەوت دەیدات لەبواری هاوردەكردنی غازی جێگرەوە لەوڵاتانی تری غەیری ئێران, لەپێشیانەوە لەوڵاتی قەتەر. سەرچاوە: پێگەی الطاقة


 (درەو): شێخ نەهرۆ كەسنەزانیی نێوەندگیری پارتی و یەكێتی دەكات، مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی بینی، مەسرور بارزانی رایگەیاندووە" یەكێتی كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی هەردولای راگرتووە، دەرگای ئەنجومەنی وەزیرانیش بەبێ مەرج بۆ تیمی یەكێتی واڵایە" شێخ نەهرۆ كەسنەزانیی رێبەری تەریقەتی قادری، رۆژی 9ی ئەم مانگە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بینی‌و دوای گەڕانەوەی لە هەولێر، لە سلێمانی سەردانی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی كرد.  بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، شێخ نەهرۆ هەوڵی نێوەندگیری داوە لەنێوان پارتی‌و یەكێتیی، بەڵام وەڵامێكی ئەوتۆی دەستنەكەوتووە.  (درەو) زانیویەتی، مەسرور بارزانی لەبارەی كێشەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتییەوە بە شێخ نەهرۆی راگەیاندووە" ئەوەی پەیوەندی بە حكومەتەوە هەیە، با یەكێتیی بەبێ مەرجی پێشوەختە لە ئەنجومەنی وەزیران باسی كێشەكانی بكات، ئەوەی پەیوەندی بە حزبیشەوە هەیە دەتوانن لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی گفتوگۆی لەسەر بكەن‌و ئێستا مەكتەبی سیاسی پارتی چاوەڕوانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی دەكات بۆ كۆبونەوە‌و كۆبونەوەكان لەلایەن یەكێتییەوە راگیراوە".  شێخ نەهرۆ دواین كەسە هەوڵی نێوەندگیری سیاسیی دەدات،  لەم ساڵانەی دوایدا چەندین كەسایەتی لە كاتی دروستبوونی كێشە سیاسییەكاندا هەوڵی نێوەندگیرییان داوە لەوانە هەریەكە لە (دكتۆر عەلی قەرەداغی، شێخ مەحمودی حەفید، محەمەدی حاجی مەحمود)، لەسەر ئاستی دەرەوەش ئێرانییەكان‌و ئەمریكییەكان هەوڵی نێوەندگیرییان داوە.  لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا دیارترین ئەو ناوانەی كە هەوڵی نێوەندگیرییان داوە لەنێوان پارتی‌و یەكێتیی لەسەر ئاستی ناوخۆ‌و دەرەوە بریتی بوون لە هەریەكە لە: •    عەزیز محەمەد- رەشید عەبدولقادر- دكتۆر بارام- دكتۆر مەحمود عوسمان- عەبدوڵا ئاغای پشدەری لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستان •    ئاغای (شەهلایی)‌و ئاغای (محەمەدی)‌و سەردار (جەعفەری)‌و قەرارگای رەمەزان لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە •    ئەفسەر (پۆپ) لە دەزگای هەواڵگری ئەمریكا- (پیللترۆ) لە وەزارەی دەرەوەی ئەمریكا- (دۆیچ)- خانم (ئەلیزابێت جۆنز) •    تورك‌و فەڕەنسییەكان‌و لایەنەكانی موعارەزەی عێراقی بەر لە كەوتنی سەددام بەدیاریكراویش كۆچكردوو (ئەحمەد چەلەبی)  رۆژی 28ی كانونی دووەمی رابردوو، دوای دوای نزیكەی دوو مانگ ناكۆكی‌و دابڕان، وەفدێكی مەكتەبی سیاسی پارتی هاتە سلێمانی‌و لەگەڵ مەكتەبی سیاسی یەكێتیی كۆبووەوە.  بەپێی قسەی هەردوولا، لەو كۆبونەوەیەدا پارتی‌و یەكێتیی بە راشكاوییەكی زۆرەوە قسەیان لەگەڵ یەكتر كردووە سەبارەت بە كێشەكانی نێوانیان، بڕیاربوو ئەم كۆبونەوانە درێژەی هەبێت، بەڵام دەرچوونی بڕیارێك لە دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێرەوە كە تێیدا لاهور شێخ جەنگیی وەكو هاوسەرۆكی یەكێتیی دەناسێنێت، كۆبونەوەكانی نێوان مەكتەبی سیاسی هەردوو حزبی راگرت.     


درەو: راپۆرتی: یادگار سدیق گەڵاڵی - رێكخراوی روونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەكانی نەوت  حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیەوە نەوتەكەی بە نرخی زۆر كەمتر فرۆشتووە لە بازاڕەكانی جیهاندا، بە جۆرێك لە مانگی 12ی 2022 بە (19) دۆلار كەمتر لە بازاڕەكانی جیهان فرۆشتوویەتی. كۆی داهاتی نەوتی فرۆشراوەی هەرێمی كوردستان (12 ملیارو 422) ملیۆن دۆلار بووە لەو بڕە (5 ملیارو 709 ملیۆن) دۆلاری بۆ ماوەتەوە بەرێژەی (46%). بە پێی خوێندنەوەی (رێكخراوی روونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەكانی نەوت) سەبارەت بە راپۆرتەكانی دیلۆیت.    خوێندنەوەیەک بۆ ڕاپۆرتەکانی ساڵی ٢٠٢٢ ی دیلۆیت ڕاپۆرتی وردبینیی بەرهەمهێنان، هەناردەکردن، بەکاربردن و داهاتی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان یادگار سدیق گەڵاڵی                                                           ١٥/٠٢/٢٠٢٣ دەستپێك کاتێك نەوت و داهاتەکەی، بەشێوەیەکی دروست و شەفاف مامەڵەی لەگەڵبکرێت، دەبێتە سەچاوەیەکی گرنگ و زیندووی ئابووری هەر وڵاتێك. هەرێمی کوردستان لەماوەی چەند ساڵی ڕابوردوودا بەشێوەیەکی زۆر پشتی بەداهاتی نەوت بەستوە، وەك سەرچاوەیەکی سەرەکی داهات بۆ بەڕیوەبردنی هەرێم. هاوکات لە چەند ساڵی ڕابوردوودا زۆرترین قسە لەسەر سەکتەری نەوت و چۆنییەتی بەڕیوەبردنی کراوە، بەتایبەت لەسەر داهات و چۆنییەتی خەرج کردنی داهاتە نەوتییەکان. لێرەوە گرنگی بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرت و زانیاری و شیکردنەوە و راڤەکردنی ئەو زانیارییانە لەلایەن کەسانی شارەزاوە پێویستە، بەتایبەت کاتێك زانیارییە فەرمییەکان سنوردارن و دەست پێگەشتنیان زەحمەتە، وە لە لایەکی تر بوارێکی پسپۆڕی ووردە، کە دەبێت بەشێوەیەکی زانستی و بابەتی قسەی لەسەر بکرێت، لەهەمان کاتدا بەزمانێك دابڕێژرێت هەموان لێی تێبگەن.  وەکو لە پێناسەی وردبینی دا هاتووە کە وردبینی بۆ تۆمارەکانی ژمێریاری و داتاکانی هەر دام و دەزگایەك یان سەکتەرێکی دیاری کراو دەکات تاوەکو بزانرێت بە پێی سیستەمی ئەو دەزگایە مامەڵە دکرێت، لێرەدا  لایەنێکی سەربەخۆ کە دیلۆیتە  وردبینی دەرەکی دەکات بۆ گرنگترین سەکتەری هەرێم کە تائێستا شادەماری ئابوری هەرێم پێك دەهێنێت. بڵاوکردنەوەی هەر ڕاپۆرتێك لەسەر هەربوارێکی دیاری کراو گرنگی خۆی هەیە، بەتایبەت بۆ داموو دەزگا حکومییەکان کە بڵاوکردنەوەی زانیاری دەچێتە خانەی  روونبینییەوە. لەرێی ڕاپۆرتەکانەوەیە چۆنییەتی مامەڵەکردن و بەڕێوەبردنی ئەو سەکتەرەمان  بۆ دەردەکەوێت کە ڕاپۆرتەکەی لەسەر نوسراوە .  لەم سۆنگەویەوە ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت گرنگی خۆی هەیە بەتایبەت کە ڕاپۆرتی وردبینیە لەداهاتی نەوتی هەرێـم کە جێی مشتومڕ بووە لە چەند ساڵی رابوردوودا. وردبینی ناوخۆیی و دەرەکی پرۆسەیەکی بەردەوامە، لە بڕێوەبردنێکی دروستدا بۆشاییەکان و کەلێنەکانی بواری وردبینی بۆ کراو دەدۆزرێتەوە و پێشنیاری چارەسەری بۆ دادەنرێت تاوەکو لەڕێیەوە بتوانرێت زیادترین سود لەو بوارە وەربگیرێت و ببێتە هۆی بوژاندنەوەی. رۆژی ١٤/٢/٢٠٢٣ حکومەتی هەرێم  ٢ ڕاپۆرتی  کۆمپانیای دیلۆیتی بڵاوکردەوە کە وردبینیی بۆ بەرهەمهێنان، هەناردەکردن، بەکاربردن و داهاتی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بۆ ماوەی نێوان ١ی تەموزی ٢٠٢٢ تا ٣١ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢. وە پێستریش ٢ ڕاپۆرتی بۆ دوو چارەکی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوکردەوە کە بەم ڕاپۆرتە حکومەت ڕاپۆرتی وردبینی ٦ ساڵی تەواوی بڵاوکردووەتەوە (ساڵەکانی ٢٠١٧-٢٠١٨-٢٠١٩-٢٠٢٠-٢٠٢١-و٢٠٢٢).  لێرەدا هەوڵ دەدەم خوێندنەوە بۆ ژمارەکانی نێو ڕاپۆرتەکانی هەر چوار چارەکی ساڵی ٢٠٢٢ بکەم و لەسەریان بەپێی پێویست هەڵوێستە بکەم.  ئاستی بەرهەم: ئاستی بەرهەم لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا بەشیوەیەکی رێژەیی سەقامگیر بووە، گۆڕانکاری زۆری بەسەردا نەهاتووە. بەرزترین تێکڕای بەرهەمی رۆژانە لە چارەکی دووەمدا بووە کە تێکڕا ٤٤٣ هەزار بەرمیل بووە لە کاتێکدا چارەکی سێهەم نزمترین ئاست بووە تێکرای بەرهەمی رۆژانە نزیك بووە لە ٤٢١ هەزار بەرمیل لەرۆژێکدا.     بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت لە نیوەی دووەمی ساڵدا ئاستی هەناردە کەمی کردووە بەشێوەیەك لە چارەکی چوارەمدا بەراورد بە چارەکی دووەم ئاستی هەناردەزیاتر لە  ٢٥ هەزار بەرمیلی رۆژانە کەمی کردووە. ئەمەش بەشێکی زۆری بۆ زیادبوونی بەکارهێنانی ناوخۆ دەگەڕێتەوە کە لە چارەکی کۆتایی ساڵدا نزیکە ١٩ هەزار بەرمیل زیادی کردووە.    نەوتی خاو دراوە بە پاڵاوگاکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان:  لەماوەی ئەم ساڵەدا ئەو بڕە نەوتەی کە دراوە بە پاڵاوگەکان لە ٣ چارەکی سەرەتادا تا رادەیەکی زۆر نزیك بووە لە یەکەوە بەتێکڕا لە ٢٥ هەزار بەرمیلی رۆژانەدا بووە بەڵام لە چارەکی سێهەمدا ئەم بڕە زیادی کردووە بۆ ٤٢ هەزار و ٥٠٠ بەرمیل نەوتی رۆژانە کە رێژەی ٤١٪ بەراورد بە ٩ مانگی پێشوو زیادی کردووە.  پێ دەچێت حکومەت بۆ زیادکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بەتایبەت نەوتی سپی( کیریسۆن) و بەنزین ئەم کارەی کردووە، بەتایبەت لە چارەکی چوارەمی ساڵدا نرخی نەوت زۆر بەرزبوو ، ئەمە کارێکی باشە بەڵام پێویستە لەهەموو وەرزەکاندا ئەم کارە بکرێت تاوەکو لە وەرزی زستاندا کەمتر پێویست بەهاوردەکردنی ببین بەتایبەتی کە ژێرخانی پاڵاوتنی نەوت لەهەرێم زۆر باشە  . کاتێک دەڵێین ژێرخانی پاڵاوتنی نەوت باشە مەبەستمان ئەوەیە ٤ پاڵاوگە لە هەرێم هەن  کە تونای پاڵاوتنیان بەم شێوەیە: •    کار  کە کار گرۆپ خاوەنداری دەکات توانای پاڵاوتنی ١٦٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەیە و چواریەکەی پاڵاوتنی بەنزینی هەیە توانای بەرهەم هێنانی ٥ ملیۆن لیتر بەنزینی هەیە.  •     بازیان  کۆمپانیای قەیوان خاوەنداری دەکات، توانای پاڵاوتنی ٤٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا  هەیە و بڕی ١.٥ ملیۆن لیتر بەنزین دەپاڵێوێت. و توانای بەرهەم هێنانی ٢٠٠ هەزار لیتر نەوتی سپی هەیە.  •    لاناز  توانای پاڵاوتنی ٧٥ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە نەوتی خاوی هەیە و دەتوانێت رۆژانە  ١.٥ ملیۆن لیتربەنزین بەرهەم بهێنێت. •    پاڵاگەوی تاوگی  خاوەندارێتی لە لایەن کۆمپانیای نەوتی دی ئێن ئۆ وە دەکرێت. و توانای پاڵاوتنی ٥ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەیە.  کەواتە توانای پاڵاوتنی هەرێم لەم ٤ پاڵاوگەیە ٢٨٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاوە لەرۆژێکدا کە توانای پڕکردنەوەی پیویستی ناوخۆی بەزیادەوە هەیە گەر نەوتی خاویان بۆ دابینبکرێت ، ئەگەر وەزارەت نەوتی لەبەردەستدابێت  و پابەندی تری نەبێت ئەوا زۆر باشترە سەرەتا پێداویستی ناوخۆ لە بەرهەمە نەوتییەکان پڕبکاتەوە پاشان دەست بەهەناردە بکات.  فرۆشی نەوت لە ناوخۆدا:  بڕێکی کەم لەو نەوتەی هەرێم  بەرهەمی دەهێنێت لەبازاڕی ناوخۆدا دەفرۆشرێت، ئەوەی تێبینی دەکرێت لە ڕاپۆرتەکانی دیلۆیتدا ئەوەیە کە نرخی ئەو نەوتەی لەناوخۆدا دەفرۆشرێت کەمترە لەو نرخەی کە لەڕیی بۆرییەوە و لە بەندەری جەیهانی تورکی دەفرۆشرێت. بەشێوەیەك هەندێ کات جیاوازی نرخەکە  زۆرە و هەندێك جاری تر جیاوازیەکە کەمە. روون نییە ئەم جیاوازییە هۆکارەکەی چییە ئایا پاڵپشتی بازاڕی ناوخۆیە؟ بەڵام حکومەت سیاسەتی بازاڕی ئازاد پەیڕەو دەکات و ئەگەر بەو ئامانجەش بێت پێ ناچێت هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بازاڕ دروستکردبێت. یاخود پەیوەستبێت بە کوالیتی نەوتەکەوە. هەرکام لەم گریمانانە بێت پێویستە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان روونکرنەوە بدات کە ئایا هۆکاری کەمی نرخی نەوتی فرۆشراو لە ناوخۆدا چییە؟ نرخی فرۆشی نەوت لە ڕیی بۆرییەوە حکومەتی هەرێم لە بەرواری ١ی ئەیلولی ٢٠٢٢ەوە هەستاوە بە  هەموارکردنەوەی  ئەو برگەیە لە گرێبەستە نەوتییەکان کە تایبەتە بە دیاریکردنی نرخی نەوت و ئەو بنەما و پێوەرەی کەنرخی نەوتی لەسەر دیاری دەکرێت. نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای  بێنچمارکی برێنت دیاری دەکرا  کە بنەمایەکی جیهانیە، بەڵام لە دوای ئەم هەموارەوە کە کۆمپانیاکان ئیمزایان کردووە، ئەو پێوەرەی کە نرخی نەوتی پێ دیاری دەکرێت بۆ کوردستان بلێند (KTB)دەگۆڕێت. وەکو کۆمپانیاکانی نەوت دەڵێن: هەموارەکە بە مەبەستی ڕەنگدانەوەی بارودۆخی ئێستای بازاڕ بۆ فرۆشتنی نەوت لە بەندەری جەیهان، لەگەڵ ڕێکخستنی پێویست بۆ کوالیتی نەوتی خاو بەهۆی گۆڕانی پێوەرەکانی دیاری کردنی نرخی نەوتی خاوەوە. کۆمپانیاکان دەڵێن" دەرئەنجامی کۆتایی و کاریگەری لەسەر نرخە بەدیهاتووەکان تا ئێستا نادیارە و نوێکاری زیاتر بەپێی پێویست پێشکەش دەکرێت".  . پێوەری برێنت وەکو بنەمای نزیکەی ٣/٢ی مامەڵە بازرگانییەکانی نەوتی جیهان بەکار دەهێنرێت. عێراق و هەرێمی کوردستانیش(تا مانگی ئەیلول) نرخی نەوتەکەیان لەسەر هەمان پێوەر دیاری دەکەن. ئەوەی جێی سەرنجە نرخی بەرمیلێك نەوتی هەرێم لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢ ەوە  واتە لە ئەوبەروارەی کە کە پێوەری KTB  ( بلێندی کوردستان) لەبری برێنت بۆ دیاری کردنی نرخ دەستنیشان دەکرێت لە نێوان ١٧ بۆ ١٩ دۆلار کەمتر لە نرخی برێنت فرۆشراوە. کە پێشتر لە نێوان ١١ بۆ ١٢ دۆلاردا بووە.   ئەم خشتە یەی خوارەو بەراوردی مانگانەی نرخی نەوتی هەرێم بە نەوتی خاوی برێنت و بڕی جیاوازیان نیشان دەدات.   ئایا ئەم داشکاندنە زۆرە بۆ ؟ ئەگەر هەیە هەرێم کێشەی بەبازاڕکردن و فرۆشتنی  بۆ درووست بووبێت ئەم هەنگاوەشی  بۆ راکێشانی سەرنجی کڕیارانی نەوتبێت. پێدەچێت بڕیارەکانی دادگای فیدراڵ و ئەو رێوشووێنانەی حکومەتی فیدراڵ دژی سەکتەری نەوت گرتویەتییەبەر سەرئێشە و کێشەی بۆ هەرێم دروستکردبێت لە فرۆشی نەوتەکەی. لە ڕاگەیاندنی کۆمپانیاکانی نەوتدا هاتووە هەرێم ئەم هەنگاوەی کە ناوێتی لە دیاریکردنی نرخی نەوت لەسەر بنەمای KTB  نەك برێنت بۆ وەڵامدانەوانەی ئەوڕێوشوێنانەیە کە لە بەندەری جەیهان گیراوەتەبەر و پێداویستی بازاڕە. ئەوا دەکرێت تا ئەوکاتەی رونکردنەوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەبێت بە گەڕانەوە بۆ دواوە لێکبدرێتەوە. لەگەڵ دەرچوونی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس  دژی تورکیا ئەوکات گورزێکی گەورە تر بەر هەرێم دەکەوێت و  سەرئێشەکانی زیاتر دەبێت.  هەروەها  کشانەوە کۆمپانیا ترافیگورای بازرگانی نەوت کە گرێبەستی لەگەڵ هەرێم هەبوو بۆ بەبازاڕکرنی بەشێك لەنەوتی هەرێم، گورزێکی ترە لە توانای بەبازاڕکردنی نەوتی هەرێم دکەوێت. کشانەوەکەشی بۆ ئەوەدەگەڕێتەوە کە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتی هەرێمەوە  هەرێم ئامادە نەبووە دانوستانی لەگەڵ بکات.  ڕێڕەوی دارایی کۆی داهاتی نەوت بەپێی ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت ٢٠٢٢  بەم شێوەیە بووە:    1.    گۆڕانکاری لە ڕەسیدی حیساباتی كڕیارەكان  بریتییە لە سافی گۆڕانكاریی لە ڕەسیدی حساباتی كڕیار لە ماوەی ئاماژەپێدراودا ، كۆی ڕەسیدی قەرزاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندیی كڕیارەكان لە كۆتایی ماوەكەدا.  لەسەرەتای  ساڵدا باڵانسی قەرزی کریاران لای حکومەت بریتی بووە لە ٣ ملیار و ٨١٦ ملیۆن و ٣٩ هەزار دۆلار . لەماوەی ئەو ساڵەدا بڕی ٤٦٨ ملیۆن و ٣٤ هەزار دۆلاری لێ دراوەتەوە بۆیە لە کۆتایی ساڵدا باڵانسە کە کەم بووەتەوە بۆ  ٣ ملیار و ٣٤٨ ملیۆن و ٤ هەزار دۆلار. لە چارەکی چوارەمی ساڵی ٢٠١٩ ەوە لە رەسیدی حکومەتی هەرێمی کوردستان  دا وەکو پێشەکی پارەی نەوت لە لوبنان بریتی بوو لە  ٣١٨ ملیۆن و ٥٤٠ هەزار  دۆلاری هەرێم وە ئەم بڕە لەو وڵاتە گیری خواردبوو کە  تاکو ئێستا لە بانکێکی لوبنان دەستی بەسەردا گیراوە و بەهۆی ئەو کۆتو بەندانەی بانکەکان لە لوبنان  سەپاندویانە بەسەر جموجوڵی دراوی بیانی بۆدەرەوەی وڵات. لە ئازاری ساڵی ٢٠٢٠ دا توانرا ٢٤ ملیۆن و ٢٠٢ هەزار دۆلاری بۆ خەرجی شەحنکردن  و داواکانی کارگۆی شەحنکردن لێ خرج بکرێت  و ئەوەی ماوەتەوە لە لوبنان لەو پارەیە دەکاتە ٢٩٤ ملیۆن و ٣٣٨ هەزار و ٢٣٢ دۆلار ی ئەمەریکی. ئەوەی جێی سەرنج و سەرسوڕمانە  لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١١٩ وە ئەو بڕە پارەیە لە لوبنان قوفڵ بووە ، بەڵام دوای نزیکەی  ساڵ و نیوێك و لە بەرواری ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا جارێکی تر هەرێم لە ڕێگەی بانکەکانی لوبنانەوە پارەی پێشەکی نەوتی بۆ هاتووە بە  بڕی ٣١٠ ملیۆن یۆرۆ کە تا ئێستا ئەو دوو بڕە پارە هەر لە لوبنانە و نەگەراوەتەوە بۆ هەرێـم.   2.    سود و رسومات: ئەمە چەند خەرجییەکە لەوانە خەرجی گواستنەوەی نەوت لە کێڵگەوە بۆ هێڵی بۆری نەوت، پشکنینی نەوتی خاو، سزای دواکەوتنی شەحنکردن و تێچووی فڕیدانی ئاوی زیادە و خەوش و رسوماتی سوود     . تێبینی دەکرێت لە چارەکی چوارەم دا ئەو بڕە پارەی وەکو سودو رسومات خەرج کراوە   زۆر کەمی کردووە ،هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە لەم چارەکەدا تەنها خەرجی گواستنەوە لە کێڵگەکانەوە لەگەڵ  تێست و پشکنین دراوە. بەڵام سێ چارەکەکەی کە چەند خەرجییەکی تر زیاتر هەبووە وەکو  سو و ، خەرجی لابردنی خەوش وسزای دواکەوتن.  3.    پارە دان بۆ شایستەی دارایی بەرهەمهێنەرانی نەوت:  ئەم بەشە لە خەرجی بەشێکی زۆر و سەرەکی خەرجییەکانی نەوتە کە دەدرێت بە کۆمپانیا بەرهەم هێنەکانی نەوت لەهەرێم .کۆمپانیاکان دوو جۆر پارە وەردەگرن: یەکەمیان بڕێك لەو خەرجیانەی کە بەردەوام و لەماوەکانی ڕابوردوودا خەرجیان کردووە لە کێڵگەکان دا جۆری دووەم بریتییە لە و قازانجەی لە فرۆشی نەوت دەستیان دەکەوێت واتە وەرگرتنەوەی خەرجی و دەسکەوتنی قازانج. لەماوەی رابوردوودا تا مانگی ئاب کۆمپانیاکان بڕێکی تر پارەیان وەرگرتووە کە بریتی بووە لەقەرزێك لە ماوەی دوو مانگی کۆتای ٢٠١٩ و  دوو مانگی سەرەتای ٢٠٢٠ دا لای حکومەت هەیانبووە و ئەو ماوەیە شایستەیەکانیان پێ نەدرابوو لەلایەن حکومەتەوە دواتر بە پێێ بەرنامەیەك لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ەوە حکومەتی هەرێم بەردەوام و مانگانە بڕێك لەو قەرزانەی بەکۆمپانیا بەرهەم هێنەکانی نەوت داوەتەوە و لە مانگی ئابی ٢٠٢٢ کۆتا گوژمەی قەرزەکانیان وەرگرتەوە.   تەنها ٩ کۆمپانیی نەوت لەو ماوەیەدا بڕی ٤٦٨.٩ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە کە نزیکە ٦٠ ٪بۆ ٦٣٪ ی بەرهەم پێك دەهێنن. بە نزیککراوەیی رێژەی ٣٧٪ بۆ ٤٠٪ ی کۆمپانیاکانی تر  کە دەمێنێتەوە ( کار ،گازپرۆم و وێستێرن زاگرۆس)  پێشبینی دەکەین  بڕی ٢٧٥ بۆ ٣١٢ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتبێت وەك شایستەی دواخراو  ئەوکات ئەو قەرزانەی لەم ماوەیەدا  هەموو کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوت وەریانگرتووە لە حکومەتی هەرێم گەر لانی کەمیشی وەرگرین   ئەوا دەکاتە نزیکەی ٧٤٣ ملیۆن دۆلار کە وەرگیراوە لە ماوەی ٧ مانگی  سەرەتای ساڵدا.  کەواتە  بەو پێیە بێت دەبێت لە مانگی ئابەوە کۆمپانیا نەوتییەکان ئەو بڕە پارەیەی وەری دەگرن بەرێژەیەك کەمتر بێت لە مانگەکانی پێشوتر چونکە حکومەت چیتر قەرزاریان نییەو هیچ بڕەقەرزێك لە داهات ناداتەوە بە کۆمپانیاکان.   بە سەیرکردنی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت  لەم ماوەیەدا بۆمان دەر دەکەوێت کە: •    لە چارەکی یەکەمدا کۆمپانیا نەوتییەکان لە کۆی ٣ ملیار و ٦٣ ملیۆن و ٣٥٦ هەزار دۆلار بڕی  ١ ملیار و ٢٢ ملیۆن و ٩٣٥ هەزار دۆلاریان وەر گرتووە کە دەکاتە ٣٣.٣٪ ی هەموو داهاتی نەوت.  •    لە چارەکی دووەمدا لە کۆی ٣ ملیار و ٧٨٩ ملیۆن و ٢٩٠ هەزار دۆلار بڕی ١ ملیار و ٦٣٢ ملیۆن و ٦٩٥ هەزار دۆلاریان وەر گرتووە کە دەکاتە رێژەی ٤٣.١٪ ی هە موو داهات . •    چارەکی سێهەم کۆی داهات بریتی بووە لە ٣ ملیار و ١١٦ ملیۆن و ٨٩٠ هەزار دۆلار لەم بڕە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوت ٩٧٨ ملیۆن و ٥٥٦ هەزار دۆلاریان پێ دراوە کە دەکاتە رێژەی ٣١.٤٪ ی هەموو داهات. کەواتە چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەی ٥ مانگی کۆتایدا شایستەی کۆمپانیاکان بەرێژەیەك کەم بکاتەوە ئەم کەمکردنە لە چارەکی سێهەمدا هەستی پێدەکرێت رێژەی شایستەی کۆمپانیاکان ١١.٦٪ کەمی کردووە بەراورد بە چارەکی دووەم. چاوەڕێ کراوە لەم چارەکەدا شایستەی کۆمپانیاکان بەرێژەی سەدی کەمتر بێت لەماوەکانی  پێشوو لە بەر ئەو هۆکارەی  لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد حکومەت هیچ برێك قەرز بەکۆمپانیاکان ناداتەوە ( لە راپۆرتی داهاتی کۆمپانیا نەوتییەکان لە ساڵی ٢٠٢٢ دا کە مانگی کانوونی دووەم روونبین بڵاوی کردووەتەوە، هەر کۆمپانیای مانگانە چەندی وەرگرتووە وە کو شایستە و قەرز بەجیا روونکراوەتەوە).  •    چارەکی چوارەم لە کۆی ٢ ملیار و ٤٥٢ ملیۆن و ٧٢٣ هەزار دۆلار کۆمپانیاکان بڕی ١ ملیار و ١ ملیۆن و ٣٢١ هەزار دۆلاریان وەرگرتووە کە دەکاتە رێژەی نزیکەی ٤١٪ ی هەموو داهات ، بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانەوە کە چاوەڕێمان دەکرد وەکو چارەکی سێهەم خەرجییەکان بەرێژەیەك کەمتر بێت، بەڵام لەم چارەکەدا بە پێچەوانەوە شایستەی کۆمپانیاکان بەرێژەی ٩.٤٪ زیادی کردووە بەراورد بە چارەکی سێهەم. ئەوە جگە لەوەی حکومەتی هەرێم بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکات کە خەرجی کۆمپانیاکان کەم کراوەتەوە ، بەڵام ئەم ڕاپۆرتانەو و ڕاپۆرتەکانی ساڵانی پێشوی دیلۆیت ئەو بانگەشانە پشتڕاست ناکەنەوە و بەڵکو هەندێك جار پێچەوانەکەی دەسەلمێنن.  لە ڕاپۆرتی روونبین سەبارەت بە داهاتی وەرگیراوی کۆمپانیا نەوتییەکان لە ساڵی ٢٠٢٢ دا  ( لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ بڵاوکرایەوە)بە ووردی و  داهاتی  مانگانەی ١١ کۆمپانیا لە کۆی ١٤ کۆمپانیا کە لە کێڵگە بەرهەمهێنەکانی هەرێم کاردەکەن شیکراوەتەوە و لە ماوەی ساڵەکەدا  بڕی ٣ ملیار و  ١١٥ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆلاریان وەرگرتووە تەنها داهاتی کۆمپانیاکانی ( کار ، گازپرۆم و وێستێرن زاگرۆس)ی تیا بڵاو نەکراوەتەوە. هەروەها لە ڕاپۆرتی دیلۆیتدا کۆی ئەو  شایستە داراییانەی کە دراوە بە کۆمپانیانەوتییەکان برتیبووە لە ٤ ملیار و ٦٣٥ ملیۆن و ٥٠٨ هەزار دۆلار. بە بەراوردی ئەو دوو ژمارەیە  ئەگەین بەو دەرئەنجامەی بەیەکەوە کۆمپانیای کار، گازپرۆم و وێستێرن زاگرۆس بڕی ١ملیار و ٥١٩ و ٧٠٠ هەزار دۆلاریان وەر گرتووە کە دەکاتە  رێژەی نزیکەی ٣٣٪ ی هەموو داهاتی کۆمپانیاکان.  هەرێمی کوردستان نەوتەکەی لە رێگەی بۆرییەوە دەگوازێتەوە بۆ هەناردەکردن لە بەندەری جەیهانی تورکیا و لەوێوە کڕیارانی نەوتی هەرێم باری دەکەن و دەیگەیەننە بازاڕەکانی جیهان.  لە راپۆرتەکانی دیلۆیتدا دوو کرێی جیاواز هەیە بۆ گواستنەوەی نەوتی هەرێم ، یەکەمیان گواستنەوەی لەناو خاکی تورکیا تادەگات بە بەندەری جەیهان و دووەمیان لە کیڵگەکانی نەوتی هەرێمەوە تا دەگات بە خاڵی داخڵبوون و لە فیشخاپور و خاکی تورکیا. 4.    پارەدان لە بەرامبەر تاریفی کۆمپانیای وزەی توركی : وەکو تاریفەی گواستنەوەی نەوت لە ناو خاکی تورکیادا کۆمپانیا وزەی تورکی  TEC،  بە بڕی جیا و رێژەی جیا لە هەرچارەکێکدا کرێی گواستنەوەی نەوتی وەرگرتووە. کاتێك شیکردنەوە بۆ ژمارەکان دەکەین و بەراوردیان دەکەین بەو بڕە نەوتەی کە لەو ماوەیەدا بە بۆری تورکیا- عێراقدا تێپەڕیوە  جیاوازی دەبینین لە نرخەکاندا بەم شێوەیە:  چارەکی یەکەم: بڕی ٣٦،٤٥٣،٥٩٠ بەرمیل هەناردەکراوە  لەرێی بۆرییەوە و کۆمپانیای وزەی تورکی بڕی ١٢٧ملیۆن و ٤٥٥ هەزار و ٧٥ دۆلاری وەر گرتووە کە دەکاتە ٣.٤٩٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك. چارەکی دووەم : بڕی ٣٧،٧٨٠،٠٢٥ بەرمیل هەناردەکراوە لە ڕێی بۆرییەوە لە بەرانبەردا بڕی ٢١٤ ملیۆن و ٨٠٣ هەزار و ٢٣ دۆلار وەرگیراوە لە لایەن کۆمپانیا کەوە کە دەکاتە ٥.٦٨٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك.  چارەکی سێهەم: بڕی ٣٥،٩٧٧،٥٧١ بەرمیل هەناردەکراوە لەرێی بۆرییەوە لە بەرانبەردا بڕی ١٢٦ ملیۆن و ٣٣٥ هەزار و ٦٠٨ دۆلار لە لایەن کۆمپانیاکەوە وەرگیراوە کە دەکاتە ٣.٥١٢  بۆ هەر بەرمیلێك نەوت. چارەکی چوارەم : بڕیی ٣٥،٨٧٦،٠٩٦ بەرمیل نەت لەڕیی بۆرییەوە هەناردەکراوە و کۆمپانیا بڕی ١٤٩ ملیۆن و ٥٣٦ هەزار و  ٩٦ دۆلاری لە بری گواستنەوە و تاریفەی ناو تورکیا وەرگرتووە کە دەکاتە ٤.١٦٨ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك. ئەو پرسیارەی لەم بڕگەیەدا لامان دروست بووە ئەوەی، دیاری کردنی گواستنەوە لە ناو تورکیادا لە سەر ج بنەمایەك دیاری دەکرێت؟ ئایا نرخەکە پەیوەستە بە بڕی نەوتی هەناردەوە ( بە بەرمیل) چەند هەناردە دەکرێت و بە بۆرییەکەدا تێ دەپەڕێت؟ یان پەیوەستە بە نرخی نەوتەوە و بە پێی نرخ تاریفەکە دەگۆڕێت؟ یاخود  بۆ هەر بەرمیلێكنرخیکی جێگیر دیاری کراوە؟  کاتێك شیکردنەوە دەکەین بۆ ژمارەکان ناگەین بە دەرئەنجامێك کە هیچ کام لەم گریمانانە نەبێت کە باسمان کرد. بۆیە پێویستی بە روونکردنەوە هەیە لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە.  5.    بڕی پارەی دراو بۆ کۆمپانیای بۆریی كوردستان  بەشی دووەم کرێی گواستنەوە لە ناو هەریمدایە، ئەو بڕە پارەی هەرێم لە بری گواستنەوەی نەوت لە ڕێی بۆری لە ناو هەرێمی کوردستاندا داویەتی بە کۆمپانیای بۆری کوردستان( رۆسنفت و کار گروپ) جیاوازی و گۆڕانی زۆری تێدایە لە چارەکێکەوە بۆ چارەکێکی تر. لە گەڵ ئەوەی بەراورد بە ساڵانی پێشوو لە ٢٠٢٢ دا ئە و بڕە پارەیە بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، کە دەکرێت هۆکارەکەی بگەڕینیینەوە بۆ ئەوەی،  هەرێم پاش ئەوەی رەخنەی زۆری لێ دەگیرا کە بڕێکی زۆر زیاتر  پارە لە وەی کە دەیدات بە گواستنەوە لە ناوتورکیادا دەدات بە گواستنەوەی ناو هەرێم لە کاتێکدا ماوەی دوری کێلگەکان تا سنوری تورکیا زۆر کەمترە لەوەی لە سنوری هەرێم تا دەگات بە بەندەری جەیهانی تورکیا، بۆیە ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن گرێبەستی گواستنەوەکە هەموار کرابێتەوە بۆیە تێجوی گواستنەوە کەمی کردووە لە ناو هەرێمدا.  لەگەڵ ئەوەشدا بەرزو نزمییەکی زۆر هەیە لە و بڕە پارەیەی کە لە ماوی ساڵی ٢٠٢٢ دا دراوە بە گواستنەوەی ناو هەرێم لە رێی بۆرییەوە.  لە چارەکی یەکەمدا  ١٢١،١٦٥،٢٩٢ دۆلار وەرگیراوە  لە چارەکی دووەمدا  کەم بووەتەوە بۆ ٣٦،٤٠٦،٩٦٩ دۆلار  بەڵام لە چارەکی سێهەمدا جارێکی تر بەرزبووەتەوە بۆ ١٠٦،١٩٢،٣٨٥ دۆلار  لەکاتێکدا لە چارەکی چوارەمدا تەنها ١٠ ملیۆن دۆلار دراوە بە کرێی گواستنەوە.  هەمان پرسیاری سەرەوە سەبارەت بە بنەمای دیاری کردنی نرخی گواستنەوە لە ناو تورکیادا بۆ گواستنەوەی ناو هەرێم دروستە. لەسەر چ بنەمایەك و بە چ میکانزمێك نرخی گواستنەوە لەرێی بۆرییەوە دیاری دەکرێت؟ ئەو زیاد و کەمە زۆرە جێی پرسیارە و وەڵامیان پێویستە.  دانەوەی قەرز: لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ دا  بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت تەنها لە چارەکی یەکەمدا حکومەتی هەرێم بڕی ١٢٥ ملیۆن دۆلار وەکو قەر داوەتەوە بە دوو کۆمپانیای تورکی کۆمپانیای وزەی تورکی و کۆمپانیای پێترۆلی نێودەوڵەتی تورکی((TEC, TPIC ، ئەمە بەو مانایە نایەت هەرێم قەرزی  تری نەداوەتەوە، بەڵکو وەکو لەسەرەوە باسمان کرد هەرێم زیاد لە ٧٤٣ ملیۆن دۆلار قەرزی شایستە دواخراوەکانی کۆمپانیا نەوتییەکانی  داوەتەوە  هەروەها گۆڕانکاری لە حسابی کڕیارانیشدا بریتی بووەلە ٤٦٨ ملیۆن دۆلار   کەواتە هەرێم توانیویەتی لەماوەی ساڵی ٢٠٢٢ دا نزیکەی بڕی  ١ ملیار و ٤٦٠ ملیۆن دۆلار قەرز بداتەوە،  لەمەشدا بەرزی نرخی نەوت لەماوەی ساڵەکەدا  یارمەتیدەری سەرەکی بووە بۆ ئەوەی هەرێم بتوانێت ئەو قەرزانە بداتەوە. 6.    پوختەی پارەی ماوە بۆ هەرێم: پوختەی داهاتی نەوت  کە لەدوای هەموو تێجووەکان  بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە لە نیوەی  یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ دا بەراورد بە نیوەی کۆتایی ساڵی ٢٠٢١  کەمی کردووە بەشێوەیەك  لە چارەکی سێهەم و چوارەمی ٢٠٢١ دا رێژەی ٤٦.٦٪ و ٤٢.٦٪ بەدوای یەکدا بۆ حکومەت ماوەتەوە لە کاتێکدا لە چارەکی یەکەم و دووەمی ٢٠٢٢ دا رێژەکە دابەزیوە بۆ ٤٣.٨٪ و ٤١.٤٪ . بەڵام تێبینی دەکرێت رێژەی داهاتی گەڕاوە لە فرۆشی نەوت لە چارەکی ٣ی ساڵی ٢٠٢٢ دا بەرزبووەتەوە بۆ ٥١.٤٪ی کۆی داهاتی فرۆشی نەوت، ئەمش دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی لەم چارەکەدا شایستەی کۆمپانیاکان بەرێژەیەکی بەرچاو بەراورد بە چارەکی پێشتر کەمی کردووە و هەروەك لە سەرەوە لەبەشی داهاتی کۆمپانیاکان روونمان کردەوە.   بەڵام جارێکی تر لە چارەکی کۆتایی ساڵی  ٢٠٢٢ رێژەکە دابەزیوە بۆ ٤٨.٥٪  لە کاتێکدا چاوەڕی دەکرا لە بەر ئەو هۆکارانەی لەسەرەوە رونکراوەتەوە داهاتی هەرێم زیادی بکردایە و رێژەکە زیاتر بووایە ( قەرزی کۆمپانیاکانی بەرهەم هێنی نەوت دراوەتەوە  لەگەڵ ئەوەی تەنها ١٠ ملیۆن دۆلاریش بۆ کرێی گواستنەوەی ناو هەرێم دراوە بە کۆمپانیای گواستنەوە لە کاتێکدا ئەم بڕە ١٠٦ ملیۆن دۆلار زیاتربووە لە چارەکی سێهەمدا.) خشتەی ڕێڕەوی دارایی داهاتی نەوت لە هەر چوار چارەکی ساڵی ٢٠٢٢دا   ئەنجام گیری:  1-    ئاستی بەرهەمی هەرێم بەجۆرێك لە جۆرەکان سەقامگیرە و بەرهەم راستە زیادی نەکردووە بەڵام بەرێژەیەکی زۆریش کەمی نەکردووە. تێکڕای بەرهەمی رۆژانە بریتی بووە لە ٤٣٣ هەزار و ٧٢٦ بەرمیل.  2-    نەوتی تەرخانکراو بۆ پاڵاوگەکانی وەزارەتی  سامانە سروشتییەکان لە چارەکی ٤دا بەڕێژەی٤١٪ زیادی کردووە کە ئەمە کارێکی باشە و پوێستە زیاتریش بکرێت تاوەکو پێداویستی ناوخۆ لە سوتەمەنی پربکرێتەوە. 3-    راپۆرتەکە پێمان دەڵێت هەرێمی کوردستان لە ٦ مانگی کۆتایی ساڵدا  نرخی فرۆشی نەوتی هەرێم بەراوردبە ٦ مانگی سەرەتای ساڵ  بەداشکاندنی زۆر فرۆشراوە کە لە نێوان ١٧ بۆ ١٩ دۆلار کەمتر لە نرخی پێوەری  برێنت  بووە لە کاتێکدا پێشتر ئەم داشکاندنە لە ١١ بۆ ١٢ دۆلار بووە، هۆکارەکەشی بۆ  ئەو فشارانەیە کە بەهۆی بڕیارەکەی دادگای ئیتحادی دژی هەرێم سەبارەت بە نادەستوری بوونی یاسای نەوت و گازی هەرێم دەریکرد،کە لەسەر بنەمای ئەو یاسایە گرێبەستەکانی نەوت لەهەرێم ئەنجامدراوە، دوابەدوای ئەوەش فشاری بەردەوامی وەزارەتی نەوتی عێراق  لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان  بەرادەستکردنی هەموو بەرهەمی نەوتی هەرێم و هەڕەشەکردنی بەغدا لە کۆمپانیا نەوتییەکان و ڕاپێچی دادگا کردنیان لەپاڵ هەڕەشەی گرتنەبەری رێکاری یاسایی دژی کڕیارانی نەوتی هەرێم و  بە کارهێنانی دەستەواژەی"نەوتی قاچاخ" بۆ نەوتی هەرێم  لە لایەن بەرپرسانی نەوتی حکومەتی فیدراڵەوە.  ئەمانە هەمووی هۆکارن کە هەرێم ناچار بکات داشکاندنی زۆر بۆ نەوتەکەی بکات تاوەکو سەرنجی کڕیاران رابکێشیت  بەلای خۆیدا، بەم هۆیەشەوە لەگەڵ بەرزی نرخی نەوتی جیهانیدا هەرێم بەهەرزان نەوتەکەی بفرۆشێت و سودی زۆر لە بەرزی نرخ نەبینێت. 4-    هەست ناکرێت خەرجی کۆمپانیاکانی بەرهەم هێنی نەوت کەمی کردبێت بە پێچەوانەی بانگەشەکانی حکومەتەوە بەتایبەت لە ٥ مانگی کۆتایی ساڵدا.  5-    کرێی بۆری هەرێم بۆ یەکەمجارە لەساڵی ٢٠٢٢ دا کەمترە لە کرێی گواستنەوەی تورکیا و بەڵام بەرز و نزمییەکی زۆر هەیە لە کرێی بۆرییەکەدا کە جێگەی پرسیارە و پێویستی بەڕوونکردنەوەیە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە. 6-    بەرێژەیەکی کەم لە نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ دا پوختەی داهاتی هەرێم  بەرێژەیەکی کەم زیادی کردووە بەڵام چاوەڕیی زیاتر دەکرێت.    


شیكاری: درەو بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تەواوی ساڵی (2022)دا؛ # زیاتر لە (144 ملیۆن و 404 هەزار) بەرمیل نەوتی خاو بە تێکڕای ڕۆژانەی (395 هەزار و 628) بەرمیل لە بازاڕەکانی جیهان فرۆشراوە.  # تێکڕای بەهای بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان (100.78) دۆلار بووە، بەڵام حکومەتی هەرێم بەتێکڕا نەوتی بە (85) دۆلار فرۆشتووە. # کۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە زیاتر بووە لە (12 ملیار و 331 ملیۆن و 417 هەزار) دۆلار. بڕی (6 ملیار و 712 ملیۆن و 556 هەزار و 807) دۆلاری بەڕێژەی (54%) چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە. بڕی (5 ملیار و 709 ملیۆن و 704 هەزار و 87) دۆلاری بەڕێژەی (46%) گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حکومەتی هەرێم. # کرێی بۆری نەوتی هەرێم بە ئاستێکی پێوانەیی دابەزیوە بۆ کەمتر لە (2) دۆلار و بە ڕێژەی (2.2%)ی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی هەناردەکراو. # بڕی (1 ملیۆن و 466 هەزار و 797) بەرمیل نەوتی خاو بە تێکڕای رۆژانەی (4 هەزار و 18) بەرمیل، بە تێکڕای نرخی نزیکەی (61.4) دۆلار و بە کۆی بەهای (90 ملیۆن و 843 هەزار و 46) دۆلار لەناوخۆدا فرۆشراوە. # زیاتر لە (10 ملیۆن و 758 هەزار) بەرمیل نەوتی خاو لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە ڕادەستی پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان کراوە، بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لە پێداویستییەکانی ناوخۆ. داهات و خەرجی پرۆسەی نەوتی هەرێم بۆ ساڵی (2022) ڕۆژی (14/2/2023) کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینی پرۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتەکانی خۆی بۆ دوو چارەکی کۆتایی ساڵی (2022) بڵاو کردەوە، بەم بڵاوکراوانەش کۆتایی بە سەرجەم وردبینییەکانی دیلۆیت بۆ ساڵی ناوبراو هات. بەپێی ئەو ئامارو وردبینیانەی کۆمپانیای دیلۆت بۆ نەوتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2022)دا بڵاوی کردووتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تەوای ساڵەکەدا بڕی (144 ملیۆن و 404 هەزار و 412) بەرمیل نەوتی بەتێکڕای رۆژانەی (395 هەزار و 628) بەرمیل لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە هەناردەی بازاڕوکانی جیهان کردووە، بە تێکڕا بەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە (85) دۆلار فرۆشراوە و کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (12 ملیار و 331 ملیۆن و 417 هەزار و 848) دۆلاری ئەمریکی (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) خشتەی ژمارە (1) ئەوەی جێگەی سەرنجە، بەردەوام پرۆسەی نەوتی هەرێم خەرجی و تێچووەکانی گەورە ترە لەو داهاتەی بۆ حکومەتی هەرێم دەمێنێتەوە، بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت کۆی نەوتی خاوی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2022)دا بە هەردوو شێوەی (بۆری و فرۆشتنی ناوخۆ) بەهاکەی بریتی بووە لە (12 ملیارو 422 ملیۆن و 260 هەزار و 894) دۆلاری ئەمریکی، لەو بڕەش (6 ملیار و 712 ملیۆن و 556 هەزار و 807) دۆلاری بە ڕێژەی (54%) چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە، تەنها بڕی (5 ملیار و 709 ملیۆن و 704 هەزار و 87) دۆلاری بە ڕێژەی (46%) گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بۆ وردەکاری زیاتر (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) خشتەی ژمارە (2) کرێی بۆری نەوتی هەرێم بۆ ساڵی (2022) بەپێی وردبینیەکانی کۆمپانیای دیلۆت، کرێی بۆری و گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی تورکی، لە ڕابردوودا یەکێك بوو لەو خەرجییە گەورانەی سەرنجی چاودێرانی بوارەکەی ڕاکێشابوە، بەڵام لە ساڵی (2022) بەڕادەیەکی باش کرێی برێی گواستنەوە دابەزیوە _ئەگەر حکومەتی هەرێم تەواوی ئەو کرێیەی خەرج کردبێت و بە قەرز لەسەری کەڵەکە نەبووبێت؟_ چونکە بە تێکڕا لە تەواوی ساڵی (2022)دا (2.2%)ی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ کرێی گواستنەوە بۆری خەرج کراوە، ئەمەش دابەزینێکی گەورەیە لە خەرجی کرێی بۆری بەراورد بە ساڵی (2021) کە ڕێژەی (10%)ی داهاتی نەوتی هەناردەکراو بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کرابوو. بەم پێیەش گواستنەوەی هەر بەرملێک لە (6) دۆلارەوە دابەزیوە بۆ  (1.9) دۆلار لە ساڵی (2022)دا (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)). بەجۆرێک ئەو (144 ملیۆن و 404 هەزار و 412) بەرمیل نەوتەی لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کردووە، کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (12 ملیار و 331 ملیۆن و 417 هەزار و 848) دۆلاری ئەمریکی بڕی (274 ملیۆن و 818 هەزار و 646) دۆلاری دراوە بە خاوەن پشکەکانی بۆری نەوتی کوردستان (بڕوانە خشتەی ژمارە (4)) کە لە خاکی هەرێمی کوردستاندا هەردوو کۆمپانیای (کار و رۆسنەفت)ن لە خاکی تورکیاشدا خاوەندارێتییەکەی بۆ (کۆمپانیای وزەی تورکی) دەگەڕێتەوە. خشتەی ژمارە (3) خشتەی ژمارە (4) هەراج کردنی نەوتی هەرێم  بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت هەرزان فرۆشتن و هەڕاجکردنی نەوتی هەرێم بەردەوامەو لە ساڵی (2022) نەوتی هەرێم بە تێکڕا (15.79) دۆلار لە خوار نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان فرۆشراوە (خشتەی ژمارە (5)) ئەو ڕاستییە زۆرتر ڕووندەکاتەوە. خشتەی ژمارە (5) نەوتی هەرێم و پاڵاوگەکانی ناوخۆ پاڵاوگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان (4) پاڵاوگەی فەرمییە، پێکەوە ڕۆژانە توانای پاڵاوتنی (256 هەزار) بەرمیل نەوتی خاویان هەیە بۆ بەرهەمهێنانی پێداویستییەکانی سوتەمەنی و وزە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی پێویستیان بۆ دابین ناکات. بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە بڕێک نەوتی خاو دەدات بە پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان و لە بەرامبەردا حکومەت بڕێک پارە دەدات بە پاڵاوگەکان بۆ مەبەستی پڕکردنەوەی بەشێک لە پێداویستییەکانی ناوخۆ، بەڵام بڕەکە زۆر لەوە کەمترە کە پێداویستییەکانی ناوخۆ پڕ بکاتەوە (بڕوانە خشتەی ژمارە (6)) کە بڕی ئەو نەوتە خاوە نیشان دەدات کە پاڵاوگەکان لە ماوەی ساڵی (2022) پێیان دراوە، کە بۆ تەواوی ساڵەکە (10 ملیۆن و 758 هەزار و 288) بەرمیل نەوتی خاو بووە. واتە بە جۆرێک ئەو ماوەیە کە دەکاتە (365) ڕۆژ و ئەگەر ئەو بڕە نەوتە دابەشی ڕۆژەکان بکەین دەکاتە (29 هەزار و 474) بەرمیل نەوتی خاوی ڕۆژانە. خشتەی ژمارە (6) جگە لەوەی پاڵاوگەکان ڕۆژانە بڕێک نەوتی خاو بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەپاڵێون (وەک لە خاڵی پێشتر ئاماژەی پێکراوە)، ڕۆژانە بڕێکیش نەوتیان پێ دەفرۆشێت، بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵی (2022) دا بڕی (1 ملیۆن 466 هەزار و 797) بەرمیل نەوتی بە تێکڕای نرخی (61.36) دۆلار بە پاڵاوگەکان فرۆشتووە، کە بۆ هەر ڕۆژێک (4 هەزار و 18) بەرمیل بووە. کۆی داهاتەکەی دەکاتە (90 ملیۆن و 843 هەزار و 46) دۆلار بووە، بۆ بەرچاو ڕونی زیاتر بڕوانە (خشتەی ژمارە (7)) خشتەی ژمارە (7) سەرچاوەکان -    سایتی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ •    بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی کانونی دووەمی 2022 تاکو ٣١ی ئاداری 2022. •    بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی نیسانی 2022 تاکو ٣٠ی حوزەیرانی 2022. •    بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی تەمموزی 2022 تاکو٣٠ ئەیلوولی 2022. •    بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی تشرینی یەکەمی 2022 تاکو٣١ کانونی یەکەمی 2022. -    Country economy, Crude Oil Brent US Dollars per Barrel  https://countryeconomy.com/raw-materials/brent?year=2022  


 وەرگێرانی: ئەنوەرکەریم    پێش هەڵگیرسانی جەنگ و تا سەرەتاکانی دەستپێکی پەلاماردانی ئۆکرانیا لە لایەن رووسیاوە. پوتین بەڕادەیەکی زۆر پێی وابوو بەهۆی ئەو توانا گشتییەی روسیا لە ووزەدا هەیەتی. دەتوانێت ئابوری جیهان بە بارمتە بگرێت. هەر بۆیە لە هاوینی ساڵی پاردا گازی لە ئەوروپا بڕی، چاوەڕوانبوو کە ئەوروپییەکان لەسەرمای زستاندا هەڵبلەرزێن و گەلەکانیان لەسەرکردەکانیان هەڵبگەڕینەوە تا بەردەوامنەبن لە یارمەتیەکانیان بۆ ئۆکرانیا. لەسەرەتاوە هەرەشەکان بەهێزبوون لەسەر ئەوروپا، چونکە لە ساڵی 2021دا (83%)ی گازی ڕووسیا هەناردەی ئەوروپا دەکرا. کە ڕووسیا رۆژانە زیاتر لە (7 ملیۆن) بەرمیل نەوت و (200 ملیار) مەتر سێجا گازی لە ساڵەکەدا لە رێگەی بۆرییەوە هەناردەی ئەوروپا کردبوو، ئەمەش داهاتی نیوەی ووڵاتی پێکدە‌‌هێنا، دوای ئەوە هەناردەی شتومەکی ڕوسی کە دەورێکی کاریگەری هەبوو لە زنجیرەی خستنەڕوودا.  هاوکات ئەوروپا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی لە غازی سروشتی بە ڕێژەی (46%) پشتی بەستبوو بە هاوردەی گازی ڕووسیا. لەگەڵ ئەوەشدا بە رادەیەکی زۆر ئەوروپا پشتی بەستبوو بە بەرهەمی (ئاسن و سەمادی کیمیاوی) رووسی، ئێستا ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر بەردەوامی جەنگدا، وا دەردەکەوێت کە ڕووسیا لەڕووی ئابورییەوە بەتەواوی جێگاکەی پڕکراوەتەوە لە بازاڕی جیهانیدا.    ئێستا قوربانی گازی ڕووسیا تەنها پوتین خۆیەتی، ئەو هیوایەی کە پوتین بە گازە سروشتیەکەی هەیبوو بوونی نیە، نە جیهان و نە ئەوروپا چیتر پێویستیان پێی نیە.  دوور لە ڕەقبونەوەی ئەوروپیەکان، ئەوروپا توانی بەزوترین کات دابینکردنی پێویستی خۆی لە گازی سروشتی پڕ بکاتەوە بەهۆی خستنەڕوی زیاتری گازی سروشتی جیهان، ئەمەش بە هۆی خستەڕووی (55 ملیار مەتر سێجا) گازی سروشتی لە ساڵی (2022)دا لە لەلایەن ئەمریکاوە، کە ئەم ژمارەیە دوو هێندەی پێش دەستپێكردنی شەری ئۆکرانیایە، وە دوو هیندە زیاترکردنی ووزە نوێیە پاکەکان و هێزی ئەتۆمی و خەڵوزەوە، ئەمانە وایانکرد کە پشتبەستن بە ڕووسیا کەمبکرێتەوە لە لایەن ئەوروپاوە. ئیستا ئەوروپا گازی سروشتی زیاتر دەکڕی وەک لەوەی کە پێشتر لە ڕووسیای ئەکڕی. زستانە گەرمەکەی ئەوروپا ئەو سیناریۆ خراپەی کە پوتین ئاواتی بۆ دەخواست شكستپێهێنا، ئێستا کۆگاکانی ئەوروپا زۆر بەکەمی بەکارهێنراوە و ئەتوانریت بەکاربهێنرێت بۆ زستانی داهاتوو،. لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا کۆگاکانی ئەڵمانیا بە ڕیژەی (91%) پڕبوو بەراورد بەساڵی 2022، کەواتە بۆ ساڵی 2023 ئە ڵمانیا پێویستی بە کڕینی کەمتری گاز هەیە، ئێستا دڵنیایی تەواوی ئەورپیەکان هەیە بەلایەنی کەمەوە هەتا ساڵی 2024، ئەمەش یارمەتی ئەوروپا ئەدات کە جێگرەوەی تەواوی گازی ڕووسی بگرنەوە. ئیتر ئەو ڕۆژە كۆتایی هات، کە ڕوسیا بتوانێت بە ئارەزاوی خۆی ئەوروپا بگوشێت. جگە لەوەی کە ئیتر ئەوروپا کەمتر پێویستی بە گازی سروشتی دەبێت.  چین لە تەوەری گازی سروشتی جیهانی دور کەوتۆتەوە زیاتر پشت بە سەرچاوەکانی ناوخۆی خۆی دەبەستێت، بۆیە سەیر نیە کە نرخی غاز لە داهاتوودا هەرزانتر بێت لە پێش دەستپێکردنەکەی شەری ئۆکرانیا. پوتین ئێستا هیچی بەدەستەوە نەماوە کە بتوانێت کاریگەری غازی هەبێت بۆ بەکاربەران لە ئەوروپادا، ئەو کەرەسە خاوانەی کە لە ڕوسیادا هەیە کاریگەری گەورەی نابێت لەسەر ئەوروپادا، پوتین هیچ قازانجێکی لە گازی سروشتی دەستناکەوێت ئەو (150) ملیار مەتر سێجایەی کە بە بۆری هەناردەی ئەوروپا دەکرا، پڕکراوەتەوە بە (16) ملیار مەتر سێجا بۆ چین ئەڕوات، ئەمەش داهاتێکی زۆر کەمە بۆ ڕوسیا، ئەگەر بەراورد بکرێت بە بازاڕی جیهان بۆ گازی سروشتی، هیچ بازاڕێک نیە بۆ ڕوسیا کە بتوانێت جێگای گازی ئەوروپا بگرێتەوە، نەبوونی بۆری گازی سروشتی گواستنەوە بۆ چین کە چەندین ساڵی ئەوێت بۆ دروستکردن. هەروەها چین بە باشی ئەزانێت کە سەرچاوەکانی وزەی لە چەند شوێنێکەوە دابینبکات، بە هۆی سزاکانەوە ڕوسیا ناتوانیت تەکنلۆژیای پێویست دابین بکات بۆ گۆڕینی شێوەی هەناردەی گازە سروشتیەکەی.  ئەو چەکی نەوتەی کە بەدەست پوتینەوە بوو ڕۆیشت و کاریگەری نەما، ئەو کاتەی بازاڕ ترسیان هەبوو لەوەی پوتین هەناردەی بوەستێنێت، نرخی نەوت بە رێژەی (40%) بەرز بووە لە ماوەی 2 هەفتەدا، بەڵام کاتێک وڵاتانی (G7) بە نرخدانان لەسەر نەوتی ڕوسیا، پوتین وەڵامەکەی ئەوە بوو کە نەوت بەو وڵاتانە نافرۆشێت کە نرخیان داناوە لە سەر نەوتی ڕووسی، لەو کاتەوە نرخی نەوت دابەزییەوە، ئەمەش دەرکەوت کە بازاڕی نەوت پشتنابەستێت بە نەوتی ڕوسیا، بازاڕی نەوت لە بەرژەوەندی لە کڕیاردایە  نەک لە فرۆشیاری نەوت، بەهۆی زیادبوونی بەرهەمەوە کە بتوانێت جێگرەوەی نەوتی ڕوسیا بێت، هەر بۆیە وەزیری نەوتی ڕوسی لە مانگی دیسەمبەری (2022) ووتی؛ "ڕوسیا ئامەدەیە بەرهەم کەمبکاتەوە بە بڕی (700 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا"، نرخی نەوت ئێستا کەمترە لە پێش دەستپێکردنی شەرەکەوە بەرهەمی نەوت بە بری (4 ملیۆن) بەرمیل ڕۆژانە زیادیکردوە لە لایەن (ئەمریکا، کەنەدا، فەنزوێلا و بەرازیل)ەوە، چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ بەرهەمی نەوت زیاتریش بێت. هەموو کەمکردنەوەیەکی بەرهەمی نەوت لە ڕوسیاوە لە ماوەی هەفتەیەکدا جێگرەوەی بۆ پەیدائەبێت، ئیتر پوتین ناتوانێت زۆر لە سعودیەی عەرەبی و ئۆپێک پڵاس بکات بەرهەم بە ڕیژەیەکی زۆر دابەزێنێت، وەک ئەوەی کە لە مانگی ئۆکتۆبەری ڕابردوودا کردیان.  بە هۆی ئەوەی ئەمریکا گرێبەستێکی گەورەی چەکی سعوودیەی ڕاگرتوەو ناهێڵیت تەکنەلۆژیای تازە بڕوات بۆ سعودیە بەهۆی کرژی پەیوەندی نێوان سعودییەو ئەمریکا. ئاواتە بەرزەکانی پوتین بوون بە هەڵم لەدوای دانانی نرخەوە لەسەر نەوتی ڕوسی، ئێستا پوتین بژاردەکەی کراوەیە بەئارەزای خۆی دەتوانێت بەرهەمی نەوت بوەستێنێت یان بەو نرخە بیفرۆشێت، چین و هیندستان بەبێ ئەوەی بەشداری بکەن لە نرخی دانراودا لەسەر نەوتی ڕوسی خۆیان داوای زۆرترین داشکاندن ئەکەن بە ڕیژەی (50%) و هیندستان ڕیژەی کڕێنی نەوتی ڕووسی بە (33) جار بەرزکردۆتەوە بەروارد بە پێش دەسپێکردنی شەرەکە.  ڕوسیا قازانجەکەی زۆر کەمە چونکە تێچووی بەرمیلێک نەوت (44) دۆلار ئەکەوێت لەسەر ڕووسیا، بەڵام ئەگەر پوتین بەرهەمی نەوتی کەمبکاتەوە ئەو کاتە بەتەواوی پشکی لە بازاڕیی نەوتدا کەم ئەبێتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە خۆی زۆر پێویستی بە پارەی نەختی هەیە، کەئەمەش داهاتی ووڵات کەمدەکاتەوە.  کارتەکانی تری پوتین هەموویان سووتان وەک خۆراک کە ویستی وەک چەک بەکاری بهێنێت. تەنانەت دۆستەکانی کە بە ڕوکەش دۆستی بوون پشتیان تێکرد، ئەو کەرەسە خاوانەی کە زۆر دەمێکە روسیا کۆنتڕۆڵی بازاڕی پێکردووە وەک (نیکڵ، پالادێۆم و تیتانێۆم)، ئەم کانە کانزایانە زۆر زۆرن لە ئەمریکای باکورو ئەمریکای خوارو و ئەفریقا. کەرتی تایبەت  دەستیانکردوە بەو کانانەی کە هەتا ئیستا هەر دەستیان تیوە نەدرابوو،  هەروەها کانزای گرنگی وەک  (نیکڵ و کۆبڵات) بەرهەمی ئەم کانە کانزایانە لە دوو ساڵی داهاتوودا زۆر زیاتر ئەبێت بۆ ئەوەی جێگای بەرهەمی ڕوسیا بگرێتەوە بەشێوەیەکی هەمیشەیی.  خوێندنەوە هەڵەکەی پوتین وەک خوێندنەوە هەڵەکەی بۆ ئابوری ڕوسیا ئەمەشی چووە سەر لیستەکە، کە پێی وابوو خەڵكی ئۆکرانیا پشتیوانی ڕوسیا دەکەن و ئەو یەکێتیەی کە لەدەوری ئۆکرانیا کۆبووەوە هەڵدەوەشێتەوە.  دیارە ئەم هەموو خوێندنەوە هەڵەیەی پوتین ، کاریگەریەکەی لە دەستدانی گیانی هەزاران کەس بوە، هاوکات ڕێرەوی بازرگانی گۆڕی، ڕێرەوی خستنەڕووی کەرەسە خاوەکانی گۆڕی و کاریگەری لەسەر گیرفانی هەموو هاوڵاتیەک بەجێهێشت لە جیهاندا و بۆ دۆزینەوەی چارەسەریش ماوەیەکی زۆری پێدەچێت.  ئەوەی گرنگە ئێستا پوتین جارێكی تر لە دۆخێکدا نابێت کە بتوانێت کێشەو بەربەست بۆ ئابوری جیهان دروستبکات. لە بەرئەوەی بۆ هەمیشە پێگەی دەستە بەهێزەکەی روسیای لە ووزەدا لاوازکرد بۆ جارێکی تر ووزەو کەرەسە خاوەکانی ڕووسیا لە پشتی نۆژەنکردنەوەیە. شەڕ بەردەوامە لە ڕوسیا تا ئێستا بەڵام لە ڕوی سەرکەوتنەوە لە ئابوریدا بینین بەدیدەکرێت بەرامبەر ڕوسیا.  The World Economy No Longer Needs Russia https://foreignpolicy.com/2023/01/19/russia-ukraine-economy-europe-energy/  


  شیكاری: درەو پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت، حکومەتی هەرێم لە نیوەی دووەمی (2022)دا  # بڕی (71 ملیۆن و 853 هەزار و 667) بەرمیل نەوتی بە تێکڕای رۆژانەی (390 هەزار و 500) بەرمیل لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە. # بڕی نەوتی فرۆشراو بە پاڵاوگەکانی ناوخۆ (6 ملیۆن و 233 هەزار) بەرمیل نەوتی تێپەڕاندووە، بە تێکڕای رۆژانەی (33 هەزار و 878) بەرمیل. # بەتێکڕا لە چارەکی سێیەمدا بەرمیلێک نەوت لە ڕێگەی بۆرییەوە بە (83.36) دۆلار فرۆشراوە، ئەم نرخەش (17.35) دۆلاری کەمترە لە تێکڕای نرخی نەوتی برێت لە بازاڕەکانی جیهان، لە چارەکی چوارەمدا هەرزانکردنەکە بۆ (19.11) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت بەرزبووەتەوە. # خەرجی تێچوونی پرۆسەی نەوت لە چارەکی سێیەمدا لە (49%) بووەو لە چارەکی چوارەمدا بەرزبووەتەوە بۆ (51%) زیادی کردووە. واتە بە تێکڕا لە نیوەی دووەمی (2022)دا لە کۆی (5 ملیار و 569 ملیۆن دۆلار) بڕی (2 ملیارو 793 ملیۆن) دۆلار و بە ڕێژەی (50%) گەڕاوەتەوە بۆ حکومەت. یەکەم؛ بەراوردی نەوتی هەرێم لە چارەکی (سێیەم و چوارەم)ی 2022 1.    جیاوازی فرۆشی نەوت لە چارەکی (سێیەم و چوارەم)ی 2022 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چارەکی سێیەمی ساڵی (2022) بڕی (35 ملیۆن و 977 هەزار و 571) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە، هاوکات لە چارەکی چوارەمدا بڕی (35 ملیۆن و 876 هەزار و 96) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە، بەم پێیەش لە چارەکی چوارەمدا بەراورد بە چارەکی سێیەم تەنها (101 هەزار و 475) بەرمیل نەوتی کەمتر فرۆشتووە، ئەمەش جۆرێک لە هاوسەنگی بڕی نەوتی هەناردەکراو دەردەخات. بەڵام بڕی ئەو نەوتەی کە فرۆشراوە بە پاڵاوگەکانی ناوخۆ لە چارەکی سێیەمدا (2 ملیۆن و 319 هەزار و 88) بەرمیل بووەو لە چارەکی چوارەمدا بریتی بووە لە (3 ملیۆن و 914 هەزار و 536) بەرمیل نەوت، بەم پێیەش لە چارەکی چوارەمدا بڕی (1 ملیۆن و 595 هەزار و 448) بەرمیل نەوتی بە ڕێژەی (41%) زیاتری فڕۆشتووە بە پاڵاوگەکانی ناوخۆ. 2.    جیاوازی بەهای نەوت لە چارەکی (سێیەم و چوارەم)ی 2022 پاڵپشت بە زانیارییەکانی دیلۆیت کۆی بەهای نەوتی فرۆشراو لە چارەکی سێیەمی (2022)دا لە ڕێگەی بۆرییەوە بریتی بووە لە (3 ملیار و 96 ملیۆن و 914 هەزار و 127) دۆلار. بەڵام کۆی بەهای نەوتی فرۆشراو لە چارەکی چوارەمی (2022)دا لە ڕێگەی بۆرییەوە بریتی بووە لە (2 ملیار و 429 ملیۆن و 153 هەزار و 973) دۆلار. بەم پێیەش لە چارەکی چوارەمدا بەراورد بە چارەکی سێیەم (667 ملیۆن و 760 هەزار و 154) دۆلار بە ڕێژەی (22%) داهاتی نەوت لە رێگەی بۆرییەوە کەمی کردووە. هەرچی داهاتیشە لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوت بە پاڵاوگەکانی ناوخۆ لە چارەکی سێیەمی (2022) بەهاکەی بریتی بووە لە (19 ملیۆن و 976 هەزار و 44) دۆلار، بەڵام لە چارەکی چوارەمدا بەهاکەی زیادی کردووە بۆ (23 ملیۆن و 569 هەزار و 580) دۆلار و بە ڕێژەی (18%) و بڕی (3 ملیۆن و 593 هەزار و 536) دۆلار زیادی کردووە.   3.    جیاوازی خەرجی نەوت لە چارەکی (سێیەم و چوارەم)ی 2022 لە چارەکی یەکەمدا بڕی (1 ملیار و 513 ملیۆن و 801 هەزار و 875) دۆلار بە ڕێژەی (49%) چووە بۆ شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان و خەرجییەکانی دیکەی نەوت، وەک گواستنەوەو کۆگاکردن، بەڵام لە چارەکی چوارەمدا بڕی (1 ملیار و 261 ملیۆن و 934 هەزار و 269) دۆلار بە ڕێژەی (51%) چووە بۆ خەرجییەکان. واتە لە چارەکی چوارەمدا بە ڕێژەی (2%) خەرجی و پرۆسەی نەوتی هەرێم زیادی کردووە. 4.    داهاتی گەڕاوەی نەوت لە چارەکی (سێیەم و چوارەم)ی 2022 لە چارەکی سێیەمدا بڕی (1 ملیار و 603 ملیۆن و 88 هەزار و 296) دۆلار بە ڕێژەی (51%)ی داهاتی گشتی نەوت گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە چارەکی چوارەمی (2022)دا بڕی (1 ملیار و 190 ملیۆن و 789 هەزار و 284) دۆلاری بە ڕێژەی (49%) گەڕاوەتەوە بۆ حکومەت، بەڵام داهاتی گەڕاوەی نەوت لە چارەکی چوارەمدا بەراورد بە چارەکی سێیەم بڕی (412 ملیۆن و 299 هەزار و 12) دۆلار و بەڕێژەی (26%) داهاتی گەڕاوەی نەوت کەمی کردووە کردووە. بڕوانە خشتەی ژمارە (1) خشتەی ژمارە (1)      دووەم؛ نەوتی هەرێم لە چارەکی سێیەمی 2022 بەپێی ڕاپۆرتەکانیی دیلۆیت کە لە (14/2/2023) بڵاوی کردووەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵ واتە لە نێوان (1ی تەموزی 2022 بۆ 30ی ئەیلولی 2022) بڕی (35 ملیۆن و 977 هەزار و 571) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووەو کۆی بەهاکەی (3 ملیار و 96 ملیۆن و 914 هەزار و 127) دۆلار بووە، هەر بەرمیلێک نەوتی بە (83.36) دۆلار فرۆشتووە، ئەمە لە کاتێکدایە تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (100.71) دۆلار بووە. واتە لە چارەکی سێیەمی (2022) هەر بەرمیلێک نەوت بە (17.35) دۆلار هەزانتر فرۆشراوە. هاوکات (2 ملیۆن و 319 هەزار و 571) بەرمیل نەوت بە پاڵاوگەکانی ناوخۆی هەرێم فرۆشراوە، کۆی بەهاکەی (19 ملیۆن و 976 هەزار و 44) دۆلار و هەر بەرمیلێک نەوت بە تێکڕای (45.84) دۆلار فرۆشراوە. بەم پێیە کۆی بەهای نەوتی هەرێم بەشێوەی (بۆری + ناوخۆ) بریتی بووە لە (3 ملیار و 116 ملیۆن و 890 هەزار و 171) دۆلار، لەو بڕەش (1 ملیار و 513 ملیۆن و 801 هەزار و 875) دۆلاری بە ڕێژەی (49%) چووە بۆ خەرجی شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان و خەرجییەکانی دیکەی نەوت، وەک گواستنەوەو کۆگاکردن. بڕی (1 ملیار و 603 ملیۆن و 88 هەزار و 296) دۆلاری بە ڕێژەی (51%) گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)).  خشتەی ژمارە (2) سێیەم؛ نەوتی هەرێم لە چارەکی چوارەمی 2022 پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چارەکی چوارەمی ئەمساڵ واتە لە نێوان (1ی تشرینی یەکەمی 2022 بۆ 31ی کانونی یەکەمی 2022) بڕی (35 ملیۆن و 876 هەزار و 96) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووەو کۆی بەهاکەی (2 ملیار و 429 ملیۆن و 153 هەزار و 973) دۆلار بووە، هەر بەرمیلێک نەوتی بە (69.47) دۆلار فرۆشتووە، ئەمە لە کاتێکدایە تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان لە ماوەی ناوبراودا بەهاکەی (88.58) دۆلار بووە. واتە لە چارەکی چوارەمی (2022) هەر بەرمیلێک نەوت بە (19.11) دۆلار هەزانتر فرۆشراوە. هاوکات (3 ملیۆن و 914 هەزار و 536) بەرمیل نەوت بە پاڵاوگەکانی ناوخۆی هەرێم فرۆشراوە، کۆی بەهاکەی (23 ملیۆن و 569 هەزار و 580) دۆلار و هەر بەرمیلێک نەوت بە تێکڕای (45.84) دۆلار فرۆشراوە، بەم جۆرەش بێت هەر بەرمیلێک نەوت بە نزیکەی نیوەی نرخی خۆی بە پاڵاوگە نەوتییەکان دراوە، ئەمەش جۆرێک لە پاڵپشتی حکومەت دەردەخات بۆ پاڵپشتی پاڵاوگەکان و پێداویستی ناوخۆ. هاوکات کۆی بەهای نەوتی هەرێم بەشێوەی (بۆری + ناوخۆ) بریتی بووە لە (2 ملیار و 452 ملیۆن و 723 هەزار و 553) دۆلار، لەو بڕەش (1 ملیار و 261 ملیۆن و 934 هەزار و 269) دۆلاری بە ڕێژەی (51%) چووە بۆ دانەوەی شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان و خەرجییەکانی دیکەی نەوت، وەک گواستنەوەو کۆگاکردن. بڕی (1 ملیار و 190 ملیۆن و 789 هەزار و 284) دۆلاری بە ڕێژەی (49%) گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. (بڕوانەی خشتەی ژمارە (3)). خشتەی ژمارە (3)  چوارەم؛ نەوتی هەرێم لە نیوەی یەکەمی 2022 پاڵپشت بەو داتایانەی هەردوو چارەکی یەکەم و دووەمی (2022)، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نیوەی دووەمی ئەمساڵ واتە لە نێوان (1ی تەموزی 2022 بۆ 31ی کانونی یەکەمی 2022) بڕی (71 ملیۆن و 853 هەزار و 667) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە، بە تێکڕای رۆژانەی (390 هەزار و 509) بەرمیل نەوت و  کۆی بەهاکەی (5 ملیار و 526 ملیۆن و 68 هەزار و 100) دۆلار بووە، هەر بەرمیلێک نەوتی بە تێکڕای (76.42) دۆلار فرۆشتووە، ئەمە لە کاتێکدایە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی بە تێکڕا (94.65) دۆلار بووە. واتە لە نیوەی دووەمی (2022)دا هەر بەرمیلێک نەوت بە (18.23) دۆلار هەزانتر فرۆشراوە. هەر بەپێی داتاکان (6 ملیۆن و 233 هەزار و 624) بەرمیل نەوت بە پاڵاوگەکانی ناوخۆی هەرێم فرۆشراوە، بە تێکڕای رۆژانەی (33 هەزار و 878) بەرمیل، کۆی بەهاکەی (43 ملیۆن و 545 هەزار و 624) دۆلار و هەر بەرمیلێک نەوت بە تێکڕای (53.57) دۆلار فرۆشراوە. بەم پێیە کۆی بەهای نەوتی هەرێم بەشێوەی (بۆری + ناوخۆ) بریتی بووە لە (5 ملیار و 569 ملیۆن و 613 هەزار و 724) دۆلار، لەو بڕەش (2 ملیار و 775 ملیۆن و 736 هەزار و 144) دۆلاری بە ڕێژەی (50%) چووە بۆ دانەوەی شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان و خەرجییەکانی دیکەی نەوت، وەک گواستنەوەو کۆگاکردن. بڕی (2 ملیار و 793 ملیۆن و 877 هەزار و 580) دۆلاری بە ڕێژەی (50%) گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. (بڕوانە خشتەی ژمارە (4)). (چارتەکانی ژمارە (1، 2 و 3)) خشتەی ژمارە (4)   چارتی ژمارە (1)   سەرچاوە: راپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیت 


راپۆرت: درەو پەیوەندیەكانی یەكێتی و پارتی بەرەو لێكترازانی تەواوەتی دەچێت، یەكێتی نیگەرانە  لە دەستوەردانەكانی پارتی،  پارتیش بێمنەتە لە هەنگاوەكانی یەكێتی، تیمی یەكێتی بەردەوامن لە بایكۆتی ئەنجومەنی وەزیران، لە حاڵەتی كشانەوەی تەواوەتی تیمی یەكێتیی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەپێی یاسا كابینەكە دەكات بە كابینەیەكی هەڵوەشاوەو كاربەڕێكەر، بەڵام مەسرور بارزانی دەتوانێت بۆ پارێزگاری لە كابینەكەی، دەستلەكاركێشانەوەی تیمی یەكێتی پەسەند نەكات تا ئەوكاتەی بڕیاری سازدانی هەڵبژاردنێكی نوێ دەدرێت، دۆخی ئێستای پەیوەندییەكانی پارتی‌و یەكێتیی لەم راپۆرتەدا.    لە پارتییەوە بۆ یەكێتیی ! بەپێچەوانەی ئەوەی چاوەڕوان دەكرا لەچارەسەر نزیك ببنەوە، پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتیی وەكو دوو پێكهێنەری سەرەكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و دوو هێزی دەسەڵاتداری هەرێم، تادێت بەرەو گرژی زیاتر دەڕوات.  بەمدواییە چەند هەنگاوێك بەئاڕاستەی چارەسەری ناكۆكییەكان هەڵگیرا، مەكتەبی سیاسی پارتی سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی كرد‌و بڕیار بوو كۆبونەوەكان درێژەی هەبێت، وەكو خۆیان  باسیان كرد لە یەكەم كۆبونەوەدا زۆر بە "راشكاوی" گفتوگۆیان لەگەڵ یەكتر كردووە، بەڵام پشتیوانی دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر لە كەیسی لاهور شێخ جەنگیی وەكو هاوسەرۆكی یەكێتیی، جارێكی تر هەوڵەكانی ئاشتەوایی لەنێوان پارتی‌و یەكێتی گەڕاندەوە بۆ خاڵی سفر‌و كۆبونەوەی دووەم لەنێوان مەكتەبی سیاسی هەردوو حزب  تەگەرەی تێكەوت.  یەكێتیی نیگەرانە لە بڕیارەكەی دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر كە تێیدا لاهور شێخ جەنگی وەكو هاوسەرۆكی یەكێتیی دەناسێنێت‌و دان بە گۆڕانكارییەكانی ناوخۆی یەكێتیدا نانێت، یەكێتیی‌و بە دیاریكراویش بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی ئەو حزبە، ئەم بڕیارەی دادگای هەولێر وەكو دەستوەردانی پارتی لە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتیی لێكدەداتەوە‌و لەمبارەیەوە یەكێتی بەفەرمی نیگەرانی خۆی بە پارتی گەیاندووە.  لەبەرامبەردا، پارتی نیگەرانە لەو هەنگاوانەی بەمدواییە یەكێتیی لە بەغداد هەڵیگرتووە، بەدیاریكراویش لە پرسی داڕشتنی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ‌و یاسای بودجەی 2023ی عێراق، بەتایبەتیش لەوەدا یەكێتی دەیەوێت لەو دوو یاسایەدا لە مەركەزیەتی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم بدات‌و پەرە بە لامەركەزیەتی پارێزگاكان‌و مامەڵەی سەربەخۆ بدات لەگەڵ حكومەتی ناوەنددا، . بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، پارتی  وەڵامی نیگەرانییەكانی یەكێتیی داوەتەوە‌و  بێباكیشی پێوە دیارە: ئەگەر یەكێتیی بەبێ مەرج دەگەڕێتەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، دەتوانێت بگەڕێتەوە، ئەگەر یەكێتیی ناگەڕێتەوە، هەر هەنگاوێك كە پێی باشە، دەتوانێت بیگرێتەبەر.  لە بایكۆتەوە بۆ كشانەوە ! زیاتر لە چوار مانگە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان‌و سەرۆكی تیمی یەكێتیی لە حكومەت نەچوەتە ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران‌و (بایكۆت)ی كردووە، رۆژی 11ی كانونی یەكەمیش، واتە كۆتا مانگی ساڵی رابردوو، هەموو تیمی یەكێتی لە حكومەت لە گروپی "واتساپی" ئەنجومەنی وەزیران كشانەوە‌و بایكۆتی كۆبونەوەكانی حكومەتیان كرد، بەڵام هێشتا وەزیرەكانی یەكێتیی كە ژمارەیان (6) وەزیرە، لە بینای وەزارەتەكانیان دەوامی فەرمی خۆیان دەكەن‌و بەتەواوەتی لە حكومەت نەكشاونەتەوە، جگە لە (شۆڕش ئیسماعیل) وەزیری پێشمەرگە كە دەستلەكاركێشاوەتەوە هەروەها (خالید شوانی) كە شوێنەكەی وەكو وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغداد بەتاڵ بووە بەهۆی ئەوەی پۆستی وەزیری دادی عێراقی وەرگرتووە‌و  هێشتا پۆستەكەی پڕنەكراوەتەوە. چوار مانگە ناكۆكییەكانی پارتی‌و یەكێتیی تەقیوەتەوە‌و هێشتا دوو هێزە دەسەڵاتدارەكە نەگەیشتوونەتە چارەسەر، پارتی هۆكاری تەقینەوەی ناكۆكییەكان دەگێڕێتەوە بۆ كەیسی كوژرانی عەقید (هاوكار جاف) لە تەقینەوەكەی هەولێردا، یەكێتیش هۆكارەكەی بۆ "تاكڕەوی لە حوكمڕانی"دا دەگێڕێتەوەو لەمەشدا بەدیاریكراوی مەبەستی لە مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانە.  ئەگەری گەڕانەوەی تیمی یەكێتی بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت تادێت دورتر دەكەوێتەوە، بەتایبەتیش بەمدواییە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی لە كۆبونەوەیەكی لایەنەكانی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتدا، لەبەرچاوی سەركردەی لایەنە عێراقییەكان‌و فوئاد حسێن ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی وتویەتی" حكومەتی هەرێم حكومەتی پارتییە‌و یەكێتیی تاوتوێی كشانەوە لە حكومەت دەكات".  یەكێتیی بكشێتەوە حكومەت هەڵدەوەشێتەوە ؟  ئێستا كە پەیوەندییەكان گرژی زیاتری تێكەوتووە، ئەگەر وەكو ئەوەی بافڵ تاڵەبانی لە كۆبونەوەكەی بەغداد وتویەتی، یەكێتیی كۆتایی بە (بایكۆت) بهێنێت‌و یە یەكجاری لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم (بكشێتەوە)، ئایا بەگوێرەی یاسا كابینەكە بە دەستلەكاركێشاوە ئەژمار دەكرێت یاخود نا؟  ئەو یاسایەی كە وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە، یاسای ژمارەی (3) ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانە كە لە 16ی ئەیلولی ساڵی 1992دا دەرچووە‌و (10) جار هەموار كراوە، بەڵام ئەو بڕگەیەی ناو ماددە یاساییەكە كە تایبەتە بە كشانەوەی وەزیرەكان، وەكو خۆی ماوەتەوە‌و هیچ هەموارێكی تێدا نەكراوە.  بڕگەی (1) لە ماددەی (یانزەیەم)ی ئەم یاسایە دەڵێ" لە حاڵەتی لادانی سەرۆكدا یا وازهێنانی، یاخود وازهێنانی زۆربەی ئەندامانی ئەنجومەن، وا دادەنرێ كە وەزارەت وازی لە كار هێناوە، بەڵام ئەگەر وەزارەتەكە (مەبەستی لە كابینەكەیە) هاوپەیمانی بوو لەنێوان دوو دەستە سەرەكییەكەی ناو پەرلەمانی كوردستان، ئەگەر وەزیرانی هەر لایەكیان بە كۆمەڵ لە وەزارەت كشانەوە، وا دادەنرێت كە وەزارەتەكە وازی لە كارهێناوە". بەگوێرەی ئەم بڕگەیە، لەحاڵی كشانەوەی یەكێتیدا لە حكومەت، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بە دەستلەكاركێشاوە ئەژمار دەكرێت، بەوپێیەی ئێستا یەكێتی یەكێكە لە دەستە سەرەكییەكانی ناو پەرلەمان‌و لە دوای پارتییەوە لەناو پەرلەمانی كوردستاندا زۆرترین كورسی هەیە.  بەڵام بەگوێرەی بڕگەی (2) لە هەمان یاسا، تەنانەت ئەگەر یەكێتیش لە حكومەت بكشێتەوە‌و حكومەت بە دەستلەكاركێشاوە ئەژمار بكرێت، كابینەی نۆیەم هەر بەردەوام دەبێت، چونكە بڕگەی (2)ی ماددەكە دەڵێ" ئەندامانی ئەنجومەن تا كاتی پێكهێنانی  وەزارەتێكی نوێ (مەبەستی كابینەیەكی نوێیە)، لەسەر بەڕێوەبردنی ئەركە رەسمییەكانیان بەردەوام دەبن". بەڵام لە ساڵی 1999دا، پەرلەمانی كوردستان هەموارێكی لەم ماددەی (یانزەیەم)ی ئەنجومەنی وەزیراندا كردووە‌و بڕگەی (3)ی بۆ ماددەكە زیادكردووە. بڕگەی (3)ی ماددەی (یانزەیەم)ی ئەنجومەنی وەزیران دەڵێ" سەرۆك بۆی هەیە دەستلەكاركێشانەوەی وەزیر قبوڵ بكات". بەپێی ئەم بڕگەیە، لەحاڵی كشانەوەی بەكۆمەڵی وەزیرەكانی یەكێتیی لە كابینەی نۆیەم، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بۆی هەیە لەژێر هەر بەهانەیەكدا دەستلەكاركێشانەوەكەیان قبوڵ نەكات، ئەمە وادەكات كابینەی نۆیەم بەبێ یەكێتیش وەكو خۆی بەردەوام بێت‌و بە كابینەی كاربەڕێكەر ئەژمار نەكرێت، سەرۆكی حكومەت دەتوانێت ئەم بڕگەیە بەكاربهێنێت بۆ ناچاركردنی یەكێتیی بە ملدان بۆ سازدانی هەڵبژاردنێكی نوێ. خۆ ئەگەر مەسرور بارزانی دەستلەكاركێشانەوەكانەوەی بەكۆمەڵی تیمی یەكێتیی لە حكومەت قبوڵ بكات، بەپێی دواین هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، دەبێت پەسەندكردنی دەستلەكاركێشانەوەكان ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بكات، سەرۆكی هەرێم دوای دەركردنی نوسراوی قبوڵكردنی دەستلەكاركێشانەوەكان، بەپێی یاساكە دەبێت داوا لە وەزیرەكانی یەكێتی بكات لە ئەرك‌و فەرمانی خۆیان بەردەوام بن تا ئەوكاتەی كابینەیەكی نوێی حكومەت پێكدەهێنرێت.  واتە لە هەموو حاڵەكاتدا كابینەی نۆیەم بەبێ یەكێتیش دەتوانێت بەردەوام بێت، تەنانەت ئەگەر بەشێوەی كاربەڕێكەریش بێت. لەبارەی كابینەی نۆیەمەوە  كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی  گۆڕان)ە، لە رۆژی 10ی تەموزی 2019دا دەستبەكاربوو، كابینەكە هەر لەسەرەتاوە بەهۆی ناكۆكی پارتی‌و یەكێتیی لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان‌و یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوكەوە، پێكهێنانی لەوادەی دیاریكراوی خۆی دواكەوت.  كابینەی نۆیەم كە ئێستا بەهۆی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە، تەمەنی ئەویش لەماوەی درێژكراوەدایە، لەسەروبەندی چەند گۆڕانكارییەكی وزاریدایە، دوو پۆستی یەكێتیی چۆڵ بووە (وەزیری پێشمەرگە‌و شوێنەكەی خالید شوانی وەزیری هەرێم)‌و پارتیش بەنیازە وەزیرێكی خۆی (پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف) بگۆڕێت، بەڵام بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو حزبەكەوە پەرلەمان ناتوانێت كۆبونەوە بكات بۆ پەسەندكردنی گۆڕانكارییەكان.  سەرباری ئەمە هەستیارترین وەزارەتی كابینەكە كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانە‌و سەرچاوەی سەرەكی داهاتی هەرێمی كوردستانە، وەزیرەكەی دەستی لەكاركێشاوەتەوە‌و لەلایەن وەزیری كارەباوە بەشێوەی وەكالەت بەڕێوەدەبرێت.   كابینەی نۆیەم بەم دۆخە خراپەوە دەچێتە گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد لەسەر نوسینەوەی هەستیارترین یاسا لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە، كە ئەویش یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵە‌و بڕیارە لەم یاسایەدا دەسەڵاتی هەرێم‌و حكومەتی ناوەند بەسەر سامانی نەوت‌و غازدا یەكلابكرێتەوە، ئەم یاسایە رەنگە كەڤەرێكی نوێ بە  حكومەتی هەرێم ببەخشێت بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە وەبەرهێنان‌و هەناردەی نەوت، رەنگیشە بەپێچەوانەوە ببێت بە سەرەتایەكی خراپ بۆ حكومەتەكانی داهاتووی هەرێمی كوردستان‌و دەسەڵاتی مامەڵەی سەربەخۆ بە سامانە سروشتییەكانەوە لە هەرێم بسەنێتەوە.  بەهۆی ناكۆكییەكانیان لەناوخۆی هەرێم، ئێستا پارتی‌و یەكێتی دوو روانگەی جیاوازیان هەیە لەبارەی چۆنیەتی نوسینەوەی یاساكە، ئەمە دەرفەت بۆ لایەنە شیعەكان خۆش دەكات، بۆچونی خۆیان بسەپێنن، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە حكومەتی هەرێم بەپێچەوانەی ساڵانی رابردووەوە، لە هەموو كات زیاتر پێویستی بە دەرچوونی ئەم یاسایە هەیە، چونكە ئەگەر ئەم یاسایە دەرنەچێت، حكومەتی عێراق بۆ مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان، پەنا بۆ بڕیارەكەی ناوەڕاستی شوباتی ساڵی 2022ی دادگای فیدراڵی دەبات، حوكمێك كە هەرێم ناچار دەكات نەوت‌و غازی خۆی رادەستی بەغداد بكات، ئەمەش ئەو بابەتەیە كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و پارتی وەكو پێكهێنەری سەرەكی حكومەتەكە، خوازیاری نین.  سەرباری ئەمە، ناكۆكی پارتی‌و یەكێتیی وەكو دوو پێكهێنەری سەرەكی حكومەت، ئاستەنگی بۆ سازدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دروستكردووە‌و دوای ساڵێك  دواخستنی هەڵبژاردنەكە لەوادەی خۆی، هێشتا هیچ ئاسۆیەك بۆ بەڕێوەچوونی هەڵیبژاردنێكی نوێ لە هەرێم بەدی ناكرێت، ئەمەش زیاتر سیمای دوو ئیدارەیی تۆخكردوەتەوە‌و دەسەڵاتی كابینەكەی لاواز كردووە.  كابینەی نۆیەم كە یەكەم ئەزمونی مەسرور بارزانییە لە پۆستی سەرۆك وەزیران تەنیا كابینەی قەیرانە سیاسییەكان نییە، لەڕووی دارایشەوە بە قەیران دەستیپێكرد، دەستبەكاربوونی كابینەكە هاوكات بوو لەگەڵ بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا، كە لەسەر ئاستی جیهان نرخی نەوتی خست‌و ئەمەش بۆ ناوچەیەكی وەكو هەرێم كە سەرچاوەی سەرەكی داهاتەكانی نەوتە، بەزیانی گەورە بۆ موچەخۆران كۆتایی هات‌و ئاستی پرۆژە خزمەتگوزراییەكانیشی لاواز كرد. 



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand