هەرێم بۆ لاوازە؟

Draw Media

2023-07-16 06:45:59



مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

 

لە کۆتایی ساڵانی هەشتادا نووسەر و ئەکادیمی ئەمریکی، جوێل میگدال Joel Migdal، کتێبێکی گرنگیی بەناونیشانی «کۆمەگای بەهێز و دەوڵەتی لاواز»ەوە، بڵاوکردەوە. کتێبەکە باس لەوەدەکات بۆ لە بەشێکی گەورەی جیهانی سێدا دەوڵەتەکان لاوازن و ناتوانن ئاراستەی کار و کردەوەی کۆمەڵگاکانیان، بکەن، بۆ بۆشاییەکی گەورە لەنێوان دانیشتوان و دەوڵەت و حوکمراناندا دروستدەبێت؟ لەبەرچی دەوڵەت ناتوانێت متمانەی کۆمەڵگا لەو بەشەی جیهاندا بەدەستبهێنێت؟
بەر لە هەمووشتێک چەمکی «دەوڵەتی بەهێز» لەم کتێبەدا هێما بۆ ئەو دەوڵەتانە دەکات، کە توانای دروستکردن و ئاراستەکردنی کۆمەڵگاکەیان هەیە و دانیشتوانی وڵاتەکە ئەو دەوڵەتە بە دەوڵەتی خۆیان دەزانن نەک یەکەیەکی سیاسیی بە زۆر و بە فشار بەسەریاندا سەپێنرابێت. بە کورتییەکەی، «دەوڵەتی بەهێز» ئەو دەوڵەتەیە کە کۆمەڵگاکە وەک چوارچێوەیەکی هاوبەش قبووڵیدەکات و یاساکانی بە یاسی خۆی دەزانیت و سیاسەتەکانیشی وەک سیاسەتی دانیشتوانەکەی دەناسێنێت. توانای مانەوەی دەوڵەتەکە خۆیشی بە توانای مانەوەی کۆمەڵگاکەوە پابەندبێت. دەوڵەتی بەهێز لەپاڵ خاوەندارێتی بۆ کۆمەڵێک یاسا کە کۆمەڵگاکە بە یاسای خۆی دەزانێت، لەوەش دڵنیایە کە دەزگای بەکارهێنان و پیادەکردنی ئەو یاسایانە یاساکان بە یەکسانیی بەسەر هەموواندا، پیادەدەکات. لەم بوارەدا هەڵاوێردن بوونی نییە، لە بەردەمی ئەو یاسایانە و ئەو دەزگایانەدا کە پیادەیان دەکەن گەورە و بچوک و پیرۆز و ناپیرۆز بوونی نییە، هەمووان بەقەد یەک گەورە و پیرۆز و ناپیرۆزن.
هاوکات ئەم دەوڵەتە ئەو هەستە بە دانیشتوانەکەی دەبەخشێت کە خاوەنی ستراتیژیەتی مانەوە و پاراستنی ئەو کۆمەڵگایەشی هەڵگرتوە کە حوکمرانی دەکات و پاراستنی خودی دەوڵەتەکە خۆیشی بە پاراستنی کۆمەڵگاکەوە بەندە. هەر دەوڵەتێک پرۆژەی ئینتیحارکردنی دەستەجەمعیی کۆمەڵگاکە یان بەشێکی کۆمەڵگاکەی هەڵگرتبێت ناکرێت وەک «دەوڵەتی بەهێز» وێنابکرێت.
 ئەگەر لە گۆشەنیگای ئەو سەرەتا سادانەوە سەیری دۆخی هەرێمی کوردستان بکەین، بەو دەرەنجامە دەگەیەن، ئەوەی کە هەیە و دروستکراوە شتێکە نە کۆمەڵگاکە دەیەوێت و نە دەوڵەتەکەش کۆمەڵگاکەی دەوێت. رەفزێکی دوولایەنە لە ئارادایە کە هەموو شەرعیەتێکی سیاسیی لە سیستمە سیاسییەکە دەسێنێتەوە. کۆمەڵگاکە حوکمڕانەکانی ناوێت و حوکمڕانەکانیش کۆمەڵگاکەیان وەک کۆمەڵگا ناوێت. کۆمەڵگاکە حوکمڕانیەکە وەک دەسەڵاتێکی خێزانی دەرەکیی سەپێنراو دەبینێت و خێزانە حوکمڕانەکانیش کۆمەڵگاکەیان وەک رەعیەتێکی بێماف و گوێرایەڵ دەوێت.
 
بە کورتییەکەی، ئەوەی لە هەرێمدا دەیبینین دۆخێکی تەواو ناکۆکە بەو دۆخەی لەسەرەوە باسکرا. بەم مانایە لە هەرێمدا ئامادەیە جۆرێک لە حوکمرانیی بێهێز و لاواز و بێخوێنە، کە لەگەڵ خۆیشیدا کۆمەڵگایەکی لاواز و بێهێز و وەڕسی دروستکردوە. حوکمرانییەکی نەخۆش ئامادەیە کە کۆمەڵگاکە  بە بەردەوامی زیاتر و زیاتر نەخۆشدەخات. هێز لە هەرێمدا کورتکراوەتەوە بۆ هێزی ئەمنیی و ئەمنیش کورتکراوەتەوە بۆ ئەمنی بەشێکی کەم و بچوکی کۆمەڵگاکە. کە بەشە حوکمڕان و سەپاوەکەی ناو کۆمەڵگاکەیە.
ئەم دۆخە تایبەتەی هەرێم کۆمەڵێک هۆکاری دیاریکراوی لەپشتە، کە دەشێت هەرە گرنگەکانیان لەم چەند خاڵەدا کۆبکەینەوە.

یەکەم: ئەو حوکمڕانییەی دامەزراوە ئەو هەستەی لای خەڵکی هەرێمەکە دروستکردووە کە ئەوە خەڵکەکە نییە خاوەنی هەرێمەکەن، بەڵکو کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵەی حوکمڕان و نەوەکانیانن و ئەوانیش نابەرپرسانە سامانی سەرزەویی و ژێڕزەوی وڵاتەکە بەو جۆرە بەکاردەهێنن کە قازانجی خۆیان و بنەماڵەکانیان بپارێزن. ئەوەی لێرەدا ڕوویداوە بەتایبەتیکردنی شتێکە کە ناکرێت بەتایبەتیی بکرێت، واتە خەسخەسەی شتێک کە نابێت خەسخەسە بکرێت: «بەتایبەتیکردنی نیشتیمان».
سەندنەوەی ئەو هەستە لە دانیشتوان کە ئەوان خاوەنی ئەو سەرزەمینە جوگرافییەن کە تێیدا دەژین، بەشێکی سەرەکیی ئەم پرۆسەی بەتایبەتیکردنەیە کە سێ دەیەیە بە شێوەیەکی سیستماتیک کاری بۆ دەکرێت و دەسەپێنرێت. بە جۆرێک لە ئێستادا ئەو هەستە لەناو بەشێکی گەورەی دانیشتوانەکەدا دروستبووە کە هەرێم هەرێمی ئەوان نییە، بەڵکو موڵکی خێزان و بنەماڵە حوکمڕانەکانە. ئەم هەستی بە بەتایبەتیکردنەی نیشتیمان هاوشانە بە هەستکردن بەوەیش کە پارە و دەسکەوت و ئەگەری پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی و پیشەیش، وەک زۆر  شتی دیکە، بەتایبەتی کراوە. ئەمە جگە لە بەتایبەتیکردنی پێگە سەرەکییەکانی ناو کۆمەڵگاکە و بەتایبەتیکردنی پۆستە سیاسیی و ئیدارییە سەرەکییەکانی حومکرانییەکە. هاتنەپێشەوە و دەرکەوتنی منداڵانی خێزانە حوکمرانەکان لە فۆرمی سوپایەک لە ئەمیر و ئەمیرەی نوێدا، هەستی هەبوونی هەموو «سەرەتایەکی یەکسان»ی لە وڵاتەکەدا وێرانکردوە. مناڵانی وڵاتەکە لەبەردەم منداڵانی خێزانە حوکمرانەکاندا هەست بەوەدەکەن کە خەڵكی هەرێمەکە نین، یان جۆرێک لە کەسانی بیانی بێماف و بێئایندەن.
 لەدروستبوونی ئەم هەستکردنەدا بە خەسخەسەکردنی هەمووشتێک، رۆڵێکی گەورە و بنەرەتیی دەبینێت لە هەستکردنی بەشێکی گەورەی خەڵکەکەدا بەنامۆبوون لە حوکمرانییەکە.

دووهەم: لە دەزگاخستنی دەزگاکانی حوکمرانییەکە.
خاڵێکی گرنگ و بنەرەتیی لاوازبوونی هەرێم و حوکمرانییەکەی پەیوەندیی بە پرۆسەی لەدزگاخستنی دەزگاکانییەوە هەیە. بەستنەوەی کۆی دەسەڵاتە سەرەکیی و بنەرەتییەکانی هەرێم بەجەند کەسایتییەکی تایبەتەوە، کە زۆربەیان سەر بە یەک خێزان و بنەماڵە و بازنەی داخراون، رۆڵێکی سەرەکیی و بنەڕەتی دەبینن لەم پرۆسەی لەدزگاخستنی دەزگاکان.
سیستمی حوکمرانی هەرێم، بە حیساب هەموو دەزگا فەرمییەکانی حوکمرانییەکی بەهێزی هەیە، لەوانە پەرلەمان، دادگا، سوپا، پارتی سیاسیی، حکومەت خۆی، بە وەزیر و وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکانەوە، بەڵام هەر کەسێک بە ڕێبوارییش ڕێیکەوتبێتە هەرێمەوە، ئەو ڕاستییە تاڵە دەزانێت، کە دەسەڵات لای هیچ یەکێک لەم دەزگایانە نییە و هیچ دەزگایەکیشیان بە پێی لۆژیکی ناوەکیی و پیشەیی دەزگاکە کارناکات، بەڵکو سەرجەمی دەسەڵاتە سەرەکییەکان لە دەستی چەند کەسێکی کەمدایە و ئەوانن دەستنیشانی ئەوەدەکەن ئەو دەزگایانە چیبنو چۆن کاربکەن یان نەکەن.  

سێهەم: دەسەڵاتداران توانای لانی هەرەکەمی متمانە و  قەناعەت هێنانیان بە کۆمەڵگا لەدەستداوە. گوتارێکیان نەماوە قابیلی باوەڕ و متمانەپێکردن بێت. ئەوەی هاتۆتەکایەوە سڕینەوەی تەواوی زمانە وەک ئامرازیی پەیوەندیکردنێکی بەسەمەر، لەسەرێکەوە، گەشەدان چەنەبازیی و  جنێوفرۆشیی و درۆکردنێکی بەردەوامەوە، لە سەرێکی دیکەوە بەکارهێنانێکی ئینشایی رۆژانەی سەرجەمی ئەو تۆمەتانەی لە مێژووی سیاسیی ئێمەدا دروسکراون: تۆمەتی خیانەتدانە پاڵ هەر کەس و لایەن و گروپێک نەتوانن لەگەڵ ئەوان و سیاسەتەکانیاندا، هەڵبکەن و بژین.
بەم جۆرە بۆشاییەکی گوتاریی گەورە دروستبووە، کە تۆمەت و جنێودان دەیەوێت پڕیبکاتەوە.

ئەم دۆخە وایکردوە ئەم حوکمڕانییە جگە لە کۆنترۆڵکردنی ئەمنی دانیشتوان، هیچ توانایەکی تری ئاراستەکردنی کۆمەڵگایان نەبێت،  هەموو تواناکانی ئاراستەکردن و کۆکردنەوەی کۆمەڵگایان لەدەوری ئەم یان ئەو پرۆژەی سیاسیی و ئەم یان ئەو ستراتیژیەتی مانەوە و ئەم یان ئەو گوتار، لەدەستداوە. سەرەڕای ئەو هەموو پارە و سەرمایەی لەژێر دەستیاندایە، توانای ئاراستەکردنی کار و کاردانەوەی خەڵکیان لەدەستداوە. سەرجەمی ئەم هۆکارانەی لاوازبوونیش هۆکاری ناوەکین و شێوازی حوکمڕانی هەرێمەکە و عەقڵیەت و سایکۆلۆژیای حوکمڕانەکان لێی بەرپرسیارن.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand