" یەكێتی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەكشێتەوە"
2023-07-18 09:41:05
درەو:
كێشەكانی پارتی و یەكێتی لە وەزارەتی پێشمەرگە لە تەقینەوەدایە، ئەگەری كشانەوەی تیمی یەكێتی لە وەزارەت دەكرێت، پۆستەكانی وەزارەتی پێشمەرگە لە پەنجا بە پەنجاوە بۆ (57%) بە (43%) دابەشدەكرێتەوە، ئەمە تیمی یەكێتی توڕەكردووە " ئەگەر پارتی سوور بێت لەسەر ئەو بڕیارە، ئەوا تیمی یەكێتی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەكشێنێتەوە"
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی پێشمەرگە بە (درەو)ی راگەیاند: كێشەكانی نێوان یەكێتی و پارتی لە وەزارەتی پێشمەرگە توندبووەتەوەو گەیشتووەتە لێكترازان و پەیوەست نەبوون بە بڕیاری یەكدیەوە، ئەگەری كشانەوەی تیمی یەكێتی هەیە لە وەزارەتی پێشمەرگە.
وەزارەتی پێشمەرگە لە (41) یەكەو پۆست پێكهاتووەو بەرێژەی (50% بە 50%) دابەشبووە، واتا جگە لە وەزیر (20) پۆست لای پارتیەو (20) پۆست لای یەكێتیە، بەڵام لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی (شۆڕش ئیسماعیل ) وەزیری پێشمەرگەو دەستبەكاربوونی بریكاری نوێی وەزارەتی پێشمەرگە پۆستەكان گۆرانكارییان بەسەردا دێت، تیمی پارتی بڕیاریانداوە پۆستەكان دابەشبكرێتەوە بۆ (57%) بۆ پارتی بە (43%) بۆ یەكێتی، لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین بڕیار لەوبارەیەوە دەكراوەو بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستەكانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە، ئەو گۆرانكارییانە لەلایەن بەرپرسانی یەكێتی لە وەزارەتی پێشمەرگە رەتكرایەوە بەتایبەتیش ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگەو بەرێوەبەری میرەی گشتی و ئیدارەی ئەفسەران بە نوسراو رایانگەیاند: ئەو گۆڕانكارییانە بە بێ رەزامەندی ئێمە تێپەڕێندراوەو ناهاوسەنگە بۆیە پابەند نابین پێیەوە.
بە پێی وتەی ئەو سەرچاوەیە، پارتی دەیەوێت چەند پۆستێك لە یەكێتی وەربگرێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە (57%) بە (43%) بۆیە نزیكەی چوار پۆست لە بەرپرسانی یەكێتی وەردەگرێـتەوە كە ئەوانیش (بەڕێوەبەری میرەی گشتی، بەرێوەبەری ئیشغاڵ، فەرمانگەی یاسایی .... ) لە وەزارەتی پێشمەرگە.
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) هەفتەی رابردوو تیمی یەكێتی لە وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ مەكتەبی سیاسی و بەرپرسانی یەكێتی كۆبوونەتەوەو گفتوگۆیان لەسەر ئەو گۆڕانكارییانە كردووە، مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە تیمی یەكێتیان لە وەزارەتی پێشمەرگە راگەیاندووە، "ئەگەر پارتی سوور بێت لەسەر گۆڕانكارییەكان، ئەوا تیمی یەكێتی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەكشێتەوەو هێزی یەكێتی دەچێتەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە سنورەكانی خۆی".
(درەو) زانیویەتی ئەم گۆڕانكاری و پێشهاتانەی ناو وەزارەتی پێشمەرگە گەیەندراوەتە هاوپەیمانان كە (ئەوان لەرووی مادی و لۆجستیەوە پشتیوانی وەزارەتی پێشمەرگە دەكەن) بۆیە لە ئێستادا هاوپەیمانانیش گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە پێشمەرگە یەكناخرێتەوەو بەرەو لێكترازان دەچێت.
ئەو ناكۆكی و گۆڕانكارییانە لە كاتێكدایە وەزارەتی پێشمەرگە بێ وەزیرە، لە مانگی ئابی 2022 ەوە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە دەستلەكاركێشانەوەی ئاراستەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانكرد، دواتر یەكێتی كاندیدی بۆ پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە (رێبارز بێركۆتی) پێشكەشكرد و ئاراستەی پەرلەمانكرا بەڵام دواتر گرژیەكانی نێوان پارتی و یەكێتی ئەو پرۆسەیەی پەكخست، لە ئێستاشدا وەزارەتی پێشمەرگە بێ وەزیرە.
(درەو) زانیویەتی چەند جارێك هاوپەیمانان هەوڵی گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگەیاندا، بەڵام لەدوای كۆبوونەوەی تیمی هاوپەیمانان لەگەڵ جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند بە وەكالەت پۆستی وەزیری پێشمەرگە پڕدەكەینەوە، بەو واتایەی رازی نین بە گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگە دەیانەوێت لەلایەن وەزیرێكی تری یەكێتیەوە بە وەكالەت بەڕێوە ببرێت هاوشێوەی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان، بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) یەكێتی بڕیاریدا (دارا رەشید) وەزیری پلانادانان بە وەكالەت پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەبەرێت، بەڵام تا ئێستا رەزامەندی سەرۆك وەزیرانی لەسەر نەدراوە.