Draw Media

"نە لەتیف بووی نە رەشید"

"نە لەتیف بووی نە رەشید"

2023-07-17 13:08:29


(درەو): 
نوێنەری باڵیۆزخانەی ڤاتیكان چووەتە لای سەرۆك كۆمارو وتویەتی وەكو باڵیۆزخانە كێشەمان لەگەڵ ئەو رێوشوێنە نییە كە گرتوتانەتەبەر، بەڵام ژمارەیەك قەشە لە ناوخۆو دەرەوەی عێراق‌و كوردستان نامەیەكیان بۆ سەرۆك كۆمار ناردووە‌و تێیدا دەڵێ" نە لەتیف بووی نە رەشید". 
كاردانەوەكان دژی هەڵوەشاندنەوەی مەرسومی ژمارەی (147) لەلایەن لەتیف رەشیدی سەرۆك كۆماری عێراقەوە تا دێت توندتر دەبن، مەرسومێك كە ساڵی 2013 دەرچووە‌و تێیدا لویس ساكۆ وەكو پاتریاكی كلدانەكان لە عێراق‌و جیهان ناسراوە‌و دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی وەقفەكانی كلدانی لە عێراق پێدراوە. 
ئەمڕۆ (چارلز لاوانگا) كاربەڕێكەری باڵۆزخانەی ڤاتیكان لە بەغداد سەردانی سەرۆكایەتی كۆماری كرد‌و لەتیف رەشیدی بینی. بەگوێرەی راگەیەندراوی سەرۆكایەتی كۆمار، لەم دیدارەدا نوێنەرەكەی باڵیۆزخانەی ڤاتیكان وتویەتی" ئێمە وەكو باڵیۆزخانە هیچ تێبینییەكمان لەبارەی رێوشوێنەكانی سەرۆكایەتی كۆمارەوە نییە". 
سەرۆك كۆمار لە دیدارەكەدا، هەمان بەهانەكانی پێشتری لەبارەی كشاندنەوەی مەرسومی ژمارە (147) خستوەتەڕوو، رایگەیاندووە" كشاندنەوەی مەرسومەكە نابێتەهۆی دەستبردن بۆ دۆخی ئاینیی‌و یاسایی كاردیناڵ لویس ساكۆ، بەوپێیەی ئەو لەلایەن پاپاوە وەكو پاتریاكی كڵێسای كلدانی لە عێراق‌و  جیهان دانراوە". 
"كشاندنەوەی مەرسومەكە بۆ راستكردنەوەی دۆخی دەستورییە، چونكە ئەو مەرسومە پێشتر بەبێ هیچ پاڵپشتییەكی دەستوری‌و یاسایی دەركراوەو سەرۆكی كڵێساكانی تریش داوای دەكەن" سەرۆك كۆمار وای بە نوێنەرەكەی ڤاتیكان وتووە. 
مەرسومی ژمارە (147) لەسەردەمی سەرۆكایەتی مام جەلالدا دەرچووە، ئەم مەرسومە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی وەقفی مەسیحییەكان دەدات بە لویس ساكۆ، ئێستا ناكۆكییەكە لەسەر بابەتی بەڕێوەبردنی وەقفەكانە، رەیان كلدانی سەرۆكی بزتنەوەی (بابلیۆن) كە هێزێكی سیاسی مەسیحییەكانە‌و لەچوارچێوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی شیعەدایە، دەیەوێت ئەم دەسەڵاتە لە لویس ساكۆ وەربگرێتەوە، ساكۆ لەمە توڕە بووە‌و سەرۆك كۆمار تۆمەتبار دەكات بەوەی لەبەرژەوەندی رەیان كلدانی بڕیارێكی هەڵوەشاندوەتەوە كە مام جەلال دەریكردووە.
ئەم كێشەیە رەهەندی دەرەكیشی وەرگرتووە، ئەمڕۆ ژمارەیەك قەشە لەناوخۆو دەرەوەی عێراق پەیامێكیان بۆ لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق نارد، تێیدا دەڵێن:  
•     ئەوەی كردت بۆ بەئامانجگرتنی مەرجەعیەتی كڵێسا كلدانییە باڵاكەمان لە عێراق‌و جیهان، هیچ نییە جگە لە سوكایەتیكردن بە گەلەكەمان‌و بەكەم سەیركردنی پیرۆزیی سیمبولەكانمان. 
•     عەبدوللەتیف رەشید ئەی باوكی عێراق، بڕیارەكەت نە لەتیف بوو نەرەشید. 
•     داواتان لێدەكەین بڕیارەكەتان بۆ كشاندنەوەی مەرسومی كۆماری لە پاتریاك لویس ساكۆ هەڵوەشێننەوە.. ئێمە پاشەكشێ ناكەین لە بەرگریكردن لە مافەكانی ساكۆ‌و رۆڵەكانی كڵێساكەمان‌و وەقفە تاڵانكراوەكەی. 
•     پێمانوایە ئەم بڕیارە دراسەكراو نییە‌و نابەرپرسانەیە.
•     ئەم بڕیارە رۆژ لەدوای رۆژ بەهۆی دەرەنجامەكانییەوە خراپتر دەبێت‌و رەنگە بتەقێتەوە‌و مەترسی دروستبوونی فیتنەی تائیفی لێبكەوێتەوە. 
•     ئیتر بەسە ستەم لەدژی گەلی ئاشتیخوازی مەسیحی، بەسە ملكەچبوون لەبەردەم هاوپەیمانێتییە بێبەزەییەكان، كە وڵات‌و هاوڵاتی دەبنە قوربانی. 
ئەوانەی ئیمزایان لەسەر ئەم پەیامە بۆ سەرۆك كۆمار كردووە بریتین لە: 
-    قەشە تۆما میرم، ئورمیە- ئێران
-    قەشە فرەنسیس قلابات، دیترۆیت- ئەمریكا 
-    قەشە عەمانوێل شلیتا، كالیفۆرنیا- ئەمریكا
-    قەشە رەمزی كەرمو، ئیستانبوڵ- توركیا
-    قەشە سەبری ئەنار، ئیستانبوڵ- توركیا
-    قەشە فیلیكس شابی، زاخۆ- كوردستان
-    قەشە باسیلیۆس یلدو، بەغداد- عێراق
-    قەشە میخائیل نەجیب میخائیل، موسڵ- عێراق
بۆ خوێندنه‌وه‌ی زانیاری زیاتر له‌باره‌ی ئه‌م كێشه‌یه‌، كلیك له‌سه‌ر راپۆرتی په‌یوه‌ندیدار بكه‌ن: 

لەتیف رەشید لە ململانێی (ساكۆ)‌و (رەیان كلدانی)دا

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand