Draw Media

هەڵبژاردنی كوردستان بۆ 25ی شوبات

هەڵبژاردنی كوردستان بۆ 25ی شوبات

2023-07-21 11:24:44



 
راپۆرت: درەو
سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەیەوێت مەرسومی سێیەم بۆ سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەربكات، رۆژی 25ی شوبات وەكو وادەی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەكە دیاری بكات، بۆ ئەمەش پەیامی بۆ لایەنە سیاسییەكان ناردووە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.

سەرۆكی هەرێم مەرسومی سێیەم دەردەكات
سەرچاوەیەك لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند، سەرۆكایەتیی هەرێم پەیامی بۆ حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ناردووە‌و ئاگاداریكردوون لە وادەیەكی نوێ بۆ سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان.
(درەو) زانیویەتی، سەرۆكایەتیی هەرێم پێشنیازی رۆژی (25ی شوبات)ی ساڵی داهاتووی كردووە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن.
ئەم پەیامەی سەرۆكایەتیی هەرێم بۆ حزبە سیاسییەكان دوای ئەوە دێت، رۆژی 18ی ئەم مانگە كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە فەرمی‌و لە نوسراوێكدا وەڵامی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی دایەوە‌و تێیدا رۆژی (18ی شوبات)ی ساڵی داهاتووی وەكو وادەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكەی كوردستان دیاریكرد.
رۆژی 10ی ئەم مانگە، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان نوسراوێكی ئاڕاستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كرد، تێیدا داوایكرد:
•    كۆمسیۆنەكەی عێراق هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەببات كە رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵە.
•    ئەگەر كۆمسیۆن نەیتوانی لەوادەی دیاریكراودا هەڵبژاردنەكە بەڕێوەببات، با هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقدا هەڵبژاردنەكەی كوردستانیش بەڕێوەببات، واتا رۆژی 18ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ.
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە نوسراوێك وەڵامی سەرۆكایەتی هەرێمی دایەوە، تێیدا رایگەیاند، بەهۆی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە ناتوانێت هەڵبژاردنی كوردستان لەو دوو دوایەدا بەڕێوەببات كە سەرۆكایەتی هەرێم دیاریكردووە، كۆمسیۆن رۆژی 18ی شوباتی ساڵی داهاتووی دیاریكرد.
ئێستا لەسەر بنەمای ئەو وادەی كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دیاریكردووە، دەبێت سەرۆكایەتی هەرێم بۆ جاری سێیەم مەرسوم بۆ دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەربكات، ئەمە هۆكارەكەیە كە سەرۆكایەتیی هەرێم پەیامی بۆ حزبە سیاسییەكان ناردووە.  

مەرسومی یەكەمی هەڵبژاردن
رۆژی 24ی شوباتی 2022 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەرسومێك رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2022ی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد، واتە (7) مانگ بەر لە وادەی تەواوبوونی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی هەرێم وادەی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی دیاریكرد.
دوای دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە، لەماوەی مانگەكانی ئایاری 2022ەوە بۆ مانگی ئابی هەمان ساڵ، كەسی یەكەمی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆ لەسەر هەڵبژاردن سێ كۆبونەوەیان كرد:
• كۆبونەوەی یەكەم: رۆژی 26ی ئایاری 2022 لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر بەسەرپەرەشتی خاتوو (جینین پلاسخار) نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق بەڕێوەچوو، لایەنەكان نەگەیشتنە رێككەوتن.
• كۆبونەوەی دووەم: رۆژی 9ی حوزەیرانی 2022  لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم لە هەولێر بەڕێوەچوو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم سەرپەرەشتی كرد‌و خاتوو پلاسخارت ئامادە بوو، جارێكی تر لایەنەكان لەسەر چۆنیەتی‌و وادەی بەڕێوەنی هەڵبژاردن نەگەیشتنە رێككەوتن، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەم كۆبونەوەدا نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان داوایكردووە بەر لە جەژنی (نەورۆز)ی ساڵی 2023 بەدیاریكراوی لە رۆژی (4ی ئازار)دا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، لەم كۆبونەوەیەدا بڕیاردرا لیژنەیەك لە سەرۆكایەتی هەرێم بە سەرپەرەشتی (مستەفا سەید قادر) دروست بكرێت بۆ لێكنزیككردنەوەی بۆچونی لایەنەكان لەبارەی هەڵبژاردن‌و لە رۆژی 1ی تەموزدا لیژنەكە راپۆرتی خۆی بۆ سەرۆكایەتی هەرێم بگەڕێنێتەوە، لیژنەكەی مستەفا سەید قادر چەند كۆبونەوەیەكی لەگەڵ بەرپرسی ژوری دەزگاو ژوری هەڵبژاردنی لایەنەكان كرد، بەڵام نەیتوانی بیانگەیەنێتە رێككەوتن.
• كۆبونەوەی سێیەم: رۆژی 10ی ئابی 2022 جارێكی تر كەسی یەكەمی حزبە سیاسییەكان بەئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان‌و بە سەرپەرەشتی نێچیرڤان بارزانی كۆبونەوە، ئەم كۆبونەوەیە ئاڵۆزی تێیدا دروستبوو، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی لەبەرچاوی نوێنەرەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان وتی: دوای گەڕانەوەی لەسەردانێكدا بۆلای بارزانی لە پیرمام، رۆژی 4ی ئاب كەسێكی "جاش" بەقەناس چاودێری كردووە‌و هەوڵیداوە تەقە لە فڕۆكەكەی بكات، هەروەها باسی لە دۆخی خراپی دارایی سلێمانی كرد، ئەمە كەشوهەوای كۆبونەوەكەی ئاڵۆز كرد‌و كەسی یەكەمی لایەنەكان بەبێ رێككەوتن لەسەر هەڵبژاردن كۆبونەوەكەیان بەجێهێشت، ئەم كۆبونەوەیە خاتوو پلاسخارتی نیگەران كرد‌و وتی" من جارێكی تر بەشداری كۆبونەوەكانتان ناكەم"، بۆ راگرتنی دڵی خاتوونی نوێنەر، نێچیرڤان بارزانی بەڵێنی پێدا كۆبونەوەی مانگی ئەیلولی 2022دا رێككەوتنی كۆتایی لەنێوان لایەنەكاندا بكرێت لەبارەی هەڵبژاردنەوە.
لەم سێ كۆبونەوەیەدا مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بەشداری نەكرد‌و لەبری خۆی نوێنەری نارد، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێش بەشداری هیچ كۆبونەوەیەكی نەكرد‌و تەنیا بۆ كۆبونەوەی یەكەم نوێنەری خۆی نارد.
كۆبونەوەكان بۆ سزادانی هەڵبژاردن هیچ شتێكیان لێ سەوز نەبوو، بەمشێوەیە سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی لە رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2022دا لەبارچوو، ئەوكات بەگشتی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانەوە دابەشبوون بەسەر دوو بەرەی ناكۆكدا، پارتی‌و یەكێتی وەكو دوو هێزی باڵادەستیی سەرەكی پێكەوە كۆك نەبوون‌و هەریەكەیان سەركردایەتیی بەرەیەكی ناكۆكییەكە دەكرد، كرۆكی ناكۆكی لەبارەی هەڵبژاردن لەنێوان لایەنەكان پەیوەندی بە (چۆنیەتی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و پشكی لایەنەكان لە كۆمسیۆن)‌و (هەمواری یاسای هەڵبژاردن)ەوە هەبوو، لەناو هەمواری یاسای هەڵبژاردندا سێ بابەت ناكۆكی سەرەكی لەسەر بوو كە بریتین بوون لە بابەتەكانی (بازنەكانی هەڵبژاردن)‌و (تۆماری دەنگدەران)‌و (كورسی كۆتای پێكهاتەكان)، بەڵام زیاتر ناكۆكییەكە لەسەر شێوازی هەڵبژاردن چڕبوەوە.
ئەوكات بەرەیەك داوا دەكرد شێوازی هەڵبژاردن وەكو هەڵبژاردنەكانی پێشوو بمێنێتەوە‌و كوردستان (یەك بازنەی) هەڵبژاردن بێت، بەرەكەی تر داوا دەكرد هاوشێوەی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق سیستەمی هەڵبژاردن بكرێت بە (فرە بازنە)‌و هەر پارێزگایەكی كوردستان بازنەیەكی هەڵبژاردن بێت.
ساڵی رابردوو بەرلەوەی وادەی یەكەمی هەڵبژاردن پەكی بكەوێت، پارتی بەزۆرینەی پەرلەمانیی لەتوانایدا بوو بەبێ لایەنەكانی تر یاسای هەڵبژاردن بەوشێوەیە تێپەڕێنێت كە خۆی دەیەوێت، بەڵام ئەمەی نەكرد، چونكە زانی بەبێ رەزامەندی یەكێتیی وەكو دەسەڵاتداری ناوچەی سلێمانی هەڵبژاردن بەڕێوەناچێت، بۆیە بابەتەكە بۆ دانوستان‌و رێككەوتن بەجێهێشت، بەڵام دەوترا پارتیش هاوشێوەی یەكێتیی زۆر تامەزرۆی هەڵبژاردن نییە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە پۆستی سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆكی حكومەت‌و سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی لەدەستدایە.
وەكو ئەوەی سەرۆكی هەرێم دیاریكردبوو، هەڵبژاردن لە رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2022دا بەڕێوەنەچوو، لایەنەكان نەگەیشتنە رێككەوتن، بەهۆیەوە رۆژی (6ی تشرینی دووەمی 2022) تەمەنی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات.
نزیكەی مانگێك بەر لە تەواوبوونی تەمەنی یاسایی خۆی، پەرلەمان لە رۆژی 9ی تشرینی یەكەمی 2022دا لە دانیشتنێكدا بۆ ماوەی یەك ساڵ تەمەنی خۆی درێژكردەوە. بە دەنگی (80) پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكانی (پارتی، یەكێتی، هەشت پەرلەمانتاری گۆڕان، پێكهاتەكان) تا كۆتایی وەرزی پایزەی 2023 تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژكرایەوە.

مەرسومی دووەمی هەڵبژاردن
26ی مانگی ئازاری ئەمساڵ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەرسومی دووەمی دەركردو تێیدا وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانی دیاریكردەوە، ئەمجارە رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی بۆ هەڵبژاردن دیاریكرد، واتە ئەمجارەش ماوەی 8 مانگ دەرفەت بە لایەنەكان درا بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و هەمواری یاسای هەڵبژاردن لەناو پەرلەماندا، ئەم وادەیەك تێپەڕی‌و لایەنەكان بەدیاریكراویش پارتی‌و یەكێتیی نەگەیشتنە رێككەوتن.
رۆژی 30ی ئایاری ئەمساڵ، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایانە راگەیاند كە دژی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان تۆماركرابوون، دادگا درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانی رەتكردەوە‌و بەمشێوەیە پەرلەمانی كوردستان هەڵوەشایەوە.

ئەگەری دواكەوتنی هەڵبژاردن
وەكو ئەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق رەزامەندی لەسەرداوە، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەكەوێتە شوباتی ساڵی داهاتووە، واتە لە وەرزی زستاندا بەڕێوەدەچێت.
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق خۆی لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا وادە یاساییەكەی تەواو دەبێت، بەر لە تەواوبونی وادەكەی خۆی، كۆمسیۆن دەیەوێت پابەندی سازدانی هەڵبژاردنی كوردستانی بكەوێتە ئەستۆ بۆ ئەوەی سەرلەنوێ تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە.
ئێستا ئیتر هیچ بەهانەیەك لەبەردەم لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بۆ سازدانی هەڵبژاردن نەماوە، بەهۆی ئەوەی لایەنە سیاسییەكان نەیانتوانی لە پەرلەمانەوە یاسای هەڵبژاردن هەموار بكەنەوە، هەڵبژاردنی داهاتوو بەهەمان یاسا كۆنەكە بەڕێوەدەچێت‌و كوردستان یەك بازنەی هەڵبژاردن دەبێت‌و كورسی پێكهاتەكانیش وەكو خۆی لە سنوری هەولێرو دهۆكدا دەمێنێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand